دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند

"مەریوان وریا قانع" لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن

سازدانی: بەرهەم ئەحمەد؛ ژنەفتن

پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “مەریوان وریا قانع” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.

مەریوان وریا قانع (١٩٦١- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد

ژنەفتن: (ڕەهەند) بە چ ئامانج و مەبەستێک دەستی پێ کرد؟ سەرەتا تەنیا ئامانجی دەرکردنی گۆڤارێک بوو، یان وەک لە بەردەوامیدا بینیمان، پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری بوو، ئایا لای خۆیشتان هەر لە سەرەتاوە وەک پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری و ڕووناکبیری کارتان لەسەر کرد، یان هەر دەرکردنی گۆڤارێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی خۆتان (واتە دەستەی نووسەران)؟

مەریوان وریا: نەخێر، خولیای دەرکردنی “ڕەھەند”، خولیای دەرکردنی گۆڤارێک نەبوو بە تەنھا، تەنھا ئەوە نەبوو نووسەرەکانی ئەم گۆڤارە مینبەرێکیان بۆ قسەکردن ھەبێت، یاخود ھەموو وەرزێک جارێک وتارێک بنووسن و بڵاوی بکەنەوە. ڕەھەند بیرکردنەوە بوو لە دروستکردنی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی ھەمەلایەن کە ھەوڵی گۆڕین و تازەکردنەوەیەکی بەرفراوانی ڕۆشنبیریی کوردی بدات و کاریگەریش لەسەر کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردستانی، بەجێ بھێڵێت. ئەمە خەونی گەورە و ئاشکرای زۆرێک لە ئێمە بوو لە ڕۆژی سێھەم و چوارەمی ڕاپەڕینەوە. بەڵام مێژووی ئەم خەونە لای ھەندێکمان درێژتر بوو لە دەرکردنی “ڕەھەند”. بە تایبەتی لای من ھەوڵدان بۆ ڕەخنەکردنی ڕۆشنبیریی باو لە کوردستاندا و تازەکردنەوەی ھەندێک دەرکەوتی ئەو ڕۆشنبیرییە، دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووھەمی ساڵانی ھەشتا. یەکەم نووسینی جیدی من وتارێکی ڕەخنەیی بوو لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی “گوڵی ڕەش”ی ‘شێرازد حەسەن’، کە تیایدا ھەوڵمدا بوو میتۆدێکی نوێی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ناو ڕۆشنبیریی کوردی بھێنم، میتۆدێک من لەو سەردەمەدا و لە پاڵ ڕەخنەگری فەرەنسیی ‘لوسیان گوڵدمان’دا ناوم نابوو “بونیادگەریی پێکھێنەرانە”، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی لەو بونیادگەرییە فۆرمالیستییەی لە عێراقی ساڵانی ھەشتادا، لە ڕەخنەی ئەدەبی لە عێراقدا باڵادەست بوو. بابەتی سەرەکیی ئەو نووسینە تێڕامان بوو لەو ئیفلیجبوونە مێژووییەی پاڵەوانەکانی ‘شێرازاد حەسەن’ لە ناویدا گیرۆدە بووبووبن، ئەگەرچی ئەو پاڵەوانانە خوێندەوار بوون و خواستێکی گەورەی گۆڕین و دەستکاریکردنی دونیاشیان ھەبوو. گیرخواردن بە دەست واقیعێکی مێژوویی دیاریکراوەوە و زەحمەتیی دەسکاریکردنی ئەو واقیعە، ئەو دەرەنجامە بوو کە من لە خوێندنەوەی ئەو چیرۆکەی ‘شێرزاد حەسەن’دا پێی گەیشتم. بەدوای ئەو نووسینەدا و لە ھەمان دیدگاوە و بە ھەمان میتۆدی ڕەخنەیی لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر شیعری “خۆکوشتن”ی ‘محەمەد عومەر عوسمان’ نووسی و باسم لە بیرۆکەی خۆکوشتن و مەحاڵبوونی پیادەکردنی کردەی خۆکوشتن لە ئەدەبی ئەو شاعیرە گرنگەی ساڵانی ھەشتای ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا کرد. لەوێشدا کردەی خۆکوشتن، وەک جۆرێک لە جوڵەی ڕادیکاڵ، بەڵام نێگەتیڤ، دیسانەوە دواخرابوو بۆ سەردەم و زەمانێکی نادیار. دواتر نووسینێکی ترم بە ھەمان میتۆد لەسەر شیعری “پایز”ی ‘گۆران’ نووسی و لەوێدا، بە پێچەوانەی خوێندنەوە ئایدیۆلۆژییە باڵادەستەکانی ئەو ڕۆژگارەوە، ‘گۆران’م وەک یەکێک لە خەمبارترین شاعیرەکانی دونیای ئێمە نیشان دا. شاعیرێک بە ھەر ئاراستەیەکدا دەڕوانێت گریان و پەژارە دەبینێت. دواتر نووسینێکی ترم لەسەر شیعری “لە ناکەس کارییا”ی ‘مەحوی’ نووسی، ئەوەم نیشان دا مەحوی پێ لەسەر ونبوونی یەقین لە جیھانبینیی خۆیدا دادەگرێت و لەتلەتبوونی خۆی لەنێوان دین و دونیادا دادەگرێت. دواتر ھەندێک نووسینی تیۆریم لەسەر مەسەلەی پەیوەندیی نێوان بونیادەکان و جوڵە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر کێشەی بەرھەمھێنانی تێکست لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا و غیابی عەقڵانیەت لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، نووسی. لەم نووسینانەدا بۆ یەکەمجار ھەندێک چەمکی ‘میشێل فوکۆ’م بەکار ھێنا، بە تایبەتی چەمکی “ئەبستیم” بۆ نیشاندانی ئەو دۆخی چەقبەستن و ناتیۆرییەی ڕۆشنبیریی ئێمە لە ناویدا جێگیرە. دوای ئەم زنجیرە نووسینانە یەکەمین بەریەککەوتنی فیکریی من لەگەڵ ‘زاھیر ڕۆژبەیانی‘دا دروست بوو کە لەو ڕۆژگارەدا وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی ناسرابوو، بەریەککەوتنەکە لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی تێگەیشتن بوو لە بونیاد و پێکھاتی ڕۆشنبیریی کوردی و چۆنیەتی تازەبوونەوە و دروستکردنی دابڕان لە ناویدا. لەو زنجیرە نووسینەدا من بۆ کۆمەڵێک بۆچوونی ‘گاستۆن باشلار’ و ‘میشێل فوکۆ’ و ‘لویس ئالتۆسێر’ گەڕابوومەوە، ھێنانی ئەم ناوانەش بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە کارێکی نوێ بوو. بە کورتییەکەی ئەوەی من لەو ڕۆژگارەدا پێوەی خەریک بووم، ھەم ڕەخنەکردنی ھێڵە گشتی و سەرەکییەکانی ڕۆشنبیریی کوردی بوو، ھەم پێشنیارکردنی میتۆد و شێوازی نوێی خوێندنەوە و شیکردنەوە بوو، ھەم پێشنیارکردنی نووسەر و بیریار و تێزی فیکری و میتۆدی نوێ بوو، کە ھەموویان لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا نەناسراو بوون. من ھەموو ئەم کارانەم لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٩٠دا ئەنجام دا. لەو سەردەمەدا ‘بەختیار عەلی‘ش چەند وتارێکی نووسی بوو، بەڵام ھەم دیوانی “گوناھ و کەرنەڤاڵ” و ھەم ڕۆمانی “مەرگی تاقانەی دووھەم”یشی نووسی بوو، بەڵام ھیچیانی بڵاو نەکردبووەوە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئێمە، بە تایبەتی من و بەختیار، ھەر لە سەرەتاوە خەونی بەرپاکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەمان لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا ھەبوو. 

من و بەختیار، ھەر لە سەرەتاوە خەونی بەرپاکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەمان لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا ھەبوو. 

دوای ئەوەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و دونیای ئێمە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواو گۆڕا، خەون و پلانەکانی ئێمەش گۆڕا. شەوی بەرپابوونی ڕاپەڕین من لە سلێمانی لە ماڵی ‘بەختیار عەلی’ بووم. ڕۆژی دووھەم یان سێھەمی ڕاپەڕینیش کاتێک سلێمانی بە تەواوی ڕزگار کرا، من و بەختیار بڕیارمان دا گۆڤارێکی فیکری دەربکەین. پێمان وابوو دۆخێکی تازە دروست بووە و پێویستی بە قسە لەسەر کردن و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنێکی تازە و مەعریفییانە ھەیە. ساتەوەختێک بوو ئەو ئەگەرەی خستە بەردەممان شتێک لەو خەونانەی ھەڵمانگرتبوو، بکەین بە واقیع. لە ماوەی دوو ھەفتەی یەکەمی ڕاپەڕیندا ئێمە، بەختیار و من و چەند نووسەرێکی گەنجی تری سەر بە ھەمان نەوە “گۆڤاری ئازادی”مان دەکرد. من لە ژمارەی یەک و دووی “گۆڤاری ئازادی“دا دوو نووسینم بڵاوکردەوە. یەکێکیان بە ناونیشانی “سەرخان و سەرخانی وەھمی” بوو، کە ڕەخنە بوو لەو دیدە مارکسییە میکانیکییەی کە پێی وایە ھەموو ژێرخانێک سەرخانێکی تایبەت بە خۆی دروست دەکات. لە باتی ئەو دیدە من بەرگریم لەوە دەکرد کە ھەندێک ژێرخانی کۆمەڵایەتی ھەن، ناتوانن سەرخانی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، بۆ نموونە ئەو ژێرخانە ئابوورییانەی لە کۆمەڵگاکانی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەن توانای دروستکردنی سەرخانێکی سەربەخۆیان نییە کە بتوانێت لەناو واقیعی مێژوویی ئەو کۆمەڵگایانەدا چالاکانە کار بکات. لە باتی ئەمە، سەرخانی تر، لە فۆرمی گواستنەوە و پەلکێشکردنی دەزگا و ڕێکخراو و جۆری پەیوەندیی تایبەت و ئایدۆلۆژیای خواستراودا، لە کۆمەڵگا خۆراواییەکانەوە دەھێنێت. واتە ئەوەی ڕوو ئەدات بەرھەمھێنانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی بۆ سەرخانێکی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵکوو گواستنەوە و ھێنانی “سەرخان”ە لە خۆراواوە، سەرخانێک دەربڕی پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگاکانی خۆراوا و بوونی مێژوویی تایبەتی ئەوانن. نووسینی دووھەمیشیان باسێکی درێژە لەسەر کاریگەریی “سیستمی عیرفانی” بە درێژایی چەندان سەدە لەسەر ڕۆشنبیریی ئێمە و کێشەکانی ئەم کاریگەرییە لەسەر ئەو ڕۆشنبیرییە. ئەم نووسنیە لەژێر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی تێزە سەرەکییەکانی فەیلەسوفی مەغریبی ‘محەمەد عابد جابری‘دا بوو، کە بە درێژایی ھەشتاکان ئەستێرەی ژمارە یەکی ناو ڕۆشنبیریی عەرەبی بوو. ھەر لە ژمارە یەکی “گۆڤاری ئازادی”دا بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤمان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا، ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبم ئەوە یەکەمجار بوو ئەو بەیاننامەیە بە زمانی کوردی ببینرێت.  

