سۆکراتی بریندار

و. لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

سۆکرات، کوڕی مامانەکە، کە لە گفتوگۆکانیدا توانای بەسەر ئەوەدا دەشکا باشترین بیرۆکەکان بە چاکی و بە سانایی و بە دونیایەک نوکتە و پێڕابواردن و گاڵتەئامێزییەوە بە هاوڕێکانی بگەیەنێت، پاشان ئەوانیش هەمان ئەو شتانە بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە، نەک وەک ئەو مامۆستایانەی دیکە، سەگەزۆڵیان بۆ بەرهەم بهێنن، وا دەبینرا نەک تەنها زیرەکترینی ناو هەموو یۆناییەکان بێت، بەڵکوو وەک بەجەرگترین و ئازاترینی نێویشیان دەهاتە ئەژمار. ناوبانگی بۆ ئازایەتی، وامان لێ دەکات تەواو بە ڕەوای بزانین ئاوڕی لێ بدەینەوە کاتێک لای ئەفلاتوون ئەوە دەخوێنینەوە چەندە خۆشحاڵ و چەندەش بێباکانە دوادڵۆپی پەرداخە ژەهرەکە هەڵدەقوڕێنێت کە دەسەڵاتداران لە کۆتاییدا لەپای ئەمەک و خزمەتەکانی بەرانبەر بە هاووڵاتییان، پێشنیاری بۆ دەکەن بیخواتەوە. بەڵام هەندێک لە هەوادارانی، هەستیان بەوە کردووە کە لەسەریانە باسی ئازایەتیی ئەو لە مەیدانی جەنگیشدا بکەن. ڕاستییەکەی ئەو لە مەیدانی دێلیوم جەنگاوە و ئەمەش لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی پیادەڕەوی چەکبەدەستی ئاسایی، چونکە نە پێگە چینایەتییەکەی وەک پینەدۆزێک و چ وەک فەیلەسووفێکی بێدەرامەتیش، توانای ئەوەی پێ نەدەبەخشی چەکی قوڕس بکڕێت و پێیان بجەنگێت. هەرچۆنێک بێت، کە دەتوانن بیری لێ بکەنەوە، ئازایەتییەکەی جۆرێکی تایبەت بوو؛ نەک لەو جۆرە ئازایەتییانەی باون. وەرن با حیکایەتی ئازایەتیی ئەو بخوێنینەوە.

لە بەرەبەیانی جەنگەکەدا سۆکرات ئەوەندەی لە هێز و توانایدا بووبێت بە باشترین شێوە خۆی بۆ کار و کەسابەتە خوێناوییەکە ئامادە کردبوو، ئەم کارەشی بە جوینی کۆمەڵێک سەلکەپیاز ئەنجام دابوو، کە لە چاوی سەربازانەوە، وەک ئازایەتی و نەبەردی دەبینرا. گومانکردنەکەی لە زۆر بواردا، خۆشباوەڕیی لە زۆر بواری دیکەدا لێ کەوتبووەوە؛ ئەو دژی قەبڵاندن بوو و باوەڕی بەتینی بە ئەزموونی کرداری هەبوو و بەو هۆیەوە هیچ باوەڕی بە خوایان نەبوو، بەڵام باوەڕی لەبننەهاتووی بە سەلکەپیاز هەبوو. 

مخابن هەستی بە هیچ کارتێکردنێکی ڕاستەقینە نەکرد، لانیکەم کاریگەریی ڕاستەوخۆ و خێرا، بۆیە بە مڕومۆچییەوە خۆی بە یەکەیەکی ئەو شمشێربەدەستانەدا کرد، کە لە تاقانەڕیزێکی سەربازیدا خەریکی مەشین بوون تا شوێنی خۆیان لێرە و لەوێی ناو مەیدانێکی پڕ لە دڕکوداڵدا قایم بکەن. لە پشتی و لە بەردەمیەوە لاوانی ئەسینایی لە پەراوێزەکانەوە بەو ناوەدا وەر بوون و پەنجەی گاڵتەئامێزیان بۆ ئەوە ڕادەکێشا کە قەڵغانی جبەخانە ئەسیناییەکان بۆ خەڵکانی قەڵەو و خرپنی چەشنی ئەو، ئێجگار چکۆلە و بێکەڵکن. ئەو خۆیشی بیری لە هەمان شت کردبووەوە، بەڵام لە ڕوانگەی خەڵکانی (زل و زەبەلاح)ـەوە کە ئەم قەڵغانە بچکۆلانە تەنانەت نیوەی جەستەشیانی دانەپۆشیبوو. 

ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان لەنێوان پیاوەکەی بەردەمی و پیاوەکەی پشتەوەی لەبارەی ئەو قازانجەی چەکسازە مەزنەکان لەم قەڵغانە بچکۆلانەوە کۆی دەکەنەوە، بە فەرمانی «ڕێک بوەستن»، پچڕا و کۆتاییی پێ هات. 

ئەوان چەمینەوە تا لەسەر زەوییە پڕ لە دڕکوداڵەکەدا چوارمشقی بۆی دانیشن و ئەفسەرێک دەست دەکات بە سەرزەنشتکردنی سۆکرات، چونکە ویستبووی لەسەر قەڵغانەکەی ئەو دانیشێت. سەزەنشتکردنەکە هێندەی ئەو دەنگە ناخۆش و بێزارکەرەی لێیەوە دەهات، نائارام و بێتاقەتی نەکرد. وا پێ دەچوو بیر لەوە بکەنەوە کە دوژمن لەو نزیکانە خۆی مەڵاس داوە. 

تەمی بەرەبەیان کە لە سپیاییی شیر دەچوو، بینینی پێشەوەی بە تەواوەتی گرتبوو. بەڵام دەنگەدەنگی تەپەی پێ و پێکدادانی ڕم و قەڵغانەکان ئەوەی دەردەخست کە دەشتودەرەکە دەستی بەسەردا گیراوە. 

بەوپەڕی نائارامییەوە سۆکرات گفتوگۆیەکی بیر کەوتەوە، شەوی پێشووتر لەگەڵ لاوێکی شیکپۆشدا هەیبووە، کە لەودیوی دیمەن و پەردەکانەوە بینیبووی و خۆیشی ئەفسەرێکی یەکەی سوارچاکی بوو. 

«پلانێکی گەورە!» وەها ڕوونی کردەوە لاوە شیکپۆش و بەفیزەکە. «هێزی پیادە هەروا بە ئاسانی لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە، بەوەفا و بەهێز و هێرشی دوژمن شۆک دەکات. لەو میانەدا هێزی سوارە بە دۆڵەکەدا پێشڕەوی دەکات و لە پشتەوە وەک هەورەبرووسکە بەسەر دوژمندا دەبارێت». 

دەبوو دۆڵەکە کەمێک دوور لە لای ڕاست هەڵکەوتبێت، لێرە و لەوێی ناو تەمەکەدا. بێ دوودڵی، ئێستا ڕێک بەوێدا هێزی سوارە لە پێشڕەویدا بوو.  

بۆ سۆکرات پلانەکە وەک شتێکی باش دەهاتە پێشچاو، یان لانیکەم شتێکی خراپ نەبوو. دواجار پلانەکان بە گشتی ئەو کاتانە دادەنرێن، کە هێزی تۆ لە هیی دوژمن کەمتر بێت. لە ڕاستیدا تەنها هێرشێکی سووکەڵە هەبوو، واتا تێسرەواندنێکی سادە. هیچ شتێک بەگوێرەی پلانەکە نەچووە پێشەوە، بەڵکوو تەنها تا ئەو شوێنەی دوژمن ڕێت پێ دەدات. 

ئێستا، لە کازیوەی خۆڵەمێشیدا، سۆکرات بۆی دەرکەوت سەرتاپای پلانەکە کارەساتبارە. ئەمە واتای چی: هێزی پیادە لە دوژمن دەسرەوێنێت؟ بە گشتی خەڵک خۆشحاڵ دەبن هێرش بەرن. ئێستا، لە ناکاو سەرجەمی هونەر و تاکتیکەکە خۆی لەوەدا دەبینییەوە داو بۆ دوژمن بنێنەوە. لە هەمووی خراپتر ئەوە بوو ژەنەڕاڵەکە خۆی سوارچاک بوو. 

مرۆڤی ئاسایی پێویستی زیاتر بە سەلکەپیاز دەبێت و لە بازاڕیشدا بە ڕادەی پێویست سەلکەپیاز دەست ناکەوێت. 

چەندە نائاسایی بوو، لە تاریک و ڕوونی بەیاندا، لەجیاتی ڕاکشان لەنێو جێدا، لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا لەسەر زەوییەکی پڕ لە دڕکوداڵ و وشکەڵان دانیشیت، بە نزیکەیی دە کیلۆ ئاسن لە خۆت بار بکەیت و چەقۆی قەسابێکیش بە دەستتەوە بێت! ئەوە ڕاست و دروست بوو بەرگری لە شارەکەت بکەیت کاتێک کەوتووەتە بەر ڕەحمەتی هێرشەوە، چونکە ئەگەر وا نەکەیت ڕووبەڕووی یەک دونیا نائارامی و لەدەستچوونی دەرفەتەکان دەبیتەوە، بەڵام با بپرسین بۆ شارەکە هێرشی کرایە سەر؟ لەبەر ئەوەی کەشتیوانان، کاسبکارانی کێڵگەی شەراب و بازرگانانی کۆیلە لە ئاسیای چکۆلەدا تاسەیان لە بەردەم کەشتیوانان، کاسبکارانی کێڵگەی شەراب و بازرگانانی کۆیلەی فارسەکان دروست کردبوو. هۆکارێکی جوان!

لەناکاو هەمووان وشکهەڵاتوو بۆی دانیشتن.

لە لای دەستەچەپی تەمەکەوە نەڕەنەڕێکی کز بە پیاکێشانی ڕم و قەڵغانەکانەوە هات. هەر خێرا تەواو بڵاو بووەوە. هێرشی دوژمن دەستی پێ کردبوو. 

