لەبارەی ئەدەبی جیدی و ئەدەبی بازاڕییەوە

مادام گه‌وهه‌ر و مەبەستی ئەدەب؛ دەروازەیەکە بۆ دیالۆگێکی بێکۆتایی، دەپرسین: تێکستی ئەدەبی بۆ کێ دەنووسرێت؟ بۆ نووسەرە، یان خوێنەر؟ لە سەده‌ی بیسته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دیجیتاڵ ڕاستە سنوورەکان کاڵ بوونەتەوە و گۆڕانکاری و جووڵەی جیاواز هەن، بەڵام بەشێک لە پرسیارەکان هێشتا کراوەن و دیالۆگ لەبارەیانەوە درێژەی هەیە. لەبارەی جۆرایه‌تی و چۆنایه‌تیی ئەدەبەوە قسەی زۆر کراون و دەکرێن. یەکێک لە دیدە قووڵ و فەلسەفییەکان بۆ ئەدەب، که‌ هه‌ڵێنجراوی نێو بازنه‌ی بوونناسی و دیارده‌ناسییه‌، ئه‌وه‌یه‌: ئەدەب تەنیا زنجیرەیەک ئاماژه‌ و نیشانە نییە، کە بە شێوەیەکی ئێستاتیکی ڕێک خرابن، بەڵکوو لە بوونی مرۆڤدا دیاردەیەکی ئۆنتۆلۆژییشە؛ کە لە ڕێگەی زمانەوە خۆی دەردەبڕێت. بە تێگەیشتنی بیرمەندان هەر تێکستێک وەک ڕووبەرێکی کراوە دەگاتە خوێنەر؛ بۆیه‌ ئەدەب لە ئاستی ئۆنتۆلۆژیدا تەنیا بەرهەمێکی کولتووری نییه‌، به‌ڵکوو فۆڕمێکی تێگه‌یشتنیشه‌.

کارێکی ئاسان نییە بڕیار بدەین؛ ئه‌م ئه‌ده‌به‌ چ ناوێكی هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ چ ڕێبازێكه‌. ناونان و جیاكردنه‌وه‌ كارێكی دژواره‌ و شتێك نییه‌ لێره‌ و له‌وێ به‌ قسه‌یه‌ك جێگیر بكرێت. ده‌كرێ ئێمه‌ باس له‌ خه‌سڵه‌تاكان بكه‌ین، تا له‌و ڕێگه‌وه‌ بگه‌ین به‌ هێڵێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر فۆڕم و ناوه‌رۆك. ئەدەب – چ جیدی بێت، چ بازاڕی، چ پۆپولیستی، چ ڕادیکاڵ – ده‌شێت وەک ئاوێنەیه‌کی پارچه‌پارچه‌ بوو، ڕووخساره‌ جیاوازه‌کان پێشان بدات. چەمک، دابەشکاری، جیاکردنەوە و ناسینەوەی فۆڕم و جۆری تێکستەکان، زێتر درێژکراوەی ئەو گوتارە بنەڕەتییەن، کە دەکرێ بە دیالێکتیکی ئەدەب ناوی بهێنین، دیالێکتیکێک کە بێکۆتایییە، بەردەوام گەشە دەکات و گفتوگۆی نوێی لێوە پەرە دەسێنێت. له‌م نووسینه‌شدا، هەر پۆڵێنکردن و ڕیزبەندییەک داوه‌ریكردن و بڕیاردان نییه‌ له‌سه‌ر باشی و خراپی، هێندەی هەوڵە بۆ ناسینەوە و تێگەیشتن.

