ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

وەرگێڕانی چەند هایکۆیەکی ‘ماتسۆ باشۆ’

نووسەر ماتسۆ باشۆ
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: سایۆ
داگرتنی PDF

ماتسۆ باشۆ ( ١٦٤٤ – ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٦٩٤) لەدایکبووی ماتسۆ کینساکو، پاشان ماتسۆ چێمون مونێفوسا، بەناوبانگترین شاعیری سەردەمی ئیدۆ بووە لە ژاپۆن.

(سەردەمی ئیدۆ کە بە سەردەمی تۆکوگاوا ناسراوە، ماوەی نێوان ساڵانی ١٦٠٣ و ١٨٦٨ لە مێژووی ژاپۆن.)

ئەم هایکۆیانە لەلایەن ڕۆبەرت هاسس ەوە وەرگێڕدراون بۆ ئینگلیزی.

***

دار بەڕوو

دار بەڕوو

ئارەزووم لە دار گێلاس

نییە.

***

پیرەگۆمێکی خەوتوو

بۆقێک

باز دەداتە ناوی

دەنگی ئاو

دووبارە بێدەنگی.

***

هاواری ماسیفرۆشەکە

هاواری ماسیفرۆشەکە

لەگەڵ دەنگی زیق زیقەکە

 تێکەڵ دەبێت.

***

ئەم گوندە کۆنە

لەم گوندە کۆنە

هیچ ماڵێک نییە

داری کاکی نەبێت.

***

ماسییەکان هەست بە چی دەکەن

نازانم ماسییەکان

یان باڵندەکان هەست بە چی دەکەن

ساڵەکەیش بەرەو کۆتایی دەچێت.

***

ناوەڕاستی کێڵگە

سوێسکەکان دەخوێنن و

من بە هیچ شتێکەوە پەیوەست نیم.

***

چەندێک مایەی شانازییە

چەند مایەی شانازییە

هەورە برووسکە ببینیت و

بیر لە تێپەڕبوونی ژیان نەکەیتەوە.

***

کاتێک گوڵە داوودییەکان نامێنن

کاتێک زستان و گوڵە داوودییەکان دەڕۆن

هیچ شتێکی دی نامێنێت دەربارەی بنووسیت

جگە لە توور.

***

باخێکی زستانی

مانگ بەقەد تارێک باریک بووەتەوە

مێرووەکانیش گۆرانی دەڵێن.

***

زستانێکی تەنیا

لە دنیای یەک ڕەنگدا

تەنیا دەنگی با دێت

***

ڕووناکیی مانگ

ڕووناکیی مانگ

بەناو دارستانی بامبۆکاندا لار دەبێتەوە

زیق زیقەیەک دەگریێت.

***

پێچانی کێکی برنج

بە دەستێکی کێکی برنج دەپێچێت،

بە دەستەکەی دی قژی دەخاتە پشت گوێی.

***

شەوانی بێدار

چراکە کز دەسووتێت،

نەوتەکە بەستوویەتی.

***

بەشی ئەوە باران باریوە

بەشی ئەوە باران باریوە

پوشی کێڵگەکان

ڕەنگیان ڕەش ببێت.

***

بارانی زستان

بارانی زستان بەسەر تەوێڵەی مانگاکان دەبارێت

کەڵەشێرێک بانگ دەدات.

***

شەوانی بێداری

دەنگی سوراحییەکە

کاتێک درز دەبات

لەتاو سەرما.

***

لەم دنیایەی ئێمە

لەم دنیایەی مەدا

خواردن بۆ ئەوە دەخۆین تا بیکەین بە پاشەڕۆ

دەخەوین تا دووبارە لە خەو هەستین

هەموو ئەوانەش دەکەین

بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بمرین.

***

مێش هەنگ

مێش هەنگێک

بە لەنجە و لار

لەناو گوڵە خاچ دارکەکە دێتە دەرێ.

***

کرمێک لە قۆزاخەکەی

کرمێک لە قۆزاخەکەیدا

بەم پاییزە درەنگە

هێشتا نەبووەتە پەپوولە.

***

  بارانی بەهار

بارانی بەهار بەناو بنمیچەکەدا دزە دەکات و

بە هێلانەی زەردەواڵەکانەوە دەتکێتە خوار.

***

لە میوانخانەیەک

لە میوانخانەیەک

کە تێیدا لەشفرۆشەکانیش خەوتوون،

دەوەنێکی چڕ و مانگ.

***

بێدەنگی

دەنگی زیکزیکەکە

بەردەکان کون دەکات.

***

سەرخەوێک

پێیەکانم

لە دیوارێکی فێنکدا ناشتوون.

***

ددانەکانم هەستیار بوونە

ددانەکانم هەستیار بوونە،

بە خۆڵی ناو سەوزەی زەڵاتەکە،

دیارە پیر بووم.

***

تۆپێک بەفر

سۆرای هاوڕێم ماڵەکەی گواستۆتەوە ئەم نزیکانە بەوهۆیەوە شەو و ڕۆژ سەردانی یەکتر دەکەین.  لە کاتێکدا من ژەمێک ئامادە دەکەم، ئەو دار بۆ ئاگردانەکە دەشکێنێت؛  کاتێک من چا لێ دەنێم، ئەو سەهۆڵ دەکاتەوە ئاو. ئەو حەزی لە ژیانی تەنیایییە و هاوڕێیەتیمان وەک ئاسن بەهێزە.  شەوێک دوای بەفربارین هات بۆ سەردانم :

تۆ ئاگردانەکە هەڵکە و

منیش شتێکی زۆر جوانت پێ نیشان دەدەم،

تۆپێکی گەورەی بەفر.

***

سپێدەیەکی بەفراوی

بە تەنیام

سەلەموونێکی وشککراو دەجووم.

***

مانگەشەوێکی پاییزی

کرمێک بەبێ دەنگی

بەڕوویەک هەڵدەکەنێت.

***

شەوێکی سارد

مراوییەکی نەخۆش

لە ئاسمان بەردەبێتەوە و

تۆزێک دەخەوێت.

***

کاڵەکە سارد و فێنکەکان

کاڵەکە فێنکەکان

پەڵەی قوڕ لەسەر ڕوویان نیشتووە

لە شەونمی بەیانیاندا.

***

لاساییم مەکەوە

لاساییکردنەوەی من

وەک دوو کەرتی کاڵەکێک

بێزارکەرە.

***

یەکەم ڕۆژی بەهار

من

هەر بیر لە کۆتاییی پاییز دەکەمەوە.

***

یەکەمین بەفربارین

یەکەمین بەفری ساڵ

دەبارێتە سەر

پردە تەواو نەکراوەکە.

***

یەکەم بارانی زستان

پێدەچێت

مەیموونەکەیش

چاکەتی بارانی پێویست بێت.

***

کێچ و ئەسپێ

ئەسپێک لە نزیک بالیفەکەم

میزی کردووە.

***

شەپۆلەکانی گەرما

شەپۆلەکانی گەرما

یەک دوو ئینج

لە سەرووی چیمەنە مردووەکە

دەدرەوشێنەوە.

***

تەنانەت گەلاوێژی بەیانیانیش

دەرکەوت

گەلاوێژی بەیانیانیش

هاوڕێی من نییە.

***

سەهۆڵێک تامی تاڵی بدات

هەر ئەوەندەی

قوڕگی جرجێکی زێرابەکان تەڕ بکات.

blank
دەربارەی نووسەر
ماتسۆ باشۆ
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە