ڕوخساری ناشیرینی ئەمەریكا لە تابلۆكانی “جینسبورگ”ی شێوەکاردا

وەرگێڕانی: هوشیار شێخ ئەنوەر

ھەژدە ملیۆن كەس لە جەنگی جیھانی یەكەم كوژڕان و دوای ئەوەش زیاتر لە شەست ملیۆن كەسی تر لە جەنگی جیھانی دووھەمدا كوژران، لەدوای جەنگی جیھانی دووھەمیشەوە بەھۆی جەنگی جۆربەجۆری ترەوە  لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ – ١٩٨٩ سەت و سی و ھەشت جەنگی تر ڕووی داوە تا ئێستا  بیست و سێ ملیۆن كەسی تر كوژراون. ھێشتاش كوشتنی مرۆڤ بەدەستی مرڤ ھەر بەردەوامە.

ھەرچەندە ژمارەی كوژراووكان بەس بوون بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی فێری چەندین وانە بێت، بەڵام وا دەردەكەویت جەنگەكان تادێت زیاد دەبن و زیاتر ڕۆحی مرۆڤ دروێنە بكەن، لێرەدا دەپرسین ئاخۆ لە ئاسۆدا ھیچ ھیوایەك ھەیە كە چاوی بخەینەسەر بۆئەوەی بەرەنگاری ئەو ئامێری كوشتنە ببینەوە كە ناوەستێت؟

ژنە نووسەری تونسی “ئوم زین بنشیخە مسكینی” كە پسپۆرە لە جوانیناسیدا (ئیستاتیكا) لە كتێبێكیدا بە ناوی (جوانی لە چوارچێوەی خۆی دێتەدەر) دەڵێت: “ڕەنگە بتوانین پشت بە ھونەر ببەستین بەوەی كە مەیدانێكە بۆ ھیوا و ئاوات”، چونكە مەرج نییە كاری ھونەری ھەر بۆ دڵخۆشكردنی بینەرەكەی بێت و یان بە تەماشاكردنێكی ساویلكانە لە تابلۆیەك بڕوانین، بەڵكو ئیشی ھونەری چ تەشكیلی بێت یان شیعری و گورانی بێت هەقیقەتی مەزنمان لەسەر مرۆڤایەتی بۆ دەردەخات…ھتد. وەك دێریدا دەڵێت: «ئیشی ھونەری وەك تەلیسكۆبێكی گەورە وایە بۆ ڕووداوێكی دڵتەزێن»، دڵتەزێن بە نموونەی لەدەستدانی ژیانی زیاتر لە (١٠٠) ملیۆن مرۆڤ لە جەنگەكانی سەدەی بیستدا.

ھەر ئەمەش بوو كە پاڵی بە ھونەرمەندی وێنەكێشی ئەمەریكی “ماكس جینسبورگ”ەوە نا لەدایكبووی ساڵی  ١٩٣١ و تا ئێستاش لەژیاندا ماوە كە سەرنج بخاتە سەر جەنگ و بیری جەنگ و ستەمە كۆمەڵایەتییەكان لە تابلۆكانیدا وەك ھەوڵێك بۆ دەرخستنی ئەو نەھامەتیانەی كە ڕۆژانە یەخەی مرۆڤایەتی دەگرن، لە تابلۆكانیدا دیار بێت و دەڵێت: “ئەمەیە دەرئەنجامی جەنگەكان خەم و ئازار و ژان و لەناوبردنی خەونەكانی خەلك”.

“وێنەی ئەو شتە بكە كە دەیبینیت نەك كە دەیزانیت” ماكس جینسبورگ

لەم تابلۆیەدا جینسبورگ دیمەنێكمان پیشان دەدات كە تیایدا لە دیمەنی پاكیزە مریەمی دایكی عیسا دەچێت كاتێك عیسای كوڕی گرتۆتە باوەشی ئەمەش بەو پەچەیەدا دیارە كە لەسەری كردووە.