ئەدەبی جیدی

ئەدەبی جیدی لەسەر پایه‌ی قووڵاییی فیکری و هونەریدا وەستاوە. مه‌به‌ستمان ئەو بەرهەمانه‌یه‌ لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە خاوەنی هێڵێکی فیکری و هونەریی باڵان. بە مانایەکی دیکە، تێکستی کراوەن، ئەوەیش بوارمان دەدات تێگەیشتن و بۆچوونەکانمان بە پشتبەستن بە کۆنتێکستەکە، لە زیاد لە ئاڕاستەیەکەوە ئازادانە بخەینە ڕوو. ئەم ئەدەبە لە چوارچێوە گشتییەکەدا، خوێنەر هان دەدات بۆ بیرکردنەوە، تێڕامان و ڕەخنەگرتن لە واقیع. فرەمانایی و فرەدەنگی خەسڵەتی بەرچاوی ئەم ئەدەبەن. له‌ ڕوانگه‌ی ئێستاتیکییه‌وه‌، ئامانجی هونەر و ئەدەب بریتییە لە دروستکردنی چێژی ئێستاتیکی و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون و جیهان. ئه‌مه‌ خۆی پڕۆسه‌ی چێژ و گۆڕانکارییه‌. (کانت) له‌ کتێبی (Critique of Judgment) له‌ باسی ئێستاتیکادا پێی وایه‌: چێژی ئێستاتیکی- چێژێکی بێبەرژەوەندییە (Disinterested Pleasure). لێرەوە ئه‌ده‌بی جیدی- ئێستاتیکا، ناوەندێکە بۆ تێگەیشتنی باڵا، کە مرۆڤ دەتوانێت لێیه‌وه‌ بڕواتە ناو قەوارەی جوانی و ئازادانە ڕابمێنێت. کاتێک تەنیا چێژ لە شێواز، زمان و پێکهاتەی ئێستاتیکی کارەکە وەردەگرین، وه‌ک ته‌ماشاکردنی گوڵێکه‌، ئەمە ڕێک چێژی بێبەرژەوەندییە. چێژی ئامانجدار و مەرجدار، یان ڕووکەش جیاوازن لە چێژی بێبەرژەوەندی. لەم ئاستەدا دوور لە هەر سازش و مامەڵەیەک، خوێنەر یەک تیشک ئاڕاستەی دەکات، ئەویش ڕامان و چێژە. هەروەها کاتێکیش لە ڕێی خوێندنەوەوە بیر دەکەینەوە، گومان دەکەین، شتێک فێر دەبین، لە بوون و دیاردەکان ڕادەمێنین و تێدەگەین، یان بە دوای پرسیارە گەورەکانی ژیاندا دەچین، ئەوا لە دیدی کانتەوە ئەوە چێژێکی بەرژەوەندیخوازانەیە لە چاکەدا. واتا لە ئەدەبیاتی جیدی دەکرێ خوێنەر لە دوو لاوە بە فراوانی لەگەڵ بازنەی ئێستاتیکا تێکەڵ بێت.

ڕه‌خنه‌گری به‌نێوبانگی قوتابخانه‌ی فۆرمالیستی- ڤیکتۆر شکلۆڤیسکی له‌ وتاری (هونه‌ر وه‌ک ته‌کنیک) پێی وابوو ئەرکی هونەر- ئه‌ده‌ب بریتییە لە نامۆکردن یان دوورخستنه‌وه ‌(Defamiliarization)، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئاماده‌ بکرێت، تا شتەکان بە فۆڕمێکی نوێ ببینێت و لە قاڵبی هۆشیاریی ڕۆژانە دەربچێت، واتا له‌ مامه‌ڵه‌ی ئۆتۆماتیکی دوور ده‌که‌وینه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی دیکه‌ سه‌رنج بده‌ین و ڕابمێنین. بەم واتایە، چوارچێوەیەک هەیە بۆ ڕوانین لە دەرەوەی ئاکت و جووڵە ڕۆژانەیییەکان. لێره‌وه‌ ده‌توانین ئه‌ده‌ب و هونه‌ری جیدی له‌ گێڕانه‌وە میللی و ڕۆژانه‌یییه‌کان جیا بکه‌ینه‌وه‌. به‌گشتی ئه‌م ئه‌ده‌به‌ لە ڕووکەش و سادەیی دوور دەکەوێتەوە و ڕیشەی کێشەکان شی دەکاتەوە. بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی هونەری و نوێ، دوورکەوتنەوە لە کڵێشە و دروستکردنی ستایلی تایبەت بە نووسەر وه‌ک یه‌کێ له‌ بنه‌ماکان ته‌ماشا ده‌کرێت. شێوازی نووسین لێرەدا خودی خۆی بەشێکە لە پەیامەکە و هێزی مانەوەی هه‌یه‌ و کاریگەری لەسەر نەوە جیاوازەکان داده‌نێت، چونکە باس لە پرسه‌ گشتگیر و مرۆیییه‌کان دەکات.

