ئەلبێر کامۆ Archives - ژنەفتن

چۆن کامۆ و سارتەر لەسەر پرسی ئازادبوون جیا دەبنەوە؟
ئەوان دووانەیەکی نامۆ و سەمەرە بوون. ئەلبێر کامۆ، لە جەزائیری ژێردەسەڵاتی فەڕەنسا، لە خێزانێکی ھەژار کە کۆچەریی ئەوروپی بوون ھاتووەتە دونیاوە و سەروسیمایەکی قەشەنگی ھەبوو. ژان پۆڵ سارتەر، لە خێزانێکی چینی خانەدانی کۆمەڵگای فەڕەنسی ھەڵکەوتووە و قەشەنگ و لە بەردڵان نەدەھاتە پێش چاو. ئەوان لە پاریس، لە سەروبەندی داگیرکردن و گەشەکردنەوەی فەڕەنسادا، پاش جەنگی جیهانیی دووەم، بە یەکتر ئاشنا بوون. لەو زەمەنەدا، زەمەنێک کە فەڕەنسا وردە وردە بۆ کەشی ئاساییی خۆی دەگەڕایەوە، کامۆ نزیکترین دۆستی سارتەر بوو. لە دواتردا سارتەر دەڵێت: لەو سەردەمەدا ئێمە تۆمان زۆر خۆش دەویست.

ئەلبێر کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠) ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)

ئەوان دوو سیمای درەوشاوەی ئەو سەردەمە بوون. ڕۆژنامەکان بەردەوام چالاکییە ڕۆژانەیییەکانی ئەوانیان تۆمار دەکرد: سارتەر لە کافێ دو میگو[کافێیەکی ناسراوە لە شاری پاریس] جێگیر بووە و کامۆ سەرتاسەری پاریس تەی دەکات. لە سەروبەندی بونیادنانەوەی شاردا، کامۆ و سارتەر وتاربێژ و لە دەنگە زوڵاڵەکانی ئەو سەردەمە بوون. ئەوروپا بووبووە قوربانیی جەنگ، بەڵام خۆڵەمێشێک وەک پاشماوەی جەنگ بەجێما، کە هەلومەرجێکی بۆ وێناکردنی دونیایەکی نوێ فەراھەم کردبوو. خوێنەرانی کامۆ و سارتەر چاوەڕێی ئەوە بوون بزانن ئەوان چۆن وێنای ئەو دونیا نوێیە دەکەن و چۆن شکڵ دەگرێت. سیمۆن دو بوڤوار، یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کە لەگەڵ ئەواندا بوو، دەڵێت: ئێمە دەبوو بۆ سەردەمی پاش جەنگ، ئایدیۆلۆژیایەکمان سەر ڕێ خستبا. ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە فۆڕمی ((بوونگەرایی1)) شکڵی گرتوو و مانیفێست بوو. کامۆ، سارتەر، و ئەو ڕۆشنفکرانەی کە لەگەڵیان بوون، دینیان پشتگوێ خست، شانۆنامەی نوێ و کاریگەرییان بۆ سەر تەختەی شانۆ گواستەوە، داوایان لە خوێنەرەکانیان دەکرد ژیانی ڕەسەنی پێشتریان بەدەست بێننەوە و، وتاریان لەبارەی ((پووچی جیھان2)) جیھانێک خاڵی لە ئەمانج و چارەنووس و بەھا، دەنووسی. کامۆ دەنووسێت: تەنھا جەستەگەلێک، ئەستێرەگەلێک، ھەقیقەتگەلێک بوونیان ھەیە کە لە توانادا بێت بە دەست درکیان پێ بکرێت. ئێمە دەبێت ژیان لەم جیھانەدا بونیاد بنێین و خۆمان مانا و بەھای پێ ببەخشین تاوەکوو بتوانین درکی پێ بکەین. بە مانایەکی دیکە، مرۆڤەکان ئازادن و ئەم ئازادییە بارێکە بە کۆڵیانەوە و لە پشت ئازادییەوە بەرپرسیاریەتییەکی دژوار ئامادەیە، بەرپرسیاریەتی بۆ وەرگرتنەوەی ژیانی ڕەسەن.

ئەگەر ئایدیای ئازادی لای سارتەر و کامۆ لە ڕووی فەلسەفییەوە ھاوپەیوەست بووبێت، ئەوا ناکۆکییان لەسەر مانیفێستبوونی سیاسییانەی ئازادی و دادپەروەری سەری ھەڵداوە. ئەوان پێداگر بوون لەسەر ئەوەی لە دژی نادادپەروەی لە سەنگەردا بن و کۆشش و تەقەلای لەناوبردنی نادادی بەربنەمای کاریان بێت. بە بڕوای ئەوان ھیچ چینێک بە ئەندازەی چینی کرێکاران، پڕۆلیتاریا، ڕووبەڕووی نادادی نەبوونەتەوە. لە تێڕوانینی سارتەر و کامۆوە، کرێکاران لەگەڵ کارەکەیان زنجیر کراون و لە مافی ئینسانی خۆیان بەھەرەمەند نین و بێبەش کراون. بۆ بەدەستھێنانی ئازادی ئەوان[پڕۆلیتاریا]، پێویستە سیستمێکی سیاسیی نوێ بێتە کایەوە. کامۆ لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥١دا، «مرۆڤی یاخی»ی بڵاو کردەوە. ئەو لەم پەرتووکەدا پوختەی [فەلسەفەی یاخیبووان]ی بەیان کرد. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە بە مانای دەقیقی وشە فەلسەفی نەبوو، بەڵکوو ئاوێتەیەک بوو لە ئایدیای فەلسەفی و سیاسی: ھەموو مرۆگەل ئازادن، بەڵام ئازادی، خۆی شتێکی ڕێژەیییە، دەبێت لە سنوورەکان، میانڕەوی، و مەترسییەکانی پێوانە پارێزی بکرێت، بژاردەی ڕەھا دژی مرۆگەلە. کامۆ بەر لە ھەرشتێکی دیکە، شۆڕشی توندوتیژانەی دایە بەر ڕەخنە. لە بارودۆخی تایبەتدا دەتوانرێت کەڵک لە زەبروزەنگ وەربگیرێت [ھەرچۆنێک بێت کامۆ دژی جەنگی فەڕەنسا بوو لە بەرانبەر نازییەکان]، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بۆ پێدانی پلە و شوناسێکی دڵخۆزانە لە مێژوودا شتێکی خەیاڵپڵاوانە، ڕەھاگەرایانە، و تەنانەت خیانەتە لە خودی خۆت. کامۆ دەڵێت: ئازادیی ڕەھا مافی بەھێزترین کەسە بۆ دەسەڵاتێکی زاڵ، ئەمە لە کاتێکدا کە دادپەروەریی ڕەھا لە ئاکامی لەناوبردن و ڕەشکردنەوەی کۆی ململانێ و کێشمەکێشمەکان بەدەست دێت و دێتە ئاراوە؛ لە ئەنجامدا، ئەوە دادپەروەرییە کە کرۆکی ئازادییە. ئەم ناکۆکی و نەسازانەی نێوان دادپەروەری و ئازادی دەبێتە ھۆی نەمانی هاوسەنگی، میانڕەوی سیاسی، و بە ڕەسمی ناساندنی شتێکە کە زۆر سنووردارە: «مرۆڤبوونمان». ئەو دەڵێت: دەبێت بۆ بونیادنانی خود بژیت و ڕێگە بۆ ژیانکردنیش خۆش بکرێت.

بۆ سارتەر، (مرۆڤی یاخی) ناپەسەند بوو. بە بۆچوونی سارتەر گەیشتن بە دادپەروەری و ئازادیی ڕەها و بێ خەوش لە کردن دێت- ئەڵبەتە بە مانیفێستبوونی کۆمۆنیزم-. لەژێر ھەژموونی سەرمایەداری و بوونی چینی ھەژار، کرێکاران (پڕۆلیتاریا) ناتوانن ئازاد بن. ھەڵبژاردەکانیان بەبێ خواست و ئارەزووی خۆیانە و نائینسانییە: یان کاری تاقەتپڕوکێن و لە توانابەدەریان ھەبێت یان بمرن. بەڵام کۆمۆنیزم بە لەناوبردن و سڕینەوەی سەرکوتکەران و گەڕاندنەوەی سەروەری و خودموختاری بۆ کرێکاران، خواست و نیازی ماددی تاکەکان فەراھەم دەکات و لە ئاکامدا دەتوانن باشترین ڕێگە بۆ خۆشنوودی و خۆبنیادنان دەستەبەر بکەن. بەپێی ئەم ڕێکخستنە ئەوان ئازادن و بە ئامادەگی ئەم یەکسانییە ڕەھایە، ئەوا بە ھەمان شێوە دادپەروەریش بەرقەرار دەبێت.

((لە کۆتاییدا، ئازادی ھەڵدەبژێرم. تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی نادادپەروەی دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.))

ناکۆکی و نەسازانی جەوھەری لەو خاڵەدا چڕ بووەوە کە بە بۆچوونی سارتەر و زۆرێک لە چەپگەراکان، بۆ مانیفێستبوونی کۆمۆنیزم توندوتیژی لە شۆڕشدا پێویست بوو، لەژێر سایەی سیستمێکی سەروەردا کە دەبوو بە شکست دووچار بکرێت. ئەڵبەتە تەواوی چەپگەراکان لەگەڵ بەکاربردنی توندوتیژیدا نەبوون. ئەم ناکۆکییەی نێوان چەپگەراکان-توندڕەو و میانڕەو- بە دەربڕینێکی تر، کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان، شتێکی نوێ نەبوو. بەو پێیەی، لە دەیەی ١٩٣٠ و سەرەتاکانی دەیەی ١٩٦٠ ئەم دوو ڕەوتە بە تێپەڕبوونی کات دژی فاشیزم بە یەکتر پەیوەست دەبوون. بەڵام بە لەناوچوونی فاشیزم، دووبەرەکی نێوان چەپگەرایانی توندڕەو (ڕەوایەتیبەخش بە توندوتیژی) و چەپگەرایانی میانڕەو (دژبەری کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی) سەرلەنوێ سەری ھەڵدایەوە. لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکان و دامەزراندی یەکێتیی سۆڤیەت، کە بە جۆشدان و پشتگیری توندڕەوەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا گەشتە لوتکە و ترۆپکی خۆی، و بەهۆی نیگەرانی لە خێوەتگای بەندکراوان (لە ڕووسیا)، ترسی سەرتاپاگیر و دادگای نمایشی، ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەوە. پرسیارێک کە ھەر چەپگەرایەک لە سەردەمی دوای جەنگ ئاڕاستەی دەکرا، زۆر سادە بوو: لەگەڵ کام لایەنیت؟

کامۆ بە بڵاوکردنەوەی «مرۆڤی یاخی» بەرگری لە سۆسیالیزمی ئاشتیخوازنە کرد کە دژی شۆڕشی توندوتیژانە بوو. ئەو ھەواڵانەی کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەگەشتنە گوێ، زیاتر کۆمۆنیزمیان لە پێش چاوی کامۆ دەخست: کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت نەک یەکگرتوو و ئازاد نین بەڵکوو ھیچ لە ئازادی بەھەرەمەند نین. لە ھەمان سەردەمدا، سارتەر لە ڕەوتی کۆمۆنیزمدا خەباتی دەکرد و لەگەڵ ئەوەدا بوو کە کەڵک لە توندوتیژیی پێویست وەربگیرێت.

ناکۆکی و دابڕانی ئەم دوو ھاوڕێیە ھەر زوو لەسەر پەڕاوی بڵاوکراوەکان پەخش بووەوە. لە یەکێک لەو وەشانخانانەی کە سارتەر بابەتی تێدا بڵاو دەکردەوە، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر پەرتووکی «مرۆڤی یاخی» بڵاو کردەوە، کە سەد جار لێی چاپ کرایەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وێناکردنی ئەوەی کە ناکۆکیی نێوان ڕۆشنفکران بتوانێت تا ئەم ئاستە کار لە بیرکردنەوەی خەڵکی بکات، شتێکی دژوارە. بەڵام بۆ زۆرێک لە خوێنەرانی ئەو سەردەمە، ئەم ناکۆکییە ڕەنگدانەوەی لە تەنگەژەی سیاسیدا ھەبووە. لە ڕاستیدا بە بۆچوونی ئەوان، سیاسەتکردن بۆ مەیدانی ئایدیاکان و ئەندێشەکان گواسترابووەوە و یاسا و دەستوور بەپێی پێوانەی بەھای ئایدیاکان بووە.

ئەگەر تۆ بەتەواوی پەیوەستی ئایدیایەک بیت، ئایا دەبێت لە پێناویدا ئامادەبیت ئەوانی دیکە بکوژیت؟ بەھای دادپەروەری چییە؟ بەھای ئازادی چییە؟

بیرکردنەوەی سارتەر لەناو خۆیدا دژیەکی دروست دەکرد و ئەو تا کۆتاییی ژیانی دەرگیری ئەو دژیەکییانە مایەوە. سارتەری بوونگەرا کە دەیگووت: مرۆگەل مەحکومن بە ئازادی. ھەمان ئەو سارتەرە کۆمۆنیستە بوو کە لەو باوەڕەدا بوو مێژوو کاتی پێویست بۆ گەشتن بە ئازادیی ھەقیقی، بە مانای وجوودی وشەکە، مەیسەر ناکات. ھەرچەندە سارتەر بە شێوەیەکی ڕەسمی پەیوەستی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی نەبوو، بەڵام تا ساڵی ١٩٥٦ لە سەرتاسەری ئەوروپادا، بەرگری لە کۆمۆنیزم کرد. لەو ساڵەدا، لە کاتی لەشکرکێشی تانکەکانی سۆڤیەت بۆ بۆداپێست، سەرەنجام بەوە قایل بوو کە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوون لە سۆڤیەت بەئەنجام ناگات. بە وتەی سارتەر، ھۆکاری نائومێدبوونی ئەو لە یەکێتیی سۆڤیەت لە بۆداپێست ئەوە بووە کە ئەوان وەک ئەمریکییەکان ڕەفتاریان دەکرد. ھەرچەندە ئەو لە سۆڤیەت دوورکەوتەوە بەڵام بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەوە نەبوو کە تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بەکار بھێنرێت. سارتەر تا کۆتاییی ژیانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین چەپڕەوەکان مایەوە و “شارڵ دو گول” پارێزەر و قەڵغانی ئەو بوو. دوای یەکێک لە ھێرشە سەختەکان، داوایان لە “دو گول” کرد کە سارتەر دەستگیر بکات. ئەو لە وەڵامدا گوتی: ((ڤۆڵتێر زیندانی ناکرێت!))

بەڵام توندوتیژیی کۆمۆنیزم بووە باعیسی ئەوەی کامۆ ڕێگایەکی دیکە ھەڵبژێرێت. ئەو لە «مرۆڤی یاخی»دا دەنووسێ: ((لە کۆتاییدا، ئازادی ھەڵدەبژێرم. تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی نادادپەروەی دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.))

لەگەڵ ئەوەی جەنگی سارد کۆتایی ھات، ناتوانیت لە تەک کامۆدا ھاوڕا نەبیت و لە وەفاداری سارتەر بۆ کۆمۆنیزم دڵکرمێ نەبیت. کامۆ بە هەڵپرژانی بەسەر واقعیەتی سیاسی، ئەزمەی مۆراڵی، و سنوورەکان و ئیمکانی هەڵەکاری مرۆڤ، پەیامێکی ئەرزشمەندی بۆ سەردەمی هەنووکەییمان بەجێ ھێشتووە. ((تەنانەت پیرۆزترین و پڕبەهاترین ئایدیاکان گەرەکە لە بەرانبەر ئایدیاکانی دیکەدا هاوتا بن و وەک یەک تەماشا بکرێن. ڕەهاگەرایی و ئایدیالیزمی زبر و ناجۆر داهاتوویەکی مەترسیدار لە پێشڕەویماندا دەسازێنێت.)) هەر لەبەر ئەوەش، ئەو کاتەی ئەوروپا دەبوو بە سووتوو، کامۆ و سارتەر تێدەکۆشان تاکوو وێنای دونیایەکی ئازادتر و دادپەروەرانەتر بکەن.

[i] Existentialism

[ii]The absurdity of the world

سەرچاوە

پەراوێزەکان

1    Existentialism

2    The absurdity of the world

The post چۆن کامۆ و سارتەر لەسەر پرسی ئازادبوون جیا دەبنەوە؟ appeared first on ژنەفتن.

لەودیوی پێنچ هەستەکەوە
لەم چەند ساڵەی دواییدا، فەلسەفەی ئەڵمانی بە یاریدەی چەند فەیلەسووفێکی کاریگەر، توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش هەمان شکۆی ڕابردووی خۆی بۆ ئێستاش بگێڕێتەوە و ببێتە وێستگەیەکی گرنگی نێو ناوەنده فیکرییەکانی دونیا و جارێکی دی هەمووان بیکەنەوە بە مەرجەع. کێ ئەمڕۆ کاریگەرترین فەیلەسوفی ئەڵمانەکانە؟ ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە وەڵامی ئەم پرسیارە نادەینەوە تاکوو لە بایەخی هەبوونی هیچ کام لەو فەیلەسووفانەی دی کەم بکەینەوە کە ئەمڕۆ جیهان گوێیان بۆ ڕادەدێرێت، بەڵام هەوڵ دەدەین لای فەیلەسووفێکی لاو بوەستین و تیشکی بهاوینە سەر، کە بێ هیچ گومانێک داهاتووی فەلسەفەی ئەڵمان لە بەردەستی ئەودایە و خۆیشی ئەرکی ئەو بە مەرجەع کردنەوەیەی خستووەتە سەر شان1. ئایا ئەمە ستایشێکی کەمێک شاعیرانە نییە؟ ناکرێت حوکمێکی وەها بەسەر دێڕێکدا بدەین کە هەقی خۆی داوەتە فەیلەسووفێک و لانی کەمی پەسندانی پێ ڕەوا بینیوە.

مارکۆس گابرێڵ (Markus Gabriel) ئەمڕۆ لە ٤٢ ساڵەی تەمەنیدایە، واتا ٤٢ ساڵ لەمەوپێش و ساڵی ١٩٨٠ لەدایک بووە و هەر لە پانزە ساڵییەوە پرسیارە گەورەکان دەکات و بە دووی وەڵامەکانیاندا دەچێت. لە گەڵیشیدا دەست دەکات بە خوێندنەوەیەکی قووڵی فەلسەفە هەر لە یۆنانەوە تا دەگاتە عەقڵە گەورەکانی وەکوو ( کانت و فیختە و هیگڵ و مارکس و نیچە و هایدیگەر و قوتابخانەی فرانکفۆرت و سارتەر و بوونگەراکانی دی). ئەم زەخیرە گەورە فەلسەفییە هاوکاری دەکات لە دیتنەوە و دەرگیربوون لەگەڵ پرسیارە گەورەکانی فەلسەفەدا و لە گەڵیشیدا دۆزینەوەی ڕێچکەی نوێ و تایبەت بە خۆی، ئەو هەم نوێکەرەوەی بوونگەرایییە و هەمیش نوێنەری واقیعگەراییی نوێ. لەگەڵ ئەودا تێدەگەین لە هۆکاری بونبەستییەکانی ئەو ڕێبازە فەلسەفییانە و دەرچەیەکیش بۆ ڕزگاربوون لە بونبەستەکان دەدۆزینەوە.
ئێمە دەکەوینە کوێی واقیعەوە؟ ئایا ئێمە تەنها بەشێکی بچووکین لە گشتێتی و هەمەکێتیی جیهان و بوونمان هیچ بەها و واتایەکی ئەوتۆی نییە؟ ئەو واقیعەی تێیدا دەژین جۆرێکە لە خەون و بەرهەمی خەیاڵ یان نەخێر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و شتەکان هەر ئەوەن کە دەیانبینین؟ ئایا دەتوانین شتەکان وەکوو ئەوەی کە هەن بناسین و زانیارییان لەبارەوە پەیدا بکەین، یاخود نەخێر هەموو ئەوانەی کە دەیبینین سێبەری شتەکانن و هەقیقەت نین؟ هەستەکان کامانەن و چین؟  ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە مێژووی فەلسەفە لە کۆنەوە دەرگیرێتی و لە گریگەوە تا دەگاتە مارکۆس گابرێل و عەقڵە گەورەکانی دونیای نوێ خەریکی وەڵامدانەوەی ئەم پرسانە بوون، هەر یەکە و بە شێوازی خۆی. باشە ئەو پرسیارە کۆنانە چ گرنگییەکیان بۆ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی هەیە تاکوو وا لە گەنجترین فەیلەسووفی دونیای ئەمڕۆ بکەن هاوشێوەی فەیلەسووفێکی دونیای کۆن بە دووی وەڵامەکانیاندا وێڵ بێت؟ چونکە ئەم فەیلەسووفە لاوە دەزانێت هەڵەیەکی زەق و گەورە لەو وەڵامانەدا هەیە کە فەلسەفە بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست لەبیری کردوون و خستوونیەتیە لاوە.
“مارکۆس گابرێل” لە کتێبە گرنگەکەی خۆیدا: “بۆچی جیهان بوونی نییە؟“2 کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی کردەوە، “هەمووان”ی سەراسیمە کرد (لێرەدا هەمووان تەنها ئاماژەیەکە بۆ هەمووانێکی پڕتر لە دونیای تێهزریندا)، بەوەی کە لاوێکی ٣٣ ساڵە، چۆن توانیویەتی بەو ئەندازەیە دابڕان لە فەلسەفەدا چێ بکات! چۆن پێی کراوە ئەوەندە نوێ، ئەوەندە جیاواز چەمکەکان دابڕێژێتەوە و چەمکگەلی نوێ دابتاشێت و گومانێکی گەورە بخاتە دڵی جیهانەوە؟ هەر خودی ناونیشانی کتێبەکە بۆ خۆی شۆکێکە، شۆکێکی گەورە، کە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەیدا بەری دەکەوێت. ئاخر چۆن دەبێت جیهانێک بوونی نەبێت، لە کاتێکدا درککردن و هەستەکانمان زۆر بەئاسانی جیهانێکیان بۆ داڕشتووین؟ وتمان درککردن و باسی هەستەکانمان کرد، گابرێڵ دەزانێت خوێنەرەکانی لە هەر کوێیەکی دونیا بن هەمان پرسیاریان لا دروست دەبێت، هەروەک چۆن دەشزانێت یەکێک لە هۆکارەکانی پشت پڕفرۆشی کتێبەکەش ئەو گومانانەن کە لە ناخی خوێنەرەکانیدا دەرهەق بە مەسەلەی “هەبوون یاخود نەبوونی جیهانێک” چاندوویەتی. گومانەکە لە کوێوە دەست پێ دەکات؟ گابرێڵ بۆ چاندنی تۆوی ئەم گومانە، دەمانباتەوە سەر دووبارە وردبوونەوە لە هەستەکانمان و گومانکردن لە شێوازی درککردنمان بۆ شتەکان. بە بڕوای گابرێڵ هەڵەیەکی مێژوویی-فیکریی چەوت هەیە و دەبێت ئەو چەوتییە ڕاست بکرێتەوە، هەڵەیەک کە لە ئەرستۆوە گواستراوەتەوە بۆ تەواوی فەیلەسووفانی دواتر، هەڵەیەک کە بنەچەکەی باوەڕهێنانە بە ئەفسانەیەک (ئەفسانەی پێنچ هەستەکە). بە واتایەکی دیکە باوەڕهێنان بەوەی کە ئێمەی مرۆڤ تەنها خاوەنی پێنچ هەستین، ئەوانیش: (هەستی بۆنکردن و تامکردن و بینین و بیستن و بەرکەوتن) ئەمە زانیارییەکی هەڵەیە، کە هەمووان تا ئێستا وەک ڕاستییەکی بێ مشتومڕ وەریان گرتووە، لە کاتێکدا هەستەکان زۆر لەوە زیاترن کە ئێمە درکمان پێ کردوون. دیارترین هەستێک کە گابرێڵ بە ئێمەی دەناسێنێت هەستی هزر و تێهزرینە. چۆن دەشێت بابەتێکی هۆشەکی لەگەڵ بابەتێکی هەستەکیدا بەو شێوەیە تێکەڵی یەکدی بکەین؟ چونکە چ کردەی تێهزرین و چ هزریش بۆ خۆی بابەتێکی ڕووتی درککردن و هەستپێکردنن، وێناکردنی هزر وەک بەشێک لە هەستەکان و بگرە گرنگترین بەشی هەستەکانیش، کەمێک نامۆیە بە ئێمە. ئەمە بۆچی وایە؟ بۆچی ناتوانین بە ئاسانی بڕوا بەوە بهێنین کە هزریش هەستێکە وەکو هەستەکانی ترمان؟ چونکە لە بنەڕەتەوە زانیارییە هەڵەکە ئەوەندە بە قاییمی ڕووپۆش کراوە بە زانیاری لە خۆی هەڵەتر، کە بەری بینینی گرتووین و ڕێمان نادات بە درککردنێکی تەواوەوە وەکو خۆی بیبینین.