بەڵام من لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٢دا کوردستانم بەجێ ھێشت و چووم بۆ ئەوروپا. لەو ڕۆژگارەدا و لە ئەوروپا کاک ئاراس فەتاح و کاک ھەڵکەوت عەبدوڵا و کۆمەڵێک نووسەری تر، گۆڤارێکی فیکرییان دەردەکرد بە ناوی “یەکگرتن”. من ھەندێک نووسینم لەو گۆڤارەدا بڵاو کردەوە. وابزانم یەکێکیان ڕانانێکی درێژ بوو بۆ کتێبی “دیسپلین و سزا”ی میشێل فوکۆ. دوو ساڵێک دواتر ‘بەختیار عەلی’ش کوردستانی بەجێ ھێشت و ھات بۆ ئەڵمانیا، ئیتر بیرۆکەی ئەوەمان لا دروست بوو گۆڤارێکی تازە لە ئەوروپا دەربکەین و لە کوردستانیش بڵاوی بکەینەوە. دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەی گۆڤاری یەکگرتنیان دەردەکرد، بڕیارماندا ھەم گۆڤاری ئازادی و ھەم گۆڤاری یەکگرتن ھەڵبوەشێنینەوە و لە شوێنی ئەواندا “گۆڤاری ڕەھەند” دەربکەین. بەم جۆرە گۆڤاری ڕەھەند لەدایک بوو. وەک وتم خەونی ئێمە لە “ڕەھەند”دا گەورەتر بوو لە دەرکردنی گۆڤارێک بە تەنھا، ئێمە دەمانویست ناوەندێکی ڕۆشنبیری دابمەزرێنین کە بتوانێت کاری زیاتر و زۆرتر و دەزگایی بکات. خودی گۆڤاری ڕەھەندیشمان وەک بەشێک لە پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری دەبینی کە توانای کۆکردنەوەی دەنگە ڕۆشنبیرییەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستانی ھەبێت، بشتوانێت ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ ڕوانین بەسەر سێ شتدا:

یەکەم: خوێندنەوە و ڕاڤەکردن و نرخاندنی مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی و ھەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی گرفتە بونیادییە گەورەکانی، شتێک دەچووە بواری شیکردنەوەی ئەپیستمۆلۆژی و سۆسیۆلۆجیای مەعریفەوە.

دووھەم: خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیی دوای ڕاپەڕین کە ھەر زوو ھەمووانی فڕێدایە ناو جەنگ و کارەساتی گەورەوە. ئەم دۆخە وای کرد یەکێک لە تێما ھەرە سەرەکی و گرنگەکانی گۆڤاری ڕەھەند قسەکردن بێت لەسەر چەمکی دەسەڵات و شێوازی ئامادەگی و ئیشکردنی لە دونیای ئێمەدا. بۆ ئێمە ئاشکرابوو کە دونیایەکی تەواو مەترسیدار بەڕێوەیە و لە دروستبوونێکی ڕۆژانە و بەردەوامیشدایە. لەم ئاستەشدا شتێک لە فەلسەفەی سیاسی و بڕێکی زۆر لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی و سۆسیۆلۆژیای دینی و سۆسیۆلۆژیای دەسەڵات لە گۆڤاری ڕەھەنددا، ئامادەبوو.

سێھەم: ناساندن و خوێندنەوە و گەر کراش وەرگێڕانی ئەو بەشانە لە فیکری خۆراوا کە پێمان وابوو دەتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ ناسینێکی باشتر و زانستیانەتری دونیای خۆمان.

ئێمە سەرجەمی ئەو کارانەمان لەسەر حیسابی خۆمان دەکرد، زۆربەشمان قوتابی بووین و دەمانخوێند، یان کارێکمان دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێوی بۆ خۆمان و بۆ ھاریکاریکردنی کەسوکار و ناسراوەکانمان لەناو دۆخە ئابوورییە پڕوکێنەرەکەی ساڵانی نەوەدی سەردەمی گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق. چەند جارێکی زۆر کەم لە ڕێگای پەیوەندیی شەخسییەوە ھاریکاریی سادەمان لەم یان لەو نووسەری ئەوروپی بۆ گۆڤارەکە وەردەگرت، یاخود کاتێک من لە ھۆڵەندا نزیکەی ٣٠ ھەزار دۆلارم لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ھۆڵەندا بۆ ڕۆژنامەی ھاوڵاتی پەیدا کرد تا چاپخانەیەکی پێ بکڕن، ڕێژەی ١٠ لەسەدی ئەو پارەیەمان بۆ گۆڤاری ڕەھەند وەرگرت. دۆخی ژیانی زۆرینەشمان وەک پەناھەندە و خوێندکار لە ئەوروپادا ھێجگار سەخت و پڕ گرفت بوو، بۆیە دواجار نەمانتوانی ئەوەی بە تەمای بووین و خەونمان پێوە دەبینی، ھەمووی وەدی بھێنین. بەڵام لەوەدا سەرکەوتین لە ساڵی ١٩٩٨دا، واتە دە ساڵ دوای کارەساتی ئەنفال، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی گەورە لە زانکۆی ئەمستردام بۆ یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال ڕێک بخەین. ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بوو لەسەر ئەنفال لە جیھاندا، لە سەردەمێکیشدا بوو بەعس نەک ھێشتا مابوو، بەڵکوو بەرەو ئەوە دەڕۆیشت بگەڕێتەوە بۆ ناو ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان. کۆنفرانسەکە دەنگدانەوەیەکی ھێجگار باشی ھەبوو، نوێنەری چەندان سەفارەتی وڵاتانی تێدابوو، ژمارەیەکی گەورەش لە کوردناسان و ئەکادیمییە ئەوروپییەکانی شارەزای کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیش بەشدار بوون، کۆنفرانسەکە بە ھەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بوو. دواتر ئێمە ھەندێک لەو نووسینانەی بە زمانی ئینگلیزی و ھۆڵەندی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرابوون، بۆ کوردی وەرگێڕا و لە ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەھەنددا بڵاومان کردەوە.

دواخاڵ بمەوێت شتێکی کورتی لەسەر بڵێم، ئەوەیە ڕەھەند ھەر لە سەرەتاوە کەوتە بەر ھەڕەشەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و بەگژاچوونەوە و شکاندن و ناوزڕاندنی نووسەرەکانی. کار بەوە گەیشت ھەندێک نووسەری کوردستانی ئێرانیشیان کڕی و ئەوانیش قسەیان بە گۆڤارەکە و نووسەرەکانی دەگوت. لەمەدا ڕۆڵی ‘مەلا بەختیار‘ لە ڕۆڵی ھەموو کەسێکی تر خراپتر بوو. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشت کاک ڕێبین ھەردی و من ناچار بووین یەکی کتێبێکی قەبەی چەند سەد لاپەڕەیی لەسەر تۆمەت و کارە خراپەکانی “مەلا بەختیار” بنووسین. لە ڕاستیدا ڕەھەند ھەر لە سەرەتاوە ھەردوو ئەو ڕۆڵەی پێ بەخشرا کە لە مێژووی فیکری مۆدێرندا لە سەدەی نۆزدەھەمەوە، بە ڕۆڵی ڕۆشنبیر و بیرکەرەوە دەبەخشرێت. یەکەمیان ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤەیە کە دەسەڵاتدارانی وەک ‘ناپلیۆن’ بە ڕۆشنبیری ئەبەخشن، ڕۆشنبیر وەک کەسێکی تێکدەر و گێرەشێوێن. دووھەمیان ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤە کە لەگەڵ ‘مارکس’دا دێتە کایەوە، ڕۆشنبیر وەک کەسێک کە ھەم تەفسیری دونیا دەکات و ھەم بەشداریشە لە گۆڕانیدا. ڕەھەند ھەم دوژمنی ناپۆلیۆنانە و ھەم دۆستی مارکسییانەی زۆری دروست کرد.

ڕەھەند لە باتی گوتاری ھاوبەش، ھەڵوێست و ڕۆحیەتێکی ڕەخنەگرانەی ھاوبەشی ھەبوو.

