چەن شیعرێک بە بیانووی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان – ٢٥ی نۆڤەمبەر، پێشکەش بە هەموو ئەو ژنانەی دەنگیان نەبیستراوە و نابیسترێ، بە تایبەت ژنانی کورد کە لە چەن لاوە دەچەوسێندرێن، و بە هیوای ئەوەی بتوانن دەنگیان پەیدا کەن، دەنگیان دلێر کەن و خۆیان ببن بە خاوەن گێڕانەوەی خۆیان.
***
قسەی جەستە
شیعری: کاترین جەی. فوت
خودای گیانبەبەرداکردن، وشە دەبێ بە گۆشت،
نازانی چەندم لا سەختە قسەی جەستەمت بۆ بکەم.
من تامەزرۆی ئەوەم ئەوەی لێم دزراوە بگەڕێتەوە بۆم.
من بەشوێن ڕێگەیەکدا دەگەڕێم کە دەستدرێژی لە سێکس و خۆشەویستی جودا بکەمەوە.
نازانی چەند جار هەستم کردووە جەستەم تەڵەیە، خراپەیە، ژان و ئێشە.
جەستەم دەمترسێنێت و دەشترسێم ئەم ڕاستییەت پێ بڵێم. بۆ ئەوەی
زیندوو بمێنم و بەردەوام بم ناچار بووم پەیوەندیی خۆم و جەستەم بپچڕێنم، حاشای لێ بکەم،
ناچار بووم فێر بم هەست بە هیچ نەکەم.
ئێستەکانێ، کە زامەکانم خەریکن ساڕێژ دەبنەوە، کە خەریکم دەبووژێمەوە، بۆم دەرکەوت دەمەوێت
پەیوەندیم لێل جەستەمدا ساز بکەمەوە، بۆم دەرکەوت دەمەوێت
شتی نوێ لەسەر ئەم منە جەستەیییە فێر ببم.
بۆم دەرکەوت دەمەوێت لەم جەستەدا ماڵی خۆم بدۆزمەوە،
ئەم جەستەیە کە کاتێک خەریک بوون ئازاریان دەدا
کاتێک خەریک بوون دەستدرێژییان دەکردە سەر
بە چاوترووکانێک لێی گەڕام و بەجێم هێشت.
بۆم دەرکەوت کە دەمەوێت چێژی بەخشین بناسم، نەک ترس و تۆقانی لێ دزران.
کە دەمەوێت کەیف و خۆشیی عەشقی جەستەیی بناسم.
کە دەمەوێت لە خۆمدا هێلانە داببەستم.
ئەمانەن ئەو تامەزرۆیییانەی لە جەستەمدا هەستیان پێ دەکەم.
وشە دەبێ بە گۆشت، خودای گیانبەبەرداکردن،
ڕێگەی ساڕێژبوونەوەی ئەم جەستەیەم پیشان بدە،
ڕێگەی خۆشبوونەوەی پەیوەندیی ڕۆح و جەستە،
ڕێگەی گەیشتن بە یەکپارچەیی لە خۆمدا.
ئامین
***
فێمینیزمی گیرفان
شیعری: بلایس بێرد
ئاهەنگەکە جگە لە من
تەنیا کچێک تری لێیە
و ئێستاش بە باسی فێمینیزم
شلۆقی کردووە.
بەردەنگەکانی:
دەریایەک گاڵتە و گەپ لەسەر دەستدرێژی
و قسەی قۆڕ و کوپی پلاستیکی و من.
بە جۆرێک لە دەمی کچەکە دەڕوانن
وەک گونجی زێراب بێ و بە هوروژمی بیرۆکەکان گیرابێ.
بە هاودڵییەوە سەیرێکی کچەکە دەکەم و هیچ ناڵێم.
ئەم ماڵە ماڵی ژنی دیکۆرییە. دیکۆرێک کە قسە بکا
بە کاری چی دێت؟
دەمەوێت هەستمەوە، بەڵام ئەگەر وا بکەم،
ئەم کوڕانە لاقیان بخەنە سەر میزی بێدەنگیی کێ؟
دەمەوێ هەستمەوە، بەڵام ئەگەر وا بکەم،
ئەگەر کەسێک جێگەکەم بگرێ چی؟
دەمەوێ هەستمەوە، بەڵام ئەگەر وا بکەم،
ئەگەر هەمووان پێی بزانن کە هەموو ئەم ماوەیە
دانیشتبووم، چی؟
من تاوانبارم بەوەی فێمینیزمەکەم
لە گیرفانمدا ڕاگرتووە و تەنیا کاتێک
گونجاو بێ بۆم دەری دێنم،
وەک لە شەوەشیعرەکاندا یان
لە کلاسەکانی لێکۆڵینەوە لەسەر ژناندا.
هەندێک ڕۆژ پتر لەوەی بمەوێت
دونیا بگۆڕم، دەمەوێت خەڵک خۆشیان بوێم.
هەندێک ڕۆژ لەبیرم دەچێتەوە ناچار بووینە
بۆیەی نینۆک ساز بکەین کە ڕەنگی ئەو خواردنەوانە
بگۆڕین کە مادەی هۆشبەریان تێکردووە،
هەندێک ڕۆژ لەبیرم دەچێتەوە ناچار بووینە
ئەپلیکەیشنگەلێک چێ بکەین کە شەوانە بمانگەیەننە ماڵەوە
کە سپرەیگەلێکمان دروست کردووە لە شکڵی ماتیکدا.
جارێکیان بە کوڕێکم وت کە من بەهێزم
کوڕەکەش پێی وتم سەرت بە کاری خۆتەوە قاڵ بێ.
جارێکیان کوڕێک بە دژەپیاوبوون تاوانباری کردم.
وتی: “پێت وایە دەتوانی جڵەوی دونیا بەدەستەوە بگری؟”
وتم: “نا. بەس دەمەوێ بیبینم.”
بەس دەمەوێ بزانم کەسانێک هەن کە دونیایەک بۆیان هەیە.
جارێکیان باوکم پێی وتم سێکسیزم ئیتر تەواو بووە
کەچی لە درێژەی قسەکانیشیدا وەبیری هێنامەوە
کە هەمیشە سپرەی بیبەرم پێ بێ.
وادیارە قبووڵمان کردووە ئەم ترسە هەمیشەیییە
بەشێکە لە کچ بوون.
کە ساق و سەلامەت دەگەینەوە ماڵ پەیام لۆ یەک دەنێرین
کە گەیشتووین و هیچیش بە مێشکماندا نایەت
کە کوڕە ڕەفیقەکانمان هەست ناکەن دەبێ وا بکەن.
تۆ دەتوانی بە مشار ژنێک بکەیتە دووکوتەوە
و خەڵک نێوی تەڕدەستی لێ بنێن.
لەبەر ئەم هۆکارە نییە کە ئێمەتان بۆ ئێرە داوەت کردووە؟
چونکوو بەبێ بەردەستێکی جوان و دڵڕفێن نمایشێکیش لەئاڕادا نییە؟
ئەو کوڕانەی دەوروبەرمان پۆستێری ڕووتی ئێمە لە دیوار دەکوتێن
و خەیاڵ بەوەوە دەکەن دەست لە ناقمان بنێن و سەیری
فیلمگەلێک دەکەن کە ئێمە تێیاندا دەکوژرێین.
ئێمە کچی پیاوگەلێکین کە باسی هەواڵەکانیان بۆمان دەکردن
و هوشداریان پێمان دەدا، باسی ئەو کچە بێ سەروشوێنانەیان دەکرد
کە وێنەکانیانیان خستبووە سەر قوتووە شیرەکان، باسی دونیایەکیان
دەکرد کە پڕ لە مەترسی بوو بۆ کچان.
ئێمە کچی پیاوگەلێکین کە لێمان دەڵاڵانەوە ئاگامان لە خۆمان بێت،
کە خۆمان بپارێزین. پاشان بە براکانمانیان دەوت بچنە دەرەوە و کایە بکەن.
***
براژن
شیعری: شێڵی مێسینگ
لە ماشینەکەدا بە ژنەکەی دەڵێ گەمژە،
بێمێشک، پاشان خێرا فەرمانەکە دەسووڕێنێ
کە ماشینەکە بەر پارچەسەهۆڵی سەر شەقامەکە نەکەوێ
و هاوکاتیش هەر جنێو دەدا، کە لاساییی ژنەکەی دەکاتەوە، مناڵەکە پێ دەکەنێ،
دەڵێت بابە دیسان خەریکە لاسایی دەکاتەوە.
و منیش وەک شۆکگێڕەوەیەکی بێکەڵک
لەوێ دانیشتووم،
براکەم وەک بارانەکەی دەرەوە، هەر بەردەوامە.
دواتر، کە لە ماڵەوەین و هەر خۆمانین،
لە براژنم دەپرسم، تکای لێ دەکەم پێم بڵێ
“بەڵام خۆ هەرگیز دەستی لێت بەرز نەکردووەتەوە؟”
بێدەنگە
“خۆ لێی نەداوی، نا؟”
چون پشتم لێ دەکا،
و ئیدی ناتوانم لێی بپرسم
بێدەنگ دەبین،
وشەکان زۆر نەشیاون،
دەموچاوەکان هەموو شتێ دەردەخەن.
باوکم لە تەلیفۆنەکەدا دەڵێ:
“تا زەمانێ دڵنیا نیت لەوەی دەستی لێ بەرز دەکاتەوە
قسەی مەکە و مەیخەرە دەمی خەڵکەوە.”
دایکم بۆم دەنووسێ
“هەست دەکەم هیچ
یان ئەو جۆرەی کە دەبێ
نیگەرانی براکەت نیت…
چون بەهەرحاڵ براکەتە کە حاڵی باش نییە.”
خوشکەکەم هوشدارم دەداتێ:
“نەکەی بچی و ئەم بابەتە بکەیتە شیعر.”
برووکلین، نیۆیۆرک
***
شیعری: ئان کارسۆن
دایکم لەم دواییانەدا پێی وتم
تۆ زۆر بیر لە ڕابردوو دەکەیەوە.
بۆ دەست لەو بارە قورسە هەڵناگرێی؟
و منیش وتم: ئێ، لە کوێی دانێم ئەو بارە قورسە دایکە؟
***
شیعری: جین وارد
کچەکەم کە بەس سێ ساڵیە
کە دەبینێت خەریکم بەپەلە دەچمە دەرێ
ڕووم تێ دەکا و وریام دەکاتەوە:
“لەسەر شەقامەکە نەوەستی، دایکە؛
ئازارت پێ دەگەیەنن.”
ئاخۆ کچۆڵەکان هەموویان
بەم ترسەوە لەدایک دەبن؟
ترس لەوەی بەتەنیا
لە شەقامێکی تاریکیی بێچرادا گیر بخۆی.
دیمەنی وڵاتان بەشەپۆل دێن
و خۆیان دەکەن بەنێو مێشکمدا:
دیمەنی دونیایەکی بێ ترس
دونیایەک کە تێیدا
کچێک بە سێ ساڵ
تەمەنێک عومری نەکردبێت.
***
شیعری: بلایس بێرد
ئەگەر جەستەت بیتوانیبایە قسە بکا
لێت خۆش دەبوو؟