ژنەفتن, Author at ژنەفتن
نکۆڵیکردن لە حەقیقەت و ئەڵتەرناتیڤەکەی
ئاماژە:
پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە نامەیەکی کراوەدا چیرۆکی ژیان و خەبات و بەندکرانی خۆی دەگێڕێتەوە. پەخشان ساڵی ٢٠٠٩، واتە کاتێک کە خوێندکاری ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران بوو، بۆ یەکەم جار بە هۆی بەشداریکردنەوە لە گردبوونەی دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد ئێحسان فەتاحیان، لە زانکۆی تاران دەستبەسەر کرا و ٤ مانگ لە زینداندا مایەوە. پاش ئازادبوون لە زیندان ڕووی کردە هەرێمی کوردستان، پاشان ڕۆیشتە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەوانی ئازاد لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعشدا خەباتی کرد. دوای دەسپێکردنی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە نهێنی گەڕایەوە بۆ ئەو بەشەی کوردستان و دەستی کردەوە بە چالاکیی سیاسی و مەدەنی. دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران کە لە گەڕانەوەی پەخشان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات ئاگادار ببوونەوە، بە چڕی کەوتنە گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەم ژنە خەباتگێڕە کوردە. دواجار ڕۆژی ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لە کاتێکدا کە بۆ یەکەم جار دوای چەندین ساڵ بنەماڵەکەی دەبینی، لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرا کە زیندانێکی تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک بە بارمتە ئازاد کران، بەڵام سێ کەسیان دواتر بە تۆمەتی «یارمەتیدانی پەخشان بۆ هەڵاتن لە دەستی یاسا» لەلایەن دادگاوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
پەخشان عەزیزی کە لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا بە سەختی ئەشکەنجە درابوو، بە تۆمەتی «بەغی» کە تۆمەتێکی ئیسلامییە و بۆ دژبەرانی حکومەتی ئیسلامی بە کار دەبرێت، لەلایەن دادگای یەکەمەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ئێستە پارێزەرەکانی ئەڵێن تانە لەو حوکمە ناڕەوایە دەدەن و دۆسیەکەی دەنێرنە بەردەم دیوانی باڵای دادوەریی ئێران.
ئەم نامە بوێرانە و سەرنجڕاکێشە کە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا هەبووە. هەر بۆیە «ژنەفتن» بە پێویستی زانی بیکاتە کوردی و بڵاوی بکاتەوە.
نکۆڵیکردن لە حەقیقەت و ئەڵتەرناتیڤەکەی
دەستەکانی بە دیوارەی منداڵدانیەوە نووساندبوو بۆ ئەوەی نەکەوێت، ملی بە دەواودەرمانی لەباربردن نەدەدا. هەر لە منداڵییەوە و لە پێناو مانەوەدا، بە دەنگی دایکی ئازارچێشتووی کە وانەی بەرخۆدان و ژیانی دەوتەوە، بە پێوەری چلۆنبوون باڵای کردبوو:
«بۆیەت دەبەستم تا خووی پێ بگری، نەک تا من ماوم لە بەندا بمری».
لە نێوان ژیان و زەمەندا شەڕێک بەڕێوەیە!
دەستەکانی لە دیواری ژوورە تاکەکەسییەکە ئاڵاندبوو بۆ ئەوەی نەکەوێت. دەمێک ساڵ بوو بۆ مانەوە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئامادەبوون و لەوەش سەرووتر، بۆ چۆن ئامادەبوون، شەو و ڕۆژی نەدەناسی. بە چەشنی تۆقاندنی دەوڵەتان، بیست چەک لەسەر سەریان دادەنێن، بە باوەڕی خۆیان تیرۆریستیان گرتووە (هەمان ئەو تیرۆریسمەی کە تۆقاندن لە بەرچاوی هەموواندا یەک لە بنەماکانیەتی!).
کوڕێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ کە پووری دوای ساڵەها دووری دیتبوو، لەگەڵ باوک، خوشک و زاواکەیدا لەسەر زەوی دەخەوێنرێن. دەستیان لە پشتەوە دەبەسترێت، چەک لەسەر سەریان، لەسەر پشتی بنەماڵەیەکی پیرۆز (هەمان ئەو بنەماڵە پیرۆزەی بنەچەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر دامەزراوە) دادەنیشن و زنجیریان دەکەن. بزەیەک کە نیشانەی دەسەڵات و سەرکەوتنی «دەوڵەتی بنەماڵە»یە؛ چالاکییەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.
بەرەوژوور بەڕێ دەکەون و بەرەوژوورتر…
دیمەنەکانی کوشتن و داڕووخانی هەزاران بنەماڵە وەک فیلمێکی تراژیک لە بەرچاوانیەوە تێدەپەڕن. لەوپەڕی لاوازیی جەستەدا دەستەکانی لەسەر دیواری ژووری ژمارە ٣٣ی ئێڤین (نهۆمی سەرەوە) قفڵ دەکات، هەمان ئەو ژوورەی ساڵی ٨٨یش هەر لەوێ بە هەمان تۆمەتی «کوردبوون» و «ژنبوون» و هەوڵدان بۆ «خۆبوون» بەندیان کردبوو. دەنگی کۆکەی باوکی کە سێ جار جەڵدە لێی داوە، بە هۆی شێرپەنجەوە تازە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و جەستەی هێشتا ئاسەواری گوللەکانی دەیەی ٦٠ی پێوەیە، لە بەندی چوارەوە دەبیسێت. لە بەندەکانی تریشەوە دەنگی هاواری خوشکەکەی کە چەندەها جار داوای کردووە تاقەمنداڵە تۆقاوەکەی ببینێت.
لە هەمان یەکەم ڕۆژی لێپرسینەوەدا پێشنیاری بەیاسایینەکردنی دۆسیەکە و داخستنی هەموو شت بە بێدەنگی دەخرێتە بەردەست! پێشنیارێک کە ناگاتە ئەنجام و ڕەت دەکرێتەوە.
چەندین جار لە لێپرسینەوەکاندا پەت لە ملی دەکەن، ١٠ مەتر بە ناو زەویدا ڕۆی دەکەن، دیسان دەری دەهێنن و لە ژێرزەمینەکە دەیبەنە دەرەوە. بە بێهیوایەکی سەرشۆڕ و دۆڕاوی کۆمەڵایەتی ناوزەدی دەکەن!
یادەوەرییەکی مێژوویی کە تەژی لەم ڕووداوانەیە! ئەدەبیات و دەربڕینێک کە لە هەمان سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ژیان لە کوردستاندا پێی نامۆ نەبووە. لە هەمان منداڵییەوە مۆرکی جوداییخواز و ڕەگەزی دووهەم و هاووڵاتینەبوونی لێ درابوو. بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی یان دەبوو پەنا بۆ باوەشی «ئەویدی» ببات (کە هەر لە پێشترەوە وەک سنوورنشینێک (مرزی)، ناوەند (مرکز) سنووری نێوانانی دیاری کردبوو)، یان دەبوو سەربەرزانە ڕێچکەی خزمەتکردنی خەڵکی بگرتایەتە بەر. وایە، ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بچووکین، هیچ نیین، بەڵام بۆ سزاکان گەورەترین و قورسترین…
ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە کە بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ کردارێکی توندوتیژ خۆ ناپارێزێت؛ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و زەبروزەنگ…
ئۆریانتاڵیزمێک کە شوێن ناناسێت! هەموو جۆرەکانی ئەقڵییەتی ناوەندخواز و دەسەڵاتخواز کە لە نێوان خۆی و ئەویدیدا جیاوازی دەکات و بۆ پەراوێزخستن و مینیماڵیزەکردن (ی جەوهەر-پێکهاتە) لە هیچ سیاسەت و توندوتیژییەک دەست ناپارێزێت.
تێڕوانینی مادی و بابەتییانە (نەک واقیعگەرا) بۆ حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان (هەمان ئەو گەورەترین حەقیقەتەی بە درێژایی مێژوو نکۆڵیی لێ کراوە و سیاسەتی سڕینەوەی لەسەر جێبەجێ کراوە)، ئەمەش هەمان ڕێچکەی زانستی پۆزەتیڤیستییە (نەک کۆمەڵناسانە کە زانستێکی گەلێک ئاڵۆزە)، بێگومان ئەمە بە واتای هەنگاونان و کارکردنە لە پێناو ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستیدا (نەک ئانتی کاپیتالیستی).
بە هەمان ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستییەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا جەستە و پەیکەری کوردستانیان لێکدی دابڕاند، کەچی کورد هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە مۆرکی جوداییخوازیی لێ دەدرێت! کوردستان کۆمەڵگایەکی بزۆزە کە بە درێژایی مێژوو هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. جیاوازیی سەرەکیی کۆمەڵگای هاوچەرخی کورد، تێپەڕینە لە ناسیۆنالیزم و گەیشتنە بە کۆمەڵگای سۆسیالیستی.
نەک بە نکۆڵیکردن و دوژمنی، بەڵکوو بە ڕێزدانان بۆ هەموو باوەڕەکان…
پێشمەرجی ڕەتکردنەوەی جوداییخوازی پێکهێنانی ستاتۆیەکی گەرەنتیکراوە. هەمان ئەو شتەی کە مۆرکی جوداییخوازیی لێ دەدرێت و مرۆڤی کوردی پێ تاوانبار دەکرێت.
پەخشان عەزیزی
جارێکی تر لە لێپرسینەوەدا بیری دەخەنەوە کە سەرشۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و یارییەکەی دۆڕاندووە.
دۆخێکی تراژیک-کۆمیک لەگەڵ ژمارەیەک مرۆڤی پراگماتیست و پۆزەتیڤیستدا! کە ڕۆژانە لە ڕێگای ڕێکار و سیاسەتەکانیانەوە مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی تێرئاو دەکەن. کێشەی ئێمە کێشەی شوناسە نەک مەترسی بۆ سەر ئاسایش! لە جێگایەکدا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، پرسی شوناس و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەونە بەر نکۆڵییەوە و پێشێل دەکرێن، تەنانەت لەوەش سەرووتر، ئەوانەی بڕیارە کێشەکان چارەسەر بکەن خۆیان تەژین لە گرێی قووڵی کەسایەتی، هێندە قووڵ کە کۆی پرسەکە بۆیان دەبێتە پرسێکی کەسی، قەیرانەکە دەگاتە لوتکەی خۆی!
مرۆڤ بە ڕەگەزەکەیەوە (یەکەم ڕەهەندی فامکراوی)، بە زمانەکەیەوە، کولتوور و هونەری، بەڕێوەبردنی، شێوەی ژیانی و بە ئازادی و بە گشتی بە ئایدیۆلۆژیاکەیەوە مرۆڤە. هەرکام لەم ڕەهەندانە لە ژیانی بزر بکرێن، ئیدی جێگایەک بۆ ژیانێکی ئینسانی نامێنێتەوە. ئەگەر ئیرادە و ورەی ژن وەکوو مرۆڤ لە خشتە ببرێت، ئیدی جێگایەک بۆ ژیانی ئازاد نامێنێتەوە و ئەمەش مانای دوورکەوتنەوە لە پێوەرە ئینسانی، ئەخلاقی و سیاسییەکان. ئەو کاتەی بە دابڕاندنی شوناس ژیانی مرۆڤ بێمانا دەکرێت، ئیدی ژیان بیچمی بەرگریکارانە وەردەگرێت و پێ دەنێتە نێو قۆناغی یاخیبوونەوە.
لە خراپترین دۆخی جەستەییدا کە دەرئەنجامی مانگرتنی یەک لەدوای یەک و گوشاری شوناسمەند-مێژووییە، هەموو جۆرەکانی سووکایەتی و بێڕێزی و هەڕەشە دەست پێ دەکەنەوە. بێدەنگییەکی چەندین مانگە کە دەبێتە هاوار: من تیرۆریست نیم. شریخەی مستی ئەڵقەکراوی لێپرسەوە کە لە سیمای پیاوێکی خاوەن‌دەوڵەتدا هەموو جار دەسەڵاتی خۆی نمایش دەکات، دەنگێک کە دەبێتە هاوار، بۆچی نکۆڵی لە ڕاستییەکان دەکەیت؟!
نکۆڵیتان لە گەورەترین حەقیقەتی کۆمەڵایەتی، واتە ژن و شوناسەکەی، کوردبوون، ژیان و ئازادی کردووە، کامە حەقیقەت و کامە نکۆڵیکردن؟!
نکۆڵیکردن، سڕینەوە، ئاسیمیلاسیۆن؛ هەمان ئەو سیاسەتانەی بە شێوەیەکی سیستماتیک خراپترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکانیان خستووەتەوە، هەرجۆرە گەڕانێک بۆ حەقیقەت به دژایەتیی خۆیان و بەرەنگاربوونەوەی ئەویدی لە قەڵەم دەدەن، کەچی دیسان هەر بە هەمان ئەو سیاسەتانە لێپرسینەوەیش دەکەن، پرۆسەیەک کە سووڕانەوەیە لە ناو بازنەیەکی بۆشدا و هیچی تر (پووچەڵ)!
قەرزداری خەڵکبوون و ئەنجامدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی-ئەخلاقییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە بە تاوان دەزانێت و سیناریۆسازیی بۆ دەکات (چەندین جار هەڕەشەی سیناریۆی دیکەی لێ دەکرێت بۆ لەخشتەبردنی متمانە کۆمەڵایەتییەکەی!)، بێئاگا لەوەی دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەوە دەگاتە ئەنجام و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسی، هەوڵێکە لە پێناو هەموارکردنەوە و تەواوکردنی سیاسەتە ناتەواوەکانی دەوڵەتدا. چونکوو ئەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی، ڕەگەزتەوەری و ئایینگەرایی کە بەرهەمی هێڵی دەوڵەت-نەتەوەن (لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات)، هەر خۆیان هۆکاری قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانن و بێگومان ئەوەی هۆکار بێت، ناتوانێ هەر خۆیشی ببێتە چارەسەر بۆ قەیران. ئەوە خودی خەڵکن کە ئیرادە و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێویستیان بۆ دەربازبوون لە قەیران هەیە. نکۆڵیکردن لە حەقیقەتی کۆمەڵگای ژنان و کوردان و هەرهەموو کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان، نغرۆبوونە لە ناو چەواشەکاریدا و جا چەواشەکارییەکی مێژووییش، ئەمە خۆی گەورەترین شاردنەوەی حەقیقەتە.
نکۆڵیکردنێکی مێژوویی لە ئارادایە نەک چارەسەرکردن، تەنانەت لە پێناسەکردنی کێشەکەیشدا کێشەتان هەیە و لە خستنە بەردەستی ڕێگەچارەدا بێچارەن…
ئەوە تەنها کورد نییە کە خاوەن پرسە، پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ واقیعی زاڵی هەنووکە. ناوەرۆکی پرسەکە لە بەرچاو بزر کراوە و هەرچەشنە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکیان بێمانا کردووە. پێویستە خوێندنەوەی زانستیتر، ڕاستەقینەتر و کۆمەڵایەتیتری بۆ بکرێت. دەبێ پشت بەو تێڕوانینانە ببەسرێت کە نزیکترن لە حەقیقەت. چارەسەرکردنی ڕواڵەتی لەباتیی چارەسەرکردنی حەقیقیی کێشەکان، قەت ناتوانێ ڕێگەچارە بێت. هۆکاری لەخشتەبردنی پۆتانسیەلی ژنان و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ترس لە مەترسیداربوون، لە کاتێکدا کە دیمۆکراسی و سیاسەت قەت نابێ و ناکرێ لەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە پڕئاڵنگارییانە بترسن کە هەڵگری یادەوەرییەکی مێژوویی جیا لە ژینۆساید، نکۆڵیکردن و سڕینەوەن.
سیاسەت لە واتای ڕاستەقینەی خۆیدا ڕێک ئەو کاتە دێتە بوونەوە کە ئەوانەی ئەوبەریش بەشداریی تێدا بکەن؛ هێزی هەموان، هێزی ئەو خەڵکانەی هیچیان نییە، ئەو کاتەی پێت وایە خەڵکانێک هەن بۆ سیاسەت دروست نەکراون کەچی دەست دەکەن بە ئاوڕدانەوە لە کەڵکەڵە کۆمەڵایەتییەکانیان. ئەمە نە مایەی مەترسییە و نە هەڕەشە؛ بڕیار وەردەگرن و دەیسەلمێنن کە خاوەن توانان. گوتەی حاکم دەبێ پاڵنەرێک بێت بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا، ڕۆنانی ئیرادە؛ ئەگەر هەم ڕێگا و هەم ڕێبوار و شوناسەکەی بەپێی ناوەند و دەسەڵات دابڕێژرێن، ئەوە دیمۆکراسی نییە، پێشێلکردنی دیمۆکراسییە. دادپەروەری، سزادان بە هەمان ئەو یاسایانە نییە کە خۆیان هۆکاری قەیرانەکەن، چونکوو ئەویدی هۆگر و بەرئەنجامە. دادپەروەری پێشکەشکردنی شتێکە بە کەسێک کە شایستەی ئەو شتەیە، واتە شوناسەکەی. هەمان ئەو کەسەی مەرگ، هەژاری، چەوساندنەوە، خۆبەزلزانی و دووبەرەکیی بەخشیوەتەوە هەر خۆیشی سزا دەدات، ئاخۆ بەم جۆرە ئیدی دادپەروەری جێبەجێ کراوە و حەقیقەت هاتووەتە زمان و ئەویدییە کە نکۆڵیی لە حەقیقەت دەکات؟ ئەمە هەڵگری کامە واتایە؟! جیاوازیی نێوان «مرکز (ناوەند)» و «مرز (سنوور)» تەنها یەک دانە «کاف»ـە، بە واتای کەتمانکردنی حەقیقەت کە ئەوەش لە هەناوی «مرکز»دایە.
ژوورێکی تاکەکەسی کە چەندین مانگە پێکڕا بەتەنیان. بەبێ کتێب، بەبێ پێوەندی و دیدار، هاوکاتیش خوێنلێچوونی بەردەوام و مانگرتن، تێکچوونی تەندروستی بە چەشنێک کە چیدی توانای ڕێگاکردنی لێ بڕیوە. لێپرسینەوەی یەک لەدوای یەک بۆ ئەوەی ددان بە شتێکدا بنێت کە بوونی نییە، لە پێناو وەرگرتنی هەموو زانیارییەکاندا کە زۆریان بە لاوە گرنگە و کردنی بە مرۆڤی «ئەویدی»! کامە ئەرکی تریان پێ سپێردراوە جیا لە بەتاڵکردنەوەی توانا و وەزە بە مەبەستی بەهاوکارکردن؟! بە دەنگێکی بەرز دووبارەی دەکاتەوە؛ دڵۆپێکی بچووک لە دەریایەکی گەورە کە کەس ناتوانێ ڕێگا لە شەپۆلان و پێشڤەچوونی بگرێت.
قاچەکانی دەشێلێت تا بتوانێ ماوەیەکی دیکەیش لەسەر پێ بوەستێت، هەڵدەستێتەوە و دەکەوێت. ئەم پێنج مانگە چەندین جار ڕۆیشتن تا سنووری «نەبوون»ی ئەزموون کردووە. هێندەش ئاڵۆز و پێشبینی‌هەڵنەگر نییە. کەوتووینەتە ڕێ بەم کەوتن و ڕابوونانەوە، واتای ژیان هەر ئەمەیە؛ ئازارێک نەتکوژێ بەهێزترت دەکات. لە هەمان منداڵییەوە و لەوەیش سەرووتر، بە هۆی ژیانکردنەوە لە سنووردا، بە چیرۆک و هۆنراوە و ئاوازەکانی منداڵیمانەوە، بە چەشنێکی تر خیانەت و پاڵەوانی، ئەڤین و نەفرەت و مەرگ و ژیان، ژیاوین. بە هەموو بوونمانەوە ژیانکردن لە سنووری بوون و نەبوونمان هەست پێ کردووە، پێیەوە ژیاوین. ئێستە ئیدی تەنها سەردەمی بوون و ژیانکردن نییە بەڵکوو سەردەمی چلۆن ژیانکردنیشە.
ئەو دەمەی وەک تاوانکار دێینە دونیاوە، دەبێ هەموو تەمەنمان تەرخان بکەین بۆ سەلماندنی خۆمان، نایانەوێ خۆمان بین، بەڵام هەر دەبێ خۆمان بین.
بۆنی سووتان و خوێن هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی داگرتووە. لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا ڕووداوەکانی دی جارێکی تر دێنەوە بەرچاوی. یەکەم تەرمێک بینیبووی لە ١٨ ساڵیدا بوو، ئەو کاتەی خەدیجەی سەرتاپا سووتاو بە دەستی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی، دەستەکانی لێک گرێ درابوو و ئاگریان لە ژیانی بەر دابوو. ئەو چیرۆکە ڕاستەقینانەی قەت تەواو نابن. دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی دیکە کە بە هۆی کار و زانکۆکەیەوە ئەزموونی کردوون و نوێنەرەوەی دۆخی کۆمەڵگا بوون. ئەو دەیان ژن و منداڵەی لە هێرشی داعشدا هاوسەر، برا و باوکیان لە پێش چاویاندا سەر بڕان، کچانێک کە به دیل گیران و بەردەوام دەستدرێژییان کرایە سەر و هەندێکیان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا.
دایکانی منداڵ لەئامێز کە شیر لە مەمکیاندا وشک ببوو، منداڵانی پێخاوس کە سەدانیان سەریان لەسەر بەردەکانی بەردباران دانا و وشک هەڵاتن. دەیان ژنی خەباتگێڕ کە لە هێرشی فڕۆکەی تورکیا لە لایەکەوە و داعش لە لایەکی ترەوە تەرمەکانیان سووتان و بوون بە هەڵم. ئەو شەرڤانانەی بۆ خەدیجەکان و منداڵان و دایکانی جەرگسووتاو بوونە فیدایی.
لە خەو ڕادەپەڕێت، توانای هەستانەوەی نییە، دەڕشێتەوە… ڕشانەوەیەکی مێژوویی…
لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا قەیران ڕەهەندی تراژیکی تێپەڕاندووە و کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی هەژاندووە، ئەم ناوچەیە لە ڕێگای ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی و تێڕوانینی ئۆریەنتاڵیستی و سیاسەتی ناتەواو و پێشێلکارەوە کە بە ئاڕاستەی ستراتیژی جیهانیدا دەجووڵێت، لە خوێندا گەوزێنراوە.
بە زۆر لەسەر کورسییەکە دانیشت، هەڕەشە و سووکایەتییەکان دیسان دەستی پێ کردەوە. دەستەکانی جێگای برینێکی قووڵی شەڕیان پێوەیە. بۆچی دە ساڵ لە سووریا بووی، بۆچی نەڕۆیشتی بۆ ئەورووپا؟!
لە بێخی پرسیارەکەدا هەست بە حەزێکی زۆر قووڵ بۆ ئەورووپا و ڕۆژئاوا دەکەیت. وەک بڵێی باسی خەونەکانیان دەکەن یان پاڵت پێوە دەنێن بەرەو ئەو شتەی خۆیان دژایەتییان دەکرد! ئەو کاتەی لەو شوێنەداین، نابێ ببین و کاتێک کە ڕۆیشتین دەبێ هەبین!
دوای دۆشدامان و شکستهێنانتان لە دۆسیەکەی ٨٨دا کە ئیدیعای سەرکەوتنتان دەکرد، من لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانەوە خزمەتی مرۆڤایەتیم کردووە و ئێوە هێشتا هەمان لێپرسەوەکەی ساڵی هەشتاوهەشتن کە تەنانەت نەبوونەتە سەرلێپرسەوەیش! بە هۆی نەبوونی فەزای سیاسی-کۆمەڵایەتیی تەندروستەوە، سەدان کیلۆمەتر لە زێدەکەم دوور کەوتمەوە. مانای ژیان بێمانا ببوو. دوور کەوتمەوە تاکوو بڕۆمە جێگایەک کە ئەویش هەر هیی خۆمە (بەو جۆرەی وتبووتان، کوردستانی سووریا هیی ئێمەیە، کوردستانی ئێراق و تورکیا هیی ئێمەن!) کە وایە نەچوومەتە جێگایەک جگە لە «شوێن»ـەکەی خۆم. ئەڵبەت ئەگەر هیی ئێوە نییە و هیی ئێمەیە؟! جێگایەکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە شۆڕشێک لە ئارادایە. ناتوانن خەونەکان بکوژن. سیستەمێکی ئاڵتەرناتیڤ و دیمۆکراتیک کە لە بەرخۆدانی سەدەدا واتە کۆبانێ (کە ئەڵبەت تەنها خەباتێکی تاکڕەهەندی نەبوو بەڵکوو خەباتێکی ئایدیۆلۆژیک بوو) گەیشتە لوتکەی خۆی و بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان. دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە دیمۆکراتیزاسیۆن.
سەرەڕای هەموو ئازار و سەختییەکان، کارکردن لە کامپی ئاوارەکانی شەڕدا دەیتوانی گەورەترین خزمەتی ئەخلاقی-ویژدانی بە کۆمەڵگایەک بێت کە ساڵەها لەژێر نکۆڵی و سڕینەوەدا بوو. جێبەجێکردنی ئەرکی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی کە بە تێپەڕاندنی سنوورەکان بیچمی شۆڕشگێڕانە وەردەگرێت!
دەنگەکە بەرز دەبێتەوە: هەرکەس لەوێیە ئەندامی تاقمی پەکەکەیە؟
واتە میلیۆنان کەس پەکەکەیین، کە وایە بۆ دەڵێن تاقم؟! بەپێی فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ کە وەک کۆمەڵناسێک شیکاریی قووڵی بۆ فەزای ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان کردووە و دوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٩٩٩، ئێستە ٢٥ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیی ئیمرالیدا بەند کراوە، میتۆدی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیم لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەوە هەڵبژارد و ئەمە شەرافەتە. پێناسەی ئێوە بۆ کۆی بابەتەکە هەڵەیە.
باوەڕ بە شۆڕشێک سەرەتا لە ئەقڵییەتدا و پاشان لە پێکهاتەدا یەک لە بنەماکانی شۆڕشە مۆدێرنەکانە.
سروشتییە لە هەناوی شۆڕشدا کەسایەتییەک دروست دەکرێت و بیچم دەگرێت، پێناسەکانی خیانەت و پاڵەوانی لە ئاست جێبەجێکردنی بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانیشدا، ڕوونتر دەبنەوە. چونکوو دەچیتە قووڵایی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ دۆخەکە و پێویستیی خێرای ڕێکخستنی گەلدا ئاشنا دەبیت. بە هەڵبژاردنی میتۆدگەلی سیستماتیک و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسی لە ناو دڵی جەنگێکدا، کە خودی ئێرانیش هەر لەو شوێنە شەڕی داعشی کرد، فێری ڕێگەچارەی بەرهەستتر و زۆر کارامەتر دەبیت. تا کاتێک کە مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیک ڕۆ نەنرێت، هەرگیز لە دەستێوەردانەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی و سەرجەم دەستێوەردانەکان لە ناوچەکەدا ڕزگار نابین. ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێ دەوری بنەمایی خۆی لە پرۆسەی کۆمەڵایەتیدا بگرێتەوە ئەستۆ.
لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیمۆکراتیکدا، هێزی دەوڵەت-نەتەوە و هێزی بەڕێوەبردنی دیمۆکراتیک پێکەوە دەبزوون؛ شێوازێکی دیالێکتیکی. بۆ تێگەیشتن لە «گشت» دەبێ جیاوازییە لۆکاڵەکان قبووڵ بکەین. ئەمە بە واتای جوداییخوازی و ڕووخاندن نییە! هەروەک چۆن لە سووریا هێزە دیمۆکرات و شۆڕشگێڕەکان توانای پێویستیان بۆ ڕووخاندن هەبوو، بەڵام لەباتیی ئەوە، ڕۆنانی سیستەمی خۆیان هەڵبژارد و دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئەسەدیان بچووک کردەوە. سیستەمی شۆڕش ڕێگای خۆی دەبڕێ؛ دیمۆکراتیزاسیۆنی بنەماڵە بە مەبەستی تێپەڕین لە ڕەگەزگەرایی، دیمۆکراتیزاسیۆنی ئایین بە مەبەستی تێپەڕین لە ئایینگەرایی و نەک دژایەتیی ئایین، دیمۆکراتیزاسیۆنی هەموو دامەزراوەکانی سیستەم بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەسەڵاتخوازیی ناوەند، ئەمانە هەموو ڕۆنراوی ئۆتۆریتەیەکی هاوبەشن بەبێ کەوتنەناو داوی دیکتاتۆری و پاکتاوکردنی نەریتی گەلانی ناوچەکەوە کە هەمان شوناسەکەیانە. سیستەمێک کە ژن و شوناسە پەراوێزخراوەکان ببینێت و حسێبیان بۆ بکات، بەم پارادایمە نوێیەوە دژی «جودایی»یە کە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە پێی تاوانبار دەکرێین. چونکوو باوەڕی بە دەوڵەت و سروشتی دەوڵەت نییە کە بەرهەمی درۆ و خەڵک فریودان و شکستی ڕەگەزیی ژنە، بگرە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە.
هەموو هەوڵ و چالاکییەکانم لە پێناو خزمەتکردن و بەجێهێنانی ئەرکی مێژووییم لە بەرانبەر ئەزموونەکانی ژیان و شوناسی مێژوویی خۆمدا بووە بە مەبەستی بەدیهێنانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە بێئەملاولا و حەتمییەکانی مێژوو. بێگومان ڕێگای دروست بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکیش گرتنەبەری شێوازگەلی دیمۆکراتیکە لە ڕۆنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسیدا کە خەڵک خۆیان کێشەکانیان بخەنە بەر ڕاوێژەوە، بیریان لێ بکەنەوە و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزنەوە، ئەمە خودی دیمۆکراسییە!
خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک بە پشتبەستن بە پارادایمی نەتەوەی دیمۆکراتیک (هەموو نەتەوەکانی ناو سنوورەکە) بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لە ناو سیاسەتەکانی خۆیدا توانستی بەڕێکخستنکردنی خەڵکی لە ڕێگای کۆمەڵناسیی ئازادی و ژنۆلۆژییەوە گەڵاڵە کردووە. هەمان ئەو زانستانەی لە ڕێگای شیکاریی قووڵی مێژوویی-کۆمەڵایەتی- سیاسییەوە ڕێگەچارەکان دەخەنە بەردەست. خەڵک لە جێگایەکدا کە خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان ڕا دەبن و کۆمیتە خودتەوەرەکانی ئاشتی، ئابووری، فێرکاری، خزمەتگوزاری، تەندروستی، کولتوور و هونەر، ئایین و باوەڕ، لاوان و ژنان پێک دەهێنن، لە قەیراناویترین دۆخی شەڕدا ڕۆژانە سەدان کێشە چارەسەر دەکەن. ژن و پیاو لە تەنیشت یەکدا و بە هاوژیانییەکی ئازادی هاوبەش و سیستەمی هاوسەرکایەتییەوە، کۆمەڵگایەکی لاواز و نغرۆ لە قەیراندا دەخەنەوە سەر پێ و مانایەکی دی بە ژیان دەبەخشن. هەمان ئەو ژیانەی لە مانا بەتاڵیان کردووەتەوە. باوەڕ و ئیمانی پتەو بەوەی کە ڕێگای ئازادی دەبڕن و سەرەڕای هەموو تەنگەژە و ئازارەکانی بەردەم شۆڕش لە ئەقڵییەتدا، هەموو سات ئازادی دەژین. خەونێک کە جیاوازی ناکات لە نێوان سووریا، ئێران، ئێراق، تورکیا، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و غەزەدا کە لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات لەسەر خوێنی هەزاران مرۆڤ شانتاژی پێوە دەکەن، ئەمەیش خودی ئازادییە.
ئەو کەسەی دەبێتە ڕێبواری ڕێگای حەقیقەت و ئازادی، مانایەکی دی بە مەرگ و ژیان دەبەخشێت. ترسی ئێمە نەک لە مەرگ بەڵکوو لە ژیانێکی سەرشۆڕانە و کۆیلانەیە. ژیانی ئازاد لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە ژنان (کە کۆنترین داگیرکراوەکانن) شێلگیر و پتەو بۆ شەرافەت و کەرامەتی خۆیان بە جۆرێک دەژین کە لە پێناو ژیانی ئازاددا مەرگ لە ئامێز دەگرن.
شەریفە موحەممەدی، من و هەموو ئەو ژنانەی لە نۆبەتی سێدارەداین، یەکەمین و دوایین ژنانێک نیین کە تەنها لەبەر گەڕان بەدوای ژیانێکی ئازاد و شکۆمەنددا تاوانبار کراوین و دەکرێین. بەڵام تا گیانێک پێشکەش نەکرێت، ئازادییش نایەتە دی. نرخی ئازادی گرانە. تاوانمان لێکگرێدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یە.
پەخشان عەزیزی
جولایی ٢٠٢٤
زیندانی ژنانی ئێڤین – تاران
The post نکۆڵیکردن لە حەقیقەت و ئەڵتەرناتیڤەکەی appeared first on ژنەفتن.
ژمارە (چوار)ی گۆڤاری ژنەفتن چاپ و بڵاو کرایەوە
بەرگی ژمارە (چوار)ی گۆڤاری ژنەفتن
ژمارە (چوار)ی گۆڤاری ژنەفتن؛ کە گۆڤارێکی هزری و کولتووریی وەرزییە، تایبەتە بە وەرگێڕانی بابەتی تیۆری و هزری و ڕەخنەیی لە زمانی یەکەمەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
تەوەری ئەم ژمارە (٤) لەبارەی (فاشیزم و ڕاسیزم)ەوەیە. تەوەری ژمارەی داهاتوو (٥) لەبارەی (فێمینیزمەوە)ەوەیە و دوایین کات بۆ وەرگرتنی بابەتی ژمارە (پێنج)، سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٢ـە.
تێبینییەکی پێویست: هەر چەندە پێشتریش ڕامانگەیاندووە بەڵام لێرەدا دووبارەی دەکەیەنەوە کە گۆڤاری ژنەفتن تاکە بڵاوکراوەی کاغەزی ماڵپەڕێ ژنەفتنە و بە هیچ شێوەک بابەتەکانی لە ماڵپەرەکەدا بڵاو ناکرێنەوە، تەنیا لە ماڵپەڕی ژنەفتن ڕیکلامی بۆ دەکرێت.
ستافی ئەم ژمارەیە:
سەرنووسیار: دلاوەر ڕەحیمی
بەرێوەبەری هونەری: گەیلان عەبدوڵا
دەستەی نووسیاران: (ئەسعەد عەلی، پێشڕەو محەمەد، سوارە محەمەد، سۆران عومەر، فازڵ مەحموود، هاوار محەمەد)
ئەم ژمارەیە بە پاڵپشتی قاوەخانەی کولتووریی (نازدارحەیران) چاپ کراوە.
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:
بونیادی ده‌روونناسانه‌ی فاشیزم
ن: ژۆرژ باتای
لە فرەنسییەوە: فازڵ مه‌حموود
له‌م وتاره‌دا كه‌ باتای به‌ زمانێكی ئاڵۆز نووسیویه‌تی هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و جۆره‌ شیكارییه‌ ماركسییه‌ی كه‌ تاوه‌كوو ئه‌و كات پێی وابوو ژێرخانی كۆمه‌ڵگایه‌ك، سه‌رخان دیاری ده‌كات، ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌و به‌ شیكارییه‌كی زۆر وردی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری، سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژییه‌كان ده‌یه‌وێت تێڕوانینێكی پێچه‌وانه‌ بخاته‌ ڕوو، واته‌ له‌ سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و ژێرخانی ئابووری بڕوات. پێی وایه‌ هه‌ر جۆره‌ هاوچه‌شنییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌سته‌ به‌ هاوچه‌شنی سیستمی به‌رهه‌مهێنانه‌وه و‌، هه‌ر درزێك بكه‌وێته‌ ئه‌م سیستمه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری درزكه‌وتنه‌ نێو ڕێكاری كۆمه‌ڵایه‌تی.
هێگل و هیتلەریزم، فەلسەفەی هێگلی و فاشیزمی ئەڵمانی
ن: گیۆرگ لۆکاچ
لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد
لەم وتارەدا لۆکاچ بە دیاریکراوی و قووڵ باسی پرسی چەمکەکانی ماف، یاسا، یەکسانی، دادپەروەری، پێشکەوتن و عەقڵ دەکات کە نازییەکان دژی هەموویان بوون، بەتایبەت فەیلەسوف و بیرمەندانی نازی. دژە-هێگلی خاڵی هاوبەش و دەستپێکی کۆی بیرمەندانی کۆنەپارێز، ڕاستڕەو و ناسیۆنالیستی ئەڵمانی بووە لە سەدەی نۆزدەوە تا لوتکەی هیتلەریزم. بەڵام دوای جەنگ، دژە-هێگلی لە فۆرمی جۆراوجۆری دیکەدا دەرکەوتەوە. خوێندنەوەی ئەم وتارەی لۆکاچ، ئەگەرچی ساڵی ١٩٤٣ نووسراوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و فەلسەفە تازەکان و سەرهەڵدانەوەی بیری ڕاستڕەوی و ناعەقڵانییەتی پۆستمۆدێرن، وەک ئەوە وایە بۆ ئەمڕۆ نووسرابێت.
هەمووان دەیانەوێت ببن بە فاشیست
ن: فیلیکس گواتارى
لە ئینگلیزییەوە: هاوار محەمەد
دوو ئەرگومێنتى سەرەكى لەم وانەوتارەدا هەن كە گواتارى ڕوون و سادە دەیانخاتە ڕوو: 1) فاشیزم نە بونیادە، نە حوكمى مێژووە، نە نەخۆشیى دەروونى هیتلەر و مۆسۆلینى بوو؛ فاشیزم ئارەزووە، كە لەنێو دەستەجەمعدا گەشە دەكات، هیتلەر و مۆسۆلۆنیش ئەم ئارەزووە كەناڵیزە دەكەن، خێراى دەكەن، خاوى دەكەنەوە، لە ماشێنى دیكەى دەبەستن، ئارەزووى شۆڕشگێڕى پێ دەپچڕێنن یان پێى لا دەدەن و هتد. 2) دەروونشیكارى شتێكى ئەوتۆ سەبارەت بەم لیبیدۆیە نازانێت، چونكە ئارەزوو وەك خواستێكى شاراوە و ئاشكراى تاكەكەس تێدەگات كە لە شانۆى داخراو و تاریكیى خێزاندا بەرهەم دەهێنرێت، لە بازنەیەكى بچووك یان لە سێكوچكەى دایك-باوك-منداڵدا گەشە دەكات و لە چێژى سێكسیدا قەتیس دەبێت.
فاشیستەکانی ئەمڕۆ
ڕاستی نوێ و نەریتە ئایدۆلۆژییەکان
ن: فۆلکەر ڤایس
لە ئەڵمانییەوە: ئەسعەد عەلی
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیران و هەڵاوسانەی، لەم ساڵانەی دواییدا لەنێو فاشیزمدا هاتووەتە گۆڕێ، پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژیک لەنێوان «راستی نوێ» و «کۆلێکتیڤی مێژوویی فاشیزم»ـدا بوونی هەیە ؟ و ئایا فاشیزم تەنیا دیاردەیەک بووە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و، سنووردار بووە. واتە لە چەند وڵاتێکدا بوونی هەبووە و، دواجار بە کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، ئەمیش کۆتایی پێ هاتووە.
پۆپۆلیزم وەک پۆست فاشیزم
ن: فێدریکۆ فینچێلستین
لە ئەڵمانییەوە: ئەسعەد عەلی
ئەم وتارە لەبارە ئاوێتەکردن و تێکەڵبوونی پۆپۆلیزم و فاشیزمە، بەتایبەت لەم ساڵانەی کۆتایی و لە گرتنە دەسەڵاتی کۆشکی سپی لەلایەن ترەمپەوە.
تیۆری نەژاد
ن: ویلیام ڕایش
لە ئەڵمانییەوە: سوارە محەمەد
باڵابوونی ئارییەکان و پاکڕاگرتنی خوێنەکەیان ئامانجی سەرەکیی سۆسیالیستە نەتەوەیی(نازی)یەکان بووە، کە بووە بەهۆی فاشیستبوونی ئەڵمانییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا. نووسەر لەم دەقەدا باس لە سەرهەڵدانی بیرۆکەی پاکڕاگرتنی خوێنی نەژادێک بە گەڕانەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەفسانەکانی گریک، تیۆریزانەکانی نەژاد و جێبەجێکارەکەی کە هیتلەر بووە، دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامەکانی ئەم خۆپارێزییە لە هەمبەر سروشتدا کە پێچەوانەیەتی، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ تیۆرییەکەی داروین.  خاڵێکی گرنگ کە لەم دەقەدا باس کراوە، سەرکوتکردنی سێکسوالیتەی چینی کرێکارە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە بە مەترسییەکی کۆمەڵایەتییان بۆ سەر خۆیان داناون.
چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک
ن: مارتن هایدێگەر
لە ئەڵمانییەوە: سۆران عومەر
ئەم پارچە وەرگێردراوە، بەشی چوارەمە لە پێشنمایشی  کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزک لە نووسینی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدێگەر.
کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک یەکێکە لە کتێبەت بناغەییەکانی بیری مارتن هایدێگەر، تەنانەت وەک هاوکارێکی بەهێزیش دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە کتێبی بوون و کات لەکاتێکدا کە دوو ساڵ بەر پێشکەشکردنی ئەم وانەیە  نووسراوە.
لەم کتێبەدا هایدێگەر بۆ یەکەم جار قسە لەسەر کێشەی بوون  هەبوون دەکات و تێیدا  ئەو باسە دەخاتە روو کە فەلسەفە لە ئەوروپا و رۆژئاوا و تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، دوای گواستنەوەی فەلسەفە لە یۆنانەوە،   مانای چەمکی  بوون- و هەبوون تێکەڵکراوە. ئەمەش بووەتە گرێیەکی گەورەی فەلسەفە لە تێگەیشتن لە بنەماکەی خۆی کە مێتافیزیکەوە و بە گوتەی ئەو واتە پرسیارکردنە لە بوونی مرۆیی. لە ژمارەکانی پێشوودا سێ بەشی بڵاو کراوەتەوە و لە ژمارەکانی دیکەدا بەشەکانی دیکەی ئەم پێشنمایشە بڵاو دەکەینەوە.
The post ژمارە (چوار)ی گۆڤاری ژنەفتن چاپ و بڵاو کرایەوە appeared first on ژنەفتن.
مێرگوڵان
مێرگوڵان
یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی حەسەن زیرەک
٢٩/١١/١٩٢١-٢٩/١١/٢٠٢١
وێنەی بەرگ؛ بەرهەمی: مەهدی ئەحمەدیان
پەڕاوی ژنەفتن یەکێکە لە بڵاوکراوە ئەلیکترۆنییەکانی ماڵپەری ژنەفتن؛ کە هەر ژمارەیەک تایبەتە بە چەمک و زاراوەیەکی (هزری، کولتووری، ئەدەبی، هونەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستی… هتد)؛ یان دیاردەیەکی (هزری، کولتووری و هونەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستی… هتد). بابەتەکانیش لە هەموو شێوازەکان لە خۆ دەگرێت، واتە؛ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و تێۆری، تێڕامان و تێزی فەلەسەفی، وتاری ڕەخنەیی ڕۆژنامەوانی، چاوپێکەتن و ڕاپۆرت، وەرگێڕان و فۆتۆ… هتد.
٢٩ی نۆڤەمبەر (٩ی سەرماوەز) ساڵڕۆژی سەد ساڵەی لەدایکبوونی حەسەن زیرەک (١٩٢١٠١٩٧٢)ە، کە ناسراوترین گەورەترین هونەرمەندی سترانبێژی کوردە و کاریگەرییەکی بەرفراوان و زۆری لەسەر موزیک و گۆرانیی کوردی و گەلانی دەوروبەری کوردستان هەبووە. زیرەک جگە لە دانانی دەیان هەڵبەست و ئاواز و گۆرانیی تایبەت بە خۆی، بە سەدان گۆرانی و هەڵبەست و ئاوازی فۆلکلۆری لە فەوتان ڕزگار کردووە.
ماڵپەڕی ژنەفتن لە یادی سەد ساڵەی زیرەکدا پەڕاوی سێیەمی بە ناوی “مێرگولان” تایبەت کردووە بە وتار و لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرت لەسەر حەسەن زیرەک و هونەرەکەی. بابەتەکان بریتین لە:
١. زیره‌ک؛ ئەو کەسەی بەهەشتی هێنایە ئەم جیهانەوە        ڕاپۆرتی: ئەمجەد غوڵامی
٢. حه‌سه‌ن زیره‌ک، حه‌سه‌ن زیره‌ک نه‌بوو!                ن: دکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده
٣. خودایە، ئەو حەسەن زیرەكەت بۆ لێسەندینەوە؟!          ن: ڕێبوار سیوەیلی
٤. بەرگرییەک لە هونەرمەند حەسەن زیرەک      ن: دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
٥. پاش حەسەن زیرەک؟
پێداچوونەوەیەک بە پرسی داهێنان، زەمەنی ڕۆشنبیری و دابڕاندا     ن: زاموا محەمەد
٦. گۆرانی، زمان و نەریت
(تێڕامانێک له‌ سنووربه‌زێنییه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌ک)   ن: عادڵ قادری
٧. زیرەک؛ زیرەکانە دزەی کردە ناو دڵانەوە
دیمانەیک لەگەڵ مامۆستا عەزیز شارۆخ سەبارەت بە دەنگ و پێگەی حەسەن زیرەک    سازدانی: ئەمجەد غوڵامی و شۆڕش ماملێ
٨. سێکسبینی ناو گۆرانییەکانی زیرەک
شێوەکانی خۆدەربازکردن لە سیستەمێکی زمانی/ عورفی   ن: د. ئەحمەد غوڵامی
٩. زیرەک کاریزمایەکی خێڵەکی‌زادی گۆرانیی کوردی   ن: کەژوان زیائەدینی
١٠. زیرەک؛ پاشایەک لە تاران… هونەرمەندێک لە لوتکە!    ن: دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١١. حەسەن زیرەك مرد یان كوشتیان؟    ن: جەواد حەیدەری
١٢. ڕانانی کتێبی “ساواک بۆچی حه‌سه‌ن زیره‌کی کوشت؟”
پەڕاوی سێیەمی ژنەفتن لە سەرەوە (دوگمەی داگرتنی کتێب) دابگرە.
جێی خۆیەتی لێرەدا سپاس و پیزانینمان بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەرێز “ئەمجەد غوڵامی” دووپات بکەینەوە کە ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی خۆی خستە بەردەستمان.
The post مێرگوڵان appeared first on ژنەفتن.
دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند
پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “بەختیار عەلی” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.
بەختیار عەلی (١٩٦٠- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد
ژنەفتن: (ڕەهەند) بە چ ئامانج و مەبەستێک دەستی پێ کرد؟ سەرەتا تەنیا ئامانجی دەرکردنی گۆڤارێک بوو، یان وەک لە بەردەوامیدا بینیمان، پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری بوو؟ ئاخۆ ئەمە خەونیکی دێرینتر و پێشتری بە پلانی ئێوە بووە؟ دەکرێ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاوڕێکی پێویست لەو مێژووە بدەیتەوە؟ ئێستا کە ئاوڕ لەو قۆناغە دەدەنەوە، خۆتان وەک کەسی سەرەکی، چ ناوێک لە “ڕەهەند” دەنێن؟ (مەبەستمان ئەوەیە ئایا پرۆژەیەکی ڕۆشنگەریی بوو، بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی، یان …)؟
بەختیار عەلی: ڕەهەند تەنیا پڕۆژەی گۆڤارێک بوو، ئێمە کە هاتینە ئەوروپا پێشتر لە کوردستان “گۆڤاری ئازادی”مان هەبوو، بە توانایەکی کەم و چاپێکی خراپ چەند ژمارەیەکی کەمی بڵاو بووەوە. برادەرانیش لە ئەوروپا، بە تایبەت کاک هەڵکەوت عەبدوڵا “گۆڤاری یەکگرتن”ی دەردەکرد کە یەکێک بوو لە گۆڤارە زۆر باشەکان، کوالێتییەکی بەرزی هەبوو، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین خوێنەرێکی زۆری لە ئەوروپادا هەبوو، بەڵام ژمارەکانی بە دەگمەن لە کوردستان دەست دەکەوتن. بیرۆکەکە ئەوە بوو ئازادی و یەکگرتن لە گۆڤارێکی نوێدا کۆ بکەینەوە. گۆڤارەکە هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مینبەرێک بۆ نووسەرانێک کە لە تاراوگە دەژین. لەو سەردەمەدا ژیانی ڕۆشنبیری تا ئەندازەیەک وەستابوو، شەڕی ناوخۆ ژێرخانی وڵاتەکەی هەڵتەکاندبوو، جەنگ و کینە و ڕکەبەرییەکی زۆر لەنێوان هەندێک لە نووسەراندا دروست بووبوو، ڕۆژنامە یان گۆڤارێکی وەها دەرنەدەچوو بتوانێت هەموو دەنگەکان کۆ بکاتەوە یان بوار بە هەموو دەنگەکان بدات بە ئازادی بەرهەمی خۆیان بڵاو بکەنەوە. هیچ جێگا و مینبەرێکی وەها دیار نەبوو، بکرێت مرۆڤ بە ئاسانی بەرهەمی خۆی تێدا بڵاو بکاتەوە. هەر یەک لە “گۆڤاری ئازادی و گۆڤاری یەکگرتن”یش پێشتر سروشتێکی فیکری ـ تیۆرییان هەبوو، بیرۆکەی گۆڤارەکە لەوەوە هات کە ئێمە وەک ژمارەیەک نووسەری ئەو سەردەمە، گۆڤارێک بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانمان دابمەزرێنین. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە دانیشتبێتین و بەنیاز بووبین «پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەری» دابمەزرێنین، ڕاست نییە. پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەریی لەناو کورددا دەبێت چۆن بێت؟ نەوەک ئەوسا، بەڵكو بە ئێستاشەوە هێشتا ڕوون نییە، پڕۆژەیەکی وەها دەبێت چۆن بێت.
زاراوەی ڕەهەند یان ڕەهەندی تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ گۆڤارێک، لەوە دەرچێت سەختە جگە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیی شتێکی قووڵ و هاوبەش لە فیکر و بابەت و شێوەی ئیشکردنی نووسەرەکانیدا بدۆزینەوە
ئێمە لە سەرەتاوە کۆمەڵێک نووسەری جیاواز بووین، هەندێک لە هاوڕێیان لە گروپ و هێزی سیاسیی زۆر جیاوازدا کاریان کردبوو، ژێرخانی فیکری و کایەی ئیشکردنیشمان وەک یەک نەبوو، ئەو بابەتانەی جێگای سەرنج و کارکردنمان بوون جیاواز بوون، هەتا لەسەر شێوە و دیزاین و چۆنێتی ئیدارەدانی گۆڤارەکە یەک نەبووین، بەڵام هەموو لە یەک خاڵدا بەشدار بووین، گۆڤارێکی جیدی دەربکەین، هەمووانیش بە دڵسۆزی و هەر یەک بەپێی توانای خۆی وەفاداری ئەو ئامانجە بوون. دیارە کۆمەڵێک هەڵوێستی سیاسیی گشتی و هاوبەشیش لەنێوان هەندێک لە نووسەرەکاندا هەبوو، بەڵام ئەوانە هەڵوێستی گشتی بوون، سەدان هەزار خەڵکی تریش هەبوون هەمان بیرکردنەوە و هەمان تێڕوانینی سیاسییان هەبوو، بۆیە سیاسەت شتێک نەبوو بکرێت بە نیشانە بۆ دەستنیشانکردن یان ناسینەوەی ڕەهەند.
بۆ من ئەو کات و ئێستاش، ڕەهەند گۆڤارێک بوو، مرۆڤ دەبێت وتارەکانی وەک وتاری نووسەرانی جیا تەماشا بکات. جگە لە کۆمەڵێک هەڵوێستی گشتی و سیفاتی گشتی، شتێک نییە نووسینەکان و نووسەرەکانی ڕەهەند پێکەوە گرێ بداتەوە. زاراوەی ڕەهەند یان ڕەهەندی تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ گۆڤارێک، لەوە دەرچێت سەختە جگە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیی شتێکی قووڵ و هاوبەش لە فیکر و بابەت و شێوەی ئیشکردنی نووسەرەکانیدا بدۆزینەوە. مرۆڤ دەتوانێت باسی کاک فاروق ڕەفیق بکات، باسی کاک مەریوان وریا بکات، باسی هەر یەک لەو برادەرانەی دی بکات… هتد. بەڵام باسی ڕەهەند وەک ڕێبازێکی فیکری یان خەتێکی فیکری، بە بڕوای من دروست نییە، کۆمەڵێکی زۆر تێکستی جیاواز ناشێت بە زۆرەملێ بخرێنە ژێر یەک ناوەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە گۆڤارێکدا بڵاو بوونەتەوە. دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین زۆربەی ئەو نووسەرانەی لە ڕەهەند وتاریان نووسیوە، ڕەنگە بەشێکی زۆر کەمی بەرهەمەکانیان لە گۆڤارەکەدا بڵاو بووبێتەوە، بۆ نموونە کۆی ئەو نووسینانەی من لە ڕەهەند بڵاوم کردوونەتەوە، لە سەدا پێنجی سەرجەمی کارەکانم نییە، لەسەروو لە سەدا نەوەد و پێنجی بەرهەمەکانم و نووسینم ناچنە ژێر ئەو خانەیەوە. بۆیە زاراوەی ڕەهەندی، ڕەهەندییەکان، گەر مەبەست لێی خەتێکی فیکری بێت، یان هەندێک بیانەوێت وەک گروپێکی هۆمۆجین یان ڕێبازێک یان هەتا وەک شێوازێکی یەکگرتووی نووسینیش وێنای بکەن بە هەڵەدا دەچن، چونکە شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە. لە ڕاستیدا زاراوەی «ڕەهەندی» هیچ مانایەکی دەستنیشانکراو و کۆنکرێتی نییە. وشەکە هەندێک جار هەندێک کەس بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی کۆمەڵێک نووسەر و تێکستی زۆر جیاواز بئاخننە ژێر یەک ناوەوە و خۆیان لە ئەرکی پۆڵێنکردن و خوێندنەوە و جیاکردنەوە بپارێزن، جۆرێک لە تەمەڵی لە پشت بەکارهێنانی وشەکەوە هەیە کە پەیوەستی خواستی کڵێشەتاشین و لە قاڵبدانە کە لە دونیای ئێمەدا خواستێکی زۆر بەهێزە و کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەوانە دەکات کە نایانەوێت کاری ورد و جیاکاریی ڕاستەقینە بکەن. هەندێک جاریش لەبەر ئامادەگی و بەهێزیی ناوەکە هەندێ کەس وشەکە بۆ دەستکەوتی ڕەمزی بەکار دەهێنن. بە گشتی لای من ڕەهەند گۆڤارێکی جیدی بوو کە بایەخی سەرەکیی بە نووسینی تیۆری لەسەر واقیعی کوردی دەدا، گۆڤارێک نەبوو بۆ وەرگێڕان، گۆڤارێک نەبوو بۆ شەرح و ناساندنی فیکری ئەواندیدی، بەڵکوو گۆڤارێک بوو بۆ دامەزراندنی بیرکردنەوەیەکی تیۆری کوردییانە دەربارەی واقیعی خۆمان، پشت ئەستوور بە پاشخانێکی تیۆری و فەلسەفی، قورسایی گۆڤارەکە لەوەدا بوو کاری بۆ تیۆریزەکردنی واقیعی کوردی دەکرد. دوای نەمانی بە داخەوە، هیچ گۆڤارێکی دیکەی لەو جۆرە و لەو ئاڕاستەیەم نەبینییەوە.
ژنەفتن: ئایا ڕەهەند (وەک ئەوەی لەسەرەوە ناوت ناوە) کۆتایی هاتووە؟ گەر کۆتایی هاتووە، بۆ و چۆن کۆتایی هات؟ گەر کۆتایی نەهاتووە، هێڵی درێژەپێدەری چۆن دیاری دەکەن؟
بەختیار عەلی: بێگومان ڕەهەند گۆڤارێک بوو، ڕەنگە هەر برادەرێک و جۆرە خەیاڵ و خولیایەکی تایبەت بە خۆی هەبووبێت، بەڵام هەوڵی من لە گۆڤارەکە و دواتریش بەو ئاڕاستەیە بوو، ئەو تێکەڵییە ڕەها و بێبەربەستەی لەنێوان سیاسەت و ڕۆشنبیریدا هەیە بوەستێنین. لە سەردەمی ئێمەدا، کاتێک سەرەتا دەستمان پێ کرد، قۆناغی دوای ڕاپەڕین بوو، سەردەمی شەڕی ناوخۆ بوو، پاشەکشەی چەپ و دەرکەوتنی هەرچی زیاتری ڕوخساری دزێوی ناسیۆنالیستی کوردی بوو. لەو ساتەدا پێویستیمان بە پەیوەندییەکی نوێ هەبوو لەنێوان «سیاسەت» و «ڕۆشنبیری»دا، ئەم پێداویستییە تا ئەمڕۆش لە مەیداندایە، زەقتر و پێویستتر بووە و کەمتر نەبووەتەوە. لە قۆناغەکانی پێشوودا، سیاسی و ڕۆشنبیر بە جۆرێک لەناو یەکدا توابوونەوە جیاکردنەوەیان ئەستەم بوو. ڕۆشنبیران هەموو بۆ شوناسێکی سیاسی دەگەڕان تا پێگەی ڕۆشنبیریی خۆیانی پێ بەهێز بکەن. ئەم مۆدێلە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە بەو جۆرە هاتبوو. لە کتێبی ئایدۆلۆژیستدا هەوڵێکی بچوکم داوە هۆکانی ئەو دیاردەیە «لایەنی کەم لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا» ڕوون بکەمەوە. ساتێک هەیە لە مێژووی ئێمەدا ڕۆشنبیران «بەتایبەت شاعیران» دەبنە بەرهەمهێنی سیاسەت. دواتر ئەمە دەبێتە ڕێسا، نەوەی یەکەم لەژێر زەبرێکی مێژوویی دیاریکراودا دەبنە بەرهەمهێنی سیاسەت. بەڵام دواتر ئەمە دەبێتە بنەما بۆ هەڵسانگاندنی ڕۆشنبیر، سیاسەت دەبێتە وەزیفەیەکی دانەبڕاو لە ڕۆشنبیر، وەزیفەی ڕۆشنبیر وەک داهێنەر و وەک بەرهەمهێنی فیکر دەکشێتە دواوە و کورت دەبێتەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی. من بۆ خۆم کاتێک بیرم لە گۆڤارێکی فیکری دەکردەوە، تەنیا بەو ئاڕاستەیە دەمڕوانی، ببێتە شوێنی جیاکردنەوەی «ڕۆشنبیر» لە «سیاسی»، جیاکردنەوەی «فیکر» لە پاشکۆیەتیکردنی هیچ غایەتێکی سیاسی. ئەمە بەو مانایە نەبوو، ئێمە قسە لە سیاسەت نەکەین، بەڵکوو بەو مانایە بوو، ئەوە جەوهەری کارەکەمان نییە. ئێمە وەک مرۆڤ، وەک هاووڵاتی، هەتا وەک کۆمەڵێک نووسەر دەبوو کاردانەوەمان لەگەڵ سەردەمی خۆماندا هەبێت، بەڵام ئەوەی شوناسە سیاسییەکەمان، شوناسە ڕۆشنبیرییەکەمان دیاری بکات، ئەوەی ئەو سوڕە دووبارە بکەینەوە نەوەکانی پێش ئێمە تێی کەوتبوون، واتە وەک ڕۆشنبیر کورت بینەوە بۆ قسەکەرێکی بەردەوام لەسەر سیاسەتی ڕۆژانە… ئەوە بۆ من ترسناک بوو.
خەونی من لە گۆڤارەکەدا شکاندنی ئەو دووبارەبوونەوەیە بوو.
بێگومان دەشێت هەر یەک لە هاوڕێیان خەونی تریان بووبێت، خەونی پێچەوانەی خەونی من. ڕەهەند بە هیچ جۆرێک بەو نیازە دانەمەزرا نووسەرەکانی وەک یەک بیر بکەنەوە، ئێمە حیزب نەبووین، گروپ نەبووین، لە کۆمەڵێک بیرکردنەوەی جیاواز دروست بووبووین. جۆرە غرورێکی پۆزەتیڤیش لەلای هەموو نووسەرەکان هەبوو کە پێداگر بن لەسەر شێوازی ڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیان. گۆڤارەکە بۆ ئەوە بوو هەر یەک بە شێوازێکی جیدی گەشە بە بیروبۆچوونی خۆی بدات. لێرەوە ڕەهەند وەک گۆڤارێک کۆتایی هاتووە، ڕەهەند وەک هەر گۆڤارێکی تری دونیا لە ساتێکدا دەبوو بوەستێت و نووسەرەکانی هەر یەک بە لایەکدا بڕۆن، هەر یەک ڕێگای خۆیان بگرن. ڕەهەند بۆ من شتێکی ئەبەدی یان موقەدەس نەبووە، نەکرێت دەستی لێ هەڵبگرم. ڕۆشنبیران تیپی دوو گۆڵی نین بە یەکەوە یاری بکەن، ڕۆشنبیران بۆیە لێرەن تا بە جیاوازییان، ڕوانگە جیاواز و ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان و نووسینمان پیشان بدەن. بە بڕوای من قەدەری ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوەیە تەنها بێت و لە دەستە و گروپدا نەتوێتەوە. بە درێژایی مێژووی فیکر و ئەدەبیات و هونەر کە ژمارەیەک نووسەر یان هونەرمەند لە دەوری ئایدیایەک، پڕۆژەیەک، گۆڤارێک کۆ بووبێتنەوە زۆری نەبردووە، دەرەنجامی گەشەکردن لە یەکدی ترازاون و هەر کەس ڕێگای خۆی گرتۆتەبەر. ئەم دۆخە دەیان جار لە مێژووی ئەدەب و هونەر و فیکردا دووبارە بۆتەوە. گۆڤارەکە لە سەرەتادا گرنگ بوو تا لەوێدا بنووسین، مینبەرێکمان هەبێت، جێگایەک هەبێت بە گوژمەوە لێوەی دەست پێ بکەین، بەڵام لە جێگایەکدا دەبوو کۆتایی بێت و هەر کەس بکەوێتە سەر پڕۆژە و کاری خۆی. ئێستا شتێکی هاوبەشی ئەوتۆ و گرنگ لەنێوان زۆربەی نووسەرەکانی ڕەهەنددا نەماوە. ڕەنگە زۆر کەس ئەمە وەک شتێکی نیگەتیڤ ببینن، بەڵام من زۆر پۆزەتیڤ دەیبینم. لەوەتەی نووسەرەکانی ئەوسای ڕەهەند هەر کەس بە تەنیا بۆ خۆی کار دەکات، هەندێکیان چالاکتر بوون و بەو جۆرەش کار دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت. ئەو ڕێگا جیاوازانەی هەر یەک لە ئێمە گرتمانە بەر، تا ئەندازەیەک نیشانەیە بۆ ئەوەی ڕەهەند گۆڤارێکی سەرکەوتوو بوو، چەند ڕۆشنبیرێکی لێ کەوتەوە، بە هێڵی فیکری و تێڕوانین و ستایلی جیاوازەوە. پێم وایە ئەوەش تەنیا فەرمانێکە گۆڤارێک بتوانێت جێبەجێی بکات. بەش بە حاڵی خۆم هەست دەکەم هەموو کارێکی جیدی کە ئێستا دەکرێت، نووسەرەکانی لە ڕەهەنددا بووبێتن یاخود نا، بەردەوامیدانە بەو خواستەی لە بنەڕەتەوە ڕەهەندی بۆ دامەزرا.
ژنەفتن: ئێوە وەک کەسی بنەڕەتی و سەرەکیی (ڕەهەند)، ئێستا کە ئاوڕ لەو قۆناغە دەدەنەوە، چۆن باسی گوتارەکانی ڕەهەند بە تایبەت گوتاری ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریی رەهەند دەکەن و تایبەتەندییەکان ئەو گوتارە چین؟
بەختیار عەلی: لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی لە بایەخی گۆڤارەکە تێبگەین، دەبێت ئاوڕێک لە ساڵانی پێشووتر بدەینەوە، پێش ڕەهەند. لەگەڵ ڕوانگەدا شیعری کوردی نوێبوونەوەیەکی لە فۆرمدا بەخۆیەوە بینی، بەڵام ژیانی ڕۆشنبیریی کوردی بە گشتی لە سستییەکی گەورەدا دەژیا. لە سەرەتای نەوەدەکاندا «ئەگەر بەرهەمە شیعرییەکان بخەینە ئەولاوە» بە نووسراو و وەرگێڕدراوەوە بە کۆ پەنجا کتێبی باشمان لە کتێبخانەی کوردیدا نەبوو. هێڵی زاڵی ناو نووسینی کوردیش جۆرە نووسینێکی مارکسیستی بوو، کە مامەڵەیەکی زۆر سادە و ڕووکەشبینی لەگەڵ تێکست و دونیادا دەکرد. بیرکردنەوەی تیۆری ئامادەگی نەبوو، سەرچاوەکانی خوێندنەوە لای ڕۆشنبیرانی کورد بە گشتی کەم و سنووردار بوون.
لە قووڵایی ئیشکردنی گۆڤارەکەدا هەندێک شتی پۆزەتیڤ بەرچاو دەکەوێت کە بە بڕوای من ئەو مافەی پێ دەبەخشێت ئێستێکی جددی لەسەر بکرێت. بەر لە ڕەهەند پرسیارەکان ئاڕاستەیەکی سیاسیی ڕاستەوخۆیان هەبوو، بۆ نموونە پرسیارە تیۆرییە گەورەکان لەم جۆرە بوون: «ئاخۆ ڕێکخراوە سیاسییەکانمان کوردستانی یان عێراقی بن؟».« شۆڕشی کورد دەبێت شۆڕشێکی کرێکاری بێت یان بۆرژوازی نیشتمانیش تێیدا بەشداری بکات؟» «ئەدەب دەبێت زاتی بێت یان مەوزوعی؟» «تێڕوانینی لینین بۆ مەسەلەی نەتەوەیی چییە؟».. هتد. بە گشتی ئەو پرسیارانەی ڕۆشنبیرانی کورد لە ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاکان لە خۆیان دەکرد، بۆ نەوەی ئێمە هیچ مانایەکی نەمابوو. لەو سەردەمەدا بە گشتی چ من و چ هاوڕێیانی ئەو سەردەمە هەستمان بە پێداویستی گۆڕانکاریی گەورە دەکرد. گەر زۆر کورت خۆم کۆ بکەمەوە، نیشانە سەرەکییەکان لە چەند خاڵێکدا کۆ دەکەمەوە.
یەکەم: باوەڕمان بەوە بوو، بۆ ئەوەی رۆشنبیرییەکی پتەو و بەرفراوان و دیدە واڵامان هەبێت، تەنیا بە خوێندنەوەی لینین و بلیخانۆف و ئینگڵس و ماوتسی تۆنگ، ناتوانین ئەو ڕۆشنبیرییە نوێیە دابمەزرێنین. ئیشکردن لەسەر فراوانکردنی جۆری سەرچاوەکان، گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ تێکستە فەلسەفییەکان، کرانەوە بەسەر زانستە کۆمەڵایەتی و دەروونییە نوێکاندا، خواستی سەرەکیمان بوو. دیارترین نیشانەیەک ڕەهەندی پێ بناسرێتەوە، شکاندنی بوو بۆ تاک مەرجەعییەتی فیکری. ئەو گۆڕانکارییە لەو ساتەدا بایەخێکی گرنگی هەبوو، کاریگەریی زۆر پۆزەتیڤیشی لەسەر ئێستای ڕۆشنبیریی ئێمە دانا.
دووەم: باوەڕمان بەوە بوو ڕۆشنبیریی کوردی پێویستی بە بابەتی تازەی تێڕامان هەیە، بە پرسیاری نوێ. پرسیاری سەرەکیی لای من لەو سەردەمەدا بە ئاڕاستەی خوێندنەوەی بونیادی عەقڵی پشت ئەو ئیفلیجییە بوو کە لە ئاستی فیکری و تیۆریدا تیا دەژیاین. بۆ ئێمەی کورد نەمانتوانیوە یاخود بۆ ناتوانین بیر بکەینەوە و فیکرێکی تیۆری بەرهەم بهێنین؟ ئەوە پرسیارێکی سەرەکیی من بوو. بەڵام بە گشتی ئەو هەستەمان هەبوو کە فیکر پێویستە چاوێک بخولقێنێت قووڵتر ناخی کۆمەڵگای خۆی ببینێت. چاومان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نوێ بوو کە پێشتر نووسەرانی کورد بە دەگمەن خۆیان لێ دابوو وەک «مەعریفە چییە؟»، «دەسەڵات چییە؟»، «نەتەوە چییە؟»، « بونیادی ڕۆشنبیریی کوردی چۆن ئیش دەکات؟»، «بەعسیزم چییە؟»، «ناسیونالیزمی کوردی بۆ کار ناکات؟»، «بۆ بونیادی سیاسەت بە گشتی بونیادێکی دینییە؟»، «پەیوەندیی ئێمە و جیهانی دەرەوە دەبێت چۆن بێت؟»، «پەیوەندیی ئێمە و کولتووری خۆراوا دەبێت چۆن بێت؟»… ئەم جۆرە پرسیارانە بۆ ئەو کات زۆر نامۆ بوون، دەبێت بڵێم بە داخەوە تا ئێستاش هەر نامۆن، تا ئێستاش لە گرنگی و هەنوکەیی ئەو پرسیارانە کەم نەبۆتەوە. ئەم گۆڕینە لە بابەتدا، ئەگەر تەواو گۆڕینی ئاڕاستەی بیرکردنەوەش نەبووبێت، گۆڕینی ئاڕاستەی ڕوانین بوو.
ڕۆشنبیری تایبەتمەند کە تەخەسوسی لە بوارێکدا هەیە، دەتوانێت مامۆستایەکی باشی زانکۆ بێت، بەڵام ناتوانێت ڕۆشنبیرێک بێت بە ڕوانینێکی پانۆرامی.
سێهەم: بە بڕوای من ڕەهەند گرێ کوێرەیەکی گرنگی کردەوە. تا ئەو سەردەمە بڕواهێنان بەوەی مرۆڤی کورد دەتوانێت بیر بکاتەوە، تیۆریزە بکات، زاراوەی خۆی هەبێت، دیدگایەکی ڕەخنەیی خۆی هەبێت، جیهانبینییەکی فەلسەفی هەبێت… کارێکی سەخت بوو. بۆچوونی باو لە ئەوسا و ئێستاشدا ئەوەیە ئێمەی کورد هەر دەتوانین کاری وەرگێڕان بکەین، یاخود ئەو تێکستانەی خۆراواییەکان و خەڵکانی تر نووسیویانن دووبارەیان بکەینەوە، ڕاڤەیان بکەین و ڕوونیان بکەینەوە. بەڵام ئەگەر بە ئینساف بین و بێ هیچ کێشەیەکی دەروونی کاری ڕەهەند و هەندێک لە کارەکانی دواتری نووسەرانی ڕەهەند ببینین، هەڵبەت هاوشان بە ڕەهەند کۆمەڵێک نووسەری دیکەش، دەبینین هەوڵێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ تیۆریزەکردنی دونیای کورد و کێشەکانی. ڕاستە ڕێگاکانی ئەو بیرکردنەوە و تیۆریزەکردنە زۆر لە یەک دوور دەکەونەوە، بەڵام سەلماندنی ئەوەی دەشێت و دەکرێت فیکرێکی تیۆریمان هەبێت، بتوانێت تیۆریزەی دۆخی مێژووییی ئێمە بکات و زادەی بیرکردنەوەی خۆمان بێت، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو.
چوارەم: پەیوەندیی بە ئەویدییەوە. هەست دەکەم گرنگترین خاڵێک لە سەرەتاکانی ڕەهەنددا، پچڕاندنی پەیوەندیی ئایدۆلۆژی بوو بە ئەویدییەوە. واتە بتوانین “مارکس” بخوێنینەوە و بەکاری بهێنین بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی بمانبەستێتەوە بە مارکسیزمەوە. بتوانین “فرۆید” بخوێنینەوە، تێی بگەین و بەکاری بهێنین بێ ئەوەی فرۆیدی بین. بتوانین “ئیبن عەرەبی” بخوێنینەوە و بەکاری بهێنین، بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی بە دینەوە بمانبەستێتەوە. بە داخەوە دواتر ئەم جۆرە پەیوەندییە لای هەموو نووسەرانی ڕەهەند بەو جۆرە نەمایەوە، بەڵام یەکێک لە نیشانە گرنگ و سەرەکییەکانی ڕەهەند ئەو جۆرە پەیوەندییە بوو. واتە ڕزگارکردنی پەیوەندیی مەعریفیمان لەگەڵ ئەویدیدا لە هەر جۆرە وابەستەگییەکی ئایدۆلۆژی.
پێنجەم: ڕەهەند سەرەتایەک و ڕێگایەکی کردەوە بۆ ئەوەی ببین بە ڕۆشنبیرییەک سیستمێکی زاراوەیی خۆمان هەبێت، واتە تەنیا چەمکەکان نەڵێینەوە، بەڵکو چەمک دروست بکەین. تەنیا زاراوە فیکرییەکانی ئەوانیدی ڕاڤە نەکەین، بەڵکو خۆمان زاراوە بسازێنین و وەک کەرەستەی بیرکردنەوە بەکاریان بهێنین. وەک لەوەوپێش لە زۆر وتار و جێگادا ئاماژەم پێداوە، کێشەی سەرەکیی ڕۆشنبیریی کوردی غیابی تەواوەتی کایە زانستییەکان بوو، بەڵام ئیشکردن لە تەنیا کایەکیشدا، تەواوی پڕۆژەکەی دەگۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی ئەکادیمی بێسوود، بۆ نموونە گەر بە تەنیا کارمان لەسەر بواری کۆمەڵناسی یان دەروونناسی بکردایە، جگە لە هەندێ تێکستی ئەکادیمیی زۆر تایبەتمەند شتێکی زیاتر بەرهەم نەدەهات، بۆ خۆم لە ئەوسا و لە ئێستاشدا باوەڕم بە جۆرە مەعریفەیەکە لەنێوان کایەکاندا ئیش بکات، لەسەر کێشە گەورە و پرسیارە گشتییەکان کار بکات. ڕۆشنبیری تایبەتمەند کە تەخەسوسی لە بوارێکدا هەیە، دەتوانێت مامۆستایەکی باشی زانکۆ بێت، بەڵام ناتوانێت ڕۆشنبیرێک بێت بە ڕوانینێکی پانۆرامی. من باوەڕم بە ڕۆشنبیرێک هەیە پشت ئەستوور بە ڕۆشنبیرییەکی بەرفراوان، لەسەر پرسیار و کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بدوێت، ئەوەی بڵێیت فیکر لە خۆرهەڵات بەرهەم نایەت تێزێکی ڕاسیستی و فاشیستییە، بەڵام فیکرێک کە لێرە بەرهەم دێت قووڵ بە ئەزموونی ئێمەوە گرێ دراوە وەک خۆرهەڵاتی، تەواوکەری فیکری خۆراوا نییە، شەرعییەتیشی لەوەوە وەرناگرێت بە پێوەرە ئەکادیمییە غەربییەکان بپێورێت، بەڵکوو شەرعییەتی لەوەوە وەردەگرێت، چەند لە کێشە قووڵ و تایبەتەکانی ئێمە نزیکە. لای من گۆڕینی کێشەکانی خۆمان، وەک کورد، وەک خۆرهەڵاتی بۆ کێشەی مەعریفی، بۆ پرسیاری فیکری و فەلسەفی، سەرەتایەکی گرنگ بوو.
من کۆی پرۆسەکە وەک دابڕان نابینم، بەڵکوو وەک خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردن، وەک دانانی ڕێگا بۆ دامەزراندنی سەرەتایەکی تازە لە شێوازی جیهانبینیدا.
ژنەفتن: ئێوەش پێتان وایە کە(ڕەهەند) توانی دابڕانێک لە ڕۆشنبیریی کوردیدا دروست بکات و ئەو ڕۆشنبیرییە بکاتە دوو قۆناغی پێش و پاش ڕەهەند؟
بەختیار عەلی: ڕەنگە من وێنەکە بە جۆرێکی تر ببینم. بۆ نموونە، من وەک شاعیر کە ئەو کات شیعرم دەنووسی، دەمزانی لە چی دادەبڕێم. شیعری کوردی کەلەپوورێکی قووڵ و دەوڵەمەندی هەبوو. وەک شاعیر کە بیر دەکەیتەوە و دەتەوێت لێرەدا ببیتە شاعیر، کۆمەڵێک لوتکەی وەک خانی و نالی و مەحوی و گۆران و شێرکۆت لە بەردەمدایە. تۆ دەزانیت دەچیتە جیهانێکەوە پڕە لە لوتکە، پێشوەخت دەزانیت دابڕان لێرەدا سەختە، سەروکارت لەگەڵ کەلەپوورێکی دەوڵەمەنددایە. بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە ئێمە خاوەنی شتێکی وا نەبووین، دابڕان لەگەڵ واقعێکی کولتووریی لاوازدا هیچ جۆرە پاڵەوانێتییەکی وەهای نەدەویست. بەش بە حاڵی خۆم ناتوانم ئەوە ناوبنێم دابڕان. دابڕان هەمیشە لەگەڵ شێواز و فۆرمێکدا دەکرێت کە جۆرە جیهانبینییەکی ڕوون و کامڵی هەبێت. ئێمە لەو ڕووەوە شەڕمان لەگەڵ جۆرە جیهانبینی یان سیستمێکی کامڵدا نەدەکرد، بەڵکوو شەڕمان لەگەڵ کایەیەکی ڕۆشنبیریدا دەکرد، نەیدەویست دەست پێ بکات و بیر بکاتەوە. من پێم وایە بە ئەوسا و بە ئێستاشەوە، بە ڕەهەند و بە ژمارەیەکی زۆر هەوڵی دیکەشەوە لە دەرەوەی ڕەهەند و دوور لە ڕەهەند، ئێمە هێشتا لە قۆناغی دامەزراندنداین. ئەو کات کۆمەڵگای کوردی و ڕۆشنبیریی کوردی گەیشتبووە ئاستێک، دەبوو هەوڵ بدات کێشەکانی خۆی تەنیا بە زمانی سیاسەت نەنووسێتەوە، دەبوو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری نوێ ببینەوە. دەبوو دووبارە خۆمان پێناسە بکەینەوە، مەرجەع و سەرچاوەی نوێ بدۆزینەوە. بە بڕوای من ڕەهەند سەرەتای سەرهەڵدانی هوشیاری بوو بە هاتنە کایەی دونیایەکی نوێ، سەرەتای هەستکردن بوو بەوەی ئیتر کاتییەتی ڕۆشنبیرییەکی نوێ و جیدی و سەردەمیانە دابمەزرێنین، سەرەتای ئەوە بوو هەوڵ بدەین ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە دواوە بدەینەوە. من کۆی پرۆسەکە وەک دابڕان نابینم، بەڵکوو وەک خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردن، وەک دانانی ڕێگا بۆ دامەزراندنی سەرەتایەکی تازە لە شێوازی جیهانبینیدا.
ژنەفتن: یه‌كێك له‌و ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ڕەهەندییەکان دەبێتەوە، ئەوەیە کە پێویست بوو لەگەل دەرکەوتنی ئەو پرۆژە و ناوەندەدا، لە لایەن کەسە سەرەکییەکانی ئەو پرۆژەیە هاوتەریب لەگەڵ تیۆریزەکردن و ڕەخنەکردن، گرنگییان بە وەرگێڕان بدایە، بە تایبەت ئەو سەرچاوە سەرەکییانەی کە خۆتان پشتان پێ دەبەست. ئینجا (تێڕوانێکی زاڵیش هەیە کە ڕەهەند ئاسۆیەکی نوێی بۆ زمانی کوردی کردووەتەوە)، بەڵام تا ئاستێک دەتوانین بڵێین وەرچەڕخان و ئاسۆی نوێ بۆ زمانێک ته‌نیا له كاتی وه‌رگێڕاندا ده‌رده‌كه‌وێت، چونکە تاكوو ئێمه‌ پێشتر له‌ ئاستی وه‌رگێڕاندا، زمانی ئه‌وی تر ئه‌زموون نه‌كه‌ین ناتوانین ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ نووسینیش…‌ هەروەها ڕەخنەیەکیش‌ هه‌یه‌ کە ده‌وترێت زۆربه‌ی نووسینه‌كانی ڕەهەند به‌ جۆرێك وه‌رگێڕانیان ئیقتیباسێكی ئازاده‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی كراوه‌.