ژنەفتن: ئایا ڕەهەند لە دەستپیکدا گوتارێکی سەرەکی و کۆنکریتی هەبوو؟ یان بەرەبەرە گوتارەکەی یان گوتارەکانی فۆرمیان گرت؟

مەریوان وریا: ڕەھەند نە لە سەرەتادا و نە لە کۆتاییشدا یەک گوتاری سەرەکی یان ناسەرەکی نەبووە. ڕەھەند پرۆژەیەکی فیکری پلوارل بوو کۆمەڵێک نووسەری جیاواز، بە شێوازی جیاواز و لە دیدگای جیاوازەوە لەسەر بابەتی جیاواز تیایدا دەیاننووسی. پێم وابێت ڕەھەند لە باتی گوتاری ھاوبەش، ھەڵوێست و ڕۆحیەتێکی ڕەخنەگرانەی ھاوبەشی ھەبوو. ڕەخنەی ئەو جیھانەی دروست کرابوو، ئەو ژینگەیەی کۆمەڵگاکەی تێخرابوو، ئەو گوتارە باڵادەستانەی لە ناویدا دروست کرابوو، ئەو کێشە بونیادییانەی لەناویدا بەرھەم ھاتبوو، ئەو مێژووە ڕۆشنبیری و سیاسییەی کە ھەیبوو، بە تایبەتیتریش ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە لە دونیای دوای ڕاپەڕایندا تیادا دروست کرابوو. ھەر نووسەرێک لە نووسەرە سەرەکییەکانی گۆڤارەکە ھێڵی تایبەتی بیرکردنەوە و میتۆد و “بێمیتۆدی”ی تایبەتی خۆی ھەبوو، ھەریەکێکیشیان بابەت و زمان و ئوسلوبی نووسینی تایبەتی خۆی ھەبوو. ئەوەی نووسینەکانی کۆ دەکردەوە ڕۆحیەتە تیۆری و ڕەخنەییەکەی نووسینەکان بوو، شێوازێکی تایبەت لە جدییەت بوو لە نووسیندا، سوودوەرگرتن بوو لە فیکر و میتۆدە زانستییە ھاوچەرخەکان، دروستکردن و بەکاربردنی زمانێکی تەواو تازە بوو، نەک بوونی دیدێکی ئایدیۆلۆژی یان فیکریی ھاوبەش، یان گوتارێک ھەموومان لە ناویدا کۆبووبینەوە، یان تێزێک ھەموومان لەسەری کۆک بین و بەرگری لێ بکەین. بۆ کەسێک خەریکی لێکۆڵینەوە لە ژمارەکانی ئەو گۆڤارە بێت بە ئاسانی جیاوازی گەورەی نێوان نووسەرانی گۆڤارەکە، دەبینێت. ڕەنگە خاڵێکی تر کە نووسەرەکانی ڕەھەند لەسەری کۆک بووبن ئەوەیە کە ئێمە باوەڕمان وابوو فیکر دەتوانێت شتێک لە واقیعدا بگۆڕێت، بە تایبەتی فیکرێکی ڕەخنەیی کە کێشە سەرەکی و گرفتە بونیادییەکان دەستنیشان بکات و لە پەیوەندییەکی پتەودا بێت بەو واقیعە مێژووییەوە کە لەئارادایە.


ژنەفتن: بۆ لەو چرکەساتە مێژووییەدا ڕەهەندییەت بەو فۆرمەوە لەناو ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریی کوردیدا سەر هەڵدەدات؟ چ پێوەندییەکەی بە نەتەوەی کوردەوە هەبووە (لەو مێژووەدا)؟ کەسە بنەڕەتییەکان و دەستپێشخەرەکان ڕەهەند کێ بوون؟

مەریوان وریا: سەرەتا نازانم مەبەستتان لە “ڕەھەندیەت” چییە. ئەو دەستەواژەی ئێوە لێرەدا بە کاری دەھێنن سەر بەو خێزانە چەمکییە کە لە زمانی عەرەبیدا وەک “شیوعیەت”، “قەومیەت”، “فاشیەت”، “لیبرالیەت” و “عونسوریەت” ھتد… دەناسرێت. بە بۆچوونی من شتێک بە ناوی “ڕەھەندیەت”ەوە بوونی نەبووە و بوونی نییە. وەک پێشتر وتم ڕەھەند پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی نەبوو، ھیچ یەکێک لە نووسەرە سەرەکییەکانی ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یان بەرگریکەر لە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبوو. خۆشی بەرھەمھێنەر و دروستکەری ئایدیۆلۆژیایەک نەبوو.

سەرھەڵدانی ڕەھەند لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا پابەستی دوو جۆر گۆڕانکاریی گەورەیە لە دونیای ئێمەدا. یەکەمیان لەدایکبوونی ھەلومەرج و دۆخێکی مێژوویی تەواو تازەیە کە ھەم ھەندێک ئەگەری گۆڕانی پۆزەتیڤ و ھەندێک ئەگەری کەم بۆ ئومێد و ھەندێک چاوەڕوانیی ئینسانییانەی تێدابوو، ھەم پڕیش بوو لە مەترسی و ھەڕەشە و ترسی گەورە و ھەمەلایەن. لە پێش ھەمووشیانەوە بوونی دوو ترسی سەرەکی؛ یەکەمیان ترسی مانەوەی بەعسی دوای پەلامارەکانی ئەنفال و بەعسی دوای ئەو ھەموو جەنگ و کوشتارە گەورانە و نزیکی لە ھەمووانەوە. بەعس کە دەستێکی وێرانکەری بەناو ژیانی تاکەکەسی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگای ئێمەدا ھێنابوو. دووھەمیان ترس لەو دەسەڵاتە کوردییە تازەیەی ڕۆژانە بە بەر چاومانە تا دەھات زیاتر و زیاتر لە بەعس دەچوو. دەسەڵاتێک پڕ لە ئامادەگیی گەورە بۆ جەنگ و وێرانکردن و بۆ فرۆشتنی ھەموو شتێکیش، لە نیشتمان و نەوت و کارخانەکانی وڵاتەکەوە بۆ فرۆشتنی سەرجەمی پرەنسیپە ئینسانییەکان، لە پێناوی پاراستنی مەسڵەحەت و قازانج و بەھێزکردنی پێگەی بکەرە سەرەکییەکانی. دەڵێم دەسەڵاتێک ئامادە بوو ھەم میلەتەکە و ھەم وڵاتەکە و ھەم سەرجەمی خێروبێری ژێرزەوی و سەرزەوی و ھەم ئێستا و ئایندەی ئەو دەڤەرە بفرۆشێت. شەڕی ناوخۆ ئەو ڕووداوە بوو کە ھەموومانی تەواو ترسان و ڕووە تاریکەکانی ئەو حوکمڕانییەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ نیشانداین. لەناو ئەو دۆخە تازەیەدا بە لامانەوە گرنگ بوو مینبەرێک ھەبێت بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ھەموو مەترسی و ئەگەرە وێرانکەرە ناوەکییانەی کۆمەڵگای کوردی بەرەو ڕوویان دەچوو. لە خۆڕا نەبوو ژمارە یەکی “گۆڤاری ڕەھەند” تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر شەڕی ناوخۆ، دروستبوون و دەرکەوتنی ڕەھەند بە قسەکردن لەسەر ئەم دۆخە وێرانکەرەی ناو مێژووی ئێمە، دەستی پێ کرد.

ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایان کرد لەگەڵ ‘ڕەھەند’دا تایپ و مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆشنبیر لەدایک ببێت کە بڕ و ڕادەی سەربەخۆبوونی گەورە و ھەمەلایەن بێت. بێترس بنووسێت و نەچێتە ناو گەمەی پارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە. ھەمووشیان لەناو ئەو ھاوکێشە سۆسیۆلۆژییەدا نیشتەجێ بن کە دەکرێت لەناو چەمکی “ڕۆشنبیری دیاسپۆریی”دا کۆی بکەینەوە.

گۆڕانکاری دووھەم ئەو گۆڕانانە بوو کە لە ژیانی ھەریەکێک لە نووسەرەکانیدا ڕوویدابوو. بەشێکی زۆری نووسەرەکانی ڕەھەند کوردستانیان بەجێ ھێشتبوو و لە ئەوروپا دەژیان. بەشێکی زۆریان زمانی تازەی وڵاتە ئەوروپییەکان فێر بووبوون و دەیانتوانی لە نزیکەوە دەستیان بە سەرچاوە گەورەکانی فیکری ھاوچەرخ بگات و ژمارەیەکی بەرچاویشیان قوتابی بوون لە زانکۆکانی ئەوروپادا دەیانخوێند. ھاوکات ئەم نووسەرانە لەژێر دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا نەبوون و دوور بوون لە بەشێکی زۆری ئەو فشارانەوە کە ئەو ھێزانە دەیانتوانی بیخەنە سەر ھەرکەس و نووسەرێک خۆیان ھەڵیانبژاردایە. ھەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایان کرد لەگەڵ ‘ڕەھەند’دا تایپ و مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆشنبیر لەدایک ببێت کە بڕ و ڕادەی سەربەخۆبوونی گەورە و ھەمەلایەن بێت. بێترس بنووسێت و نەچێتە ناو گەمەی پارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە. ھەمووشیان لەناو ئەو ھاوکێشە سۆسیۆلۆژییەدا نیشتەجێ بن کە دەکرێت لەناو چەمکی “ڕۆشنبیری دیاسپۆریی”دا کۆی بکەینەوە. واتە ئەو تایپە لە ڕۆشنبیر کە ھەست دەکەن لە چەندان جیھانی تەواو ناکۆک و دژبەیەکدا دەژین و لە یەک کاتدا خەڵکی زیاد لە شوێن و کولتوور و زمان و کەلەپوورێکی فیکریین.


