پانۆرامای (ڕەهەند)

تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

بەشی یەکەم

بەرایی

ماڵپەڕی ژنەفتن لە دەستپێکی تەوەرێکیدا لەبارەی (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)؛ بە پێویستی زانی پانۆرامایەک لەسەر بڵاوکراوە و چالاکییەکانی نێوەندی ڕەهەند ئامادە بکات. لە پانۆرامەکەدا پێشەکی (خۆیان ناویان ناوە هەڵوێستە)ی هەموو ژمارەکانی ڕەهەند تایپ کراوەتەوە لەگەڵ پێرستی بابەتەکانی هەموو ژمارەکان و دەستەی نووسەرانی ئەو ژمارانە. تێبینی دەکەن کە لە دەستەی نووسەران و شیوازی کارکردن لە هەندێ لە ژمارەکاندا گۆڕانکاری کراوە. بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕینووس نەکراوە و تەنیا تایپ کراوەتەوە.

ئەمەی بەردەستتان بەشی یەکەمە لەو سێ بەشەی پانۆراماکە.


ژمارە ١- ١٩٩٦

دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەلکەوت عەبدوڵڵا)


ناواخن

شەڕی ناوخۆی کوردستانی باشوور

هەڵوستەیەک

شەڕ-حیزب: سڕینەوەی کۆمەڵگای شارستانی….. ن: ڕێبین ئەحمەد هەردی

شەڕی ناوخۆ: خێڵ-حیزب-سیاسەت…… ن: مەریوان وریا قانع

‌هەڵوەستەیەک لەئاست شەڕی نێوخۆی کوردستاندا…… ن: هەڵکەوت عەبدوڵڵا

کۆمەڵگەی پرسە ………… ن: بەختیار عەلی

گفتوگۆیەکی سارد لەمەڕ جەنگێکی گەرم ……… ن: خەڵات عومەر

کولتووری تەور ……… ن: ڕێبوار سیوەیلی

نەتەوە و گروپە ستراتیژییەکانی ……….. ن: ئاراس فەتاح

پۆست مۆدێرنیزم…………… ن: فاروق ڕەفیق

ڕانان و هەواڵی ڕۆشنبیری…….. کۆمەڵێک نووسەر


هەڵوەستەیەک

ئاشکرایە لەم ساڵانەی دواییدا ژیانی ڕۆشنبیریمان پەرتوبڵاوییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، یەکێک لە دەرکەوتەوکانی ئەم واقیعە ڕۆشنبیرییەش، لەدایکبوون و مردنی کتوپڕی ژمارەیەکی دیاری گۆڤار و ڕۆژنامەی بەرهەمهێناوە. دوور لە هەموو هەڵسەنگاندنێکی فیکری بۆ ناوەڕۆک و ئاستی ڕۆشنبیری و ڕێبازی ئەو بڵاوکراوانە، دەتوانین بڵێین جگە لە چاپەمەنییانەی حیزب و ڕێکخراوەکان دەریدەکەن، هیچ یەکێک لەو کۆششە ڕۆشنبیرییە سەربەخۆیانەی دی نەیانتوانیوە بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو و پشتبەستوو بە زەمینەیەکی پتەو، بەشێوەیەکی گونجاو دەربچن و بەردەوامبوونی خۆیان بپارێزن. هەڵبەتە لەپاڵ چەندان هۆی ڕۆشنبیری و دارایی و سیاسی، کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی کوردی پێوەی دەناڵێنن، ڕستێک هۆکاری دیکەش هەن کە یەکانگیریی ناوەکی ناو ڕۆشنبیریی کوردی دەخەنە بەر مەترسییەوە، لەوانە کۆچی ژمارەیەکی لەبەرچاوی تواناو بەهرە ڕۆشنبیرییەکان بۆ دەرەوەی کوردستان و بوونیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری دوورەوڵاتی. ئەم هەلومەجە تازەیەی ناو واقیعی ڕۆشنبیریشمان بەپێویست دەرکەوت و دیاردەی ڕۆشنبیریی تایبەت بەخۆی دروستدەکات.

گومانی تیدا نییە بوونی زیاد لە گۆڤارێک و پتر لە سەکۆیەک (منبر)، نیشانەیەکی پۆزەتیڤانەیە (ئیجابییە) لە ڕەوتی هەر ڕۆشنبیرییەکدا، بەڵام لەو هەلومەرجە سەختەی ڕۆشنبیران و ڕۆشنبیریی کورد ئێستا ڕووبەڕوویبوونەتەوە، ڕەچاوی ئەوە دەکرێت کە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ، کۆکردنەوەی هەوڵ و کۆششە جیدییەکانی ناو پانتایی ڕۆشنبیریمانە لە یەک یەکە و لەیەک پرۆژەی بڵاوکردنەوەدا کە سیما و کارەکتەر و دەنگی تایبەتو سەربەخۆی خۆی هەبێت.

دیارە هەردوو گۆڤاری (ئازادی) و (یەکگرتن)یش، وەکو دوو دەرکەوتەی ڕۆشنبیریی کوردی لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان بێبەش نەبوون لەو گرفت و تەنگوچەڵەمانەی ناو ڕۆشنبیریی کوردی، بەڵکو دەتوانین بلێین تەنگوچەڵەمەی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو دوو گۆڤارە لە تەنگوچەڵەمەی هەندێ گۆڤاری دیکە گەورەتر و بەرچاوتربووە. چونکە سەرچاوەی سەرەکی ڕاپەڕاندن و داراییکردن و بڵاکردنەوەیان، هەر خودی نووسەران و خوێنەرانی هەردوو گۆڤارەکە بوون.

ئاشکرایە گۆڤارێکی وەکو (یەکگرتن) لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە شوێنی لە ڕەوتی ڕۆشنبیریی کوردیی دوورەوڵاتیدا، شوێنێکی بەرچاوە. چاوخشاندنێک بەو ژمارانەی لەم ساڵانەی دواییدا دەرچوون سەلمێنەری ئەوەیە (یەکگرتن) کۆکەرەوەی جیدیترین ئەو قەڵەمانە بووە کە لە کایەی ڕۆشنبیریی دوورەوڵاتیدا کاری ڕۆشنبیرییان ئەنجامداوە. گۆڤاری (ئازادی)یش لە ڕاپەڕیندا و دوای ڕاپەڕین دەنگێکی تایبەتی و دیاربووە و نوسەرەکانیشی بە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی (ئازادی)یەوە نەهاتوونەتە قسە. بەڵكو چالاکییەکانیان لە سازدانی چەندەها هەفتەی ڕۆشنبیریی و سیمناریشدا خۆی بینیوەتەوە.

ئەمڕۆ، لەپاش نیشتەجێبوونی زۆربەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی (ئازادی) لە ئەوروپا، لە دوای نزیکبوونەوەیەکی ڕوون لە میتۆدە (منهج) و ویستی ڕۆشنیبیرییەوە، بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو گرفت و تەگەرانەی ڕووبەڕووی هەردوو گۆڤارەکە بوونەتەوە و بە مەبەستی بەردەوامبوون و ئامادەبوونێکی ڕۆشنبیرییانە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات و پێکەوە گرێدانی هەوڵەکان، دوو دەستەی سەر بە هەردوو گۆڤارەکە لە سەرەتای مانگی (١٢)ی ساڵی ١٩٩٥دا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە دوورەوڵاتی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لە شاری (فرانکفۆرت)ی ئەڵمانیا سازدا. لە دەرئەنجامدا ویستەکان لەسەر ئەوە گیرسانەوە کە گۆڤارێکی نوێ بەناوی (ڕەهەند)ەوە [بعد- Dimension] دەربکرێت، نەک بۆ ئەوەی بەتەنیا وەکو ناوێکی نوێ بچێتە بری هەردوو گۆڤاری ناوبراو؛ بەڵکو ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ. ئاشکرایە ئاڕاستەی هەردوو گۆڤارەکە لەمەوبەریش کارکردنێک بووە بەرەو ئەو پرۆژە ڕۆشنبیرییە نوێیە. ئەمەش لە ژمارەکانی ڕابردووی هەردوو گۆڤاردا ڕەنگیداوەتەوە.

شتێکی بەڵگەنەویستە ئامانجی هەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی نوێ، کاتێک چرکەساتی بوونی خۆی بە جیهانی دەرەوە ڕادەگەیەنێت، کارکردنە لە کایە ڕۆشنبیرییەکاندا و لەوێشەوە دیاریکردنی ڕەهەندێکی ڕۆشنبیرییە کە دەشێ تا ساتەوەختی دەرچوونی خۆی، پانتاییەکی پڕنەکراوەبێت. ئا لێرەدا ئامانجی (ڕەهەند) ئەوەیە ببێتە گۆڤارێکی سەربەخۆ و کراوە بۆ هەموو دەقێکی جیدی و تەقەلای تیۆری و وەرگێڕان، ئەمانەش لە بوارە فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و و سیاسی و ئەدەبییەکاندا.

بەمانایەکی تر، (ڕەهەند) گەرەکێتی لەسەر بنەمای ”کاری پێکەوەیی” پێکهاتەیەکی نوێ دروستبکات، پێکهاتەیەک کە هەمەڕەنگی و جیاوازی لەخۆدەگرێت، لێرەشەوە یەکێک لە مەبەستەکانی دروستکردنی ڕەوتێکی نەپساوە کە بڕوای نووسەران و خوێنەران بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، تا لەسەر ئەو بنەمایە زەمینەیەک لە داهاتوودا بۆ دامەزراندنی نێوەندێکی ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی بڕەخسێنێت. ئەمەش بۆ خۆی ببێتە دەروازەیەک بۆ ناسینی جیهانی ڕۆشنبیری و خۆناساندنیش بەو جیهانە، ببێتە دەزگایەک بۆ ڕزگارکردنی بەرهەمگەلێکی چاپنەکراوی گەلێ زۆر لە فەوتاندن و لەیادچوون و ئاگادارکەرەوەیەکی چالاکی جیهانی ڕۆشنبیری لە دۆخی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی کورددا. کە بۆخۆی ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیی هەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیرییە. بۆیە هیوادارین هەموو ئەو نووسەر و خوێنەر و دەزگایانەی بڕوای خۆیان بە (یەکگرتن) و (ئازادی) بەخشیووە. بەدڵنیاییەوە بڕوای خۆیان ببەخشنەوە بە (ڕەهەند) و بە پڕۆژەیەکی نوێی خۆیانی بزانن. هەروەکو چۆن ئومێدمان وایە ئەم هەنگاوە گوڕێک بێت بۆ کەنالیزەکردنی زیاتری هەوڵەکان و ڕزگارکردنیان لە پەرشوبڵاوی و کۆکردنەوەی توانای ڕۆشنبیریمان و چەقبەندکردنی لەم پڕۆژەیەدا.

(ڕەهەند) دەخوازێت وەکو گۆڤارێکی وەرزی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی تیۆری و کلتوور و ڕاڤەکردن خۆی بناسێنێت. گۆڤارێک کە بایەخی تەواو دەدات  بە هەوڵی قەڵەمە کوردییەکان بۆ خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و دەروونی لە کوردستاندا. واتە پرنسیپی سەرەکی گۆڤارەکە، کردنەوەی دەرگایە لەسەر ئازادیی خوێندنەوەی زانستیانەی کورد بۆ خۆی، بەبێ هیچ تابۆیەکی سیاسی یان ئایینی یاخود ئایدیۆلۆژی.

(ڕەهەند) خوازیارە ئاوێنەی ئەو هەڵوەستەیە بێت کە لە ڕێگایەوە قەڵەمە کوردییەکان لە بوونی خۆیان دەڕوانن، ئەمەش لە کاتێکدا لەبەر دەرگاکانی سەردەمێکی نوێدا دەوەستن و واقیعی خۆشیان لە بارێکی فەلاکەتباردا دەبینن، کە لە سەختترین ساتی داڕمانی سیاسی و فەرهەنگیی خۆیدا دەژی.

بۆ پێکۆڵکردنی ئەم واقیعە، بەتەنیا ناساندنی فیکری خۆرئاوا و خۆرهەڵات لە بوارە زانستییە جۆربەجۆرەکاندا نابێتە ویستی ڕۆشنبیریی (ڕەهەند)، بەڵکو هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ئاستی خستنەڕووی نێگەتیڤانەی ئەو تیۆری و میتۆدانەی بۆ خوێندنەوەیەکی ڕخنەگرانەتر و خوێندنەوەی تایبەتی نووسەری کورد بۆ خۆی و بۆ جیهان و بەشداربوون و ئامادەبوونی لەو دیالۆگە فیکرییانەدا کە ئەمڕۆ جێگای شەڕی فیکرین و دیاریکردنی شوێنەواری خۆی تیایدا، دەبێتە داوایەکی میتۆدەیی و ناوەڕۆکی لە (ڕەهەند)دا. بۆ ئەم مەبەستەش (ڕەهەند) بایەخێکی تەواو بە خوێندنەوەی نووسەرە کوردەکان لە کایە زانستییە جیاجیاکان بۆ واقیعی کوردستان و جیهان دەدات. لەگەڵ ئاوڕدانەوەی بەردەوام بۆ ئەو قەڵەمە نوێیانەی بەرهەمەکانیان بە بێدەنگ دەچنە پەراوێزی لەبیرچوونەوە و مافی خۆیان لە ناساندن و دیالۆگ و ڕەخنەدا وەرناگرن. لەپاڵ ئەم ویستەدا، تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بە وەرگێڕان و خوێندنەوەی فیکری خۆرئاوا و خۆرهەڵات و لە تەنیشتیەوە فەرامۆش نەکردنی ڕۆشنبیریی کوردی (دێرین و نوێ) و دەستکردن بە خوێندنەوەی نوێیان.

(ڕەهەند) دەیەوێت لەداهاتودا لە مەیدانی گرنگی ڕۆشنبیریدا و لەو چالاکییە ڕۆشنبیرییانەی کاریگەریی خۆیان لە ڕۆژئاوادا بەسەر فیکر و سیاسەتەوە بەجێدەهێڵن، ئامادەبێت و ڕێپۆرتاژ و فایلی تایبەت بۆ خوێنەری کورد ئامادەبکات، لەپاڵ ئەم ناساندنەی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا، (ڕەهەند) پەنجەرەیەکی تایبەت لەسەر بڵاوکراوە و کتێبە نوێ چاپکراوەکان لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەکاتەوە و  بەشێوەی ڕانانێکی خێرا بە خوێنەرانی کوردیان دەناسێنێت.

بۆ ئامادەبوون لەناو پانتایی دیالۆگ سەبارەت بە ڕووداوە نوێکان، (ڕەهەند) هەڵدەستێت بە سازدانی چاوپێکەوتن و مێزی گرد و ڕاپرسی. بەشێوەی گفتوگۆ لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیران و شارەزایان و بەستنەوەی ئەم دیالۆگەش لەگەڵ واقیعی ئاکتوێلی کوردستاندا. بەپێی کەسی بەرامبەری گفتوگۆ لەگەڵدا کراو.

