دراماتۆرگی و ڕەوتی دەقی شانۆیی

مێژووی شانۆ و مێژووی ئەدەبی ئەوروپی، بەر لە شیعر و ڕۆمان بە دەقی شانۆنامە دەستی پێ کرد. داستان و ئەفسانەکان هەبوون، فەلسەفەیش، بەڵام لە سەرەتادا دەقی شانۆیی بوو. هەندێک جووڵە هەن، کە بە دەستپێکی شانۆ ئاماژەی بۆ دەکرێت، بۆ نموونە “سبێس” ناوێک، گوایە بە عەرەبانەکەیەوە گەڕاوە و چیرۆکەکانی گێڕاوەتەوە. جۆرە سەمایەکیش بۆ خواوەندەکان هەبووە، کە ئەویش بە سەرەتایەک بۆ شانۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام شانۆ ئەوکاتە لەدایک بوو، کە دەقی شانۆیی دەرکەوت. ئەو شانۆنامانەی لە گریگی کۆندا نووسران، بوونە بنەمایەک بۆ ڕەوتێکی شانۆیی، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە شارستانیەتی ئەوروپا و جیهانیشدا گێڕا. ئێسخیلۆس، سۆفۆکلس و یوربیدس، بێگومان ئەرەستۆفانیس-یش ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە داڕشتن و بنەمایەکی پتەوی ئەو شتەی، کە بە “دەقی شانۆیی” ناوزەد دەکرێت. دەقە شانۆیییەکانی ئەم شانۆنامەنووسانە ئەو چوارچێوەیەشیان دروست کرد، کە بە “هونەری شانۆ” پێناسە دەکرێت. فیستیڤاڵەکانی دیونیسیۆس بەها و ڕووبەرێکی گرینگی بەم دەقە شانۆییانە بەخشی. دەقێکی شانۆیی، وەک “ئۆرێستێیا” یان “فارسەکان”ی ئێسخیلۆس، “ئۆدیب و ئەنتیگۆنا و ئێلیکترا”ی سۆفۆکلس، دواتریش “مێدیا”ی ئیورپیدس لەم فیستیڤاڵانەدا نمایش دەکران و ڕەخنەیان لێ دەگیرا، ئەمەیش پێگەیەکی گەلێک بە بەهێزی بە ڕۆڵی دەقی شانۆیی لەو فیستیڤاڵانەدا بەخشی. بوونی ئەم دەقە شانۆییانە، ئەو زەمینەییەی بۆ فەیلەسوفێکی وەک “ئەریستۆ” خۆش کرد، کە بگەڕێتەوە سەر ئەم دەقە شانۆییانە و لە کتێبی “پۆیەتیکا”دا قسەیان لەسەر بکات و پۆڵێنیشیان بکات. “ئەریستۆ” لەم یەکەم کتێبەدا سەبارەت بە شانۆ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە “تراجیدیا لە شیعری قارەمانێتی بەرزتر و کاریگەرترە، چونکە ڕووداوەکان بە (نواندن) نیشان دەدات. ئەمەیش سەرهەڵدانی هونەری شانۆگەرییە لە مێژوودا و لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە لە شیعردا، لە گێڕانەوەوە بۆ نواندن شانۆگەری لە یۆنان دەست پێ دەکات.” دەقە شانۆیییەکانی گریگی کۆن بنەمایەکی گرینگیشیان بۆ زانستی ده‌روونناسی و شیکاری دەروونی دانا. سیگمۆند فرۆید، لە ڕێگای شیکارییە زانستییەکانییەوە بۆ ئەم دەقە شانۆیییانە، گەیشتە چەندین ئەنجامی پڕ بەهای دەروونی؛ “گرێی ئۆدیب” نموونەیەکی باڵای ئەو بەرئەنجامانەی فرۆید-ە.

