سەرمایەداریی ترسنۆک بوو، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی ترسنۆک نییە!
'شەڕ لە ئاسمان، ئەنجام لە زەوی'
ئەم ڕۆژانە لە چوارچێوەی ئەو شەڕە جیھانییەی وا بەردەوامە و لاشەی مرۆڤ و سرووشت و زەوی دەھاڕێ و دەسووتێنێ، شەڕێکی گەورە لە ڕێی تەکنەلۆژیای پیشەسازیی سەربازییەوە بەڕێوە دەچێت. ئەمجارە وەک شەڕەکانی پێشوو بە مرۆڤ و لەسەر ئەرز بەڕێوە و لووت لێک گیر ناکەن، بەڵکوو بەھۆی دەستڕاگەیشتنی مرۆڤە بێویژدانەکان بە زانستی پێشکەوتووی ھونەری چەکسازییەوە، لە ئاسمان بۆ خاڵێکی ستراتیژیی و ژیانی لایەنی بەرانبەر لەسەر خاڵێکی دیاریکراوی سەر زەوی، بەڵام هەناوتەکێن و جەرگبڕ.
ھێرشە مووشەکیی و ھەواییەکان لە ئاسمانەوە ئاڕاستەی ئەو خاڵانە دەکرێن وا کاریگەر و کوشندەن. ئەوەی دەتوانێت ئەم ھێرشانە بەڕێوە ببات، ھەمووانن. واتە ئەوانەی بیر لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو دەکەنەوە، جا کەم یان زۆر، گرنگ دەتوانێت ئەنجامێک بەدەست بخات، بۆیە ئەم شەڕانە گۆڕەپانەکانیان جیاوازە و ئەنجامەکانیشیان جیاوازتر. گەر لە کۆندا شەڕەکان بە زۆریی لەسەر زەوی و لە ڕێی بەرانبەرکێ و یەکلاییکردنەوەی ھاوپەیمانیی و بەرەکانەوە بەڕێوە دەبرا. ئەوا لەم سەردەمە نوێیەدا لە ڕێی بەردەوامیی پێکەوەیی و ناکۆکییەوە بەڕێوە دەچێت. واتە لایەنە شەڕکەرەکان ھەم پێکەوەن، ھەم دژی یەکن. بە گوزارشتێکی تر لەسەر بنچینەی ‘پەیوەندیی و ناکۆکیی’ـە.
گەر شەڕەکانی جیھانیی یەکەم و دووەم لەنێوان وڵاتان و کارتێلە ئابوورییەکانی ناوەندی قازانج و سەرمایەدا بەڕێوە دەبرا، ئەوا ئێستا لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییدا وەک یەکەیەکی گرێدراو پێکەوە و لە بەرانبەر کۆمەڵگەشدایە. ئەمە دێتە واتای ئەوەی، کە شەڕەکانی جاران بە داگیرکردن، یان سڕینەوە و لەناوبردنی یەکێک یان بەرەیەک لە لایەنە شەڕکەرەکان تەواو دەبوو. سەرکەوتن بۆ لایەک، بە گوێرەی لایەنی براوە دەسکەوتەکانی شەڕ دابەش دەکرا. واتە کێکەکە بە زۆریی بۆ لایەنە براوەکان دەبوو! بەڵام بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پیشەسازیی جەنگییەوە، لە ئەتۆمەوە بۆ نایترۆخین و نانۆ و زۆر شتی تر، ئاستی شەڕەکان و ھاوکێشەی ھێزی لایەنە شەڕکەرەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھاتووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی دەستگرتن بەسەر ئەوانی تردا، نەتوانن وەک جاران بە تاک یان بەرەو هاوپەیمانیی زۆرترینی بڕیارەکان بدەن، بەڵکوو بەو ئاستە گەیشتووە کە بووەتە سیستەمێکی بەڕێوەبردنی دەسکەوت و قازانج، ئەمەش بە شێوەی پێکەوەیی نەک سڕینەوە، ئەوشەڕانە بەڕێوە ببەن و دابەش بکەن. سەیری ئێراق و سووریا و لیبیا و… بکەن، دەبینین لایەنەکان ھەم پێکەوەن ھەم دژن، ھەم هاوپەیمان ھەم ناکۆک!