ژنەفتن: ئێوە وەک کەسی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕەهەند، ئێستا کە ئاوەڕ لەو مێژووە دەدەنەوە چۆن ناو لە ڕەهەند دەنێن؟ (واتە دەکرێ ناونیشانێک بۆ ڕەهەند دابنێن) بۆ نموونە دەکرێ ناوی بنێین پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری، یان بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری، یان ڕەوتێکی هزری… هتد؟

مەریوان وریا: ڕەھەند ساتێکی درەوشەداریی ناو مێژووی ھاوچەرخی ڕۆشنبیریی ئێمەیە. گۆڤارێکە پڕە لە تێزی فیکریی تازە، شتگەلێکی زۆر و گرنگی لەسەر دونیای ھاوچەرخی کۆمەڵگای کوردی گوتووە. دەستکارییەکی ڕادیکاڵی زمانی نووسین و بیرکردنەوەی لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا کرد. ڕەھەند ئەزموونێکە لە کاری ڕۆشنبیری و فیکریی پلورال، گەرچی کەم ژیا، بەڵام لە زیاد لە ئاستێکدا کاریگەریی گەورەی بەجێھێشت. ڕەھەند یەک ڕەوتی ھزری نەبوو، بەڵکو زیاد لە ڕەوتێک بوو، پێشم وایە دەکرێت وەک پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری ناوی ببەین، بە تایبەتی ئەگەر ڕۆشنگەری بە مانا کانتییەکەی بەکار ببەین، واتە ڕۆشنگەری وەک بوێری بەکارھێنانی عەقڵ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە ڕەحم و مەرحەمەتی ئەم یان ئەو چاوساغ و ئەم یان ئەو ڕێپیشاندەریی ھەمووشتزان، ببینین.


ژنەفتن: ئایا ڕەهەند کۆتایی هاتووە؟ یان بڵێین ئەم قۆناغە، قۆناغی دوایی ڕەهەندە؟ ئەگەر کۆتایی نەهاتووە، هێڵی درێژەپێدەری چۆن دیاری دەکەی؟

مەریوان وریا: ڕەھەند وەک گۆڤار لە مێژە کۆتایی ھاتووە، نووسەرەکانی لەیەک دابڕان و ھەریەکەشیان ئاراستەیەکی جیاوازی گرتەبەر. بەڵام پێم وایە شتێک لە ڕۆحیەتە ڕەخنەییەکەی ڕەھەند و لە ڕۆحیەتە ڕۆشنگەرەکەی تا ئەمڕۆش ماوە، چ لای ئەم یان ئەو نووسەری ناو ڕەھەند خۆی، چ لای ئەو نەوە گەنج و خوێندەوارەی لەپاڵ ڕەھەندا دروستبوو. لەو باوەڕەشدام ھەندێک لەو تێزانەشی لەناو ڕەھەندا بەرھەم ھاتوون تا ئەمڕۆش تێزی گرنگ و سەرەکین و ھاریکارییەکی باشی تێگەشتنی زیاترمان لە دونیای خۆمان، دەکات. من گەر باس لە ئەزموونی خۆم بکەم، دەکرێت بڵێم بڕێکی گرنگی ئەو تێمایانەی لە ڕەھەندا شوێنی نووسین و بیرکردنەوەی من بوون، لە قۆناغی دوای ڕەھەندیشدا ھەر ماون و قوڵاییەکی تازەیان وەرگرتووە. لەوانەش تێماکانی ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسی، عەلمانیەت، سۆسیۆلۆژیای دەسەڵات، مەسەلەی پلورالیزم، کێشەی مۆدێرنە، چەند ئاراستەیەکی ناو فیکری ئەوروپی ھاوچەرخ، کۆمەڵناسیی حیزب، ڕۆڵی ڕۆشنبیر، مەسەلەی ئەدەبیات. لە سەرێکی دیکەوە ڕەھەند وەک گروپ نەک کۆتایی پێھاتووە، بەڵکو زۆربەی ئەو نووسەرانەی لە ڕەھەندا دەیاننووسی و ھاوڕێ و دۆستی یەکتر بوون، ئێستا نە وەک گروپ و نە وەک ھاوڕێ و نە وەک دۆست نەماونەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتریشدا باش نییە.

ھەرچی پەیوەندیی بە “دوای ڕەھەند”ەوە ھەیە من خۆم پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی بەرچاو نابینم شتێکی ھاوبەشی لەگەڵ ڕەھەنددا ھەبێت، بێگومان گروپی ڕۆشنبیر و تاکەکەسی چالاک و جیاواز دەبینم، کەسانێک ھەن سەریان ناوە بە یەکەوە و پێکەوە کار دەکەن و دەنووسن و وەردەگێڕن، سایت و گۆڤار و دەزگای جیاوازیان ھەیە و ھەن. بەڵام ئەوەی من تێبینیم کردووە ئەوەیە زۆرینەی ئەوەی ھەیە و لە ئارادایە لە “پرۆژەی ئایدیۆلۆژی”یەوە نزیکە نەک “پرۆژەی ڕۆشنبیری”، پرۆژەی ئایدیۆلۆژی بە مانای کۆبوونەوە لە دەوری یەک جیھانبینی بە تەنھا و پرۆژەی ڕۆشنبیرییش بە مانای جێبوونەوەی زیاد لە جیھانبینییەک بەیەکەوە و لەپاڵ یەکدا. ئەوەی دەیبینم دروستبوونی گروپگەلێکە لە دەوری ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیا، یان لە دەوری ئەم یان ئەو قوتابخانەی فیکری کۆبوونەتەوە، ئیتر لە سەلەفیزمی دینییەوە بیگرە بۆ مارکسییە تازە خۆ بە ڕادیکاڵزانەکان. ھەست دەکەم ئەوەی لەم دۆخە تازەیەدا لەدەستدراوە ئەو پلورالیزمە میتۆدی و تیۆری و دونیابینییە کە لە ڕەھەنددا بوونی ھەبوو. لەمەش بترازێت چەندان نووسەر و ڕۆشنبیر و وەرگێڕ دروستبوون قسەگوتن بە ڕەھەند و پەلاماردانی نووسەرەکانییان بووە بە بەشێکی بەرچاو لە زمان و ڕیتۆریکی ڕۆژانەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. وەک وتم ڕەھەند ھەم دۆستی زۆر و ھەم دوژمنی زۆریشی دروست کرد.

ڕەھەند وەک گۆڤار لە مێژە کۆتایی ھاتووە، نووسەرەکانی لەیەک دابڕان و ھەریەکەشیان ئاراستەیەکی جیاوازی گرتەبەر.

ژنەفتن: کاریگەری و ئیمتیازە باڵاکانی ڕەهەند کامانەن؟ گوتاری ڕەهەند لە چ بوار و زەمینەیەکدا زۆرتر کاریگەری دانا؟ کەم نین ئەو دەنگ و خویندنەوانەی کە دروست بوونی ڕۆژنامەی ئەهلی و فراوان بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا دەگات بە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن بە بەرهەمی ڕەهەند دەزانن. ئێوە خۆتان چۆن لەم بەرهەمانە دەڕوانن؟

مەریوان وریا: پێم وایە ڕەھەند لە زیاد لە بوارێکدا، کەم تا زۆر، شتێک لە کاریگەری بەجێ ھێشتوە. لە بواری ڕۆشنبیریدا تایپێکی تازەی لە ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ڕەخنەیی دروست کرد و لەسەر کۆمەڵێک بابەت و کێشە وەستا کە پێشتر لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا یان ھیچی لەسەر نەگوترابوو، یاخود زۆر بە کەمی لە سەریان نووسرابوو. لەگەڵ ڕەھەندا شێوازێک لە مامەڵەکردنی فیکر لەدایک بوو کە ھەڵگری بڕێکی زۆر لە جدییەت و بڕێکی تایبەت لە میتۆدیبوون و بە تایبەتیش تیۆری بوو. ڕەھەند ھاوکات دەستکارییەکی بەرفراوان و ھەمەلایەنی زمانی نووسینی لە دونیای ئێمەدا کرد و چەندان چەمک و زاراوە و تێز و تیۆرەی نوێی ھێنایەکایەوە. ڕەھەند جۆرێکی نوێشی لە خوێنەر دروست کرد کە بەر لە ڕەھەند بوونیان نەبوو، یاخود زۆر کەم بوون، خوێنەری بواری کایە مەعریفییە جیاوازەکانی دەرەوەی ئەدەبیات، خوێنەرێک بە ئاسۆیەکی تایبەتی چاوەڕوانکردنەوە لە تێکست و لە نووسین. لە پاڵ ڕەھەندیشدا کۆمەڵێک نووسەر دروست بوون.