  هەر لەو ڕۆژەیشەوە چەمکی دراما و شانۆ، بە ئێستایشەوە ناوەندێکی گەورەی زانکۆکان و گفتوگۆی شانۆکاران و ڕەخنەگر و تیۆریستەکانی زانستەکانی هونەری شانۆ بوون. دەقی شانۆیی ئەدەبە و کارکردنە لەنێو زماندا، هاوکات شانۆیە و دەبێت نووسەری دەقی شانۆیی بتوانێت متوربەی ئەم دوولایەنە “ئەدەب و هونەر” بکات، بۆ ئەوەی دەقە شانۆیییەکەی لە هەمان کاتدا بۆ خوێندنەوە بشێت و بتوانرێت لەسەر شانۆیش نمایش بکرێت. دەقی شانۆیی نابێت، وێنای ئەوەمان بۆ بکات، کە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەیانبینین و دەیزانین، بەڵکوو دەبێت دوور بێت لە ژیانە ڕاستەخۆکە و لەنێو جۆرە سمبۆلێکدا کار بکات، ئاشکرا بێت و هەستی سەرسوڕمانمان لا دروست بکات. هەر “ئەریستۆ” لە “پۆیەتیکا”دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێویستە لە تراجیدیادا، واتە لە دەقە شانۆیییەکەدا، کە دواتر دەبێت بە نمایش، (سەرسوڕمان) لای بینەران دروست بکەین؛ ئەمەیش بە دوو ڕێگا پەیدا دەبێت: وه‌رگه‌ڕان و دۆزینەوە.” پیتەر بروک، لەم ڕووەوە قسەیەکی ئێجگار جوان و کاریگەری هەیە، دەڵێت: “مرۆڤ بۆیە دەچێتە شانۆ تا ژیانی تێدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژیانی دەرەوە و ژیانی شانۆدا نەبێت، ئەوا شانۆ هیچ مانایەکی نابێت.” مەبەستی بروک چۆنیەتیی بەرجەستەکردنی دەقە شانۆیییەکەیە، کە لەسەر شانۆ بۆ بینەران نمایش دەکرێت. هەر لەم ڕووەوە دەقی شانۆیی سەخترین ژانرەکانی نووسینە.

  دەقی شانۆیی، لە مێژووی شانۆدا هێندە گرینگ و توخمێکی بەهێزە، تەنانەت هەموو سەردەمەکانی مێژووی شانۆ بە شانۆنامەنووسەکانی ده‌ناسرێنه‌وه‌؛ چ شتێک لە شانۆی گریگی کۆن دەزانین، جگە لە ناوی شانۆنامەنووسەکانیان و ئەو شانۆنامانەی بۆیان بەجێ هێشتووین و بە دەستمان گەیشتووە، دوای ئەوان ڕۆما. لە شارستانییەتی دێرینی ڕۆمادا، لەگەڵ ناوی سیزەرەکانیاندا، ناوی شانۆنامەنووسەکانیان دێت، کە هەوڵیان دەدا شوێنپێی شانۆنامەنووسە گریگییەکانی بەر لەخۆیان بکەنەوە. سینیکا، تەنیا فەیلەسوف نەبوو، بەڵکوو دەسەڵاتدارێکی گەورەیش بوو، جگە لە نامەکانی، دەقە شانۆیییەکانی، بە تایبەتیش “ئودیب”ەکەی، جێگای ئاماژە بۆ کردنە. سینیکا بە دەقە شانۆیییەکانی سەرەتایەکی پڕ بەهای بۆ ڕەوتی شانۆ، لە مێژوودا بۆ ئیتاڵیا دانا.

  هەر لێرەوە دەتوانین بڵێن، کە مێژووی شانۆ مێژووی دەقە شانۆیییەکانە؛ شەکسپیر، مارلۆ، مۆلێیر، ڕاسین و کۆرنی، ئیبسن، چێخەف، ستریندبێرگ، دواتر برێشت و بێکێت و هارۆڵد پینتەر و… لیستەکە زۆر درێژە، کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە دروستکردنی هونەری شانۆدا بینیوە. تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە شانۆنامەنووسانی دنیا خەڵاتی ئەدەبی نۆبێڵ-یان وەرگرتووە، هەر بۆ نموونە مەتەرلینگ، پیراندیللۆ، ئۆنێل، بێکێت، داریۆ فۆ، هارۆڵد پینتەر، پێتەر هانکە، یۆن فۆسە… هتد،  هاوکات تەکنیکی دەقی شانۆیی بە درێژاییی مێژوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، تا لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا دەقی شانۆیی لە پۆستمۆدێرنیزمەوە بازیداوەتە ناو پۆست-دراماوە. ئەم گۆڕانکارییانە لە تەکنیکی دەقی شانۆییدا، لە تەکنیکی هونەری شانۆ و نواندن و دیدی دەرهێنەرەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