دەسکەوتە زانستیی و تەکنەلۆژییەکان کەوتوونەتە خزمەتی چاوچنۆکیی قازانجپەرەستیی و دەسکەوتەوە و بوونەتە ھێزی ھەڕەشە بۆ سەر یەکتری
ئەوە بەو واتایەیە شەڕە ناوخۆییەکانی سیستەمی قازانج – سەرمایە کە ناوەندی ئابووریی – سیاسیی جیاواز بەڕێوەی دەبرد و دژی یەک لە شەڕدا بوون! ئێستە بەوە گەیشتوون ھیچ ناوەند و کارتێلێکی ئابووریی ناتوانێت ئەوی تر بەڕێوە ببات و ناوەندە جیاوازەکان بە ئاوازی خۆیان بخوێنن. ھەر ناوەندێکیش بە تەنیا کارەکانی بەڕێوە ببات. بەو ھۆیەی دەسکەوتە زانستیی و تەکنەلۆژییەکان کەوتوونەتە خزمەتی چاوچنۆکیی قازانجپەرەستیی و دەسکەوتەوە و بوونەتە ھێزی ھەڕەشە بۆ سەر یەکتری. کەواتە ئەم دەسکەوتەی پیشەسازیی سەربازیی چی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ئەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا کە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی نەک لەناو خۆیدا، کە ئەوە سرووشتەکەیەتی، بەڵکوو لە دەرەوەی خۆیشی، وەک کۆمێکی پێکەوەیی دابەشکاریی لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا بکەن و پێکڕا ئەو شەڕانە بەڕێوە ببەن. بۆیە ئێستە سرووشتی شەڕەکان جیاوازە و پێکەوە و بە دابەشکاریی بەڕێوەی دەبەن. سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی، لە دوو لایەنەوە بەو ئاکامە گەیشتووە کە چۆنییەتی شەڕ و دەسکەوتەکان شڕۆڤە بکات:
یەکەمیان: وەک ناوخۆی سیستەمەکە، کە ناتوانێت بە شێوەی کۆن بەڕێوە بچێت.
دووەمیان: وەک سیستەمی کۆمەڵگە، کە دژ وەستانەوەیەکی کۆمەڵگەیی و بەسیستەمبووی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک “ھەرچەندە وەک بەسیستەمبوونی کۆمەڵگە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە” لە بەرانبەر خۆیدا دەبینێتەوە.
١. دواگورزی مۆدێرینتەی سەرمایەداریی:
بۆیە لەو گریمانەیەوە، سەرەڕای ناکۆکیی و سرووشتە خۆپەرستەکەی، ناوەندەکانی سەرمایە-قازانج گەیشتوونەتە ئەوەی وەک سیستەمەکە لە بەرانبەر سیستەمی کۆمەڵگەدا پێکەوەییەک درووست بکەن. بۆیە شەڕەکانیان شەڕی دواگورزی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە لە کۆمەڵگەبوون و تەفروتووناکردن و دەستبەسەرداگرتنی. واتە شەڕەکان لێدانە لەو دەرکەوتنەی سیستەمی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، کە وەک مۆتەکەی ترس لە مەرگی مۆدێڕنیتەی سەرمایە دەرکەوتووە و خۆی نیشان داوە، ئەویش واتە ژیانەوە و فەژینی کۆمەڵگەبوونی سرووشتیی و پێکەوەیی و ھەرەوەزیی مۆدێڕن. بۆیە شڕۆڤەی دیاردەی ترامپ – بایدن و سەرھەڵدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و کاریگەرییە جیھانییەکانی لەسەر بزوتنەوەی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا و بزوتنەوەی ئەنتیفا، فێمینیست، ئازادیخوازەکان پڕمانا دەبێت.
لێرەوەیە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی لە ڕێی چەکە پێشکەوتووەکانییەوە لە ناوەندی ئەو ھێزانە دەدات وا دەیەوێت ڕامیان بکات، بەبێ ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی. چونکە دەترسێت ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییانە بە قازانجی ئامانجەکانی نەشکێتەوە. وەک چۆن لە دیاردەی داعشدا بەھۆی کوردی ئازادەوە تووشی شکستی جەرگبڕ بوو. ئەگەر سەیری ئاڕاستە مووشەکییە ئەمریکییەکانی دژی ئێران بکەین، جوانتر ئەو شڕۆڤەیەمان بۆ ئاسان دەبێت. شەڕێکی بەرەیی ئاشکرا لەنێوان ئەمریکا –ئێراندا نییە! بەڵام لە ڕێی ھێرشی مووشەکییەوە بڕستی لە پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران بڕیوە و لە سەرچاوەکانی وزەی کارەبا دەدات. بەوە ھەموو پیشەسازیی ئێرانی تووشی کۆسپی گەورە کردووە. لەم ڕۆژانەدا، ئێران پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای لەسەر پیشەسازیی چیمەنتۆ و ئاسن بڕی، کە بنچینەی پێشکەوتنی قازانجی ئابووریی ئێران بوو.
ئەو شەڕە، کە شادەماری ئابووریی ئێرانی پچڕیوە و تووشی ھێز و وزە لەبەر ڕۆیشتنی کردوە، بە ئاستێک گەیشتووە، کە گۆڕەپانەکانی شەڕ بۆ دەرەوەی ئێڕان و فراوانتر بکرێت. بۆیە خۆێندنەوەی ھێرشە درۆنییەکانی سەر ھەولێر، ھەم پەیامە بۆ ڕایەدارانی کوردی دەسەڵاتخواز، ھەم لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بۆیە زۆرترین شەڕەکان لە ڕێی چەکی پێشکەوتووی ئاسمانییەوە بەڕێوە دەبرێت و لەسەر زەوی ئەنجامی پێ بەدەست دەخرێت.
