خەسڵەت و دەرکەوتەی نوێ وەکوو تایبەتمەندیی ئەدەبی پۆستمۆدێرن لە ڕۆمانی (لەوێ مەمرە)  

سەرنج و بەرایی:

لەوێ مەمرە، ڕۆمانێکی سەرکەوتووە بەوپێیەی هەموو تایبەتمەندی و خەسڵەت و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێڕنی لەخۆ گرتووە و هونەرییانە لە خۆیدا بەرجەستەی کردووە، ئەگەر چی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن هیشتا کۆتا چوارچێوە و مەرج و دوا خەسڵەتەکانی خۆی دیاری نەکردووە، واتە هێشتا زەپۆش و پانتایییەکی کراوە لە ئارادایە بۆ دەرکەوتنی خەسڵەتی نوێ و تایبەتمەندیی تر کە دەشێت لە هەر هەوڵێکی تر و چیرۆک و ڕۆمانێکی نوێدا بێتە ئارا.

بەڕاستی تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم تا ئەم چرکەساتەش ڕێبازێکی تر دیاردەیەکی ترمان نییە بەشێوەی خەمڵیو و سەرکەوتوو کە بڵێین ئەمە سیما و خەسڵەتی ئەم قوتابخانەیە و بەم جیاوازی و تازەگەرییانەی هەیەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنی جێهشتووە و لەم فۆڕم  و سەبکە جیاواز و تازەگەرییەدا خۆی بەیان کردووە، بەمەش ڕۆمانی پۆستمۆدێڕن کەوتۆتە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و سنوورداری خۆیەوە و هەر بەم خەسڵەت و تایبەتمەندییانەشەوە گیرساوەتەوە و داکۆکی لەخۆی دەکات و ترازان لەمە یان هیچ خاڵ و پنتێکی دیکە پەسەند ناکات.

کەواتە هێشتا مەیدان و پانتایییەکان بۆ پۆستمۆدێڕنیستەکان کراوەیە و دەرفەتی تر هەیە و ڕووبەر لە ئارادایە و ڕێگاکان ئاوەڵان بۆ تازەیی نواندن و شەکانەوەی ژانرە ئەدەبییەکان و کاری نوێ وبەرهەمهێنان تێیدا. بەڵام ئایا ڕەزا عەلی پوور هەنگاوێکی بەم مەیل و ئاراستەیە هەڵناوە؟ ئێمە لەم باسەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و هەم سەلماندنی خەسڵەتەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێڕن بەشێویەکی سەرکەوتوو لەم ڕۆمانەدا دەدەین.                             

لەوێ مەمرە ڕۆمانێکی ئاڵۆز و پچڕپچڕ و پارچەپارچە و لێکگرێنەدراوە، واتە ڕووداوەکان لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی بەدوایەکداهاتوو و شەتەکدراو ڕوو نادەن، بەڵکوو تەکنیکی گێڕانەوە بەجۆرێکە کە ڕووداوەکان لێک دەترازێنێت و بە جۆرێک پەرشوبڵاویان دەکات کە ئاسان نییە خوێنەر لێکیان گرێ بداتەوە و تەنانەت کارەکتەرکانیش لە شوێنی خۆیدا بناسیتەوە، خوێنەر لەم چەشنە ڕۆمانانەدا لەگەڵ تەرح و گەڵاڵەیەکدا بەرەوڕوو نییە وەکوو ئەوەی لە ئەدەبی مۆدێڕن و کلاسیکدا هەبوو، بۆیە ئاسایییە ئەگەر یەکسەرە نەزانیت شتەکان بەکوێ گەیشتن و چی ڕوویدا، واتە شتەکان لە دۆخێکی گوماناوی و شڵەژاویدا بمێنێتەوە، لە ئەدەبی کلاسیکدا گەڵاڵەیەک و خستنەڕووی کێشەیەک و لێکۆڵین و پاشان چارەسەر هەبوو، لە چیرۆک و ڕۆمانی مۆدێڕنیشدا گەڵاڵەکان چڕوپڕ و کورت دەبنەوە و شتەکان زیاتر بۆ خوێنەر جێدەمێنن تا ئەوەی چارەسەر و کۆتایییەکت پێشکەش بکات وەکوو لە چیرۆکی کلاسیکدا هەبوو. ئەم  پەرشوبڵاوی و پچڕ پچڕی و بەسەریەکەوە نەبوونەیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لە هزر و ئایدیای پۆستمۆدڕێنەکاندا، چیتر حیکایەتە گەورەکان کۆتایییان هاتووە هەموو ئەو تێزانەی وەکوو عەقڵگەرایی و ئەزموونگەرایی هەبوون بۆ تەفسیرکردنی دنیا و ئەو چوارچێوە و دوا ڕاڤانەی لە ڕوانگەبینییانەوە پێشکەشکرابوون تا لە سایەیانەوە بڕوانینە دنیا و ژیان بکەین و پێوەی پابەند بین و گرێبەستی لەسەر هەڵچنین، شکستیان هێناوە و ناکرێ مرۆڤایەتی گیرخواردووی سیستمێکی بیرکردنەوە بکرێت و هەقیقەت و ڕاستییەکان چیتر ڕەها نین و جێگیر نین و بەڵکوو ڕێژەیین و هەمیشە لە گۆڕان و قڵپبوونەوەدان و ناکرێ لە تەرحێکی دیاریکراودا و بە میتۆد و ڕاڤەیەکی تایبەتەوە ژیان و ئەم بوونە دەستەمۆ و کەویکرێ و لە جووڵەی بخەین.

ڕووبەرگی ڕۆمانی لەوێ مەمرە، ڕەزا عەلی پوور، چاپی یەکەم ٢٠٢٥ ، دەزگای سەردەم

لە ڕوانگەی لیوتارەوە پۆستمۆدێرنیزم سەردەمی ئاوابوونی حیکایەتە گەورەکانە، حیکایەتە گەورەکان زاراوەیەکە فەیلەسوف و تیۆرسێنی هاوچەرخی فەڕەنسی ژان فرانسوا لیوتار لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا (دۆخی پۆستمۆدێڕن) بۆ گوزارشت لە زانست بەکاری هێناوە، لای لیوتار حیکایەتە گەورەکان واقیعی نین بەڵام ئەو باوڕەیان نواندووە، چوونکە حیکایەتە بچووکەکان کە ئەو حیکایەتە گەورانەیان پێکهێناوە، هەریەکەیان لە جێی خۆیدا ڕاست و درووستن، لێرەوە پۆستمۆدێرنیزم سەردەمی دەرکەوتنی حیکایەتە بچووکەکانە، بۆیە هەر خودی بیرمەندانی پۆستمۆدێرن تەرحێکیان نییە و تەنها ڕەخنەی ئەو واقع و بوونە دەکەن کە ئاراستەکراوە کێشەکان دەتەقێننەوە، شتە بچووک و لەبیرکراوەکان زەق دەکەنەوە و ڕاستییە چەپێنراوەکانیان دەردەخەن. نەک گەڵاڵەی بیرێک و چوارچێوەیەک بۆ ڕووانین و چارەسەر… بەڵکوو ئەوان زیاتر جەخت لەسەر لایەنی گومان و گومانکاری دەکەنەوە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە و بە بڕوای مەک هیل توخمی زاڵ لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕندا گۆڕاوە، لە ئەدەبیاتی مۆدێڕندا توخمی زاڵ لە ئاراستەی بەرەو مەعریفەناسی بوو، بەڵام لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕندا ئاراستەی بەرەو بوونناسییە، هەڵبەتە بوونناسی بەستێنێکی ترە لە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکاندا نەک ئاراستەی ناسینی جیهان بەڵکوو ناسینی بوونی شتەکان و دیاردەکان لە جیهاندایە.