  بێگومان، زمان وەک توخمێکی گرینگی دراما لەنێو ئەم مێژووە درێژەی شانۆ و چەمکی درامادا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام ڕۆڵە گەورە و گاریگەرەکەشی، تەنانەت لە پۆستدراماشدا لە دەست نەداوە. هەمیشە دراما/دەقی شانۆیی و هونەری شانۆ پەیوەندییەکی میکانیزمی و دوولایەنەیان هەبووە، زمان هەمیشە بناخەی شانۆ بووە، لای هەندێکیش دژایەتی کردن و بانگەشە بووە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی زمان و دەقی شانۆیی، بۆ نموونە وەک لای ئارتۆ دەبینرێت. ئارتۆ لە مانێڤستەکانیدا بۆ شانۆی “توندوتیژ” بانگەشەی مەرگی دەقی شانۆیی دەکرد و ئەوەی دووپات دەکردەوە، کە هونەری شانۆ دەبێت لە دەسەڵاتی دەقی شانۆیی دوور بخرێتەوە و شانۆ بگەڕێتەوە بۆ بنەما گەوهەرییەکانی خۆی.

شتێکی بەڵگەنەویستە، کە دەقی شانۆییش بە درێژاییی مێژووی شانۆ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە هەر سەردەمێکدا مۆرکێکی تری لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە دەقە شانۆیییەکانی “کلاسیکی نوێ” لە فەڕەنسا، کۆمەڵێک ڕێسای نوێی دروست کرد، یەکەی کات و شوێن و ڕووداو؛ کە دەبێت، ڕووداوەکانی شانۆنامەکە لە بیست و چوار سەعاتدا، لە یەک شوێندا ڕوو بدات و تەنیا لەنێو بازنەی یەک ڕووداویشدا بسوڕێتەوە. هەروەها سەردەمی ڕۆمانیسییەت، جیاوازن لە دەقەکانی قۆناخی ناتورالیزم، دوای ئەوە ڕیالیزم و سمبولیزم، تا دەگات بە پۆستدراما. بێگومان ئەم قۆناخ و ڕەوتانەیش کاریگەری بەسەر نووسەرانی شانۆنامەکانەوە هەبووە، هەروەها شانۆنامەنووسەکانیش کاریگەرییان بەسەر یەکەوە هەبووە و دەقە شانۆیییەکان لە یەک فۆرمدا نەماونەتەوە و چەندین تەکنیکی جیاواز پێودەدانگە دراماتۆرگییەکەی ئەم دەقانەی دیاری کردووە. شانۆنامەنووسی ئەمەریکی “ئۆژیێن ئۆنێل” کە خاوەنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبێڵە، چەندین شێواز و فۆرمی لە نووسینی دەقە شانۆیییەکانیدا تاقی کردۆتەوە؛ ڕیالیزم و دەربڕینخوازی، دوو نموونەی بەهێزی تەکنیک و شێوازی دەقە شانۆیییەکانییەتی، بەڵام باس لەوە دەکات، گەر “ستریندبێرگ” نەبووایە، ئەو هەرگیز نەیدەتوانی ببێتە شانۆنامەنووس، هەروەها “سارتەر” و “بێکێت”یش باس لە کاریگەری “ستریندبێرگ” دەکەن. “ستریندبێرگ” بە شانۆنامەی “خەونەنمایشێک” شانۆی ئەوروپی لە مۆدێرنەوە گوێزایەوە بۆ پۆستمۆدێرنیزم. “هارۆڵد پینتەر” بە هیچ شێوەیەک ئەوەی نەدەشاردەوە، کە “بێکێت” چ کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر ئەوەوە هەبووە؛ پینتەر توانی ئەوەی بێکێت لەو فۆرمە ئەبستراکت و هزرە فەلسەفییەدا چڕی کردبووەوە، بێنێتە ناو ماڵەکان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکییەوە. “سارا کێن”، “یۆن فۆسە” و “لاش نۆرێن”، کۆپی بێکێت بوون، لەو ڕوەوەی ئەوەی بێکێت دەیگوت، ئەوان لە فۆرمێکی تردا و بە زمانێکی تر دایاندەڕشتەوە. نموونە ئێجگار زۆرە و دەکرێت، مەسەلەی کاریگەرییەکان بکرێتە وتارێکی سەربەخۆ.

  دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوەیش بکەین، کە هەندێک جار دەقی شانۆیی ڕۆڵێکی بێ هاوتای گێڕاوە لە بەرجەستەکردن و بڵاو کردنەوەی بیرە فەلسەفییەکان، بێ ئەوەی پێگەی خۆی، وەک دەقێکی شانۆیی لە دەست بدات، هەر بۆ نموونە فەیلەسوفی فەڕەنسی “ژان پۆل سارتەر” بە دەقە شانۆیییەکانی: “دەرگا داخراوەکان” و “مێشەکان” و “مردووە بێ گۆڕەکان”… هتد توانی بیرە فەلسەفییە خودگەرایییەکە، بە شێوەیەکی باشتر، بە بەروارد بە تێزە فەلسەفییەکانی، بڵاو بکاتەوە. ئەم نموونەیە تا ئاستێک لای “ئەلبێر کامۆ”یش ڕاستە.

  لە زۆر قۆناخی مێژوویدا، شانۆنامەنووسەکان ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان هەبووە لە دروستکردنی فۆرمە شانۆیییەکان و دامەزراندنی تیپێکی شانۆیدا، لە گەشەکردنی میتۆدێکی هونەریدا، بە تایبەتی دۆزینەوە و داهێنانی میتۆدێک بۆ هونەری نواندن، وەک لە “شانۆی ئازاد” لە پاریس، کە “ئەمیل زۆلا”، دەقە شانۆیییە ناتورالیزمییەکانی بە تایبەتی بۆ ئەم شانۆیە دەنووسی و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەرهێنەرەکەیەوە “ئەندریە ئەنتوان”ەوە هەبوو، هەروەها “شانۆی هونەر”ی مۆسکۆ و پەیوەندیی دوولایەنەی “ستانیسلاڤسکی” و “چێخەف”، نموونەیەکی ترە. هەمیشە دەقە شانۆیییەکان ئەو هێزەیان هەبووە شانۆ دروست بکەن، نەک بە پێچەوانەوە، هەرگیز شانۆ، وەک هونەر نەیتوانیوە شانۆنامەنووس دروست بکات، به‌ڵکوو، شانۆنامەنووسەکان شانۆکانیان دروست کردووە، میتۆدەکانی نواندنیان قووڵ کردۆته‌وه‌ و پانتایییەکی فراوانیان بەخشیووە بە دەرهێنەرەکان و ئامڕازێکی ڕاستەوخۆ و بەهێزی هونەری دەرهێنان بووە. لێرەدا گرینگە ئاماژە بە ڕۆڵی “برتۆڵد برێشت” بکەین، کە چۆن توانی دەقی شانۆیی و هونەری شانۆ لە ئێستاتیکایەکی جیاوازدا کۆ بکاتەوە و ڕەنگێکی تر ببەخشێت، بە هونەری شانۆ، بۆ نموونە تەکنیکی نامۆبوون، کە بە هۆی دەقە شانۆیییەکانییەوە ڕێگای بۆ خۆشکرد. لەبەر ئەوە دەقی شانۆیی بنەما سەرەکییەکەیە، دەروازە گرینگەکەیە، بەڵام زۆر جار ئەم دەقە شانۆییانە، لە ژێر دەستی دەرهێنەرەکاندا کاری تیاکراوە و بەکارهێنراوە بۆ بەرجەستەکردنی دیدی دەرهێنەر و ئێستاتیکایەکی هونەری، بە درێژاییی مێژووی شانۆیش، ناوی هەندێک دەرهێنەر پەیوەستە بەناوی شانۆنامەنووسێکی دیاریکراوەوە، لەم ڕووەشەوە نموونەمان ئێجگار زۆرە و نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتانەوە.  