ئێمە لەم هەلومەرجە سەختەدا کە واقیعی ڕۆشنبیریی کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە، لەو بارەدا کە تەنگوچەڵەمەی دارایی و دژواریی کەناڵەکانی بڵاوکردنەوە و پەرتەوازەبوونی ڕۆشنبیران بوونەتە دەرکەوتێکی نوێ لەناو جیهانی ڕۆشنبیریماندا، ئەمانە هەموو پێکڕا بەرەیەکی کوشندەن بۆ پەکخستنی هەر گۆڤارێک. بۆیە وای دەبینین کە دەرکردنی دوو گۆڤار لە  ئەمڕۆدا، نەک بەتەنیا کارێکی قورسە، بەڵکو دەشێ بۆ نووسەران و لێپرسراوان بەرهەمهێنەران و تەنانەت خوێنەرانی گۆڤارەکان ئەستەمیش بێت. ئەمە جگە لەوەی پەرشوبڵاوبوونەوەی هەوڵە فیکرییەکان بە پتر لە کەناڵێکدا زۆرجار وادەکات ئەو هەوڵانە لە ساتێکدا دەربکەون کە کاراکتەرێکی پێکەوەیی دروست نەکەن و نەبنە دەنگێکی دیار لەپاڵ هەمەڕەنگییاندا خەسڵەتی هاوبەشیان و ویستی هاوبەشیان و ئاڕاستەی میتۆدەیی و زانستی هاوبەشیان دەربکەوێت، بۆیە مەبەستی سەرەکی (ڕەهەند) گەیشتنە بە پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی بەردەوام و هەوڵدانە بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەک کە بتوانێت وەرزیبوونی ژیانی خۆی بپارێزێت و پشووی درێژ نەکەوێتە نێوان هەنگاوەکانییەوە، هەڵبەت ئەمە بۆ گۆڤارێک کە سەرچاوەی داراییەکەی هەر خوێنەرەکانی بێت، کاریکی ئاسان نییە. ئەمە جگە لەوەی بنەمای سەرەکی ئەم گۆڤارە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵە زانستییەکانە لە پڕۆژەیەکدا. لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان، کە نوێگەری و کردنەوەی پانتایی تازە و تەقاندنەوەی پرسیار و شیکار و ڕاڤەی نوێ و لێکۆڵینەوە و ناساندنی کایە ڕۆشنبیرییە نوێکان ئامانجی بێت. بۆ ئەم مەبەستە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، (ڕەهەند) دەخوازێت ئامێزێکی کراوە بێت بۆ هەموو پێکەوە کارکردنیک لەگەل ئەو کەس و دەزگایانەدا کە لە بواری زانستی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیدا کار دەکەن و دەنوسن و وەردەگێرن و یارمەتیدەرن.


ژمارە: ٢- ١٩٩٧

بابەتی ژمارە: شەڕی ناوخۆی کوردستان (بەشی دووەم)

ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر

دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان ووریا قانع، هەلکەوت عەبدوڵڵا)


لەم ژمارەیەدا:

هەڵوێستە

وێنەو تراژیدیا: بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان ووریا لە مێزگردێکدا

فاروق ڕەفیق: ناسیۆنالیزم – کوردایەتی، “بەرەو پارادایمی نوێ”

گۆران بابا عەلی: ژیان.. مەرگی خودپەرستی

مەرتوان ووریا: هاوکێشەکانی دەسەڵات، سزا، کۆنترۆڵ، کاریزما

بەرزان فەرەج: شەڕی ناوخۆی کوردستان: مەرگی چەمکەکان، خوێندنەوەی تراژیدیایەکی تایبەت لە شکستی گشتدا

شەمال عومەر: “میتافیگور”و “دەسەڵاتی ڕەش”، هەوڵدانێک بۆ ” سیناریۆ کێشانی ” تابلۆ

بەختیار عەلی: ماکس ڤێبەر و دۆزینەوەی “بەهەشتی وون”

هەڵکەوت عەبدوڵا: سۆسیۆلۆژیای سیاسی، سیاسەت و دەوڵەت، جۆلیان درۆند.

ڕێبوار سیوەیلی: نموونەی سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخ: هەوڵدانێ بۆ ئاشنایی لەگەڵ پیر بۆردیۆدا…

ڕەهەند: چاوپێکەتنێک لەگەل (نصر حامد ابو زید)دا ، ئامادەکردنی: مەریوان ووریا…

چەند لاپەڕەیەکی ڕەش لەوەهمی دیموکراسییەتدا،  ڕێکخراوی ڵیبووردنی نێونەتەوەیی، ئامادەکردنی: بەرزان فەرەج…


هەڵوێستە

لەم چرکە ساتەداو لەپاش ڕووداوەکانی ئەمساڵەوە، هەست دەکەین ئێمە بە تەنها لەبەردەم جەستەیەکی سیاسیدا نین کە لەسەر دەستی حیزبەکان دەکوژرێت، جەستەیەک کە لە خەونی سیاسییەوە بوو بە وەهم، ئەو خەونە بەوەهمبووەی کە پێی دەگوترا (ئەزموونی دیموکراسی و حکومەتە ساواکەی کوردستان و هیوای بەنموونەییکردنی بۆ عێراق و، بگرە سەرانسەی ناوچەکەش)، بەڵکو ئێمە لەبەردەم چرکەساتێکی مێژووی ترسناکداین کە نەک بەتەنها یادەوەری مرۆڤی کوردی قرتاندووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا تیرۆری هەموو لێپرسراوێتییەکی سیاسیش دەگەیەنێت، کە دەبایە بەناو سێاسەتمەدارانی کورد دەرهەق بە کۆمەڵگا و تاکەکان هەیانبایە.

کاتێک کە لە ناو سیاسەتدا زمانی دیالۆگ ووندەبێت، ئەوا کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەوێتە ناو کایەی شەڕ و ڕووبەرێکی ترسناک لە وەحشەتگەری و تێکشکاندن بەرهەمدەهێنێت، جەنگ کۆمەڵگای کوردی فڕێدایە ناو چەندین دەمارگیری گروپی و حیزبی و ناوچەییەوە. ئا لێرەدا ئەو خوێنڕشتن و کوشتار و وێرانکردنەی کە لە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی کوردستاندا ڕوویداو ڕوودەدات، بەتەنها تراژیدیایەکی ئەفسوناوی نیە بۆ خەونەکانمان، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا ڕەهەندێکی ترسناک لە سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورددا جێدەهێڵێت. ڕەهەندێک کە تێکشکاندن لە دیاردەیەکی کاتی و مێژووییەوە دەگۆڕێتە سەر هەقیقتێکی هەتاهەتایی ناو مێژووی ئێمە کە نائومێدی لە نسکۆیەکی مەوزوعی تێپەڕەوە دەگۆڕێتە سەر سیمایەکی تایبەتی و خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی کارەکتەری کوردی. کە بە جووتەش ئەم بوونەوەرە گەمارۆدراوەی کورد دەگۆڕنە سەرکەسێکی شەڕانگێز، چونکی بێهیوایی هەمیشە دیاردەیەکی ترسناکی جەنگە.

دیارە سیاسییەکان کاتێ هێندە شەیدای جەنگبن، بەجۆرێک کە لەپێناویا مرۆڤ و کۆمەڵگا و نەتەوە بکەن بە قوربان، لەم حاڵەتەدا جەنگ دەبێتە بوونەوەرێکی نەمری ناو کۆمەڵگا. ئەم کارەساتە مرۆییەش لە خۆدووبارەبەرهەمهێنانەوەی بەردەوامدایە، چونکی مرۆڤ و کۆمەڵگا لە کوردستاندا شەکەتی سیاسەتی چەندین ساڵەی ڕژێمی بەعسن و ئێستاش لە پاڵ تێکشکاوی بنەما کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. خەڵکی ماندووی شەڕی چەندین ساڵەی ناوخۆی کوردستانیشن؛ ئەمەش، بۆخۆی زەمینەی لەباری بۆ حیزبە شەڕخوازەکان ڕەخساندووە، بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگایە مرۆڤی جەنگاوەر دروستبکەن و کۆمەڵگایەکی نا ئارام بەرهەم بهێنن. چونکی ئەگەر شەڕی ڕزگاریخوازیی گەلی ئێمە بەرهەمی توانای مرۆڤێ کورد بووبێت لەسەر خەوبینین، ئەوا شەڕی ناوخۆ بەرهەمی ئیفلیجبوونی ئەو مرۆڤەیە لە خەوبینین. ئەگەر شەڕی ڕزگاریخوازیی جەنگاوەرێکی بە ئەخلاقیاتی ئومێدەوە دروستکردبێت، ئەوا شەڕی ناوخۆ مرۆڤێکی هێناوەتەوە مەیدان بە ئەخلاقیاتی نائومێدییەوە، مرۆڤیش کە بەبێ هیوایەکی تایبەت شەڕیکرد، کوێر و نابینا و ناعەقڵانییە کە دەلالەتەکەشی لە دابەزاندنی نرخی مرۆڤی ئێمەدا دەردەکەوێت لە مرۆڤی پێشمەرگەوە بۆ مرۆڤی پیاوکوژ… نا هیچ هێزێک ناتوانێت سیمای ئەم ساتەی مێژووی ئێمە جوان بکات، کە تێیدا کورد لە میللەتێکی ئازادیخوازەوە بووەتە چەند خێڵێکی دڕندە کەبەبێ شەرم بەبەرچاوی جیهانەوە لەسەر مەیتی یەکتر هەڵدەپەڕن.

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی باشوور و بەشداریکردنی یان پەلکێشکردنی سوپاکانی دەوڵەتە ناوچەییەکان بۆ ململانێی کوردی-کوردی، جارێکی دی نەخشەی هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵوگۆڕپێکرد، ئاشکراشە سیاسییە کوردەکان لەناو ئەم سیناریۆ جیاوازانەدا نەوەکو سیاسەتی سەربەخۆ و نەتەوایەتیان نیە، بەڵکو جگە لە ڕۆڵی داشێکی بێئیرادە و بێدید هیچی دیکە نین. (داشڕۆڵ)ی ئەم سیاسەتمەدارانە سیاسەتی کوردی کردۆتە شانۆیەکی تاریک؛ شانۆی ئەو قەرەقۆزە چکۆلانانەی پەنجەی کەسانێک بێ ڕۆح دەست و قاچە نایلۆنی و بێئیرادەکانیان دەجوڵێنێت.

بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ململانێی باڵادەستێتییان لەسەر لاشەی مرۆڤی کورد و جەستەی کوردستاندا پیادەدەکرێت و هێزە کوردیەکانیش بوونەتە بەشێک لە گەمە و ململانێی سیاسی و ئەمنی ئەو دەوڵەتانە و لەژوور ئەمانیشەوە ڕۆڵی ئەندازیارانی سیاسیی ئەمریکی و ئەوروپی و ڕوسی و ململانێی باڵادەستێتییان لە ناوچەکە، وەکو بکەری ڕاستەقینە لەولاوە بوەستێت.

شەڕی ناوخۆی کوردستان تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نامەسئولانە لەلایەن دووهێزە سیاسییە گەورەکەی کوردستانەوە بەردەوامی پێدەدرێت و زەنگە ترسناکەکانیشی بەتەنها لە تەحالوفاتی سەربازی یان سیاسی ئەم دوو هێزە لەگەڵ دەوڵەتە تۆتالیتێرەکانی ناوچەکەدا خۆی بەرجەستەناکات، کە نموونە دزێوەکەی هاوکاری هێزەکانی سوپای بەعس بوو لەگەڵ پارتیدا و پاشان بەگۆڕەپانکردنی کوردستان بوو بۆ (جەنگی لەبری) نێوان عێراق و ئێران، دەرئەنجامەکانیشی دووبارە بە کوشتن و وێرانکردن و پاشان ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی کورد لە ترسی ئەزموونە تاڵەکانیان لەگەڵ ڕژێمدا، کۆتاییپێهات، بەڵکو لەپشت ئەم کردارانەشەوە هەرەسێکی ئەخلاقی بەدیدەکرێت کە وونکردن و لەدەستدانی هەموو لێپرسراوێتییە سیاسییەکانی لەخۆگرتووە.

گەر لە هەمەموو جەنگێکدا ئەو گوتەیە ڕاست بێت کە دەڵێت: یەکەم قوربانی جەنگ ڕاستییە. ئەوا لە کوردستان هەموو ڕۆژێک ئەو ڕاستییە دەکوژرێت کە مرۆڤی کورد بۆ بەدەستهێنانی شوناسێکی مرۆییانە و جێپێیەک لە نێو جیهانی سبەیدا، خەباتی لە پێناودادەکرد. بە دروستی دەزانین لێرەدا هەمان پرسیاری (ئەدۆرنۆ) بکەینەوە: ئایا هیوا بێهیوا دەکرێت؟

بەڵێ ئێمە گەلێک جار دەستخەڕۆی هیواکانمان بووین و هیواکانمان بێهیوا کران، بەڵام ئێمە جگە لە کوردبوون شوناسێکی تری سەر ئەم زەوییەمان نیە، ئەم شوناسەش، شوناسی مرۆڤگەلێکە کە لەدووی دابینکردنی هەلومەرجی ژیانێکی مرۆڤانە و پاشەڕۆژێکی دادپەروەرانە و ڕووناکدان. بەشداریکردن لە دروستکردنی ئەو زەمینەیەش ویستی ئێمەیە. بۆیە خۆبەستنەوەمان بەو شوناسە، بە خۆبەستنەوە دەزانین بەخەونی پاشەرۆژی جوانترەوە بۆ مرۆڤ بە گشتی. هەر لێرەوە بۆ ئەوەی هیوا بێهیوا نەبێت، دەبێت چەندە سیاسەتمەدارەکانمان لە خوڵقاندنی دزێویدا وەستابن، ئێمەش ئەوەندە لەخوڵقاندنی ئومێددا وەستابین، دیارە هیچ شتێکیش وەک (داهێنان) هیوا داناگیرسێت.

(ڕەهەند)یش پڕۆژەی خەونی ڕۆشنبیریی بەرینی کەسانێکە کە بە هیواوە چاویان بڕیوەتە ئاییندە، ئەگەر خەونی ئاییندە نەبێت، ئەوا دەبێت هەر زوو تەسلیمی ئەو هەقیقەتە کوشندانە بین کە دووبارەبوونەوەی خۆیان لە ناو پانتایی مێژووی کوردستاندا سەقامگیرکردووە و بێهوودەیی بەرهەمدەهێنن. بۆیە ئێمە خۆشحاڵین کە (ڕەهەند) لەناو گەمارۆی گرفتەکاندا و سەرباری هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی هاتنە بەردەمی، شوناسی خۆی بەم دنیای کولتورییە پرخەونە ناساند، ئەگەرچی لەسەر زەوییەکی بوومەلەرزاویش بووبێت.

لەدایکبوونی (ڕەهەند) بێگرفت نەبوو. هەرچییەبێت ئێمە نیگەرانین کە وەکو ئومێدەواربووین، (ڕەهەند) لەکاتی خۆیدا چاوی بە دنیا هەڵنەهێنا، دیارە ئەمەش بەدەر نیە لەپێشبینی ئەو کێشانەی کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەر پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی کوردی. چ لە کوردستان و چ لە تاراوگەدا، لەسەرووی هەمووشیانەوە گرفتی دارایی و بەچاپگەیاندن و کارە تەکنیکییەکان و بڵاوکردنەوە و ساغکردنەوە کە دیارە (ڕەهەند) سەرباری هەوڵی بەئەمەک و هاوکاری دڵسۆزانەی هەندێ لە ڕۆشنبیرانی تاراوگە، کێشە ناوبراوەکانی لە هەر بڵاوکراوەیەکی دی گەورەترن، چونکی (ڕەهەند) سەڕەڕای گرفتی تەنسیقی کارکردنەکانی لەگەڵ ناوەوەی وڵاتدا، پەرتەوازەیی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی لە تاراوگەشدا، کاری ڕاستەوخۆ زاڵبوونی بەسەر کۆسپەکاندا گرانترکرد و بۆیە هەر قۆناغێکی چاپ و ڕێکخستنی کەوتە ووڵاتێکەوە و بەجۆرێک کە (ڕەهەند) لە لە ئێستادا ئاوێنەیەکە و هەقیقەتی ژیانی کولتوریمان و ژیانی ڕۆشنبیران نیشاندەدات. دەشێت بگوترێت، ئێمە نەک تەنها خۆمان بەسەر مەنفاکاندا پەرشوبڵاوبووینەتەوە و بێنیشتمان ماینەوە. بەڵکو (ڕەهەند)یش بێنیشتمان لەدایکبوو، ئیدی لێرەوە هەڵەو کەموکورتییەکانیش سەرچاوەدەگرن. بۆیە (ڕەهەند)یش وێڕای هەوڵ و تەقەلای گەورە، بێبەرینەبوو لە بڕی هەڵەی چاپ و هەندێ ناڕێکی ڕێنووس و هەڵەی هونەری، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین کە خوێنەرانی گۆڤارەکەمان چەندە پابەندی ناوەڕۆکی گۆڤارەکەن، دەکرێ ئەوەندەش چاوەڕوانی لێبووردن و چاوپۆشییان لێبکەین؛ کە ئەمەش دەستکەوتیکی گەورەیە بۆ بەردەوامێتیمان، چ لە تاراوگە و چ لە کوردستان، ئەمەش پاش بەدەستهێنانی ئەو پێشوازییە دڵخۆشکەرەی بەتایبەت لەلایەن خوێنەرانی ناوەوەی کوردستانەوە لێیکرا.

