له‌باره‌ی خوێنه‌ری ڕۆمانه‌وه‌

بۆ ئه‌وه‌ی باسی خوێنه‌ر بکه‌ین، ناکرێت له‌باره‌ی سێکوچکه‌ی (نووسه‌ر- تێکست- خوێنه‌ر)ەوە تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه‌مان نه‌بێت. له‌پاڵ ئه‌م چه‌مکانه‌دا ده‌بێت له‌ ئاکتی نووسین و خوێندنه‌وه‌ ڕابمێنین. گه‌ره‌کمه‌ له‌باره‌ی خوێنه‌ره‌وه‌ به‌دوو هه‌ندێ سه‌رداودا بچم، تا له‌و‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ زوومی هه‌ندێ بابەتی تایبه‌ت به‌ کرده‌ و جۆر و ئه‌رکی خوێنه‌ر به‌گشتی و دواتر بچووککردنه‌وه‌ی بازنه‌که‌ بۆ – خوێنه‌ری ڕۆمان- بکه‌م.

بێگومان ده‌یان نووسه‌ر و فه‌یله‌سووف و ڕه‌خنه‌گر له‌باره‌ی چه‌مکی خوێنه‌ره‌وه‌ نووسیویانه‌، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ته‌نیا دیدگای یه‌ک نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ڕوانینه‌ جیاواز و سه‌رنجڕاکێشه‌ی بۆ چه‌مکی خوێنه‌ر هه‌یه‌تی؛ چوارچێویه‌ک بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕۆڵی خوێنه‌ری ڕۆمان بخه‌مه‌ ڕوو‌.

ڤۆلفگانگ ئایزەر لە کتێبی “The Act of Reading: A Theory of Aesthetic Response” بە وردی باس لە پڕۆسه‌ی خوێندنەوە دەکات، وەک ئەزموونێک کە تێیدا هۆشیاریی خوێنەر لەگەڵ پێکهاتەی تێکستدا کارلێک دەکات. ئێمە کاتێک باس لە چەمک و بیرۆکه‌کانی نێو تیۆرییه‌که‌ی ئایزه‌ر دەکەین، مه‌به‌ستمانه‌ تێبگەین خوێنەر چۆن ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه‌، چۆن پێوەندی لەگەڵ تێکسته‌که‌ دروست دەکات، چۆن مانا به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟ لە ئەنجامی ئەم پێوەندییەدا، باس لە جیاوازیی نێوان ئەو خوێنەرە گریمانەیییە دەکەین کە ڕۆماننووس لە کاتی نووسیندا لە بیریەتی و ئەو خوێنەره‌ی لە واقعدا ڕۆمانه‌که‌ دەخوێنێتەوە. باس لە بۆشایی و ناڕوونییەکان دەکەین، که‌ ڕۆماننووس به‌ ئاگایییه‌وه‌ بۆ خوێنەری جێ هێشتوون. باس لە بەرپرسیارێتیی ڕەوشتیی خوێنەر دەکەین لە پێکهێنانی مانادا. باس لە چۆنیەتیی کاریگەریی جیاوازییە کولتووری، مێژوویی و کەسێتییەکان لەسەر تێگەیشتن دەکەین.