٢. مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی ترسنۆک نییە؛ کۆتێزی کوردی ئازاد:
ئەم سیستەمە ھێندە دڕ و چاوچنۆک بووە لە ڕێی چەکە ئەتۆمیی و ھێزە دڕندە سەربازییەکەیەوە دەیەوێت لە کۆمەڵگە بدات و تەفروتوونای بکات. بۆیە وێستگەکانی ھەبوونی بەرخۆدانی کۆمەڵگەیی بە بناغە گرتووە و لە ڕێی تۆڕە دڕندە توندڕەوەکانەوە لە دژی ناوەندە کۆمەڵگەییەکان ھێرشەکانی دەکات. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لێدان لە ئەفغانستان و ئێراق، لەو چوارچێوەیەدایە. لەناو ئەو چوارچێوەیەشدا لێدان لە ھەندێ پنت بۆ خۆی سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە لێدان لە فەلوجە لە ئێراق، شەڕ لە شەنگاڵ و ھێرشە قڕکەرەکانی سەر ڕۆژئاوا، ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا و ئیمراڵی بۆ خۆی ترسی مۆدێڕنیتەی سەرمایەیە لەسەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی ئازاد. کە تاک و کۆمەڵگە بۆ ئازادیی بە بناغە دەگرێت.
ھەندێ چەمکی تەسکبینی ڕاستڕەو، ڕادیکال، چەپگەرا، ئانارشیست و پۆزەتیڤیست ئەو پێشکەوتنانەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک نابینن کە چەند گەورە و گران لەسەر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی تەواو دەبێت. پێشکەوتنی تێکۆشانی فێمینیستی بۆ ژنۆلۆژیست، کۆمەڵگەی ھەرەوەزیی و ڕەخنەگرتنی ناوەندێتیی مرۆڤ و گێڕانەوەی ئەم مرۆڤە بۆ یەکێک لە بوونە زیندووە سرووشتیی و گەردوونییەکان، لێدانێک بوو لە چەمکی قازانجپەرەستی سەرمایەداریی، بۆیە ئێستە ئەو شەڕانەی بەڕێوە دەچن دوو جۆرن؛
یەکیان: ئەو شەڕانەیە بۆ لێدان لە ڕێگرییەکانی قازانجپەرستی سەرمایەی فینانسە.
دووەمیان: شەڕی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە بەرانبەر مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک.
جاران دەوترا سەرمایە ترسنۆکە و لەو شوێنانەی شەڕ و ئاژاوەی لێبێت ھەڵدێ. بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی سەربازیی ئەو وتنەشی ھەڵگێڕایەوە.
جاران دەوترا سەرمایە ترسنۆکە و لەو شوێنانەی شەڕ و ئاژاوەی لێبێت ھەڵدێ. بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی سەربازیی ئەو وتنەشی ھەڵگێڕایەوە. ئێستە لە ڕێی تەکنەلۆژیی سەربازییەوە سەرمایە باشترین کایەی بەرھەمھێنانی قازانجی دەستەبەر کردووە. بیھێنە بەرچاوت جۆرە چەکێک بە ملیۆن یان ملیۆنەھا دۆلار دەفرۆشرێت و قازانجەکەشی سەرسووڕھێنەرە. تەکنەلۆژیای دەنگ و زانیاریی ھەم تەکنەلۆژیای سەربازیی دەیپارێزێت ھەم گەورەترین قازانج بەدەست دێنێت. ئەگەر سەیری ئامارەکانی قازانجی ئەو بوارانە بکەیت و لەگەڵ ڕێژەی ھەبوونی ھەژاری و برسێتیی و بەرزبوونەوەی ھەژاریی بەراوردی بکەیت! ئەو کات دەبینیت دڕندەیی ئەم سیستەمە قازانجپەرەستە لە چ ئاستێکدایە کە ئەقڵ و ئاوەزی مرۆڤ ھێشتا نەگەیشتوەتە پەژراندنی، بۆیە ئەم سیستەمە قازانجپەرەستە دەتوانێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات.
بەرەوپێشچوونی بواری زانست و تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی سەربازیی وای کردووە گۆڕەپانی شەڕ و ھاوکێشەی ھێز ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. زانستی سەربازیی تەنیا پەیوەندیی بە پێشکەوتن و پیشەسازیی سەربازییەوە نییە. بەڵکوو دونیابینیی و چۆنێتیی بەکارھێنانی لەگەڵ ئیرادەدا هێژای لەسەر ڕاوەستانە. بۆیە کاتێک لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و دونیابینی و ئیرادەکەیەوە گرێی دەدەی، دەبینیت، چۆن لێگەڕینی تێکۆشانی ئازادیی سەرەڕای دەرفەتە کەمەکانی، بەڵام چونکە بۆ ئامانجێکی مەزن بەکاری دێنێت، بەرانبەر بە سیستەمی پێشکەوتوی ناتۆ – تورکیا چەند ئەنجامگیرترە.