گوو

ڕۆڤار، کوڕم،

کە گەورە بوویت و دۆخی نەخۆشییە ئۆتیزمەکەت باشتر بوو

ببە بە فۆتۆگرافەری گوو

واز لە فۆتۆی جەنگ بهێنە،

هەرچەندە خەڵاتی جیهانییشی لەسەر ببەیتەوە

ئەوان جەنگ جوان دەکەن،

جەنگ موهیم نیشان دەدەن،

جەنگ ئەرشیڤ دەکەن بۆ ئەوەی گەر بە دڵیان نەبوو

دواتر جوانتر و بەهێزتر و ماڵوێرانکەرانەتر هەڵیگیرسێننەوە،

ڕۆڤار کوڕم، وازبهێنە لە

فۆتۆگرافەریی فۆتۆی مۆدێل و پۆرترێت و به‌ڵگه‌نامه‌یی

فۆتۆی شار و شه‌قام و ته‌لار،

فۆتۆی سروشت و وه‌رزشی و شتە دەگمەنەکان،

فۆتۆی ڕیکلام و ڕۆژنامەگەری و بۆنه‌ویاده‌كان،

فۆتۆی هونەری و بووك و زاوا و شته‌ ورده‌كان

کوڕم، هەر هێندە کەمێک گەورە بووی

هیچیش پێویست ناکات بەشداریی خول‌ومول بکەی

بۆ فێربوونی ڕێسا و یاساكان كه‌ دەتبەستنەوە

پێویست ناکات خۆت ببەستیتەوە بە

پابەندبوون بە ستاندو ڕووناکی و شتی تڕوهات و قۆڕەوە،

پێویستت بە کامێرای گرانبەها و لێنزی دوورمه‌ودا و

گۆشه‌ی كراوه‌ و لینزی وردبینی و چاوی ماسی نییه‌،

به‌ كامێرا و لێنزی ئاسایی و ساده‌ش

هەرچۆنێ فۆتۆی گوو دەگریت، هەر داهێنەرانەیە

تۆ داهێنەریت و یەکەم کەسیت بەم شێوەیە فۆتۆ بگریت.

ئەوەیشی دوای تۆ دەست پێ بکات، پێی دەڵێن:

لاساییکەرەوە

گەر زۆریش پێش بکەوێت و بگاتە کەشکەڵانی فەلەک،

ئەوسا مەگەر پێی بڵێن: “ڕۆڤاری دووهەم”

ئەوکاتە پێیان بڵێ: تڕحێو لە ژیان،

هه‌رچیی ده‌كه‌ی لاساییت ده‌كه‌نه‌وه‌!


ڕۆڤار كوڕم، گوێ بە قسەی خەڵکی مەدە،

ئەوان دەیانەوێ وەکوو خۆیان بیت

ئەوان تێناگەن لەوەی جیهان یەک داڤینشی و شەیکسپیر و

یەک مۆزارت و بتهۆڤن و یەک ڤانکوخ و پیکاسۆ و

یەک نیوتن و دیکارت و یەک ئەدیسۆن و یەک چارلی چاپڵن و

یەک سلڤادۆردالی و یەک “ڕۆڤار”یشی تیا دەبێت،

ئەوسا دەزانن تۆ ڕەسەنتریت لە هەموو ئەوانەی

پێت پێدەکەنین و بە شێتتیان دەزانی!

خۆ هەندێ کەس هەر لە مناڵییەوە وەهایان بە تۆ دەوت.

چونکە لە خۆیان و لە مناڵەکانیان و نەدەچوویت و

وەکوو ئەوان هەڵسوکەوتت نەدەکرد

وەکوو ئەوان سیستماتیکانە نەدەجووڵایتەوە و قسەت نەدەکرد.


ڕۆڤار كوڕم، تۆ لە نزیکی دە ساڵان دێیتە گۆ و

كه‌مێك گفتۆگۆ دەکەی

چونکە تێگەیشتووی لەوەی

ئێمەیەل لەوەتەی هەین هەر دەڵێین و هیچ…

هەر دەڵێین و لە ماڵوێرانیی زیاتر پاشماوەمان نییە

پێیان بڵێ: ڕازاندنەوەی ژیان و جیهان و جوانی

ئازایەتی نییە

ئازایەتی ئەوەیە وێرانکاری نەکرێت،

ئیتر جوانی خۆی دێ

هەر ئەوانەی لە سەرەتاوە نەفرەتت لێ دەکەن

ڕۆژێ دێ گشت خەڵکی خۆیان قوونت لێ دەکەن و دەڵێن:

-ئادەی، جوانترین وێنەی گووکردنمان بگرە!