پێم وایە ئەو بۆچوونەی سەرەوە کە پێی وایە ڕەھەند ڕۆڵی لە دروستبوونی ڕۆژنامەگەریی ئەهلی و گەورەبوونی سنووری ناڕەزایەتی و دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھەبووە شتێکی زۆر لە ڕاستی تێدایە، بێگومان نەک بە مانای دروستکردن، بەڵکو بە مانای ھێنانەکایەی کۆمەڵێک تێزی فیکری و دۆخێکی ڕۆشنبیری و فەزایەکی ڕەمزی کە دروستبوونی ئەو شتانە لە ناویدا ئاسانتر و خێراتر بێت. وردتر بدوێم ڕەھەند ئەو شتەی دروست کرد کە فەیلەسوفانی بواری ئەخلاق ناوی “ژینگەی ئەخلاقی” لێ دەنێن، ئەمەش ئەو ژینگە تایبەتەیە کە کۆمەڵێک ئایدیا و بۆچوون و جۆرێکی تایبەت لە زمان و بەرخورد و ھەڵوێستی تێدابوو کە لەسەر ڕەفزکردنێکی تەواوی ئەو دونیا نالەبارەی لەئارادا بوو، دروست بووبوو. ڕەنگە کاریگەریی ڕەھەند لەسەر دروستبوونی ڕۆحیەتی بەرگریکردن و خولیای گوێڕایەڵ نەبوون و گرنگیی ڕەفزکردن لە ھەموو شتەکانی تر ئاشکراتر بێت. شتێک لە توڕەبوونی میتۆدی و مەعریفی و تیۆری لە ڕەھەنددا ھەبوو کە خوێنەر بە ئاسانی ھەستی پێ دەکرد و دەیناسییەوە، ئەگەر لە سەرجەمی نووسینەکانیش تێنەگەیشتایە ھێزی ڕەفزکردنەکەی دەناسییەوە. بە کورتی، سایکۆلۆژیای پشتی نووسینەکان، وەک خودی نووسینەکان، سایکۆلۆژیای رەفزکردنی ئەو دونیا ناقۆڵا و ترسناکە بوو کە دروست کراوە. پێم وایە ئەم سایکۆلۆژیا تایبەتە لە کۆتایی نەوەدەکاندا بووبوو بە بەشێکی سەرەکیی سایکۆلۆژیای ڕۆشنبیریی ئەو نەوانەی ڕەھەندیان دەخوێندەوە و بووبوو بە بەشێکی بنەڕەتیش لەو ژینگە ئەخلاقییە تازەیەی لەپاڵ گۆڤارەکەدا دروست بووبوو. لە پەیوەندیدا بە دروستبوون و پێشکەوتنی میدیای ئەھلی و سەربەخۆشەوە، نووسەرەکانی ڕەھەند بەشێک بوون لە پرۆسەی لەدایکبوون و گەورەبوون و بەھێزبوونی ئەو میدیایە. من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لەوە کرد چۆن لە ھۆڵەنداوە پارەی کڕینی چاپخانەیەکم بۆ ڕۆژنامەی ھاوڵاتی پەیداکرد، ھاوکات بەشداریش بووم لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا. ھاوکات زۆرێک لە نووسەرەکانی ڕەھەند بە نووسین و بەبێ بەرامبەر ساڵانێکی درێژ لەو ڕۆژنامە ئەھلییانەدا نووسیمان و لەو ڕێگایەوە قورساییەکی تایبەتمان بە ڕۆژنامەکان و گوتارە ڕەخنەییەکانی ناوی بەخشی. پێشم وایە ئەو کەلەپوورە تیۆری و فیکرییەی کە ڕەھەند و لە دوای ڕەھەندیشەوە ئەو دۆخی ناڕازیبوونە گشتییەی میدیای ئەھلی دروستی کرد، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان بینی لە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا. تا بە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەگات. بەڵام کە ئەمانە دەڵێم نامەوێت خوێنەر وا تێبگات ئێمە ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو شتانەمان دروست کردووە، بە پێچەوانەوە بەشداری ئێمە یەکێکە لە بەشدارییەکانی ناو دروستبوونی ئەو ڕۆحیەتی بەرگری و ڕەخەکردنەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروست بوو، بەڵام بەشدارییەکی گرنگ و خاوەن قورسایی بوو. ھاوکات بکەری جیاواز و دەستپێشخەری دیکە لە زیاد لە پێگە و ئاراستەیەکەوە بوونی ھەبوو. بە کورتییەکەی، کەسێک کەمەکێک ئینسافی ھەبێت و لە ویستی ئینکاریکردنەوە نەڕوانێت و نەنووسێت، دەتوانێت کاریگەرییە گرنگەکانی گۆڤاری ڕەھەند بەسەر ئەو ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتییەوە ببینێت. بەڵام دوای ھاتنی ئەمریکا و کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین و لەمانەش گرنگتر دوای ھاتنەکایەی ئابووریی نەوت لە خراپترین شێوەیدا و دوای گۆڕانی پارتە سیاسییە حوکمڕانەکان بۆ کۆمپانیای گەورە و دوای گۆڕانی خودی سیاسییەکان بۆ بازرگانیی گەورەی نەوتفرۆشی، کاریگەرییەکانی فیکر لەسەر واقیعی ئێمە کەم بووەوە و بە شێوەیەکی ترسناک، لاواز بوو، پارە بووە ھێزی ژمارە یەک و کۆتا ژمارەی ناو ئەو واقیعە.  


ژنەفتن: بێگومان لەبەر ئەوەی ئێوە خۆتان فیگەری بنەڕەتیی ڕەهەند بوون، حەتمەن بە وردی دەزانن هەر لە سەرەتاوە تا بەرە بەرە لیکترازانی کەسە سەرەکییەکان، کاریگەری کامە فەیلەسووف و بیرمەند و هێڵی ئایدیۆلۆژی و تیۆر زاڵ بووە. دەکرێ بە سەرە قەڵەمیش بێت لێرە ئاماژەیان پێ بدەن.

مەریوان وریا: وەک پێشتریش وتم نووسەرەکانی ڕەھەند کۆمەڵێک نووسەر و کەسایەتی جیاواز بوون، ھەر یەکێکیان خولیایەکی تایبەتی نووسین و شێوازێکی تایبەتی بیرکردنەوە و پاشخانێکی مەعریفی و میتۆدی جیاوازی، ھەبوو. ڕەنگە یەکێک لەو ھەڵانەی ئێمە لە ڕەھەنددا کردمان ئەوە بێت کە فیکر و بیر و بۆچوونی یەکتریمان موناقەشە نەکرد، نەچووینە دیالۆگ و ڕەخنەکردنی یەکترەوە. ئەوەش لەبەر ئەوە بوو ھێرش لەسەر ڕەھەند و ھەوڵدان بۆ شکاندن و بێنرخکردنی نووسەرەکانی لە دەرەوەدا زۆر بەھێز بوو. ھەم گۆڤارەکە و ھەم نووسەرەکانی شوێنی ھێرشی بەردەوامی میدیای حیزبی و نووسەری ڕاسپێردراو بوون. دەنا ئێمە ھەم جیاوازییەکانمان بۆ بڕێک لە خوێنەران و ھەم بۆ خۆشمان ئاشکرا بوو.

یەکێک لەو ھەڵانەی ئێمە لە ڕەھەنددا کردمان ئەوە بێت کە فیکر و بیر و بۆچوونی یەکتریمان موناقەشە نەکرد، نەچووینە دیالۆگ و ڕەخنەکردنی یەکترەوە.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەم یان ئەو نووسەر و فەیلەسوف لەسەر سەرجەمی گۆڤارەکە، ڕاستت بوێت، ناتوانم ناوی کەسێک، نووسەر یان فەیلەسوفێک ببەم کە کاریگەری بەسەر سەرجەمی نووسەرانی گۆڤارەکەوە ھەبوو بێت. بۆ نموونە کاک ‘فاروق ڕەفیق’ خەریکی فەلسەفە بوو، بە تایبەتی فەلسەفەی یۆنانی کۆن، کاک ‘ئاراس فەتاح’ لە بواری سۆسیۆلۆژیا و تیۆرەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا کاری دەکرد، ‘بەختیار عەلی’ کەسێک بوو بێ میتۆدێکی دیاریکراو دەینووسی. منیش لەو ڕۆژگارەدا لەژێر کاریگەری کۆمەڵێک نووسەردا بووم، لە ناویاندا، بۆ نموونە، فوکۆ و گرامشی و بۆردیۆ، ئینجا دوو پرۆفیسۆری زانکۆی ئەمستردام کە ھەردووکیان لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیای دیندا کاریان دەکرد و دوو ناوی گرنگی ئەو بوارەن لە ئاستی جیھاندا: ‘گێرد باومان’ و ‘پیتەر ڤان دێر ڤێر’. لە ژمارە یەکی گۆڤاری ڕەھەنددا من نووسینێکی ڕیپۆرتاژی کورتم ھەیە لەسەر سیمینارێک لەسەر میشێل فوکۆ لە زانکۆی نامیخێن لە ھۆڵەندا، لە ڕیپۆرتاژەکەدا باس لە بوونی سێ فوکۆ دەکەم: فوکۆی قۆناغی ئارکیۆلۆژیا و قۆناغی جینالۆجیا و قۆناغی ئەتیک یان ئەخلاق. ئەوەی لەو دابەشکارییەدا پێی لەسەر دادەگرم ئەوەیە کە فوکۆی قۆناغی یەکەم و دووھەم زۆر زیاتر بە کەڵکی ئێمە دێت، تا فوکۆی قۆناغی ئەخلاق. ئەم تێگەیشتنە بۆ فوکۆ ماوەیەکی درێژ لای من مایەوە. تەنھا دوای نووسینی ئەو کتێبەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەسە فوکۆم نووسی بە ناوی “ئەخلاق و بەرگریی” گۆڕانکاریی بەسەر دیدی مندا ھات. ڕەنگە چەمکی “کایە” لای ‘بۆردیۆ’ یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانە بێت کە زۆرێک لە نووسەرەکانی گۆڤاری ڕەھەند بەکاریان ھێنابێت و لە ڕێگای ئەوانیشە پەڕیبێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی. لای بۆردیۆ ھەموو کایەیەک لۆژیکێکی تایبەتی ئیشکردنی خۆی ھەیە، جیایە لە لۆژیکی ناو کایەکانی تر، ھەروەھا ھەر کایەیەک بکەری تایبەت بە خۆی ھەیە، فۆرمی تایبەتی ململانێی ھەیە، پێگەی جیاوازی دەسەڵاتی تێدایە. بەڵام من ئەم چەمکەی بۆردیۆم بەکار ھێنا بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی بەعس لە عێراقدا و بەو ئەنجامە گەیشتم ئەوەی لە عێراقدا وەک بەشێک لە دروستبوونی دەسەڵاتێکی جینۆسایدی تۆتالیتاری دروست دەبێت، بریتییە لە تێکشکانی لۆژیکی ناوەکیی کایەکان و سەپاندنی لۆژیکێکی دەرەکی بەسەریاندا، کە لۆژیکی بە بەعسیکردنی کایەکە و بە موتڵەقکردنی دەسەڵاتی سەدام حوسەین و نوخبە بەعسییەکەی دەوروبەریەتی. پێم وابێت ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەزموونی زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە تا ئەمڕۆکەش ڕاست بێت. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ڕەھەنددا باڵادەست بوو ناوێک یان ئاراستەیەکی فیکری، میتۆدێک یان ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت نەبوو، ئەوەی باڵادەست بوو ئەو ڕۆحیەتی ڕەفزکردنەی “ئێستا”یە بوو کە لە ناوەوە لۆژیکی زۆرێک لە نووسینەکانی ئاراستە دەکرد. گرێدانی نووسین بوو بە بەرپرسیارەتەوە، بە ڕێزگرتن لە بیرکردنەوە و ھەوڵدان بۆ تازەکردنەوەیەکی بەردەوامی ئەو دەزگا چەمکیی و تیۆرییانەی بە ھۆیانەوە بیرمان دەکردەوە. دژ بەو مۆنۆپۆڵکردنەی قسەکردن و مۆنۆپۆڵکردنەی ھەقیقەت بووین کە بەشێک بوو لە مێژووی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ناوچەکە و کۆمەڵگای ئێمە، ئەو مۆنۆپۆلکردنەی جۆرێک لە ئیتاعەت و گوێڕایەڵی و سەرلەقاندنی بەسەر ھەوادارانی ئەو ئایدیۆلۆژیانەدا دەسەپاند. ڕەفزی ئەم دۆخە، ڕەفزی ئەوەی بەو جۆرە حوکم بکرێن و بەو جۆرە بکرێین بە تاکەکەس و بەو جۆرە ناچار بە قسەکردن بین، ئەو ھاوبەشەیە کە ڕەھەند دروستی دەکات و بە خوێنەرەکانیشی دەبەخشێت. 

