خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا
ڕۆمان وەک ژانرێکی هونەری بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندایە، ئەم گۆڕانکارییانە بەتایبەتی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازیدا بەرچاو دەکەون، کارەکتەر وەک ستوونێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ڕۆماندا، ئەو بەشەیە کە خوێنەر لە ڕێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ چیرۆکەکەدا دروست دەکات، تەنها کەسایەتییەکی خەیاڵی نییە، بەڵکوو نوێنەری کۆمەڵێک بیرۆکە و هەستە کە لە ناخی مرۆڤدا هەن، لێرەدا نووسەران هەوڵ دەدەن کارەکتەرەکانیان بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندتر دابڕێژن، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی “دەنگی ناوەکی” یان “مۆنۆلۆگی دەروونی”ـەوە بەدی دێت، کە تیایدا خوێنەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ بیرکردنەوە و هەستەکانی کارەکتەر بخوێنێتەوە و وەک بوونەوەرێکی زیندوو و گۆڕاو سەیری بکات، نەک وەک شتێکی جێگیر و نەگۆڕ، لەماوەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەشدا بەردەوام لە گۆڕاندا بێت، هەروەک چۆن مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەردەوام دەگۆڕێت. لەلایەکی دیکەوە ژینگەسازی لە ڕۆماندا ئەو پرۆسەیەیە کە تیایدا نووسەر جیهانێکی تایبەت بۆ ڕووداوەکانی چیرۆکەکەی دەسازێنێت، ژینگە تەنها باکگراوندێک نییە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکوو بەشێکی زیندوو و کاریگەرە لە چیرۆکەکە، نووسەران هەوڵ دەدەن ژینگەیەک بئافرێنن کە لەگەڵ کارەکتەر و ڕووداوەکاندا لە کارلێکی بەردەوامدا بێت، یەکێک لە تەکنیکە نوێیەکان لە بواری ژینگەسازیدا، بەکارهێنانی “ژینگەی دەروونی”یە، لەم شێوازەدا ژینگەی دەرەکی ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکانە، بۆ نموونە کاتێک کارەکتەرێک لە دۆخێکی دەروونی نالەباردایە، دەکرێت ژینگەی دەوروبەری بە شێوەیەکی تاریک وەسف بکرێت تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا وا نەبێت. هەروەها ژینگە وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ سەیر دەکرێت ئەمەش وا دەکات کە ژینگە ڕۆڵێکی چالاکتر لە بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکەدا بگێڕێت و تەنانەت دەکرێت وەک ڕەگەزێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرخەری گۆڕانکارییەکی قووڵە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە، لێرەدا جۆرێک لە یەکبوون لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دروست دەبێت، نووسەران ئێستا زیاتر گرنگی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدەن، ئەمەش وای کردووە سنووری نێوان ئەم دوو ڕەگەزە زۆر جار لێڵ و ناڕوون بێت، بە جۆرێک کە زۆر جار دەبینین ژینگە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتیی کارەکتەر و کارەکتەریش دەبێتە بەشێک لە ژینگە، لە لایەکی دیکەوە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی وەک ناسنامە، شوناس و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا ئافراندووە. لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، دەبینین کە کارەکتەرەکان زۆر جار لە ململانێی بەردەوامدان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان، ئەمەش وەک گوزارشتێک وایە بۆ ئەو ململانێیەی کە مرۆڤی هاوچەرخ لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەروەها گرنگییەکی تایبەتی بە چەمکی “کات” لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدات، کات وەک فاکتەرێکی گرنگ لە شێوەگرتنی کارەکتەر و گۆڕانی ژینگەدا دەبینرێت، بۆ نموونە دەبینین کە چۆن تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کارەکتەر دادەنێت، یان چۆن ژینگەیەک بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت و ئەم گۆڕانەش کاریگەری لەسەر چیرۆکەکە دادەنێت، ئەمە وادەکات لە ڕووی تەکنیکییەوە نووسەران شێوازی نوێ بۆ گێڕانەوە بەکار بهێنن بۆ نموونە، بەکارهێنانی تەکنیکی “شێوازی ئازادیی ناڕاستەوخۆ” کە تیایدا سنووری نێوان بیرکردنەوەی کارەکتەر و وێنای ژینگە تێکەڵ دەبێت، ئەمەش بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ. هەروەها کاریگەریشی لەسەر شێوازی خوێندنەوە و شیکردنەوەی ڕۆمانیش داناوە، خوێنەر و ڕەخنەگران ئێستا زیاتر سەرنج دەدەنە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە، ئەمەش وای کردووە کە خوێندنەوەی ڕۆمان ببێتە پرۆسەیەکی چالاکتر و داهێنەرانەتر، کە تیایدا خوێنەر ڕۆڵێکی گرنگتر لە دروستکردنی واتادا دەگێڕێت، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی ئافراندووە و ڕۆمان وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ و ئەو کاریگەرییانەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و فیزیکی لەسەری دایدەنێت. لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە کاریگەری لەسەر شێوازی بەکارهێنانی زمان لە ڕۆماندا داناوە، نووسەران ئێستا هەوڵ دەدەن زمانێک بەکار بهێنن کە بتوانێت ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان کارەکتەر و ژینگە بە باشترین شێوە دەرببڕێت، ئەمەش وای کردووە کە