ڕزگارکەری نیشتمان
سەختە ئەمڕۆ کەسێک بدۆزینەوە خۆی لەبیر بکات و لەپێناوی نیشتمانیدا قوربانی بدات، بەڵام ئەستەمیش نییە. ئەمەیە کە ئەو داستانە کۆمەڵایەتییە ئیستخباراتیەی “سین عەین”ی نووسەری عێراقی د. ئەیاد تەها دەریدەخات، چونکە لەو ڕۆمانەدا کە خانەی ئەلئەیامی ئوردونی بڵاوی کردەوە، [لەلایەن “محەمەد عەبدوڵڵا”ەوە کراوەتە کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا دەست دەکەوێت] نووسەر لە باو دەردەچێت و لە ژیاننامەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، هەر لە یەکەم ساتی خوێندنەوەیەوە ئاشکرا دەبێت کە خاوەنی دڵێکی بارگرانە بە خەمی گەل و خۆشەویستی نیشتمان، داوای شۆڕشێکی خوێناوی ناکات، بەڵکوو شۆڕشی هزری کە چەکەکەی زانست و پلانداڕێژانی تۆکمە بێت بۆ پاراستنی سامان و سەرچاوەکانی نیشتمان لە دوژمنانی.
هەڵبژاردنی ناوی ڕۆمانەکە زۆر زیرەکانە و سەرنجڕاکێشەرە، وەک ئەوەی خوێنەر بدوێنێت و پێی بڵێت فەرموو بەرەو قوڵایی، لەوێ ڕووداوگەلی سەرسوڕهێنەر چاوەڕێتە. هەر کە دەستیش بە خوێندنەوە دەکەیت، دەبینیت لە سەرەتاوە تیشک لەسەر پاڵەوانەکەی “سین عەین” و کارەکتەرە کەمەکانیەتی، کە گێڕەرەوە مکووڕە لەسەر ئاشکرانەکردنی ناوی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ورووژاندنی تامەزرۆیی و ئەندێشە یان ڕەنگە بۆ ڕاکێشانی نەوەی نوێ بێت تا هانی خوێندنەوەیان بدات. ئەم ڕۆمانە لە یەک کاتدا هەڵگری گوتارێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی، ڕۆشنبیری و ڕۆمانسیشە، کۆکردنەوەی هەموو ئەمانە دەیکاتە کارێکی داهێنەرانە.
سین عەینی پاڵەوان لە سەرەتای لاوێتیدا بوو، هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکی هەیە، فەرمانبەرێکی ئاساییی دەوڵەتە، بەرەو پێشچوو تا گەیشتە ئەوەی چالاکی ڕزگارکردنی گەلەکەی پێ بسپێردرێت لە کارێکی تیرۆرستی، کە ڕەنگە ببوایەتە هۆی لەناوبردنی ژیانی چەندین ڕۆڵەی بێتاوانی گەل و نەتەوەکەی، ئەم چالاکییە نهێنی و مەترسیدارە بریتی بوو لە بەرگرتن بە تەقاندنەوەی چەکێکی کیمیاوی کە بە نەخشەیەکی تایبەت دروست کرابوو لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆوە کە لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتێکی بێکێشەی دەرەوەی عێراق وانەی دەوتەوە. بەهۆی هەندێک گۆڕانکاریی لۆجستی لە نەخشەکەدا، فەرماندەکانی وازیان لێ هێنا و ئەو پشتگیرییەی لەدەست دا کە پێویستی بوو بۆ بەئەنجام گەیاندنی چالاکییەکەی، بەڵام ڕزگارکردنی ڕۆحی ڕۆڵە بێتاوانەکانی گەلەکەی سەر بە هەر تائیفەیەک بن، ئەو پێشینەیە بوو کە هەرچییەکیش ڕووی بدایە دەستبەرداری نەدەبوو. نووسەر بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە پاڵەوانەکەمان پیاوێکی بەئیرادە و بیروباوەڕە و وابەستەی بەهاکانیەتی و پیاوی نەهامەتییەکانە. سین عەین وڵاتەکەی بە منارەی زانست و دایکی شارستانیەتەکان و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەزانی، لە لاپەڕە ٣٠٥دا پاڵەوانەکەمان لەگەڵ خۆی دەدوێت و دەڵێت: “تۆ کەڤاڵێکی مرۆڤایەتیت بە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێکتەوە، بۆیە دەیانەوێت خاکت بە خوێن ڕەنگ بکەن، بەڵام متمانەت هەبێت لە تۆوە شۆڕش و گۆڕانکاریی نەتەوەکەمان دەتەقێتەوە، پەیمانت دەدەمێ هەر ئەمە بیروباوەڕم دەبێت، هەرگیز لە شەڕانگێزی ناترسم و واز لە چەوسێنەر ناهێنم”.
ڕووداوەکان لە سێ وڵاتدا ڕوو دەدەن، لە هەر وڵاتێک ناو و بارودۆخ و ڕۆڵێکی جیاوازی هەیە، کە بووە هۆی جیابوونەوەی لە هاوسەر و خۆشەویستی ژیانی و کوڕەکەی و لە ژیانی دەرهێنران، تەنانەت لە هەڵوێستێکدا ناچار بوو بڵیت مردوون. پاڵەوانەکە ڕۆڵی چوار کەسێتی دەبینێت، جارێک دەیبینین لە چینە نازدارەکەیە و خاوەن موڵک و مۆڵی بازرگانییە، جارێک کرێکارە و جارێکیش فەرمانبەر، چەکی بێ رەسیدی ئیمزا کرد و بە قەرز مۆڵەکەی پڕ کرد لە کەلوپەل، کاتێکیش ڕاپێچی بەندیخانە کرا، خالید دەرفەتی قۆستەوە تا بەهۆی ئەو ڕق و کینەیەی دڵی تەنیبوو، تۆڵە لە زاواکەی بکاتەوە، چونکە سەرکەوتوو بوو. بۆیە دەستی گرت بەسەر موڵکەکانیدا و چەندین داوای هەڵبەستراوی لەسەر تۆمار کرد، هەوڵی دا خوشکەکەی پێ تەڵاق بدات. هەر لە بەندیخانە هاتە دەرەوە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوام بوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکەی لەپێناو پاراستنی نیشتمانەکەیدا، تەنانەت ئەگەر دوا سەربازی ئەم گەردوونەش بێت.
نووسەر ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی وەک ئەو کەسە چنییەوە کە پێویستی زۆری بە وردەکاری و لێوردبوونەوەیە لە نەخشاندنی پۆشاکێکی عەرەبیدا، نووسەر بە مەبەست ڕۆمانەکەی لە ڕێی کۆد و ئاماژەوە بنیادناوە تا عەقڵی خوێنەر ناچار بکات تێکستەکە شی بکاتەوە و نێوانی دێڕەکان بخوێنێتەوە، چونکە ڕۆمانێکی ئیستخباراتی ئاڵۆزە، بەمەبەست ویستویەتی لە یەک کاتدا لە ڕێگەی دواندنی سۆز و ئاوەزەوە ڕەگەزی سەرسوڕمان بورووژێنێت. بە درێژاییی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، پاڵەوانەکە وەک پیاوێکی ڕۆشنبیری بەئاگا دەرکەوتووە کە لەپێناوی بەرژەوەندیی گەلەکەیدایە و بەتەواوی درک بەو مەترسییە دەکات کە دەوری نیشتمان و حکوومەتەکەی داوە و لەدەرەوە ئاراستە دەکرێت و وڵاتانی ناحەز فشاری بەسەردا دەسەپێنن.
کۆتاییی ڕۆمانەکە بە کراوەیی دەبینین، وەک ئەوەی نووسەر “ئەیاد تەها” بڵێت بەشی دووەمیشی ماوە، هەروەها بیەوێت بڵێت ئەوەی دادێت بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەم باشترە، بۆ پاڵەوانەکەمان لە ڕۆمانەکەدا سەرکەوتن لە شەڕدا نییە، بەڵکوو بە ئاشتییە، ئاشتیش بەوە دەبێت ڕۆڵەکانی نیشتمان بە زانست و ڕۆشنبیری لە ڕێی ڕزگارکەرەکانەوە سەرپێ بخرێن، دوای ئەوەی پاڵەوانەکەمان چالاکییەکەی بە ئەنجام گەیاند بە لەناوبردنی پرۆفیسۆرەکەی داهێنەری چەکە کیمیاوییەکە بوو، کۆمەڵیک دەستەبژێری لە ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی بە سەرکردایەتی ئەفسەر زیاد کۆ کردەوە، پاڵەوانەکە فەرمانی پێ کرد بیانکات بە چوار گرووپەوە، ڕاگەیاندن، ئایینی، کۆمەڵایەتی و هێزێکی ئامادە، چوار کەسی بەتوانای تەکنۆکراتی لێ هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی حکوومەتی سێبەر یان ئەوەی بە حکوومەتی ڕزگاری نیشتمانی دەناسرێت.
لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو گرووپە بچووکەی پێکهاتبوو لە زیاد و ژنێک و سێ پیاوی دیکە، پاڵەوانەکە بەخێرهاتنی کردن، سەرەتا خاتوونە گەنجە سی ساڵانەییەکە خۆی ناساند بە ناوی “شیار”ەوە کە لە زمانی کوردیدا بە مانای شۆڕش دێت، نووسەر لە ڕۆمانەکەدا بە مەبەست ئاماژەی پێ داوە، چونکە کوردەکان نەتەوەیەکی دێرینن، بەو پێیەی میدیاکار بوو، پاڵەوانەکە داوای لێ کرد سوپایەکی ئەلەکترۆنی دروست بکات بۆ هاندانی خۆپیشاندان لەژێر ناوی گێڕانەوەی وڵات و پاککردنەوەی لە گەندەڵکاران و حیزبەکان، هەروەها لە دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ڕێگەگرتن لێیان لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان لە عێراقدا. هەرچی ڕەعد و تەها و عیسای مەسیحیش، تا جەخت کردنەوە بێت لە بوون و مێژووی مەسیحییەکان لە عێراقدا، هەر یەکێکیان ڕۆڵێکی لە سنووری دەسەڵات و پسپۆڕی خۆیدا پێ سپێردرا، چاوپێکەوتنەکەش بەوە کۆتایی پێ دێنێت هانیان بدات کە خاوەنی ورەی پتەو بن و واز لە پۆستی سەرۆکی بێنن و ببنە سەرکردەی سەرکەوتوو، چونکە سەرۆک جەخت لە وشەی من دەکاتەوە، بەڵام سەرکردەی سەرکەوتوو لەنێو گرووپدا کار دەکات و جەخت لە وشەی ئێمە دەکاتەوە.
ڕۆمانێک شایستەی خوێندنەوەیە بۆ بەرفراوانکردنی تێڕوانینەکان بۆ داهاتوو، چونکە هەر خوێنەرێک لە هەر ڕەگەزێک بێت پێویستی پێیەتی، بە تایبەت کە وەرگێڕدراوە بۆ چەند زمانێک، لەوانە زمانی کوردی و لە هەموو وڵاتانی عەرەبی بەردەستە.
ڕۆژنامەکانی: الدستور. اسرار المشاهیر. رأی