بەختیار عەلی: لەگەڵ گرنگی و بایەخی وەرگێڕاندا بۆ هەموو کولتوورێک، دۆخی ئێمە لەمەدا کەمێک جیاواز بوو. بەشی زۆری ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە زمانی عەرەبی و فارسییان دەزانی، لەم دوو زمانەدا زۆر لە تێکستە بنەڕەتییەکان هەبوون، ڕۆشنبیرانێکی کورد کە دەیانتوانی ڕەهەند بخوێننەوە و تێی بگەن، دەستیان بە هەموو ئەو سەرچاوانەدا دەگەیشت. لێرەوە تەرخانکردنی هەموو ژیانت، بۆ وەرگێڕانی هەمان ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆشنبیرانی ئێمە خوێندبوویانەوە یان ئاسان دەیانتوانی دەستیان پێ بگات و بیخوێننەوە، کارێک نەبوو لە ڕیزی پێشەوەی ئەرکە هەرە گەورەکاندا بێت.
ئامانجەکە ئەوە نەبوو ئێمە گۆڤارێکی تایبەت بە ناساندنی فیکری خۆراوا دەربکەین، بەڵکوو هەوڵ بدەین زەمینەسازی بکەین بۆ جۆرە فیکرێکی خودبین و خود خوێنەوە.
لەوەش بترازێت وەرگێڕان جۆرە کارێکە کە کارەکتەری خۆی دەوێت، هەر کەسێک لە بواری فیکر و ڕۆشنبیریدا کاری کرد مەرج نییە بتوانێت ببێتە وەرگێڕ، من بۆ خۆم لەو کەسانەم ناتوانم ببمە وەرگێڕ، کارەکتەری وەرگێڕم نییە. بە بڕوای من پرۆسەی وەرگێڕان تەنیا کاتێک مانای هەیە کە لە تەنیشت پرۆسەی بیرکردنەوەوە بڕوات. ئەو تێزەیەی پێی وایە وەرگێڕان دەبێت پێش نووسین و بیرکردنەوە بکەوێت، بۆچوونێکی دروست نییە. کەلەپووری فەلسەفی و کتێبخانەی کتێبە گرنگەکان بە ئەندازەیەک بەرفراوان و گەورەیە گەر پرۆسەی بیرکردنەوە ببەستینەوە بە پڕۆسەی وەرگێڕانەوە، دەبێت نزیکی دوو سەد بۆ سێ سەد ساڵ خەریکی وەرگێڕان بین بێ ئەوەی بیر بکەینەوە. من ئەوسا و ئێستاش بڕوایەکی پتەوم هەیە کێشەکانی ئێمە تەنیا بە خوێندنەوە و وەرگێڕان یان بە گواستنەوەی چەمکە خۆراواییەکان ناخوێندرێنەوە. ئێمە لەسەر ئەوەوە بینا ناکەین کە خۆراوا بونیادی ناوە، بەڵکو لە سفرەوە لەسەر زەمینێکدا ئیش دەکەین تیۆریزە نەکراوە، لەسەر واقیعێک دەنووسین هیچ ڕەهەندێکی ڕۆشن نەکراوەتەوە، هەندێک ئایدیا دەخەینە کار ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو دونیایەن کە خۆمان تێیدا دەژین. خۆراوا دەتوانێت تەنیا هەندێک کەرەستەی بیرکردنەوەمان بداتێ، نەوەک لە بری ئێمە بیر بکاتەوە. خودی ڕەهەند «لایەنی کەم وەک من لە ڕەهەندم دەڕوانی» بۆ ئەوە نەبوو فیکری خۆراوا بە خوێنەری کورد بناسێنین، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بوو، کەرەستەگەلێکی فیکری تاقی بکەینەوە تا لە خۆمان و کێشە گەورەکانمان بڕوانین. ئەم ڕەخنەیە ڕەنگە زیاتر ڕەخنەی ئەو برادەرانە بێت کە کاری نووسەرەکانی ڕەهەندیان نەخوێندۆتەوە، بەڵکو لە دوورەوە ئەو وێنە گشتییەیان بینیووە، کە نووسەرانی ڕەهەند بە گشتی زۆر چەمکی فیکر و فەلسەفەی خۆراوایی بەکار دەهێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجەکە ئەوە نەبوو ئێمە گۆڤارێکی تایبەت بە ناساندنی فیکری خۆراوا دەربکەین، بەڵکوو هەوڵ بدەین زەمینەسازی بکەین بۆ جۆرە فیکرێکی خودبین و خود خوێنەوە. من بەش بە حاڵی خۆم، ڕاڤەکەر یان شەرحکەری فیکری خۆراوایی نەبووم. شوێنی ئیشکردنی من بە پلەی یەک مێژوو و ستراکتوری سیاسی و عەقڵی کورد و خۆرهەڵات بووە، هەندێک کێشەی ئەدەبی و فیکری بووە کە وەک نووسەر بوونەتە خولیام. زۆر گەڕاومەتەوە بۆ چەمکە خۆراواییەکان، بۆ ئەوەی وەک کەرەستەی بیرکردنەوە، وەک ئەدات، وەک بەهێزکردنی ژێرخانی مەعریفی بەکاریان بهێنم، بۆ ئەوەی پیشانی خوێنەرانی بدەم لەبەرامبەر هەمان گرفتدا نووسەرانی دیکە چ بۆچوونێکیان هەبوو، بۆ ئەوەی پیشانی بدەم لە ئاگاییەکی ڕاستەقینەوە بە ڕەهەندە فەلسەفی و فیکرییەکانی ئەو کێشەیە دەنووسم و لەسەر لم کۆشک و تەلار دانامەزرێنم. مەبەستی سەرەکیش لەو جۆرە پەیوەندییە، شکاندنی هەر شێوە فۆرمێکی عەبدایەتی و کۆیلەیەتی مەعریفی بووە لەنێوان ئێمە و خۆراوادا. بۆ ئەوە بووە ڕوون بێت، خۆراوا نابێت و ناتوانێت لە بری ئێمە بیر بکاتەوە. ئەوەی خۆراوا دەینووسێت، دەشێت کەرەستەی یاریدەدەرمان بداتێت، بەرچاو ڕوونییەکی مەنهەجیمان پێ ببەخشێت، یارمەتیمان بدات فۆرمێکی زانستی ببەخشین بە تێڕوانینمان، بەڵام خۆراوا ناتوانێت هۆکانی ئەو ناعەقلانییەتەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە لێرە دروست بووە، ناتوانێت لە کاریگەرییە ناوەکییەکانی مۆدێرنە لەسەر فۆرمی شارەکان و خێڵەکانمان تێبگات، یاخود ناتوانێت ئەنفالمان بۆ تەفسیر بکات، ناتوانێت کلیلی تێگەیشتنمان لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی بداتێ. بە گشتی ئاڕاستەی ئیشکردنی من وەها بوو، خۆراوا نەگوێزینەوە بەڵکوو بەکاری بهێنین. بۆ نموونە، گرنگی کارەکە ئەوە نەبوو تەنیا ئەوە بگێڕینەوە مارکس چۆن پەیوەندیی پێکهاتی چینایەتی و سیاسەت دەخوێنێتەوە، بەڵکوو ئەوە بوو تێبگەین، بۆ هەمان کێشە لە خۆرهەڵات فۆرمێکی تەواو جیاوازی هەیە لە فۆرمە ئەوروپییەکەی.
لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیمدا وەک نووسەر زۆر جار چەمکی «غەیبانییەت»م بەکار هێناوە، چەمکێک ئێستاش جار جار دەگەڕێمەوە سەری، مەبەستم لە غەیبانییەت بەکارهێنانی ئەویدییە وەک ئەلتەرناتیڤێک لە بری بیرکردنەوەی خۆمان. بەکارهێنانی ئەویدییە وەک کەرەستەیەک تا غیاب و بێواربوونی عەقڵی خۆمان بشارینەوە. وەک چۆن مارکسیستەکان، مارکسیزمیان بەکار دەهێنا تا خۆیان بیر لە ستراکتوری کۆمەڵایەتی خۆرهەڵات نەکەنەوە. بە داخەوە لای ئێمە وەرگێڕانیش هەندێ جار جۆرێک لە پرۆسەی خۆشاردنەوە بووە لە پشتی ئەویدییەوە. لە نەوەی پێش ئێمەدا پرۆسەیەکی زۆر زۆر بچوکی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مارکسی هەبوو، وەرگێڕان بەشێک بوو لە بونیادە ئایدۆلۆژییەکە، گەر مارکس یان برێشت یان گۆرکیت وەربگێڕایە ئەوە تۆ مارکسی بوویت، گەر کامۆ یان سارتەرت وەربگێڕایە وجودی بوویت. پرۆسەی وەرگێڕان لای ئێمە تا ئەمڕۆش ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژی هەڵاوێردکاری هەیە، وەرگێڕ لە ڕێگای فەیلەسوفێک یان دەروونشیکارێکەوە دەیەوێت شەڕی بیرکردنەوە و فەلسەفەکانی تر بکات. لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ کاری وەرگێڕەکان، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم، هەمیشە دەخوازم نووسینی نووسەرانی کورد بخوێنمەوە نەوەک وەرگێڕانیان، دەمەوێت بیرکردنەوە و شێوازی تێڕوانینی خۆیان ببینم. وەرگێڕان شتێکی زۆر گرنگم لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤێک دەربارەی دونیای خۆی پێ ناڵێت، نووسینی ڕاستەقینە بەرهەمهێنانی فیکرە، نەوەک تەنیا گواستنەوەی فیکری ئەوانیدی. خۆرئاوا كه‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وە بە چڕی له ‌ڕێگه‌ی گه‌ڕیده‌كانییه‌وه‌ ده‌ست ده‌كاته‌ وەرگێڕانی تێکستە خۆرهه‌ڵاتییەکان و ئه‌مڕۆش كه‌ باوه‌ش بۆ كتێبی خۆرهه‌ڵاتی ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له ‌بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی تێبگات، وه‌رگێڕان كاتێك مانای هه‌یه‌ وه‌ك خۆراوا پشت ئه‌ستور بیت به‌ تیۆر و بیركردنه‌وه‌ی خۆت. وەرگێڕان جۆرێکە لە خوێندنەوە، جۆرێکە لە ڕاڤەکردنەوە، بەبێ هێزی خوێندنەوە و ڕاڤەکردن ئامانجی خۆی ناپێکێت.
کار نەکردنم وەک شاعیر و ڕۆماننووس زۆر ئازاری دەدام، من هەمیشە خۆم زیاتر لە ئەدەبیاتدا بینیوەتەوە تا هەر شتێکی تر. دڵنیاش بووم لە توانامدا نییە هەم کاری ئەدەبی خۆم بکەم و هەم گۆڤارەکەش بەڕێوەبەرین،
ژنەفتن: ئازادی و دواتر ڕه‌هه‌ند كوڕی سه‌رده‌می ڕزگاربوونن له‌ به‌عس و له‌ هه‌ناوی شه‌ڕی ناوخۆشدا گه‌شه‌یان كرد، بۆیه‌ به‌شی زۆری ڕه‌خنه‌كانی نووسه‌ره‌كانی له‌ حیزبی كوردی و بواری ڕۆشنبیری و ته‌نانه‌ت په‌روه‌رده‌ی كوردی نادیموكراتی بوونی بووه‌، بۆیه‌ بە جۆرێک دەکرێ بڵێین گوتاری سه‌ره‌كیی ڕه‌هه‌ند له ‌پێناوی دیموكراتیزه‌كردنی سه‌رجه‌می ژیانی كورددا بووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ باشوور، ڕه‌هه‌ند سه‌رنجی زۆری خستۆته‌ سه‌ر ڕاڤه‌كردنی نادیموكراتی بوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و (فاشیستیبوونی) حیزبی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌ڵام له ‌سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا سه‌رنجی گه‌وره‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بووه‌ نه‌ك نادیموكراتیبوون، خه‌ڵكی ناڕازی گوتارێكی تریان له ‌بری گوتاری دیموكراتیزه‌كردن هه‌ڵگرتووه،‌ گوتاری دژه‌گه‌نده‌ڵی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ وا قسه‌ ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌ركه‌وته‌كانی ڕۆشنبیری و به‌ره‌نگاری سیاسیی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی دووه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان به‌رهه‌می ڕه‌هه‌ند بن، ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دیالێكتیكی نه‌بوونی دیموكراتی و بوونی گه‌نده‌ڵی تێده‌گه‌ین، به‌ڵام شرۆڤه‌تان بۆ ئه‌م دوو گوتاره‌ چییه‌؟
بەختیار عەلی: بێگومان ئێمە گەرمەی کارکردنمان وەک ڕۆشنبیر کەوتە سەردەمێکی زۆر هەستیاری مێژووییەوە، سەردەمی کۆتایی هاتنی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان، سەردەمی هەرەسی ئەخلاقی و سیاسیی بزووتنەوەی ناسیونالییستی کوردی، هاتنی ئەمریکا، ڕووخانی سەدام، سەرهەڵدانی چەندین فۆرمی جیاواز لە فاشیزمی دینی و تائیفی و نەتەوەیی … هتد. لە ڕۆژگارێکی وا جەنجاڵ و پڕ لە ڕووداودا هیچ مرۆڤێک ناتوانێت تەنیا سەیرکەر بێت. لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕەهەند کەمە کەمە بەرەو پاشەکشە و وەستان دەچوو. یەکێک لە هۆ سەرەکییەکان ئەوە بوو کە ڕەهەند وەک گۆڤار کارێکی زۆر و کاتێکی زۆری دەویست. من لەو ساڵانەدا کە لە ڕەهەنددا کارم دەکرد، زۆر لە پڕۆژە و لە خەونەکانی خۆم دواکەوتبووم. لە هەموو ئەو ساڵانەدا وەک کاری خۆم تەنیا “ئێوارەی پەروانە” و قەسیدەی “کتێبی پیاوکوژان”م نووسی بوو، خولیام بوو واز لە گۆڤارەکە بهێنم و بچمە سەر پڕۆژە ئەدەبییەکانی خۆم. کار نەکردنم وەک شاعیر و ڕۆماننووس زۆر ئازاری دەدام، من هەمیشە خۆم زیاتر لە ئەدەبیاتدا بینیوەتەوە تا هەر شتێکی تر. دڵنیاش بووم لە توانامدا نییە هەم کاری ئەدەبی خۆم بکەم و هەم گۆڤارەکەش بەڕێوەبەرین، ئەوەی بیرم بێت کاک مەریوان وریاش ئەو کات سەرقاڵی ئامادەکردنی دکتۆراکەی بوو لە زانکۆی ئەمستەردام. ڕاوەستانی ڕەهەند پتر هۆکارێکی تەکنیکی و شەخسی بوو، نەدەکرا لە یەک کاتدا هەم کار بکەین بۆ ئەوەی بژین، هەم پرۆژە تایبەتییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین، بخوێنین و بشخوێنینەوە، گۆڤارەکەش دەربکەین. کارێکی ئێجگار سەخت بوو کە ئیتر لە تاقەت و توانادا نەمابوو، بەتایبەت باری دارایی هەمووشمان زۆر لار بوو، تێچوونی گۆڤارەکەش تا دەهات دەچووە سەرێ. لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەک یەکەم ڕۆژنامەی ئەهلی دەرچوو، بێگومان ئێمە وەک نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند، ڕۆڵێکمان لە بەهێزکردنی پێگەی ڕۆژنامەکەدا هەبوو، بەڵام ڕۆژنامەکە و سیاسەتەکانی ڕۆژنامەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە نەبوو، ئێمە تەنیا کەسیش نەبووین لەوێدا دەماننووسی، زۆر نووسەرانی دیکەش لەوێ دەیاننووسی. بەڵام لەگەڵ وەستانی ڕەهەنددا ڕۆژنامەکە جۆرە هەناسەیەک بوو، کەمە دەرفەتێکی دەداینێ لەگەڵ خوێنەراندا لە پەیوەندیدا بین. هوشیاریی ڕەخنەیی لەو سەردەمەدا لە هەموو لایەکەوە هەڵدەقوڵا، واقیعی سیاسی و ئابووری بە جۆرێک ڕووی لە گەندەڵی بوو، کەس نەبوو نەیبینێت و دەرکی پێ نەکات. بەڵام لەو سەردەمەدا هێزە ناڕازی و ڕەخنەگرەکان پێویستیان بە دەنگێک بوو وشەکانیان و ناڕەزایەتییەکانیان بخاتە قاڵبێکی داڕێژراو و ڕوونەوە. ئێمە نووسەرانی ڕەهەند لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕۆڵمان لە دروستکردنی زمانێکی سیاسیی ڕەخنەییدا هەبوو، بەڵام ئێمە تەنیا دروستکەری ئەو هوشیارییە نەبووین، زۆر ڕۆشنبیرانی تری ئەو سەردەمەش تێیدا بەشدار بوون، جگە لەوە واقیعی سیاسیی کوردستان و هاوپەیمانی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی خۆیان گەورەترین دروستکەری ئەو هوشیارییە ڕەخنەییە بوون. ئەوەی پێمان وابێت ئەگەر نوسەرانی ڕەهەند نەبووایە، خەڵک لە کۆتاییی نەوەدەکان و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا نەیاندەزانی پارتی و یەکێتی چین، هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی پێشمان وابێت نووسەرانی ڕەهەند لە بەخشینی زمان و داڕشتنی گوتاری ئۆپۆزسیۆندا لە کوردستان ڕۆڵێکیان نەبینیوە، ئەوەش بۆچوونێکی ڕاست نییە. ڕاستە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە جۆرێک تاڵ بوو، هەمووانی هوشیار کردبووەوە، بەڵام ئەم هوشیارکردنەوەیە بۆ زمانێک و فۆرمێکی گوزارشت لە خۆی دەگەڕا، نووسەرانی ڕەهەند و کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری دیکەش لەوێدا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی. بەڵام من ئەوە بە شتێکی هێند گرنگ و گەورە نابینم، بە تایبەت کە دەبینین ئەو جۆرە هوشیارییە، ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی لەم پرۆسەیە دروست بوو، نەبووە هێزێکی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە.
سیاسەت ئەو کایەیە بوو دەمویست سەرتاپای وەک کایە ڕەخنە بکەم، نەوەک ببم بە زمانحاڵی بەشێکی
ئەو کاتەی گۆڤارەکە وەستا، ئێمە وەک نووسەر لە گەرمەی چالاکیماندا بووین، هەر نووسەرە و دەبوو بۆ خۆی وەڵامی پرسیارەکانی سەردەمی خۆی بداتەوە. پرسیاری هەرە گەورەی ئەو ساتەش پەیوەندیی ڕۆشنبیر بوو بە کایەی سیاسییەوە. لای من گەندەڵی و نەبوونی دیموکراسییەتیش دوو دەرکەوتەن کە زادەی ئەو میکانیزمانەن کە لە کایەی سیاسیدا باڵادەستن. ئەو خورافەتەی گوایە دەکرێت گەندەڵی چاک بکەین، بێ ئەوەی کۆی کایەی سیاسی بخەینە ژێر پرسیارەوە، تێزێکی دروست نییە. من لەدوای 17ی شوباتەوە تەواو لام ڕوون بوو کە کایەی سیاسی بە تەنیا شتێکی گەورە ناخولقێنێت. ئەوەی ڕەخنەی فڵانە حیزب و فیسارە سەرکردە بکەیت، بەشێکی زۆر زۆر بچوکی پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و گەورەیە. چیتر کێشەکە ئەوە نەبوو، خەڵک هوشیار نین بۆیە دونیا ناگۆڕدرێت، بەڵکوو خەڵک بە ڕوونی دەیانزانی کێ و چۆن دەیانچەوسێنێتەوە و مافەکانیان دەخوات، لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی گرنگ ڕووی نەدەدا. بۆیە لەو جوغزەدا وەستان ترسناک بوو. ترسناک بوو ئیشی من ببێتە ئەوەی، تەنیا گوزارشت لە هوشیارییەکی سیاسیی دیاریکراو بکەم. ئەگەر من وا وێناکرابام کە تەنیا خولقێنەری زمانێکی گوزارشتی سیاسیم و ئەوە بەرزترین ترۆپکێکە من پێی گەیشتبێتم، ئەوە دەرەنجامێکی زۆر غەمگین دەبوو. سیاسەت ئەو کایەیە بوو دەمویست سەرتاپای وەک کایە ڕەخنە بکەم، نەوەک ببم بە زمانحاڵی بەشێکی. لای من هێزی نووسەران لە کاریگەرە سیاسییەکەیاندا نییە، بەڵکوو لە هێزە مەعریفییەکەیاندایە، هەروەها هێزی مەعریفەش لەوەدایە بچێتە جەنگی ئەو جۆرە کایە سیاسییەوە نەوەک ببێت بە شەریکی. هەر دروست لەو قۆناغەشدا بۆ یەکەم جار زۆر بە ڕوونی بەر ڕاستییەکی تاڵ کەوتین «کە هەندێک تا ئەمڕۆ پێیان قەبووڵ ناکرێت و ناتوانن دانی پێدابنێن»، ئەویش ئەوەیە: کاریگەریی فیکر لەسەر سیاسەت کاریگەرییەکی بچوکە. کاریگەریی ڕۆشنبیر وەک ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیر بە تێزەکانییەوە، بە گوتارەکانییەوە، بە قووڵاییە فیکرییەکەیەوە لەسەر واقیعی سیاسی ئێجگار سنووردارە، چونکە مەحاڵە بە فیکر جەهل ڕیفۆرم بکەیت، مەحاڵە بە فیکر کار لە سیاسییەکی گەمژە یان کۆیلەیەکی حیزبی بکەیت کە هەرگیز ناتوانێت لە ڕستەیەک تێبگات بۆنی فیکری لێ بێت. مەحاڵە بتوانیت بە فیکر وا بکەیت ئەوانە جیهانبینیی خۆیان بگۆڕن یان دەستبەرداری قازانجەکانیان ببن. کەسانێک کە ئێستا باس لە ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەکەن، ستایشی ئەو ڕۆڵە دەکەن یان گلەییان لێی هەیە، ڕاستییەکەی باس لە ڕۆشنبیر دەکەن کاتێک ڕاستەوخۆ دەبێت بە فیگەرێکی سیاسی، دەبێتە لایەنگر یان دوژمنی هێزێکی سیاسی، واتە مەبەستیان ڕۆشنبیرە کاتێک بەرگی فیکر دادەکەنێت و بەرگی سیاسەت لەبەر دەکات، لە شرۆڤەکاری فیکرەوە دەبێت بە شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژانە. بە بڕوای من ئەوە ئەو تاوانە گەورەیەیە کە نابێت ڕۆشنبیری کورد بیکات و دووبارەی بکاتەوە. ڕۆشنبیرێک بە بوون بە سیاسی بیەوێت مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی خۆی بگەێنێت، ڕۆشنبیرێکە عەقڵی مەعریفی و تێزی فیکریی خۆی کردووە بە ژێردەست و کۆیلەی عەقڵی سیاسی.
لە ڕاستیدا ئەگەر درۆ لەگەڵ خۆماندا نەکەین، لە ئەوسا و لە ئێستاشدا، پرسیارە گەورەکە ئەوە نەبووە: ئاخۆ خەڵک هوشیارن یان نا؟ ئاشکرایە خەڵک هوشیار بوون و پێویستیان بە کەس نەبوو پێیان بڵێت کێ دەیانچەوسێنێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەبوو: بۆ لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵك هوشیارن کایەی سیاسی شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنێت؟ بۆ توندوتیژی بە جۆرێکی ترسناک پەرەدەستێنێت؟ بۆ پۆپۆلیزم هەموو جێگایەکی گرتۆتەوە؟ بۆ جەنگی هەمووان دژی هەمووان تا بێت ڕوونتر دەبینرێت و دەردەکەوێت؟ بۆ فیکری دینی توندڕەو و ناسیونالیزمی توندڕەو لە هەموو جێگایەک پەرەدەستێنن؟
ئومێد بە گۆڕانکاریی پەرلەمانی لەناو ئەو کایە سیاسییەدا، جگە لە سەراب و خەیاڵپڵاو زیاتر هیچی تر نییە.
بێگومان منیش سەرەتا جۆرە ئومێدێکی پڕ گومانم هەبوو، لەو باوەڕەدا بووم دوای ڕووخانی سەدام، دوای بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ڕەنگە هەندێ بەرەوپێشچوون هەبێت، ئومێدێک هەبێت بۆ هەندێک ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی دیموکراسی، بۆ کەمبوونەوەی گەندەڵی، من لەو مرۆڤانەم باوەڕم وایە ئەگەر تروسکاییەک هەبوو نابێت فەرامۆشی بکەین، ئەگەر تروسکاییش نەبوو نابێت بانگەشە بۆ ڕۆشنایی درۆ بکەین. دواتر ڕوونبوو ئەو جۆرە ئومێدانە، بەتایبەت ئومێد بە گۆڕانکاریی پەرلەمانی لەناو ئەو کایە سیاسییەدا، جگە لە سەراب و خەیاڵپڵاو زیاتر هیچی تر نییە. ڕووخانی سەدام و هەرەسی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دوو نیشانە بوون کە سیستمەکە گرێدراوی هەندێک کەس و هەندێک هێز نییە بە تەنیا، بەڵکو سستمێکی ڕیشەدارتر و بنجبەستووترە لەوەی دەبینرێت. لەو ساتەوە پرسیارەکان لای من گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هات. گرنگترین شتێک لای من ئەوە بوو، ئەو هێڵەی لە سەرەتاوە لە ڕەهەنددا لەنێوان کایەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا کێشرا توختر بکرێتەوە. ئەگەر پرسیارەکە لای هەندێک ئەوە بووبێت، ئاخۆ ئێمە کاریگەریمان لەسەر کایەی سیاسی هەیە یان نا؟ پرسیارەکە لای من ئەوە بوو: بۆ کایەی سیاسی کاری تێ ناکرێت؟ سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا ئەکتێکی لاقەکردن (اغتصاب)ی کۆمەڵگایە، ئەگەر سەرنج بدەیت هەتا ئەو ڕۆشنبیرانەی بە شان و باڵی سیاسەتدا هەڵدەدەن تەنیا لەدەرەوەی کایەکەوە قسە دەکەن، چونکە دەزانن ئەگەر ڕاستەوخۆ خۆیان بچنە سیاسەتەوە، بە شکستێکی گەورەوە دێنەدەرێ. تەنیا دەرگایەک ڕۆشنبیر چیتر بتوانێت لێوەی بچێتەوە ناو سیاسەت، بە ڕەخنەکردنی تەواوی کایەی سیاسیدا دەڕوات وەک پایەیەک کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، ئابووری ڕاگرتووە، بە پاککردنەوەی خەیاڵماندا دەڕوات لەو وەهمانەی گوایە دەکرێت لەم کایەیەدا شێوازێکی هاوشێوەی لیبرالییەتی ئەوروپی دابمەزرێت، بە تێگەیشتنماندا دەڕوات لە ڕەهەندە فاشیستییەکانی هەموو هێزە سیاسییەکان، بە خوێندنەوەیەکی نوێی مێژووی خۆرهەڵاتدا دەڕوات. ئەوەی دەبێت سیاسەت شوناس بدات بە ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیر لە کایەی سیاسیدا و بە کرداری سیاسی دڵسۆزی خۆی بۆ کۆمەڵگا بسەلمێنێت، کۆمەڵێک بۆچوونی کلاسیکین دەبێت یەک جار و بۆ هەتاهەتایە کۆتاییان بێت. سیاسەت بەر لەوەی قەدەری مرۆڤەکان و کۆمەڵگای بدرێتە دەست، دەبێت بە ئەکتێکی خوێندنەوەی زانستی و فەلسەفی و مەعریفیدا تێبپەڕێتەوە. وەزیفەی ڕۆشنبیران چیتر لەناو کایەی سیاسیدا نییە، بەڵکوو لەدەرەوەی ئەو کایەیەیە، ڕەخنەکردنییەتی، دەرخستنی دەموچاوە فاشیستییەکەیەتی، دەرخستنی ئەو درۆ و وەهمانەیە کە ئەم کایەیە بڵاوی دەکاتەوە، فریو نەخواردنە بەو گەمە ناشیرینانەی سیاسییەکان بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگاوە پێی هەڵدەستن. من باوەڕم بەوە نییە کار لەسەر کایەی سیاسی بکرێت، بەڵکوو باوەڕم بەوەیە کار لەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگا بکرێت کە پڕن لە دوودڵی بەرامبەر هێزە سیاسییەکان، ئەو کەسانەی لەدەرەوەی کایەی سیاسین. ئەو گومانەی کە دەرهەق بە حیزبەکان هەیە لە تەواوی خۆرهەڵاتدا بەردەوام گەورە دەبێت، لە لوبنان، لە سوریا، لە عێراق، لە ئێران، لە کوردستان… خەڵکی تەواو باوەڕیان لەدەستداوە سیاسەت هیچ بگۆڕێت. خەڵکی کاتێک دەڕژێنە سەر جادە بە تەنیا دژی دەوڵەت یان حیزبێک خۆپیشاندان ناکەن، دژ بە هەموو کایەی سیاسی، دژ بە هەموو حیزبەکان خۆپیشاندان دەکەن. خودی ئەو بڕوایە تاکە ڕێگایەکە بشێت لێوەی شتێکی ڕادیکاڵ و نوێ بەرهەم بێت. سیاسەت دەبێت سەرلەنوێ و لەسەر ڕۆشنایی ئەم مێژووە بەردەوامە لە توندوتیژی و فاشیزم پێناسە بکرێتەوە، بەبێ پێناسەیەکی نوێ بۆ سیاسەت کە تێیدا فیکر مانای سیاسەت دیاری بکات، تا هەتاهەتایە لە بازنەیەکی بۆشدا دەسووڕێینەوە. ئەگەر ئەو خەڵکانەی لەدەرەوەی حیزبن و لەدەرەوەی هێزە سیاسییەکانن نەزانن کێشەکە لە کوێدایە، نەزانن سەدەیەکە گیرۆدەی فاشیزمێکی سیستماتیکن، نەزانن کایەی سیاسی تەنیا بە وابەستە لەگەڵ کایەی فیکر و هونەر و فەلسەفەدا دەشێت بتوانێت خۆی لە فۆرمی ئێستای ڕزگار بکات، ئەوا بێگومان بۆ هەمیشە لەو بازنە بۆشەدا دەمێنینەوە.
ژنەفتن: به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و بوارانه‌ی نووسه‌رانی سه‌ره‌كیی ڕه‌هه‌ند كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ ده‌بینین كه‌مترین گرنگی به‌ بابه‌ت و پرسی ژنان دراوه‌، ده‌زانین كه‌ زه‌حمه‌ته‌ نووسه‌رانێكی جیدی به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن بكرێت ئاوڕ له‌ هه‌موو پرسه‌كان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ پرسی ژن به ‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پاشكه‌وتوو و تازه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا له ‌هه‌ره‌ پرسه‌ گرنگه‌كانه‌، ئێوە چۆن شرۆڤه‌ی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟
بەختیار عەلی: هەموو قسەکردنێک لەسەر کێشەی ئازادی، عەشق، پەتریارکییەت، فاشیزم، عەقڵی خورافی…هتد قسەکردنە لەسەر ژنیش. کێشەکە لەو کەسانەدایە کە باس لە ژن دەکەن، بەڵام ڕوانینێکی ڕوون و جیدییان لەسەر چەمکی ئازادی، عەشق، مۆراڵ، خورافەت، ئایدۆلۆژیا … هتد نییە. باسکردن لە ژن گەر بە ناو باسکردندا نەڕوات لەسەر وێنەیەکی نوێ بۆ جیهان و دەسەڵات و پەیوەندییە مرۆییەکان، باسکردنێکی بێسوودە. قسەکردن لەسەر ژن دەبێت بە خوێندنەوەدا تێبپەڕێت لەسەر شێوە مۆدێرنەکانی کۆیلەیەتی و شێوازەکانی نزم ڕوانین لە مرۆڤ. کێشەی ژن گرێدراوی نیگای ئێمەیە بۆ ڕیزێک کێشەی بنەڕەتی دیکە. ئەستەمە بتوانین لەسەر چەوساوەکان بدوێین، بێ ئەوەی قسە لەسەر هەموو جومگەکانی چەوساندنەوە بکەین. ئەگەر بە ئینسافەوە سەیری کاری ئەدەبی و فیکریی من بکەیت، من لەو سی ساڵەی رابوردوودا بێوچان لەسەر ڕزگارکردنی مرۆڤ لە وەهم، لە کۆیلەیەتی، لە ئایدۆلۆژیا، لە شەڕانگێزی کارم کردووە، هەموو ئەو تەوەرانەش پەیوەندییەکی ڕوون و ئۆرگانییان بە کێشەی ژنەوە هەیە. ئەوەی بمانەوێت باس لە ژن بکەین، بێ ئەوەی ڕوانینێکمان هەبێت بۆ مرۆڤ بە گشتی، بۆ ئازادی، بۆ دەسەڵات، بۆ بونیادی کولتووری، بۆ بونیادی عەقڵ، بۆ پێکهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوا ناتوانین لە هەندێ ڕستەی کڵێشەیی و هەندێک دروشم زیاتر هیچ دیکە بەرز بکەینەوە. تەنیا کاتێک دەتوانین خەباتی ڕاستەقینە بۆ ژن بکەین، کە دژ بەو تێڕوانینانە بجەنگین کە سیستمی کۆیلەیەتییان دامەزراندووە و درێژەی پێدەدەن. ڕەخنەگرتن لە مەرگدۆستی، لە موقەدەسگەرایی، لە کولتووری عەوام، لە فاشیزم، ڕەخنەگرتنە لە کۆی ئەو میکانیزمانەی ژنیش دەکەنە کۆیلە. نیگاکردن لە مەسەلەی ژن لە نیگاکردن لە کۆی میکانیزمەکانی ئیشکردنی سیستمەکە جیانابێتەوە. ئەوەی پێمان وابێت کە دەتوانین لەسەر کێشەی ژن قسە بکەین، بێ ئەوەی لەسەر کۆی سیستمەکە قسە بکەین، هەموو مانایەکی ڕادیکال و بایەخدار لە کێشەی ژن دەکاتەوە.
ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بە جۆرێک پیسە، پیسبوونی ژینگەی سروشتی لە یاد بردووینەتەوە. فشاری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە، مرۆڤ بە زەحمەت دەرفەتی هەیە ئاوڕ لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سروشتدا بداتەوە.
ژنەفتن: پرسێکی تری زۆر گرنگ کە لە لایەن بیرمەندانی چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەم ئاوڕی جیدیان لێدراوەتەوە، پرسی ژینگەیە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەنێو نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی نەبووتە پرسێکی گرنگ، ئەمە بۆ بێ ئاگایی لە هزر و فەلسەفەی نوێی ڕۆژاوا و تەنانەت بزووتنەوە سیاسیی ڕۆژاوا ناگەڕێتەوە؟ بەشێکی گرنگی پشتگوێ خرانی ئەم پرسانە لە لایەن ئێوە و جەخت کردنەوە لەسەر کۆمەڵێ پرسی دیکە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
بەختیار عەلی: ڕەخنەکەتان لە جێگای خۆیدایە، مەسەلەی ژینگە تا ئەندازەیەکی زۆر مەسەلەیەکی فەرامۆشکراوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بە جۆرێک پیسە، پیسبوونی ژینگەی سروشتی لە یاد بردووینەتەوە. فشاری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە، مرۆڤ بە زەحمەت دەرفەتی هەیە ئاوڕ لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سروشتدا بداتەوە. ڕەنگە کەم تا زۆر لێرە و لەوێ ئاماژەم بە هەندێک لە هۆکارەکان دابێت، بەڵام کارێکی زۆر تایبەت و جیدیم لەسەر نەکردووە. ئێمە لە سەردەمی «گۆران»دا، پەیوەندییەکی زۆر جوان و سروشتیمان لەگەڵ سروشتدا هەبوو. گۆران عاشقێکی گەورەی سروشتە، سروشت وەک خۆی باس دەکات، هەوڵدەدات چێژ لە هەموو جوانییەکانی ببینێت. بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی بزاوتی ناسیونالیستی کوردیدا شێوەی ئەو پەیوەندییە دەگۆڕێت، سروشت لای شێرکۆ، سروشتێکی تەواو بە سیاسی کراوە، بەشێکە لە جەستەی نەتەوە، توند بە ڕۆحی نەتەوەی کوردەوە گرێدراوە. لە شیعری شێرکۆدا کە مرۆڤی کورد ئازار دەچێژێت، سروشتیش هاوار دەکات، درەختەکان دەقیژێنن و زەوی لەگەڵ ئازارەکانماندا دەخرۆشێت. بە سیاسیکردنی سروشت دەرەنجامەکەی ئەوەیە ئێمە سروشت تەنیا وەک قەوارەیەکی سیاسی دەبینین، لە مانا سیاسییەکەیدا سەیری دەکەین نەوەک لە مانا گەورەکەیدا وەک جۆرێک لە ژینگەی هاوبەش بۆ هەموو بوونەوەران. ئەم بۆچوونەی شێرکۆ پەرچەکردارێکە تایبەت بە دۆخی مرۆڤی کۆلۆنیالیزەکراو. لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیدا، تاریق ئاکانسۆ کە دەیەوێت کوردستان داگیر بکات، نایەوێت تەنیا مرۆڤەکان ملکەچ بکات، بەڵکوو خواستێتی بگاتە ئەو بەشە نهێنی و تاریکەی لەناو سروشتیشدا هەیە. کۆلۆنیالیزم وادەکات پەیوەندیی مرۆڤ بە خاکەوە ببێت بە پەیوەندییەکی سیاسی ڕووت، ئەوەش بۆچوون و خەیاڵمان بۆ سروشت دەشێوێنێت، تا نیگامان بۆ سروشت لەو تێڕوانینە سیاسییە پاک نەکەینەوە، ناتوانین جارێکی تر سروشت وەک خۆی، وەک سروشت ببینین . لە ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» و «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان»دا هەوڵمداوە کەم تا زۆر، جارێک سروشت وەک ڕزگارکەر و جارێکیش سروشت وەک شوێنی جوانی و حەقیقەتی ڕاستەقینە وێنا بکەم. عەشقستان لە ئێوارەی پەروانەدا، میتافۆرێکە بۆ سروشت وەک ڕزگارکەر، وەک دوا پشت و پەنا و پەرێزی مرۆڤەکان، ڕزگارکەرێک کە ناتوانێت بە تەنیا مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەگەر مرۆڤەکان بە ڕاستی یەکتریان خۆش نەوێت. لە کۆشکی باڵندەکانیشدا ناو سروشت تەنیا جێگایەکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ تێیدا هێزی خۆی، عەشقی خۆی تاقی دەکاتەوە. بەڵام هەموو ئەمانە ئاماژەی ناڕاستەوخۆن، ئەمڕۆ کێشەی ژینگە سات بە سات و ڕۆژ دوای ڕۆژ جێگایەکی گرنگ وەردەگرێت کە مان و نەمانمانی پێوە بەستراوە و شایەنی قسەکردنی لەمانە قووڵتر و وردترە.
The post دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند appeared first on ژنەفتن.
دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند
پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر “هیوا قادر” وەک بەڕێوەبەری گۆڤار لە گۆڤاری ڕەهەند.
هیوا قادر (١٩٦٤ -) نووسەری کورد
ژنەفتن: سەرەتا ئەگەر ئێوەش هاوڕا بن لەگەڵم، پێم باشە وەک گێڕانەوەیەک، باسی ئەوەمان بۆ بکەی کە [وەک دیارە لە ژمارە ٢ی گۆڤاری ڕەهەندەوە ناوی ئێوە وەک بەڕێوەبەری گۆڤارەکە نووسراوە] سەرەتا چۆن و لە لایەن کێوە پەیوەندیت پێوە کرا، بە چ ئامانج و مەبەستێک (ڕەهەند) دەستی پێ کرد؟ ئێوە چۆن قبوڵتان کرد؟ ئەرکەکانی ئێوە وەک بەڕێوەبەر چۆن و چی بوو؟ ئایا تەنیا بەڕێوەبەری گۆڤارەکە بوون یان بەڕێوەبەری (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)یش بوون؟ دەکرێ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاوڕێکی پێویست لەو مێژووە بدەیتەوە؟
هیوا قادر: پڕۆژەی دامەزراندنی نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی و دەرچوونی گۆڤاری ڕەهەند، لە سەرەتاوە لە یەکگرتنەوەی “گۆڤاری یەکگرتن و گۆڤاری ئازادی”یەوە دەستی پێ کرد، “گۆڤاری یەکگرتن” لە دانمارک دەردەچوو کاک هەڵکەوت عەبدوڵلا سەرپەرشتی دەکرد، “گۆڤاری ئازادی”یش لە ڕۆژەکانی سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە لایەن بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع هەندێک هاوڕێی ترەوە لە سلێمانی سەرپەرشتی دەکرا و بڵاو دەکرایەوە. ستافی ئەم دوو گۆڤارە پێکهاتبوون لەو برادەرانەی کە پێشوەخت لە ئەورووپا بوون و ئەوانەی تریش کە زۆرینەیان لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕوویان کردە ئەورووپا.
ساڵی ١٩٩٦ هاوڕێیان “مەریوان وریا قانع” و “ڕێبوار سیوەیلی” هاتن بۆ ستۆکهۆلم، لەگەڵ من و ئارام کاکەی فەلاح و هەندرێن قسەیان کرد بۆ بەشداریکردنمان لە گۆڤاری ڕەهەنددا، من لەناو ئەو دوو هاوڕێیەی ترمدا بێ هیچ مەرجێک قبوڵی کارکردنم کرد لە گەڵیاندا. دوای دەرچوونی ژمارەی یەکی گۆڤارەکە لە دانمارک، دواتر گۆڤارەکە گواسترایەوە سوید و لە ژمارە دووەوە من بووم بە سکرتێری نووسین.
جۆری کارکردنی گۆڤارەکە بەو شێوازە باوە نەبوو کە ساڵانێکی زۆر بوو لە گۆڤارە کوردییەکاندا کاری لەسەر دەکرا. هەموو ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەهەند دووان لە دەستەی نووسەران هەڵدەستان بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بابەتەکان و هەر ئەوانیش هەڵوێستەکەیان وەک پێشەکی بۆ دەنووسی.
بە شێوەیەکی گشتی، کاری من زیاتر لایەنە پراکتیکییەکەی بوو، کە ئەویش نووسینەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤارەکە، سازکردنی گفتوگۆ، هەندێک وردە وەرگێڕان، ڕانانی کتێب و نووسینی هەواڵە ڕۆشنبیرییەکان بوو، هەروەها سەرپەرشتیی بەشێکی ئاوێنە بچووکەکان کە دوابەشی گۆڤارەکە بوو، لەگەڵ ئامادەکردنی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی کە هاوڕێیانی گۆڤارەکە دەهاتن و لە سویدی پێشکەشیان دەکرد. دیارە لەگەڵ هەرە قورسترین کاری گۆڤارەکە ئەویش چاپکردن و بردنە چاپخانە و بڵاوکردنەوە و دواتر ناردنی بوو بۆ خوێنەران.
دیارترین و گەورەترین چالاکیی نێوەندی ڕەهەند لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو لەسەر ئەنفال لە زانکۆی ئەمستەردام
لە ژمارە دووەوە تاکو ژمارە دە لە سوید گۆڤارەکە چاپ کرا، دواتر گوێزرایەوە بۆ کوردستان و شەش ژمارەی تری لێ دەرکرا، دوای ماوەیەک لە وەستانی گۆڤارەکە سێ ژمارەی تری بە ناوی وەرزی نوێی ڕەهەند لە سلێمانی چاپکران.
جگە کە دەرکردنی گۆڤارەکە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کۆمەڵێک چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە لەلایەن دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەوە لە وڵاتانی ئەوروپا کرا، دیارە ئەوانەی سوید من ئامادەم دەکردن، ئەوانەی تریش کە لە کوردستان دەکران زیاتر کاک ڕێبین هەردی سەرپەرشتی دەکردن. دیارترین و گەورەترین چالاکیی نێوەندی ڕەهەندیش بۆ لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو لەسەر ئەنفال لە زانکۆی ئەمستەردام ـ بەشی زانستە سیاسییەکان ـ  پێم وایە کە ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بوو لەو ئاستەدا لەسەر ئەنفال بکرێت.
ژنەفتن: وەک لە ڕەهەندیشدا ئاماژەی پێدراوە، کە لە لایەنی مادییەوە پشت بە فرۆشی گۆڤارەکە دەبەستن. ئەو سەردەمەش ڕەهەند بە دەگمەن دەگەیشتە کوردستان، ئایا ئەوکاتە لە فرۆشی گۆڤارەکە لە دەرەوە دەگەیشتە ئاستێک کە ژمارەی نوێی پێ چاپ بکەن. بە گشتی لایەنی دارایی گۆڤارەکە چۆن هەڵدەسووڕا؟
هیوا قادر: بە ڕێژەی یەکەم سەرچاوەی دارایی گۆڤارەکە خوێنەرەکانی بوون. لە سەرەتاوە یەکەم کۆمەک بۆ دەرکردنی گۆڤارەکە لە لایەن کاک “ئاراس فەتاح”ەوە پەیدا کرا، ئەویش وەرگرتنی دە هەزار مارک بوو لە لایەن ڕۆژنامەی “فرانکفۆرتەر روندشاو” کە ڕۆژنامەیەکی لیبرالی چەپ بوو. ساڵانی دواتریش کاک مەریوان وریا قانع لە دوو شوێنی جیاوازەوە کۆمەکی پەیدا کرد ئەوانیش لە لایەن شاعیرێکی هۆڵەندییەوە کە بە پیشە پزیشک بوو ناوی “تۆن تیخلە” بوو، هەروەها وەرگرتنی لە ١٠% ئەو کۆمەکەی ڕۆژنامەنووسانی هۆڵەندا بەخشییان بە هەفتەنامەی هاوڵاتی. لەگەڵ کۆمەکێکی فەرمانگەی “کلتۆر ڕۆد” لە سوید کە من و کاک ئاراس وەلی داوامان کرد بۆ چاپی گۆڤارەکە و بڵاوکراوەکانی ڕەهەند.
فرۆشی گۆڤارەکە وەک هەر گۆڤارێکی تری کوردی بەشی ئەوەی نەدەکرد بە پارەی خۆی چاپی ژمارەکانی دواتری پێ بکرێت، بۆیە ئەو کۆمەکانە نەبوونایە گۆڤارەکە نەیدەتوانی بەردەوام بێت. دیارە لێرە و لەوێ پێشنیازی کۆمەک و یارمەتیدان دەخرایە بەردەممان، بەڵام هیچ کۆمەکێکی تر وەرنەگیراوە جگە لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن.
ژنەفتن: یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ئێستا رووبەڕووی ڕەهەند دەکرێتەوە، ئەوەیە؛ کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە ناوی (دیزاینەر) و (تایپێست) و بەڕێوەبەری هونەری نەدراوە. کێ دیزاینی دەکرد؟ ژمارەکانی سەرەتاش هەر لە لایەن نووسەرەکانەوە بە تایپکراوی دەگەیشتە دەستتان؟ ئێوە وەک بەڕێوەبەر چۆن پاساوی ئەمە دەدەنەوە؟
هیوا قادر: یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە ساڵی ١٩٩٦ لە دانمارک چاپ کرا، کاک “هەڵکەوت عەبدوڵلا” مونتاژ و دیزاینی گۆڤارەکەی کرد، لە دووهەم ژمارەوە تا دواهەمین ژمارە لە لایەن کاک “ئاراس فەتاح”ەوە مۆنتاژ و دیزاینی گۆڤارەکە دەکرا. جگە لە بابەتەکانی دەستەی نووسەران زۆرینەی ئەو بابەتانەی دەنێردران لەسەر کاغەز بوون و دواتر دابەش دەکرا بەسەر برادەرانی گۆڤارەکەدا و دەنووسرایەوە، من خۆم دوو ژمارەی گۆڤارەکەم تایپ کرد و جارجارەش بابەتەکانی ژمارەکانی ترم تایپ و هەڵەبڕ کردووە.
ژنەفتن: دەکرێ (گەر بە کورتیش بێت) ئاماژەیەک بە جۆر و شێوازی پەیوەندی کردنتان بە یەکەوە باس بکەن، بە تایبەت ژمارەکانی سەرەتای ڕەهەند کە هەر کەسێک لە دەستەی نووسەران لە وڵاتێک بوون؟ چۆن لەسەر تەوەرێک و کاروبارەکان ڕێک دەکەوتن؟
هیوا قادر: لە ڕاستیدا ئەو سەروەختە کەرەستەکانی پەیوەندی کردن و ناردنی بابەت بۆ یەکتری جگە لە تەلەفوون و فاکس و پۆست شتی تر نەبوو، چەند جارێک هاوڕێیانی گۆڤارەکە هەموویان لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا کۆبوونەوە، بەڵام من بە هۆی کێشەی پاسپۆرتەوە نەمتوانی لە گەڵیاندا بەشدار بم. بۆیە زۆرینەی کارەکان و ئاگادارکردنەوەکانمان لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بوو.
ژنەفتن: سەرەکیترین و ناخۆشترین ئەو تەنگ و چەڵەمانەی تووشتان دەبوون، کامانە بوون؟
هیوا قادر: دیارە هەموو گۆڤارێک کێشە و ئاستەنگی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئەو سەروەختەی ڕەهەند ئاستەنگەکان زۆرتر بوون. من پێم وایە تا گۆڤارێکی جیدی دەرنەکەیت نازانێت کە نووسەری جیدیشت چەندە کەمە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو گۆڤارە تایبەت بێت بە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردن. چونکە پێش ڕەهەند هەموو گۆڤارە کوردییەکان بە گشتی تەرخان کرابوون بۆ بابەتی ئەدەبی و هەندێک جاریش ڕەخنەیی، ئەگەر بابەتێکی سیاسی هەبووایە ئەوا زیاتر مەیلێکی ئایدۆلۆژی یان حیزبی بەسەرەوە بوو.
ئەو سەردەمە زۆر گلەیی ئەوە دەکرا کە بۆچی زۆرینەی بابەتەکانی ناو گۆڤارەکە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە خۆیان دەینووسن، لە ڕاستیدا ئەو کارە بە پلان نەبوو، بەڵکە بابەتی جیدی و باش نەدەگەیشتە گۆڤارەکە، بۆیە نووسەرەکانی ڕەهەند خۆیان ناچاربوون زۆرینەی ژمارەکان لە بابەتێک زیاتر بڵاو بکەنەوە، بە تایبەتی لەو تەوەرانەی هەڵدەبژێران و لە گۆڤارەکەدا لەسەریان دەنووسران.
من بۆ خۆم ڕەنگە بتوانم هەرە کێشە قورسەکان کە لە کاتی چاپکردنی گۆڤارەکەدا لێرەدا باس بکەم، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە باس لە زیاد لە چارەکە سەدەیەک لەوەوبەر دەکەین، کە پێشکەوتنە تەکنیکییەکان وەک ئێستا ئاسان و بەردەست نەبوون. ئەو سەروەختە هەموو برادەرانی گۆڤارەکە بە کۆمپیوتەری جۆری ماکنتۆش دەمانووسی، تازە چەند فۆنتێکی کوردی لە لایەن چەند کوردێکی ئایتیزانەوە بە سەروبۆرەوە دروست کرابوو، ئەو کارەش زۆر پڕ کێشە بوو، هەموو جارێک گەر تێکستێکت بە پرنتەر ڕابکێشایە یاخود بتکردایە بە پێ دێ ئێف، کۆمەڵێک لەو پیتە نوێیانەی نەدەخوێندەوە و جێگاکانیان دەبوونە سمبول و پەڕەگرافەکان لە جێگای خۆیاندا دەجوڵان. ئەمەش هەرە گەورەترین سەریەشەیەک بوو کە جاری وا هەبوو ڕاکێشانی گۆڤارەکە لە دوای مۆنتاژکردن و ئامادەکردنی بۆ چاپ، پێویستت بە هەزار لاپەڕە هەبوو بۆ ئەوەی دوو سەد لاپەڕی گۆڤارەکە بە چاکی و بێ هەڵە ڕابکێشیت.
دوای ئەمەش پڕۆسە قورس و کاتبەرەکە دەستی پێ دەکرد ئەویش بردنی گۆڤارەکە بوو بۆ چاپخانە. چاپخانەی میدیا لە گەڕەکی سکوگۆز لە ستۆکهۆڵم، نزیکەی سەعات و نیوێک لە منەوە دوور بوو، خاوەنەکەی کاک یوسف خەڵکی باکوور بوو. بۆ ئەوەی نرخی چاپەکە زۆر لەسەر ڕەهەند نەکەوێت و ئەو پارەی کە بە کۆمەک دەستمان دەکەوت بەش بکات، دوو تا سێ ڕۆژ خۆشم لە چاپخانەکە کارم دەکرد بۆ ئەوەی نرخی چاپکردنەکە کەمتر بکەوێت. دوای چاپکردنی بە عەرەبانەی منداڵ و هەندێک جاریش بە عەرەبانەی بچکۆلە بە قیتار بە سێ چوار جار گۆڤارەکەم دەبردەوە بۆ ماڵەوە. دواتر دەستم دەکرد بە ناردنی گۆڤارەکە بۆ ئەو خوێنەرانەی لە وڵاتانی ئەورووپاوە داوایان دەکرد، هەروەها بەشی دەستەی نووسەرانیشم دەنارد کە ئەوانیش لەو وڵاتانەی تیایدا دەژیان دەیانگەیاند بە دەستی خوێنەرەکان. جارجارەش بە دەستی ئەو کوردانەی دەگەڕانەوە بۆ کوردستان هەر یەکە و لای خۆمانەوە چەند دانەیەکمان دەناردەوە. ئەو سەروەختە گۆڤاری ڕەهەند بەناوبانگترین و جیدیترین گۆڤاری کوردی بوو، ساڵانی سەرەتا کە گۆڤارەکە بەو ژمارە کەمە دەگەیشتەوە کوردستان، لە هەندێک کتێبفرۆشی و دوکانی بچکۆلە لە باشوور و هەمیش لە ڕۆژهەڵات، وەک بەکرێدانی فیلمی ڤیدیۆ بۆ شەوێک یان دوو شەو بە پارە گۆڤارەکە بە قەرز وەردەگیرا و خوێنەرەکان دەیانبرد و لە چەند ڕۆژێکدا دەیانخوێند و دەیانگەڕاندەوە. ئەم پەرۆشییەی خوێنەران وای کرد بیر لەوە بکەینەوە لەگەڵ دەرچوونی گۆڤارەکە لە ئەوروپا جارێکی تر بە ناوی چاپی کوردستانەوە لە سلێمانی چاپ بکرێتەوە و بتوانرێت بگاتە دەستی زۆرینەی خوێنەران.
دەبێت وەک مێژوو ئەوەش باس بکەم کە هەردوو هاوڕێم عەبدوڵلا قادر دانساز و ئاراس وەلی، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە کۆمەککردن و یارمەتیدانی من لە ستۆکهۆڵم لە بەڕێوبردن و بەئەنجام گەیاندنی کارە پراکتییکییەکانی گۆڤارەکەدا.
ژنەفتن: چەندین کتێبتان وەک جاپکراوەی نیوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکردەوە، ئەو کتێبانەتان چۆن چاپ دەکرد؟ کێ پارەی چاپەکەی دەدا؟ کێ بڕیاری لەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەی کە نووسەرەکانیان لە درەوەی دەستەی نووسەران ڕەهەند بوون، دەدا؟
هیوا قادر: ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانمان زۆر نەبوون چونکە باری داراییمان بەشی ئەوەی نەدەکرد و زیاتریش چاپکردنی گۆڤارەکەمان پێ گرنگتر بوو. ئەوەندەی لە بیرم بێت ئەو کتێبانەی کە چاپکران ئەمانە بوون:
١/ مەنفاکان لێرەوە دەست پێ دەکەن ـ شیعر/ جەمال غەمبار
٢/ ڕۆحی جەنگەڵی و پەرستگای هیچ ـ شیعر/ فاروق ڕەفیق
٣/ ئێوارەت باش ئاسیا ـ شیعر/ ئیسماعیل حەمە ئەمین
٤/ مەرگی تاقانەی دووهەم ـ ڕۆمان/ بەختیار عەلی
٥/ هەنار ـ شیعر/ هیوا قادر و هەندرێن.و. بۆ سویدی: عەبدوڵڵا قادر دانساز
٦/ کیشوەرێک لە خەون ـ شیعر/ هیوا قادر
٧/ ئێوارەی پەروانە ـ ڕۆمان/ بەختیار عەلی
٨/ بەیازی گوڵفرۆشێک ـ چیرۆک/ ئارام کاکەی فەلاح
لە سەرەتادا دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاتر بوون. بەڵام دواتر ڕەهەند بووە پڕۆژەیەکی کولتووری و فیکریی سەردەمی خۆی
ژنەفتن: ئێوە وەک کەسێکی دیاری نێو ڕەهەند، ئێستا کە ئاوڕ لە ڕەهەند دەدەنەوە، چۆن ناو لە ڕەهەند دەنێن، چ پێناسێک بۆ ڕەهەند گونجاوە (مەبەستم ئەوەیە ڕەهەند، تەنیا گۆڤارێک بوو، یان نیوەندێکی ڕۆشنبیری، یان ڕەوت و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری)؟
هیوا قادر: ڕەهەند پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی جیدی بوو. بێ ئەندازە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەناو خوێنەراندا دروست کرد، کاریگەرییەکەش دواتر لەناو بیرکردنەوە و زمان و شێوازی نووسیندا بە ئاشکرا ڕەنگی دایەوە. دیارە هۆکار زۆرن بۆ ئەو کاریگەرییە قوڵەی کە ڕەهەند لە ڕێگای بەرهەمی نووسەرەکانییەوە توانی دروستی بکات، ڕەنگە من فریای باسکردنی هەندێکیان بکەوم.
دوای ڕاپەڕین هەموومان خەونمان بەوەوە دەبینی کە چووینەتە بەردەم قۆناغێکی نوێ لە ژیان و بیرکردنەوە، بەڵام دواتر هەر لە سەرەتاوە لەوە تێگەیشتین ئێمە لە قۆناغێکداین پێشتر هیچ کارێکی بۆ نەکراوە، تاکو ئاراستەی خۆی وەربگرێت هیچ نەبێت بەشێک لەو خەونانەی هەمان بوو بێتە دی. بەڵام بە داخەوە لەپڕ کەوتینە بەردەم قۆناغێکی بێ مژدەی پڕ لە ناکۆکی و خاڵیی لە پرسیار. هەر لەو ڕۆژگارانەوە ڕەهەند توانی ببێت بە دروستکەر و وروژێنەری کۆمەڵێک پرسیار کە پێشتر لە ئاستێکی ڕۆشنبیریی جیدیدا کاریان لەسەر نەکرابوو. ئەمەش وای کرد ڕەهەند زۆر زوو دەربکەوێت و نووسەرەکانی بکەونە بەردەم هێرشێکی کوێرانە، بۆیە لە سەرەتادا دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاتر بوون. بەڵام دواتر ڕەهەند بووە پڕۆژەیەکی کولتووری و فیکریی سەردەمی خۆی.
دروستکردنی پرسیار خاڵی هاوبەشی نووسەرەکانی ڕەهەند بوو، لەبەرامبەر دەستەڵاتێکی پریمتیڤ و پەرتەوازەدا، لەبەرامبەر ئەو مانا کولتوورییانەی کە خەیاڵی دەستەجەمعی لەسەر بنیات نرابوو. یەکەم هێدمەش کە بەر هەموومان کەوت دابەزینی حیزبە کوردییەکان بوو لە شاخەوە و داگیرکردنی جومگە سیاسییەکان بوو بە هەمان عەقڵییەتی نەگۆڕی شاخەوە. بە داخەوە هۆشیارییەکی بەهێزی ئەوتۆش لەئارادا نەبوو، نەهێڵێت هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین هەروا بە ئاسانی ڕادەستی حیزبەکان بکرێت.
من لە لای خۆمەوە هەستکردن بەو تاڵی شکستە و ترس لە دووبارەبوونەوەی شەڕەکانی شاخ لە شاردا وای لێ کردم چەند مانگێک دوای ڕاپەڕین، کوردستان بەجێ بهێڵم. ئەو ترس و هێدمەگرتنە یەکەم ڕاچڵەکینێک بوو لە لایەن نووسەرانی ڕەهەندەوە کە هەستی پێ کرا.
بە ڕاستی نووسەرانی ڕەهەند ئەو دەستەبژێرە بوون لە نووسەرە جیدییەکانی ئەو سەردەمە. ڕەنگە ئەم قسەیە بۆ هەندێک کەس لەم سەروەختەدا بە جۆرێک موبالەغە وەربگیرێت، ئەگەر توانای ئاوڕدانەوە و ناسینی کۆمەڵگەی کوردیی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینی نەبێت. یان هیچ نەبێت هۆشیاری یارمەتی نەدا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغانە و تێگەیشتن لێی.
ئەو سەروەختە لە ئاستی بەرهەمی داهێنەرانەی ئەدەبیشدا ئێمە ئێجگار هەژار بووین، ئەوەی کە هەشبوو زۆرینەی لەژێر سێبەری مانای کوردبوون و ئایدۆلۆژیای ئەو سەروەختەدا نووسرابوو، دیدی گشتیی پڕۆژەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرەکانی دەستێکی گەورەی هەبوو لە دروستکردنی قۆناغێکی نوێ، لە بیرکردنەوەی جیاواز و خولقاندنی بەرهەمگەلێکی ئەدەبی کە بووە دروستبوونی دووڕیانێک و هاتنەکایەی قۆناغێکی تەواو جیاوازتر لەوەی پێش خۆی.
تاکو ئێستا قۆناغێک دروست نەبووە ناوی قۆناغی دوای ڕەهەند بێت.
ژنەفتن: بە بڕوای ئێوە لێکەوت و کاریگەرییەکانی کام گوتارە (ڕۆشنبیری، سیاسی، کۆمەڵایەتی)ی زۆرتر بوو؟ بۆ؟
هیوا قادر: کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژە فیکرییە فرە ڕەهەند بوو، دوای چەند ساڵێک گۆڕانکاری لە زمان و شێوازی نووسیندا دروست کرد، هێنانەکایەی دیدی نوێ بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کێشەکانی دوور لە دیدی حیزبی و ئایدۆلۆژییەوە، کە پێشتر بە دەگمەن لێکۆڵینەوەیەک دەبینرا ویستێکی ئایدۆلۆژی لە پشتەوە نەبێت. پڕۆژەی ڕەهەند توانی قۆناغێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە لە ئاستی بیرکردنەوە و بە عەقڵانیکردنی خوێندنەوە لەبەرامبەر کێشە سیاسی و کولتوورییەکاندا. ئێستاشی لەسەر بێت دوای کۆتاییهێنان بەو پڕۆژەیەش، نووسەرەکانی ڕەهەند هەرە نووسەرە داهێنەر و پڕ بەخشش و چالاکەکانن کە هەریەکەیان لە کایە و ئاستی خۆیدا بەردەوام دەنووسێت و بەرهەم دەهێنێت. پێشم وایە تاکو ئێستا قۆناغێک دروست نەبووە ناوی قۆناغی دوای ڕەهەند بێت.
پێم وایە بەشێکی کاریگەرییەکانی ڕەهەند دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانی ئەو هەموو گەنجە پڕ لە خەونەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورەی دەکرد، بەڵام بە داخەوە کەوت بەسەر وێرانەیەکدا و ڕۆژ بە ڕۆژ خەون و ئومێدەکانی کوژانەوە، بۆیە لەلای ئەو توێژە گەنجە ڕەهەند بووە ئەو پڕۆژە جیدییەی کە لێیەوە توانی جومگەکانی کۆمەڵگەی خۆی باشتر بناسێت، جورئەتی پرسیارکردن و هەڵوێست نواندنی لەبەرامبەر بێ موبالاتی و کەمتەرخەمیی حیزبی کوردیدا هەبێت، عەقڵانەتر سەیری کۆی پڕۆژەکە بکات و ئەو مانایانە بخاتە ژێر پرسیارەوە کە کۆی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر بنیات نراوە.
ئەو تەوەرە تایبەتییانەی لە ڕەهەنددا دەکرانەوە هۆکارێکی گەورەبوون بۆ ئەو بە گشتیکردنی ئەو هۆشیارییە. بۆ نموونە تەوەرەکانی وەک “شەڕی ناوخۆ، کۆچ و ڕووکردنە ئەوروپا، ئەنفال، خۆراوا و فیکری خۆراوا، کورد و هەزارەی سێهەم، نەتەوە و کۆمەڵگە، مەسەلەی ئافرەت، ناسیۆنالیزمی کوردی و چەندان تەوەرەی تر.”
The post دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند appeared first on ژنەفتن.
دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند
پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “ڕێبین هەردی” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.
ڕێبین ئەحمەد هەردی (١٩٦٦- ) نووسەر و ڕؤشنبیری کورد
ژنەفتن: ڕەهەند چۆن سەری هەڵدا؟ ئایا ئیوە پیتان وایە ئەو قوناغە میژووییە وەک پێویستییەکی مێژوویی ڕەهەندی هێنایە ئاراوە؟ یاخود ئەمە پلانیكی توكمەی پیشوەختە داڕیژراوی ئەو گروپە بوو؟ گەر پلانیکی توکمەی ڕۆشنبیریی بووە، ئێوە وەک کەسی سەرەکیی “ڕەهەند” باسی ئەو پلانەمان بۆ بکەن؟
هەردی: من لەو کەسانەم بروام بەوە هەیە هیچ دیاردە و شتێک ڕووی نەداوە و ڕوو نادات گەر هۆکاری مێژوویی-کۆمەڵایەتی لەپشتەوە نەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوام بە بیرۆکەی ناچاری و زەروورییەت و ئەم جۆرە مانایانە نییە. واتە دەکرێت هەموو هۆ و ئامراز و کەرەستەکانی ڕوودانی شتێک ئامادەبن و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوو نەدەن و بە پێچەوانەوە هەمیشە ئیرادەی مرۆڤەکان دەوری حساب بۆ نەکراو و چاوەرواننەکراوی لە بەرهەمهێنان یان نەهێنانی ڕووداو و دیاردەکاندا هەیە.
سەرەتا باسی مێژووی دروستبوونی ڕەهەند بکەم:
ڕەهەند دەرئەنجامی یەکگرتنی دوو گۆڤار و هەندێک کەسایەتی بوو کە پێشتر بە جیا کاریان دەکرد. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا گۆڤاری “ئازادی” دەرچوو کە هاوڕێیان “بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع، ڕێبوار سێوەیلی، فاروق ڕەفیق و لاوک ساڵح” دەستەی نووسەرانی بوون و خۆشم لە ژمارەی سێی ئەو گۆڤارەوە بووم بە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە. کاک “ئاراس فەتاح” گەرچی وەک دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە کاری نەدەکرد، بەڵام هەوڵی ئەو بۆ پەیداکردنی کۆمەک بۆ گۆڤارەکە یەکجار بەرچاو بوو. کاک ئاراس فەتاح گۆڤارەکەی بە چەندان ڕێکخراوی مەدەنیی ئەڵمانی ناساند کە گرنگی بە کاری ڕۆشنبیری دەدەن و ئەو ڕێکخراوانەش هاریکارییان کردین بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بەردەوام بێت. گۆڤارەکە پێنج ژمارەی لێ دەرچوو… بەڵام پاشتر بە هۆی کۆچی زوربەی هاوڕێیان بۆ دەرەوەی وڵات و مانەوەی تەنیا من لە وڵاتدا گۆڤارەکە وەستا. لە دەرەوەش گۆڤاری “یەکگرتن” دەردەچوو کە هاوڕێیان کاک “هەڵکەوت عەبدوڵڵا” و چەند هاوڕێیەکی دی دەیانبرد بەڕێوە. لەوێ بڕیار درا هەوڵی هەردوو گۆڤارەکە لەگەڵ چەند نووسەرێکی دی یەکبخرێت و گۆڤارێکی تازە دەربچێت کە دواتر ناونرا “ڕەهەند”.
بەڵام بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی دروستبوونی ئەم گۆڤارە بزانین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی کۆنتر و بە تایبەتی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. هەست دەکەم یەکەم و سەرەکی ترین هۆکاری دروستبوونی ڕەهەند پەیوەندیی بە دەوڵەمەندبوونی کتێبجانەکانەوە هەیە. بە هۆی فێربوونی زمانی عەرەبی و تەنانەت فارسی، بەشێکی زۆر لە خوێندەوارانی ئێمە دەستیان بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کتێبخانە گەیشت کە لە بەردەست نەوەی پێشوودا نەبوو. پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی بەغدا یەکێک بوو لەو ناوەندە گرنگانەی کە خوێندەوارانی ئێمە لە ڕێگەیەوە دەستیان بە سەدان سەرچاوەی خوێندنەوە گەیشت کە پێشتر نەزانراو بوون. پیشانگاکە دەرفەتێکی زێرین بوو بۆ ناسینی دەیان سەرچاوەی فیکریی سیاسی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی تازە کە دەوڕێکی گەوەرەی لە فراوانبوونی ئاسۆی ڕوانینی خوێنەرەکاندا هەبوو. پرۆسەیەکی وەرگێڕان لە کتێبجانە عەرەبییەکاندا دەستی پێ کردبوو کە بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاشنابوون بە چەندان تیۆرەی فیکری و فەلسەفی و دەروونزانی کە زانیاریی لەبارەیانەوە یەکجار کەم و دەگمەن بوو. بۆ نموونە خودی خۆم یەکەمجار لە ڕێگەی ئەم پیشانگایەوە ‘فرۆید’م ناسی و لە ڕێگەی وەرگێرانەکەی ‘جۆرج ترابیشی’یەوە بە بۆچوون و تێزەکانی ئەم بیریارە ئاشنا بووم. لە ڕێگەی خوێندزانانی تونس و مەغریبەوە هاوڕێیان دەستیان بە هەندێک سەرچاوەی دەگمەنی کتێبخانەکانی ئەوێ گەیشت کە گرنگی بە بیریاران وەک میشیل فوکۆ و ڕۆلان بارت و ئاڵتۆسێر و چەندانی تر دەدا کە پێشتر هیچ لەبارەیانەوە نەدەزانرا. ئێستاش لە کتێبخانەکەی مندا زۆرێک لە وەرگێڕانی ئەو بیریارانە بە کۆپیکردن لە بەردەستمە کە کاک مەریوانی وریا قانع و کاک بەختیار عەلی لە ڕێگەی خوێندزانە تونسی و مەغریبیەکانەوە دەستیان کەوتبوو و منیش لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ڕێگەی ئەوانەوە بە دەستم گەیشت. ئەمە جگە لە ئاشنابوون بە کتێبخانەی فارسی کە ئەویش سەرچاوەی گەورە و دەگمەنی خستە بەردەست خوێنەرانی ئەو سەردەمە. گەر ئەمە بەراورد بکەیت بەو کتێبخانەیەی پێشتر لە بەردەست نەوەی پێشوودا بوو، بۆت دەردەکەوێت کە جیاوازییەکە چەند گەورە و بەرفراوانە.
خاڵێکی دی کە دەکرێت باسی بکەین ئەوەیە نەوەی پێشوو نەوەی شۆڕشی سیاسی و بەرگریکردن بوو لە مافەکانی کوردستان و ئەمەش ئەولەویەتی بیرکردنەوەیانی داگیر کردبوو. لە بەردەم ڕژێمێکدا کە جینۆسایدی دەکرد و لە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییدا بوو، خەمی سەرەکیی ئەو نەوەیە بوو بە پاڕێزگاریکردن لە کولتوور و زمانی نەتەوە.  ئەو سەردەمە بەعس تەنانەت لە قوتابخانەکاندا دەستی برد بۆ گۆڕینی هەندێک مادەی خوێندنی وەک جوگرافیا و مێژوو بە زمانی عەرەبی. ئەم دۆخە ترسی ئەوەی لای هەمووان دروست کرد کە زمانی کوردی لە بەردەم ئەگەری لەناوچوون و دەستدرێژیدایە. هەر لەبەر ئەوەش خودی نووسین تەنیا بە زمانی کوردی بەبێ گوێدانە ناوەڕۆکەکەی هونەرێکی گرنگ بوو. زوربەی نووسینەکانیش لە دەوری ئەوە دەسووڕاندەوە کورد وەک گەلێک بوونی هەیە و کولتوور و مێژووی خۆی هەیە. بەشێکی زۆری کاری ئەو نەوەیە بوو بە ئەرشیفیکردنی کولتوور و نووسینی کوردی و تەنانەت بڕێکی زۆریش لە لێکۆڵینەوەکان بریتی بوو لە کۆکردنەوە و ناساندن و پاراستنی کولتووری کوردی بە مانا فراوانەکەی. گەر سەرنجی لێکۆڵینەوەکانی ئەو سەردەمە بدەیت، دەبینی زوربەیان بریتی بوون (بۆ نموونە) لە نووسینەوەی ژیاننامە و کۆکردنەوەی کارەکانی شاعیرێک و لە چ بوارێکدا نووسیوێتی.
ڕەهەند هەوڵێکی ڕۆشنبیری بوو کە دەیوست لە زیاد لە ڕوویەکەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیعی کوردستان بکات
کارەکانی ئەم نەوەیە یەکجار گرنگ بوو بۆ ئەرشیفیکردن و پاراستن و ناساندن و زیندووکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی ترسێکی گەورە هەبوو لەوەی لە ناو بچن. تاکە قوتابخانەیەکی فیکری کە کەمتازۆر بەکار دەهێنرا بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە چ لە واقیعی کۆمەڵایەتی و چ لە دەقی ئەدەبی، مارکسیزم بوو کە پێشتر وەک ئایدۆلۆژیایەکەی سیاسی لە لایەن بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بەرز کرابووەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم قوتابخانە فیکرییەش لە قەدەغە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بوو، هیچ سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و ئاسان بۆ زیاتر ئاشنابوون پێی نەبوو. سەردەمی نەبوونی سەرچاوە بوو. ئەو شتانەی لەسەر ئەم قوتابخانەیە لە بەردەستا هەبوو، هەمووی قاچاغ بوو و گرتنیشیان لەهەر ماڵێکدا، خاوەنەکەی تووشی زیندانی و گرتن و ئەشکەنجەی دەکرد. لە یادمان بێت لە وڵاتێکی دراوسێماندا شاعیرێکی گەورە بە ناوی ‘گولسورخی’یەوە بە هۆی گرتنی کتێبێکی مارکس لە ماڵەکەیدا زیندانی کرا و دواتر لە سێدارە درا. لەو سەردەمەدا کتێبەکانی مارکس و قوتابخانەکەی لە ترسناکترین ئەو شتانە بوون کە دەشێت کەسێک هەیبێت. ئەم دۆخە سیاسییە وای کردبوو، زانیاری لەبارەی ئەم قوتابخانەیەوە کەم و دەگمەن بن و ژمارەیەکی یەکجار کەم دەستی پێ بگات. ئەوەی لە بەردەستا بوو زۆرتر بەشە سیاسییەکەی فیکری مارکس و ئایدۆلۆژیای مارکسی بوو بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕووکەشیانە. بەڵام هەشتاکان لەگەڵ گۆڕینی خەریتەی کتێبخانە و دەستگەیشتن بە سەرچاوەی جیاواز و ئاشنابوونی خوێنەرانی ئێمە بە دنیایەکی فیکریی جیاواز لە مارکسییەت یان سەر بەو بیرانەی مارکس کە ڕێگەپێدراو بوون، وەک بیریارانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و بە تایبەت هربرت مارکویزە، ئاسۆی بینین و ڕوانینی بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی ئێمەی کردەوە. گەر بۆ سەرەتا و هۆکارەکانی دروستبوونی ڕەهەند بگەڕێین، بە بڕوای من دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەم هەلومەرجە. زوربەی نووسەرانی ڕەهەند بە هۆی دەستگەیشتنیان بەم سەرچاوەنە و خوێندنەوەیان، زەخیرەیەکی ڕۆشنبیریی جیاواز لە نەوەی پێشوویان هەبوو. ئەمەش وای کردبوو لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانیاندا بە چاوێکی دیکەوە شتەکان ببینن و بخوێننەوە. لە ڕاستیشدا ئەوەی ئەم نووسەرانەی کۆکردەوە هەر ئەم خاڵە بوو. ئەوەی کە بە چاوێکی جیاواز لە نەوەی پێشوو و لە ڕوانگەی قوتابخانەی فیکریی جیاوازەوە تەماشای هەم جیهانی واقیع بکەیت و هەمیش جیهانی ناو ئەدەب.
گلەییەکی زۆرمان لە نەوەکانی پێشوو هەبوو کە کەمتەرخەمییەکی زۆریان لەم بوارەدا کردووە. ئەگەرچی کە هەنووکە تەماشای ئەو کاتە دەکەم هەست دەکەم ئەو گلەییانەی ئێمە زۆر ورد نەبوون و گەلێک هۆکار هەبوون کە دەستیان لەم فەقیرییەدا هەبوو، کەمترینیان تەمەڵی فیکری بوو.
ژنەفتن: ڕەهەند لای ئێوە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری، سیاسی بوو، ياخود ړەوتيك يان پرۆژەیەکی ڕۆشنگەرییە لە قوناغيكي دياريكراودا؟ خۆتان ناوى لێ دەنین چی؟ بۆ؟
هەردی: هەوڵێکی ڕۆشنبیری بوو کە دەیوست لە زیاد لە ڕوویەکەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیعی کوردستان بکات و خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو شتانە بکات کە جێگەی گرنگیدانی بوون. هەوڵێک بوو بۆ خوێندنەوەی واقیع و دیاردەکانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ئەو تیۆرە و قوتابخانە فیکرییانەی نووسەرەکانی کەمتازۆر شارەزای بوون. خۆ ڕزگارکردنیش بوو لەو جۆرە لێکۆڵینەوەیەی کە بە تەنیا دیدێکی سیاسییەوە تەماشای واقیع و تێکستی ئەدەبی دەکات. ئەوەی نووسەرانی ئەم هەوڵەی بەیەکەوە دەبەستەوە کۆمەڵێک پڕەنسیپی ڕۆشنبیری بوون نەک سیاسی. ئەوەی ئەو نووسەرانەی کۆ دەکردەوە عەشقیان بوو بۆ خوێندنەوە و کتێب. بیرکردنەوە و خوێندنەوەی دنیا بە جۆری جیاواز و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە ئەو نەزانراوانەی هەست بە بوونیان ناکرێت.
هەستێکی هاوبەش لەناو هەمووماندا هەبوو کە کۆمەڵگای ئێمە کەمترین کاری لەبارەوە کراوە. زۆر ڕووبەری دنیای ئەدەبی و کولتووری و سیاسیی ئێمە لە تاریکیدایە و شتێکی ئەوتۆی لەبارەیەوە نەگوتراوە. تەنانەت مارکسییەکانی کوردستان کە تاکە قوتابخانەیەکی فیکریی ئامادەبوون، کەمتەرخەمییەکی زۆریان لە لێکۆڵینەوە و باسکردنی کۆمەڵگای کوردیدا هەبوو. ‘دکتور عیزەدین مستەفا’ لەو کەم کەسانە بوو کە لانیکەم بە دیدێکی مارکسییانە هەندێک قۆناغی ئەدەبی خوێندبووەوە و شیکاری بۆ کردبوو، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی شتێکی گرنگیان بۆ گوتن هەبوو، لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. تەنانەت شیکاریی مارکسییانە بۆ چینەکانی کوردستان و کێشەکانیان ون بوو. لەم فەقیرییە ڕۆشنبیرییەدا بوو کە ڕەهەند دروست بوو. نەوەیەک کە هەستێکی گەورەمان بەرامبەر بەم فەقیرییە ڕۆشنبیرییە هەبوو و لە هەوڵی ئەوەدا بووین شتێکی جیاواز بکەین. گلەییەکی زۆرمان لە نەوەکانی پێشوو هەبوو کە کەمتەرخەمییەکی زۆریان لەم بوارەدا کردووە. ئەگەرچی کە هەنووکە تەماشای ئەو کاتە دەکەم هەست دەکەم ئەو گلەییانەی ئێمە زۆر ورد نەبوون و گەلێک هۆکار هەبوون کە دەستیان لەم فەقیرییەدا هەبوو، کەمترینیان تەمەڵی فیکری بوو.
مەبەستمان لە ڕەخنە بریتی بوو لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە واقیع یان تێکست و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەشە شاراوەکانی و میکانیزمەکانی کارکردنی و خەسڵەتەکانی دیاردەکە
ژنەفتن: ئایا گوتاری سیاسییانەی ڕەهەند بەرپرسیارانە بوو لە ماوەی کارکردنیدا؟ بە تایبەت ئەو سەردەمە کە شەڕی ناوخۆ هەبوو؟
هەردی: ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە هیچ گوتارێکی سیاسیی هاوبەشمان نەبوو و بیریشم نایەت بۆ جارێکیش باسی ئەوەمان کردبێت گوتاری سیاسیمان دەبێت چی بێت و چی نەبێت. چونکە لە بنەڕەتدا خۆمان بە هەڵگری دیدێکی سیاسیی هاوبەش نەدەزانی و ئەمەش ئەو خاڵە نەبوو کە کۆی کردبووینەوە. ڕەنگە تاکە چەمکێک کە کۆی کردبووینەوە چەمکی ڕەخنە بێت. بە گشتی هەمووان پێمان وابوو دەبێت دیدێکی ڕەخنەییمان بۆ دنیای دەوروبەری خۆمان هەبێت و بە چاوێکی ڕەخنەییەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیع بکەین. لێرەدا دەبێت یەکسەر ئەوە زیاد بکەم مەبەست لە ڕەخنە ئەو پۆلێنکردنە سادەیە نەبوو کە بڵێین ئەم شت خراپە و ئەمە باشە. ڕەخنە لایەنگری نەبوو بۆ لایەک دژی لایەک… بەڵکو مەبەستمان لە ڕەخنە بریتی بوو لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە واقیع یان تێکست و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەشە شاراوەکانی و میکانیزمەکانی کارکردنی و خەسڵەتەکانی دیاردەکە. هەر با باسی ئەو نموونەیە بکەم کە ئێوە هێناتانەوە: شەڕی ناوخۆ.