ئەگەر ئەدەبیاتی ناپۆستمۆدێڕن، هەوڵ دەدات (وەهمی واقیعیەت) لە زەینی خوێنەردا دروست بکات، بەڵام ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕن ئاگایانە ئەم تەوەهومە لەناو دەبات تا ئێمە بەرەو بیرکردنەوەی قووڵ دەربارەی چەمکی بوونناسی واقیعیەت بانگهێشت بکات.

هەندێ لە تایبه‌تمه‌ندییەکانی چیرۆکی پۆستمۆدێرن و

ڕەنگدادنەوەی لە پێکهاتە و ناوەرۆکیی ڕۆمانی (لەوێ مەمرە)

لەم ڕۆمانەدا (لەوێ مەمرە)، گێڕانەوە نیوەناچڵ نییە بەڵام ئەوسەریشی لێ نەگرتووی، تەنانەت گێڕانەوە لە هەر پاژێکدا هێندە ئاڵۆزە کە تۆ نازانیت کێ قسە دەکات، گێڕەرەوە کێیە، پیاوە یان ژنە، لە زۆربەی بەشەکاندا گێڕانەوە لە ناوەڕاستەوە دەست پێ دەکات بۆیە تا کۆتاییی ئەو بەشە تۆ نازانیت چی ڕوویداوە و شوێن کوێیە و کات کەیە، لە هەر بەشێک و پاژێکدا تۆ بەسەر ڕووداوی نوێ و شتێکی تازەدا دەکەویت، هێڵی پەیوەندی و بەستنەوەی ڕووداوەکان لاواز و پساوە، تەنانەت ئەگەری چەندین ئەنجامی جیاواز دەڕەخسێنێت، تەنانەت هەر بەشێکی دەتوانی وەکوو چیرۆکێکی سەربەخۆ بخوێنیتەوە، بە کەیفی خۆت بەشەکان پاشوپێش بکەیت، کە ئەمەش خەسڵەتێکی تەواوی دەقی پۆستمۆدێڕنە.

ڕەزا پارسا دەڵێت: یەکێک لە تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌می پۆستمۆدێرن له‌ جۆری گێڕانه‌وه‌کانیایه‌تی. له‌ ڕاستیدا له‌ چیرۆکە پۆستمۆدێرنیسته‌کاندا جۆرێک لێکپچڕان هه‌یه‌ و گێڕانه‌وه‌کانی به‌ش به‌ش و پارچه‌پارچه‌یه‌. ڕۆمانه‌کان به‌ تیکه‌ تیکه‌کردنی گێڕانه‌وه‌ له‌ هەوڵی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئەو ڕێسا گونجاوانەن که‌ چیرۆکه‌کانی مۆدێڕن و کلاسیک هه‌یانه‌، ڕێسایه‌ک که‌ دۆزەرەوەی یه‌کێتیی شوێن و کات بوو. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ چیرۆکە پۆستمۆدێرنیسته‌کان هه‌میشه‌ له‌ لایه‌نێکی وه‌همییه‌وه‌ ده‌گێڕدرێنه‌وه‌ تا ڕێگا به‌ خوێنه‌ر بده‌ن  تێگه‌یشتنی  جۆراوجۆری بۆ جیهانی چیرۆکەکه‌ هه‌بێت. ناڕۆشنی که‌ له‌م جۆره‌ به‌رهه‌مه‌دا ده‌بینرێت جۆرێک لێکدانه‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌و و ڕێژه‌یییانه‌ ڕه‌نگ پێ ده‌داته‌وه‌.

دەستپێکی ڕۆمانەکە بەم شێوەیە؛ “من کەسێکم کوشتووە، ئەمە نەک چیرۆکی من، بەسەرهاتی دوو بنەماڵەی جەوانی و باوەڕی یە”، گرنگی ئەم سەرەتایە ئەوەیە کە ڕێکوڕاست تۆ دەتەوێت بزانی چیرۆکی کوشتنی ئەو کەسە کە کوژراوە چییە؟ یان کێیە؟ کەچی بەسەر کێشەکانی دوو بنەماڵەدا دەکەویت و ڕۆمانەکە دەبێت بە چیرۆکی ژیان و کیشەکانی ئەوان، لە پاژی دوودا دەزانیت کە فەرەیدوونی وەسفی دەیەوێت چیرۆکی خۆی کە کەسێکی کوشتووە بگێڕێتەوە ئەویش بە ڕووداوی هاتووچۆ، دیارە لە ڕووی یاساییشەوە ئەم تاوانبار نییە و لێی دەردەچێت، بەڵام دۆخەکە لە ڕووی دەروونییەوە جیاوازەو فەرەیدوون هەست بە گوناه دەکات و بەدوای ئەم بنەماڵەیەدا دەگەڕێت، تا لە ڕێی ناسینیان و تێکەڵبوونیان قەرەبووی دۆخەکە بکاتەوە خۆی لەم کێشە دەروونی و هەستکردن بەتاوانە ڕزگار بکات، بەڵام ڕۆمانەکە دەتبات بۆ کێشەی تر و ڕووداوی تر، بەجۆرێک خوێنەر خۆی بۆ ناگیرێتەوە و ڕووداو بەسەر ڕووداودا دێت و کەسایەتیی نوێ دەردەکەون، بەبێ ئەوەی ئەم ڕووداوانە لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی و بەدوای یەکتردا بێن و کارەکتەرەکان لەسەر هەمان ‌هێڵ دەربکەون.

لەم دەستپێکەوە ئەم دەقە ڕەخنەی ئەو سیستمە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی کەسێک دەکوژرێت، کەچی بەهۆی هێڵکاری و ئاستی تێگەیشینی لیژنەی هێڵکاری بۆ ڕووداوەکە، بکوژ دەشێت بێ سزا دەرچێت و وەک بێتاوان بناسرێت، ئەم ڕەخنەیە لە یاسای هاتوچۆ گرنگ و جدییە. بەڵام ئەمە باسی ئێمە نییە، بەڵکوو ئەو خاڵە دەبێت بەهەند بگیرێت کە نووسەر ڕەخنەی ئەو کەلتوور و نەریتانە دەکات هەروەها لە ڕێی گێڕانەوەوە ئەو مێژوو و شۆڕشەش کە بەشێک لە ڕووداوەکان دەکەونە ناویەوە لە ڕووی کاتەوە چوونکە وەکوو تایبەتمەندیی خودی ئەم ڕۆمانە کات تیێدا پەراگەندەیە، وابەستەی یەک دۆخ و سەردەمی مێژوویی نییە.