یەکەی سەربازیی پیادە ڕابوو. بە چاوانی ئاوساو و دەرپەڕیویانەوە زەق زەق لە تەمەکەی بەردەمیان ڕامان. دە هەنگاو لەولاوە پیاوێک کەوتە سەر ئەژنۆکانی و بە دەنگی کز و پڕ لە ناڵەوە لە خوایان پاڕایەوە. لە خوا پاڕانەوە ئیتر بێکەڵک و درەنگوەخت بوو، لە ڕوانگەی سۆکراتەوە. 

لە ناکاو، وەک بڵێیت وەڵامێکە، نەڕە و هاوارێکی تۆقێنەر لە دەستی ڕاستەوە بەدووی نەڕەی یەکەمدا هات. پێ دەچوو هاواری یارمەتی لەنێو هاواری مردندا توابێتەوە. لەنێو تەمەکەوە سۆکرات پارچەئاسنێکی فڕیوی بینی بەرەو ڕووی دێت: تیرێک. 

پاشان کۆمەڵێک شکڵ و شێوەی زۆر، کە لە تەمەکەدا نەدەبینران، لە پێشەوە دەرکەوتن: دوژمن. 

سۆکرات، بە هەستێکی بەهێزی بەردەوام هەڵکشاوەوە، بەوەدا کە پێ دەچوو هەر لە پێشەوە دەمێکی درێژبوو چاوەڕوان بووبێت، بە قوڕسی ڕووی وەرچەرخاند و دەستی بە هەڵاتن کرد. بەهۆی زرێپۆش و قاچپارێزە ئاسنینە قوڕسەکەیەوە نەیدەتوانی باش هەڵێت. قاچپارێزە ئاسنینەکان لە قەڵغانەکان ترسناکتر بوون، بە پێچەوانەی قەڵغانەوە، نەتدەتوانی وا بە سانایی تووڕیان بدەیت. 

بە هەناسەبڕکێوە فەیلەسووفەکە بەنێو دڕکوداڵەکەدا ڕاکەڕاکی بوو. هەمووی پەیوەندیی بەوەوە هەبوو ئایا دەتوانێت دەستپێکێکی باشی هەبێت یان نا. ئەویش بەو هیوایەی کوڕێژگە ئازا و بەجەرگەکانی پشتەوەی ئەو بۆ ماوەیەکی کەم خەریکی هێرشبردن بن. 

لە ناکاو ئازارێکی بەهێز ناڵەی لێ هەستاند. بنی پێڵاوی چەپی ئازاری دەدا، شتێک وەک دەرزی لێیەوە پیایدا چەقیبوو، تا وای لێ هات چیتر نەتوانێت بەدووی خۆیدا ڕایکێشێت. بە ناڵینەوە خۆی خستە سەر زەوییەکە، بەڵام هەر خێرا لەگەڵ هاوار و ناڵەی ئازارێکی دیکەدا قیت بەرز بووەوە. بە چاوانی مەست و لێڵەوە نیگایەکی لە دەوروبەری خۆی گرت و لەوە تێگەیشت چی ڕوودەدات. ئەو ئێستا کەوتبووە نێوەڕاستی دڕکوداڵانەوە. 

دڕکوداڵی ئێجگار تیژ و بڕندە لەو نێوەدا هەبوون و تەواو تێک ئاڵا بوون. دەبێت چقڵێک تیژ بە قاچیدا ڕۆچووبێت. بە وریایییەوە، بە چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە، بەدووی شوێنێکی سەر زەوییەکەدا دەگەڕا چوارمشقی بۆی دانیشێت. پێش ئەوەی بۆ جاری دووەم بچەمێتەوە، بە شەلەشەل لەسەر قاچە تەندروستەکەی چەند هەنگاوێک بەو ناوەدا خولایەوە. دەبوو بە خێرایی ئەو چقڵە لە قاچی دەربهێنێت. 

بە حەز و تاسەی بەتینەوە گوێی بۆ هەراوزەنای جەنگەکە ڕادێرا: لە هەردوو بەرەدا تەواو فراوان ببوو، بەڵام ڕێکوڕاست لانیکەم سەد هەنگاوێک لێیەوە دوور بوو. هەرچۆنێک بێت، پێ دەچوو نزیکتر ببێتەوە، هێواشتر، بەڵام ڕوون و ڕەوان و بێهەڵە. 

سۆکرات نەیدەتوانی نەعلەکەی لە پێی داکەنێت. چقڵەکە نەعلە تەنکە چەرمییەکەی دڕیبوو و قووڵ بە قاچیدا ڕۆچووبوو. چۆنچۆنی جورئەتی ئەوەیان هەبوو ئەم جۆرە نەعلە تەنک و بێکەڵکانە بەو سەربازانە بدەن کە وا دەبینران دژی دوژمن بەرگری لە وڵاتیان بکەن. هەر خۆی ڕاکێشانی نەعلەکە ئازارێکی کوشندەی لەگەڵدا بوو. شەکەت و لە پەلوپۆ کەوتوو، شانە کەتە و گەورەکانی پیاوە داماوەکە بە پێشەوەدا دەکەوت. ئەی ئێستا چی بکات؟

چاوە غەمگینەکەی کەوتە سەر شمشێرەکەی تەنیشتی. بیرۆکەیەک بە مێشکیدا ختوورەی کرد، باشتر لە هەر یەکێکی دیکە لە بیرۆکەکانی نێو گفتوگۆ مشتومڕسازەکانی. دەکرێت شمشێرەکە وەک چەقۆیەک بە کار بهێنرێت؟ چنگی پێدا کرد. 

لەو ئانوساتەدا گوێی لە کۆمەڵەهەنگاوێکی قوڕس بوو. هێزێکی چکۆلەی پیادەڕۆ نێو دڕکوداڵەکەی بڕی. سوپاس و ستایش بۆ خوایان؛ ئەوان بەرەی خۆی بوون نەک دوژمن! کاتێک سۆکراتیان بینی بۆ چەند ساتێک وەستان. «ئەمە پینەدۆزەکەیە»، گوێی لێ بوو کە ئەمە دەڵێن. پاشان لە ڕۆیشتن بەردەوام بوون. 

بەڵام ئێستا دەنگەدەنگ و هەراوزەنا لە بەرەی چەپیشەوە دەهات و کۆمەڵێک فەرمان بە زمانێکی بیانی دەدران. فارسەکان!

سۆکرات هەوڵی دا جارێکی دیکە لەسەر پێکانی بوەستێتەوە، واتا لەسەر قاچی ڕاستی بوەستێت. بەسەر شمشێرەکەیدا چەمایەوە، تەنها ئەوەندە هەبوو شمشێرەکە زۆر کورت بوو. کەمێک دواتر لە لای چەپەوە لەنێو ڕووناکییەکی ئەنگوستەچاودا کۆمەڵەپیاوێکی شەڕکەری بینی پێکدا دەدەن. گوێی لە ئاهوناڵەی قوڕس و پێکداکێشانی ئاسن بە ئاسن و چەرم بە چەرم بوو. 

بە گومان و بێدەرەتانییەوە هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنی بە قاچە تەندروستەکەی بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. بە خۆسووڕاندن، دووبارە کەوتەوە سەرقاچە بریندارەکەی و هاوار و ئاهوناڵەی لێ هەستا. کاتێک گرووپە شەڕکەرەکە -کۆمەڵێکی گەورە نەبوو، هەبوو و نەبوو نزیکی بیست بۆ سی پیاو دەبوون- چەند هەنگاوێک لەو ناوە نزیک ببوونەوە، فەیلەسووفەکە قنج لە لای دواوە لەنێوان دوو گوڵەشیلانی بە چقڵ دەوردراو بۆی دانیشت. بێدەرەتان، زەق زەق لە دوژمنی دەڕوانی. 

ئیتر مەحاڵ ببوو بتوانێت ببزوێت. هەموو شتێک دەیان جار لە هەستکردن بە ئازاری ژێرپێ باشتر بوو. نەیدەزانی چی بکات و لە ناکاو دەستی بە بۆڕە و نەڕاندن کرد. 

ئەگەر وردبین بین، بەم جۆرە بوو: گوێی لە خۆی بوو دەنەڕێنێت. گوێی لە دەنگی نەڕین و بۆڕاندنی خۆی بوو لەوپەڕی هێزی قەفەسەی سنگییەوە دەردەچێت: «لێرەوە، بەتالیۆنی سێیەم! بە دۆزەخیان بسپێرن، منداڵان!»

لە هەمان کاتدا خۆی بینییەوە چنگی لە شمشێرەکەی گیر کردووە و بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری خۆیدا ڕایدەوەشێنێت، چونکە لە بەردەمیدا، لەنێو دڕکوداڵەکەدا، سەربازێکی فارس بە ڕمەوە وەستابوو. ڕمەکە کەوتە لاوە و پیاوەکەشی لەگەڵ خۆیدا خست. 

سۆکرات بۆ جاری دووەم گوێبیستی خۆی بووەوە دەنەڕێنێت و هاوار دەکات: «هیچ هەنگاوێکی دیکە بۆ دواوە مەنێن، منداڵان! ئێستا بۆ ئەو شوێنانەمان ڕەوانە کردوون کە دەبێت لێی بن، کوڕانی سەگ! کراپۆلوس بۆ پێشەوە لەگەڵ شەشەم دانەدا! نولوس بەرەو لای ڕاست! هەر کەسێک پاشەکشێ بکات، هەلاهەلای دەکەم!»

بۆ سەرسوڕمانی ئەو، بە تەنیشت خۆیەوە دوو سەربازی خۆیانی بینی کە لەوپەڕی ترس و تۆقیندا زەق زەق لێی دەڕوانن. بە نەرمی گوتی: «بنەڕێنن! بۆ خاتری ئاسمان، بنەڕێنن!» یەکێکیان بە ترسولەزرەوە شەویلگەی داچەقاند، بەڵام ئەوی دیکەیان هەر بە ڕاستی دەستی بە بۆڕە و نەڕاندن کرد. و فارسەکەی بەرانبەریان بەوپەڕی ترس و زەحمەتەوە وەستا و ڕایکردە نێو دڕکوداڵەکەوە. 