کاتێ تێکست فرەمانایە، بێژمار لێكدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و خوێنەر ڕۆڵی بنەڕەتی لە بەرهەمهێنانی واتاکاندا دەگێڕێت. (ئومبێرتۆ ئیکۆ) ئه‌مه‌ ناو ده‌نێت: لێڵیی بەرهەمهێنەرانە (Productive Ambiguity). لای (ئادۆرنۆ)یش هونەری ڕاستینە، نەفیی بەردەوامی واقیعە. بەم تێگەیشتنە ئەدەبی جیدی دەبێتە فۆڕمێک بۆ ئازادبوون لە کۆتوبەندی واقع- ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانه، واتا جێهێشتنی تاکده‌نگی و تاکمانایی و ڕۆیشتن به‌ره‌و که‌رنه‌ڤاڵ به‌ تێگه‌یشتنه‌ باختینییه‌که‌‌. له‌م ڕووداوه‌دا هەر کاتێ بۆشایییەک لە هۆشیاریدا دروست بوو، واقیع و یەقین دوور خرانەوە، زەمینە دەڕەخسێت، تا ڕەخنە و تێگەیشتنی نوێ بەرهەم بێن و خوێنەر هان بدرێت بۆ تێڕامان و بینینی جیهان بە چاوێکی نوێ. لێرەدا، کواڵێتی و قووڵاییی هونەری کاری لەپێشینەیە. ئه‌ده‌ب و هونەر بەهای خۆی هەیە. گوتاری “هونەر بۆ هونەر” ئەم ڕوانینه‌ی خسته‌ سه‌ر ڕێ.

ئەدەبی جیدی مامەڵە لەگەڵ پرسیارە گەورە و مێتافیزیکییەکانی ژیان دەکات، وەک واتای ژیان، مردن، ئازادی، یاسا، چاکه‌ و خراپه‌. زمان لەم بوارەدا تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی خودی پەیامەکەیە. ئەدەبی جیدی توانای مانەوەی هەیە و دەکارێت کاریگەری لەسەر نەوە جیاوازەکان هه‌بێت، چونکە هه‌ڵکۆڵین لە پرسیارە هەمیشەیییەکانی مرۆڤایەتی دەکات. مامەڵەی ئێمه‌ لەگەڵ پرسه‌ وجودییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، سیاسییەکان و مرۆیییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند، پڕۆژه‌ی ئه‌ده‌بی جیدییه‌. تێکستی جیدی زۆرجار ڕەخنە لە خۆی دەگرێت و باسی پڕۆسەی دروستبوونی خۆی دەکات. هه‌روه‌ها دابڕاویش نییە لە کاریگەریی نەریتەکان و ڕابردوو، بەڵام بە فۆڕمی نوێ. ڕۆمانی فرەدەنگ- بەرهەمی ئەو تازەکردنەوەیە. به‌رهه‌مه‌ جیدییه‌کان تەنیا هیی سەردەمێکی دیاریکراو نین، بەڵکوو بە بەردەوامی خوێندنەوەی نوێیان بۆ دەکرێت و له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌یان، خوێنەر ناچاره‌ بە شێوەیەکی ڕەخنەیی لە جیهان و لە خودی خۆی بڕوانێت. لێره‌وه‌ دەکرێ ئاماژەیەکی کورتیش بە ئەدەبی ڕادیکاڵ بکەین و له‌نێو بازنه‌ی ئه‌ده‌بی جیدیدا جێگه‌ی بۆ بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌ده‌بی ڕادیكاڵ فۆڕمێک دەشکێنێت و دۆخی نوێ دروست دەکات. بۆ نموونە: ئەدەبی فێمینیستی، ڕەشپێستەکان و پۆستکۆلۆنیاڵ. مەبەستمان لە ڕادیکاڵ، ڕادیکاڵی فۆڕم نییە، زێتر ئیشکردنە لە تەکنیک. بۆ نموونە: سوریاڵیزم و و ئەبسێرد و ڕیالیزمی ئەفسوناوی، لەم ڕوانگەیەوە ئەدەبی ڕادیکاڵ له‌ هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت له‌ ئەدەبی جیدییەوه‌ نزیكه‌، به‌ڵام جیاوازیشه‌. با ڕوونتری بکەینەوە، ئەدەبی فێمینیستی زمانی پیاوسالاری تێک دەشکێنێت و دەنگی ژنان دەردەخات. ئەدەبی پۆستکۆلۆنیاڵ گێڕانەوەی کۆلۆنیاڵ تێک دەشکێنێت و چیرۆکی ململانێ دەگێڕێتەوە. ئەدەبی پێستڕه‌شه‌کان جۆرێک لە بەرهەڵستی سیاسییانەیە دژ بە ڕەگەزپەرستی و هەوڵە بۆ پێشاندان و ستایشکردنی جوانیی پێستڕەشەکان و فەراهەمکردنی ناسنامەی تایبەت… ئەمانە نموونەن لەو ئەدەبەی کە سیاسەت و ئێستاتیک پێکەوە دەخاته‌ ڕوو، ڕه‌نگه‌ به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌وه‌، جه‌ماوه‌رێكی زۆری ناو بازنه‌كه‌ هۆگری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بن، به‌ڵام وه‌ك به‌رهه‌مێكی جه‌ماوه‌ریش نابینرێت.