ئەم ژمارەیەی (ڕەهەند)یش دەکرێت بە بەردەوامێتییەکی هەمان ڕەوتی ژمارەی پێشوو دابنرێت. جارێکی دی ئەم ژمارەیەمان بۆ بابەتی (شەڕی ناوخۆی کوردستان) تەرخانکرد، نەک بەتەنها لەبەرئەوەی کە لە ژمارەی یەکەمدا هەندێ لە بابەتەکان لەبەر هۆی نەبوونی جێگا و هەندێکی تریان لەبەر دواکەوتنیان لە کاتی خۆیدا، بڵاوکردنەوەیان کەوتە ئەم ژمارەیەوە. بەڵکو بەداخەوە لەکاتی دەرچوونی ژمارە یەکی گۆڤارەکە و خۆئامادەکردن بۆ ژمارەی دوو، شەڕی ناوخۆی کوردستان نەک هەر نەتوانرا بە ئاگربەستێتی بمێنێتەوە، بەڵکو گەورەبوونی ڕووبەری شەڕەکە هەڕەشەی گەورەتری بۆ کوردستان و ناوچەکە دروستکرد.

دیارە وەستان لەسەر ئەم دۆخە کارەساتاوییە و لێکۆڵینەوەی میکانیزمە ناوەکییەکانی کە بەو جۆرە فۆڕمی بە سیاسەتی کوردی بەخشی و، دەرئەنجامە سەختەکانی بۆ سەر مرۆڤ و کۆمەڵگا، جارێکی دی دەبنەوە بابەتی ئەم ژمارەیەمان و لە داهاتووشدا ڕاڤەکردن و مشتومڕی زانستییانەی زۆرتر و بەرفراوانتر لەخۆدەگرێت.

وا (ڕەهەند) ژمارەی دووەمی دەخاتە بەردەستی ئێوە… وەکو درێژکراوەیەکی ئومێد، وەکو بەشێک لە جەستەی ئەو هیوایانەی کە دەبێت پێکەوە هەوڵبدەین کە چیدی تەنها هیوا نەبن. بۆ بەردەوامی دان بەم پڕۆژە ڕۆشنبیریەشمان، خوازیاری کۆمەک و بەشداریتانین. 


ژمارە ٣، ٤

ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر

دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان ووریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)


ناواخن

تایبەت بە دەقی ئەدەبی

ھەڵوێستە ………. ن: دەستەی نووسەران                                

ئەگەر.. ئەگەر……  …. ن: بەرزان ھستیار                                    

وەرزە ئاڵەکانی عەدەم …… ن: جەمال غەمبار                                     

یەک پارچە شیعر……. ن: چۆمان ھەردی                                    

چڵەسێبەرێکی شکاو ……….. ن: دلاوەر قەرەداغی                                 

مێدیتاسیۆن …….   ن: ڕەفیق سابیر                                       

سێ کورتە فلیمی شیعر…….. ن: شێرکۆ بێکەس                                     

ئەفسووس من لە خۆرھەڵات نامرم……. ن: فاروق ڕەفیق                                  

با پەپوولەپیرەکان ئاسوودەکەین…… ن: مەریوان وریا

قارچکە ترسنۆکەکانی جەنگەڵ!!! …….. ن: ھیوا قادر                                            

لەمدیو جەستەدا، گەڕیدەیەک… ….. ن: ھەندرێن                                             

وڵاتی پەیکەرەکان …… ن: ئارام کاکەی فەلاح                                

تەمەن لە ژوورە سپیەکاندا ……. ن: ڕێبوار حەمەڕەحیم                              

خەونەکەی خاحەجێ……. ن: ڕێبوار سیوەیلی                                   

چەقۆ و ئەتک و بێگوناھ ……… ن: ڕێبین ھەردی                                     

مارلین …….. ن: شێرزاد حەسەن                                  

کرمەکان ……. ن:عەبدولڵا سەڕاج                                  

مردنی سەربازە ھەڵھاتووەکە… …… ن: عەتا محمد                                          

باوکم …………. ن: فاروق ھۆمەر                                     

ھاوینی ساڵی١٣٦٦ ……… ن: کامەران                                           

ئازادییە چکۆلانەکان…….. ن: گۆران بابەعەلی                                 

لاشئالین …….. ن: عەبدوڵا ڕەحیم و ھیوا قادر                     

ئاڵا ڕەشەکان……… ن: دانا ڕەووف                                      

ئاوێنە بچکۆلانەکان……… ڕەھەند              

        


ھەڵوێستە

سێ بەشی ئەمساڵیش تێپەری و ھێشتا دنیای ئێمە نووقمی گێژاوی ناکۆکی ناوەکی و شەڕی خوێناوییە. تا ئێستاش سیاسەتمەدارانی کورد بێباکانە تفەنگ بەسەر دڵی کوردستانەوە دەنێن و گەمە بە خوێنی خەڵک و بە خوێنی نیشتیمان دەکەن. وا خەریکە ساڵێکی دیکە لە تەمەنی مێژوومان ڕەتدەبێت وبێ ئەوەی مژدەیەکمان پێ بێت بۆ سبەینێ. ھەرگیز مێژووی ئێمە بەقەد ئەم ساتەی ئێستامان بێ مژدە نەبووە. ئاخر مژدە لە جیھانبینییەکی یۆتۆپیەوە دروستدەبێت، کە لەسەرێکەوە باوەشێکی توندی بە ژیاندا کردبێ و دەستی لەسەر نەبزی لێدانەکانی دڵی مێژوو بێت، لەسەرێکی دیکەشەوە ئاوێزانبێت بەو خەونانەی دەکەونە ئەودیووی سنوورەکانی ئێستاوە، ئاوێزان بە ئایندەیەک کە لە ئێستادا وەک مەحاڵ دەردەکەوێ تا ھەر ئەگەرێکی مێژوویی دیکە.

   ئەو مێژووەی بێ یۆتۆپیا بژی مێژوویەکە کەمخوێن، مێژوویەکە بێ ئەگەر و بێ ھیچ گرەوێکی ئایندەیی. مێژوویەک سەرخۆش بە گرفتەکانی خۆی، چەقیو لەناو ئەو ساتەوەختەدا کە سەرچاوەی ھەموو کارەساتەکانیەتی. مێژوویەکە دژی ژیان و لەپێش ھەمووشیانەوە دژی ئەو ناوانەی کە دەشێ لە ھەمووان بە ژیان نزیکترن. بە نەوە ھەرە نووێیەکان.

   دیارە ھەر مێژوویەک بیەوێ بژی دەبێت لانی کەم کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی خەونی ھەبێت. چونکە لێکدی ئاڵانی مێژوو خەونە ئەو ووزە ناوەکیە دەبەخشێتە میلەتێک بیەوێت ئایندە بباتەوە. بەبێ ئەم لێکدی ئاڵانە ھەموو مژدەیەک مەحاڵە، کە مژدەش نەما ئیدی خودی ژیان خۆی دەبێتە بار بەسەر ئینسانەکانەوە و وەک ھەرشتێکی بێ بایەخ ھیچ حورمەتێکی نامێنێ. بۆیە ئێمە چەند پێ لەسەر بەعەقڵانیکردنی دنیای کورد دادەگرین و بە بەردی بناغەی ھەموو پرۆژەیەکی ئایندەیی دەزانین، بەھەمان ئەندازەش خۆمان بە خەوناویکردنی ئەو دنیایەوە دەبەستینەوە کە دوژمنان بەر لە کوشتنی ئینسانەکانی پیلان بۆ کوشتنی خەونەکانی دادەنێن و یۆتۆپیاکانی وێراندەکەن.

وەک ئاشکرایە بەبێ ھەستکردن و دەرککردنێکی قووڵ بە مێژوو؛ ھەم ھەستکردن بە قەیران و گرفتە سەختەکانی، ھەم بە ئەگەرە نادیار بەڵام عەقڵانیەکانی، قسەکردن نەک لە یۆتۆپیا بەڵکو لە ئایدێۆلۆژیایەکیش کە توانای خوێندنەوەی لانی کەمی دنیای ھەبێت، مەحاڵە. ئەمرۆ لە سایەی حیزبە کوردیەکاندا ھیچ ھەستێکی ڕادیکاڵ بە مێژوو لەئارادانییە و مێژووی ئێمە لە دەرەوەی جڵەوی عەقڵ و چاودێری ویژداندا دەجوڵێت، بۆیە لەم ساتەدا نە یۆتۆپیایەک ھەیە بۆ ئومێد و، نە ئایدیۆلۆژیایەک بۆ کۆکردنەوە و گرێدانی ئینسانەکان بەیەکەوە. لە غیابی ئەم دووانەشدا ئینسانی ئێمە مێژوویەک دەژی نابیناو کوێر، مێژوویەک لە دەرەوەی ھێزی گرێدەری ئایدێۆلۆژیادا و دابڕاو لە ھێزی تێپەرێنەری یۆتۆپیا، مێژوویەکی پارچەپارچە و بێئاڕاستە و دابڕاو.

   ئەوەی لە کوردستانی ئێمەدا ڕوودەدات بەپلەی یەکەم تێرۆرکردنێکی ڕۆحی و ھەتیووخستنێکی کۆمەڵایەتی ئەو نەوە نوێیەیە ئەمرۆ لە کوردستاندا بێ ھیچ تێز و تیۆرەیەک، کە بتوانێت لانی کەمی پرسیارە ڕۆحی و حەیاتیەکانی وەڵامبداتەوە و پەنجەرەیەکی بە ڕووی ئایندەدا بۆ بکاتەوە، بەجێھێڵراوە.

   ئێمە لەسەر لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارەوە دەمانەوێ سەرنجی ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و نووسەرانی کوردستان بۆ ئەو نەوەیە ڕاکێشین، ئەمرۆکە لە کوردستاندا سەرەتاکانی تەمەنیان لە غیابی ئەو زادە فیکری و ڕۆحیەدا بەسەردەبەن کە نەوەکانی بەر لە خۆیان لەبەردەستیاندا بووە. ئەو زادە ڕۆحیەی کە نەخشێنەری پێکھاتەی دەروونی و کۆی ئامادەییە ئایندەییەکانی ئینسانە. ئەم نەوەیە نەوەیەکە لەپاڵ جەنگا گەورەبووە. لە سەرەتای ھەشتاکاندا بە جەنگی خوێناوی بەعسیزمی عێراقی چاویدەکاتەوە و لە جەنگی کورد دژی کوردا ووشیاری بەڕووی دنیادا دەکرێتەوە. نەوەیەک کە کەس لە ئێمە لەم ساتەی ئێستادا نازانێ چۆن بیردەکاتەوە و چ ئازارێ دەژی و چ پرسیارێکی ڕۆحی و حەیاتی بێ وەڵامیشی لەلایە.

   وەک ئاشکراشە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا خیانەتێکی گەورە لە ژیانی زۆربەی ھەرە زۆری ئەو نەوەیە کراوە، مناڵانی ئەو نەوەیە لە پازدەساڵیەوە بوونە شوێن سەرنجی پارتە کوردییەکان بۆ کردنیان بە میلیشیایەکی تووندڕەو و گلاندنیان لە شەڕێکەوە کە بەر لە ھەموو شتێک ئاگر لە ئایندەی ئەو نەوەیە بەردەدات تا ئایندەی ھەرکەسێکی دی. مناڵانێ لەپاڵ تفەنگە ھەڵەکان و تەقە ھەڵەکان و پلانە ھەڵەکاندا گەورەبوون.

لە لایەکی دیکەوە ئەم نەوەیە ھاتۆتە سەر تەرمی ھەموو شتە پیرۆزەکان، سەر ئەو کەلاوە ڕۆحییەی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا یەکەبەیەکەی ئەو سومبولە پیرۆزانەی تیا بێبایەخکرا کە نەوەکانی بەر لە ئێمە بەسەدان ساڵ خەبات و گیانفیدایی بۆ ئێمەیان بەجێھێشتبوو. ئەم وێرانە ڕۆحیە بەپلەی یەکەم لە ڕۆحی ئەو نەوەیەوە ئاڵاوە، نەوەیەک بێ ھیچ سوومبولێک ھێزێکی مەعنەوی لێ وەرگرێ و، بێ ھیچ پرنسیپێک لە پاڵیدا مانایەک بە ژیانی بدات. نەوەیەک تەمەنی کورد خۆی بە ناو دوو جەنگا تێپەراندوە و بێ مناڵی و لەوێشەوە بێ خەیاڵ ھاتۆتە ناو ئەم ئەستێرەیەوە.

   بەڵام داخۆ ئێمە بەرامبەر ئەم ھەرەسە ڕۆحی و مەعنەویە کە سیاسەت و سیاسیەکان خولقێنەری ھەرەسەرەکیین، دەکرێ چیبکەین و دەشێ چ وەڵامێکمان ھەبێت؟ چۆن لە نوێ ئەو باڵەخانە ڕووخاوە بنیادبنێینەوە؟ چۆن بتوانین لانی کەم مناڵی وەک جیھانبینییەک ڕزگارکەین؟

وەڵامی ئێمە ئەمەیە: بە یۆتۆپیاکردنی واقیع و بە خەوناویکردنی مێژوو.

   بەڵام داخۆ یۆتۆپیا چی دەیخولقێنێ و ئەو ھێزە لە کێوە ھەڵدەقوڵێت کە پانتاییەکانی خەیاڵ بە قەبارەی گەردوون دەکاتەوەو ژیان دەگۆرێتە سەر ھوروژمێک لە خەونی بەردەوام؟

   بێگوومان زۆرن ئەو ھۆکارانەی یۆتۆپیا و خەون لە پاڵیاندا لەدایکدەبن و گەشەدەکەن. ئێمە لێرەدا پێ لەسەر یەکێکیان دادەگرین و ئەم ژمارەیەی ڕەھەندیشی بۆ تەرخاندەکەین، ئەویش ئەدەبە، ھیوادارین بەم کارەش ھەنگاوێک لە ئومێد نزیکبینەوە و پەنجەرەیەکمان لەم تاریکستانە کردبێتەوە. بەڵام دیارە لە دنیای ئێمەداتێگەیشتنی جیاواز و دژبەیەک بۆ ئەدەب و ڕۆڵی ئەدەب ھەیە. ئێمە لێرەدا ھەوڵدەدەین لەسەر دووان لەو تێگەیشتنانە ڕاوەستین.

   تێگەیشتنی یەکەمیان تێگەیشتنێکە پێی وایە ئەدەب لەجەوھەردا دروستکردنەوەیەکی داھێنەرانەی دنیایە، کە تێیداکاری سەرەکی بەپیرەوەچونێکی ڕۆحیانەی ئینسان و کۆمەککردنێکی لەبن نەھاتوی ژیان و فراوانکردنی سنوورەکانی ڕوانینە. ئەمەش مانای ئەوەی ھەم ڕازی نەبوون بەوەی لە ئێستادا باڵادەستە و بونیادی باوی سەروەرکردوەو، ھەم بە مانای پەلھاویشتن و پەلاماردانی خەونئامێزانەی ئایندە. لەم پرۆسەیەشدا ئینسان خۆی دەبێتە یەکەمین و دواھەمین ئامانجی ئەدەب و ئەو زەمینە ڕۆحیەشی بۆ فەراھامدەکرێت کە بەردەوام دەیکاتە بکەری یەکەمین و ئامادەی ناو مێژوو. بەم مانایە ئەدەب دەبێتە پانتایی ئەو جەنگەی تێیدا بەگژ ھەموو ئەو ھێزانەدا دەچێتەوە کە دژ بەئینسان و دنیا ڕۆحی و فانتازیەکەی ئەون.