ڤۆلفگانگ ئایزەر (١٩٢٦-٢٠٠٧) تیۆریسەنی ڕەخنەی ئەڵمانی

چەمکی خوێنەری شاراوە- ناوه‌کی- گریمانه‌یی (Implied Reader)، کە لەلایەن ئایزەرەوە پەرەی پێ دراوە و بەشێکە لە به‌رهه‌می قوتابخانەی کۆنستانس و تیۆریی وه‌رگرتن، نه‌ک هەر گۆڕانکارییەکیی بنەڕەتیی بەسەر شێوازی تێگەیشتنمان لە پێوەندیی نێوان تێکست و خوێنەردا هێنا، بەڵکوو پرسیارە فەلسەفییەکانی بوون، مانا و ڕەوشتیی خوێندنەوەی قووڵتر کردەوە. ئایزەر بە دوورکەوتنەوە لە قوتابخانە تیۆرییەکانی پێش خۆی، کە تەنیا بایەخیان بە نووسەر یان تێکست دەدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و پێگەی بنەڕەتیی خوێنەر لە پڕۆسەی بنیاتنان و سەرپێخستنی مانا. خوێنەری شاراوە لە ئاستێکی قووڵدا خاوەنی قەوارەیەکی ئاڵۆز و دژیەکە. ئایزەر ئەم خوێنەرە وا پێناسە دەکات؛ کە لە دەرەوەی تێکستدا بوونێکی فیزیکیی نییە، بەڵام لە چوارچێوەی تێکستدا زۆر چالاکە. خوێنەری شاراوە، هاوکات ئامانج و ئامێرە؛ نووسەر لە کاتی نووسیندا بۆ ئەم خوێنەرە گریمانەیییە دەنووسێت، بەپێی ئاستی زانیاری، کولتوور و چاوەڕوانییەکانیی ئەو خوێنەرە دەجووڵێتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم خوێنەرە خۆی لە تێکستدا دروست دەبێت و پێناسە دەکرێت. مانا و واتای قووڵ، نەک بەس لە تێکستەکەوە سەرپێ دەکەوێ، بەڵکوو لە کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەری شاراوەوە سەرچاوە دەگرێت. خوێنەری شاراوە وەک چوارچێوەی ئەم ئەزموونە کار دەکات، کە چۆن هۆشیاریی خوێنەر ئاڕاستە بکرێت بۆ ئەوەی ئەزموونی ئێستاتیکی دروست ببێت. پێویستە له‌ یادمان نه‌چێت، که‌ مانا بە یەکجار دروست نابێت، بەڵکوو بە هێواشی لە ماوەی خوێندنەوەدا، لە ڕێگەی دروستکردنی چاوەڕوانی و سەلماندن، یان شکاندنی ئەو چاوەڕوانییانەی هه‌ن، بەرهەم دێت.

لەنێوان نووسەر و خوێنەری شاراوەدا پێوەندییەکی باڵا هەیە. نووسەر هەوڵ دەدات لە خۆی دەربچێت و ببێتە خوێنەری خۆی، واتە هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی وەرگرتنی تێکستەکە لەلایەن “ئەوی دیکە”وە. لێرەدا خوێنەری شاراوە ڕێگەیەکە بۆ دەرچوون لە ئیگۆی نووسەر و دروستکردنی پێوەندییەک لەگەڵ ئەو جیاوازییەی کە خوێنەری ڕاستینە نوێنەرایەتیی دەکات. ئەم پرۆسەیە پرسیارێک دەخاتە ڕوو: چۆن نووسەرێک دەتوانێت بۆ کەسێک بنووسێت کە تەواو نایناسێت؟ وەڵامەکەی ئایزەر لە خودی دیالێکتیکی خوێنەری شاراوەدایە؛ خوێنەرێک بوونی هەیە و نییە، دروستکراوە و دروستکەرە، کار دەکات و کاری تێ دەکرێت.

گرنگە چه‌مکی خوێنەری شاراوە- ناوه‌کی لە چەمکە هاوشێوەکانی تر جیا بکرێتەوە. بۆ نموونه:‌ خوێنەری شاراوە و خوێنەری ڕاستینە چیی جیایان ده‌کاته‌وه‌؟ یەکەمیان ئایدیاڵ و گریمانەیییە. ڕۆڵێکی دیاریکراوی هه‌یه‌، به‌ڵام دووەمیان لە واقعدا تێکستەکە دەخوێنێتەوە و ئەزموون و پێشینەی کەسێتیی خۆی تێکه‌ڵ ده‌کات. خوێنەری شاراوە و نووسەر پێوه‌ندییه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه‌. خوێنەری شاراوە بەرهەمی نووسەرە، بەڵام هاوواتای خودی نووسەر نییە. نووسەر خوێنەرێکی گریمانەیی لە خەیاڵدایە، بەڵام ئەم خوێنەرە وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ لەنێو تێکستدا ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی هه‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ لە چاوەڕوانییەکانی نووسەر دەربچێت. خوێنەری شاراوە پێوەندیی بە چەمکی پۆلیفۆنی باختین-یشەوە هەیە، چونکە تێکستە قووڵه‌کان چەندان دەنگ و چاوەڕوانی لە خۆ دەگرن و لێرەدا خوێنەری شاراوە دەتوانێت چەند خوێنەرێک بێت له‌ یه‌ک کاتدا. ئەمە تێکستەکە دەکاتە شوێنێک کە تێیدا دەنگە جیاوازەکان ببیسترێن.