ئەدەبی بازاڕی

کاتێک ئەدەب دەکەوێتە ناو جیهانی کاپیتاڵیستییەوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا دێت. لە ڕوانگەی کارڵ مارکس-ەوە، هەموو شتێک لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە کاڵا. ئەدەبیش وەک کاڵایەک دەناسێنرێت، کە بەهای ئاڵوگۆڕی (نرخ) لە پێش بەهای بەکارهێنانی (کواڵێتی) دادەنرێت. ئەدەبی بازاڕی بە پلەی یەکەم بۆ مەبەستی بازرگانی و بەدەستهێنانی زۆرترین فرۆش دەنووسرێت. ئامانجی سەرەکیی، گەیشتنە بە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر، بۆیە نووسەرانی ئەم فۆڕمه‌ زێتر گرنگی بەو بابەت و شێوازانە دەدەن؛ کە جەماوەرێکی فراوان حەزیان لێیە و پەسەندی دەکەن. هەندێک لە خەسڵەتەکانی ئه‌م ئه‌ده‌به‌: بەکارهێنانی زمانێکی سادە، چیرۆکێکی ڕوون و هەستبزوێن، کاراکتەری کڵێشەیی و قاڵبی داڕێژراو؛ تا خوێنەر بە ئاسانی تێی بگات. کاتبەسەربردن، که‌ ئامانج لێی دڵخۆشکردنی خوێنەر و پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانیه‌تی، نەک هاندانی بۆ بیرکردنەوەی قووڵ. نووسه‌رانی ئه‌م ته‌رزه‌ ئه‌ده‌به‌، ده‌گه‌ڕێن بە دوای بابەت و مۆدی ئەو سەردەمە، بۆ گەیشتن بە جەماوەرێکی فراوان. زۆرجار وەک کاڵایەکی وەرزی تەماشای ئه‌و ئه‌ده‌به‌ دەکرێت.