مارکۆس گابرێل (١٩٨٠ – ) فەیلەسووفی ئەڵمانی

کاتێک دەڵێین هزر هەستە و بەشێکی گرنگە لێی، ئیتر دەتوانین مرۆڤ لە ئامێرە زیرەکەکانیش جیا بکەینەوە و بە ئاشکرا جیاوازییەکانی نێوانیان دەستنیشان بکەین. جیاوازی نێوان ئامێرێکی زیرەک کە هۆشێکی مەزنی لەخۆ گرتووە و هەموو شتێک دەزانێت لەگەڵ مرۆڤێکدا کە خاوەنی هۆشێکی مەزنە، ئەوەیە کە مرۆڤ درک بە شتەکان دەکات و بەپێی خواستی ئەو درککردنە ڕاڤەکاری بۆ زانینەکەی دەکات، بەڵام ئامێرە زیرەکەکان هۆشێکی بەهەستیان نییە و تەنها ئەوانە پێشکەش دەکەن کە پەیوەست نین بە هەستەوە و ڕاڤەی شێوازی درککردن بە زانین نایانگرێتەوە . واتا مەسەلەی درککردن خاڵێکی جەوهەرییە لای گابرێڵ بۆ بەستنەوەی هزری مرۆیی بە هەستەکانییەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە مرۆڤ لە باریدا بێت بەسەر زیرەکی دەستکرد و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاسا فیزیایییەکاندا زاڵ بێت. ڕەخنەیەک کە دەشێت لەم بارەیەوە لە گابرێڵی بگرین، نادیدەگرتنی ئەو کارکردە هاوبەشانەیە کە لەنێوان ئامێرەکان و مرۆڤدا هەیە، ڕاستە بە ڕووکەش وا دەردەکەوێت مرۆڤ ئامێرەکان چێ دەکات و دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تەحەکومیان پێوە بکات، بەڵام لە ناواخندا هەر خودی ئەو ئامێرانە دەتوانن بە ئاسانی گۆڕان لە مرۆڤدا چێ بکەن و دەستکاریی سیستەمی ژیان و بیرکردنەوه و تەواوی هەستەکانی بکەن و چۆنیان بوێ ئاوها ئاڕاستەیان بکەن. ئەوان لە زۆر باردا دەبنە جێگرەوەی هۆشی ڕاستەقینە و هەستەکانی هاوشێوەی، ئەمەش لە ڕێی دەستوەردانیانەوە لە دیاریکردنی ئاستی زانین و پیشاندانی ئەوەی کە هەیە و ئەوان دەستیان پێ دەگات، کە بە دڵنیایییەوە هەر بەو جۆرەش بۆ ئێمەی دەگوازنەوە.
ئەوەی بە لای مارکۆس گابرێڵەوە جێی سەرنج و تێبینیەکی قووڵە، ئەوەیە کە چۆن زانستی نوێ توانیویەتی دەستکاری زۆرێک لە تیۆرە سایکۆلۆژییەکانی “ئەرستۆ” بکات و بڕێکیشیان بەتەواوەتی ڕەت بکاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە لە بابەتی پێنچ هەستەکەدا هیچ گومانێک لەسەر ئەم مەسەلەیە دروست بکات. هەرچەندە لە زۆر جێدا زانست ئاماژەی ڕوونی داوەتە دەستەوە سەبارەت بە هەبوونی هەستگەلی دیکەی مرۆیی. بۆ نموونە کاتێک کەسێک بە نیازی سەفەری شوێنێک دەخەوێت و لە مێشکی خۆیدا دایدەنێت کە دەبێت پێش بەری بەیان لە خەو ڕابێت و زەنگێک دەخاتە سەر مۆبایلەکەی، بەری بەیان پێش ئەوەی زەنگی مۆبایلەکه لێ بدات ئەم کەسە لە خەو ڕادەبێت، بەمە دەوترێت چی؟ ئەمە نە بۆنکردنە و نە تامکردن و نە بینین و نە بیستن و نە بەرکەوتن، کەواتە بۆ ئەم حاڵەتە بڵێین چی و چ ناوێکی لێ بنێین! هەر خودی گابرێڵ خۆی چەندین نموونەی دیکە دەهێنێتەوه کە ئاماژەی ڕوونن بە هەبوونی چەندین هەستی دیکەی مرۆیی و لە ژماردن نایەن. گابرێڵ ئاماژە بە توێژینەوەی دوو توێژەری زانکۆی نیویۆرک دەکات کە تێیدا باسیان لەوە کردووە، بەرگریی جەستەی مرۆڤ وەکوو هەستێک کار دەکات و لە حاڵەتی هەبوونی ڤایرۆسێک لەنێو جەستەماندا، خێرا ئاگادارمان دەکاتەوە کە ڤایرۆسێک هاتووەتە جەستەمانەوە و دەبێت خۆمان بۆ بەرگری ئامادە بکەین، ئەم ئاگادارکردنەوەیە کە لە دەزگایەکی ناوەکییەوە دەردەچێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوونی هەستگەلی دیکەی نەزانراو.
خاڵێکی تر کە گابرێڵ وەک هەڵەیەکی زەق دەیناسێنێت، پیشاندانی هزرە وەکوو بەشێکی سەربەخۆ و شتێکی جیاواز و ناکۆک و دژ لە هەمبەر هەستەکاندا. زۆر جار وەها وێنای هزر کراوە کە لە ناکۆکییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هەستەکانمان و بەردەوام هەوڵی کۆنترۆڵ کردنیان دەدات. لە کاتێکدا هزر ڕۆڵی یەکانەیی دیوە لە پاراستن و کۆکردنەوەی تەواوی هەستەکانماندا، بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگەیەنێت. گابرێڵ پێی وایە زۆر جار بە هەڵە باس لە “بینین” دەکرێت وەک گرنگترین هەستی مرۆڤ، بە بیانووی ئەوەی کە لە توانایدایە واقیعمان لە نزیکەوە پیشان بدات و پێمانی بناسێنێت، لە کاتێکدا ئەو توانای بینینەی کە هزر دەمانداتێ زۆر دوورتر و فراوانترە لەو بینینەی کە چاو پێمان دەبەخشێت. ئێمە لە ڕێی هزرەوە دەتوانین بگەینە دوورترین شوێنەکان و بیانبینین، نەک تا سنوورێکی دیاریکراو، بەڵکوو بینینێکی ناکۆتا و بێسنوور.
کاتێک ئێمە لەوە بەئاگاین کە لە میانی دیتنی جیهاندا، هەستەکانمان یاوەرمانن، چۆن دەتوانین جیهانێک لە قاڵب بدەین و بڵێین ئا ئەمە جیهانەکەی ئێمەیە؟ ئاخر هەر ئەو وەختەی لەشتێک ورد دەبینەوە و هەوڵی ناسینی دەدەین، شتێکی تر دێتە پێشمان و دوای ئەویش شتێکی تر، واتا تا ناکۆتا شتی ترمان لە پێشدایە و بە گەیشتن بە هەر جێیەک کە وتمان ئەمەیە جیهان، شتێکی تر دەبینینەوە کە دەکەوێتە دەرەوەی جیهانەکەی ئێمە. بۆیە هیج جیهانێکی لەقاڵبدراو و زانراو بوونی نییه. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک شتن لە پەنای یەکدیدا و کارلێک دەکەن لەگەڵ یەکدی و لە شێواز و جۆری دیدا خۆیان دەنوێننەوە. واتا بیرۆکەی هەبوونی زیاتر لە هەستێک بیرۆکەیەکە بۆ لە جیهان خستنی جیهان، بۆ بینینی شتەکان وەکوو خۆیان، دوور لە هەر خواستێکی میتافیزیکانەی گەورەتر. ئەمە واقیعگەراییی نوێیە، بە بڕوای گابرێڵ فەلسەفە لەو بونبەستیە ڕزگار دەکات کە بەتایبەتی بە هۆی پۆست مۆدێرنەوە تووشی هاتووە. باشه ئەم واقیعگەرایییە نوێیە چ جیاوازییەکی هەیه لەگەڵ واقیعگەراییی کۆن و تەنانەت ئەو واقیعگەرا نوێیەش کە پێش گابرێڵ چەندین فەیلەسوف و بیرمەندی تر کاریان لەسەر کردووە؟ لە واقیعگەراییی کۆندا و بەتایبەتی لە لای “ئەرستۆ” باوەڕێکی وەها بە قاییمی جێگیر کرابوو کە ئێمە مادامەکێ لە جیهان دەکۆڵینەوە و ئاشنای شتەکانی نێوین، کەواتە دەتوانین لە ماهیەتی ڕاستەقینەی واقیعی جیهانیش تێبگەین و بیناسین، واقیعگەرا نوێیەکانی پێش گابرێڵیش بڕوایان بەوە هەبوو کە ئێمە درک بە شتەکانی دەوروبەرمان دەکەین کە لە واقیعدا هەن و لێیان دەکۆڵینەوە لەنێو جیهاندا، بەڵام ناتوانین وەک یەکەیەکی گشتی پێناسەیان بکەین. بە پێچەوانەی ئەم باوەڕە جێگیرەوە، واقیعگەراییی نوێ لەوەدا خۆی جیا دەکاتەوە کە ئێمە چونکە ناتوانین جیهان لە وێنا گەورەکەیدا ببینین و وەک یەکەیەکی تەواو و کامڵ بیری لێ بکەینەوە، کەواتە ناشتوانین لە ڕێی درککردنمان بە شتەکانی نێویەوە بانگەشەی ناسینی جیهانێک بکەین. ئێمە تەنها درک بەو شتانە دەکەین کە دەتوانین بیانبینین و هەستیان پێ بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم شتانەش ناکۆتا و بێسنوورن،  بۆیە ناتوانین جیهانێکی وەها تەواو بدۆزینەوە و دان بە بوونیدا بنێین، بەم مانایەش جیهانێک بوونی نییە و ئێمە هەرگیز ناتوانین جیهانێکی وا بناسین و بیخەینە بازنەی ئاگاییمانەوە. واتا لە پێش گابرێڵ واقیعگەرایی پەیوەست کرابووه جیهانەوە، بەڵام لای گابرێڵ واقیعگەرایی واتا باوەڕبوون بە ناکۆتا و نەبوونی جیهانێکی ناسکراو، بەڵام هەستپێکراو. بەم پێیەش واقیعگەراییی نوێ پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی “کانت”ە کە واقیع وەکو شتێک وێنا دەکات کە ناتوانین درکی پێ بکەین، یاخود ئەو ڕوانینە زاڵەی (پاش تازەگەریی) کە وەک شتێکی نەبوو سەیری واقیع دەکات و بوونی ڕەت دەکاتەوە. لای گابرێڵ واقیع پەیوەستە بەو مانایانەوە کە ئێمە لە ڕێی درککردنەوە دەیدەینە شتەکان.
ڕەتکردنەوەی بوونی جیهان لای گابرێڵ پەیوەستە بە نیشتەجێکردنی بوونەوە لەناو شوێندا، واتا کاتێک دەڵێین شتێک بوونی هەیە، مەبەستمانە بڵێین ئەو شتە شوێنێکی گرتووە، ئەی ئەو شوێنە لە کوێیە؟ ئەو شوێنە دەکەوێتە ناو جیهانەوە، ئەی کەواتە جیهان خۆی دەکەوێتە کوێوه؟ هەموو ئەوانەی لە فەلسەفەی بوون کۆڵیویانەتەوە، هەر لە ئەفلاتۆنەوە تا دەگاتە هایدیگەر و سارتەر، بوونیان بەستووەتە شوێنەوە و شوێنیش بە جیهان، لێ ئەوەی ئەوان نەیانوتووە و وەڵامیان نەداوەتەوە شوێنی جیهانە، ئایا جیهان دەکەوێتە کوێوە؟ گەر بە شێوەی ژمارەیی حسێبی بۆ بکەین، ئەوا دەبینین ناکۆتا ژمارەمان هەیە، سلێمانی شوێنێکە و هەیە، سەر بە باشووری کوردستانە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و سەر بە ئاسیایە، ئاسیا کیشوەرێکە لە زەوی و زەویش سەر بە کۆمەڵە هەسارەیەکی تری نێو گەردوونە و پێکەوە کۆمەڵەی خۆر پێکدێنن، ئەی ئەو کۆمەڵەیە دەکەونە کوێوە؟ لەنێو جیهانێکی تردان، ئەگەر وابێت ئەو جیهانەش دەبێت شوێنێکی گرتبێت، کەوابێت ئەو شوێنە دەکەوێتە کوێوه؟ ئێمە کاتێک ئەمانە دەژمێرین، دەبینین ناکۆتا شوێن و جیهان دێنە پێشەوە و هیچ واتا و دەلالەتێک بۆ جیهانە یەکەمینە ناهێڵنەوە کە سەرەتا وەکوو جیهان ناساندبوومان.

ئەم بۆچوونە جیاواز و نامۆیانەی گابرێڵ کە ڕیشەیەکی لە دونیای کۆندایە و لقەکانیشی لە دونیای نوێ، وامان لێ دەکات ئەو هەم بە فەیلەسووفێکی مۆدێرن بزانین و هەمیش بە فەیلەسووفێکی سونەتی دونیای کۆن، کە ئەم خەسڵەتە بە دەگمەن لە لای بیریار و فەیلەسووفانی دیکە دەدۆزینەوە. وەک چۆن خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکی “ئانیاشتاین باوەر”دا جەختی لەسەر دەکاتەوە3. ئەوەی گابرێڵ دەیەوێت بە ئێمەی بڵێت ڕەتکردنەوەی هەمەکێتی زانین و جیهانە و پاڵپشتیکردنە لە بەشەکییەکانی بوون، لای ئەو هەقیقەتی ڕەها دەکەوێتە ناکۆتاوە و لە هەر شوێنێکدا خاڵێک دانرا هەقیقەتیش دەبێتەوە ڕێژەیی. لەبەر ئەوەی گەیشتنیش بەو هەقیقەتە ڕەهایە سەختە و نەکردەیە، بۆیە باشتر وایە دان بە ناکامڵێتیی زانین و فرەواقیعیدا بنێین و بەدووی هەمەکێتیی جیهاندا نەچین، بەڵکوو شرۆڤەی بەشەکییەکانی بوون بکەین و لێیانەوە لە بوون و هەبووەکانی نێوی تێبگەین. هاوکات ئەم بۆچوونە تەبایە لەگەڵ پاڵپشتیکردنی زیاتری زانین و کۆشش بۆ بەدەستهێنان و دۆزینەوەی نەزانراوەکان، هەرچەندە بۆچوونێکی وەها بڕێک نائومێدی دەبەخشێتە مرۆڤ لەوەدا کە هیچ سنوورێک و هیچ خاڵێکی کۆتایی و هیچ هەقیقەتێکی ڕەها لە پشت زانینەوە ناهێڵێت و پێمان دەڵێت ئێمە گەمارۆدراوین بە کۆمەڵە شتانێک کە لە پشتیانەوە شتانی دیکە هەن و لەودیوی ئەوانیشەوە تا بچین هەر گیرۆدەی هەمان گەمارۆدانی ترسناکین. لێرەدا گابرێڵ لەگەڵ ڕوانینەکانی ئەلبێر کامۆدا یەک دەگرێتەوە و ناچار دەبێت دۆخی نائومێدی بخاتە بەر باس، وەک چۆن کامۆ لە ڕۆمانی “نامۆ”دا و دواتریش لە “ئەفسانەی سیزیف”دا ئەو ڕاستییە تاڵەمان پێ دەڵێت کە هیچ مەبەست و ئامانجێک لە پشت ئەم جیهانەوە نییە و ئێمە لەنێو دووبارەبوونەوەیەکی بێتامدا دەخولێینەوە، “مارکۆس گابرێڵیش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی نائومێدیمان دەکاتەوە و بیرۆکەی هەبوونی جیهانێکی ڕێک و پێک و دوا زانیاری و دوا خاڵی گەردوون ڕەت دەکاتەوە و هەموو ئەوانە نائومێد دەکات کە بە ئومێدی هەبوونی ئامانج و مەبەستێک و سنوورێکی دیاریکراوی پشت ئەم جیهانەوە دەژین. وەک چۆن کامۆ لە “مرۆڤی یاخی”دا هانمان دەدات تەسلیمی ئەو نائومێدییە نەبین و کۆشش بکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان لە هەمبەر دەوروبەر و ئەو جیهانەشی کە تێیدا دەژین، ئاوهایش گابرێڵ دەیەوێت پێمان بڵێت لەگەڵ ئەوەی دەربارەی جیهان هەواڵێکی بێزراو و نائومێدانەمان دەداتێ؛ لەگەڵ ئەوەی جیهانێک بوونی نییە و سنوورداری و زانینێکی ڕەهاش لە ئارادا نییە، سەرباری هەموو ئەو ڕاستییە تاڵانە، بەڵام هێشتاش دەبێت بۆ زانینی زیاتر و کەشفکردنی زیاتری نهێنیەکانی نێو گەردوون بکۆشین و لە دیاردە و شتەکان ڕابمێنین و لە بەرامبەریاندا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین. خاڵی هەرە هاوبەشی نێوان کامۆ و گابرێڵ، زانین و درککردنە بە پووچێتی و بێمانایی پشتەوەی شتەکان و لەگەڵیشیدا بەرپاکردنی جەنگێک دژ بەو پووچێتییە، بە جیاوازیی ئەوەی کە جیهان لای گابرێڵ یەکەیەکی ڕێک و ناسراو نییە، بەڵکوو پەیوەستی ژمارە لە بننەهاتووەکانە و هیچ زانینێک دەستی پێ ناگات و بوونێکی ئامادەی شکڵییانەی نییە، کەچی لای کامۆ ئێمە لەنێو جیهانێکداین و ئەم جیهانەش خاڵێکی کۆتایی هەیە و لەنێو بێماناییدایە. بەم شێوەیە ئێمە سەرباری ئەوەی لە بەردەم جیهانێکی ناکۆتا و نائومێدکەرانەداین، بەڵام تەسلیمی ئەو نائومێدییە نابین و لە ڕێی بەجێهێنانی بەرپرسیارێتییە مرۆیییەکانمانەوە ڕووبەڕووی ئەو نائومێدییە ئەزەلییە دەبینەوە و هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی واقیعی جیاوازتر و زیاترداین. ئەم بەردەوامیدانە بە ژیان لەگەڵ واقیعگەلێکی ناکۆتا و بێمانا و بێمەبەستدا، جۆرێکە لە یاخیبوونی بوونخوازانە و بەرهەمی درککردنی ئێمەیە بە جیهانێکی ناکۆتا و هەوڵدانە بۆ پێدانی مانا بە بەشەکییە بەرجەستەکانی نێو بوون، واتا تێگەیشتن لە هەبووەکان وەک ئەوەی کە هەن و ڕەتکردنەوەی هەبوونی جیهانێکی گشتگیرتر کە خاڵی کۆتایی هەبێت و هەموو هەبووەکان لە خۆیدا بتوێنێتەوە، کرۆکی سەرەکی بیرکردنەوەی گابرێڵ پێک دەهێنێت.

پەراوێزەکان

1    مارکۆس گابرێڵ لە جێیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فەلسەفەی ئەڵمانی دەبێت ئەو سەرداری و مەرجەعیەتەی خۆی بپارێزێت و تواناکەی جارانی بۆ بگێڕدرێتەوە، بە تایبەتی کە ئەم فەلسەفەیە و مێژووەکەی لە باریدایە ڕووبەڕووی فەلسەفەی باوی ئەمریکی ببێتەوە و بە گژ ئەوەدا بچێتەوە کە زانستە سروشتییەکان ببێتە تاکە جێ دیدی پەسەندکراو بۆ تێگەیشتن لە شتەکان. بڕوانە: ( نهضة الفلسفة الآلمانیة، حوار قصیر مع بروفیسور الفلسفة ماركوس غابرییل من جامعة بون، موقع دويتشلاند، 17.11.2015).

2    مارکوس گابریل: چرا جهان وجود ندارد، ت: حمید پرنیان، نشر سرو باران، تهران، ١٣٩٥.

3    آنیا اشتاین باور، گفتوگو با مارکوس گابریل: چه کسی می گوید جهان وجود دارد؟، ت: مهدی رعنایی، سایت ترجمان، ٩شهریور ١٣٩٥

The post لەودیوی پێنچ هەستەکەوە appeared first on ژنەفتن.

خۆکوژی و ئەدەبیات
خۆکوژی بووەتە “باو”. هەر ڕۆژ کەسانێکی زۆرتر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، هەر ڕۆژ کەسانێکی زۆر دەست بۆ خۆکوشتن دەبەن. سەبارەت بە خۆکوشتن زۆر بابەت وتراوە و لە هەمان کاتێشدا نووسراوە: دەروونناس، بیرمەند، پزیشک، مامۆستا، ڕەخنەگر، ئەخلاقگەرا، ڕێبەری فیرقەکان و کەسانی بێئومێد و زۆر کەسی تریش کە هەر هەموو دەیانەوێ خۆیان بکوژن کەچی بەردەوام بۆ ئەمڕۆ و سبەی وە درەنگی دەخەن.

لەم بوارەیەدا لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە ئاماژە بەم خاڵە دراوە، کە چما لەنێوان خۆکوژی و دنیای هونەر و بەتایبەت نووسیندا پێوەندییەکی چڕوپڕ هەیە. سەبارەت بە خۆکوشتنی هەندێ نووسەری وەک فێرناندۆ پێسۆئا1، چێزارێ پاڤێزێ2و سێلڤیا پلات3کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تۆکمە کراوە. کۆی ئەم لێکۆڵینەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە تایبەتمەندیی ژیانی کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەران، وەسوەسەی خۆکوشتن و ململانێیەکی بەردەوام بووە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا. بەتایبەت بۆ نووسەرانی سەردەمی ڕۆمانتیک و دواتریش داداییستەکان، ستایشی خۆکوژی دەبێتە ئایدیاڵێکی ئەدەبی و هەروەها بەشێک لە تێگەیشتنی هونەریی نووسەر. ئەگەرچی هێشتا پێوەندیی نێوان نووسین و خۆکوشتن بەگشتی وەک بابەتێکی لێڵ و نادیار ماوەتەوە. ڕاستە وەسوەسەی خۆکوشتن چ بە ئاشکرا یان نهێنی، چ لە ڕووی هەست یان نەستەوە بێ، لە کۆڵی نووسەر نابێتەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران بەسەر ئەم وەسوەسەیەدا زاڵ بوونە و لە ئاکامیشدا بە مەرگی سروشتی ماڵاواییان لە ژیان کردووە و تەنانەت تەمەنێکی درێژیان هەبووە و بەجۆرێک توانیوویانە کە لەگەڵ کاری نووسین و فریوی خۆکوشتن، بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە ڕابێن.