سەرەڕای گرنگییەکەی، چەمکی خوێنەری شاراوە- ناوه‌کی ڕووبەڕووی هه‌ندێ ڕەخنەیش بووەتەوە. ڕەخنەگرانی بواری فێمینیست، پۆستکۆلۆنیال و مارکسیست جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، خوێنەری شاراوە زۆرجار ڕەنگدانەوەی خوێنەرێکی سپیپێست، نێرینە، خۆرئاوایی و خاوەنپێگەی چینایەتیی باڵایە، کە جیاوازییە کولتووری و چینایەتییەکان پشتگوێ دەخات. ڕەخنەیەکی تر ئەوەیە: ئەم چەمکە سنوور بۆ خوێنەر دادەنێت و ڕێگەیه‌کی کەم بۆ لێکدانەوەی جیاواز دەهێڵێتەوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگرانی وەک  ڕیکۆر و بارت و دێریدا جەخت لەسەر ئازادیی خوێنەر و کراوەییی تێکست دەکەنەوە. خوێنەری شاراوە وەک یاسایەکی لۆژیکی گشتاندنی بۆ دەکرێت، له‌ کاتێکدا ده‌کرێت خوێنەران و چاوەڕوانییەکانیان به‌پێی کات بگۆڕێن و ئه‌و خوێنەره‌ ڕه‌نگه‌ نەتوانێت وه‌ڵامی گشت گۆڕانکارییەکان بداته‌وه‌. سەرەڕای تێبینی و سه‌رنج له‌سه‌ر ئەم سنووردارییانە، چەمکی خوێنەری شاراوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر لێکۆڵینەوەی ئەدەبی هەبووە، بە تایبەت لە ڕەخنەی شێوازناسیانەدا، چونکه‌ یارمەتیی ڕەخنەگرانی داوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی شێوازە ئەدەبییە جیاوازەکان. هەروەها بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیا لە تێکستدا. ئایزەر بە پەرەپێدانی چەمکی خوێنەری شاراوە، که‌ نزیکه‌ له‌ چه‌مکی خوێنه‌ره‌ نموونه‌یییه‌که‌ی ئیکۆ، شۆڕشێکی لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا له‌ پرسی خوێنه‌ر و تێکستدا بەرپا کرد. ئەو دەریخست: مانا‌ ته‌نیا لای نووسەر، تێکست، خوێنەر نییه‌، بەڵکوو لەو پێوەندییە به‌رده‌وام و گۆڕاوه‌دایه‌ کە لەنێوانیاندا پێک دێت. ئه‌و خوێنەره‌ پردێکە لەسەر ئەم پێوەندییە دروست دەبێت، که‌ ناوچەیەکە  لەنێوان خود و ئەوی دیکە، یاسا و ئازادی و کۆتوبه‌ند و کرانه‌وه‌. لەم ڕوانگەیەوە خوێنەری شاراوە نەک هەر چەمکێکی تیۆرییە، بەڵکوو مێتافۆڕێکە بۆ چۆنیەتیی کارکردنی پێوەندییە مرۆیییەکان بە گشتی، چۆن هەوڵ دەدەین بۆ ئەوی دیکە بنووسین، بدوێین، دروست بکەین، لە کاتێکدا سنوورێک بۆ تێگەیشتنمان هەیە. ئایزەر ئامانجی بووه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌وه‌‌، یارمەتیمان بدات، تا تێبگەین تێکست چۆن کار و کاردانه‌وه‌ چێ ده‌کات، مانا چۆن دروست دەبێت و خوێنەر چۆن له‌م پڕۆسه‌یه‌دا بەشدار دەبێت. خوێنەری شاراوە لە کۆتاییدا پرسیارێکی ڕەوشتی دەخاتە ڕوو: چۆن دەتوانین بە ڕێزەوە بۆ ئەوی دیکە بنووسین و بیخوێنینەوە؟

