ڕۆحم ئاوازی کۆچەرییەکانی بۆ ئاشنایە؛
بە سازی بێ وەتەر و
شمشاڵی بێ کون
ئازار بڵاو دەکەنەوە.
قافڵەکان لە ناو سییەکانمدا خەریکی کێشانی نەخشەی کۆچن،
جەستەی منیان وەک خاکێکی بێخاوەن دۆزیوەتەوە؛
بۆنی سووتانی ئەو ڕێگایانەیان لێ دێت کە هەرگیز نەیانبڕی،
بۆنی ئەو هیوایەیان لێ دێت کە هێشتا مێژوو ناوی نەناون.
شمشاڵەکان، تەقینەوەی ئەو هاوارانەن کە لە گەرووی زیندانییەکاندا خنکاون،
بۆ ئەوەی بێدەنگی تەنیا جۆرێکی تری قیژە بێت
بەڵام، بە ئەلفوبێی کلس و خۆڵ.
لەمە بەدواوە بیابانێکم لە ناو کیسەیەکی نایلۆندا.
کۆچەرییەکان لە ناو دەمارەکانمدا خێوەتیان هەڵداوە و
بە بزماری ژەنگگرتووی یادەوەری،
دڵم لە قووڵاییی ئەم زەوییە نامۆیەدا دەچەقێنن.
بۆیە سازی بێ وەتەر دەژەنن؛
دەزانن..
کە ڕێگەکان هەمیشە بەرەو “هیچ” دەچن،
چونکە تەنیا ئەو “نەژەنراوانە” ڕاستین،
تەنیا ئەو برینانە پیرۆزن کە شوێنەواری چەقۆیان پێوە نییە.
خۆزگە دەبوومە ئەو تۆزەی کە لە ژێر پێی “گوێدرێژەکانیاندا” دەبێت بە ونبوون،
نەک ئەم هەموو ئاگایییەی کە وەک بەرد لە گەروومدا جێ ماوە.
من نەوەی ئەو سێبەرانەم کە خۆر نەیدەویستن،
ئاوازی ئەو کۆچەرییانەم کە تەنانەت خاکیش ڕقی لێیانە.