ئەدەبی بازاڕی بە لۆژیکی “گەورەترین قازانج” کار دەکات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دیدگای سوود و بازاڕی زاڵ تەماشای دۆخەکە بکەین؛ ڕوانینی پشتەوەی ئەدەبی بازاڕی، فۆڕمێکی بازرگانییه‌ و هونەر دەبێت سوودێکی دیاریکراوی هەبێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستکردنی پێکهاتەیەکی سەرکەوتوو، کە دووبارە و دووبارە بە کار دەهێنرێتەوە. (ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر) بەمە دەڵێن: “پیشەسازیی کولتوور”، کە تێیدا کولتوور دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا. گۆڕینی چێژی هونەری بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ، بە شێوەیەک باشیی بەرهەمێک بە ڕێژه‌ و ژماره‌ی فرۆش دەپێورێت، نەک بە قووڵاییی هونەری. ئامانجی سه‌ره‌كی كاركردنه‌ بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی عامپەسەند. لە دیدێکی فەلسەفییەوە، له‌ ئەدەبی بازاڕیدا بەها بەرزەکان لە ناو دەچن و جێگەیان بە بەهای بازرگانی پڕ دەکرێتەوە.

له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرسی سوود و قازانج، کاتێک ئەدەب وەک کەره‌ستەیەک تەنیا بۆ کاتبەسەربردن ته‌ماشا بکرێت و توانای خۆی بۆ ڕۆچوون و تێگەیشتنی مرۆڤ لە ژیان و بوون لە دەست بدات، مەترسییە. له‌م دۆخه‌دا کۆمەڵگە بەرەو کەمبوونەوەی توانای ڕەخنەیی و چێژوەرنه‌گرتن لە قووڵاییی هونەریدا دەڕوات. مرۆڤەکان دەشێت توانای تێڕامان لەسەر کێشە ئاڵۆزەکانی ژیانیان لە دەست بدەن و تەنیا بە دوای چارەسەری خێرا و سادەدا بگەڕێن، لە فۆڕمی حەپی ئازارشکێن. له‌ به‌رانبه‌ردا ئەگەر دیدگای ئێستاتیکییانه‌ و ئه‌ده‌بی جیدییش تاکڕەوانە زاڵ بێت، لەوانەیە ئه‌ده‌ب وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی تایبەت بە ده‌سته‌بژێرێك ببینرێ و پێوەندیی خۆی لەگەڵ جەماوەردا سنووردار بکات. ئەمەیش ڕەنگە ئەدەب لە ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی کاریگه‌ر له‌ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ناچالاک دەربخات.