گۆڤارەکە و نووسەرەکانی لە چەندان لاوە پەلامار دەدران، ئەوەشی دەگوترا تۆمەت داتاشین و شکاندنی کارەکتەری نووسەرەکان و بێنرخکردنی کارەکانی گۆڤارەکە بوو، تۆمەتی بە خائین و دز و بە موخابەراتکردنی ئەم یان ئەو وڵات، لە تۆمەتە فرە بڵاوەکان بوو

ژنەفتن: لەگەڵ ئەوەی کە لە پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەتان پێداوە و تا ڕادەیەک ڕوونتان کردووەتەوە، بەڵام  یەکێ لەو ڕەخنانەی کە لە سەرەتاکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت رووبەڕووتان کراوەتەوە ئەوە بووە کە ئێوە (واتە هاوڕێیانی ڕەهەند) ڕەخنەتان قبووڵ نەکردووە و هەمیشە ڕووبەڕووی ڕەخنەکان وەستاونەتەوە، هەندێ جاریش وشەی زۆر توند و زبرتان بەرانبەریان بە کار هێناوە، بە جۆرێک ئێوەش لەو قۆناغەدا بەشدار بوون لەو مۆنۆپۆلەی لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەتان پێداوە. ئێوە لە ئێستادا چۆن وەڵامی ئەو ڕەخنەیە دەدەنەوە؟

مەریوان وریا: زۆربەی نووسینەکانی ناو “ڕەھەند” و گوتارەکانی ناوی بە دەگمەن نەبێت بە شێوەیەکی بابەتییانە نەخوێندراونەتەوە و ڕەخنە نەکراون، تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم تەنانەت تێزێک لە تێزەکانی ناو گۆڤارەکە بە ھێمنی موناقەشە نەکراوە، کەسێک نەھاتووە بڵێت بەکارھێنانی ئەم یان چەمکی فیکری لەم یان لەو وتارەدا ھەڵە یان ناڕاست یان کەموکوڕی تێدایە. کەسێکم نەدیوە بڵێت من ئەم بەش یان ئەو بەشی ئەم تێز یان ئەو تێزم قبووڵە یان قبووڵ نییە، یان بڵێت بەکارھێنانی میتۆدییانەی ئەم چەمک یان ئەو چەمک، ناڕاست یان نوقسانە، یان لەم یان لەو دۆخدا کورت دەھێنێت. بە کورتییەکەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بابەتی و مەعریفی بۆ نووسینەکانی ناو گۆڤارەکە بوونی نەبووە و ئەمڕۆش بوونی نییە، بە درێژایی ساڵانی تەمەنی ئەو گۆڤارە تا بەمڕۆش دەگات، شتێکی لەم بابەتەمان نەبینی. کەچی گۆڤارەکە و نووسەرەکانی لە چەندان لاوە پەلامار دەدران، ئەوەشی دەگوترا تۆمەت داتاشین و شکاندنی کارەکتەری نووسەرەکان و بێنرخکردنی کارەکانی گۆڤارەکە بوو، تۆمەتی بە خائین و دز و بە موخابەراتکردنی ئەم یان ئەو وڵات، لە تۆمەتە فرە بڵاوەکان بوو. زۆرانێکیش ھەبوون بە بەردەوامی دەیانگوت کوردی نازانن و درێژدادڕن و ئەوەی دەینووسن گواستنەوەی نووسینی ئەم یان ئەو نووسەری عەرەب و فارسە. ھەندێکجار دەیانگوت نووسینەکانیان تەرجەمەی نووسینی کەسانی ترە لە زمانە بێگانەکانەوە بۆ کوردی، بەڵام نووسەرەکانی ڕەھەند بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە. ھەم میدیای پارتی و ھەم میدیای یەکێتی لەم پەلاماردانە بەردەوامانەدا بەشدار بوون. ئەو بەشەش کە خۆیان بە چەپ دەزانن بە ناوی فیکری بۆرژوازی و خزمەتکردنی سەرمایەدارییەوە زەربێکی تەواویان بەسەر گۆڤارەکە و نووسەرەکاندا دەھێنا. بڕێک لە ئیسلامییەکانیش بە ناوی عەلمانیبوون و نۆکەریکردن بۆ خۆراواوە لەم ھێرشەدا بەشدار بوون. وەک پێشتریش پێمگوتیت ئاستی ھەوڵدان بۆ شکاندنی گۆڤارەکە و نووسەرەکانی گەیشتە ئەو ڕادەیەی تەنانەت ھەندێک نووسەری کوردیی خۆرھەڵاتیان ڕاسپاردبوو قسە بە ڕەھەند بڵێن و نووسەرەکانی بکەن بە دز. من خۆم نووسەری خۆرھەڵاتم بینیوە و بۆی گێڕاومەتەوە کە یەکێک لە پرۆفیسۆرە ناسراوەکانی لای خۆمان کە بەشداری فێستیڤاڵێک بووە لەودیو، لە کاتی گفتوگۆکردنی تایبەتەدا لەگەڵ ئەو نووسەرە گوتوویەتی نووسەرەکانی گۆڤاری ڕەھەند جاسوسی حەوت دەوڵەتن. کتێبەکەی مەلا بەختیار کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەسەر گۆڤاری ڕەھەند نووسی و بە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا بڵاوی کردەوە، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم تەرزە ڕەخنەیە بوو، ڕەخنەیەک ھەرچییەکی تێدا بووبێت بەرخوردیی فیکری و ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆی مەنھەجی تێدا نەبووە، بەڵام لێوانلێو بوو لە تۆمەتی ترسناک. خوێنەر بۆ ئاشنابوون بە جۆری تۆمەتەکان دەتوانێت بۆ ئەو کتێبەی من بگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە ناونیشانی “دەربارەی ئیسلام و فەلسەفە و ڕۆشنگەریی” بڵاوم کردەوە. لەناو ئەم ژینگە پڕ تۆمەت و پڕ بریندارکردن و شکاندنەدا نەدەکرا ئێمە بە ھێمنی وەڵام بدەینەوە. ھەندێک لە نووسەرەکانی ڕەھەند بە توندی وەڵامی ئەو جۆرە قسە و ھێرشانەیان دایەوە. کەسێک ئەو کتێبەی من لەسەر تۆمەتەکانی مەلا بەختیار بخوێنێتەوە، لەوە تێدەگات کە زمانی وەڵامدانەوەکانی ئێمە، لانیکەم زمانی ئەو کتێبەی من، زمانێکی ھێمنە و نەچۆتە ناو ئەو ڕووبەری تۆمەت و تۆمەتکارییەی لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو.