ڕەنگە کاریگەرترین ڕەخنەی ئەم ڕۆمانە لە سیستەم فەرهەنگ و ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووری ئێمە، ئەو ڕەخنەیە بێت کە منداڵ فڕێ دەدات، لە کاتیکدا ئەم منداڵانە کە فڕێ دەدرێن دایکوباوکیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە ڕێکارەکەیان بە ناشەرعی دەزانێت منداڵەکانیان پێ فڕێ دەدات، یان ناچار بە فڕێدان دەکات، لە کاتێکدا چەندین منداڵ هەن هیی ئەو باوکانە نین کە ڕێکارەکانیان یاسایییە، تەنانەت هەندێ جار دایکیشی دڵنیا نییە منداڵەکەی لە کێیە! بەڵام لە ژێر پەردە خێزانێکی بە حساب شەرعیدا پارێزراون، ڕەخنەکە لێرەدا ئەوەیە یاسای کۆمەڵگە و نەریتەکەی منداڵەکە و ژیانی ئەو لەبەرچاو ناگرێت تەنها ڕیسایەکی بۆ گرنگە کە ڕیسای شەرعیبوونە، کە دیسان ئەو ڕێسایەش دەستەبەری ئەو شەرعیبوونەی خۆی پێ ناکرێت.

زۆر خاڵی گرنگ و جدی هەن بۆ لەسەر وەستان و گفتوگۆ دەربارەی ئەم ڕۆمانە کە هەموویان تایبەتمەندی و خەسڵەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنن وەکوو بوونی ڕاپۆرت، بۆ نموونە کورتەی ڕاپۆرتی پۆلیسی ترافیک ل ٢٣٥، ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی ل٢٦٠. بەکارهێنانی سەرچاوە کە لەم ڕۆمانەی ڕەزادا و لای من تازە بوو، کتێبی لە سەقزەوە تا مالمو بیرەوەرییەکانی مێهری وەفادار ٢٠٠٢ سوێد چاپی یەکەم ل ٦٣ تا ٧٧ – لە ڕۆمانەکەدا ل٢٦ ، فەرهەنگی بادیەوەری، فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە ل١٦٦ ، هەروەها لە کۆتایی پاژی ٢٠ دا دەڵێت ئەم کرۆنۆلۆژیایەلە کتێبی (سنە لە ڕێڕەوەی ٥٧ ) ئامادەکردن و کۆکردنەوەی د، ئەمیر شمسی زادە، چاپی ئاراس ٢٠٠٧ وەرگیراوە . ل١٢٦، هەرچەندە خوێنەر ناتوانێت دڵنیابێت کە ئەم سەرچاوانە ڕاست بن، چوونکە دەکرێت تەنها گەمەیەک بن لەگەڵ خوێنەردا. خۆ ئەگەر ڕاست بن ئەوا کارەکە هێندەی تر ناوازە و تایبەتە، چوونکە کۆلاجکردن لەگەڵ بەرهەمی تر و کتێبی تر خەسڵەتێکی زۆر تایبەتی ئەدەبی پۆستمۆدێڕنە، بە تایبەتی کە ئەو سەرچاوانە یاداشتگەلێک بن سەبارەت بەو ڕۆژانەی شۆڕش و پشێویی کە بەشێک لە کات و ئەو ڕۆژگارەی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی تێدا ڕوو دەدات.

سەرەڕای ئەوە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی لە ڕۆمانی پۆستمۆدێڕندا هەیە لەم ڕۆمانەشدا هەیە بۆ نموونە:

١ ) له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات نه‌ک له‌ سه‌ره‌تاوه‌  _ له‌ ڕاستیدا له‌ زۆر ده‌روازه‌وه‌  (مدخل) ده‌ست پێ ده‌کات که‌ هیچیان ده‌روازه‌ی ڕاسته‌قینه‌ نین. زۆربەی بەشەکانی ڕۆمانی (لەوێ مەمرە) وا نووسراوە.

٢ ) کات پارچه‌پارچه‌ و له‌ ڕواڵه‌تدا بێ په‌یوه‌ندییه‌. لەم ڕۆمانەشدا بە وردی ئەم خاڵە جێبەجێ کراوە.

٣ ) بازنه‌یییه‌ و پێشه‌کییه‌کی نییه‌ که‌ تاکه‌ کۆتایییه‌کی هه‌بێت (کۆتاییی داستان کراوه‌یه‌)  به‌ درێژاییی کات حه‌ره‌که‌تێک نییه‌ که‌ کۆتایییه‌کی روون و دیاریکراوی لێ چاوه‌ڕوانکرێت.

٤ ) له‌هه‌ر کاتێکدا ده‌بێت بتوانیت بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای داستانه‌که‌.

٥ ) ڕوداوه‌کان یه‌کتر ڕاناکێشن یا دوای یه‌کتر ناکه‌ون، هه‌رچه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ گوێگر له‌ زه‌ینی خۆیدا بنه‌مایه‌ک بخاته‌ پاڵ ئه‌مه‌.

٦) ده‌توانیت هه‌ر بابه‌تێک بهێنیته‌ ناو چیرۆکه‌که‌وه‌، له‌ باسه‌ فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ تا ڕاپۆرت و وتاره‌ هونه‌ری و سیاسییه‌کان. که‌واته‌ چیرۆکی پۆستمۆدێرن مۆنتاژی داستان، وتار، ته‌نزه‌… (ده‌ق له‌ ناو ده‌قدا) ئەم خاڵە بەشێوەیەکی سەرەکی بەشێک لە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەی پێکهێناوە.

٧) شکاندنی هێڵی چیرۆک و په‌راوێزخستنیان (له‌گه‌ڵ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م ده‌رفه‌ته‌ خه‌ریکی باسگه‌لێکی تر ده‌بێت – ته‌نانه‌ت ده‌رباره‌ی فۆرمی چیرۆکیش گفتوگۆ ده‌کرێت). پاژی ١١ ل٧٦  پاژی ١١ ل ٧٨

٨ ) سیسته‌می فرەده‌نگی یا چه‌ند گێڕانه‌وه‌یی – چیرۆکه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک ته‌ریب ده‌ڕۆن و یه‌کتر ده‌بڕن و به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.زۆر لە پاژەکان فرەدەنگی و چەندگێڕانەوەی تێدایە. بۆ نموونە پاژی ٩

٩)  چیرۆک سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت له‌ ڕێژه‌گه‌رایی، فره‌ییی به‌ها، عه‌شقی جه‌سته‌یی، بێ سنووری ئه‌گه‌ره‌کان، ڕێککه‌وتبوونی ژیان، ناجێگیری بوون، جدینه‌بوونی هه‌موو بوون و ژیان.  