له‌باره‌ی جیاوازییه‌كانه‌وه‌

جیاکردنەوەی ئەدەبی جیدی و ئەدەبی بازاڕی، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانە. ئەم پێکدادانە فەلسەفییە نوێنەرایەتیی جیاوازییەکی قووڵترە لەسەر دوو تێگه‌یشتنی جیاواز بۆ ڕۆڵی هونەر لە کۆمەڵگادا: ڕوانگه‌ی ئێستاتیکی (هونەر بۆ هونەر) و ڕوانگه‌ی قازانج (هونەر بۆ خەڵک). که‌واته‌: تێگەیشتن و هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو ڕوانینه‌ گرنگه‌. ئەدەبی جیدی پێویستی بە پەرەپێدان و هاندان هەیە، لەکاتێکدا ئەدەبی بازاڕیش دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ڕاکێشانی خوێنەر و هاندان و هێنانی جه‌ماوه‌ر بۆ ڕووبه‌ری کتێب و ئه‌ده‌ب و خوێندنەوە. لای ئێمە زۆرجار هەوڵ هەیە، ئەدەبی بازاڕ وەک ئەدەبی جیدی بناسێنرێت، ئەم تێکەڵکردنە، ئەم هەوڵە جۆرێک لە لێڵیی دروست کردووە. کاتێک هەوڵ و قسە لەسەر ناسینەوەی جۆری ئەدەبه‌کان دەکەین، ئامانج تەنیا دانانی هەردوو جۆر ئەدەبە لە شوێن و پێگەی خۆی، به‌بێ سڕینه‌وه‌ی هیچ یه‌کێکیان‌ و تێکه‌ڵکردنیان. ئەدەبی جیدی بەرگری لە “پاکیی ئه‌ده‌ب- هونەر”ی دەکات، پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە دەکات، کە هونەر دەبێت لە داواکارییە بازرگانییەکان دوور بێت. لە به‌رانبه‌ردا “ئەدەبی بازاڕ”ی بەرگری لە “عامپه‌سه‌ندیی ئەدەب- هونەر” دەکات. ئەو بیرۆکەیەی کە هونەر دەبێت خزمەتی خەڵکی بکات. ئەم ناکۆکییە لەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەدەبدا بێت، وەک ئەوەی هێگل دەیگوت، ناکۆکی و پێکدادان؛ دەکرێت ببنە هۆی پەرەسەندنی دیالێکتیکی. ئەدەبی ڕاستینە دەکرێت لە نێوان ئەم دوو جیهانەدا ڕێگایەکی هاوسەنگ بدۆزێتەوە؛ ئەو ڕێگایەی بوار به‌ قووڵاییی فەلسەفی دەدات، بەبێ ئەوەی کاریگەری و بایەخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فەرامۆش بکات. ئێستاکە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیا گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە شێوازی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەدەبدا هێناوەتە کایەوە، ناسینەوە و تێگه‌یشتن له‌ بایه‌خ و ئه‌رکی ئه‌ده‌بیاتی جیدی و جیاوازییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی بازاڕیدا، لە هەر کاتێک زیاتر گرنگە. زانیاری و بەرهەمە ئەدەبییەکان بە خێرایی بڵاو دەبنەوە و کێبڕکێی ئەدەبی جیدی و ئەدەبی بازاڕی گه‌رموگوڕتر بووه‌. ئەمە تەنیا باسێکی وابه‌سته‌ به‌ کواڵێتی نییە، بەڵکوو باسێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیرییشە لەبارەی ڕۆڵی ئەدەب لە کۆمەڵگەدا. ئایا ئەدەب ئامرازێکە بۆ کاتبەسەربردن، یان بۆ تێڕامان و گەشەکردنی فیکری و ڕۆحیی مرۆڤ؟

پۆپولیزمی ئەدەبی

پۆپولیزم ڕاستە زێتر وەک چەمکێکی سیاسی ناسراوە، بەڵام دەکرێت لە دنیای ئەدەبیشدا مانای دیکەی لێ بار بکرێت. دەشێت بڵێین: ئەدەبی پۆپولیستی بەشێکە لە ئەدەبی بازاڕی و هەوڵ دەدات خۆی وەک دەنگی زۆرینەی خەڵک پیشان بدات و ڕەخنە لە خەڵکی تایبەتمەند و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان بگرێت. ئەم ئەدەبە بەوە دەناسرێتەوە لە جیاتیی شیکردنەوەی قووڵ، پشت بە هەست و سۆزی جەماوەر دەبەستێت و ترس، تووڕەیی و خۆشەویستی وەک ئامراز بە کار دەهێنێت. لەو ئاڕاستەیەوە ئەم ئەدەبە دوور دەکەوێتەوە لە لێکدانەوەی فرەڕەهەند، چوونە قووڵاییی تەکنیک و شێوازە هونەرییە جۆراوجۆرەکان، چونکە ئامانجی گەیاندنی پەیامێکی دیاریکراوە. نووسەری پۆپولیستی بانگەشە بۆ بیروڕایەکی تایبەت دەکات و جەماوەر هان دەدات بۆ کاردانەوەیەکی دیاریکراو. ئەم کەسانە زمانی ساکار، میللی و ڕاستەوخۆ بە کار دەهێنن بۆ جیابوونەوە لە زمانی نووسەرانی جیدی و ڕۆشنبیران، لای ئەم نووسەرانە جەماوەر وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و گرنگ پێناسە دەکرێت و جیاوازی و فرەبۆچوونی خەڵک نادیدە دەگیرێت، لە بەرانبەردا ڕەخنە، شڕۆڤەی فکری و تیۆری بۆ تێکست، وەک لادان و دوورکەوتنەوە لە ژیانی ڕاستینەی خەڵک دەخرێنە ڕوو.