   لە کاتێکدا بەدەیان ھێز لە ئارادان کە دەخوازن خەیاڵی ئینسان ڕامکەن و خودی ئینسان ڕووتکەنەوە لە ھەموو ڕەھەندێکی ئایندەی و لە ھەموو فانتازیایەکی بەرھەمھێن ، ئالەو کاتەدا ئەدەب دێت بۆ بەرگری لە ئینسان و کردنەوەی دواھەمین ئاسۆکانی خەیاڵی و ڕەھاکردنی ھێزەکانی خەونبینین لە دیدیدا. کە ژیان ناشرین دەکرێت و بایەخەکانی دەکوژرێت، ئەدەب دێت تا ژیان جوانبکات و ھەستی خۆشویستنی ئەومان لەلا بەھێزبکات. ژیان بەمانای ئەو گەمە خۆش و ئازاراویەی ڕەنگڕێژە بە دەیان سومبول و ئایدیا و پرنسیپی مەزن، بە مانای ئەو سەرزەمینی ئیشراق و تاریکیەی پڕیەتی لە مژدە و کۆست. داگیرسان و کوژاندنەوە، ھەستان و نووچدانەوە. بەکورتی خۆشویستنی ژیان ھەم لە ڕووە کەرنەڤاڵی و ئاھەنگسازیەکەیدا ھەم لە ڕووە تراژیدی و تاریکەکەیدا. ئاخر ژیان گشتیەتیەکی گەورەیە و کەس مافی پارچەپارچەکردنی نییە.

بێگومان ژیان ئەو گەمەیەیە کە بەردەوام پێویستی بە جێگۆڕکێ و نوێکردنەوەی داھێنەرانە ھەیە. لەھەناوی ئەمگەمەیەشدا ھەمیشە ئەو ھێزە داھێنەرانە ئامادەن کە بەر بەوە دەگرن ژیان تاڵبکرێت و ئینسان نەتوانێ بەرگەی نەفرەتەکانی بگرێت. ئەم ھێزە ھێزێکە ژیان خۆی دروستیدەکات و بەردەوام بەرھەمیشیدەھێنێتەوە. کەواتە داھێنان خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان و سەفەرێکە بەناو ئەگەرەکانی بووندا. بەزاندنی بەردەوامی سنوورەکان و پەلکێشکردنی ئینسانە بۆ سەر ئەو ڕێگایانەی تا ئێستا تەینەکردوون. ئەگەر ژیان خۆی ڕیسکێکی گەورەبێت، ئەدەب ئەو حیکمەتەیە کە فێرماندەکات بەردەوام بەناو ئەو ڕیسکانەدا تێپەڕین و ئازایانە لەبەگژاچوونەوەیەکی بەردەوامدا بین. ھەڵبەتە ئازایەتی و بەگژاچوونەوە دەبێتە کارێکی بێمانا ئەگەر لە پشتیەوە ھێزێکی داھێنەر یاخیبوونەکانی ئینسان ئۆرگانیزە و ئاڕاستەنەکات. لەھەمانکاتیشدا بە ڕاڕەوی خواستەکانی ژیان و ڕێزلێنان لە بەھاکانی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە  بە سەروەریکردنی ئینساندا تێنەپەڕێت. مەبەست لە ئازایەتی بەگژاچوونەوەی ھەموو ڕووشاندنێکی لایەنە جوان و ڕووناکەکانی ژیان و ھەڵوەشاندەوە و ھەپروون بەھەپروونکردنی ڕووە دزێو و ناشرینەکانیەتی. دیارە لەناو پرۆسەیەکی گەورەی سەرلەنوێ بنیادنانەوە و تازەکردنەوەی ڕەھەندە جیاجیاکانی بوون و خوڵقاندنی فۆرمە لە کۆتایی نەھاتوەکانی ژیاندا.

      بێگومان ئەدەب بەپلەی یەکەم گەمەی ئەفسوناوی ئینسانە لەگەڵ زماندا و لەوێشەوە لەگەڵ مانادا. دیارە زمان بەو مانایەی ڤینگنشتاین دەڵێت: سنووری زمانی ھەرکەسێ سنووری ئەو دنیایەیە کە تێیدا دەژی. لێرەوە چەندە سنوورەکانی زمان فراوانبێت بەھەمان ئەندازەش سنووری ئەو دنیایەش فراواندەبێت کە ئینسان تێیدا دەژی. بەم مانایە ئەدەب چالاکییەکە دەخوازێت بەردەوام سنورەکانی زمان بەرفراوانبکات و لەوێشەوە ئینسان لەوە ڕزگارکات لەناو کۆمەڵێ توانای دیاریکراوی ماناو کۆمەڵێ ئەگەری سنوورداردا گیربخوات. ئەدەب دەبێتە تەقاندنەوەیەکی بەردەوامی ئەگەرەکانی زمان و ھەر لەوێشەوە ئەگەرەکانی بوون. ئاخر بوون خۆی چییە جگە لە میوانێک لە ماڵی زماندا. کەوابوو ئەدەب بەپلەی یەکەم پەلاماربردنە سەر زمان و بەگژاچونەوەی زیندانەکانی زمان، یان وەک پارت دەڵێ فاشیەتێ زمانە.

   بێگومان بەگژاچوونەوەش دەبێتە جنێوێکی گەورە بەژیان و بەھێزە چالاکەکانی ناوی گەر لەپشتیەوە ڕۆحێکی ژیاندۆست و ئینساندۆست لەئارادانەبێت. چونکە دەشێ جۆرێ لەبەگژاچوونەوە ھەبێت کە نەفرەت لە ژیان و لە کینە لە ئینسانەوە سەرچاوەیان ھەڵگرتبێت. بەگژاچونەوەیەک کە تەعبیر لە کۆمەڵی گرێی سایکۆلۆجی بکات تا ھەر ھەڵوێستێکی جیدی و تەندروست لەبەردەم ژیاندا.

لە دنیای کەلتووری و عەقڵیەتی ئەدەبی ئێمەدابۆچوونێکی دیکە بۆ ئەدەب لەئارادایە کە تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە و ڕۆژگارێکی درێژیش تاقە بۆچوونی سەروەر و باڵادەست بوو. ئەم بۆچوونە پێی وایە ئەدەب ئامرازێکە بۆ تەعبیر لە ئایدێۆلۆژیایەکی دیاریکراو و دەبێ ملکەچبێت بۆ بەرنامە و نەخشەی سیاسی ئەو ئایدێۆلۆژیایە. دنیای کەلتووری ئێمە لە بیست ساڵی ڕابووردوودا سیخناخبوو بەم بۆچوونە سەقەت و نامۆیە بە داھێنان و لە سەرووی ھەمووشیانەوە بە دنیای ئەدەب. ئەم تێزە کاریکاتۆریە وەک  سیستەمێکی ڕەقابەی گشتگیر بەری بە ھەموو ھەوڵدانێک دەگرت نیازی پێشکەشکردنی دیدێکی دیکەی بۆ ئەدەب و بۆ داھێنان ھەبوایە. ھەموو ئەمانەش لە ڕێی دەیان میکانیزمی کۆنترۆڵی جیاجیاوە کە ھەرە دیارەکەیان و ھەرە باوەکەیان ناووناتۆرە دۆزینەوە و بوختان بۆ ھەڵبەستنە تا دەگاتە ھێرش و پەلاماری جەستەییش.

   ئەم تێزە کاریکاتۆرییە بەردەوام دەیەوێ ڕازیمانکات بەو پێناسە ھەڵەیەی کە ئەدەب جگە لەئاوێنەیەک کە واقیع لەناویدا بێئومێدانە لە خۆی ڕادەمێنێ شتێکی دیکە نییە. زۆرن ئەو ووتار و کتێبۆچکە و غەڵبەغەڵبانەی ھەڵگری ئەم وێرانە فیکری و تێزە مردوەن و لە بیست ساڵی ڕابووردودا، تا ئێستاش، ئەدەبی ئێمە و دنیای فانتازی کوردیان تووشی کەمخوێنی و ئیفلیجی کردووە و بەردەوامیش دەیکەن. زۆرن ئەو عەقڵە گرگنانەی بە شێوازی جیاواز لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا ژەھرێ دەڕێژن کە جوانی ژیان و گەورەیی داھێنان لە قوربانییە ھەرە سەرەکییەکانین، بێگومان خۆشیان جگە لە غەڵبەغەڵبێکی بێمانا شتێکی دیکە نین و ھەر لەسەرەتاوە بە نەزۆکی ھاتونەتە ناو ئەم ئەستێرەیە و لە ئێستاشدا شتێکی دیکەیان لێ چاوەڕوان ناکرێت جگە لە کوشتنی داھێنان.

   بێگومان ئەو بۆچوونە بۆ ئەدەب بە پلەی یەکەم پیادەکردنێکی ھەمەلایەنەی پرۆسەی کۆڵۆنیالیزەکردنی خەیاڵی ئینسانی کورد و تاڵانکردنی دنیا ڕۆحی و سومبولەکەیەتی. ئەمەش لە جەوھەردا درێژکراوەی ھەمان پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنی سەر زەمین و نیشتیمانی ئێمەیە. بێگومان کۆلۆنیالیزەکردنی خەیاڵ مانای چکۆلەکردنەوە و بێبایەخکردنی ئینسانی کورد و بەندکردنی لەناو نەخشە تەسک و سادەکانی لۆژیکێکی دیاریکراو و بەرتەسکدا. ھەموو ئەمانەش بەناوی ھەڵوێست و قازانجی جەماوەر و شۆڕش و چەوساوە و کرێکار و زەحمەتکێش و دەیان موزەیەدە و داستانی دیکەی لەم بابەتەوە.

   ئەو پرسیارەی بکرێت لێرەدا کەمەکێ ڕامانگرێت و پێویستبێت سەرنجێکی خێرای بدەین ئەوەیە داخۆ سرووشتی ئەو ھێزە چییە لەپشتی ئەم بۆچوونەوە وەستاوە؟ ئایە ئەم ھێزە ھێزێکی داھێنەر و ژیان دۆستە یاخود ھێزێکە بارە بەسەر ژیان و ئینسانی کوردەوە بەگشتی و کایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریمان بەتایبەتی؟

بیست ساڵی ڕابووردوی بەرھەمی ھەڵگرانی ئەم دیدە نەخۆشە شایەتی ئەوەن کە ئەم ھێزە نەک ھێزێکی نا داھێنەر و تەسکبین و تەنانەت نابینایە، بەڵکو ھێزێکە ترساو لە ھەموو داھێنانێک و لێورێژە لە بوغز و لە نەرجسیەتێکی نەخۆش. بونیادی سایکۆلۆژی ئەم ھێزە ئەوەمان پێدەڵێت کە ھێزێکی نەخۆشە و جگە لە بڵاوکردنەوەی گرێ دەروونیەکانی خۆی و فرۆشتنیان بەناوی ئەدەب و ڕەخنەوە شتێکی دیکە نییە. ئەم ھێزە بەر لە ھەموو شتێ دژ بەو دەنگە نوێیانەیە کە مژدەیان پێیە، مژدەی تازەکردنەوەی سەرزەمینی ئەدەب و لەنوێ بنیادنانەوە و دەوڵەمەندکردنی خەیاڵ و فیکری ئینسانی ئێمە. دژ بەو نەوەیەی ھەموو تواناو تەقەلای خۆی بۆ شکاندنی ئەو پرۆسەی کۆڵۆنیالیزەکردنەی لەسەرەوە باسمانکرد تەرخانکردووە. دژ بەو نەوەیەی خوازیاری دەوڵەمەندکردنی فەرھەنگی کوردییە بەدەیان چەمک و زاراوە و بۆچوونی نوێ و ھەوڵی سەرسەختانە دەدات بۆ کردنەوەی سنوورە داخراوەکانی ئەم فەرھەنگە.

   ئەم ھێزە چونکە توانای ناسینی شێوە جیاجیاکانی فیکر و مەعریفەی نییە و لە جەھلێکی قووڵ و بەرفراواندا دەژی دواجار ھەموو ھەوڵە جدییەکان و ھەموو مەنھەجەکان لەژێر چەند ناونیشانێکا کورتدەکاتەوە. ڕۆژێک ناویاندەنێت وجودیەتبو ڕۆژێکی دی بونیەویەت. ئەمەش بێگومان بێ ئەوەی سەر لەھیچ یەکێ لەمانە و لە ھیچ قوتابخانە و مەنھەجێکی فیکری دیکەش دەربکات. ئەم ھێزە کە لەسەر ئیمپراتۆریەتێک لە جەھل دروستبووە ناتوانێت لەگەڵ تێزە فیکریەکاندا بدوێت بۆیە ناچار دەکەوێتە ھەڵبەستنی بوختان و گۆڕەپانی باسەکان دەگوێزێتەوە بۆ ناو کایەی درۆھەڵبەستن و جنێوفرۆشی، کایەیەکە ئەو بەشێکی زۆری تەمەنی خۆیی تێدا سەرفکردوە و خاوەنی ئەزمونێکی گەورەیە تێیدا. کایەیەک کە ئێمە نامانەوێ لێی نزیکبینەوە و بە شوێنی کاری خۆمان و کاری ھیچ ڕۆشنبیرێکی دیکەشی نازانین.

   ئەم ژمارەیەی ڕەیەوێ بەگژ ئەو تاریکستانەدا بچێت و دەیەوێ ئەو شەبەقانە گەورەبکات کە ڕۆحە چالاکەکانی دنیای ئەدەبی ئێمە لە دیواری ئەستووری جەھل و تەقلیدیەتدا دروستیانکردووە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕەھەند ئەمجارە لاپەرەکانی خۆی دەکاتە پانۆرامای چوار جیلی جیاواز ی ئەدەبی کوردی و دەیەوێ ئەم دەنگانە لەسەر یەک خوان کۆکاتەوە کە خوانی داھێنانە. خوانی بەخشینی ووزەیەک بە خەیاڵ و یاداوەری ئینسانی کورد و دەوڵەمەندکردنی توانا تەعبیرییەکانی زمانی کوردی.

   ئەم ژمارەیە بەپلەی یەکەم چاوی لەو نەوە خەیاڵ تێرۆرکراوەیە کە لە سەرەتای ئەم نووسینەدا ھێمامان پێکرد و ھەوڵێکە بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی ئەو تێرۆرە. ھیوادارین توانیبێتمان لانی کەمی ئەم ئەرکەمان وەدیھێنابێت.  ھەر لێرەشد ئێمە خوێنەرانی ڕەھەند لەوە دڵنیادەکەینەوە کە کۆششی بەردەوام دەکەین بۆ بەردەوامی پرۆژەکەمان و درێژە بە شەڕێکی ڕۆشنبیری دەدەین کە بتوانێت ڕۆشنبیری کوردی بە قۆناغێکی نوێ بگەیەنێت. قۆناغێکی دەوڵەمەندتر، ھەمەلایەنتر و شێلگیرتر.