-ئادەی لە کاتی دەرپەڕاندنی گووەکەماندا بیگرە.

-ئادەی گەورەترین وێنەی گووی من بگرە!

-جوانترین گووی من بگرە

-پاکترین گووی من بگرەـ

-بۆنخۆشترین گووی من بگرە

ـبۆن ناخۆشترین گووی من ئەرشیڤ بکە.

-وێنەی تڕەکانمان بە ڕوونی بگرە

ـوێنەی تسەکەم بە بۆنەخۆشەکەیەوە بگرە و

-…….

-………….

-………………


ڕۆڤار کوڕم،

بەم شێوەیە لە وێنەی گووی خەڵکانیشەوە

دەزانی کێ دەوڵەمەندە و کێ هەژارە،

کێ قووندەرە و کێیش نا!

ئیتر ڕەنگی هەموو گووەکانیشت بۆ دەردەکەوێت

گووی ڕەش و گووی سوور و گووی زەرد و

گووی سەوز و گووی قاوەیی و

گووی پرتەقاڵی و

گووی شین  و گووی نیلی و مۆر و …هتد

تەنانەت گووی سپییش،

ئەوانەی خۆیان بە ئاشتیخواز دادەنێن،

وادەزانن گووەکانیشیان سپییە.


ئەنجا خەڵکی دڵیان نایەت

وەک پێشتر گووەکانیان فڕێ بدەن،

بەداخن بۆ فڕێدانی گووی ڕابردووشیان

تۆ تێیاندەگەیەنیت کە

گوووووو “ناسنامەی ئێوە”یە

دەکرێ لەمەولا مرۆڤەکان

لە ڕێی گووەکانیانەوە بناسرێنەوە

لەجیاتیی وێنەی ڕوخساریان،

وێنەی گووەکانیان لەسەر “ناسنامه‌ی باری شارستانی” و

“ڕەگەزنامە” و “پاسپۆرت” و

“کارتی باج” و “ناسنامەی سەندیکاکان” و

هەر پێداویستییەکی تریش، دانێن.

ئەوسا ئیتر له‌ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانه‌وه‌

بە وێنەی گووەکان، هاوڕێکان دەناسرێنەوە.

لەوەبەدوا، چییتر گوووو شتێکی پیس نییە!

دەکرێ لە قاپی تایبەتیشدا

پێشکەشی قەدرگرانترین میوان بکرێت.


ڕۆڤار گیان، هاکا لە ڕێگەی گرنگیی فۆتۆكانی تۆوە

گوو جێگەی ئاڵتوون و ئەڵماسی گرتەوە و

بوو بە گرانبەهاترین مادەی جیهان.

کارگەکانی لەقوتوونان دەست دەکەن بە

پیشەسازیی (لەقوتوونانی گوو)

ئەوسا دەزانی گشت بەرپرسانی وڵات

دەبنە خاوەنی یان شەریکەبەشی ئەو کارگانەششش.

ئیتر لەجیاتیی وێنەی کەسەکان

لەسەر پارەکان و لە بارەگاکاندا،

گووی کەسەکان دادەنرێت و

بە ئاسانییش دەناسرێنەوە

جا کە پەیکەرسازە بلیمەتەکان دێن

تا پەیکەر بۆ سەرۆکەکانیان بکەن،

بۆئەوەی مەزنتر و بەشکۆتر دەرکەوێ

لە گوو درووستی دەکەن.

هێندەی ئەوێ هەمووان ماوەیەک تەرکیز بکەن

ئیتر گوووو شوێنی ڕووخسار دەگرێتەوە

ئەوسا گوو ژمارەی بۆ دادەنرێت و پلەی بۆ دادەنرێت

ڕیزبەندی دەکرێت و لیژنەی تایبەتی بۆ دادەنرێت و

دەخرێتە پیشانگاکانەوە،

دەخرێتە شووشەوە،

دەکرێتە چوارچێوەوە.

کە کاروکاسبیی کڕین و فرۆشتنی گوو دەستی پێ کرد،

ئیتر گوو هەناردە و هاوردەش دەکرێت،

ئەوسا دەزانی خەڵکیی باوەڕداریش

کاتێ پێویستیان بەهەرچی هەبێ،

داوا لە خوا دەکەن و

لە مەراسیمە تایبەتییەکانیاندا دەپاڕێنەوە:

(خوایەگیان، گوو ببارێنیت بە سەرماندا

وەک ڕەحمەت لە خێر و بەرەکەتی بێ بەشمان مەکە!)