شەڕی ناوخۆ بوو بە یەکێک لەو دیاردانەی کە سەرنجی ڕاکێشاین و هەریەکەمان لە دیدێکەوە باسی ئەم شەڕەمان کرد. پرسیارەکە لە بەردەم ئێمەدا ئەوە نەبوو کە شەڕەکە خەتای کێیە و کێ تیایدا تاوانبارە.. بۆ باسکردنیشی نەگەڕاینەوە بۆ هیچ بەیانێکی سیاسی و بۆ هیچ ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی، بەڵکوو هەریەکەمان هەوڵماندا بچینە دەرەوەی ئەو گوتارە سیاسییەی تاوانبار دەکات و هۆکارەکانی پشت شەڕەکە بخوێنینەوە و تەفسیری بکەین. بۆ نووسینەکانی دیشمان هەر وابوو. لەبەر ئەوە هەست دەکەم لەو دۆخەدا یەکجار بەرپرسیارانە ڕەفتارمان کرد و خۆمان لە زمانی تاوانبارکردن و بریندارکردن بە دوور گرت و لە بری ئەوە لەسەر ڕووداوەکە قسەمان کرد و هەریەکەمان لە ڕوویەکەوە باسی لایەنە شاراوەکانی ئەو شەڕەی کرد. بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیری چییە، جگە لە پابەندبوون بە ڕێساکانی بوارەکەیەوە و ڕاستگۆ بوون لەگەڵ خۆی و خوێنەرەکانیدا. ئێمە هەرگیز بۆچوون و ڕوانینەکانی خۆمان لە خوێنەرەکانمان نەشاردەوە و هیچ شتێکیش نەبوو وامان لێ بکات ئەوە نەڵێین کە دەبوو بیڵێین. لە ڕاستیشدا هچ شتێکی شاراوەشمان نەبوو، ئەوەی لە دانیشتنە تایبەتییەکانی خۆماندا دەمانگووت، هەمان شتیشمان لەسەر پەڕەی کاغەز و شاشەی تیڤی دەگووت. بەرپرسیارانە ڕەفتار کردن: ئاشکرابوون و ڕاشکاوی قسەکردنە. ئێمە هەرگیز نە لەبەر خاتری کەس شتمان نووسی و نە لەبەر خاتری کەسیش لە شتێک پەشیمان بووینەوە. بۆچوون و قسەکانی خۆمان دەنووسی و دەکرد بێ ئەوەی بیرمان لای ئەوە بێت قسە و نووسینەکان کێ دڵخۆش یان ناخۆش دەکات. پێم وایە بەرپرسیارێتیی ئێمە ئەم شتانە بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر پابەندبووین پێوەی.
ژنەفتن: ئایا “ڕەهەند” لە لايەن لایەنێک یان کەسایەتییەکی سیاسییەوە پشتگیری مادی کراوە؟ ئەگەر نەکراوە چون چاپکراوەکانتان چاپ دەکرد، لە کاتیکدا ئەو ڕوژگارە ژیان و داهاتی کەسەکان زور سەخت بوو.
هەردی: ڕاستت بوێت گەلێک لایەن و کەسایەتی سیاسی (بە نیەتیێکی باشەوە) دەیانویست هاوکاری گۆڤارەکە بکەن، بەڵام ئێمە لەبەر ئەو دۆخە سیاسییە پڕ ناکۆکییەی لە کوردستاندا هەبوو، بە سوپاس و پێزانینەوە ڕەدمان کردەوە. بۆ ئێمە ئەوە زۆر گرنگ بوو کە سەربەخۆیی خۆمان لەو دۆخە سیاسییەی کوردستاندا بپارێزین و وەک هەوڵێکی ڕۆشنبیری بمێنینەوە کە گەرچی زۆر قسە لەسەر سیاسەت دەکات و ڕەخنەی دەکات، بەڵام لایەنگری سیاسی بۆ هیچ هێزێکی سیاسی نییە. بەڵام هەرگیز لە ترسی ئەوەی پێمان نەگوترێت لایەنگری لایەکین لە وتنی ئەو شتانە نەترساین کە بڕوامان پێی بوو. قسەگەلێکمان هەبوو، دەچووە خزمەتی یەکێتی یان پارتی، بەڵام لە ترسی ئەوەی تۆمەتبارمان نەکەن بەو لایەنگیرییە قسەکانمان نەدەگێڕایەوە، ئەوەی بڕوامان پێ بوو دەمانگووت و دەمانووسی بێ ئەوەی بیرمان لای ئەوە بێت قسە و نووسینەکە خزمەت بە کێ و چی دەکات. خۆمان بە بەرپرسیار لە بەردەم خۆمان و خوێنەرەکاندا دەبینی و مەرجی ئەم بەرپرسیارێتییەش لامان ڕاستگۆیی بوو. بێگومان ئەم دۆخە گەلێک سەرئێشە و تۆمەتبارکردنی لە لایەن هێزەکانەوە بۆ دروستکردین، ڕۆژێک دەیانگوت سەر بە یەکێتی  و دەزگای زانیاریین، ڕۆژێک دەیانگووت سەر بە پارتی و پاراستنن. ڕۆژێک شیوعی بووین و ڕۆژێکی دی ئیسلامی. وابزانم تا ئێستاش ئەم جۆرە قسەکردنانە لەسەر ئەو نووسەرانەی ڕەهەند بەردەوامە کە تا ئێستاش چالاکن و دەنووسن.
تیراژی گۆڤارەکە لە باشترین حاڵەتدا لە ٢٠٠ ژمارە تێپەڕی نەدەکرد و بە پارەیەکی ڕەمزیش دەفرۆشرا، کە پارەی تێچوونەکەی نەدەهێنایەوە، ڕاستت بوێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەستانی ڕەهەند ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە بوو.
گۆڤارەکە بە گیرفانی برادەران لە ئەوروپا و هەندێک لە خوێنەرەکانمان بەردەوام بوو. تیراژی گۆڤارەکە لە باشترین حاڵەتدا لە ٢٠٠ ژمارە تێپەڕی نەدەکرد و بە پارەیەکی ڕەمزیش دەفرۆشرا، کە پارەی تێچوونەکەی نەدەهێنایەوە، ڕاستت بوێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەستانی ڕەهەند ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە بوو. هاوڕێیان جگە لەوەی ئەو هەموو کاتانەی خۆیان بەبێ بەرامبەر بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە لە گۆڤارەکەدا تەرخان دەکرد، دەبوو لە گیرفانی خۆشیان بڕێکی زۆر لە تێچوونی گۆڤارەکە بگرنە ئەستۆ. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە وەک خۆت نووسیت دۆخی ئابووری یەکجار خراپ بوو و هەموو ئەو هاوڕێیانەش دەیان ئیلتزاماتی خێزانی و کەسایەتییان لە ئەستۆ بوو کە وای کرد نەتوانین چیدی بەو شێوەیە بەردەوام بین. تۆ بیهێنە پێش چاوت هەر نووسەرێکی ڕەهەند چەند مانگێک تەرخان بکات بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە و نەک لە پاداشتیدا هیچ وەرنەگرێت، بەڵکوو دەبوو لە گیرفانی خۆشی بگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بڵاوی بکەینەوە. بێگومان نەماندەتوانی بەو شێوەیە بەردەوام بین و ئەمەش هۆی سەرەکیی وەستانی گۆڤارەکە بوو.
ژنەفتن: ئەو گرفتانەی کە هاتوونەتە بەردەم “ڕەهەند” چ وەک کۆی پرۆژەکە و چ وەک تاکەکەسی بۆ هەر یەک لە کەسە سەرەکییەکانی نێو “ڕەهەند” چی بوون، هەر لە گرفتی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی؟
هەردی: گرفتی پلەی یەکممان دۆخی ئابووری بوو. گۆڤارەکە گیرفانی هەموومانی کز کردبوو، بە تایبەتی ئەو هاوڕێیانەی لە دەرەوە بوون. چونکە ئەرکی سەرەکیی دابینکردنی خەرجی گۆڤارەکە دەکەوتە سەرشانی ئەوان. گەیاندنەوەی گۆڤارەکەش بۆ کوردستان کێشەیەکی تر بوو. چونکە ئەو سەردەمە هێشتا ئەنتەرنێت و هۆکارەکانی پەیوەندی نەبوون و من بۆ ئەوەی گۆڤارەکەم بە مۆناتجکراوی بە دەست بگات، دەبوو چاوەڕێ بکەم هاوڕێیەک لە هەندەرانەوە بگەڕێتەوە و لەسەر فلاش دیسکێک بۆم بهێنێت. منیش هەمان شت بەرم بۆ چاپخانە و چاپی بکەین. ئەم کارە هەموو جار بە ئاسانی تێنەدەپەڕی و کێشەی تیا دروست دەبوو.
کێشەیەکی تر کە زۆر لە هاوڕێیانی لە هەندەران ماندوو دەکرد، تایپکردنەوە و هەڵەبڕی هەموو ئەو نووسیانە بوو کە بۆ گۆڤارەکە دەهات. لەبەر ئەوەی هیچ توانایەکەی مادیمان نەبوو بتوانین ئەم کارە بە یەکێک بسپێرین و پاداشتیێکی لە بری ئەو کارە پێ بدەین، هاوڕێیان بە ناچار خۆیان هەم تایپی بابەتەکانیان دەکرد و، هەم هەڵەبڕی و مونتاجیان دەکرد. هەموو ئەمانەش گرفتی گەورە بوون و کاتێکی زۆری هاوڕێیانی دەگرت.
وەکووتر لەگەڵ بڵاوبوونەی بابەتەکان کە زۆرجاریش بە کۆڕ و سیمینار لە سلێمانی پێشکەشمان دەکرد، تووشی دەیان تۆمەت و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن لە لایەن بەشێک لە ڕاگەیاندکارەکانی حیزبە سیاسییەکانەوە دەبووینەوە. کار گەیشتە ئەوەی وەک کەسانێک ناومان بێنن کە دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستانین و بڕوامان بە هیچ نییە و هەموو شت ناشیرین دەکەین، جارێک دەیانگوت سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نیشتمان و بێڕێزی بەرامبەر خوێنی شەهیدان دەکەن… دەیان تۆمەتی ترسناک کە سزای یاسایی هەندێکیان تا لە سێدارەدان دەڕوات!! ئەمە لە کاتێکدا ئێمە تەنیا کۆمەڵێک نووسەر بووین کە بۆچوونی خۆمان بەبێ درۆ و بە ئاشکرا دەنووسی و دەگووت. ئەمە جگە لە هەندێک لە ئیسلامییەکان کە سەرەتا زۆر بە توندی دژی نووسین و گۆڤارەکە بوون و کار گەیشتە ئەوەی لە یەکێک لە جارەکاندا و لە مزگەوتی جیهادەوە تەکفیری کاک “بەختیار عەلی”یان لەسەر نووسینێکی کرد.
بەڵام ڕاستت بوێت هەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی هەموو نووسەرێک کە بیەوێت قسەیەک یان شتێک بکات کە زۆر لەگەڵ دۆخی باودا نەگونجێت. لە سەردەمی “ئەمیل زۆلا”وە ئەو دۆخە بەردەوامە کە ئەو نووسەرانەی قسە لە بواری گشتی دەکەن و ڕەخنەی جیهانی خۆیان دەکەن، تووشی چەندان هەوڵی سڕینەوە و ناوزڕاندن و تەنانەت گرتن و کوشتن ببنەوە. خۆشبەختانە لە دۆخی ئێمەدا شتەکان تەنیا لە هێرشی ڕاگەیاندندا وەستا و زۆر تەشەنەی نەسەند.
ژنەفتن:  بۆچوونی زور هەیە لەسەر ئەوەی کە ڕەهەند و گوتارەکانی ڕەهەند، گوتاری ڕاڤە و تەحلیلی هەقیقی نین و نەبوون، هەمووی سیحری ڕیتوریکە. ئیوە چی دەڵێن؟
هەردی: دەزانیت زۆرێک لە نووسینەکانی هاوڕێیانی ڕەهەند ڕووبەڕووی بێویژدانییەکی زۆر بووەوە، بە تایبەتی لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان یەک دێڕ نووسینیان لەسەر هیچ شتێک ئەم وڵاتە نییە. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەم جۆرە قسانە لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکرا و دەکرێت کە خۆیان نەک هیچ لێکۆڵینەوەیەک بەڵکوو هیچ وتارێکیشیان نییە شایستەی ئەوە بێت لە بەردەم وتووێژێکی فیکریدا خۆی بگرێت. زوربەی ئەم حوکمانەش ئەوەندە گشتگیر و بێ بنەمان کە بە ڕوونی دیارە هاندەرەکەی ڕق و بێ نرخکردنە، نەک هیچ شتێکی دی. هەست دەکەم ئەو کەسانەی وا دەڵێن لە بنەڕەتدا نووسینەکانیان نەخوێندۆتەوە و تەنیا چەند دێڕێکیان تەماشا کردووە. بە پێچەوانەوە هیچ جارێک نەبووە نووسەرانی ڕەهەند شتێک بنووسن و پشتئەستور نەبێت بە چەندان تیۆرە و سەرچاوە و لە ڕوانگەی ئەو تیۆرانەوە خوێندەوەی بۆ واقیعی کوردستان یان دنیای تێکستی ئەدەبی نەکردبێت. بڕوایەکی تەواومان بەوە هەبوو بەشێکی زۆر لە کولتووری ئێمە (بە مانا فراوانەکەی کولتوور) خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و قسەی زۆر ماوە لەسەری بکرێت. جیهانی ئەدەبی و شیعری ئێمە هێشتا ڕووبەرێکی نەزانراوە و کاری کەمی لەسەر کراوە: مرۆڤ، خێزان، کارکردنی دین لە کۆمەڵگا، پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی و… هتد، هەموو ئەم بوارانە پێویستیان بە قسەکردن و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە. ڕاستە لە بەشێکی نووسینی هاوڕێیاندا زمانێکی شیعری هەیە، بەس کێ و لە کوێ وتوویەتی زمانی شیعری توانای دەربڕین و کەشفکردنی نییە؟ یەکێک لە فەیلەسوفە گرنگەکانی سەدەی بیست سەرلەبەری نووسینەکانی بە زمانێکی شیعری نووسی بوو: نیتچە.
زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و نووسینەکانی ئێمە شیکاری بوون، لە سەردەمێکیشدا ئەو کارانەمان دەکرد کە هیچ سەرژمێری و هیچ داتایەک بەردەست نەبوو، تا لێکۆڵینەوەکانی پێ دەوڵەمەند بکەین. سەرەتاکانی ڕاپەرین بوو و هێشتا هیچ دەزگایەک نەبوو بۆ نموونە سەرژمێری کوشتن، جیابوونەوەی خێزان، بێکاری، ڕێژەی ژن و پیاو، ژمارەی خوێندکاران و… هتد بخاتە بەردەست. لە نەبوونی ئەو داتایانەدا ئێمە ناچار بووین دیارەدەکان وەک چۆن دەیبینین، بخوێنینەوە و تەفسیر بکەین. بەشێکی زۆریش ناچار دەبووین بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی لە دنیای کولتووری خۆمان، بگەڕێنەوە بۆ  ئەدەب و لەوێوە هەندێک دەرئەنجام بەدەست بهێنین. هەندێک لێکۆڵینەوەی تیۆریمان لەسەر زۆر شت پێشکەش کرد کە هەست دەکەم تا ئێستاش سەرچاوەی گرنگن بۆ ناسینی زۆر چەمک و ڕێبازی فیکری.
ژنەفتن: ئایا پێتانوایە کە “ڕەهەند” کوتایی هاتووە یان هێشتا لێکەوتەکانی بەردەوامە؟ ئەگەر بەردەوامە، دەکریت باسی ئەو بەردەوامییەمان بۆ بکەیت؟ ئەگەر کۆتایی هاتووە، باسی جۆر و هۆی کوتایی هاتنەکەی بکەن؟
هەردی: گەر وەک گۆڤارێک تەماشای بکەیت کە ساڵانێک دەردەچوو و ئێستا دەرناچێت، ئەوا ڕاستە ڕەهەند کۆتایی هات. گەر مەبەستیش نووسەرەکانێتی، ئەوا ڕاست نییە و هەموو ئەو نووسەرانەی لە ڕەهەندا کاریان دەکرد تا هەنووکەش کار دەکەن و بەردەوامن لە نووسین و قسەکردن، نە وەستاون و نە کۆتاییشیان پێهاتووە. گەر مەبەستیش شێواز و ئاراستەی کارکردنی گۆڤارەکە بێت، ئەوە نەک هەر تەواو نەبووە و بەردەوام دەبێت، بەڵکو هێشتا لە سەرەتادایە: ڕەهەند چی بوو، جگە لە بانگهێشتێک بۆ کرانەوە بەسەر کولتووری دنیای دەرەوە و کرانەوەی کتێبجانەی کوردی بەسەر میتۆد و فیکر و تیۆرەی جیاوازدا. یەکێک لە خەمە سەرەکییەکانی زوربەی نووسەرانی ڕەهەند ئەوە بوو خوێنەری ئێمە بەسەر یەک قوتابخانەی فیکریدا دانەخرێت و هیچ پێشگریمانەیەکی ئایدیۆلۆژی وای لێ نەکات پێش ئەوەی بخوێنێتەوە و شارەزا بێت، باسی تیۆرە و فیکری دی بکات یان ڕەتی بداتەوە. دروشمی گۆڤارەکە سێ وتەزای سەرەکی بوو: تیۆرە، کولتوور، ڕاڤەکردن. تیۆرە بۆ خوێندنەوەی کولتوور و پێشکەشکردنی ڕاڤەکردنێک. ڕەهەند پێشنیاری نووسینێکی دەکرد کە پشتئەستور بێت بە تیۆرە. چونکە تیۆرەکان وامان لێ دەکەن جیهان بە جۆرێکی جیاوازتر ببینین لەوەی پێشتر بینیومانە، شتگەڵێکی تیا دەبینین و دەخوێنینەوە کە پێش زانینی تیۆرە هەستمان پێ نەدەکرد. لەبەر هەموو ئەمانە هەست دەکەم ڕەهەند چ وەک بانگکردنێک بۆ ئەم جۆرە ئیشکردنە و چ وەک ئەنجامدانی، بەردەوام دەبێت چ بە دەستی نووسەرانی ڕەهەند و چ بە دەستی نەوەی دوای ئەوان.
ژنەفتن: ڕەخنەیەکی واتان لەسەرە کە بەرانبەر ئەو کەسانە دەوەستانەوە کە ڕەخنەیان لێ دەگرتن و بە توندی وەڵامتان دەدانەوە؟ ئیتر ئەمە بۆ سیاسییەکان و ڕۆشنبیر و نووسەرەکانی نەوەی پێش خۆشتان و دوایی خۆشتان هەر ڕاستە. ئێوە هەم وەک کەسی سەرەکیی ڕەهەند و هەم وەک یەکێک لەو کەسانەی کە وەڵامی ڕەخنەکانتان دەدایەوە، ئێستا چۆن لەو تۆمەت و ڕەخنەیە دەڕوانی و پاساوی بۆ دەهێنیتەوە؟
هەردی: ڕاستت بوێت ئەوەی تۆ ناوی دەنێت ڕەخنە، من ئەوە ناو دەنێم سووکایەتی و تەشهیر.. کەسانێک بوون و ئێستاش هەن کە تۆمەتی بێ بنەما و بوختان و درۆت بە دەمەوە دەکەن و بێ شەرمیش ئەیڵێن. زوربەی نووسەرانی ڕەهەند ڕووبەڕووی شێواندن و بوختانی وا بوونەوە کە هیچ بنەمایەکی نە زانستی نە فیکری نەبووە و نییە. کەسانێک شتانێکیان دەخستە دەممان کە نە هەرگیز گوتوومانە و نە بڕواشمان پێ بووە. تووشی کەسانێکی دیش دەبووین کە بێ ئەوەی نووسینەکەتی خوێندبێتەوە، پێشوەخت بڕیاری لەسەر داوە و بەمەشی دەگوت ڕەخنە. ڕاستت بوێت ئەوانە ڕەخنە نەبوون تا مرۆڤ لای ئاسایی و بە بەشێک لە فەزای ڕۆشنبیری بزانێت. بەڵکوو پتر دەچوونە خانەی بوختان و سووکایەتییەوە.
کێشەیەکی دی کە ڕووبەڕوومان دەبووەوە پەیوەندی بە نەخوێندەوارییەوە هەبوو. ڕووبەڕووی کەسانێک دەبووینەوە بۆ نموونە باسی ‘فرۆید’یان دەکرد و هیچیان لەبارە نەدەزانی، ناوی ‘مارکس’یان دەهێنا و هیچیان لەبارەی فیکریەوە نەخوێندبووەوە. قسەیان لە بونیادگەری و پاش بونیادگەری دەکرد و سادەترین پێدراوەکانی ئەم ڕوانینانەی نەدەناسی و نەدەزانی. تۆ ڕاست دەکەیت بەرامبەر بەمجۆرە دەربڕین و کەسانە توند و ڕەق بووین، هێندەی ڕادەی بوختان و نەزانینەکانی بەرامبەر.
نووسین وەک هەر بوارێکی تری ئەم ژیانە ڕێسا و ڕێکاری تایبەتی خۆی هەیە کە کێ ویستی دەستی بۆ بەرێت، دەبێت پەیڕەوی لێ بکات. هەوڵێکی زۆرمان دەدا ئەم بیرۆکەیە لای هەمووان بچەسپێت. بڕوایەکی تەواومان بەوە هەبوو کە دەبێت ڕێز لە نووسین بگیرێت و هەر کەس دەستی بۆ برد ڕێساکانی جێبەجێ بکات و پشتئەستور بە بەڵگە و ئەرگۆمێنت قسە بکات. ڕووبەڕووی ئەوە دەبووینەوە کە بە نموونە دەیانگوت (فلان نووسەری ڕەهەند گوتویەتی و بڕوای وایە…) بەبێ ئەوەی یەک دێر لە یەک نووسینی نووسەرەکە بهێنێتەوە کە قسەکەی پشتڕاست دەکەنەوە… نەیاندەهێنایەوە لەبەر ئەوەی یان هەر لە بنەڕەتەوە نووسینەکەی نەخوێندووەتەوە و هەروا قسە دەکات، یان خوێندوویەتییەوە و دەزانێت قسەکانی ڕاست نین، بۆیە ناتوانێت یەک ڕستە بۆ پشتگیری قسەکانی بدزۆێتەوە. یان دەیانگووت ئەم بیروڕای برادەرانی ڕەهەند چەواشەکارییە… ئیدی کام بیروڕا و لە کوێدا و کێ نووسیویەتی و لە چ ساڵێکدا… هیج.. هەر هیچ دیار نەبوو. دەی کاکی من ئەم جۆرە قسانە نەک ڕەخنە نین. بەڵکوو دەچوونە خانەی بوختان و نەزانینەوە. مەرجی سەرەکیی هەموو حوکمێک هێنانەوەی ئەرگۆمێنت و بەڵگەیە. ناکرێت و هەڵەیە حوکمێک یان ڕایەک بڵێت بەبێ ئەوەی ئەرگۆمێنت بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانت بهێنیتەوە. ڕاستت بوێت تووشی ئەم دۆخانە دەبووین، نەک ڕەخنەگرتن، ئەمەش توند و ڕەقی دەکردین.
لەناکاو بزووتنەوەیەکی سیاسی پەیدا بوو کە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئێمە لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان هەمان بوو، کردییە بەرنامەی کارکردنی و بە دەنگی بەرز دەیگوتەوە.
ژنەفتن: دەگوترێت کە مانیفێستی بزووتنەوەی گۆڕان، لەژێر کاریگەری گوتارەکانی ڕەهەندییەکان بووە و، ڕەهەندییەکانیش پشتیوانیان لەم هێزه سیاسییە نوێیە کردووە، ئایا ئەمە خوێندنەوەیە یاخود لە ڕاستیدا وایە؟
هەردی: بەشێکی زۆر ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە. لەناکاو بزووتنەوەیەکی سیاسی پەیدا بوو کە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئێمە لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان هەمان بوو، کردییە بەرنامەی کارکردنی و بە دەنگی بەرز دەیگوتەوە. بەرنامەی سیاسیی ئەم هێزە و دەست خستنە سەر ئەو شوێنانەی دەبێت دەستکاری بکرێن، زۆر نزیک بوو لەو بۆچوون و خوێندنەوانەی ئێمە بۆ واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەمان بوو. لەبەر ئەوە بەڵێ زۆرێکمان (گەر نەڵێم هەمووی) بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیری بزووتنەوەکەمان کرد، بەڵام بەو ئاگاداری و وریاییەوە کە هەرگیز سەربەخۆییی خۆمان لەدەست نەدەین. پشتگیری بکەین لە بەرنامەیەک، بەڵام تا ئاستی ئەندامبوونی و ئیلتزامی حیزبی نەڕۆین. بە گشتی بڕوایەکی گشتگیر لەناو زوربەماندا هەبوو کە نووسەران وا باشترە هەمیشە بە سەربەخۆیی بمێننەوە. بەڵام سەربەخۆییەک نەک بە مانای پەیوەندی نەبوون بە کێشەکانی وڵاتەوە، بەڵکوو بە مانای خۆ دوورگرتن لە ئیلتزامی حیزبی و هەمیشە دانانی ئەو ئەگەرە کە دەشێت ئەوەی ئەمرۆ باش و دروستە، سبەی ڕاست و دروست نەبێت. ئەوە ڕاستە بە شێوەی جیاواز هاوکاری بزووتنەوەکە بووین و خودی خۆم لە برادەران زیاتر هاریکاری بزووتنەوەکە بووم و تا ماوەی هەشت ساڵیش یەکێک بووم لەو کەسانەی لە “کاک نەوشیروانی بەهەشتی”یەوە زۆر نزیک بووم و بەردەوام بۆچوونی خۆم و هاوڕێکانم لە هەموو ئەو شتانەدا پێ دەگووت کە دەهاتە پێشێ. هەر کاتێک ڕاوێژێکیان پێ کردبین، درێغیمان لە وتنی ئەو شتانە نەبووە کە بە پێویست و ڕاستمان زانیووە. بزووتنەوەکە خۆشی فەزایەکی سیاسیی پر ملاملانێی دروست کرد کە زوربەمان بە خاڵێکی پۆزەتیڤمان بۆ ژیانی سیاسیی هەرێم دەزانی. چونکە بڕوایەکەی تەواومان بەوە هەبوو بوونی ململانێی سیاسی، یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو ڕێگایانەی دەورێکی گرنگ لە باشترکردنی ڕەفتاری هێزە سیاسییەکان دەبنینێت. لەبەر ئەوە هەر دروستبوونی ئەو دۆخەمان بە گشتی بە پۆزەتیڤ دەزانی. کۆمەڵگای ئێمە پرە لە ناڕەزایی و توڕەیی، کاری ڕاست ئەوەیە ئەم ناڕازیبوون و توڕەییە بتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە تەعبیر لە خۆی بکات و ململانێیەکی تەندروست بە شێوازە ڕێگەپێدراوەکان لەگەڵ حیزبە سیاسییە باڵادەستەکاندا بکات. لەبەر ئەوە ڕاستە بەشێکی زۆرمان هاوکاری بزووتنەوەی گۆڕان بووین لە سەرەتای دروستبوونیدا، بەڵام هەمیشەش سەربەخۆییی خۆمان پاراست.
ژنەفتن: وەک کەسێکی سەرەکی و ئاگادار؛ لێکترازان و جیابوونەوەی کەسەکانی ڕەهەند لەسەر چی بوو؟ ئایا ئەو جیابوونەوەیە لەسەر جیاوازیی بیڕوڕا بوو؟ لە کاتێکدا گوتارێکی سەرەکی کە “ڕەهەند” بانگەشەی بۆ دەکرد، گوتاری جیاوازی بوو؟
هەردی: ڕاستت بوێت بەردەوام بۆچوونی جیاواز لەناو ئێمەدا هەبووە و بیرم نایەت هەمیشە و هەموو کات هەمان بۆچوونمان لەسەر شتەکان هەبووبێت. دەزانی کێشەکە چییە، کێشەی سەرەکیی ئەوەیە خەڵکێکی زۆر دوورکەوتنەوە و تەنانەت دابڕانی نووسەران لەیەک وەک جیابوونەوەی و ئینشقاقی حیزبی سیاسی تەماشا دەکەن و بە هەمان ئەو فەزایەش تەماشای دەکەن کە ئینشقاقی حیزبی پێ تەماشا دەکەن. نووسەران کە پێکەوە کار ناکەن، ڕێگە لە یەک ناگرن و یەکتر قەدەغە ناکەن. بۆچوونەکانیان چەند دژ بە یەکیش بێت سەر ناکێشێ بۆ سڕینەوە و حەرامکردنی یەکتر. جیاوازی و ناکۆکیی نێوان نووسەران بەرهەمهێنە و، وا دەکات هەریەکەیان پتر بنووسێت و پتر داکۆکی لە بۆچوونەکانی بکات، لە کاتێکدا ناکۆکیی ناو حیزب سەر دەکێشێ بۆ شەڕ و ماڵوێرانی و دابڕان. ئەم دوو جیابوونەوەیە هەرگیز یەک شت نین و هەرگیزیش دەرئەنجامی هاوشێوەیان نییە.
بەڵام سەبارەت بە قەبوڵکردنی جیاوازی و جیابوونەوە چەند تێبینیەکم هەیە:
بڕوابوون بە جیاوازی، بە مانای ئەوە نییە تۆ بۆچوونی بەرامبەرکەت بسەلمێنی، بەڵکو تەنیا بەو مانایەیە هەرگیز ئامادە نابێت لەبەر ئەوەی بەرامبەرکەت هەمان ڕای تۆی نییە، قەدەغەی بکەیت و ڕێگە لە دەربڕینی بۆچوونەکانی بگریت. بگرە گەر بە هەر هۆکارێک بووە ڕێگە لە بۆچوونێک گیرا کە بە دڵی تۆ نییە، داکۆکیی لە بوونی بکەیت و ڕازی نەبیت بەوەی سەرکوت بکرێت.
بیرۆکەی قەبوڵکردنی جیاوازی، زۆر بە هەڵە لێکدراوەتەوە. هەندێک وا دەزانن مادام تۆ بڕوات بە جیاوازی هەیە، کەوابوو نابێت بەرگری لە بۆچوونی خۆت بکەیت و ئەو ڕەخنانە بسەلمێنیت کە ئاراستەت دەکەن. بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی یەکجار هەڵەیە. مرۆڤ کە بۆچوونێکی هەبوو، ئەو بۆچوونەی لە دەرئەنجامی خوێندنەوە و بیرکردنەوەیەکی زۆر بەدەستهێناوە و بێگومان بەرگری لێ دەکات. نابێت هەرگیز ئەم بەرگریکردنە بە مانای دژایەتیی جیاوازی لێک بدرێتەوە. وەک گووتم قەبوڵکردنی جیاوازی، واتە قەبوڵکردنی ئەوەی هەموو کەس ئازادە بیروڕای خۆی هەبێت و داکۆکی لێ بکات و هیچ کەسیش ئازاد نییە بیروڕا یان بۆچوونێک قەدەغە بکات لەژێر هیچ پاساوێکدا.
ئەو جیاوازییەی لەنێوان بیرکردنەوەی هاوڕێیاندا هەیە، بێگومان جیاوازییەکی ڕاستەقینەیە کە لە دوو ڕوانگەی جیاوازە تەماشای دنیا و خوێندەوەی بۆ دەکەن. ئەمەش دۆخێکی زۆر ئاساییە و بگرە وەک وتم بەرهەمهێنە و قازانج بە دەوڵەمەندکردنی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە دەگەینێت. بەڵام ئەوەی کە ڕاستە و من دەیسەلمێنم ئەوەیە کە زۆر جار ئەم وتووێژە لەنێوان هاوڕێیاندا سەری کێشا بۆ قسەی زبر و بریندارکەر کە هیچ پێویست نەبوو. ڕاستگۆیانە بڵێم ئەم بەشەی کە پەیوەندی بە قسەی زبر و بریندارکەرەوە هەیە، هەندێک دوورکەوتنەوەی شەخسی و تایبەتی دەوری تیا هەبوو.
ژنەفتن: ڕەهەند تەنها بۆ نوخبە بوو یاخوود جەماوەری بوو؟ ئایا دەیتوانی کاریگەری لەسەر نوخبە دروست بکات یان ئامانجی هوشیاریی جەماوەری بوو بە گشتی؟ لە پەنا ئەمەشدا ئایا ڕەهەند هەوڵی دەدا دەست بۆ کێشە هەناوییەکانی کورد بەرێت؟
هەردی: گۆڤارێکی فیکری بوو نەک حیزبێکی سیاسی. لەبەر ئەوە بێگومان ئاراستەی ڕووی لە گروپێکی کۆمەڵگا دەکرد کە گرنگی بە کاری فیکری و تیۆری دەدا. ئەو خوێنەرانەش بەرەو پیری دەهاتن کە حەزیان بەم جۆرە کارانە دەکرد. ڕەهەند هەم بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەو گروپە و هەم بوو بە هاندەرێک بۆ کارکردن و خوێندنەوەی دەیان خوێنەری تر. وەک جارێکی دیش نووسیومە ڕەهەند هیچی نەکردبێت، ئەوەی کردووە چەندان بیریار و قوتابخانەی فیکری بەو گروپە ناساند کە پێشتر هیچی لەبارەیانەوە نەدەزانی. هەر ئەم ناساندنە بووە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی لانیکەم خوێنەرانی ئێمە بەدوای کتێب و نووسینی ئەو بیریارانەدا بگەڕێن و بیخوێننەوە. یەکێک لەو شتانەی نووسینەکانی هاوڕێیانی ڕەهەندی پێ دەناسرێتەوە ئەوە بوو کە تەنیا ناوی بیریار و فەیلەسوفانیان ڕیز نەدەکرد و شەرحی بۆچوونەکانیان بکەن، بەڵکو هەوڵیدەدا ئەو تیۆرانە بەکار بێنن بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دنیای واقیعی کوردستان و دەقی ئەدەبی.
The post دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند appeared first on ژنەفتن.
دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند
پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “مەریوان وریا قانع” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.
مەریوان وریا قانع (١٩٦١- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد
ژنەفتن: (ڕەهەند) بە چ ئامانج و مەبەستێک دەستی پێ کرد؟ سەرەتا تەنیا ئامانجی دەرکردنی گۆڤارێک بوو، یان وەک لە بەردەوامیدا بینیمان، پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری بوو، ئایا لای خۆیشتان هەر لە سەرەتاوە وەک پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری و ڕووناکبیری کارتان لەسەر کرد، یان هەر دەرکردنی گۆڤارێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی خۆتان (واتە دەستەی نووسەران)؟
مەریوان وریا: نەخێر، خولیای دەرکردنی “ڕەھەند”، خولیای دەرکردنی گۆڤارێک نەبوو بە تەنھا، تەنھا ئەوە نەبوو نووسەرەکانی ئەم گۆڤارە مینبەرێکیان بۆ قسەکردن ھەبێت، یاخود ھەموو وەرزێک جارێک وتارێک بنووسن و بڵاوی بکەنەوە. ڕەھەند بیرکردنەوە بوو لە دروستکردنی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی ھەمەلایەن کە ھەوڵی گۆڕین و تازەکردنەوەیەکی بەرفراوانی ڕۆشنبیریی کوردی بدات و کاریگەریش لەسەر کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردستانی، بەجێ بھێڵێت. ئەمە خەونی گەورە و ئاشکرای زۆرێک لە ئێمە بوو لە ڕۆژی سێھەم و چوارەمی ڕاپەڕینەوە. بەڵام مێژووی ئەم خەونە لای ھەندێکمان درێژتر بوو لە دەرکردنی “ڕەھەند”. بە تایبەتی لای من ھەوڵدان بۆ ڕەخنەکردنی ڕۆشنبیریی باو لە کوردستاندا و تازەکردنەوەی ھەندێک دەرکەوتی ئەو ڕۆشنبیرییە، دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووھەمی ساڵانی ھەشتا. یەکەم نووسینی جیدی من وتارێکی ڕەخنەیی بوو لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی “گوڵی ڕەش”ی ‘شێرازد حەسەن’، کە تیایدا ھەوڵمدا بوو میتۆدێکی نوێی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ناو ڕۆشنبیریی کوردی بھێنم، میتۆدێک من لەو سەردەمەدا و لە پاڵ ڕەخنەگری فەرەنسیی ‘لوسیان گوڵدمان’دا ناوم نابوو “بونیادگەریی پێکھێنەرانە”، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی لەو بونیادگەرییە فۆرمالیستییەی لە عێراقی ساڵانی ھەشتادا، لە ڕەخنەی ئەدەبی لە عێراقدا باڵادەست بوو. بابەتی سەرەکیی ئەو نووسینە تێڕامان بوو لەو ئیفلیجبوونە مێژووییەی پاڵەوانەکانی ‘شێرازاد حەسەن’ لە ناویدا گیرۆدە بووبووبن، ئەگەرچی ئەو پاڵەوانانە خوێندەوار بوون و خواستێکی گەورەی گۆڕین و دەستکاریکردنی دونیاشیان ھەبوو. گیرخواردن بە دەست واقیعێکی مێژوویی دیاریکراوەوە و زەحمەتیی دەسکاریکردنی ئەو واقیعە، ئەو دەرەنجامە بوو کە من لە خوێندنەوەی ئەو چیرۆکەی ‘شێرزاد حەسەن’دا پێی گەیشتم. بەدوای ئەو نووسینەدا و لە ھەمان دیدگاوە و بە ھەمان میتۆدی ڕەخنەیی لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر شیعری “خۆکوشتن”ی ‘محەمەد عومەر عوسمان’ نووسی و باسم لە بیرۆکەی خۆکوشتن و مەحاڵبوونی پیادەکردنی کردەی خۆکوشتن لە ئەدەبی ئەو شاعیرە گرنگەی ساڵانی ھەشتای ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا کرد. لەوێشدا کردەی خۆکوشتن، وەک جۆرێک لە جوڵەی ڕادیکاڵ، بەڵام نێگەتیڤ، دیسانەوە دواخرابوو بۆ سەردەم و زەمانێکی نادیار. دواتر نووسینێکی ترم بە ھەمان میتۆد لەسەر شیعری “پایز”ی ‘گۆران’ نووسی و لەوێدا، بە پێچەوانەی خوێندنەوە ئایدیۆلۆژییە باڵادەستەکانی ئەو ڕۆژگارەوە، ‘گۆران’م وەک یەکێک لە خەمبارترین شاعیرەکانی دونیای ئێمە نیشان دا. شاعیرێک بە ھەر ئاراستەیەکدا دەڕوانێت گریان و پەژارە دەبینێت. دواتر نووسینێکی ترم لەسەر شیعری “لە ناکەس کارییا”ی ‘مەحوی’ نووسی، ئەوەم نیشان دا مەحوی پێ لەسەر ونبوونی یەقین لە جیھانبینیی خۆیدا دادەگرێت و لەتلەتبوونی خۆی لەنێوان دین و دونیادا دادەگرێت. دواتر ھەندێک نووسینی تیۆریم لەسەر مەسەلەی پەیوەندیی نێوان بونیادەکان و جوڵە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر کێشەی بەرھەمھێنانی تێکست لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا و غیابی عەقڵانیەت لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، نووسی. لەم نووسینانەدا بۆ یەکەمجار ھەندێک چەمکی ‘میشێل فوکۆ’م بەکار ھێنا، بە تایبەتی چەمکی “ئەبستیم” بۆ نیشاندانی ئەو دۆخی چەقبەستن و ناتیۆرییەی ڕۆشنبیریی ئێمە لە ناویدا جێگیرە. دوای ئەم زنجیرە نووسینانە یەکەمین بەریەککەوتنی فیکریی من لەگەڵ ‘زاھیر ڕۆژبەیانی‘دا دروست بوو کە لەو ڕۆژگارەدا وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی ناسرابوو، بەریەککەوتنەکە لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی تێگەیشتن بوو لە بونیاد و پێکھاتی ڕۆشنبیریی کوردی و چۆنیەتی تازەبوونەوە و دروستکردنی دابڕان لە ناویدا. لەو زنجیرە نووسینەدا من بۆ کۆمەڵێک بۆچوونی ‘گاستۆن باشلار’ و ‘میشێل فوکۆ’ و ‘لویس ئالتۆسێر’ گەڕابوومەوە، ھێنانی ئەم ناوانەش بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە کارێکی نوێ بوو. بە کورتییەکەی ئەوەی من لەو ڕۆژگارەدا پێوەی خەریک بووم، ھەم ڕەخنەکردنی ھێڵە گشتی و سەرەکییەکانی ڕۆشنبیریی کوردی بوو، ھەم پێشنیارکردنی میتۆد و شێوازی نوێی خوێندنەوە و شیکردنەوە بوو، ھەم پێشنیارکردنی نووسەر و بیریار و تێزی فیکری و میتۆدی نوێ بوو، کە ھەموویان لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا نەناسراو بوون. من ھەموو ئەم کارانەم لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٩٠دا ئەنجام دا. لەو سەردەمەدا ‘بەختیار عەلی‘ش چەند وتارێکی نووسی بوو، بەڵام ھەم دیوانی “گوناھ و کەرنەڤاڵ” و ھەم ڕۆمانی “مەرگی تاقانەی دووھەم”یشی نووسی بوو، بەڵام ھیچیانی بڵاو نەکردبووەوە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئێمە، بە تایبەتی من و بەختیار، ھەر لە سەرەتاوە خەونی بەرپاکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەمان لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا ھەبوو.
من و بەختیار، ھەر لە سەرەتاوە خەونی بەرپاکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەمان لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا ھەبوو.
دوای ئەوەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و دونیای ئێمە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواو گۆڕا، خەون و پلانەکانی ئێمەش گۆڕا. شەوی بەرپابوونی ڕاپەڕین من لە سلێمانی لە ماڵی ‘بەختیار عەلی’ بووم. ڕۆژی دووھەم یان سێھەمی ڕاپەڕینیش کاتێک سلێمانی بە تەواوی ڕزگار کرا، من و بەختیار بڕیارمان دا گۆڤارێکی فیکری دەربکەین. پێمان وابوو دۆخێکی تازە دروست بووە و پێویستی بە قسە لەسەر کردن و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنێکی تازە و مەعریفییانە ھەیە. ساتەوەختێک بوو ئەو ئەگەرەی خستە بەردەممان شتێک لەو خەونانەی ھەڵمانگرتبوو، بکەین بە واقیع. لە ماوەی دوو ھەفتەی یەکەمی ڕاپەڕیندا ئێمە، بەختیار و من و چەند نووسەرێکی گەنجی تری سەر بە ھەمان نەوە “گۆڤاری ئازادی”مان دەکرد. من لە ژمارەی یەک و دووی “گۆڤاری ئازادی“دا دوو نووسینم بڵاوکردەوە. یەکێکیان بە ناونیشانی “سەرخان و سەرخانی وەھمی” بوو، کە ڕەخنە بوو لەو دیدە مارکسییە میکانیکییەی کە پێی وایە ھەموو ژێرخانێک سەرخانێکی تایبەت بە خۆی دروست دەکات. لە باتی ئەو دیدە من بەرگریم لەوە دەکرد کە ھەندێک ژێرخانی کۆمەڵایەتی ھەن، ناتوانن سەرخانی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، بۆ نموونە ئەو ژێرخانە ئابوورییانەی لە کۆمەڵگاکانی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەن توانای دروستکردنی سەرخانێکی سەربەخۆیان نییە کە بتوانێت لەناو واقیعی مێژوویی ئەو کۆمەڵگایانەدا چالاکانە کار بکات. لە باتی ئەمە، سەرخانی تر، لە فۆرمی گواستنەوە و پەلکێشکردنی دەزگا و ڕێکخراو و جۆری پەیوەندیی تایبەت و ئایدۆلۆژیای خواستراودا، لە کۆمەڵگا خۆراواییەکانەوە دەھێنێت. واتە ئەوەی ڕوو ئەدات بەرھەمھێنانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی بۆ سەرخانێکی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵکوو گواستنەوە و ھێنانی “سەرخان”ە لە خۆراواوە، سەرخانێک دەربڕی پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگاکانی خۆراوا و بوونی مێژوویی تایبەتی ئەوانن. نووسینی دووھەمیشیان باسێکی درێژە لەسەر کاریگەریی “سیستمی عیرفانی” بە درێژایی چەندان سەدە لەسەر ڕۆشنبیریی ئێمە و کێشەکانی ئەم کاریگەرییە لەسەر ئەو ڕۆشنبیرییە. ئەم نووسنیە لەژێر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی تێزە سەرەکییەکانی فەیلەسوفی مەغریبی ‘محەمەد عابد جابری‘دا بوو، کە بە درێژایی ھەشتاکان ئەستێرەی ژمارە یەکی ناو ڕۆشنبیریی عەرەبی بوو. ھەر لە ژمارە یەکی “گۆڤاری ئازادی”دا بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤمان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا، ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبم ئەوە یەکەمجار بوو ئەو بەیاننامەیە بە زمانی کوردی ببینرێت.
بەڵام من لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٢دا کوردستانم بەجێ ھێشت و چووم بۆ ئەوروپا. لەو ڕۆژگارەدا و لە ئەوروپا کاک ئاراس فەتاح و کاک ھەڵکەوت عەبدوڵا و کۆمەڵێک نووسەری تر، گۆڤارێکی فیکرییان دەردەکرد بە ناوی “یەکگرتن”. من ھەندێک نووسینم لەو گۆڤارەدا بڵاو کردەوە. وابزانم یەکێکیان ڕانانێکی درێژ بوو بۆ کتێبی “دیسپلین و سزا”ی میشێل فوکۆ. دوو ساڵێک دواتر ‘بەختیار عەلی’ش کوردستانی بەجێ ھێشت و ھات بۆ ئەڵمانیا، ئیتر بیرۆکەی ئەوەمان لا دروست بوو گۆڤارێکی تازە لە ئەوروپا دەربکەین و لە کوردستانیش بڵاوی بکەینەوە. دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەی گۆڤاری یەکگرتنیان دەردەکرد، بڕیارماندا ھەم گۆڤاری ئازادی و ھەم گۆڤاری یەکگرتن ھەڵبوەشێنینەوە و لە شوێنی ئەواندا “گۆڤاری ڕەھەند” دەربکەین. بەم جۆرە گۆڤاری ڕەھەند لەدایک بوو. وەک وتم خەونی ئێمە لە “ڕەھەند”دا گەورەتر بوو لە دەرکردنی گۆڤارێک بە تەنھا، ئێمە دەمانویست ناوەندێکی ڕۆشنبیری دابمەزرێنین کە بتوانێت کاری زیاتر و زۆرتر و دەزگایی بکات. خودی گۆڤاری ڕەھەندیشمان وەک بەشێک لە پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری دەبینی کە توانای کۆکردنەوەی دەنگە ڕۆشنبیرییەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستانی ھەبێت، بشتوانێت ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ ڕوانین بەسەر سێ شتدا:
یەکەم: خوێندنەوە و ڕاڤەکردن و نرخاندنی مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی و ھەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی گرفتە بونیادییە گەورەکانی، شتێک دەچووە بواری شیکردنەوەی ئەپیستمۆلۆژی و سۆسیۆلۆجیای مەعریفەوە.
دووھەم: خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیی دوای ڕاپەڕین کە ھەر زوو ھەمووانی فڕێدایە ناو جەنگ و کارەساتی گەورەوە. ئەم دۆخە وای کرد یەکێک لە تێما ھەرە سەرەکی و گرنگەکانی گۆڤاری ڕەھەند قسەکردن بێت لەسەر چەمکی دەسەڵات و شێوازی ئامادەگی و ئیشکردنی لە دونیای ئێمەدا. بۆ ئێمە ئاشکرابوو کە دونیایەکی تەواو مەترسیدار بەڕێوەیە و لە دروستبوونێکی ڕۆژانە و بەردەوامیشدایە. لەم ئاستەشدا شتێک لە فەلسەفەی سیاسی و بڕێکی زۆر لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی و سۆسیۆلۆژیای دینی و سۆسیۆلۆژیای دەسەڵات لە گۆڤاری ڕەھەنددا، ئامادەبوو.
سێھەم: ناساندن و خوێندنەوە و گەر کراش وەرگێڕانی ئەو بەشانە لە فیکری خۆراوا کە پێمان وابوو دەتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ ناسینێکی باشتر و زانستیانەتری دونیای خۆمان.
ئێمە سەرجەمی ئەو کارانەمان لەسەر حیسابی خۆمان دەکرد، زۆربەشمان قوتابی بووین و دەمانخوێند، یان کارێکمان دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێوی بۆ خۆمان و بۆ ھاریکاریکردنی کەسوکار و ناسراوەکانمان لەناو دۆخە ئابوورییە پڕوکێنەرەکەی ساڵانی نەوەدی سەردەمی گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق. چەند جارێکی زۆر کەم لە ڕێگای پەیوەندیی شەخسییەوە ھاریکاریی سادەمان لەم یان لەو نووسەری ئەوروپی بۆ گۆڤارەکە وەردەگرت، یاخود کاتێک من لە ھۆڵەندا نزیکەی ٣٠ ھەزار دۆلارم لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ھۆڵەندا بۆ ڕۆژنامەی ھاوڵاتی پەیدا کرد تا چاپخانەیەکی پێ بکڕن، ڕێژەی ١٠ لەسەدی ئەو پارەیەمان بۆ گۆڤاری ڕەھەند وەرگرت. دۆخی ژیانی زۆرینەشمان وەک پەناھەندە و خوێندکار لە ئەوروپادا ھێجگار سەخت و پڕ گرفت بوو، بۆیە دواجار نەمانتوانی ئەوەی بە تەمای بووین و خەونمان پێوە دەبینی، ھەمووی وەدی بھێنین. بەڵام لەوەدا سەرکەوتین لە ساڵی ١٩٩٨دا، واتە دە ساڵ دوای کارەساتی ئەنفال، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی گەورە لە زانکۆی ئەمستردام بۆ یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال ڕێک بخەین. ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بوو لەسەر ئەنفال لە جیھاندا، لە سەردەمێکیشدا بوو بەعس نەک ھێشتا مابوو، بەڵکوو بەرەو ئەوە دەڕۆیشت بگەڕێتەوە بۆ ناو ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان. کۆنفرانسەکە دەنگدانەوەیەکی ھێجگار باشی ھەبوو، نوێنەری چەندان سەفارەتی وڵاتانی تێدابوو، ژمارەیەکی گەورەش لە کوردناسان و ئەکادیمییە ئەوروپییەکانی شارەزای کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیش بەشدار بوون، کۆنفرانسەکە بە ھەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بوو. دواتر ئێمە ھەندێک لەو نووسینانەی بە زمانی ئینگلیزی و ھۆڵەندی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرابوون، بۆ کوردی وەرگێڕا و لە ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەھەنددا بڵاومان کردەوە.
دواخاڵ بمەوێت شتێکی کورتی لەسەر بڵێم، ئەوەیە ڕەھەند ھەر لە سەرەتاوە کەوتە بەر ھەڕەشەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و بەگژاچوونەوە و شکاندن و ناوزڕاندنی نووسەرەکانی. کار بەوە گەیشت ھەندێک نووسەری کوردستانی ئێرانیشیان کڕی و ئەوانیش قسەیان بە گۆڤارەکە و نووسەرەکانی دەگوت. لەمەدا ڕۆڵی ‘مەلا بەختیار‘ لە ڕۆڵی ھەموو کەسێکی تر خراپتر بوو. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشت کاک ڕێبین ھەردی و من ناچار بووین یەکی کتێبێکی قەبەی چەند سەد لاپەڕەیی لەسەر تۆمەت و کارە خراپەکانی “مەلا بەختیار” بنووسین. لە ڕاستیدا ڕەھەند ھەر لە سەرەتاوە ھەردوو ئەو ڕۆڵەی پێ بەخشرا کە لە مێژووی فیکری مۆدێرندا لە سەدەی نۆزدەھەمەوە، بە ڕۆڵی ڕۆشنبیر و بیرکەرەوە دەبەخشرێت. یەکەمیان ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤەیە کە دەسەڵاتدارانی وەک ‘ناپلیۆن’ بە ڕۆشنبیری ئەبەخشن، ڕۆشنبیر وەک کەسێکی تێکدەر و گێرەشێوێن. دووھەمیان ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤە کە لەگەڵ ‘مارکس’دا دێتە کایەوە، ڕۆشنبیر وەک کەسێک کە ھەم تەفسیری دونیا دەکات و ھەم بەشداریشە لە گۆڕانیدا. ڕەھەند ھەم دوژمنی ناپۆلیۆنانە و ھەم دۆستی مارکسییانەی زۆری دروست کرد.
ڕەھەند لە باتی گوتاری ھاوبەش، ھەڵوێست و ڕۆحیەتێکی ڕەخنەگرانەی ھاوبەشی ھەبوو.
ژنەفتن: ئایا ڕەهەند لە دەستپیکدا گوتارێکی سەرەکی و کۆنکریتی هەبوو؟ یان بەرەبەرە گوتارەکەی یان گوتارەکانی فۆرمیان گرت؟
مەریوان وریا: ڕەھەند نە لە سەرەتادا و نە لە کۆتاییشدا یەک گوتاری سەرەکی یان ناسەرەکی نەبووە. ڕەھەند پرۆژەیەکی فیکری پلوارل بوو کۆمەڵێک نووسەری جیاواز، بە شێوازی جیاواز و لە دیدگای جیاوازەوە لەسەر بابەتی جیاواز تیایدا دەیاننووسی. پێم وابێت ڕەھەند لە باتی گوتاری ھاوبەش، ھەڵوێست و ڕۆحیەتێکی ڕەخنەگرانەی ھاوبەشی ھەبوو. ڕەخنەی ئەو جیھانەی دروست کرابوو، ئەو ژینگەیەی کۆمەڵگاکەی تێخرابوو، ئەو گوتارە باڵادەستانەی لە ناویدا دروست کرابوو، ئەو کێشە بونیادییانەی لەناویدا بەرھەم ھاتبوو، ئەو مێژووە ڕۆشنبیری و سیاسییەی کە ھەیبوو، بە تایبەتیتریش ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە لە دونیای دوای ڕاپەڕایندا تیادا دروست کرابوو. ھەر نووسەرێک لە نووسەرە سەرەکییەکانی گۆڤارەکە ھێڵی تایبەتی بیرکردنەوە و میتۆد و “بێمیتۆدی”ی تایبەتی خۆی ھەبوو، ھەریەکێکیشیان بابەت و زمان و ئوسلوبی نووسینی تایبەتی خۆی ھەبوو. ئەوەی نووسینەکانی کۆ دەکردەوە ڕۆحیەتە تیۆری و ڕەخنەییەکەی نووسینەکان بوو، شێوازێکی تایبەت لە جدییەت بوو لە نووسیندا، سوودوەرگرتن بوو لە فیکر و میتۆدە زانستییە ھاوچەرخەکان، دروستکردن و بەکاربردنی زمانێکی تەواو تازە بوو، نەک بوونی دیدێکی ئایدیۆلۆژی یان فیکریی ھاوبەش، یان گوتارێک ھەموومان لە ناویدا کۆبووبینەوە، یان تێزێک ھەموومان لەسەری کۆک بین و بەرگری لێ بکەین. بۆ کەسێک خەریکی لێکۆڵینەوە لە ژمارەکانی ئەو گۆڤارە بێت بە ئاسانی جیاوازی گەورەی نێوان نووسەرانی گۆڤارەکە، دەبینێت. ڕەنگە خاڵێکی تر کە نووسەرەکانی ڕەھەند لەسەری کۆک بووبن ئەوەیە کە ئێمە باوەڕمان وابوو فیکر دەتوانێت شتێک لە واقیعدا بگۆڕێت، بە تایبەتی فیکرێکی ڕەخنەیی کە کێشە سەرەکی و گرفتە بونیادییەکان دەستنیشان بکات و لە پەیوەندییەکی پتەودا بێت بەو واقیعە مێژووییەوە کە لەئارادایە.
ژنەفتن: بۆ لەو چرکەساتە مێژووییەدا ڕەهەندییەت بەو فۆرمەوە لەناو ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریی کوردیدا سەر هەڵدەدات؟ چ پێوەندییەکەی بە نەتەوەی کوردەوە هەبووە (لەو مێژووەدا)؟ کەسە بنەڕەتییەکان و دەستپێشخەرەکان ڕەهەند کێ بوون؟
مەریوان وریا: سەرەتا نازانم مەبەستتان لە “ڕەھەندیەت” چییە. ئەو دەستەواژەی ئێوە لێرەدا بە کاری دەھێنن سەر بەو خێزانە چەمکییە کە لە زمانی عەرەبیدا وەک “شیوعیەت”، “قەومیەت”، “فاشیەت”، “لیبرالیەت” و “عونسوریەت” ھتد… دەناسرێت. بە بۆچوونی من شتێک بە ناوی “ڕەھەندیەت”ەوە بوونی نەبووە و بوونی نییە. وەک پێشتر وتم ڕەھەند پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی نەبوو، ھیچ یەکێک لە نووسەرە سەرەکییەکانی ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یان بەرگریکەر لە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبوو. خۆشی بەرھەمھێنەر و دروستکەری ئایدیۆلۆژیایەک نەبوو.
سەرھەڵدانی ڕەھەند لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا پابەستی دوو جۆر گۆڕانکاریی گەورەیە لە دونیای ئێمەدا. یەکەمیان لەدایکبوونی ھەلومەرج و دۆخێکی مێژوویی تەواو تازەیە کە ھەم ھەندێک ئەگەری گۆڕانی پۆزەتیڤ و ھەندێک ئەگەری کەم بۆ ئومێد و ھەندێک چاوەڕوانیی ئینسانییانەی تێدابوو، ھەم پڕیش بوو لە مەترسی و ھەڕەشە و ترسی گەورە و ھەمەلایەن. لە پێش ھەمووشیانەوە بوونی دوو ترسی سەرەکی؛ یەکەمیان ترسی مانەوەی بەعسی دوای پەلامارەکانی ئەنفال و بەعسی دوای ئەو ھەموو جەنگ و کوشتارە گەورانە و نزیکی لە ھەمووانەوە. بەعس کە دەستێکی وێرانکەری بەناو ژیانی تاکەکەسی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگای ئێمەدا ھێنابوو. دووھەمیان ترس لەو دەسەڵاتە کوردییە تازەیەی ڕۆژانە بە بەر چاومانە تا دەھات زیاتر و زیاتر لە بەعس دەچوو. دەسەڵاتێک پڕ لە ئامادەگیی گەورە بۆ جەنگ و وێرانکردن و بۆ فرۆشتنی ھەموو شتێکیش، لە نیشتمان و نەوت و کارخانەکانی وڵاتەکەوە بۆ فرۆشتنی سەرجەمی پرەنسیپە ئینسانییەکان، لە پێناوی پاراستنی مەسڵەحەت و قازانج و بەھێزکردنی پێگەی بکەرە سەرەکییەکانی. دەڵێم دەسەڵاتێک ئامادە بوو ھەم میلەتەکە و ھەم وڵاتەکە و ھەم سەرجەمی خێروبێری ژێرزەوی و سەرزەوی و ھەم ئێستا و ئایندەی ئەو دەڤەرە بفرۆشێت. شەڕی ناوخۆ ئەو ڕووداوە بوو کە ھەموومانی تەواو ترسان و ڕووە تاریکەکانی ئەو حوکمڕانییەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ نیشانداین. لەناو ئەو دۆخە تازەیەدا بە لامانەوە گرنگ بوو مینبەرێک ھەبێت بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ھەموو مەترسی و ئەگەرە وێرانکەرە ناوەکییانەی کۆمەڵگای کوردی بەرەو ڕوویان دەچوو. لە خۆڕا نەبوو ژمارە یەکی “گۆڤاری ڕەھەند” تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر شەڕی ناوخۆ، دروستبوون و دەرکەوتنی ڕەھەند بە قسەکردن لەسەر ئەم دۆخە وێرانکەرەی ناو مێژووی ئێمە، دەستی پێ کرد.
ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایان کرد لەگەڵ ‘ڕەھەند’دا تایپ و مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆشنبیر لەدایک ببێت کە بڕ و ڕادەی سەربەخۆبوونی گەورە و ھەمەلایەن بێت. بێترس بنووسێت و نەچێتە ناو گەمەی پارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە. ھەمووشیان لەناو ئەو ھاوکێشە سۆسیۆلۆژییەدا نیشتەجێ بن کە دەکرێت لەناو چەمکی “ڕۆشنبیری دیاسپۆریی”دا کۆی بکەینەوە.
گۆڕانکاری دووھەم ئەو گۆڕانانە بوو کە لە ژیانی ھەریەکێک لە نووسەرەکانیدا ڕوویدابوو. بەشێکی زۆری نووسەرەکانی ڕەھەند کوردستانیان بەجێ ھێشتبوو و لە ئەوروپا دەژیان. بەشێکی زۆریان زمانی تازەی وڵاتە ئەوروپییەکان فێر بووبوون و دەیانتوانی لە نزیکەوە دەستیان بە سەرچاوە گەورەکانی فیکری ھاوچەرخ بگات و ژمارەیەکی بەرچاویشیان قوتابی بوون لە زانکۆکانی ئەوروپادا دەیانخوێند. ھاوکات ئەم نووسەرانە لەژێر دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا نەبوون و دوور بوون لە بەشێکی زۆری ئەو فشارانەوە کە ئەو ھێزانە دەیانتوانی بیخەنە سەر ھەرکەس و نووسەرێک خۆیان ھەڵیانبژاردایە. ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایان کرد لەگەڵ ‘ڕەھەند’دا تایپ و مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆشنبیر لەدایک ببێت کە بڕ و ڕادەی سەربەخۆبوونی گەورە و ھەمەلایەن بێت. بێترس بنووسێت و نەچێتە ناو گەمەی پارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە. ھەمووشیان لەناو ئەو ھاوکێشە سۆسیۆلۆژییەدا نیشتەجێ بن کە دەکرێت لەناو چەمکی “ڕۆشنبیری دیاسپۆریی”دا کۆی بکەینەوە. واتە ئەو تایپە لە ڕۆشنبیر کە ھەست دەکەن لە چەندان جیھانی تەواو ناکۆک و دژبەیەکدا دەژین و لە یەک کاتدا خەڵکی زیاد لە شوێن و کولتوور و زمان و کەلەپوورێکی فیکریین.
ژنەفتن: ئێوە وەک کەسی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕەهەند، ئێستا کە ئاوەڕ لەو مێژووە دەدەنەوە چۆن ناو لە ڕەهەند دەنێن؟ (واتە دەکرێ ناونیشانێک بۆ ڕەهەند دابنێن) بۆ نموونە دەکرێ ناوی بنێین پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری، یان بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری، یان ڕەوتێکی هزری… هتد؟
مەریوان وریا: ڕەھەند ساتێکی درەوشەداریی ناو مێژووی ھاوچەرخی ڕۆشنبیریی ئێمەیە. گۆڤارێکە پڕە لە تێزی فیکریی تازە، شتگەلێکی زۆر و گرنگی لەسەر دونیای ھاوچەرخی کۆمەڵگای کوردی گوتووە. دەستکارییەکی ڕادیکاڵی زمانی نووسین و بیرکردنەوەی لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا کرد. ڕەھەند ئەزموونێکە لە کاری ڕۆشنبیری و فیکریی پلورال، گەرچی کەم ژیا، بەڵام لە زیاد لە ئاستێکدا کاریگەریی گەورەی بەجێھێشت. ڕەھەند یەک ڕەوتی ھزری نەبوو، بەڵکو زیاد لە ڕەوتێک بوو، پێشم وایە دەکرێت وەک پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری ناوی ببەین، بە تایبەتی ئەگەر ڕۆشنگەری بە مانا کانتییەکەی بەکار ببەین، واتە ڕۆشنگەری وەک بوێری بەکارھێنانی عەقڵ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە ڕەحم و مەرحەمەتی ئەم یان ئەو چاوساغ و ئەم یان ئەو ڕێپیشاندەریی ھەمووشتزان، ببینین.
ژنەفتن: ئایا ڕەهەند کۆتایی هاتووە؟ یان بڵێین ئەم قۆناغە، قۆناغی دوایی ڕەهەندە؟ ئەگەر کۆتایی نەهاتووە، هێڵی درێژەپێدەری چۆن دیاری دەکەی؟
مەریوان وریا: ڕەھەند وەک گۆڤار لە مێژە کۆتایی ھاتووە، نووسەرەکانی لەیەک دابڕان و ھەریەکەشیان ئاراستەیەکی جیاوازی گرتەبەر. بەڵام پێم وایە شتێک لە ڕۆحیەتە ڕەخنەییەکەی ڕەھەند و لە ڕۆحیەتە ڕۆشنگەرەکەی تا ئەمڕۆش ماوە، چ لای ئەم یان ئەو نووسەری ناو ڕەھەند خۆی، چ لای ئەو نەوە گەنج و خوێندەوارەی لەپاڵ ڕەھەندا دروستبوو. لەو باوەڕەشدام ھەندێک لەو تێزانەشی لەناو ڕەھەندا بەرھەم ھاتوون تا ئەمڕۆش تێزی گرنگ و سەرەکین و ھاریکارییەکی باشی تێگەشتنی زیاترمان لە دونیای خۆمان، دەکات. من گەر باس لە ئەزموونی خۆم بکەم، دەکرێت بڵێم بڕێکی گرنگی ئەو تێمایانەی لە ڕەھەندا شوێنی نووسین و بیرکردنەوەی من بوون، لە قۆناغی دوای ڕەھەندیشدا ھەر ماون و قوڵاییەکی تازەیان وەرگرتووە. لەوانەش تێماکانی ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسی، عەلمانیەت، سۆسیۆلۆژیای دەسەڵات، مەسەلەی پلورالیزم، کێشەی مۆدێرنە، چەند ئاراستەیەکی ناو فیکری ئەوروپی ھاوچەرخ، کۆمەڵناسیی حیزب، ڕۆڵی ڕۆشنبیر، مەسەلەی ئەدەبیات. لە سەرێکی دیکەوە ڕەھەند وەک گروپ نەک کۆتایی پێھاتووە، بەڵکو زۆربەی ئەو نووسەرانەی لە ڕەھەندا دەیاننووسی و ھاوڕێ و دۆستی یەکتر بوون، ئێستا نە وەک گروپ و نە وەک ھاوڕێ و نە وەک دۆست نەماونەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتریشدا باش نییە.
ھەرچی پەیوەندیی بە “دوای ڕەھەند”ەوە ھەیە من خۆم پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی بەرچاو نابینم شتێکی ھاوبەشی لەگەڵ ڕەھەنددا ھەبێت، بێگومان گروپی ڕۆشنبیر و تاکەکەسی چالاک و جیاواز دەبینم، کەسانێک ھەن سەریان ناوە بە یەکەوە و پێکەوە کار دەکەن و دەنووسن و وەردەگێڕن، سایت و گۆڤار و دەزگای جیاوازیان ھەیە و ھەن. بەڵام ئەوەی من تێبینیم کردووە ئەوەیە زۆرینەی ئەوەی ھەیە و لە ئارادایە لە “پرۆژەی ئایدیۆلۆژی”یەوە نزیکە نەک “پرۆژەی ڕۆشنبیری”، پرۆژەی ئایدیۆلۆژی بە مانای کۆبوونەوە لە دەوری یەک جیھانبینی بە تەنھا و پرۆژەی ڕۆشنبیرییش بە مانای جێبوونەوەی زیاد لە جیھانبینییەک بەیەکەوە و لەپاڵ یەکدا. ئەوەی دەیبینم دروستبوونی گروپگەلێکە لە دەوری ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیا، یان لە دەوری ئەم یان ئەو قوتابخانەی فیکری کۆبوونەتەوە، ئیتر لە سەلەفیزمی دینییەوە بیگرە بۆ مارکسییە تازە خۆ بە ڕادیکاڵزانەکان. ھەست دەکەم ئەوەی لەم دۆخە تازەیەدا لەدەستدراوە ئەو پلورالیزمە میتۆدی و تیۆری و دونیابینییە کە لە ڕەھەنددا بوونی ھەبوو. لەمەش بترازێت چەندان نووسەر و ڕۆشنبیر و وەرگێڕ دروستبوون قسەگوتن بە ڕەھەند و پەلاماردانی نووسەرەکانییان بووە بە بەشێکی بەرچاو لە زمان و ڕیتۆریکی ڕۆژانەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. وەک وتم ڕەھەند ھەم دۆستی زۆر و ھەم دوژمنی زۆریشی دروست کرد.
ڕەھەند وەک گۆڤار لە مێژە کۆتایی ھاتووە، نووسەرەکانی لەیەک دابڕان و ھەریەکەشیان ئاراستەیەکی جیاوازی گرتەبەر.
ژنەفتن: کاریگەری و ئیمتیازە باڵاکانی ڕەهەند کامانەن؟ گوتاری ڕەهەند لە چ بوار و زەمینەیەکدا زۆرتر کاریگەری دانا؟ کەم نین ئەو دەنگ و خویندنەوانەی کە دروست بوونی ڕۆژنامەی ئەهلی و فراوان بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا دەگات بە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن بە بەرهەمی ڕەهەند دەزانن. ئێوە خۆتان چۆن لەم بەرهەمانە دەڕوانن؟
مەریوان وریا: پێم وایە ڕەھەند لە زیاد لە بوارێکدا، کەم تا زۆر، شتێک لە کاریگەری بەجێ ھێشتوە. لە بواری ڕۆشنبیریدا تایپێکی تازەی لە ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ڕەخنەیی دروست کرد و لەسەر کۆمەڵێک بابەت و کێشە وەستا کە پێشتر لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا یان ھیچی لەسەر نەگوترابوو، یاخود زۆر بە کەمی لە سەریان نووسرابوو. لەگەڵ ڕەھەندا شێوازێک لە مامەڵەکردنی فیکر لەدایک بوو کە ھەڵگری بڕێکی زۆر لە جدییەت و بڕێکی تایبەت لە میتۆدیبوون و بە تایبەتیش تیۆری بوو. ڕەھەند ھاوکات دەستکارییەکی بەرفراوان و ھەمەلایەنی زمانی نووسینی لە دونیای ئێمەدا کرد و چەندان چەمک و زاراوە و تێز و تیۆرەی نوێی ھێنایەکایەوە. ڕەھەند جۆرێکی نوێشی لە خوێنەر دروست کرد کە بەر لە ڕەھەند بوونیان نەبوو، یاخود زۆر کەم بوون، خوێنەری بواری کایە مەعریفییە جیاوازەکانی دەرەوەی ئەدەبیات، خوێنەرێک بە ئاسۆیەکی تایبەتی چاوەڕوانکردنەوە لە تێکست و لە نووسین. لە پاڵ ڕەھەندیشدا کۆمەڵێک نووسەر دروست بوون.
پێم وایە ئەو بۆچوونەی سەرەوە کە پێی وایە ڕەھەند ڕۆڵی لە دروستبوونی ڕۆژنامەگەریی ئەهلی و گەورەبوونی سنووری ناڕەزایەتی و دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھەبووە شتێکی زۆر لە ڕاستی تێدایە، بێگومان نەک بە مانای دروستکردن، بەڵکو بە مانای ھێنانەکایەی کۆمەڵێک تێزی فیکری و دۆخێکی ڕۆشنبیری و فەزایەکی ڕەمزی کە دروستبوونی ئەو شتانە لە ناویدا ئاسانتر و خێراتر بێت. وردتر بدوێم ڕەھەند ئەو شتەی دروست کرد کە فەیلەسوفانی بواری ئەخلاق ناوی “ژینگەی ئەخلاقی” لێ دەنێن، ئەمەش ئەو ژینگە تایبەتەیە کە کۆمەڵێک ئایدیا و بۆچوون و جۆرێکی تایبەت لە زمان و بەرخورد و ھەڵوێستی تێدابوو کە لەسەر ڕەفزکردنێکی تەواوی ئەو دونیا نالەبارەی لەئارادا بوو، دروست بووبوو. ڕەنگە کاریگەریی ڕەھەند لەسەر دروستبوونی ڕۆحیەتی بەرگریکردن و خولیای گوێڕایەڵ نەبوون و گرنگیی ڕەفزکردن لە ھەموو شتەکانی تر ئاشکراتر بێت. شتێک لە توڕەبوونی میتۆدی و مەعریفی و تیۆری لە ڕەھەنددا ھەبوو کە خوێنەر بە ئاسانی ھەستی پێ دەکرد و دەیناسییەوە، ئەگەر لە سەرجەمی نووسینەکانیش تێنەگەیشتایە ھێزی ڕەفزکردنەکەی دەناسییەوە. بە کورتی، سایکۆلۆژیای پشتی نووسینەکان، وەک خودی نووسینەکان، سایکۆلۆژیای رەفزکردنی ئەو دونیا ناقۆڵا و ترسناکە بوو کە دروست کراوە. پێم وایە ئەم سایکۆلۆژیا تایبەتە لە کۆتایی نەوەدەکاندا بووبوو بە بەشێکی سەرەکیی سایکۆلۆژیای ڕۆشنبیریی ئەو نەوانەی ڕەھەندیان دەخوێندەوە و بووبوو بە بەشێکی بنەڕەتیش لەو ژینگە ئەخلاقییە تازەیەی لەپاڵ گۆڤارەکەدا دروست بووبوو. لە پەیوەندیدا بە دروستبوون و پێشکەوتنی میدیای ئەھلی و سەربەخۆشەوە، نووسەرەکانی ڕەھەند بەشێک بوون لە پرۆسەی لەدایکبوون و گەورەبوون و بەھێزبوونی ئەو میدیایە. من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لەوە کرد چۆن لە ھۆڵەنداوە پارەی کڕینی چاپخانەیەکم بۆ ڕۆژنامەی ھاوڵاتی پەیداکرد، ھاوکات بەشداریش بووم لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا. ھاوکات زۆرێک لە نووسەرەکانی ڕەھەند بە نووسین و بەبێ بەرامبەر ساڵانێکی درێژ لەو ڕۆژنامە ئەھلییانەدا نووسیمان و لەو ڕێگایەوە قورساییەکی تایبەتمان بە ڕۆژنامەکان و گوتارە ڕەخنەییەکانی ناوی بەخشی. پێشم وایە ئەو کەلەپوورە تیۆری و فیکرییەی کە ڕەھەند و لە دوای ڕەھەندیشەوە ئەو دۆخی ناڕازیبوونە گشتییەی میدیای ئەھلی دروستی کرد، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان بینی لە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا. تا بە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەگات. بەڵام کە ئەمانە دەڵێم نامەوێت خوێنەر وا تێبگات ئێمە ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو شتانەمان دروست کردووە، بە پێچەوانەوە بەشداری ئێمە یەکێکە لە بەشدارییەکانی ناو دروستبوونی ئەو ڕۆحیەتی بەرگری و ڕەخەکردنەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروست بوو، بەڵام بەشدارییەکی گرنگ و خاوەن قورسایی بوو. ھاوکات بکەری جیاواز و دەستپێشخەری دیکە لە زیاد لە پێگە و ئاراستەیەکەوە بوونی ھەبوو. بە کورتییەکەی، کەسێک کەمەکێک ئینسافی ھەبێت و لە ویستی ئینکاریکردنەوە نەڕوانێت و نەنووسێت، دەتوانێت کاریگەرییە گرنگەکانی گۆڤاری ڕەھەند بەسەر ئەو ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتییەوە ببینێت. بەڵام دوای ھاتنی ئەمریکا و کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین و لەمانەش گرنگتر دوای ھاتنەکایەی ئابووریی نەوت لە خراپترین شێوەیدا و دوای گۆڕانی پارتە سیاسییە حوکمڕانەکان بۆ کۆمپانیای گەورە و دوای گۆڕانی خودی سیاسییەکان بۆ بازرگانیی گەورەی نەوتفرۆشی، کاریگەرییەکانی فیکر لەسەر واقیعی ئێمە کەم بووەوە و بە شێوەیەکی ترسناک، لاواز بوو، پارە بووە ھێزی ژمارە یەک و کۆتا ژمارەی ناو ئەو واقیعە.
ژنەفتن: بێگومان لەبەر ئەوەی ئێوە خۆتان فیگەری بنەڕەتیی ڕەهەند بوون، حەتمەن بە وردی دەزانن هەر لە سەرەتاوە تا بەرە بەرە لیکترازانی کەسە سەرەکییەکان، کاریگەری کامە فەیلەسووف و بیرمەند و هێڵی ئایدیۆلۆژی و تیۆر زاڵ بووە. دەکرێ بە سەرە قەڵەمیش بێت لێرە ئاماژەیان پێ بدەن.
مەریوان وریا: وەک پێشتریش وتم نووسەرەکانی ڕەھەند کۆمەڵێک نووسەر و کەسایەتی جیاواز بوون، ھەر یەکێکیان خولیایەکی تایبەتی نووسین و شێوازێکی تایبەتی بیرکردنەوە و پاشخانێکی مەعریفی و میتۆدی جیاوازی، ھەبوو. ڕەنگە یەکێک لەو ھەڵانەی ئێمە لە ڕەھەنددا کردمان ئەوە بێت کە فیکر و بیر و بۆچوونی یەکتریمان موناقەشە نەکرد، نەچووینە دیالۆگ و ڕەخنەکردنی یەکترەوە. ئەوەش لەبەر ئەوە بوو ھێرش لەسەر ڕەھەند و ھەوڵدان بۆ شکاندن و بێنرخکردنی نووسەرەکانی لە دەرەوەدا زۆر بەھێز بوو. ھەم گۆڤارەکە و ھەم نووسەرەکانی شوێنی ھێرشی بەردەوامی میدیای حیزبی و نووسەری ڕاسپێردراو بوون. دەنا ئێمە ھەم جیاوازییەکانمان بۆ بڕێک لە خوێنەران و ھەم بۆ خۆشمان ئاشکرا بوو.