دەرزەنێک مرۆڤی شەکەت و لە پەلوپۆ کەوتوو بە لەترەدانەوە لەنێو دڕکوداڵەکەوە سەروسەکوتیان بە دەر کەوت. بۆڕاندن و نەڕاندنە بەهێزەکە وای لە فارسەکان کردبوو هەڵێن. لە کەوتنەبۆسە تۆقیبوون. 

«ئەوە چی ڕوودەدات لێرە؟» یەکێک لە هاوزێدەکانی، کە هێشتا لەسەر زەوییەکەدا چوارمشقی دانیشتبوو، لە سۆکراتی پرسی. 

«هیچ نییە»، سۆکرات گوتی «وەها قیت مەوەستە هیچ نەکەیت تەنها زەق زەق لە من بنۆڕی. وا باشترە بێیت و بچیت و فەرمان دەرکەیت تا دوژمن وا تێنەگات ئێمە چەندە کەمین». 

کابرا بە دوودڵییەوە درێژەی پێ دا: «پێم باشترە پاشەکشە بکەین».

«یەک هەنگاویش نا!» وەها ناڕەزایەتی دەربڕی سۆکرات «هۆشتان لە دەست داوە؟»

وەک سەرباز کە نەک تەنها بترسێت بەڵکوو دەبێت بەختیشی هەبێت، لە ناکاو، لە دوورەوە، بەڵام تەواو ڕوون، گوێیان لە تەپەتەپی ئەسپ و هاوار و نەڕەی دڕندانە بوو و هاوار و نەڕەکانیش بە زمانی یۆنانی بوون! هەمووان بە تەواوی دەیانزانی کەوتنی فارسەکان لەو ڕۆژەدا گرنگ بوو. کۆتاییی بە جەنگەکە هێنا. 

هەر کە ئالکیبیادێس وەک لووتکەی هێزی سوارە گەیشتە نێو مەیدانی دڕکوداڵەکە، بینی گرووپێکی سەربازانی هێزی پیادە پیاوێکی قەڵەو و کەتەیان لەسەر شانیان هەڵگرتووە. 

ئەسپەکەی وەستاند، سۆکراتی ناسییەوە و سەربازانیش بۆیان ڕوون کردەوە کە چۆنچۆنی سۆکرات بە بەرەنگارییە لەبننەهاتوو و بەهێزەکەیەوە سەرجەمی هێڵی ترساوی جەنگەکەی بە جێگیری و هێزی نەشکاوەوە ڕاگرتبوو. 

ئەوان سەرکەوتووانە سۆکراتیان تا شوێنی مەشق و کەلوپەلە جەنگییەکان برد. لەوێ، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی، خرایە نێو یەکێک لە گالیسکە گەورەکانی ئالیکی ئەسپ و دەوری بە سەربازانی ئارەقاوییەوە گیرابوو، کە بە سەرمەستییەوە هاواریان دەکرد و سۆکراتیان بەرەو پایتەخت دەگەڕاندەوە. 

لەسەر شانی سەربازان، بڵند، تا بەردەرکی ماڵەچکۆلە برایەوە. 

زانتیپەی ژنی شلەی فاسۆڵیای بۆ لێ نابوو. لە بەردەم ئاگردانەکەدا کەوتە سەر ئەژنۆ و بە ڕوومەتە فووتێکردووەکەی، فووی لە ئاگرەکە دەکرد و ناوبەناویش بە سیلەی چاو، تەماشایەکی سۆکراتی دەکرد. سۆکرات هێشتا لەسەر کورسییەکەی قنج دانیشتبوو؛ لەسەر ئەو کورسییەی هاوڕێکانی لە گەڕانەوەیدا لەسەری دایاننیشاندبوو. 

زانتیپە گوماناوی پرسی «چیت لێ هاتووە؟»

«من؟» مڕەمڕێکی کرد «هیچم لێ نەهاتووە!»

«ئەوە چییە هەمووان دەربارەی کردەوە پاڵەوانپەرستییەکانی تۆ دەدوێن؟» زانتیپە دەیویست زێتر بزانێت. 

«زێدەڕۆیین»، ئاوا درێژەی پێ دا «بۆنی خۆش دێت!»

«چۆن دەبێت بۆنی بێت کە هێشتا تەواو ئاگرەکەم هەڵنەکردووە؟ پێم وایە دووبارە کاری دەبەنگانەت کردووە، چۆن؟» زانتیپە بە تووڕەیییەوە وەهای گوت «سبەی ئەگەر بڕۆم نان بکڕم دەبێت دووبارە خۆم لە دۆخێکدا ببینمەوە هەمووان قاقا پێم پێبکەنن». 

«بە هیچ کلۆجێک خۆم گێژ و دەبەنگ نەکردووە. بەڵکوو جەنگاوم». 

«سەرخۆش بوویت؟»

«نا. کاتێک لە پاشەکشەدا بوون، وام لێ کردن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و نەترسن».

زانتیپە درێژی پێ دا «تۆ ناتوانیت باش لەسەر پێی خۆت بوەستیت»، هەڵسایە سەر پێ و بەرەو ئاگرە پێکراوەکە ڕۆیشت «ئادەی ئەو خوێدانەی سەر مێزەکەم بدەیە».

سۆکرات بە هێوری و بە تێڕامانەوە گوتی «دڵنیا نیم، دڵنیا نیم کە بە باشتری بزانم هەر هیچ شتێک نەخۆم. کەمێک گەدەمم تێک داوە و هێڵنج دەدەم». 

«ئەها پێم گوتی تۆ سەرخۆشیت. هەوڵ دە هەڵسیتە سەر پێ و هەندێک بە ژوورەکەدا بێی و بچی، ئەوسا بزانین چ دەبێت».

بێویژدانییەکەی زانتیپە دڵی سۆکراتی ڕەنجاند. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست هەڵسێتە سەر پێ و پیشانی بدات کە ناتوانێت قاچی لە عەزرەکە گیر بکات. هەر کاتێک شتێکی باوەڕپێنەکراوی بگوتایە، زانتیپە بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە سۆسەی دەکرد و زیرەک بوو لە ناسینەوەیدا. ئەوەش هیچ شایانی باوەڕپێکردن نەبوو کاتێک باسی پێداگریی قووڵی خۆی لە مەیدانی جەنگدا کردبوو. 

زانتیپە بەردەوام بوو لە ئیشەکەی خۆی لە بەردەم تەباخەکەدا و کەوچکی لە مەنجەڵەکە وەردەدا و لەو میانەیەدا لە بیری نەکرد پێی بڵێت کە بیری لە چی کردووەتەوە. 

«بەو باوەڕە گەیشتووم هاوڕێ باشەکانت شوێنێکی سەلامەت و ئەمینیان لەو دەوروبەرە بۆ دۆزیویتەتەوە، بەڵێ لە نزیک چێشتخانەی بەرەی جەنگدا. ئەمەش هیچ نییە جگە لە خۆدواخستن نەبێت». 

بە ئازار و ئەشکەنجەوە لە پەنجەرە چکۆلەکەوە تەماشایەکی شەقامەکەی کرد، کە لێیەوە خەڵک بە فانۆسی سپییەوە دەهاتن و دەچوون و جەژنی سەرکەوتنیان دەگێڕا. 

هاوڕێ چاکەکانی هەوڵیان دابوو شتانێکی لەم چەشنە نەکەن و ئەو خۆیشی شتی وەهای قبووڵ نەدەکرد لە هیچ ڕووداوێکدا. 

«یاخود بە ڕاست تەواو پێیان ئاسایی بوو پینەدۆزێک لە ڕیزی سەربازییاندا بمەشێت؟ هیچ کاتێک دۆشاومژەت بە ڕوودا بەرز ناکەنەوە. ئەوان دەڵێن سۆکرات پینەدۆزە و دەشبێت هەر بە پینەدۆزی بمێنێتەوە. یان چۆن دەتوانین لە شوێنە قڕێژەکەیدا سەردانی بکەین و بۆ چەندین کاتژمێر لەگەڵیدا بکەوینە چەلەحانێوە و ببیستین هەموو جیهان دەڵێن: سەیر کەن، ئەو پینەدۆزێک بێت یان نا، ئەم خەڵکە مەزنانە لەگەڵ ئەو دادەنیشن و لەبارەی فیلەرسەفەوە دەدوێن. کۆمەڵەخەڵکی گەمژە و قڕێژ!».

سۆکرات بە قۆشمەیییەوە گوتی «بەمە دەگوترێت فیلەرفۆبی». 

زانتیپە بە مڕومۆچییەوە نیگایەکی لە سۆکرات گرت. 

«بەردەوام خەریکی ڕاستکردنەوە و وانەدادانم مەبە. دەزانم نەخوێندەوارم. ئەگەر نەخوێندەوار نەبوومایە، تۆ کەست چنگ نەدەکەوت ئێستا تەشتێک ئاوت بۆ بهێنێت و دووبارە قاچەکانت بشوات».

سۆکرات ڕاچڵەکی و هیوای بەوە بوو زانتیپە تێبینیی ئەمەی نەکردبێت. بە هیچ شێوەیەک ئەمڕۆ بابەتی شووشتنی پێکان لە گۆڕێ نەبوو. سوپاس و ستایش بۆ خوایان، بەردەوام بوو لەسەر وتاردانەکەی. 