زمانی گێڕانەوە و زمانی گریمانە

وەکوو دەرکەوتەیەکی نوێ و داهێنان لە گێڕانەوەدا

مرۆڤەکان هەموویان ڕۆژانە دەگێڕنەوە، باسوخواس دەکەن و زۆر شتی تایبەتی و شتێکیش کە پەیوەندیی بەوانەوە نییە دیسان باس دەکەن و دەگێڕنەوە، بەڵام ئەوەی ئەم گیڕانەوە دەکات بە ئەدەب تەنها زمانە، کەواتە ئەدەب بریتییە لە زمان، مرۆڤیش بریتییە لە زمان، زمانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان سەرکێشییە، دەرگیربوونە لەگەڵ ئەم بوونە و واتا و گوتندا، سەرکیشییە لەو ڕووەوە کە ئەوەی فڵچە و ڕەنگ ناتوانێت دەریخات ئەم بیخاتە ڕوو. ئەوەی تیشک ناتونێت بیگاتێ ئەم بەدەستی بخات، ئینجا تیشک ئەو تیشکی خۆرە بێت کە بەبێ وی ناژین، یان تیشکی ئەو کامێرەیەی ئێستا بەدەستی هەرکەسێکەوەیە. لە بەرانبەر فڵچەدا ئێمە نموونەی سوهرابمان هەیە کاتێ ڕەنگ ناتوانێت و لە دەرخستنەوەدا پەکی دەکەوێت ئەو پەنا دەباتە بە شیعر و دەڵێت: گیای ئەو قەدپاڵە عەقڵی لەسەردا نەهێشتم، کە هەرگیز سوهراب نەیدەتوانی لە ڕێی ڕەنگ و فڵچەوە بیدرکێنێت، لە نموونەی دووەمیشدا لای من جۆزیف کۆنرادە، ئەو لە دڵی تاریکدا ئەو تیۆرییەی بە درۆ خستەوە کە دەڵێت هەر وێنەیەک شەش سەد وشە تا هەزار وشەیە، بەڵکوو ئەو، ئەو توانایەی دەرخست لە زمان و گێڕانەوەدا کە وشە لە ڕەنگ و زمان  لە کامێرا کاریگەرترە. دەتوانین ئەوەش بڵێین هەندێک لەو ڕۆمانانەی کراونەتە فیلم و وێنەی جووڵاو، ئەو چێژو کاریگەرییەی ڕۆمانەکە هەیەتی ونیان کردووە و هەرگیز فیلمەکە ناگات بە ئاستی ڕۆمانەکە، بەنموونە ڕۆمانی زۆربا.

لە ئەدەبی پۆستمۆدێڕنیشدا زمان شوێنگەیەکی بەرز و شوێندانەری هەیە، هەرچەندە ئەو ڕەهەندەش تێێدا کارایە کە زمان بازاڕی دەبێتەوە و بۆ ئاستی ئاخاوتنی ڕۆژانە و قسەی ئاسایی و تەنانەت جوێن و داشۆرین تا ئاستە نزمەکانی دەربڕین، بە چەشنێک هەجو parody  داشۆرین، تەنزsatire ، تانە Irony ئایرۆنی، لە نیشانە تایبەتییە زمانییەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێڕنن، ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ به‌رهه‌مه‌کانی براتیگان وه‌کو نووسه‌رێکی هه‌ڵکه‌وتووی پۆستمۆدێرن ڕەنگی داوەتەوە و ده‌بینرێت.

لە ڕۆمانی لەوێ مەمرە، بە گشتی زمان سادە و ڕوون و ڕەوان و بێگرێ و گۆڵە، تا ئەو ڕادەیەی لە چەند شوێنێکدا زمان ئەوەندە بازاڕی دەبێتەوە بۆ ئاستی دەربڕینی جوێن قسەی نەشیاوی ڕۆژانە کە ئەمە جێی داشۆرین و تانە ناگرێتەوە و بە بڕوای من لە ئاستی هونەری دەربڕینی گێڕانەوەکەی هێناوەتە خوار و بووتە خەوشێک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هیچ پاژ و بەشێکدا زمانی دەربڕین بەدەر نییە لە ئاستی هونەری گوتن و دەربڕین و گیڕانەوە بە ڕیتمێکی گونجاو هاوئاهەنگ دەڕوا، بە تایبەتی پاژی ٣٢ و ٣٥ لە پاژی ٣٢دا (هونەری چەندگێڕانەوەیی- کە سێ گێڕانەوەی تا ڕادەیەک جیاواز بۆ یەک چیرۆک دەکات کە ئەمەش کار دەکاتە سەر ئەنجامی کۆتاییی ڕۆمانەکە) لە پاژی ٣٥یشدا زمان بە ئاستێکی باشی هونەری خۆی دەگات و دۆخێک ئاستێک لە زمانی شیزۆفرینی دەئافرێنێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە خاڵێکی زۆر گرنگ کە من بیرم نایەت لای هیچ نووسەرێکی تر ئەمەم دیبێت ئەویش زمانی گریمانەیییە، یان زمانی بەگریمانە گێڕانەوەیە، وەکوو (گووتبێتی.. قیژاندبێتی .. ڕۆیشتبێت .. وای کردبێت…) ڕەزا لەهەردوو ڕۆمانەکەیدا ئەلف یا و ( لەوێ مەمرە) بەم زمانی گریمانەیە داهێنانی لە گێڕانەوەدا کردووە، جوانی ئەم بەگریمان گێڕانەوەیە تەنها تازەییەکەی نییە بەڵکوو ئەو لەکاتێکدا بە گریمانە شتەکانت پێ دەڵێت بەڵام لە ڕۆمانەکەدا ڕاستە یان بەڕاست دەگەڕێت، چوونکە کەشێکی خولقاندووە و چیرۆکێکی بۆ گێڕاویتەوە کە بەتەواوی پەیوەستی ئەو ڕووداوانەیە کە ڕۆمانەکەی لەسەر بەندە، بۆیە خوێنەر بەجۆرێک لە جۆرەکان ناچارە باوەڕ بەو گریمانەیە بکات و وەکوو ڕاستیەک پەسەندیان بکات (هەر ئەمەشە خاڵی گرنگ و سەرکەوتنی گێڕانەوەکە بە زمانی گریمانە) لەبەرئەوەی وەکوو تەونێک بەشەکان و ڕووداوەکان لێک هەڵدەپێکێتەوە ئەگەر لە خەیاڵی خوێنەرەکەشدا بێت یان یەکتریان پێ ڕۆشن دەکاتەوە، هەرچەندە زمانی گیڕانەوەکەش لەو شوێن و کاتەدا زمانی گریمانەیە.  نەک زمانی دڵنیایی کە ڕووداوەکان بۆ خوێنەر دەخاتە سەرباری ڕاستی و حەتمیبوون، دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەم زمانی بەگریمانە گێڕانەوەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە گێڕەرەوەی نادڵنیاوە نییە و سەربەخۆیە لەو. بڕوانە ل ١٦ تا ٢١ 