ئایزه‌ر له‌ کتێبه‌که‌یدا له‌باره‌ی ئاکتی خوێندنه‌وه‌، هه‌ندێ چه‌مکی دیکه‌یش‌ داده‌هێنێت، یان ده‌کرێ بڵێین په‌ره‌ به‌ هه‌ندێ چه‌مکی دیکه‌ی نێو بازنه‌ی خوێندنه‌وه‌ و نووسین ده‌دات. چەمکی – کەلێن و ناڕوونییەکان(Gaps and Indeterminacies) لای ئایزه‌ر بایه‌خێکی زۆری هه‌یه‌. ئایزەر لای وایە تێکستە ئەدەبییەکان، بەتایبەت ڕۆمانەکان، بە ئەنقەست هەموو شتێک ڕوون ناکەنەوە. لەبری ئەوە، شوێن دەهێڵنەوە، تا کەلێنی مانایی دروست بێت و خوێنەری ڕاستینە بە خەیاڵ، ئەزموون و لێکدانەوەی کەسێتیی خۆی پڕیان بکاتەوە. ئەم کەلێنانە نیشانەی ناتەواوی نین، بەڵکوو فاکتەری چالاککەرن، تا خوێنەر هان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی مانادا. مانا لە کارلێککردنی نێوان خوێنەر و تێکستدا دروست دەبێت و خوێنەری شاراوە ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینێت لە ڕێنوێنیکردنی خوێنەری ڕاستینە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گاپانەدا. تێکستەکە چەندان ئاماژە، چوارچێوە و ستراتیژی تێدان، تا خوێنەری شاراوە پێشبینی بکات و لێیان تێ بگات. لەم چوارچێوەیەدا ده‌کرێت وه‌به‌رهێنان له‌ چەمکی ڕەوشتی خوێندنەوە(Ethics of Reading)دا بکرێت.

 کاتێک نووسه‌رێک به‌ مه‌به‌ست له‌ تێکستێکه‌ی کەلێن دەهێڵێتەوە، خوێنەری ڕاستینە بەرپرسیارە لەوەی چۆن ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە. ئەم بەرپرسیارێتییە ڕەوشتییە، چونکە خوێنەر دەتوانێت بە ڕاستگۆیی و کراوەیی مامەڵە بکات، یان بە سەپاندنی پێشینە و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەسەر تێکستەکەدا. ئایزەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە خوێنەر نابێت وەک وەرگرێکی بێلایەن کار بکات، بەڵکوو وەک هاوبەشێکی چالاک و بەرپرسیار لە چێژبینین و دروستکردنی مانادا به‌شدار ده‌بێت. خوێنەری شاراوە چوارچێوەیەکی ڕەوشتی بۆ خوێنەری ڕاستینە دادەنێت، کە چۆن دەبێت لەگەڵ تێکستەکەدا کارلێک بکات. ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ فێرمان ده‌کات، ئه‌وه‌ هیچ که‌ نابێ لێکدانه‌وه‌کان په‌ل بهاوێژن بۆ که‌سێتیی نووسه‌ر، یان بابه‌تی لابه‌لا و ده‌ره‌کی، ته‌نانه‌ت لێکدانه‌وه‌ی نێوه‌ڕۆکی تێکستیش کارێکی ڕه‌ندۆم و بێسنوور نییه‌. له‌ دنیای ئێمه‌دا‌ زۆرجار خوێنه‌ر له‌ جیاتیی قسه‌کردن له‌سه‌ر نێوه‌ڕۆکی کتێبێک- ڕۆمانێک، دێت به‌ نووسه‌ره‌که‌دا دێته‌ خواره‌وه‌ و ده‌یکات به‌ بابه‌ت، ئه‌مه‌ ڕێک لادانه‌ له‌و چوارچێوه‌ ڕەوشتییه‌ی ئایزه‌ر باسی ده‌کات.

چەمکێکی دیکەی ئایزەر له‌ کتێبه‌که‌یدا به‌ کاری هێناوه‌، بریتییە لە کۆنکرێتیزەیشن(Concretization)، ئەو پرۆسەیەی کە تێیدا خوێنەری ڕاستینە تێکستی گریمانەیی دەکاتە ئەزموونێکی واقعی. بایەخی خوێنەری شاراوە لەنێو تێکستدایە، بەڵام خوێنەری ڕاستینە ئەم گرنگییەی دەخاتە بواری واقع. هەر خوێنەرێکی ڕاستینە “کۆنکرێتیزەیشن”ێکی جیاوازی تێکستەکە دروست دەکات بەپێی ئەزموون، کەلتوور و دۆخی کەسێتیی خۆی. ئەمە واتای ئەوەیە کە هیچ دوو خوێندنەوەیەک وەک یەک نین، بەڵام ئایزەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم جیاوازییە سنووری هەیە؛ تێکستەکە چوارچێوەیەک دادەنێت کە تێیدا لێکدانەوە ڕێگەپێدراوە و خوێنەری شاراوە ئەو سنوورانە دیار دەکات.