«کەواتە ئەگەر سەرخۆش نەبوویت و ئەوانیش هەروەها پێیان ڕانەبواردوویت، کەواتە هەبێ و نەبێ دەبێت وەک قەسابێک جووڵابێتیتەوە. خوێن بە دەستەکانتەوەیە، چۆنچۆنی؟ بەڵام ئەگەر تەنانەت یاری لەگەڵ جاڵجاڵۆکەیەکدا بکەم تۆ هاتوهاوار دەنێیتەوە. باوەڕم بەوە نییە تۆ بە ڕاستی وەک پیاوێک جەنگابێتی، بەڵام دەبێت وەک فێڵباز و تەڵەکەبازێک جووڵابێتیتەوە، واتا وەک شتێک لە دواوە، یاخود شتێکت کردبێت ئەوان لە پشتەوە بەم جۆرە تێت نەسرەوێنن. زوو یا درەنگ بۆم دەردەکەوێت. باوەڕم پێ بکە!».

ئێستا شلەی فاسۆڵیاکە ئامادە بوو بخورێت. بۆنێکی لەخشتەبەری لێ دەهات. ژنەکە مەنجەڵەکەی هەڵگرت و بە دامێنی تەنورەکەی گرتبووی، لەسەر مێزەکە داینا و دەستی کرد بە کەوچکتێوەردانی. 

بیری لەوە کردەوە، ئایا دوای هەموو ئەو شتانە، هێشتا ئیشتیای نەکراوەتەوە. بیرۆکەی ئەوەی دەبێت بچێتە سەر مێزی نانخواردنەکە، نیگەرانی دەکرد. 

هەستی بە باشی نەدەکرد. باش ئاگای لەوە بوو هێشتا دوایین وشە نەگوتراوە. بە دڵنیایییەوە لە ساتی دواتردا شتگەلی زۆر بێزارکەرتر دێنە ئاراوە و بەرۆکی دەگرن. مرۆڤ ناتوانێت بڕیاری تێهەڵچوون لەگەڵ فارسەکاندا بدات و کەچی بە ئارامییش بمێنێتەوە. لە ساتی ئێستادا، لە یەکەم جەژنی سەرکەوتندا، بە دڵنیایییەوە هیچ کەس بیری لەو کەسە نەدەکردەوە کە بەرپرسی ئەو بردنەوەیە بوو. هەمووان لە بەردەم ماڵەکانیاندا تەواو سەرقاڵی جاڕدانی جووڵە و کردەوە شکۆمەندەکانی خۆیان بوون. بەڵام سبەی یان دوو سبەی هەمووان لە بەردەم ئەو ڕاستییەدا بێدار دەبنەوە کە هاوکارەکەی دیکەیان داوای ئەو شکۆیە دەکاتەوە و لەم ڕووەوە نیگەران دەبن لەوەی زیاتر بۆ پێشەوە دنەی بدەن. بۆیە زۆرێک دەتوانن گەلێک شتی شکۆمەندانەی دی بڵێن ئەگەر پینەدۆزەکە وەک پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئەو سەرکەوتنە ڕابگەیەنرێت. نەیاندەتوانی بەم جۆرەی دەبوو، بەرگری لە ئالیکیبیادێس بکەن. بە چ چێژ و خۆشییەکی زۆرەوە پێیان ڕادەگەیەنرا: تۆ پاڵەوانی جەنگەکەیت، بەڵام ئەوە پینەدۆزێک بوو جەنگەکەی بردەوە. 

ئێستا چقڵەکە زۆر دڕندانەتر لە پێشوو ئازاربەخش بوو. ئەگەر زوو نەعلەکانی لە پێی دانەکەندایە، ڕەنگ بوو ژەهراویبوونی خوێنی لێ بکەوێتەوە.

بە داڵغەلێدانەوە گوتی «لێوت بەم جۆرە مەهێنە و مەبە».

زانتیپەی هاوسەری کەوچکەکەی لە دەمدا گیر بوو. 

«چی نەکەم؟»

«هیچ»، پەلەی کرد لە دڵنیاکردنەوەی، بە ترسەوە «من ئێستا نوقمی نێو داڵغەی قووڵ ببووم».

زانتیپە هەستایە سەر پێ، بە تەنیشتییەوە مەنجەڵەکەی لەسەر تەباخەکە دانا و ڕۆیشت. 

مووچڕکەی خۆشی و ئارامی بە سەرتاپای لەشیدا بڵاو بووەوە. بە پەلە هەوڵی دا خۆی لەسەر کورسییەکەی بەرز بکاتەوە و دەیویست خۆی بگەیەنێتە سەر قەنەفەکەی دواوەی. بە شڵەژانەوە سەیری دەوروبەری خۆی دەکرد. هەر کە زانتیپە خۆی بە ژووردا کرد تا شاڵەکەی هەڵگرێت و بڕوات، بە گومانەوە سەیری سۆکراتی کرد کە بێجووڵە و نەبزووت لەسەر جۆلانەکە ڕاکشاوە. بۆ ساتێک بیری لەوە کردەوە کە دەبێت بە گشتی شتێکی بەسەر هاتبێت. تەنانەت بیری لەوە کردەوە سۆکرات پرسیارباران بکات، چونکە تەواو بۆ ئەو بەوەفا بوو. بەڵام باشتر بیری لەوە کردەوە بە تووڕەیییەوە ژوورەکەی بە جێ هێشت تا لەگەڵ ژنە دراوسێکەی سەیری ئەو خۆشی و ئاهەنگگێڕانە بکات. 

سۆکرات زۆر خراپ و نائارام خەوی لێ کەوت و نیگەران و نائارام خەبەری بووەوە. نەعلەکانی لە پێ داکەندبوو، بەڵام نەیتوانیبوو چقڵەکە دەربهێنێت. پێی خراپ هەڵاوسابوو. 

ئەم بەیانییە ژنەکەی کەمتر تیژبین بوو. 

شەوی پێشوو بیستبووی هەموو شارەکە باسی مێردەکەی دەکەن. بێگومان دەبوو شتێک ڕووی دابێت کە بەم قووڵییەوە خەڵکی سەرسام کردووە. بە دڵنیایییەوە زانتیپە نەیدەتوانی ئەوە قبووڵ بکات کە سۆکرات بەری بە هێڵی جەنگاوەرانی فارسەکان گرتووە و ڕایگرتوون. بە خۆی گوت، نابێت شتی وا ڕووی دابێت. بەڵێ، زەق و واقوڕماو ڕاگرتنی سەرجەمی ئامادەبووانی کۆبوونەوەیەک بە پرسیارەکانی، ئەمە ئیشی خۆی بوو. بەڵام نەک لە بەرەی جەنگ. کەواتە چی ڕووی داوە، وا خەڵک باسی مێردەکەی دەکەن؟

زانتیپە تەواو نادڵنیا بوو کە شیری بزنی بۆ بردبووە سەر جێگەکەی. 

سۆکرات هەوڵی نەدا قیت ببێتەوە.

زانتیپە پرسی «ناتەوێت بڕۆیتە دەرەوە؟»

«حەزم لێ نییە»، مڕاندی. 

بەم جۆرە وەڵامدانەوەی پرسیاری ژنەکەت، شێوازێکی بێئەدەبانەیە، بەڵام زانتیپە پێی وابوو لەوانەیە سۆکرات تەنها ویستبێتی خۆی لە تەماشاکردن بدزێتەوە، لەبەر ئەوە لێگەڕا وەڵامەکە هەر بەم جۆرە تێپەڕێت. 

بەر لە نیوەڕۆ، میوانەکان زووتر لە وادەی خۆیان گەیشتن: چەند لاوچاکێک، کوڕانی خێزانە خۆشبژێوەکان، ژینگە باوەکەی دەوروبەری، هەمیشە وەک مامۆستای خۆیان ئەویان دەبینی و هەندێکیان تەنانەت کاتێک سۆکرات دەدوا، تێبینییان دەنووسی، وەک بڵێیت بە ڕاستی شتانێکی تایبەت و گرنگ دەڵێت. 

ئەمڕۆ پێیان دەگوت ئەسینا بە جارێک پڕ بووە لە ناووناوبانگی ئەو. ئەمڕۆ ڕێکەوتێکی مێژوویی بوو بۆ فەلسەفە (کەواتە لەسەرحەق بووە: پێی دەگوترا فیلەرسەفە نەک شتێکی دیکە). ئەوان گوتیان خەڵک دەڵێن سۆکرات ئەوەی دەرخستووە کە وەک بیرمەندێکی مەزن هاوکات دەتوانێت مرۆڤێکی مەزنی ناو مەیدانی جەنگیش بێت. 

بەبێ گاڵتەپێکردنە هەمیشەیی و باوەکەی، گوێی بۆ ڕادێرابوون. کاتێک دەدوان، وا پێ دەچوو سۆکرات گوێقوڵاغ بووبێت، هێشتا زۆر دوور لەوەی کەسێک گوێبیستی هەورەبرووسکەیەکی دوور، قاقا و حریتەحریتی گەمژانە، پێکەنینی سەرجەمی شارێک، تەنانەت سەرجەمی وڵاتێک، دوور، زۆر دوور ببێت، بەڵام نزیک و نزیکتر دەبێتەوە، بێ بەرپێگرتن دەگاتە هەمووان، هەمووانیش دەخاتە ژێر ڕکێفیەوە: ڕێبوارانی شەقامەکان، بازرگانان و سیاسەتمەدارانی ناو بازاڕ، پیشەکارانی نێو وەرشە چکۆلەکانیان. 

سۆکرات بە دەرەنجامێکی لە ناکاوەوە هەڵیدایە: «هەموو ئەوەی دەیڵێن قسەی قۆڕن، من هەر لە بنچینەوە هیچم نەکردووە».

بە خەندە و پێکەنینەوە سەیرێکی یەکدییان کرد. پاشان یەکێکیان هەڵیدایە:

«بێگومان، ئەمە ئەو شتەیە ئێمەش گوتمان. ئێمە دەمانزانی تۆ هەر بەم جۆرە دەبیت. ئێمە لە دەرەوەی قوتابخانەوە لە ئوسۆپولۆسمان سەبارەت بەم هاتوهاوارە لە ناکاوە پرسی. دە ساڵە سۆکرات گەورەترین جووڵەی ڕۆشنبیری و فیکریی بە گەڕ خستووە و هیچ کەسێک نەبووە بەم جۆرە نیگای تێ بگرێت. ئێستا ئەو جەنگێکی بردۆتەوە و کەچی هەموو ئەسینایییەکان باسی دەکەن. ئێمەش گوتمان ئەی نازانن ئەمە چەند بێڕێزییەکی گەورەیە». 