ڕۆڤار کوڕم، ئەوسایش تێدەگەیت کە لە گوویشدا

هەر کۆمەڵێک خەڵکی بە هەژاری دەمێننەوە،

گوو شوێنی نەوتیش دەگرێتەوە.

ئەوسا بۆت دەردەکەوێت کە

پێدەچێت چل کەس گووەکانیان لە یەکتری بچێت

وه‌ك مەسەلێ عەرەبی دەڵێ:

“چل کەس شێوەیان لەیەک دەچێت،

هەریەکەو لە شوێن و وڵاتێکیش بێت.

بۆت دەردەکەوێ

هەژارەکان چنگێ گووی خۆیشیان دەست ناکەوێت و

ناچار ده‌بن بیفرۆشن،

زەنگینەکان چەندان تەنکەرە گوو هەڵدەگرن و

گوێ بەوە نادەن کە دەڵێ:

(لا یَحتَکِرُ ٳلا الخاطئ)

جا دەزانی چۆن کۆمەڵێک بەرپرس

دەبنە مافیا و مرۆڤ دەڕفێنن بۆ خاتری گووەکەی!

ئینجا، مرۆڤ لەجیاتیی ئاژەڵ ڕاگیردەکرن و

کا و جۆی پێ دەده‌ن لەبەر خاتری

گووە جوانەکەی یان گووه‌ گه‌وره‌كه‌ی،

زۆریان لێ ده‌كه‌ن ڕۆژانه‌ زۆرترین گوووو بكه‌ن!

دەبینی هێشتا کۆمەڵێک خەڵک

پاشەڕۆی ئاژەڵەکانی تر دێنن و

بە کەمێک دەستکارییەوە تەزویری دەکەن،

شێوە و ڕەنگ و تامی گووی پێ دەبەخشن و

بۆئەوەی نرخی بەرزی بخەنە سەر دەڵێن:

(هاوردەی فڵان وڵاتە!)

گوووو لە جامخانەکاندا هەڵدەگیرێت،

خۆشترین بۆنی مارکەی لێ دروست دەکرێت و

جێ بە عەتری فه‌ره‌نسی و ئیتالی و عه‌ره‌بی و

گشت عه‌تری سەردەم لەق دەکات.


ڕۆڤار كوڕم، ده‌بینی چەندان که‌س هەوڵ دەدەن

توێژینەوەی ماستەر و دکتۆراکانیان لە گووناسییدا بنووسن!

ئەوسا تۆیش دەبیتە سەرچاوەی گرنگ بۆیان و

ناچارییشن لە لاپەڕەکانی سەرەتای نووسینی تێزەکانیاندا

ناوی تۆ بنووسن.

ئیتر ناوی تۆ لەگەڵ گرنگترین شت دەنووسرێت

کە گووە

هەر وەکوو چۆن لەگەڵ باسی ئابووریدا

ناوی “ئادەم سمیس” و

لەگەڵ باسی سەرمایەدا

ناوی “کارڵ مارکس” و

لەگەڵ باسی ئازادکردنی کۆیلەدا

ناوی “ئیبراهام لینکۆڵن” و

لەگەڵ باسی شۆڕشدا ناوی “جیڤارا”

لەگەڵ باسی… لەگەڵ باسی…

لەگەڵ باسی “گوو”شدا

ناوی (ڕۆڤار) دەهێنرێت.

هەموو خەڵکییش لە جیهاندا،

هەوڵی زیادکردنی بۆ خۆیان دەدەن.

ئیتر فۆتۆگرافه‌ریی گوو ده‌بێته‌ باشترین پیشه‌ و

میلیۆنان كه‌سی جیهان لاساییت ده‌كه‌نه‌وه‌!


ڕۆڤار کوڕم، من کە ئێستا ئەمە دەنووسم

تۆ تەمەنت شەش-حەوت ساڵانە،

بە هۆی تایبەتمەندییتەوە

سێ ڕۆژ جارێك گوو دەکەی!