خوێندنەوە کردارێکە دەتوانێت گۆڕانکاری له‌ خوێنه‌ردا بکات، تا وردبوونه‌وه‌ له‌ تێگەیشتنی لە دنيا و لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی تر بخاته‌ ژێر گومانه‌وه‌. هەر خوێنەرێک دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەزموون، شارەزایی، حەز، توانای تێگەیشتن کاریگه‌رییان هه‌یه‌، تا جیاوازییه‌کان تۆخ ببنه‌وه‌. هەر تێکستێک فۆڕم و تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە. مەرج نییە هەر خوێنەرێک بشێت هه‌موو جۆرە تێکستێک بخوێنێتەوە.  پێوەندیی نێوان خوێنەر و ڕۆمان دیالۆگییه‌. تێکستەکه‌ قسە دەکات و پێویستی به‌ گوێگره‌. تێکست پرسیار دەکات و چاوەڕوانی وەڵامە. تێکست بانگەوازی خۆی هه‌یه‌ و ڕێزیش له‌ ئازادیی خوێنەر دەگرێت. ئەم به‌ریه‌ککه‌وتنانه‌‌ به‌رده‌وام لە نێوان خوێنەر و تێکست- خوێنەر و نووسەردا ڕوو ده‌ده‌ن.

تێکست به‌گشتی ڕایه‌ڵێکه‌ بۆ گەیشتن به‌و پێوەندییانە، به‌ڵام لە بیرمان نه‌چێت بناخه‌ی ئه‌و پێوەندییە دەبێت لەلایەن خوێنەرەوە بنیات بنرێت. گرنگه‌ ئاماژە بەوەیش بکه‌ین، پێوەندیی نێوان خوێنەر و ڕۆمان پێوەندییەکی یەکدەست نییە، تا بتوانین به‌ کڵێشه‌ و قاڵبێک پێناسەی بکه‌ین. فره‌ماناییی پێوه‌ندییه‌که‌ کارێکی سروشتییە لە پڕۆسه‌ی خوێندنەوەدا. بۆ نموونه:‌ ڕۆمانی کلاسیک، به‌ درێژی له‌باره‌ی کۆمەڵگە و کاراکتەر زانیاری ده‌داته‌ خوێنه‌ر، تا به‌ ئارامی له‌ وردەکارییەکان تێبگات. لە بەرانبەردا ڕۆمانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن، بۆ نموونه:‌ ئه‌و ڕۆمانانه‌ی بە شه‌پۆلی هۆش نووسراون، یان به‌ تێکنیکی پارچەپارچە داڕێژراون، خوێنەر ده‌بێت ئامادە بێت بۆ ناڕوونی و بێسه‌روبه‌ره‌ییی گێڕانه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ گێڕانه‌وه‌که‌ ئاوێنه‌ی ده‌روونێکی شپرزه‌ بێت، یان نه‌خۆشییه‌کی زه‌ینی بێت، لێره‌دا مه‌به‌ستم تێکشکانی فۆڕمی سه‌ره‌تا- ناوه‌ڕاست- کۆتایییه و خوێنه‌ر ناتوانێ ئاسۆیی له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌که‌دا بڕوات‌. خوێنەرێک که‌ ئاره‌زووی له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌که‌ له‌ قاڵبی مه‌ته‌ڵ،‌ جیاوازه‌ له‌ خوێنه‌رێک که‌ چێژ له‌ ئاڵۆزی و پێچه‌ڵپێچی گێڕانه‌وه و یارییه‌کانی زمان ده‌بینێت. ڕۆمانی پۆستمۆدێرن چوارچێوه‌ی وایه‌، که‌ خوێنه‌ر ده‌بێت یاری لەگەڵ چەندان ئاستی واقعدا بکات، ئه‌مه‌یش کارێکی ئاسان نییه‌ و خوێنەرێکی لێهاتوو و به‌ ئه‌زموونی دەوێت، که‌ لانی که‌م ئاگادار بێت له‌ گۆڕانکارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی  فۆڕم‌ و‌ گێڕانه‌وه‌.