چ لە ڕابردوو، چ لە سەردەمی ئێمەدا، کۆمەڵێک هونەرمەند دەناسین کە ڕایانگەیاندووە “تەنیا هەر هونەر” توانیوویەتی ڕێگر بێت لە بەردەم خۆکوشتنیاندا. بەڵام بۆچی تەنیا هەر هونەر؟ بۆ نموونە بۆچی گۆزەگەری یان کۆکردنەوەی پوول نە؟ چ شتێکی تایبەت لە جەوهەری نووسیندا هەیە کە لە بری ئەوەی مرۆڤ مەجبوور بە خۆکوشتن بکات -کە ئاسایی دەنوێنێ- دەبێتە لەمپەرێک لە هەمبەر خۆکوشتندا؟

پەیکەری فێرناندۆ پێسۆئا (١٨٨٨-١٩٣٥) نووسەر و شاعیری پورتوگالیایی، لە شاری برۆکسلی بەلجیکا

پێش ئەوەی درێژە بە باسەکەم بدەم، دەمەوێ خاڵێک ڕوون بکەمەوە: لێرەدا قسەکانی من هەموو نووسەر یان هونەرمەندێک ناگرێتەوە. بە هیچ شێوەیەک نامەوێ گریمانەیەکی گشتی سەبارەت بە خۆکوشتن ئاراستە بکەم. هۆکار و پاڵنەری سەرەکیی جۆرێک لە خۆکوشتن وەها ڕوون و بەرچاوە کە دەکرێ وەک کارێکی عاقڵانە چاوی لێکەین. لە لایەک تریشەوە جۆرێک لە خۆکوشتن هەیە کە هۆکارەکەی نەخۆشیی دەروونییە و دەکرێ لەگەڵ کردەوەیەکی ناوشیار بەراورد بکرێ. ئەم دوو جۆرە خۆکوشتنە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەرنجڕاکێش نین و لەم نووسینەشدا ناخرێنە بەر باس. ئەمەش بەو واتایە نییە کە بمەوێ لەسەر بنەمای پووچی یان مەبەستمەند بوونی مرۆڤ سەبارەت بە مژاری خۆکوشتن گریمانە و بیرۆکەیەک بخەمە ڕوو. ڕەنگە هەق بە “کامۆ” بووبێت کە پووچی و بێهوودەیی یان ئامانجداربوونی مرۆڤی هێناوەتە ئاست جیدیترین مژاری فەلسەفییەوە. بەڵام ئەو بیرۆکەیەی هەڵە بوو کە پووچی بوونی مرۆڤی وەک هۆکاری خۆکوشتن زانیبوو. ئەگەرچی زۆر جار ئەم شتە دەوترێ – بەڵام هەڵەیەکی گەورەیە – کە تاکی خۆکوژ وەک کەسێ چاو لێ بکەین کە بەم دەرئەنجامە گەیشتووە کە ژیان بێهوودەیە. بە پێچەوانەوە تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە چیتر هۆگری ژیان نییە و ئەمەش بابەتێکی زۆر جیاوازە. تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە چیتر تامەزرۆی ژیان نییە، بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنیەتی تێپەڕبوونی ئەم ژیانە. تەنانەت ئەگەر ئەم ژیانە زۆر پڕواتا و جوانیش بێت. بێگومان ئەم بابەتە لە ڕووی فەلسەفییەوە گرینگە، چونکە ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە بۆچی ژیان تەنانەت لەو کاتەشدا کە بەپێی ویست و حەزی مرۆڤ تێپەڕ دەبێت، بۆ هەندێ کەس کەموکووڕی هەیە؟ یان بەپێچەوانەوە هەندێ کەسی تایبەت چ خەون و خولیایەکیان لە سەردایە کە هەرگیز ئیمکانی وەدیهاتنیان بۆ نییە.

هەروەها لەنێو نووسەراندا تاقمێک هەن کە دەبێ قەت لە بەرچاو نەگیردرێن. جۆرە نووسەرێک هەن کە وەک فەرمانبەرێک لە فەرمانگە کار دەکەن: واتە لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە هەتا دوازدە و لە کاتژمێر دووەوە هەتا پێنجی سەر لە ئێوارە و بە درێژاییی ڕۆژ ئەوەندە لاپەڕە دەنووسن، بەبێ هیچ حەز و شەوقێکی وەها یان وەڕەزبوونێک، بە کۆمەڵێک بەرهەمی سەرنجڕاکێشەوە، بەڵام ناسەرکەوتوو. هەروەها تاقمێک تایبەت لە نووسەریش هەن وەک ئاگاتا کریستی4و….کە بە دۆزینەوەی دنیای خەیاڵاوی باشترین هەلی ڕابواردن بۆ خۆێنەر دەڕەخسێنن و بە قەڵەم سووڕانێک کتێبێکی ئەستوور دەنووسن. بە پێچەوانەی ئەمانەوە ئەو نووسەرانەی مەبەستی باسەکەی منن ئەوانەن وا بەرانبەر بە کاری خۆیان هەستێکی شاراوە و ئاڵۆزییان هەیە. زۆر نووسەر هەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە شێوازی بژاردە پەیڤ یان لە نامەکانیاندا ئاماژەیان داوەتە بابەتی ئەم شاراوەییە، بێ ئەوەی بتوانن شرۆڤەیەکی لەسەر بکەن.

چێزارێ پاڤێزێ (١٩٠٨-١٩٥٠) ڕۆماننووس و شاعیری ئیتالیایی

یەکێک لە نووسەری بەرهەمە خەیاڵی- زانستییەکان واتە فرێدریک براون5، وتوویەتی: “من ئێجگار ڕقم لە نووسینە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێی سەرسام دەبم کە چۆن تا ئێستە نوسیوومە!”، ئەم وتەیە لەوانەیە رۆر نووسەر هەبن کە ئامادەن بڕە پارەیەکی زۆریش بدەن تاکوو وای پیشان بدەن کە ئەم ڕستەیە ئەوان وتوویانە. ئەوەی لێرەدا دەبێ شرۆڤەی بۆ بکرێ ئەمەیە کە لە زەینی ئەم جۆرە نووسەرانەدا کۆمەڵێک توخم و ڕەگەزی دژواز بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر، یەکجێ کۆ بوونەتەوە: جەبرێکی ڕەها و دەروونی بۆ نووسین، بە چەشنێک کە ئەگەر بۆ ماوەیەک دەست لە نووسێن هەڵگرن، تووشی جۆرێ شڵەژان و دڵەڕاوکێ و هاوکات ناڕەزایەتی دەبن و هەست بە گوناهێکی گەورە و تاوانێکی قورس دەکەن و لە لایەک تریشەوە خودی نووسین بۆ کەسیان چێژبەخش نییە. بەرخۆدانی سەرسەختانەی نووسینی ڕستەیەک و بڕێجاریش وشەیەک کە دەبێ لەسەر ڕێگە لاببرێ، سزایەکی تاقەت پڕووکێنە و تەواوکردنی بەرهەمێکی دەستپێکراو وەک هەڵکەندنی کێوێک وایە لە بنەوەڕا و دواتریش کە نووسینی ئەو بەرهەمە کۆتایی پێهات، کەیف خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر، هەستکردن بە دەربازبوون و جۆرێک لە بەختەوەری کە چیتر “مەجبوور بە نووسین نابم”، ئەو شتەی کە ڕەنگە نووسەر چیتر هەرگیز نەیویستبێت. ئاوەهایە دۆخی ناخهەژێنی نووسەری ئێمە کە ئەو دەمەی وا نانووسێ، تێک دەچێ، هەست بە کەیف خۆشی ناکا و لە کاتی نووسینیشدا دۆخی لەمە باشتر نابێ. ئەو تەنیا کەڵکەڵەی، کۆتاییهێنان بە نووسینی بەرهەمەکەیەتی. لە هەمان کاتدا بە تێپەڕبوونی کات ڕەزامەندی لە بەر چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەی، خوێندنەوە لە لایەن بەردەنگەوە، ڕاکێشانی سەرنجی ڕەخنەگرەکان، وتووێژ لەگەڵ گۆڤارە ئەدەبییەکان سەبارەت بەم بەرهەمە و لە کۆتاییشدا بوون بە کەسایەتی یان دەموچاوێکی ئەدەبی هەموو ئەو شتانەیە کە نووسەر پێی دڵخۆشە و تەنیا بەم شێوەیە کە ڕۆحی یاخی و سەربزێوی دەسرەوێ. نووسەر چەندە لە کاری تاقەتپڕوکێنی خۆیدا پێشکەوێت بە هەمان ڕادەش وردبینانەتر فێر دەبێ کە چۆن بە یارمەتی کۆمەڵێک توانای پسپۆڕانە لەگەڵ ژیان ڕابێ و بە ڕەنج و ئازارێکی کەمترەوە، درێژە بە کاری نووسین بدات. بەڵام بەردەوام کێشەیەکی ناحەز لە ئارادایە کە بەرۆکی هەموو نووسەرێ دەگرێ و ئەویش فرێدریش براون وتەنی: “بە هەر حاڵ دەبێ بەرەو ڕووی نووسین ببینەوە، تا بەرهەمێک بنووسرێ و بێتە دی”.

سێلڤیا پلات (١٩٣٢-١٩٦٣) شاعیر و نووسەری ئەمریکایی

ئێستە بێینەوە سەر باسی ئەوەی وا دەست بۆ خۆکوشتن دەبات. ڕنگە بکرێ وەها کەسێک، بەو جۆرە پێناسە بکەین کە زۆرتر تامەزرۆی ئەوەیە کە “ژیابێت” تا ئەوەی کە بژیت. بەڵام ئەم شتە مومکین نییە، چوون مرۆڤ بۆی هەیە سەبارەت بە ژیانی ڕابردووی بە ڕەزامەندی یان داخ و کەسەرەوە هەندێ شت بڵێ: بۆ نموونە کەسێکی لە ژیانیدا خۆش ویستووە، خەریکی کارێک بووە، بۆ مەبەست یان ئامانجێک خەباتی کردووە و…هتد، بەڵام ناکرێ بوترێ کە “ژیاوە”. بەپێی تێڕوانینی فرۆید، یەکێ لە گەورەترین حەز و ئاواتەکانی نەستی ئێمە کە بەشێوەی جۆراوجۆر لە خەونەکانماندا دەردەکەون، ئەمەیە کە چاومان لە ڕێوڕەسمی ناشتن و ئەسپەردە کردنی خۆمان بێت. ئەم بابەتە ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە ژیان وەڕەز یان تێر بووینە، یان ئاماژە نییە بۆ وێستی خۆکاولکارانەی ئێمە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بە وتەی فرۆید ئەمە ڕێک دەلالەت لەسەر جۆرێک خۆشەیدایی و تامەزرۆیییەک دەکات کە ئێمە بەم شێوەیە دەمانەوێ بە مەرگی خۆمان، ناخی ئەوانی تر بهەژێنین. بەڵام من لام وایە لە کرۆکی خۆکوشتندا، کۆمەڵێک واتای جوان هەن، کە لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی وەک خۆشەیدایی و ستایشی ئەوی تردا یەک ناگرنەوە، تەنانەت لە ڕووی ئەخلاقیشەوە خۆکوژی، لەگەڵ ژان و سادیزم و ستایشی ڕەنجدا ناتەبا دێتەوە. بەڵکوو دەبێ لە سۆنگەی هونەر و ڕەهەندی جوانیناسانەوە لێک بدرێتەوە.

لە ناخی هەر هەموو ئێمەدا تامەزرۆیییەکی قووڵ هەیە بۆ گشتخوازی، بۆ گەیشتن بە ترۆپک و تەشقەکان، بۆ سامان بەخشین بە ژیانی خۆمان تا لە ئاکامدا بکرێ وەک “دەستکەوت”ی ژیان ئاراستەی ئەوانی تری بکەین و خۆشمان بە نهێنی لەنێو گۆڕێکدا لە دوورەوە چاو لەم دەستکەوتانە بکەین. یەکێ لە ڕووە ناحەز و ناخۆشەکانی ژیان ئەمەیە کە لە لووتکە و ترۆپکی خۆیدا کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو لە ساتەوەختێکی ئەم ژیانەدا هەر هەموو ئەو شتانەی وا خۆشمان ویستوون، یان حەزمان لێیەتی و لە چرکەساتی دواتردا لە دەستی دەدەین  یان خوازیاری شتێکی تر دەبین. لە ساتەوەختێکدا کەیف خۆش و تەندروست و جێی ڕێزین و لە چرکەساتی دواتردا تێک دەچین یان دەشڵەژێین و ناڕازین و جێگەی بەزەیین و بێڕێزیمان پێ دەکرێ. بێگومان هەر ئەم هەوراز و نشێوە بەردەوامەشە کە ژیان تێکەڵ بە هەڵزنین و هەڵچوون دەکا و هانمان دەدات کە تا دواخاڵ درێژە بەم گەمەیە بدەین. بەڵام لە بەسەرهاتێکدا کە ناگاتە کۆتایی، یان لانیکەم ئێمە ئاگاداری کۆتاییەکەی نابین، چیتر چەمکێکی وەک “هەڵچوون” چ واتایەکی دەبێ؟ ئێمە هەر هەموو پێمان وایە کە “لە کۆتایی”ی ژیاندا، هەر دەمرین. بابەتێک کە نە تەنیا عەقڵانییە، بەڵکوو عادڵانە و تەنانەت جوانیشە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، مەرگ لە وەها ساتەوەختێکی ناکاودا بەرۆکمان پێدەگرێ کە لەنێو ڕێگەداین تا منداڵەکانمان لە فێرگە بەرەو ماڵەوە بێنینەوە، یان لە حەمام و لە کاتی خۆشتندا و یان لە کاتی گوێگرتن لە پرۆگرامێکی هونەری لە ڕادیۆدا. لە ڕواڵەتدا ئێمە ڕێک لە چرکەساتێکی نەگونجاودا دەمرین و هەموو ئەو شتانەی کە دەبوو بیکەین و هەموو شتانەش کە دەمانویست بیڵێین، نیوەچڵ دەمێنێ. ژیانی ئێمە بە هۆی مەرگەوە “دادەبڕێ” بەڵام قەت “ناگاتە کۆتایی.”.

ئامۆژگاری دەدەینە ئەو کچانەی وا لە قۆناغی دواناوەندیدا عاشق بوونە و پێیان دەڵێین کە زۆر وریا و ئاگادار بن کە “ژیان، ڕۆمان نییە”. مەبەستمان ئەمەیە کە ژیان جیدیتر و ڕەنگە پڕمەترسیتر لەم قسانەش بێت. لەم ئامۆژگارییەدا حەقیقەتێکی مەزن هەیە، ئەم حەقیقەتە بەڵام کەمترین پێوەندیشی بە “جیدی”بوونەوە نییە. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ساتەوەختی وا هەیە کە زۆر خەیاڵاوییتر لە ڕۆمانێکی عاشقانەیە و زۆربەی خەڵک تەنانەت ژیانێکی دڵخوازتر لە ژیانی پاڵەوانی نێو چیرۆکەکانیان هەیە، جیاوازیی نێوان ژیان و ڕۆمان لە جوانی ڕۆمان و جیدی بوونی ژیادا نییە، بەڵکوو لەم جیاوازییە ساکارەدایە کە ژیان بە واتای ڕێکخستن، گشتکاری، گەیشتن بە ترۆپکدا، کۆتاییەکی نییە. لەخۆڕا نییە کە سەبارەت بە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژێانێکی کڵێشەئاسا، دەڵێین: “شانامە کۆتاییەکەی خۆشە” واتە بەسەرهاتێک خۆشە کە ئاکامەکەشی خۆش بێت. بەڵام ئەم قسەی نەستەقە بۆ واقێعی ژیان ناشێ، لەبەر ئەوەی ژیان ئاکامێکی ڕاست و چاوەڕوانکراوی نییە. لە لایەک تریشەوە، وەهاش نییە کە ژیان لەگەڵ واقێعی مەرگدا، بەردەوام کۆتایییەکی ناحەزی هەبێ، ئەگەر واش بێ، جۆرە ژیانگەلی وەها و ئا لەم چەشنە دەکرێ لەگەڵ هەندێ ڕۆمانی وەک “ئانا کارنینا” یان “ڕەنجەکانی ڤۆرتێری گەنج” بەراورد بکرێن. لەبەر ئەوەی لەم بەرهەمانەدا نە لە ڕووی چێژپەرستی و زۆرخۆش ڕابواردنەوە، بەڵکوو لە ڕووی جوانیناسییەوە، لەو شتەی کە دەگاتە کۆتایییەکی “ناحەز”، بەرهەمێکی “دڵخواز” دێتە ئافراندن؛ چوونکە لە پێکهاتەی هەموو ڕۆمانێکدا هێڵەکان و ئاستە جیاوازەکان و پاژە لاواز و ناهاوسەنگەکان پەیوەستی یەکتر دەبن و جۆرێک لە یەکگرتوویی و یەکانگیرییەکی هونەری دێتە ئاراوە.

ڕەنگە بکرێ ژیان بە لانی زۆرەوە لە گەڵ ڕۆمانێکی چارلێز دیکێنز6 واتە: The Mystery of Edwin Drood بەراورد بکرێ کە کۆتایییەکەی بە هۆی مەرگی نووسەرەوە زۆر پڕ راز و ڕەمزە. لە سەرسامییەکانی سەردەم هەر ئەمەیە کە ئەم کتێبە ناخوێندرێتەوە. بۆ ئەوەی وا ئاگای لێیەتی کە ئەم کتێبە کۆتایییەکی بۆ نییە، ئەم بەرهەمە هەر لە دەستپێکەوە خوێنەر تووشی هەیەجان و هەڵچوون ناکات و وەک ڕۆمان سەیری ناکات و ئەوەش وا ئاگای لێ نییە و بە تامەزرۆییەوە درێژە بە خوێندنەوەی دەدات، لە کۆتاییدا پەژیوان دەبێتەوە و هەست بەوە دەکات کە خەسارێکی قورسی لێکەوتووە و پێی خۆشە بگەڕێتەوە لای کتێبفرۆشەکە و ئەو پارەیەی وا بۆ کڕینی ئەم کتێبە پێی داوە، لێی وەرگرێتەوە.

کاتێ بیر لە مەرگی خۆمان دەکەینەوە، بەردەوام وەک ناواقێعی، وێناهەڵنەگر و تەنانەت نامومکین دێتە پێش چاومان. لە کاتێکدا لۆژیک بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر فێری کردووین کە “هەموو مرۆڤێک هەر دەمرێ”. تەنانەت هەر بەمەشەوە دیسان هەق بەو هەستەی ئێمەیە. لەبەر ئەوەی ئەگەر چی لە ڕووی سروشتییەوە هەموو کەس دەمرن، بەم حاڵەشەوە، لەنێو ئێمەدا کەسێ بوونی نییە کە “مردبێ”. مەرگ بابەتێک نییە کە ئێمە تێمان پەڕاندبێ یان ئەزموونمان کردبێ. مەرگ تەنانەت ڕووداوێک نییە کە لە ئێمەوە تێپەر ببێ. بەکورتی مەرگ، “بەسەرهات” نییە. وەها نییە هەموو ڕۆژێ کە لە ماڵ دێینە دەرێ، ڕۆژێ لەبەر دەرکەی ماڵەوە ڕەت ببین و بمرین و بۆ چرکەساتی دواتریش بتوانین ئاوڕ لە دواوە بدەینەوە.

حەز و خولیای ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ناشتن و ئەسپەردەکردنی خۆماندا شتێک نییە جگە لە خولیای ئەمەی کە دوای مردن، تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش سووکە ئاوڕێک لەپاش خۆمان بدەینەوە. ئەو ڕەزامەندییەی کە مرۆڤ لەم گەڕانەوەیە، چاوڕێی دەکا، لەوانەیە لەگەڵ دەقی کتێبێک بەراورد بکرێ کە کۆتایییەکی دڵخوازی نییە. پاڵەوانی سەرەکی مردووە و دنیایەک داڕووخاوە، بەم حاڵەشەوە کتێبێکی چاک بووە: لە پڕێکدا لەوە تێدەگەین کە ئەم کتێبە هەر لە سەرەتاوە، بۆ وەها کۆتایییەک پلانی بۆ داڕێژراوە و دەستی پێ کردووە؛ ئەوەی وا لە سەرەتاوە قەت جێی تێگەیشتن نەبوو، لەم ڕێڕەوەشدا تەنانەت دەرفەتە لە کیسچووەکان واتامەند و پڕبایەخ بوونە. حەزی ئامادەبوون لە ڕێوەڕسمی ناشتن و ئەسپەردەکردنی خۆماندا، ئەگەرچی هەندێک ئاڵۆز دێتە پێش چاو، بەڵام ئەمە لە هەمان کاتدا حەز و خولیای نەمری و مانەوەیە بۆ هەتایی. خولیای ئەمەیە کە مردبێتین، تا چیتر قەت نەتوانین بمرین. خولیای هەڵوێستێکە وا لەوپەڕی تیاچوونی ئێمەوە دێتەگۆڕێ. هەڵوێستێک کە بکرێ لێیەوە بڵێی: “من مردووم” و بە پشتڕاست کردنەوەی مەرگی خۆمان، لانیکەم ڕواڵەتی زیندووبوون، ڕاگرین. فێرناندۆ پێسۆئا دەیگوت: هەموو شتێ بەلامەوە یەکسانە. لەبەر ئەوەی لەو چرکەساتەیەدا، شتێک بەسەر شتێکی ترەوە زاڵ نییە. بەڵام خۆ دیار بوو درۆ دەکات: لەبەر ئەوەی ئەو پێی خۆشتر بوو کە لای خۆی وا بیر بکاتەوە کە مردنی بەتەواوەتی بێ بایەخە. کە دیسان بەهار دێتەوە و شکۆفەی گوڵ وەکوو جاران دەپشکوێن و دارەکانیش سەرلەنوێ وەکوو جاران چرۆ دەکەن، وەک ساڵی پار و ئەویش بە نهێنییەوە لەوێیە تا شکۆفەی گۆڵان و چرۆی داران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات.

ئێستا لە بابەتی ئاڵۆزی خۆکوشتندا هاندەری سەرەکی چییە و لە کوێیە؟ ئایا لێرەدایە کە – ئەمەش لەگەل سەلیقەی گشتی یەک دەگرنەوە – ئێمە هەر هەموو حەزێکی شارەوەمان بۆ خۆکوشتن لە دەرووندایە؟ بێگومان هەر واشە. بێگومان ئێمە هەر هەموو “شتێ” لە بکوژەکان و “شتێ” لە شێتەکانیشمان لە دەرووندایە. بەڵام بەم قسانە هیچ بابەتێ ڕوون نابێتەوە. جیا لەمانەش ئەم جۆرە گشتبێژییە نە تەنیا ئاسانە و هیچ تێچوویەکیشی نییە، بەڵکوو بەتایبەت، لەبەر ئەوەی بە شوێن دەربڕینی شتێکیشەوە نییە، لە ڕاستیدا بێڕێزییە بەرانبەر بە تاکی خۆکوژی “ڕەسەن”.

ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ تامەزرۆبوونی گشتیی مرۆڤ لە هەمبەر تەواو کردن و کۆتایی پێهێنان کە لە هەمان کاتیشدا تامەزرۆییە بۆ مردن و هەرمان بوون، مژارێکە زۆر ئاڵۆز و تێگەیشتن لێیشی نامومکینە، کە بە گشتبێژی و سازکردنی مودیلێکی پاساودراو و جڤاک پەسەند، شێ جگە لە چەواشەکاری نییە: چۆنە کە کۆمەڵێک مرۆڤی تایبەت لە نەبوونی خۆیاندا بە شوێن سەرچاوەکانی کەماڵ و بێنیازیدا دەگەڕێن و چلۆن کردەوەی تاکی خۆکوژ – کە لە هەمان کاتدا کردەوەیەکی کاولکارانەشە – شایەتی لەسەر هاندەرێکی دەروونی زۆر داهێنەرانە و هونەرمەندانە دەدات؟

زۆربەی کات وا پێدەچێ کە تاکی خۆکوژ لە سەردەمی کلاسیکدا، کەسێکی ناوچاو گرژ، گۆشەگیر، پەشێو و شڵەژاو، یان خەمۆک، بێورە و هەروەها کەسێکی خوێنتاڵە کە لەگەڵ شۆخی و جەفەنگیشدا نییە، بە دوو چاوی دەرپەڕیووەوە کە پشتی لەژێر باری بێهیواییەکی قورسیشدا چەماوەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا تاکی خۆکوژ لای خەڵکی پسپۆڕ و شارەزای دۆخەکە، کەسێکی پڕ لە ورە و وزە، لە ڕادەبەدەر چالاک و لێهاتوو، بەرزەفڕ، پڕکار، کۆڵنەدەر، سەرکەوتوو و زۆربەی کاتیش پڕ لە بەهرە و بەتوانایە. شاعێری لاو، سێلڤیا پلات، ژنێکی زۆر بەهرەمەند، چالاک، خوێندکارێکی لێهاتوو، سەرۆکی چەندان سەندیکای جیاواز، براوەی زۆر خەڵاتی بەناوبانگ، لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا لە مەودای نێوان وەرگرتنی دوو خەڵاتدا، بە شێوەیەکی جیدی دەستی دایە خۆکوشتن کەچی هەوڵەکەی سەرنەکەوت و بێئاکام بوو. دە ساڵ دواتر، ئەو کاتەی وا بۆ سێهەم جار هەوڵی خۆکوشتنی دا، دایکی دڵۆڤانی دوو کۆرپەی ساوا و لە بواری کاری ئەدەبیشدا داهێنەرتر و گەشاوەتر لە هەمیشە بوو. چێزارێ پاڤێزێ نووسەرێک بوو لە ترۆپکی ناوبانگ و لووتکەی شانازیدا و لە هەمان ڕۆژانیشدا خەڵاتی بەناوبانگی “ستێرگا”ی پێ بەخشرا بوو، کە هاوکات بە هۆکاری نادیارەوە دەستی دایە خۆکوژی. هەروەها کەسێکی وەک هەمینگوەیش وە دووی هەمان ڕێباز کەوت و پاش تەمەنێکی خاوێنی ئەدەبی و گەیشتن بە لووتکە، دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیی نوبێل و لە تەمەنی شەست و یەک ساڵاندا بە گوللەیەک کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەم بابەتە کە زۆربە ئەو کەسانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن کە تەنیا، هەژار و دەستنەڕوێشتوو، یان تووشبووی نەخۆشییەکی بێ چارەسەرن، تا ڕادەیەک پاساوهەڵگر و جێی تێگەیشتنە، بەڵام ئەو کاتەی وا کەسانی بەناوبانگ و بەرسەرنج، خاوەن بەهرە و دەستڕوێشتوو بڕیار لە خۆکوشتن دەدەن، لە ڕواڵەتدا ئەم کارەیان زورتر لە کاڵفامی، زێدەڕەوی و ناسپاس بوونیانەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەمەش خۆی بەرهەمی تێکچوونی لە ناکاوی حەواس و ناجێگیر بوونی باری دەروونیانە. بەڵام ئەمەشەمان لە بیر نەچێ کە هەوڵی بێوچانی ئەم کەسانە بۆ نووسین، دیسیپلینی هونەری، داهێنانی سەرسووڕهەێنەر و بێسنوور و هەروەها بەرهەمی شاز و دەگمەنی ئەم کەسانە هەر هەمووی دەسکەوتی هەمان شپرزەیی حەواس و تێکچوونی باری دەروونییە. باکۆنین7 لەم بارەیەوە دەڵێ: “تامەزرۆبوون بۆ کاولکردن، هاوکات تامەزرۆبوونێکی داهێنەرانەشە“.

بەم پێیە، دەکرێ وێنەی خەیاڵاویی تاکی خۆکوژی ئێسک سووک وەها بنوێندرێ: کەسێک کە زۆرتر لە هەموو کەسێکی تر بێئۆقرەیی و ناڕەزایەتییەکی بەردەوام هاندەریەتی. ئەو ناتوانێ هیچ کارێک دەست پێ بکات بەبێ ئەوەی لە هەمان کاتدا بیەوێ کارەکەی کۆتایی پێهاتبێ. چوونکە ئەو وای بۆ دەچێ کە ئەوکات ڕازییە و ئۆقرە و ئارامی خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەو خۆی فریوو دەدات، چوون هەر ئەمەی کە کۆتایی بە کارێک هێنا، یان زۆربەی کاتەکان تەنانەت پێش کۆتاییهێنان بە کارێک، دیسان دەیەوێ کارێکی تر دەست پێ بکات کە دەبوو زۆر پێشتر کۆتایی پێ هێنابا. ئەم بابەتە هەم ئاماژەیە بۆ بەردەوام بوونێکی بێبڕانەوە و هەوڵێکی ماندوونەناسانە و هەم بێزکردنیەتی لە ئەنجامی کارەکانیدا. لە حاڵێکدا ئەو بەپێچەوانەی هاوکارانی تری کە زۆربە دەتوانن بەئاسانی و لە پڕێکدا لە کارەکەیان داببڕێن، ئەو بۆ کات ڕابواردن یان بۆ سەرقاڵبوون بە شتێکەوە ئیش ناکات بەڵکوو تەنیا هەر لەبەر ساتەوەختی کۆتاییی کارەکەیەتی، کە ئیش دەکات. جیا لەمەش ئەو زۆر کاری لە پێشدایە کە دەبێ کۆتاییان پێ بهێنێت، ئەو دەیەوێ هەموو کتێبێکی خوێندبێتەوە، هەموو تێزێکی باڵای وەرگرتبێ، براوەی هەموو خەڵاتێ ببێ و هەموو ژنێکی لە خشتە بردبێ. جیا لە هەموو ئەمانەش بە شێوازێکی پەڕجووئاسا بە ورەیەکی بێسنوورەوە کە بۆ کەسانی تر جێی سەرسووڕمانە، لە دنیای خۆیدا وەک شۆفێرێک لە کێبەرکێی ئۆتۆمۆبیلی ڕالیدا، دەست بەکار دەبێ. هەر لە هەمان سەرەتاوە ئەم بوونەوەرە سەرنجڕاکێشە هەموو ژیانی خۆی لە پێش چاودایە؛ وەک پلانێک کە لە پێشدا داڕێژراوە و کەس نازانێ بە هۆی کامە پێویستیی دەروونییەوە بگاتە سەرئەنجامێک.

هەڵبەت جێی سەرسووڕمانە کە هەندێ جار هەموو شت بەپێی ویست و حەز و خولیای ئەو دەڕۆنە پێش، وەها کە هیچ هۆکارێک بۆ ناکامی و کەیف ناخۆشی نادۆزێتەوە. خودی کوشندەی ناخی ئێمە بە شێوازێکی بێبڕانەوە، ماندوونەناسانە و لاسایی هەڵنەگر بە خێراییی سەردەمی خۆی تێپەڕ دەکات. دواتریش لە پڕێکا چۆک دادەدات و تیادەچێ. ئەو چیتر لەمە زیاتر ناتوانێ و لەمە زۆرتریشی ناوێ. ئەو لەسەر کورسییەکەی دادەنیشێ و نایەوێ لە جێگەی خۆی هەڵسێ. بۆ دەروبەرییەکان بابەتەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئەو بە هۆی کارکردنی زۆرەوە ماندوو بووە و دەبێ بحەوێتەوە. بەڵام ئەو چۆن دەیەوێ بحەوێتەوە؟ لە حاڵێکدا لە ساتەوەختی حەوانەوەدا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە ئاسەواری هیلاکی و ماندووێتی لە خۆوە لە بە جەستەیەوە نەمێنێ. ئەوەی ئەو لە ئەساسدا نایتوانێ، ئەوەیە کە ئۆقرە بگرێ، دەست بۆ کارێک نەبات، بیر لە هیچ نەکاتەوە و ڕۆڵی خودی خۆی لە بیر بباتەوە. لەم ڕووەوە بۆ نموونە بەدژواری دەتوانێ بخەوێ و لە ژیان چێژ بەرێت، تەنانەت ئەو کاتانەش وا ژیانی پڕاوپڕە چرکەساتی خۆش و دڵخواز. ئەو لە “چێژەکانی ژیان” تەنیا جۆری شەیتانی لە چێژ دەناسێ: ئەلکول، مادی هۆشبەر، خۆشویستنی سەرشێت ئاسا، ئەو حاڵەتەی وا تێیدا ڕۆڵی خودی چالاکی ئەو نە بە شێوەیەکی خۆویستانە، بەڵکوو بە زەبری گوشار لە گۆڕپانەکە وەدەردەنرێ و دەخرێتە پەراوێزەوە.

تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە بەردەوام  بێبڕانەوە ئاگاداری خودی مەرگە. نە ئەوەی کە تامەزرۆی مردن بێ یان هیوایەتی بێ، بەڵکوو مردن لە ڕیزی سامناکترین شتەکانە بە لایەوە و زۆرێش ڕقی لێیە.

بۆ ئەو کە پێویستییەک وەک چاولێکردن، ناسین و تاقیکردنەوە تەلیسمی کردووە، بەپێی ڕێسا دەبێ لێی ڕوون بێت کە ناکرێ بەسەر مەرگدا زاڵ بین. ئەگەر ئەو دەیزانی کە هەر بەیانی دواڕۆژ تووشی بە تووشی مەرگەوە دەبێ، ڕەنگە بکرێ کارێک بێتە ئەنجام. بەڵام ڕەنگە مەرگ هەر ئەمڕۆ، لە ساتەوەختێکدا کە ئەم خەریکی کارێکی گرینگ بێت، بەرەو ڕووی ببێتەوە یان ڕەنگە لە خەودا کە ئەو هیچ ئاگای لە خۆی نییە. هەر ئەم شتەش زۆر جێی بێڕێزی و سووکایەتییە. ئەم شتە بەگشتی بابەتێکی ناڕەوایە. بەپێچەوانەی کەسانی تر کە ترسی مەرگیان لێ دەنیشێ و نکۆڵی لێوە دەکەن یان هەوڵ دەدەن مەرگ بەگشتی لە بیر بکەن، تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە بەردەوام  بێبڕانەوە ئاگاداری خودی مەرگە. نە ئەوەی کە تامەزرۆی مردن بێ یان هیوایەتی بێ، بەڵکوو مردن لە ڕیزی سامناکترین شتەکانە بە لایەوە و زۆرێش ڕقی لێیە. لە سەرسامییەکانی ڕۆژگار ئەمەیە کە تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە مەرگ بۆی بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێ و بەپێچەوانەی ئەوەشەوە ئەو دەمەی وا هیلاک و ماندوو لە پێ کەوتووە و لە سەر کورسییەکەی دانیشتووە و خزم و کەسوکاری لە تەنیشتییەوەن و لێی دەپرسن لە هەموو دنیا چ شتێکی زۆرتر لە هەموو خۆش دەوێ و دواتر لێی دەبیسن کە زۆرتر لە هەموو شتێ حەزی لە مەرگە و پێی خۆشە کە مردبێت. ئەوانەش وا بە دەورییەوەن، پێی سەرسام دەبن و ئاماژە بە لێهاتوویی و سەرکەوتنەکانی دەدەن لە ژیاندا. بەڵام کەس بیر لەم شتە ناکاتەوە – تەنانەت ئەویش بۆ خۆی قەت وەها بیر ناکاتەوە – کە ئەو لە هەر سەرکەوتنێکدا بەردەوام بیری لە مەرگ کردۆتەوە و بە شوێنیدا گەڕاوە، بە شوێن دۆزینەوەی ساتەوەختێکدا کە ژیان تێیدا دەگاتە کۆتایی و کەماڵی خۆی.

چرکەساتێک کە ئەو تێیدا وەک خواوەند لە حەوتەمین ڕۆژی خیلقەتدا، دەست لە کار بشوا و بە چاوخشاندنێکی خێرا بۆ سەر ئەو جیهانەی کە خولقاندوویەتی، بتوانێ ببێژێ: “دەسکارم باش دەرچووە.”

ئەمەیە ئەو چەشنە لە مردن کە ئەو تامەزرۆیەتی. وەها مەرگێک کە بە واتایەکی تر نە تیاچوونە و نە دابڕانی  کاتیی ژیان، بەڵکوو ئەمە لووتکەی شکۆمەندی، ئەوپەڕی ئاگامەندی و داو بڕیارە لە دوا چرکەساتی ژیاندا کە شایەنی ئۆقرەیی و ئاسوودەییە.

تاکی خۆکوژ بە مانای گشتی کەسێکی شکۆویست و پاوانخوازە، لەبەر ئەوەی ئەو بەردەوام پێش ئەوەی ڕێ بکەوێ، گەیشتۆتە ئەو شوێنەی وا مەبەستیەتی. ئەو تەنیا بەم ئامانجەوە دەتوانێ لە شوێنی خۆیدا ببزوێ. ئەو کەسێکی ترۆپکخوازە و هەر لەم ڕوانگەشەوە چاو لە هەموو شتێ دەکات. ترۆپکخوازی بە واتای تێپەڕین، جێبەجێکردن و گەیشتن بە خاڵی کۆتایی و تەواوکەری شتەکانە. یەکێ لە دوا شیعرەکانی سیلڤیا پلات کە تێیدا وەسفی ژنێک دەکات کە پێش خۆکوشتنی، مردووە، وەها دەست پێ دەکات: “ژن، تەواو و پێگەیشتوو بوو”. لەم شیعرەدا زایەڵەی چەمکی کۆتایی، کامڵ بوون، تەواوەتی و ترۆپک، هەر هەموو پێکەوە دەبیسترێن.

بەپێی ئەو بیرۆکەیەی “جان دووەی”، خۆکوژی کردارێکی هونەرییە کە سەرچاوەکەشی جۆرێک لە ناڕەزایەتی جوانیناسانەیە

ئەم “تەواوەتی”یە لەخۆگری ڕەهەندێکی کاتییە کە بەردەوام سەرنجی کەسی خۆکوژ بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ. خاڵی چەقبەستنی خودئاگای ئەم ڕەهەندەش چرکەساتی هەنووکە نییە، چوونکە ساتەوەختی ئێستا، جیهانی ڕابواردن و خۆشگوزەرانییە. لە ڕابردوویەکی ڕەهاشدا نییە، کە جیهانی مرۆڤی ناوچاوگرژ و خوێنتاڵە. لە داهاتووی دنیای کەسانی خەیاڵاوی یان ئەوانەش وا بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و پاشەڕۆژێکی باشتر لە هەموو درکەیەک دەکوتن، نییە. بەڵکوو کاتی کەسی خۆکوژ، کاتێکی تایبەتە کە تەنانەت لە ڕێزمانیشدا گرینگییەکی ئەوتۆی پێنادرێ. کاتی کەسی خۆکوژ “داهاتوو، گەیشتۆتە کۆتایی”یە. کاتی “من، گەیاندبێتمە کۆتایی”یە. یان کاتی “من ژیابێتم”ە. ویست و تامەزرۆییی ئەو، لە ڕاستیدا ویست و تامەزرۆیی گەیاندنە بە خاڵی کۆتایی. دەمەوێ ئەمەش بڵێم کە ئەم تامەزرۆییە بۆ گەیاندن بە خاڵی کۆتایی، پێویست بەوە ناکات وەک جۆرێک بە لاڕێدا ڕۆشتن، نێهیلیستی یان وەک بابەتێکی کاولکارانە سەیر بکرێ، بەڵکوو پێش هەموو شتێک خاوەنی کرۆکێکی جوانیناسانەیە. وەک پاڵپشتیکەری ئەم گریمانەیە دەگەڕێمەوە لای “جان دووەی“8 کە لە بەرهەمێکی خۆیدا لەژێر ناوی “هونەر وەک ئەزموون” باسی لێوە کردووە. بەپێی ئەو بیرۆکەیەی “جان دووەی”، خۆکوژی -هەر چەند بۆ خۆی قەت هەوڵی خۆکوشتنی نەداوە- کردارێکی هونەرییە کە سەرچاوەکەشی جۆرێک لە ناڕەزایەتی جوانیناسانەیە. هەر بەپێی ئەم بیرۆکەیە دەبێ جیاوازی دانێین لەنێوان جوانیناسی بە واتا گشتیییەکەی وەک جوانیناسیی دیمەنێکی سروشتی، چێشت یان بیرۆکەیەکی فیزیکی و هەروەها جوانیناسیی تایبەتیی هونەری کە بە شێوازێکی تایبەت تەنیا ئاراستەکردنی بەرهەمە هونەرییەکان دەگرێتەوە. “دووەی” لە شرۆڤەی وتەزای یەکەمدا ئایدیای “ڕووداو” لە ناوەندی ئەو بیرۆکەیەی خۆی دادەنێ و لە وتەزای دووهەمێشدا ئایدیای “سەرنجڕاکێشان”ی پێ زیاد دەکات. دووەی دەڵێ: هەر هەموو ژیان، ڕەوتی بەردەوام و بێبڕانەوەی ئەزموونە جیاوازەکانە. برسێتی، سەرما و سۆڵە، خەون و بێداری و هەروەها کاری ڕوژانە، هەر هەمووی کومەڵێک “ئەزموون”ی ئێمەن. بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەو ئەزموونانەی کە بکرێ وەک “ڕووداو” ناودێریان بکەین، زۆر دەگمەنن. جیاوازیی نێوان ئەزموونی ئاسایی و ڕووداو پێش هەموو شتێک ئەمەیە کە ڕووداو، کۆتایییەکی خەست و خۆڵ و ڕاستەقینەی هەیە کە چیتر ناکرێ بە دەستتێوەردانی شتێکی لێ بسڕینەوە یان جێگۆڕکێی پێ بکەین. جیاوازی تریشیان ئەمەیە کە ڕووداو “گشتییەت”ێکی یەکپارچەیە، یەکبوونێکی ئۆرگانیکە کە پاژەکانی شپرزە یان پرژ و بڵاو نین، بەڵکوو لە پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا، داکۆکیی لەسەر شوناس و کێیەتی خۆیان دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە.

ئەگەر بمانەوێ بۆ ڕووداو هەڤۆک یان نموونەیەک بە دەستەوە بدەین، خێرا وەبیر هەندێ ڕووداوی سەرسووڕهێنەرێ وەک بوومەلەرزە، ڕفاندنی فڕۆکە و ڕاوی نەهەنگ لە چۆمی ئامازۆن دەکەوین. بەڵام زۆرێک لە ئەزموونە ئاساییەکانێش وەک ڕووداوێک وان. وەکوو خواردنی شێو لە ڕیستۆرانتێکی بەشکۆ لە پاریسدا، یان بینینی باخچەی ئاژەڵان لە ئامستەردام، یان سەیری گەمەی تۆپی پێ لە تەلەڤزیۆندا. بەپێی شرۆڤەی “دووەی” هەمووی ئەم ئەزموونانە خاوەنی جۆرێک لە کوالێتی جوانیناسانەن بە مانا گشتییەکەی کە لە تایبەتمەندیی ڕووداوبوونیانەوە سەرچاوە دەگرێ. بەپێی هەمان شرۆڤە، ڕووداو کاتێک وەک خودی ڕووداو دەردەکەوێ کە “تێپەڕ کرابێ”. ئەمە بەو واتایە دێ کە ئەزموونەکان لە کاتی ڕوودانیاندا، هەرگیز وەک ڕووداو دەرناکەون، بەڵکوو دواتر و تەنیا پاش ڕوودانیان، واتە پاش ئەوەی کە کۆتاییی ئەزموونێک، ڕواڵەتێکی یەکگرتووی بەخشیبێته هەموو پاژەکان، وەک ڕووداوێک دەردەکەوێ. جیا لەمەش هۆی ئەمەی کە بڕێجار گرینگترین ڕووداوەکانی ژیانمان بە کەسەر و سەرسامییەوە، وەبیری خۆمانی دێنینەوە، ڕێک هەر ئەمەیە، وەک بڵێی ئەمە  قەت ئێمە نەبووین کە لە ڕاستیدا وا شتێکمان بە سەردا هاتووە، یان چما لە شوێنێکی ژیانماندا شتێکی پێویستمان پشتگوێ خستبێ. بەم پێیە خوکۆژیی کردارێکی ڕادیکاڵ و بناژۆخوازانەیە، ئەگەر چی لەوانەیە کردارێکی نابەلەدانەش بێت، بەڵام بە مەبەستی ئەوەی کە لە گشتییەتی ژیانی خۆمان، ڕووداوێک بخۆلقێنین. دیارە کە خۆکوشتن کردارێکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ژیان، بەڵام خۆکوژیی بەپێچەوانەی مەرگی سروشتییەوە کە دابڕانێکی تا هەتاییە لە ژیان و لە ڕاستیشدا ژیان لەوێدا دەگاتە خاڵی کۆتایی. کەسی خۆکوژ، ژیان لەو ساتەوەختەیدا کە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، بەشێوەیەک کە خۆی ویستوویە و پاش ئەوەی هەموو ئەو شتەی کە ویستوویەتی، جێبەجێی کردووە، دەگەیەنێتە کۆتایی. بەم شێوە لە بەرەو کۆتایی بردنە، لە هەمان کاتدا دووهەم مەرجی بەرایی بۆ بە “ڕووداو”بوونی ژیان، مسۆگەر دەبێ: ژیان کە پێش لە خۆکوژی گاڵتەجاڕێک لە ئەزموونی بەهەڵکەوت و لێکدابڕاو بووە، دەبێتە کۆگایەکی تەواو، یان دەبێتە پێکهاتەیەکی یەکپارچە کە ڕەوتی ژیانی کەسی خۆکوژ بەپێی لۆژیکی ناوەکی و لە هەمان کاتدا بەپێی ناچارییەکی پەرەسەندوو، کە بە سووکە ئاوڕێک لەسەر دوا کرداری ئەو دەردەکەوێ: لە دایکبوونێکی نەخوازراوەوە بگرە هەتا سەردەمی پڕ لە وەیشوومەی منداڵی لە دۆڕاندنی یەکەم ئەزموونی خۆشەویستییەوە بگرە هەتا مەرگی دایک، بە باچوونی حەز و خۆزگە و خولیاکان و دواتریش بە هۆی “سروشتێکی دەروونییەوە کە مەیلی بەرەو لای خۆکوشتنه”.

دست بردن بۆ خۆکوژی بە مەبەستی ئەوەی کە ژیان بۆ خۆمان بکەینە ڕووداوێکی جوانیناسانە، بێگومان هەوڵێکی بێهوودەیە، لەبەر ئەوەی کرداری خۆکوژی، بکەری بەسەرهات لەنێو دەبات. ڕەنگە لەم ڕووەوە بکرێ ئەو خۆکوشتنانەی کە نەگەیشتوونەتە ئاکام، تا ڕادەیەک وەک هەوڵێکی سەرکەوتوو لەم چەشنە بێنە ئەژمار کە لەم حاڵەتەدا کرداری خۆکوشتن دەبێتە فریوو یان چەواشەکارییەک تاکوو بکرێ وەک بکەری ڕووداوێک دەرکەوین کە لە هەناوی ئەو ڕووداوەدا خودی خۆمان تەفروتوونا کردووە. ڕەنگە هەر ئەم بابەتە ئەم ڕاستییەشمان بۆ دەرخات کە دەست بردن بۆ خۆکوژییەکی بێئاکام ڕێک وەک خۆکوشتنی ڕاستەقینە، بەڵام جێاواز لەگەڵ ئەودا، دەتوانێ وەک شتێکی دڵخواز و سەرنجڕاکێش بێت.

سەبارەت بە “خۆکوشتنی بێئاکام ” بەردەاوم کەسی چاودێر دەیەوێ بە گرینگی نەدان پێی وا بیر دەکاتەوە کە مەبەستی ئەمە نەبووە کە بێئاکام بمێنێتەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا هەر بێئاکام ماوەتەوە. بەڵام کۆمەڵێک خۆکوژیی بێئاکامیش هەن کە دەبێ وەک مەشق و ڕاههێنانی سەرەتایی چاو لێبکرێن. کومەڵێک مەشق و موماریسە کە تەنانەت پێگەشیان بەرزە. ڕێک وەک کێبەرکێی بازبردن ، کە تێیدا هەر وەرزشوانێک سێ جار بۆی هەیە باز ببات و هەر جارەشی زۆر جیددی و ڕاشکاوانە دەرخەری هەموو توانا و کارامەییی کەسی وەرزشوانە.