ئەویش زۆۆۆر بە زەحمەت،

شین و مۆر دەبیتەوە تا تۆزێ بکەی

كه‌ گه‌وره‌ بوویت و بووی به‌ فۆتۆگرافه‌ری گوو

ئیتر دایکان  گووکردنی مناڵەکانیان بە خۆپیسکردن ناو نابەن،

بەڵکوو پێی خۆشحاڵ دەبن و

زۆرترین گووکەرەکان خۆشەویستتر دەبن

ئەوەندە دەبێتە جێی بایەخ،

دەست دەکرێت بە قسەکردن و نووسینی دەیان تیۆری

لە بارەی مێژووی گوو، جوگرافیای گوو،

ئابووریی گوو، سیاسەتی گوو،

کۆمەڵناسیی گوو، دەروونناسیی گوو،

فەلسەفەی گوو، فیزیای گوو و…

پزیشکەکان دێنەسەر باسی سوودەکانی گوو،

پرۆسەی دروستبوونی گوو،

قۆناغەکانی بوون بە گووی خۆراک،

دوای هەزار ساڵ گوو

دەبێتە ئەفسانە و هەندێ دەیپەرستن

بتی لێ چێ دەکەن و بە دەوریدا دێن و دەچن،


ڕۆڤار کوڕم، کە گەورەبووی، پیان بڵێ:

گریمان هەر مرۆڤێک ڕۆژانه‌ ٥٥٥ گرام گوو دەکات،

ئەوا ساڵانە هەر کەسە و ٢٠٢٫٥ کیلۆ گوو دەکات،

ئاخر بزانە ئەمە چەند هێندەی کێشی خۆتانە!

ئەی مرۆڤ، ئەمەیە بەرهەمت بۆ ژیان و

بۆ مرۆڤایەتی و بۆ زەوی؟!

بە کەسێک بڵێ: تۆ کە ٢٠ ساڵ تەمەنتە،

تا ئێستا زیاتر لە ٤ تەن گووووت کردووە

بە كەسێ تر بێژە: تۆش کە ٤٠ ساڵ تەمەنتە،

تا ئێستا پتر لە ٨ تەن گووت کردووە

بەوانی تریش بفەرموو:

هەریەکەتان وای دانێن ٦٠ ساڵ دەژین،

ئەوا زیاتر لە ١٢ تەن گوو دەکەن!

بەڵێ، زۆربەی مرۆڤەکان هەر ئەم بەرهەمە جێدێڵن.

ئیتر گوو ناخرێتە ژێر زەوییەوە و

پیس لێی ناڕوانرێ،

هێندە بەنرخ دەبێ، هەیە حەز دەکا گووی ئەوی

تریش بە کەوچکی خۆی دەربێنێ!

ئیتر گوو دەبێتە شیفای زۆر نەخۆشی و دەرد و بەڵا،

چەندان دەرمان و چارەسەریشی لێ درووست دەکرێ.

بۆت دەردەکەوێ هەروا خەڵکە و دەچنە کن باوەشێخان

تا نووشتەیەکیان لە گووی موبارەکی خۆی، بۆ بپێچێتەوە!

تاکوو بگەنە مراد یان ببێتە شیفا یان هەرچیی تر!

ئەوسا بۆت دەردەکەوێت کە

ڕەنگی ئاڵای هەموو حیزبەکانی وڵات  و جیهانیش

لە ڕەنگی گووەکانەوە وەرگیراون


ژیان گوویەکی گەورەیە،


مێژووی گوو دەگەڕێتە بۆ مێژووی یەکەمین مرۆڤ،

جوگرافیای گوو دەگەڕێتەوە بۆ جوگرافیای مرۆڤ و مرۆڤایەتی.


بێژه‌ ئەی مرۆڤ، ئێوە جگە لە گوو؛

پاداشتتان چییە بۆ ئەم زەوییە، کە پێی بدەن!؟

دەنگی تڕی خۆیان لە لا دەبێتە خۆشترین میوزیکێک،

کە مژدەی بەدەستهێنانی سامانێکیان پێ بدات!

ڕۆژانێ دێن مرۆڤەکان دەبن بە کۆیلەی گووەکانیان.

خەڵکی لە ئەکاونت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە دەڵێن:

هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز،

چاوەڕوانی نوێترین و جوانترین گووم بن.

شارەزایان دەکەونە گەنگەشەی ئەوەی

ئاخۆ باشترین کاتەکانی گووکردن چ کاتێکە؟!


زەوی تۆپەڵێک گووی گەنیوە و مرۆڤ‌یش کرمەکەی.

ژیانی هەمووان هەر گووکردنە

ڕۆڵە گیان، کە زیاتریش گەورە بوویت

تێدەگەی گوو هەموو شتێکە و

هەموو شتێکیش گووە.

ئیتر بۆچی نەبیتە فۆتۆگرافەری گوو،

نه‌ك فۆتۆگرافه‌ری جه‌نگ و شته‌كانی تر!؟

photo_2025-02-18_14-39-24