ده‌توانین بڵێین: هەریەکە لەم جۆرە ڕۆمانانە ڕێککه‌وتنێکی جیاواز لەگەڵ خوێنەردا دەبەستن. هه‌ر ڕۆمانه‌ و پێویستی به‌ شێوەیەکی جیاواز لە خوێندنەوە هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌ توانای جیاوازیش لە تێگەیشتن و بیرکردنه‌وه‌ دەبێت‌. ئەمە مانای ئەوە نییە خوێنەر ناتوانێت جۆری ڕۆمانه‌کان بگۆڕێت و بیانخوێنێته‌وه‌، نا، بەپێچەوانەوە، خوێنەری به‌ئه‌زموون و شارەزا توانای ئەوەی هەیە خۆی بگونجێنێت و شارەزایی نوێ بە دەست بهێنێت. واتا هەر خوێنەرێک لە خاڵێکه‌وه‌ دەست پێ دەکات، بۆیه‌ ئاسایییه‌، ئەگەر هەندێک تێکست بۆ هەندێک خوێنەر سه‌خت خۆیان بکه‌نه‌وه‌.

جیاوازی و جۆراوجۆریی تێکست و خوێنەر، هۆکاره‌ بۆ دەوڵەمەندی و بایه‌خی هه‌میشه‌ییی ئەدەب. هه‌م فره‌یییه‌ ئەزموونی خوێندنەوە دروست دەکات. گرنگه‌ خوێنەری ڕۆمان خۆی بناسێت، بزانێت دەتوانێت چی بخوێنێتەوە، حەزی له‌ چییه‌، چ شێواز و ناوه‌رۆکێک له‌ تێگه‌یشتنه‌کانیەوە نزیکن‌؟ له‌پاڵ ئه‌و هۆشیارییه‌دا خوێنه‌ری ڕۆمان به‌ شێوه‌یه‌کی کراوە پێویستە ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌زموون و تاقیکردنەوەی شتی نوێ. هوشیاریی خوێنه‌ر له‌باره‌ی جیاوازییی فۆڕم و گێرانه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان، بنەمایەکی گرنگە بۆ ده‌ستپێکی پێوه‌ندیی نێوان خوێنه‌ر و ڕۆمان.

ڕۆمان جیهانێکی تەواو دروست دەکات؛ جیهانێک به‌ کاراکتەر، شوێن، کات و یاساکانی، وه‌لێ ئەم جیهانە پێرفێکت نییە؛ بۆشاییی تێدایە و شتێکی نەگوتراو یان باشتره‌ بڵێین هەمیشە ناوچەیەک لە ناڕوونیدا ده‌مێنێته‌وە. ئەمانە نیشانەی کێشه‌ و کەموکووڕیی ڕۆمانه‌که‌ نین، بەڵکوو جۆرێک ئاماژه‌ن بۆ بانگهێشتی خوێنەر، تا به‌ دیدگا و ڕوانین و ئه‌زموونی خۆی له‌و جیهانه‌دا بەشدار بێت.

ئایا ڕۆمانێکی سەدەی نۆزدەیەم چۆن لەلایەن خوێنەرێکی سەدەی بیستویەکەمه‌وه‌ ده‌خوێنرێتەوە؟ ئایا جیاوازیی مێژوو، کولتوور و زمان کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتن نییه‌؟ ئایا ده‌شێت چه‌ندان خوێنه‌ر به‌ یه‌ک شێوە ڕۆمانێک بخوێننەوە؟ ئایا ڕۆمان خۆی پێشنیازی شێوازێکی دیاریکراو لە خوێندنەوە دەکات، یان ڕێگە بە هەموو شێوەیەکی خوێندنەوە دەدات؟ پرسیاری ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ چ ته‌رزه‌ خوێنه‌رێک نووسراوه‌ و چۆن دەبێت بخوێنرێتەوە چۆن وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌؟ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئەم پرسیارانە تەنیا پرسیاری تیۆری نین، بەڵکوو پرسیاری پراکتیکیشن، چونکوو کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتیی تێگەیشتنمان لە تێکسته‌کان و چۆنیەتیی ئەزموونکردنی جیهانی ئەدەبیمان هەیە. مادام خوێنەر کاره‌کته‌رێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی هه‌یه‌، لە بۆشاییەکەوە و به‌ ڕووتی نایەت بۆ نێو تێکست، که‌واته‌ هەر خوێنەرێک ئەزموون، پێشینە، باوەڕ، بەرژەوەندی و چاوەڕوانیی خۆی تێکه‌ڵ به‌ دنیای تێکست ده‌کات. خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتیی خوێنه‌ر نه‌ک ته‌نیا کاریگەریی گه‌وره‌یان له‌ پڕۆسه‌ی تێگەیشتن هەیە، بەڵکوو تێگەیشتنی نوێیش دروست دەکەن. دوو خوێنەری جیاواز  بە یه‌ک شێوە هەمان ڕۆمان ناخوێننەوە، چونکە هەردووکیان دنیایه‌کی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا ده‌به‌نه‌ نێو تێکست. ئەمە واتای ئەوە نییە هیچ ستانداردێک بۆ تێگەیشتن نییە، نا، ئه‌مه‌ واتا تێگەیشتن هەمیشە پێوەندییەکی دوولایه‌نە لەنێوان تێکست و خوێنەردا.