سۆکرات ئاهێکی هەڵکێشا.

«بەڵام من هیچ جەنگێکم نەبردۆتەوە. چونکە هێرشم کرایە سەر، بەرگریم لە خۆم کرد. هیچ حەزێکم بۆ بەشداریکردن لەم شەڕەدا نەبوو. لەو ناوە نە کارکردن لە سوپادا و نە خاوەندارێتیی کێڵگەی شەراب بۆم گرنگن. لەوە تێناگەم جەنگەکان بۆ چ ئامانجێکن. لە ناکاو خۆم لەنێو دەستەیەک پیاوانی هەستیاری دەوروبەر و گوندەکان بینییەوە، کە هیچ حەزێک و گرنگییەکیان بۆ جەنگەکان نییە و من ڕێک ئەو شتەم ئەنجام دا کە ئەوانیش ئەنجامیان دەدا، لە باشترین حاڵەتدا تەنها چەند چرکەساتێک پێش ئەوان». 

میوانەکانی مات بوون.

هاواریان کرد «ئەی وانییە! ئەمە هەر ئەو شتەیە ئێمەش گوتمان. سۆکرات هیچی نەکردووە تەنها بەرگریی لە خۆی کردووە. ئەمە شێوە و ڕێچکەی ئەوە بۆ بردنەوەی جەنگەکان. لەسەر مۆڵەتی تۆ، ئێمە بە پەلە دەگەڕێینەوە بۆ قوتابخانە. ئێمە گفتوگۆیەکمان لەسەر ئەم بابەتە لەوێ وەستاند تەنها بۆ ئەوەی بە پەلە بێین و بەیانیباشت لێ بکەین». 

ئەوان، قووڵ نوقمی نێو گفتوگۆ، ئەوێیان بە جێ هێشت. 

سۆکرات لەسەر ئانیشکی، بە بێدەنگی، ڕاکشا و زەق زەق لە کوورە بە دووکەڵ ڕەشبووەکە ڕاما. ئەو لە دڵتەنگییەکەیدا لەسەرحەق بوو.

ژنەکەی لە قوژبنێکی ژوورەکەوە سەیری ئەوی دەکرد. لە ڕاستیدا میکانیکییانە ئەو چاوی لە جلێکی کۆن بڕیبوو. 

لە ناکاو بە هێواشی و بە نەرمی، پرسی: «کەوابوو چ شتێک لە پشتی ئەمانەوەیە؟»

دەستی پێ کرد. نادڵیایانە سەیری زانتیپەی کرد.

زانتیپە بوونەوەرێکی تێکشکاو، سنگدەرپەڕیو، لە کۆمەڵەتەختەیەک دەچوو و چاوانی غەمگینی هەبوون. سۆکرات دەیزانی کە دەتوانێت پشت بە ژنەکەی ببەستێت. هێشتا پشتیوانیی لە مێردەکەی دەکرد ئەگەر خوێندکارەکانی بیانگوتایە: «سۆکرات؟ ئەو پینەدۆزە شەڕانییە نییە کە خواکان بە درۆ دەخاتەوە؟» سۆکرات بۆ ئەو کەسێکی باش نەبووە، بەڵام لای کەس گلەییی لەمە نەدەکرد، جگە لای مێردەکەی نەبێت. هیچ ئێوارەیەک نەبووە بەبێ هەندێک نان و گۆشت تێپەڕیبێت کە زانتیپە بۆ ئەوی هەڵدەگرت کاتێک مێردەکەی بە برسێتی لای خوێندکارە دەوڵەمەندەکانی دەگەڕایەوە. 

لە خۆی پرسی ئایا دەبێت هەموو شتێکی پێ بڵێت یان نا. بەڵام پاشان بیری لەو ڕاستییە کردەوە ئەگەر وا بێت ئەو دەبێت کۆمەڵێک شتی ناڕاست و دووڕووانە لە بەردەم ئامادەییی خەڵکانێکی وەک ئەوەی ئەمڕۆ بکات کە کەمێک پێش ئێستا لێرە بوون و قسەیان لەبارەی پاڵەوانخوازییەکانی ئەو دەکرد و ئەمیش ناتوانێت شتێکی وەها بکات، چونکە نەدەبوو زانتیپە ڕاستییەکەی زانیبا.

لەبەر ئەوە لێگەڕا شتەکان وەک خۆی بمێننەوە و تەنها گوتی «بۆنی شلە فاسۆڵیا ساردەکەی دوێنێ ئێوارێ دووبارە بە تەواوی ژوورەکەدا بڵاو بووەتەوە».

زانتیپە تەنها نیگایەکی گوماناویی دیکەی تێ گرت. 

بە دڵنیایییەوە بارودۆخێکی وەهایان نەبوو خواردنەکە تووڕ بدەن. سۆکرات تەنها بەدووی شتێکدا دەگەڕا سەرنجی زانتیپە بە لاڕێدا بەرێت. باوەڕی ژنەکە بەوەی کە شتێکی خراپ بەسەر سۆکراتدا هاتووە، بەردەوام بەهێزتر و گەورەتر دەبوو: بۆ ناتوانێت بەرز بێتەوە؟ ئەو هەمیشە درەنگ هەڵدەستا، تەنها لەبەر ئەوەی درەنگ دەچووە جێگاوە. دوێنێ زۆر زوو چووە جێگاوە و ئەمڕۆ، بە جەژنی سەرکەوتنەکەوە، سەرجەمی شارەکە لەسەر پێکانی وەستابوو. هەموو دوکانەکانی شەقامەکە داخرابوون. هەندێک لەو سوارچاکانەی ڕاوەدووی دوژمنیان نابوو، سەعات پێنجی بەیانی گەڕابوونەوە ماڵەوە، دەنگ و خشەخشی پێی ئەسپەکان دەبیسترا. سۆکرات جۆشوخرۆشێکی گەورەی بۆ ژاوەژاوی قەرەباڵغییەکان هەبوو. لە دەرفەتی وەهادا لەگەڵ تاریک و ڕوونی بەیاندا تا درەنگانی شەو بەو ناوەدا دەخولایەوە، لەگەڵ خەڵکدا دەکەوتە گفتوگۆوە. کەواتە بۆچی ئێستا لە شوێنی خۆی ناجووڵێت؟

دەروازەکە تاریک داهات و چوار بەرپرس هاتنە ژوورەوە. بە وەستاوی لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا مانەوە و یەکێکیان بە تۆنێکی چەشنی بازرگانانە، بەڵام تەواو بەئەدەبانەوە گوتی کە فەرمانی پێ کراوە یاوەریی سۆکرات بکات بۆ ئاریۆپاگوس. ژەنەڕاڵ، ئالیکیبیادێس خۆی، پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەبێت خەڵاتێکی شانازی و ڕێزلێنان لەپای توانا جەنگییەکەیدا، پێشکەش بە سۆکرات بکرێت.  

ورتەورت و دەنگەدەنگێک لە شەقامەکەوە ئەوەی دەگەیاند دراوسێکانی لە دەرەوەی ماڵەکەیدا گرد بوونەتەوە. 

سۆکرات هەستی بە ئارەقەکردنەوەی خۆی کرد. دەیزانی کە دەبێت ئێستا ڕابێت و تەنانەت ئەگەر ڕەتیشی بکاتەوە لەگەڵیاندا بڕوات، هەر دەبێت لانیکەم لەسەر پێکانی خۆی بوەستێت، هەندێک شتی بە ئەدەبەوە بڵێت و تا بەردەرگە یاوەریی میوانەکانی بکات. باش ئاگای لەو ڕاستییەش بوو کە لە یەک دوو هەنگاو زیاتر ناتوانێت ڕێ بکات. جا ئەوان سەیری پێکانی دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت چی ڕووی داوە و پاشان قاقالێدانی بێوەستان دەست پێ دەکات، لێرە و لەوێ. 

لەبەر ئەوە، لەجیاتی هەڵسێت، قووڵ سەری خستە سەر بالیفەکەی و شەڕفرۆشانە گوتی: 

«پێویستم بە ستایش و خەڵات نییە. بە ئایرۆپاگوس بڵێن کە سۆکرات دیدارێکی لەگەڵ هەندێک هاوڕێ لە کاتژمێر یانزە هەیە تا پرسیارێکی فەلسەفی بورووژێنن کە بۆمان گرنگە و لەبەر ئەوە بەوپەڕی داوای لێبوردنمەوە، ناتوانم بێم. هیچ بە کەڵکی کۆبوونەوە گشتییەکان نایەم و تەواو هەست بە شەکەتی دەکەم». 

ئەم دووایینەیانی خستە سەر، چونکە لەوە بێزار ببوو بکەوێتە نێو فەلسەفەوە و بەشی یەکەمی گوت چونکە هیوای بەوە بوو بێڕوویی ئاسانترین ڕێگە بووە خۆی لەوان دەرباز بکات. 

بەرپرسانیش هەر بە ڕاستی لەم زمانە تێگەیشتن. کەوتنە سەر پێکانیان، ڕوویان وەرچەرخاند و بەرەو ئەو خەڵکانە ڕۆیشتن وا لە دەرەوە وەستابوون. 

«ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوان فێرت دەکەن چۆن لەگەڵ بەرپرسان بە ڕێزەوە بجووڵێیتەوە» زانتیپەی ژنی ئەمەی بە تووڕەیی گوت و ملی مەتبەخی گرتە بەر.