خاڵی بە هێزی خۆکوشتنی بێئاکام بە بەراورد لەگەڵ خۆکوژی ڕاستەقینە ئەمەیە کە بکەری ئەو دۆخە تیا ناچێ و ژیان لای ئەو کۆرتە مەودایەکە کە بایەخی هونەری و جوانیناسانەشی هەیە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە هەر هەمان کارتێکردنی لەسەر ئەوانی تر نییە. لەبەر ئەوەی خۆکوشتنی بێئاکام بۆ “ئەوانی تر” هەڵگری وەها کۆتایییەک نییە کە پڕ بێت لە سەرسامی. بەڵام لە خۆکوشتنی ڕاستەقینەدا هەر ئەم خاڵی کۆتایییەیە کە خەرمانەی پیرۆزی ئیلزام و ئیجبار هەموو ژیان لەبەر دەگرێ. دیسانیش لەسەر بنەمای بیرۆکەی “دووەی” دەکرێ بڵێین دەست بردن بۆ خۆکوژی تەنیا ڕووداوێکی جوانیناسانەیە، لە حاڵێکدا خۆکوشتنی ڕاستەقینە، جیا لەمەش بایەخێکی جوانیناسانەی هەیە، لەبەر ئەوەی تاکی خۆکوژ لە ژیانی خۆی بۆ “ئەوانی تر” ڕووداوێک دەخولقێنێ.

دیارە کە سازکردنی ڕووداوێک لە ژیانی خۆمان پێوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ لە خۆبوردەیی و نەفس بەرزیدا نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەوانی تر و هەروەها خولیای بە هەند وەرگیرانە لە لایەن کەسانی ترەوە. دووەی بەسەرهاتی تایبەتی هونەرمەندانە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەسەرهاتی جوانیناسانەدا، وەک بەسەرهاتێک پێناسەی دەکات کە پێکهاتەکەی بە شێوەیەکی هۆشیارانە دەرکەوتەی کاریگەریی ڕووداوەکانە لەسەر چاودێرە دەرەکییەکان. ئەم بابەتە لە هەر حاڵدا ئەوەمان پیشان دەدات کە بۆچی ئەم هەمووە سەبارەت بە کاری “مۆندریان”9 شتی فەلسەفەئاسا دەوترێت، بەڵام گەڵاڵەیەک هەر لەو چەشنە کە کۆمپیۆتەر دایڕشتووە، دەخرێتە پەراوێزەوە؟ یان بۆچی بەرهەمی بەناوبانگی “دۆشان”10بە نێوی “فۆنتەین” دەخرێتە نێو مووزەوە. لە حاڵێکدا شتی لە هەمان چەشن لە توالێتدا بۆ ئاودەست کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بەم پێێە ڕەنگە ئاشکرا بێت کە بۆچی ژیانی کەسێکی ئاسایی کە بە مەرگی ئاسایی دەمرێ، بابەتێکی جێی بایەخدان نییە و خێراش لە بیری هەموو کەس دەچێتەوە، لە حاڵێکدا ژیانی کەسی خۆکوژ، لە پڕێکدا دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی کە بۆ توێژینەوە و لێکدانەوەی، ئارشیڤی زۆر کۆ دەکرێنەوە. هەر بەو جۆرەی کە بەرهەمێکی ساختە و بێبایەخ، کاتێک بە هونەرمەندێکەوە نیسبەت دەدرێ، لە پڕێکدا بۆ بینەر یان بەردەنگی ئەم بەرهەمە وەک شتێکی مەزن و جێی سەرنج دێتە پێش چاو و سەیر دەکرێ. هاوکات خۆکوشتنیش جۆرێک لە مۆر و واژۆیە لە خوارەوەی بەڵگەنامەی ژیاندا. بەو واتایە کە ئەو بەڵگەنامەیە لەخۆگرێ کۆمەڵێک بابەتی گرینگ و پڕبایەخە و کەسی خۆکوژیش بە وردی ئاگاداری ئەم شتەیە. کەسێک وا لە ژیانیدا ناتوانێ مانا و خولیایەکی دڵخواز بۆ ژیانی بدۆزێتەوە -هەر ئەو مانا و خولیایەی کە لە ڕووداوێک چاوەڕوان دەکرێ- لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ و وەک کتێبێک ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەو هیوایەی کە کتێبەکەی بخوێندرێتەوە، تێیدا ڕابمێنن و جێی ڕەزامەندی خەڵکیش بێت. ئەم هیوایە نە تەنیا وەهەم یان خەیاڵاوی نییە، بەڵکوو ئەگەر وردبینانە لێی بڕوانین، بە تەواوەتی واقێع بینانەشە. چوونکە مەرگ وەک بژاردەیەک کە کەسی خۆکوژ هۆشیارانە و بە ویستی خۆی هەڵیدەبژێرێ، زۆرتر لە جۆرەکانی تری مردن -جگە لە شەهید بوون- مەرگێکە کە نە تەنیا بۆ کەسەی وا هەڵیبژاردووە، بەڵکوو بۆ بنەماڵە و تازیەبارانیش وێنای بەردەوەام بوونی ژیان و بوونێکێ تاهەتاییە. نازانرێ کە کەسی بێهیوا و بێئومێد بە مەرگی خۆی، بە شوێن چ شتێکەوە بووە کە لە ژیانیدا دەستی نەکەوتووە؟ بێگومان بەڵام گەیشتۆتە شتێ: ئەویش ئەمەیە کە خەڵک لە بارەیەوە قسە دەکەن و بەم زووانە لە بیر ناچێتەوە.

ئەدەبیات وەک مۆسیقا ئەو شکڵەیە لە هونەر کە نەک هەر بەرهەمهێنانی بەڵکوو تێگەیشتن لێیشی زۆربە گرێدراوی بابەتی کاتە و لە کاتدا دێتە ئەنجام.

ئێستاکە پێوەندیی نێوان خۆکوژی و نووسین یان هونەر بەگشتی چیتر بۆمان نائاسایی نییە. چوون بە وردی شرۆڤەمان لە سەری کرد کە لە ڕەهەندی جوانیناسی و لە ڕووی هونەرییەوە بەگشتی دەکرێ خۆکوشتن (بە هۆی سڕینەوەی بکەر) وەک ویستێکی ئایدیال یان دڵخواز تەوسیف بکرێ. ئەم پێوەندییە، پێوەندییەکی ناوەکییە لەنێوان دوو شێوە هەڵسوکەوتی مرۆییدا کە هەردوو بە شێوەیەکی ئاشکرا و لێکدژ، بە شوێن دۆزینەوەی شتێکەوەن. چونکە سەبارەت بە هونەر – و پێش هەموو شتێک سەبارەت بە هونەر- دەکرێ بڵێین کە هونەر جۆرێک لە تامەزرۆییە بۆ کۆتایی پێهێنان. “دووەی” دەنووسێت کە سەرقاڵ بوونی هونەرمەند لە ڕاستیدا لە هەر قۆناغێک لە کارەکەیدا ئەوەیە کە کۆتایی پێ بێنێت؛ بەم واتایە کە لە بیچم بەخشین بە هەریەک لە پاژەکانی ئەو بەرهەمەی وا پێیەوە سەرقاڵە، بەردەوام گەڵاڵەی کۆتاییی ئەو بەرهەمەشی لە پێش چاودایە. ڕوونترین بابەت لەم بارەیەوە لە ئەدەبیاتدا دەبینرێ، چوون ئەدەبیات وەک مۆسیقا ئەو شکڵەیە لە هونەر کە نەک هەر بەرهەمهێنانی بەڵکوو تێگەیشتن لێیشی زۆربە گرێدراوی بابەتی کاتە و لە کاتدا دێتە ئەنجام.

لە ڕۆمانی “ئانا کارنینا”ی تۆڵستۆی11دا هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر سەکۆی وێستگەی شەمەندەفەر ڕوو دەدات کە ئانا و ڤرۆنێسکی -کە دواتر حەزیان لە یەکتر دەبێ- لەوێ بۆ یەکەمجار یەکتر دەبینن. ئەم ڕووداوە لە خۆیدا لەوانەیە ڕووداوێکی گرینگ و سەرنجڕاکێش نەبێ و زۆرتر وەک نوکتەیەک وایە. تازە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، ئەو کاتەی وا ئانا خۆی فڕێ دەداتە بەر شەمەندەفەر و خۆی دەکوژێ، لێرەدایە کە خوێنەر ئەو ڕووداوە وەک پێش ئاراستەیەکی دراماتیک کە کۆمەڵێک دەرئەنجامی چارەنووسسازی لێ دەبێتەوە، سەرلەنوێ دەناسێتەوە. ئەمە بەو واتایە دێ کە تۆڵستۆی لەو ڕۆمانە ئەستوورەیدا کە نووسیویە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ڕۆمانەکە، کۆتایییەکەشی نووسیوە و بە پێچەوانەی ئەوەی وا مودیلێکی تایبەت لە داهێنانی ئەدەبی بانگەشەی بۆ دەکات، بە هیچ چەشنێک لەژێر کاریگەری لێشاوی ڕووداوەکان و وشەکاندا نەبووە. لە زۆر نووسەری تریش بیستراوە کە هاوکات لەگەڵ یەکەم دێڕدا، ئاگاداری دوا دێڕی ڕۆمانەکشیان بوونە و ئیتر هەر چەندەیان نووسیبێت هیچ نەبووە جگە لە پڕکردنەوەی کەلێن یان بۆشاییی نێوان ئەم دوو مەودایە. ڕاستە کە پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە لە ڕواڵەتدا ئاسان دێتە پێش چاو، بەڵام ڕەنج و دوودڵی و بەرخۆدان لە واقێعدا لە تایبەتمەندیی بەڵگەنەویستی هەر جۆر چالاکییەکە وا پەیوەستە بە کۆتایی پێهێنانییەوە. بۆ هەموو هونەرمەندێک ئەو بەرهەمەی وا دەستی پێ کردووە، لە دنیای خەیاڵدا کۆتایی پێ هێناوە و ئەو وردەکارییەش کە ئەو دەبێ بەو پەڕی تاقەتەوە ئەنجامی بدات، لە ڕاستیدا جۆرێک کۆتاییهێنان بە کارێکی بە کۆتایی گەیشتووە؛ چوونکە بەرهەم دەبێ کونترۆڵ بکرێ و هاوکات دەبێ بگاتە کۆتاییش. لەبەر ئەوەی بەرهەمی هونەری بێئاگا لە خودی خۆی، بە ڕوانینێکی عاشقانە “بۆ هەموو دنیا” بێکات و بێکۆتاییە. لەم ڕووەوە سەرخۆشی ڕاستەقینە تەنیا لە حەوتەمین ڕۆژدا سەر هەڵدەدات، ئەو ڕۆژەی وا خولقاندنی دنیا کۆتایی پێ دێت و لە ئاکامدا ڕوون و ئاشکرا دەبێ کە “کارەکە بەباشی دەرکەوتووە”. واتە لە هەمان دەستپێکەوە، مەبەستی خولقێنەر، خولقاندنی بەرهەمێکی تەواو -بە هەموو وردەکارییەکانەوە- و کۆتایی پێهێنانی بووە. پەڕجووی سەرسووڕهێنەری خولقێنەر پاش ئەوەی پرۆسەی خولقاندن کۆتایی پێ هات، جگە لە زاتی خواوەند، تەنیا بەر هونەرمەند کەوتووە. بێ سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی ئیمکانی نەمری وهەرمان بوونی هونەرمەند پاش مردن، نیعمەنی ئافراندن ئەم ئیمکانەی بەخشیووەتە ئەم بوونەوەرە مەرگ هەڵگرە کە تەنانەت لە ژیانیشدا -ئەگەرچی زۆر کۆرت- نەمری و هەرمان بوون ئەزموون بکات. جۆرێک لە نەمری لە چەشنی لازاروس: سەرلەنوێ ژیانەوەی پەڕجووئاسای بێوێنە لە پەنای هەموو چرکەساتە سەرخۆشەکانی ژیاندا. بەڵام بە متمانەیەکی تەواو بەم بابەتە کە نە تەنیا ژیان درێژەی هەیە، بەڵکوو بۆ جارێکی تر دەبێ بمرین و یان گەڕانەوەیەکە پاش خۆکوشتنی بێئاکام کە چیتر ئەو شکۆ و شانازییەی خۆکوژیی راستەقینەی نییە. سیلڤیا پلات لە شیعری “خاتوو لازاروس”12دا کە تێیدا سەبارەت بە خۆکوژیی بێئاکامی خۆی دادوەری دەکات، وەها دەنووسێت: “مردن، هونەرێکە وەک هەموو شتێکی تر. من ئەم شتە بەباشی جێبەجێ دەکەم.” بەڵام مەبەستی لە مردن کە ئەو تێیدا شارەزا بوو، مەرگی جەستەیی نەبووە، کە لە مەرگێکی هونەری ناچێت، بەڵکوو مەبەستی مەرگێکی هونەرمەندانەیە. واتە کۆتاییهێنان کارێک بە شێوازێکی بێبەزەییانە و عەینییەت بەخشین بە شوناسی خود، تەنانەت ئەگەر باج و بەهاکەشی کاولکردنی خودی خۆی بێت. ئەم تامەزرۆییە هونەرمەندانە کە بینەری کۆتایی و مەرگی خۆمان بین، یان بە زمانی فرۆید، ئامادەبوون لە ساتەوەختی ناشتنی خۆماندا، تامەزرۆییەکی نائاساییە. ئەمە وەک ئەو هیوایە وایە کە ببین بە “کەسێکی تر”. پێسۆئا لە یەکێک لە خەمبارترین شیعرەکانیدا وای هۆنیوەتەوە : “چ بەختەوەرییەکی سەیرە کە من چیتر خۆم نەبم”. ئەو سەبارەت بە “کەسانی ماڵی بەرانبەر” تا ئەو ڕادەیە دەچێتە پێشەوە کە پێی وایە: “ئەوان بەختەوەرن، لەبەر ئەوەی ئەوان من نین”. ئەم هیوایە لە ناعەقڵانیترین شێوەی خۆیدا، ڕەنگدانەوەی ئەم ئاواتەیە کە مرۆڤ هەر ئەو جۆرەی کە هەیە بمێنێتەوە، بە هەمان ڕواڵەت و قەڵافەتی پێشوو، بە هەمان هەست و هەمان گۆڕانکاری لە ژیاندا؛ بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە، لەهەر حاڵدا “کەسێکی تر” بێت. جۆرێک برای ئاوەڵدوانە یان هاوزادی خۆی. لەم تەوسیفەدا لە یەکەم تێڕوانیندا شتێکی ئەوتۆمان دەست ناکەوێ. مەگەر ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێ لە ژیانی هەنووکەیدا، چاودێریی ڕۆژگاری خۆی بێت.

لە بەرهەمی نووسەراندا هەڵاتن بەرەو لای خۆکوژیی بە زۆر شێوەکانی جیاواز سەر هەڵدەدات. ئەم هەڵاتنە هەندێجار بە شێوەی شاراوە و نهێنێ دەردەکەوێ و هەندێ جارێش شێوازێکی دڵخواز دەگرێتە خۆ

سارتەر لە کتێبی “ئەدەبیات چییە”دا، سەرنجی ئێمە بۆ لای دۆخێکی تایبەت ڕادەکێشێ کە نووسەر “قەت” ناتوانێ خوێنەری بەرهەمی خۆی بێ، لەبەر ئەوەی ئەو هەرگیز ناتوانێ کە دڵخۆش بێ بە کارتێکردنی هەنگاو بە هەنگاو و هەروەها بیچمگرتنی پێکهاتەیەک کە ئەو بۆ خۆی لە پێشەوە ئاگای لێیە و بەباشی دەیناسێ. دواتر کە تاڕادەیەک ئەو بەرهەمە لە بیر چۆتەوە، نووسەر لە ساتەوەختی خوێندنەوەی دووبارەی بەرهەمەکەی خۆیدا دەتوانێ بزانێ کە چی بە چییە. هەستێک کە لەوساتە وەختەدا هەیەتی، تا ڕادەیەک هەستی “کەسێکی تر”ە. هەروەها بۆب دیلان دوای ماوەیەک کاتێ وتووێژێکی خۆی دەخوێنێتەوە، دەڵێ: “جێی بەختەوەرییە کە من خۆم نیم”.

لە بەرهەمی نووسەراندا هەڵاتن بەرەو لای خۆکوژیی بە زۆر شێوەکانی جیاواز سەر هەڵدەدات. ئەم هەڵاتنە هەندێجار بە شێوەی شاراوە و نهێنێ دەردەکەوێ و هەندێ جارێش شێوازێکی دڵخواز دەگرێتە خۆ: بۆ نموونە متمانە بەخۆبوونێکی لە ڕادەبەدەری هەندێ لە نووسەران، یان ئەم پێویستییە دەروونییە کە دەبێ هەموو وردەکارییەکان ڕەچاو بکرێن، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دڵخوازن بۆ کەسێ کە دەیهەوێ دنیایەکی نوێ بحولقێنێ یان دەستدرێژییەکی منداڵانە کە زۆرێک لە نووسەران بەرانبەر بە پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکەکانیان ئەنجامی دەدەن و حەزێک کە بۆ کاولکردنی ئەو پاڵەوانگەلە هەیانە، کارێک کە لە کۆتاییی کتێبەکەدا بە حەزێکی تەواوەوە دەیکەن و لە ڕاستیشدا جۆرێک بەرەوڕووبوونەوە و فریوودانی خۆکوژییە و هاوکات بەرەنگاربوونەوەشیەتی.

هیوادارم ئەوەی لێرە وتراوە، ڕوانینێکی نوێ بێت بۆ پێوەندیی نێوان هونەر و خۆکوژی. ئەمە هونەر نییە کە خۆکوژیی بە شێوازێکی لادەرانە “جوانیناسانە” دەکاتەوە. بەڵکوو خۆکوژیی بە شێوازێکی دیاریکراو، بایەخێکی هونەری و جوانیناسانەی هەیە و هەر بەم بۆنەشەوە دەتوانێت لە بواری هونەر یان بابەتی پێوەندیدار بە هونەرەوە، مژارێکی زۆر گرینگ بێت. شعوور و زانیاریی جوانیناسانە بەگشتی کرۆکێکی “خۆکوژانە”ی هەیە، یان بە زمانێکی نەرم و نیانتر کەماڵگەرا و کۆتاییخوازە. کەماڵ بە واتای بێ کەموکۆڕی بەڵام کۆتایی پێ هێنراو. ئەمە بەو واتایە دێت کە گەڵاڵەی ژیانی هونەرمەندانە یان پلانی “هونەرمەندی ژیان” – واتە کەسێک کە تێدەکۆشێ تا لە کۆی ژیانی خۆی بەرهەمێکی هونەری بخولقێنێ – لە ئەساسدا هەڵگری جۆرێک دژوازییە. هیچ هونەرێک لە ئارادا نییە کە هونەری کۆتایی پێهێنان نەبێ و مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ لە ژیانی خۆی بەرهەمێکی هونەری بخولقێنێ، بەپێی ‌لۆژیک دەبێ بتوانێ لە کۆتاییی خودی ئەم ژیانە ئیلهام وەربگرێت. دەکرێ ڕەنگدانەوەی وا ئیلهامێک لە فەلسەفەی ئێپیکۆریسمدا ببینین: “وەها بژی کە چما چیتر دواڕۆژێک لە ئارادا نییە”. بەڵام ئەم شیعرە کە شۆڕ بووەتەوە به ناو چێژە ڕەها جەستەییەکاندا، بێگومان ژیان دەکاتە شتێکی نامومکین و لە هەمان کاتدا تاقەتپڕووکێن، وەک ڕۆمانێک کە لە هەر لاپەڕەیەکیدا دەیەوێ کۆتایی پێ بێت. هەر ئەم بێتاقەتبوونە و بێهیوابوون بە دواڕۆژ و هەروەها چێژخوازییە وا لە کەسی خۆکوژ دەکات -خۆکوژی ڕەسەن و بێهیوا- کە بە کوشتنی خۆی لە ژیانی ڕووداوێک ساز بکات. لە زۆر ڕووەوە نووسین بۆ تامەزرۆی ڕووداو گەلێک باشترە لە خۆکوشتنی ڕاستەقینه و دەکرێ بە متمانەیەکی تەواوە ئەمەش بڵێم: کەیفخۆش بوونی مرۆڤ پاش کۆتاییهێنان بە ڕۆمانێک هەر چەندەش کورتخایەن و پووچ بێت، دیسانیش گەلێک زیاترە لە کەیفخۆشی پاش کۆتاییهێنان بە ژیان و خودی خۆمان.

پەراوێزەکان

1    (Fernando Pessoa) فێرناندۆ پێسۆئا (١٨٨٨-١٩٣٥) نووسەر و شاعیری پورتوگالیایی

2    (Cesare Pavese) چێزارێ پاڤێزێ (١٩٠٨-١٩٥٠) ڕۆماننوس و شاعیری ئیتالیایی

3    (Sylvia Plath) سێلڤیا پلات (١٩٣٢-١٩٦٣) شاعیر و نووسەری ئەمریکایی

4    (Agatha christie) ئاگاتا کریستی (١٨٩٠-١٩٧٦) نووسەری بەناوبانگی بەریتانیایی

5    (Fredric Brown) فرێدریک براون (١٩٠٦-١٩٧٢) نووسەری ئەمریکایی

6    (Charles Dickens)چارلێز دیکینز (١٨١٢-١٨٧٠) رۆماننووسی بەڕیتانیایی

7    میخایل باکۆنین (١٨١٤-١٨٧٦) ئەنارشیستی ڕووسی

8    John Dewey

9    Monddrian

10    Duchamp

11    Leon Tolstoi

12    Lady Lazarus ئەم دەقە بە وەرگێڕانی کوردی لەم لینکە بخوێنەرەوە: https://jineftin.krd/2020/12/16/%D8%AE%D8%A7%D8%AA%D9%88%D9%88-%D9%84%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D9%88%D8%B3/

The post خۆکوژی و ئەدەبیات appeared first on ژنەفتن.

ئەدەبیاتی بەرگری
”بۆ یادی جەلال مەلەکشا؛ شاعیری ئەدەبیاتی بەرگریی کوردستان”

ئەدەبیاتی بەرگری، یەکێک لە لقەکانی ئەدەبیاتە کە لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا، هەڵوێست و دەروەستیی ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەنووسێتەوە و، وەکوو بەرەنگاربوونەوەیەکی سرووشتی و خۆزاییی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا ڕاست دەبێتەوە کە سەرچاوە فەرهەنگی و شارستانەتییەکانی لێ دەخەنە مەترسییەوە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، بەرەنگاربوونەوەی ستەم و فیداکاریی نەتەوەیەک لە بەرانبەر داگیرکەران و دەستدرێژیکەراندا وێنا دەکات و دەخوازێت بە وەسفە هونەرییەکانی ورەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی نەتەوەیی لە بەرانبەر دژمندا هان بدات. بەسەرداهاتنی جەنگ کە دیاردەیەکی تاڵ و زیانبارە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی بەرگرییە. ئامانجی ئەوانەی جەنگ هەڵدەگیرسێنن یان بۆ ئەوەیە کە سەریەتی و گەورەییی نەتەوایەتیی و فەرهەنگیی خۆیان بەسەر لایەنی بەرانبەریاندا بسەپێنن، یان لەپێناو داگیرکەری و دەسەڵاتخوازی و دەستەبەرکردنی بەرژوەندیی ماددییدا جەنگ وەڕێ دەخەن. ئەدەبیاتی بەرگری، ئەدەبیاتێکی دژی جەنگ و ڕیسواکەر و ڕەخنەگری جەنگە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، ئەدەبیاتێکی ئەزموونییە و لە مێژووی مرۆڤدا نموونەی زۆرە.

ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە لە بەژنی پێشینەی فەرهەنگی و سیاسیی مێژوومان هاڵاوە. لە ڕاستیدا نەک هەر لە یەکەمین دەقەکانی ئەدەبیاتی نووسراوماندا، بگرە لە ئەدەبی زارەکییشماندا هاواری بەرگری مۆنج دەداتەوە. تێگەیشتن لە ڕازی ئەم بەردەوامییەی ئەدەبی بەرگری لە مێژووی ئەدەبیاتەکەماندا دوورەدیمەنێکی پاتەوەبوو دێنێتە بەرچاومان کە زۆر جار دەکەوێتە بەر تیری تانە و ڕەخنەی ئەدەبی بەرگرییەکە خۆی؛ دەقەکانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و مەلا مارفی کۆکەیی و سەیفولقوزات و عەبدوڵڵا پەشێو و …تاد.