بێجگە لەوە (چەند گیڕانەوەیی) بۆ یەک بابەت، بەشێوەی کەمێک جیاواز کە گرنگی ئەم چەند گێڕانەوەییە لە یەک پاژی بچووکدا (پاژی ٣٢) لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت چەند گرنگە. چوونکە چەند ئاراستە و ئەگەری دەرەنجامی جیاواز دەڕەخسینێت، ئەمەش وا دەکات کۆتاییی ڕۆمانەکە خۆ بەدەستەوە نەدات بۆ یەک جۆر بڕوا و تێگەیشتن و یەک دەرەنجام، بەڵکوو کۆتاییی ڕۆمانەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە، کە ئەمەش لە ڕووی تەکنیک و پلۆتەوە ئاستی ڕۆمانەکە زۆر سەردەخات، تەنانەت ل٢٢٣ دەبەستێتەوە بە پاژی ٤١ ل ٢٧٨.

بەڵام حاڵەتی شیزۆفرینی هەندێ کاتی جیاوازی کارەکتەرەکان کە لە پاژێکی تایبەتدا بە دیاریکراوی پاژی ٣٥دا زمانی ڕۆمانەکەی لە سادەیییەوە گۆڕیوە بۆ ئاستێکی گرنگی گێڕانەوە و دەربڕین و لێهاتوویی لە توانای گیڕانەوە و بەرجەستکردنی ئەو ڕەهەندە شیزۆفرینییە دەروونییانەی کارەکتەرەکان هەیانە.

هەروەها خاڵێکی دیکەی گرنگی ئەم ڕۆمانە وەکوو هەر ڕۆمانێکی دیکەی پۆستمۆدێڕن ئەوەیە تەکنیکی هەڵماندن و دڵۆپاندن پەیڕەو دەکات.

١ – ته‌کنیکی دڵۆپاندن:  له‌  چیرۆکدا  که‌م  که‌م  زانیاری ده‌درێت. به‌مه‌ستی پێکهاتی ته‌وسیفی و ده‌رخستنی چنینی ده‌ق و هه‌روه‌ها به ‌مه‌به‌ستی هاندانی خوێنه‌ر بۆ  به‌شوێنداگه‌ڕانی.

٢ – ته‌کنیکی هه‌ڵماندن – تبخیر: په‌یامی دوو لایه‌نه‌ یان چه‌ند لایەنه‌ وه‌کوو پڕوپاگه‌نده‌یه‌ک له‌ ده‌قدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ تا گوێگر له‌ شیکاری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌قدا بوروژێت و له‌ کۆتاییدا مانای لاوەکی ببێته‌ هه‌ڵم .


لە نێوان کارەکتەر و کاریکاتۆردا

ڕۆمانی لەوێ مەمرە چەند سەرنجێک دەربارەی کارەکتەرسازی

ئەگەر لە تێڕوانین لە کارەکتەر و شوناس و خولیا و ئایدیای کەسێتیی نێو ڕۆمانەوە، بمانەوێت لە گرنگی و بنەما و بونیاد و بەهای ڕۆمان تێبگەین، ئەوا وەکوو (ناتالی ساروت) دەڵێت کەسێتی لە ڕۆماندا زۆربەی ئەو شتانەی کە هەیبوون لەدەستی داوە، تەنانەت گەیشتووە بەوەی ناوەکەی خۆیشی ون بکات.

 هەڵبەتە من نموونەی ئەمەم لە ڕۆمانی “برسێتی”ی کنود هامسۆندا بینی، لەو ڕۆمانەدا پاڵەوانەکەی ناوی نییە، ئەگەر لە ڕۆمانی نوێدا کارەکتەر وا شپرز و ڕووتەڵە بووە، بێگومان لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا کێشەکە سەبارەت بە کەسایەتی و کارەکتەرەکانی ڕۆمان قووڵتر بووەتەوە، تا گەیشتووە بەوەی کارەکتەرەکان کەسێتی شیزۆفرینی و کاریکاتۆری بن، یان وەکوو تارمایی و سێبەر بڕۆن و بێن و جارجار دەرکەون، یان لە کەوڵی کەسی تر و گیانەوەری تردا.

سەرەڕای ئەوەش بەڕای من، ئێمە نابێت تەنها لەم ڕەهەندە نەرێنییەوە لە کەسێتی و کارەکتەرسازی نێو ڕۆمان بڕوانین، دەبێت خاڵی گرنگتر لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەک کە ئەوەی کەسێتیی نێو ڕۆمان لەدەستی داوە، ڕەهەندە گرنگ و دروست و هەقیقەتەکانی نییە، بەڵکوو دەشێت لایەنی داتاشراو یان بەزۆر ئاخێنراو کە بارگرانی بووبێتن لەسەری ئەمیش وەکوو کاژێک لەخۆی داماڵیبن، کە زۆر پەیوەندیدار نەبن بە کەسێتیی ڕاستەقینەی نێو خودی ڕۆمانەکانەوە، بەڵکوو ئایدیا و خەیاڵی تێئاڵاوی هەردەم خوازراوی نووسەر یان بازاڕی خوێنەرە سادەکان بووبن.

لای من هەڕچەندە کارەکتەرەکان بێ شوناس و دەروون شێواو و شکستخواردوو بن، بەڵام دەشێت ڕاستگۆتر و ئازادتر بن لە گوزارشتکردن لە خۆیان، تا مرۆڤی ئەمڕۆی ناو دنیای مۆدێرن و دەمامکدار، چوونکە مەرجە کارەکتەر ئازاد بێت و هەروەها بەزۆر دروستی نەکەیت بەڵکوو ئەوە بۆشایی و پلان و نەخشە و گەڵاڵەی نێو ڕۆمانەکە و پێویستییەکی نێو ڕووداوەکانە ئەو دەهێنێتە پێشەوە و بەو هۆیەوە ڕۆڵ دەگێڕێت، نەک کەسێتییەکی داسەپاو و پاڵەوانێکی ئایدۆلۆژی.

بە واتایەکی تر کەسێتییەکانی ناو ڕۆمان خۆیانن بە هەقیقەتی خۆیانەوە هەن و نواندن ناکەن، ئەگەرچی ئەوان بۆ ئەوە لەوێن بنوێنن ئەو ڕۆڵەی واقعیەتێکی شاراوە نیشان دەداتەوە یان شتێک کە وەکوو ڕاستی دەقی گرتووە هەڵدەوەشێننەوە، تەنها لە ڕێی نیشاندانەوەی لە گۆشەیەکی داشاردراو یان نەبینراوەی ترەوە، بەڵێ ئەوان بە هەقیقەتی خۆیانەوە لەوێن چوونکە ئازادانە لە خۆیان دەدوێن و هیچ ناشارنەوە و درۆ لەگەڵ خۆیان دەورووبەریان ناکەن، شەرم لەوە ناکەن کە کێن و چی دەڵێن، بەڵام لە واقیعدا مرۆڤەکان شتێک دەڵێن بەڵام شتێکی تر ئەنجام دەدەن و شتێکی تر لە دڵ و دەروونیاندا دەگوزەرێت، تەنانەت ئامانجێکی لەوە جیاوزتریشیان هەیە.