ھەروەھا پیاوەكە لەوە دەچێت لە گیانبەخشیندا بێت یان ھەر بە ڕاستی مردبێت، وەك مەسیح بەبێ ئەوەی جلوبەرگی لەبەردا بێت.

لێرەدا ھونەرمەندەكە ئاماژە بەوەدەدات كە ھەمو كەسێك و بە ھەموو بیروڕا  جۆربەجۆرەكانیان و لە ھەموو سەردەمە جیاوازەكاندا ھەر لە خاچ و دار دەدرێن بەڵام بە ڕێگای جیاواز.

لە تابلۆیەكی تردا جینسبورگ لە یەكێك لە ترسناكترین و پڕ ئازارترین تابلۆكانی دیمەنی ئەشكەنجەدانی یەكێك لە گیراوەكانی زیندانی (ئەبو غرێب)مان لە عێراقدا پیشان دەدات، كە بە دەستی سەربازە ئەمەریكییەكان ئەشكەنجە دەدرێت، تابلۆكە بە ناوی “ئەشكەنجەدان لە زیندانی ئەبو غرێب”دا ٢٠٠٧ ھەمان ڕووی وەك مەسیح كە لە خاچ درابێت پیشان دەدات.

blank
تابلۆی “ئەشکەنجەدان لە زیندانی ئەبو غرێب”

لە دیمەنەكەدا بەر ئەو ستایلە دەکەوین كە  جینسبۆرگ بە كاری دەھێنێت لە وێنەكێشاندا ئەویش كە ستایلی واقیعی ڕەشە (الواقعية السوداوية) دیارە كەھونەرمەند لە وێنەیەكی واقیعیدا كە سەربازەكان یانیش جەللادە ئەمەریكییەكان،  گیراوەكەیان یانیش قوربانییەكەیان وەك مەسیح لەسەر دارتێلی ئاسن لە خاچ داوە و ھەردوو دەستی قوربانییەكەیان بڵاو كردۆتەوە و ئەو خوێنەی كە لە جەستەی قوربانییەكە دەچۆڕێت یەكسانە بە ھەمان ڕێژەی ترسناكی دیمەنەكە و ھەمان ڕیتمی دیمەنەكە.

جينسبورگ لە تابلۆكانی تریدا گوزارشت لەو مرۆڤانە دەكات كە ناتوانن لەگەڵ كەشی ترسناكی شاردا ھەڵبكەن و ناتوانن بەرگەی سەختی و ناخۆشی ژیانی شار بگرن و لەبەر ھێزی تێكشكێنەری شار خۆیان ڕاناگرن، لێرەدا لە تابلۆی (ماڵی بە بارمتەدراو)دا دیدی جینسبۆرگ بۆ ژیانی شار بە تەواوی ڕوون دەبێت لە لای بینەر.

ھەموو وردەكارییەكانی ئەم تابلۆیە، چیرۆكێكی چڕ و پوختمان لەبارەی دۆخی سەخت و ناھەموار و نالەباری ئەو خێزانە ئەمەریكیانە پێ دەڵێت كە لەپاش بە بارمتەدانی خانووەكانیان، نەیانتوانیوە قەرز و بارمەتەكانیان بدەنەوە چۆن لە ماڵەكانیان دەركراونەتە سەر شەقام و دەبینین ئەندامانی خێزانەكە چۆن تووشی شۆك و پەشیمانی بوون و دەبینین دایكە شیردەرەكە پەشێو بووە و كێژۆڵەكەیان  كەروێشكێكی گرتۆتە باوەش و لە ترسا ئامێزی باوكی كردۆتە پەناگە و پەشیمانی باوك و ئەمدامانی تری خێزانەكە چۆن ناتوانن لە دۆخەكە تێبگەن كە بەسەریان ھاتووە.