جەلال مەلەکشا (١٩٥٢-٢٠٢٠) شاعیر و نووسەر.   فۆتۆ: فریا یونسی

بەشی هەرەزۆری ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە بەرەنگاربوونەوەی بندەستیی نەتەوایەتی و داگیرکراویی خاک و بەکۆڵۆنیاکردن و دابەشکردنی نیشتمانەکەمانە، بەشێکی بەرچاویشی هاندانی مرۆڤی کوردە بۆ لای هێماکانی شارستانەتی و پێشکەوتنی فەرهەنگی و زانستی و پیشەسازیی ڕۆژاوای دنیا، وەکوو پیشەسازیی چاپ، سیستەمی خوێندن، دروستکردنی قوتابخانە، دەرکردنی ڕۆژنامە و دادپەروەری، ئازادی، ماف، ئەرک، یەکسانیی ژن و پیاو و… تاد.

سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ

ڕۆزنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان

بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبتوڕەبتی میللەت

دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان

”حاجی قادر کۆیی”

کوردینە، تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو

بێین و بچین و بۆ مە نەبێ چ خودان و خێو

بۆ ئاسمان دەڕۆن و لە بەحرا دەکەن سەفەر

هەر عەرزە نیشتگاهی مە، سەنعاتە وەرد و شێو

ڕێی وانە کەهکەشان و ڕێی ئێمە بەردەڵان

جێی وانە تەخت و بەخت و جێی ئێمە بەرد و چێو

”سەیفولقوزات”

من تەشیڕێسێکی وەک شیرنی وەفاییم بۆ چییە

کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ

”هێمن”

هەرچەندە بابەت و گوتاری بەرهەمەیلی فەرهەنگی لە هەموو دەورە، یان سەردەمێکدا بە شێوەیەکی جیاواز بەدیار دەکەون، بەڵام ئەدەبی بەرگریی ئێمە زنجیرەیەکی تێکئاڵقاو و نەپساوەیە و تەنانەت زۆر بە کەمی بواری ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە گوتاری خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەر دەقێک جودا لەو زنجیرەیە خۆی بنوێنێت، نە ڕمێنێکی وای دەبێت و نە کاریگەری و پەسندێکی ئەوتۆی ڕای گشتی دەستەبەر دەکات. لەوانەیە هۆکارەکەی درێژبوونەوەی ڕەنج و بەدینەهاتنی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان بێت کە خۆی جێی تێڕامان و لێکۆڵینەوەی بابەتییە.

بەشێک لە توێژەرانی بواری ئەدەبیات لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەدەبیاتی بەرگری، لە سەردەمێکدا بە گوێرەی بارودۆخی ڕۆژگار ڕمێنی دەبێت، بەڵام بەدوای گۆڕانی بارودۆخەکەدا (سەقامگریی سیاسی و کۆمەڵایەتی) ناچالاک دەبێت و لە گۆڕەپانی ئەدەب کلا دەکرێت. بەلای بۆچوونی نووسەری ئەم دێڕانەوە، ئەم بۆچوونە وەک ”حوکمێکی گشتی” ڕاست نییە، بەڵام لە لایەنی پێویستیی گۆڕانی گوتار و شێوازی دەربڕین بە گوێرەی پێداویستیی کات و شوێن جێی لێوردبوونەوەیە؛ یەکەم لەبەر ئەوەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتی هەموو نەتەوەکانی دنیادا هیچ سەردەمێک نییە کە بەرەنگاربوونەوەی کەموکوڕییەکان وشکاوی بێت و لە شیعر و وتە و واتای نووسەران و شاعیرانی ئەو نەتەوەیەوە نەدەڵێت؛ ئەوپەڕەکەی بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زاڵ، شێوەی دەرکەوتنی ئەدەبیاتی بەرگری گۆڕانی بەسەردا دێت و خۆی بۆ گەیاندنی دۆخ و گوتاری هەییی کۆمەڵگە دەگونجێنێت. هەرچۆنێک بێت ئەدەبیاتی بەرگری هەر هەبووە، جا لە فۆرمی شیعر، شانۆ، چیرۆک، رۆمان و هەر ژانرێکدا، هەبوونی خۆی نیشان داوە. دووەمیش لەبەر ئەوەی بە تایبەتی ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە، کە دەربڕی ئەو ڕەنج و ستەمانەیە وا بە درێژاییی مێژوو بەسەر نەتەوەکەمان هاتووە و خاکی نیشتمانەکەمان پارچە پارچە کراوە، بەردەوام سەکۆی نواندنی لێکدژەکان بووە؛ مەرگ لە بەرانبەر ژیاندا، ئازادی و سەربەستی لە بەرانبەر ژێردەستیدا، ستەملێکراو لە بەرانبەر ستەمکاردا و …تاد. خۆ ”ڕەنج و ستەم”، ”مەرگ و ژیان” و ”ئازادی و بندەستی” کۆمەڵێک بابەت و واتای سەردەمی نین، ئەوەندە نەبێت کە لەوانەیە لە هێندێک قۆناغدا ڕوونتر بن. بۆیە ئەدەبیاتی بەرگری، وەک سەکۆی نواندنی لێکدژەکان هەرگیز ناچالاک نابێت.

دیاریکردنی جۆرێکی تایبەتی ئەدەبی بەرگری چەندی ئاسان دەنوێنێت هێندە و پتریش دژوارە، چونکە لە لایەکەوە دەزانین چییە و، لە لایەکی دیکەشەوە بەستێنی گوتارییەکەی زۆر بەربڵاوە؛ تەنانەت لە ڕوانگەیەکەوە کە هونەر و ئەدەبیات بە جۆرە بەرەنگارییەک لە بەرانبەر کەموکووڕیی ڕاستەقینە و سرووشتدا دانراوە، سەرانسەری ئەدەبیات دەکەوێتە چوارچێوەی پێناسەی بەرگری و بەرەنگارییەوە.

لە ڕاستیدا دیاریکردنی جۆرێکی تایبەتی ئەدەبی بەرگری چەندی ئاسان دەنوێنێت هێندە و پتریش دژوارە، چونکە لە لایەکەوە دەزانین چییە و، لە لایەکی دیکەشەوە بەستێنی گوتارییەکەی زۆر بەربڵاوە؛ تەنانەت لە ڕوانگەیەکەوە کە هونەر و ئەدەبیات بە جۆرە بەرەنگارییەک لە بەرانبەر کەموکووڕیی ڕاستەقینە و سرووشتدا دانراوە، سەرانسەری ئەدەبیات دەکەوێتە چوارچێوەی پێناسەی بەرگری و بەرەنگارییەوە. شاعیری ئەمریکاییی بە ڕەچەڵەک ڕووسی، جۆزێف برۆدسکی (خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی ١٩٨٧ی پێ بڕا)، دەڵێت: ”هونەر، شێوەیەکی بەرەنگاربوونەوەیە لە بەرانبەر کەموکووڕییەکانی ڕاستەقینەدا”. لەم ڕووەوە ئیتر هونەری ئەدەبیات تەنیا لاساکردنەوەی سرووشت نییە، بگرە جۆرێک ڕاسانە لە بەرانبەر ڕاستەقینەی هەیی و هەڵوەشاندنەوەی و، دووبارە ئافراندنەوەی ڕاستییەکی بزر. ئەم ئافراندنەوەیە بە لەکارهێنانی تەواوی کەرەستەکان و پێداویستییەکانی زمان دەکریت، واتا گوتاری ئەدەبی کۆمەڵێک توخمی جیاوازی سیستەمی زمان دەخاتە خزمەت خۆیەوە و چۆنایەتییەکی تایبەتیان پێ دەبەخشێت، ئەو چۆنایەتییانەی کە لە گوتاری ئەدەبیدا بە زمان و توخمەکانی دەدرێن، لە زمان و کردەوەکانی زمان دەکەونەوە و باری هەرمان بە دەق دەبەخشن.

پۆرترێتی ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)

یەکێک لە تیۆرییەکانی ئەدەبیاتی بەرگری، تیۆریی ”دەروەستی”ی فەیلەسووفانی فەرەنسایی و مارکسیستەکانە. هۆکاری مێژوویی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە بارستاییەکی زۆری ئەدەبیاتی ڕۆژاوا و تەنانەت ئەدەبیاتی سەدەی ڕابردووی کوردییش سەر بە ئەو ڕەوتە هزریەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی ”دەروەستی”ی ئەدەبی، بۆچوونەکانی سارتر و کامۆ و ترۆتسکی و … ئەو بنەما تیۆرییە بەهێزانەن کە پاڵیان پێوە دراوە. هەرچەند تیۆریی ”ئەدەبیاتی دەروەست”ی مارکسیستی لە ڕۆژاوا بەرەبەرە کاڵ بووەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی کە دۆخی کۆمەڵایەتیی دوای جەنگی دووەمی جیهانی توخمە هاندەرەکانی نووسەری بۆ دەرەوەستی لەنیو برد و، یەکێتیی سۆڤییەت وەک ناوەندێکی سەقامگرتووی مارکسیستی بە ڕەفتاری توندوتیژ و گوشارخستنە سەر نووسەران، ناچاری دەکردن بەرەو ڕۆژاوا ڕا بکەن. هەروەها لەنێوان بۆچوونەکانی سارتر و کامۆ وەکوو ڕێبەرانی ئەو تیۆرییەدا جوداوازیی قووڵ پەیدا بوو، سارتر باوەڕێ بە لەکارهێنانی توندوتیژی لە ڕێبازی خەباتدا هەبوو، کەچی کامۆ پێی وابوو کە بۆ گەیشتن بە سەقامگیربوونی دادپەروەری و ئازادی دەبێ توندوتیژی وەلا بنرێت. ئەو هۆکارانە بواریان بۆ تیۆریگەلی مۆدێرن و بنەماکانی هزری ماتریالیستیی ڕۆژاوا خۆش کرد تا ئەدەبیاتی بەرگری لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات پێناسەی نوێ هەڵبگرێت. یەکێک لەو پێناسانە ئەوەیە کە لە ڕێی تیۆریی ئەدەبیی ”پاش کۆڵۆنیالیزم”ەوە دەکرێت کە یەکێک لە فرەجۆرترین تیۆرییە ڕەخنەییەکانی ئەدەبیاتی ئێستایە و پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی ”ڕۆژهەڵاتناسی”ی ئیدوارد سەعید پەیدا بوو. ئەدەبیاتی پاش کۆڵۆنیالسیتی لە ئەنجام و کاریگەرییەکانی ڕزگاری لە داگیرکەر و کۆڵۆنیالیست و ڕەوتی گۆڕان و سەربەخۆییی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو گەلانە دەکۆڵێتەوە کە لە بندەستی کۆڵۆنیالیست ڕزگاریان بووە، یان هێشتا بە تەواوی ڕزگار نەبوون. گرینگترین توخمە پێکهێنەرەکانی ئەدەبیاتی پاش کۆڵۆنیالیستی بریتین لە: جوداکردنەوەی خۆ لە ئەوی تر، ژیاندنەوەی هەویەتی (شناس)، بانگەوازی یەکگرتن و یەکیەتی، دەربڕینی بێزاری لە داگیرکەری و تاڵان و بڕۆ، بەرزکردنەوەی ورەی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ڕۆژهەڵاتناسی (لە ئەدەبیاتی کوردیدا کوردستانناسی و کوردناسی).

لە پاش شەڕی چاڵدێران (٢٣ی ئاگوستی ١٥١٤) و دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەویدا، کۆمەڵێک میرنشینی کورد لە کوردستانی بندەستی عوسمانییەکاندا دامەزران کە سەرباری ناکۆکیی نێوخۆیان و دنەدانی عوسمانییەکان بۆ بەردەوامیی ئەو ناکۆکییانە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە سێبەری ئەو میرنشینانەدا بەدیار کەوت و گەشەی کرد و شاعیرانی وەکو مەلایێ باتێ، مەلایێ جزیری، عەلی هەریری و فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی ئەدەبی کلاسیکی کوردییان خولقاند. بەرهەمە گەورەکەی ئەحمەدی خانی، داستانی ”مەم و زین” و شیعرەکانی فەقێ تەیران و … هەر لەو بەرەبەیانەی دەقی کوردییەوە وەک ئەدەبی بەرگریی کوردی بۆ بووژاندنەوەی هەویەتیی کوردی هاواریان کرد. دواتر لە سەدەی ١٨ی زایینیدا پاش ئەوەی کەریم خانی زەند، لە ھۆزی کوردانی زەند، کە دایکیشی لە کوردانی زەنگنە بوو، دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی ئێرانی بە دەستەوە گرت، لەو بەشەی کوردستانیش ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی سەری هەڵدا و شانامەنووسانی وەکوو ئەڵماس خانی کەنوولەیی و شاعیری داستاننووسی وەکوو خانای قوبادی و … تاد، گەشەیان کرد و لە بەرهەمی ئەوانیشدا ئەدەبی کوردی بانگ بۆ زیندووڕاگرتنی هەویەتیی کوردی دەدات:

جە لای عاقـــڵان، ساحێب عەقڵ و دین

دانا بـــزورگان کوردســـــتانزەمـــــین

راســەن مواچان فارســـــی شـــەکەرەن

کوردی جە فارسی بەل شـــیرینتـــەرەن

پەی چێش نە دەوران ئەی دنیای بەدکێش

مەحزووزەن هەرکەس بە زوبان وێــش

”خانای قوبادی”

دواتر لە سەردەمی میرانی ئەردەڵان و باباندا ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی زیاتر گەشەی کرد و ”تەبعی شەککەرباری” شاعیری کورد ”ئیمتیحانی” خۆی دەکرد و هەست و دەروەستیی بووژاندنەوەی زمان و فەرهەنگ و داستان و ئەفسانەی کوردی بەرەنگاری دەیان سەدە بێدەنگیی ئەدەبیات و زمانی کوردی و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان بووەوە، تا لە کۆماری کوردستاندا بەرگ و فۆڕم و زمانێکی نوێی بە بەردا کرد و تا ئێستاش ئەو ئەدەبیاتە هەر بەردەوامە لە گەشە و بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی کۆڵۆنیالیستی.

بابەتی ئەم یادداشتە کە بە بەرییەوە هەیە بە مێتۆدی وتارێکی زانستی لەدووی بدرێت، لێرەدا بە ئەنجامگرییەکی کورت دەبڕمەوە کە ئەدەبیاتی بەرگری، جۆرێکی ئەدەبییە، لە سەرەتای ڕەوتی ئەدەبی نووسراو و کلاسیکی کوردییەوە هەیە و بە چەندین دەورەدا تێ پەڕیوە و تا گەیوەتە ئەمڕۆش بەردەوامە لە بووژاندنەوەی هەویەتیی کوردی.

The post ئەدەبیاتی بەرگری appeared first on ژنەفتن.

ڕەهەندی بوونخوازی له هۆنراوەی “بێ ئارامی”ی “ئەحمەد هەردی”دا
گرنگی دیدگای بوونخوازانە

بەو پێیەی سروشتی فەلسەفەی بوونخوازی بە ‌جۆرێكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاستە تیۆرییەکەی بریتی بێت له‌ تێكسته‌ تیۆرییه‌كانی فه‌یله‌سوفان، ئه‌وا له‌ ئاسته‌ پراكتیكییه‌كه‌یدا بریتییه‌ له‌ پراكتیزه‌كردنی بیرۆكه‌ تیۆرییه‌كان له‌ دووتوێی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا. کەواتە بۆ ئەوەی بابەتەکە بابەتییانە و ڕوون بێت، ئەوا وا پێویست دەکات، لە دەستپێکدا دەروازەیەک بە ڕووی فەلسەفەی  بوونخوازیدا بکەینەوە بۆ ڕۆچوونە ناو بابەتەکە، چونکە (ئەدەب و فەلسەفە) بە یەکەوە، دوو ڕووی ئەو فەلسەفەیە پێکدەهێنن کە پێی دەوترێ، فەلسەفەی بوونخوازی.

وەک دیارە کە ناونیشانی‌ بابه‌ته‌كە‌ ئاماژەیە بۆ  دەرخستنی ڕووێکی فەلسەفی بوونخوازی، لە کۆنتێکستی دەقێکی شیعریدا، مێژووی  نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٨ز، بەر لەوەی بوونخوازی بە فەرمی وەکو فەلسەفەیەک فۆرمەلە بکرێت.  پەیبردن بەم ڕەهەندە و زەقکردنەوەی لە خۆیدا گرنگی هەیە، هاوکات پێگەی ئەدەبی کوردی سەردەخات بەرەو ئاستە کۆسمۆلۆجییەکە.

گرنگییەکەی لەوێوەیە کە فەلسەفەی بوونخوازی هەر خۆی لە ئاستە کۆسمۆلۆجییەکەدا فەلسەفەیەکی تازە و نوێیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. تا ئەوکات ئەورووپییەکان لاسایی پێش خۆیان دەکردەوە بە کەمێک گۆڕانکاری لە فۆرم ،  نوێگەری (داهێنان و گۆڕانکاری) لە ئاستێکی تەنگ و لاواز بوو. بەم واتایە ئەو گۆڕان و نوێبوونەوانەی دەکران، (جەوهەر)ی نەبوون، (فۆرم)ەکی بوون. هەڵبەتە بوونخوازی نوێیە بەو واتایەی کە وەک ستایل و مۆدێل کە لە دەقی ئەدەبی و شانۆیی ڕەواجی پێدرا، دەنا وەکوو هزری فەلسەفی و تیۆری، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. سارتەر و کامۆ ئەم فۆرم و ستایلەیان بە فراوانی لە ئەدەبدا بە کار هێنا و، هاوکات میتۆدی (فینۆمینۆلۆجیا)یان وەرگرت، بەمەش گەیاندیانە لوتکە..

لەلایەکی تر گرنگییەکەی دوو هێندەیە بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش، لە کاتێکدا کە ئەوروپا سوا بوون لە لاسایی کردنەوەی پێش خۆیان، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لاسایی ئەوانمان دەکردەوە، کەواتە ئێمە دووجار لە دۆخی جووینەوە و لاساییدا بووین.

لە وەها دۆخێکدا، لە گۆڕینی ناوەڕۆکی شیعری هەردی پێش بوونخوازەکانیش کەوتووە. بیستنی دەنگێکی جیاواز، بەمجۆرە خۆی بۆ خۆی گرنگە، جا ئەگەر ئەو دەنگە تاکە شیعرێک نەبێت و نوزەیەکی سروشتی و خۆڕسکی منداڵانە بێت. هەرچەندە لە ڕووی بابەتییەوە زۆربەی شیعرەکانی باسی دڵداری و خۆشەویستییە و دەچنە خانەی ڕۆمانتیکی، بەڵام ئەوە لە بابەتە کەم ناکاتەوە، لە پاڵ ڕۆمانسیەت ڕووحیەتی قوڵی ڕەشبینی و نائومێدی، ئامادەگیی هەیە و دێت و دەچێت. وەکوو لە شیعری (ڕازی تەنیایی)دا بە زەقی دیارە.

ئەحمەد هەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦) شاعیر و نووسەر

فەلسەفەی بوونخوازی: دیدگا و بابەت و میتۆد:

فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازی (Existentialism)، ئەو مۆدێلە بوو نەک گۆڕین بەڵکو (دابڕین و ڕێنیسانسێکی فەرهەنگی) بوو لە بواری فەلسەفە و ئەدەب و هونەر، خۆی فۆرمەڵە کرد، گۆڕانێکی جەوهەری و جۆری لە (بابەت) داهێنا، (مرۆڤ)ی کرد بە بابەتی توێژینەوە، بەمە بازنەی پارادیمی کۆنی تێکشکاند، کە تا ئەوکات ئاراستەی توێژینەوە و کەرستەی ئەدەبیش، لە دەرەوە بوو ((جیهان)) بابەتەکە بوو. ئێستا ئیتر لەم مۆدێلەدا ((مرۆڤ)) ناوەندە و (خود و بابەت) یەک چییەتین کە ئەویش (مرۆڤ)ە. بەم پێیە، فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازی فه‌لسه‌فه‌ی (خود)ه‌ نه‌ك (بابه‌ت)، فه‌لسه‌فه‌ی (سوژه)‌یه. کەواتە (مرۆڤ) لێرەدا ئامرازی توێژینەوەیە و هاوکات کەرستەی توێژینەوەشە.

بوونخوازەکان لە سەرەتادا لە ڕێگای ئاوەژووکردنەوەی مۆدێلی پارادایمی مۆدێرنیتە و عەقڵ سەنتەریزمی دیکارتی، لوتکەی ڕۆشنگەری کانتییان خستە ژێر ڕەخنەی تووند. پاشان مرۆڤیان لە دەست فرە خودایی (دین، سیاسەت، ئابووریی سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیاکان) دەرهێنا. دووبارە شوناس و ماهیەتی “مرۆڤ”یان بە “عەقڵی مرۆڤ” پێناسە کردەوە. بەمەش مۆدێلێکی هیومانیتی نوێیان داهێنا بە (بابەت و میتۆد و کۆمەڵێک چەمک و پرسیار)ی نوێ. ئەمە وەک پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر بە سەراوژێربوونی ئامانجەکانی ڕۆشنگەری. بوونخوازی خۆی کرد بە فریادڕەسی خەمەکانی مرۆڤ و تێگەیشتن و گرنگیدان بە کێشەکانی. دوای ئەو نائومێدییەی مرۆڤ تووشی بوو، لە ئەنجامی هەڵخلیسکانی مرۆڤ بەرەو گۆمی بەربەرییەتەوە، لە عەقڵانییەتەوە بەرەو ناعەقڵانییەت لە مەدەنییەتەوە بەرەو هەمەجییەت.

بەم شێوەیە فەیلەسوفی بوونخواز، خەریکی ئەزموونکردن و نووسینەوەی کێشەکانی مرۆڤە لە بووندا، لەلای ((بوونخواز))ەکان، ((بوون)) بنەڕەتی هەموو شتێکە و پێش ((چییەتی)) دەخەن. ئا لێرەوە لە بابەت و میتۆد، جیا دەبنەوە، ئامانجە سەرەکییەکەشیان مرۆڤە دروستتر بڵێین له پێناو پڕۆژەی (مرۆڤ) له (بوون)دایه. بوونخوازەکان چییەتی مرۆڤ وەکوو چییەتییەکی ناجێگیر و كراوه، كه له گۆڕانكاری دایه پێناسە دەکەن.

میتۆد:

بوونخوازەکان لە توێژینەوەکانیاندا، میتۆدی (فینۆمینۆلۆجی) بە کار دێنن، فینۆمینۆلۆجی: ڕێبازێکی فەلسەفی سەربەخۆیە، هاوکات میتۆدەیە و دامەزرێنەرەکەی (ئیدمۆند هوسەرل)ی پزیشکە، لە دیاردەکان دەکۆڵێتەوە وەک ئەوەی لە هۆشی مندا خۆیان دەردەخەن، واتە لێکۆڵینەوە لەسەر ناوەڕۆکی هۆش دەکات، ئەم ڕێبازە، لەگەڵ ڕێبازە لۆجییکییەکاندا دەرگیرە، کە لە ڕووخساری هۆش دەکۆڵنەوە. بوونخوازەکان ئەم میتۆدە بۆ توێژینەوە لە پرسیار و چەمکەکانیان بە کار دێنن. واته چۆن دیارده (بوون)ییەکان له (هۆش)ی من دەردەکەون یان خۆی دەردەخەن؟ گرنگترین چەمکە کلیلی و بنەڕەتییەکانی ئەم فەلسەفەیە بریتین له (ئازادی، نیگەرانی، ترس، نامۆبوون، پووچییەت، خۆكوژی، یاخی بوون، مردن، هتد…).

تایبەتمەندی ئەم فەلسەفەیە به جۆرێكه ئەگەر له ئاسته تیۆرییەکەیدا بریتی بێت له تێكسته تیۆرییەكانی فەیلەسوفان، ئەوا له ئاسته پراکتیکییەکەیدا، پراکتیزەکردنی بیرۆكه تیۆرییەکانە له دووتوێی دەقە ئەدەبییەکاندا، بەم شێوە بیرۆكه تیۆرییەکان تێکەڵ به دەقە ئەدەبییەکان دەکرێن. سارتەر و کامۆ دیارترین نموونەی ئەمەن.