(شیاوی باسە چەند مانگێک لەمەوپێش کەسێک کە کتێبخوێن و دەرچووی زانکۆیش بوو، لە باسی ڕۆماندا لە منی پرسی ڕۆمان چییە؟ کاتێ هەروا بەسادەیی منیش پێمگوت ڕۆمان چیرۆکێکی درێژە کەسێک نووسیویەتی و چێژێکی ئەدەبی هەیە کۆمەڵیک ڕووداو و کارەکتەر لەخۆ دەگرێت. ئەو گوتی یانی چیرۆکێکە و ئەو کەسە خۆی نووسیویەتی، وتم بەڵێ، وتی کەواتە ڕۆمان درۆیە، گوتم نەخێر ڕۆمان ڕاستە و ژیان درۆیە. گوتی چۆن؟ زۆر سەیری لێهات، دواتر بۆم شی کردەوە کە لە ژیاندا خەڵک ڕاستییەکان دەشارنەوە و درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن و لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ناتوانن ڕاستیی دڵیان بڵێن بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر فێڵ و هەمیشە دەمامک لەسەر ڕوخسارییانە، ئەویش گوتی ڕاستە، وتم بەڵام لە ڕۆماندا ڕاستییەکان دەگوترێن و شەرمیان لێ ناکرێت و کەسەکان ئازادانە بێ ترس و دوودڵی قسەی خۆیان دەکەن. ڕەنگە ڕووداوەکانیش ڕاست نەبن بەڵام بەگشتی گوزارشت لە ڕاستییەک دەکەن کە تۆ لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەو ڕاستییانەت دەست ناکەوێت، یان لێت دەشاردرێتەوە.)

لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر ڕۆمان لە ئێستادا کارەکتەرەکانی زۆر شتیان لەدەستدا بێت تا دەگاتە ناوی خۆیان، بەڵام زۆر شتی تریان بەدەست هێناوە کە هەیبەتی ڕۆمان گرنگتر و بەهێزتر دەکات، ئەویش کەشفی خەون و دەروونی مرۆڤەکان و پەشێوی و – لەکاتێکدا ئەم پەشێوییە داپۆشراوە بە باقوبریقی کاڵا- و تێکەوتنی مرۆڤە بە دنیایەک لە نادڵنیایی و پەرتەوازەبوون و ونبوون و نەمانی بەها و لەدەستدانی  خود و نامۆیی و  ژیانی مۆتەکەیی و نائارامی و ناسەقامگیری.

لەڕووی تیۆرییەوە ئەگەر سەرنج بدەینە کارەکتەرسازی دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەرستۆ بەر لە هەمووان دەڵێت : “هونەرمەندان لاساییی ئەو تاکانە دەکەنەوە کە دەرگیری ئەنجامی کاردانەوەن” بەپێی گوتەی “هاردیسۆن”یش لە ئەدەبیاتی یۆناندا، جەخت لەسەر کاردانەوە دەکرێت نەک تاکێک کە کاردانەوە نیشان دەدات. یەکەم جار کاردانەوە دەناسرێت و دواتر دەچێتە بواری لاساییکردنەوەوە.

دیدگای فۆرمالیستەکان و هەندێ لە بنەماخوازانیش بە شێوەیەکی زۆر نائاسایی دیدیان لە هەمان دیدگای ئەرستۆ دەچێت، ئەوانیش لەسەر ئەو باوەڕەن، کە کەسێتییەکان بەرهەمی گەڵاڵە و نەخشە و پلانەکانن و شوێنی ئەوان پێگەیەکی کارکردییە. بە کورتی ئەوان بەشدار یان کاردانەوەکارن نەک پێمان وابێت ئەوان بوونەوەرێکی واقعین، ئەوان پێیانوایە تیۆریی گێڕانەوە دەبێت لە چیەتیی دەروونناسی دوور بکەونەوە و خۆ ببوێرن. ڕەهەندەکانی کەسێتی تەنها دەتوانێ کارکردی  functionبێت.

هەندێ لە ڕەخنەگرانیش لە هەوڵی دروستکردنی هاوسەنگییەکدان هێنری جیمز دەپرسێت: “ئایا کەسێتی بێجگە لە دیاریکەری ڕووداوەکان چی ترە؟ ئایا ڕووداو بێجگە لە ڕاڤەی کەسێتییەکان چیترە؟ ڕووداو و کەسێتی لە ڕووی لۆژیکییەوە هەردووکیان بۆ ڕۆمان پێویستن ئەوە سروشتی گۆڕاوی نووسەران و خوێنەرانە کە ئەوە دیاری دەکات کە کامیان زیاتر لای ئەو گرنگترە.

بنەماخوازانێکی تر هەن وەکو تۆدۆرف و بارت کە زیاتر مەیلیان بە ڕۆمانی ئاڵۆزە، بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە دەبێت تێگەیشتنێکی کراوەتر و نا کارکردی بۆ کەسێتی پێشکەش بکرێت. تۆدۆرۆف پشتیوانی لە کەسێتی دەکات، لەهەمان کاتدا دوو دەستەبەندی فروانی ڕوون کردەوە: ئەو ڕۆمانانە کە جەخت لە گەڵاڵە و نەخشەوپلان یان نادەروونناسی دەکەنەوە، ڕۆمانگەلێک کەسێتی تەوەر یان دەروونناسین.

لە ئەدەبی پۆستمۆدێرندا کارەکتەر خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیە هەیە کە نە بەرهەمی ڕووداوە نە بۆ ڕووداو خولقاوە، بەڵکوو ئەو هەیە تەنها لەبەر ئەوەی لەناو بووندایە، بەناچاری هەیە و بێ ئەملاولا ژیانی ئەویش لەناو بوونی ڕێککەوتەکاندایە و بە زۆری بە جۆرێکن کە ملکەچی هیچ یاساو ڕێسایەک نابن. بە کورتی هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی کارەکتەر لەم ڕۆمانەدا و لە ئەدەبی پۆستمۆدێرندا بەم چەشنەن:

١. کاره‌کته‌ری چیرۆکه‌ پۆستمۆدێرنه‌کان ڕه‌وانن، خزن، ناکرێ بڕوایان پێ بکرێت له‌گه‌ڵ شوناسێکی خه‌یاڵیدان بوونیشیان هه‌ڵگری هزر و کردار و گوفتاری واقیعی و ناواقیعی، خه‌وناوی و مۆته‌که‌یییه‌ که‌ مه‌به‌ستی پچڕانه‌ له‌ هه‌موو شتێک.