لێرەدا جینسبورگ بیرۆكەی تابلۆكەی لە كارەساتی ژیانی خۆی ھەڵھێنجاوە كاتێك ماڵی ئەمانیش بە ھەمان شێوە لە ساڵانی گرانییە مەزنەكەدا خانووەكەیان لەدەستداوە و ناچار بوون بچن بۆ ماڵی باپیری لە گەڕەكێكی ھەژارنشیندا و لەوێ ژیاون، ئەم ڕووداوە پەنجەرەیەكی بۆ جینسبورگ كردەوە كە بتوانێت لێیەوە وێنەی چینە ھەژارەكان و زەحمەتكێشەكان لە تابلۆكانیدا بەرجەستە بكات.

ھەرچەند جینسبورگ لە تافی لاویدا لە نێوەندێكی ھونەریدا بوو كە ھەمیشە بەدوای شتی نوێ دەگەڕا، بەڵام ئەم ھەر لەسەر ڕێبازی واقیعی مایەوە و پێی وابوو كە كەسایەتییە ڕاستەقینەكان ئەو قارەمانانەن كە لە داستانی ژیاندا تێدەكۆشن.

blank
تابلۆی “ماڵی بە بارمتەدراو”

ھەر لەبەر ئەوەش بیرۆكەی جەنگ و ئیمپریالیزمی ئەمەریكی و جیھانی دڵڕەقی شاری بە گۆڕەپانی جەنگ دەزانی دەبینین ھەمیشە ئەم بیرۆكەیە لە تابلۆكانیدا بووبوو بە تێمای ئیشەكانی ھەروەھا خۆی لەو عەزاب و ژانەدا كاری دەكرد كە مەسیح و مریەمی پاكیزەی دایكی تووشی ھاتبوون و ھونەرمەند بە ھەستێكی كلاسیكی واقیعیانە دەیبەستەوە بە واقیعی كۆمەڵایەتییەوە.

بەمەش ھونەرمەند دەیەوەێت كە ھاواری ستەم لێكراوان و دەربەدەر و ماڵ بەكۆڵەكان و ئەشكەنجەدراوان بكاتە چركەساتێكی نەمر و، ھاوار و ناڵەی ئەو كەسانە بگەیەنێتە ناو دڵە داخراوەكان، چونكە بە ڕای جینسبورگ ئەگەر ھونەر نەتوانێت جیھان بگۆڕێت ئەوا بەلایەنی كەمەوە ھونەر توانای ئەوەێ ھەیە كە ئەو حەقیقەتە ڕش و تاریك و ترسناكە وەك تفێك بداتەوە بە ڕووی جیھاندا.

ڕەخنەكاری ھونەری كریس ھیدجس لە كتبێكیدا بەناوی “مردنی چینی لیبراڵ”یدا دەڵێت: “جیھانی ئەمڕۆ پێویستی بە ھەژموونی دەستبژێری ھونەری نییە، بەلكو پێویستی بە واقیعییەتە، چونكە خەڵك زیاتر بە زمان و گوزارشتێكی واقیعیانە لە خۆیان و كۆمەڵگە تێدەگەن”.

ئەمەش وادەكات كە پێزانینێكی باش بۆ جینسبورگ ھەبێت لە نێوەندە ھونەرییەكەی ئەمەریكادا بە رەچاوكردنی ئەوەی كە تابلۆكانی ئەم ھونەرمەندە لەسەر ھەمان  لۆژیك و بۆچوونی واقیعی كاردەكەن.

شارە ناخۆشەكانی ئەمەریكا

 لەم تابلۆیەی خوارەوەدا بەناوی  “وێستگەی پاس” ھونەرمەند وێنەی چەند كەسێكی كێشاوە  كە لە چاوەڕوانی پاسەكەدا  پەرش و بڵاو بوون و تیایدا فیگەری ژنێك پێش چوونی بۆ سەر كارەكەی بە خێرایی قاوەیەك دەخواتەوە، پیاوێك منداڵەكەی باوەش كردووە، پیرەژنێك كڵاوێكی دژەخۆری لەسەر ناوە، پیاوێك ڕۆژنامەیەكی لە بنباخەڵ ناوە و جگەرە دەكێشێت و یەكێكی تر بە گۆچانێكەوە ڕێ دەكات.