سۆکرات چاوەڕوان مایەوە تا زانتیپە ڕۆیشتە دەرەوە. ئیتر بە خێرایی لەسەر جێگەکەی تەکانێکی بە لەشە قوڕسەکەی خۆی دا. خۆی خستە سەر گۆشەی جێخەوەکەی، چاوێکی ئێشکگرانەی خستە سەر دەرگەکە و بە وریایییەکی ئەبەدییەوە هەوڵی دا بێتە سەر قاچە بریندارەکەی. ئەم جووڵەیە پێ دەچوو زۆر هیوابڕاو و بێدەرەتان بێت. 

کە هەموو ئازای بەدەنی لە ئارەق هەڵاتبوو، دووبارە خۆی خزاندەوە سەر جێگەکەی. 

نیو کاتژمێر تێپەڕی. کتێبێکی بە دەستەوە گرت و نوقمی نێو خوێندنەوەی بوو. تا ئەو کاتەی قاچی ڕاگرتبوو، هەستی بە هیچ نەدەکرد.  

پاشان سەروچاوی ئانتیستێنس دەرکەوت. 

پاڵتۆ قوڕسەکەی دانەکەند، لە بەردەم قەنەفەکە بە پێوە وەستا، کاتێک زەق زەق تەماشای سۆکراتی دەکرد، کۆکەیەکی قوڕسی کرد و قوڕگ و ملی بە ڕیشە درێژەکەی، بە نەرمی خوراند. 

«هێشتا لە جێگەدا؟ پێم وا بوو تەنها زانتیپە لە ماڵەوەیە. بۆیە وەها وەستام تا بەدووتدا بێم. هەڵامەتێکی سەخت بەرۆکی گرتبووم و لەبەر ئەوەش بوو نەمتوانی دوێکە بێم». 

یەک هەناسە سۆکرات گوتی: «دانیشە». 

ئانتیستێنس کورسییەکی لە قوژبنێکی ژوورەکەوە هێنا و بە تەنیشت سۆکراتی هاوڕێیەوە دانیشت. 

«ئەمشەو دووبارە دەست بە وانەکان دەکەمەوە. هیچ بیانوویەک نییە زیاتر ڕایانبگرم». 

«نەخێر».

«بە دڵنیایییەوە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئایا دێن یان نا. ئەمڕۆ خواردنی زۆر هەن. بەڵام لەسەر ڕێگەدا لێرە چوومە لای پایستۆنی لاو و پێم گوت ئەمڕۆ وانەی ئەلجێبرا دەڵێمەوە، ئەو هەروا بە سانایی خۆشحاڵ بوو و گەشایەوە. پێم گوت دەتوانێت بە کڵاوخودەکەیەوە بێت. پرۆتاگۆراس و ئەوانی دی تەواو تووڕە دەبن کاتێک بزانرێت لە شەوی دوای جەنگەکەدا ڕاستەوخۆ ڕۆیشتوون لای ئانتیستێنس ئەلجێبرا بخوێنن». 

سۆکرات بە هێواشی و نەرمییەوە لەسەر جۆلانەکەی تەکانێکی بە خۆی دا، بە دەستە پانەکەیەوە بە تەنیشت دیوارەکەوە خزا. چاوە کراوە و قووڵەکانی گەڕانئاسا بڕیبوونە هاوڕێکەی. 

«هیچ کەسی دیکەت بینی؟»

«گرووپێک خەڵک».

سۆکرات بە ترش و تووڕەیییەوە سەیرێکی بنمیچەکەی کرد. پێویست دەکات ڕاستییەکە بە ئانتیستێنس بڵێت یان نا؟ تەواو دڵنیا بوو لەمە. ئەو خۆی هەرگیز لەپای وانەکانیدا پارەی وەرنەدەگرت و لەبەر ئەوەش هیچ کێبڕکێیەکی لەگەڵ ئانتیستێنسدا نەبوو. ڕەنگە ئەو هەر بە ڕاستی بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەم حاڵەتە سەختە بۆ ئەو بکات. 

ئانتیستێنس بە چاوە بەتین و تیژ و ئاگرینەکانییەوە، پرسیارئاسا لە هاوڕێکەی ڕوانی و پێی گوت: 

«گیۆرگیوس دەیەوێت بە هەمووان بڵێت کە تۆ دەبێت پەلەت بووبێت و ڕێگەی هەڵەت گرتبێتە بەر، با بڵێین بۆ پێشەوە. گرووپێک لاوانی لێهاتوو دەیانەوێت لەبەر ئەمە گیۆرگیوس بکوتن». 

سۆکرات بە سەرسامییەکی تێکەڵ بە نیگەرانییەوە لەوی ڕوانی. 

بەوپەڕی تووڕەیی و بێزارییەوە گوتی «قسەی قۆڕ». خێرا لەوە تێگەیشت ئەگەر خۆی ئاشکرا بکات نەیارانی چ دەهۆڵێکی بۆ دەکوتن.

هەموو شەوەکە تا نزیکی کازیوە و بەرەبەیان، بیری لەوە کردبووەوە کە ئایا ناکرێت هەموو ڕووداوەکە وەک تاقیکردنەوەیەک پیشان بدات و بڵێت تەنها ویستوویەتی ببینێت خەڵکانی ساویلکە و سادە چۆنچۆنین. «زیاتر لە بیست ساڵە لە هەر گۆشە و شەقامێکدا وانەی ئاشتیخوازی دەڵێمەوە و یەک دەنگۆ بەس بوو تا خوێندکارەکانم من وەک بێرزەرکەر [جەنگاوەری دڕندەی ژەرمەنیی] ببیینن» و… بەم جۆرە هەتا دوایی. بەڵام پاشان دەبوو جەنگەکە نەبرێتەوە و سەرکەوتن بەدی نەیەت. بە ئاشکرا ئەمە ساتێکی نەخوازراو بوو بۆ ئاشتیخوازی. دوای شکستێک تەنانەت باڵاترینان و شارەزاترین بۆ ساتێکی کورت دەبنە ئاشتیخواز؛ دوای سەرکەوتنێک تەنانەت ناشارەزاترین و نالێوەشاوەترینیش دەبنە زوڕناژەنی جەنگ، بە هەر جۆرێک بۆ ساتێک، تا ئەوەی بۆیان دەرکەوت بۆ ئەوان هیچ جیاوازییەک لەنێوان سەرکەوتن و شکستدا نییە. ئێستا ئاشتیخوازی هیچ گرنگییەکی بۆ ئەو نەبوو. 

دەنگەدەنگی پێی ئەسپان لە شەقامەکەوە دەبیسترا. ئەسپسواران لە بەردەم ماڵەکەدا وەستان و ئالیکیبیادێس بە هەنگاوی لەسەرخۆ هاتە ژوورەوە.

«بەیانی باش ئانتیستێنێس، کاروکەسابەتی فەلسەفە چۆن بە ڕێوە دەچێت؟ ئێوە لە دۆخێکی باشدان»، بە درەوشاوەیی و خۆشحاڵییەوە هاواری کرد. «سۆکرات لە ئایرۆپاگوس ژاوەژاو لەسەر وەڵامەکەت دروست بووە. پێشنیارم کردبوو تاجەگوڵینەی درەختی غارت پێ ببەخشن و ئێستا پێشنیارەکەم گۆڕیوە، لە بەرانبەردا پەنجا قامچیت لێ بدەن. ئەمە بە دڵنیایییەوە بێزاری کردن، چونکە تەواو هەست و بیرکردنەوەکانی ئەوانی پیشان دەدا. بەڵام تۆ دەبێت بێیت لەگەڵمان، ئەمەش دەزانیت. پێکەوە دەڕۆین، هەستە سەر پێ». 

سۆکرات ئاهێکی هەڵکێشا. ئەو زۆر لەگەڵ ئالیکیبیادێسی لاودا دەگونجا. ئەوان بە گشتی بەیەکەوە دەیانخواردەوە. بانگکردنی سۆکرات لەلایەن ئەوەوە شتێکی زۆر هاوڕێیانە و خۆش بووە. بە دڵنیایییەوە ئەمە تەنها خواستی ئەو نەبوو ئایرۆپاگوس تووڕە بکات. ئەم ویستە خۆی شتێکی زۆر گرنگ و باش بوو و پێویستی بە هەموو پشتیوانییەک هەبوو. 

لە کۆتاییدا کاتێک خەریک بوو لەسەر جێگەکەی خۆی کۆ بکاتەوە، بە وریایییەوە گوتی: «پەلەکردن ڕەشەبایەکە درەختی بەهێز لە بێخەوە هەڵدەکێشێت. دانیشە». 

ئالیکیبادێس پێکەنی و لەسەر کورسییەک دانیشت. پێش ئەوەی دانیشێت، بە ڕێزەوە بۆ زانتیپە چەمایەوە، کە لە بەردەم دەرگەی مەتبەخەکە وەستابوو، دەستەکانی بە دامێنی تەنوورەکەی وشک دەکردەوە. 

بە کەمێک نائارامییەوە گوتی «ئێوەی فەیلەسووفان خەڵکانی زۆر کۆمیدی و پێکەنیناوین، چونکە هەموو ئەوەی دەیزانم دەبێت تۆ پەشیمان بیت لەوەی هاریکاریت کردووین بەسەر دوژمندا سەرکەوین. ئانتیستێنێس ئەوەی بە تۆ گوتووە کە هۆکاری گونجاو بۆ شەڕکردن بوونیان نەبووە». 

هەر خێرا ئانتیستێنێس هەڵیدایە: «ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی ئەلجێبراوە کردووە» و دووبارە کۆکییەوە. 

ئالیکیبیادێس زەردەیەکی هاتێ. 

«ڕێک بەو جۆرەی چاوەڕوانم دەکرد. لەپێناوی خوایاندا، نەک خۆتێهەڵقورتاندن لە شتێکی لەم چەشنە، چی؟ ئێستا ئەمە لای من ئازایەتییەکی تەواوەتی بووە. هیچ شتێک بەرچاو نابێت، ئەگەر بتەوێت؛ بەڵام چ شتێک لە چەپکێک تاجەگوڵینەی لاورێل (غار) دیارتر و بەرچاوترە؟ دان بە خۆتدا بگرە و لەگەڵیدا ڕابێ، پیرەپیاو. هەر زوو ئەمە کۆتاییی دێت و هیچ ئازارێکیشی بەدواوە نابێت. پاشان دەڕۆین و یەکێک بەرز دەکەینەوە». 

بە فزوڵییەوە سەیرێکی کەسە زەبەلاحە بەهێزەکەی کرد، کە ئێستا بەوپەڕی هێزەوە دەجووڵایە و دەخولایەوە. 

سۆکرات خێرا بیرێکی کردەوە. بە شتێک گەیشت کە دەیتوانی دەری بڕێت. دەیتوانی بڵێت شەوی ڕابردوو یان ئەم بەیانییە قاچی لە جێ چووە. بۆ نموونە ئەمە کاتێک ڕووی داوە کە پیاوەکان ئەویان لەسەر شانیان داگرتووەتە خوارەوە. تەنانەت بیانوویەکی گونجاویش بۆ ئەمە هەبوو: حاڵەتەکە ئەوەی پیشان دەدا چەندە بە ئاسانی دەکرێت بەهۆی ستایشکردنتەوە لەلایەن هاووڵاتییەکانتەوە، دووچاری ماتەم و غەمگینی ببیت. 

بێ ئەوەی واز لە خۆبادان بهێنێت، بەرەو پێشەوە چەمایەوە لەو شوێنەی لە لای ڕاست دانیشتبوو، بە دەستی ڕاستی، قۆڵی چەپی خۆی گرت و بە هێوری گوتی: 

«شتەکە ئەمەیە. قاچم…»

لەگەڵ ئەم ڕستەیەدا -بۆ ئێستا ئەوەی گرنگ بوو یەکەم درۆی ڕاستەقینە لەم بابەتەدا بکات، تا ئەو کاتەی توانیبووی بێدەنگ بمێنێتەوە- نیگای کەوتە سەر زانتیپە، کە لە بەردەم دەرگەی مەتبەخەکە وەستابوو.

سۆکرات هەر خێرا لە قسەکردن کەوت. هەمووی لە ناکاو ڕووی دا کە چیتر نایەوێت حیکایەتی خۆی بهۆنێتەوە. چونکە بە ڕاستی قاچی لە جێ نەچووبوو. 

لە ناکاو جۆلانەکەی لە جووڵە کەوت. 

بەوپەڕی هێز و بە دەنگێکی تەواو جیاوازەوە گوتی «گوێ بگرە، ئالیکیبیادێس، پێویست ناکات هیچ قسەکردنێک لەم بابەتەدا لەبارەی ئازایەتییەوە بکرێت. هەر کە جەنگەکە دەستی پێ کرد، با بڵێین، هەر کە من چاوم کەوتە سەر یەکەم جەنگاوەری فارس، بەرەو ڕووی ڕامکرد و جگە لەوە، لە ئاراستەی ڕاستدا – بەرەو پاشەکشێ دەڕۆیشتم. بەڵام لە بەردەممدا کێڵگەیەکی پڕ لە دڕکوداڵ هەبوو. چقڵێک بە قاچمدا چوو و چیتر نەمدەتوانی ڕێ بکەم. پاشان وەک کێوییەک بۆی ڕاکشام و بە گشتی هەندێک لە پیاوانی خۆمانمان کوتان. لەوپەڕی بێهیوایی و بێدەرەتانیدا هاواری شتێکم لە یەکەکانی دیکە کرد تا وا لە فارسەکان بگەیەنن چەندین یەکەی دیکەی ئێمە هەن و لە ڕاستیدا ئەمەش لە شتێکی قۆڕ بترازێت چیدی نەبوو، چونکە بە دڵنیایییەوە ئەوان لە زمانی یۆنانی نەدەگەیشتن. لە هەمان کاتدا پێ دەچوو خۆشیان نیگەران و تووشی دڵەڕاوکێ بووبێتن. پێم وایە تەنها نەیاندەتوانی بەرگەی نەڕاندن و هاوارەکانمان بگرن، دواجار دەبوو بەو نێوەدا بۆ پێشەوە بڕۆن. لە ناکاو بۆ ساتێک وەستان و لەو ئانوساتەدا بوو هێزی سوارەی ئێمە سەروسەکوتی دەرکەوت. ئەمە هەموو چیرۆکەکەیە».

بۆ چەند ساتێک، بێدەنگییەکی تەواو باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشا. ئالیکیبیادێس بێ ئەوەی چاوی بتروکێنێت زەق زەق لە سۆکرات ڕامابوو. ئانتیستێنێس دەستی بە دەمیەوە گرتبوو و دەکۆکی، ئەمجارە کۆکینێکی ئاسایی و نەرم. لە بەردەم دەرگای مەتبەخەکەوە، کە زانتیپەی لێ وەستابوو، یەک قاقای پڕ لە حریتەحریت بەرز بووەوە.

پاشان ئانتیستێنێس بە وشکی و ڕەقییەوە گوتی: «بێگومان لەبەر ئەمە نەتدەتوانی بڕۆیت بۆ ئاریۆپاگوس و بە شەلەشەل هەنگاو بنێیت تا تاجەگوڵینەکەت لەسەر بنێیت. دەتوانم لەوە حاڵی ببم». 

ئالیکیبیادێس لەسەر کورسییەکەی چەمایەوە و بە چاوانی نیمچەکراوەوە لە فەیلەسووفەکەی سەر قەنەفەکە ڕاما. نە سۆکرات و نە ئانتیستێنێس تەماشای ئەویان دەکرد. 

دووبارە بەرەو پێشەوە چەمایەوە و بە دەستەکانی ئەژنۆی لە ئامێز گرت. ڕوخسارە کوڕانە چکۆلەکەی کەمێک مووچڕکی پیادا هات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک زنجیرەی بیرکردنەوە و هەستەکانی نەپچڕاند. 

پرسی: «ئەی بۆچی نەتگوت بە جۆرێکی دیکە بریندار بوویت؟»

سۆکرات بە بێهەستییەوە وەڵامی دایەوە «چونکە چقڵێکم بە قاچدا چووە».

ئالیکیبیادێس گوتی «ئەها، بۆیە، ئێستا دەزانم». 

بە خێرایی بەرز بووەوە و بەرەو جێخەوەکەی ڕۆیشت. 

ئالیکیبیادێس گوتی: «مخابن تاجەگوڵینەکەم لەگەڵ خۆم نەهێنا. دام بە بەردەسەکەم هەڵیگرێت. ئەگینا دەمتوانی لێرە لە ماڵەوە بۆت بە جێ بهێڵم. دەتوانیت باوەڕم پێ بکەیت، پێم وایە تۆ تەواو ئازایت. هیچ کەسێک ناناسم لەم بارودۆخەدا چیرۆکێکی وەک ئەوەی تۆی گێڕابێتەوە». 

بە پەلە ڕۆیشتە دەرەوە.

کاتێک زانتیپە دواتر دەستی کرد بە شووشتنی قاچی سۆکرات و چقڵەکەی دەرهێنا، بە قین و بێزارییەوە گوتی:

«دەکرا ژەهراویبوونی خوێنی لێ بکەوێتەوە». 

«لانیکەم خراپتر»، فەیلەسووفەکە ئاوای گوت. 

سەرچاوەی وەرگێڕان:

Bertolt Brecht, Der verwundete Sokrates, in Kalendergeschichten, in Prosa, Ausgewählte Werke, Band 5, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2005, ss.190-205. 


چەند تێبینییەک دەربارەی چیرۆکەکە

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

بێرتۆلت برێشت، لە زۆر مەیداندا چالاک و پڕکار بووە. هەمووان دەزانن داهێنەری تیۆریی نوێی شانۆیە. خەڵکێکی زۆریش ئاشنای شیعرەکانین، لێکۆڵەران و بیرمەندانیش بە باشی ئاگایان لە نووسراوە تیۆرییەکانی هەیە. برێشت فیلمسازیش بووە و لێکۆڵەرانی فیلم و سینەماش باش ئاوڕیان لەم بابەتە داوەتەوە. موزیسیانیش بووە، چەندین ڕۆمانیشی نووسیوە. بەڵام کەم ئاوڕ لە چیرۆکەکانی دراوەتەوە، لەکاتێکدا چیرۆکەکانی ئێجگار داهێنەرانە و قووڵبینن. ئەمڕۆ کۆمەڵەچیرۆکەکانی لە دوو بەرگی چاپی ئەڵمانیدا کۆ کراونەتەوە و ئەم چیرۆکە لە بەرگی پێنجەمی کۆبەرهەمەکەی وەرگیراوە. هەڵبەت لەم کورتە تێبینییەدا نامەوێت زۆر هەڵوەستە لەسەر برێشت بکەم، چونکە لە کتێبی «دیالەکتیکی هونەری سێیەم» و کتێبی «دیالۆگە پچڕاوەکانی ڕیالیزم و مۆدێرنیزم»دا بە دوورودرێژی باسم لە تیۆری و فیکر و هونەری برێشت کردووە. لەم کورتەنووسینەدا تەنها کەمێک باسی ئەم چیرۆکە و پێشینە و جیهانبینییەکەی دەکەم. 

چیرۆکی «سۆکراتی بریندار»، وەک خوێنەر لە نیگای یەکەمدا بۆی دەرکەوتووە، دەربارەی ئازایەتی و حەقیقەت دەدوێت. دەربارەی ئەزموونەکانی جەنگی دێلیۆن، کە تێیدا سۆکرات وەک پاڵەوانی جەنگ دەگەڕێتەوە. چیرۆکەکە لە ساڵی ١٩٣٨ نووسراوە، کەواتە سەر بە ئەدەبیاتی «تاراوگە و مەنفا»یە. هەڵبەت برێشت خۆی ئایدیای چیرۆکەکەی لە دیالۆگی سیمپۆزیۆنی ئەفلاتوون وەرگرتووە، کە تێیدا سۆکرات وەک جەنگاوەرێکی بەجەرگ و ئازا دەبینرێت و پاشان هاوڕێ و هاوکارەکەی برێشت، گیۆرگ کایزەر، شانۆی «ئالیکیبیادێسی ڕزگارکراو» دەنووسێت و برێشت بابەتی چقڵەکە لەو شانۆیەوە وەردەگرێت. 