دەستەی نووسەران


ژمارە ٥

ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر

دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)


ناواخن

ھەڵوێستە ………… دەستەی نووسەران                      

یەکگرتن یان جیاوازبوون ………… ن: مەریوان وریا قانع                       

ئیمپراتۆریەتی وەھم ……… ن: بەختیار عەلی                            

دەسەڵات و بەرگری………… ن: فاروق ڕەفیق                             

نیشانەکانی وابەستەبوون و گەڕان لە کۆدەکانی دیالۆگ ……. ن: ھەندرێن                                  

چۆن لە ناوەڕۆکی مرۆڤ بگەین؟……. ن: د. محەمەد کەمال                      

باوکی کورد لە نێوان کوشتن و زیندووبوونەوەدا…… ن: ڕێبین ھەردی                          

حەساری نەمر و باوکی پیرۆز …… ن: بەرزان فەرەج                         

یەکەمین ڕۆشنبیر ……  و: ھەڵکەوت عەبدوڵا                 

مرۆڤ بوونەوەرێکی ووشەدارە ……. ن: ئاراس فەتاح                           

پەنابەرانی کڵێسا……….. ن: گۆران بابا عەلی                       

ئەو پیاوەی لە تووڕەبووندا جوانە؛ گفتوگۆیەک لەگەڵ شێرزاد حەسەندا ….. ھیوا قادر 

ئاوێنە بچکۆلەکان…….. چەند نووسەرێک          

           


ھەڵوێستە

لەچەند ھەفتەی ڕابردوودا مەسەلەی سەرھەڵگرتن و ھەڵاتنی کورد بۆ ئەوروپا باسی سەرەکی دەزگاکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و سەردێڕی ڕۆژنامەکان بوون لە ئەوروپا. ناونیشانی لەبابەتی ‘ھێرشی کورد بۆ ئەوروپا’، ‘لافاوی پەناھەندی کورد ئەوروپا دەبات’ ‘ئەوروپا دەبێت سنوورەکانی خۆی بەڕووی کوردا دابخات’ و، چەندان ناونیشانی دیکەی لەم بابەتە ڕۆژانە لە سەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە باناوبانگەکانی ئەوروپادا دەبینران. لە تەلەفیزیۆنەکانیشدا وێنەی ئەو ژن و منداڵ و گەنجانە پیشاندەدرا کە ماندووبوون و ترس و سەرما بەسەر ئەو جەستە تەڕانەیانەوە بوو کە پۆلیسەکانی سەر سنوور لەکاتی گونجاودا و پێش نووقمبوونیان لە ئاوی کەناری دەریاکانی ئێتالیادا بە فریایان کەوتبوون.

   جگە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن خودی حکومەتە ئەوروپیەکانیش لەسەر کۆچ و سەرھەڵگرتنی کورد لە وڵاتی خۆیانەوە بەرەو ئەوروپا باس و خواستیان کرد. جگە لەمانەش ‘ئەوروپای یەکگرتوو’ یەکێ لەدانیشتنەکانی خۆی تەرخانکرد بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە.

   بە شێوەیەکی گشتی سەرجەمی باس و خواستەکانی ئەمجارە و سەرھەڵگرتنی ئەو پەناھەندانە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خراپ بوو. ھەڵوێستی ئیتالیای لێدەرچێت کە لە زمانی وەزیری کاروباری ناوخۆوە داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد کرد، ھەڵوێستی ھەموو وڵاتە ئەوروپیەکانی دیکەی ئەوروپا بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کوردێکی زۆری تیایە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای پەناھەندەی کورد و بێدەنگبوونبوو لە ئاستی کێشەکانی کوردا وەک نەتەوەیەک و ناسینی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی سیاسی. دەکرێ لێرەدا ھێما بە ھەڵوێستی حوکومەتی ئەڵمانی و ھۆڵەندی و فەڕەنسی بکەین کە ھەڵوێستێکی تا بڵێی نائینسانی بوو. ئیتالیا وەک دەرەنجامی ئەم بە سیاسی ناسینەی مەسەلەی کورد مافی ئەوەی بە پەناھەندە کوردەکان دا کە داوای پەناھەندەیی سیاسی لە ئیتالیا بکەن. بەڵام ئەڵمانیا و فەرەنسا و ھۆڵەندا بەئاشکرا ڕایانگەیاند کە دەبێت بەر بە ھاتنی ‘ئەم لێشاوە’ لە پەناھەندەی کورد بگیرێت و ئەم مەسەلەیە نەک وەک مەسەلەیەکی سیاسی تەماشانەکرێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە بوونی شەبەکەیەکی نێونەتەوەیی قاچاغەوە کە لە ڕێی گەیاندنی پەناھەندەی کوردەوە بۆ ئەوروپا پارەیەکی بێشوماریان دەستدەکەوێت. گواستنەوەی مەسەلەی پەناھەندەی کورد لە زەمینە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە، واتە لە بوونی کێشەیەکی سیاسی چارەسەرنەکراوەوە بۆ مەسەلەی گرێدانی بە بوونی شەبەکە و تۆڕی قاچاغی نێودەوڵەتیەوە، لەڕووی عەمەلیەوە مانای وەرنەگرتنی ئەو پەناھەندانە و پێناسەکردنیان وەک تاوانبار. ئەمەش مانای گواستنەوەی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەم پەناھەندانە لە نێو پەرلەمانەکانی ئەوروپا و وەزارەتەکانی دادپەروەری وئۆرگانەکانی مافی مرۆڤەوە بۆ دەستی ئۆرگانەکانی پۆلیس. بێگوومان بەم گواستنەوەیەش پەناھەندەی کورد لە کەسێکەوە، کە لەدەست کۆمەڵێ پشێوی سیاسی ھەڵاتووە، کراوە بە تاوانبارێک کە پەیڕەوی یاساکانی ئەو وڵاتەی نەکردووە: تاوانی بڕینی سنووری ئەو وڵاتانە بە قاچاغ.

دیاردەی کۆچی بە قاچاغ ڕووەو ئەوروپای ڕۆژئاوا دیاردەیەکی گشتیە و بەتەنیا کورد یان خەڵکی کوردستان و عێراقی نەگرتۆتەوە. بە دەیان و سەدان ئەفغانی،سریلانکی، ئەفریقی، زائیری، سۆماڵی، ئێرانی، چینی، سوری و ئەتیوپی ھتد… خەریکی ھەڵاتنن لە نیشتیمانی خۆیان ڕووە و ئەوروپای ڕۆژئاوا. تا ئێستا بەدەیان و سەدانیان لێھەڵاتوون و بە دەیانی دیکەش بەڕێوەن. جەنگی ناوخۆ، تێکشکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە مەرکەزییەکان، دروستبوونی دیکتاتۆری دیکە لەشوێنی دیکتاتۆرە کۆنەکان، فەندەمێنتالیزمی ئاینی و ناسیۆنالیستی، برسیەتی و ھەژاری بە کورتی بێ حورمەتیکردن بەرامبەر بە ژیان و نەبوونی ھیچ ڕۆشناییەکی ئایندەیی لە ھۆکارە ھەرە سەرەکیەکانی ئەم کۆچەن. بەڵام بێگوومان ئەمانەی ناومانبردن ھەموو ئەو ھۆکارانەنیین کە پاڵ بەژمارەیەکی گەورەی خەڵکەوە دەنێن بۆ ھەڵاتن. ڕەنگە یەکێ لە گرنگترین ھۆکارەکانی ڕاکردن، بێگومان لەپاڵ ئەو ھۆیانەی سەرەوەدا کەباسمان کرد، سیحری ئەو وێنەیە بێت کە ڕۆژئاوا بەدەرەوەی خۆی دەدات، وێنەی بەھەشتێکی پڕ لەزەت کە لەیەککاتدا ڕووی دەمی لە ھەموو غەریزە و ویستەکانی ئینسانە، وێنەی سەرزەمینی بەدیھێنانی ھەموو ئارەزوەکان.

   ئەوەی لەناو ئەم ماراسۆنی ھەڵاتنەدا شوێنی سەرنجی ئێمەیە کۆچی بەکۆمەڵی کوردە، بەتایبەتی کوردی کوردستنی عێراق. ئەوەی ئەم کۆچە لە کۆچەکانی دیکە جیادەکاتەوە ھەڵاتنی بەکۆمەڵی خەڵکە لەسەرزەمینێکی ئازادکراو، سەرزەمینێک لەژێر دەسەڵاتی ئەو حیزب و سیاسیە کوردیانەدا کەڕۆژگارێکی درێژە قسەکەری یەکەمینن بەناوی کورد و مەسەلەی کورد و قازانجە نەتەوەییەکانی کوردەوە. بۆیە ئەوەی ئەم کۆچکردنە بەکۆمەڵە وەک یەکەمین پرسیار دەیخاتەوە ڕادەی ڕەوایەتی ئەو نوێنەرایەتیکردنەی حیزبە کوردستانیەکانە بۆ ئەو مەسەلەیەی ناوی مەسەلەی کوردە و بۆ قسەکردن بە ناوی ئەو نەتەوەوە کە ناوی نەتەوەی کوردە. ھەڵاتن لە کوردستان چەند پەیوەندی بەو مژدە بەھەشتیانەوە ھەیە کە ڕۆژئاوا وەک بەھەشتێکی ئایدێۆلۆژی و بێگومان وەھمی نیشانەی دەرەوەی خۆی دەدات، بەھەمان ئەندازەش وابەستەی ئەو جەھەنەمە خوێناوییەیە کە ھێزە سیاسیەکوردییەکان لە ھەموو قوژبنێکی کوردستاندا دروستیانکردووە. لێرەوە ئینسانی ئێمە لە کاتێکدا کە دەستخەڕۆی وێنە وەھمیە بەھەشتەیەکانی ڕۆژئاوایە لەھەمانکاتدا قوربانیی ئەو بێ حورمەتکردنەی ژیانە کە لە ڕەوشت و کار و کردەوەی سیاسیە کوردەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. کۆچی کورد بۆ ئەوروپا چەندە ئەو ڕووە نائینسانیەی ئەوروپای ئەم ساتەوەختەمان نیشاندەدات و چەندە خەتی ئەو خیانەتە گەورەیەمان بۆ ئاشکرادەکات کە ئەوروپا لە پرنسیپ و سەرەتاگە ئینسانیەکنی خۆی دەیکات، مەبەستمان خیانەتە لە مافەکانی مرۆڤ کە خودی ئەوروپا بەرھەمھێنەریەتی، بەھەمان ئەندازەش وابەستەی ئەو ڕاستیە کە میللەتێک لە ئازادی خۆی ڕادەکات. ئەڵبەتە ئێرە شوێنی قوڵترکردنەوەی ئەم بۆچوونە نییە، بەڵام دەکرێ وەک سەرەتایەک بڵێین لە نیشتیمانێکدا کە خۆی خۆی وێرانبکات و خۆی خەونەکانی خۆی و ئایندە و ڕابوردووی خۆی بێبایەخبکات، ھیچ مانایەک نەک بۆ ئازادی بەڵکو بۆ خودی ژیان خۆشی نامێنێتەوە. بەمانایەکی دیکە خەڵکی کوردستان بەتەنیا لە دەستی کێشەیەکی سیاسی، بەتەنیا لەدەستی ئەو سیاسیە کوردانە ڕاناکەن کە کوردستان تەنیا وەک چەند نوقتەیەکی گومرک دبینن، بەڵکو لەو فۆرمە دیاریکراوی ژیانیش ڕادەکان کە لەدنیای ئێمەدا سەروەرکراوە. لە زیندگیەک کە بێ ھیچ ئاسۆیەک ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان بەرھەمدەھێنێت، لە دنیایەک ڕادەکەن کە تێکەڵێکی کوشندە لە ئاین و سیاسەت و دەیان میکانیزمی کەبت و سەرکوتکردن تەنانەت بچوکترین و شەخسیترین دەرکەوتەکانی کۆنترۆڵدەکەن. بەڵام ئەم ھەڵاتنە بە گەیشتن بە ڕۆژئاوا کۆتایی بە کارەساتەکان نایەنێت، چونکە لێرەش پەناھەندە، کورد و غەیرە کورد، ڕوویان بەو دەیان یاسا و ڕێکەوتننامە و پرنسیپانەدا دەتەقێتەوە کە ژیانی ئەو کەسە ھەڵاتوانە لە دۆزەخێکی دیکەدا نیشتەجێدەکات، دۆزەخی کەمپەکانی پەناھەندەیی و چاوەڕوانکردنی درێژوو تێکچوونی ھەموو ھاوسەنگیەکی ڕۆحی و سایکۆلۆژی. کەمنین ژمارەی ئەو پەناھەندانەی لەم دووساڵەی ڕابووردودا بەبەرچاوی ئەوروپیەکانەوە خۆیانکوشتوە، یاخود دواجار تووشی چەندان نەخۆشی سایکۆلۆژی و شێتبوون بوون.

مەسەلەی باسکردنی پەناھەندەی کورد وەک تاوانبارێک و داخستنی سنوورەکان بە ڕوویاندا مەسەلەیەکە لە ساڵی ڕابووردودا بەشێوەیەکی ئاشکرا بووە سیاسەتی ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە جاران بە ئاسانی پەناھەندەی کوردیان وەردەگرت، بەتایبەتی ئەڵمانیا و ھۆڵەندا. بەڵام دوای گەیشتنی کەشتیەکی پڕ لە پەناھەندە لە سەرەتای مانگی یەکی ئەم ساڵدا بۆ کەناری یەکێ لەبەندەرەکانی ئیتالیا، کەشتیەک کە لە تورکیاوە ھاتبوو نزیکەی ٨٥٠ پەناھەندەی کوردی عێراقی و کوردی تورکیای تێدا بوو، ئیدی کێشەکان بەتەواوی تەقینەوەو. زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان ترسی خۆیان بەرامبەر ‘ھێرشی’ پەناھەندەی کوردی دەربڕی. ھاوشان بەمەش کێشەیەکی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیا و ئیتالیادا دەستیپێکرد. وەزیری کاروباری ناوخۆی ئیتالیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی ئەوەی کرد کە کێشەی کورد دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوەو لەم ڕوەوە تورکیای بەوە تاوانبارکرد کە سیاسەتی تەفروتوناکردنی کورد پیاددەکات. تورکیاش لەلای خۆیەوە ئیتالیای بەوە تاوانبارکرد کە مافی پەناھەندەی سیاسی بە خەڵکانێک دەدات کە لەدەست ھەلومەرجێکی ئابووری خراپ ڕایانکردوە نەک لەدەست چەوساندنەوەیەکی سیاسی. بەڵام کێشەی سەرەکی لێرەدا لەوەدابوو کە ئەم دەنگەی ئیتالیا وەک دەنگێکی تەنیا مایەوەو ھەڵوێستی وڵاتە ئەوروپیەکانی دیکە ئەم دەنگە ئیتالیەی خنکاند. بەڵام لەھەمانکاتدا لە بەشێکی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەوروپا باسێکی زۆر لەوە کرا کە گوایە تورکیا بەدەستی ئەنقەست ڕێ بەو ھەموو پەناھەندە کوردانە دەدات لە کەناری بەندەرەکانی تورکیاوە لە ڕێی ئیتالیاوە ڕوو لە ئەوروپا بکەن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئەوروپا دوای ئەوەی لە کۆبونەوەکانی ئەوروپەی یەکگرتودا بڕیاردرا تورکیا لە ئەوروپای یەکگرتوداوەرنەگیرێت. دەڵێین سەرەڕای ئەم تاوانبارکردنە ناڕەسمیەی تورکیا لە لایەن میدیای ئەوروپیەوە ھیچ وڵاتێکی ئەوروپی ھەوڵی نەدا بە شێوەیەکی ڕەسمی تورکیا بەم کارە تاوانباربکات لەھەمانکاتدا گیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی ھەوڵینەدا ئەم دەستپێشخەریەی ئیتالیا پەرە پێبداو لە ئاستی نێونەتەوەییدا لانیکەم کۆنفرانسێک بۆ مەسەلەی کورد بخرێتە جەدوەلی کاروباری ئەوروپای یەکگرتوەوە. بێگومان حیزبەکوردییە عێراقیەکان لە سەرانسەری ئەم کێشەیەدا ووشەیەکیان لەدەم نەھاتە دەرەوەو وەک ھەمیشەیان زۆر لەوە ئیفلیجتربوون بتوانن ئەو ھەوڵ و دەستپێشخەریە ئیجابیانە گەشەپێبدەن و ھەوڵدەن لەڕێیەوە ئاسۆکانی مەسەلەی کورد فراوانترکەن. ئەوەبوو بەپێچەوانەی ھەموو گەشەیەکی ئیجابی ئەم مەسەلەیەوە دەمەقاڵێیەکی سیاسی لەنێوان ئیتالیاو ئەڵمانیاشدا دروستبوو، ئەڵمانیا بە ئیتالیای ڕاگەیاند کە دەبێت زیاتر ھەوڵبدات سنورەکانی خۆی مەحکەمبکات و زیاتر کۆنترۆڵی ئەو بەندەرانە بکات کە پەناھەندەکان وەک دەروازەیەک بۆ ھاتنە ناو ئەوروپا بەکاری دەھێنن. ئەڵمانیا لەپاڵ ئەم ناڕەزایی دەربڕینەدا ھەوڵیداوە سنورەکانی خۆی بە تەواوی قایمبکات و چیدی ڕێنەدات کەس بچێتە ناو ئەڵمانیاو داوای پەناھەندەیی بکات زۆربەی زۆری ئەوانەشی کەدەگەنە ئەڵمانیا مامەڵەیەکی ھێجگار خراپیان لەگەڵدەکرێت بەوە ناچاردەکرێن بەرەو شوێنیدیکە سەرھەڵگرن. ھۆڵەنداو فەرەنسا و بەلچیکاش بەھەمان شێوەی ئەڵمانیا کەوتونەتە قایمکردنی سنورەکانی خۆیان و وەرنەگرتنی کورد وەک پەناھەندە.

    لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ساڵی پارەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتە ئەوروپیەکان دەسکارییەکی ڕادیکاڵ و ھەمەلایەنی یاسکانی وەرگرتنی پەناھەندەییان کردوە و بەجۆرێک قورسیانکردوە لەئێستادا زۆر بەدەگمەن کورد وەک پەناھەندەیەکی سیاسی قبوڵدەکرێت. ئەم قورسکردنە بە جۆرێکە یەکێ لە ڕۆژنامەکانی ھۆڵەندا نووسیبووی بۆ ئەوەی بڕوا بە چیرۆکی پەناھەندەیەک بکرێت دەبێت ئەو پەناھەندەیە سەری خۆی بە بڕاوی بخاتە بەردەستی وەزارەتی دادپەروەری و بڵێت قوربان ئەوەتا لە وڵاتی خۆم سەریانبڕیوم بۆیە داوای پەناھەندەیی دەکەم.

   لەکاتێکدا کە دەرگاکانی وەرگرتنی پەناھەندەیی دادەخرێت لەھەمانکاتدا ھەوڵێکی زۆردەدرێت بۆ ئەوەی کێشەی پەناھەندە ھەڵاتووەکان نەک وەک کێشەیەکی سیاسی بەڵکو وەک کێشەیەکی ئابووری تەماشابکرێت، ئەمەش مانای وەرنەگرتنی ئەو پەناھەندە ھەڵاتوانە و ئیحتیمالی گەڕاندنەوە و تەسلیمکردنەوەیان بەو وڵاتانەی لێوەوەی ھەڵاتوون. یاخود قبوڵکردنێکی کاتیان بەڵام بەبێ بوونی مافی ھێنانی کەس و کاریان بۆ ئەوروپا. لەکاتێکدا داواکردنی پەناھەندەیی بەو شێوەیە زەحمەتکراوە لەھەمانکاتدا ھەوڵێکی زۆر دراوە کە ڕای گشتی ئەوروپی وا مۆبیلیزەبکرێت کە پەناھەندەکان وەک دز و جەردە و تاوانبار تەماشابکرێن، باشترین نموونەی بەردەستیش ئەو قسانەبوو کە وەزیری دادپەروەری ھۆڵەندی دەربارەی پەناھەندەی کورد و عەرەبی عێراقی کردنی، ئەم خانمە ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری ئەو پەناھەندانەی لە عێراقەوە ھاتوون دز و جەردەن و لەگەڵ شەبەکاتی جەردەیی نێودەوڵەتیدا کاردەکەن.

بێگومان ھەڵاتنی پەناھەندە کوردەکان بۆ ئەوروپا ھەر لە سەرەتاوە ھەڵاتنێکی پڕ مەترسییە، بڕینی دەیان سنووری قاچاغ و ناوچەی تەنراو بە جەندرمە و پاسدار و پۆلیسەکانی سەر سنوور تا ئێستا بۆێە ھۆی کوشتنی دەیان پەناھەندە، چەندان پەناھەندەی دیکەش بەتایبەت ژن و مناڵ لە ئاوی دەریا جۆربەجۆرەکاندا خنکاون، چ لەنێوان تورکیا و یۆناندا یاخود لەنێوان تورکیا و کەناری بەندەرە ئەوروپیەکانی دیکەدا. بەپێی ئاماری زانراو تەنیا لە ساڵی ١٩٩٦دا ٣٠٠ سێسەد پەناھەندەی کورد لە دەریادا نوقمبوون و گیانی خۆیان لەدەستداوە. ئەمە سەرەڕای ڕووتکردنەوە ئازاردان و تەعەداکردنی بەردەوام لەو پەناھەندانەی دیکە کە ھێشتا لەیەکێ لەو وڵاتانەی دەرەوەی ئەوروپای ڕۆژئاوادان. جگەلەمەش شەڕی نێوان پەناھەندە کوردەکان لەناو خۆیاندا بەتایبەتی لە کەمپەکانی یۆنان و بازڕەكانی تورکیادا دیاردەیەکی ترسناکە و تا ئێستا چەندان کەس لەو شەڕانەدا کوژراون. ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ڕووداوەنەدا گیانیان لەدەستداوە بەتەواوی کۆبکرێتەوە ڕەنگە ھیچی لە ژمارەی ئەوانە کەمترنەبێت کە لەشەڕی ناوخۆدا کوژراون، لێرەوەیە کە دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە ببێتە بەشێکی داھاتووی ھەموو ئەوانەی بە مەسەلەی کوردەوە خەریکن، لەپێش ھەمووشیانەوە ڕۆشنبیران و کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. ئەم مردنە شاراوەیە مردنێکە کە دەبێت لاپەڕە نەنوسراوەکانی بنووسرێتەوە و ھەم کورد خۆی و ھەم دنیای دەرەوەی کوردیش لە کارەساتەکانی ئاگادارکرێتەوە.

   سەرەڕای ئەم ناڕەحەتی و مەترسیە کوشندانە کە پەناھەندەی تازە ھەڵاتوو تووشیدەبێت شوێن و جێ و ئاستی ژیان و کاروکردەوەی بەشێکی بەرچاوی پەناھەندە کۆنەکانیش مایەی دڵخۆشبوون نییە. ئەو جالیە کوردییەی لەم چەند ساڵەی دووایدا لە کوردی عێراق لە ئەوروپا دروستبووە جالیەیەکی زۆر ناچالاک و بێ خەون و بێ بەرنامەیە. ئەو چەند سێنتەر و ناوەندە کەلتووریانەش کە ھەن زۆربەی ھەرە زۆریان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێ لە دوو حیزبە گەورەکەی کوردستاندایە و بەدەگمەن نەبێت چالاکیەکی گرنگیان تێدا ناکرێت. بەکورتی بارودۆخی بەشێکی گەورەی کوردی عێراق لە ئەوروپا بارودۆخێکە کە ھەڵگری ھیچ مژدەیەکی تاکەکەسی و ھیچ مژدەیەکی جەماعی نییە. ھاتنی ھەرچی زیاتری خەڵکانی دیکەشە ھاتنێکە تائێستا ھیچ ھێمایەکی دڵخۆشکەری پێ نییە. سەرەتا بەشێکی زۆری ئەوانەی لەم دووایەدا ھاتوون گەنجی نەخوێندەوارن، ئەو مناڵانەن کە بەردی یەکەمی ڕاپەڕینیان گرتە فاشیزمی عیراقی بەڵام دواجار لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا بێبەشکران لە مافی خوێندن و پێگەیشتن.

ئەم نەوە نوێێە لەکاتێکدا لە کوردستاندا جگە لە چەکداریکردن بۆ حیزبە سیاسیە کوردییەکان و لەداستدانی ژیانیان لە شەڕ و ناوخۆ پیلانی سەرکردەکان بۆ یەکتری، ھیچ دەربەزێکی دیکەیان لەبەردامدا نەماوەتەوە، ناچار دەکەونە دوای سیحری ئەو وێنەیەی ڕۆژئاوا بەدەرەوەی خۆی دەدات، دوای وەھمی دەوڵەمەندبوونێکی خێرا، دوای وێنەی بەھەشتی حەساندنەوە و ئاسودەیی. بێگوومان کاروکردەوەی بەشێک لەو کەسانەی لە ئەوروپاوە بەرەو کوردستان گەڕانەوە و ئەو وێنە ھەڵەیەی ئەوانە بەخەڵکی کوردستانیان داوە لەم ڕوەوە ڕۆڵێکی کاریگەری گێراوە.

   شوێن و جێی گەنجی ھەڵاتووی نەخوێندەواری کوردی عێراق لەناو دنیای بە کۆمپیوتەر تەنراوی ڕۆژئاوادا شوێن و جێی مرۆڤێکە سادەترین شتێک کە نەیبێت ئایندەیە، مرۆڤێک لە دەرەوەی زەمەن و مێژوو و ڕووداوەکاندا دەژی. بۆئەوەی ئەم وێنەیە زیاتر لە خوێنەری کورد نزیکبکەینەوە ناچارین دەست بۆ ئەو ئەرشیفە کۆمەڵایەتیە ببەین کە لەزەینی زۆربەماندا زیندوە، وێنەی میسریەکان لە عێراقدا. بێگومان بارەدۆخ و شوێنی کۆمەڵایەتی میسرییەکان لە عێراقدا لە زۆر ڕوەوە لە شوێن و جێی کۆمەڵایەتی بەشێکی زۆری پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا باشترە، ھیچ نەبێت زوربەی ھەرە زۆری میسرییەکان لە عێراقدا ئیشکەربوون و بە کارێکەوە خەریکبوون کە ھەم خۆیان و ھەم ئەو خێزانانەشیان پێ بەخێودەکرد کە لە وڵاتی خۆیان بەجێیانھێشتبوون. لە کاتێکدا زۆربەی ھەرە زۆری پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا بێ ئیشە و پارەی یارمەتی و خێرانەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان نەبێت ژیانیان دەکەوێتە بەر مەترسیەوە. بەکورتی مەسەلەی پەناھەندەی کورد لە ئەوروپا بابەتێکە پێویستی بە گرنگیپێدان ھەیەو وا باشە ھەڵقەی دیراسی و کۆڕ و کۆبوونەوەیان دەربارە بکرێت، ئێمە لێرەدا سەرنجی ھەمووان بۆ ئەم بابەتە گرنگە ڕادەکێشین.

                                                                                     دەستەی نووسەران


ژماره‌ ٦ – ١٩٩٨

ڕەهەند: لە لایەن (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی) بڵاودەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گۆڤار: هیوا قادر

دەستەی نووسەران (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع، هەڵکەوت عەبدوڵڵا)


ناواخن

هەڵوێستە…….. دەستەی نووسەران

یادەوەری و زەمەن…….. ن: بەختیار عەلی

سەرەتایەک لە تیۆری ململانێی کۆمەڵایەتی……. ن: ئاراس فەتاح

وێڵستگا نوێگەرەکان: بەرەو ڕەخنەی نهلیزمی کوردی….. ن: بەکر عەلی

بەجیهانیکردن: بە مەکدۆناڵیزەکردن و زەبروزەنگ……. ن: ڕێبوار سیوەیلی

لە قەیرانی حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار……ن: ڕیبین ئەحمەد هەردی

نوخبەی سیاسی… لە پرۆسەی منی مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێرڤۆسدا…. ن: ئیسماعیل حەمەئەمین

کورتە مێژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا…. ن: گارا

ڕەهەندەکانی مانا ……… ن: ئارام کاکەی فەلاح

ژان پۆل مارثۆز: هەقتە بزانی؟……. و: شێرزاد حەسەن

لە ڕۆشەنگەرییەوە تا ڕۆشنبیریی……. و: ئۆمێد

دوو دەوی فەلسەفی ژان پیێر ڤرنانت……. و: هەندرێن

ئاوێنە بچۆلەکان


هەڵوێستە

سه‌دساڵ له‌ نائومێدی

ئه‌مساڵ سه‌د ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردیدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م بۆنه‌یه‌ بۆ زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیریی و كولتوورییه‌كانی ئێمه‌ به‌هانه‌یه‌كی شاهانه‌بوو، تاوه‌كو ئاهه‌نگی گه‌رم بگێڕن و فیستیڤاڵی گه‌وره‌ سازبكه‌ن و وتاری ڕۆمانسی له‌سه‌ر قاره‌مانه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ بخوێننه‌وه‌. ئه‌وه‌تا هه‌ندێكیان تا پله‌ی خوماربوون شانازی به‌ شكۆی ئه‌م یاده‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌ یادی خۆی ده‌زانێت و خۆشی به‌ درێژكرا‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و ڕه‌وای ئه‌و مێژووه‌ له‌قه‌ڵه‌مده‌دات.

جێی داخه‌، كه‌ ڕووبه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م یادانه‌ حیكایه‌تخوانی و په‌خشان-بێژی ده‌رباره‌ی مێژووی ڕۆژنا‌مه‌گه‌رێتی كوردی پاوانیانكرد، ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵه‌كانی دیکە هه‌مان زنجیره‌ ووتار دوباره‌كرانه‌وه‌ كه‌ خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كییان ته‌نها ستایش و نمایش بوو.

ئێمه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ له‌ نرخی مێژوویی ئه‌م نمایشه‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ و بێئه‌وه‌ی هیچ له‌ نرخه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌شی زیادبكه‌ین، ده‌مانه‌وێ ئه‌م بۆنه‌یه‌ بكه‌ینه‌ به‌هانه‌یه‌كی بچووكی ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر واقیعی ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئه‌مڕۆمان و هه‌ندێ سه‌رنجی خێرا ده‌رباره‌ی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی ئه‌م بزاوته‌ گرنگه‌ بخه‌ینه‌ڕوو.

سه‌ره‌تا، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌’ ئێمه‌ گه‌رچی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ڕۆشنبیرمان هه‌یه‌، كه‌ پسپۆر و تایبه‌تمه‌ندی كارامه‌ی ئه‌م بۆنانه‌ن و ده‌ستێكی وه‌ستایانەیان له‌ دروستكردنی بۆنه‌ و سزادانی یاد و یادهێنانه‌وه‌دا هه‌یه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی نوێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ واقیعی ڕۆژنامه‌گریمان، ته‌نها له‌ سنووری ئاهه‌نگ و ستایشبازیدا گیریخوارد و شێوازێكی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ڕادیكاڵی به‌خۆیه‌وه‌نه‌گرت، كه‌ له‌ جۆره‌ بۆنه‌یه‌كی وادا له‌ هه‌موو ستاییشكردنێك جوانتر و پێویستتر و به‌كه‌ڵكتره‌. له‌م بوارەدا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كیش به‌رچاوكه‌وێت، ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ شه‌رمن و ڕووكه‌شانه‌ بوون كه‌ له‌ قوڵاییدا جه‌وهه‌ری كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ناكه‌ن.

