ماڵاوایی

ئەوا پاییز هات! – بەڵام بۆچی لە خۆری ئەبەدی پەژیوان ببینەوە گەربێتو پەیمانمان بەستبێ لەدووی زێڕەوشانێکی خودایی بگەڕێین، – دوور لەوانەی لەگەڵ وەرزگۆڕیندا دەمرن.

پاییز. گەمییەکەمان، لەنێو تەمێکی هەڵواسراوەوە هەڵدێت، بەرەوڕووی بەندەرگەی هەژاری وەردەسووڕێ، شارە هۆڤییەکە، ئاسمانەکەی پەڵەئاگر و قوڕی پێوەیە. ئاه! ئەو شڕوشیتاڵە بۆگەنیوانە، نان بە باران، سەرخۆشی و ئەو هەزاران ئەڤینەی منیان لە خاچ دا، وەردراوە! ئاخۆ ڕۆژێک دێ ئەو شاژنە ڕمووزنەی خاوەن ملیۆنان ڕۆح و لاشەی مردووە، کۆتایی بێ و هەمووان داوەری بکرێن!؟ دەتوانم دووبارە لە خۆم بنۆڕم، پێستم بە چەپەڵی و نەخۆشی داخوراوە، کرم بە قژ و بنباڵم دەخزێن و، گەورەترین کرمەکانیشم لەنێو دڵمدا دەخزێن، بەسەر نموودی نەزانراوی کالی[1] و بێبەزەییدا ڕاکشاون… دەکرا لەوێ بەسانایی بمرم… چ یادەوەریییەکی قیرسچمەیە! ڕقمە لە هەژاری.

لە زستانیش دەترسم چونکە پڕئارامییە!

  • هەندێجار لە ئاسمان بەستێنگەلی لماوی دەبینم گەلانی بە شادییەکی سپیی داپۆشیوە. کەشتییەکی زێڕینی مەزن، بە سەرمەوە، چەندین ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ لە شنەی بەیاندا دەشەکێنێتەوە. من داهێنەری هەموو خوانێک بووم، هەموو سەرفرازییەک، هەموو درامایەک. هەوڵم دا گوڵی نوێ دابهێنم، ڕووەکی نوێ، گۆشتی نوێ، زمانگەلێکی نوێ. پێم وابوو هێزێکی دەرئاسام هەیە. پەکوو، دەبێ خەیاڵدان و یادگارییەکانم بنێژم! چ کۆتایییەک بۆ ڕێپیشەیەک[2] وەک هونەرمەند و چیرۆکبێژێک!

من! من بە خۆمم دەگوت جادووگەرێک، فریشتەیەک، ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێکی ئەخلاقی، من نێردرامەوە نێو خاک لەبۆ گەڕان بەدوای هەندێ پابەندییەوە، لەبۆ گرتنەئامێزی واقیعی گرێشک[3]! جووتارێک!

داخۆ فێڵم لێ کراوە؟ ئاخۆ خێرومەندی بۆم دەبێتە خوشکی مردن؟

نەیسێ، ژبۆ ژینکری بەدرۆوە، دەبێ داوای لێخۆشبوون بکەم، ئیتر هەر وایە.

بەڵام تەنانەت یەک دەستی هاوڕێیانەیش نەبێ!؟ لەکوێیش بەدوای یارمەتیدا بگەڕێم؟

ڕاستە، ئەم چەرخە هیچ نییە لە ڕمێک[4] زیاتر.

چونکێ دەکارم بێژم سەرکەوتنێکم بەدەستهێنا؛ جیڕەی ددان، پێتەپێتی ئاگری دۆزەخ، هەناسە بۆگەنیوەکان هێور دەبنەوە. هەموو یادگارییە دێوەزمەییەکانم دەخەمتن[5]. کۆتا ئارەزووەکانم ماڵاوایی دەکەن، – ئیرەییبردن بە سواڵکەران، چەتەکان، هاوڕێیانی مەرگ، هەموو ئەوانەی جیهان پێیاندا گوزەرا. – ڕۆحە بەنەفرەتکراوەکان، سا چۆن من تۆڵەی خۆم دەکەمەوە!؟

مرۆڤ دەبێ بەتەواوی مۆدێرن بێت.