چیرۆکەکە باسی حەقیقەت و بگرە هەموو جۆرەکانی حەقیقەت دەکات. دەربارەی درۆ، دەربارەی هەڵخەڵەتاندن و حەشاردان دەدەوێت. لێرەوە دەبینین برێشت فەیلەسووفە یۆنانییە بەناوبانگەکە سەرەتا لە شوێن و هەرێمێکی تەواو نەناسراودا پیشان دەدات: مەیدانی جەنگ و پاشان فەلسەفاندن. دەقەکە هەروەها ئاوێتەی تەنز و گاڵتەوگەپێکی داهێنەرانە کراوە، بە تایبەت لە سەرەتادا، بەشە جەنگییەکە و دەقاودەق ئەم گاڵتەوگەپەیە تێیدا دەست دەکات بە بەتەنزگرتنی بەهاکانی شانازی و نیشتیمان: سۆکرات، نەک بە ڕاستی ڕەمزی سەربازێکی بەهێز و ئازا بەهۆی چوارشانەیییەکەیەوە بەشداری لە جەنگی دیلیۆندا دەکات و ئەوە دەسەلمێنێت کە دەتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا ببێتە ترسنۆکێکی پڕ لە هاتوهاوار و نەڕاندن، کە لە سەرەتاوە چقڵێک بە قاچیدا چووە و دەیکاتە پیاوێکی بەدبەختی ناو مەیدانی جەنگ. لە دواساتدا، بەهۆی فشاری ترسی دوژمنەوە، ئیرادە و ویستی سۆکرات بۆ مانەوە، نەڕاندنی بەسەر دوژمندا دەبێتە هۆی یەکەم پاشەکشێکردن بە دوژمن و هەروەها بەهاناوەهاتنی هاوڕێیانی سەرباز. 

ئەگەرچی ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان دەبێتە هۆی درۆکردن لەگەڵ هەر ستراتیژییەکی جەنگ و خەبات، ئەو جەماوەرەی پێویستیان بە پاڵەوانە ناتوانن باوەڕ بە هیچی دیکە بهێنن جگە لەوەی کردەوەکانی سۆکرات وەک کردەوەی پاڵەوانپەرستانە ببینن. بەڵام هەر خودی ناوونیشانی چیرۆکەکە «سۆکراتی بریندار» لە سەرەتاوە ناڕوونییەکی ئەو شتە ئاشکرا دەکات کە وا دەبینرێت ڕوون و ئاشکرا و بێگرێوگۆڵ بێت: سۆکرات، فەیلەسووفە مەزنەکە، بریندار بووە. فەلسەفە و جەنگ یەکەم ناکۆکی و پارادۆکس پیشان دەدەن، چونکە فەلسەفە سەرەتا و پێش هەموو شتێک لەپێناوی ئاشتیخوازیدا هەیە و لەم ڕووەوە لە بنەڕەتەوە دژی هەموو میلیتاریزمێک دەوەستێتەوە.

لە ڕەوتی خوێندنەوەدا، خوێنەر نائارام دەبێت، دەوەستێت و پاشان زیاتر و زیاتر بێئاگا دەبێت لەوەی لە ڕەوتی دەقەکە و لەناو دێڕەکاندا چی دیکە ڕوودەدات. ئاراستەی گێڕانەوەیەکی دوورمەودا و لاساییکردنەوە سۆکراتی سەرباز پیشان دەدات، کە لە بنەڕەت و لە سەرەتاوە لەنێو شێواز و ڕەفتارێکی سەیروسەمەرەدا پێناسە دەکرێت و بۆ خوێنەر ئاوەڵا دەکرێت. سۆکراتی فەیلەسووف، زیرەکترین و ژیرترینی نێو هەموو یۆنانییەکان، کە دەتوانێت وا بکات ئەوانی دیکەش زیرەک بن، وەک چۆن نیچە بۆ ئەم مەبەستە هێرشی دەکاتە سەر کە سۆکرات دەیەوێت زانین فێری هەمووان بکات، چونکە وەک لە چیرۆکەکەشدا هاتووە «دەتوانێت باشترین بیرۆکەکان بۆ هاوڕێکانی بگوازێتەوە»، ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان دەتوانن منداڵانی ژیر بەرهەم بهێنن، نەک زۆڵ و سەگەزۆڵان، ئێستا ڕوویەکی دیکەی پیشان دەدرێت. حیکمەت و داناییی فەیلەسووفەکە هیچ ناکۆکییەکی لەسەر نییە، بەڵام ئەمە هاوکات بە مانای ئازایەتیی سەربازیش دێت؟ ئایا سۆکرات کەسێکی مەزن لە جۆری خۆیدا، دەبێتە پاڵەوانێکیش یان مرۆڤێک کە دەیەوێت هەر وەک مرۆڤێک بمێنێتەوە؟ هەر چۆنێک بێت، ئازایەتیی سۆکرات جۆرێکی تایبەتە، دەقەکە بەڵێنی ئەوەمان پێ دەدات ئەو جۆرە تایبەتەمان پێ بناسێنێت، بەڵام شتێکی سەیر لە یەکەم دێڕەکاندا دێتە بەردەم خوێنەر: سۆکراتی فەیلەسووفی مەزن خەریکی خواردن و جوینی سەلکەپیازە. خوێنەر لێرەدا تووشی شۆک و هەژان دەبێت، جوینی سەلکەپیاز وێنەی باش دامەزرێنراو و چاپێنراوی فەیلەسووفە مەزنەکە دەشێوێنێت – بەڵام ڕێک ئەمە پەیامی چیرۆکەکەیە: ئایا دەبێت وێنەیەک ببێتە ئاوێنەی کەسێک یاخود کەسێک ببێتە ئاوێنە و نوێنەرەوەی ئەو وێنەیەی بۆی دروست کراوە؟

لەگەڵ ئەم ڕامان و ڕامانە فەلسەفییەکانی دیکە دەربارەی جەنگ و پێشینەکانی، فەیلەسووف/ سەرباز دواجار دەگاتە بەرەی جەنگ و ڕووبەڕووی دوژمن دەوەستێت. لە بەردەم هەڕەشەی جەنگەکان و دۆڕانەکاندا، ئەوە تەواو و زێدەمرۆڤانەیە هەست بە ترس بکەین، هەست بە بێدەسەڵاتی و بگرە هەست بە ترس و تۆقینیش بکەین. گرژی و سەرسامی، ترس و ئازایەتی بۆ دڵەڕاوکێ و نائومێدبوون بە مانای تەواوی وشەکە لە چاوی سەربازاندا دەخوێنرێنەوە، ساتێکی سەرسامبوون و چێژی باڵا، هەڕەشە هەیە و بوونگەرییانەیە، لەبەر ئەوە داوەشان و کەوتنی جەستەیی-دەروونییش لەم دۆخەدا تەواو شایانی دەرککردنن – تەنانەت یەکێک لە سەربازەکان لەوپەڕی بێهیوایی و بێدەرەتانیی خۆیدا لە خوایان دەپاڕێتەوە. سۆکرات پێی وایە ئەم پاڕانەوەیە بێکەڵکە چونکە ئیتر درەنگ کەوتووە، بەبێ هیچ جۆرە هەست و سۆزێک. بە دڵنیایییەوە شتێکی وەها ناشێت بۆ ئەو ڕوو بدات. گاڵتەکردن بە ستراتیژییەکانی جەنگ، ڕاوەدوونانی دوژمن و نەڕاندن بە زمانی یۆنانی بەسەر فارسەکاندا، هەموویان شێواندن و هەڵگەڕاندنەوەی ئایدیای پیرۆزکراوی جەنگن. 

زانتیپەی هاوسەری، لە چیرۆکەکەدا ڕابەر و ڕێکخەری ماڵەوەیە، چونکە سۆکرات بە گشتی پیاوێکی تەمەڵە و تەنها خەریکی فەلسەفاندنە. زانتیپە باوەڕ بەو دەنگۆیانەی شەقام ناکات دەربارەی ئەو جەنگە دەکرێن کە سۆکرات بووەتە هۆی سەرکەوتنی. هەر باوەڕ بەوە ناکات سۆکرات شتی وەهای لێ بوەشێتەوە. سۆکرات خۆیشی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ژنەکەی دەشارێتەوە، چونکە بە ڕاستی نایەوێت حەقیقەتەکە بزانێت. سەرەڕای هەوڵی شاردنەوە، زانتیپە هەست بە ڕەفتاری نامۆی مێردەکەی دەکات و تەنانەت بیر لەوەش دەکاتەوە لەمبارەیەوە لێی بپرسێت. ئەم پەرەگرافە، بە پێچەوانەی مێژووی فەلسەفەوە، ئەوە پیشان دەدات زانتیپە باش سۆکراتی ناسیوە و ئەو نەخوێندەوارە نەبووە و سۆکرات هەستی بە دووری نەکردووە، هەر ئەم نزیکییە وا دەکات، زانتیپە بزانێت چی لە هەگبەی سۆکراتدایە. 

دواجار دەقەکە، دەقێکی خەیاڵییە و سنوور لەگەڵ واقیع دروست دەکات. تەنها کارەکتەرەکانی وەک سۆکرات، زانتیپە و جەنگی دێلیۆن لە ڕاستییەوە وەرگیراون. برێشت، بە کورتی، دەیەوێت ئەفلاتوون لەوەدا پووچەڵ بکاتەوە کە سۆکرات وەک ئازا پیشان دەدات، برێشت دەڵێت ئازایەتیی سۆکرات لە مەیدان و بواری جەنگیدا نییە، بەڵکووو ڕێک لەو ساتەدایە، کە لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا، حەقیقەت دەڵێت. 

٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ – بەرلین