خوێنەری ڕۆمان لە ڕووبه‌رێکی ناڕوون و ئاڵۆزدا کار ده‌کات و ئازادییەکی زۆریشی هەیە، وه‌لێ هێشتا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ی نووسەر لەنێو تێکستدا دایمەزراندوون. ئەم سنوورانە وا دەکەن شڕۆڤه‌ نابێت بە تەواوی دوور بێت لە واتا گریمانه‌ییه‌کانی تێکسته‌که، مه‌به‌ستمان خه‌سڵه‌ت و کۆگای  تێکسته‌، واتا ناگونجێت ئاماژە کولتووری و مێژووییه‌کانی تێکست بە تەواوی به‌لاوه‌ بنرێن.

خوێنه‌ری ڕۆمان ئه‌گه‌ر هۆشیاری هه‌بێت له‌باره‌ی ڕووبه‌ری ئازادی و پابەندبوون، خود و ئەوی دیکەوە، ئێستا و ڕابردوو، له‌ به‌رهه‌مهێنانی مانا و شڕۆڤه‌دا سنووره‌کان ده‌ناسێته‌وه‌. خوێنەر ئازادە لەوەی چۆن ڕۆمان بخوێنێتەوە، چۆن مانای تێدا ببینێتەوە، چۆن که‌لێنه‌کان پڕ بکاته‌وه‌. زۆر ئاسایییه‌، ئەگەر هیچ دوو خوێنەرێک هه‌مان وێنەی دەروونی بۆ کەسایەتییەکان یان ڕووداوەکان وێنا نه‌که‌ن. دروستکردنی تێکستی گریمانه‌یی له‌ چوارچێوه‌ی تێکسته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ کاری ئازادانه‌ی خوێنەرە. خوێنەر ده‌شێت هەست و ئەزموونی تایبه‌تی خۆی و زانیارییەکانی ژیانی، بۆ به‌رهه‌مهێنانی مانای نوێ تێکەڵ به‌ تێکسته‌که‌ بکات. کاردانه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی خوێنه‌ر به‌رانبه‌ر ئیشی کاراکتەرێک یان دۆڕان و سه‌رکه‌وتنێک ڕێگەپێدراوه‌. خوێنەر خواست و موودی خۆی خۆش ده‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی هه‌ر تێکستێک، ئاسایییه‌ پێشبینییەکانی بە خێرایی بگۆڕێن. ده‌شێت له‌سه‌ر بنه‌مای تێکسته‌که‌ قسه‌ لەسەر دیدگای نووسەر بکات و ڕەتی بکاتەوە یان قبووڵی بکات. کاتێک ڕۆمانێک بابەتێکی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ورووژێنێت، خوێنەر ئازادە سه‌رنجی به‌ ئه‌رێنی یان نه‌رێنی بخاته‌ ڕوو.

بەڵام لە گشت ئه‌گه‌ره‌کاندا خوێنەر پابەندە بەو چوارچێوانەی، تێکسته‌که‌ دایناون، پابەندە بەو زمانەی تێکسته‌که‌ی پێی نووسراوە، پابەندە بەو دنیایەی تێکسته‌که‌ دروستی کردووه‌. ئەگەر خوێنەر شڕۆڤه‌یه‌کی تەواو دژ به‌ پێکهاتە لۆژیکی یان ڕەوشتییەکانی تێکسته‌که‌ بخاته‌ ڕوو‌، ئه‌وه‌ لە بازنه‌ی خوێنەری گریمانەیی نامێنێته‌وه، واتا له‌ ڕوانگه‌ و چاوه‌ڕوانی (گێڕەرەوە، کەسێتی، پڵۆت) ده‌رده‌چێت. هه‌روه‌ها خوێنەر مانا و تێگه‌یشتنی خۆی لەناو ئەو دنیابینییه‌ وه‌گه‌ڕ ده‌خات که‌ هه‌یه‌. خوێندنەوەی هەڵه‌ له‌ ڕۆماندا جۆرێک ده‌رچوونه‌ له‌ بازنه ‌دیاریکراوه‌که‌ی نووسه‌ر، خوێنەر ناتوانێت هه‌موو واتایەک له‌ تێکست بار بکات. مانا دەبێت تا ڕادەیەک گونجاو بێت لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێنوێنیی نێو تێکسته‌که‌‌. بۆ نموونە، ناتوانیت بڵێیت ڕۆمانی (تاعوون)ی ئه‌لبێر کامۆ له‌باره‌ی زانستی دروستکردنی مۆبایله‌، چونکە ئەم قسه‌یه‌ یان ئه‌م گوزارشته‌ بەتەواوی ناکۆک و دژه‌ بە پێکهاتە و کۆگای ڕۆمانه‌که‌‌.