دیدگای بوونخوازانە چۆن کار دەکات:

بەر لە هەر شتێک، هەموو چرکەساتێکی نووسینی ئەدەبی بۆ ئەدیب خەسڵەتێکی بوونخوازانەیە، ئەمە بەو واتایەی کە ئەو مادام خەریکی دەستبردنە بۆ (شعور و لاشعور و سۆز و هەستە ناوەکییەکان)ی (خۆ)ی لەو چرکەساتەی کە (ئاگامەندی)ی ئەو بەر بابەتێکی ناو جیهانی دەرەوە دەکەوێت، پرۆسەیەکی پەیوەندی دروست دەبێ و ئەو پەیوەندییە زادەی دروستبوونی (مانا، وێنە، دیدگا)یەکە. ئەدیب کۆپییەکی وێنەکانی ئەوێمان بۆ دەگوازێتەوە لە ڕێگەی دروستکردنی پانۆرامایەکی درامایی بە زمانی ئەدەب. ئەم پرۆسەیەش بە تەواوەتی بوونخوازانەیە ئەمە هیچ قسەیەک هەڵناگرێت، هاوکات چرکەساتێکی بوونخوازانەشە بۆ ئەدیب، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە مۆرکیەتی بوونخوازی بە ئەدەبەکە بدات، بەڵکو ناوەڕۆک و بابەت و میتۆد و شێوازی کارکردنی ئەدیب بڕیار لە بارەی ئەوەوە دەدەن.

وردەکاریی پرۆسەی داهێنانی دەقی ئەدەبی لە ڕێگەی زمانی تایبەت بە ئەدەب، کە لە چەند هیولا (ماتەر) کەرەستە و ئاستێک پێکدێت تا دەگاتە داهێنانی بەرهەمێکی  ئەدەبی تەواو. بەم شێوەیەیە:

* (هیولا) بنچینەییەکەی بریتییە لە خەیاڵ دوای چنینی تەونی عەرشی پانوپۆڕی خەیاڵ، *هیولا دووەمینەکە بابەتی جیهانی دەرەکییە، کە بەر هەست (شعور)ی تایبەتی (خود) من دەکەوێت، کە مانا و تێگەیشتنێکی تایبەتی بۆ (خود) دروست دەکات. *هیولا سێیەمینەکە بریتییە لە زمان (زمانی تایبەتی ئەدەبی)، دیارە مەبەست لە زمان لێرە زمانی تایبەتی ئەدەبیی بوونخوازییە…

زمانی تایبەتی ئەدەبیی بوونخوازی: ئەرکی ئەم زمانە دەربڕین و لێکدانەوە و مانا پێدان و مانا دروستکردن و یاریکردن و هتد…. بەو پەیوەندییە تایبەتییە ئاڵۆز و خودیانەیە کە لە بەریەککەوتنی (هۆش)ی من بە (دیاردە) و بابەتی دەرەکیی (بوون)ی دروست دەبێ.  واتە هؤشی من چۆن لەو دیاردەیە تێدەگات. ئەدیبی بوونخواز ئەم هەستە تایبەتە وەردەگێڕێت بۆ سەر زمانی ئەدەبی. بەرهەمێکی ئەدەبی بوونخوازانەمان پێشکەش دەکات.

ڕەگ و ڕیشەو دیدگای بوونخوازانە له ئەدەبی كوردیدا، هەردی وەک نموونە:

هەڵبەتە بۆ ئەوەی خۆم هەڵپەسێرم لە حوکمی تووند و نابابەتی، قسەکان فۆڕمێکی زانستی وەربگرێت. تەنها لەسەر ئەدەبی ئەو کۆنتێکست و بەروارەی پێش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی قسە دەکەم،  ساڵی ١٩٣٨ز هەردی شیعری “بێ ئارامی” نووسیوە. هەمان ئەو ساڵە سارتەر ڕۆمانی (هێڵنج)ی نووسی، ساڵی ١٩٤٥ جەنگ کۆتایی هات. ساڵی ١٩٤٦ بوونخوازی بە فەرمی ناسێنرا. لەسەر دۆخی ئەدەبی کوردی پاش جەنگی دووەمی جیهانی ، هەر چۆنێک بێت هیچ قسەیەکم نییە.

دیارە له‌لای میلله‌تانی تر پرسە بوونخوازییەکان بایەخی پێدراوە و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ و له‌ناو كولتووری كوردیدا هه‌نگاوی نه‌هاویشتووه‌ و چه‌كه‌ره‌ی نەكردووه‌، ئه‌مه‌ش ڕەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ تایبه‌تمه‌ندی میلله‌تی كورد، بە درێژایی مێژوو پرسە لۆکاڵییەکانمان هەناسەی لێ بڕیووین، نەمانتوانیووە‌ لە پرسە کۆسمۆلۆجییە یۆنیڤێرساڵەکاندا جێ و پێی خۆمان دەستنیشان بکەین. له ‌سه‌ده‌ی بیسته‌م كه‌ خاوه‌ن دۆزێكی جیاواز بووین، كێشه‌ی شوناس و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی بوو. بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌ن ته‌رزێكی ناسیۆنالیستیانه‌یه‌،‌ ئەمەش به ‌جۆرێكه‌ وه‌كوو تارماییه‌ك تێكڕای ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیووه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین شوێنێك نەماوەتەوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی لای شاعیرانی كورد كه‌ هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری نەیته‌نیبێ، هه‌روه‌ك لای “هێمن”ی “شاعیری گەل” به‌ ڕوونی دیاره‌، ساڵی ١٩٤٤ نووسیویەتی: (ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ یار ئه‌من ئه‌ی نیشتیمان تۆم هه‌ر له‌بیره‌) له‌م نموونه‌یه‌دا هه‌ستی به‌هێزی نیشتیمانپه‌روه‌ری شاعیر، زاڵتره‌ له‌ هه‌ستی تایبه‌تی و بوونخوازانه‌ی ئه‌و، هه‌ستی (خودی) چركەساتی له‌گه‌ڵ یار بوون كه بنەڕەتی (بوون)ی ترە، ئەویش نیشتیمان داگیری کردووە. هه‌ستی بوونخوازانەی ئه‌و بە کردەوە بوونی نییە یان پله‌یه‌ك پاش هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی ئەو دێت، هه‌ستێكی لاواز و نائاماده‌ و ناچالاكه‌، هێمن پێمان ده‌ڵێت: من و یار و شیعریش قوربانی نیشتیمان. له‌لای “هەژار”یش ئه‌م هه‌سته‌ نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی مانیفێست ده‌كات بارگاوی دەكرێت به ‌كۆمه‌ڵێ گوتەزای ئایینی.  هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ میراتێكه‌ و پێش ئه‌م شاعیرانه‌، لەلای خانی و جگەرخوێن دەبیرێت و دواتریش ئه‌م هه‌سته‌ گشتییه‌ (ده‌سته‌ جه‌معی)یه ‌لەلای زۆربه‌ی له‌ شاعیره‌ نوێكان و گروپی ڕوانگه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت.

ڕەگ و ریشەی بوونخوازانەی ئەحمەد هەردی لە شیعری “بێ ئارامی”دا:

بێگومان بۆ ئەوەی فۆرمێکی زانستی و توێژینەوەیی و خەسڵەتی بابەتی بوون بە قسەکانمان بدەین، پێویستە بە وردی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە:

ئایا ئەحمەد هەردی بوونخوازە؟ چی کردووە؟ بۆچی؟ چۆن؟

بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەش بدەمەوە، چەند کەرستەیەکم لەبەر دەستە لێرەدا بە کاریان دێنم و بۆ بەڵگاندن و پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانم کۆمەکیم دەکەن:

*کەرستەی یەکەم دیوانی (ڕازی تەنایی) یە، چاپی سێیەم ١٩٩١.

* کەرستەی دووەم بەکارهێنانی فەلسەفە وەک کەرستەیەکی گرنگ، بۆ ڕاڤەکردن.

* بۆچوونی سێیەم: ڕای ئەدیبان لەسەر هەردی.

دوو تێبینی گرنگ، کە پێویستە سەربەخۆ ئاماژەی پێبدەم، چونکە ڕەنگە لە چەند شوێنێک، وتنی دووبارە پێویست بێت، ئەوا لێرە بە یەکجار دەیڵێم: لە پێشەکی دیوانی (ڕازی تەنیایی)دا کە تاکە دیوانی (هەردی)یە، دەڵێت: “من خوێنەرێکی بەردەوامی بواری فەلسەفە بووم، زیاتر لەوەی خوێنەری دیوانی شیعری شاعیران بم، ئەگەر کتێبیکی فەلسەفیم ونکردایە خێرا دەمکڕییەوە، تا تەواوم دەکرد”. ئەمە واتای ئەوەیە کە (هەردی) بێئاگای دنیای فەلسەفە نەبووە، بۆیە دەکرێ لاشعوری کاری تێکردبێ و نووسیبێتی.

لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئه‌گەر هۆکاری دۆخە (هۆش)ەکییەکانی مرۆڤ کەوتە ناو سنووری ماددەوە ئەوا بە دۆخێکی (ئۆنتۆلۆجی) و ڕەسەن دانانرێت به‌ڵكو دۆخێکی ساخته و ناڕه‌سه‌نه‌.  بەڵام ئه‌گەر هۆکاری دۆخە (هۆش)ەکییەکان لە سنوری ماددەدا بەدەر بوو،  ئەوا ئۆنتۆلۆجی و ڕه‌سه‌ن و زیندووه‌ و ئاماژەی چرکە ساتی فەلسەفیین.

یه‌كێك له‌و شاعیرە كوردانەی كه لەو ڕووەوە‌ جێگەی سەرنجە “م. ئه‌حمه‌د هەردی”یه،‌ بۆ ئەدیبێکی شارەزا یان خوێنەرێکی وردو کارامە، به ‌ڕوونی ئەمە دیارە و هه‌ستی پێ دەکرێت کە ئەو هەستەی کە (چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتیمە)ی پێ دەنووسێت جیایە لە هەستی نووسینی شیعری (بێ ئارامی) ئه‌وه‌ی یەکەمیان شیعرێکی ڕۆمانتیکییە و‌ ئەوەی دووەمیشیان شعور و دیدگایەکی بوونخوازانەی پەتییە. جیا لەو هەستەی  پێشوو كه‌ لای شاعیرانی وه‌ك (خانی و جگه‌رخوێن و سالم و كوردی و هێمن، هتد…) هه‌بوو.

ئه‌گه‌ر بە وردی سه‌رنج بده‌ینە ناو دێرەکانی، هه‌ست بە ڕەشبینیەک دەکەیت کە لە سەرەتای دیوانەکەیەوە درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی، وەکو پەڵە هەورێکی ڕەش بێت و بچێ، لە هەندێ شوێندا بە چڕی دایدەبارێنێ،  هەندێ شوێنیش هەمیشە هەورە و بەرۆکی ئارامی گرتووە و بێزار و هەراسانی کردووە. لە هەندێ  شیعره‌كانیدا هۆكاری ئەو بێزاری و ڕەشبینییە دیارە، لە ناو هەندێک لە دێرە‌كانیشدا هۆكار ونە و نادۆزرێتەوە، هۆکار بە کراوەیی و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هیچ هۆکارێکی ماددی بوونی نییە، ئه‌و نیگەرانییە له‌ بونیادی ئه‌و (شاعیر)ه‌دایه‌، ڕیشه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجی و بوونخوازانه‌ی هەیه‌.

له‌ شیعری “بێ ئارامی” كه‌ له‌ ساڵی ١٩٣٨ نووسیویەتی:

هەڵبەتە ناونیشانی “بێ ئارامی”، باری نەرێیی دۆخێکی ئاگامەندی هەستەکییە، وشەی “بێ” کە خراوەتە سەر وشەی “ئارام”، پێی نەرێ کراوە، لە فەلسەفەدا ئەم دۆخە وشەی “نیگەرانی” بۆ دانراوە. هیچ جیاوازی نییە و بێ ئارامی جۆرێکە لە نیگەرانی و یان هەمان نیگەرانییە.

ئاخ و داخ و ده‌رد، له ‌ده‌ست ته‌نیایی،

په‌شێوی بێ حه‌د، ده‌ردی بێ دوایی

شێوەیەک لە (تەنیایی) هەیە، کە تایبەتمەندی و بەهایەکی فەلسەفی هەیە، ئەو چرکەساتەی کە مرۆڤ هەست دەکات فڕی دراوەتە ناو بوون و بە تەنیا بەجێهێڵراوە و دەرگیرە لەگەڵ چارەنووسێکی نادیار، ئەمە ئەو دۆخەیە کە هایدیگەر باسی کردووە. ئەم دیوانەم چەند جارێک سەراو بن کرد زیاتر لە چل جار بەم شیعرەدا چوومەتەوە، تەنانەت یەک تاکە هۆکاریش پێشکەش ناکات، لەوە زیاتر، لە کۆتایی شیعرەکەدا، دەڵێت (نە لای دۆست و یار و نە لە دەشت و شار ئۆقرە ناگرم) بەمە زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئەوە حاڵەتێکی دەروونی تایبەت نییە کە لە دووری یار یان لە گۆشەکیربوونی کەوتبێتەوە) تا کۆتایی شیعرەکە هۆکارەکە هەر بە کراوەیی و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا، دەکرێت ئەمە ناوبنێین سەرەتای چرکەساتێکی فەلسەفی بوونخوازانە لەمەڕ بوونی خۆی.

ئه‌م سه‌رسامییه‌

بێ ئارامییه‌

دڵ ناكامییه

كه‌ی كۆتایی دێ؟

(سه‌رسام بوون، یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی بیری فەلسەفییە، کاتێک مرۆڤ قوڵ دەبێتەوە لە هەندێ بابەت و دیاردە تێناگات، سەرسامی دایدەگرێت)

وشەکانی پەشێوی و ‌ بێ ئارامی و دڵ ناكامی، لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، نزیکن لە چەمکی نیگەرانی، زۆرجار تیکەل دەبن، یان وەکوو هاوواتا بە کار دەهێنرێت. وای لێکردووە لە خۆی بێزار بووە و دەپرسێ کەی کۆتایی دی.

نه‌ له‌ناو گوڵزار

نه‌ لای خزم و یار،

ئۆقره‌ ناگرم…

له‌ ده‌ست شار هه‌ڵدێم، ده‌چمه‌ ناو گوڵزار

له‌وێش هه‌ڵناكه‌م، دێمه‌وه‌ ناو شار!

(دیارە ئەوەی کە زۆر کۆمەکی و کارئاسانیم بۆ دەکات تا دواجار دەستکراوەتر و بوێرتربم لە ئەنجامگیریدا. ئەم نیوەدێرانەن،  دیارە مامۆستا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی، ئەم تەنیایی و نیگەرانییەی خۆی بڕەوێنێتەوە هەموو ڕێگایەکی گرتۆتەبەر بەڵام سەرئەنجام بێ سوود ناکام بووە، چونکە لە بنەمادا، هۆكارێكی ماددی و سۆزداری له‌ پشت نەبووە‌، کە هۆكاری دروستبوونی دۆخەکە بووبێت، جارێکی تریش دڵنیا دەبینەوە ئەم هه‌سته‌ ئۆنتۆلۆجی و ڕه‌سه‌نە).

وه‌ك ئارام نه‌ماو

دڵ و پێ سوتاو

خانه‌ی خه‌و ڕوخاو

له‌ دنیا بێزار…!

(ئەم نیوەدێرانە، وەسف و لێکچواندنن بۆ وێناکردنی دۆخی بێ ئارامییەکەی، دەیەوێ بڵێت ئەگەر ئێوە نیگەرانی و بێ ئارامی من نابینن، ئەوا وەکوو:  ( ئارام نه‌ماو و دڵ و پێ سوتاو و…. له‌ دنیا بێزار…!) واتە دۆخە زەینییەکەی وەکوو دۆخی ئەو نموونانە بێزارکەرە.

كه‌ به‌ تێكه‌ڵبوون، وه‌ها بێزارم

بۆچ به‌ ته‌نیایی په‌شێوه‌ كارم؟!

(وادیارە مامۆستا بێزاری تێكه‌ڵبوونی بەلاوە گرفت نییە، ئاساییە تێكه‌ڵبوونی بێزارت بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستێکی هۆشیاری بەرز، بەڵام دووباره‌ پرسیار لە ‌دۆخی ته‌نیابوون‌ دەکات. و واقی وڕماوە کە بۆچی حاڵی هەر خراپە .

بۆ وه‌ك ڕه‌نجه‌ڕۆم؟

وه‌ڕس بووم له‌ خۆم

بۆ هه‌ر كوێ ئه‌ڕۆم

دڵ بێ قه‌رارم؟!

(ئەم نیوەدێرانەش دیسان، وەسف و لێکچواندنن، دەیەوێ بڵێت هەموو ڕێگەکانم تاقیکردەوە هەر دڵە کوتێمە و  نیگەرانم و بێ ئارامم و بێ قەرارم. بەم شێوەیە پاش چەند هەوڵێکی ناکامانە بۆ دەربازبوون لە دۆخەکەیدا، کۆتایی بە شیعرەکە دەهێنێ دوای ئەوەی لەو دۆخە زەینییەی کە تێی کەوتووە، چەند وێنەیەکی ئازارەکانیمان لە ڕێگەی چەند دۆخێکی تری واقیعییەوە بۆ دەکێشێت). بێگومان ئەگەر هۆکارەکەی بۆ ڕوون بوایە، ئەوا چارەسەری دەکرد، ئەوکات ڕەنگە لە بیری نووسینیدا نەبایە.

لە پەراوێزی ئەم  شیعرەدا لە چاپی دووەم، هەردی نووسیویەتی: ئەم شیعرە لە چاپی یەکەمدا نییە، و کەچی لە 1938 لە سەرەتای لاویەتیمدا نووسیومە. وا دیارە زانیوویەتی کە لە ستایلی باو دەرچووە و (نەیوویستووە و بەلایەوە گرنگ نەبووە یان نەیوێراوە) ئەم گۆڕینە لە کەرستەی شیعریدا بکات، بەڵام هەر چۆنێک بێت، دواجار ئێمە وەک توێژەر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەرستەیە دەکەین کە لەبەردەستمانە، .ئەمە دیوێکی ئاشکرای شیعرەکەیە و ئه‌م هه‌سته‌ چالاكه‌ تایبه‌تییه‌، ئەگەر بە نەفەسێکی کورتیش بێت باڵی به‌سه‌ر شیعره‌کەدا كێشاوه‌.

کۆی نیوە دێرەکانیش بە ڕیز وەکوو پەنجەکانی دەست کە بەدوای یەکدا دەچنەوە سەر مەچەک وایە، دوو چەمکی سەرەکی (بوونخوازی) لەم شیعرە بەکارهێنراوە، کە هەموو وشەکان و لێکچواندنە وێنەییەکان، پیت بە پیتیان دەچنەوە خزمەت ئەو دوو چەمکە و وەسفی زیاتریان پێدەدەن. ئەوانیش: (بێ ئارامی) و (تەنیایی)ن.

ئەنجامگیری:

لەم کۆنتێکستە مێژووییەدا، بەکارهێنانی ئەم ستایلە لە  نووسینی شیعری و به‌م شێوەیە ڕووكردنه‌ (خۆ)، خۆ خستنە جێگەی بابەت، قسە لەسەر خۆ کردن تاوتوێكردن و وتوێژكردنی هۆش و ئاگامەندی خود (خۆ)، پێم وایە قسەی زۆر هەڵدەگرێ.

بەو پێیەی کە هەردی شیعری “بێ ئارامی”‌ له‌ ساڵی ١٩٣٨دا نووسیوە، واتا بوونخواز نییە بەو واتایەی شوێنکەوتەی ئەوان بێ، بەڵکو زۆر پێش ئەوان کەوتووە، زۆریش ڕەسەنترە، ئەمەش  بۆمان ڕوون دەکاتەوە، ڕیشەی بوونخوازانەی هەردی لە بوونیادی ئەو شاعیرە دایە.  ساڵی ١٩٤٦ بوونخوازی بە فەرمی ناسێنرا.

گۆران وتویه‌تی: (هه‌ردی قوتابخانه‌یه‌كی زۆر نوێ و تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی)دا.

ئایا دەکرێ ئەو بابەت گۆڕین و شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵیدا نکوڵی بکرێ و بە هیچ وەرنەگیرێ؟ هەر چۆنێک بێت ستایل و مۆدێلێکی نوێیه‌، بابەت و کەرەستەی شیعرەکە، خودی _(هۆش و ئاگامەندی) شاعیرەکەیە، واتا ناوەڕۆکی شیعری دەگۆڕێت کە پێشتر “دڵی شاعیر خورپەکانی نیشتیمان بوو، دڵی شاعیر نیشتیمانی دڵدارەکەی بوو، دڵی شاعیر خەڵوەتگەی  سۆفیگەری بوو و هتد …” ، بەمەش لە ستایلی نووسینی سوننەتی دەچێتە دەرەوە، جا خودئاگایانە بێ یان ناگایانە. بەڵام وا پێدەچێت ناگایانە بووبێت، چونکە لە پەراوێزی شیعرەکەیدا وتوویەتی لە چاپی یەکەم بڵاوم نەکردۆتەوە چونکە ((پێم شتێکی ئەتۆ نەبوو)). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ کە بابەتی شیعریم گۆڕیووە. بە دیاریکراوی ئەمە ئەو خاڵە جەوهەرییە گرنگە بوو لە پاڵ بۆچوونەکەی گۆراندا، هانییاندام  توێژینەوە دەست پێ بکەم.

هه‌ردی یه‌كێك‌ له‌و شاعیرانه‌یە كه‌م له‌سه‌ری نووسراوه‌، لە کاتێکدا زۆر هەڵدەگرێ. مێژوونووسی ئەدەبی هەن، هەر پەڕاندوویانە و ناویشیان نەهێناوە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە تەنها دیوانێکی هەیە نزیک بە بیست شیعرە. بەڵام ئەوان نەیانتوانیووە پەی بە نهێنی ئەم کەم نووسینە ببەن، بۆ منێکی خوێنەر ئێستا ڕوونە کە هەردی کێیە، به‌ڵام بۆ مێژوونووسان ئەم هەڵاواردنە، کێماسی و بۆشاییەکی گەورەیە لە بابەتیبووندا. لەبەرامبەردا دیارە (گۆران) پەی بە کۆدە گرنگەکانی بردووە و ستایشی کردووە و وتویه‌تی: (هه‌ردی قوتابخانه‌یه‌كی زۆر نوێ و تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی)دا. بەڵام زیاتری نەوتووە و وردی نەکردۆتەوە کە گرنگییەکەی چییە و نوێییەکەی چۆنە. لە راستیدا من زوو ئەوەم بۆ دەرکەوتبوو، بەڵام هەرکە ئەو بۆچوونەی گۆرانم بینی، پشت قایمتر بووم بڕیارم دا، لێکۆڵنینەوە دەست پێ بکەم، تاکو قسەکەی گۆران وردتر بکەمەوە، بۆ پاڵپشتیکرنی بۆچوونەکانی خۆم.

The post ڕەهەندی بوونخوازی له هۆنراوەی “بێ ئارامی”ی “ئەحمەد هەردی”دا appeared first on ژنەفتن.

حەوت سەرنج لەبارەی نائومێدی
یەكەم: مرۆڤ دەكرێت لە دۆخی بیركردنەوەدا، بگاتە ڕەشبینی و نائومێدییەكی ڕادیكاڵ. ئەگەر ئەو مرۆڤە مایه‌وه، مانای وایە: نائومێدبوون فۆڕمێكی تیۆری وه‌رگرتووه‌. هه‌وڵه‌ بۆ زاڵبوون و تێگه‌یشتن. دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه‌، به‌ مانای جیاواز، مانایه‌ك كه‌ نابێته‌ ئاكت. لەم دۆخەدا كەسی نائومێدهێزی بیركردنه‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌كات، نه‌ك بیركردنه‌وه‌ له‌ هێزێك كه‌ خۆی هه‌یه‌تی ده‌توانێ به‌ كاری بهێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه‌. به‌ مانایه‌كی دیكه، چاره‌سه‌ر جۆرێكه‌ له‌‌ هەڵاتن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوونه‌دات، ڕه‌نگه‌ ئه‌و نائومێدییه‌به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ هێزی ئاماده‌ی خود بگاته‌ بنبه‌ست، ماناكان ببنه‌ ئاكت.