٢. له‌ چیرۆکی پۆستمۆدێرندا میتۆدی ئاسایی له‌ کاره‌کته‌رسازی و ڕووداو دروستکردندا ده‌چنه‌ ئاستێکه‌وه‌ ملکه‌چی هیچ قاعده‌ و ڕێسایه‌ک نابن.

٣. کاره‌کته‌ر له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا به‌ کاتیگۆری (باوه‌ڕ ده‌که‌م) له‌ سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا به‌ کاتیگۆری (پێم وایه‌) لای ڕۆمانتیکه‌کان به‌ مه‌فهومی من (هه‌ست ده‌که‌م) و له‌ دۆخی داروینیزمیدا به‌ کاتیگۆری (ده‌یگۆڕم)، له‌ ژینگه‌ی فرۆیدیدا به ‌کاتیگۆری (خه‌و ده‌بینم) له‌ دۆخی ئه‌گزیستانسیالیزمیدا (من هه‌ڵده‌بژێرم) ده‌پێورێت. کاره‌کته‌ر له‌ چیرۆکی پاشمۆدێرنێتیدا دوچاری (من په‌شۆکاوی)یه‌.

لەم ڕۆمانەشدا، فەرەیدوون کەسێکی کوشتووە، سوهراب باوەڕی کە هەڵگیراوەتەوە نازانێت دایکوبابی کێیە؟ ئەدا کە هێشتا گەنجە دەخرێتە خەڵوەتگەوەوە، سارا کە کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە کوژراوە یان ڕۆیشتووە بۆ دەرەوەی وڵات، تیمسار کە دەستدرێژی دەکاتە سەر بووکی خۆی. هەموو کارەکتەرەکان لە دۆخی ڕەوانی شکست و پەشێویدان.

٤) کاره‌کته‌ره‌کان له‌ ڕووی دەروونناسییه‌وه‌  شیزۆفرینین.

کارەکتەری مەرکەزی یان پاڵەوان لەم ڕۆمانەدا بوونی نییە، ڕۆڵەکان بەشێوەی تا ڕادەی یەکسان دابەش بوون، واتە پاڵەوانێکت نییە و ئەوانی تر لە دەرەوەی ئەم بخولێننەوە تا پاڵەوانێتی ئەم دەرخەن و بنرخێنن، بەڵکە دەشێت هەر کارەکتەرێک بەرزایییەک یان جەمسەرێکی بۆ خۆی گرتبێت و هەریەکەیان بیانوویەک و ڕووداوی خۆی هەبێت.

 لێرە لە دەقی ( لەوێ مەمرە) سارا و جەهان باوەڕی و تەنانەت ئەو مەلۆتکەیەی هەڵدەگیرێتەوە و کەس نازانێت بۆ فڕێدراوە (دواتر دەبێتە سوهراب باوەڕی) هەموویان پاڵەوانن.

تەنانەت لە چیرۆکە پۆستمۆدێرنەکاندا هەندێ جار کارەکتەرەکان کاریکاتۆرین، لەم ڕۆمانەشدا لە چەند شوێندا کارەکتەرەکان دەچنە دۆخێکی وەهاوە، هەروەها تۆ نازانیت تارا و سارا چی یەکترن، خوشکن یان هەر تارا خودی سارایە، لە کۆتاییدا چی ڕووی داوە، وەکوو سەرنووسەر دەڵێت: ئەرێ کەس نازانێت چی ڕوویداوە منیش وەکو تۆ دەڵێم تارا نەک ڕابردووی سارایە بەڵکو داهاتووی بووە. من ئەمەم بۆ ناسەلمێت کوژراوە یان ڕۆیشتووە. ل٢٨٠

 (لەوێ مەمرە) گرێیەکی هزرییە لەگەڵ ناشوێن بۆ مردن

  یان لەگەڵ شوێن بۆ ژیان؟

هەرچەندە من لەم بابەتەدا کارم لەسەر ڕاڤە و کۆدشکێنی نەکردووە، بەڵام پێمخۆش بوو ناونیشانی ئەم تێکستەش دەورە بدەم بێ ئەوەی لە بیری کۆدشکێنیدا بم لەگەڵی، تا تێبگەم بۆچی ڕەزا کێشەی لەگەڵ مردن نییە و کێشەی لەگەڵ شوێن هەیە بۆ مردن، من لە مێژە ئەوەم لە سێوران بیرمەندی ڕەشبینی ڕۆمانی بیستبوو کە دەڵێت: “دۆشداماوم نازانم لە کوێ بمرم” من نازانم سێوران لە چ کۆنتێکستێکدا ئەم گوتەیەی درکاندووە، بەڵام ئەوەی لێ دەخوێنمەوە کە سێوران ئەم شوێنەی واتە زەوی بە شوێنی شایستە بۆ ژیانی خۆی نەزانی بە هۆی خراپەکاری مرۆڤەوە، بۆیە نایەوێت هەر لەو شوێنەشدا کە ژیانێکی شایستەی تێیدا نەبوو تێیدا بمرێت، چوونکە ئەو دەیەوێت لە شوێنێک بمرێت کە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیشی تێدا کردووە. لێرەوە شوێن گرێیەکی هزرییە بۆ مردن. هەر لەم ڕوانگەوە منیش دەمەوێت ڕەهەندێکی تر لەو ناونیشانە نیشان بدەم جیاواز لەوەی خوێنەر دەیبینێت، چوونکە ئەگەر ناونیشان هەڵە بوو ئەوا ئێمە دەبات بۆ شوێنێکی هەڵە. ڕەزا لە ڕۆمانەکەی پێشوویدا (ئەلف/یا) گرێی شوێنی بۆ مردن نیشانداوە بەوەی دەڵێت لە کوێ بمرم؟ ل١١، هەرچەندە ناونیشانی ئەم ڕۆمانە لێرەدا قسەیەکی گەلاوێژە بە مورادی مێردی دەڵێت کاتێ دەچێت بۆ سەربازی و پێی دەڵێت لەوێ مەمرە، بەڵام لە کۆتایییەکاندا وەکوو ئەوەیە بڵێی بانگهێشتی کردووە بۆ مردنێکی خۆکرد!، نەک لەوێ لەسەر خاکێکی غەریب بە گولەی سەربازێکی نەدیدە مردنی لەسەر بسەپێنن، یان لوغمێک لەتوکوتی بکات، چوونکە موراد دواجار لە حەوەشەکەی خۆیاندا بە پەتێک خۆی بە پەیژەیەکدا هەڵدەواسێت و مردنێکی خۆکرد دەمرێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو خواستە بوو کە هاوسەر و منداڵەکانی تەمەنایان دەکرد. ئەگەر زۆر دوور نەکەوینەوە و دووبارە بپرسین بۆچی ڕەزا کێشە لەگەڵ مردن نییە، کە بەتەواوی کێشەیەکی فەلسەفییە بەڵام کیشەی لەگەڵ شوێن بۆ مردن هەیە، ڕەنگە وەڵامێکی ئەوتۆمان دەست نەکەوێت، بێجگە لەوەی کە بڵێین ڕەزا مردن ناکاتە کیشە لە ڕۆمانەکەیدا ئەوەندەی لەدایکبوون دەکاتە کیشە و پاشان پێکەوەبوون و نەریت و یاساکان و بەدبەختییە هزرییەکانی شۆڕش و دەستەڵاتدارێتی و سیستەمە سیاسییەکان. ئەگەرچی سەربوردەی جەوانی بە تایبەتی موراد بە خۆکوشتن و سارا بە کوشتنێکی نادیار و تارا ونبوون کۆاتایی دێت. لەلایەکی تریشەوە مردنی (سۆراب باوەڕی) دەبێتە گرێیەک و بابەتێکی دەروونی و ویژدانی کە گرێچنی ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد دەنێت دیسان نەک کێشەیەکی فەلسەفی پەتی. بەڵام دیارە لای ڕەزا لەدایکبوون و ژینگە و ئەو واقعە پڕ گرفت و ئاڵۆزەی هەیە کێشەیە و گرێیەکی هزری نەک خودی مردن، چوونکە مردن حەتمییە و تەواوکەری پرۆسەیەکە کە ژیانە، کەواتە لای ڕەزا خودی ژیان بەوەی هەیە دەبێت ڕەخنە بکرێت. بەم هۆیەوە دەرفەت بۆ تێڕامان لە مردن نەبوو.