خوێنەر له‌ یه‌ککاتدا دروستکەر و وەرگرە، هاوبەش و بینەرە، پێیه‌کی له ‌ناوه‌وه‌یه‌ و پێیه‌کیشی له‌ دەرەوەیە. لێره‌دا به‌شێک له‌ تیۆریسته‌کان هاوڕان که‌ تێکست به‌ که‌ره‌سته‌کانی ناوه‌وەی خۆی لێک ده‌درێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ که‌ (پۆڵ ڕیکۆر) پێی وایه‌ هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی تێکست، لێکدانه‌وه‌یه‌کی ڕەوشتییه‌. ئه‌م به‌رپرسیارییه‌تییه‌ی خوێنه‌ر ده‌کرێ هێشتا ڕوون بکه‌ینه‌وه‌. ڕۆڵی خوێنەر لە تێگەیشتن لە ڕۆمان ڕۆڵێکی چالاکە. وه‌ک گوتمان خوێنەر تەنیا وەرگرێکی بێدەنگ نییە، بەڵکوو بەشدارێکی تەواوە لە دروستکردنی ئەو ئەزموونە ئەدەبییەی ڕۆمانەکە پێشکەشی دەکات. کاتێک خوێنەرێک وەسفێکی ناتەواو دەخوێنێتەوە، خەیاڵی خۆی بە کار دەهێنێت بۆ تەواوکردنی وه‌سفه‌که‌. کاتێک کاراکتەرێک به‌بێ ڕوونکردنه‌وه‌ کارێک ده‌کات، خوێنەر هەوڵ دەدات تێبگات و له‌ هۆکاره‌کان ورد بێته‌وه‌. کاتێک تێکستێک بە ناڕوونی یان به‌ ئاماژه‌ و سیمبۆل باسێک ده‌خاته‌ ڕوو، خوێنەر شڕۆڤه‌ی خۆی‌ دەکات. ئەم بەشداربوونە بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. خوێنەر بەرپرسیارە لەوەی چۆن ئەو بۆشایییانە پڕ دەکاتەوە، چۆن ئەو ناڕوونییانە لێک دەداتەوە. ئایا خوێنەر ڕاستگۆیانه‌ مامەڵە لەگەڵ تێکسته‌که‌ دەکات، یان مه‌رج و ڕابردوو و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەسەر تێکسته‌که‌دا ده‌سه‌پێنێت؟ ئایا خوێنەر هەوڵ دەدات تێبگات تێکسته‌که‌ دەیەوێت چیی پێی بڵێت، یان تەنیا له‌دوو ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت که‌ خۆی دەیەوێت؟ مه‌به‌ست له‌ به‌رپرسیارییه‌تیی خوێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌، له‌ چوارچێوه‌ی که‌ره‌سته‌ به‌رده‌سته‌کانی نێو تێکسته‌که‌ بمێنێته‌وه‌ و هەوڵ بدات لە ڕۆمانه‌که‌ تێبگات و ڕێزی کۆنتێکسته‌که‌ بگرێت، لە هەمان کاتدا ئازادیی خۆی بە کار بهێنێت بۆ دروستکردنی مانای نوێ و جیاواز، ئه‌مه‌یش ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه‌ که‌ ئایزه‌ر بۆ چه‌مکی ڕەوشتی خوێنه‌ر دیاری کردووه‌. ئەم پرسیارانە پرسیاری ڕەوشتین، پرسیاری چۆنیەتیی مامەڵەکردنن لەگەڵ ئەوی دیکە- نووسه‌ردا.