ئەم ئەدەبە خۆی وەک دەنگی جەماوەر دەناسێنێت و خوێنەر دەخاتە ناو دۆخێکەوە، کە تێیدا چێژی گشتی، بۆچوون و باوەڕی پێشوەختانە، جێگەی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن دەگرنەوە. تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەرفەتێکی گەورەی بە ئەدەبی پۆپولیستی بەخشیوە. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان ڕێگە بە نووسەران دەدەن ڕاستەوخۆ بگەنە جەماوەرێکی فرەوان. هەر کەسێک دەتوانێت وەک نووسەر پەیامەکانی بڵاو بکاتەوە. ئەمە ڕاستە کە دەگوترێت، ئەم دۆخە فۆرمێکی دیموکراسییانەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەروازەیەکی بۆ بڵاوبوونەوەی ئەدەبی میللی و بێکواڵێتی کردووەتەوە. بەم هۆیەیشەوە، دەستەڵاتی ڕەخنەکاران و ناوەندە ئەدەبییەکان کەم بووەتەوە و خوێنەران هەنووکە یەکسەر بڕیار لەسەر بەرهەمەکان دەدەن، زۆرجار بە پشتبەستن بە ژمارەی لایک، کۆمێنت یان شێرکردن شڕۆڤە و هەڵسەنگاندن دەکەن، نەک قووڵایی و ئاستی ئەدەبیی تێکستەکان. واتا دەروازەوانە دیجیتاڵییەکان ئێستا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ له‌نێو دۆخی بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌گێڕن، پێشتر ڕەخنەگر و سەرنووسەر دەروازەوان بوون، ئێستاكه‌ ئەلگۆریتمەکان ئەو ڕۆڵە دەبینن. جاران تەنیا دوو کولتوور هەبوون، کولتووری زارەکی و کولتووری نووسراو، بەڵام ئێستاکە فۆڕمێکی دیکەیش هاتووە، کە تێکەڵەیەکە لە کولتووری نووسراو و زارەکی، دەشێت بە کولتووری دیجیتاڵی ناوی ببەین. لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوە، هەموو جۆرە ناوەڕۆکێک لەسەر سەکۆکە پێشکەش دەکرێن. ئاڵنگاری سەرەکی ئەوەیە چۆن لەم دۆخەدا ئەدەبی جیدی دەتوانێت شوێنی خۆی بپارێزێت؟ ئایا دەتوانین ئەدەبێک وێنا بکەین، لە یەککاتدا قووڵاییی هونەری و جەماوەریی هەبێت، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ئێستاتیکا بکات یان ببێتە کاری ده‌سته‌بژێرێكی داخراو؟ ڕەنگە پلۆڕالیزمی ئەدەبی ناوێکی گونجاو و هاوسەنگ بێت، کە تێکستەکان لە کۆنتێکستی خۆیاندا دەخوێنێتەوە و لەو ڕێگەیەوە ئەرکە جیاوازەکانی ئەدەب دەناسێتەوە. ئایا بنه‌مای ئابووری، سیاسی و تەکنەلۆژی کاریگەریی لەسەر بەرهەم دروست دەکەن؟ چۆن؟ ئایا خوێنەران بە شێوەی جیاواز تێکستەکان دەخوێننەوە؟ ئەم بەرهەمە چ کارێک لە کۆمەڵگە دەکات؟ ئەمە ڕێگایەکی مامناوەندە و بەهۆی پرسیارەکانمان ددان بەوەدا دەنێین، ئەدەب فرەڕەهەندە و دەتوانێت هەم قووڵاییی هونەری و هەم کاریگەریی کۆمەڵایەتیی هەبێت- به‌ڵام گۆڕانکاری و کاریگه‌رییه‌که‌ پڕۆسه‌یه‌کی هێواش و درێژخایه‌نه‌.

لەپاڵ هەژموونی کولتووری سەرمایەداری و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی له‌ دنیادا، ئێمه‌ بۆ قسه‌كردن و سه‌رپێخستنی ئه‌م پرسوباسانه‌ زۆر نوێین، بۆیه‌ ئەم سه‌رنجانه‌ بەشدارییەکی بچووکن له‌و بازنه‌یه‌دا.