لە تابلۆكانی جینسبورگدا بۆمان دەردەكەوێت كە مرۆڤ لە شارەكاندا لە دۆخێكی ناھەموار و ھەڵوەشاوەدا دەژی و خەڵك جگە لە تراجیدیای واقیع ھیچ شتێكی تر كۆیان ناكاتەوە كە ئەمەش كەشی دڵڕەقیی شارمان پیشان دەدات، لە تابلۆكەدا كەس نابینیت سەیری ڕوخساری ئەوی تر بكات یانیش كەسیان لەگەڵ ئەوی تر قسە بكات، تەنھا كۆمەڵێك كەسی پەرش و بڵاو دەبینین، كەس پەیوەندی بە كەسی ترەوە نییە.

blank
تابلۆی “وێستگەی پاس”

سەرەڕای ئەو پەرشبوونی فیگەرانە لە تابلۆكەدا، بەڵام زیاتر لە كارێكی شانۆیی دەچێت كە سینەماییانە ڕێكخراو بێت، چونكە ھەستێكی جوڵە و نەسرەوتن لە تابلۆكەدا بەدی دەكەین كە خۆی لە جوڵەی ڕەنگە پرشنگدرەكاندا دەبینێتەوە و فیگەرەكانیش لە پانتایی تابلۆكەدا وەك گفتوگۆیەكی باڵای درامایی لەگەڵ یەكتر تێكەڵ بوون.

ژنە ڕەخنەكاری ھونەری “سارو ساترۆ” لەبارەی ئەم تابلۆیەوە دەڵێت: “ئەوانەی كە گرنگی بە شاری نیو یۆرك دەدەن ئەوا تابلۆیەكی وەك ئەم تابلۆیە بەرجەستەی ئەم ژیانەی ئێستای خۆمانە ھەروەك جیبسبورگ خۆیشی دەڵێت “بۆ ئەوەی وێنەی خەڵكی شاری نیو یۆرك بكەیت، دەبێت واقیعی و میھرەبانیش بیت”.

سەختی واقیعی سیاسی لە بەرانبەر دڕندەیی سیستمی ئەمەریكیدا

ئەو دیدە  واقیعییە  كە جینسبورگ بۆ دڕندەیی ئیمپریالیزمی ئەمەریكی لە تابلۆی (زیندانی ئەبو غرێب)دا دەیخاتە ڕوو ھەمان ئەو دیدە دڕندانەیە كە لە ناوخۆی   ئەمەریكادا دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە كە دەیسەپێنن بەسەر چینە ھەژارەكاندا ئەمەشی لە تابلۆیەكدا بە ناوی “سەرەی بێكاران” خستۆتە ڕوو كە لە ساڵی ٢٠١٣ نەخشاندوێتی.

لە تابلۆكەدا دەبینین كە تابوری ژمارەیەك لە بێكاران وەستاون و ھونەرمەند لە ھێڵێكی ئاسۆییدا وێنەی كردوون لە پێشەوەی تابلۆكەدا پۆلیسێك دەبینین لە ھێڵێكی شاقوڵیدا لەگەڵ سەگەكەیدا وەستاوە، سەگەكە بەو بێكارانە دەوەڕێت كە دارتێلێك جیای كردوونەتەوە  لێی نووسراوە (دارتێلی پۆلیس)، سەرەڕای جیاوازی سەردەمەكەیان، بەڵام ئەم تابلۆیە ھۆلۆكۆست ئەڵمانیای نازیمان دەھێنێتەوە یاد.

blank
تابلۆی “سەرەی بێکاران”

بۆیە جیبسبورگ لێرەدا تێمای ھۆلۆكۆست بە كار دەھێنێت بۆ ئاماژە بەوە بدات كە ئادی ئەم ھاوڵاتییە بێكارانە بەردەوام لەبەردەم ھەڕەشەدایە و ئەمانە بارمتەن بۆ ھەژاری و برسێتی و داماوی. ئەم  تابلۆیەی ھونەرمەند وەك ھەموو تابلۆكانی تری وەك بەرەنگاربوونەوەیەكە تەحەدایەك بۆ واقیعی سیاسی ئێستای ئەمەریكا، چونكە تابلۆكە ڕوخساری رەش و ناشیرینی ئەمەریكامان بۆ دەردەخات چ لەناوەوە چ لەدەرەوەی ئەمەریكا.

جینسبورگ بە ھونەری ئەبستراكت دەڵێت: «ھونەری خراپ» و دەڵێت ئەو ژانرە ھونەرییە تەجریدییە تەنھا لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو برەوی ھەبووە و واقیعیەتیش بوو بە قوربانی ئەو ڕیكلامەی كە ئەبستراكتیزم پشتی پێ بەست بۆ بڵاوبوونەوەی خۆی چونكە كاتێك تابلۆ ئەبستراكتەكان پێشی جامخانەكانی پێشانگاكانیان گرتبوو ئەوا جینسبورگ ناچارانە لە سەندیكا و یەكێتی كرێكاراندا تابلۆكانی خۆی نمایش دەكرد.

ماكس جیبسبورگ دەڵێت: «ئەو جەنگ و ئاشتییەی كە كە دەیبینم، ئەو ڕەگەزپەرستی و نادادپەروەری و دادپەروەرییەی كە دەیبینم، ئەو بارودۆخە خراپانەی كە ڕۆژانە لەسەر شەقامەكانی نیویۆرك دەیبینم، ئەوانە بابەتی ئیشەكانی منن».

جینسبورگ لە تابلۆكانیدا بە شێوازی واقیعی كۆمەڵایەتی باس لە قەیرانەكانی كۆمەڵگەی ئەمەریكی ھاوچەرخ دەكات و باس لە ڕادەی ئەو دەسەڵاتە (ئۆسۆراتاریزم)ە دەكات كە زۆر بڵاوە لە ئەمەریكا و باس لەو زۆرەملێیە دەرەكی و ناوەكییە دەكات كە لەو وڵاتەدا ھەیە، ھەروەھا تەركیز لەسەر چینی كرێكار و چینی ناوەڕاست و چینی ھەژاران و پەراوێز خراوان دەكات و گرنگیش دەدات بە  لێكەوتەكانی جەنگی ئەمەریكا دژ بەعێراق و لەوانەش وێنەكردنی ئەشكەنجەدراوان لە تابلۆكەی ( ئەبو غرێب)دا. تا وای لێھات ڕەخنەكاری ھونەری (كریس ھیدجس) لە كتێبەكەیدا بە ناوی “مردنی چینی لیبراڵی”دا وەسفی ئەو فەلسەفەیە دەكات كە لە پشت ئیشەكانی جیبسبورگ ھەیە و بڵێت : “مادام كۆمەڵگە ھەست بەو جیاوازییە چینایەتییە فراوانە وێرانكەرە دەكات لەنێوان چیبەكانی خۆێدا كە چۆن فەرھوودكردنی سیستمی ئابووری و بە ھەژاركردنی خێرای چینەكانی بە تایبەتی چینی كرێكاران و چینی ناوەندی كۆمەڵگە وامان لێدەكات ھیچ چارەیەكمان نەبێت جگە لەوەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ھەژارانەوە بكەین و یارمەتیان بدەین چونكە ئەو ئاستە خراپەی كە لە حەقیقەتە خراپەكانی واقیعدا بە چاوی خۆمان دەیبینین وامان لێدەكات زۆر بە توندی پابەند بین بە ڕێزگرتن لە ژیان “.

سەرنجێک بنوسن