گوێ مەدەنە سروودی شوکرانەبژێری[6]: خۆتان بەو هەنگاوەوە بگرن کە نراوە. شەوێکی سەخت! وشکەخوێن دووکەڵ لەسەر ڕووخسارم دەکا و، جگە لەو درەختە بێزەوەرە، هیچشتێک لە پشتمەوە ڕانەکشاوە. جەنگی ڕۆح، مینا جەنگی مرۆڤ بەزەبرە؛ بەڵام دیمەنی دادهەقی[7]، بەتەنها چێژی خودا خۆیەتی.

سەرەڕا، ئەمە کاتی شەوە. لێگەڕێن هەموومان هێزی نوێ و سۆزی ڕاستەقینە پەسند بکەین. لە ئەنگوتنیشدا، چەکڕێژ بە تاقەتگری[8]، دەچینە نێو شارە شکۆمەندەکانەوە.

بۆچی دەربارەی دەستێکی هاوڕێیانە دووام! کەڵکە مەزنەکەم ئەوەیە کە دەتوانم بە خۆشەویستییە درۆیینە پڕهەڵەکان پێبکەنم. سووکایەتیش بەو جووتە لەخشتەبەرانە بکەم، – لەوێوە بەنێو دۆزەخی ژناندا ڕۆیشتم؛ – ئەمێستایش دەتوانم خاوەندارێتی لە حەقیقەت بکەم لەنێو یەک جەستە و یەک ڕۆحدا.

گوڵان-گەلاوێژ، ١٨٧٣

ئ. ڕامبۆ – وەرزێک لە دۆزەخ


[1]  Ageless

[2]  Career

[3]  Gnarled، بەگرێوگۆڵ، گرێکوێرە

[4]  ڕامبۆ وشەی “sévère”ـی بەکار هێناوە، بە واتاکانی “جددی، گۆڕ، توند و تیژ” دێت. وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی پۆڵ شمیدت وشەی “harsh”ـی بەکار هێناوە، بە واتاکانی “سەخت، دڕ، گڕ، توندوتیژ و وێرانکەر” دێت. لە کوردیدا وشەی “ڕم” هەیە، جگە لە چەکێکی وەک ڕم، ڕەگی وشەی “ڕمان”ـیشە. لەبەر نزیکایەتی هەردوو ماناکەی ڕم، وەک سەرێکی تیژی بریندارکەر و ڕەگی وشەی ڕمان، لێرەدا وەک ڕمێنەرێک بەکاری بهێنینەوە.

[5]  وشەی “fade” وەک لەناوچوون یان کزبوونەوەی ڕووناکی دێ، لە کوردیدا وشەی “خەمتین” لەبۆ کزبوونەوەی ئاگر بەکار دەهێنرێ.

[6]  Thanksgiving

[7]  Justice: بەوپێیەی ئەم وشەیە لە بنەڕەتە لاتینییەکەیدا بە واتای “هەقگۆیی، درووستی و ڕاستگەری” دێت و فۆرمولەیەکی پیرۆزە، لای کوردانیش، بە تیرەئایینەکانی “ئێزەدی، یارسانی و عەلەوی” سەر بە فریشتەباوەڕی دەگوترێ “ئەهلی هەق” و ئەمەیش فۆرمولەی پیرۆزی ئەوانە، ئەوا دەکارین وشەی “داد” کە ماناگەلێکی هەیە وەک “نەکردنی جەور و ستەم، هاوار، دایک و حوکمی ڕەوا” هەروەها وشەی “دادار” بە واتای “خودا” دێ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە “خودای ئاگر یان خوداوەندی ڕووناکی ‘داد+ئار””، هەروەها وشەی “هەق” کە ماناگەلێکی هەیە وەک “ڕەوا، بەش، ڕاست، درووست، خودا، ماف” بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە مانای گەڕاندنەوە/سەندنەوەی شتێک دێ کە هی مرۆڤێکە و بەهەرجۆرێک بێ خاوەندارێتی لێ دەکات، بۆیە بە مانای تۆڵەسەندنەوەیش دێت، تۆڵەیەکی ئەرێنییانە، سەندنەوەی ماف. چونکە دادپەروەریش دەلالەتێکی پڵەیتۆییانەی تێدایە، میتافیزیکییانە، وەکئەوەی داد شتێکی دەرەمرۆڤی بێ و دەبێ پەروەری لێ بکرێ، ئەوا شیاوە “دادهەق” بەکاربهێنین.

[8]  Patience – سەبر – پشوودرێژی

photo_2025-07-18_13-23-03