کێشە لەوەدایە لە ئێستاشدا ئەو فۆرمە لە “ڕەخنە!!!”کردنی تۆمەتتاشی درێژەی ھەیە، بەڵام ئەمجارەیان زیاتر لە ناو سۆشیال میدیادا. با من لێرەدا نموونەیەکتان بۆ بھێنمەوە کە ئاستی ئەم جۆرە ڕەخنە و ئەو ئەخلاقیاتەی لەپشتیەوەیە، نیشان ئەدات. دواھەمین کتێبی من کە ئەم ساڵ، ساڵی ٢٠٢١، بە ناوی “فیکری ڕادیکاڵ: دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبرالیزم”ە، ھێشتا تەنھا بەرگەکەی لەسەر فەیسبوک بڵاو کرابووەوە و جگە لەو کەسەی کە ھەڵەچنی بۆ کردبوو، ھیچ کەسێکی تر نەیدیبوو، کتێبەکە ھێشتا چاپ نەکرابوو، کەچی ھەندێک نووسەری “چەپ”ی “ڕادیکاڵ” و “ئیسلامیی خوێندەوار” لە سۆشیال میدیا، لەگەڵ بینینی بەرگی کتێبەکەدا، کەوتنە ڕەخنەکردنی کتێبەکە. چەپگەرێکی دژەکاپیتالیزم لە ڕێگای بینینی بەرگەکەوە باسی لە “دەرکەوتە بەرایی و جەوهەرییەکانى” کتێبەکە دەکرد، ئەو تەنھا باس لە بەرگی کتێبەکە ناکات بەڵکو باس لە “جەوھەری” کتێبێک دەکات نەیبینیوە و نەیخوێندۆتەوە.. ئەوانەی کۆمێنتیان بۆ پۆستی نووسەرە چەپەکە لەسەر فەیسبوک دەنووسی بە منیان دەگوت “ڕاسیست”ە، ئیشی من وەک نووسەرێکی “نیولیبراڵ” بریتییە لە بڵاوکردنەوەی “دوودڵی و بێمتمانەبوون”ە لای خوێنەران. یەکێکی تر نووسی بووی “خوێندنەوەی بەرگەکەی بەسە بۆ تێگەیشتنی ناوەڕۆکەکەی.” و یەکێکی تر، کە دیارە ئیسلامییە و ئەویش ھەر تەنھا لە ڕێگای بەرگەکەیەوە نووسی بووی “لەناو کورددا زۆرینەی ئەو نووسەرانەی کە عەلمانین و لەسەر فیکری سەید قوتب نووسیویانە، یەک کتێبی سەید قوتبیان نەخوێندووەتەوە و تەنیا مەقالەی نووسەرەعەلمانییەکانی عەرەبیان لەسەر فیکری خوێندووتەوە کە ئەوەیش گەورەترین گرفتی ئەو شێوازە نووسینەیە”. ئەمە لە کاتێکدا کتێبەکەی من سەدان ئیقتیباسی لە کتێبی سەید قوتبەوە تێدایە و خۆشم یەکێک لەو وانانەی لە زانکۆی ئەمستردام دەیڵێمەوە لەسەر ئیسلامی سیاسییە بە گشتیی و فیکری سەید قوتبە بە تایبەتی. یەکێکی تر نووسی بووی “مەریوان لاکان ناناسێت” و بووە “بە مەلا”، بەبێ ئەوەی من وشەیەکم لەسەر لاکان نووسی بێت بۆ ئەوەی ئەو “لاکان ناسە” بزانێت من لاکان دەناسم یان نایناسم. یەکێکی تر نووسی بووی “قانع زیندوو بێتەوە ئەڵێ وەجاخم کوێرە”. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئەم شێوازە لە قسەکردن لەسەر فیکر لە دونیای ئێمەدا شێوازی باڵادەستە، لە ڕاستیدا شتێک بە ناوی موناقەشاتی فیکری و دیالۆگ و خوێندنەوەی بابەتییانە و مەعریفییانەی کتێبی فیکرییەوە لە دونیای ئێمەدا، زۆر زۆر بە دەگمەن نەبێت، بوونی نییە.

ڕەھەند پرۆژەیەکی فیکری بوو، زۆربەی وتارەکانی وتاری فیکریی تیۆری و نیمچەتیۆری بوون، بڕێکی بەرچاو لە میتۆدیبوون و مەعریفیبوون لە گۆڤارەکەدا ئامادەبوو، زۆرێک لە نووسەرەکانی شارەزای زیاد لە قوتابخانە و ئاراستەیەکی فیکری و زیاد لە کایەیەکی مەعریفی بوون، بۆیە ڕەخنەکردنیشی پێویستی بە فیکر و مەعریفە و توانای بیرکردنەوە ھەبوو. بەڵام ئەوەی بەرامبەر بە ڕەھەند دەگوزەرا گەڕانەوە بۆ فیکر و میتۆد و ئەرگومێنتی فیکری نەبوو، بەڵکو تۆڕێکی گەورە لە تۆمەتبارکردن و ناشیرینکردن و شکاندن بوو. وەک وتم لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، تا ئەمڕۆش، زۆر بە دەگمەن نەبێت موناقەشەی فیکری بوونی نییە، دەیان کتێبی فیکریی گرنگ بنووسە، دەشێت پەلاماری نووسەرەکەی بدرێت و ناوی گشتی لێ بنرێت، وەک لیبراڵ و نیولیبراڵ و ناسیۆنالیست و تەنانەت فاشیست ھتد… بەڵام ئەو کتێبانە گفتوگۆ و دیالۆگێک دروست ناکەن، تەنانەت ڕانانێکی باش و مەعقولیش بۆ کتێبی فیکری بە دەگمەن نەبێت، بوونی نییە. ئەوەی تا ئەم ساتەش لەو ناوەندەدا ھەیە و ئامادەیە، یان سەنگەرگیری و بڵاوکردنەوەی تۆمەتە، یاخود نووسینی سەرپێیی پڕ مەدح و سەنایە. لە دەرەوەی باسکردنی ئەدەبیاتدا شتێک بەناوی باسکردنی فیکر و دیالۆگ و بەرخوردیی فیکرییەوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە دەگمەن نەبێت بوونی نییە. بەڵام بەردەوام شکاندن و تۆمەتبارکردن و بێنرخکردن ھەیە. بە بۆچوونی من ئەمە دیوە سەرەکییەکەی مەسەلەکەیە.

دیوەکەی تری ئەم مەسەلەیە ئەو ڕاستییەیە کە لەناو گۆڤاری ڕەھەند خۆیدا پەلاماری ھیچ نووسەر و کەسایەتییەک نەدراوە و، وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان یان لە شێوەی کتێبدا بووە، یان لەناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا. جگە لەمە نووسەرەکانی ڕەھەند خۆشیان ھەموویان بە یەکجۆر نەدواون و بە یەکجۆر نەچوونەتە ناو وەڵامدانەوە و موناقەشەکردنەوە. زمانی قسەکردن و وەڵامدانەوەیان لە یەکتری جیاواز بووە. زمانی وەڵامدانەوەکانیشیان پەیوەندیی بە “مۆنۆپۆلکردنی ھەقیقەت“ەوە نەبووە، وەک ئێوە لە پرسیارەکەتاندا ھێمای پێ دەکەن، بەڵکو پەیوەندیی بەو زمان و شێوازی پەلاماردان و ڕەخنەکردنەوە ھەبووە، کە وەک وتم لەسەر شکاندن و تۆمەتبارکردن و ئیھانەکردنێکی بەردەوام کاری دەکرد. ڕەھەند گۆڤارێک بوو لە سەردەمی جەنگی ناوخۆ و ڕۆژگاریی دزی و جەردەیی سیستماتیک و لەپاڵ عەقڵیەتی کوشتن و ڕاونانی سەدان و ھەزاران مرۆڤدا دەردەچوو. لە ژینگەیەکی لەو بابەتەدا کەس بە زمانی گوڵ قسە ناکات.


ژنەفتن: یه‌كێك له‌ ڕه‌خنه ‌هەمیشەییه‌كانی ڕه‌هه‌ند له ‌ڕۆشنبیران و ڕۆشنبیریی كوردی پێش ڕه‌هه‌ند ئه‌وه ‌بووه ‌كه ‌ڕۆشنبیرییه‌كی ئینشائی بووه‌، واته ‌ڕۆشنبیرییه‌كی ڕووكه‌ش بووه ‌به‌رهه‌مهێنه‌ری فیكر نه‌بووه ‌و ده‌لاقه‌ی دیكه‌یان به‌سه‌ر تێگه‌شتنی كورددا به‌رامبه‌ر دونیا نه‌كردۆته‌وه ‌و به‌شی زۆری سه‌رقاڵییه‌كانیان بێ مانا بووه‌، بۆیه ‌ڕه‌هه‌ند به ‌وه‌رچه‌رخان ده‌زانرێت له ‌ڕۆشنبیری و له‌ زمانی كوردیدا، ڕه‌هه‌ند زمانی كوردی له‌ شیعر و (ئینشاوه‌) ‌و گواسته‌وه ‌بۆ زمانێك كه‌ بتوانێت سه‌روكاری له‌گه‌ڵ فیكردا هه‌بێت، به‌ڵام له ‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌كان له ‌ڕه‌هه‌ند پێیان وایه ‌به‌شێك له نووسینه‌كانی هه‌ندێك له ‌‌نووسه‌ره‌كانی ڕه‌هه‌ند نه‌یانتوانیوه ‌به ‌ته‌واوه‌تی له‌و زمانه ‌ڕزگار بن، یان جۆرێكی تر زمانی شیعریان له ‌فیكردا به كار هێناوه‌، بۆ نموونه ‌فڕێدانی زۆر وشه‌ و چه‌مك به‌بێ ئه‌وه‌ی به ‌ته‌واوه‌تی پێناسه‌ بكرێن، هه‌روه‌ها دووباره‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند جاره‌ی هه‌مان ڕسته ‌به ‌شێوازی جیاواز، له‌ كاتێكدا له‌ نووسینی زانستی و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا ئه‌مه ‌وه‌ك نه‌نگییه‌ك ده‌بینرێت؟ هەروەها کە ئاوڕ له ‌زۆرینه‌ی نووسینه‌كانی ڕه‌هه‌ند ده‌ده‌یینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی نووسینه‌كانیان نووسینی فیكری و ڕەخنەیین به‌شێكیشیان خوێندنه‌وه‌ن بۆ دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام كه‌مترین جار په‌نا ‌بۆ داتا و ژماره ‌براوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كانی ڕه‌هه‌ند خاڵین له ‌هه‌وڵی سه‌ڵماندنی گریمانه ‌زانستییه‌كانیان له ‌ڕێگه‌ی میتۆده‌ زانستییه ‌تایبه‌تییه‌كانی ئه‌م بواره‌.