یەکێک لەو ھەڵانەی ئێمە لە ڕەھەنددا کردمان ئەوە بێت کە فیکر و بیر و بۆچوونی یەکتریمان موناقەشە نەکرد، نەچووینە دیالۆگ و ڕەخنەکردنی یەکترەوە.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم یان ئەو نووسەر و فەیلەسوف لەسەر سەرجەمی گۆڤارەکە، ڕاستت بوێت، ناتوانم ناوی کەسێک، نووسەر یان فەیلەسوفێک ببەم کە کاریگەری بەسەر سەرجەمی نووسەرانی گۆڤارەکەوە ھەبوو بێت. بۆ نموونە کاک ‘فاروق ڕەفیق’ خەریکی فەلسەفە بوو، بە تایبەتی فەلسەفەی یۆنانی کۆن، کاک ‘ئاراس فەتاح’ لە بواری سۆسیۆلۆژیا و تیۆرەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا کاری دەکرد، ‘بەختیار عەلی’ کەسێک بوو بێ میتۆدێکی دیاریکراو دەینووسی. منیش لەو ڕۆژگارەدا لەژێر کاریگەری کۆمەڵێک نووسەردا بووم، لە ناویاندا، بۆ نموونە، فوکۆ و گرامشی و بۆردیۆ، ئینجا دوو پرۆفیسۆری زانکۆی ئەمستردام کە ھەردووکیان لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیای دیندا کاریان دەکرد و دوو ناوی گرنگی ئەو بوارەن لە ئاستی جیھاندا: ‘گێرد باومان’ و ‘پیتەر ڤان دێر ڤێر’. لە ژمارە یەکی گۆڤاری ڕەھەنددا من نووسینێکی ڕیپۆرتاژی کورتم ھەیە لەسەر سیمینارێک لەسەر میشێل فوکۆ لە زانکۆی نامیخێن لە ھۆڵەندا، لە ڕیپۆرتاژەکەدا باس لە بوونی سێ فوکۆ دەکەم: فوکۆی قۆناغی ئارکیۆلۆژیا و قۆناغی جینالۆجیا و قۆناغی ئەتیک یان ئەخلاق. ئەوەی لەو دابەشکارییەدا پێی لەسەر دادەگرم ئەوەیە کە فوکۆی قۆناغی یەکەم و دووھەم زۆر زیاتر بە کەڵکی ئێمە دێت، تا فوکۆی قۆناغی ئەخلاق. ئەم تێگەیشتنە بۆ فوکۆ ماوەیەکی درێژ لای من مایەوە. تەنھا دوای نووسینی ئەو کتێبەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەسە فوکۆم نووسی بە ناوی “ئەخلاق و بەرگریی” گۆڕانکاریی بەسەر دیدی مندا ھات. ڕەنگە چەمکی “کایە” لای ‘بۆردیۆ’ یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانە بێت کە زۆرێک لە نووسەرەکانی گۆڤاری ڕەھەند بەکاریان ھێنابێت و لە ڕێگای ئەوانیشە پەڕیبێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی. لای بۆردیۆ ھەموو کایەیەک لۆژیکێکی تایبەتی ئیشکردنی خۆی ھەیە، جیایە لە لۆژیکی ناو کایەکانی تر، ھەروەھا ھەر کایەیەک بکەری تایبەت بە خۆی ھەیە، فۆرمی تایبەتی ململانێی ھەیە، پێگەی جیاوازی دەسەڵاتی تێدایە. بەڵام من ئەم چەمکەی بۆردیۆم بەکار ھێنا بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی بەعس لە عێراقدا و بەو ئەنجامە گەیشتم ئەوەی لە عێراقدا وەک بەشێک لە دروستبوونی دەسەڵاتێکی جینۆسایدی تۆتالیتاری دروست دەبێت، بریتییە لە تێکشکانی لۆژیکی ناوەکیی کایەکان و سەپاندنی لۆژیکێکی دەرەکی بەسەریاندا، کە لۆژیکی بە بەعسیکردنی کایەکە و بە موتڵەقکردنی دەسەڵاتی سەدام حوسەین و نوخبە بەعسییەکەی دەوروبەریەتی. پێم وابێت ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەزموونی زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە تا ئەمڕۆکەش ڕاست بێت. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ڕەھەنددا باڵادەست بوو ناوێک یان ئاراستەیەکی فیکری، میتۆدێک یان ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت نەبوو، ئەوەی باڵادەست بوو ئەو ڕۆحیەتی ڕەفزکردنەی “ئێستا”یە بوو کە لە ناوەوە لۆژیکی زۆرێک لە نووسینەکانی ئاراستە دەکرد. گرێدانی نووسین بوو بە بەرپرسیارەتەوە، بە ڕێزگرتن لە بیرکردنەوە و ھەوڵدان بۆ تازەکردنەوەیەکی بەردەوامی ئەو دەزگا چەمکیی و تیۆرییانەی بە ھۆیانەوە بیرمان دەکردەوە. دژ بەو مۆنۆپۆڵکردنەی قسەکردن و مۆنۆپۆڵکردنەی ھەقیقەت بووین کە بەشێک بوو لە مێژووی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ناوچەکە و کۆمەڵگای ئێمە، ئەو مۆنۆپۆلکردنەی جۆرێک لە ئیتاعەت و گوێڕایەڵی و سەرلەقاندنی بەسەر ھەوادارانی ئەو ئایدیۆلۆژیانەدا دەسەپاند. ڕەفزی ئەم دۆخە، ڕەفزی ئەوەی بەو جۆرە حوکم بکرێن و بەو جۆرە بکرێین بە تاکەکەس و بەو جۆرە ناچار بە قسەکردن بین، ئەو ھاوبەشەیە کە ڕەھەند دروستی دەکات و بە خوێنەرەکانیشی دەبەخشێت.
گۆڤارەکە و نووسەرەکانی لە چەندان لاوە پەلامار دەدران، ئەوەشی دەگوترا تۆمەت داتاشین و شکاندنی کارەکتەری نووسەرەکان و بێنرخکردنی کارەکانی گۆڤارەکە بوو، تۆمەتی بە خائین و دز و بە موخابەراتکردنی ئەم یان ئەو وڵات، لە تۆمەتە فرە بڵاوەکان بوو
ژنەفتن: لەگەڵ ئەوەی کە لە پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەتان پێداوە و تا ڕادەیەک ڕوونتان کردووەتەوە، بەڵام  یەکێ لەو ڕەخنانەی کە لە سەرەتاکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت رووبەڕووتان کراوەتەوە ئەوە بووە کە ئێوە (واتە هاوڕێیانی ڕەهەند) ڕەخنەتان قبووڵ نەکردووە و هەمیشە ڕووبەڕووی ڕەخنەکان وەستاونەتەوە، هەندێ جاریش وشەی زۆر توند و زبرتان بەرانبەریان بە کار هێناوە، بە جۆرێک ئێوەش لەو قۆناغەدا بەشدار بوون لەو مۆنۆپۆلەی لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەتان پێداوە. ئێوە لە ئێستادا چۆن وەڵامی ئەو ڕەخنەیە دەدەنەوە؟
مەریوان وریا: زۆربەی نووسینەکانی ناو “ڕەھەند” و گوتارەکانی ناوی بە دەگمەن نەبێت بە شێوەیەکی بابەتییانە نەخوێندراونەتەوە و ڕەخنە نەکراون، تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم تەنانەت تێزێک لە تێزەکانی ناو گۆڤارەکە بە ھێمنی موناقەشە نەکراوە، کەسێک نەھاتووە بڵێت بەکارھێنانی ئەم یان چەمکی فیکری لەم یان لەو وتارەدا ھەڵە یان ناڕاست یان کەموکوڕی تێدایە. کەسێکم نەدیوە بڵێت من ئەم بەش یان ئەو بەشی ئەم تێز یان ئەو تێزم قبووڵە یان قبووڵ نییە، یان بڵێت بەکارھێنانی میتۆدییانەی ئەم چەمک یان ئەو چەمک، ناڕاست یان نوقسانە، یان لەم یان لەو دۆخدا کورت دەھێنێت. بە کورتییەکەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بابەتی و مەعریفی بۆ نووسینەکانی ناو گۆڤارەکە بوونی نەبووە و ئەمڕۆش بوونی نییە، بە درێژایی ساڵانی تەمەنی ئەو گۆڤارە تا بەمڕۆش دەگات، شتێکی لەم بابەتەمان نەبینی. کەچی گۆڤارەکە و نووسەرەکانی لە چەندان لاوە پەلامار دەدران، ئەوەشی دەگوترا تۆمەت داتاشین و شکاندنی کارەکتەری نووسەرەکان و بێنرخکردنی کارەکانی گۆڤارەکە بوو، تۆمەتی بە خائین و دز و بە موخابەراتکردنی ئەم یان ئەو وڵات، لە تۆمەتە فرە بڵاوەکان بوو. زۆرانێکیش ھەبوون بە بەردەوامی دەیانگوت کوردی نازانن و درێژدادڕن و ئەوەی دەینووسن گواستنەوەی نووسینی ئەم یان ئەو نووسەری عەرەب و فارسە. ھەندێکجار دەیانگوت نووسینەکانیان تەرجەمەی نووسینی کەسانی ترە لە زمانە بێگانەکانەوە بۆ کوردی، بەڵام نووسەرەکانی ڕەھەند بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە. ھەم میدیای پارتی و ھەم میدیای یەکێتی لەم پەلاماردانە بەردەوامانەدا بەشدار بوون. ئەو بەشەش کە خۆیان بە چەپ دەزانن بە ناوی فیکری بۆرژوازی و خزمەتکردنی سەرمایەدارییەوە زەربێکی تەواویان بەسەر گۆڤارەکە و نووسەرەکاندا دەھێنا. بڕێک لە ئیسلامییەکانیش بە ناوی عەلمانیبوون و نۆکەریکردن بۆ خۆراواوە لەم ھێرشەدا بەشدار بوون. وەک پێشتریش پێمگوتیت ئاستی ھەوڵدان بۆ شکاندنی گۆڤارەکە و نووسەرەکانی گەیشتە ئەو ڕادەیەی تەنانەت ھەندێک نووسەری کوردیی خۆرھەڵاتیان ڕاسپاردبوو قسە بە ڕەھەند بڵێن و نووسەرەکانی بکەن بە دز. من خۆم نووسەری خۆرھەڵاتم بینیوە و بۆی گێڕاومەتەوە کە یەکێک لە پرۆفیسۆرە ناسراوەکانی لای خۆمان کە بەشداری فێستیڤاڵێک بووە لەودیو، لە کاتی گفتوگۆکردنی تایبەتەدا لەگەڵ ئەو نووسەرە گوتوویەتی نووسەرەکانی گۆڤاری ڕەھەند جاسوسی حەوت دەوڵەتن. کتێبەکەی مەلا بەختیار کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەسەر گۆڤاری ڕەھەند نووسی و بە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا بڵاوی کردەوە، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم تەرزە ڕەخنەیە بوو، ڕەخنەیەک ھەرچییەکی تێدا بووبێت بەرخوردیی فیکری و ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆی مەنھەجی تێدا نەبووە، بەڵام لێوانلێو بوو لە تۆمەتی ترسناک. خوێنەر بۆ ئاشنابوون بە جۆری تۆمەتەکان دەتوانێت بۆ ئەو کتێبەی من بگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە ناونیشانی “دەربارەی ئیسلام و فەلسەفە و ڕۆشنگەریی” بڵاوم کردەوە. لەناو ئەم ژینگە پڕ تۆمەت و پڕ بریندارکردن و شکاندنەدا نەدەکرا ئێمە بە ھێمنی وەڵام بدەینەوە. ھەندێک لە نووسەرەکانی ڕەھەند بە توندی وەڵامی ئەو جۆرە قسە و ھێرشانەیان دایەوە. کەسێک ئەو کتێبەی من لەسەر تۆمەتەکانی مەلا بەختیار بخوێنێتەوە، لەوە تێدەگات کە زمانی وەڵامدانەوەکانی ئێمە، لانیکەم زمانی ئەو کتێبەی من، زمانێکی ھێمنە و نەچۆتە ناو ئەو ڕووبەری تۆمەت و تۆمەتکارییەی لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو.
کێشە لەوەدایە لە ئێستاشدا ئەو فۆرمە لە “ڕەخنە!!!”کردنی تۆمەتتاشی درێژەی ھەیە، بەڵام ئەمجارەیان زیاتر لە ناو سۆشیال میدیادا. با من لێرەدا نموونەیەکتان بۆ بھێنمەوە کە ئاستی ئەم جۆرە ڕەخنە و ئەو ئەخلاقیاتەی لەپشتیەوەیە، نیشان ئەدات. دواھەمین کتێبی من کە ئەم ساڵ، ساڵی ٢٠٢١، بە ناوی “فیکری ڕادیکاڵ: دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبرالیزم”ە، ھێشتا تەنھا بەرگەکەی لەسەر فەیسبوک بڵاو کرابووەوە و جگە لەو کەسەی کە ھەڵەچنی بۆ کردبوو، ھیچ کەسێکی تر نەیدیبوو، کتێبەکە ھێشتا چاپ نەکرابوو، کەچی ھەندێک نووسەری “چەپ”ی “ڕادیکاڵ” و “ئیسلامیی خوێندەوار” لە سۆشیال میدیا، لەگەڵ بینینی بەرگی کتێبەکەدا، کەوتنە ڕەخنەکردنی کتێبەکە. چەپگەرێکی دژەکاپیتالیزم لە ڕێگای بینینی بەرگەکەوە باسی لە “دەرکەوتە بەرایی و جەوهەرییەکانى” کتێبەکە دەکرد، ئەو تەنھا باس لە بەرگی کتێبەکە ناکات بەڵکو باس لە “جەوھەری” کتێبێک دەکات نەیبینیوە و نەیخوێندۆتەوە.. ئەوانەی کۆمێنتیان بۆ پۆستی نووسەرە چەپەکە لەسەر فەیسبوک دەنووسی بە منیان دەگوت “ڕاسیست”ە، ئیشی من وەک نووسەرێکی “نیولیبراڵ” بریتییە لە بڵاوکردنەوەی “دوودڵی و بێمتمانەبوون”ە لای خوێنەران. یەکێکی تر نووسی بووی “خوێندنەوەی بەرگەکەی بەسە بۆ تێگەیشتنی ناوەڕۆکەکەی.” و یەکێکی تر، کە دیارە ئیسلامییە و ئەویش ھەر تەنھا لە ڕێگای بەرگەکەیەوە نووسی بووی “لەناو کورددا زۆرینەی ئەو نووسەرانەی کە عەلمانین و لەسەر فیکری سەید قوتب نووسیویانە، یەک کتێبی سەید قوتبیان نەخوێندووەتەوە و تەنیا مەقالەی نووسەرەعەلمانییەکانی عەرەبیان لەسەر فیکری خوێندووتەوە کە ئەوەیش گەورەترین گرفتی ئەو شێوازە نووسینەیە”. ئەمە لە کاتێکدا کتێبەکەی من سەدان ئیقتیباسی لە کتێبی سەید قوتبەوە تێدایە و خۆشم یەکێک لەو وانانەی لە زانکۆی ئەمستردام دەیڵێمەوە لەسەر ئیسلامی سیاسییە بە گشتیی و فیکری سەید قوتبە بە تایبەتی. یەکێکی تر نووسی بووی “مەریوان لاکان ناناسێت” و بووە “بە مەلا”، بەبێ ئەوەی من وشەیەکم لەسەر لاکان نووسی بێت بۆ ئەوەی ئەو “لاکان ناسە” بزانێت من لاکان دەناسم یان نایناسم. یەکێکی تر نووسی بووی “قانع زیندوو بێتەوە ئەڵێ وەجاخم کوێرە”. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئەم شێوازە لە قسەکردن لەسەر فیکر لە دونیای ئێمەدا شێوازی باڵادەستە، لە ڕاستیدا شتێک بە ناوی موناقەشاتی فیکری و دیالۆگ و خوێندنەوەی بابەتییانە و مەعریفییانەی کتێبی فیکرییەوە لە دونیای ئێمەدا، زۆر زۆر بە دەگمەن نەبێت، بوونی نییە.
ڕەھەند پرۆژەیەکی فیکری بوو، زۆربەی وتارەکانی وتاری فیکریی تیۆری و نیمچەتیۆری بوون، بڕێکی بەرچاو لە میتۆدیبوون و مەعریفیبوون لە گۆڤارەکەدا ئامادەبوو، زۆرێک لە نووسەرەکانی شارەزای زیاد لە قوتابخانە و ئاراستەیەکی فیکری و زیاد لە کایەیەکی مەعریفی بوون، بۆیە ڕەخنەکردنیشی پێویستی بە فیکر و مەعریفە و توانای بیرکردنەوە ھەبوو. بەڵام ئەوەی بەرامبەر بە ڕەھەند دەگوزەرا گەڕانەوە بۆ فیکر و میتۆد و ئەرگومێنتی فیکری نەبوو، بەڵکو تۆڕێکی گەورە لە تۆمەتبارکردن و ناشیرینکردن و شکاندن بوو. وەک وتم لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، تا ئەمڕۆش، زۆر بە دەگمەن نەبێت موناقەشەی فیکری بوونی نییە، دەیان کتێبی فیکریی گرنگ بنووسە، دەشێت پەلاماری نووسەرەکەی بدرێت و ناوی گشتی لێ بنرێت، وەک لیبراڵ و نیولیبراڵ و ناسیۆنالیست و تەنانەت فاشیست ھتد… بەڵام ئەو کتێبانە گفتوگۆ و دیالۆگێک دروست ناکەن، تەنانەت ڕانانێکی باش و مەعقولیش بۆ کتێبی فیکری بە دەگمەن نەبێت، بوونی نییە. ئەوەی تا ئەم ساتەش لەو ناوەندەدا ھەیە و ئامادەیە، یان سەنگەرگیری و بڵاوکردنەوەی تۆمەتە، یاخود نووسینی سەرپێیی پڕ مەدح و سەنایە. لە دەرەوەی باسکردنی ئەدەبیاتدا شتێک بەناوی باسکردنی فیکر و دیالۆگ و بەرخوردیی فیکرییەوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە دەگمەن نەبێت بوونی نییە. بەڵام بەردەوام شکاندن و تۆمەتبارکردن و بێنرخکردن ھەیە. بە بۆچوونی من ئەمە دیوە سەرەکییەکەی مەسەلەکەیە.
دیوەکەی تری ئەم مەسەلەیە ئەو ڕاستییەیە کە لەناو گۆڤاری ڕەھەند خۆیدا پەلاماری ھیچ نووسەر و کەسایەتییەک نەدراوە و، وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان یان لە شێوەی کتێبدا بووە، یان لەناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا. جگە لەمە نووسەرەکانی ڕەھەند خۆشیان ھەموویان بە یەکجۆر نەدواون و بە یەکجۆر نەچوونەتە ناو وەڵامدانەوە و موناقەشەکردنەوە. زمانی قسەکردن و وەڵامدانەوەیان لە یەکتری جیاواز بووە. زمانی وەڵامدانەوەکانیشیان پەیوەندیی بە “مۆنۆپۆلکردنی ھەقیقەت“ەوە نەبووە، وەک ئێوە لە پرسیارەکەتاندا ھێمای پێ دەکەن، بەڵکو پەیوەندیی بەو زمان و شێوازی پەلاماردان و ڕەخنەکردنەوە ھەبووە، کە وەک وتم لەسەر شکاندن و تۆمەتبارکردن و ئیھانەکردنێکی بەردەوام کاری دەکرد. ڕەھەند گۆڤارێک بوو لە سەردەمی جەنگی ناوخۆ و ڕۆژگاریی دزی و جەردەیی سیستماتیک و لەپاڵ عەقڵیەتی کوشتن و ڕاونانی سەدان و ھەزاران مرۆڤدا دەردەچوو. لە ژینگەیەکی لەو بابەتەدا کەس بە زمانی گوڵ قسە ناکات.
ژنەفتن: یه‌كێك له‌ ڕه‌خنه ‌هەمیشەییه‌كانی ڕه‌هه‌ند له ‌ڕۆشنبیران و ڕۆشنبیریی كوردی پێش ڕه‌هه‌ند ئه‌وه ‌بووه ‌كه ‌ڕۆشنبیرییه‌كی ئینشائی بووه‌، واته ‌ڕۆشنبیرییه‌كی ڕووكه‌ش بووه ‌به‌رهه‌مهێنه‌ری فیكر نه‌بووه ‌و ده‌لاقه‌ی دیكه‌یان به‌سه‌ر تێگه‌شتنی كورددا به‌رامبه‌ر دونیا نه‌كردۆته‌وه ‌و به‌شی زۆری سه‌رقاڵییه‌كانیان بێ مانا بووه‌، بۆیه ‌ڕه‌هه‌ند به ‌وه‌رچه‌رخان ده‌زانرێت له ‌ڕۆشنبیری و له‌ زمانی كوردیدا، ڕه‌هه‌ند زمانی كوردی له‌ شیعر و (ئینشاوه‌) ‌و گواسته‌وه ‌بۆ زمانێك كه‌ بتوانێت سه‌روكاری له‌گه‌ڵ فیكردا هه‌بێت، به‌ڵام له ‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌كان له ‌ڕه‌هه‌ند پێیان وایه ‌به‌شێك له نووسینه‌كانی هه‌ندێك له ‌‌نووسه‌ره‌كانی ڕه‌هه‌ند نه‌یانتوانیوه ‌به ‌ته‌واوه‌تی له‌و زمانه ‌ڕزگار بن، یان جۆرێكی تر زمانی شیعریان له ‌فیكردا به كار هێناوه‌، بۆ نموونه ‌فڕێدانی زۆر وشه‌ و چه‌مك به‌بێ ئه‌وه‌ی به ‌ته‌واوه‌تی پێناسه‌ بكرێن، هه‌روه‌ها دووباره‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند جاره‌ی هه‌مان ڕسته ‌به ‌شێوازی جیاواز، له‌ كاتێكدا له‌ نووسینی زانستی و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا ئه‌مه ‌وه‌ك نه‌نگییه‌ك ده‌بینرێت؟ هەروەها کە ئاوڕ له ‌زۆرینه‌ی نووسینه‌كانی ڕه‌هه‌ند ده‌ده‌یینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی نووسینه‌كانیان نووسینی فیكری و ڕەخنەیین به‌شێكیشیان خوێندنه‌وه‌ن بۆ دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام كه‌مترین جار په‌نا ‌بۆ داتا و ژماره ‌براوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كانی ڕه‌هه‌ند خاڵین له ‌هه‌وڵی سه‌ڵماندنی گریمانه ‌زانستییه‌كانیان له ‌ڕێگه‌ی میتۆده‌ زانستییه ‌تایبه‌تییه‌كانی ئه‌م بواره‌.
مەریوان وریا: ڕەھەند گۆڤارێکی ئەکادیمی نەبوو، سەر بە ھیچ کایەیەکی تایبەتی ناو زانستە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکان نەبوو، گۆڤارێکی سۆسیۆلۆژی یان ئەنترۆپۆلۆژی یان سایکۆلۆژی نەبوو کە تیایدا زانستی سۆسیۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا ژێرخانە ئەکادیمییەکەی بێت، وەکچۆن گۆڤارێکی فەلسەفیش نەبوو خۆی بە موناقەشەکانی ناو کایەی فەلسەفەوە خەریک بکات. ڕەھەند گۆڤارێکی فیکریی تیۆریی گشتی بوو، فیکر و تیۆرە بە مانا ھەرە گشتییەکەی، وەک بەکارھێنان و گەڕاندەوە بۆ چەمک و میتۆد و تیۆرە جۆربەجۆرەکانی ناو کایە مەعریفییە جیاوازەکان. نووسەرەکانی ڕەھەند بۆ جمھورێکی ئەکادیمیش نەیاندەنووسی، بەڵکو بۆ بەشە خوێندەوارە گشتییەکەی کۆمەڵگای کوردییان دەنووسی. ئەو نووسەرانە بە گەڕانەوە بۆ ئەم یان ئەو کایەی مەعریفی و بۆ ئەم یان ئەو چەمک و تیۆرە و قوتابخانەی فیکریی تایبەت، ھەوڵی دروستکردنی “دەزگایەکی چەمکی”ی تایبەت بە خۆیان ئەدا، بتوانن لە ڕێگایەوە بیر بکەنەوە و کار لەسەر ئەو ڕەھەندانەی واقیعی ئێمە بکەن کە بە گرنگیان دەزانی. بە بۆچونی من ڕەھەند لەم ئاستەدا کۆمەڵێک کاری گرنگی ئەنجام داوە و لەم ئاستەشدا ئەم نووسەر لەو نووسەری تری گۆڤارەکە، جیاواز بووە. بە کورتی، خوێندنەوەی نووسەرەکانی ڕەھەند بۆ دونیای خۆیان و بۆ ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین پشتئەستور بوو بە کۆمەڵێک لە دەستکەوتە تیۆری و میتۆدی ناو زیاد لە کایەیەکی مەعریفی، بەڵام ھیچیان وەک ئەکادیمییەکی ناو ئەم یان ئەو کایە نەیاندەنووسی. نووسەرەکانی ڕەھەند ڕۆشنبیر بوون نەک ئەکادیمی، “ڕۆشنبیرێکی گشتی”ی نزیک لەو جۆرە ڕۆشنبیرەی فوکۆ ناوی “ڕۆشنبیری یونیڤێرساڵ”یان لێ دەنێت، کەسانێک بە ئەرکی خۆیان دەزانی لەسەر کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ناو دونیای خۆیان قسە بکەن و دەرگیری شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بن، بەڵام قسەکردن و لێکدانەوەیەک لە پەیوەندییەکی پتەودا بە فیکری سەردەمەکەوە. ئەم پەیوەندییە تایبەتە بە کایە مەعریفییەکان و بە میتۆدە جیاوازەکانەوە لەوە ڕزگاری کردبوون ئینشانووس بن و درێژە بەو دۆخی بێفیکری و بێمیتۆدی و بێتیۆرەییە بدەن، کە بەر لە ڕەھەند بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دونیای نووسینی کوردیدا باڵادەست بوو. لە ئەنجامدانی ئەم کارەشدا نووسەرەکانی ڕەھەند بوون بە دروستکەر و داھێنەری زمانێکی تازەی نووسین، کە دەیتوانی زمانێکی تیۆری بێت و پەیوەست بێت بە زمانی ناو زیاد لە کایەیەک لە کایە مەعریفییەکانەوە. زمانی نووسەرەکان ھەندێکجار زمانێکی سۆسیۆلۆژی، زمانێکی ئەنترۆپۆلۆژی، زمانێکی سایکۆلۆژی بوو، ھەندێک جارێکی تریش زمانی ناو زانستە سیاسییەکان و جارنەجاریش زمانی ناو فەلسەفە بوو. لە ھەموو ئەو دۆخانەشدا ئەو زمانە زمانێکی تازە بوو لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا. ھاوکات ئەوەش ڕاستە کە شتێکی زۆر لە زمانی شیعر لای ئەم یان ئەو نووسەری ڕەھەند ئامادە بوو، لێرەشدا دیسانەوە بە بڕ و ڕادەی جیاواز لای ھەر یەکێک لە نووسەرەکان. ئەوەت لەبیر نەچێت بڕێکی زۆر لە نووسەرە دیارەکانی گۆڤارەکە لە ئەدەبیاتەوە ھاتبوون، شاعیر و چیرۆکنووس و شانۆکار و نووسەری ئەدەبی بوون. درێژەدان بە زمانی شیعری لەناو وتاری فیکریدا سەرچاوەکەی لەو پاشخانە ئەدەبییەدایە.
بە بۆچونی من مانەوەی ئەم زمانە شیعرییە لەناو زمانی فیکردا تا ئەو شوێنە بەرھەمھێنە کە سەر لە خوێنەر نەشێوێنێت، نەبێتە ئامرازێک بۆ بێھۆشکردنی خوێنەر، زانستیبوون و میتۆدیبوونی گوتارەکان تێک نەدات، ئەو جیاوازییانە نەسڕێتەوە، بۆ نموونە، لەنێوان شیعر و کۆمەڵناسی، شیعر و سیاسەتناسی و شیعر و فەلسەفەدا ھەیە. شتێک لە شیعریەت لە زمانی فیکردا جوانە، بەڵام زمانی فیکر و زمانی شیعر دوو زمانی تەواو جیاوازن. بێگومان بڕێک لە ڕاستی لەو بۆچونەدا ھەیە کە ڕەخنە لە شیعریبوونی زمانی فیکر لە ڕەھەنددا دەگرێت، ھەندێکجار و لای ھەندێک نووسەر، ئەو زمانە شیعرییە تەواو زاڵە بەسەر زمانی فیکردا و ئەم زاڵبوونەش زیانی بەو زمانە فیکری و تیۆرییە گەیاندووە کە ڕەھەند داھێنەری بوو. من کە ئەمە دەڵێم، خۆم لەم کێشەیە بە دوور ناگرم، زمانی ھەندێک لە نووسینەکانی منیش بێبەری نەبووە لە شتێک لە شیعریەتی زیاد و منیش یەکێک بووم لەو نووسەرانەی لانیکەم، لە قۆناغی نووسین لە ڕەھەندا، گرنگییەکی تایبەتم بە دیوە شیعرییەکەی زمانی نووسین ئەدا. بەڵام ساڵانێکی درێژە من وازم لەم مەسەلەیە ھێناوە و ئەوەی دەینووسم بە ئاگاییەوە لە زمانی شیعر دووری دەخەمەوە. لە پەیوەندیشدا بە مەسەلەی دووبارەکردنەوەی یەک فیکرە بە چەندان شێوازی جیاواز لە وتارێکدا، دیسانەوە، بە نیسبەت ئەم یان ئەو نووسەری ناو گۆڤارەکەوە شتێک لە ڕاستی تێدایە. ئەم دووبارەکردنەوەیە لە زمانی زانستی و ئەکادیمیدا نەنگییە، بەڵام بۆ گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتی، کە خوازیاری ئەوەیە بە خوێنەری ئاسایی بگات، دووبارەکردنەوە ھەمان فیکرە بە دەربڕینی جیاواز ڕەنگە شتێک لە شەرعیەتی تێدابێت و وەک ھەوڵدانێک ببینرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی فیکرەکە بە خوێنەر. ئیشنەکردنی گۆڤارەکەش لەسەر داتا و ئامار پەیوەندی بەو ڕاستییەوە ھەیە کە گۆڤارەکە زیاتر گۆڤارێکی تیۆری و ڕۆشنبیری بوو، نەک گۆڤارێکی ئیمپێریی، تەتبیقی.
دواھەمین خاڵ بمەوێت لێرەدا کەمەکێک لەسەر بوەستم ئەو ڕستەیەی ئێوەیە کە پێی وایە ڕەھەند سەرقاڵیی نوقسەرەکانی بەر لە ڕەھەندیان بە سەرقاڵییەکی بێمانا زانیوە. ئەوە ڕاستە، وەک ئێوە دەنووسن، ڕەھەند ڕەخنەی لە نووسینی کوردیی بەر لە ڕەھەند ھەبوو، بەڵام ڕەھەند ھەرگیز پێی وانەبووە “به‌شی زۆری سه‌رقاڵییه‌كانی” نووسەرانی کورد بەر لە ڕەھەند، “بێ مانا بووه” وەک ئێوە لە پرسیارەکەتاندا نووسیوتانە. لانیکەم ئەمە ھەرگیز ڕای ھەموو نووسەرەکانی ڕەھەند نەبووە. ئەوەی ئێمە پێوەی سەرقاڵ بووین بێنرخکردن و بێماناکردنی ئەوە نەبوو کە بەر لە ڕەھەند نووسرابێت، بەڵکو ڕەخنەکردنی ئەوە بوو کە دەگوترا و دەنووسرا، ئەمەش لەبەر بێمانایی ئەو نووسین و سەرقاڵییانە نەبوو، بەڵکو لەبەرئەوە بوو پێمان وابوو ئەوەی نووسراوە ناتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ تێگەیشتن لەو دونیای تیایدا دەژین و لەو مێژووەی تیایدا نیشتەجێ بووین. ئێمە لە بەردەمی جیھانێکی تەواو تازەدا بووین، بە کۆمەڵێک تەحەدای نوێوە، ئەو جیھانەش پێویستی بە فیکرێکی تازە بوو بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی.
The post دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند appeared first on ژنەفتن.
پانۆرامای (ڕەهەند)
بەشی سێیەم
بەرایی
ماڵپەڕی ژنەفتن لە دەستپێکی تەوەرێکیدا لەبارەی (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)؛ بە پێویستی زانی پانۆرامایەک لەسەر بڵاوکراوە و چالاکییەکانی نێوەندی ڕەهەند ئامادە بکات. لە پانۆرامەکەدا پێشەکی (خۆیان ناویان ناوە هەڵوێستە)ی هەموو ژمارەکانی ڕەهەند تایپ کراوەتەوە لەگەڵ پێرستی بابەتەکانی هەموو ژمارەکان و دەستەی نووسەرانی ئەو ژمارانە. تێبینی دەکەن کە لە دەستەی نووسەران و شیوازی کارکردن لە هەندێ لە ژمارەکاندا گۆڕانکاری کراوە. بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕینووس نەکراوە و تەنیا تایپ کراوەتەوە.
ئەمەی بەردەستتان بەشی سێیەمە لەو سێ بەشەی پانۆراماکە.
ژمارە ١٢-١٣ /٢٠٠١
لە بڵاوکراوەکانی نیوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی
لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: مەریوان وریا قانیع – ئاراس فەتاح
لێپرسراوی ئاوێنە بچکۆلەکان: هیوا قادر
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:
– هەڵوێستە
– بەختیار عەلی: کۆمەڵگە و منداڵە نامۆکانی: خوێندنەوەیەک لە وێنە و ئەفسانەکانی سەفەر و تاراوگەبووندا
– مەریوان وریا قانیع: مەنفای کوردی لەنێوان سێ نەوە و سێ ئەزموونی مانای جیاوازدا
– مەهاباد قەرەداغی: سێکسبینی لە کۆمەڵگا نائازادەکان
– سەروەر ئەحمەد: ئیشکالییەتی ڕەسەنایەتی و سەردەمگەرێتی لە تێڕوانینی “د. محمد عابد الجابری”دا
– عەبباس وەلی: کوردەکان و “ئەوانی تر” یان: هەویەت و سیاسەتی پارچەپارچەبوو. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەزەند بەگیخانی، هاشم ئەحمەدزادە
– ئێرنێست ڕینان: نەتەوە چییە؟ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: حەسەنی قازی
– گارا: کورتە میژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا
– دانا ڕەوف: کۆستیم، فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی پیتەر برۆک
– مەریوان وریا قانیع: تراژیدیای میشێل فۆکۆ لە کتێبی (دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا)
-ئاوێنە بچکۆلەکان
هەڵوێستە
یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەى بەردەوام ڕووبەڕووى هەر کۆمەڵگایەک دەبێتەوە، مەسەلەى چۆنیەتى ڕێکخستنى پەیوەندى نێوان ڕابردوو ئێستا و سبەینێیى ئەو کۆمەڵگایەیە. لە هیچ شوێنێکیشدا چۆنیەتى ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییە ئەوەندە ئاشکرا نییە، وەک لە پەیوەندى نێوان نەوەکاندا بەدەردەکەوێت. لەسەرانسەرى دنا ئەمڕۆدا کۆمەڵگایەک شکنابەین چەندان دەزگاو دامەزراو و کۆڕ و کۆمەڵ و پلان و نەخشە و تاکتیک و ستراتیژیەتى تایبەتى بۆ ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانە تێدا نەبێت. زیادەڕۆیی ناکەین گەر بڵێین، یەکێک لەو مەسەلە گرنگانەى کە گۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکى دیکە جیادەکاتەوە، چۆنیەتى ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانەیە کە ڕابردووى ئەو کۆمەڵگایە بە ئێستایەوە و نەوەکانى دوێنێى بە نەوەکانى ئەمڕۆیەوە گرێدەدات.
بۆ کۆمەڵگایەک خۆى بە کراوە بزانێت و بیەوێت دیموکراسییەت بنیادبنێ و بپارێزێت، لەزۆر ڕووەوە ئەم بنیادنان و پاراستنە، وابەستەى ئەوەیە تاچەند پەیوەندى نێوان نەوەکان کراوە و تاچەند ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانە لەسەر بناغەى قبووڵکرنى یەکدى ڕاوستاوە و تاچەند پانتایی کراوە لەبەردەم نەوەى نوێکاندا ئامادەیە، بۆئەوەى بتوانن دیدى خۆیان لە واقيعى خۆیاندا پیادەبکەن و ئەو فۆڕمە بە ژیان و ئەخلاق و مامەڵەى خۆیانبدەن کە  دەیانکاتە بوونەوەرى بەختەوەر و بەرپرسیار و ئەکتیڤى ناو ئەو دنیایەى تێیدا دەژین. هیچ شتێک بەقەد ئەوە زیان لە دیموکراسییەت و مۆدیلى دیموکراسییانە ناگەیەنێت کە دەسکاریکردنى ئەم پەیوەندییانە و ڕێکخستنەوەى دیموکراسییانە، تەنها لەئاستى کۆمەڵێک وادە و بەڵێن و قسەى ناو ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆبووەنەوە حیزبییەکاندا بمێنێتەوە. لەڕاستیشدا هەر دەسکاریکردنەوەیەکى ئەم پەیوەندییانە بەبێ ڕیکەوتن لەسەر ئەو مافەى، کە ئایندە موڵکى هەمووانە و هەرکەس مافى ئەوەى هەیە لەسەر فۆرمى ئەو ئایندەیە بدوێ و ئەو وێناکردنى بۆ ئایندە هەیەتى بێترس دایڕێژێت و بەرگرى لێبکات و پراکتیکیشیبکات، شتێکى بىمانا و بێناوڕۆکە. بێگومان کەس ناتوانێت لەسەر ئایندى خۆى و نیشتیمان و کۆمەڵگاکەى بدۆیت، گەر لە ئێستادا مافى قسەکردنى لێسەندرابێتەوە، یاخود بەشێوەک پەراوێزکرابێت کە قسەکانى هەموو قورساییەک و هەموو هەلێکى پێادەکردنیان لەناو واقیعدا لێسەندرابێتەوە. بەبێ بوونى قەزایەکى کراوە، هەموو قسەکردنێک لەسەر گوێگرتن لە دەنگى نەوە جیاجیاکان و بانگەشەکردنى گۆڕانى پەیوەندییەکان، جگە لە کۆمیدیایەکى بێئەنجام شتێکى دیکەى لێناکەوێتەوە. تەنها لەقەزایەکى کراوەى پڕ لە گوێگرتن و ئاڵوگۆڕی ئەرگۆمینت و بەرپرسیارێتیدا دەشێت خەیاڵى نەوەیەک لە نەوەکان ببێتە بە بناغەى کارکردنى عەقڵانییەکانى نەوەیەکى دیکە و مژدەکانى یەکێکیان ببێتە سەرزەمینى بەرهەمهێنانى ئینتیماى پتەوى ئەوانەى دیکەیان.
بێگومان وەڵامدانەوەى پرسیارى ئەوەى داخۆ ئەو فەزایە چ فەزایەکە و ئەم کرانەوەیە چییە و چۆنە و لەکوێی کۆمەڵگا و سیاسەت و فیکردایە، کات و شوێنێکى زۆرى ئەوێ گۆڤارەکەى ئێمەش، گۆڤارەى ڕەهەند، بەدرێژایی تەمەنى خۆى هەوڵى دەستنیشانکردنى چوارچێوە گشتییەکانى ئەو فەزایەى داوە و خۆشى بەیەکێک لە گەمەکەرە ئەکتیڤ و چالاکەکانى خوڵقاندنى ئەو فەزایە زانیوە و دەزانێت. بەڵام لێردا جارێکى دیکە ئەو ڕاستییە دووبارەدەکەینەوە کە زەحمەتە بتوانین قسە لە بوونى فەزایەکى کراوە بکەین بەبێ بوونى ئیرادە و ئامادەگییەکى سیاسى و کولتوورى و مەعریفى بەردەوام بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەى بەشێکى زۆرى ئەو بنەما و شۆینگە (موقع) کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى و ئەخلاقى و مەعریفییانەی لەو ساتەدا لە کوردستاندا ئامادەن. ئەگەر خوازیارى ئەوەى کۆمەڵگایەکى کراوامان هەبێت کەتێیدا نەوە جیاوازەکان بەشێکى ئۆرگانییانەى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى و ئەخلاقى ئەو کۆمەڵگایە بن و کار بۆ بەرهەمهێنانى ئێستا و ئایندەیەک بکرێت کە هەمووان بە موڵکى خۆیانى بزانن، ئەوە دەبێت ئامادەبین بە کۆى ڕێککەوتن و پەیمانە (اتفاق – عقد) کۆمەڵایەتییانەدا بچینەوە کە کۆمەڵگاى ئێمە لە ڕەوتى مێژوویی خۆیادا بەرهەمیهێناون  و لە ئێستادا بۆتە چوارچێوەیەکى گشتى، کە لە دووتۆێدا دەستنیشانى هێز و دەسەڵاتى نەوە و هێزە جیاوازەکانى کۆمەڵگاى ئێمەى تێدا دەکرێت. ئەم سەرلەنوێ پێداچوونەوە و پێناسەکردنەوەیە ئەمرۆکە یەکێک لە گرنگترین کارەکانى سیاسەت و فیکر و ململانێى کۆمەڵایەتى لە وڵاتى ئێمەدا پێکدەهنێت.
لەجەوهەردا هەموو پێداچوونەوەیەک بە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکاندا پێداچوونەوەى چۆنیەتى دابەشکردنى دەسەڵاتى مادى و ڕەمزى نێوان هێز و نەوە کۆمەڵایەتىییە جیاجیاکانى ناو ئەو کۆمەڵگایەیە. لەم پرۆسەیەدا یەکێک لەو گۆڕانە گرنگانەى کە ڕوودەدات، سەرلەنوێ دارشتنەوەى ڕەگەزکانى ئەو سەرمایە ڕەمزییەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا باڵادەستە. ئێمە دەتوانین بەشێکى گەوەرى سەرمایەی ڕمزى باڵادەست لەمرۆکەى کورستاندا وابەستەى ئینتیماى حیزبى، ناوچەیی، خێڵەکى، خێزانى، ئاینییە و دوورە لە پرنسیپەکانى عەدالەتخوازى کۆمەڵایەتى و بەهرە و توانا و سەلیقەى دیاریکراوەى تاک و گروهە جیاجیاکانى ناو کوردستان. سەرمایە ڕمزى لاى ئێمە سەرمایەیەکە لە ڕابردوویەکى دیرێنى نادیموکراسى و نەبوونى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و باڵادەستى سەلەفییەتى سیاسى و ئەخلاقى و مەعریفییەوە هاتووە و وابەستەى هەڵومەرجێکى تایبەتە کە ئەمرۆ لەزۆر ڕووەو لە کوردستاندا بوونى نەماوە. لەدواى ئازادى و کۆچ و شەڕى ناوخۆ دەساڵ حوکمکردنى کورد خۆى و دابەشبوونى کوردستانەوە، جیهانێک لە کوردستاندا ئامادەیە کە جیهانى ساڵانى بەر لە ڕاپەرین نییە. لەم جیهانەدا نەوەیەک یان چەند نەوەیەکى هاتوونەتە کایەوە، کە سادەترین داواکارییان بریتییە لە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و پێداچوونەوەى کۆى ئەو پێناسانەى کە نەوەى پێشوو بۆ جیهان و کۆمەڵگا و ئەخلاق و سیاسەت و کولتوور و فیکر و ڕابردوو و ئێستا و ئایندە هەیەتى. ئەم نەوەیە چیدى نایەوێت لەنێو ڕابردووى حیزبى هێزە باڵادەستەکانى کوردستاندا بەندبکرێت و ناتوانێت پێناسى بۆ سیاسەت گفتوگۆى شاراوە و ژێرپەردەى چەند حیزب و گروپ و سەرکردەیەک بێت لەنێو کۆمەڵێک ژوورى داخراوەى پڕنهێنیدا. ئەم نەوەیە خوازیارى ئەوەیە سیاسەت بێتە سەرجادە، بچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان، ببێت بە بەشێک لە گفتوگۆیەکى کۆمەڵایەتى بەردەوام و بەرفروان، زیاد لە میدیایەک هەبێت بۆئەوەى لەخۆیگرێت، واتە مشتومڕیەکى کۆمەڵایەتى گەورە فۆڕمەلەیکردبێت، فۆڕمى ڕاپرسین و ڕیفراندۆم و دەنگدان وەرگرێت و ئەو بەڵینانەى کە دەدرێن دەبنە پراکتیک و جێبەجێبکرێن. بە کورتى سیاسەتێک کە بخوازێت زیاد لە نەوەیەک و زیاد لە هێزیک و زیاد لە دیدێک ئەکتیڤبکات. لە سەرەتاکانى ئەم هەزارە نوێیەدا ئەو کۆمەڵگایە ئامادە نەبێت لەبەردەم گۆڕانە گەورەکان و لەبەردەم نەوە تازەکانیدا بەم پرۆسە بەرفروانى پێداچوونەوەى مانا و پێناس و میکانزمەکانى دابەشکردنى دەسەڵاتى ڕەمزى و ناڕەمزىدا بچێتەوە، جگە لە بنیادنانى دنیایەکى پڕ لە ناکۆکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى، هیچى دیکە دروستناکات. لە مێژووى کۆمەڵەگاکانیشدا نموونەى گەشەسەندنی ئەو کێشە و ململانێیانە بۆ قەیرانى سیاسى و ڕاپەڕین و شۆڕش پێکدادانى تووندوتێژانە زۆرن.
یەکێک لە جیاوازییە هەره گەوەرکانى نێوان کۆمەڵگا کراواکان و کۆمەڵگا داخراوەکاندا لەوەدایە کە یەکەمیان بەردەوام لەبەردەم پێداچوونەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و ڕێزکرنەوەى شوێنگەکانى ناو کایە جیاجیاکانى هەناوى خۆیدایە، لەکاتێکدا لە دووهەمدا شتەکان بۆیەکجار دابەشکراون و بۆیەکجار ناونراون و بۆیەکجار پێناسەکراون و پێداچوونەوە و سەرلەنوێ دابەشکردنەوە و ڕیزکردنەوەى شوێنگەکان و بەرەیانپێدەگیرێت.
گەر سەرنجێکى ورد بدێنە دونیاى پڕ لە مژدە و دژایەتى و ناکۆکى خۆمان، دەبینین لە کوردستانى ئەمرۆدا چەندان حیزب و فەرمانڕەوایی ناوچەیی ئامادەن، ئابوورى کوردستان ئەمرۆکە لەزۆر ڕووەوە لە قۆناغەکانى بەر لە ئێستا چالاکتر و دەوڵەمەندتر و کراواترە ژمارەى ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوانەى ئەمرۆکە لە کوردستان دەردەچن لە مێژووى کوردیدا بێوینەن. دەسەڵاتداران کوردن و تواناى پەیوەندى و هاتوچۆیان بۆ ناوەندەکانى بڕیارى سیاسی لەناوچەکە و جیهاندا لە هەمووکات گەورەتر و کراوەترە. کوردستانى باشوور بەپێی بڕیارێکى نێونەتەوەیی شێوە پارێزراوە تا ئەم چرکەساتەش هیچ ئاماژەیەک لەئارادانییە کە ناپارێزرێت. کەچى لەگەڵ ئەمانەشدا ئەمرۆکە لەزۆربەى کایەى کۆمەڵایەتى سیاسى و کولتوورى و ئەخلاقییەکاندا داخستنێکى گەورە و بەرچاو دەبێنن، هەڵهاتنێکى بێوێنە نەوەى نوێ دەبینین، بە دەگمەن نەبێت گۆڕانێک نابینین کە ئاماژەبێت بۆ جۆرێک لە کرانەوەى کۆمەڵایەتى و ئەخلاقى و سیاسى. تا ئێستاش کۆى ئەو پەیمان و ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئەخلاقییانەى لە کوردستانى ئێمەدا باڵادەستن، بریتیین لە ڕێککەوتنى نەوە کۆنەکان. دنیاى ئێمە لە وێناکردنەکانى ئەو نەوانەوە دەبینرێت و لە دیدى ئەو نەوانەوە پێناسدەکرێت و لە بۆچوونى ئەوانیشەوە ڕێکدەخرێت. تا ئێستا لە هیچ کایەیەک لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە سیاسەتەوە بۆ ئەخلاق، لە کولتوورەوە بۆ میدیا، لە حیزبەوە بۆ خێزان پێداچوونەوەیەکى ڕاستەقینە بە پەیمان و ڕێکخستنە کۆنەکاندا لە ئارادا نییە و تا ئێستا نەوە کۆنەکە پێناس و مانا و دیدى خۆى بەسەر کۆى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئەخلاقى و کولتوورى ئێمەدا سەپاندوە. ئەم سەپاندنە بە ئەندازیەکە تا ئێستاش سیستەمى خوێندن لە سەرەتاییترین ئاستییەوە بۆ باڵاترین پلەى کە زانکۆیە لە میتۆدەکانى سیستەمى خوێندنى بەعسیزم ڕزگارى نەبووە، میدیاى ئێمە و لاپەرەى گۆڤارەکان لەسەر هەمان مۆدیل ڕێکخراون و ڕێکدەخرێن، مەسەلەى دۆزینەوەى کار و وەرگرتن لە دەزگا گشتییەکاندا بەهەمان مۆدیلى حیزبى بەرێوەدەچێ و زۆربەى دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ گرێدراون بە ئینتیماى حیزبى و خزمایەتییەوە. بێگومان ئەم قسانە ماناى بێفەڕکردنى ئەم ئەزموونەى کوردستان نییە، بەڵکو ئەوەى ئێمە دەمانەوێت بێڵێین بچوکى ئەو کارانەیە لەچاو ئەو هەموو خراپەکارییە ستراتیژیانەدا کە کوردستان کورتدەکاتەوە بۆ ماڵى حبزب.
بێ دوودڵى دەتوانین بڵێین «سیستەمى سیاسى کوردى» لەم دە ساڵەى دواییدا بە پلەى یەکەم بریتىبووە لە ئێدارەدانى ئەو ناکۆکییە کۆشندە و وێرانکەرەى، کە لە نێوان پارتى و یەکێیتى و هێزە سیاسییەکانى دیکەى کوردستاندا هەبووە. لەم دەساڵەدا مانا سەرەکییەکانى سیاسەت لە کوردستانى ئێمەدا ئیدارەدانى ئەم ناکۆکییە ناوەکییە ناعەقڵانىیە بووە کە ئەم دوو حیزبە ڕووبەڕووى کۆمەڵگەى کوردیان کردۆتەوە. ئەم سیاسەتە نەک نەىتوانیوە گەنج و کەرتە لاوەکانى کۆمەڵگەى ئێمە بدوێنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ ناکۆکییە کۆنەکانى مێژووى ئێمەى بەسەر نەوە نوێکانى کوردستانیشدا سەپاندووە. بێگومان ئەم ناکۆکییانە نەک ناکۆکییەک نیین نەوە نوێکان لە کوردستاندا بەرهەمیانهێنابێت یان لێی بەرپرسیاربن، بەڵکو بۆماوەى ناکۆکى نەوە کۆنەکانى کۆمەڵگەى ئێمەن و ڕاستەوخۆ نەوە نەوێکانى کوردستانى تێوەگلاوە. هێزیکى ڕاگەیاندن و ئابوورى و چەکدارى گەوەرش لە کوردستاندا بۆ سەپاندنى ئەم ناکۆکییە دێرینانە بەسەر نەوە نوێکانى کوردستاندا خراوەتەگەڕ و لەهەر خانەیەکى کۆمەڵایەتییدا هەوڵیداوە ئەم ناکۆکییە بکاتە ناکۆکى نەوە نوێ.
گەڕاندنەوەى هەر مانایەک بۆ سیاسەت، بەتایبەتى سیاسەتێک بخوازێت لەگەڵ نەوە نوێکانى کوردستاندا بدوێت، دەبێت ماڵئاوایی لەم مانا کۆنە بکات، کە هیچ ڕەهەندێکى نەتەوەیی و ئینسانى تێدانییە. ئەوەى کوردستان پێویستێتى سیستمێکى پەروەردەیی نوێیە، کە بتوانێت لە زمانى نەوە نوێکانى کۆمەڵگەى ئێمە تێبگات و بە مێتۆدى زانستى نوێ گوشیانبکات، سیستمێکى سیاسییە کە ئامادەیی واڵاکردنى سنوورەکانى خۆى تێدابێت بۆ کۆمەڵێک پەیمان و ڕێککەوتنى کۆمەڵایەتى تازە. سیستمیکى کۆمەڵایەتى و ئابوورییە کە نەوەى نوێ لە هەناوى هەموو دەزگا و دامەزراوە پلان و وێناکردنانیدا بەشدار و ئامادەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە سیستمێکى ڕێکخستنى سیاسى و کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی کراوە هەیە کە تێیدا هەرگروهـ و لایەن و تاکێک بتوانێت دەربارەى خۆى و کێشە و خەوەنەکانى بدوێ و فەزایەکى سیاسى کراوەیان لەبەردەمدا بێت کێشەکانیان لە قسە و ئاخاوتنەوە بکەن بە بەرنامە و پراکتیکى چارسەرکردنیان. ئەمرۆکە کوردستان پێویستى بە زمانێک هەیە کە بە چەمکەکانى پەیمانى کۆمەڵایەتى و قازانج و بەرپرسیارێتى گشتى بدوێت. زمانێک کە چوارچێوەیکى نەتەوەیی دروستکات و تێیدا نەوە نوێکان هەستبکەن کە کارى ئەوانە جیهانى دواى دەهەیەکى بەڕێوەبەرن و بەردەوامییەک بدەن بە مێژوویەک، کە ئەوان لە ئێستاوە یەکێک لە گەمەکەر و بکەرە سەرکییەکانى ناوین.
گەر ئەم خاڵە وردتر بکەینەوە، دەکرێت بڵێین، کۆڵەکەى سەرەکى ڕێکخستنى سیستمێکى کۆمەڵاییەتى و سیاسى کراوە لە کوردستانى سبەینێدا دواندنى ئەم نەوەیەیە و تێگەیشتنە لە کێشە و خواست و خەوەنەکانى. ئەرکى گوتارى سیاسى نوێ ئەوەیە کە ببێتە زمانى قسەکردنى دەسەڵاتێکى شەرعى لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا؛ ئێمە لێردا زۆر بە توندى پێ لەسەر چەمکى هاووڵاتى دادەگرین و دەیکەینە ئەلتەرناتیڤی ئینتیماى حیزبى و ناوچەیی و خێڵەکى. کە دەشڵێین هاووڵاتى، مەبەستمان هاووڵاتیى ئازادى خاوەن ئیرادە و خەوەن تواناى هەڵبژاردنى سەربەخۆیە. غیابى چەمکى هاووڵاتى لە گوتارى سیاسى کوردیدا غیابێکى ترسناکە و لەپشتییەوە پرۆسەیەکى گەورەى بێبەریکردن و دابڕاندنى نەوەى نوێ لە بەشداربوون لە بڕیاردانى کۆمەڵایەتى و سیاسیدا ئامادەیە. بەردەوامبوون لە پەیڕەوکردنى ئەم سیاسەتەدا دەرئەنجامى کارەساتەوى لێدەکەوێتەوە و ململانى چاوەرواننەکراو دەسەڵاتى سیاسى دروستدەکات. گەر ئەمرۆکە بە کۆچکردنى ژمارەیەکى زۆرى نەوەى نوێ ئەم قەیرانانە بەتاڵبکرێنەوە، سبەینێ ئەم دەرگایە بەکراوەیی نامێنێت و کۆى ئەو کێشانە دەگەڕێنەوە بۆ ناو وڵات.
بێگومان هاووڵاتى و هاووڵاتیبوون چەمکەگەلێکى گرنگى فەلسەفەیەکى سیاسىین، کە کۆڵەکەکانى لەسەر عەدالەتى کۆمەڵایەتى ڕاوستاوە. بەبێ عەدالەتى کۆمەڵایەتى، ناکرێت قسە لە چەمکى هاووڵاتى و لە خەونى بەهاووڵاتیبوون بکرێت. عەداڵەتى کۆمەڵایەتیش پێویستى بە سەرلەنوێ پێداچوونەوەى سەرمایەى ڕەمزى و شوێنگەى کۆمەڵایەتى و بناغەى هێزە دەسەڵاتدارەکانى ناوى هەیە. لە کوردستانى ئێمەدا ناعەدالەتیەکى کۆمەڵایەتى و حیزبى و ناوچەیی و خێڵەکییانەى هێجگار گەورە هەیە، بنەبڕنەکردنى ئەم ناعەدالەتییانە لەڕێی دەستکاریکردنێکى ڕاستەقینەى یاسا و ئەخلاقیاتى سیاسى و سیستەمى پەروەردە و میکانیزمەکانى سەرلەنوێ دابەشکردنەوەى شێوازە جیاجیاکانى دەسەڵاتەوە دەستپێدەکات. لەم ئاستەشدا کوردستان پێویستى بە سیستمێکى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسى فەرهەنگى هەیە بە زمانێک بدوێت کە تەواو نوێ بێت؛ زمانێک کە بەناو لێپرسینەوەیەکى ئەخلاقى و سیاسى و نەتەوەیى بەرفرواندا تێپەرێ و ڕووى لە ئایندەیەک بێت کە هەمووان بە ئایندەى خۆیانى بزانن. هەر لەم گۆشەنیگایەشەوە بە دەرئەنجامێکى زۆر سانا دەگەین: سیاسەت بۆئەوەى بتوانێت بەزمانى لاوان و گەنجانى وڵاتى ئێمە بدۆێت، دەبێت خۆى گەنج ببێتەوە.
سیستمى سیاسى دەبێت ئەو هەستە بە بەرپرسیارێتى لاى لاوان دروستکات کە پاراستنى ئەم ئەزموونە پاراستنى کۆمەڵێک سوود و دەسکەوت و قازانجى کۆمەڵایەتى و تازەکردنەوە بەرفروانکردن و بەختەوەرکردنى جیهانى ئەوانە. نەوەى نوێ دەبێت ئەو هەستەى لادروستببێت کە بەرگریکردن لەخۆى ماناى بەرگریکردنە لەم ئەزموونە، نەک بەپێچەوانەوە لەنێوان بەرگریکردن لە خۆى و بەرگریکردن لەم ئەزموونە ناکۆکییەکی گەورە ببێنت و تاقە چارەسەریشى سەرهەلگرتن بێت. مرۆڤ ڕۆحى هاووڵاتیبوونى تێدا دروستنابێت گەر هاتوو چوارچێوەیکى سیاسى و کۆمەڵایەتى لەئارادانەبێت، پێشوەخت کۆمەڵێک ماف و دەسکەوت و هەڵومەرجى عەدالەتخواز و مژدەى واقیعییانەى بۆ دروستنەکرابێت. چونکە دروستبوونى هەست بە بەرپرسیارێتى بەرامبەر ئەو دونیایەی تێیدا دەژین بە نەسیحەت و وەعز و بەڵین و مژدەى ئایدیۆلۆژییانە نایەتەدى، بەڵکو بە ئامادەگى چوارچێوەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەخلاقى دێتەکایەوە کە مرۆڤەکان لە ناوەیاندا بتوانن بە پشتئەستووربوون بە کۆمەڵێک ماف و پێدراوى پێشین، ژیانى خۆیان ڕێکخەن مانایەک بەبوون و بەختەوەرى خۆیان ببەخشن. هاووڵاتیبوون چەند ئەرک و قورساییەکى مەعنەوییە کە مرۆڤ ووشیارانە دەیخاتە سەرشانى خۆى، بەهەمان ئەندازەش دەرئەنجامى بوونى کۆمەڵێک مافى مەدەنى سەرەتایی و پێشوەخت پێدراوە لە فۆرمى چوارچێوەیەکى تایبەتدا بۆ ژیانى تاکەکەسى و کۆمەلایەتى. تەنها لە هەڵومەرجێکى تایبەتى لەم بابەتدایە گەنجان دەتوانن گەشەکردن و پێشکەوتنى خۆیان ڕاستەوخۆ ببەستنەوە بە پاراستنى ئەو چوارچێوە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەخلاقییەوە کە لەناویدا دەژین.
خاڵێک کە دەبێت لاى هەر حیزبێکى سیاسى لە کوردستاندا ئاشکرابێت، بەتایبەتى دوو حیزبە گەورەکە، ئەو ڕاستییەیە کە لە پشتی چوونی ژمارەیەکی بەڕێژە گەورەی خەڵک بۆناو ڕیزەکانی ئەم دوو حیزبە، لەپاڵ  پاڵنەرە ئایدیۆلۆژی و عەقایدییەکاندا، جۆرێک لە ناچارى و جەبرى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى ئامادەیە. مۆنۆپۆڵکردنى ئابورى و دەسەڵات و هەڵومەرجى گەشەکردنى کۆمەڵایەتى و میهەنى و هتد… وایکردوە ژمارەیەکى گەورەى خەڵک لەناو دەزگاکانى حیزبدا دەسبەکاربن، ئەمەش بۆ حیزبێکى سیاسى کە خەمى ئایندە و نەوەکانى دواتر و خەمى ڕاستەقینەى خۆشى بخوات، نەک جێ دڵخۆشى نییە، بەڵکو دەبێت سەرچاوەى ترس و دڵەڕاوکێ و خولیاى گۆڕانى گەورە گەورە بێت. هەر لەم سیاقەشدا با جارێکى دیکەش پێ لەسەر ئەو خاڵە داگرین، کە هیچ حیزبێکى سیاسى کوردى چیدى ناتوانێت تەنها لەسەر ڕابردووى خۆى و گەورەیى گۆرستانى شەهیدەکانى بژى. زۆربەى ئەوانەى لە سەرەتاى هەشتاکاندا لەدایکبوون نە بەعس و نە ڕابردووى حیزبە سیاسییەکانى کوردستان ناناسن. لەڕاستیدا ناسینى ئەم دووانەش بۆ ئەم نەوە نوێیە بەس نییە بۆ ئەوەى بیانکاتە بوونەوەریکى بەرپرسیار و وایانلێبکات هەست بە هاووڵاتیبوونى خۆیان بکەن. ئەم نەوەیە خەیاڵێکى سیاسى و حەیاڵێکى کۆمەڵایەتى و تا ڕادەیەک مەعریفەى جیاوازى هەیە. ئەو ڕووداوانەى کە لە دەساڵى ڕابردوودا، خەیاڵى سیاسى و ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى ئەم نەوەیە داڕشت، بریتیین لە ڕووداوە کوشندەکانى شەڕى ناوخۆ و ئەو سیاسەتی پاکتاوکردنى سیاسییەی بەجێیهێشتووە، لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو ناعەدالەتییە گەورەیە کە پرۆسەى بە حیزبیکردنى کۆمەڵگاى لە کوردستاندا بەرهەمیهێناوە، نەمانى زۆر حەرامى سیاسى و ئەخلاقى کۆمەڵایەتى دیکەش وێنەکە تەڵختر و ترسناکتر دەکات. ئەوەى ئێمە دەمانەوێت لێردا جەغتى لێبکەین ئەوە ڕاستییەیە، کە ئەم نەوە تازەیە هاتۆتە سەر ئەم پاشخانە تایبەتە، نەک ڕابردووى سیاسى بەعس و حیزبە سیاسییەکان کوردستان.
لێرەوە فرۆشتنى ڕابردوو بەم نەوەیە تاقە شتێکە کە کارناکات و، پڕکردنى میدیاکانى حیزب لە حیکایەتى سەروەرى خودى حیزب و سەرکردە و ئەندامەکانى، جگە لە گەورەکردنى مەسافەى دابڕانى نێوان ئەم نەوە نوێیە و دەسەڵاتداران و نەوەى کۆن لە کوردستاندا هیچ دەرئەنجامێکى دیکەى نابێت. ڕابردووى حیزبەکان تەنها لە کاتێکدا مانا پەیدادەکات کە ئێستا و ئایندەى ئەو نەوەیە بە کۆمەڵێک مژدەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى بارگاویکات. تەنها لەبەردەم کۆمەڵێک مژدەى واقیعیدا بە ئایندەیەکى جوان، ڕابردوو مانایەک پەیدا دەکات. حیزبێکیش گرەوه سیاسى  و کۆمەڵایەتییەکان دەباتەوە، کە دامەزراندنى شەرعییەتى خۆى لەسەر مۆڵکایەتى ڕابردوویەکى خەباتگیڕەوە بگوازێتەوە بۆ خەبات لەپێناوی بنادنانى ئایندەیەکى ئاسوودەى فردەنگ و ڕەنگ. جگە لەم خاڵە هەر حیزبێک بخوازێت ئایندە بباتەوە، دەبێت ببێتە دەرهێنەرێکى نەتەوەیى و ڕابردوو لەوە دەرکات کە ڕابردوویەکى حیزبى بێت. بەبێ ئەم گۆڕانە لە سیاسەتى یادەوەرى و بەبێ بەدیموکراتیزەکردنى یادەوەرى نەتەوەییمان و ڕیفۆرمى کۆى سیستمى ڕێکخستنى کۆمەڵگەکەمان، زەحمەتە سەرەتاکانى سیاسەتێکى ڕاستەقینە و عەقڵانى لە کوردستاندا دامەزرێنین، کە نەوە نوێکانیش  خۆیان بە درێژکراوەى بزانن و بەشێوەیەک لەشێوەکان وەک موڵکى خۆیان بیبین. سیاسەت لە وڵاتى ئێمە ئەبێت ئیدى پرسیارێکى ڕۆشنگەرانە بکات و لەدواى ئەو هەموو کارەساتەوە بپرسێت: چۆن بتوانین بەختەوەری و سەربەخۆیی و عەدالەت بۆ هەمووان دەستبەرکەین؟ تەنها لە وەمەڵادانەوەىکى ڕاستەقینەى ئەم پرسیارەدایە نەوە نوێکان دەتوانن خۆیان بە بەشێک لەو دنیایە بزانن کە ئەمرۆ ناوى کوردستانە، نەک بە لێشاو وڵات بەجێبهڵین و لە جوگرافیاکانى تردا بەدواى بەختەوەرى و شوناس و هاووڵاتیبووندا بگەڕێن.
لێپرسراوانی ژمارە
ژمارە ١٤-١٥
لە بڵاوکراوەکانی نیوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی
لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: ئاراس فەتاح- بەختیار عەلی- مەریوان وریا قانیع
لێپرسراوی ئاوێنە بچکۆلەکان: هیوا قادر
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:
– هەڵوێستە
– ئاراس فەتاح: ئەنتەرنێت و گۆڕانی کۆمەڵگا
– بەختیار عەلی: کۆچ بەرەو ناشوێن (بەشی دووەم)
– مەریوان وریا قانیع: عەلمانییەت و ئایین
– دارا مەحمود: هێرمێنۆتیک و پرۆسەی خوێندنەوە و نووسین
– دانا ڕەئوف: هەندێ لە ساتەوەختەکانی واقع
– گفتوگۆیەک لەگەڵ د. یوسف سەلامە؛ سازدانی: سەلاح ئەحمەد
– گفتوگۆیەک لەگەڵ د. محەمەد ئارکۆن؛ سازدانی: هاشم ساڵح. وەرگێڕانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
– دیدارێک لەگەڵ د.فالح عەبدولجەبار؛ سازدانی: ئارام سەعید
– بەختیار عەلئ: خوێندنەوەیەک لە دەمامکە فەلسەفییەکانی ئیسلامی سیاسیدا
ڕووناک فەرەج: تاک لە کۆمەڵگەی کوردیدا
ئاوێنە بچکۆلەکان
هەڵوێستە
گومانی تیا نییە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێراق ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لە ژیانی سیاسی و کولتووریماندا دەبێت، ڕوخانی سەدام حوسەین ئەو خەونەبوو کە ساڵەهای ساڵە دەمانبینی. خەونێک، منداڵی و گەورەییمانی داگیرکرد، لەگەڵیدا گەورەبووین، لەگەڵ خۆماندا تا مەنفاکان هەڵمانگرت، بووە بەشێکی نەگۆڕ لە هەر وێناکردنێکمان بۆ ئایندە، ئاواتەکانمان لەزۆر سەرەوە پابەستی ئەو ئاواتە بوو، پڕۆژەکانمان پابەستی ئەو پڕۆژەیە بوو. ڕوخانی سەدام خەونێک بوو تێکەڵ بە ئەفسانە، لە سروشتی خەونە ئاساییەکان دەرچوو، ئەو هەتا سنووری ئەفسانە کۆییەکانیش تێپەڕی و بوو بەو خورافەتەی دەبایە تا ڕۆژی وەدیهاتنی هەموو ژیان بوەستێت، دەبایە واقیع و فاکتەکانی سەر زەمین بێدەنگ بن تا ئەم ئەفسانەیە دێتە دی. ڕوخانی سەدام کە ساڵانێکی درێژ سروشتی موعجیزەی وەرگرتبوو، سروشتی موعجیزەشی بەخشیبووە هەموو ئاواتە بچوکەکانمان، ئەو کۆی دونیای بەخۆیەوە گرێدابوو، بەجؤرێک بەر لە مردنی نەدەکرا بیر لە ژیان بکرێتەوە و دنیایەک وێناکرێت لە دەرەوەی ئامادەگی خوێنینی دنیاکەی ئەودا.
ئەم دیکتاتۆرە دوای ڕۆستنی کۆمەڵێک خەون و واقیعێکی تێکشکاوی بۆ جێهێشتین ، دەرگای زیندانەکانی کرانەوە و کۆمەڵێک مرۆڤی لێهاتنەدەر، کە پێویستیان بە ماوەیەکی درێژ و هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ ڕاهاتنەوە بە ژیان. خودی واقیعی عێراقیش ڕێک وەکو دۆخی ئەو زیندانیانە وەهایە کە بە ماندوێتی لە تاریکستانەکانی ئەو دیکتاتۆرەوە هاتنەدەرێ، جیهانێکە پر لە خەون، بەڵام ماندوو و تێکشکاو. عێراقی ئێستا دونیایەکە برکرو بە چەندان هێز کە لە زۆر سەرەوە بەرهەمی عەقڵانییەت و کولتوورو خەیاڵی سیاسی قۆناغی بەعسن، بە چەندەها سەر و لە چەندەها ڕێگاوە دەچنەوە سەر ئەزموونی ناشیرینی بەعس، دەیانەوێت ژیان وەک ئەو کۆنترۆڵبکەن، دنیا وەک ئەو دروست بکەنەوە، ئینسان بەهەمان ئەندازە بچووک ڕاگرن وەک ئەو. ئەم هێزانە خەون بە داخستنی دەرگای سینەماکانەوە دەبینن، لە خەیاڵی پەچەپۆشکردنی کۆمەڵگادان، دەیانەوێت زانکۆکان  بکەنە خانەقا و مزگەوت. یان هێزگەلێکی دی کە عێراق لە شوناسێکی عەرەبیدا بەنددەکەن و جگە لە جێگایەکی پەراوێزی بۆ شوناسەکانی دی هیجی تر بە ڕەوا نابینن. هێزگەلێک لە پەنجەرەکانەوە دەمانبەنەوە ناو هەمان ماڵی سەدام حوسەین.
بەڵام دونیای دوای سەدام پڕە لە ئەگەری دیکەش کە پێویستییان بە هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونێکی گەورە هەیە بۆ بەرجەستەبوونیان، یەکێک لەو ئەگەرانە گۆرینی عێراقە لە قەوارەیەکی جوگرافی بەزۆر دروستکراوەوە بۆ نیستیمانێکی هاوبەش، نیشتیمانێک تێیدا عێراق نەبێتە مایەی زەوتکردنی مافی تاک و گروپ و نەتەوەکانی ناوی، بەڵکو ببێتە بوونێکی کراوە بە ڕووی هەمەڕەنگی و جیاوازی و ئازادیدا. عێراقییەتێک کە لە بری ئەوەی بە سوپا و زیندان و دەزگا ئەمنییەکان بپارێزرێت، بە دەستوورێکی دیموکرات، بە دابەشکردنی دەسەڵات، ڕێزگرتنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ بپارێزرێت.
دیارە ڕۆڵی کوردستان و ئێمەی کورد لە داڕشتنی ڕوخساری داهاتووی عێراقدا دەکرێت جەوهەری بێت. بە حوکمی دوازدەساڵ دووری لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەعسەوە، تێڕوانینی خەڵکی کوردستان بۆ ژیانێکی خاڵی لە سەدام حوسەین لە بەشەکانی دیکەی عێراق گەورەترە. ئەمە جگە لەوەی کوردستان لەهەر شوێنیکی دیکەی عێراق پتر بەر زەبری بەعس کەوتووە، قوربانیانیش لە هەرکەس زیاتر لە جەلاد تێدەگەن. لە دوای هەرەسی دیکتاتۆرییەت ئەوانەی پتر ژێردەستبوون، ئەوانەی زیاتر قوربانی بوون، دەبێت زیاتر لەوانی دی هەڵگری پڕۆژە ئەلتەرناتیڤەکان بن. تەنیا تەنیا ئاسۆ لەبەردەم قوربانیدا ئەوەیە کە لە تەواوی هاوکێشەی جەلاد و قوربانی بچێتەدەرێ، دونیایەک دروست بکات نە تیایدا ببێتە جەلاد نە ببێتەوە بە قوربانی. بۆ ئەوەی قوربانییەکان ئازادبکەین، دەبێت جەلادەکانیس ئازادبکەین، دەبێت هەموو ئەوانەی کینە و توندوتیژی و ژێرپێخستنی ئەوانی دی فێربوون، ئەزمونی خۆیان بکەنە ئەزمونێکی دی، لەسەرەتاوە فێرببنەوە، دوبارە بسووتێن و زیندووببنەوە، مێژوویەک بژین لە دەرەوەی مێژووی جەلاد و قوربانیدا، مێژوویەک بە ئینسان ئینسانیەت و بە ژیان بەهایەک ببەخشێت کە نەکرێت لەژێر هیچ ناونیشانێکدا پەلامار بدرێت و سووکایەتی پێبکرێت.
ئەزموونی بەعس ئەزموونی شێواندنی جەستە و ڕۆحی هەموو مرۆڤەکانی ناو عێراقە، بە جەلاد و قوربانییەوە، ئەوەی ئەمڕۆ کە پڕۆسەیەکی گەورە و گرنگی هەموو بنیادنانەوەیەکی عێراقە، دروستکردنەوە و بیناکردنەوەی ڕۆحییانەی ئەوانەشە کە بەعس بە ناڕاستەوخۆ کردونی بە هاوبەش و هاویاری خۆی. ئەگەر ئازادی لە فەرهەنگی ئێمەدا پتر وشەیەکی ناو بەلاغەت بووبێت، وشەیەک کە لە مانایەکی کۆنکرێت و هەستێکی ڕاستەقینە و ئەزموونیکی فەردیدا بەرجەستەنەبووبیت، ئەوا ئێمەی کورد بەوەدا قوربانی گەورەین، دەکرێت پتر لە هەر گروپێکی دیکەی ناو عێراق بەرجەستەکەری ماناکانی ئازادی و ئەلتەرناتیڤەکانی بەعس بین، لێرەوە نوشوستی ئێمە لە بەرقەرارکردنی شێوازێکی دیکەدا بۆ ژیان و لێبوردن و پێکەوەژیان ئاسەوارێکی کوشوندەی لەسەر کۆی پرۆسەی بە دیموکراتییکردن لە عێراقدا دەبێت.
ئەوەی لە ئێستادا دەکرێت تەواو بۆ داهاتوو سوودی لێببینین تێڕامانە لە هۆکاری نوشوستییەکانی دیموکراسییەت لە کوردستاندا، تا ئەم نووشوستییە لە ئاستی عێراق دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نییە کوردستان مەڵبەندی یەکەم هەوڵی دیموکراسی جدییە لە عێراقدا، بۆیە ڕامان لە کێشە و گرفتەکانی ئەم ئەزموونە تاکە ڕێگای بونیادنانەوەی داهاتووە. ئەوانەی نایانەوێت لە کێشە گەورەکانی ناو ئەزموونی کوردستان تێبگەن دوای کۆجی دەسەڵاتی بەعس لە ١٩٩١دا، ئەوانەن کە بەرابەر پاشەڕۆژی دیموکراسییەت لەو ناوچەیەدا کەمتەرخەمن. ئێمە هەموو دەزانین دیموکراسییەت لە کوردستاندا بە تەنیا سەرناکەوێت، دیموکراسییەت زنجیرەیەک ئەڵقەی پێکەوەگرێدراوە. زنجیرەیەک سیستمی وابەستەیە بەیەکەوە و پەیوەندییەکی چەند جەمسەرە ئاستە جیاجیاکانی بەیەکەوە گرێدەدات، لێرەوە ئەزموونێکی خراپی دیموکراسییەت دەشێت دەرئەنجامی ترسناکی لەسەر کۆی پرۆسەی بە دیموکراسیبوونی عێراق هەبێت. دیموکراسییەتیکی کارتۆنی لە کوردستاندا، دەبێتە هەوێنی دیموکراسییەتیکی کارتۆنی لە عێراقدا، لێرەوە ئاوڕدانەوەیەکی گەورە لە دۆخی دیموکراسییەت لە کوردستاندا، مەرجی سەرەکییە بۆ بیرکردنەوە لە داهاتووی عێراق.
ئەمڕۆ داڕشتنی بەرنامەی ڕیفۆرمێکی ڕادیکاڵی دیموکراسییانە لە کوردستاندا لە هەرکات پێویستترە، ڕیفۆرمێک لە سیستمی پەروەردەی سەرەتاییەوە بیگرێتەوە تا سیستمی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادگاکان. ڕیفۆرمێک بوێرانە دەستبداتە ڕوخانی ستراکتورە کۆنەکان، لە ڕیگایەوە هەیمەنەی حیزڤ لەسەر دەزگاکانی دەوڵەت و ڕاگەیاندن و ئابوری هەڵگرێت. زامنی جەنگ بێت لەگەڵ فەسادی ئیداری و ئابووریدا، ڕیگا بۆ هەلبژاردنێکی سەرتاسەری بکاتەوە، کولتوورێکی سیاسی نوێ سەروەرکات کە لەسەر شەفافیەت و ڕیزگرتنی جیاوازی کاربکات. ئەمێستا ئەو ساتەیە کە کۆمەلگای مەدەنی ئێمە لە سەرخاشاکی فاشییەت لە دایکبوونێکی ڕاستەقینە لەدای ببێت. بەلام دەبێت بزانین کە ئێمە لە کوردستاندا تاکە گرفتمان کێشەی سڕینەوەی ئاسەواری بەعسیزم نییە، بەڵکو بۆئەوەی بیسەلمێنین لە سڕینەوەی ئاسەواری بەعسیزمدا ڕاستگۆین، دەبێت لە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆوە دەستپێبکەین. کە تائەمڕۆ سێبەری خۆی بەسەر کۆی زەینی سیاسی ئێمەدا کێشاوە. بە مانایەکی دیکە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی بەعسیزم دەبێت هاوشانبێت بە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو کولتوورە سیاسییەی دیکەش کە ساڵەهایە لە کوردستاندا چەمک و دید و ماناکانی لەنێوان ناکۆکی سیاسی بەرتەسک و شەڕی ناوخۆدا دەچێنێت. لەڕاستیدا بەشی هەرە زۆری ئەو داواکارییە دیموکراسییانەی لە عێراقدا داوادەکرێت، بۆ کوردستانیش پێویستە، نیساندانی کوردستان وەک دەڤەرێکیدیموکراس کە کێشەکانی لە کێشەکانی دیکەی عێراق ناچێت، نیشاندانی گرفتی دیموکراسییەت وەک گرفتی عێراقی عەرەبی کە ئێمەی کورد ناگرێتەوە، لۆژیکی ئەوەی گوایە دیموکراسییەت لە کوردستان بەرکەماڵە سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەیەکی دواکەوتووە و گەر ئەم دیموکراسییەتە گرفتێکیشی هەبێت ئەوا لەم دواکەوتنەوە سەرچاوەی گرتووە. بەهەڵەماندا دەبات. ڕووبەڕوونەبوونەوەی ڕاستەقینەی کێشەکان و درێژەدان بەسیاسەتی خۆفریودان زەبری کوشندە لە داهاتووی خۆمان و نەوەکانی ئایندە دەدات.
لە ڕوویەکی دیکەوە، کۆشش بۆ دیموکراسییەت لە کۆشش بۆ تازەگەری جیاناکرێتەوە، دیموکراسەکان هەمیشە تازەگەرن. لە هەناوی دونیای کۆنەوە، لە قووڵایی سەدە تاریکەکانەوە، لەو ڕۆژگارانەوە کە چ تیشکێکی ڕاستەقینەیان تیا نادرەوشێتەوە، یەکسانی و برایەتی نایەتەدەرێ، لێرەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دوژمنانی تازەکردنەوە دوژمنانی گۆڕان دوژمنی ڕاستەوخۆی دیموکراسییەتیشن. دیموکراسییەت نە ڕابوردووە و نە ئێستا، بەلکو داهاتووە، بۆیە هەر هێزێک بۆنی داهاتووی لێ نەیەت، بۆنی دیموکراسییەتیشی لێنایەت.
دیموکراسییەت لە گۆڕینی شێوەکانی بیرکردنەوەوە دەستپێدەکات، دووبارەکردنەوەی دوێنیئیرادەیەکی ئەوتۆی ناوێت، بەڵام هێزێکی مەزنمان پیویستە بۆئەوەی دوێنێ دووبارەنەکەینەوە. ئازادیی هەمیشە سەختترە لە کۆیلەیەتی، مرۆڤی ئازد ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ئەو نامۆبوونە بشکێنێت کە لەنێوان خۆی و جەوهەری ئینسانیانەیدا دروستبووە، کەسێکە دووبارە بیردەکاتەوە، بۆیە دەتوانێتداوا لە کۆمەڵگا بکات دووبارە بیربکاتەوە، کەسانی ئازاد بەر لە کۆمەڵگای ئازاد لەداکدەبن، کەسانێک کە خەیاڵیان لە بەردەم دیدو خەیاڵی دەستەجەمعییدا ئیفلیجنابێت، وەک چۆن خەونی ئەوەشیان نییە دیدو خەیاڵی خۆیان بەکەنە ئەلتەرناتیفی کۆی دیدو خەیاڵی کۆمەڵگا، بەڵکو ئەوان لە ناوکۆیی هەوڵێکی گشتیدا چالاکدەبن. دیموکراسییەت بەرلەوەی پێویستی بە هێزی سیاسی بێت، پێویستی بەوانە هەیە کە دووبارە بیردەکەنەوە. دیموکراسییەت لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە بیرکردنەوەی قووڵ تیا دەستپێدەکات، بیرکردنەوەیەک کە بە ئاڕاستەی ئازادژردنی خۆی کاردەکات، عەقڵێک کە ڕووەو شکانی کۆتەکانی خۆی دەبزوێت. بۆشکاندنی هەر ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی ستەمگەری لە مەچەکماندا، پێویستیمان بە شکاندنی دۆگمایەک لە دۆگما کۆنەکان هەیە لە عەقڵماندا، ستەمگەری و دۆگمای فیکری دوو هاوڕێی هەمیشەیین.
لە سایەی تەسکبیری سیاسی و هەژاری فیکرییەوە، دیموکراسییەتێکی هەژارو پڕ لە فێڵ دادەمەزرێت. دیموکراسییەتێک بێ نوخبەی ڕؤشنبیر، بێ ڕؤشنبیرییەکی بزێو، بێ فیکرێکی ئامادە لەسەر دیاردەکان، بێ هێزێکی ڕەخنەگەر کە لە فیکردا جیهان بەشێوەیەکی نوێ بنیادبنێتەوە. لە بری ئەوەی ببێتە هێزێکی دامەزرێنەر بۆ شارستانییەت، دەبێتە فەزای پارچەپارچەبوونێکی کۆمەڵایەتی قووڵ، لە بری ئەوەی ببێتە ئەو شوێنەی تیایدا جیاوازییەکان یەکتر دەوڵەمەندبکەن، دەبێتە فەزای لەیەکترازان و دوورکەوتنەوەی جیاوازییەکان، لە بری ئەوەی ببێتە فەزای کاری هاوبەش بۆ دوو هێزی جیاواز، دەبێتە شوێنی گەڕانەوە و گەورەبوونی دیکتاتۆرییەت. دیموکراسییەتی هاوڕێ بە نوخبەی ئیفلیج، هاوڕێ بە کەمتەرخەمی دەرهەق بە فیکر دەبێتە ئەو قۆناغی ئاژاوەیەی کە شەرعییەت دەبەخشێتەوە بە گەڕانەوەی دیکتاتۆرەکان. لەنێوان نوخبەی فیکریی ئیفلیج و شێوە جیاوازەکانی دیکتاتۆریەتدا پەیمانێکی ئەبەدی هەیە.
لەم دیدەوە ڕۆڵی ڕؤشنبیران و فیکر لە دامەزراندنی دیموکراسییەتدا بەخشینی جەوهەرو مانایە بەو پرۆسەیە، زۆرن ئەو ڕەهەندانەی کە سیاسەت لە دیموکراسییەتدا ناتوانێت سەقامگیریان بکات، زۆرن ئەو نرخ و بەها ڕۆحی و مەعنەوییانەی سیاسەی ناتوانێت لە سیستمی ژیانی تاکەکەسیدا بیانچەسپێنێت. سیاسەت لە باشترین دۆخدا “گەرچی لە ولاتی ئێمەدا لە دۆخیکی هێجگار خراپدایە”، ناتوانێت سیستمی دیموکراسی بگەێنێتە تەواوی توانا ناوەکییەکانی، بۆیە دیوکراسییەت بەبێ ڕۆشنبیرییەکی ئازاد جگە لە شێوەیەکی مۆدێرن بۆ خێڵەکێتییەکی کۆن شتێکی دی نابێت.
ئەوەی ئێمە لەم قۆناغەدا خەونی پێوەدەبینین، هەر هەمان ئەو خەونەیە کە لەسەرەتاوە ئیشمان لەسەرکردووە. داوای نوێکردنەوە ڕؤشنبیری کوردی، دەرهێنانی ئەم ڕؤشنبیرییە لە تاریکستانەکانی خۆی، بۆ مانا، بۆ نرخ. ببێتە هێزێک خوێندنەوەکانی زانستێکی کۆمەڵایەتی و تەرزێکی ئیستاتیکی قووڵی لەسەر بونیادبنرێت، پاشکۆی هیچ دروشمێک نەبێت کە لە قووڵایی ئیشی تیوریی خۆیەوە هەڵنەقوڵابێت، پاشکۆی هیچ هێززێک نەبێت کە تەنیا بە جەهل و کەلەپوورەکەی ئیشبکات. خەونی ئێمە بەردەوام خەونی تازەکردنەوە بووە، تازەکردنەوەی فیکریشمان بە سەرەتای تازەکردنەوەی شتەکانی دیکە زانیوە.
ئەوەی ئێستا دەتوانین جەغتی لەسەربکەین هەر ئەوەیە کە لەسەرەتاوە جەغتمان لەسەرکردووە، ڕۆشنبیران ڕۆڵیان ئەوەیە، ئەوەی نەبینراوە بیهێننەوە ناو ئاسۆکانی بینین، ئەو ڕەهەندانەی فەرامۆشکراون بخەنەوە ناو سنوووری تێفکرین… چونکە دیموکراسییەت زیندووکردنەوەی گوتارە چەپێنراوەکانە، سەردەرهێنانەوەی ئەو بابەتە تابۆ و قەدەغانەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژ لە یادکراون. دوای ڕوخانی سەدام پتر پەیوەندی نێوان دیکتاتۆرییەتی فیکری و دیکتاتۆرییەتی سیاسی دەبینین، پتر پەیوەندی نێوان حەرامە فیکری و حەرامە سیاسییەکان دەبینین، لێرەوە ڕوخانی سەدام هۆکارێکی گرنگە پتر لەسەر فراوانکردنی ڕەهاندە فیکرییەکانی ڕؤشنبیریی خۆمان پێدابگرین و دروستی ئەو میتۆدە ببینین کە لەسەرەتاوە کارمان پێکردووە.
ئێمە داهاتوو وەک دونیایەکی پڕئەگەر و ئومێد تەماشادەکەین کە تیایدا دەتوانین ئازادانەتر بۆ خەونەکانی خۆمان ئیشبکەین، دەشمانەوێت ئەم ساتی هیوایە بە هەموو هێز و ئەگەر و تواناکانی خۆیەوە بژین، دیارە ئاگادارین هەمیشە گرفتەکان لە ئێمە گەورەترن، ئاگادارین بۆ گۆڤارێکی کەمدەرامەت و سەختگیر لە میتۆدی ئیشکردنی خۆیدا، هەموو ئەم شتانە ڕەوتی کارکردنمان بە شێوەی ترسناک خاودەکاتەوە، دیارە بەردەوام هەوڵمانداوە ئەوەی لە ڕەهەند ناتوانین ئەنجامیبدەین، بە چالاکی دی لە دەرەوە پڕیبکەینەوە، بەڵام خودی ئەم گۆڤارە و نرخە ڕەمزییەکەی وادەکات لەگەڵ زیندووبوونەوەی ئومێدەکانەوە پتر کاری بۆبکەین. هیوادارین ڕەهەند بتوانێت بە ئەندازەی گەورەیی خەونەکانی کاربکات، نەوەک بە ئەندازەی بچوکی بەرتەسکی تواناو ئەگەرەکانی بەردەمی. بە ئەندازەی قووڵیی خۆی کاربکات، نەوەک ئەندازەی ئەو ڕووبەرە چکۆلانە و سەختەی ژیان کە بە ئەستەم بواری هەناسەدانی جێدەهێڵێت. ئەم ژمارەیەی ڕەهەند بەڵێنی ئێمەیە بۆ تازەکردنەوەی ئەو پەیمانە گەورەیە لەگەڵ ئومێد و ژیان و خوێنەردا بەستوومانە.
ژمارە ١٦-١٧ /٢٠٠٤
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:
– هەڵوێستە
– شاهۆ سەعید: کۆمەڵگای گەنج/کۆمەڵگای پیر
دەربارەی سۆسیۆلۆجیای تەمەن و دەرکەوتەکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا
– بەختیار عەلی: شەهید
لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەکارهێنانە سیاسییەکانی مەرگ
– ئاراس فەتاح: شوناس و ململانێ لە کۆمەڵگای دوای جەنگ
– مەریوان وریا قانیع: نەتەوە و ناسیۆنالیزم
– بەکر ئەحمەد: هەولێری
گوتارێک بۆ داشۆرین و گاڵتەپێکردن، یان ئاوێنەیەک بۆ لەخۆڕوانین
– مەجید عەزیز: ئەمریکا: تێڕامانێک لەسەر ووزە و ژیان لە کۆمەڵگەی ئەمریکی
– عەتا نەهایی: خۆکوژی ژنان و ڕازی هەڵبژاردنی ئاگر
– بەختیار عەلی: لە سەلەفییەتی چەپەوە بۆ سەلەفییەتی ڕاست
– ئۆڤە ڤیکسترۆم؛ بەشوێن ثێکانی دۆستیۆفسکیدا، وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ئاراس وەلی
– ئێران و ئەگەری ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگای ئایینی. دیالۆگێک لەگەڵ یۆرگن هابرماس
سازدانی: کریستیانە هۆفمان. وەرگێرانی لە عەرەبیەوە: بروا عەلادین
– ئاوێنە بچکۆلەکان
هەڵوێستە
ئێستا لەیەکێک لە ساتەوەختە هەرە گرنگەکانى مێژووى خۆماندا دەژین. لەدواى ڕاگەیاندن و ئیمزاکردنى ((یاساى کاتى))یەوە بۆ بەڕێوەبردنى عێراق، قۆناغێکى تازە لە ژیانى سیاسى ئەم وڵاتەدا دەستپێدەکات کە بە وەرچەرخانێکى گەورە لە مێژووى عێراقدا دەزانرێت و دەبێتە سەرەتاى دەستپێکردن و تاقیکردنەوەیەکى ترى پێکەوەهەڵکردن و گونجان و پێکەوەژیانى کۆى ئەتنى و مەزهەب و تەوژمە سیاسییە جیاوازەکان. ئەمڕۆ بناغەیەکى تازە بۆ ئەو گونجان و هەڵکردن و پێکەوەژیانە داڕێژراوە، کە بەراورد بە ڕابردووى عێراق بە دەستکەوتێکى سیاسى دادەنرێت. هیچ دەستکەوتێک لە مێژووى هاوچەرخى بزوتنەوەى سیاسى کوردستانیشدا هێندەى ئەم یاسایەى بۆ کوردستان دەستەبەر نەکردووە و لەمڕوەوە بە یەکێک لە خاڵە پۆزەتیڤەکانى ناو مێژووى ئەم بزوتنەوەیە دادەنرێت. ڕاستە وتووێژەکانى ناو ئەنجومەنى حوکم دوور لە ئاگادارى خەڵکى و لە ناو ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوەدەبران، ڕاستە کەمترین زانیارییان لە بارەى وتووێژەکانەوە بە خەڵکى ڕادەگەیاند، ڕاستە نوێنەرانى کورد کەمترین لێدوانیان لەسەر مەسەلەکان بە خەڵکى کوردستان دەدا و دواجاریش ڕاستە کەسیش تا دەرچوونى یاساکە نەیزانى نوێنەرانى کورد چ پرۆژەیەکیان پێشکەشکردووە و بەندەکانى چین، بەڵام پاش دەرچوونى یاساکە کەمێک دڵنیابووین کە نوێنەرانى کورد لە داڕشتنى یاساکەدا و دەرهەق بە هەندێک بەندى گرنگ وریابوون. یاسا کاتییەکە بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکى ڕەسمى و ڕاشکاو دان بە نەتەوە جیاوازەکانى عێراقدا دەنێت و بۆ یەکەمجار لە مێژووى سیاسى ئەم دەوڵەتەدا عێراق وەک دەوڵەتێکى عەرەبى پێناسناکات، بەڵکو بەتەنها گەلى عەرەبى عێراق بە بەشێک لە نەتەوەى عەرەب دادەنێ. زمانى عەرەبى و کوردى دوو زمانى ڕەسمى دەوڵەت دەبن و کۆمارى عێراقیش فیدراڵى دەبێت. هەموو ئەم خاڵانەش باس لە دروستبوونى عێراقێکى دى دەکەن کە ڕاستەوخۆ پێچەوانەى ئەو مێژووە خوێناوییەیە کە عێراق لە بیستەکانى سەدەى ڕابردووەوە و تا لەناوچوونى ڕژێمى بەعس، تۆماریکردووە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەم یاسایە کاتییە بۆئەوەى لە مناوەرە و تەڵە و فێڵى ئەو سیاسییانە ڕزگارى بێت کە نەک لەسەر بناغەى بڕوابوون بە دیموکراتى، بەڵکو بۆ گەڕان بەدواى دەرفەتێکى باشتر و گونجاوتردا بۆئەوەى خواستە دیکتاتۆرییەکانیان ئاشکرابکەن، ئیمزاى بەیانەکەیان کردووە، هەر لەسەرەتاوە کۆمەڵێک مەرجى گرانى بۆ دەستکاریکردنى بەندەکانى یاساکە داناوە کە هیچ نەبێت لە ئاستى دەستووریدا لە گەرمەى ئەم جۆرە سیاسەت و سیاسییانە دەیپارێزێت. ڕێک ئەم بەندانەش بوونەتە مایەى ناڕازیبوونى ئەو هێزانە و بوونە هۆى دواخستنى ئیمزاکردنى بەیانەکە. ئەوەتا تائەمڕۆش بەردەوام خۆپیشاندان دژى ئەنجامدەدرێ. لە هەموو ئەو بەندانەش گرنگتر ئەو بەندەیە کە دەڵێت گەر سێ پارێزگا دەنگیان بە مادەکانى دەستوورى هەمیشەیى نەدا، ئەوا دەستوور دەبێت ڕەتبکرێتەوە و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە. ئەم بەندە زامنێکى گرنگى پاراستنى بەندەکانى ئەم یاسایە و دیموکراسییەتە لە عێراقدا، ئەگەر بەرجەستەببێت، فاکتەرێکى گرنگە بۆ پاراستنى کەمینەکان لە ستەم و دیکتاتۆریەتى زۆربە.
دیارە لە هەموو ڕێکەوتنێکدا کە لایەنەکانى بەخواست و داواى جیاوازەوە دەچنە سەر مێزى گفتوگۆ، هەمیشە دەبێت ئەو لایەنانە ئامادەبن بۆ وازهێنان لەهەندێک خاڵ و لەدەستدانى هەندێک لە داواکارییەکانیان. لە دنیاى دانوستاندا وتووێژێک نییە لەسەداسەدى خواستەکانى لایەنەکان بهێنێتە دى. بەتایبەتى لە دۆخێکدا کە شتێک لە هاوسەنگى تەرازووى هێز لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت و هێزێک نەبێت شتەکان بەزۆر و بەویستى خۆى بسەپێنێت. لێرەوە ئامادەگى بۆ دۆڕانى هەندێک شت و بردنەوەى هەندێک شتى تر لە ڕێسا سەرەکییەکانى دانووسان و لەڕاستیشدا سیستمى دیموکراسییە. بەڵام ئەو بەندوباوەى کە دەڵێت عەرەبى شیعە یاخود سوننە شتێکیان دۆڕاندوە، دەستبەردارى شتێک لە مافى خۆیان بوون، دوورە لە ڕاستییەوە، هێند هەیە کۆمەڵێک لایەنى دینى و ناسیۆنالیستى بەردەوام داننان بە مافى ئەوانى دیدا بە لەدەستدان و دۆڕانى سیاسى دەزانن. ئەوەش کارێکە دوورونزیک پەیوەندى بە دیموکراسییەوە نییە و لەئایدۆلۆژیایەکەوە سەرچاوەى گرتووە کە دەیەوێت هەموو شتەکانى هەبێت و ڕێز بۆ داخوازیى هێزەکانى تر دانەنێت. ئەم قسەکردنە زۆرە لەسەر دۆڕان و دەستبەرداربوون هەڕەشەیەکى گەلەک ترسناکە لەبەردەم ئەم یاسا کاتییەدا.
ئێستا پرسیارى سەرەکى ئەوەیە ئایا هێزە عێراقییەکان فێربوون لە گەمەى دیموکراسیدا داننان بە مافى بەرابەردا وەک تەنازول و دۆڕان تەماشانەکەن؟ ئایا فێربوون لە کۆمەڵگایەکدا کە چەندان دەنگ و ڕەنگى ترى تێدایە ئامادەبن شتى دى ببیستن و هەر چاوەڕێى ئەوە نەبن گوێیان لەسەداى دەنگى خۆیان بێت؟ ئایا ڕێزى ئەو ڕۆژە دەگرن کە هەر هەموویان ئیمزاى خۆیان خستە سەر بەیانەکە؟ لە هەمووى گرنگتر ئایا ئامادەن بەندەکانى جێبەجێبکەن و لەسەر کاغەزەوە دایبەزێنن بۆ ناو واقیع؟ بەکورتى ئایا هێزە سیاسییە عێراقییەکان ئامادەن فێرى دیموکراتى بن، یان دەتوانن دیموکراتى بن؟
ئەو دەنگى ناڕەزاییانەى لە هێز و مەرجەعە دینییە شیعییەکانەوە بەرزبووەوە و ئەو جوڵەیەى دژى جێگیربوونى یاساکە ئەنجامدەدرێ، مایەى خۆشبینى نییە… موقتەدا سەدر یاساکەى بە ((وەعدى بلفۆر)) دانا و سیستانیش بۆ دژایەتیکردنى چەند لیژنەیەکى پێکهێناوە و لە ماوەى داهاتوودا کار و کردەوەکانیان دەبینین. دۆستەکانى دوێنێى کورد و هاوسەنگەرانى سەردەمى دژایەتیکردنى بەعس کە داکۆکیکردنیان لە مافە ڕەواکانى گەلى کورد نەدەشاردەوە، ئەمڕۆ زۆربەى ناڕازیبوونەکانیان پەیوەندى بەو بەندانەوە هەیە کە باس لە مافەکانى کورد دەکەن (هەمان چیرۆکە ناشیرینەکەى جاران!)…
وێنەى کورد بەهۆى ڕاگەیاندنى عەرەبى و کەناڵە فەزاییەکان و زۆرینەى ڕۆشنبیرانى ناسیۆنالیست و ئیسلامیستى عەرەبەوە، لەجاران زیاتر لە وێنەى دوژمن و خائیندا لەناو فانتازیاى خەڵکى عەرەبدا دەچێنرێ. تەقینەوەکانى هەولێر، ڕووداوەکانى قامیشلى و شەهیدکردنى چەندین هاوڵاتى کورد بێ هیچ لێپرسینەوەیەک، ئەوە دەردەخەن کەچ ڕق و کینەیەکى شاراوە چ ترسێکى گەورە بەرامبەر بەکورد و ئەو داواکارییانە هەیە کە کوردەکان چاوەڕێن لە عێراقى  داهاتوودا بۆیان مسۆگەربکرێت.
پەرچەکردارى کۆى ئەم هەلومەرجە سیاسییە دژوارەش جارێکى دى تۆنى نەتەوایەتى لەناو  کوردستاندا بردۆتەسەرێ و ڕۆحى یەکگرتن و یەکێتى لەناو خەڵکیدا بەشێوەیەک بەهێزکردووە، کە گەلێک لەو کێشە و گرفت و پرسیارە ناوخۆییانەى فەرامۆشکردووە کە بەر لە ڕووخانى سەدام، بۆ کوردستان بایەخى سەرەکییان هەبوو. مەسەلەى پرۆسەى بەدیموکراتیکردنى کوردستان و دەستکورتکردنەوەى حیزبەکان لە ژیان و بوونى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و یەکخستنەوەى ئیدارەکان و ڕێکخستنى هەڵبژاردنێکى نوێ و ئەکتیڤکردنى پەرلەمان، هەموو ئەمانە لەناو فەزاى بەرزبوونەوەى هەستى هەڕەشەدا پاشەکشێیانکردووە. واتە لەم هەلومەرجەدا کە کۆى پێکهاتەى سیاسى عێراق و شێوەى ڕێکخستنى پەیوەندى هێز و گروپ و ئەتنییەکانى ناوى، لەژێرپرسیاردایە و لەبناغەوە گۆڕانى بەسەردا دەهێنرێت، هەلومەرجى کوردستان بەدەستلێنەدراوى دەمێنێتەوە و وەک خۆى چۆنە دەهێڵرێتەوە. یاساکە دان بە هەلومەرجى هەنوکەى ناوچە ڕزگارکراوەکانى کوردستانى دواى ڕاپەڕیندا دەنێت و بەهەمان جوگرافیاى ئێستاوە، دەیهێڵێتەوە. ئەم خاڵەش خۆى یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانى ئەم یاسا کاتییە. چونکە ئەگەرچى یاساکە بەشێوەیەکى پۆزەتیڤ هێڵە گشتییەکانى بۆ ڕێکخستنى پەیوەندى نەتەوە و ئەتنییە جیاوازەکانى عێراق داناوە، بەڵام بەتەواوى بێدەنگە لە ڕێکخستنى پەیوەندى ناوخۆى ئەتنى و هەرێمەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەرێمى کوردستان بەهەمان ئەم سنوورە جوگرافى و دابەشبوونە ئیدارییەى ئێستاوە دەمێنێتەوە؟ ئایا دوو هێزە سەرەکیییەکە هەمان ئەو دەسەڵاتانەى جارانیان دەبێت و ئەم پاشەگەردانییە یاسایى و ئەم گیانى حیزبایەتییە توندەى کە دەستى حیزبى خستۆتە ناو زۆربەى بوارەکانى ژیانەوە، بەردەوام دەبێت؟ ئایا دووهێزە سەرەکییەکە، وەک جاران کوردستان وەک برا دابەشدەکەن و بەبێ هیچ دیسپلینیکى یاسایى و سیاسى، خۆیان هەموو کارە دەبن و ڕۆڵى حیزبى سەرکردە دەگێڕن؟ ئایا لێپرسراوەکان وەک جاران لەسەرو یاسا و لێپرسینەوە و چاودێرییەوە دەبن و هەروا مەلەفى داراییان لە دەرەوەى لێپرسینەوە و چاودێرى یاساییەوە دەبێت؟ ئایا سنوورێکى یاسایى دادەنرێت بۆ دەسەڵاتى سەرکردەى حیزبەکان یان وازیلێدەهێنرێت  لەو فۆرمەى ئێستایدا کە لەدەرەوەى هیچ چاودێرییەکى یاسایى و سیاسى و تەنانەت ئەخلاقیشدان؟ ئایا سەروەرى یاسا هەمان ئەو سەروەرى یاسایەى جاران دەبێت… ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و دادگا دەکات و لێپرسراوانیش ئازاد؟ ئایا ڕۆژنامەى سەربەخۆ چاودێرى دەسەڵاتى سیاسى دەکات و فشارى دەخاتەسەر، یان وەک جاران ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان لەژێر چاودێرى دەسەڵاتى سیاسی و فشاردا دەبن؟ ئایا ئەو دەسەڵاتە سیاسییە گوێ لەو ڕەخنە و بۆچوونانە دەگرێت کە هەڵە و کەموکوڕییەکان نیشانئەدات یاخود وەک ئێستا هەمان ستراتیژییەتى بێنرخکردنى هەر دەنگێکى ڕەخنەیى دەگرێتەبەر؟
ئەم پرسیارانە و گەلێکى دیش ئەمڕۆ گرنگییەکى سەرەکییان بۆ داهاتووى کوردستان هەیە. دروستبوونەوەى عێراق گەر هاوکات نەبێت لەگەڵ دروستبوونەوەیەکى تازەى کوردستانیشدا، وادەکات کۆى ئەو یاساى بەڕێوەبردنەى عێراق مانایەکى نابێت. ئەمڕۆ لەپاش ١٢ ساڵ دەسەڵاتى کوردى ناوچەیى بەسەر کوردستاندا، پرسیارەکە تەنها مانەوەى دەسەڵاتى کوردى و هێشتنەوەى ئیدارەکەى نییە، بەڵکو لەهەمانکاتدا دیموکراتیبوون و کرانەوەى ئەم ئیدارەیەیە. ئەو مەترسییەى ئەمڕۆ ڕووبەڕووى کوردستان دەبێتەوە تەنها پاشگەزبوونەوە نییە لە بەڵێن و بەندەکانى ئەو یاسا کاتییەى کە هێزە عێراقییەکان ئیمزایانکردووە، بەڵکو بەردەوامى نەبوونى نەریتى دیموکراتى لەکوردستاندا و پاراستنى دوو میرنیشینە سیاسییەکە و باڵادەستى سیستەمى ((حیزبۆکرات))ییە کە دەسەڵاتى کادرە سیاسییەکانى خستۆتە سەروى هەموو لێپرسینەوە و یاسایەک، مەترسى سەرەکى ئەوەیە حیزبەکان بیانەوێت بەهەمان عەقڵییەت و هەمان فۆرمى دەسەڵات و هەمان داخرانى جارانەوە لەناو عێراقى فیدراڵدا بمێننەوە.
لە سەرەتاى ڕزگارکردنى عێراقدا و لە چاوپێکەوتنێکدا کە ((ڕۆژنامەى هاوڵاتى)) لەگەڵ جەنەڕاڵێکى ئەمریکى کە بەرپرسى باکورى عێراق بوو، ئەنجامیدابوو، لە وەڵامى پرسیارێکدا و لە ڕستەیەکى ڕاچڵەکێنەردا گوتبووى ((حەزدەکەم ئەوە ڕابگەیەنم کە ئێمە بۆ ڕوخانى ڕژێمى بەعس هاتووین، نەک بۆ ڕوخانى حکومەتى هەرێم)). جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە کە لەو هەموو شکاتەى خەڵکى کوردستان لە دەسەڵاتى سیاسى کوردى حەپەسابوو، دەیویست بەم ڕستانە خۆى لەدەست ئەو خەڵکە ڕزگاربکات کە لەسەریەک شکات و سکاڵایان بۆ دەبردن. بەڵام گومانى تیا نییە حوکمەتى فیدراڵ لە ناوەندا وەک جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە خۆى بە بێلایەن نازانێت و هەوڵى ئەوەش نادات لەو کێشە و مەسەلانە ڕزگارى بێت، ئەمە ئەگەر هانیشینەدات و نەیکاتە بەهانەیەک بۆ دەستخستنە ناو کاروبارى کوردستانەوە. ئەم سیستمە حیزبۆکراتییە داخراوە لە کوردستان کۆپییەکى ناشیرینى ژیانى سیاسى و عەقڵییەتى سیاسى و ئیدارى بەعسییەکانە. ئەمڕۆ حیزبەکان دەبێ لەوە تێبگەن زەمانەتێک بۆ مانەوەى هەرێمى کوردستان لەناو عێراقێکى فیدراڵدا نابێت ئەگەر ئەم هەرێمە پەیوەندییەکانى ناوخۆى بەشێوەیەکى دیموکراتییانە ڕێکنەخات و کۆمەڵگاى مەدەنى ئازاد نەکات و واز لە پاوانکردنى ئابوورى و بەڕێوبەرایەتییەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن بۆخۆى نەهێنێت. داهاتووى کوردستان چەند بەستراوە بەدیموکراتیبوونى هێزەکانى عێراقەوە، هێندەش بەستراوە بە دیموکراتیبوونى هێزە سیاسییەکانى کوردستانەوە. ئەوەندە بەس نییە داوا لە چەلەبى و سیستانى و عەلاوى و حەکیم و ئەوانى دیکە ببنە سیاسى دیموکرات، بەڵکو دەبێت داوا لە بارزانى و تالەبانیش بکەین کە هەرێمى کوردستان وەک یەکەیەکى جوگرافى و سیاسى یەکگرتوو بناسن و مامەڵەى لەگەڵدا بکەن، بەڵکو دەبێت سەرکردایەتى پارتى و یەکێتى بخرێنە ژێر فشارى یەکخستنەوەى ئەو دوو ئیدارەیەوە کە بوونیان بەو شێوەیەى ئێستاى هیچ مانایەک بۆ پێکەوەبوونى سیاسى خەڵکى کوردستان وەک کیانێکى یەکگرتوو، ناهێڵێتەوە. بەمانەیەکى دى کوردستان دەبێت ببێت بە ئەزموون و نموونە و هێزێکى گەورە بۆ پرۆسەى بەدیموکراتیبوون لە عێراقدا. ئەوسا و ئێستاش پرسیارى سەرەکى لە کوردستاندا مەسەلەى بوونى دیموکراتى و نەبوونى دەبێت، مەسەلەى کۆتاییهێنان بەم دۆخە کە 12 ساڵە لە هەرێمى کوردستاندا فەرمانڕەوایە. مەسەلەى کۆتاییهێنان دەبێت بەدەسەڵاتى لێپرسراوانێک کە هێزێک نییە لەم دنیایەدا چاودێرییانبکات و لەسەر هەڵەى بچوک و گەورە پرسیاریان لێبکات، مەسەلەى کۆتاییهێنان بە سیستەمێکى ئیدارى و حکومى دەبێت کە چەند فەسادى ئیدرى لێدەرکەوێت و چەند پێشێلکارى ئاشکرا بێت، ئامادە نییە کارمەندێکى بچوکیشى لەبەر ئینتیماى حیزبى لەسەر کار لابدات، سیستەمێک کە دەستگەیشتن بە هەواڵ تیایدا ئازادە و ڕۆژنامەنووسان هەمیشە ناچارنین بۆ سەلماندنى وەفادارییان بۆ کورد و کوردستان بەرائەت بەم بەرپرسیار و ئەو بەرپرسیار بدەن، سیستەمێک دەوێرێت هەڵبژاردن بکات و باوەڕى بەدەستگۆڕکێى دەسەڵات هەیە و هێزەکانى ئامادەن بۆ بردنەوە و دۆڕان. پرۆسەى بەدیموکراسیبوون چەند بۆ عێراق هەنگاوێکى ستراتیژییە و ئەوە دەستبەردەکات کە خەڵکى بەغدا یان بەسرە دەستنیشانى ئەوە نەکەن چى لە کوردستاندا ڕووبدات و خەڵک خەڵک لەم بەشەى ئەو وڵاتەدا چۆن بژین، بەهەمان ئەندازە بە نیسبەت کوردستانیشەوە پرۆسەیەکى ستراتیژییە و دەبێت دەستەبەرى ئەوە بکات یەکێتى بتوانێت لە دهۆک و سەلاحەدین حوکمبکات و پارتیش لە سلێمانى و قەڵاچوالان، کاتێک خەڵکى کوردستان لە هەڵبژاردندا بڕیاریان بۆ بدات.
لەپاش ئیمزاکردنى ((یاساى کاتى)) بۆ بەڕێوەبردنى عێراق، ژیانێکى سیاسى تازەش لە عێراقدا دەستپێدەکات کە ناتوانێ بێ تازەبوونەوەى ژیانى سیاسى لە کوردستاندا، هیچ مانایەکى پۆزەتیڤى بۆ هاوڵاتیانى کورد هەبێت. عێراقێکى فیدڕاڵى و هەرێمێکى دیموکرات، تاکە زەمانەتى دروستبوونى ژیانێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى تازەیە کە ئەگەرى بەختەوەرى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بۆ خەڵک تێدایە. ململانێ بۆ بوونى دیموکراتى لە کوردستاندا لەدواى دەرکردنى ((یاساى کاتى))یەوە بۆ بەڕێوبردنى عێراق، بەجومگەیەکى هەرە ترسناکى مێژووى خۆیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئەمجارە فەشەلى دیموکراتیبوونى کوردستان لەگەڵ خۆیدا فەشەلى بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کوردیش لە عێراق و ڕەنگە لەهەر چوارپارچەکەشدا بهێنێ. ئەمجارە سەرنەکەوتن لە جەنگى دیموکراتى لە کوردستاندا، بەماناى ژێرکەوتنە لە بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کوردستانیشدا. ئەم خاڵەش لەهەموو کاتێک زیاتر مەسەلەى بوونى دیموکراتیبوون و نەبوونى دەکاتە مەسەلەیەکى چارەنوسساز کە قابیلى سازشکردن و پاشەکشێکردن نییە. بۆیە پرسیارى سەرەکى ئەم ساتەوەختە ئەوە نییە کام حیزب و هێز و ڕۆشنبیر لەوانى دى ناسیۆنالترە و لەوانى دى زیاتر،لەئاستى قسەکردن و ڕاگەیاندنى ڕۆژانەدا، باس لە مافەکانى کورد و کوردستان دەکات، بەڵکو پرسیارى سەرەکى ئەوەیە کام هێز لەڕێگاى هەرچى بەدیموکراتبوونى زیاترى خۆیەوە پانتایى دیموکراسییەت لە کوردستاندا فراواندەکات و بەم کارەشى هێزێکى گەورەتر بە توانا و ئیرادەى خەڵکى کوردستان دەبەخشێت و مۆدێلێکى حوکمکردنیش بە عێراق و ناوچەکە و دنیا پیشانئەدات، کە شایانى لاساییکردنەوەبێت.
ڕەهەند
وەرزیی دووەمی گۆڤاری ڕەهەند ساڵی ٢٠١٠
ژمارە ١ /٢٠١٠
گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری ڕەهەند
خاوەن ئیمتیاز: نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی
سەرنووسەر: ئاراس فەتاح
دەستەی نووسەران: بەختیار عەلی، مەریوان وریا
بەڕێوەبەی هونەری: کامەران شوانی
ناوەڕۆک
– مەریوان وریا قانیع: لەدایکبوونی دونیای نوێ
– ئاراس فەتاح: سیاسەت چییە؟
– بەختیار عەلی: گەڕانەوە بەرەو گەردونگەرایی
– مەنسور تەیفووری: ھاوڵاتی دژی ھاوڵاتی
– بڕوا عەلادین: سەدساڵ ئەنترۆپۆلۆژیا، سەدساڵ تەنیایی
– ئیسماعیل حەمەئەمین: ساردی پرنسیپەکان و زەمەنی بەربەرییەت
ڕەھەند لە وەرزێکی نوێدا
» بە ھیوا و ئومێدێکی گەورەی بەردەوامییەوە، دەستدەدەینە خولێکی نوێی گۆڤاری رەھەند. ئەمجارە گۆڤارەکەمان بە شێوەیەکی نوێ دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران. ئێستا خەونمان ئەوەیە ھەموو مانگێک گۆڤارێکی بەقەوارە بچووک و بە ناوەڕۆک پڕ بڵاوبکەینەوە، بەڵام ئەم خەونە چەندە سادە و ئاسایی دەردەکەوێت، ھێندەش سەخت و دووردەستە. ئەمڕۆ دەرکردنی گۆڤارێکی مانگانە لە کوردستاندا وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت،. دەیان گۆڤار ھەن کە مانگانە دەردەچن و ھیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام ئەم دۆخە سادە و ئاسانە بەداخەوە ھێشتا لای ئێمە دووردەستە و ھێشتا بەگومانین لەوەی کە دەتوانین پڕۆژەکەمان ببەین بەڕێوە و بەردەوامی پێبدەین. لێرەدا و لەم پێشەکییەدا باسی ھەموو ترس و ئومێدەکانی خۆمان دەکەین، بە ئومێدی ئەوەی ئەمە دەروازەیەک بێت، بۆئەوەی خوێنەر بزانێت کە رەھەند لە چ ھەلومەرجێکدا دەستپێدەکاتەوە و گەر نەشیتوانی بەردەوامبێت، بۆ نەیتوانی. کێشەکانی گۆڤارێکی وەک رەھەند وەک خەونەکانی پڕ و ھەمەڕەنگ و ئاڵۆزن. لەسەروو ھەموویانەوە کێشەی کات ڕادەوەستێت. ئەوەی ئێمە ھەموو بتوانین لەپاڵ دەرکردنی ئەم گۆڤارەدا ئیشی تر بکەین، سەرقاڵی دابینکردنی ژیانی خۆمان بین و بشێت و بکرێت لە ھەمانکاتدا گۆڤارێکی مانگانە دەربکەین کە تێیدا بڕێکی قورسایی نوسین و ئامادەکردنی بابەتەکانی ھەر بکەوێتە سەرشانی خۆمان، کارێکی ئاسان نییە. رەھەند گۆڤارێک نییە خۆی بووبێت بە دەزگا یاخود دەزگایەکی گەورەی لە پشت بێت، سەرچاوەیەکی مادی ھەبێت، دەوڵەمەندێک دەستی گرتبێت، ھێزێک لە ھێزەکانی ئەم دونیایە کۆمەکیکردبێت. لێرەوە ئیشکردن بۆ گۆڤارێکی وەھا ئاسان نییە. بۆ گۆڤارێکی وەک رەھەند دەیان پرسیار دێنەپێشێ کە لە ڕاستیدا نایەنە بەردەم ھیچ گۆڤارێکی تر. زۆر لە دۆستان و ھاوڕێیانی ئێمە لەم ساڵانەدا ئەو پرسیارەیان لێکردوین کە بۆ ئێمە ناتوانین وەک ڕۆژنامە ئازادەکان، خۆمان تەمویلبکەین. گومان لەوەدا نییە کە ڕۆژنامەگەریی ئازادی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا بازاڕێکی گونجاوی بۆخۆی دروستکرد کە لە ڕێگایەوە دەتوانێت خۆی بەرھەمبھێنێتەوە و خۆی بێ کۆمەکی ھیچ کەس خۆی تەمویلبکات. بەڵام دوو ڕاستی گەورە ھەیە کە وادەکەن شوبھاندنی دۆخی رەھەند بە ڕۆژنامەگەری ئازاد کەمێک نەشیاو و ناڕەوابێت. یەکەم: ڕۆژنامەگەری ئازادی کوردی لەسەر پیشەسازی ھەواڵ و دروستکردنی بازاڕی دەنگوباس دەژی، لە کاتێکدا رەھەند گۆڤارێکی تیۆرییە و کاری بەرھەمھێنانی فیکرە. دووەم: لەگەڵ ڕێزی گەورەماندا بۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد و شانازی گەورەمان بەوەوە کە قەڵەممان چەندە ھێزی ھەبووبێت و دەرفەتی پێدرابێت، پەیوەندییەکانمان چەندە لە توانایاندا بووبێت، بەشداربووە لە بەھێزکردنی ڕەوتی مادی و مەعنەوی ئەم ڕۆژنامەگەرییەدا، بەڵام دەبێت بڵێین کە لە دونیای ئەم ڕۆژنامەگەرییەدا ڕووبەرێکی ناجیدی ھەیە کە تەنیا بە ئاڕاستەی بازاڕ ئیشدەکات، بەجۆرێک ھەندێک کەناڵ و پێگە لەم ڕۆژنامەگەرییەدا چەسپیوە کە بە ڕاستی دوورن لە تێگەیشتن و چاوەڕوانی ئێمە سەبارەت بە ڕۆژنامەگەری ئازاد. کێشەیەکی گەورەی تر کە ڕووبەرووی گۆڤارێکی وەک رەھەند دەبێتەوە، ئەوەیە کە قەڵەمە جیدییەکانی کوردی تا بێت کەمتر و کەمتر دەبنەوە؛ حیزب و دەزگاکانی، ئەکادیمیا و وەزیفەکانی، حکومەت و پۆستەکانی، زۆر ڕۆشنبیر و قەڵەمی جیدی ئێمەیان سەرقاڵکردوە. بێگومان ئێمە کێشەیەک و حوکمێکی پێشوەختمان دژ بە ھیچ ھاوڕێ ودۆستێکی نوسەر نییە کە لە ھەر جێگایەکدا کاردەکات و بۆ ھەر دەزگایەک چالاک بێت، ئەم تێبینییەمان بەو مانایە نییە کە دەرگاکانی رەھەند واڵانین لە ڕووی ھەموو وتارێکی جیدی و ھەموو نوسینێکی جواندا؛ بە پێچەوانەوە، ئەم وتەیەمان حەسرەتێکە بۆ ئەوەی کە بارودۆخی ڕۆشنبیری و سیاسی ئێمە بەجۆرێک نالەبارە نوسەرانی بە شتگەلێکەوە کوشتووە کە نەدەبایە کاتی کار و بیرکردنەوەیان لێبگرێت، گۆڕینی نوسەری باش بۆ فەرمانبەر و کارمەند، کوشتنی داھێنان و لە ناوبردنی کولتووری ھەموو نەتەوەیەکە. گەورەترین تاوان بە ھەقی کولتووری ئەخلاقی ئێمە کرابێت، گۆڕینی نوسەرانی بۆ فەرمانبەر لە دەزگا حیزبی و حکومییەکاندا، ئەمەش ژیانی فیکری و ئەخلاقی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا وێرانکرد.
لێرەوە جارێکی دی ئێمە ئەو ھاوارەدەکەین، کە کورد خاوەنی نوخبەیەکی بچوکە لە قەڵەمی جیدی و شاعیرانی جواننوس و چیرۆکنوسانی بەبەھرە و توێژەرەوەی زانستی، ئەم نوخبەیە لەوە بپارێزن لەسەر مێزی وەزیفە بمرن، یان لە کاری مامۆستایەتیدا بڕزێن، یاخود بەوە قەدریان بگیرێت کە بکرێنە بەڕێوەبەر و پەرلەمانتار و فەرمانبەر. شوێنی ڕاستەقینەی نوسەر ناو کتێبخانە و بەردەم تێکستەکانی خۆیەتی، لەو جێگایەی دامەبڕن بۆئەوەی بتوانێت شتێک بە ئەمڕۆ و داھاتوو ببەخشێت. کەمبوونەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژی قەڵەمی جیدی، نوقمبوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی ھەندێک قەڵەمی ئێمە لە نوسینی کۆمێنتاری سادە و لە دەرکەوتنی پچڕپچڕی ناو دەمەقاڵێی ئینتەرنێتدا، ڕووبەری جیدییەتی لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا بچوککردۆتەوە. بۆیە ترسێکی گەورەی ئێمە دابەشبوونی تواناکان و دوورکەوتنەوەی ھەندێک قەڵەمە لە جیدییەت، کە بە ھیواین لەگەڵ بەردەوامی گۆڤارەکە ئەو ترسەمان بڕەوێتەوە. کێشەیەکی تر کە ھەڕەشە لە ژیانی فیکری و ڕۆشنبیریی ئێمە و گۆڤاری رەھەندیش دەکات، کەمبوونەوەی خوێنەری جیدیە. کەڵەکەبوونی ساڵ دوای ساڵی نوسینی خراپ و وەرگێڕانی زمان و فیکر وێرانکەر و عەقڵییەتی ڕۆژنامەگەری سادەکار و موھاتەراتی سیاسی، وایانکردوە خوێنەرێکی سادەبین و بێپاشخان دروستببێت کە دەرەقەتی تێکستی فیکری و فەلسەفی نەیەت و ئەو زەمینەیەی نەبێت کە بتوانێت لە گۆڤارێکی فیکری تێبگات و ببێت بە خوێنەری گۆڤارێکی تیوری. زمانی زانست و فیکر لای ئەم خوێنەرە وەختە وەک زمانی بوونەوەرانی سەر ئەستێرەیەکی دووری لێدێت. بە ھۆی ئەم دەریای تاریکی و ئیبتیزال و شێوانەشەوە خەریکە مەودا و فاسیلەی نێوان خوێنەر و نوسینی جیدی وەھا گەورە دەبێت، کە پردێک نەیانبەستێتەوە و کەشتییەک بە یەکیان نەگەێنێت. رەھەند گۆڤارێکە بۆ ئەوەی بژی پێویستی بە خوێنەری جیدی ھەیە، خوێنەرێک بەڕاستی بیربکاتەوە و پرسیاربکات و بیەوێت لەم ساتەوەختەی دونیای فیکردا بژی و لە کێشە فیکرییە قووڵ و ڕاستەقینەکان نزیک بێت. واتە خوێنەری رەھەند دەبێت توانای خۆماندووکردنی ھەبێت، تەنیا نوقمی رەھەندە ڕۆژانەکانی سیاسەت و بیرکردنەوە نەبێت، بەڵکو ھەمیشە دەستێکی لەسەر کێشە گشتی و مرۆڤانە و ھەمیشەییەکان بێت. رەھەند گۆڤارێک نییە لەسەر شتێک بنوسێت کە بەیانی کۆنبێت و توڕبدرێت، رەھەند بەو ڕۆحییەتەوە ئیشیکردوە و ئیشدەکات کە تێکستەکانی لە پاشەڕۆژی دووریشدا ھاوڕێ و کۆمەککاری خوێنەر بن و خوێنەر لە ھەر ساتێکدا دەستیدایە زانیارییەکی تێدا بخوێنێتەوە کە سوودمەند و تێنەپەڕە. بۆیە رەھەند بۆ خوێنەرێک دەنوسێت کە دەزانێت لە داھاتووشدا پێویستی بەگەڕانەوە بۆ رەھەند دەبێت. گرەوی ئێمە لەسەر ئەم نوخبەیەی خوێنەری کوردە، کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوبوونەوەی بێسنوور و کوشندەی سادەگەرایی لە کۆمەڵگادا و لە ڕێگای تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و ڕۆژنامەگەرییەوە دەیەوێت بیانکوژێت.
کێشەیەکی تر کە وادەکات ھەمیشە پڕۆژەی رەھەند لە مەترسیدا بێت، کێشەی تەکنیکییە. رەھەند گۆڤارێکە لە ئێستادا توانای ئەوەی نییە کە خۆی نوسینگەی خۆی ھەبێت، تایپێست و سەرپەرشت و ھەڵەچن و ژمێریار و مۆنتاژکار و بەڕێوەبەری سایتی ھەبێت، بۆیە بۆ پەیوەندیکردن بە رەھەندەوە جگە لە ئیمەیلێک ھیچی دیمان نییە،  ئەو نوسینانەی بۆمان دێن دەبێت خۆیان تایپ کرابێتن، لە سنوورێکی کەمدا دەتوانین بە کاری ھەڵەچنی ھەستین، چونکە کەسانی تایبەتیمان نییە ئەو کارەمان بۆبکات. توانای تەکنیکی گۆڤارەکەمان کەمە و ئەوەی ھەیە بەشێکی زۆری خۆمان دەیکەین و بەشەکەی دیکەی بە ڕەنج و دڵسۆزی و کاری خۆبەخش و نیمچەخۆبەخشی ھاوڕێیانمان دێتەبەر. تەنیا چەکمان لە ئێستادا بەرابەر ئەم گرفتانە، خۆگرتن و لە خۆبوردنە، بە ئومێدی ئەوەی کە پشتگیری خوێنەران و خەڵکانی فیکر دۆست دەرفەتی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنێت، چونکە ھیچ گۆڤارێک ناتوانێت تا ھەتاھەتایە بە کاری خۆبەخش بژی. ئێمە ئومێدی گەورەمان ھەیە کە لەداھاتوودا ئەم کێشانە ببڕین و بەجێیانبھێڵین. بەڵام بۆ لەم ھەلومەرجە مادی و ڕۆشنبیری و تەکنیکییە سەختەدا دەستدەدەینەوە پڕۆژەیەک کە لای ھەندێک بە بەشێک لە رابوردوو سەیردەکرێت؟ ھۆکارەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتدەکەینەوە.
*لەبەرئەوەی ئیشی نوسەر ھەمیشە تەحەداکردن بووە. پێمانوایە تەحەدا ھەمیشە بەشێکی گەورەی پێکھێن و دروستکەر بووە بۆ ڕۆشنبیریی کوردی. ئایا ئەوانەی لەسەرەتای سەدەی بیست و ناوەندەکانیدا چاپخانەیان ھێنایە کوردستان و ڕۆژنامەیان دەرکرد تەحەدایەکی گەورەیان نەدەکرد؟ ئێمە خۆمان بە درێژکراوەی ئەو کەسانە و ئەو ڕۆحانە دەزانین کە نەوەک لە ڕێگای تەسلیمبوون بەوەی کە ھەیە، بەڵکو لە ڕێگای بانگھێشتکردنی ئەوەی کە نییە، مانایەک بە کاری خۆیان دەدەن.
*ئەو بۆشاییەی رەھەند لەلای خوێنەرانی بەجێھێشت، ھیچ گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی دی بەتەواوی پری نەکردەوە. ئەوە پالنەرێکی گەورەیە کە تا لە تواناداین و دەرەقەتدێین بنوسین و دەستبەرداری ئەم خەونە نەبین.
*لەو چەند ساڵەدا کە رەھەند دەرنەچووە ئێمە وەکو ئاوارەبووین. لەھەر ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا شتمان بڵاوکرابێتەوە، کۆمەڵێک تۆمەت و درۆودەلەسەمان دواخراوە، کە بەرھەمی ئەو فانتازیا نەخۆش و درۆکارەیە کە کۆمەڵگای ئێمەی تەنیوە و نەخوێندەوارەکان لە ڕێگایەوە دڵی خۆیان و ویژدانی خەوتوویانی پێ ئاسوودەدەکەن. بۆیە گەڕانەوە بۆ رەھەند لای ئێمە لە ڕووی دەروونییەوە وەک گەڕانەوە وایە بۆ ماڵ و نیشتیمان، وەک دەربازبوون وایە لە ڕەحمەتی شوێنەکانی نامۆبوون و لاپەڕەکانی غوربەت.
*لە ھەموو ئەوانەش گرنگتر، ڕاگەیاندنی کوردی بە میدیای نوسراو و بینراو و ئینتەرنێتەوە، لە زۆرێک لە جومگە سەرەکییەکانیدا تووشی ئیبتیزالێکی کوشندەبووە. بەچەشنێک گەر وابڕوات نوسینی جیدی لە داھاتوودا جێگای نابێتەوە. ئەمڕۆ نەزانی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ئینتەرنێتەوە دەڕژێتە ناو دەرون و بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤی کورد. بەجۆرێک وەھا دیارە، وەک ئەوەی مرۆڤی کورد توانای بیرکردنەوەی جیدی و مەنھەجی نەمابێت، کوردستان جارێکی دی بووبێت بە جێگایەکی دابڕاو لە دونیا کە تاکە زانستێک لەم جیھانەی وەرگرتووە، جگە لە داھێنانی گەندەڵی، دروستکردنی ڤیدیۆکلیپی سەقەت و دەرکردنی سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار بێت کە زۆربەیان بێئامانج دووبارە و یەک ڕوخسار دەنوێنن. قڕەقڕی سیاسی و دەنگەدەنگی بێزەنتییانە بووە بە شتێکی سادە و نۆرماڵ، ئەخلاقی ئابڕوبردن بووە بە قارەمانێتی، نەفرەت و نەفرەتی پێچەوانە بۆتە پیشەی ڕۆژانە. لە فەزایەکی وادا کە بارکراوە بە بوغزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی پێماندەکرێت بۆ پاراستنی حورمەتی فیکر بیکەین و سڵ لە نوشوستی نەکەینەوە.
*ڕاستە لە کوردستان ژمارەیەک گۆڤاری ئەدەبی و بڵاوکراوەی تایبەت بە نوسین و وەرگێڕان دەردەچن، کە ئێمە ڕێزی گەورەمان بۆ ھەوڵ و ئامادەگیان ھەیە، بەڵام دەبێت بڵێین گۆڤارێک کە ھەر تەنیا دەقی ئەدەبی بڵاونەکاتەوە، ھەر کاری وەرگێڕان پیشەی نەبێت، گۆڤارێک پردێکی ڕاستەوخۆ بێت لە نێوان ڕۆشنبیری کوردی و خۆرئاوادا، بێئەوەی بە کەناڵی ڕۆشنبیری عەرەبی و فارسی و تورکیدا بڕوات، گۆڤارێک بێت ڕۆشنبیریی کوردی لە ژێر رەحمەتی کەناڵە عەرەبی و فارسی و تورکییەکە دەربھێنێت و ڕاستەوخۆ توانای مرۆڤی کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ فیکری خۆرئاوادا بەرجەستەبکات، جۆرە گۆڤارێکی وەھا لە دونیای ئێمەدا نائامادەیە. رەھەند لە بنەڕەتەوە ھەوڵێک بووە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە نوسەری کورد دەتوانێت بە کەرەستە مەنھەجییەکانی فیکری جیھانی ئیشبکات، سیستمە زاراوەییەکەی بەکاربھێنێت، ساتە ڕۆشنەکانی بخوێنێتەوە و تەواوی دەرەنجامەکانیشی بخاتە خزمەتی خۆبینین و خۆخوێندنەوەوە. رەھەند درێژە بەو ڕەوتە تایبەتییەی دەدات کە لە سەرەتاوە نوێنەری بووە و بە پێویستیشی دەزانێت درێژەی ھەبێت و نەوەستێت و ژیانی خۆی بسەلمێنێت و پشت لە ڕاگەیاندنی مردنی خۆی بکات. ئێمە نرخێکی گەورە لەسەر وەرگێڕان دادەنێین، بەڵام بڕوامان وایە ھیچ ڕۆشنبیرییەک تەنیا بەوەرگێڕان ناتوانێت خۆی دروستبکات. ڕۆشنبیریی تەنیا بە وەرگێڕانی بەرھەمی ئەوانی دی ناتوانێت بژی، بەڵکو دەبێت بەرھەمی ئیشکردنی خۆی بێت، چ لەسەر ئەوانی دی و چ لەسەر خۆی. رەھەند ھەوڵێکی بەردەوامە بۆ بەیادھێنانەوە و بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییە.
*ئێمە بانگەشەی ئەوە ناکەین کە موعجیزەیەکمان پێسازدەکرێت، بەڵام ھەوڵدەدەین لە رەھەنددا ماڵێکی بچوک بۆ بیرکردنەوەی ھێمن و جیدی دروستبکەینەوە، تاوەکو ڕێگا لە مردن و لە ناوچوونی ئەو نوخبە لە خوێنەری جیدی بگرێت، کە تادێت بچوکدەبێتەوە. ئێمە بەبەشێک لە ئیشی خۆمانی دەزانین کە دژ بەو ھەرەسە بوەستین و بەرگریبکەین، وەھمی سادەیی و ئاسانی نوسین بشکێنین و نوسین بخەینەوە سەر ڕێگا سەخت و جیدی و قورسەکەی کە بە خوێندنەوەی بەردەوام و ئاگاداری بێوچانەوە لە دونیا گرێدراوە. بە کاری ڕۆشنبیریی و ئەخلاقی خۆمانی دەزانین کە خوێنەری کورد ئاگاداربکەینەوە و پێیبڵێین کە ھەندێک خوێندنەوە مرۆڤ نەخوێندەوار دەکات، بەڵام کە وادەڵێین دەمانەوێت ئەلتەرناتیڤی ئەو کولتوورەش پێشکەشبکەین و کەرەسەیەکی فیکری بخەینە بەردەستی خوێنەر کە لە تێگەیشتنی فەلسەفی و زانستیدا کۆمەکیبکات. ئێمە دەرگا لەسەر وەرزێکی نوێی رەھەند دەکەینەوە و تاکە پشت و ھیوامان خوێنەرانی کورد و کۆمەکی خەڵکانی فیکردۆستە. ئێمە دڵنیایین بەبێ پشتگیری ئێوە، ناتوانین بەردەوامبین. تا ئەو جێگایەی لە تواناماندایە ھەوڵدەدەین، دڵنیاشین خوێنەرانی جیدی ڕۆلی خۆیان لەو بەردەوامییەدا دەگێڕن.
ئێمە گۆڤارێک نین کۆمەک لە حکومەت و دەسەڵات وەربگرین، نە لەبەرئەوەی بە مافی خۆمانی نازانین ئەو پشتگیرییەمان لێبکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەلماندی کە دەسەڵاتی کوردی ھەموو کۆمەکێک و مافێکی سروشتی بەجۆرێکی سیاسی بەکاردەھێنێت و ھێشتا لە خوماری ئەو پەروەردەیەدا نوقمە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و دەوڵەت بە موڵکی حیزب و سەرۆک و ماڵی ڕابەر دەزانێت. لێرەوە تاکە دەرگامان پشتگیری مادی و مەعنەوی ئێوەیە. ھەر لێرەدا بەپێویستی دەزانین سوپاسی تایبەتمان ئاراستەی چەند فیکردۆستێک بکەین کە بەبێ کۆمەک و پشتگیری ئەوان، دەستپێکردنەوە بە وەرزی نوێی گۆڤارەکەمان، کارێکی ئاسان نەبوو. بە ئومێدی ئەوەی رەھەند لە وەرزی نوێدا وەک ھەمیشە دەروازەیەکی جیدی بێت بۆ بیرکردنەوە و زانیاری نوێ، سەرچاوەیەک بێت ئێمەش و ئێوەش بە زانیاری و فیکر دەوڵەمەندبکات. ئەم ژمارە یەکەمەی رەھەند، ژمارەیەکی ئەزموونییە، ھیوادارین لە ژمارەکانی داھاتوودا ھەمەڕەنگتر و گونجاوتر بکەوینە بەردەستی خوێنەران. بۆئەو مەبەستەش چاوەڕوانی تێبینی و یارمەتی دڵسۆز و خەمخۆرێکین. تکاشمان لە ھەموو قەڵەمێکی زانستی ھەیە کە لە بوارە فیکری ئەدەبی و ھونەرییەکاندا دەنوسن، کۆمەکمانبکەن و لە دەوڵەمەندکردنی گۆڤارەکەماندا بەشداربن. «
گۆڤاری رەھەند
ژمارە ٢ /٢٠١٠
ڕەھەند گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری کەلتوورییە
ناوەڕۆک
– رێبین هەردی: ناسیۆنالیزم و وەرگێڕان
عادل باخەوان: ڕۆشنبیری سیاسی و سیاسەتی ڕۆشنبیر
بەختیارعەلی: بەڵگەو دڵنیایی
ئاراس فەتاح: سیاسەت و لەدایکبوون
بەیان سەلمان: هونەری وێنەکێشانی ئیتالی
لەبری پێشەکی
دوای دەرچوونی ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەمان، وا بە دووەم ژمارە دەگەڕێینەوە بەردەمی خوێنەران. پاش دەرچوونی ژمارەی یەکەم کۆمەڵێک تێبینی و ڕەخنەمان لە خوێنەرانەوە بەدەستگەیشت کە مایەی خۆشحاڵیمان بوو. بۆ هەموو ستایشەکان سوپاس و بۆ ڕەخنەکانیش سوپاسی زۆر زیاترمان هەیە. بەگشتی بڕێکی زۆری ڕەخنە و تێبینییەکان ئاڕاستەی قەوارەی گەورەی گۆڤارەکە کرابوو. سەرەتا حەزدەکەین هەندێک ڕاستی بیر خوێنەر بخەینەوە: یەکەم: ئەم هەوڵەی ئێمە ئەزموونییە و لە ئێستادا هەموو مەسەلە ئیداری و تەکنیکییەکانمان لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لە هەوڵی دروستکردنی سیستەمێکین بۆ کاری داهاتوومان. دووەم: ئێمە دڵنیابووین کە ئەم شێوەیەی ئێستای رەهەند، بەراورد بە قەوارەی جارانی گۆڤارەکەمان، پرسیار لای خوێنەرە سەرەکیەکانی ڕەهەند دروست دەکات، بەڵام دلنیاشبووین خوێنەران لەو ڕاستییە تێدەگەن کە گۆڕینی ڕەهەند بۆ بڵاوکراوەیەکی مانگانە ، پێویستی بە فۆڕم و مۆنتاژێکی نوێ هەیە. ئێمە جاران دەمانتوانی ساڵانە ژمارەیەک یان دوو ژمارە دەربکەین، بەڵام لە ئێستادا پلانمان ئەوەیە دوازدە ژمارە دەربکەین، کە بێگومان کاری نەکردەیە ژمارە نوێکان بەهەمان قەوارەی جاران دەرچن. هۆکانیش زنجیرەیەک جەبری گەورەن کە لە کەمی کات و نەبوونی  توانای مادی و مرۆیی دەستپێدەکات و بە نەبوونی بابەتی زانستی تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ئەو ڕاستییەی هەموو لاپەڕەیەکی زیاد، یان ڕەنگ کردنی زیاتری لاپەڕەکان، تێچوونێکی گەورە تر دەبات و نرخەکەشی بەجۆرێک بەرزدەکاتەوە کە لە توانای خوێنەردا نەبێت. بەداخەوە هەندێک خوێنەر تا ئێستا ئەو جیاوازییە نابینن کە گۆڤارەکەی ئێمە لەو چەشنە بڵاوکراوانە نییە کە پارە و بودجە و کارمەندی تایبەتی هەبێت و گوێ نەداتە تێچوون و نرخی فرۆشتن و خەمی گەڕانەوەی پارەی فرۆشتنی گۆڤارەکەی نەبێت. لەم دۆخەی ئێستادا بۆ دەرکردنی رەهەند بە شێوەی مانگانە، ناتوانین لە سنورێکی دیاریکراوی لاپەڕە دەرچین و فرۆشتنیشی بە نرخێکی هەرزانتر، یان نەمانی کۆمەکی دارایی فیکردۆستان بۆ تێچوونی چاپ و بڵاوکردنەوە، واتە مەحکومکردنی رەهەند بە دەرنەچوون.
دەشێت ئەم فۆڕمە نوێیەی گۆڤارەکەمان بە شێوازی “ڕۆڤار” ناوببەین، واتە نە فۆڕمی گۆڤارەو نە شێوەی ڕۆژنامەشە. فۆرم و ستیلێکە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بڵاوکراوە فیکرییە گرنگەکان لە خۆرئاوا ساڵانێکە دەیگرنە بەر. ڕاستە ئەم جۆرە فۆرمە لە ستایلی گۆڤارە فیکرییەکانی دونیای عەرەب و ئێراندا باو نییە، بۆیە بە چێژی باوی ئێمەش نامۆیە، بەڵام ئێمە وەک هەوڵێک و تاقیکردنەوەیەک بۆ ناساندنی ئەو فۆرمە و بەهۆی گونجاویشی وەک کۆنسێپت لەگەڵ خواستی ئێستای گۆڤارەکەمان، ویستمان ژمارە سەرەتاییەکانمان بەو جۆرە بێت. بەتایبەت سەردەمانێک رەهەندمان دەردەکرد ڕەخنەی سەرەکی ئەوە بوو کە پر تێکست و بێ هەناسە و بێوێنە و ڕەقنوێنە. سەرەڕای ئەوە لەم پلانە نوێیەماندا، واتە لە کردنی رەهەند بە فۆڕمی ڕۆڤار، مەبەستمانە گرنگی تایبەت بە هەندێک بەش بدەین  کە لە رەهەندی کۆندا بواری ڕەخساندنیمان نەبوو، ئەویش بڵاو کردنەوەی وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و گرنگیدان بە جیهانی هونەر و بەتایبەتی هونەری تەشکیلی. خواستی گەورەمان ئەوەیە کە کۆی گۆڤارەکەمان بکەین بە گۆڤارێکی ڕەنگاوڕەنگ، چونکی بێگومانین کە کاریگەری گەورە بەسەر چێژی بینین و خوێندنەوەی بابەتەکان بەجێدەهێڵێت. پاشان دەمانەوێت لە داهاتوودا، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەوە بڕێک تێچوونی گۆڤارەکەمان بۆ دابینبکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی قەوارەفۆرمی ئەم چەشنە گۆڤارانەدا شیاوە. لە کێشەی تەکنیک و فۆرم بترازێت، گرفتی بابەتەکان و فۆرمی نوسینمان هەیە. لێرەدا دەخوازین هەموو دۆستانی نووسەرمان ئاگادار بکەینەوە کە لەکاتی نووسیندا زۆر گرنگە بایەخ بە ئاماژەکردن بەسەرچاوە بدەن. ئێمە هەندێک جار نووسینی باشمان پێدەگات، بەڵام لەبەر ئەوەی نوسەرەکەی هیچ ئاماژەیەکی بەسەرچاوەکان نەداوە، ناتوانین بڵاوی بکەینەوە. ڕاستە ئێمە دەمانەوێت خەیاڵ و عەقڵی نووسەری کورد ئازاد بێت و پراکتیکی ئەو ئازادییە بکات. بەڵام ئازادی لە بواری فیکردا بە ئاگاداری مەرجەعە فیکرییە پێشینەکانەوە مەرجدارەو، بەڕێزگرتن لەو پێوەرانەی بۆ نووسینی زانستی دانراوە، بەندە؛ دیارە رەهەندیش وەکو گۆڤارێکی فیکری، پابەندی ئەو پێوەرانەیە. ئێمە لەم ژمارانەی قۆناغی سەرەتادا تەواوی ئەو بابەتانەی کە بەشایستەی بڵاوبوونەوەیان دەزانین، وەک خۆیان بڵاو دەکەینەوە، واتە دەستکاری گەورەی ڕێنوس و دابەشکردنی تێکست و شێوەی ڕستەبەندی و ڕێکخستنی سەرچاوە ناکەین، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ نووسەران خۆیان. بۆیە هەر بابەتێک کە لە رەهەنددا بڵاوبێتەوە بە شێوەی تایبەتی چ لە ناوەڕۆک و چ لە فۆرمدا تەعبیر لە کاراکتەر و شێوازی نووسینی نووسەرەکەی دەکات. چونکی لە قۆناغی ئێستادا، بە حوکمی نەبوونی توانای مرۆیی و کات، لە تواناماندا نییە هەموو ئەو مەرجانەی کە بۆ دروستکردنی ستاندارتێکی ڕێنووس کە لە گۆڤارێکی فیکری پێویستە، ڕەچاوبکەین.
لەم هەلومەرجە سەختەی رەهەندی تیا دەردەکەین، بێگومانین کە گۆڤارەکەمان بێبەری نابێت لە هەڵەی چاپ و ڕێنووس و هونەری. بۆیە داوای بەخشین لە خوێنەرانمان دەکەین، بۆ ئەو هەڵانەی لە کاتی بەرهەمهێنانی ژمارەی یەکەمدا دروستبووبوون.
ئومێدەوارین ڕەخنە و تێبینی و کۆمەکەکانتان بۆ گۆڤارەکەمان بەردەوام بێت، چونکی خواستێکی سەرەکی رەهەند بریتییە لە دروستکردنی ڕەوتێکی نەپساو کە بڕوای نووسەران وخوێنەران بۆخۆی وەدەستبهێنێت، تاوەکو لەسەر ئەو بناغەیەش زەمینەیەکی گونجاو بنیاتبنێن بۆ بەردەوامی و درێژەدان بەم ئەزموونە نوێیەمان. دواجار دووبارە سوپاسی ئەو فیکردۆستانە دەکەین کە کۆمەکی داراییان پێشکەشکردین بۆ دەرهێنانی ئەم ژمارەیە.
رەهەند
ژمارە ٣ /٢٠١٠
ڕەھەند گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری کەلتوورییە
دەستەگەری، دین، توندوتیژی
نوسەرانی ئەم ژمارەیە: مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، ئاسۆ جەبار، بەیان سەلمان، سیروان ڕەحیم، خەسرەو حەمەکەریم
پێشەکی
>> لەگەڵ ژمارەی یەک و دوی گۆڤاری رەهەندا ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران و دۆستانی رەهەند پەیوەندییان پێوەکردین و تێبینی سەرەنجەکانی خۆیان پێڕاگەیاندین. ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە ئەکەین کە بەدڵسۆزییەوە لە خەمی بەردەوامی و پێشکەوتنی رەهەندان، ئەو ڕاستییە دوبارە ئەکەینەوە کە رەهەند وەک هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی نزیکە بە خوێنەر و دۆستەکانیەوە و هەر لە پێناوی وتوێژ و دانەبڕانیش لەواندا هەوڵمانداوە درێژە بەم پڕۆژەیە بدەین. ئێمە هەر لەسەرەتای سەرەتاکانی نووسینمانەوە هەوڵمانداوە نزیک بین لە خوێنەرەکانمانەوە و هەڵگری ئەو پرسیارو خولیا و ئارەزوانەش بین کە نەوە تازەکانی کوردستان لە دنیای دەوروبەری ئەکەن. شانازی گەورەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لە خوێنەرانی کوردستان و کێشەکانیەوە نزیک بووین، خیانەتمان لە ویست و ئارەزوەکانی نەکردووە و هەوڵمانداوە بەشێوەیەک لە شێوەکان خواست و ئارەزووەکانی ئەوان لە چوارچێوەیەکی تیۆری و فیکریدا دابڕێژین. ڕادەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنمان لەم ئارەزووەدا هەڵئەگرین بۆ مێژوو ئەو ویژدانە زیندوانەی کە ڕۆژێک رۆژمێری ئەم رۆژانە دەنووسنەوە.
ئێمە گەر شانازیەکمان هەبێت ئەوە نیە کە بەرهەمی ناوازە و دەگمەن و بێوێنەمان نوسیوە، ئەوە نیە کە هەرگیز هەڵەمان نەکردوە و هەمیشە هەقیقەتمان وتوە، بەڵکو ئەوەیە پێی بە پێی نەوە تازەکانی کوردستان هاتوین و هەرگیز لە خەم و کێشەکانیەوە دوور نەبووین. هەوڵی سەرەکی ئێمە ئەوە نەبووە ڕابەر یان پێشەنگی جیهانی ئەو نەوە تازانە بین کە پرسیاری و داواکاری جیاوازیان لە جیهانی خۆیان هەیە، بەڵکو ئەوە بووە هەوڵمانداوە زمانێکی تیۆری و قوڵایەکی فکری بەو پرسیار و خواستانە بدەین. پرسیارەکانی ئەو نەوە تازانە گەورەتر بکەین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو شوێنانەشی بکەینەوە کە لە سەرەنجی یەکەمدا بە بێلایەن و ناکاریگەر لەو پرسیار و کێشانە زانراون. شانازی ئێمە ئەوەیە هەڵگری بڕوا و قەناعەتی تایبەتی و ئایدۆلۆژی نەبوین کە بمانەوێت هەموو خەڵکی کوردستانی بۆ ڕابکێشین، بەڵکو هەوڵمانداوە پێ بە پێ لەگەڵ خوێنەران و هاوڵاتیانی وڵاتدا ڕووبەری پرسیار و ڕەخنەکانیان گەورە بکەین و ئاڕاستەی هەموو شوێن و جێگە و پنتێکی بکەین کە پێشتر کەس ڕوبەڕوی نەکردونەتەوە. ئەگەر هەندێک ڕوویان لە سیاسەت و گەمەکەرە سیاسیەکان کردبێت، ئێمە ڕوومان لە کۆمەڵگا و پنتە جیاوازەکانی کردووە بۆ ئەوەی بیری هەموان بخەینەوە کێشەکە قوڵتر، گەورەتر و فراوانترە لەوەی لە بوارێکدا بێت. ئەگەر هەندێک سیاسەت و گەمەکەرە سیاسیەکانی فەرامۆش کردبێت، ئێمە سەرەنجمان بۆ سیاسەت و گەمەکانی ڕاکێشاوە تا هەموو بە جدی وەریبگرن. ئێمە کاری خۆمان بەوە نەزانی خەڵک ناچار بکەین ڕوبەڕوی لایەک ببنەوە. بەڵکو ئەوە بوو پێیان بڵێین زیاد لە لایەنێک هەیە کە پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوە هەیە.
شانازی ئێمە ئەوە نییە نەخشەڕێی ئازادیمان بۆ خەڵک کێشا بێت، بەڵکو ئەوەیە هەوڵمانداوە یادی هەموان بهێنینەوە ڕوبەرەکانی ململانێی و تێکۆشان کە لە زیاد لە جێگە و پنت و سەرچاوەیەکەوە هەڵئەقوڵین.
هەوڵی سەرەکی ئێمە لەسەرەتای دەسپێکردنی ئەم پرۆژەیەوە ئەوە نەبوو خەڵکی و خوێنەرانی نووسینەکانمان ناچار بە دیدێکی تایبەت بکەین، بەڵکو ئەوە بوو زیاد لە ڕوانگەیەکی پێببەخشین، بۆئەوەی بتوانێت ئاسۆی ڕوانینی گەورەتر و خەزێنەی ڕۆشنبیری بەجۆرێک دەوڵەمەندتر بێت کە وای لێبکات وردتر،هەمەلایەنتر کێشەو گرفتەکانی خۆی ببینێت. هەوڵی ئێمە بۆ ناساندنی زیاد لە بیریار و قوتابخانەیەکی فکری بۆ ئەوە نەبووە و نییە کە بڵێین ڕاستی لای ئەم بیریار و قوتابخانە فکریانەیەو لەدوای ئەوانیشەوە هیچی دی نییە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە خوێنەرانی کوردستان هەموو ئەو کەرەسە و شێوازی بیرکردنەوانەیان لەبەردەمدا بێت کە یارمەتیان ئەدات بۆ ئەوەی باشتر جیهانی خۆیان شیکاربکەن، تێیبگەن و هەوڵ بۆ باشترکردن و گۆڕانکاری بدەن. تا باشتر تێبگەین و بناسین، باشتر و ڕاستر ئەتوانین کار و هەوڵ بۆ جیهانێکی جیاوازتر و دادپەروەرانەتر بکەین. ئەمە دروشم و ئامانجی سەرەکی ئێمە بووە. هەر لەم پێناوەشدا هەوڵێکی زۆرمانداوە نووسین لەو موهاتەراتە سیاسییە ڕوکەشییانە دەرباز بکەین کە لەنێوان ئیدانە کردن و تەئیدکردندا دێت و ئەچێت، هەوڵێکی زۆرمانداوە نووسین لە زمانی تەخوینکردن و بە دوژمن تەماشاکردن ڕزگار بکەین و ئاڕاستەیەکی فکری و عەقڵانی بە پرس و خواست و کێشەکانی خەڵکی کوردستان بدەین. هەوڵێکی زۆرمانداوە لە ناو فەزایەکی پڕ لە ڕق و کینەی سیاسی، پڕ لە بوغزو دروشمی سیاسی قەبەی بێ ناوەڕۆک، پڕ لە جەمسەرگیری نائەقڵانی یان من یان ئەوان، زمانێکی دی بدۆزینەوە کە ڕۆحی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر بە دنیاو دەوروبەر پاراستبێت، بێئەوەی سەربکێشێ بۆ ڕق و کینەو دوژمنایەتی، خەونی گۆڕانی هەڵگرتبێت. بەبێئەوەی بەدوای وێرانکردن و بەگژداکردنەوەی هێزە جیاوازەکانی کوردستاندا بگەڕێت، ئومێدی بە ڕۆژێکی تازە هەڵگرتبێت.بەبێئەوەی ڕوو لە وێرانکردنی ئێستا و ڕابردوو بکات. دروشمی ئێمە ئەوە بوو کە تێپەڕاندنی ئێستا و ڕابردوو بۆ ڕۆژو سپێدەیەکی ڕووناکتر بە ئەفەرۆزەکردن و لەعنەت کردن و وێرانکردنیدا ناڕوات، بەڵکو بە تێفکرین و ناسینی زیاتر و تێگەشتنی وردتر لە هەموو ئاستەکانی ئێستا و ڕابردودا تێئەپەڕێت. هەوڵی ئێمە ئەوەبووە و ئەوەیە بڵێن هیچ بەیانیەکی باشتر نییە، گەر پێشتر نەمانتوانی بێت ئێستا و ئاستەنگەکانی ڕابردوو و گرێکانی لەهەموو ئاستەکاندا بناسین و بخوێنینەوە. دەعوەتی ئێمە ئەوساو ئێستاش بۆ فکری زیاتر، وردبوونەوەی زیاتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر بووە. چونکە ئەمە تاکە ڕێگە و زانستێکە کە ڕێگە لە دووبارەبونەوەو بەرهەمهێنانەوەی ڕابردوو و ئێستا لەژێر ناونیشانی تازە و سیناریۆی تازەدا ئەگرێت.
چالاکی و چاپکراوەکانی دیکەی نێوەندی ڕەهەند
نووسەرانی نێوەندنی ڕەهەند پاش بڵاوکردنەوەی ژمارە یەکی گۆڤارەکە تا ژمارەکانی کۆتایی گۆڤارەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نیوەند یان دەزگای دیکە چەندان  کۆڕ و سییمیناریان پێشکەش کردووە.
لە ساڵی ١٩٩٨ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی گەورەیان دەربارەی ئەنفال لە زانکۆی ئەمستردام بەڕێوە بردووە و وەک خۆیان ئاماژەی پی دەکەن ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بووە لەسەر ئەنفال لە جیھاندا.
نێوەندی ڕەهەند، چەندین کتێبی چاپ کردووە وەك:
-ئێوارەی پەروانە، بەختیار عەلی، ڕۆمان، ١٩٩٨
کیشوەرێک لە خەون، ن: هیوا قادر، شیعر، ١٩٩٨
ئێوارەت باش ئاسیا، ن: ئیسماعیل حەمە ئەمین، ١٩٩٨
بەیازی گوڵفرۆشێك، ن: ئارام کاکەی فەلاح، کۆماڵەچیرۆک، ١٩٩٨
بۆهیمی ئەستێرەکان، ن: بەختیار عەلی، شیعر، ٢٠٠٠
*بەشی سێیەمی پانۆراماکە لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیانمان (ڕۆزا شێخانی، ژیار ئەسوەد، کەلسوم گەزنەیی، نیاز مەحموود)ەوە تایپ کراوەتەوە.
لەم بەستەرانەی خوارەوە دەقی تەوەرەکە و بەشی یەکەم و دووەمی پانۆراماکە بخوێنەرەوە:
دەقی تەوەرەکە
بەشی یەکەمی پانۆرامای ڕەهەند
بەشی دووەمی پانۆرامای ڕەهەند
The post پانۆرامای (ڕەهەند) appeared first on ژنەفتن.
پانۆرامای (ڕەهەند)
بەشی دووەم
بەرایی
ماڵپەڕی ژنەفتن لە دەستپێکی تەوەرێکیدا لەبارەی (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)؛ بە پێویستی زانی پانۆرامایەک لەسەر بڵاوکراوە و چالاکییەکانی نێوەندی ڕەهەند ئامادە بکات. لە پانۆرامەکەدا پێشەکی (خۆیان ناویان ناوە هەڵوێستە)ی هەموو ژمارەکانی ڕەهەند تایپ کراوەتەوە لەگەڵ پێرستی بابەتەکانی هەموو ژمارەکان و دەستەی نووسەرانی ئەو ژمارانە. تێبینی دەکەن کە لە دەستەی نووسەران و شیوازی کارکردن لە هەندێ لە ژمارەکاندا گۆڕانکاری کراوە. بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕینووس نەکراوە و تەنیا تایپ کراوەتەوە.
ئەمەی بەردەستتان بەشی دووەمە لەو سێ بەشەی پانۆراماکە:.
ژماره‌ ٧ /١٩٩٩
ئەنفال
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
تایپ: عەبدوڵلا قادر دانساز
ناوخن
هەڵوێستە
کۆنفرانسێک بۆ ئەفال لە زانکۆی ئەمستردام. ئامادەکردنی: ئینگا ڕۆگ
جینۆساید، هاوتاوانی، بێدەنگبووب. نووسینی: یۆست هیلتەرمان. وەرگیرانی: کاوە ساڵح
عێراق و ئۆتۆنۆمییە کۆمەڵایەتییەکان. نووسینی: سامی زوبەیدە. وەرگێڕانی: مەریوان ووریا قانیع
ئەنفال و مۆدێرنە: ڕوداوێک لە دوامانەوە یان ئەگەرێک لە پێشمانەوە. نووسینی: مەریوان ووریا قانیع
ئەنفال قۆناغێکە لە پراکتیککردنی جینۆساید، نووسینی: مارف عومەر گوڵ
لە ئەنفالەوە بۆ خوێندنەوەی ڕوویەکی تاریکی ناسیۆنالیزمی عەرەبی. نووسینی: بەرزان فەرەج
ئەنفال؛ جینۆسایدکردنی کورد لە عێراق. نووسینی خالید ساڵح. وەرگێڕانی: کاوە جەمال
لە ئەنفالەوە بۆ ئەنفال. نووسینی: عەبدولکەریم هەڵەدنی
هەشت قۆناغ لە سیستمێکی کوشتن و سێ بۆچوون. نووسینی: ئاراس فەتاح
جینۆسایدێک لە ئاییندا بۆ ڕەوایەتی خۆی دەگەڕێت. نووسینی: ئارام کاکەی فەلاح
لە ئارەزووی کوشتنەوە بۆ ئارەزووی فەرامۆشکردن. نووسینی: بەختیار عەلی
دەوڵەتی هەرزەکار و ئایدۆلۆژیای قەیران. نووسینی: هۆشەنگی وەزیری
هونەر و یادکردنەوە. نووسینی: ڕیبوار سیوەیلی
چاوپێکەوتنیک لەگەڵ یۆست هیلتەرمان. ئامادەکردنی: ئاراس فەتاح
گفتوگۆیەک لەگەڵ سوزان مەیسێلان. ئامادەکردنی: هیوا قادر
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کەمال مەزهەر. ئامادەکردنی: شیلان ئەحمەد
ئاوێنە بچکۆلەکان
هه‌ڵویسته
ئه‌نفال، بۆ؟
له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕه‌هه‌نددا، ده‌ركردنی ژماره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ئه‌نفال یه‌كێك له‌ خه‌ونه‌ گه‌وره‌كانمان بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نفال ڕوداوێكه‌ پێویستی به‌ یادخستنه‌وه‌ هه‌یه، یان ته‌ماحمان له‌وه‌بێت، به‌كارێكی له‌و جۆره‌، ئه‌و قه‌رزه‌ ئه‌خلاقی و ویژدانییه‌ قووڵه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر قوربانییه‌كان هه‌ستیپێدەكه‌ین، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌نفال ده‌شێت ئه‌و ده‌روازه‌ گه‌وره‌ و ترسناكه‌ بێت كه‌ له ‌ڕێگایه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌نده‌ها ڕووبه‌ری له‌ یادكراو و پشتگوێخراوی مێژوومان، كه‌ تا ئه‌مرۆ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌ بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ن. سه‌ره‌تا به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ڕێزی قووڵی خۆمان ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ نیشانده‌ده‌ین كه‌ بۆ پاراستنی ڕاستییه‌كانی ئه‌نفال و بۆ ئه‌نفالكراوان كراون، هه‌تا ئه‌گه‌ر شتێكی كه‌میش بێت، هیواشمان وایه‌ ئه‌م ژماره‌ تایبه‌ته‌ی ڕه‌هه‌ند به‌شداربێت له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و قووڵتر، دیالۆگێك كه‌ له‌ زمانی كڕوزانه‌وه‌ و بالۆره‌كردنەوە بگوازێته‌وه‌ سه‌ر لیكۆڵینه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نفال، كه‌ تاكه‌ زه‌مینه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ سه‌رده‌مێكی گرنگی مێژووی تازه‌مان. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئه‌نفال یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ گرنگه‌كانی قسه‌كردن له‌سه‌ر پێكهاتی سیاسی ئه‌مڕۆ و داهاتوومان پێكده‌هێنێت. كردنه‌وه‌ی ته‌وه‌ری ئه‌نفالیش ته‌نیا كردنه‌وه‌ی مه‌له‌فی به‌عس نییه‌، به‌ڵكو كردنه‌وه‌ی مه‌له‌فی كردنه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژی سیاسی ووڵاتی ئێمه‌شه‌.
دیارده‌یه‌ك کە له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت، بێده‌نگی و خامۆشی ڕۆشنبیریی ته‌قلیدیی ئێمه‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌نفال. ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌ كه‌ هه‌رگیز جگه‌ له‌ نیشتیمانپه‌روه‌ریی و كوردپه‌روه‌ریی سیفه‌تی دیكه‌ی نه‌بووه‌ خۆی پێوه‌ هه‌ڵكێشێت، كه‌چی به‌ درێژایی ده‌ساڵه‌ ئیفلیجه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی شتێكی گرنگ ده‌رباره‌ی ترسناكترین كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی له‌م سه‌ده‌یه‌دا. ئه‌م بێده‌نگییه‌ ڕێكه‌وت نییه،‌ به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ خۆشاردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی ته‌قلیدیی ئێمه‌ له‌ژێر هه‌ندێ دروشمی سیاسیدا، ته‌نیا هه‌وڵدانێكه‌ بۆ خۆشاردنه‌وه‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ وه‌زیفه‌ فیكری و مه‌عریفییه‌كان. ئه‌نفال ئاشكرایكرد كه‌ ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌ دروشمپه‌روه‌ره‌ له‌ جه‌وهه‌ردا كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی قووڵی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵ و ئازادی و مرۆڤ له‌ كوردستان شاردۆته‌وه‌. ئه‌م بێده‌نگییه‌ دوور و درێژه‌ پتر له‌هه‌ر شتێكی دیكه‌ به‌یانكه‌ری ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ئیفلاسه‌ سیاسی و فكرییه‌یه‌ كه‌ سه‌له‌فییه‌تی ڕۆشنبیریی و سیاسی تیاده‌ژین. له‌دوای ئه‌م بێده‌نگییه‌، له‌دوای ئه‌و فه‌رامۆشكردنه‌ بوارێك نامێنێته‌وه‌ بۆ باوه‌ڕهێنان به‌وانه‌ی كه‌ به‌ ناوی كورد و شۆرشگێڕێتی و ئازادیه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت شورایه‌ك به‌ده‌وری حوجره‌ تاریكه‌كانی خۆیان بكێشن، ئه‌م حوجرانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئاشكرایه‌ چه‌نده‌ له‌ كورد و لە مرۆڤدۆستی خاڵییە و چەندەش لە شێواندنی دەستەئەنقەستی ماناکانی کوردبوون و ئازادبوون لێوان لێوه‌. كه‌مته‌رخه‌می ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌نفال، ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ زۆر له‌ ڕۆشنبیرانی ئێمه‌، هه‌تا هه‌ندێك له‌وانه‌ش كه‌ دروشمی نه‌فره‌تلێكردنی واقعی سیاسی ئه‌مرۆیان به‌رزكردۆته‌وه‌. له ‌ته‌ك كۆمه‌ڵێك ناوه‌ندی سیاسیدا به‌شدارن له‌ گۆڕینی قوربانییه‌كانی كورددا بۆ كڵێشه‌یه‌ك كه‌ خوتبه‌چییه‌كان له‌ پێناوی پته‌وكردنی هه‌رچی زیاتری پایه‌كانی واقیعی سیاسی و ڕۆشنبیرییدا به‌كاریده‌هێنن. ده‌ ساڵه‌ ڕۆشنبیریی ئێمه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌نفال له‌ وشه‌ی ناو خوتبه‌كانه‌وه‌ بكاته‌ ئه‌و كلیله‌ی كه‌ جه‌وهه‌ری قۆناغێك و هه‌ره‌سی سه‌رده‌مێكی سیاسی ئاشكراده‌كات. ڕۆشنبیرییه‌كیش نه‌توانێت ئه‌نفال له‌ خوتبه‌كان ده‌ربهێنێت و بیكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی له‌دایكبوونی دونیابینییه‌كی نوێ، یان بیكاته‌ به‌هانه‌ی له‌دایكبوونی گومان و پرسیاری نوێ، ئیدی شایسته‌ی لێخۆشبوون نییه‌.
بێتوانایی ڕۆشنبیریی ئێمه‌ له‌وه‌ی ئه‌نفال بكاته‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی ئه‌خلاقێكی سیاسی نوێ، ته‌نیا له‌ سستبوونی واقیعی ڕۆشنبیریدا ڕه‌نگینه‌داته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ژیانی هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌شدا ده‌بینرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نفالكراوان جێماون. ئه‌نفالییه‌كان تائه‌مرۆ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ په‌راوێزی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئێمه‌دا ده‌ژین، هه‌ر گروهێكی ده‌ركرا و بێبایه‌خ و فه‌رامۆشكراون. ئه‌و هه‌وڵدانه‌ بچوكه‌ی ئێمه‌ش، ته‌نیا هه‌وڵدان نییه‌ بۆ ئاشكراكردنی ڕووه‌ دزێوه‌كانی ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌، به‌ڵكو هه‌وڵدانیشه‌ بۆ یادهێنانه‌وه‌ی ئه‌و قوربانییه‌ زیندوانه‌ی ئه‌نفال كه‌ تائێستا گروهێكی په‌راوێزكراو و بێده‌نگ و بێبایه‌خن.
له‌ڕاستیدا ده‌زگا ئیداری و سیاسی و ڕۆشنبیره‌كانی ئێمه‌ ته‌نها له‌وه‌دا كه‌مته‌رخه‌منین كه‌ نه‌یانتوانی ئه‌نفال بكه‌نه‌ بابه‌تێكی فیكری و مه‌عریفی، به‌ڵكو بایه‌خیشیاننەدا بە پاراستنی ئه‌رشیفه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ئه‌نفال و مۆزه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ پاشماوه‌كانیان و یادگارییه‌كانیان دروستنه‌كرد، واتا ئه‌گه‌رچی هه‌رچییه‌ك له‌و بواره‌دا كراوه‌ له‌ سنووری كاری ئه‌رشیف و دۆكۆمێنت تێناپه‌رێت، به‌ڵام ئاشكراشه‌ كه‌ كاری ئه‌رشیفكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو گرنگییه‌كیدا، ئاراسته‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌رگرتووه‌ كه‌ هێنده‌ی مه‌به‌ستی به‌ ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌ته‌ بۆ هه‌ندێ كرده‌ی سیاسی دژی ڕژێم، به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ بایه‌خنادات به‌ خودی قوربانییه‌كان. كاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌رشیف ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها دیكۆمێنته‌كانی تاوان بپارێزێت، به‌ڵكو له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بێت ئاوێنه‌ی ئه‌و ئه‌و ژیانانه‌ش بێت كه‌ له‌ده‌ستچوون و به‌ربه‌ریانه‌ زه‌وتكراون. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌وڵدانی تێپه‌راندنی سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نفالدا، وه‌كو كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ دۆكۆمێنتكردن و به‌ڵگه‌پارێزیی. ئه‌نفال به‌ته‌نها كاری ئه‌رشیفكردن و چاپكردنی هه‌ندێك به‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری ئه‌نفال مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌كانی تاوانی سیاسییه‌ له‌ مێژووی ئێمه‌دا، به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌ند و چه‌مكه‌كانییه‌وه‌. ئه‌نفال ئه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ئایا‌ جه‌لاده‌كان تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌توانن له‌ ڕابوردووی خۆیان ده‌رچن و قوربانیش تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ داهاتوودا نه‌بێته‌ جه‌لاد.
له‌مڕودا كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دیالۆگی عه‌ره‌بی-كوردی، بابه‌تێكە زووزوو دووباره‌ده‌بێته‌وه‌، مافی خۆمانه‌ به‌ سازده‌ران و به‌شداریكه‌رانی ئه‌و جۆره‌ دیالۆگانه‌ بڵێین: (هەر‌ دیالۆگێك له‌و چه‌شنه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی، گه‌ر نه‌بێته‌ دیالۆگ له‌سه‌ر ئه‌نفال، ئه‌وا دیالۆگێكی درۆزن و بێئه‌نجامه‌). ئه‌مڕۆ یه‌ك كه‌ناڵ هه‌یه‌ كه‌ ده‌شێت ببێته‌ سه‌ره‌تای ڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌و دیالۆگه‌، ئه‌ویش داننانی عه‌ره‌به‌ وه‌كو ده‌وڵه‌تان و ڕێكخراوان و ڕۆشنبیران به‌ ئه‌نفالدا، وه‌كو تراژیدیایه‌كی ئینسانی كه‌ به‌ده‌ستی سوپایه‌كی عه‌ره‌بی ئه‌نجامدراوه‌ و ڕیشه‌كه‌شی له‌ناو ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بییه‌وه‌ سه‌ریده‌رهێناوه‌. دیالۆگ مانای بونیادنانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقیانه‌یە بۆ په‌یوه‌ندی مرۆڤی كورد و عه‌ره‌ب. بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌خلاقیش به‌بێ داوای لێبوردنکردنێكی به‌رفراوان و ڕاستگۆ له‌ قوربانییه‌كانی ئه‌نفال و كورد نایه‌ته‌دی، داوای به‌خشینێك كه‌ له‌گه‌ڵ خۆشیدا قبوڵكردنێكی ته‌واوی بژاردنه‌وه‌ی هه‌موو زیانه‌ مادیی و مه‌عنه‌وییه‌كانی هه‌ڵگرتبێت. ئێمه‌ پێمانوایه‌ هه‌ر بێده‌نگبوونێك له‌ مافی ئه‌نفالكراوان، هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌داواكردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان، هه‌ر فه‌رامۆشكردنێكی دۆزینه‌وه‌ و ده‌رخستنی هه‌موو ڕاستییه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ سروشتی تاوانه‌كه‌ و ئه‌نجامده‌رانی، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ ته‌حه‌مولیده‌كه‌ن، كه ‌به‌بێ مه‌له‌فی ئه‌نفال ده‌چنه‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ و دانوستان. بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ ئومێدمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌موو دیالۆگه‌كان و هه‌موو دانوستانه‌كاندا ئه‌نفال نه‌بێته‌ بابه‌تێكی لاوه‌كی و تێپه‌ر كه‌ له‌سنووری گله‌یی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد و عه‌ره‌بدا له‌ یه‌كتر گیربخوات.
گۆڕینی ئه‌نفال بۆ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی و ستراتیژی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاست و درۆی دروشمه‌ سیاسییه‌كاندا زۆر خاڵی ئاڵۆزمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ستیاریی و هۆشیاریی هه‌رچی زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نفال به‌ دڵنیایه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌حەكه‌ سیاسییه‌ گرنگانه‌ی كه‌ نابێت نە ڕۆشنبیران و نە هاوڵاتیانی ساده‌ له‌ ئاستیدا بێده‌نگ بن، هه‌ر حیزبێكی سیاسی كه‌ خوازیاره‌ حوكمی كوردستان بكات، مه‌به‌ستێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا (ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئه‌نجامدرا) بروایه‌كی زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكراو دیاریكراوی له‌سه‌ر ئه‌نفال و كاركردن بۆ ئه‌نفال و مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ تاوانباره‌ گه‌وره‌كانی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ و كاركردنی چالاكانه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی بابه‌تی ئه‌نفال، نه‌وه‌كو هه‌ندێ دروشمی دووباره‌ و سه‌دباره‌ بووه‌وه‌. ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئه‌نفال نه‌بێت، واته‌ هه‌وێستی له‌سه‌ر پاشه‌رۆژی سیاسی نییه‌ و نیگایه‌كی ڕوونی نییه‌ بۆ سبه‌ی.
ده‌ساڵه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی ئێمه‌، چاوه‌ڕوانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكان، تۆڵه‌ی ئه‌نفالیان بۆ بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئاشكراشه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر سه‌ده‌ها هۆ نایه‌وێت، سه‌دام حوسه‌ین، وه‌ك تاوانبارێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ بناسێنێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وت و درندانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ بوو به‌ هۆیه‌ك ڕژێمی عێراقی دووباره‌ ناوبانگی ئه‌خلاقی خۆی بونیادبنێته‌وه‌، ئه‌و گه‌مارۆ دڕندانەیە‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و موشه‌كبارانكردنه‌ی شوێنانی مه‌ده‌نی، ئه‌و ده‌ستپاراستنه‌ له‌سه‌رانی ڕژێم، كه‌ بڕێكیان ئێستا وه‌كی ئۆپۆزیسیۆن چالاكن، هه‌موو بوونه‌ زه‌مینه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ پیاوكوژێكی وه‌ك سه‌دام حوسه‌ین درێژه‌ بداته‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی و زه‌مینه‌ی ئه‌خلاقیانه‌شی هه‌بێت بۆ ئه‌و ڕاوه‌ستان و مانه‌وه‌یه. فه‌رامۆشكردنی ئه‌نفال وایكرد له‌سه‌ره‌تاوه‌ سزاكانی سه‌ر ڕژێم ته‌نیا لایه‌نی ته‌كنیكی بگرێته‌وه‌ و له‌ سنووری دامالینی چه‌كه‌وه‌ نه‌گوازێته‌وه‌ بۆ سنووری داماڵینی شه‌رعییه‌تی ئه‌خلاقی. هه‌رئه‌وه‌شه‌ واده‌كات تا ئه‌مرۆ ئه‌مه‌ریكا نه‌توانێت به‌ زمانێكی ئاشكرا و به‌ كۆنكرێتی له‌سه‌ر گه‌وره‌یی تاوانه‌كانی ئه‌م ڕژێمه‌ بێته‌ ده‌نگ. به‌لاوه‌نانی ئه‌نفال، تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌م زه‌مینه‌ گه‌وره‌یه‌یە كه‌ ڕژێم له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، به‌بێ هاتنه‌ده‌نگیش له‌سه‌ر ئه‌نفال ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌م نه‌بێت، ئه‌وا كارێكی قورسه‌. بۆیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌رده‌پۆشی و بێده‌نگییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌نفال، وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی تری ڕاسته‌قینه‌ی درنده‌یی له‌م سه‌ده‌یه‌، پێداویستییه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسییه‌ كه‌ ده‌زگا و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كورد خۆیان ده‌ستبه‌كاربن، چونكه‌ چیدی ناكرێت هه‌یئه‌ته‌ یاسایی و دادگاییه‌كانی كورد هێنده‌ ئیفلیج بن، نه‌توانن وه‌زیفه‌كانی خۆیان ببینن.
له‌كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م ژماره‌یه‌ بۆ چاپ، هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی نایاساییانای سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ پایته‌ختی(كینیا)، بوو به‌ ده‌نگوباسی سه‌ره‌كی ناو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و شه‌پۆلی ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌موو جیهاندا دژ به‌و چه‌ته‌گه‌رییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ه‌ییه‌ هه‌موو كونج و قوژبنێكی گرته‌وه‌ و قه‌یرانێكی سیاسی و ئه‌خلاقیشی له‌ ئه‌وروپادا دروستكرد.
گومانی تێدا نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌ له‌ مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازی كوردستانی باكووردا كه‌ سه‌رۆكی بزقوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێت و ده‌ربێته‌وه‌ بۆ (ئه‌ستانه‌). یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌ مێژووی ئه‌و میله‌ته‌ كه‌ پێشره‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌كانی وه‌كی (له‌ یاسا لاده‌ر) ته‌ماشائه‌كرێن و سزا و ڕقی ده‌وڵه‌ت و (نه‌ته‌وه‌ی پیرۆزی) توركیان به‌سه‌ردا ده‌بارێت. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌ له‌ مێژووی كورد كه‌ ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ له‌ ترسی به‌رژوه‌ندی و ئاساییش و ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌ستبه‌رداری به‌كارهێنانی كورد ئه‌بێت و پاشان به‌ ده‌ره‌نجامی ترسناك و كاره‌ستاوی بۆ پێشره‌وان و بزووتنه‌وه‌كه‌ و گه‌لی كورد ئه‌كه‌وێته‌وه‌.. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ به‌رژوه‌ندییه‌ ده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وایەتییە‌كان له‌سه‌ر خاكی كوردستان و له‌سه‌ر ئێسقانی خه‌ڵكی كورددا یه‌كتری ده‌برن به‌رژەوه‌ندی و هێز به‌سه‌ر عه‌داله‌ت و لێپرسراوێتی ڕه‌وایه‌تی خه‌باتی میله‌تێكی چه‌وساوه‌دا زاڵ ئه‌بێت.
به‌ڵێ ئه‌مانه‌ و چه‌ندان نموونه‌ی دی، ئه‌زموونی نوێ نین بۆ سه‌رانی كورد و بزووتنه‌وه‌كانی. ئێمه‌ لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كان نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌شدا گرنگه‌، ده‌ستنیشانكردنی مانای ئه‌م تراژیدیایەیه‌ له‌ناو دیارده‌ و به‌رئه‌نجامه‌ نوێكانی ئه‌م جیهانه‌دا كه‌ پێیده‌گوترێت(دونیای گڵۆباڵ). دیارده‌یه‌ك كه‌ به‌ ئاشكارا ڕه‌هه‌ندێكی دووفاقه‌یی له ‌خۆگرتوه‌ و ئاسۆكانیشی بۆ كورد گه‌ر له‌ چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر دونیادا كراوه‌بێت، ئه‌وا له‌ چه‌ندین ده‌رگاشه‌وه‌ داخراوه‌.
ئه‌وه‌ی نوێیه‌ له‌م جیهانه‌دا بۆ كورد تاراوگه‌بوونی سێ نه‌وه‌ی كوردییه‌ به‌سه‌ر ئه‌وروپا و جیهاندا. نه‌وه‌ی یه‌كه‌میان له‌ په‌نجا و شه‌سته‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ له‌ پێناوی دۆزینه‌وه‌ی شانسی ژیانێكی نوێ، وه‌ك كارگه‌ر ڕوویان له‌ ئه‌وروپا كرد. نه‌وه‌ی دووه‌میشی وه‌كو خوێندكار و نه‌وه‌ی سێیه‌میش له‌ هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌كاندا وه‌كی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسی له‌م وڵاتانه‌ نیشته‌جێبوون. ئه‌م به‌شانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی بێبه‌ری نه‌بوون له‌ كاریگه‌ری و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ چه‌نده‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ كوردیان تیادا ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ چاودێرن، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش بونه‌ته‌ (گروپی فشار) به‌سه‌ر ویژدان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رچی ڕه‌هه‌ندێكی كاره‌ساتاوی میلله‌تێكی په‌رته‌وازه‌ ئاشكراده‌كات، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌كیشه‌، كه‌ ئاسۆ و ماناكانی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وایه‌تیی به‌رفراوانتر و قووڵترده‌كاته‌وه‌.
هه‌ربۆیه‌ ڕێكه‌وت نییه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی”ئاپۆ”(بۆ دووه‌م جار دوای هه‌ڵه‌بجه‌)، كوردی هه‌موو به‌شه‌كانی له‌ده‌وری مه‌سه‌له‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. له‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌دا، جارێكی تر ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ناكۆكییه‌ سیاسی و ئیقلیمی و ئایدۆلۆژییه‌كان، به‌رامبه‌ر به ‌گه‌وره‌یی كاره‌سات و پیلانه‌كان ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزه‌وه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای كۆششی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده‌ سیاسیه‌كانی ئه‌وروپی بۆ پارچه‌پارچه‌كردنی كێشه‌كه‌ و نیشاندانی پارتی كرێكاران، وه‌كو ڕێكخراوێكی تیرۆرست و وێناكردنی به‌وه‌ی كه‌ به‌شێك نییه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، له‌ دواجاردا ئه‌م هه‌وڵ و خواستانه‌ هه‌موویان بێده‌ره‌نجام كه‌وتنه‌وه‌، چوونكی ئه‌زموونه‌كان ئه‌وه‌ به‌ كورد ده‌ڵێن، كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان خۆرئاوا هه‌نگاوێكی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ناوه‌ به‌ ئاراسته‌ی تاوانباركردنی جه‌نه‌ڕال و سیاسییه‌ ناسیۆنال- شۆڤێنییه‌كانی توركدا و به‌ ڕوونی ده‌نگی هه‌ڵنه‌بریوه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی كورد. ئه‌م شه‌پۆلی توڕهی‌یه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌رخست، كه‌ له‌ناخی مرۆڤی كورددا ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئیراده‌یه‌ك گه‌ر سیاسییه‌ دووڕووه‌كان و سیاسه‌تی ئیقلیمچێتی و هاریكارانی داگیركه‌ران لێگه‌رێن، ئه‌وا توانای ده‌ره‌نجانی كاری مه‌زنی هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی له‌م كاره‌ساته‌ نوێیه‌، بریتییه‌ له‌ به‌شداربوونی یه‌كه‌مجاری تۆڕێكی گه‌وره‌ له‌ لێهاتووترین ده‌زگا ئیستخباراتییه‌كانی جیهان، بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی ڕێكخراوێك و خنكاندنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری پارچه‌یه‌ك له‌ پارچه‌كانی كوردستان و پێشكه‌شكردنی، وه‌كی (دیاری)یه‌كی پێكه‌وه‌كاركردنی نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به‌(تیرۆریزم) به‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ بۆخۆی نموونه‌یه‌كی نوێی وه‌حشیگه‌رییه‌ له‌م دونیای مودێرنه‌دا.. ئه‌وه‌ی نوێیه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ چیدی سه‌رده‌می ئه‌وه‌ به‌سه‌رچوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی پشتئه‌ستور به‌ ناكۆكی ناوچه‌ییەكانی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان زه‌مانه‌تی بوونی خۆی و ڕێكخراوه‌كه‌ی بكات… ئه‌وه‌ی نوێیه‌، بریتیه‌ له‌ نه‌بوونی بستێك زه‌وی بۆ هیچ كه‌سێك له‌م جیهانه‌ گڵۆباڵه‌، كاتێك كه‌ به‌رژوه‌ندی و ئاساییشی ئه‌م سیسته‌مه‌ جیهانییه‌ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و حوكمه‌كان و ده‌ستووری یارییه‌كانی بێقه‌یدوشه‌رت قه‌بوڵ نه‌كات. “ئاپۆ” ده‌شێت لێره‌دا تاكه‌ سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌یەكی ڕزگاریخواز بێت، كه‌ یاساكانی ئه‌م جیهانه‌ نوێیه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێكرا. ئه‌وه‌ی نوێیه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ دوای (ئه‌زموونی ئاپۆ) هه‌موو حیزب و سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كان ده‌بێت تێبگه‌ن، گه‌ر پشتیوانی سه‌ره‌كییان ئیراده‌ی خه‌ڵكی كورد نه‌بێت و ڕێزیان بۆ ئه‌و ئیراده‌یه‌ش نه‌بێت، ئه‌وا پشتبه‌ستنی ڕه‌ها به‌ لایه‌نێك له‌ وێنه‌ی ئه‌مه‌ریكا، یان ڕێکكه‌وتنه‌ ئیقلیمییه‌كان، مانای ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر مینێك وه‌ستاون، یان بۆبمێكی كاتی له‌ژێر كورسییه‌كانیاندایه‌. بۆیه‌ تاكه‌ ڕێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئه‌مرۆی كورد، داكۆكیکردنه‌ له‌مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد و دروستكردنی ئیجماعێكی (كۆنزێنس) سیاسییه‌ كه‌ له‌ساتی قه‌یرانه‌ سه‌خته‌كاندا ڕوبه‌رێكی به‌رگریان بۆ بهێڵێته‌وه‌.
كورد له‌سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا قوربانی ململانێی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بوو. ئه‌مرۆش كه‌مته‌رخه‌می و نه‌بوونی خواستی سیاسی له‌ ئه‌وروپا، له‌وه‌ی چالاكانه‌ هه‌تا به‌شدارییه‌كی بچوكیش بكه‌ن له‌ فشارهێناندا بۆ سه‌ر حوكمرانه‌كانی ناوچه‌كه‌، ڕووی ئه‌و هه‌ره‌سه‌ ئه‌خلاقییه‌ نیشانده‌دات كه‌ سه‌ره‌تاكانی به‌گڵۆباڵبوونی جیهان له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرته‌وه‌. (ئاپۆ) له‌ گه‌شته‌ (ئۆدیسێ)یه‌كه‌ی خۆیدا له‌ ئه‌وروپا و ڕوسیا و ئه‌فه‌ریقادا، زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی تاقیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دونیای ئەمڕۆی سیاسەتدا باوه‌… پاش نائومێدبوون و سه‌رنه‌كه‌وتنیشی له‌م هه‌نگاوه‌نه‌دا، ئاماده‌ی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بوو، كه‌ تیایدا هه‌موو تاوانه‌كان بخرێنه‌ڕوو، تاوانی پارتی كرێكاران و تاوانه‌ جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیاش، به‌ڵام دیاره‌ خۆرئاوا بۆئه‌وه‌ی تیشك نه‌خاته‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد و زیان له‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆیان نه‌كه‌وێت، هه‌ر(ئاپۆ)یان پێشكه‌ش به‌ سێداره‌كانی تورك كرد، به‌ڵكو سڵ له‌وه‌ش ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌می پرۆتێسته‌كانی(موعاره‌زه‌) كورد به‌ پرۆتێستی تیرۆرستی ناوبه‌رن. هه‌رلێره‌وه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و داواكارییانه‌ی خۆرئاوا ده‌یكات له‌ دادگا خوێناوییه‌كانی توركیا، بۆ دادوه‌رییه‌كی عادیلانه‌ی (ئاپۆ) كه‌ تاكه‌(مه‌رحه‌مه‌تێكه‌) ده‌زگا سیاسییه‌كانی ئه‌وروپی بۆ كوردی بنوێنن، درۆیه‌كی گه‌وره‌ و ناشرینه‌.
دیاره‌ ئه‌وه‌ ڕاستییه‌كه‌ كه‌ هاوكاریكردنی نێونه‌ته‌وایه‌تی له‌ گرتنی چه‌ته‌ئاساییانه‌ی (ئاپۆ) و چاوبه‌ستكردنی بۆ زیندانی توركان، كۆشتنێكی ڕه‌مزییانه‌یه‌ بۆ گه‌لی كورد به‌گشتی و بۆ كوردستانی توركیاش به‌ تایبه‌تی، كولتوورێكه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رانی كوردستانی ئێرانیش به‌ به‌رچاوی ڕای گشتی جیهانییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا پیاده‌كرا… بۆیه‌ دوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی(ئاپۆ) به‌ دوژمنه‌كه‌ی، چاوه‌ڕوانكردی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا بێن و زه‌مینه‌ی كۆنفراسێكی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد خۆشبكه‌ن، به‌قه‌د دووری نێوان(نیرۆبی) و (مه‌ڕمه‌ڕه‌)، كه‌ ئێستا(ئاپۆ)ی تیادا زیندانه‌، له‌ واقیع بینییه‌وه‌ دووره‌. ئه‌و ڕاستییه‌ش مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ خۆمان ته‌سلیمی ڕادیكالییه‌تێکی ناعه‌قڵانی بكه‌ین. واقیعی سیاسی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، كه‌ چه‌نده‌ سیاسه‌تی پراگماتیكی ئۆپۆرتۆنیستانه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا به‌بێ فشاری مه‌ده‌نی كورد و ڕای گشتی جیهانی، ناتوانێت ئه‌لته‌رناتیڤ به‌رهه‌مبهێنێت بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد، ئه‌وه‌نده‌ش ته‌سلیمبوون به‌ ڕادیكالیزمێكی ناعه‌قڵانی ناتوانێت ببێت به‌ ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌م دۆخه‌. لێره‌دا زۆر گرنگه‌ ئه‌و سۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕاچه‌نیوه‌ له ناو سه‌رمایه‌ی هیچ حیزبێكدا دیل نه‌كرێت و نه‌كرێته‌ هه‌وێنی تاودانی هه‌رچی زیاتری ململانێی دوژمنكارانه‌ی گروپی به‌ پارچه‌پارچه‌بوونی پتری ناو بزاوتە سیاسییه‌كانی كورد و دروستكردنی سیناریۆی نوێ بۆ شه‌ری ناوخۆ. لێره‌دا چه‌نده‌ هه‌ڵوێستی ڕه‌ق ده‌رهه‌ق به‌ داگیركه‌ران پێویسته‌، هێنده‌ش نه‌رمی و دیالۆگ له‌ناو خۆیدا گرنگی ستراتیژانه‌ی خۆی هه‌یه‌. پێویسته‌ ئه‌و ئازاره‌ ڕاچه‌نیوه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی دروستكردنی وه‌همی خواردنی حیزبه‌كانی كوردستان بۆ یه‌کتر و نه‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ ڕێكخراوه‌كان وه‌همی (تاكه‌ نوێنه‌ر) و خه‌یاڵی (پارتی سه‌ركرده‌) له‌سه‌ری خۆیدا گه‌وره‌بكات، كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌تر دواییدێت. ئه‌م تراژیدیایه‌ و ئه‌م ڕاپه‌رینی نائومێدییه‌ ده‌بێت وه‌كو ده‌روازه‌یه‌كی ده‌رچوون له‌ تراژیدیا هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكرێت، نه‌وه‌كو ده‌روازه‌ی كردنه‌وه‌ی كاره‌سات و دروستكردنی تراژیدیای سیاسی دیكه‌.‌
لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە:
بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح
ژمارە: ٨ /١٩٩٨
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: فاروق ڕەفیق، هەڵکەوت عەبدوڵا
ناوخن
لەبری هەڵوێستە …… فاروق ڕەفیق
ئەخلاقناسی لە دنیای پۆست مۆدێرنەدا…… مەریوان وریا قانیع
خۆرئاوا و ئەوەکانی، موسڵمان وەکو ئەوی خۆرئاوا….. فاروق ڕەفیق
بەشێک لە پڕۆژەی ووشەکان و جیاوازی…… ڕزگار حمەڕەشید
فەلسەفەی زانستی هاوچەرخ و خوێندنەوەیەک بۆ
پێوەندیی نێوان فەلسەفە و زانست…….. دارا محەمەد
ڕۆشنگەری و تازەگەری…… وەرگێڕانی: هەڵکەوت عەبدوڵا
دڵنیابە- مەرگی تاقانەی دووەمت نەخوێندۆتەوە….. بەختیار عەلی
کتێبێکی نەدۆزراوە دەربارەی مێژووی کوردستان….. وەرگێڕانی: عەبدوڵا مەردۆخ
ئاوێنە بچۆلەکان
لەبری هەڵوێستە
ئێمە و خۆرئاوا
لە ژمارە (٥)ی ڕەهەنددا ڕامانگەیاند کە نیازمان هەیە ژمارەیەکی تایبەتی لەمەڕ خۆرئاوا و فیکری خۆرئاوا دەربکەین. هەرچەندە ئەم ژمارەیەی کە دەیخەینە بەردەمتان مەلەفێکی تایبەتی لەسەر خۆرئاوا تێدایە، بەڵام دەبێت ڕاستگۆبین لەگەڵ خوێنەرانی هێژای ڕەهەند و لەگەڵ خۆشمان و بڵێین کە نیاز و خواست و تێگەیشتنی ئێمە بۆ ژمارەیەکی تایبەتی لەسەر خۆرئاوا زۆر لەوە گەورەتر و بەرفراوانتربوو کە لەم ژمارەیەدا هەیە. ئێمە لێرەدا وێڕای ڕێز بۆ ئەو دۆستانەی بەتەنگ بانگەوازەکەمانەوە هاتن، دەڵێین بەشێوەیەکی گشتی ڕۆشنبیرانی کورد وەک پێویست بەهانای بانگەوازەکەمانەوە نەهاتن و باس و لێکۆڵینەوەی بەدەست نەگەیشت. دیارە دەتوانین پەنجە بخەینە سەر چەندین هۆ، بەڵام گەر بەهەڵەدا نەچووبین هۆی سەرەکی ئەوەیە کە ڕۆشنبیرانی کورد گرنگی نادەن بە خوێندنەوەی فیکری خۆرئاواو تێڕامان لە شارستانیەتی خۆرئاوا، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ئیشکالیەتێکە کە دەبێت ببێتە شوێنی مشتومڕ.
لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە بەچەندان شێوەی جیاواز ئێمەی کورد لەگەڵ خۆرئاوا، وەک شارستانیەت و وەک سیاسەتی کۆمەڵێ ووڵاتی خۆرئاوایی، دەرگیرین و بگرە زیادەڕۆییمان نەکردووە بڵێین هەندێ جار بووینەتە قوربانیی هەندێ سیاسەتی ناعادیلانەی هەندێ ووڵاتی خۆرئاوایی. لە بۆمبابارانکردنی شاری سلێمانییەوە لەلایەن هێزی کۆڵۆنیالیستی ئینگلیزەوە، لە ڕاپەڕینی شێخ مەحمود و گرتنی شێخ مەحمودەوە، لە پەیمانەکانی سیڤەر و لۆزان و دابەشکردنی کوردستانەوە، هەر لە پاڵپشتی بێ قەیدومەرجی خۆرئاوا بۆ ئەو ڕژێمانەی کورد لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە دەستەویەخەیە لەگەڵیان، هەر لە چاونووقاندنی خۆرئاواو بێدەنگبوونی ویژدانی خۆرئاوا لەبەردەم ئەو تاوانە گەورانەی دەرهەق بەمیللەتی کورد کراون و دەکرێن، لە سەرکوتکردنی شێخ سەعیدی پیران و کوشتاری دەرسیمەوە تا ئەیلولی ڕەش و تا لە سێدارەدانی قازی موحەمەدی پێشەوا، تا پیلانەکەی کیسنجەر لە کورد ساڵی ١٩٧٥، تا هەڵەبجە و هۆڵەکۆستی کورد (ئەنفال) و ترۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملۆ و شەرەفکەندی، تا نەخشەی (CIA) بۆ دەستگیرکردنی ئاپۆ بەچەندان شێوەی جیاواز ئێمە بووینەتە قوربانیی سیاسەتەکانی خۆرئاوا، بگرە نەتەوەیەک نییە لەسەر ئەم گۆی زەوییە هێندەی ئێمە ناپاکیی بەرانبەر کرابێت لەلایەن خۆرئاواوە، بەڵام نەتەوەیەکیش نییە هێندەی ئێمە چاویبڕیبێت لە خۆرئاوا وەک ڕزگارکەر. ئالێرەوە قسەکردن لەسەر خۆرئاواو تێڕامان لە عەقڵی خۆرئاوا خۆیمان بەسەردا دەسەپێنێ و کارێکە ڕۆشنبیری کورد بەناچاری دەبێت لەسەری سەرەوەی ئەجێندا فیکری و کولتوورییەکەی خۆی دایبنێ. کەواتە ناسینی ئەو کیانەی پێیدەڵێن خۆرئاوا و خوێندنەوەی ڕەخنەییانەی ئەو عەقڵەی کە پڕۆژەی مۆدێرنەتی سەرڕێگاخستووە، خوێندنەوەی سیاسەتی میکافیلیانەی خۆرئاواو بەدەرخستنی ستانداردی دووفاقە و سیاسەتی نائینسانیانەی خۆرئاوا لەمەڕ ئێمە و جیهانەوە دەبێت لە ئارەزووی ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر بچێتە دەرەوەو خۆی وەکو بەشێکی گرنگ لە پڕۆژەی ڕۆشنبیریی کوردی نیشانبدات. خوێندنەوەی واقیعی کوردی بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە پڕۆژەیەکی کامڵ نابێت بێ ناسین و خوێندنەوەی (ئەوان)ی کورد کە خۆرئاوا یەکێکە لەوانە.
لەڕوویەکی تریشەوە قسەکردن لەسەر خۆرئاوا گرنگییەکی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەی کە خۆرئاوا خاوەنی کۆمەڵێ دەستکەوتی زانستی و فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژیی گرنگە کە ئێمەی کورد بەناچاری نەک بەتەنیا دەبێت لەو دەستکەوتانە بدوێین و ڕابمێنین، بەڵکو هەندێ لەو دەستکەوتانە خۆماڵیبکەین و بیانکەینە بەشێک لە دنیابینی کوردانەی خۆمان، ئەمە جگە لە ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییەی کە هەندێ لەو دەستکەوتانە دەستکەوتی هەموو مرۆڤایەتین و بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداریی شارستانیانەی ئێمەش لە بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانەدا هەیە. ئالێرەوە بوونی جڤات (کۆمیونیتی) کوردی و بوونی ژمارەیەکی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد لە خۆرئاوا هەلێکی مێژووییە لەبەردەم کوردا لە کۆمەڵێ ڕووەوە بۆ سەرڕێگاخستنی ڕێنسانسێکی کوردی و بۆ سەرڕێگاخستنی دیالۆگێ لەگەڵ عەقڵی خۆرئاوادا. ئەمجارە لەماڵی خۆرئاوا خۆیدا ئێمە بەبەهاکان و هۆکارەکانی خۆرئاوا خۆی دەتوانین داکۆکی لە مافەکانی خۆمان بکەین وەک دانیشتوانی ئەو ووڵاتە خۆرئاواییانە و هەروەک هەر جڤاتێکی تریش دەتوانین مەسەلە بنەڕەتیەکەمان، کە مەسەلەی کوردە، زیندوو ڕابگرین و کاریگەریشمان هەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی هەندێ لەو ووڵاتە خۆرئاواییانە. یەکێک لەو وانانەی دەبێت ئێمەی کورد لەو جڤاتە نا-خۆرئاواییانەی ترەوە، کە پێش ئێمە لە خۆرئاوابوون، فێریبین ئەوەیە کە بەلانی کەمەوە لەسەر دووئاست دەتوانین مانا بە ژیانی دوورەووڵاتیمان ببەخشین و کاریگەریی تایبەتیمان لەسەر مەسەلەی نەتەوەکەمان هەبێت. لەلایەکەوە بەسوودوەرگرتن لە هەلومەرجی لەبار لە بوارەکانی ئابووری و بیسنز و ئەکادیمیادا هەڵپەی خۆمان هەبێت و خەونی گەورە ببینین چ وەک تاکەکەس و چ وەک جڤات.لەلایەکی دیکەوە ھەستی ھاوکاری و بەتەنگەوەھاتنمان بۆ یەکتر و بۆ جڤاتی کوردی لەجاران زیاتربکەین. بەم شێوەیەش نەک دەنگی خۆمان دەبێت، بەڵکو دەسەڵاتێک بۆ ئەو دەنگە وەک پاڵپشت دروستدەکەین و ئیدی تەنیا کۆمەڵە خەڵکێک نابین پەرتەوازە و بێدەسەڵات و بێخەون و بێڕێکخستن. زمانی دەسەڵات تەنیا زمانێکە کە خۆرئاوا لێی حاڵیدەبێت، ئەم دەسەڵاتەش تەنیا لە کۆکردنەوەی تواناکان، ھێزەکان و بەھرەکان لەدەوری یەکتر گەڵاڵەدەبێت، نەک بەنیازی دروستکردنی حیزبی سیاسی، بەڵکو بەنیازی دروستکردنی جڤات و گروپی کولتووری کە لەیەک کاتدا چاو لە پاراستنی مافەکانی جڤاتی کوردی ببڕێ لە مەنفا و بەدەنگیش بێت لەسەر ئەو ناعەدالیەتەی ڕۆژانە میللەتەکەمان ڕووبەڕوویدەبێتەوە. بەدەنگ بێت لەو پێشێلکردنەی مافەکانی میللەتەکەمان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە. بەھۆی بوونی جڤاتی کوردییەوە لە دەرەوەی کوردستان و لە خۆرئاوا ئیدی دەبێت ئەو سەردەمە بەسەرچووبێت کە تێیدا کورد قەتڵوعامبکرێ و کەسێ پێینەزانێ و ویژدانی کەسێ تەکان نەخوا، کاری ئێمە ئەوەیە کە ویژدانەکان ڕاچڵەکێنین، گۆمەکان بشڵەقێنین، دیواری بێباکی (Indifference)ی خۆرئاواییانە ھەڵتەکێنین. زیاتر لەمە نووسەری ئەم چەند دێڕە لەو باوەڕەدایە کە ئیمڕۆ ئێمەی کورد، بەتایبەت ئەوانەمان کە لە دەرەوەی کوردستان ئاوارەین، ئەرکێکی مێژووییمان لەسەرە، بانگکراوین بۆ ئەرکێک کە ڕەنگە زیادەڕۆییمان نەکردبێت بڵێین تەنیا ئەرکی ئێمەی کوردە، ئەویش دوای کارەساتی کۆسۆڤۆ و جەنگی ناتۆ دژبە یۆگۆسلاڤیا تاقیکردنەوەی ئەو گریمانکارییەی کە ئەو جەنگە پشتی بەستبوو بەو بەھایانەی کە ناتۆ بانگاشەی بۆ کرد و دەیکا، بانگاشەی ئەوەی گوایە ئەو جەنگە جەنگێ بوو ئەخلاقی و لەبەر خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتی و بەتەنگەوەھاتنی مرۆڤدۆستانە بوو بۆ ئیتنیکێ کە ڕووبەڕووی سیاسەتی پاکخوازیی ئیتنیکی بووەوە لەلایەن ناسیۆنالیزمێ کە بەدواپلەی دڕندەیی و دێوانەیی گەیشت، ناسیونالیزمی سیڕبی. ئەو تاقیکردنەوەیەش بەم شێوەیە دەبێت کە ئێمە بەجیھان بڵێین، بە خۆرئاوا بڵێین کە حوکمی جیھان دەکا، سەدساڵە وەکو میللەتێ کە ڕووبەڕووی نکۆڵیلێکردن لەسادەترین ماف و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە شوناس و بوونمان دەبینەوەو یەکێ لەو ھێزانەش، دەوڵەتانەش کە لە حەفتاوپێنج ساڵی ڕابردوودا شێلگیرانە دژی ھەموو خواستێکی سادەی میللەتی کورد بۆتەوەو بەتوندی ھەموو داواکارییەکی ڕەواو مرۆڤانەی کوردی سەرکوتکردووە، دەوڵەتی تورکیایە کە ئەندامێکی یانەی ناتۆیە. دەبێ بڵێین وێڕای سەدساڵ لە کوشتار و قوربانیدان، ئەو ناعەدالەتیەش قبووڵدەکەین کە دوای کۆسۆڤۆ کێشەی کورد بخرێتە سەر مێزی قسەکردن و ببێتە بەشێک لە ئەجێندای دامودەستگا نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەت ناتۆ. دیارە ھێندە ھوشیاریمان ھەیە لەو ڕاستییە بگەین کە بەنێونەتەوەییکردنی کێشەی کورد کارێک نییە خودبەخود بکرێ یاخود ھێزێکی ناکوردی پێیھەستێ، وەک چەکفرۆشەکان و پیاوانی بیسترو کۆمپانیا گەورەکان، بەڵکو ھوشیارین لەوەی کە پڕۆسەیەک لەو جۆرە دەیەھا ڕێگری گەورەی لەبەردەمدایەو جگە لەو ڕژێمانەی کوردستانیان داگیرکردووە، ڕێگری گەورە (بەموفارەقەیەکی زۆرەوە) خودی پڕۆسەی گڵۆبەڵایزەیشنە. بەڵام وێڕای زانینی ئەو ڕاستییەش بەنێونەتەوەییکردنی کێشەی کورد و سەپاندنی ئەو کێشە لەسەر ئاستی جیھانی و خزاندنی ئەو کێشە بۆ نێو ئەجێندای دامودەستگا نێودەوڵەتیەکان تەنیا ڕێگایەکە بۆ سنووردانان بۆ ئەو جینۆسایدەی سەدساڵە ئێمەی کورد ڕووبەڕوویدەبینەوە، ئەوەش کارێکە تەنیا کورد خپی دەتوانێ پێیھەستێ بەئامادەبوونی لە ھەموو مەحفەلەکانی جیھاندا، لەسەر شەقامەکان، لە ئەکادیمیاکاندا، لە کۆنفرانسەکاندا، لەبەردەم دەرگای ھەموو دامودەستگایەکدا. سەدەی بیست ویەکەم یا ئەوەتا سەدەی قبووڵکردنی جیاوازی و ڕاگرتنی جینۆسایدی کورد دەبێت، یا ئەوەتا ھەروەک سەدەکانی تر لەکەیەک دەبێت، شەرمێک بەنێوچەوانی مرۆڤایەتیەوە لە نکۆڵیکردن لە جیاوازی بەھۆی جینۆساید و قەتڵوعامی ئیتنیکە جیاوازەکانەوە. ئا لێرەوەیە کە ڕۆڵی مێژووییانەی کورد دەردەکەوێ، ئەویش لە ڕووبەڕووکردنەوەی خۆرئاواو مرۆڤایەتی بەرانبەر ئەو ڕاستییەی تا میللەتێک مابێت لەسەر ئەم گۆی زەوییە کە جینۆسایدبکرێ و نکۆڵی لە بوونی بکرێ و ئازادنەبێت، ئەوا نەک بەتەنیا قسەکردن لەسەر ئازادی و عەدالەت درۆیەکی گەورە دەبێت، بەڵکو مرۆڤایەتی سەرجەم ناتوانێ ئازادبێت.
ئەوەی لە کۆسۆڤۆدا ڕوویدا تراژیدیایەکە تا چەندین دەیەی تر دەشێ لە کاریگەرییەکانی بدوێین، لە قووڵی ئەو تراژیدیایە بیربکەینەوەو وانەی لێوە فێربین. بەڵام با لێرەدا تا ئەو شوێنەی پەیوەندیی بە ناتۆوە ھەیە سەرنجێک دەربڕین. دەستێوەردانی ناتۆ لە کاروباری یۆگۆسلاڤیا و بەتەنگەوەھاتنی ناتۆ بۆ کۆسۆڤییەکان و بۆمبابارانکردنی یۆگۆسلاڤیا بۆ ماوەی ٧٩ ڕۆژ لەسەر ئەو پرنسیپە بوو کە دواجار ناونرا (پرنسیپی کلنتۆن) بەناوی بۆچوونێکی بێڵ کلنتۆنی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە کە دەڵێ (ھیچ کەسێ نابێ سزابدرێ یا بکوژرێ یاخود لە ڕێشە ھەڵبکەندرێ بەھۆی میراتی ئایینی و ئیتنیکییەوە، بەھۆی شوناسییەوە کە جیاوازە). لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم بۆچوونە مانایەکی ئەخلاقی قووڵی ھەیە و دەبێت وەکو سیاسەت و وەک یاسا بچەسپێنرێت بۆ پاراستنی کەمایەتییە ئایینی و ئیتنیکییەکان، لەگەڵ ئەمەشدا سزادان و کوشتن و لە ڕیشە ھەڵتەکاندنی ئینسانەکان بەھۆی جیاوازبوونیانەوە لەڕووی ئیتنیکییەوە ئەو حاڵەتەیە کە لە کۆمەڵێ شوێنێ ئەم دنیایەدا ڕۆژانە ڕوودەدا، لە کوردستانی عێڕاق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، لە چین (کێشەی موسڵمانەکان و تبتییەکان)، لە ئەفریقا، لە ئەمریکای لاتین، لە مەکسیک (ناوچەی چیاپس)، لە جیھانی عەرەبدا، لە ووڵاتە ئیسلامیەکاندا، ھۆی چیبوو ناتۆ کۆسۆڤۆی ھەڵبژارد بۆ چەسپاندنی ئەو پرنسیپە؟ وەک ئاماژەمان بۆ کرد، بەھانەی ناتۆ بۆ بۆمبابارانکردنی یۆگۆسلاڤیا و کۆسۆڤۆ پشتئەستووربوون بوو بە پرنسیپێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانە. بەڵام ئەو پرنسیپە لەبەردەم سادەترین پرسیاردا خۆی بۆ ناگیرێ، ئەویش پرسیاری ناوچەکانی دی جیھان چی؟ خۆرئاواو نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوێ بوون لەکاتی ڕوودانی ھۆلەکۆست (ئەنفال)ی کوردیدا؟ لەکاتی کارەساتی ڕاوەندادا؟ بۆ خۆرئاوا شانی خۆی تەکاند و لە لێپرسراوی لەبەردەم کارەساتی ڕاوەندادا و بۆچی خۆرئاوا بێدەنگە لە سیاسەتی پاکژخوازیی ئیتنیکی کە لە تورکیا دژبە کورد و چەندین ساڵە بەردەوامی ھەیە؟ بارتەقای ١٠ بلیۆن دۆلار فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا یانی چی؟ ساڵانە بەخشینی ٥ بلیۆن دۆلار کۆمەک بە ژەنراڵەكانی تورکیا یانی چی؟ بێدەنگی خۆرئاواو بەتایبەتی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی ناو تورکیا خۆی نیشانەی پرسیارە لەبەردەم بەھانەی مرۆڤدۆستانەی خۆرئاوا بۆ جەنگی کۆسۆڤۆ دادەنێ. پێش جەنگی کۆسۆڤۆ کۆماندۆکانی تورکیا بەپێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیەوە عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە کینیا فڕاند و زیندانیانکرد و لە مانگی چواریشدا، لەو کاتەدا کە جەنگی کۆسۆڤۆ لە گەرمەیدابوو، لە تورکیا ھەڵبژاردن دەکرا کە ھیچ نەبوو جگە لە شەرم، جگە لە گاڵتەجاڕییەکی بێشەرمانە بەھەموو پرنسیپێکی دیموکراسیانە. لە سەردەمی ئەو ھەڵبژاردنەدا پۆلیس و دامودەستگا سەرکوتکەرەکانی تری تورکیا بەھەموو شێوەیەک و ڕێگایەک پارتی دیموکراتی خەڵک (HADEP) یان لەناوچەی کوردستانی تورکیا ھەراسانکرد، بەناوچەکانی کوردستاندا گەڕان، بەتایبەتی ناوچە گوندنشینەکان، ھەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد گەر بێتو دەنگ بۆ (HADEP) بدەن ئەوا ماڵەكانیان خاپووردەکەن، لە زیندانیان دەھاون، گووندەکانیان دەسووتێنن. ھەر لەو سەردەمەدا شەش ھەزار کەس لە تورکیا دەستگیرکران و ھەر ھەموو ئەمانەش بوونە بابەتی میدیا، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا نەیارییەکی ئەوتۆمان لە خۆرئاواوە گوێ لێ نەبوو دژ بەو بارودۆخە نادیموکراتی و نائینسانییە، نەک ھەر ئەوەندە، بەڵکو ھەر لەو سەردەمەدا قسەکەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زۆر بێشەرمانە چەند جارێک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەگەرییە ڕۆژانەکەیدا جەغدی لەسەر ئەوە کرد کە تورکیا ووڵاتێکی دیموکراسییە و ووڵاتی یاسا و چەند جارێکیش زۆر بێشەرمانە خەباتی ڕەوای کوردی بە ترۆریزم لەقەڵەم دا. ئیدی پێویستیمان بە بلیمەتێ نییە تا پێمان بڵێ جەنگی کۆسۆڤۆ لەبەر خاتری خەڵکی کۆسۆڤۆ نەبوو، لەبەر پرنسیپی مرۆڤدۆستانە نەبوو. خۆرئاوا بێدەنگە بەرامبەر دەیان کارەسات و تراژیدیا کە لە جیھاندا ڕوودەدەن، چەنکە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی واپێویستدەکات. کەواتە دەبێت بۆ ھۆی تر بگەڕێین تا لە نیازەکانی ناتۆ بگەین لەدەستێوەردانیدا لە یۆگۆسلاڤیا.
ھەروەھا لەڕوویەکی تریشەوە جەنگی کۆسۆڤۆ شوێنی پرسیارە. وەک دەزانین ئەو جەنگە تەنیا بە ھێزی ھەوایی و مووشەکی مەدای دوور کراو ھەر لەسەرەتاوە ناتۆ بەتایبەت ئەمریکا ئیختیاری بەشداریکردنی ھێزی زەمینی لە گەمەکە کردە دەرەوەو بەمەش ھەم ماوەی بۆمبابارانکردنەکە درێژەیخایاند و ھەم لەم ماوەیەشدا پڕۆژەی پاکژخوازیی ئیتنیکی جێبەجێکرا. لەو کاتەدا کە لە ئاسمانە دوورەکانەوە فڕۆکەکانی ناتۆ بۆمبابارانی کۆسۆڤۆ و یۆگۆسلاڤیان دەکرد، پۆلیس و سەرباز و میلیشیا فاشیەکانی سیڕبیا لە کۆسۆڤۆ سەرقاڵی کوشتن و بڕین و جینۆسایدی خەڵکی کۆسۆڤۆ و دەرپەڕاندنی خەڵکی کۆسۆڤۆ بوون. لەڕێگای تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتووەوە ناتۆ لە ئاسمانەوە وێنەی گۆڕە دەستەجەمعیەکانی دەگرت، بەڵام بێ نیشاندانی ئامادەیی پەلاماردانی کۆسۆڤۆ لەڕێگەی سوپای زەمینییەوە. زۆربەی لێکۆڵەرەوە جیدی و خاوەن ویژدانەکان، نەک شەکەرۆکەکانی بیستەم، لەسەر ئەوە تەبان کە گەر بھاتبایە ئەو ئیختیارە لەسەرەتاوە لە ئەجێندای ناتۆ نەخرایەتە دەرەوە، ئەوا ئەو قەتڵوعامە بەو ئاستە ترسناکەی نەدەگەیشت، بگرە ھەر زۆر زوو ئەو جەنگە بەو ئەنجامەی دەگەیشت کە گەیشت، واتە ملکەچکردنی ڕژێمی یۆگۆسلاڤی، بەم شێوەیەش دنیا نەدەبووە شاھیدی ئازار و میحنەتی یەک ملیۆن پەنابەری کۆسۆڤۆیی. بەڵام بۆ بەشداریکردنی سوپای زەمینی لەو جەنگەدا لەو ئەجێندایە خرایە دەرەوە؟ لەبەرئەوەی لە دوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە ئیدی ستراتیژیەتی ئەمریکی بریتییە لە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و تەنیا شەڕکردن بەدواتەکنەلۆژیا بێ دانی ھیچ قوربانییەک. لەڕاستیدا جەنگی کۆسۆڤۆ جەنگێک بوو خاڵی لە قوربانی لەلایەن ناتۆوە، ئەمەش ئیدی شێوازی جەنگەکانی داھاتووی ناتۆ و ئەمریکا دەبێت. باشترین وەسفێکی ئەم ستراتیژە ئەو ناوە بوو کە برژینسکی، کۆنە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، لەم ستراتیژییەی نا، ئەویش (ڕەگەزپەرستیی تەکنەلۆژی). بەپێی ئەم ڕەگەزپەرستییە گیانی سەربازێکی ئەمریکی بەھای زۆر زۆرترە لە دەیان، بەڵکو ھەزاران کۆسۆڤۆیی. لەلایەکی دیکەشەوە، ئیدی جەنگ گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردادێ و ئیدی تۆ دوژمنەکەت نابینی و نازانی دوژمنەکەت کێیە، ئەوەندە ھەیە چاو لە ئاسمان دەبڕی و چاوەڕواندەبیت ئاخۆ کەی خودای دیکارتی بۆمبەکانی خۆی، ڕق و کینەی عەقڵانیەتی خۆی بەسەرتا دەبارێنێ، تۆ دەبیتە خاڵێک لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر و ئیدی چەمکەکانی جەنگاوەری و شەرەف و ئازایەتی و دلێری و خوێن و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ و ترس لە مەرگ و لێخۆشبوون لە دوژمن ھەرھەموو دەبنە داستانەکانی ڕابووردوو، ئیدی لەلایەکەوە تۆ ھەیت و چاوەڕوانی ڕەحمەتی عەقڵانیەتی دیکارتی و چاوەڕوانی لە ئاسمانێک کە ھەموو مانایەکی ڕۆحانی لەدەستداوە و تەنیا چەند ھێڵێکی ھەوایی و ھێڵی جاسووسییە، لەلایەکی دیکەوە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و کۆمەڵێ فڕۆکەوان و مووشەکھاوێژ و کۆمەڵێ دایەن و خزمەتکار کە شانوملی ئەو فڕۆکەوانانە و ئەو مووشەکھاوێژانە دەشێلن، بەڵام ئەفسووس تۆ نایانبینی، چونکە لە ھیچ شوێنێکدا نین، ھەروەک چۆن تۆ بوویتە خاڵێ لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر، ئاواش ئەوان لە بوونە مرۆڤی کەوتوون، سوپاس بۆ بەربەریزمی عەقڵ.
لەکاتی ئامادەکردنی ئەم ژمارەیەدا ھەموومان شاھیدی دادگاییەکەی ئۆجەلان بووین، ئەو دادگاییەی وەک ھەمیشە ناعەدالەتی و نادیموکراسیەتی تورکیا و سەرسەختیی ژەنەڕاڵەکانی تورکیای نیشاندا. ھەموو ئەو داواکاری و پاڕانەوەو بانگەوازانەی کە کران لەکاتی فڕاندنی ئۆجەلاندا بۆ دادگاییکردنی عادیلانەی ھەرھەموو بەباداچوون. سەرەتا بەپێی بەڵگەنامە ئەوروپییەکانی مافی مرۆڤ دەوڵەت تەنیا دەتوانێ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ و چەند سەعاتێک لەکەسی تاوانبارکراو تەحقیقبکا بێ بینینی پارێزەر یا پارێزەرەکانی، کەچی تورکیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ ڕێگەی نەدا بە پارێزەرەکانی ئۆجەلان تا بیبینن، ئەوکاتەش کە ڕێگای پێدان و تا کۆتایی دادگاییەکەش پارێزەرەکانی ئۆجەلان بەھیچ شێوەیەک ئازادنەبوون لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیاندا کە ئامادەکردنی داکۆکیکردن بوون لە ئۆجەلان. سەرەتا ھەفتەی یەکجار بۆیان ھەبوو ئۆجەلان ببینن، ئەویش بۆ ماوەی چارەکە سەعاتێک، بەڵام بێ ئەوەی بۆیان ھەبێت قەڵەم و کاغەز لەگەڵ خۆیان بەرنە ناو زیندانەوەو بێ ئەوەی بۆیان ھەبێت سەرنج یاداشتبکەن، بێ ئەوەی بۆیان ھەبێت ئازادانە لە ستراتیژیەتی داکۆکیکردن لەگەڵ ئۆجەلاندا بدوێن، ئەویش لەبەرئەوەی لەو چەند دانیشتنە کەمەدا کە لەگەڵ ئۆجەلان سازیاندا ھەمیشە دوو پاسەوانی ڕووپۆش و حاکمێکی سەربازی ئامادەبوون. ئەمە جگە لەو ھەموو سووکایەتیپێکردنەی کە ڕووبەڕووی پارێزەرەکان بووەوەو بگرە لە ڕووداوێکدا لەناوەڕاستی شاری ئەنقەرە بەڕۆژی ڕووناک فەلاقەی چەند پارێزەرێکی ئۆجەلانیان کرد. دادگایی ناوبراو بەسروشت دادگاییەکی سەربازی بوو بەھۆی سروشتی ئەو دادگایە و بەشداربوونی حاکمێکی سەربازییەوەو ئیدی لێرەوە کۆمیدیای ئەو دادگاییە دەستیپێکرد. ئەوەی لەو ھۆڵەدا و لەو دوورگە چۆڵکراوەدا ڕوویدا یەک کۆمیدیاو یەک سێرکی پێشوەخت ئامادەکراوبوو. بەدرێژایی ئەو دادگاییە، کە چەند ڕۆژێکی زۆرکەمی خایاند، پارێزەرانی ئۆجەلان ئەو مافەیان لێ زەوتکرا کە خێزانی شەھیدانی کورد بانگکەن، ئەمە لەکاتێکدا ھۆڵەکە پڕیبوو لە خێزانی تورکەکان، ئەوانەی کوڕەکانیان پۆلیس و سەربازبوون و لە شەڕی کوردستاندا کوژراون. بەدرێژایی ئەو دادگاییە تەنیا ناڕەزاییەک کەلە ئەوروپاوە گوێمان لێبوو، دیارە گەر ناڕەزاییەک ھەبێت ھەر لە ئەوروپاوە دەبێت، چونکە چ کەنەدا و چ ئەمریکا دوو پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی تورکیان و ھێندەی مەبەستیانە چەک بە تورکیا بفرۆشن ھێندە لە بیری مافی مرۆڤدا نین چ جای دەگا بە مافی کورد، ئەو ناڕەزاییەش سەبارەت بەبەشداری ئەو حاکمە سەربازییە بوو. ئیدی تورکیا ڕۆژێک پێش تەواوبوونی ئەو کۆمیدیایە ئەو حاکمەی لابرد، بەڵام دوای ئەوەی ئەو حاکمە ئەجێندای دادگاییەکەی ھەر لەسەرەتاوە دیاریکرد و ژەنەڕاڵەکانی تورکیاشی لە ئەنجامەکەی دڵنیاکردەوە کە حوکمکردنی ئۆجەلان دەبێت بە مەرگ. لەڕاستیدا یەکەم دەستەوتاقمێ کە ھەر لەسەرەتاوە حوکمی مەرگیان بەسەر ئۆجەلاندا دا ڕۆژنامەنووسەکان و میدیای تورکی بوون. میدیای تورکی ھیستیریایەکی گەورەی سازکرد و ڕای گشتیی تورکی بەو شێوەیە داڕشت کە ھەرھەموو وەک منداڵکوژ سەیری ئۆجەلان بکەن. لێرەوە میدیای تورکی و کۆمەڵێ ڕۆژنامەنووس خۆیان بەنزمترین ئاستی ڕۆژنامەگەریانە، ئاستی زەلکاو، ھەموو پرنسیپێکی ئەخلاقی و بابەتگەراییان ژێرپێخست و بوونە شەکەرۆکەکانی بارەگای سوڵتانێکی نەخۆش. لە بیست ونۆیەمی مانگی شەشدا، لەو ڕۆژەدا کە ھەفتاوچوار ساڵ بەر لەئێستە شێخ سەعیدی پیران و یارانی لە سێدارەدران، تورکیا حوکمی مەرگی بەسەر ئۆجەلاندا دا، واتە لەماوەی ھەفتاوچوار ساڵدا عەقڵییەتی سەربازی حوکمکەری تورکیایە و شۆڤێنیزمی کەمالیزم بارتەقای گەردێک نەگۆڕاوە.
ھەرچی پەیوەندیشی بەخودی ئۆجەلان و تاکتیکی داکۆکیکردنەکەی لەخۆوە ھەیە شوێنی تێڕامانەو بگرە نائومێدی. سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە داکۆکیکردن لە ژیانی ئۆجەلان پێویستییەکی نکۆڵی لێنەکراوە، چ وەک ئینسانێ چ وەک سەرکردەیەکی کورد، ئۆجەلان وەک کاریزمایەک ژیان و بوونی تێکەڵ بە مەسەلەی کورد بووە لە تورکیا. وێڕای ئەوەش من لەو باوەڕەدام کە ئەوەی لەو دادگاییەدا بینیمان و گوێمان لێبوو ھیچ نەبوو جگە لە مەرگی کاریزما. ئەوەی بینیمان سەرکردەیەک بوو دوای شەھیدبوونی ھەزارەھا لاو تاکتیکێکی گرتەبەر بۆ پاراستنی گیانی خۆی. دیارە ئۆجەلانیش وەک ھەر تاکەکەسێکی دی مافی ئەوەی ھەیە بەرگری لەخۆی بکا و کارێ بکا کە پێش لەوە بگرێ لەسێدارە بدرێ، بەڵام دەبێ لەیادمان بێت کە ئۆجەلان سەرکردەیەکی کاریزمییە و لە شەقامەکانی تورکیا و ئەوروپا و جیھاندا خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەو کەسایەتیە ئاگریان لەخۆ بەردا و ئێستاش سەدانی تر ئامادەن ئاگر لەخۆ بەردەن یاخود بتەقێنەوە بۆ ئۆجەلان. ھەڵسوکەوتی ئۆجەلان لەو دادگاییەدا ھەڵسوکەوتی کەسێ نەبوو کە ئامادەبێت لەپێناو مەسەلەیەکدا بمرێ، نەک ئەوەندە، بەڵکو گورزێکی گەورەشی لە مەسەلەی کورد دا بەوەی کە مەسەلەی کوردی لە سەربەخۆیی و ئازادییە سیاسی و مەدەنیەکانەوە کورتکردەوە بۆ ھەندێ مافی کولتووری، وەکو ئەوەی زمانی کوردی ئازادبێت و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بە زمانی کوردی پەخشبکرێنەوە. نەک ئەمەندە، بەڵکو ھەموو خەباتی سەدساڵەی کوردی لە تورکیا خستە ژێر پرسیارەوە، بەوەی گووتی (ئەنجامێک کە ئەمڕۆ من پێیدەگەم بریتییە لەو ڕاستییەی کە بەدترین شتێ بۆ خەڵکێک یاخیبوونە). ئەمە یەکەمین جار نییە سەرکردەی کورد و قارەمانی کورد دادگاییدەکرێن و ڕەوانەی سێدارە دەکرێن، ھەر لە شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزاوە تاکو چوار ئەفسەرەکەی کوردی عیراق و تا قازی محەمەدی پێشەوا و قارەمانەکانی نێو زیندانەکانی دیاربەکر و ئەنقەرە و دیمەشق و قامشلی و بەغدا و موسڵ و تاران کە ھەرھەموو دلێرانە بێ سازشکردن و بێ داواکردنی بەخشین و پاڕانەوە ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە. ھەڵسوکەوتی ئۆجەلان دەبێت ناچارمانبکا کە زۆر بەجیدی قسە لەسەر سەرکردەی کورد و ڕۆڵی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد بکەین لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەکەماندا، گەر بمانەوێت خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان لە خەوشی خێڵەکی پاکبکەینەوە، گەر بمانەوێت ئەو خەباتە ڕەوایە لە پۆخڵەواتی ئەو سەرکردانە پاکبکەینەوە کە وەک مەڕوماڵات و وەک گایەک سەیری ئێمە دەکەن. ئەو سەرکردانەی چاوەڕوانی ئەوە لە ئێمە دەکەن کە گووتیان شۆڕش ئێمەش بڵێین شۆڕش، کە گووتیان قوربانیدان ئێمەش بڵێین ئەمە ژیانی ئێمە، کە گووتیشیان سازش و ڕێککەوتن و مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن ئێمەش بڵێین بەڵێ بۆ دوژمن، کە گووتیان چەکەکانتان دابنێن ئیدی ئێمەش چەکەکانمان دابنێین و نەپرسین بۆ؟ خوێنی ھەزارەھا کەس بۆ؟ لەڕاستیدا ئێمە لەسەر دووڕیانێکین، یا ئەوەتا سەرکردەی کورد فێردەکەین کە ڕێز بۆ ژیانی کورد دابنێ، فێری سیاسەتی دەکەین و پاکیدەکەینەوە لە خێڵ و عەقڵیەتی خێڵەکی و پەتریارکی و فێریدەکەین کە چۆن کاتی خۆی ھات پێویستە بمرێ یا لە سیاسەت بکشێتەوە، یا ئەوەتا وەک ھەمیشە ئێمە ئەو جەستەیەین کە خوێن دەدەین و سەرکردەکانیشمان سازشی بەسەرەوە دەکەن. تۆ بڵێی سەدەی بیست ویەکەم سەدەی ڕژانی خوێنی کورد بێت بێ لێپرسینەوە لە سەرکردە و سیاسەتمەداری کورد؟
فاروق ڕەفیق
ژمارە ٩-١٠/ ١٩٩٩
نەتەوە و کۆمەڵگە
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
تایپ: عەبدوڵلا قادر دانساز
لێپرسراوانی ژمارە:مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح
ناواخن
هەڵوێستە
مۆدێرینی: لە خەونی گۆڕانەوە بۆ خەونی مردن. نووسینی: ڕێبین هەردی
مەلەفی ژمارە: نەتەوە و کۆمەڵگە
دەسەڵاتدارێتی و پرۆسەی بەکۆمەڵگابوون. نووسینی: ئاراس فەتاح
ناسیۆنالیزمی دوورمەودا، “کورد لە دەرەوەی کوردستاندا” دۆخی هۆڵەندا. نووسینی: مەریوان ووریا قانع
بەربەریەت و قارەمان. نووسینی: ڕیبوار سیوەیلی
سەدەی ناسیۆنالیزم. نووسینی: بەختیار عەلی
ئایا نەتەوە شێوەی وشەی هەیە؟ نووسینی: دکتۆر ساتو گروێندال. وەرگێڕانی: هاشم ئەحمەدزادە
گووتاری مافەکانی مرۆڤ و ترادسیۆنی ئیسلامی. نووسینی: فاروق ڕەفیق
کۆچکردن، ململانێ ئەتنییەکان و سیستمی نوێی جیهان. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: لاوک صلاح
کورتە مێژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا. بەشی سێهەم: نوێکردنەوەی شێوە. نووسینی: گارا
لە وەڵامی فاروق ڕەفیقدا. نووسینی: گۆران باباعەلی
مەلەفی چاوپێکەتن
چاوپێکەوتن لەگەڵ فەیلەسوفی ئۆکسفۆردی جۆن هایمەن. سازدانی: چۆمان هەردی
کورد و ساڵی دوو هەزار. بەشداران: هاشم ئەحمەدزادە، دانا سۆفی، ئارام کاکەی فەلاح. ئازاد حەمە، ئەحمەدی مەلا، ئەنوەر ڕەشی عەوڵڵا، دلاوەر قەرەداغی، ئیسماعیل حەمەئەمین، بەختیار عەلی، ئەحمەد ئەسکەندەر، بەرزان هەستیار. ئامادەکردنی: هیوا قادر
ئاوێنە بچکۆلەکان
هەڵویستە
پتر لە نۆساڵە بەشێكی گەورەی نیشتیمانی ئێمە ئازادە و بەعس ناچاركراوە لە دوورەوە بۆن بە كۆمەڵگا و مێژوو و ئیرادەی ئێمەوە بكات. لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەكەمینجارە كۆمەڵگای ئێمە لەژێر فشاری جەستەیی و سایكۆلۆژی بەعس دەرچووبێ و خۆی خەریكی ڕێكخستنی ماڵی خۆیبێت. یەكەمینجارە وەرزی ئازادی لە نیشتیمانی ئێمەدا ئەوەندە هەناسەی درێژبێت. جگە لەمانە ئەمە یەكەمینجارە ئێمە ماڵئاوایی لە سەدەیەك بكەین و بچینە ناو سەدەیەكی دیكەوە بەبێئەوەی هەموو نیشتمانمان لێسەندرابێتەوە. بێگومان ئەم وەرزی ئازادییە وەك چۆن ڕۆژگاری بەروبوومی ئیرادە و سەركەوتنی خەبات و سەقامگیربوونی ڕاپەڕینی بێوچانی میللەتی ئێمە بووە، ئاواش لە هەمانكاتدا ڕۆژگاری وێرانكردنی چەندەها خەون و هەڵەی بێوێنە و پێشێلكردنی هەموو ڕۆحییەت و فانتازیایەكی نەتەوەییش بووە. ئێمە لێرەدا نامەنەوێت جارێكی دیكە بەناو ئەو سەفەری برین و خوێنەدا بچینەوە كە كورد خۆی جەستەی خۆی پێ وێران و مەحكومكردوە. بە درێژایی تەمەنی ڕەهەند ئێمە بەردەوام لەسەر جەنگ و هەڵە و ناكۆكییەكانی كورد لەگەڵ خۆی و لەناوخۆیدا دواوین و سەدەها لاپەڕەشمان بۆ لێكۆڵینەوە و ڕاڤەكردن و دۆزینەوەی هۆكار و دەرەنجامەكانی ئەم كارەساتە تەرخانكردوە. بۆیە لەم هەڵوێستە خێرایەی ئەم ژمارەیەدا دەمانەوێت پێ لەسەر ئەو ئومێد و خەون و ئەگەرە دیار و نادیارانە داگرین، كە دەشێت سەدەی بیست و یەكەمی مێژووی ئێمە بكاتە سەرزەمینی ئاسوودەبوونمان وەك میللەتێك كە مێژووو وەك نەهرۆ دەڵێت، ڕۆژگارێكی درێژ هەتیوی خستبوو.
بێگومان ئەمە یەكەمینجارە لە مێژووی ئێمەدا دوای هەموو هەڵە و خوێن و كارەساتە ناوەكییەكانی خۆمان، هێشتا سنوور و هەلومەرجی خەونبینین كراوەبێت و هیشتا بوێرین باس لە ئەگەری گۆڕان و هەلی هاتنەكایەی ماڵێكی نوێ بكەین، ماڵێك بۆ نیشتەجێكردنی ئازادی بۆ تاك و گروپەكانی كۆمەڵگای كوردی. ڕەنگە هێزی سەرەكی مێژووی ئێمە لەبەردەم هەزارەی سێهەمدا لە بوونی ئەم ئیرادە گەورەیەی خەونبینیندا بێت، لەو پەیمانە نهێنییەدابێت كە ئینسانی ئێمە لە قووڵاییەكانی خۆیدا لەگەل خەون و لەگەڵ ئەگەرە ئەفسووناوییەكانی گۆڕاندا بەستویەتی.
ئەوەی ئەم مافی ئومێدەمان پێدەبەخشێت، بوونی ئەو پەراوێزە دیموكراتییەیە كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا مێژوویەكی جیاواز لە مێژووی ناوچەكە بەگشتی و مێژووی عێراق بەتایبەتی دەنوسێتەوە: مێژوویەك تیپەڕ بە ناو ڕاڕەوە ڕووناكەكانی دیموكراسیەت و كوچەكانی فرەدەنگی و فرەڕەنگیدا. مێژوویەك، هەوڵئەدات لە پەلكەزێڕینە بچێتە لە ناوچەیەكدا دیكتاتۆرەكان بە ترس چاندویانە و بە زەبروزەنگ ووشك و برینگیان كردۆتەوە.
لە ڕاستی دوورناكەوینەوە گەر بڵێین مەترسی گەورە لە كوردستانی ساتەكانی یەكەمی هەزارەی سێهەمدا لە وێرانكردنی ئەو پەراوێزە دیموكراتییەدایە كە كۆمەڵگای ئێمە ڕۆژانە شەڕی پاراستن و فراوانتركردنی مەودا و سنوورەكانی دەكات. ئێمە یان ئەوەتا بەردەوام دەبین لە بە دیموكراسیكردنی هەموو ڕەهەندەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیمان، یان دیسانەوە نووقمی ئەو مێژووە ئەبینەوە كە بەعس نزیكەی چارەكەسەدەیەك خەتە باریك و ئەستوورەكانی لە نیشتیمانی ئێمەدا كێشابوو. لە نێوان ڕاوەستان یان بەردەوامبوونی پرۆسەی دیموكراتیزەكردن لە نیشتیمانی ئێمەدا هیچ مەسافەیەك نییە، ئەوەی دەوەستێت دەكەوێتەوە ناو تۆڕەكانی بەعس و مێژووییەكی بەعسییانەوە، ئاخر دنیای ئێمە تا ئەم ساتەی ئێستاشمان لێوانلێوە لەو كەلەپوورە بەدەی بەعس كە بۆ كووشتنی دەنگی ئازاد و بۆ پایەداركردنی دەسەڵاتێكی خوێناوی بەرهەمیهێنابوو. تەنا دیموكراسییەتی بەردەوام ڕانەگیراو لەخاڵێكدا توانای شۆرینەوە و پاككردنەوەی نیشتمانی ئێمەی هەیە، هەم لە گازە كیمیاوییەكانی بەعس، هەم لەو كولتوورە سیاسی و كۆمەڵایەتییە ستەمگەرەی كە مەترسییەكەی لە مەترسی گازەكان كەمتر نییە. بەم مانایە وەستانی پرۆسەی بە دیموكراسیكردنی ڕەهەندە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵگای ئێمە، مانای دووبارەكردنەوەی ئەزموونی بەعس و لەوێشەوە دووبارەكردنەوەی هەموو ئەو كارەساتانەی بەعسن كە تەمەنی نەوە جیاكانی میللەتی ئێمەی پێدەنووسییەوە.
بێگومان ئەم وەرزی ئازادییە بەر لەوەی بەرەنجامی هۆكارێكی دەرەكی بێت، زیاتر دەسكەوتێكی گرانبەهای خەباتی سیاسی گەلی كورد خۆیەتی. ڕاستە هەلومەرجی دوای جەنگی كەنداو بارودۆخێكی ناوەكی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەباری هێنایەكایەوە، بەڵام ئەوە ئیرادەی قایمی میللەتی ئێمە بوو مێژووی ناچار بە بەرهەمهێنانی چەندەها ڕووداو دەكرد كە وەرزی ئازادی ئێمەی نزیك و نزیكتر دەكردەوە. ئەم ئیرادەی بەرهەمهێنانی مێژووە مێژوویەكی درێژی هەیە و ساتەوەختە ئەفسوناوییەكانی ڕاپەڕین لووتكەی بەرجەستەبوونی كاری ئیرادەگەرانەی ئەم ئیرادە تووڕەیە بوو. ڕاپەڕین قەسیدەیەكی ئەفسانەیی بوو كە بە ناوەرۆك و چێژ و ئیستاتیكایەكی دیكەوە سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمەی بە وەرزەكانی سەدەی بیسویەكەم دەسپارد. ئەم قەسیدەی ئازادییە لە جەوهەردا قسەیدەی بە قسەهاتنی كۆمەڵگای ئێمەبوو لەدوای چارەكەسەدەیەك لە بێدەنگكردنێكی ناحەزانە و بەعسییانەی كۆمەڵگای ئێمە، تابووی هەرەگەورەی بەعس لە نیشتیمانی ئێمەدا، تابووی قسەكردن و دەنگدەربڕین بوو، كوشتنی مافی تەعبیركردنی مرۆڤی ئێمە لە خۆی وەك تاكەكەس وەك ئەندامی گروپێكی تایبەت، یاسای یەكەمی بەعس بوو بۆ ڕێگرتن لە وێناكردنی مرۆڤی ئێمە بۆ خۆی وەك بوونێكی جیاواز و مانادار و ئینسانی. بەم مانایە ڕاپەڕین شەڕی سەرسەختی مرۆڤی ئێمە بوو بۆ وەرگرتنەوەی مافی قسەكردن، ڕاپەڕین قەسیدەی دیموكراسیەت و فرەدەنگی و داننان بە مافی جیاوازی و فرەڕەنگی و فرە دەنگیدا بوو، پەلكەزێڕینەیەكی تەڕبوو لە زەوییەكدا بەعس دەیویست بە ووشكوبرینگی ئەبەدیی مەحكومی كات. لێرەوە پاراستن و گەشەپێدانی ئەم پەراوێزە دیموكراسیەیە بەوەفابوونە بۆ جەوهەری ڕاپەڕین و بۆ ناوەرۆكی بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانی كوردستان خۆشی كە زیاد لە سەدەیەكە بە هەموو شتێك دەنووسرێتەوە، لە مەرەكەبەوە بۆ خوێن، لە عارەقە و ڕەنجەوە بۆ گیانفیدایی و ژیانبەخشین، لە هەوڵی ژنانەوە تەقالای پیاوان.
بێگومان زۆرن ئەو شتانەی لە كۆمەڵگای ئێمەدا تەعبیریان لە ڕۆحی دیموكراتیانەی ڕاپەڕین دەكرد. لە پێش هەمووشیانەوە هەڵبژاردنەكەی ساڵی ١٩٩٣، هەڵبژاردنێك كە تێیدا چارەنووس و مژدەكانی مێژووی ئێمە بە سندوقەكانی دەنگدان دراو لەم ڕووەوە سەرەتایەك لە نیشتیمانی ئێمەو دروستكردنی ناوچەكەدا دروستدەبوو كە ئاماژەی بۆ داهاتوویەكی پڕلە ئاسودەیی دەكرد. دروستكردنی پەرلەمانی كوردی بە هەموو كەموكوڕییەكانیەوە، گەر لە سیاقی ناوچەكە و مێژووی ئەو ڕژێمانەی لە ناوچەكەدا بەرقەران، تاماشایكەین، ئەزمونێكی سیاسی و دیموكراسییانەی گرنگ بوو. ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمان یەكەمین ئەزمونی نوێی كۆمەڵگای ئێمە بوو بۆ بنیادنانی كۆمەڵگایەكی سیاسی كە دووربێت لە كەلەپووری بەدی عەسكەرتاریەت و تاكحیزبی و زەبروزەنگ كە بەعس لە خانە خانەی جەستەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری نیشتیمانی ئێمەدا چاندبووی. ئەم ئەزموونە دەكرا دەرەنجامی زۆر گەورەتری هەبوایە لەوەی لە ئێستادا هەیەتی، گەر هاتبا هێزە سەرەكییەكانی ناوی بە گیانێكی دیكەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستكەوتەكانیدا بكربایەز ئەو هەوڵە سەرەتاییانەی لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ دروستكردنی جیهانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ درا، جیهانێك لەسەر پرنسیپەكانی مەدەنیەت و عەقڵانیەت و دیموكراسیەت و تازەبوونەوە كاربكات، گەر هاتبا درێژەی هەبایە و بەردەوامبوایە، ئێستا كۆمەڵگای سیاسی ئێمە وێنەیەكی دیكەی دەبو و لە قۆناغێكی دیكەی كامڵبوون و عەقڵانیەتی خۆیدا دەژیا.
ئەو خاڵەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت جەغدی لەسەر بكەین ئەو ڕاستییەیە كە هەموو دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین بەشێكی دانەبڕاوی خەباتی چەندساڵەی كورد بووە بۆ هانەكایەی دنیایەكی دیموكراسییانە و چەسپاندنی بەها دیموكراسییەكان. ئەو بەهایانەی كە مانا مرۆییەكان بە تاك و بە گروهەكان دەبەخشننەوە و كەرامەتی ئینسان لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە دادەنێن. دیموكراسیەت بەم مانایە ڕێزگرتنێكی تەواوەتیە لە جیاوازی و كولتوورێكی نوێە لە پراكتیكی سیاسی. لەم كولتوورەدا ململانێكان لەناو ڕێسا و بەها دیموكراتیەكاندا دەچن بەڕێوە و عەقڵانیەتێكی دیالۆگی كراوە دەبێت بە بناغەكەی. بناغەیەك كە ژیانی تاك و گروپەكان تێیدا پارێزراوە و كولتووری مشتومڕ و دیالۆگ جێگای بە كولتووری جەنگاوەرانە چۆڵكردوە.
كولتووری دیموكراسیانە كولتوورێك نییە نوخبەیەكی بچووك لەسەرەوەڕا بەسەر جەماوەردا بیسەپێنێت، دیموكراسیەت جەدوەلی زەرب نییە و لە سەرەوەڕا جەماوەر ناچار بە لەبەركردنی بكرێت، وانەیەك نییە كە سەردارەكان فێری خەڵكی بكەن، پرۆسەیەك نییە كە دەسەڵاتداریەتیەك بە موڵكی خۆی بزانێت، بەڵكو دیموكراسیبوون پرۆژەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتوورییە، خواستێكی كۆمەڵایەتی هەموو ئەو گروپ و لایەن و تاكانەیە كە بەرژەوەندیان لە بوونی كۆمەڵگایەكی كراوەدایە تاوەكو تێیدا بتوانن داكۆكی لەخۆیان و مافەكانیان و ئازادی و پاراستنی جیاوازی خۆیان بكەن. بۆیە ڕێكەوت نییە كە بۆ كورد، وەك ئەتنیەكی هەڕەشەلێكراوی ناو دەوڵەتی عێراقی و بێبەش لە هەر مافێكی سەرەتایی، دیموكراسیەت بوبێتە خواستێكی گرنگ لە خواستە سەرەكییەكانی و بوبێتە ئامانجێك و فۆرمێك بۆ ڕێكخستنی ژیانی لە كوردستاندا. بەدەنگەوەهاتنی خەڵكی كوردستان بۆ هەڵبژاردن و بەشداریكردنی بەرفراوانی زۆربەی زۆری كۆمەڵانی خەڵك تیایدا هێمایەكی گەورەی ئەو ڕاستییەیە كە دیموكراسیەت موڵكی هیچ حیزب و لایەن و ڕۆشنبیرێك نییە بە تەنها، دیموكراسییەت وانەی هیچ دەسەڵاتدارێك و تاقمێك نییە، بەڵكو خواستێكی بەرفراوانی كۆمەڵایەتیە.
كاتێك جەنگی ناوخۆش دەستیپێكرد، یەكەمین شەهیدی ئەو جەنگە خواست و ویست و عەقڵانیەتی دیموكراسیانە بوو، ئەو خواستانەی خەڵكی كوردستان لە حوكومەتەكەی هەبوو تەنها پاراستنی دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین نەبوو، بەپێچەوانەوە پەرلەمانی كورد ڕووبەڕووی ئەركی گەورە كرابووەوە كە چەندەها ئاستی جیاجیای هەبوو، لە ئاستی سیاسیەوە بیگرە تا بە ئاستی كولتووری و ئابووری و پەروەردەیی و زانیاری دەگات. شەڕی ناوخۆ هەموو چاوەڕوانیەكانی خەڵكی ئێمەی لەدروستكردنی حوكومەتێكی عەقڵانی كە یاسا و پاراستنی نەگۆڕە نەتەوەییەكان و نەگۆڕە ئینسانیەكان بناغەكەی بێت، وێرانكردز خەڵك چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد بناغەی یاسایەكی مەدەنی نوێ داڕێژرێ كە ڕێز لە هەمەجۆری كولتووری حیزبی بگرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتدارێتی تاكحیزبی و بیرۆكەی حیزبی سەركردە بهێنێت، بەتایبەتی لە نمونە بەعسییە بەدناوەكەیدا. خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەبوون حوكومەت پلانێكی گشتگیر بۆ ئاوەدانكردنەوەیەكی مادی و مەعنەوی كوردستان و بۆ ئامادەبوونێكی دیبلۆماسییانەی نەتەوەیی و ئەكتیڤ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دابنێت و لەم ڕێیەوە كۆتایی بە سیاسەتێك بهێنرێت كە بە چەرخ و فەلەكەكانی حیزبەوە بەسترابێتەوە و تێیدا كوردستان كورتكرابێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی حیزب حوكمی تێدادەكات. بێگومان هەموو ئەم ئەركانەی حكومەت، كە لە جەوهەردا خواستی خەڵكی كوردستانن، تائێستاش گرنگێتی خۆیان نەدۆڕاندوە و تائێستاش هەلی كاربۆكردن و ڕاپەڕینیان ئامادەیە.
با ئەوخاڵە تەواو ئاشكرابێت كە دابەشكردنی كوردستانی عێراق بۆ ناوچەی دەسەڵاتدارێتی ناوچەیی مانای بوونی دوو ئەزمونی دیموكراسی نییە، مانای زۆركردنی كولتووری دیموكراسی نییە، مانای زیادكردنی هەلومەرجی چەسپانن و سەقامگیركردنی دیموكراسیەت نییە. ئەم دابەشكردنە بەپلەی یەكەم بچووككردنەوە و شپرزەكردن و شێواندن و بێماناكردنی پرۆسەی بە دیموكراسیبوون لە كوردستاندا دەگەیەنێت. یەكێك لە مەرجە هەرەسەرەكییەكانی سیستمێكی دیموكراسی بوونی ئیجماعێكی سیاسی نەتەوەییە. واتە بوونی چوارچێوەیەكی یەكگرتوو تا لەناویدا پرۆسە دیموكراسیەكان جێگیركرێن، ئەوەی ئەم دابەشبوونە دەیكوژێت و وێرانیدەكات بوونی ئەو چوارچێوە نەتەوەییە یەكگرتوەیە. كوردستان پێویستی بە دوو سیستم نییە هەریەكێكیان خۆی بە دیموكرات بزانێت، بەڵكو پێویستی بە یەك سیستم هەیە بتوانێت هەموو جیاوازییەكان لە ئامێزبگرێت. ئاخر دیموكراسییەت مانای پێكەوەژیانی ئارام و ئاشتیانەی چەندەها جیاوازی لەپاڵ یەكدیدا. لە دنیادا هیچ سیستمێكی دیموكراسی بوونی نییە بەشداربووەكانی ناوی چوارچێوەیەكی نەتەوەیی گشتییان قبووڵنەكردبێت بۆ نیشتەجێكردنی جیاوازییەكانیان، بەبێ بوونی ئەم چوارچێوە گشتییە قسەكردن لە دیموكراسییەت زیاتر لە قسەكردن لەسەر سەرابێكی سیاسی دەچێت تا واقیعێكی سیاسی بەرجەستە. لەڕاستیدا بوونی دوو سیستم لە كوردستاندا مانای بوونی دوو پەڵە سەرابی گەورە نەك بوونی واقیعێكی سیاسی كە لە قازانج و بەرژەوەندی دیموكراسیەتدا بێت.
لەناو ئەو هەلومەرجەی سەرەوەدا هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا مانایەكی دووفاقی هەیە، لەلایەك بەشداربوونی هەمو ڕێكخراوە سیاسییەكان لەو هەڵبژاردنانەدا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دیاردەیەكی دڵخۆشكەر و پۆزەتیڤە و هێما بۆ بوونی ئەتمۆسفێرێكی دیموكراسی لەو ناوچانەدا دەكات. لەلایەكی دیكەوە ئەم هەڵبژاردنە هێمایە بۆ بێبەشبوونی نیوەكەی تری كۆمەڵگای ئێمە لەو هەلە دیموكراسییە. دیموكراسی نیوەچڵ مانای نییە، سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن لە نیوەكەی دیكەی خەڵكی كوردستان، سەندنەوەی یەكێك لەسەرەتاییترین ماف و پرنسیپەكانی دیموكراسییەتە. لە دیموكراسییەتێكی ڕاستەقینەدا هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە لەڕێگای دەنگدانەوە جۆری ڕژێم بۆ وڵاتەكەی هەڵبژێرێت، واتە فۆرمی پەرلەمان دیاریبكات، یان لە شارەكەیدا فۆرمی شارەوانی دەستنیشانكات. ئەم مەسەلەیە مافێكە و دەشێت هەركەسە و بەجۆرێك بەكاریبێنێتو بۆنمونە دەشێت یەكێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لایەنێك و بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی لایەنێكی دیكە هەڵبژێرێت. خەڵكی كوردستان وەك گشتێك، دەبوایە ئەو مافەیان لێنەسێندرایەتەوە.
مانەوەی كوردستان بەدابەشكراوی زۆربەی هەوڵ و تەقالاكان كەم بایەخ دەكاتەوە، چونكە بەبێ بوونی چوارچێوەیەكی گشتی بۆ هەموو هێزەكان پێكەوە زەحمەتە بیر لەهیچ پرۆژەیەكی سیاسی گرنگ و مانادار بكرێتەوەز لێرەوە مەسەلەی پاراستنی ئەو پەراوێزە دیموكراسییەی كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا بەرقەرارە، بەپلەی یەكەم وابەستەی ئەوەیە تاچەند ئیرادە سیاسییە جیاوازەكان ئامادەن چوارچێوەیەكی گشتی بۆ ململانێ و مشتومڕی سیاسی دیموكراسییانە دروستبكەن. ئەو كەشە دیموكراسییەی ئەمڕۆكە لە كوردستاندایە تەنها لەنێو ئەو چوارچێوە گشتییەدا مانای هەیە، هەلی مانەوە و پاراستنیشی تەنها لەناو ئەو چوارچێوە گشتییەدایە. ئەوەی خەڵكی كوردستان چ لەناوەوە و چ لەدەرەوە پێویستیان پێیەتی، هەستكردنە بەوەی سەر بە وڵاتێكن نەك بە حیزب و لایەنێك، زێدی مێژوویەكی نەتەوەیین، نەك مناڵی ناو كۆبوونەوە حیزبییەكان. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆكە وەك نان و ئاو پێویستمان پێیەتی فەزایەكی دیموكراسیە، گەورەتر لە فەزای حیزبەكان، خەونێكە گەورەتر لە خەونی سیاسەتێك كە وابەستەی دیالێكتێ لە دیالێكتەكانی زمانی كوردی بێت. ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێكە كە بتوانێت لەیەككاتدا بە هەموو دیالێكتە كوردییەكان بدوێت و لە هەموو زمانە زیندوەكانی دنیاش تێبگات، ئەوەی ڕازینەبێت دنیا و كۆمەڵگا و سیاسەت لەم بەرینییەدا ببینێت، دواجار دەكەوێتەوە ناو ئەوخانە بچووكانەی بەعس جیهانی لێوە دەبینی. دنیایەك، ئەمڕۆ وردە وردە دەخوازێت مێژووی بەعس و سەركردەكانی بە دادگا بدات.
ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانیع
ژمارە ١١- ٢٠٠٠
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: بەختیار عەلی- ئاراس فەتاح
لێپرسراوی ئاوێنە بچکۆلەکان: هیوا قادر
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:
-هەڵوێستە
– د. کەمال محەمەد: چۆن لە بەرهەمی هونەری بگەین؟
– مەریوان وریا قانیع: لە نێوان مۆدێرنە و ئیسلامی سیاسیدا
– ڕێبین هەردی: ڕؤشنگەری، تێزێکی ئایدۆلۆژی یان تێزێکی ڕەخنەگرانە
– مەهاباد قەرەداغی: زمان و ناسنامە
– ڕیبوار سیوەیلی: سیاسەت لە نێوان “ئاڵوگۆڕ” و “لێدان”دا
– گارا: کورتە مێژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا
– مارتن هایدگەر: گەڕانەوە بۆ بناغەی میتافیزیک. و: بەکر عەلی
– نیکۆلا بانسێل، باسکال بلانشار، ساندرین لۆمێر: پیشانگای ڕەگەزپەرستانەی ئەورووپییەکان شەیدادەکات. و: ئەحمەدی مەلا
– سعدالدین ابراهیم: ڕۆشنبیر و میر. و: هەڵکەوت عەبدوڵا
– ن.ح. ئەبوزێد: کێشەی ژن لەنێوان گوتاری ڕێنیسانس و گوتاری تایفەگەیدا. و:جەمال غەمبار
– محەمەد ئارکۆن: ڕۆشنکردنەوەی ڕابردوو بۆ تێگەشتنی ئێستا و بنیاتنانی ئایندە. و: نەوزاد ئەحمەد
هەڵوێستە
لە دونیای سیاسەتدا ترسناکترین ساتەوەخت، ساتەوەختی شکستە. تێکشکاوترین سیاسەتیش بۆ کۆمەڵگا ئەو سیاسەتەیە کە بەرژەوەندی تاک و گروپەکانی لەبەرچاونەگرێت و تێرکردنی خواستەکانیان نابێتە ئامانجی. ئەمڕۆ پاش نزیکی دەساڵ لە دوای ڕاپەڕین، یەکێ لەو ئیشکالییەتە گەورانەی بەرامبەری دەوەستین، پرسیارە دەربارەی ئەو ئاڕاستە نادیارانەی سیاسەت لە کوردستاندا گرتوونیەبەر. ئایا دەتوانین بڵێین سیاسەتی کوردی لەقووڵترین و تاریکترین قۆناغەکانی بونبەستی خۆیدا دەژی؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەماوەی ئەو دە ساڵەدا واقیعی سیاسی کوردستان بەردەوام لە شکستێکەوە بۆ شکتێک و لە هەرەسێکیشەوە دەگەوازرێتەوە بۆ هەرەسێکی تر؟ ئەگەر وایە ئایا ئەم شکستانانە تەنیا لە ڕوخانی شێوە دەزگاییەکانی دەسەڵاتی کوردی و گەیشتنی ئەم دەسەڵاتە بە قووڵترین قەیرانی خۆیدا بەرجەستەدەبێت؟ ئایا سەرنەکەوتنی ئەم ئەزموونەی ئەمڕۆی کوردستان، جیاوازییەکی لەگەڵ شکستەکانی دیکەدا هەیە؟ گومانی تێدا نییە تا ئەو چرکەساتەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتدارێتی بەعسیزمدا نییە، ناکرێت باس لە شكسی تەواوەتی ئەم ئەزموونە بکەین، بەڵام بەوەشدا چەندین نیشانە لەبەردەستدایە کە پێماندەڵێت، دیسان ئەم ئەزموونە بەرەو باوەشی فاشییەت ڕێگای گرتۆتەوە بەر. لێرەوە بەبێ پەکخستنی ئەگەری گێڕانەوەی بەعس و بەبێ سەقامگیرکردن و پتەوکردنی ئەزمونی دیموکراسی ناوخۆ، ئەستەمە باس لە سەرکەوتنی بکەین.
گەر هاتوو باسمان لە شکست کرد، ئەوا نیوەی ڕاستییمان وتووە گەر بڵێین: ئەم شکستە شکستی بکەرە سیاسییەکانی کوردە لە نووشوستیاندا بۆ پیادەکردنی سیاسەتێكی دیموکراسییانە و ناوکۆییانەی کوردی.
شکستی ئەمجارە، شکستێکی هێمن، ناوەکی، خۆکردە. شکستێکە بکەری ڕاستەقینەی کورد خۆیەتی. شكستێکە لەناو خودی واقیعی کوردییەوە، لە ستراکتوری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریمانەوە هەڵقوڵیوە. گرێدراوی کارەکتەری سیاسەتمەداری کورد و پەیوەستی کارەکتەری سیاسی و ڕۆشنبیریی مرۆڤی کوردە. ئەم شکستەیان شکستێکە بکەرەکانی وەک بکەری هەرەسەکانی دی پۆستاڵ و خودەی داگیرکەرانیان لەسەردا نییە، بەڵکو بکەرانی ئەوانەن، کە بەرگی قارەمانی نەتەوەیان لەبەردایە. ئەم شکستەیان شکستێکە لە ڕێگای گریانەوە بۆ بێکەسی کورد لەبەردەم داگیرکەراندا تەفسیرناکرێت، تەنیا لە ڕێگای شکایەتەوە لە زوڵم و چەوسانەوەی دەرەکی، چەمکەکانی ڕوننابێتەوە؛ ئەمجارەیان ڕووبەڕووی جۆرە شکستێک دەبینەوە، کە بێڕەحمانە دەمانخاتە سەر پرسیارو گەڕان لە ناو خودی خۆماندا. شکستی ئەمجارە هاوڕێی بانگەوازێکە بەرەو تەماشاکردنی ڕەخنەییانەی خود. شکستێکە پێماندەڵێت، قۆناغی بەنەفرەتکردنی دونیاو خۆتەماشاکردن وەک (قوربانییەکی ئەزەلی) مانایەکی نەماوە، ئەوەی ئێستا دەبێت بێتە زمان ئەو گووتارەیە کە بەقووڵی بەرەو زامەکانمان ڕادەکێشێت و پێماندەڵێت، ئەو ماسکانەی بە دەموچاومانەوەیە، دەبێت فڕێبدرێن. ئەوەی دەبێت ببینرێت ئەو بەشەیە لە واقیعی کوردی کە ئەندازیاری شكستە. نیوەی ڕاستییە گەر ئێمە باس لە شكست بکەین و مەبەستمان تەنها سیاسەت بێت، چونکی ئەویە کە ئەندازیاری شكستە تەنیا سەرکردەکان و حیزبەکان نین، بەڵکو هەموو ئەوانەن کە ساڵ دوای ساڵ و ڕۆژ دوای ڕۆژ مکیاجی شكستیان کردووەو مکیاجی دەکەن و برینەکانی دەشارنەوە، هەموو ئەوانەن کە ئەو چەواشەکردنە فیکری و زانستییە دەخوڵقێنن، ئەوانەن کە ناهێڵن دونیا ڕوون ببینین، چونکی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیان بە دەستکەوتی حیزب گەمارۆداوە، هەمو ئەوانەن کە لە ڕێگای حیزبەوە و لەکەناڵەکانییەوە و لە تەنیشتییەوە و هاوتەریب و هاوشان بەو، مەکیاجی ئەو هۆکارانەدەکەن کە شكست بەرهەمدەهێنن. هەموو ئەوانەن کە قارەمانی وەهمییان لە ناقارەمانەکان تاشیوە، ئەوانەن کە جورئەتیان نییە بەبێ بارکردنی واقیع بە وەحمی جوان بژین، ئەوانەن کە لەدوای هەرەس بەتاڵبوونەوەی دونیاش، دوای ئەوەی کە بەچاوی خۆیان تاریکی ئاسۆکان دەبینن، هەڵەی قارەمانەکانیان دەبینن، لێواری ڕەشی کۆتاییەکان دەبینن، بەتاڵبوونەوەی ئەفسانە دێرینەکان دەبینن، ناتوانن بە چاوێكی کراوەتر و دیدەی یەکێکەوە کە پێویستی بە ئاسۆی تر هەیە بۆ ژیان و تێڕامان، ببینن و بیربکەنەوە. ئەم شکستە، شکستی ئەوانەیە کە دەزانن تێگەیشتن لە شکست دەیانخاتە بەر خانەی حیساب و لێپرسینەوە قورس و گەورەکان، شکستی ئەوانەیە کە دەزانن تێگەیشتن لە شکست چ کۆمەڵە ڕآستییەک دەسەلمێنێت کە ئەوان هەمیشە لێیهەڵهاتوون، هەمیشە لدوای تاوانتاشی بوون بۆ ئەوانەی کە پێشتر ئاسەوارو بوون و نیشانەکانی شکستیان بینیوە؛ هەموو ئەوانەن کە دەزانن قسەکردن لە شکست، قسەکردن لە تراژیدیا بەشێکە لەو کولتورەی ئەوان ساڵگەلێکە دەیانەوێت خەفەیبکەن و سەرکووتیبکەن. لێرەوە ئەم هێزانە دەیانەوێت شکست تێپەڕێت، بێئەوەی واقیعی ئێمە گەردبگرێت. دەیانەوێت واقیع هەرەسبهێنێت، بەڵام دیدو بۆصوون و تەماشاکردنمان بۆ شتەکان هەروەکو خۆی بێت. دەیانەوێت ماڵاوایی لە ئومێدەکان بکەین، بەڵام هەر لەسەر خەونەکانمان بژین. دەیانەوێت هەموو ژەهرێک هەڵمژین و هەموو تاریکییەک بنۆشین و هێشتا گەشبینبین. دەیانەوێت بونبەستی هەموو شتەکان ببینین، بەڵام گەرومان هەر پڕبێت لە گۆرانی خۆش. دەیانەوێت لە کارەساتەکاندا بژین، بەڵام پرسیار لە هۆکانی نەکەین. خوێنەکان ببینین و پرسیار لە ماناو سوود و هودەیان نەکەین. دەیانوێت بەرەو شەوەزەنگی بڕۆین و باوەڕ بەتلیاکی گەشبینییان بکەین.
ئەوەی شکستی دروستکردووە، ئەو چاوانەن کە پەردەیەک بەسەر هۆکانی شکستدا دەدەن، ئەوانەن کە زمانی حیزبی گەشەپێدەدەن، لەسەر ستایشی پەراوێزەکان دەژین، لەسەر یاسای لەیادکردنی کێشە جەوهەرییەکان دەژین.
واقیعی ئێمە لە بونبەستدایە. ئەمەش ڕاستییەک نییە کە هەر ئێمە دەرکمان پێکردبێت، چونکی ڕۆژانە مرۆڤی کورد لەژێر ڕەحمەتی جەنگەکانی حیزبدا دەژی و چاوەڕوانی ئاشتییەکە کە لەو دۆخە ناکاوەی وەدەریبهێنێ، تاوەکو تیایدا کۆمەڵگا و ئابووری و ڕۆشنبیریی لە سیاقە سروشتییەکانی خۆیاندا گەشەبکەن. ئەو ئازادییەی لەگەڵ ڕاپەڕیندا هەڵهات، لەبەردەم فشاری کۆتایی و لەپێشدەم و گوشاری دوا نەفەسەکانی خۆیدا دەژی. هێزەکانی کوردستان لەپێشدەم دەرگا داخراوەکاندان، لەنێو ئەو دیوار و گومۆکە (متاهة) سیاسییە تاریکانەدا دەسوڕێنەوە کە خۆیان دروستیانکردووە. سایسەتی کوردی بۆتە سیاسەتێکی بێ ئاڕاستە، سیاسەتی ئەگەرە کراوەکان، سیاسەتی چاوەڕوانکردنیک دونیا، سەیرکردنی ڕووداوەکان و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ڕۆشنایی و ڕەفتاری ئەوانی دی. ساسەتی کوردی بووتە ساسەتی تەماشاکردنی لەسەردەمێکدا، کە تەماشەکەران تیایدا هەمیشە دەدۆڕێن. سیاسەتی فەرامۆشکردنی مرۆڤی کورد بە ئاموزشێکی قەدەرئاسا، دروستکردنی وێنەیەک لە عەقڵی ئەم مرۆڤەدا کە پەیوەستی ئەو بە داگیرکەرانییەوە ئەزەلییە؛ سیاسەتی گواستنەوەی جوگرافیاکانی دابەشکردن بۆ ناو عەقڵییەتی سیاسییانەی مرۆڤی کورد. ساسەتی قبوڵکردنەوەی داگیرکەر و جەلادەکانی وەکی سەرۆک و سەرکردەی شەرعی، سیاسەتی تێگەیاندنی مرۆڤی سادەی کورد بەوەی کە واقیعییەتی سیاسی ئەوەی دەستبدەینەوە دەست بەعس بۆ مافەکانمان، دروستکردنی ئەو وەهمەی کە دەشێت بەعس ماف بداتە ئێمە یان هەرعێراقییەکی دی. ئەم جۆرە سیاسەتداڕشتنە هیچ پەیوەندیەکی بە سەرەتا ساناکانی زانست و فەلسەفەی سیاسییەوە نییە، تا سیاسەتمەدارانی کورد پێمان بڵێن ئێمە وەلائەتمان بۆ دەوڵەت، وەکی دەزگایەکی سەرەووی بەرژەوەندی گروپی و ئەتنی و ئایینی هەرماوە، بەڵکو پابەندی نەبوونی تێگەیشتنەیە لە چەمکی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی. سیاسەتێک کە هێشتا فێرنەبووە وەلائی بۆ دەوڵەتی عێراق وەک پێکهاتێکی دەزگایی سیاسی – جوگرافی (کە ئەمەشیان بۆ خۆی وەلائێکی پڕئیشکالییەتە و شوێنی قسەیە) لەوەلائی بۆ سەرۆکێکی تۆتالیتار و فاشی جیابکاتەوە، کە گەورەترین هەڕەشە لەشەرعییەتی دەوڵەت خۆی دەکات، لێرەوە هەمیشە وەلائی خۆی بۆ عێڕاق لە ڕێگای وەلائییەوە بۆ سەرۆکێکی فاشی بەرجەستەدەکات. کۆی ئەمانە ئەو فەرهەنگەن کە ڕۆژانە سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بەرهەمیدەهێنێ. هەربۆیە جێی خۆیەتی بڵێین کە سیاسەتی کوردی سیاسەتی شتی کوتوپڕە و مفاجەئاتە. بۆیە هەموو ئەو شتانەی کە چاوەڕوانکراونین، دەشێت ببن بە ڕووداو و هەموو ئەو شتانەشی کە لێی چاوەڕێدەکرێن، دەشێت لە هەموو ساتێکدا ببن بە نائومێدی.
دونیا دەسوڕێتەوە و حیزبە کوردییەکان هێشتا سەرگەرمی شەڕە بچوکەکانی خۆیانن، لە پشت ئەم جەنگانەشەوە ماشینێکی ڕاگەیاندنیان خستۆتە کار کە دونیای بۆ سەر سنووری جەنگ و دەستکەوتەکانی حیزب بچوککردۆتەوە. ئەم واقیعەش هوشیارییەک دروستدەکات کە لەهەموو لایەکەوە وێنەیەکی هەڵە بە مرۆڤی کورد، دەربارەی دونیا و حەقیقەتی ڕووداوەکان، دەبەخشێ؛ لەسەر زەوییەکی ڕەش وەهمی سەوز دەچێنێت. لە کاتێکدا هەموو هەلومەرجەکانی بێماناکردنی مەسەلەی کوردی لە ئاستی دونیادا خستۆتەگەڕ، کەچی لە ڕاگەیاندندا بە درۆ بە مرۆڤی کورد دەڵێت کێشەکەت لە ئاستی جیهاندا تەقیوەتەوە. ڕۆژانە فەرامۆشی و پاشەکشێی مەسەلەکەی دەبینێت، پشتهەڵکردنی دونیا لە کێشەکەی ئەزموون دەکات، بەڵام بە درۆ بە مرۆڤی کورد دەڵێت ئێمە وەک جاران نەماوین و دونیا هەمووی دۆستمانە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کوردستان هەنگاوێک لە جەنگ و کارەسات و دواهەرەس نزیکتردەبێتەوە، کەچی بە خوێنەر و گوێگران و بینەرانی دەڵێت، ئێمە لەبەردەم دەرگاکانی ئازادیداین و هەنگاوەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتردەبێت، ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی (NGO)کان بەرەو نەمان دەچن و ژمارەی گەنجانی کوردیش لە کوردستان کەمتر دەبنەوە.
ئەمڕۆ حیزبە باڵادەستەکانی کوردستان، بەرەو شوێنێكی تر، شوێنێكی ترسناک هەنگاودەنێن، دوای مۆنۆپۆڵکردنی هەموو شتەکان، لە هەمووشیان ترسناکتر مۆنۆپۆڵکردنی هەڵوێستە لە بەعس (کە دەبێتە سەد دەر سەد بخرێتە بەر ڕاپرسی خەڵکی کوردستانەوە و بەبێ ڕاپرسییەکی گشتی هیچ هێزێکی سیاسی ئەو مافە نەداتە خۆی بڕیاری دانیشتن وڕێکەوتن لە کۆمەڵێک دانیشتنی داخراو و جەلسەی نهێنی و ئاڵوگۆڕی وەفددا بە دەستوری ڕێکەوتنەکانی لەمەوبەربدات). دوای ئەم هەموو مۆنۆپۆڵکردنانە، کە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئینسانی و ئەخلاقی گرتۆتەوە، ئێستا هەندێ لەدەسەڵاتدارەانی سیاسی ئێمە هەنگاو بۆ مۆنۆپۆڵکردنی بەرهەمهێنانی مەعریفی دەنێن، بەرەو شوێنێک کە فیکری کارکاتێری تیایدا هەق دەداتە خۆی فیکری ڕاستەقینە بکاتە کاریکاتێر، ستوونی ڕۆژنامەگەرەکانی حیزب ببنە کەرەستەی دەرکردن و تەشویهکرن و ڕاونان و تەشهیرکردنی هەموو دەنگێکی سەربەخۆ. شوێنێک تیایدا تەقلیدییەت هەموو کولتوورە ڕەمزی و بێکەڵکەکەی خۆی دەهێنێتە دەروە. ڕەفتارە دێرینەکانی خۆی دەکاتەوە ستاندارد. ڕەمزەکانی وەک جاران لەبری کار بۆ گەشکردن و فراوانکردنی ڕووبەڕی مەعریفە و زیادکردنی دەرگاکانی بیرکردنەوە بکەن، دەبنە گوڵی ناو دیوەخان و سەرمێزی سیاسەتمەدارەکان. ڕەمزەکانی ئەم ڕۆشنبیرییە وایان لێهاتووە هەمیشە بە ستایشی سیاسەتمەدارەکان دەستپێدەکەن و بە ستایشی ئەوان کۆتایی بە وتارەکانیان دەهێنن، پەلاماردانی هەموو ڕۆشنبیرییەکی سەربەخۆی دەرەوەی گۆتارەکانی حیزبیش، ئەو سیاسەتە ڕۆشنبیرییە ڕەسمییەیە، کە هەمووان لەسەر یەک خوان کۆدەکاتەوە. بەو دیوەشدا کێشەی سەرەکی ئەو ڕۆشنبیرە تەقلیدییانە ئەوەیە کە چۆن ڕۆڵی پیاوماقووڵانی کۆن ببینن، چۆن ڕۆڵی مەلای گوند ببینن. لێرەدا فیکر دەبێتە وەعزێکی ئەخلاقی نزم، کێشەی ڕۆشنبیرو کۆمەڵگاو، ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیر کرتدەبێگتەوە بۆ کێشەی یەکێتی نەووسەران و یەکێتی هونەرمەندان و هەموو ئەو یەکێتییانەی تر کە دواجار جگە لەوەی شوێةی شەڕی هەیمەنەی حیزبین، نە هیچیان بۆ ڕۆشنیریی ئێمە زیادکردووەو نەهیچیشی بۆ زیاددەکەن. کێشەی ئەم ڕۆشنبیرانە بەهەزار فەرسەخ لە کێشەی ڕۆشنبیرەوە بە دوورە و کورتبۆتەوە سەر غەمی سازدانی بۆنەو کۆبوونەوەی ئەوتۆ مردو تەقلیدی کە بوار بەوانە بدات بچنەوە سەر مینبەرو بەهرەی خۆیان لە بواری ئینشانووسیندا نیشانبدەنەوە، حکایەتە بەتاڵەکانیان بگێڕنەوە دەربارەی پەیوەندییەکانی پەیوەندییەک لەگەڵ خوالێخۆشبوویەکدا بەسبێت، ئەم بەڕێزانە بکاتە بلیمەتی زەمانی خۆیان.
دووبارە ئەم سیاستە کە ڕۆشنبیرەکانی ژێرباڵی حیزب پێویستیان پێیەتی سیاسەتی ئەوەیە کە ڕووداو و بۆنەو قەیرانی دەستکرد و(مفتەعەل)، شوێنی بۆنەو قەیرانە ڕاستەقینەکان بگرنەوە.
لە کاتێکدا نەوەیەک لە سیاسەتمەدار و نووسەر خەریکی داپۆشینی ڕووکارەکانی شکست و کۆتایین، خەریکی هونەرسازیین لە داپۆشینی ئەو ئاستە تراژیدییەی کە کێشەی کوردی تیاچەقیوە؛ بەودیودا، نائومێدی هەموو ڕؤژێک نەوەیک ئاوارەی دەرەوەی وڵات دەکات، نەوەیەک بە ڕۆحی خۆی هەست بە نزیکبوونەوەی زیاترو زیاتری تراژیدیا دەکات، نەوەیەک گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە لە شانۆیەکی بێیاساو بێڕێسادا دەژی. نەوەیەک لەبەر کاراکتەرە پیرەکان شوێنێكی نەماوە داگیریبکات و ئومێدێکی نەمواە بۆی بژی. دەرچوونی مانگانەی سەردان بگرە هەزاران کەس، کە بەشی هەرە زۆری ئەو گەنجانەن کە دەکرا پشتوپەنای ئازادی و ووزەی دروستکردنەوەی کوردستان بن، باشترین دەنگدانی سیاسییە لەسەر واقیعی ئەمڕۆی نیشتیمان و تراژیدیترین فۆڕمی پێکۆڵکردنی نەوەی نوێیە دژ بە واقیعی دوای ڕاپەڕین و دونیای جەنگ و بەرژەوەندی حیزبی لە کوردستان.
بەدەر لە هەموو ئامۆژگارییەک، چاکترین ڕێگا بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە کردنەوەی دەرگایە بۆ قسەکردن لەسەریان و پەنجەخستنی بێڕتووشانەیە بۆ سەر زامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانمان، نەوەک تاشینی ڕۆشنبیرییەکی وەهمی وەک ئەلتەرناتیفی کێشە ڕاستەقینەکان. هەوڵدانی شێواندن و تەشویهکردنی ئەو دەنگانەش کە دەیانەوێت پەردە نەنرێتە سەر گرفتە قووڵەکان، ئەو پێنووسانەی هەوڵدەدەن مەعریفە لە ناو ڕاگەیاندنی حیزبیدا نەتوێتەوە یان لایەنی کەم تێکەڵاونەکرێت و دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی و نووسەرەکانی ئەو وەهمەیان لاسەوز نەبێت فیکر بە پێوانەی ململانێ کورتبڕو ڕۆژانە و هەفتانەکانی حیزب بپیۆن. جگە لەتەسککردنەوەی ئاسۆکانی تێگەیشتن و سستکردنی ئیمانی مرۆڤی کورد بە ئازادی و ماناکانی هیچی تر نابەخشێت.
پێوانەکردنی فیکر بە پێوانەکانی قازانج و زیانی حیزبی سەرەتایەکی ترسناکە بەرەو ڕەفتاری گەلەک ترسناکتر. سەرەتاکانی ئەم هەوڵدانە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی فیکر، لەو هەوڵانەدا دەردەکون کە ئەمڕۆ دوای زنجیرەیەک شێواندنی گەورە، هەوڵدەدرێت هەموو هەوڵێکی زانستی سەربەخۆ لە دەرەوەی حیزب بکرێتە دوژمن و بەم لۆژیکەش بەرەو قۆناغێک دەچین نزیکمان دەکاتەوە لە دانانی شێوازێکی نوێ لە (دادگا)ی ڕانەگەیەنراوی (تەفتیش) دەرهەق بە فیکر، کە پێویستە بەر لە هەر کەس هێزە دیموکراسەکانی ناو حیزب هەست بە مەترسییەکانی بکەن.
لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە کە هەموو ئەم گەمانە لەدواجاردا لە خزمەتی داپۆشین و شاردنەوەی ڕووە تراژیدییەکانی واقیعی ئێمەدا کاردەکەن، ئەوەی لە پشت ئەم یارییەوە وەستاوە، هونەری شاردنەوەی قسەیە لەسەر ئەو بونبەستە سیاسی و ئەخلاقییەی کە سیاسەتی کوردی تیاچەقیوە. هونەرێک، دواجار وەک هەموو شتەکانی دی ناچارین بیبینین و قسە لەسەر ئاڕاستە بینراو و نەبینراوەکانی بکەین. ڕزگاربوونی تەواوەتی لە تارمایی و مۆتەکەی بەعس گرێدراوە بە قووڵکردنەوەی دیموکراسییەتی سیاسی و فیکرییەوە، وەک چۆن گەورەبوونی ڕووبەری ئازادییە سیاسی و فیکرییەکان تاکە دەروازەشە بۆ چەسپاندنی قەناعەتێك بتوانێت لە فاشیزم بمانپارێزێت.
لێپرسراوانی ژمارە
*بەشی دووەمی پانۆراماکە لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیانمان (حەمە هیوا، ژیار ئەسوەد، دیار عەزیز، شکار شابان)ەوە تایپ کراوەتەوە.
دەقی تەوەرەکە و بەشی یەکەمی پانۆراماکە لەم بەستەرانەی خوارەوە بخوێنەرەوە:
دەقی تەوەرەکە
بەشی یەکەمی پانۆرامای ڕەهەند
The post پانۆرامای (ڕەهەند) appeared first on ژنەفتن.
پانۆرامای (ڕەهەند)
بەشی یەکەم
بەرایی
ماڵپەڕی ژنەفتن لە دەستپێکی تەوەرێکیدا لەبارەی (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)؛ بە پێویستی زانی پانۆرامایەک لەسەر بڵاوکراوە و چالاکییەکانی نێوەندی ڕەهەند ئامادە بکات. لە پانۆرامەکەدا پێشەکی (خۆیان ناویان ناوە هەڵوێستە)ی هەموو ژمارەکانی ڕەهەند تایپ کراوەتەوە لەگەڵ پێرستی بابەتەکانی هەموو ژمارەکان و دەستەی نووسەرانی ئەو ژمارانە. تێبینی دەکەن کە لە دەستەی نووسەران و شیوازی کارکردن لە هەندێ لە ژمارەکاندا گۆڕانکاری کراوە. بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕینووس نەکراوە و تەنیا تایپ کراوەتەوە.
ئەمەی بەردەستتان بەشی یەکەمە لەو سێ بەشەی پانۆراماکە.
ژمارە ١- ١٩٩٦
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەلکەوت عەبدوڵڵا)
ناواخن
شەڕی ناوخۆی کوردستانی باشوور
هەڵوستەیەک
شەڕ-حیزب: سڕینەوەی کۆمەڵگای شارستانی….. ن: ڕێبین ئەحمەد هەردی
شەڕی ناوخۆ: خێڵ-حیزب-سیاسەت…… ن: مەریوان وریا قانع
‌هەڵوەستەیەک لەئاست شەڕی نێوخۆی کوردستاندا…… ن: هەڵکەوت عەبدوڵڵا
کۆمەڵگەی پرسە ………… ن: بەختیار عەلی
گفتوگۆیەکی سارد لەمەڕ جەنگێکی گەرم ……… ن: خەڵات عومەر
کولتووری تەور ……… ن: ڕێبوار سیوەیلی
نەتەوە و گروپە ستراتیژییەکانی ……….. ن: ئاراس فەتاح
پۆست مۆدێرنیزم…………… ن: فاروق ڕەفیق
ڕانان و هەواڵی ڕۆشنبیری…….. کۆمەڵێک نووسەر
هەڵوەستەیەک
ئاشکرایە لەم ساڵانەی دواییدا ژیانی ڕۆشنبیریمان پەرتوبڵاوییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، یەکێک لە دەرکەوتەوکانی ئەم واقیعە ڕۆشنبیرییەش، لەدایکبوون و مردنی کتوپڕی ژمارەیەکی دیاری گۆڤار و ڕۆژنامەی بەرهەمهێناوە. دوور لە هەموو هەڵسەنگاندنێکی فیکری بۆ ناوەڕۆک و ئاستی ڕۆشنبیری و ڕێبازی ئەو بڵاوکراوانە، دەتوانین بڵێین جگە لە چاپەمەنییانەی حیزب و ڕێکخراوەکان دەریدەکەن، هیچ یەکێک لەو کۆششە ڕۆشنبیرییە سەربەخۆیانەی دی نەیانتوانیوە بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو و پشتبەستوو بە زەمینەیەکی پتەو، بەشێوەیەکی گونجاو دەربچن و بەردەوامبوونی خۆیان بپارێزن. هەڵبەتە لەپاڵ چەندان هۆی ڕۆشنبیری و دارایی و سیاسی، کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی کوردی پێوەی دەناڵێنن، ڕستێک هۆکاری دیکەش هەن کە یەکانگیریی ناوەکی ناو ڕۆشنبیریی کوردی دەخەنە بەر مەترسییەوە، لەوانە کۆچی ژمارەیەکی لەبەرچاوی تواناو بەهرە ڕۆشنبیرییەکان بۆ دەرەوەی کوردستان و بوونیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری دوورەوڵاتی. ئەم هەلومەجە تازەیەی ناو واقیعی ڕۆشنبیریشمان بەپێویست دەرکەوت و دیاردەی ڕۆشنبیریی تایبەت بەخۆی دروستدەکات.
گومانی تیدا نییە بوونی زیاد لە گۆڤارێک و پتر لە سەکۆیەک (منبر)، نیشانەیەکی پۆزەتیڤانەیە (ئیجابییە) لە ڕەوتی هەر ڕۆشنبیرییەکدا، بەڵام لەو هەلومەرجە سەختەی ڕۆشنبیران و ڕۆشنبیریی کورد ئێستا ڕووبەڕوویبوونەتەوە، ڕەچاوی ئەوە دەکرێت کە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ، کۆکردنەوەی هەوڵ و کۆششە جیدییەکانی ناو پانتایی ڕۆشنبیریمانە لە یەک یەکە و لەیەک پرۆژەی بڵاوکردنەوەدا کە سیما و کارەکتەر و دەنگی تایبەتو سەربەخۆی خۆی هەبێت.
دیارە هەردوو گۆڤاری (ئازادی) و (یەکگرتن)یش، وەکو دوو دەرکەوتەی ڕۆشنبیریی کوردی لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان بێبەش نەبوون لەو گرفت و تەنگوچەڵەمانەی ناو ڕۆشنبیریی کوردی، بەڵکو دەتوانین بلێین تەنگوچەڵەمەی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو دوو گۆڤارە لە تەنگوچەڵەمەی هەندێ گۆڤاری دیکە گەورەتر و بەرچاوتربووە. چونکە سەرچاوەی سەرەکی ڕاپەڕاندن و داراییکردن و بڵاکردنەوەیان، هەر خودی نووسەران و خوێنەرانی هەردوو گۆڤارەکە بوون.
ئاشکرایە گۆڤارێکی وەکو (یەکگرتن) لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە شوێنی لە ڕەوتی ڕۆشنبیریی کوردیی دوورەوڵاتیدا، شوێنێکی بەرچاوە. چاوخشاندنێک بەو ژمارانەی لەم ساڵانەی دواییدا دەرچوون سەلمێنەری ئەوەیە (یەکگرتن) کۆکەرەوەی جیدیترین ئەو قەڵەمانە بووە کە لە کایەی ڕۆشنبیریی دوورەوڵاتیدا کاری ڕۆشنبیرییان ئەنجامداوە. گۆڤاری (ئازادی)یش لە ڕاپەڕیندا و دوای ڕاپەڕین دەنگێکی تایبەتی و دیاربووە و نوسەرەکانیشی بە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی (ئازادی)یەوە نەهاتوونەتە قسە. بەڵكو چالاکییەکانیان لە سازدانی چەندەها هەفتەی ڕۆشنبیریی و سیمناریشدا خۆی بینیوەتەوە.
ئەمڕۆ، لەپاش نیشتەجێبوونی زۆربەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی (ئازادی) لە ئەوروپا، لە دوای نزیکبوونەوەیەکی ڕوون لە میتۆدە (منهج) و ویستی ڕۆشنیبیرییەوە، بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو گرفت و تەگەرانەی ڕووبەڕووی هەردوو گۆڤارەکە بوونەتەوە و بە مەبەستی بەردەوامبوون و ئامادەبوونێکی ڕۆشنبیرییانە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات و پێکەوە گرێدانی هەوڵەکان، دوو دەستەی سەر بە هەردوو گۆڤارەکە لە سەرەتای مانگی (١٢)ی ساڵی ١٩٩٥دا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە دوورەوڵاتی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لە شاری (فرانکفۆرت)ی ئەڵمانیا سازدا. لە دەرئەنجامدا ویستەکان لەسەر ئەوە گیرسانەوە کە گۆڤارێکی نوێ بەناوی (ڕەهەند)ەوە [بعد- Dimension] دەربکرێت، نەک بۆ ئەوەی بەتەنیا وەکو ناوێکی نوێ بچێتە بری هەردوو گۆڤاری ناوبراو؛ بەڵکو ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ. ئاشکرایە ئاڕاستەی هەردوو گۆڤارەکە لەمەوبەریش کارکردنێک بووە بەرەو ئەو پرۆژە ڕۆشنبیرییە نوێیە. ئەمەش لە ژمارەکانی ڕابردووی هەردوو گۆڤاردا ڕەنگیداوەتەوە.
شتێکی بەڵگەنەویستە ئامانجی هەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ، کاتێک چرکەساتی بوونی خۆی بە جیهانی دەرەوە ڕادەگەیەنێت، کارکردنە لە کایە ڕۆشنبیرییەکاندا و لەوێشەوە دیاریکردنی ڕەهەندێکی ڕۆشنبیرییە کە دەشێ تا ساتەوەختی دەرچوونی خۆی، پانتاییەکی پڕنەکراوەبێت. ئا لێرەدا ئامانجی (ڕەهەند) ئەوەیە ببێتە گۆڤارێکی سەربەخۆ و کراوە بۆ هەموو دەقێکی جیدی و تەقەلای تیۆری و وەرگێڕان، ئەمانەش لە بوارە فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و و سیاسی و ئەدەبییەکاندا.
بەمانایەکی تر، (ڕەهەند) گەرەکێتی لەسەر بنەمای ”کاری پێکەوەیی” پێکهاتەیەکی نوێ دروستبکات، پێکهاتەیەک کە هەمەڕەنگی و جیاوازی لەخۆدەگرێت، لێرەشەوە یەکێک لە مەبەستەکانی دروستکردنی ڕەوتێکی نەپساوە کە بڕوای نووسەران و خوێنەران بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، تا لەسەر ئەو بنەمایە زەمینەیەک لە داهاتوودا بۆ دامەزراندنی نێوەندێکی ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی بڕەخسێنێت. ئەمەش بۆ خۆی ببێتە دەروازەیەک بۆ ناسینی جیهانی ڕۆشنبیری و خۆناساندنیش بەو جیهانە، ببێتە دەزگایەک بۆ ڕزگارکردنی بەرهەمگەلێکی چاپنەکراوی گەلێ زۆر لە فەوتاندن و لەیادچوون و ئاگادارکەرەوەیەکی چالاکی جیهانی ڕۆشنبیری لە دۆخی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی کورددا. کە بۆخۆی ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیی هەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیرییە. بۆیە هیوادارین هەموو ئەو نووسەر و خوێنەر و دەزگایانەی بڕوای خۆیان بە (یەکگرتن) و (ئازادی) بەخشیووە. بەدڵنیاییەوە بڕوای خۆیان ببەخشنەوە بە (ڕەهەند) و بە پڕۆژەیەکی نوێی خۆیانی بزانن. هەروەکو چۆن ئومێدمان وایە ئەم هەنگاوە گوڕێک بێت بۆ کەنالیزەکردنی زیاتری هەوڵەکان و ڕزگارکردنیان لە پەرشوبڵاوی و کۆکردنەوەی توانای ڕۆشنبیریمان و چەقبەندکردنی لەم پڕۆژەیەدا.
(ڕەهەند) دەخوازێت وەکو گۆڤارێکی وەرزی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی تیۆری و کلتوور و ڕاڤەکردن خۆی بناسێنێت. گۆڤارێک کە بایەخی تەواو دەدات  بە هەوڵی قەڵەمە کوردییەکان بۆ خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و دەروونی لە کوردستاندا. واتە پرنسیپی سەرەکی گۆڤارەکە، کردنەوەی دەرگایە لەسەر ئازادیی خوێندنەوەی زانستیانەی کورد بۆ خۆی، بەبێ هیچ تابۆیەکی سیاسی یان ئایینی یاخود ئایدیۆلۆژی.
(ڕەهەند) خوازیارە ئاوێنەی ئەو هەڵوەستەیە بێت کە لە ڕێگایەوە قەڵەمە کوردییەکان لە بوونی خۆیان دەڕوانن، ئەمەش لە کاتێکدا لەبەر دەرگاکانی سەردەمێکی نوێدا دەوەستن و واقیعی خۆشیان لە بارێکی فەلاکەتباردا دەبینن، کە لە سەختترین ساتی داڕمانی سیاسی و فەرهەنگیی خۆیدا دەژی.
بۆ پێکۆڵکردنی ئەم واقیعە، بەتەنیا ناساندنی فیکری خۆرئاوا و خۆرهەڵات لە بوارە زانستییە جۆربەجۆرەکاندا نابێتە ویستی ڕۆشنبیریی (ڕەهەند)، بەڵکو هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ئاستی خستنەڕووی نێگەتیڤانەی ئەو تیۆری و میتۆدانەی بۆ خوێندنەوەیەکی ڕخنەگرانەتر و خوێندنەوەی تایبەتی نووسەری کورد بۆ خۆی و بۆ جیهان و بەشداربوون و ئامادەبوونی لەو دیالۆگە فیکرییانەدا کە ئەمڕۆ جێگای شەڕی فیکرین و دیاریکردنی شوێنەواری خۆی تیایدا، دەبێتە داوایەکی میتۆدەیی و ناوەڕۆکی لە (ڕەهەند)دا. بۆ ئەم مەبەستەش (ڕەهەند) بایەخێکی تەواو بە خوێندنەوەی نووسەرە کوردەکان لە کایە زانستییە جیاجیاکان بۆ واقیعی کوردستان و جیهان دەدات. لەگەڵ ئاوڕدانەوەی بەردەوام بۆ ئەو قەڵەمە نوێیانەی بەرهەمەکانیان بە بێدەنگ دەچنە پەراوێزی لەبیرچوونەوە و مافی خۆیان لە ناساندن و دیالۆگ و ڕەخنەدا وەرناگرن. لەپاڵ ئەم ویستەدا، تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بە وەرگێڕان و خوێندنەوەی فیکری خۆرئاوا و خۆرهەڵات و لە تەنیشتیەوە فەرامۆش نەکردنی ڕۆشنبیریی کوردی (دێرین و نوێ) و دەستکردن بە خوێندنەوەی نوێیان.
(ڕەهەند) دەیەوێت لەداهاتودا لە مەیدانی گرنگی ڕۆشنبیریدا و لەو چالاکییە ڕۆشنبیرییانەی کاریگەریی خۆیان لە ڕۆژئاوادا بەسەر فیکر و سیاسەتەوە بەجێدەهێڵن، ئامادەبێت و ڕێپۆرتاژ و فایلی تایبەت بۆ خوێنەری کورد ئامادەبکات، لەپاڵ ئەم ناساندنەی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا، (ڕەهەند) پەنجەرەیەکی تایبەت لەسەر بڵاوکراوە و کتێبە نوێ چاپکراوەکان لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەکاتەوە و  بەشێوەی ڕانانێکی خێرا بە خوێنەرانی کوردیان دەناسێنێت.
بۆ ئامادەبوون لەناو پانتایی دیالۆگ سەبارەت بە ڕووداوە نوێکان، (ڕەهەند) هەڵدەستێت بە سازدانی چاوپێکەوتن و مێزی گرد و ڕاپرسی. بەشێوەی گفتوگۆ لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیران و شارەزایان و بەستنەوەی ئەم دیالۆگەش لەگەڵ واقیعی ئاکتوێلی کوردستاندا. بەپێی کەسی بەرامبەری گفتوگۆ لەگەڵدا کراو.
ئێمە لەم هەلومەرجە سەختەدا کە واقیعی ڕۆشنبیریی کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە، لەو بارەدا کە تەنگوچەڵەمەی دارایی و دژواریی کەناڵەکانی بڵاوکردنەوە و پەرتەوازەبوونی ڕۆشنبیران بوونەتە دەرکەوتێکی نوێ لەناو جیهانی ڕۆشنبیریماندا، ئەمانە هەموو پێکڕا بەرەیەکی کوشندەن بۆ پەکخستنی هەر گۆڤارێک. بۆیە وای دەبینین کە دەرکردنی دوو گۆڤار لە  ئەمڕۆدا، نەک بەتەنیا کارێکی قورسە، بەڵکو دەشێ بۆ نووسەران و لێپرسراوان بەرهەمهێنەران و تەنانەت خوێنەرانی گۆڤارەکان ئەستەمیش بێت. ئەمە جگە لەوەی پەرشوبڵاوبوونەوەی هەوڵە فیکرییەکان بە پتر لە کەناڵێکدا زۆرجار وادەکات ئەو هەوڵانە لە ساتێکدا دەربکەون کە کاراکتەرێکی پێکەوەیی دروست نەکەن و نەبنە دەنگێکی دیار لەپاڵ هەمەڕەنگییاندا خەسڵەتی هاوبەشیان و ویستی هاوبەشیان و ئاڕاستەی میتۆدەیی و زانستی هاوبەشیان دەربکەوێت، بۆیە مەبەستی سەرەکی (ڕەهەند) گەیشتنە بە پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی بەردەوام و هەوڵدانە بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەک کە بتوانێت وەرزیبوونی ژیانی خۆی بپارێزێت و پشووی درێژ نەکەوێتە نێوان هەنگاوەکانییەوە، هەڵبەت ئەمە بۆ گۆڤارێک کە سەرچاوەی داراییەکەی هەر خوێنەرەکانی بێت، کاریکی ئاسان نییە. ئەمە جگە لەوەی بنەمای سەرەکی ئەم گۆڤارە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵە زانستییەکانە لە پڕۆژەیەکدا. لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان، کە نوێگەری و کردنەوەی پانتایی تازە و تەقاندنەوەی پرسیار و شیکار و ڕاڤەی نوێ و لێکۆڵینەوە و ناساندنی کایە ڕۆشنبیرییە نوێکان ئامانجی بێت. بۆ ئەم مەبەستە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، (ڕەهەند) دەخوازێت ئامێزێکی کراوە بێت بۆ هەموو پێکەوە کارکردنیک لەگەل ئەو کەس و دەزگایانەدا کە لە بواری زانستی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیدا کار دەکەن و دەنوسن و وەردەگێرن و یارمەتیدەرن.
ژمارە: ٢- ١٩٩٧
بابەتی ژمارە: شەڕی ناوخۆی کوردستان (بەشی دووەم)
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان ووریا قانع، هەلکەوت عەبدوڵڵا)
لەم ژمارەیەدا:
هەڵوێستە
وێنەو تراژیدیا: بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان ووریا لە مێزگردێکدا
فاروق ڕەفیق: ناسیۆنالیزم – کوردایەتی، “بەرەو پارادایمی نوێ”
گۆران بابا عەلی: ژیان.. مەرگی خودپەرستی
مەرتوان ووریا: هاوکێشەکانی دەسەڵات، سزا، کۆنترۆڵ، کاریزما
بەرزان فەرەج: شەڕی ناوخۆی کوردستان: مەرگی چەمکەکان، خوێندنەوەی تراژیدیایەکی تایبەت لە شکستی گشتدا
شەمال عومەر: “میتافیگور”و “دەسەڵاتی ڕەش”، هەوڵدانێک بۆ ” سیناریۆ کێشانی ” تابلۆ
بەختیار عەلی: ماکس ڤێبەر و دۆزینەوەی “بەهەشتی وون”
هەڵکەوت عەبدوڵا: سۆسیۆلۆژیای سیاسی، سیاسەت و دەوڵەت، جۆلیان درۆند.
ڕێبوار سیوەیلی: نموونەی سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخ: هەوڵدانێ بۆ ئاشنایی لەگەڵ پیر بۆردیۆدا…
ڕەهەند: چاوپێکەتنێک لەگەل (نصر حامد ابو زید)دا ، ئامادەکردنی: مەریوان ووریا…
چەند لاپەڕەیەکی ڕەش لەوەهمی دیموکراسییەتدا،  ڕێکخراوی ڵیبووردنی نێونەتەوەیی، ئامادەکردنی: بەرزان فەرەج…
هەڵوێستە
لەم چرکە ساتەداو لەپاش ڕووداوەکانی ئەمساڵەوە، هەست دەکەین ئێمە بە تەنها لەبەردەم جەستەیەکی سیاسیدا نین کە لەسەر دەستی حیزبەکان دەکوژرێت، جەستەیەک کە لە خەونی سیاسییەوە بوو بە وەهم، ئەو خەونە بەوەهمبووەی کە پێی دەگوترا (ئەزموونی دیموکراسی و حکومەتە ساواکەی کوردستان و هیوای بەنموونەییکردنی بۆ عێراق و، بگرە سەرانسەی ناوچەکەش)، بەڵکو ئێمە لەبەردەم چرکەساتێکی مێژووی ترسناکداین کە نەک بەتەنها یادەوەری مرۆڤی کوردی قرتاندووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا تیرۆری هەموو لێپرسراوێتییەکی سیاسیش دەگەیەنێت، کە دەبایە بەناو سێاسەتمەدارانی کورد دەرهەق بە کۆمەڵگا و تاکەکان هەیانبایە.
کاتێک کە لە ناو سیاسەتدا زمانی دیالۆگ ووندەبێت، ئەوا کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەوێتە ناو کایەی شەڕ و ڕووبەرێکی ترسناک لە وەحشەتگەری و تێکشکاندن بەرهەمدەهێنێت، جەنگ کۆمەڵگای کوردی فڕێدایە ناو چەندین دەمارگیری گروپی و حیزبی و ناوچەییەوە. ئا لێرەدا ئەو خوێنڕشتن و کوشتار و وێرانکردنەی کە لە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی کوردستاندا ڕوویداو ڕوودەدات، بەتەنها تراژیدیایەکی ئەفسوناوی نیە بۆ خەونەکانمان، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا ڕەهەندێکی ترسناک لە سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورددا جێدەهێڵێت. ڕەهەندێک کە تێکشکاندن لە دیاردەیەکی کاتی و مێژووییەوە دەگۆڕێتە سەر هەقیقتێکی هەتاهەتایی ناو مێژووی ئێمە کە نائومێدی لە نسکۆیەکی مەوزوعی تێپەڕەوە دەگۆڕێتە سەر سیمایەکی تایبەتی و خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی کارەکتەری کوردی. کە بە جووتەش ئەم بوونەوەرە گەمارۆدراوەی کورد دەگۆڕنە سەرکەسێکی شەڕانگێز، چونکی بێهیوایی هەمیشە دیاردەیەکی ترسناکی جەنگە.
دیارە سیاسییەکان کاتێ هێندە شەیدای جەنگبن، بەجۆرێک کە لەپێناویا مرۆڤ و کۆمەڵگا و نەتەوە بکەن بە قوربان، لەم حاڵەتەدا جەنگ دەبێتە بوونەوەرێکی نەمری ناو کۆمەڵگا. ئەم کارەساتە مرۆییەش لە خۆدووبارەبەرهەمهێنانەوەی بەردەوامدایە، چونکی مرۆڤ و کۆمەڵگا لە کوردستاندا شەکەتی سیاسەتی چەندین ساڵەی ڕژێمی بەعسن و ئێستاش لە پاڵ تێکشکاوی بنەما کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. خەڵکی ماندووی شەڕی چەندین ساڵەی ناوخۆی کوردستانیشن؛ ئەمەش، بۆخۆی زەمینەی لەباری بۆ حیزبە شەڕخوازەکان ڕەخساندووە، بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگایە مرۆڤی جەنگاوەر دروستبکەن و کۆمەڵگایەکی نا ئارام بەرهەم بهێنن. چونکی ئەگەر شەڕی ڕزگاریخوازیی گەلی ئێمە بەرهەمی توانای مرۆڤێ کورد بووبێت لەسەر خەوبینین، ئەوا شەڕی ناوخۆ بەرهەمی ئیفلیجبوونی ئەو مرۆڤەیە لە خەوبینین. ئەگەر شەڕی ڕزگاریخوازیی جەنگاوەرێکی بە ئەخلاقیاتی ئومێدەوە دروستکردبێت، ئەوا شەڕی ناوخۆ مرۆڤێکی هێناوەتەوە مەیدان بە ئەخلاقیاتی نائومێدییەوە، مرۆڤیش کە بەبێ هیوایەکی تایبەت شەڕیکرد، کوێر و نابینا و ناعەقڵانییە کە دەلالەتەکەشی لە دابەزاندنی نرخی مرۆڤی ئێمەدا دەردەکەوێت لە مرۆڤی پێشمەرگەوە بۆ مرۆڤی پیاوکوژ… نا هیچ هێزێک ناتوانێت سیمای ئەم ساتەی مێژووی ئێمە جوان بکات، کە تێیدا کورد لە میللەتێکی ئازادیخوازەوە بووەتە چەند خێڵێکی دڕندە کەبەبێ شەرم بەبەرچاوی جیهانەوە لەسەر مەیتی یەکتر هەڵدەپەڕن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی باشوور و بەشداریکردنی یان پەلکێشکردنی سوپاکانی دەوڵەتە ناوچەییەکان بۆ ململانێی کوردی-کوردی، جارێکی دی نەخشەی هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵوگۆڕپێکرد، ئاشکراشە سیاسییە کوردەکان لەناو ئەم سیناریۆ جیاوازانەدا نەوەکو سیاسەتی سەربەخۆ و نەتەوایەتیان نیە، بەڵکو جگە لە ڕۆڵی داشێکی بێئیرادە و بێدید هیچی دیکە نین. (داشڕۆڵ)ی ئەم سیاسەتمەدارانە سیاسەتی کوردی کردۆتە شانۆیەکی تاریک؛ شانۆی ئەو قەرەقۆزە چکۆلانانەی پەنجەی کەسانێک بێ ڕۆح دەست و قاچە نایلۆنی و بێئیرادەکانیان دەجوڵێنێت.
بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ململانێی باڵادەستێتییان لەسەر لاشەی مرۆڤی کورد و جەستەی کوردستاندا پیادەدەکرێت و هێزە کوردیەکانیش بوونەتە بەشێک لە گەمە و ململانێی سیاسی و ئەمنی ئەو دەوڵەتانە و لەژوور ئەمانیشەوە ڕۆڵی ئەندازیارانی سیاسیی ئەمریکی و ئەوروپی و ڕوسی و ململانێی باڵادەستێتییان لە ناوچەکە، وەکو بکەری ڕاستەقینە لەولاوە بوەستێت.
شەڕی ناوخۆی کوردستان تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نامەسئولانە لەلایەن دووهێزە سیاسییە گەورەکەی کوردستانەوە بەردەوامی پێدەدرێت و زەنگە ترسناکەکانیشی بەتەنها لە تەحالوفاتی سەربازی یان سیاسی ئەم دوو هێزە لەگەڵ دەوڵەتە تۆتالیتێرەکانی ناوچەکەدا خۆی بەرجەستەناکات، کە نموونە دزێوەکەی هاوکاری هێزەکانی سوپای بەعس بوو لەگەڵ پارتیدا و پاشان بەگۆڕەپانکردنی کوردستان بوو بۆ (جەنگی لەبری) نێوان عێراق و ئێران، دەرئەنجامەکانیشی دووبارە بە کوشتن و وێرانکردن و پاشان ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی کورد لە ترسی ئەزموونە تاڵەکانیان لەگەڵ ڕژێمدا، کۆتاییپێهات، بەڵکو لەپشت ئەم کردارانەشەوە هەرەسێکی ئەخلاقی بەدیدەکرێت کە وونکردن و لەدەستدانی هەموو لێپرسراوێتییە سیاسییەکانی لەخۆگرتووە.
گەر لە هەمەموو جەنگێکدا ئەو گوتەیە ڕاست بێت کە دەڵێت: یەکەم قوربانی جەنگ ڕاستییە. ئەوا لە کوردستان هەموو ڕۆژێک ئەو ڕاستییە دەکوژرێت کە مرۆڤی کورد بۆ بەدەستهێنانی شوناسێکی مرۆییانە و جێپێیەک لە نێو جیهانی سبەیدا، خەباتی لە پێناودادەکرد. بە دروستی دەزانین لێرەدا هەمان پرسیاری (ئەدۆرنۆ) بکەینەوە: ئایا هیوا بێهیوا دەکرێت؟
بەڵێ ئێمە گەلێک جار دەستخەڕۆی هیواکانمان بووین و هیواکانمان بێهیوا کران، بەڵام ئێمە جگە لە کوردبوون شوناسێکی تری سەر ئەم زەوییەمان نیە، ئەم شوناسەش، شوناسی مرۆڤگەلێکە کە لەدووی دابینکردنی هەلومەرجی ژیانێکی مرۆڤانە و پاشەڕۆژێکی دادپەروەرانە و ڕووناکدان. بەشداریکردن لە دروستکردنی ئەو زەمینەیەش ویستی ئێمەیە. بۆیە خۆبەستنەوەمان بەو شوناسە، بە خۆبەستنەوە دەزانین بەخەونی پاشەرۆژی جوانترەوە بۆ مرۆڤ بە گشتی. هەر لێرەوە بۆ ئەوەی هیوا بێهیوا نەبێت، دەبێت چەندە سیاسەتمەدارەکانمان لە خوڵقاندنی دزێویدا وەستابن، ئێمەش ئەوەندە لەخوڵقاندنی ئومێددا وەستابین، دیارە هیچ شتێکیش وەک (داهێنان) هیوا داناگیرسێت.
(ڕەهەند)یش پڕۆژەی خەونی ڕۆشنبیریی بەرینی کەسانێکە کە بە هیواوە چاویان بڕیوەتە ئاییندە، ئەگەر خەونی ئاییندە نەبێت، ئەوا دەبێت هەر زوو تەسلیمی ئەو هەقیقەتە کوشندانە بین کە دووبارەبوونەوەی خۆیان لە ناو پانتایی مێژووی کوردستاندا سەقامگیرکردووە و بێهوودەیی بەرهەمدەهێنن. بۆیە ئێمە خۆشحاڵین کە (ڕەهەند) لەناو گەمارۆی گرفتەکاندا و سەرباری هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی هاتنە بەردەمی، شوناسی خۆی بەم دنیای کولتورییە پرخەونە ناساند، ئەگەرچی لەسەر زەوییەکی بوومەلەرزاویش بووبێت.
لەدایکبوونی (ڕەهەند) بێگرفت نەبوو. هەرچییەبێت ئێمە نیگەرانین کە وەکو ئومێدەواربووین، (ڕەهەند) لەکاتی خۆیدا چاوی بە دنیا هەڵنەهێنا، دیارە ئەمەش بەدەر نیە لەپێشبینی ئەو کێشانەی کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەر پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی کوردی. چ لە کوردستان و چ لە تاراوگەدا، لەسەرووی هەمووشیانەوە گرفتی دارایی و بەچاپگەیاندن و کارە تەکنیکییەکان و بڵاوکردنەوە و ساغکردنەوە کە دیارە (ڕەهەند) سەرباری هەوڵی بەئەمەک و هاوکاری دڵسۆزانەی هەندێ لە ڕۆشنبیرانی تاراوگە، کێشە ناوبراوەکانی لە هەر بڵاوکراوەیەکی دی گەورەترن، چونکی (ڕەهەند) سەڕەڕای گرفتی تەنسیقی کارکردنەکانی لەگەڵ ناوەوەی وڵاتدا، پەرتەوازەیی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی لە تاراوگەشدا، کاری ڕاستەوخۆ زاڵبوونی بەسەر کۆسپەکاندا گرانترکرد و بۆیە هەر قۆناغێکی چاپ و ڕێکخستنی کەوتە ووڵاتێکەوە و بەجۆرێک کە (ڕەهەند) لە لە ئێستادا ئاوێنەیەکە و هەقیقەتی ژیانی کولتوریمان و ژیانی ڕۆشنبیران نیشاندەدات. دەشێت بگوترێت، ئێمە نەک تەنها خۆمان بەسەر مەنفاکاندا پەرشوبڵاوبووینەتەوە و بێنیشتمان ماینەوە. بەڵکو (ڕەهەند)یش بێنیشتمان لەدایکبوو، ئیدی لێرەوە هەڵەو کەموکورتییەکانیش سەرچاوەدەگرن. بۆیە (ڕەهەند)یش وێڕای هەوڵ و تەقەلای گەورە، بێبەرینەبوو لە بڕی هەڵەی چاپ و هەندێ ناڕێکی ڕێنووس و هەڵەی هونەری، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین کە خوێنەرانی گۆڤارەکەمان چەندە پابەندی ناوەڕۆکی گۆڤارەکەن، دەکرێ ئەوەندەش چاوەڕوانی لێبووردن و چاوپۆشییان لێبکەین؛ کە ئەمەش دەستکەوتیکی گەورەیە بۆ بەردەوامێتیمان، چ لە تاراوگە و چ لە کوردستان، ئەمەش پاش بەدەستهێنانی ئەو پێشوازییە دڵخۆشکەرەی بەتایبەت لەلایەن خوێنەرانی ناوەوەی کوردستانەوە لێیکرا.
ئەم ژمارەیەی (ڕەهەند)یش دەکرێت بە بەردەوامێتییەکی هەمان ڕەوتی ژمارەی پێشوو دابنرێت. جارێکی دی ئەم ژمارەیەمان بۆ بابەتی (شەڕی ناوخۆی کوردستان) تەرخانکرد، نەک بەتەنها لەبەرئەوەی کە لە ژمارەی یەکەمدا هەندێ لە بابەتەکان لەبەر هۆی نەبوونی جێگا و هەندێکی تریان لەبەر دواکەوتنیان لە کاتی خۆیدا، بڵاوکردنەوەیان کەوتە ئەم ژمارەیەوە. بەڵکو بەداخەوە لەکاتی دەرچوونی ژمارە یەکی گۆڤارەکە و خۆئامادەکردن بۆ ژمارەی دوو، شەڕی ناوخۆی کوردستان نەک هەر نەتوانرا بە ئاگربەستێتی بمێنێتەوە، بەڵکو گەورەبوونی ڕووبەری شەڕەکە هەڕەشەی گەورەتری بۆ کوردستان و ناوچەکە دروستکرد.
دیارە وەستان لەسەر ئەم دۆخە کارەساتاوییە و لێکۆڵینەوەی میکانیزمە ناوەکییەکانی کە بەو جۆرە فۆڕمی بە سیاسەتی کوردی بەخشی و، دەرئەنجامە سەختەکانی بۆ سەر مرۆڤ و کۆمەڵگا، جارێکی دی دەبنەوە بابەتی ئەم ژمارەیەمان و لە داهاتووشدا ڕاڤەکردن و مشتومڕی زانستییانەی زۆرتر و بەرفراوانتر لەخۆدەگرێت.
وا (ڕەهەند) ژمارەی دووەمی دەخاتە بەردەستی ئێوە… وەکو درێژکراوەیەکی ئومێد، وەکو بەشێک لە جەستەی ئەو هیوایانەی کە دەبێت پێکەوە هەوڵبدەین کە چیدی تەنها هیوا نەبن. بۆ بەردەوامی دان بەم پڕۆژە ڕۆشنبیریەشمان، خوازیاری کۆمەک و بەشداریتانین.
ژمارە ٣، ٤
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان ووریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
ناواخن
تایبەت بە دەقی ئەدەبی
ھەڵوێستە ………. ن: دەستەی نووسەران
ئەگەر.. ئەگەر……  …. ن: بەرزان ھستیار
وەرزە ئاڵەکانی عەدەم …… ن: جەمال غەمبار
یەک پارچە شیعر……. ن: چۆمان ھەردی
چڵەسێبەرێکی شکاو ……….. ن: دلاوەر قەرەداغی
مێدیتاسیۆن …….   ن: ڕەفیق سابیر
سێ کورتە فلیمی شیعر…….. ن: شێرکۆ بێکەس
ئەفسووس من لە خۆرھەڵات نامرم……. ن: فاروق ڕەفیق
با پەپوولەپیرەکان ئاسوودەکەین…… ن: مەریوان وریا
قارچکە ترسنۆکەکانی جەنگەڵ!!! …….. ن: ھیوا قادر
لەمدیو جەستەدا، گەڕیدەیەک… ….. ن: ھەندرێن
وڵاتی پەیکەرەکان …… ن: ئارام کاکەی فەلاح
تەمەن لە ژوورە سپیەکاندا ……. ن: ڕێبوار حەمەڕەحیم
خەونەکەی خاحەجێ……. ن: ڕێبوار سیوەیلی
چەقۆ و ئەتک و بێگوناھ ……… ن: ڕێبین ھەردی
مارلین …….. ن: شێرزاد حەسەن
کرمەکان ……. ن:عەبدولڵا سەڕاج
مردنی سەربازە ھەڵھاتووەکە… …… ن: عەتا محمد
باوکم …………. ن: فاروق ھۆمەر
ھاوینی ساڵی١٣٦٦ ……… ن: کامەران
ئازادییە چکۆلانەکان…….. ن: گۆران بابەعەلی
لاشئالین …….. ن: عەبدوڵا ڕەحیم و ھیوا قادر
ئاڵا ڕەشەکان……… ن: دانا ڕەووف
ئاوێنە بچکۆلانەکان……… ڕەھەند
ھەڵوێستە
سێ بەشی ئەمساڵیش تێپەری و ھێشتا دنیای ئێمە نووقمی گێژاوی ناکۆکی ناوەکی و شەڕی خوێناوییە. تا ئێستاش سیاسەتمەدارانی کورد بێباکانە تفەنگ بەسەر دڵی کوردستانەوە دەنێن و گەمە بە خوێنی خەڵک و بە خوێنی نیشتیمان دەکەن. وا خەریکە ساڵێکی دیکە لە تەمەنی مێژوومان ڕەتدەبێت وبێ ئەوەی مژدەیەکمان پێ بێت بۆ سبەینێ. ھەرگیز مێژووی ئێمە بەقەد ئەم ساتەی ئێستامان بێ مژدە نەبووە. ئاخر مژدە لە جیھانبینییەکی یۆتۆپیەوە دروستدەبێت، کە لەسەرێکەوە باوەشێکی توندی بە ژیاندا کردبێ و دەستی لەسەر نەبزی لێدانەکانی دڵی مێژوو بێت، لەسەرێکی دیکەشەوە ئاوێزانبێت بەو خەونانەی دەکەونە ئەودیووی سنوورەکانی ئێستاوە، ئاوێزان بە ئایندەیەک کە لە ئێستادا وەک مەحاڵ دەردەکەوێ تا ھەر ئەگەرێکی مێژوویی دیکە.
ئەو مێژووەی بێ یۆتۆپیا بژی مێژوویەکە کەمخوێن، مێژوویەکە بێ ئەگەر و بێ ھیچ گرەوێکی ئایندەیی. مێژوویەک سەرخۆش بە گرفتەکانی خۆی، چەقیو لەناو ئەو ساتەوەختەدا کە سەرچاوەی ھەموو کارەساتەکانیەتی. مێژوویەکە دژی ژیان و لەپێش ھەمووشیانەوە دژی ئەو ناوانەی کە دەشێ لە ھەمووان بە ژیان نزیکترن. بە نەوە ھەرە نووێیەکان.
دیارە ھەر مێژوویەک بیەوێ بژی دەبێت لانی کەم کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی خەونی ھەبێت. چونکە لێکدی ئاڵانی مێژوو خەونە ئەو ووزە ناوەکیە دەبەخشێتە میلەتێک بیەوێت ئایندە بباتەوە. بەبێ ئەم لێکدی ئاڵانە ھەموو مژدەیەک مەحاڵە، کە مژدەش نەما ئیدی خودی ژیان خۆی دەبێتە بار بەسەر ئینسانەکانەوە و وەک ھەرشتێکی بێ بایەخ ھیچ حورمەتێکی نامێنێ. بۆیە ئێمە چەند پێ لەسەر بەعەقڵانیکردنی دنیای کورد دادەگرین و بە بەردی بناغەی ھەموو پرۆژەیەکی ئایندەیی دەزانین، بەھەمان ئەندازەش خۆمان بە خەوناویکردنی ئەو دنیایەوە دەبەستینەوە کە دوژمنان بەر لە کوشتنی ئینسانەکانی پیلان بۆ کوشتنی خەونەکانی دادەنێن و یۆتۆپیاکانی وێراندەکەن.
وەک ئاشکرایە بەبێ ھەستکردن و دەرککردنێکی قووڵ بە مێژوو؛ ھەم ھەستکردن بە قەیران و گرفتە سەختەکانی، ھەم بە ئەگەرە نادیار بەڵام عەقڵانیەکانی، قسەکردن نەک لە یۆتۆپیا بەڵکو لە ئایدێۆلۆژیایەکیش کە توانای خوێندنەوەی لانی کەمی دنیای ھەبێت، مەحاڵە. ئەمرۆ لە سایەی حیزبە کوردیەکاندا ھیچ ھەستێکی ڕادیکاڵ بە مێژوو لەئارادانییە و مێژووی ئێمە لە دەرەوەی جڵەوی عەقڵ و چاودێری ویژداندا دەجوڵێت، بۆیە لەم ساتەدا نە یۆتۆپیایەک ھەیە بۆ ئومێد و، نە ئایدیۆلۆژیایەک بۆ کۆکردنەوە و گرێدانی ئینسانەکان بەیەکەوە. لە غیابی ئەم دووانەشدا ئینسانی ئێمە مێژوویەک دەژی نابیناو کوێر، مێژوویەک لە دەرەوەی ھێزی گرێدەری ئایدێۆلۆژیادا و دابڕاو لە ھێزی تێپەرێنەری یۆتۆپیا، مێژوویەکی پارچەپارچە و بێئاڕاستە و دابڕاو.
ئەوەی لە کوردستانی ئێمەدا ڕوودەدات بەپلەی یەکەم تێرۆرکردنێکی ڕۆحی و ھەتیووخستنێکی کۆمەڵایەتی ئەو نەوە نوێیەیە ئەمرۆ لە کوردستاندا بێ ھیچ تێز و تیۆرەیەک، کە بتوانێت لانی کەمی پرسیارە ڕۆحی و حەیاتیەکانی وەڵامبداتەوە و پەنجەرەیەکی بە ڕووی ئایندەدا بۆ بکاتەوە، بەجێھێڵراوە.
ئێمە لەسەر لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارەوە دەمانەوێ سەرنجی ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و نووسەرانی کوردستان بۆ ئەو نەوەیە ڕاکێشین، ئەمرۆکە لە کوردستاندا سەرەتاکانی تەمەنیان لە غیابی ئەو زادە فیکری و ڕۆحیەدا بەسەردەبەن کە نەوەکانی بەر لە خۆیان لەبەردەستیاندا بووە. ئەو زادە ڕۆحیەی کە نەخشێنەری پێکھاتەی دەروونی و کۆی ئامادەییە ئایندەییەکانی ئینسانە. ئەم نەوەیە نەوەیەکە لەپاڵ جەنگا گەورەبووە. لە سەرەتای ھەشتاکاندا بە جەنگی خوێناوی بەعسیزمی عێراقی چاویدەکاتەوە و لە جەنگی کورد دژی کوردا ووشیاری بەڕووی دنیادا دەکرێتەوە. نەوەیەک کە کەس لە ئێمە لەم ساتەی ئێستادا نازانێ چۆن بیردەکاتەوە و چ ئازارێ دەژی و چ پرسیارێکی ڕۆحی و حەیاتی بێ وەڵامیشی لەلایە.
وەک ئاشکراشە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا خیانەتێکی گەورە لە ژیانی زۆربەی ھەرە زۆری ئەو نەوەیە کراوە، مناڵانی ئەو نەوەیە لە پازدەساڵیەوە بوونە شوێن سەرنجی پارتە کوردییەکان بۆ کردنیان بە میلیشیایەکی تووندڕەو و گلاندنیان لە شەڕێکەوە کە بەر لە ھەموو شتێک ئاگر لە ئایندەی ئەو نەوەیە بەردەدات تا ئایندەی ھەرکەسێکی دی. مناڵانێ لەپاڵ تفەنگە ھەڵەکان و تەقە ھەڵەکان و پلانە ھەڵەکاندا گەورەبوون.
لە لایەکی دیکەوە ئەم نەوەیە ھاتۆتە سەر تەرمی ھەموو شتە پیرۆزەکان، سەر ئەو کەلاوە ڕۆحییەی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا یەکەبەیەکەی ئەو سومبولە پیرۆزانەی تیا بێبایەخکرا کە نەوەکانی بەر لە ئێمە بەسەدان ساڵ خەبات و گیانفیدایی بۆ ئێمەیان بەجێھێشتبوو. ئەم وێرانە ڕۆحیە بەپلەی یەکەم لە ڕۆحی ئەو نەوەیەوە ئاڵاوە، نەوەیەک بێ ھیچ سوومبولێک ھێزێکی مەعنەوی لێ وەرگرێ و، بێ ھیچ پرنسیپێک لە پاڵیدا مانایەک بە ژیانی بدات. نەوەیەک تەمەنی کورد خۆی بە ناو دوو جەنگا تێپەراندوە و بێ مناڵی و لەوێشەوە بێ خەیاڵ ھاتۆتە ناو ئەم ئەستێرەیەوە.