ئێمه‌ لێره‌دا بانگه‌شه‌ی داڕشتنی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ندێك سه‌رنج هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین هاوشان به‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ڕوو، تا له‌ یادێكی وادا پتر وێنه‌یه‌كی واقعیمان ده‌رباره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆمان له‌به‌رچاوبێت و باشتر له‌ كێشه‌كانی ئه‌و بواره‌ تێبگهی‌ن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار له‌به‌ر چه‌نده‌ها هۆی جیاواز، ناونانی ئه‌م گرقتانه‌ بۆ‌ته‌ كارێكی نابه‌جێ، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی تا قیامه‌ت خه‌ریكی شاردنه‌وه‌ و ‌به‌هانه‌داتاشین نه‌بین بۆ ئه‌و كێشانه‌، پێمان باشه‌ هه‌ندێ له‌و سه‌رنجانه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكی زۆر خێرا و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر گشتی، به‌م جۆره‌ ده‌ستنیشانیده‌كه‌ین:

  1. گه‌رچی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ جه‌وهه‌ردا، هۆیه‌كی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگوباس و گه‌یاندنی ڕوداوه‌كانه‌. ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ك له‌ دونیا نییه‌ به‌بێ ڕاپۆرت و شیكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كان، كه‌چی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا به‌گشتی و له‌ ئێستاشدا به‌ تایبه‌تی، ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵی گه‌رم و ڕاپۆرتی زیندوو و ده‌نگوباسی نوێ نه‌بووه‌، به‌رده‌وام هه‌واڵه‌كان به‌ ساردی و مردوویی گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر ڕووپه‌ری ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌. هۆكاره‌كانی ئه‌م سستییه‌ هۆی ئاشكران و ده‌شێت هه‌ندێك جاریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كادێری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی خۆیدا بووبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای سه‌رنجه‌، هه‌ستنه‌كرده‌ به‌ ده‌رئه‌نجامه‌ كوشنده‌ و پڕمه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ و هه‌وڵنه‌دانه‌ بۆ به‌رگریگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌نجامه‌كانی، چونكه‌ ونبوونی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی نێوان خوێنه‌ران و هه‌واڵ كارێكی كردووه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، ڕۆڵێكی نه‌بێت له‌ فراوانكردنی ئاسۆكانی زانین و بینینی خوێنه‌راندا و به‌ڕێكه‌وت نه‌بێت ڕۆڵێكی نه‌بێت له‌ فراوانكردنی ئاسۆكانی زانین و بینینی خوێنه‌راندا و به‌ڕێكه‌وت نه‌بێت ڕۆڵی یاریده‌ده‌رێك نه‌بینێت بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان. ئه‌م حاڵه‌ته واده‌كات ڕۆژنامه‌كانمان هۆكاری چه‌قین و نوقومبوون بن له‌ناو سنووری ڕووداوه‌ ناوخۆییه‌كاندا و په‌نجه‌ره‌یه‌كیان تیا نه‌بێت كه‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ژیان و سیاسه‌ت و مێژوو له‌ ئاسۆ گه‌وره‌ و كراوه‌كانیاندا ببینێت.

ونبوونی هه‌واڵ، شكاندنی پردێكی گرنگه‌ له‌نێوان خوێنه‌ر و ساته‌وه‌ختی خۆی و خوێنه‌ر و ده‌وروبه‌ری خۆیدا، كه‌ ده‌بایه‌ به‌ ستراتیژێكی وورد و هوشیارانه‌ پڕبكرایاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ستافه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كانی ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ بیری داڕشتنی ستراتیژێكی ئه‌لته‌رناتیڤدا نه‌بوون بۆ پركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌.

٢. ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت نه‌بۆته‌ كه‌ناڵی ئاگاداركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ران له‌و ڕووداوه‌ ڕۆشنبیری و فیكرییانه‌ی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا ڕووده‌ده‌ن. جیهانی ڕۆشنبیریی ده‌ره‌وه‌، هه‌موو بزاوت و هه‌مه‌ڕه‌نگی خۆیه‌وه‌، ڕێگایه‌كی بۆ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كانمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ش زۆربه‌ی كات كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به‌ سانسۆری سیاسییه‌وه‌ نه‌بووه‌، هێنده‌ی به‌ هۆی بێئاگایی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ران خۆیانه‌وه‌ بووه‌ له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ و له ‌مانا و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕووداوانه‌. به‌ كورتی ڕووبه‌ری كاری ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رێتییه‌ زۆر له‌وه‌ بچوكتره‌ كه‌ خوێنه‌ره‌كانی خۆی له‌ جیهان و ده‌ره‌وه‌ ئاگاداربكاته‌وه‌… بۆیه‌ خوێنه‌ری كورد به‌رده‌وام بۆ زانین و ئاگاداریی له‌سه‌ر شته‌ بچوكه‌كانیش پێویستی به‌ ڕۆژنامه‌ بێگانه‌كان هه‌بووه‌ و ده‌بێت.

٣. ڕۆژنامه‌كانمان، چ جا له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ردا بڵاوبووبێنه‌وه‌، یان له‌ هه‌لومه‌رجی ئازادی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا چاپ كرابێتن، هه‌میشه‌ به‌دووربوون له‌ ده‌رخستنی كێشه‌ ڕۆژانه‌كانی مرۆڤی كورد، دووربوون له‌ نیشاندانه‌وه‌ی خواست و ئازاره‌ سه‌رەتاییه‌كانی ئه‌م مرۆڤه‌، هه‌رگیز ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ نه‌بوون كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بتوانێت له‌ ڕێگایه‌وه‌ خۆی خۆی ببینێت و خۆی خۆی بناسێت و خۆی له‌سه‌ر خۆی بخوێنێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كانمان تا ساتێك له‌ سایه‌ی داگیركه‌راندان، له‌ ژێر زه‌بری سانسۆری ده‌وڵه‌تدا بوون، له‌به‌ر ده‌یه‌ها هۆی ئاشكرا نه‌یانتوانیوه‌ ده‌رهه‌ق به‌و ئازارانه‌ بێنه‌زمان، ئه‌گه‌ر له‌ سایه‌ی هه‌لومه‌رجی ئازادیشدا چاپبووبێتن، زۆر جار ڕۆژنامه‌نووسان په‌یامێكی هێنده‌ قه‌به‌ و پێغه‌مبه‌رانه‌یان داوه‌ته‌ خۆیان كه‌ هه‌میشه‌ تیشكخستنه‌سه‌ر ئازاره‌كانی ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌ركه‌كانی ئه‌و په‌یامه‌دا بچوك و كه‌م به‌ها نرخێنراون.

ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌ زۆربه‌ی كات به‌دووربوون له‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ له‌ ئاسته‌ بچوك و نازكه‌كه‌یدا ڕۆشنبكه‌نه‌وه‌، تا له‌ودیویه‌وه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك دروستبكه‌ن كه‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كانی یه‌ك ئاگاداری ئه‌وی دیكه‌ بن، چونكه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ ژیانی یه‌كتدی ئاگاداربكاته‌وه‌، گرفته‌كانیان به‌یه‌كتریان بناسێنێت و كێشه‌ تاكه‌كان “فه‌رده‌كان” بخاته‌ ناو چوارچێوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌.

٤. ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ له‌ ئاست كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا له‌ ئیفلیجییه‌كی سه‌رتاسه‌ریدا ده‌ژی. ئێمه‌ به ‌ده‌گمه‌ن ڕۆژنامه‌نووسمان هه‌یه‌ بتوانێت به‌ كاره‌كته‌ری فیكری خۆی، به‌ زمانی ڕۆژنامه‌گه‌رییانه‌ی خۆی، به‌ شاره‌زاییه‌كی قووڵه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی جیهان بدوێت. ده‌یه‌ها كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ جیهان دێت و تێده‌په‌رێت، ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیش بچووكترین ئاستی ناساندن و زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشانه‌ به‌ خوێنه‌رانی خۆی ناڵێت، ده‌یه‌ها ڕووداو و كاره‌سات له‌ملاولای جیهان گڕده‌گرێت، كه‌چی كورد سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یه‌ها كه‌س كه‌ خۆیان وه‌كو ڕۆژنامه‌نووس ده‌ناسێنن، یه‌كێكیان تێدا نییه‌ جه‌مسه‌ره‌ بچوكه‌كانی ئه‌و ڕووداوانه‌ بۆ خوێنه‌ران شیبكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌تا وه‌رگێڕان یان ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكیش له‌ ڕۆژنامه‌ بیانییه‌كانیشه‌وه‌ له‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رانی كوردا نه‌بووه‌.

 له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی چاوێك به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا بخشێنێت، ده‌زانێت كه‌ ئه‌م ڕۆژنامانه‌ گه‌یاندن و ناساندنی بارودۆخی جیهانیان نه‌كردۆته‌ كێشه‌ی خۆیان، شیکردنەوە و نیشاندانی پاشخانەکانی ڕووساوەکانی جیهانیان نەکردۆتە وەخیفەی خۆیان… كێشه‌یه‌كی وه‌ك (بۆسنه‌) سه‌رهه‌ڵده‌دات و گڕده‌گرێت و ده‌سووتێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا چه‌ند وتارێك نادۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ری، چه‌ندین سیسته‌می سیاسی و ئابووری هه‌ره‌سده‌هێنن و گه‌شه‌ده‌كه‌ن، ڕۆژنامه‌ی كوردیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ نه‌بێت، به‌بێده‌نگی به‌لای هه‌موو كێشه‌كاندا تێده‌په‌رێت، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ وڵاتێكی وه‌كی (ڕواندا)، له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا كۆمه‌ڵكوژده‌كرێن، كه‌چی خوێنه‌ری كورد ناتوانێت له‌ ڕێگای كه‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌ بچووكترین زانیاری له‌سه‌ر پاشخانی ئه‌و ڕووداوانه‌ بزانێت. ئه‌م بێئاگاییه‌ ته‌نها بێئاگایی نییه ده‌رهه‌ق به‌ كێشه‌ دووره‌كان، به‌ڵكو بێئاگاییە ده‌رهه‌قه‌ به‌ كێشه‌ زۆر نزیكه‌كانیش، ئه‌مرۆ له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتدا ده‌یه‌ها كێشه‌ی گرنگ له‌یه‌ككاتدا له‌وپه‌ڕی تین و بڵێسه‌دان، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ ئێستادا، كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، هاتنه‌سه‌ركاری خاته‌می، ئه‌زمونه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی هیند و پاكستان كێشه‌ی زیندوون و هه‌مووش ده‌زانین له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری دونیادا چ كۆڕێكی گه‌رمیان هه‌یه‌، كه‌چی لای ئێمه‌ كه‌ له‌هه‌ركه‌س زیاتر له‌و ڕووداوانه‌ نزیكین، نه‌ هیچی خوڵقاند و نه‌ هیچی بزواند، له‌ كاتێكدا ده‌بایه‌ ئێمه‌ له‌ مێژه‌ خاوه‌ن پسپۆڕی ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆمان بووینایه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی فه‌ڵه‌ستین یاخود ئێران یان كێشه‌ گرنگه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ بن.

ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها پابه‌ندی كێشه‌ دوور و ناوچه‌ییەكانیش نییه‌، به‌ڵكو سروشتی سه‌یركردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌یه‌ بۆ كێشه‌كانی ناو عێراقیش، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا مه‌گه‌ر به ‌ده‌گمه‌ن وتارێك بدۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی سیسته‌می ئابووری یان كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود ته‌ندروستی له‌ عێۆاقدا، ده‌یان ڕووكاری گرنگی ژیان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرا ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ ببنه‌ كه‌ناڵێكی گرنگی ناساندن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد ده‌رباره‌یان، به‌ڵام ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ بیابانێكی گه‌وره‌یه‌ تینوێتی هیچ خواستێكی زانین ناشكێنێت.‌

٥. به‌وه‌دا كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌ زۆربه‌ی كات له‌ هه‌ناوی حیزبدا یان له‌ پاڵ حیزبدا له‌دایكبووه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ ڕووبه‌ری یه‌كخستنی ده‌نگه‌كان، كه‌چی له‌پاڵ سیاسه‌تدا بووه‌ به‌ هۆكاری هه‌رچی زیانر هه‌لاهه‌لاكردن و پارچه‌ پارچه‌كردنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌.

 ملكه‌چیی ڕۆژنامه‌گەریی ئێمه‌ بۆ لۆژیكی حیزب و دژه‌حیزب كارێكی كردووه‌ كه‌ زمان بوغز و كینه‌ ببێته‌ زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی. ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ زۆرجار به‌ “ئازادی ته‌عبیر” ناوده‌برێت، ئازادی ده‌ربرینی تۆڵه‌ و كینه‌ و ڕقه‌. ئه‌و درزانه‌ی كه‌ سیاسییه‌كان له‌ جه‌سته‌ی ئێمه‌دا دروستیانكردووه‌ ، ڕۆژنامه‌كان كردوویانه‌ته‌ كه‌لێنی كوشنده. ڕووبه‌رێك نییه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌دا كینه‌ی لێنه‌تكێت. جێی داخیشه‌، كه‌ بڵێین، ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ هه‌رگیز هۆكاری یه‌كخستن نه‌بووه‌، زۆربه‌ی ستافی ڕۆژنامه‌كان له‌سه‌ره‌وه‌ڕا دروشمی یه‌كگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەییان به‌رزكردۆته‌وه‌ ه‌ له‌ ژێره‌وه‌ڕا خانه‌خانه‌ و گروپ گروپ و فه‌رد به‌ فه‌رد، جه‌سته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌یان دابه‌شكردووه‌.

ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ به‌ زمانی فیكریی‌ جیاوا‌زییه‌كان بدات، جیاوازییه‌كانی گۆریوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هۆكاری ته‌قاندنه‌وه‌ی شه‌رانگێزی و ڕقكوێری. هیچ شتێك له‌ جیاوازی جوانتر نییه‌، به‌ڵام ئه‌و بوغزه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ ده‌تكێت، گه‌رچی به‌ناوی ئازادی و جیاوازییه‌وه‌ ده‌دوێت، له‌ جه‌وهه‌ریدا به‌ ئاراسته‌ی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان كارده‌كات. ئه‌مه‌ش یه‌ك مانا ده‌به‌خشێت: ئێمه‌ خاوه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كی سه‌ربه‌خۆ نین كه‌ ڕه‌چاوی ڕێسا و یاساكانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی ئازادبكات.

٦. ئه‌گه‌رچی تادێت ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی كه‌ به‌ ده‌مامكی “ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ”وه‌ ده‌رده‌چن هه‌ر له‌ زیادبووندان، به‌ڵام ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی، تا دێت پتروپتر وه‌كو سه‌كۆیه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووت كارده‌كات. ئه‌مه‌ش بۆخۆی پتر نیشانه‌ی هه‌وڵی چه‌ند ئیلیتێكی (نوخبه‌) نوێیه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت جێگاپێیه‌كی تریان له‌ ژیانی سیاسیی ئێمه‌دا هه‌بێت و له‌وێشه‌وه‌ خوازیاری وه‌ده‌ستهێنانی شوێنگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ترن.

گۆرینی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بۆ چه‌كێكی نوخبه‌وی، له‌ جه‌وهه‌ردا پرۆسه‌یه‌كی ئیجابییه‌ و گه‌لێ مانای پۆزه‌تیڤی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ئه‌و نوخبانه‌ سنووری سیاسی و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ حیزبیه‌كان به‌راستی ببه‌زێنن له‌ ئاستێكی دیكه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كاربكه‌ن. به‌ڵام كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ته‌نها وه‌كو چه‌كی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر به‌كاربهێنرێت، ئه‌وا ئه‌م ڕۆژنامانه‌ برێكی زۆر له‌ ڕاستگۆیی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. ئه‌مرۆ بۆته‌ ته‌قلیدێكی سه‌یر كه‌ ڕۆژنامه‌ بۆ ده‌سته‌یه‌ك زه‌مینه‌خۆشكه‌ری زاوزێكردنی سیاسی، یان خۆموتوربه‌كردن بێت له‌ حیزبه‌كان، یاخود له‌ پاكترین حاڵه‌دا كه‌ره‌سته‌ی دروستکردنی “لۆبی فشار” بن، كه‌ زۆرجار فشاره‌كه‌یان له‌ پێشكه‌شكردنی(ئه‌رزوحاڵی مۆدێرن) تێناپه‌ڕێت.

بێگومان گواستنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی حیزبه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نوخبه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌، بەمه‌رجێ ئه‌م شێوه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ش ئه‌و جه‌سته‌ ناكامڵه‌ نه‌بێت، كه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌وه‌ به‌ كه‌ماڵ و جه‌لالی حیزب، به‌ڵكو ته‌عبیربێت له‌ دیوێكی دیکەی دونیابینین و هاوشانبێت به‌ سه‌یركردنكی دیكه‌ی كێشه‌كان… به‌ مانایه‌كی دی، به‌رهه‌مهێنه‌ری كولتوورێكی نوێی جیاواز بێت له‌ كولتووری حیزب.

‌٧. رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌مڕۆی ئێمه‌، له‌ ڕوپێو‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یدا، ڕۆژنامه‌گه‌ریی هه‌ڵوێسته‌، هه‌ر پێشهاێك له‌ كوردستان هاته‌ پێشێ، (ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستان سه‌ده‌یه‌كه‌ پێشهاتی دووباره‌ و سه‌دباره‌ ڕوده‌دات و ڕوده‌داته‌وه‌) ده‌بێت هه‌موو هه‌ڵوێست وه‌ربگرین. نووسینی وتارێكی هه‌ڵوێستهه‌ڵگریش باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ بوون به‌ “ڕۆژنامه‌نوسێكی نایاب”. به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك، له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌دا(چ له‌ ناوه‌وه‌ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌) ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌بوو، ده‌كرێت ببێته‌ ڕۆژنامه‌نووس، واتا هه‌ڵوێستوه‌رگرن ده‌رفه‌تێكه‌ و له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌شێت مرۆڤ شوناسی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ربگیرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ڕۆژنامه‌نووسی مه‌رج و توانا و پره‌نسیپ و زانینێكی دیاریكراوی ده‌وێت، كه‌ له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و كه‌سانه‌دا نییه‌ كه‌ به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست ده‌ژین.

هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ دژی هه‌ڵوێست نین و ستایشی بێهه‌ڵوێستیش ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری هه‌ڵوێست دیاریده‌كات چۆنیه‌تی زمان و تێزه‌كانی هه‌ڵوێسته‌. ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كیش كه‌ سروشتی خۆی، وه‌كو هۆكارێكی نزیكبوونه‌وه‌ و له‌ ڕاستی و دروستكه‌ری ڕۆحێكی مەوزوعییانە‌ دۆڕاند و كه‌وته‌ به‌رلێشاوی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵوێستی سیاسییان تاكه‌ شانسی ژیان و مانه‌وه‌یانه‌، ئه‌وا به‌ دڵنییایه‌وه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی سه‌نگ و قه‌واره‌ی خۆی دۆڕاندووه‌.

٨. تا ئه‌م ساته‌ش بۆ ئێمه‌ ڕوون نیه‌، كێ ڕۆژنامه‌نووسه‌ و كێ نووسه‌ر؟ ونبوونی شوناسی ڕۆژنامه‌نووس، پاشاگه‌ردانییه‌كی سامناكی له‌و بواره‌دا دروستكردووه‌.

 به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری ڕۆژنامه‌كانی كوردستان ئۆرگانی ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی حیزبه‌كان بوون، دیاریكردنی سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ش له‌ نێوان كادێری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسدا كارێكی گه‌لێك ئاڵۆزه‌، گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌سته‌مه‌… زۆرجار، بوون به‌ كادێری ڕاگه‌یاندن مه‌رجی یه‌كه‌مه‌ بۆ بوون به‌ ڕۆژنامه‌نووس و هه‌ندێ جاریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسیی كورتترین و ساده‌ترین ڕێگایه‌ بۆ بوون به‌ كادێرێكی باڵای ڕاگه‌یاندن!. ئه‌م دۆخه‌ وایكردوه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ زۆر ئاستدا هه‌موو مه‌وزوعییه‌تی خۆی له‌ده‌ستبدات و كاراكته‌ری خۆی به‌ته‌واوی بدۆرێنێت و ببێته‌ پاشكۆیه‌كی ده‌زگاكانی حیزب. بۆیه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی لای ئێمه‌ هێنده‌ی كه‌ره‌سه‌یه‌كه‌ بۆ خۆناساندنی حیزب و نوخبه‌ سیاسییه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ی، ئه‌وه‌نده‌ ده‌روازه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له‌ جیهان.

وونبوونی شوناسنامه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریش، وه‌كو پیشه‌ و زانست، به‌ پێویست ده‌بێته‌ مایه‌ی وونبوونی شوناسی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی به‌ گشتی.

٩. دیارده‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان و دیدی ڕۆژنامه‌گه‌رییانه‌ له‌مرۆی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بونه‌ته‌ زمان و دیدی باڵاده‌ست، به‌شی هه‌ره‌ زۆری قسه‌كانی ئێمه‌ له‌ ڕێگای ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێن، زۆرجار گۆڤاره‌كانیشمان هه‌ر ڕۆژنامه‌بوون و به‌ شێوه‌یه‌كی دی مۆنتاژ كراون، ئه‌م حاڵه‌ته‌ دۆخێكی تراژیدی دروستكردوه‌ و بوه‌ته‌ مایه‌ی سه‌روه‌رییه‌كی ڕه‌های زمانی ڕۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌موو كایه‌ فیكری و ڕۆشنبیری و مه‌عریفییه‌كانی دیكه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌ده‌بیشدا كه‌ زمان ده‌بێت دواهه‌مین سنوورەکانی ئازادی خۆی بژی.

 هه‌ڵبه‌ت زمان زمانی فیكر و زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی دوو شتی له ‌یه‌كجودان، دژایه‌تییان له‌ ته‌بایی و ته‌كولۆییان له‌ هاویه‌كی زیاتره‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ڕۆژنامه‌گه‌ران سیستمێكی ڕۆشنبیرییان دروستكردووه‌ كه‌ تیایدا، به‌جوانڕاگرتن، به‌پاكناساندن و به‌ به‌رزوه‌سفكردنی زمانی ڕۆژنامه‌گه‌رێتیی، ستراتیژی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م سیستمه‌یه‌.

سه‌پاندنی زمانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، وه‌كو تاكه‌ شێواز و تاكه‌ زمان و تاكه‌ سه‌رچاوه‌، به‌ ته‌سكبوونه‌وه‌ و كوشتنی زمانه‌كانی دیكه‌ دواییدێت… زیانی گه‌وره‌ش له‌م نێوه‌نده‌دا به‌ر زمانی فیكر و فۆرمە ئه‌بستكراکتە‌كانی بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێت.

ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ تا ئه‌مرۆ به‌ زمانێكی دیاریكراو ده‌نووسێت و ستاییشی زمانێكی دیاریكراویش ده‌كات، له‌مڕۆه‌وه‌ ڕۆژنامه‌كانی ئێمه‌ هه‌موو ته‌بان و چوونیه‌كن و جیاوازییان له‌ نێواندا نییه‌، ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش زمانی كوردی به‌ پێچه‌وانەی زۆربه‌ی زمانه‌كانی دیكه‌ی دونیاوه‌ بۆته‌ تاكه‌ زمانێك كه‌ ڕۆژنامه‌كانی پله‌به‌ندی ناكرێن و شێوه‌زمانی جیاواز سیستمی جودای ته‌عبیری تیابه‌كارنایه‌ت. ئه‌م شێوه‌زمانه‌ش دواجار خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵ دروستده‌كات كه‌ خوازیارن به‌رده‌وام گوێیان له‌ شته‌ زانرا و دووبارەبوو‌كان بێت، خوێنه‌رانێك له‌ مێژه‌ ته‌نها به ‌یه‌كجۆر زمان قسه‌یان بۆ ده‌كرێت و به‌یه‌ك شێوازی ته‌عبیركردن ڕاهاتوون. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ گەورەکردنی ئه‌و كه‌لێنه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان فیكر و خوێنه‌ردا هه‌یه‌، وه‌ستاندنێكی زۆركارییانه‌ی گه‌شه‌ی خوێنه‌رانه‌ و ئاره‌سته‌كردنیانه‌ به‌ره‌و چێژنه‌كردن و تێنه‌گه‌یشتن له‌ هه‌موو سیستم و شێوه‌زمانه‌كانی دیكه‌.

١٠. به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ڕووبه‌ری ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ به‌رهه‌می دیدی ئه‌و پیاوه‌ سیاسی و كامڵانایه‌ كه‌ بۆچونه‌كانی خۆیان كردوه‌ به‌ نێوه‌ندی(سه‌نته‌ر) هه‌موو دیده‌كان. ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا، پێكهاتێكی “پیاوسالار”، “گه‌وره‌سالار”، “سیاسه‌تسالار”ه‌، جیهانبینینیه‌كی گه‌نجانه‌ – لاوانە یان مێینه‌ یاخود ناسیاسیانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كانمان، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌كانی ژنانیش هه‌ر به‌ لۆژیك و زمانی ئه‌و جۆره‌ دیده‌ ده‌نووسن. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ له‌ هێزه‌ په‌راوێزییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا و له‌ بابه‌ته‌ په‌راوێزییه‌كان نادوێت، ویست و بابه‌ته‌كانی خۆشی زۆركارانه‌ ده‌سه‌پێنێت، به‌ مانایه‌كی تر ڕۆژنامه‌گه‌رێتی ئێمه‌ ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ تیایدا هه‌موو سانسۆره‌ نهێنی و ناوه‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ چالاكترین شێوه‌ له‌ كاردایه‌، تاكه‌ شێوه‌یه‌كی سانسۆر كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ نییه‌، سانسۆری مه‌عریفی و سانسۆره‌ له‌سه‌ر په‌لاماردانی شه‌خسی، له‌مڕوه‌وه‌ هه‌رچییه‌ك بنووسیت به‌ ئاسانی ڕێگای خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌… “ئازادی” له‌ عورفی ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رێتییه‌دا به‌گه‌رخستنی هه‌موو سانسۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناوه‌كییه‌كان و هه‌ڵگرتنی هه‌موو سانسۆره‌ مه‌عریفییه‌كانه‌.

١١. له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، بارودۆخی ئه‌و هه‌وڵاندانانه‌ی كه‌ بۆ دروستكردنی “یه‌كێتی ڕۆژنامه‌گه‌ران” ده‌درا و ده‌دترێت، له‌ دۆخێكی باشتردا نییه‌. ئه‌م یه‌كێتییه‌ش وه‌كو هه‌موو جۆره‌ یه‌كێتییه‌كانی تر، كووشته‌ی ئه‌و ڕۆحه‌ حیزبییه‌یه‌ كه‌ له‌ پشتێتی، كه‌ دیاره‌ به‌رله‌وه‌ی مه‌به‌ستی پێشخستنی بزاوتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و گه‌وره‌كردنی ڕووبه‌ری ئازادی فیكر و چه‌سپاندنی كولتوورێكی نوێ بێێت، مه‌به‌ستی كێشكردنی ڕۆژنامه‌نووسانه‌ بۆ ژێر چه‌تری سیاسی دیاریكراو. له‌م دۆخه‌شدا، وه‌كو هه‌میشه‌، كه‌سانی بێبه‌هره‌ و ئیفلیج، له‌ هه‌مان كاتیشدا چێنراو هه‌أبژێردراو له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ و حیزبه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵی ئه‌م ده‌زگایانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م حاڵه‌ته‌ كارێكی كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌ و فیستیڤاڵه‌كانی ئه‌م جۆره‌ ده‌زگایانه‌ پتر نمایشی پڕوپووچ بن، كه‌ تائه‌مرۆ نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین ده‌ستكه‌وتی گرنگ و پۆزه‌تیڤ به‌ده‌ستبهێنن، له‌ ڕاستیدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ درێژكراوه‌ی كاری ئه‌و نوخبه‌ “كۆنگره‌چی” و “فیستیڤاڵباز”ه‌ تازه‌یه‌یه‌ كه‌ ڕۆشنبیریی ئێمه‌ به‌رهه‌میهێناوه‌ و، ته‌نها مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه،‌ له‌سه‌ر مینبه‌ره‌كان و له‌سه‌ر شاشه‌ی تەلەفیزیۆنه‌كان ده‌ركه‌وێت و هیچ لێپرسراویه‌كی گه‌وره‌ و جه‌وهه‌ریشی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌ و هیچ كولتوورێكی نوێشی، وه‌كی ئه‌وه‌ی خۆی بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات، به‌رهه‌منه‌هێناوه‌.

١٢. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، گه‌رچی په‌یوه‌ندییه‌ك و كۆنتاكتێكی زۆر بچووك و سنوورداری به‌ ناوه‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هه‌یه. له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ سنووری ڕۆژنامه‌گه‌ریی جالیه‌ییدا كاربكات و ببێته‌ مینبه‌رێكی كولتووری (به‌ مانا گشتییه‌كه‌ی كولتوور) بۆ ئه‌و جالییه‌ بچووك و سه‌رگه‌ردانه‌ی تاراوگه،‌ له‌ بری ڕێزگرتنی قه‌واره‌ و كاریگه‌ری سنوورداری خۆی، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵداندایه‌ بۆ پرۆژه‌ی سیاسی قه‌به‌ و خه‌و به‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی سیاسی.

له‌م ئاسته‌دا هه‌ستده‌كه‌ین كه‌ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسانی تاراوگه (مەنفا)‌ ده‌بێت له‌وه‌ بكه‌ون ڕۆڵی پێغه‌مبه‌رێكی ڕاونراو ببینن و پێیانوابێت له‌ خۆرئاواوه‌ هێزی سیاسی كاریگه‌ر دروستده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی ناوه‌وه‌ی ووڵات. باشترین و ساكارترین ڕێگاش بۆ ڕزگاربوون له‌و وه‌همه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی خۆی له‌و په‌یامه‌ پێغه‌مبه‌رانه‌یه‌ پاكبكاته‌وه‌ و له‌وه‌ بكه‌وێت خۆی وه‌كو فریادره‌سێكی ئاسمانیی ته‌ماشابكات و دابه‌زێت و وه‌زیفه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ڕۆشنبیریی له‌ كایه‌ لۆكاڵ و په‌راوێزه‌كاندا پراكتیكبكات و ببێته‌ كه‌ناڵێك بۆ پێكهێنانی كولتورێكی نوێ له‌ تاراوگه‌.

***

بێگومان ده‌كرێت ده‌یه‌ها ته‌وه‌ری دیكه‌ی باس بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دیاریبكه‌ین، له‌ پشت ئه‌و تێبینییانەشەوە‌ مه‌به‌ستمان ته‌شه‌رگرتن و تاوان دابه‌شكردن نییه‌ دڵنیاشین كه‌ چه‌نده‌ها كه‌س به‌ گیانی دڵسۆزی و له‌خۆبوردنه‌وه‌ له‌و بواره‌دا كاریانكردهووه‌ و كار ده‌كه‌ن.

 ئێمه‌ پێمانوایه،‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ده‌بێت به‌ هووشیارییه‌كی دیكه‌ پێبخاته‌ سه‌ده‌ی دووهه‌می ته‌مه‌نی خۆی. ده‌بێت به‌رامبه‌ر كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی و میكانیزمه‌كانی كاركردن و وه‌زیفه‌كانی خۆی به‌ئاگابێت، به‌رده‌وام به ‌جۆرێ ڕه‌فتارنه‌كات، كه‌ ئه‌م سیستم و شێوه‌كاركردنه‌ی ئه‌مرۆ بێگه‌رد و واقیعی و عه‌قڵانییانه‌یه‌ و گه‌ڕان بۆ كولتوورێكی دیكه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ به‌ كولتووری ئه‌مرۆ نابه‌جێ و ناڕه‌وایه‌!

 ئێمه‌ پێمانوایه،‌ ئه‌و ستایش و شانازیكردنه‌ی له‌و چه‌ند مانگه‌ی پێشوودا بیستمان و خوێندمانه‌وه‌ و هه‌ستمان پێكرد له‌ جێگای خۆیدا نییه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئازادی و به‌رچاوروونی پتر هه‌یه‌، تا خه‌وشه‌كانمان ببینین و درێژه‌ به‌و مێژووه‌ نه‌ده‌ین، كه‌ له‌ هه‌ندێ جێگه‌دا ڕووبه‌ری “درۆ له‌گه‌ڵ خۆداكردن” به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك باڵاده‌ست و گه‌وره‌یه‌، كه‌ شێوه‌ی یه‌قینی وه‌رگرتووه‌ و پانتایه‌كی بۆ گومان نه‌هێشتۆته‌وه‌…

دەستەی نووسەران


  • بەشی یەکەمی پانۆراماکە لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیانمان (ڕۆزا شێخانی، حەمە هیوا و ژیار ئەسوەد)ەوە تایپ کراوە.