زمانی ڕۆمان زۆر جار لە سنووری زمانی ئاسایی تێپەڕ بێت و بەرەو جۆرێک لە شیعرییەت بڕوات، دەتوانم بڵێم بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، گۆڕانکارییەکی قووڵی لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی ڕۆمان و ڕۆڵی لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا دروست کردووە، ئامرازێکی گرنگتر بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا هەیە و ئەم گۆڕانکارییە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا بەرهەمی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و فەلسەفییە کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویان داوە، وەک پەرەسەندنی بیری پۆست-مۆدێرنیزم سەبارەت بە چەمکەکانی ڕاستی، ناسنامە و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە شێوازی بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆمانی هاوچەرخدا هەبووە. یەکێک لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەردا ڕووی داوە، گواستنەوەیە لە کارەکتەری یەک-ڕەهەندی بۆ کارەکتەری فرە-ڕەهەندی، لە ڕۆمانی کلاسیکدا، کارەکتەرەکان زۆر جار وەک نموونەی بەرجەستەی تایبەتمەندییەکی دیاریکراو یان بەهایەکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوتن، بەڵام لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، کارەکتەرەکان زۆر ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندترن و خاوەنی لایەنی باش و خراپن، هەڵەی مرۆیی دەکەن، دووچاری پارادۆکسی ناوەکی دەبن و زۆر جار لە نێوان بڕیارە جیاوازەکاندا دەکەونە دوودڵییەوە و نەک تەنها وێنەیەکی ڕاستتر لە سروشتی مرۆڤ پێشکەش دەکەن بەڵکوو دەرفەتی زیاتر بۆ خوێنەر دەڕەخسێنن تا خۆی لە کارەکتەرەکاندا ببینێتەوە و هاوسۆزییان لەگەڵدا بکات، کارەکتەر تەنها بەرهەمی کردار و وتەکانی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو بیرکردنەوە و هەستانەشە کە لە ناخیدا هەن، ئەمەش وای کردووە کە نووسەران گرنگییەکی زۆر بە نیشاندانی جیهانی ناوەکیی کارەکتەرەکان بدەن، تەکنیکی “مۆنۆلۆگی ناوەکی” نموونەی بەرچاوی ئەم ڕێبازە نوێیەیە. لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییە گەورەکان لە بواری ژینگەسازیدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ جیهانی دەوروبەری هەیە، لە سەردەمی مۆدێرنەدا زانست و تەکنەلۆژیا گۆڕانکاریی گەورەیان لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست کردووە. لە زۆربەی ڕۆمانە هاوچەرخەکاندا ژینگەی شار وەک ژینگەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند نیشان دەدرێت کە کاریگەریی قووڵی لەسەر ژیان و دەروونی کارەکتەرەکان هەیە، زۆر جار دەبینین کە سروشت وەک هێزێکی زیندوو و کاریگەر لە چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، نەک تەنها وەک پاشخانێکی جوان بۆ ڕووداوەکان، لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانکارییەکانی بواری فەلسەفە و دەروونناسییەوە هەیە، بۆ نمونە بیرۆکەکانی فرۆید سەبارەت بە ناخودئاگا کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێوازی نیشاندانی جیهانی ناوەکیی کارەکتەرەکان داناوە، وە بیرۆکەکانی هایدگەر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان کاریگەرییان لەسەر شێوازی تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە داناوە و ڕەخنەی دەروونشیکاری کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە قووڵتر لە دەروونی مرۆڤ تێبگات.
لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا کاریگەرییان لەسەر شێوازی نووسینی ڕۆمان و تەکنیکەکانی گێڕانەوە بەجێهێشتووە بۆ نموونە، تەکنیکی “گۆشەنیگای فرەیی” کە تیایدا چیرۆکەکە لە گۆشەنیگای چەند کارەکتەرێکی جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ، ئەم تەکنیکە دەرفەت بە خوێنەر دەدات تا ڕووداوەکان لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە ببینێت و فراوانتر لە ئاڵۆزییەکانی چیرۆکەکە تێبگات دەتوانم بڵێم گۆڕانکارییەکان لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، بەشێکن لە گۆڕانکارییە گشتییەکان لە بواری ئەدەب و هونەردا، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانە فراوانەن کە لە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێگەیشتنی لە خۆی و جیهانی دەوروبەریدا ڕوویان داوە، هەربۆیە ڕۆمان بووەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە دژوارەی لە نێوان تاک و کۆمەڵگا، مرۆڤ و سروشت، و ڕابردوو و ئێستادا هەیە، ئەم گۆڕانکارییانە نەک تەنها شێوازی نووسینی ڕۆمانیان گۆڕیوە، بەڵکوو شێوازی خوێندنەوە و تێگەیشتنیشیان گۆڕیوە و خوێنەری هاوچەرخ ئێستا ڕۆڵێکی چالاکتر لە پرۆسەی خوێندنەوەدا دەگێڕێت و بەشداری لە دروستکردنی واتادا دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕۆمان وەک هەر هونەرێکی دیکە، بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندایە و توانای ئەوەی هەیە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی سەردەمدا بگونجێنێت، ئەمەش وای کردووە کە ڕۆمان بەردەوام وەک یەکێک لە کاریگەرترین و بەهێزترین شێوازەکانی گوزارشتی هونەری و ئەدەبی بمێنێتەوە.