بەڵام داخۆ ئێمە بەرامبەر ئەم ھەرەسە ڕۆحی و مەعنەویە کە سیاسەت و سیاسیەکان خولقێنەری ھەرەسەرەکیین، دەکرێ چیبکەین و دەشێ چ وەڵامێکمان ھەبێت؟ چۆن لە نوێ ئەو باڵەخانە ڕووخاوە بنیادبنێینەوە؟ چۆن بتوانین لانی کەم مناڵی وەک جیھانبینییەک ڕزگارکەین؟
وەڵامی ئێمە ئەمەیە: بە یۆتۆپیاکردنی واقیع و بە خەوناویکردنی مێژوو.
بەڵام داخۆ یۆتۆپیا چی دەیخولقێنێ و ئەو ھێزە لە کێوە ھەڵدەقوڵێت کە پانتاییەکانی خەیاڵ بە قەبارەی گەردوون دەکاتەوەو ژیان دەگۆرێتە سەر ھوروژمێک لە خەونی بەردەوام؟
بێگوومان زۆرن ئەو ھۆکارانەی یۆتۆپیا و خەون لە پاڵیاندا لەدایکدەبن و گەشەدەکەن. ئێمە لێرەدا پێ لەسەر یەکێکیان دادەگرین و ئەم ژمارەیەی ڕەھەندیشی بۆ تەرخاندەکەین، ئەویش ئەدەبە، ھیوادارین بەم کارەش ھەنگاوێک لە ئومێد نزیکبینەوە و پەنجەرەیەکمان لەم تاریکستانە کردبێتەوە. بەڵام دیارە لە دنیای ئێمەداتێگەیشتنی جیاواز و دژبەیەک بۆ ئەدەب و ڕۆڵی ئەدەب ھەیە. ئێمە لێرەدا ھەوڵدەدەین لەسەر دووان لەو تێگەیشتنانە ڕاوەستین.
تێگەیشتنی یەکەمیان تێگەیشتنێکە پێی وایە ئەدەب لەجەوھەردا دروستکردنەوەیەکی داھێنەرانەی دنیایە، کە تێیداکاری سەرەکی بەپیرەوەچونێکی ڕۆحیانەی ئینسان و کۆمەککردنێکی لەبن نەھاتوی ژیان و فراوانکردنی سنوورەکانی ڕوانینە. ئەمەش مانای ئەوەی ھەم ڕازی نەبوون بەوەی لە ئێستادا باڵادەستە و بونیادی باوی سەروەرکردوەو، ھەم بە مانای پەلھاویشتن و پەلاماردانی خەونئامێزانەی ئایندە. لەم پرۆسەیەشدا ئینسان خۆی دەبێتە یەکەمین و دواھەمین ئامانجی ئەدەب و ئەو زەمینە ڕۆحیەشی بۆ فەراھامدەکرێت کە بەردەوام دەیکاتە بکەری یەکەمین و ئامادەی ناو مێژوو. بەم مانایە ئەدەب دەبێتە پانتایی ئەو جەنگەی تێیدا بەگژ ھەموو ئەو ھێزانەدا دەچێتەوە کە دژ بەئینسان و دنیا ڕۆحی و فانتازیەکەی ئەون.
لە کاتێکدا بەدەیان ھێز لە ئارادان کە دەخوازن خەیاڵی ئینسان ڕامکەن و خودی ئینسان ڕووتکەنەوە لە ھەموو ڕەھەندێکی ئایندەی و لە ھەموو فانتازیایەکی بەرھەمھێن ، ئالەو کاتەدا ئەدەب دێت بۆ بەرگری لە ئینسان و کردنەوەی دواھەمین ئاسۆکانی خەیاڵی و ڕەھاکردنی ھێزەکانی خەونبینین لە دیدیدا. کە ژیان ناشرین دەکرێت و بایەخەکانی دەکوژرێت، ئەدەب دێت تا ژیان جوانبکات و ھەستی خۆشویستنی ئەومان لەلا بەھێزبکات. ژیان بەمانای ئەو گەمە خۆش و ئازاراویەی ڕەنگڕێژە بە دەیان سومبول و ئایدیا و پرنسیپی مەزن، بە مانای ئەو سەرزەمینی ئیشراق و تاریکیەی پڕیەتی لە مژدە و کۆست. داگیرسان و کوژاندنەوە، ھەستان و نووچدانەوە. بەکورتی خۆشویستنی ژیان ھەم لە ڕووە کەرنەڤاڵی و ئاھەنگسازیەکەیدا ھەم لە ڕووە تراژیدی و تاریکەکەیدا. ئاخر ژیان گشتیەتیەکی گەورەیە و کەس مافی پارچەپارچەکردنی نییە.
بێگومان ژیان ئەو گەمەیەیە کە بەردەوام پێویستی بە جێگۆڕکێ و نوێکردنەوەی داھێنەرانە ھەیە. لەھەناوی ئەمگەمەیەشدا ھەمیشە ئەو ھێزە داھێنەرانە ئامادەن کە بەر بەوە دەگرن ژیان تاڵبکرێت و ئینسان نەتوانێ بەرگەی نەفرەتەکانی بگرێت. ئەم ھێزە ھێزێکە ژیان خۆی دروستیدەکات و بەردەوام بەرھەمیشیدەھێنێتەوە. کەواتە داھێنان خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان و سەفەرێکە بەناو ئەگەرەکانی بووندا. بەزاندنی بەردەوامی سنوورەکان و پەلکێشکردنی ئینسانە بۆ سەر ئەو ڕێگایانەی تا ئێستا تەینەکردوون. ئەگەر ژیان خۆی ڕیسکێکی گەورەبێت، ئەدەب ئەو حیکمەتەیە کە فێرماندەکات بەردەوام بەناو ئەو ڕیسکانەدا تێپەڕین و ئازایانە لەبەگژاچوونەوەیەکی بەردەوامدا بین. ھەڵبەتە ئازایەتی و بەگژاچوونەوە دەبێتە کارێکی بێمانا ئەگەر لە پشتیەوە ھێزێکی داھێنەر یاخیبوونەکانی ئینسان ئۆرگانیزە و ئاڕاستەنەکات. لەھەمانکاتیشدا بە ڕاڕەوی خواستەکانی ژیان و ڕێزلێنان لە بەھاکانی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە  بە سەروەریکردنی ئینساندا تێنەپەڕێت. مەبەست لە ئازایەتی بەگژاچوونەوەی ھەموو ڕووشاندنێکی لایەنە جوان و ڕووناکەکانی ژیان و ھەڵوەشاندەوە و ھەپروون بەھەپروونکردنی ڕووە دزێو و ناشرینەکانیەتی. دیارە لەناو پرۆسەیەکی گەورەی سەرلەنوێ بنیادنانەوە و تازەکردنەوەی ڕەھەندە جیاجیاکانی بوون و خوڵقاندنی فۆرمە لە کۆتایی نەھاتوەکانی ژیاندا.
بێگومان ئەدەب بەپلەی یەکەم گەمەی ئەفسوناوی ئینسانە لەگەڵ زماندا و لەوێشەوە لەگەڵ مانادا. دیارە زمان بەو مانایەی ڤینگنشتاین دەڵێت: سنووری زمانی ھەرکەسێ سنووری ئەو دنیایەیە کە تێیدا دەژی. لێرەوە چەندە سنوورەکانی زمان فراوانبێت بەھەمان ئەندازەش سنووری ئەو دنیایەش فراواندەبێت کە ئینسان تێیدا دەژی. بەم مانایە ئەدەب چالاکییەکە دەخوازێت بەردەوام سنورەکانی زمان بەرفراوانبکات و لەوێشەوە ئینسان لەوە ڕزگارکات لەناو کۆمەڵێ توانای دیاریکراوی ماناو کۆمەڵێ ئەگەری سنوورداردا گیربخوات. ئەدەب دەبێتە تەقاندنەوەیەکی بەردەوامی ئەگەرەکانی زمان و ھەر لەوێشەوە ئەگەرەکانی بوون. ئاخر بوون خۆی چییە جگە لە میوانێک لە ماڵی زماندا. کەوابوو ئەدەب بەپلەی یەکەم پەلاماربردنە سەر زمان و بەگژاچونەوەی زیندانەکانی زمان، یان وەک پارت دەڵێ فاشیەتێ زمانە.
بێگومان بەگژاچوونەوەش دەبێتە جنێوێکی گەورە بەژیان و بەھێزە چالاکەکانی ناوی گەر لەپشتیەوە ڕۆحێکی ژیاندۆست و ئینساندۆست لەئارادانەبێت. چونکە دەشێ جۆرێ لەبەگژاچوونەوە ھەبێت کە نەفرەت لە ژیان و لە کینە لە ئینسانەوە سەرچاوەیان ھەڵگرتبێت. بەگژاچونەوەیەک کە تەعبیر لە کۆمەڵی گرێی سایکۆلۆجی بکات تا ھەر ھەڵوێستێکی جیدی و تەندروست لەبەردەم ژیاندا.
لە دنیای کەلتووری و عەقڵیەتی ئەدەبی ئێمەدابۆچوونێکی دیکە بۆ ئەدەب لەئارادایە کە تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە و ڕۆژگارێکی درێژیش تاقە بۆچوونی سەروەر و باڵادەست بوو. ئەم بۆچوونە پێی وایە ئەدەب ئامرازێکە بۆ تەعبیر لە ئایدێۆلۆژیایەکی دیاریکراو و دەبێ ملکەچبێت بۆ بەرنامە و نەخشەی سیاسی ئەو ئایدێۆلۆژیایە. دنیای کەلتووری ئێمە لە بیست ساڵی ڕابووردوودا سیخناخبوو بەم بۆچوونە سەقەت و نامۆیە بە داھێنان و لە سەرووی ھەمووشیانەوە بە دنیای ئەدەب. ئەم تێزە کاریکاتۆریە وەک  سیستەمێکی ڕەقابەی گشتگیر بەری بە ھەموو ھەوڵدانێک دەگرت نیازی پێشکەشکردنی دیدێکی دیکەی بۆ ئەدەب و بۆ داھێنان ھەبوایە. ھەموو ئەمانەش لە ڕێی دەیان میکانیزمی کۆنترۆڵی جیاجیاوە کە ھەرە دیارەکەیان و ھەرە باوەکەیان ناووناتۆرە دۆزینەوە و بوختان بۆ ھەڵبەستنە تا دەگاتە ھێرش و پەلاماری جەستەییش.
ئەم تێزە کاریکاتۆرییە بەردەوام دەیەوێ ڕازیمانکات بەو پێناسە ھەڵەیەی کە ئەدەب جگە لەئاوێنەیەک کە واقیع لەناویدا بێئومێدانە لە خۆی ڕادەمێنێ شتێکی دیکە نییە. زۆرن ئەو ووتار و کتێبۆچکە و غەڵبەغەڵبانەی ھەڵگری ئەم وێرانە فیکری و تێزە مردوەن و لە بیست ساڵی ڕابووردودا، تا ئێستاش، ئەدەبی ئێمە و دنیای فانتازی کوردیان تووشی کەمخوێنی و ئیفلیجی کردووە و بەردەوامیش دەیکەن. زۆرن ئەو عەقڵە گرگنانەی بە شێوازی جیاواز لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا ژەھرێ دەڕێژن کە جوانی ژیان و گەورەیی داھێنان لە قوربانییە ھەرە سەرەکییەکانین، بێگومان خۆشیان جگە لە غەڵبەغەڵبێکی بێمانا شتێکی دیکە نین و ھەر لەسەرەتاوە بە نەزۆکی ھاتونەتە ناو ئەم ئەستێرەیە و لە ئێستاشدا شتێکی دیکەیان لێ چاوەڕوان ناکرێت جگە لە کوشتنی داھێنان.
بێگومان ئەو بۆچوونە بۆ ئەدەب بە پلەی یەکەم پیادەکردنێکی ھەمەلایەنەی پرۆسەی کۆڵۆنیالیزەکردنی خەیاڵی ئینسانی کورد و تاڵانکردنی دنیا ڕۆحی و سومبولەکەیەتی. ئەمەش لە جەوھەردا درێژکراوەی ھەمان پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنی سەر زەمین و نیشتیمانی ئێمەیە. بێگومان کۆلۆنیالیزەکردنی خەیاڵ مانای چکۆلەکردنەوە و بێبایەخکردنی ئینسانی کورد و بەندکردنی لەناو نەخشە تەسک و سادەکانی لۆژیکێکی دیاریکراو و بەرتەسکدا. ھەموو ئەمانەش بەناوی ھەڵوێست و قازانجی جەماوەر و شۆڕش و چەوساوە و کرێکار و زەحمەتکێش و دەیان موزەیەدە و داستانی دیکەی لەم بابەتەوە.
ئەو پرسیارەی بکرێت لێرەدا کەمەکێ ڕامانگرێت و پێویستبێت سەرنجێکی خێرای بدەین ئەوەیە داخۆ سرووشتی ئەو ھێزە چییە لەپشتی ئەم بۆچوونەوە وەستاوە؟ ئایە ئەم ھێزە ھێزێکی داھێنەر و ژیان دۆستە یاخود ھێزێکە بارە بەسەر ژیان و ئینسانی کوردەوە بەگشتی و کایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریمان بەتایبەتی؟
بیست ساڵی ڕابووردوی بەرھەمی ھەڵگرانی ئەم دیدە نەخۆشە شایەتی ئەوەن کە ئەم ھێزە نەک ھێزێکی نا داھێنەر و تەسکبین و تەنانەت نابینایە، بەڵکو ھێزێکە ترساو لە ھەموو داھێنانێک و لێورێژە لە بوغز و لە نەرجسیەتێکی نەخۆش. بونیادی سایکۆلۆژی ئەم ھێزە ئەوەمان پێدەڵێت کە ھێزێکی نەخۆشە و جگە لە بڵاوکردنەوەی گرێ دەروونیەکانی خۆی و فرۆشتنیان بەناوی ئەدەب و ڕەخنەوە شتێکی دیکە نییە. ئەم ھێزە بەر لە ھەموو شتێ دژ بەو دەنگە نوێیانەیە کە مژدەیان پێیە، مژدەی تازەکردنەوەی سەرزەمینی ئەدەب و لەنوێ بنیادنانەوە و دەوڵەمەندکردنی خەیاڵ و فیکری ئینسانی ئێمە. دژ بەو نەوەیەی ھەموو تواناو تەقەلای خۆی بۆ شکاندنی ئەو پرۆسەی کۆڵۆنیالیزەکردنەی لەسەرەوە باسمانکرد تەرخانکردووە. دژ بەو نەوەیەی خوازیاری دەوڵەمەندکردنی فەرھەنگی کوردییە بەدەیان چەمک و زاراوە و بۆچوونی نوێ و ھەوڵی سەرسەختانە دەدات بۆ کردنەوەی سنوورە داخراوەکانی ئەم فەرھەنگە.
ئەم ھێزە چونکە توانای ناسینی شێوە جیاجیاکانی فیکر و مەعریفەی نییە و لە جەھلێکی قووڵ و بەرفراواندا دەژی دواجار ھەموو ھەوڵە جدییەکان و ھەموو مەنھەجەکان لەژێر چەند ناونیشانێکا کورتدەکاتەوە. ڕۆژێک ناویاندەنێت وجودیەتبو ڕۆژێکی دی بونیەویەت. ئەمەش بێگومان بێ ئەوەی سەر لەھیچ یەکێ لەمانە و لە ھیچ قوتابخانە و مەنھەجێکی فیکری دیکەش دەربکات. ئەم ھێزە کە لەسەر ئیمپراتۆریەتێک لە جەھل دروستبووە ناتوانێت لەگەڵ تێزە فیکریەکاندا بدوێت بۆیە ناچار دەکەوێتە ھەڵبەستنی بوختان و گۆڕەپانی باسەکان دەگوێزێتەوە بۆ ناو کایەی درۆھەڵبەستن و جنێوفرۆشی، کایەیەکە ئەو بەشێکی زۆری تەمەنی خۆیی تێدا سەرفکردوە و خاوەنی ئەزمونێکی گەورەیە تێیدا. کایەیەک کە ئێمە نامانەوێ لێی نزیکبینەوە و بە شوێنی کاری خۆمان و کاری ھیچ ڕۆشنبیرێکی دیکەشی نازانین.
ئەم ژمارەیەی ڕەیەوێ بەگژ ئەو تاریکستانەدا بچێت و دەیەوێ ئەو شەبەقانە گەورەبکات کە ڕۆحە چالاکەکانی دنیای ئەدەبی ئێمە لە دیواری ئەستووری جەھل و تەقلیدیەتدا دروستیانکردووە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕەھەند ئەمجارە لاپەرەکانی خۆی دەکاتە پانۆرامای چوار جیلی جیاواز ی ئەدەبی کوردی و دەیەوێ ئەم دەنگانە لەسەر یەک خوان کۆکاتەوە کە خوانی داھێنانە. خوانی بەخشینی ووزەیەک بە خەیاڵ و یاداوەری ئینسانی کورد و دەوڵەمەندکردنی توانا تەعبیرییەکانی زمانی کوردی.
ئەم ژمارەیە بەپلەی یەکەم چاوی لەو نەوە خەیاڵ تێرۆرکراوەیە کە لە سەرەتای ئەم نووسینەدا ھێمامان پێکرد و ھەوڵێکە بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی ئەو تێرۆرە. ھیوادارین توانیبێتمان لانی کەمی ئەم ئەرکەمان وەدیھێنابێت.  ھەر لێرەشد ئێمە خوێنەرانی ڕەھەند لەوە دڵنیادەکەینەوە کە کۆششی بەردەوام دەکەین بۆ بەردەوامی پرۆژەکەمان و درێژە بە شەڕێکی ڕۆشنبیری دەدەین کە بتوانێت ڕۆشنبیری کوردی بە قۆناغێکی نوێ بگەیەنێت. قۆناغێکی دەوڵەمەندتر، ھەمەلایەنتر و شێلگیرتر.
دەستەی نووسەران
ژمارە ٥
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
ناواخن
ھەڵوێستە ………… دەستەی نووسەران
یەکگرتن یان جیاوازبوون ………… ن: مەریوان وریا قانع
ئیمپراتۆریەتی وەھم ……… ن: بەختیار عەلی
دەسەڵات و بەرگری………… ن: فاروق ڕەفیق
نیشانەکانی وابەستەبوون و گەڕان لە کۆدەکانی دیالۆگ ……. ن: ھەندرێن
چۆن لە ناوەڕۆکی مرۆڤ بگەین؟……. ن: د. محەمەد کەمال
باوکی کورد لە نێوان کوشتن و زیندووبوونەوەدا…… ن: ڕێبین ھەردی
حەساری نەمر و باوکی پیرۆز …… ن: بەرزان فەرەج
یەکەمین ڕۆشنبیر ……  و: ھەڵکەوت عەبدوڵا
مرۆڤ بوونەوەرێکی ووشەدارە ……. ن: ئاراس فەتاح
پەنابەرانی کڵێسا……….. ن: گۆران بابا عەلی
ئەو پیاوەی لە تووڕەبووندا جوانە؛ گفتوگۆیەک لەگەڵ شێرزاد حەسەندا ….. ھیوا قادر
ئاوێنە بچکۆلەکان…….. چەند نووسەرێک
ھەڵوێستە
لەچەند ھەفتەی ڕابردوودا مەسەلەی سەرھەڵگرتن و ھەڵاتنی کورد بۆ ئەوروپا باسی سەرەکی دەزگاکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و سەردێڕی ڕۆژنامەکان بوون لە ئەوروپا. ناونیشانی لەبابەتی ‘ھێرشی کورد بۆ ئەوروپا’، ‘لافاوی پەناھەندی کورد ئەوروپا دەبات’ ‘ئەوروپا دەبێت سنوورەکانی خۆی بەڕووی کوردا دابخات’ و، چەندان ناونیشانی دیکەی لەم بابەتە ڕۆژانە لە سەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە باناوبانگەکانی ئەوروپادا دەبینران. لە تەلەفیزیۆنەکانیشدا وێنەی ئەو ژن و منداڵ و گەنجانە پیشاندەدرا کە ماندووبوون و ترس و سەرما بەسەر ئەو جەستە تەڕانەیانەوە بوو کە پۆلیسەکانی سەر سنوور لەکاتی گونجاودا و پێش نووقمبوونیان لە ئاوی کەناری دەریاکانی ئێتالیادا بە فریایان کەوتبوون.
جگە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن خودی حکومەتە ئەوروپیەکانیش لەسەر کۆچ و سەرھەڵگرتنی کورد لە وڵاتی خۆیانەوە بەرەو ئەوروپا باس و خواستیان کرد. جگە لەمانەش ‘ئەوروپای یەکگرتوو’ یەکێ لەدانیشتنەکانی خۆی تەرخانکرد بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە.
بە شێوەیەکی گشتی سەرجەمی باس و خواستەکانی ئەمجارە و سەرھەڵگرتنی ئەو پەناھەندانە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خراپ بوو. ھەڵوێستی ئیتالیای لێدەرچێت کە لە زمانی وەزیری کاروباری ناوخۆوە داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد کرد، ھەڵوێستی ھەموو وڵاتە ئەوروپیەکانی دیکەی ئەوروپا بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کوردێکی زۆری تیایە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای پەناھەندەی کورد و بێدەنگبوونبوو لە ئاستی کێشەکانی کوردا وەک نەتەوەیەک و ناسینی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی سیاسی. دەکرێ لێرەدا ھێما بە ھەڵوێستی حوکومەتی ئەڵمانی و ھۆڵەندی و فەڕەنسی بکەین کە ھەڵوێستێکی تا بڵێی نائینسانی بوو. ئیتالیا وەک دەرەنجامی ئەم بە سیاسی ناسینەی مەسەلەی کورد مافی ئەوەی بە پەناھەندە کوردەکان دا کە داوای پەناھەندەیی سیاسی لە ئیتالیا بکەن. بەڵام ئەڵمانیا و فەرەنسا و ھۆڵەندا بەئاشکرا ڕایانگەیاند کە دەبێت بەر بە ھاتنی ‘ئەم لێشاوە’ لە پەناھەندەی کورد بگیرێت و ئەم مەسەلەیە نەک وەک مەسەلەیەکی سیاسی تەماشانەکرێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە بوونی شەبەکەیەکی نێونەتەوەیی قاچاغەوە کە لە ڕێی گەیاندنی پەناھەندەی کوردەوە بۆ ئەوروپا پارەیەکی بێشوماریان دەستدەکەوێت. گواستنەوەی مەسەلەی پەناھەندەی کورد لە زەمینە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە، واتە لە بوونی کێشەیەکی سیاسی چارەسەرنەکراوەوە بۆ مەسەلەی گرێدانی بە بوونی شەبەکە و تۆڕی قاچاغی نێودەوڵەتیەوە، لەڕووی عەمەلیەوە مانای وەرنەگرتنی ئەو پەناھەندانە و پێناسەکردنیان وەک تاوانبار. ئەمەش مانای گواستنەوەی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەم پەناھەندانە لە نێو پەرلەمانەکانی ئەوروپا و وەزارەتەکانی دادپەروەری وئۆرگانەکانی مافی مرۆڤەوە بۆ دەستی ئۆرگانەکانی پۆلیس. بێگوومان بەم گواستنەوەیەش پەناھەندەی کورد لە کەسێکەوە، کە لەدەست کۆمەڵێ پشێوی سیاسی ھەڵاتووە، کراوە بە تاوانبارێک کە پەیڕەوی یاساکانی ئەو وڵاتەی نەکردووە: تاوانی بڕینی سنووری ئەو وڵاتانە بە قاچاغ.
دیاردەی کۆچی بە قاچاغ ڕووەو ئەوروپای ڕۆژئاوا دیاردەیەکی گشتیە و بەتەنیا کورد یان خەڵکی کوردستان و عێراقی نەگرتۆتەوە. بە دەیان و سەدان ئەفغانی،سریلانکی، ئەفریقی، زائیری، سۆماڵی، ئێرانی، چینی، سوری و ئەتیوپی ھتد… خەریکی ھەڵاتنن لە نیشتیمانی خۆیان ڕووە و ئەوروپای ڕۆژئاوا. تا ئێستا بەدەیان و سەدانیان لێھەڵاتوون و بە دەیانی دیکەش بەڕێوەن. جەنگی ناوخۆ، تێکشکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە مەرکەزییەکان، دروستبوونی دیکتاتۆری دیکە لەشوێنی دیکتاتۆرە کۆنەکان، فەندەمێنتالیزمی ئاینی و ناسیۆنالیستی، برسیەتی و ھەژاری بە کورتی بێ حورمەتیکردن بەرامبەر بە ژیان و نەبوونی ھیچ ڕۆشناییەکی ئایندەیی لە ھۆکارە ھەرە سەرەکیەکانی ئەم کۆچەن. بەڵام بێگوومان ئەمانەی ناومانبردن ھەموو ئەو ھۆکارانەنیین کە پاڵ بەژمارەیەکی گەورەی خەڵکەوە دەنێن بۆ ھەڵاتن. ڕەنگە یەکێ لە گرنگترین ھۆکارەکانی ڕاکردن، بێگومان لەپاڵ ئەو ھۆیانەی سەرەوەدا کەباسمان کرد، سیحری ئەو وێنەیە بێت کە ڕۆژئاوا بەدەرەوەی خۆی دەدات، وێنەی بەھەشتێکی پڕ لەزەت کە لەیەککاتدا ڕووی دەمی لە ھەموو غەریزە و ویستەکانی ئینسانە، وێنەی سەرزەمینی بەدیھێنانی ھەموو ئارەزوەکان.
ئەوەی لەناو ئەم ماراسۆنی ھەڵاتنەدا شوێنی سەرنجی ئێمەیە کۆچی بەکۆمەڵی کوردە، بەتایبەتی کوردی کوردستنی عێراق. ئەوەی ئەم کۆچە لە کۆچەکانی دیکە جیادەکاتەوە ھەڵاتنی بەکۆمەڵی خەڵکە لەسەرزەمینێکی ئازادکراو، سەرزەمینێک لەژێر دەسەڵاتی ئەو حیزب و سیاسیە کوردیانەدا کەڕۆژگارێکی درێژە قسەکەری یەکەمینن بەناوی کورد و مەسەلەی کورد و قازانجە نەتەوەییەکانی کوردەوە. بۆیە ئەوەی ئەم کۆچکردنە بەکۆمەڵە وەک یەکەمین پرسیار دەیخاتەوە ڕادەی ڕەوایەتی ئەو نوێنەرایەتیکردنەی حیزبە کوردستانیەکانە بۆ ئەو مەسەلەیەی ناوی مەسەلەی کوردە و بۆ قسەکردن بە ناوی ئەو نەتەوەوە کە ناوی نەتەوەی کوردە. ھەڵاتن لە کوردستان چەند پەیوەندی بەو مژدە بەھەشتیانەوە ھەیە کە ڕۆژئاوا وەک بەھەشتێکی ئایدێۆلۆژی و بێگومان وەھمی نیشانەی دەرەوەی خۆی دەدات، بەھەمان ئەندازەش وابەستەی ئەو جەھەنەمە خوێناوییەیە کە ھێزە سیاسیەکوردییەکان لە ھەموو قوژبنێکی کوردستاندا دروستیانکردووە. لێرەوە ئینسانی ئێمە لە کاتێکدا کە دەستخەڕۆی وێنە وەھمیە بەھەشتەیەکانی ڕۆژئاوایە لەھەمانکاتدا قوربانیی ئەو بێ حورمەتکردنەی ژیانە کە لە ڕەوشت و کار و کردەوەی سیاسیە کوردەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. کۆچی کورد بۆ ئەوروپا چەندە ئەو ڕووە نائینسانیەی ئەوروپای ئەم ساتەوەختەمان نیشاندەدات و چەندە خەتی ئەو خیانەتە گەورەیەمان بۆ ئاشکرادەکات کە ئەوروپا لە پرنسیپ و سەرەتاگە ئینسانیەکنی خۆی دەیکات، مەبەستمان خیانەتە لە مافەکانی مرۆڤ کە خودی ئەوروپا بەرھەمھێنەریەتی، بەھەمان ئەندازەش وابەستەی ئەو ڕاستیە کە میللەتێک لە ئازادی خۆی ڕادەکات. ئەڵبەتە ئێرە شوێنی قوڵترکردنەوەی ئەم بۆچوونە نییە، بەڵام دەکرێ وەک سەرەتایەک بڵێین لە نیشتیمانێکدا کە خۆی خۆی وێرانبکات و خۆی خەونەکانی خۆی و ئایندە و ڕابوردووی خۆی بێبایەخبکات، ھیچ مانایەک نەک بۆ ئازادی بەڵکو بۆ خودی ژیان خۆشی نامێنێتەوە. بەمانایەکی دیکە خەڵکی کوردستان بەتەنیا لە دەستی کێشەیەکی سیاسی، بەتەنیا لەدەستی ئەو سیاسیە کوردانە ڕاناکەن کە کوردستان تەنیا وەک چەند نوقتەیەکی گومرک دبینن، بەڵکو لەو فۆرمە دیاریکراوی ژیانیش ڕادەکان کە لەدنیای ئێمەدا سەروەرکراوە. لە زیندگیەک کە بێ ھیچ ئاسۆیەک ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان بەرھەمدەھێنێت، لە دنیایەک ڕادەکەن کە تێکەڵێکی کوشندە لە ئاین و سیاسەت و دەیان میکانیزمی کەبت و سەرکوتکردن تەنانەت بچوکترین و شەخسیترین دەرکەوتەکانی کۆنترۆڵدەکەن. بەڵام ئەم ھەڵاتنە بە گەیشتن بە ڕۆژئاوا کۆتایی بە کارەساتەکان نایەنێت، چونکە لێرەش پەناھەندە، کورد و غەیرە کورد، ڕوویان بەو دەیان یاسا و ڕێکەوتننامە و پرنسیپانەدا دەتەقێتەوە کە ژیانی ئەو کەسە ھەڵاتوانە لە دۆزەخێکی دیکەدا نیشتەجێدەکات، دۆزەخی کەمپەکانی پەناھەندەیی و چاوەڕوانکردنی درێژوو تێکچوونی ھەموو ھاوسەنگیەکی ڕۆحی و سایکۆلۆژی. کەمنین ژمارەی ئەو پەناھەندانەی لەم دووساڵەی ڕابووردودا بەبەرچاوی ئەوروپیەکانەوە خۆیانکوشتوە، یاخود دواجار تووشی چەندان نەخۆشی سایکۆلۆژی و شێتبوون بوون.
مەسەلەی باسکردنی پەناھەندەی کورد وەک تاوانبارێک و داخستنی سنوورەکان بە ڕوویاندا مەسەلەیەکە لە ساڵی ڕابووردودا بەشێوەیەکی ئاشکرا بووە سیاسەتی ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە جاران بە ئاسانی پەناھەندەی کوردیان وەردەگرت، بەتایبەتی ئەڵمانیا و ھۆڵەندا. بەڵام دوای گەیشتنی کەشتیەکی پڕ لە پەناھەندە لە سەرەتای مانگی یەکی ئەم ساڵدا بۆ کەناری یەکێ لەبەندەرەکانی ئیتالیا، کەشتیەک کە لە تورکیاوە ھاتبوو نزیکەی ٨٥٠ پەناھەندەی کوردی عێراقی و کوردی تورکیای تێدا بوو، ئیدی کێشەکان بەتەواوی تەقینەوەو. زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان ترسی خۆیان بەرامبەر ‘ھێرشی’ پەناھەندەی کوردی دەربڕی. ھاوشان بەمەش کێشەیەکی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیا و ئیتالیادا دەستیپێکرد. وەزیری کاروباری ناوخۆی ئیتالیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی ئەوەی کرد کە کێشەی کورد دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوەو لەم ڕوەوە تورکیای بەوە تاوانبارکرد کە سیاسەتی تەفروتوناکردنی کورد پیاددەکات. تورکیاش لەلای خۆیەوە ئیتالیای بەوە تاوانبارکرد کە مافی پەناھەندەی سیاسی بە خەڵکانێک دەدات کە لەدەست ھەلومەرجێکی ئابووری خراپ ڕایانکردوە نەک لەدەست چەوساندنەوەیەکی سیاسی. بەڵام کێشەی سەرەکی لێرەدا لەوەدابوو کە ئەم دەنگەی ئیتالیا وەک دەنگێکی تەنیا مایەوەو ھەڵوێستی وڵاتە ئەوروپیەکانی دیکە ئەم دەنگە ئیتالیەی خنکاند. بەڵام لەھەمانکاتدا لە بەشێکی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەوروپا باسێکی زۆر لەوە کرا کە گوایە تورکیا بەدەستی ئەنقەست ڕێ بەو ھەموو پەناھەندە کوردانە دەدات لە کەناری بەندەرەکانی تورکیاوە لە ڕێی ئیتالیاوە ڕوو لە ئەوروپا بکەن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئەوروپا دوای ئەوەی لە کۆبونەوەکانی ئەوروپەی یەکگرتودا بڕیاردرا تورکیا لە ئەوروپای یەکگرتوداوەرنەگیرێت. دەڵێین سەرەڕای ئەم تاوانبارکردنە ناڕەسمیەی تورکیا لە لایەن میدیای ئەوروپیەوە ھیچ وڵاتێکی ئەوروپی ھەوڵی نەدا بە شێوەیەکی ڕەسمی تورکیا بەم کارە تاوانباربکات لەھەمانکاتدا گیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی ھەوڵینەدا ئەم دەستپێشخەریەی ئیتالیا پەرە پێبداو لە ئاستی نێونەتەوەییدا لانیکەم کۆنفرانسێک بۆ مەسەلەی کورد بخرێتە جەدوەلی کاروباری ئەوروپای یەکگرتوەوە. بێگومان حیزبەکوردییە عێراقیەکان لە سەرانسەری ئەم کێشەیەدا ووشەیەکیان لەدەم نەھاتە دەرەوەو وەک ھەمیشەیان زۆر لەوە ئیفلیجتربوون بتوانن ئەو ھەوڵ و دەستپێشخەریە ئیجابیانە گەشەپێبدەن و ھەوڵدەن لەڕێیەوە ئاسۆکانی مەسەلەی کورد فراوانترکەن. ئەوەبوو بەپێچەوانەی ھەموو گەشەیەکی ئیجابی ئەم مەسەلەیەوە دەمەقاڵێیەکی سیاسی لەنێوان ئیتالیاو ئەڵمانیاشدا دروستبوو، ئەڵمانیا بە ئیتالیای ڕاگەیاند کە دەبێت زیاتر ھەوڵبدات سنورەکانی خۆی مەحکەمبکات و زیاتر کۆنترۆڵی ئەو بەندەرانە بکات کە پەناھەندەکان وەک دەروازەیەک بۆ ھاتنە ناو ئەوروپا بەکاری دەھێنن. ئەڵمانیا لەپاڵ ئەم ناڕەزایی دەربڕینەدا ھەوڵیداوە سنورەکانی خۆی بە تەواوی قایمبکات و چیدی ڕێنەدات کەس بچێتە ناو ئەڵمانیاو داوای پەناھەندەیی بکات زۆربەی زۆری ئەوانەشی کەدەگەنە ئەڵمانیا مامەڵەیەکی ھێجگار خراپیان لەگەڵدەکرێت بەوە ناچاردەکرێن بەرەو شوێنیدیکە سەرھەڵگرن. ھۆڵەنداو فەرەنسا و بەلچیکاش بەھەمان شێوەی ئەڵمانیا کەوتونەتە قایمکردنی سنورەکانی خۆیان و وەرنەگرتنی کورد وەک پەناھەندە.
لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ساڵی پارەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتە ئەوروپیەکان دەسکارییەکی ڕادیکاڵ و ھەمەلایەنی یاسکانی وەرگرتنی پەناھەندەییان کردوە و بەجۆرێک قورسیانکردوە لەئێستادا زۆر بەدەگمەن کورد وەک پەناھەندەیەکی سیاسی قبوڵدەکرێت. ئەم قورسکردنە بە جۆرێکە یەکێ لە ڕۆژنامەکانی ھۆڵەندا نووسیبووی بۆ ئەوەی بڕوا بە چیرۆکی پەناھەندەیەک بکرێت دەبێت ئەو پەناھەندەیە سەری خۆی بە بڕاوی بخاتە بەردەستی وەزارەتی دادپەروەری و بڵێت قوربان ئەوەتا لە وڵاتی خۆم سەریانبڕیوم بۆیە داوای پەناھەندەیی دەکەم.
لەکاتێکدا کە دەرگاکانی وەرگرتنی پەناھەندەیی دادەخرێت لەھەمانکاتدا ھەوڵێکی زۆردەدرێت بۆ ئەوەی کێشەی پەناھەندە ھەڵاتووەکان نەک وەک کێشەیەکی سیاسی بەڵکو وەک کێشەیەکی ئابووری تەماشابکرێت، ئەمەش مانای وەرنەگرتنی ئەو پەناھەندە ھەڵاتوانە و ئیحتیمالی گەڕاندنەوە و تەسلیمکردنەوەیان بەو وڵاتانەی لێوەوەی ھەڵاتوون. یاخود قبوڵکردنێکی کاتیان بەڵام بەبێ بوونی مافی ھێنانی کەس و کاریان بۆ ئەوروپا. لەکاتێکدا داواکردنی پەناھەندەیی بەو شێوەیە زەحمەتکراوە لەھەمانکاتدا ھەوڵێکی زۆر دراوە کە ڕای گشتی ئەوروپی وا مۆبیلیزەبکرێت کە پەناھەندەکان وەک دز و جەردە و تاوانبار تەماشابکرێن، باشترین نموونەی بەردەستیش ئەو قسانەبوو کە وەزیری دادپەروەری ھۆڵەندی دەربارەی پەناھەندەی کورد و عەرەبی عێراقی کردنی، ئەم خانمە ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری ئەو پەناھەندانەی لە عێراقەوە ھاتوون دز و جەردەن و لەگەڵ شەبەکاتی جەردەیی نێودەوڵەتیدا کاردەکەن.
بێگومان ھەڵاتنی پەناھەندە کوردەکان بۆ ئەوروپا ھەر لە سەرەتاوە ھەڵاتنێکی پڕ مەترسییە، بڕینی دەیان سنووری قاچاغ و ناوچەی تەنراو بە جەندرمە و پاسدار و پۆلیسەکانی سەر سنوور تا ئێستا بۆێە ھۆی کوشتنی دەیان پەناھەندە، چەندان پەناھەندەی دیکەش بەتایبەت ژن و مناڵ لە ئاوی دەریا جۆربەجۆرەکاندا خنکاون، چ لەنێوان تورکیا و یۆناندا یاخود لەنێوان تورکیا و کەناری بەندەرە ئەوروپیەکانی دیکەدا. بەپێی ئاماری زانراو تەنیا لە ساڵی ١٩٩٦دا ٣٠٠ سێسەد پەناھەندەی کورد لە دەریادا نوقمبوون و گیانی خۆیان لەدەستداوە. ئەمە سەرەڕای ڕووتکردنەوە ئازاردان و تەعەداکردنی بەردەوام لەو پەناھەندانەی دیکە کە ھێشتا لەیەکێ لەو وڵاتانەی دەرەوەی ئەوروپای ڕۆژئاوادان. جگەلەمەش شەڕی نێوان پەناھەندە کوردەکان لەناو خۆیاندا بەتایبەتی لە کەمپەکانی یۆنان و بازڕەكانی تورکیادا دیاردەیەکی ترسناکە و تا ئێستا چەندان کەس لەو شەڕانەدا کوژراون. ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ڕووداوەنەدا گیانیان لەدەستداوە بەتەواوی کۆبکرێتەوە ڕەنگە ھیچی لە ژمارەی ئەوانە کەمترنەبێت کە لەشەڕی ناوخۆدا کوژراون، لێرەوەیە کە دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە ببێتە بەشێکی داھاتووی ھەموو ئەوانەی بە مەسەلەی کوردەوە خەریکن، لەپێش ھەمووشیانەوە ڕۆشنبیران و کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. ئەم مردنە شاراوەیە مردنێکە کە دەبێت لاپەڕە نەنوسراوەکانی بنووسرێتەوە و ھەم کورد خۆی و ھەم دنیای دەرەوەی کوردیش لە کارەساتەکانی ئاگادارکرێتەوە.
سەرەڕای ئەم ناڕەحەتی و مەترسیە کوشندانە کە پەناھەندەی تازە ھەڵاتوو تووشیدەبێت شوێن و جێ و ئاستی ژیان و کاروکردەوەی بەشێکی بەرچاوی پەناھەندە کۆنەکانیش مایەی دڵخۆشبوون نییە. ئەو جالیە کوردییەی لەم چەند ساڵەی دووایدا لە کوردی عێراق لە ئەوروپا دروستبووە جالیەیەکی زۆر ناچالاک و بێ خەون و بێ بەرنامەیە. ئەو چەند سێنتەر و ناوەندە کەلتووریانەش کە ھەن زۆربەی ھەرە زۆریان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێ لە دوو حیزبە گەورەکەی کوردستاندایە و بەدەگمەن نەبێت چالاکیەکی گرنگیان تێدا ناکرێت. بەکورتی بارودۆخی بەشێکی گەورەی کوردی عێراق لە ئەوروپا بارودۆخێکە کە ھەڵگری ھیچ مژدەیەکی تاکەکەسی و ھیچ مژدەیەکی جەماعی نییە. ھاتنی ھەرچی زیاتری خەڵکانی دیکەشە ھاتنێکە تائێستا ھیچ ھێمایەکی دڵخۆشکەری پێ نییە. سەرەتا بەشێکی زۆری ئەوانەی لەم دووایەدا ھاتوون گەنجی نەخوێندەوارن، ئەو مناڵانەن کە بەردی یەکەمی ڕاپەڕینیان گرتە فاشیزمی عیراقی بەڵام دواجار لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا بێبەشکران لە مافی خوێندن و پێگەیشتن.
ئەم نەوە نوێێە لەکاتێکدا لە کوردستاندا جگە لە چەکداریکردن بۆ حیزبە سیاسیە کوردییەکان و لەداستدانی ژیانیان لە شەڕ و ناوخۆ پیلانی سەرکردەکان بۆ یەکتری، ھیچ دەربەزێکی دیکەیان لەبەردامدا نەماوەتەوە، ناچار دەکەونە دوای سیحری ئەو وێنەیەی ڕۆژئاوا بەدەرەوەی خۆی دەدات، دوای وەھمی دەوڵەمەندبوونێکی خێرا، دوای وێنەی بەھەشتی حەساندنەوە و ئاسودەیی. بێگوومان کاروکردەوەی بەشێک لەو کەسانەی لە ئەوروپاوە بەرەو کوردستان گەڕانەوە و ئەو وێنە ھەڵەیەی ئەوانە بەخەڵکی کوردستانیان داوە لەم ڕوەوە ڕۆڵێکی کاریگەری گێراوە.
شوێن و جێی گەنجی ھەڵاتووی نەخوێندەواری کوردی عێراق لەناو دنیای بە کۆمپیوتەر تەنراوی ڕۆژئاوادا شوێن و جێی مرۆڤێکە سادەترین شتێک کە نەیبێت ئایندەیە، مرۆڤێک لە دەرەوەی زەمەن و مێژوو و ڕووداوەکاندا دەژی. بۆئەوەی ئەم وێنەیە زیاتر لە خوێنەری کورد نزیکبکەینەوە ناچارین دەست بۆ ئەو ئەرشیفە کۆمەڵایەتیە ببەین کە لەزەینی زۆربەماندا زیندوە، وێنەی میسریەکان لە عێراقدا. بێگومان بارەدۆخ و شوێنی کۆمەڵایەتی میسرییەکان لە عێراقدا لە زۆر ڕوەوە لە شوێن و جێی کۆمەڵایەتی بەشێکی زۆری پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا باشترە، ھیچ نەبێت زوربەی ھەرە زۆری میسرییەکان لە عێراقدا ئیشکەربوون و بە کارێکەوە خەریکبوون کە ھەم خۆیان و ھەم ئەو خێزانانەشیان پێ بەخێودەکرد کە لە وڵاتی خۆیان بەجێیانھێشتبوون. لە کاتێکدا زۆربەی ھەرە زۆری پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا بێ ئیشە و پارەی یارمەتی و خێرانەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان نەبێت ژیانیان دەکەوێتە بەر مەترسیەوە. بەکورتی مەسەلەی پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا بابەتێکە پێویستی بە گرنگیپێدان ھەیەو وا باشە ھەڵقەی دیراسی و کۆڕ و کۆبوونەوەیان دەربارە بکرێت، ئێمە لێرەدا سەرنجی ھەمووان بۆ ئەم بابەتە گرنگە ڕادەکێشین.
دەستەی نووسەران
ژماره‌ ٦ – ١٩٩٨
ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر
دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)
ناواخن
هەڵوێستە…….. دەستەی نووسەران
یادەوەری و زەمەن…….. ن: بەختیار عەلی
سەرەتایەک لە تیۆری ململانێی کۆمەڵایەتی……. ن: ئاراس فەتاح
وێڵستگا نوێگەرەکان: بەرەو ڕەخنەی نهلیزمی کوردی….. ن: بەکر عەلی
بەجیهانیکردن: بە مەکدۆناڵیزەکردن و زەبروزەنگ……. ن: ڕێبوار سیوەیلی
لە قەیرانی حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار……ن: ڕیبین ئەحمەد هەردی
نوخبەی سیاسی… لە پرۆسەی منی مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێرڤۆسدا…. ن: ئیسماعیل حەمەئەمین
کورتە مێژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا…. ن: گارا
ڕەهەندەکانی مانا ……… ن: ئارام کاکەی فەلاح
ژان پۆل مارثۆز: هەقتە بزانی؟……. و: شێرزاد حەسەن
لە ڕۆشەنگەرییەوە تا ڕۆشنبیریی…….  و: ئۆمێد
دوو دەوی فەلسەفی ژان پیێر ڤرنانت……. و: هەندرێن
ئاوێنە بچۆلەکان
هەڵوێستە
سه‌دساڵ له‌ نائومێدی
ئه‌مساڵ سه‌د ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردیدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م بۆنه‌یه‌ بۆ زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیریی و كولتوورییه‌كانی ئێمه‌ به‌هانه‌یه‌كی شاهانه‌بوو، تاوه‌كو ئاهه‌نگی گه‌رم بگێڕن و فیستیڤاڵی گه‌وره‌ سازبكه‌ن و وتاری ڕۆمانسی له‌سه‌ر قاره‌مانه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ بخوێننه‌وه‌. ئه‌وه‌تا هه‌ندێكیان تا پله‌ی خوماربوون شانازی به‌ شكۆی ئه‌م یاده‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌ یادی خۆی ده‌زانێت و خۆشی به‌ درێژكرا‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و ڕه‌وای ئه‌و مێژووه‌ له‌قه‌ڵه‌مده‌دات.
جێی داخه‌، كه‌ ڕووبه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م یادانه‌ حیكایه‌تخوانی و په‌خشان-بێژی ده‌رباره‌ی مێژووی ڕۆژنا‌مه‌گه‌رێتی كوردی پاوانیانكرد، ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵه‌كانی دیکە هه‌مان زنجیره‌ ووتار دوباره‌كرانه‌وه‌ كه‌ خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كییان ته‌نها ستایش و نمایش بوو.
ئێمه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ له‌ نرخی مێژوویی ئه‌م نمایشه‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ و بێئه‌وه‌ی هیچ له‌ نرخه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌شی زیادبكه‌ین، ده‌مانه‌وێ ئه‌م بۆنه‌یه‌ بكه‌ینه‌ به‌هانه‌یه‌كی بچووكی ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر واقیعی ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئه‌مڕۆمان و هه‌ندێ سه‌رنجی خێرا ده‌رباره‌ی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی ئه‌م بزاوته‌ گرنگه‌ بخه‌ینه‌ڕوو.
سه‌ره‌تا، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌’ ئێمه‌ گه‌رچی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ڕۆشنبیرمان هه‌یه‌، كه‌ پسپۆر و تایبه‌تمه‌ندی كارامه‌ی ئه‌م بۆنانه‌ن و ده‌ستێكی وه‌ستایانەیان له‌ دروستكردنی بۆنه‌ و سزادانی یاد و یادهێنانه‌وه‌دا هه‌یه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی نوێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ واقیعی ڕۆژنامه‌گریمان، ته‌نها له‌ سنووری ئاهه‌نگ و ستایشبازیدا گیریخوارد و شێوازێكی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ڕادیكاڵی به‌خۆیه‌وه‌نه‌گرت، كه‌ له‌ جۆره‌ بۆنه‌یه‌كی وادا له‌ هه‌موو ستاییشكردنێك جوانتر و پێویستتر و به‌كه‌ڵكتره‌. له‌م بوارەدا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كیش به‌رچاوكه‌وێت، ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ شه‌رمن و ڕووكه‌شانه‌ بوون كه‌ له‌ قوڵاییدا جه‌وهه‌ری كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ناكه‌ن.
ئێمه‌ لێره‌دا بانگه‌شه‌ی داڕشتنی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ندێك سه‌رنج هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین هاوشان به‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ڕوو، تا له‌ یادێكی وادا پتر وێنه‌یه‌كی واقعیمان ده‌رباره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆمان له‌به‌رچاوبێت و باشتر له‌ كێشه‌كانی ئه‌و بواره‌ تێبگهی‌ن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار له‌به‌ر چه‌نده‌ها هۆی جیاواز، ناونانی ئه‌م گرقتانه‌ بۆ‌ته‌ كارێكی نابه‌جێ، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی تا قیامه‌ت خه‌ریكی شاردنه‌وه‌ و ‌به‌هانه‌داتاشین نه‌بین بۆ ئه‌و كێشانه‌، پێمان باشه‌ هه‌ندێ له‌و سه‌رنجانه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكی زۆر خێرا و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر گشتی، به‌م جۆره‌ ده‌ستنیشانیده‌كه‌ین:
گه‌رچی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ جه‌وهه‌ردا، هۆیه‌كی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگوباس و گه‌یاندنی ڕوداوه‌كانه‌. ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ك له‌ دونیا نییه‌ به‌بێ ڕاپۆرت و شیكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كان، كه‌چی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا به‌گشتی و له‌ ئێستاشدا به‌ تایبه‌تی، ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵی گه‌رم و ڕاپۆرتی زیندوو و ده‌نگوباسی نوێ نه‌بووه‌، به‌رده‌وام هه‌واڵه‌كان به‌ ساردی و مردوویی گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر ڕووپه‌ری ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌. هۆكاره‌كانی ئه‌م سستییه‌ هۆی ئاشكران و ده‌شێت هه‌ندێك جاریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كادێری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی خۆیدا بووبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای سه‌رنجه‌، هه‌ستنه‌كرده‌ به‌ ده‌رئه‌نجامه‌ كوشنده‌ و پڕمه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ و هه‌وڵنه‌دانه‌ بۆ به‌رگریگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌نجامه‌كانی، چونكه‌ ونبوونی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی نێوان خوێنه‌ران و هه‌واڵ كارێكی كردووه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، ڕۆڵێكی نه‌بێت له‌ فراوانكردنی ئاسۆكانی زانین و بینینی خوێنه‌راندا و به‌ڕێكه‌وت نه‌بێت ڕۆڵێكی نه‌بێت له‌ فراوانكردنی ئاسۆكانی زانین و بینینی خوێنه‌راندا و به‌ڕێكه‌وت نه‌بێت ڕۆڵی یاریده‌ده‌رێك نه‌بینێت بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان. ئه‌م حاڵه‌ته واده‌كات ڕۆژنامه‌كانمان هۆكاری چه‌قین و نوقومبوون بن له‌ناو سنووری ڕووداوه‌ ناوخۆییه‌كاندا و په‌نجه‌ره‌یه‌كیان تیا نه‌بێت كه‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ژیان و سیاسه‌ت و مێژوو له‌ ئاسۆ گه‌وره‌ و كراوه‌كانیاندا ببینێت.
ونبوونی هه‌واڵ، شكاندنی پردێكی گرنگه‌ له‌نێوان خوێنه‌ر و ساته‌وه‌ختی خۆی و خوێنه‌ر و ده‌وروبه‌ری خۆیدا، كه‌ ده‌بایه‌ به‌ ستراتیژێكی وورد و هوشیارانه‌ پڕبكرایاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ستافه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كانی ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ بیری داڕشتنی ستراتیژێكی ئه‌لته‌رناتیڤدا نه‌بوون بۆ پركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌.
٢. ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت نه‌بۆته‌ كه‌ناڵی ئاگاداركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ران له‌و ڕووداوه‌ ڕۆشنبیری و فیكرییانه‌ی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا ڕووده‌ده‌ن. جیهانی ڕۆشنبیریی ده‌ره‌وه‌، هه‌موو بزاوت و هه‌مه‌ڕه‌نگی خۆیه‌وه‌، ڕێگایه‌كی بۆ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كانمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ش زۆربه‌ی كات كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به‌ سانسۆری سیاسییه‌وه‌ نه‌بووه‌، هێنده‌ی به‌ هۆی بێئاگایی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ران خۆیانه‌وه‌ بووه‌ له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ و له ‌مانا و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕووداوانه‌. به‌ كورتی ڕووبه‌ری كاری ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رێتییه‌ زۆر له‌وه‌ بچوكتره‌ كه‌ خوێنه‌ره‌كانی خۆی له‌ جیهان و ده‌ره‌وه‌ ئاگاداربكاته‌وه‌… بۆیه‌ خوێنه‌ری كورد به‌رده‌وام بۆ زانین و ئاگاداریی له‌سه‌ر شته‌ بچوكه‌كانیش پێویستی به‌ ڕۆژنامه‌ بێگانه‌كان هه‌بووه‌ و ده‌بێت.
٣. ڕۆژنامه‌كانمان، چ جا له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ردا بڵاوبووبێنه‌وه‌، یان له‌ هه‌لومه‌رجی ئازادی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا چاپ كرابێتن، هه‌میشه‌ به‌دووربوون له‌ ده‌رخستنی كێشه‌ ڕۆژانه‌كانی مرۆڤی كورد، دووربوون له‌ نیشاندانه‌وه‌ی خواست و ئازاره‌ سه‌رەتاییه‌كانی ئه‌م مرۆڤه‌، هه‌رگیز ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ نه‌بوون كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بتوانێت له‌ ڕێگایه‌وه‌ خۆی خۆی ببینێت و خۆی خۆی بناسێت و خۆی له‌سه‌ر خۆی بخوێنێته‌وه‌.
رۆژنامه‌كانمان تا ساتێك له‌ سایه‌ی داگیركه‌راندان، له‌ ژێر زه‌بری سانسۆری ده‌وڵه‌تدا بوون، له‌به‌ر ده‌یه‌ها هۆی ئاشكرا نه‌یانتوانیوه‌ ده‌رهه‌ق به‌و ئازارانه‌ بێنه‌زمان، ئه‌گه‌ر له‌ سایه‌ی هه‌لومه‌رجی ئازادیشدا چاپبووبێتن، زۆر جار ڕۆژنامه‌نووسان په‌یامێكی هێنده‌ قه‌به‌ و پێغه‌مبه‌رانه‌یان داوه‌ته‌ خۆیان كه‌ هه‌میشه‌ تیشكخستنه‌سه‌ر ئازاره‌كانی ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌ركه‌كانی ئه‌و په‌یامه‌دا بچوك و كه‌م به‌ها نرخێنراون.
ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌ زۆربه‌ی كات به‌دووربوون له‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ له‌ ئاسته‌ بچوك و نازكه‌كه‌یدا ڕۆشنبكه‌نه‌وه‌، تا له‌ودیویه‌وه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك دروستبكه‌ن كه‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كانی یه‌ك ئاگاداری ئه‌وی دیكه‌ بن، چونكه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ ژیانی یه‌كتدی ئاگاداربكاته‌وه‌، گرفته‌كانیان به‌یه‌كتریان بناسێنێت و كێشه‌ تاكه‌كان “فه‌رده‌كان” بخاته‌ ناو چوارچێوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌.
٤. ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ له‌ ئاست كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا له‌ ئیفلیجییه‌كی سه‌رتاسه‌ریدا ده‌ژی. ئێمه‌ به ‌ده‌گمه‌ن ڕۆژنامه‌نووسمان هه‌یه‌ بتوانێت به‌ كاره‌كته‌ری فیكری خۆی، به‌ زمانی ڕۆژنامه‌گه‌رییانه‌ی خۆی، به‌ شاره‌زاییه‌كی قووڵه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی جیهان بدوێت. ده‌یه‌ها كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ جیهان دێت و تێده‌په‌رێت، ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیش بچووكترین ئاستی ناساندن و زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشانه‌ به‌ خوێنه‌رانی خۆی ناڵێت، ده‌یه‌ها ڕووداو و كاره‌سات له‌ملاولای جیهان گڕده‌گرێت، كه‌چی كورد سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یه‌ها كه‌س كه‌ خۆیان وه‌كو ڕۆژنامه‌نووس ده‌ناسێنن، یه‌كێكیان تێدا نییه‌ جه‌مسه‌ره‌ بچوكه‌كانی ئه‌و ڕووداوانه‌ بۆ خوێنه‌ران شیبكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌تا وه‌رگێڕان یان ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكیش له‌ ڕۆژنامه‌ بیانییه‌كانیشه‌وه‌ له‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رانی كوردا نه‌بووه‌.
له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی چاوێك به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا بخشێنێت، ده‌زانێت كه‌ ئه‌م ڕۆژنامانه‌ گه‌یاندن و ناساندنی بارودۆخی جیهانیان نه‌كردۆته‌ كێشه‌ی خۆیان، شیکردنەوە و نیشاندانی پاشخانەکانی ڕووساوەکانی جیهانیان نەکردۆتە وەخیفەی خۆیان… كێشه‌یه‌كی وه‌ك (بۆسنه‌) سه‌رهه‌ڵده‌دات و گڕده‌گرێت و ده‌سووتێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا چه‌ند وتارێك نادۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ری، چه‌ندین سیسته‌می سیاسی و ئابووری هه‌ره‌سده‌هێنن و گه‌شه‌ده‌كه‌ن، ڕۆژنامه‌ی كوردیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ نه‌بێت، به‌بێده‌نگی به‌لای هه‌موو كێشه‌كاندا تێده‌په‌رێت، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ وڵاتێكی وه‌كی (ڕواندا)، له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا كۆمه‌ڵكوژده‌كرێن، كه‌چی خوێنه‌ری كورد ناتوانێت له‌ ڕێگای كه‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌ بچووكترین زانیاری له‌سه‌ر پاشخانی ئه‌و ڕووداوانه‌ بزانێت. ئه‌م بێئاگاییه‌ ته‌نها بێئاگایی نییه ده‌رهه‌ق به‌ كێشه‌ دووره‌كان، به‌ڵكو بێئاگاییە ده‌رهه‌قه‌ به‌ كێشه‌ زۆر نزیكه‌كانیش، ئه‌مرۆ له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتدا ده‌یه‌ها كێشه‌ی گرنگ له‌یه‌ككاتدا له‌وپه‌ڕی تین و بڵێسه‌دان، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ ئێستادا، كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، هاتنه‌سه‌ركاری خاته‌می، ئه‌زمونه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی هیند و پاكستان كێشه‌ی زیندوون و هه‌مووش ده‌زانین له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری دونیادا چ كۆڕێكی گه‌رمیان هه‌یه‌، كه‌چی لای ئێمه‌ كه‌ له‌هه‌ركه‌س زیاتر له‌و ڕووداوانه‌ نزیكین، نه‌ هیچی خوڵقاند و نه‌ هیچی بزواند، له‌ كاتێكدا ده‌بایه‌ ئێمه‌ له‌ مێژه‌ خاوه‌ن پسپۆڕی ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆمان بووینایه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی فه‌ڵه‌ستین یاخود ئێران یان كێشه‌ گرنگه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ بن.
ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها پابه‌ندی كێشه‌ دوور و ناوچه‌ییەكانیش نییه‌، به‌ڵكو سروشتی سه‌یركردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌یه‌ بۆ كێشه‌كانی ناو عێراقیش، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا مه‌گه‌ر به ‌ده‌گمه‌ن وتارێك بدۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی سیسته‌می ئابووری یان كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود ته‌ندروستی له‌ عێۆاقدا، ده‌یان ڕووكاری گرنگی ژیان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرا ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ ببنه‌ كه‌ناڵێكی گرنگی ناساندن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد ده‌رباره‌یان، به‌ڵام ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ بیابانێكی گه‌وره‌یه‌ تینوێتی هیچ خواستێكی زانین ناشكێنێت.‌
٥. به‌وه‌دا كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ زۆربه‌ی كات له‌ هه‌ناوی حیزبدا یان له‌ پاڵ حیزبدا له‌دایكبووه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ ڕووبه‌ری یه‌كخستنی ده‌نگه‌كان، كه‌چی له‌پاڵ سیاسه‌تدا بووه‌ به‌ هۆكاری هه‌رچی زیانر هه‌لاهه‌لاكردن و پارچه‌ پارچه‌كردنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌.
ملكه‌چیی ڕۆژنامه‌گەریی ئێمه‌ بۆ لۆژیكی حیزب و دژه‌حیزب كارێكی كردووه‌ كه‌ زمان بوغز و كینه‌ ببێته‌ زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی. ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ زۆرجار به‌ “ئازادی ته‌عبیر” ناوده‌برێت، ئازادی ده‌ربرینی تۆڵه‌ و كینه‌ و ڕقه‌. ئه‌و درزانه‌ی كه‌ سیاسییه‌كان له‌ جه‌سته‌ی ئێمه‌دا دروستیانكردووه‌ ، ڕۆژنامه‌كان كردوویانه‌ته‌ كه‌لێنی كوشنده. ڕووبه‌رێك نییه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌دا كینه‌ی لێنه‌تكێت. جێی داخیشه‌، كه‌ بڵێین، ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ هه‌رگیز هۆكاری یه‌كخستن نه‌بووه‌، زۆربه‌ی ستافی ڕۆژنامه‌كان له‌سه‌ره‌وه‌ڕا دروشمی یه‌كگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەییان به‌رزكردۆته‌وه‌ ه‌ له‌ ژێره‌وه‌ڕا خانه‌خانه‌ و گروپ گروپ و فه‌رد به‌ فه‌رد، جه‌سته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌یان دابه‌شكردووه‌.
ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ به‌ زمانی فیكریی‌ جیاوا‌زییه‌كان بدات، جیاوازییه‌كانی گۆریوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هۆكاری ته‌قاندنه‌وه‌ی شه‌رانگێزی و ڕقكوێری. هیچ شتێك له‌ جیاوازی جوانتر نییه‌، به‌ڵام ئه‌و بوغزه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ ده‌تكێت، گه‌رچی به‌ناوی ئازادی و جیاوازییه‌وه‌ ده‌دوێت، له‌ جه‌وهه‌ریدا به‌ ئاراسته‌ی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان كارده‌كات. ئه‌مه‌ش یه‌ك مانا ده‌به‌خشێت: ئێمه‌ خاوه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كی سه‌ربه‌خۆ نین كه‌ ڕه‌چاوی ڕێسا و یاساكانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی ئازادبكات.
٦. ئه‌گه‌رچی تادێت ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی كه‌ به‌ ده‌مامكی “ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ”وه‌ ده‌رده‌چن هه‌ر له‌ زیادبووندان، به‌ڵام ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی، تا دێت پتروپتر وه‌كو سه‌كۆیه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووت كارده‌كات. ئه‌مه‌ش بۆخۆی پتر نیشانه‌ی هه‌وڵی چه‌ند ئیلیتێكی (نوخبه‌) نوێیه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت جێگاپێیه‌كی تریان له‌ ژیانی سیاسیی ئێمه‌دا هه‌بێت و له‌وێشه‌وه‌ خوازیاری وه‌ده‌ستهێنانی شوێنگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ترن.
گۆرینی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بۆ چه‌كێكی نوخبه‌وی، له‌ جه‌وهه‌ردا پرۆسه‌یه‌كی ئیجابییه‌ و گه‌لێ مانای پۆزه‌تیڤی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ئه‌و نوخبانه‌ سنووری سیاسی و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ حیزبیه‌كان به‌راستی ببه‌زێنن له‌ ئاستێكی دیكه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كاربكه‌ن. به‌ڵام كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ته‌نها وه‌كو چه‌كی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر به‌كاربهێنرێت، ئه‌وا ئه‌م ڕۆژنامانه‌ برێكی زۆر له‌ ڕاستگۆیی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. ئه‌مرۆ بۆته‌ ته‌قلیدێكی سه‌یر كه‌ ڕۆژنامه‌ بۆ ده‌سته‌یه‌ك زه‌مینه‌خۆشكه‌ری زاوزێكردنی سیاسی، یان خۆموتوربه‌كردن بێت له‌ حیزبه‌كان، یاخود له‌ پاكترین حاڵه‌دا كه‌ره‌سته‌ی دروستکردنی “لۆبی فشار” بن، كه‌ زۆرجار فشاره‌كه‌یان له‌ پێشكه‌شكردنی(ئه‌رزوحاڵی مۆدێرن) تێناپه‌ڕێت.
بێگومان گواستنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی حیزبه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نوخبه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌، بەمه‌رجێ ئه‌م شێوه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ش ئه‌و جه‌سته‌ ناكامڵه‌ نه‌بێت، كه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌وه‌ به‌ كه‌ماڵ و جه‌لالی حیزب، به‌ڵكو ته‌عبیربێت له‌ دیوێكی دیکەی دونیابینین و هاوشانبێت به‌ سه‌یركردنكی دیكه‌ی كێشه‌كان… به‌ مانایه‌كی دی، به‌رهه‌مهێنه‌ری كولتوورێكی نوێی جیاواز بێت له‌ كولتووری حیزب.
‌٧. رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌مڕۆی ئێمه‌، له‌ ڕوپێو‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یدا، ڕۆژنامه‌گه‌ریی هه‌ڵوێسته‌، هه‌ر پێشهاێك له‌ كوردستان هاته‌ پێشێ، (ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستان سه‌ده‌یه‌كه‌ پێشهاتی دووباره‌ و سه‌دباره‌ ڕوده‌دات و ڕوده‌داته‌وه‌) ده‌بێت هه‌موو هه‌ڵوێست وه‌ربگرین. نووسینی وتارێكی هه‌ڵوێستهه‌ڵگریش باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ بوون به‌ “ڕۆژنامه‌نوسێكی نایاب”. به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك، له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌دا(چ له‌ ناوه‌وه‌ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌) ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌بوو، ده‌كرێت ببێته‌ ڕۆژنامه‌نووس، واتا هه‌ڵوێستوه‌رگرن ده‌رفه‌تێكه‌ و له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌شێت مرۆڤ شوناسی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ربگیرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ڕۆژنامه‌نووسی مه‌رج و توانا و پره‌نسیپ و زانینێكی دیاریكراوی ده‌وێت، كه‌ له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و كه‌سانه‌دا نییه‌ كه‌ به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست ده‌ژین.
هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ دژی هه‌ڵوێست نین و ستایشی بێهه‌ڵوێستیش ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری هه‌ڵوێست دیاریده‌كات چۆنیه‌تی زمان و تێزه‌كانی هه‌ڵوێسته‌. ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كیش كه‌ سروشتی خۆی، وه‌كو هۆكارێكی نزیكبوونه‌وه‌ و له‌ ڕاستی و دروستكه‌ری ڕۆحێكی مەوزوعییانە‌ دۆڕاند و كه‌وته‌ به‌رلێشاوی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵوێستی سیاسییان تاكه‌ شانسی ژیان و مانه‌وه‌یانه‌، ئه‌وا به‌ دڵنییایه‌وه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی سه‌نگ و قه‌واره‌ی خۆی دۆڕاندووه‌.
٨. تا ئه‌م ساته‌ش بۆ ئێمه‌ ڕوون نیه‌، كێ ڕۆژنامه‌نووسه‌ و كێ نووسه‌ر؟ ونبوونی شوناسی ڕۆژنامه‌نووس، پاشاگه‌ردانییه‌كی سامناكی له‌و بواره‌دا دروستكردووه‌.
به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری ڕۆژنامه‌كانی كوردستان ئۆرگانی ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی حیزبه‌كان بوون، دیاریكردنی سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ش له‌ نێوان كادێری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسدا كارێكی گه‌لێك ئاڵۆزه‌، گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌سته‌مه‌… زۆرجار، بوون به‌ كادێری ڕاگه‌یاندن مه‌رجی یه‌كه‌مه‌ بۆ بوون به‌ ڕۆژنامه‌نووس و هه‌ندێ جاریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسیی كورتترین و ساده‌ترین ڕێگایه‌ بۆ بوون به‌ كادێرێكی باڵای ڕاگه‌یاندن!. ئه‌م دۆخه‌ وایكردوه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ زۆر ئاستدا هه‌موو مه‌وزوعییه‌تی خۆی له‌ده‌ستبدات و كاراكته‌ری خۆی به‌ته‌واوی بدۆرێنێت و ببێته‌ پاشكۆیه‌كی ده‌زگاكانی حیزب. بۆیه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی لای ئێمه‌ هێنده‌ی كه‌ره‌سه‌یه‌كه‌ بۆ خۆناساندنی حیزب و نوخبه‌ سیاسییه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ی، ئه‌وه‌نده‌ ده‌روازه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له‌ جیهان.
وونبوونی شوناسنامه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریش، وه‌كو پیشه‌ و زانست، به‌ پێویست ده‌بێته‌ مایه‌ی وونبوونی شوناسی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی به‌ گشتی.
٩. دیارده‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان و دیدی ڕۆژنامه‌گه‌رییانه‌ له‌مرۆی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بونه‌ته‌ زمان و دیدی باڵاده‌ست، به‌شی هه‌ره‌ زۆری قسه‌كانی ئێمه‌ له‌ ڕێگای ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێن، زۆرجار گۆڤاره‌كانیشمان هه‌ر ڕۆژنامه‌بوون و به‌ شێوه‌یه‌كی دی مۆنتاژ كراون، ئه‌م حاڵه‌ته‌ دۆخێكی تراژیدی دروستكردوه‌ و بوه‌ته‌ مایه‌ی سه‌روه‌رییه‌كی ڕه‌های زمانی ڕۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌موو كایه‌ فیكری و ڕۆشنبیری و مه‌عریفییه‌كانی دیكه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌ده‌بیشدا كه‌ زمان ده‌بێت دواهه‌مین سنوورەکانی ئازادی خۆی بژی.
هه‌ڵبه‌ت زمان زمانی فیكر و زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی دوو شتی له ‌یه‌كجودان، دژایه‌تییان له‌ ته‌بایی و ته‌كولۆییان له‌ هاویه‌كی زیاتره‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ڕۆژنامه‌گه‌ران سیستمێكی ڕۆشنبیرییان دروستكردووه‌ كه‌ تیایدا، به‌جوانڕاگرتن، به‌پاكناساندن و به‌ به‌رزوه‌سفكردنی زمانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی، ستراتیژی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م سیستمه‌یه‌.
سه‌پاندنی زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، وه‌كو تاكه‌ شێواز و تاكه‌ زمان و تاكه‌ سه‌رچاوه‌، به‌ ته‌سكبوونه‌وه‌ و كوشتنی زمانه‌كانی دیكه‌ دواییدێت… زیانی گه‌وره‌ش له‌م نێوه‌نده‌دا به‌ر زمانی فیكر و فۆرمە ئه‌بستكراکتە‌كانی بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێت.
ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ تا ئه‌مرۆ به‌ زمانێكی دیاریكراو ده‌نووسێت و ستاییشی زمانێكی دیاریكراویش ده‌كات، له‌مڕۆه‌وه‌ ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌ هه‌موو ته‌بان و چوونیه‌كن و جیاوازییان له‌ نێواندا نییه‌، ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش زمانی كوردی به‌ پێچه‌وانەی زۆربه‌ی زمانه‌كانی دیكه‌ی دونیاوه‌ بۆته‌ تاكه‌ زمانێك كه‌ ڕۆژنامه‌كانی پله‌به‌ندی ناكرێن و شێوه‌زمانی جیاواز سیستمی جودای ته‌عبیری تیابه‌كارنایه‌ت. ئه‌م شێوه‌زمانه‌ش دواجار خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵ دروستده‌كات كه‌ خوازیارن به‌رده‌وام گوێیان له‌ شته‌ زانرا و دووبارەبوو‌كان بێت، خوێنه‌رانێك له‌ مێژه‌ ته‌نها به ‌یه‌كجۆر زمان قسه‌یان بۆ ده‌كرێت و به‌یه‌ك شێوازی ته‌عبیركردن ڕاهاتوون. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ گەورەکردنی ئه‌و كه‌لێنه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان فیكر و خوێنه‌ردا هه‌یه‌، وه‌ستاندنێكی زۆركارییانه‌ی گه‌شه‌ی خوێنه‌رانه‌ و ئاره‌سته‌كردنیانه‌ به‌ره‌و چێژنه‌كردن و تێنه‌گه‌یشتن له‌ هه‌موو سیستم و شێوه‌زمانه‌كانی دیكه‌.
١٠. به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ڕووبه‌ری ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ به‌رهه‌می دیدی ئه‌و پیاوه‌ سیاسی و كامڵانایه‌ كه‌ بۆچونه‌كانی خۆیان كردوه‌ به‌ نێوه‌ندی(سه‌نته‌ر) هه‌موو دیده‌كان. ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا، پێكهاتێكی “پیاوسالار”، “گه‌وره‌سالار”، “سیاسه‌تسالار”ه‌، جیهانبینینیه‌كی گه‌نجانه‌ – لاوانە یان مێینه‌ یاخود ناسیاسیانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كانمان، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌كانی ژنانیش هه‌ر به‌ لۆژیك و زمانی ئه‌و جۆره‌ دیده‌ ده‌نووسن. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌ هێزه‌ په‌راوێزییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا و له‌ بابه‌ته‌ په‌راوێزییه‌كان نادوێت، ویست و بابه‌ته‌كانی خۆشی زۆركارانه‌ ده‌سه‌پێنێت، به‌ مانایه‌كی تر ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ تیایدا هه‌موو سانسۆره‌ نهێنی و ناوه‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ چالاكترین شێوه‌ له‌ كاردایه‌، تاكه‌ شێوه‌یه‌كی سانسۆر كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ نییه‌، سانسۆری مه‌عریفی و سانسۆره‌ له‌سه‌ر په‌لاماردانی شه‌خسی، له‌مڕوه‌وه‌ هه‌رچییه‌ك بنووسیت به‌ ئاسانی ڕێگای خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌… “ئازادی” له‌ عورفی ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رێتییه‌دا به‌گه‌رخستنی هه‌موو سانسۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناوه‌كییه‌كان و هه‌ڵگرتنی هه‌موو سانسۆره‌ مه‌عریفییه‌كانه‌.
١١. له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، بارودۆخی ئه‌و هه‌وڵاندانانه‌ی كه‌ بۆ دروستكردنی “یه‌كێتی ڕۆژنامه‌گه‌ران” ده‌درا و ده‌دترێت، له‌ دۆخێكی باشتردا نییه‌. ئه‌م یه‌كێتییه‌ش وه‌كو هه‌موو جۆره‌ یه‌كێتییه‌كانی تر، كووشته‌ی ئه‌و ڕۆحه‌ حیزبییه‌یه‌ كه‌ له‌ پشتێتی، كه‌ دیاره‌ به‌رله‌وه‌ی مه‌به‌ستی پێشخستنی بزاوتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و گه‌وره‌كردنی ڕووبه‌ری ئازادی فیكر و چه‌سپاندنی كولتوورێكی نوێ بێێت، مه‌به‌ستی كێشكردنی ڕۆژنامه‌نووسانه‌ بۆ ژێر چه‌تری سیاسی دیاریكراو. له‌م دۆخه‌شدا، وه‌كو هه‌میشه‌، كه‌سانی بێبه‌هره‌ و ئیفلیج، له‌ هه‌مان كاتیشدا چێنراو هه‌أبژێردراو له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ و حیزبه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵی ئه‌م ده‌زگایانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م حاڵه‌ته‌ كارێكی كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌ و فیستیڤاڵه‌كانی ئه‌م جۆره‌ ده‌زگایانه‌ پتر نمایشی پڕوپووچ بن، كه‌ تائه‌مرۆ نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین ده‌ستكه‌وتی گرنگ و پۆزه‌تیڤ به‌ده‌ستبهێنن، له‌ ڕاستیدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ درێژكراوه‌ی كاری ئه‌و نوخبه‌ “كۆنگره‌چی” و “فیستیڤاڵباز”ه‌ تازه‌یه‌یه‌ كه‌ ڕۆشنبیریی ئێمه‌ به‌رهه‌میهێناوه‌ و، ته‌نها مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه،‌ له‌سه‌ر مینبه‌ره‌كان و له‌سه‌ر شاشه‌ی تەلەفیزیۆنه‌كان ده‌ركه‌وێت و هیچ لێپرسراویه‌كی گه‌وره‌ و جه‌وهه‌ریشی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌ و هیچ كولتوورێكی نوێشی، وه‌كی ئه‌وه‌ی خۆی بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات، به‌رهه‌منه‌هێناوه‌.
١٢. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، گه‌رچی په‌یوه‌ندییه‌ك و كۆنتاكتێكی زۆر بچووك و سنوورداری به‌ ناوه‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هه‌یه. له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ سنووری ڕۆژنامه‌گه‌ریی جالیه‌ییدا كاربكات و ببێته‌ مینبه‌رێكی كولتووری (به‌ مانا گشتییه‌كه‌ی كولتوور) بۆ ئه‌و جالییه‌ بچووك و سه‌رگه‌ردانه‌ی تاراوگه،‌ له‌ بری ڕێزگرتنی قه‌واره‌ و كاریگه‌ری سنوورداری خۆی، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵداندایه‌ بۆ پرۆژه‌ی سیاسی قه‌به‌ و خه‌و به‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی سیاسی.
له‌م ئاسته‌دا هه‌ستده‌كه‌ین كه‌ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسانی تاراوگه (مەنفا)‌ ده‌بێت له‌وه‌ بكه‌ون ڕۆڵی پێغه‌مبه‌رێكی ڕاونراو ببینن و پێیانوابێت له‌ خۆرئاواوه‌ هێزی سیاسی كاریگه‌ر دروستده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی ناوه‌وه‌ی ووڵات. باشترین و ساكارترین ڕێگاش بۆ ڕزگاربوون له‌و وه‌همه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی خۆی له‌و په‌یامه‌ پێغه‌مبه‌رانه‌یه‌ پاكبكاته‌وه‌ و له‌وه‌ بكه‌وێت خۆی وه‌كو فریادره‌سێكی ئاسمانیی ته‌ماشابكات و دابه‌زێت و وه‌زیفه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ڕۆشنبیریی له‌ كایه‌ لۆكاڵ و په‌راوێزه‌كاندا پراكتیكبكات و ببێته‌ كه‌ناڵێك بۆ پێكهێنانی كولتورێكی نوێ له‌ تاراوگه‌.
بێگومان ده‌كرێت ده‌یه‌ها ته‌وه‌ری دیكه‌ی باس بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دیاریبكه‌ین، له‌ پشت ئه‌و تێبینییانەشەوە‌ مه‌به‌ستمان ته‌شه‌رگرتن و تاوان دابه‌شكردن نییه‌ دڵنیاشین كه‌ چه‌نده‌ها كه‌س به‌ گیانی دڵسۆزی و له‌خۆبوردنه‌وه‌ له‌و بواره‌دا كاریانكردهووه‌ و كار ده‌كه‌ن.
ئێمه‌ پێمانوایه،‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ده‌بێت به‌ هووشیارییه‌كی دیكه‌ پێبخاته‌ سه‌ده‌ی دووهه‌می ته‌مه‌نی خۆی. ده‌بێت به‌رامبه‌ر كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی و میكانیزمه‌كانی كاركردن و وه‌زیفه‌كانی خۆی به‌ئاگابێت، به‌رده‌وام به ‌جۆرێ ڕه‌فتارنه‌كات، كه‌ ئه‌م سیستم و شێوه‌كاركردنه‌ی ئه‌مرۆ بێگه‌رد و واقیعی و عه‌قڵانییانه‌یه‌ و گه‌ڕان بۆ كولتوورێكی دیكه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ به‌ كولتووری ئه‌مرۆ نابه‌جێ و ناڕه‌وایه‌!
ئێمه‌ پێمانوایه،‌ ئه‌و ستایش و شانازیكردنه‌ی له‌و چه‌ند مانگه‌ی پێشوودا بیستمان و خوێندمانه‌وه‌ و هه‌ستمان پێكرد له‌ جێگای خۆیدا نییه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئازادی و به‌رچاوروونی پتر هه‌یه‌، تا خه‌وشه‌كانمان ببینین و درێژه‌ به‌و مێژووه‌ نه‌ده‌ین، كه‌ له‌ هه‌ندێ جێگه‌دا ڕووبه‌ری “درۆ له‌گه‌ڵ خۆداكردن” به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك باڵاده‌ست و گه‌وره‌یه‌، كه‌ شێوه‌ی یه‌قینی وه‌رگرتووه‌ و پانتایه‌كی بۆ گومان نه‌هێشتۆته‌وه‌…
دەستەی نووسەران
بەشی یەکەمی پانۆراماکە لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیانمان (ڕۆزا شێخانی، حەمە هیوا و ژیار ئەسوەد)ەوە تایپ کراوە.
The post پانۆرامای (ڕەهەند) appeared first on ژنەفتن.