ئەنجام و کۆتایی

لە کۆتاییی ئەم باسەدا ئێمە دەگەینە ئەو ئەنجامەی بڵێین ڕۆمانی لەوێ مەمرە ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنە، بە نەفەس و ناوەرۆکێکی کوردیی داهێنەرانە نەک لاسایی و کۆپیکردن و خۆهەڵواسین بە سەبکێک و گیرخواردن لە چوارچێوەیەکی باودا، هەرچەندە لەوێ مەمرە بە هەموو پێوەرێک تیکستێکی پۆستمۆدێرنە، بەڵام نووسەر بە ئاگایییەوە و بەوپەڕی توانا و شارەزایییەوە داهێنەرانە مامەڵەی لەگەڵ بونیاد و پێکهاتە و گەڵاڵەی دەقەکە و زمانی گێڕانەوە و کارەکتەرەکاندا کردووە، ئەمەش وای کردووە دەقەکە لە قالبێکی تەسک یان دەڵب و نەشازدا لە نوسان و هاتووچووندا نەبێت و شل و شێواو و فشەڵ دەرنەکەوێت، بەڵکوو دەقێکی جێگیر و پڕ و پتەو بە ڕیتم و هاوسەنگ لە گێڕانەوە و گونجاو لەگەڵ فۆرم و پێکهاتە و ڕووداوەکان و کات ڕەخساندندا، لە ڕووی پاسۆلۆجی و خەسارناسییەوە ئەوپەڕی دەستگرتن بە وشە و زمان و دەربڕین و خەسارنەکردنی وشە و زیادەڕەوینەکردن لە کارەکتەر و ڕووداوی لابەلاو زیادە، بەم پێیەش ئەم تێکسەتە بە تەواوی دەقێکی هاوسەنگ و جێگیر و بەچێژ و پتەو بە دنیابینی و بێلایەنی. لە ڕووی گێرانەوەوش فرەدەنگ و فرەگێڕەرەوە، بەبێ ئەوەی هەڵبەز و دابەزێکی وەها بە زمانەکە بکات کە کاربکاتە سەر ڕیتم و چێژی دەربڕین و داڕشتن و ڕستەسازی، لە کاتێکدا بەهۆی کۆلاجکردن و هێنانی یادداشت و تەکنیکی تازە و هێنانی ژانری شیعر بۆ ناو قوڵایی و گەڵاڵە و ڕووبەری گێڕانەوەی دەقەکە، تەواوی تێکستەکە تەنراوە بە ڕەنگ و ڕووی جیاواز، بەڵام چوونکە هەموو ئەمانە لە خزمەتی ناواخن و ستراتیژی دەقەکەدان ئەوەندەی تر ڕۆمانەکەیان دەوڵەمەند و پتەو و تانوپۆدار کردووە، نەک دەقەکە لە ئاراستە و گرێژەنەی خۆی دەرکەن یان تەنها کەمێکیش بترازێنن.

   سەرەڕای ئەوە داهێنان لە گێڕانەوەدا، هەم سەرکەوتووانە خستنەکاری زمانی بەگریمانە گێڕانەوە، ئەمە لە کاتێکدا خوێنەر ناچار بکرێت کە ئەم گریمانە بە واقیعی و وەکوو ڕاستییەکی جێگیر وەرگرێت و پەسەند بکات. هەروەها هیچ کاتێ هەست بە بوونی قۆرت و گرێی ناقۆڵا و لە ئاراستە دەرچوون و کاری لابەلایی و زۆر لەخۆکردن لەم تێکستەدا ناکەین. دەتوانم ئەوەش بڵێم ئەم تێکستە نەئاڵۆزێنراوە، وەکوو هەندێک پێیانوایە، بەڵکو فۆرم و تەکنیکی دەقەکە کە خۆی لە چوارچێوەی دەقێکی پۆستمۆدێرندا دەبینێتەوە، وای کردووە کە ئەدگار و خەسڵەت و تایبەتمەندیی لایەنی هونەری و تەکنیک وای لێ بکەوێتەوە کە ئاڵۆز دەردەکەوێت نەک بەئەنقەسەت ئاڵۆزکاو و شێوێنراو بێت، ئەگەرنا بۆ خوێنەری جدی و بە حەوسەڵە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵکوو دەقێکی داهێنەرانەیە چوونکە خۆی قەتیس نەکردووە لە چوارچێوەیەکی داخراو و یەک ڕووداو بەڵکوو بەهۆی ئەوەی دەقێکی پۆستمۆدێرنە ئازادانەتر بای باڵی خۆیداوە، تواناییی نووسەریش شیاو و گونجاو و لێوەشاوە خۆی دەرخستووە بۆ ئەم چەشنە کارکردنە و ئەم جۆرە تەکنیک و فۆڕمە، چوونکە نووسەر بە چەشنێکی زاڵ دەستەڵاتی بەسەر ئەم ڕووبەرە ئازاد و بەرئاوەڵا و لە چوارچێوەنەنراو و بەرفروان و دژە باوەدا شکاوە بۆ کارەکەی تا ئاستی خەلاقیەت و ئەفراندن.

سەرچاوە:

١- ڕۆمانی لەوێ مەمرە، ڕەزا عەلی پوور، چاپی یەکەم ٢٠٢٥ ، دەزگای سەردەم

٢- نظریەهای رمان. دیود لاج، ایان وات… ترجمە حسین پایندە

٣ – نظریە و نقد ادبی – درسنامەای میان رشتە ای – حسین پایندە

٤ – آشنایی با مولفە های ادبیات داستانی پست مدرن – رضا پارسا

٥ – داستان و گفتمان، سیمور چتمن، مترجم: راضیە سادات میر خدران