  دەقی شانۆیی ئەو مێژووە درێژەی هەیە و توخمێکی گرینگی دامەزراندنی هەموو پڕۆژەیەکی شانۆیییە، ناکرێت بە دەقی شانۆی کوردی بەراوردی بکەین. مێژووی دەقە شانۆیییەکان لای ئێمە زۆر نوێیە و هەموو ئەو دەقانەی نووسراون، دیاریکراوە و ژمارەیەکی ئەوتۆ نییە، لەبەر ئەوە زۆر ئاسایییە دەقە شانۆیییەکان لەو ئاستەدا نەبن. دەقی شانۆیی لە شانۆی کوردیدا ئێجگار لاوازە و نەیتوانیوە ڕۆڵێکی کاریگەری لە دامەزراندن و گەشەی شانۆی کوردیدا هەبێت، ئەمەیش یەکێکە لە کەلێنە گەورەکانی شانۆی کوردی، کە دەشڵێم، دەقە کوردییەکان نەیانتوانیوە گوزارشت لە کۆمەڵگەی کوردی بکەن، مەبەست ئەوەیە، ئەوەی ئەوان باسیان کردووە، ئەوەیە کە خۆمان ڕۆژانە دەیبینین و هەستی پێ دەکەین، ئەمەیش ڕێک قسەکەی پیتەر بروک، کە لای سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە، بیر دەخاتەوە “ئەگەر هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژیانی دەرەوە و ژیانی شانۆدا نەبێت، ئەوا شانۆ هیچ مانایەکی نابێت.” بەشێکی زۆری لەو دەقە شانۆییانەی من خوێندمنەتەوە، بە زمانێکی خراپ نووسراون، تەکنیکێکی گێڕانەوە کۆن و بەسەرچوو، ڕووداوەکانی شتی ساکار و ڕۆژانەی نێو خەڵکی وەک خۆی. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە ئێمە هیچ ئەزموونێکی باشمان نییە، نەخێر، هەندێک ئەزموونی زۆر باشمان هەیە، بەڵام مشتێکە لە خەروارێک و هیچ نووسەرێکی شانۆیمان نییە، کە تەواو خۆی بۆ نووسینی دەقی شانۆیی تەرخان کردبێت. ئەوەی، کە لێرەدا بە ڕاستی دەبێت ئاماژەی بۆ بکەم، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە بۆچوونی من پاشەڕۆژی دەقی شانۆیی لە ڕۆژهەڵاتەوەیە و چەندین نموونەمان هەن، کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەقی شانۆییان نووسیوە و شایانی هەموو جۆرە پشتگیری و هاندانێکن.

  هەر لە سۆنگەی ئەم گرینگییەی دەقی شانۆیییەوەیە، کە لە ناوەندی کەپرەوە خەڵاتی “دانا ڕەئووف”مان بۆ دەقی شانۆیی داناوە و ئەوەی تا ئێستا ئەو خەڵاتەی بردۆتەوە، چ لە ڕووی تەکنیک و چ لە ڕووی زمانەوە، ئەزموون و هەنگاوێکی زۆر باش بوون، چ بۆ ڕەوتی شانۆی کوردی و چ بۆ نووسەرەکان خۆیان. ئەم گرینگییەی من دەقی شانۆیی، دەگەڕێتەوە بۆ دەمێک ساڵ. پڕۆژەی زنجیرەی شانۆی بیانیش لە دەزگای ئاراس، کە لەسەر پێشنیازی من و بە سەرپەرشتی من دەردەکرا، هەوڵێکی تر بوو بۆ ئاشنابوون بە دەقەکانی شانۆی جیهانی و دروستبوونی کاریگەرییەک، کە دەقی شانۆی کوردی لای ئێمەیش پەرە بسەنێت.