مەریوان وریا: ڕەھەند گۆڤارێکی ئەکادیمی نەبوو، سەر بە ھیچ کایەیەکی تایبەتی ناو زانستە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکان نەبوو، گۆڤارێکی سۆسیۆلۆژی یان ئەنترۆپۆلۆژی یان سایکۆلۆژی نەبوو کە تیایدا زانستی سۆسیۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا ژێرخانە ئەکادیمییەکەی بێت، وەکچۆن گۆڤارێکی فەلسەفیش نەبوو خۆی بە موناقەشەکانی ناو کایەی فەلسەفەوە خەریک بکات. ڕەھەند گۆڤارێکی فیکریی تیۆریی گشتی بوو، فیکر و تیۆرە بە مانا ھەرە گشتییەکەی، وەک بەکارھێنان و گەڕاندەوە بۆ چەمک و میتۆد و تیۆرە جۆربەجۆرەکانی ناو کایە مەعریفییە جیاوازەکان. نووسەرەکانی ڕەھەند بۆ جمھورێکی ئەکادیمیش نەیاندەنووسی، بەڵکو بۆ بەشە خوێندەوارە گشتییەکەی کۆمەڵگای کوردییان دەنووسی. ئەو نووسەرانە بە گەڕانەوە بۆ ئەم یان ئەو کایەی مەعریفی و بۆ ئەم یان ئەو چەمک و تیۆرە و قوتابخانەی فیکریی تایبەت، ھەوڵی دروستکردنی “دەزگایەکی چەمکی”ی تایبەت بە خۆیان ئەدا، بتوانن لە ڕێگایەوە بیر بکەنەوە و کار لەسەر ئەو ڕەھەندانەی واقیعی ئێمە بکەن کە بە گرنگیان دەزانی. بە بۆچونی من ڕەھەند لەم ئاستەدا کۆمەڵێک کاری گرنگی ئەنجام داوە و لەم ئاستەشدا ئەم نووسەر لەو نووسەری تری گۆڤارەکە، جیاواز بووە. بە کورتی، خوێندنەوەی نووسەرەکانی ڕەھەند بۆ دونیای خۆیان و بۆ ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین پشتئەستور بوو بە کۆمەڵێک لە دەستکەوتە تیۆری و میتۆدی ناو زیاد لە کایەیەکی مەعریفی، بەڵام ھیچیان وەک ئەکادیمییەکی ناو ئەم یان ئەو کایە نەیاندەنووسی. نووسەرەکانی ڕەھەند ڕۆشنبیر بوون نەک ئەکادیمی، “ڕۆشنبیرێکی گشتی”ی نزیک لەو جۆرە ڕۆشنبیرەی فوکۆ ناوی “ڕۆشنبیری یونیڤێرساڵ”یان لێ دەنێت، کەسانێک بە ئەرکی خۆیان دەزانی لەسەر کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ناو دونیای خۆیان قسە بکەن و دەرگیری شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بن، بەڵام قسەکردن و لێکدانەوەیەک لە پەیوەندییەکی پتەودا بە فیکری سەردەمەکەوە. ئەم پەیوەندییە تایبەتە بە کایە مەعریفییەکان و بە میتۆدە جیاوازەکانەوە لەوە ڕزگاری کردبوون ئینشانووس بن و درێژە بەو دۆخی بێفیکری و بێمیتۆدی و بێتیۆرەییە بدەن، کە بەر لە ڕەھەند بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دونیای نووسینی کوردیدا باڵادەست بوو. لە ئەنجامدانی ئەم کارەشدا نووسەرەکانی ڕەھەند بوون بە دروستکەر و داھێنەری زمانێکی تازەی نووسین، کە دەیتوانی زمانێکی تیۆری بێت و پەیوەست بێت بە زمانی ناو زیاد لە کایەیەک لە کایە مەعریفییەکانەوە. زمانی نووسەرەکان ھەندێکجار زمانێکی سۆسیۆلۆژی، زمانێکی ئەنترۆپۆلۆژی، زمانێکی سایکۆلۆژی بوو، ھەندێک جارێکی تریش زمانی ناو زانستە سیاسییەکان و جارنەجاریش زمانی ناو فەلسەفە بوو. لە ھەموو ئەو دۆخانەشدا ئەو زمانە زمانێکی تازە بوو لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا. ھاوکات ئەوەش ڕاستە کە شتێکی زۆر لە زمانی شیعر لای ئەم یان ئەو نووسەری ڕەھەند ئامادە بوو، لێرەشدا دیسانەوە بە بڕ و ڕادەی جیاواز لای ھەر یەکێک لە نووسەرەکان. ئەوەت لەبیر نەچێت بڕێکی زۆر لە نووسەرە دیارەکانی گۆڤارەکە لە ئەدەبیاتەوە ھاتبوون، شاعیر و چیرۆکنووس و شانۆکار و نووسەری ئەدەبی بوون. درێژەدان بە زمانی شیعری لەناو وتاری فیکریدا سەرچاوەکەی لەو پاشخانە ئەدەبییەدایە.

بە بۆچونی من مانەوەی ئەم زمانە شیعرییە لەناو زمانی فیکردا تا ئەو شوێنە بەرھەمھێنە کە سەر لە خوێنەر نەشێوێنێت، نەبێتە ئامرازێک بۆ بێھۆشکردنی خوێنەر، زانستیبوون و میتۆدیبوونی گوتارەکان تێک نەدات، ئەو جیاوازییانە نەسڕێتەوە، بۆ نموونە، لەنێوان شیعر و کۆمەڵناسی، شیعر و سیاسەتناسی و شیعر و فەلسەفەدا ھەیە. شتێک لە شیعریەت لە زمانی فیکردا جوانە، بەڵام زمانی فیکر و زمانی شیعر دوو زمانی تەواو جیاوازن. بێگومان بڕێک لە ڕاستی لەو بۆچونەدا ھەیە کە ڕەخنە لە شیعریبوونی زمانی فیکر لە ڕەھەنددا دەگرێت، ھەندێکجار و لای ھەندێک نووسەر، ئەو زمانە شیعرییە تەواو زاڵە بەسەر زمانی فیکردا و ئەم زاڵبوونەش زیانی بەو زمانە فیکری و تیۆرییە گەیاندووە کە ڕەھەند داھێنەری بوو. من کە ئەمە دەڵێم، خۆم لەم کێشەیە بە دوور ناگرم، زمانی ھەندێک لە نووسینەکانی منیش بێبەری نەبووە لە شتێک لە شیعریەتی زیاد و منیش یەکێک بووم لەو نووسەرانەی لانیکەم، لە قۆناغی نووسین لە ڕەھەندا، گرنگییەکی تایبەتم بە دیوە شیعرییەکەی زمانی نووسین ئەدا. بەڵام ساڵانێکی درێژە من وازم لەم مەسەلەیە ھێناوە و ئەوەی دەینووسم بە ئاگاییەوە لە زمانی شیعر دووری دەخەمەوە. لە پەیوەندیشدا بە مەسەلەی دووبارەکردنەوەی یەک فیکرە بە چەندان شێوازی جیاواز لە وتارێکدا، دیسانەوە، بە نیسبەت ئەم یان ئەو نووسەری ناو گۆڤارەکەوە شتێک لە ڕاستی تێدایە. ئەم دووبارەکردنەوەیە لە زمانی زانستی و ئەکادیمیدا نەنگییە، بەڵام بۆ گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتی، کە خوازیاری ئەوەیە بە خوێنەری ئاسایی بگات، دووبارەکردنەوە ھەمان فیکرە بە دەربڕینی جیاواز ڕەنگە شتێک لە شەرعیەتی تێدابێت و وەک ھەوڵدانێک ببینرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی فیکرەکە بە خوێنەر. ئیشنەکردنی گۆڤارەکەش لەسەر داتا و ئامار پەیوەندی بەو ڕاستییەوە ھەیە کە گۆڤارەکە زیاتر گۆڤارێکی تیۆری و ڕۆشنبیری بوو، نەک گۆڤارێکی ئیمپێریی، تەتبیقی.

دواھەمین خاڵ بمەوێت لێرەدا کەمەکێک لەسەر بوەستم ئەو ڕستەیەی ئێوەیە کە پێی وایە ڕەھەند سەرقاڵیی نوقسەرەکانی بەر لە ڕەھەندیان بە سەرقاڵییەکی بێمانا زانیوە. ئەوە ڕاستە، وەک ئێوە دەنووسن، ڕەھەند ڕەخنەی لە نووسینی کوردیی بەر لە ڕەھەند ھەبوو، بەڵام ڕەھەند ھەرگیز پێی وانەبووە “به‌شی زۆری سه‌رقاڵییه‌كانی” نووسەرانی کورد بەر لە ڕەھەند، “بێ مانا بووه” وەک ئێوە لە پرسیارەکەتاندا نووسیوتانە. لانیکەم ئەمە ھەرگیز ڕای ھەموو نووسەرەکانی ڕەھەند نەبووە. ئەوەی ئێمە پێوەی سەرقاڵ بووین بێنرخکردن و بێماناکردنی ئەوە نەبوو کە بەر لە ڕەھەند نووسرابێت، بەڵکو ڕەخنەکردنی ئەوە بوو کە دەگوترا و دەنووسرا، ئەمەش لەبەر بێمانایی ئەو نووسین و سەرقاڵییانە نەبوو، بەڵکو لەبەرئەوە بوو پێمان وابوو ئەوەی نووسراوە ناتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ تێگەیشتن لەو دونیای تیایدا دەژین و لەو مێژووەی تیایدا نیشتەجێ بووین. ئێمە لە بەردەمی جیھانێکی تەواو تازەدا بووین، بە کۆمەڵێک تەحەدای نوێوە، ئەو جیھانەش پێویستی بە فیکرێکی تازە بوو بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی.