هه‌نارن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
شه‌وان
كاتێك باران ئه‌بارێ
دێن ئه‌ماندۆزنه‌وه
به مه‌مكه‌كانیان ته‌نیاییمان ئه‌ڕه‌وێننه‌وه
خۆیان داوێنه پرچمان و
ئه‌یڕازێننه‌وه
وه‌ك فرمێسكی دره‌وشاوه
وه‌ك كه‌ناره گه‌شاوه‌كان
وه‌ك هه‌نار.
قورینگن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
باخچه‌كانیان ته‌نها له دڵی ئێمه‌دا ئه‌ژین
باڵه‌كانیان
باڵی فریشته‌ن
په‌یكه‌ری ئه‌وان جه‌سته‌ی ئێمه‌ن
ڕیزی جوانی دره‌خته‌كان هه‌ر ئه‌وانن
له‌سه‌ر پاژنه وه‌ستاون
نزیك ئه‌بنه‌وه
كاتێك ماچمان ئه‌كه‌ن
قورینگن له‌سه‌ر چاوه‌كانمان
ده‌ریاچه‌ن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
لێوی گڕاویی ئێمه فوو به قامیشی ئه‌واندا ئه‌كا
باڵنده نازداره‌كانی ئێمه له ئاوی ئه‌واندا مه‌له ئه‌كا
كاتێكیش
هه‌ڵئه‌كشێن –شانازی ئه‌كه‌ن كه وان-
ڕه‌نگی وان ئه‌گرن
سنه‌وبه‌ری كه‌ناری ده‌ریاچه‌كان
قیساره‌ن
كه ئاوازیان خه‌مه‌كانی ناخمان ئه‌خنكێنن
كاتێك بوونمان سه‌رڕێژ ئه‌كه‌ن
به چێژ و بێده‌نگی
ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
ده‌ریاچه‌ن
قوماشن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
له بای تاسه‌دا شه‌پۆل ئه‌ده‌ن
پرچی درێژیان
له شه‌ودا ئه‌دره‌وشێته‌وه
به ده‌سته گه‌رمه‌كانیان
ژیانمان ده‌گرن
سكی نه‌رمیان
كه‌وانه‌كانی ئاسمانن
ئه‌وان ده‌رگای ئێمه‌ن
په‌نجه‌ره‌كانمانن
به‌له‌مه یه‌ك نه‌فه‌رییه‌كانمانن
ئه‌ستێره‌كانی ئێمه هه‌میشه له نزیك ئه‌وانه‌وه ئه‌ژین
ڕه‌نگه‌كانیان له ئه‌ڤین ئه‌دوێن
لێویان خۆر و مانگه
به‌رگیان تاقه كفنێكه
شایه‌نی ئه‌وه‌یه بمانپێچێته‌وه
قوماشن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن.
دارستانن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
هه‌ر یه‌كه له دره‌خته‌كانیان نیشانه‌یه‌كی ئه‌ڤینن
ئه‌گه‌ریش له دارستانه‌كانیاندا وامان لێ بكه‌ن ڕێمان ون بكه‌ین
ئه‌وه ڕێك ئه‌و كاته‌یه خۆمان ئه‌بینینه‌وه
به ڕاستی زیندووین
كاتێكیش له دووره‌وه گوێمان لێیه ڕه‌شه‌با نزیك ئه‌بێته‌وه
با ئاواز و ژاوه‌ژاوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانمان
یاخود كه‌ڕه‌نای مه‌ترسیمان به گوێدا ئه‌دا
هیچ شتێك –به شێوه‌یه‌كی ئاسایی- ناتوانێت بمانترسێنێ؛
به دڵنیاییه‌وه گه‌ڵا ئه‌ستووره‌كانیان ده‌مانپارێزن
چونكه ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
دارستانن
وه‌ك به‌نده‌رن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
(تاقه ئامانج
تاقه ئاڕاسته‌ی
كه‌شتییه جوانه‌كانمان)
چاوه‌كانیان شه‌پۆلبه‌ستن
شانه‌كانیان سیمافۆری چێژن
ڕانه‌كانیان ڕیزێك گۆزه‌ی له‌نگه‌رگه‌ن
پێیه‌كانیان فه‌نه‌ری ناسكیی ئێمه‌ن
-ئه‌وانه‌ی نۆستالژیكن، ناوی كاته‌رینا دێنن-
شه‌پۆله‌كانیان نه‌وازشی دڵبزوێنن
ئاژێره‌كانیان فریومان ناده‌ن
به‌ڵام –هاوڕێیانه-
ڕێگه‌ی به‌نده‌رمان نیشان ئه‌ده‌ن
ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن، جه‌وهه‌رێكی پیرۆزیان هه‌یه
كاتێك توند توند
له ئامێزیان ئه‌گرین
له‌گه‌ڵ خواوه‌نده‌كان ئه‌بین به یه‌ك
ئێمه وه‌ك تاوه‌ری دڕ به‌رز ئه‌بینه‌وه
-هیچ شتێك ناتوانێت له عه‌ردمان بدا-
ئه‌وان به ده‌سته سپییه‌كانیانه‌وه
لێمان ئه‌ئاڵێن
خه‌ڵكان و گه‌لان دێن
بمانپه‌رستن
به هاواره‌وه ناومان دێنن
– نه‌مر به درێژایی چاخه‌كان
چونكه ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان ئه‌وێن
زۆر به باشی
جه‌وهه‌ری پیرۆزی خۆیانمان بۆ ده‌گوێزنه‌وه.
سەرچاوە:
Nikos Engonopoulos, ‘Hymn to the glory of the women we love’ [Έλευσις, 1948], trans. by Thanasis Maskaleris, in Modern Greek Poetry: An Anthology, ed. by Nanos Valaoritis and Thanasis Maskaleris, 2003.