دووەم: تێگەیشتنی تاك بۆ گۆڕانكاری، پێوەندی بە چەمكی ئومێدەوە هەیە. مرۆڤ بوونەوەرێكە ئومێد لە كەوتن و نەهامەتی و ئازارەكانەوە وەردەگرێت، یان وەك ئەوەی وێڵ ڕۆجەرز دەیڵێت: (مرۆڤی ڕەشبین و نائومێد مادام دركی بە نائومێدی كردووە، ئیتر ئەوە خاڵێكی گرنگی گەشبینی و ئومێدە.) نائومێدبوون وەك نەخۆشیی وایە، ده‌رده‌ و تووشی مرۆڤ ده‌بێت. مرۆڤ خۆی دکتۆری خۆیەتی و دەردی خۆی دەدۆزێتەوە. جا كە دەردەكە دۆزرایەوە، ئیشكالی جۆرایەتی چارەسەر دروست دەبێت. ئەگەر دەردەكە بێچارەسەریش بێت، هێشتا ئومێد هەیە بۆ هەوڵدان و دۆزینەوەی چارەسەر.

سێهەم: من وەك تاک، بەرانبەر هێزی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەی كوردییدا، نائومێدییەكی قووڵم هەیە. پێم وایە ئەم چینە لە دەسەڵاتدار و خەڵك، دەبێ‌ تێبپەڕن و چینێكی نوێ‌ جێگەیان بگرێتەوە. جۆرایەتی تێپەڕین و كاتی تێپەڕین، یاری بە ئومێدی منەوە دەكات. من زیاتر هیوام بە گۆڕانكاری خێرا و نزیك هەیە نەك دوور و نادیار، كارێك كە بە خەباتی بیست ساڵ یان نیوسەدە دەكرێت، ڕەنگە بە جووڵەیەكی گۆڕانی هێز، بە یارییەكی دەرەكی، بە كەمتر لە هەفتەیەك زیاتر لە پێشبینی ڕوو بدات. ئەم حاڵەتە بۆ سەدەی بیستویەك خەیاڵ نییە، بینراو و ئەزموون كراوە. خۆ ئەگەر باوەڕ و ئومێدت بە گۆڕانکاری نادیار و دووریش هەبێت، هەر باشترە لەوەی باوەڕت بە هیچ نەمێنێ، سی ساڵ ئومێد باشترە لە نائومێدبوون. ترسناکە باوەڕت وا بێت نە لە دوور و نە لە نزیک هیچ ڕوونادات. بێئومێدی و ژیان بەیەکەوە كۆنابنه‌وه‌، ناتوانن بەردەوام بن.

چوارەم: نائومێدبوون لە گشت و جۆرێك لە گوتار: (من ئەوەندە دەزانم هیچ ڕوونادات و چاوەڕوانی هیچ ڕووداوێکیش مەبن!) ئەم  دیدە ڕەهایه‌ی به‌شێ له‌ ڕۆشنبیران، بۆ ئێستا و داهاتوو ترسناکە و جۆرێكە لە ڕەوایەتی بەوەی كە  ئێستە هەیە. ده‌كرێ بڵێن دۆخی نەزیفبوونی  ئومێدە. واتا، یان بە كۆمەڵ خۆمان بده‌ینه‌ ده‌ست قه‌ده‌رێكی نادیار و هه‌مووان‌ هه‌ڵبێین له واقیع، یان هیچ ئومێدێك بۆ گۆڕانکاری مانەوەمان نییە. هه‌ڵاتن و سه‌رهه‌ڵگرتن بۆ تاكی ئێمه‌ جۆرێكه‌ له‌ ئومێد، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ دیسان به‌ فۆڕمێكی دیكه‌، به‌ر چه‌مكی نائومێدی بكه‌وین. فۆڕمه‌كانی نائومێدی به‌پێی كات و شوێن ده‌گۆڕێن.

یاخیبوون لە نائومێدی، واتا دۆزینەوەی کامەرانی، ئه‌مه‌ ڕێك به‌هابه‌خشین و باوه‌شكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ژیان.

پێنجەم: نائومێدی و کامەرانی دوو دۆخن لەناو مرۆڤدا لە جووڵەدان. ئه‌لبێر کامۆ له‌ یاداشته‌كانیدا نووسیویه‌تی، کامەرانی لە نائومێدییەکی درێژەوە دروست دەبێت. کامۆ لەبەرانبەر نائومێدیدا فێری یاخیبوونمان دەکات. یاخیبوون لە نائومێدی، واتا دۆزینەوەی کامەرانی، ئه‌مه‌ ڕێك به‌هابه‌خشین و باوه‌شكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ژیان. لێره‌ ده‌كرێت جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان ژیان و دنیا، ده‌كرێ مرۆڤ له‌ دنیا یاخی بێت، بێئومێد و نیگه‌ران بێت، به‌ڵام ژیان جیاوازه‌، ناوازه‌ و تایبه‌ته‌، یه‌ك ده‌رفه‌ته‌، شیرینه‌، ده‌كرێ ژیانمان خۆش بووێت و ڕقمان له‌ دنیا بێت. ڕاسته‌ ژیان و دنیا تێكه‌ڵن، به‌ڵام كاتێك كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ژیان بێبه‌ها ببینیت، ئه‌وكات ده‌كرێ جیا بكرێنه‌وه‌ و به‌ یه‌ك نیگا ته‌ماشا نه‌كرێن. جیانه‌كردنه‌وه‌ی ژیان و دنیا له‌ هه‌ندێ دۆخ ترسناكه‌، دروستبوونی ئه‌م ئاگاییه‌ پێویستی به‌ ڕامان و بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

شەشەم: بۆ تاکی باوەڕدار خودا ئومێدە. جار هەیە دەست لە هەموو ئومێد و هیواکان هەڵدەگری کە لە دەستی مرۆڤدان یان مرۆڤ لەپشتیانە، دێیت دوای ئومێدێک دەکەویت کە پێت وایە هێزێکە لەسەروو هەموو هیزەکانەوەیە. خۆ تەسلیمکردن بەم هیزە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، لەدەرەوەی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، هەڵاتنە لەو ئومێدەی لە واقیعدا هەیە و باوەشکردنە بە خەیاڵ و نادیار. لێرە تێدەگەین، (گۆدۆ)ی بێكت خودایە، باوەڕمان بەهەبوونی هەیە و ئومێدمان بە هاتنی هەیە. دەشزانین نایەت، بەڵام هەر چاوەڕیین و بێئومێد نین. هەر بەو ئومیدەوە درێژە بە ژیان دەدەین. ئەمە فراوانترین مامەڵەی مرۆڤایەتییە بەرانبەر چەمکی ئومێد. بۆ خەڵکانێکی زۆر، تەسلیمبوون بەم هێزە باڵایە، نەخۆشی و ده‌ردی نائومێدی بنبڕ کردوون.

حەوتەم: چ کاتێک ئومێد هیچ مانایەکی نامێنێ؟ ئەو کاتەی باوەڕ و بیرکردنەوە لە ئێستا و داهاتوو تەفروتونا دەبن، هەموو بیرکردنەوەی تاک دەبێتە، یەک باوەڕ و هەبوون هیچ بەهایەکی نامێنێت. ئەمە دۆخێکە لەسەرووی پێشبینییەوە. ڕەنگە کەسێک هەبێت شەست ساڵی تەمەنی پڕبووبێت لە هیوا و ئومێد، کەچی بە ماوەیەکی خێرا و کەم، هەموو شتێکی لا پووچ و بێمانا دەبێت. ئەوانەی خۆیان دەکوژن، وانەبێ چەندان ساڵ بەو خەیاڵەوە ژیابن و هیچ هیوا و ئومێدێکیان نەبووبێت، نا ئەوە ساتێکی زۆر خێرایە، بینینی بایه‌خی ژیانه‌ به‌ هه‌مان نیگای دنیا، دۆڵوز حەفتا ساڵ ژیا، ئینجا بەیانییەک لە پەنجەرەی ئەپارتمانەکەی خۆی فڕێدایە خوارەوە. لە ڕێگەی نووسین و چالاکییەكانییەوە، ئاسان تێدەگەین دۆڵوز بەهیوا و ئومێدەوە ژیاوە، تا ئەو ساتەی هەموو شتێ بەتاڵ بووەتەوە لە ئومێد و ژیان و دنیا بوونه‌ته‌ یه‌ك فۆڕم و هیچ به‌هایه‌كیان نه‌ماوه‌.

The post حەوت سەرنج لەبارەی نائومێدی appeared first on ژنەفتن.

ئەلبێر کامۆ و کۆمۆنیزم
بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی (ئەلبێر کامۆ)، ئەوە بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت ئەو فەیلەسوفی سەردەمەکەی خۆیەتی. واتە پرسە سەرەکییەکانی ئەو ڕەوش و بارودۆخەی تێدا ژیاوە، بۆتە هەوێنی تێڕامانە فەلسەفییەکانی و لە دەقی ئەدەبی شایستە دایڕشتوون.

ڕەنگە هەتا ئێستاش بۆ توێژەرانی کامۆ، هۆکاری ئەندامێتی کامۆ لە حزبی کۆمۆنیست و دواتر جیابوونەوە لێیان جێی پرسیار بێت. لە ڕاستیدا ئەم وتارەی لەبەر دەستی ئێوەی خوێنەری بەرێزدایە گرنگی دانە بەم پرسە و هەوڵدانێکی (دکتۆر ڕامین جەهانبەگلوو)ە لەمەر شرۆڤە و شیکاری ئەم پرسە.

ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرە سیمینارەکانی جەهانبەگلوو لە بەرنامەی ئاگۆرا، کە بە شیوەی تۆمارکراو بوونی ھەیە. ئەم بەشە لە سیمینارە لەژێر ناونیشانی (کامۆ و کۆمۆنیزم) بەڕێوە چووە، کە بە مۆڵەت و ئاگاداری بەڕێزیان بە شێوەی نووسین داڕێژراوە و وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەم بابەتە نەک هەر بۆ تێگەیشتن لە کامۆ گرنگە، بەڵکۆ بۆ چۆنێتی تێڕوانینی، ڕەخنە و پێشنیار و تێڕامانە فەلسەفییەکانی کامۆ، لە مەر ئەو ڕەوشەی تێیدا ژیاوەش جێی بایەخە. لە هەمانکاتدا دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ دروست تێگەیشتن لە پەیامە فەلسەفییەکانی.

وەرگێرەکان

تێڕامان دەربارەی هونەر و هونەرمەند و نووسەر بێگومان یەکێکە لەو گۆشەنیگایانەی، بۆ خودی کامۆ و تێگەیشتن لە کامۆ زۆر گرنگە. ھونەری نووسین بۆ کامۆ، تەنھا بابەتی بەهرەمەندی جوانیناسیانە (ئیستاتیکی) نییە، بەڵکو لە پێش هەموو شتێکەوە ئامانجی نووسین، جۆرێکە لە بەرگری ئاکاری و سیاسی لە بەرامبەر دەسەڵات، درۆ و ئایدیۆلۆژیا. ئەمە ئەو سێ لایەنەن کامۆ جەختیان لێ دەکاتەوە، واتە دەنووسم بۆ ئەوەی بتوانم خەبات بکەم لە بەرامبەر درۆ و ھەموو جۆرە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان.

لە گوتارەکەی سویدی، کە لە ساڵی (١٩٥٧) نووسراوە وتەیەکی زۆر سەنجڕاکێش بەرچاو دەکەوێت، ئەو دەڵێت: شکۆی پیشەی ئێمە، (ئەو نووسین بە پیشە لە قەڵەم دەدات) ڕەگی لە دوو جۆر پەیمان داکوتاوە:

یەکەم: دوورکەوتنەوە لە درۆ.

دووەم: بەرگریکردن لە بەرامبەر سەرکوت و بێدەنگ کردن.

لە ڕوانگەی کامۆ هەموو نووسەرێک پێویستە ئەم دوو کارە بکات. لە ڕاستیدا ئەو قسەیەی کامۆ دەیکات، بۆ ھەمووان گرنگ و بە بەهایە و بە تایبەتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگترە.

کامۆ بە جۆرێکی دیکە پێناسەی سیاسەت دەکات و لە ئاست تێگەیشتنی خۆی دەربارەی سیاسەت دەڵێت: ئیدراکی ھەستی گشتییە لەمەڕ کەرامەتی مرۆیی. لە دید و گۆشەنیگای کامۆ سیاسەت بریتییە لە دوو شت: (ئەم لایەنە زۆر سەرجی ڕاکێشام کاتێک کامۆم دەخوێندەوە و هاوڕابووم لەگەڵی و خۆم تێدا دەدیتەوە) یەکێکیان هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە. وەک خۆی دەڵێت، سیاسەت وەک بەڕێوەبردنی خێزان و ماڵ وایە، واتا لە ڕاستیدا بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنە. دووەمیش بابەتی هەستی گشتی سەبارەت بە کەرامەتی مرۆییە. ئەمە لە ڕوانگەی کامۆوە زۆر گرنگە. واتا لە ڕاستیدا سیاسەت لە بەرەی بەرامبەر ئایدیۆلۆژیا دادەنێت؛ چونکە لەو باوەڕەدایە لەوێدا، کە ئایدیۆلۆژیا کەرامەتی مرۆیی دەخاتە ژێر پێ، سیاست لە بەرامبەردا پێویستە ھەستی گشتی و تێگەیشتنی گشتی لە کەرامەتی مرۆیی ببووژێنێتەوە و بانگەشەی بۆ بکات.

جا هەموو ئەو کەسانەی بە تەواوەتی ئاشنایی بیروبۆچوونەکانی کامۆن و بە باشی خوێندوویانەتەوە، دەزانن کامۆ باوەڕی بە ھیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی نەبووە و گێرۆدە نەبووە پێوەی. لە ڕاستیدا باسی سەرەکیمان لێرەدا دەربارەی ئەم لایەنەیە و گومانی تێدا نییە، کاتێک لەم لایەنە تێدەگەن، کە بە شێوەیەکی ڕاست لەو تێگەیشتبن. بۆ ئەوانەی زمانی فەرەنسی نازانن کۆی نووسینەکانی کامۆ وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی وەک هەموو نامە و وتارەکانی، بەڵام هەر چۆنێک بێت بۆ ئەوانەی ئینگلیزی دەزانن بەشێکی زۆری ئەوەی باسی لێوە دەکەین بە زمانی ئینگلیزی دەتوانن وەدەستی بخەن.  بۆ نموونە یەکێک لەو بەرهەمانەی کە لێرەدا قسەمان لەسەر نەکردووە یاداشتەکانی کامۆیە، کە زۆر گرنگن. ئەو خۆی لە بەرگی دووەمی یاداشتەکاندا لە لاپەڕە (٢٧٣) دەڵێت: “من بە پێچەوانەی خواستی خۆم پەلکێشی نێو سیاسەت بووم.” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: “بە هیچ شێوەیەک قەڵەمم لە خزمەتی ھیچ دەوڵەت یان حیزبێکدا نەبووە”. بەم شێوەیە، کەواتە ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی چ جورە مرۆڤێک بووینەتەوە، لە ڕاستیدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ ڕۆشنبیرێکی سیاسی، کە بێزارە لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا.

لەگەڵ نووسەر یان ھونەرمەندێکی بەرپرسیار ڕووبەڕووین، کە خۆی دەخاتە بارودۆخی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕای خۆی دەربارەیان دەردەبرێ و دادوەریان لەبارەوە دەکات. بۆ نموونە شەڕی جەزائیر، ئەو پرسانەی لەنێو فەڕەنسا هاتبوونە ئاراوە، جەنگی جیھانی دووەم، بەرەنگاری لە دژی نازیزم، جەنگی ئیسپانیا و هەژاری و هەتا دوایی.

کامۆ بەردەوام دەربارەی هەموو ئەم بابەتانە نووسیوێتی، بەڵام ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، کە وەک خۆی دەڵێت: “قەڵەمی من لە  خزمەتی ھیچ حیزب و سیاسەتێک نییە”. بۆچی ئەمەی بەلاوە زۆر گرنکە، لەبەر ئەوەی وەک کامۆ خۆی ئاماژەی پێدەدات دەستەواژەی (سیاسەتی شکۆ و شەرەف) بەکار دەهێنێت. ئەو دەڵێت “من لایەنگری سیاسەتی شکۆ و شەرەفم نەک سیاسەتی حیزب و ئایدیۆلۆژیا”. کەواتە ئەو بە شێوەیەکی تەواو تاکەکەسیانە لە بەرانبەر فەزایەکی ئایدۆلۆژیدایە.

هەر دەربارەی سیاسەت لە ساڵی (١٩٤٤) وتارێک دەنووسێت و لە ڕۆژنامە (کۆبەک) (زۆربەی نووسینەکانی لەوێدا بڵاو کردۆتەوە، لە ساڵانی جەنگی دژ بە نازییەکان و بەرگری فەرەنسا) لەوێدا دەڵێت: (سیاسەت گوتاری مرۆڤێکە بۆ مرۆڤەکانی تر). زۆرێکتان، کە تێگەیەکی سیاسییان هەبووە یان کەسێکی سیاسی بوونە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە تێگەیشتنەتان لەمەڕ سیاسەت نەبووە. بۆ نموونە کەسێک پرسیارتان لێ بکات سیاسەت چییە و ئێوە لە وەڵامدا بڵێن سیاسەت گوتاری کەسێکە بۆ کەسەکانی تر. بەڵام کامۆ تێگەیشتن و تێگەیەکی جیاوازی هەیە دەربارەی سیاسەت و لە ڕاستیدا ئەو بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسەت بە هونەر و فەلسەفە دەزانێت. واتا جۆرێک لە قسەکردن و دایەلۆگی نێوان کەسەکانە. سەرنجڕاکێشی کامۆ لەوەدایە، کاتێک بەرهەمەکانی دەخوێنیتەوە بابەتەکان لەنێو یەکدی بەدیار دەکەون و تەواوکاری یەکدین و دەبنە بنەما و هەنگاوێک بۆ تێگەیشتن لە کۆی فەلسەفەکەی کامۆ.

کامۆ پێی وایە ئێمە لە چاخێکدا دەژین، کە دووچاری بێهوودەیی و پووچی بووە، لە هەمان کاتدا پرە لە ترس و تۆقین، سەدەی کوشتن و بڕینە و چاخی تۆتالیتاریزمە. کامۆ لە سەدەی بیستەم ژیاوە و نووسیویەتی، ستالینیزم، فاشیزمی دیوە و خۆی لە بەرامبەر ئەم بابەتانە دیوەتەوە. کاتێک دەربارەی سیاسەت دەدوێت لە پشت بیرکردنەوەکانییەوە، دوو سیستەمی تۆتالیتاریزمە بەھێزەکەی سەدەی بیستەم واتە (ستالینیزم و فاشیزم یان نازیزم) بوونی ھەیە. چەواشەکاری و بە تەفرەبردنی خەڵکی بوونی ھەیە. واتە کامۆ بە تەواوەتی لە سیاسەتی بە تەفرەبردنی خەڵکی بە دوورە و ڕەخنەی لێدەگرێ. ئایدیای سەرەکی کامۆ بابەتی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤە. سیاسەت (مەبەستی لەو فۆرمە سیاسیانەیە، کە کامۆ ڕەخنەی لێدەگرێت. وەرگێر) زەمینەیەکی مرۆڤکوژە. هەر وەک ئێستا دەیبینی وەهاشە. کامۆ لە بەرەی بەرامبەریدا دیالۆگ و گفتوگۆ دادەنێت. لە وتاری “نە قوربانیان، نە بکوژەکان” کامۆ دەربارەی (شارستانیەتی گفتوگۆ) دەدوێت. شارستانی گفتوگۆ بۆ ئەو، واتە شارستانیەتی دیموکراسی؛ چونکە پێی وایە پێکھاتەی دیموکراسی پێکهاتەیەکی گفتۆگۆیانەیە (دیالۆگییە) و جۆرێکە لە ڕاھێنانی کۆمەڵایەتیی سیاسییە، کە تێیدا دەتوانرێت گفتوگۆ بکرێت. بەڵام لە ھەمان کاتدا چەمکێکی نوێ دێنێتە گۆڕێ، کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش بابەتی سینگفراوانییە، خاکەڕایی(تواضع).

کامۆ دەڵێت: (دیموکراتی سیستەمێکی سینگفراوانە)، ڕژێمێکی هەڵەشە و شەڕانگێز نییە، هەروەها سیستەمێکی لە خۆبایی و خۆبەگەورەزان و تێکدەر نییە. لە دیدی ئەوەوە ئەم سینگفراوانییە خەسڵەتێکە پێویستە لەنێو ھونەرمەند و نووسەریشدا هەبێت و هاوکاتە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسیانە. لە گۆشەنیگای کامۆ بەرپرسیارێتی تاکەکەسیانە باشترین ڕێگایە بۆ داکۆکیکردن لە دادپەروەری لە زەمینەی نێودەوڵەتی.

ئەلبێر کامۆ لە ساڵی (١٩٤٧) وتارێکی بە ناوی (دیموکراسی و سینگفراوانی) نووسیوە و تێیدا باس لەوە دەکات: “تەنانەت گەرچی شتێک بە ناوی ڕژێمی سیاسی باش بوونی نییە، بەڵام بێگومان دیموکراسی ڕژێمێکی سیاسییە، کە لە ھەموو ڕژێمەکانی تر کەمتر خراپە”.

هەرچەندە ئەمە لە قسەی چەرچڵەوە نزیکە؛ بەڵام هەر چۆنێک بێت کامۆ ئەم گووتەی نووسیوە.

هەڵبەتە دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت، کامۆ نووسەرێکی ئاڵۆزە. چونکە ڕەنگە بتوانرێت بگووترێت گەر کامۆ لایەنگری دیموکراسی بێت، کەواتە ڕەنگە لایەنگری (جەنەڕاڵ دۆگۆل Charles de Gaulle) بیت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە. کامۆ ناتەبایە لەگەڵ ڕەوتی چەپەکان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەو سەر بە ڕەوتی ڕاستڕەو بێت و داکۆکیان لێبکات. هەروەک چۆن ناتەبا و ناکۆکە لەگەڵ ڕەوتی چەپڕەو بە ھەمان شێوە لەگەڵ ڕاستەکانیش ناتەبا و ناکۆکە. هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لەو ڕەوش و بارودۆخەی ژیاوە خۆشەویست نەبێت.

کامۆ دەڵێت: “دیموکراسی لەبەر ئەوەی سنووری نییە ھەمیشە لە ھەموو لایەکەوە لە مەترسیدایە. لەبەرچی؟ چونکە لە بەرامبەر دیموکراسیدا (دەسەڵاتی دڕندەکان) یان دەسەڵاتی مرۆڤە وەحشییەکان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان دیموکراسی خاپوور بکەن و لە ناوی ببەن. لە ڕاستیدا مەبەستی کامۆ لە دەسەڵاتی دڕەندەکان ئاماژەیە بە سەرجەم ئایدۆلۆژیاکانی سەدەی بیست، کە دەیانەوێت دیموکراسی ئەوروپا لە ناو ببەن وەک فاشیزمی مۆسۆلۆنی، نازیزمی هیتلەری و ستالینیزمی یەکێتی سۆڤیەت. کامۆ پێی وایە پێویستە لە بەرامبەر ئەمانەدا بەرگری لە دیموکراسی بکەین. لێرەدا دووبارە بابەتی توندوتیژی و کوشتار دێنێتەوە گۆڕێ.

ئەو ئاماژە بەوە دەدات تەنانەت گەر ئێمە نەتوانین بە یەکجارەکی کوشتن و بڕین بنەبڕ بکەین، بەڵام کوشتار هەرگیز ڕەوایەتی نییە. بەم شێوەیە ئێمە ناتوانین باس لە ڕەوایەتی کوشتن بکەین؛ تەنانەت گەر نەشتوانین کوشتن لە شارستانی مرۆڤایەتی بنەبڕ بکەین.

لێرەدا دوو پرسی سەرەکی بۆ کامۆ دێتە ئاراوە:

یەکەم: بوونی ناچاریانەی توندوتیژی لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەو پێی وایە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی توندوتیژی بە ناچاریانە بوونی هەبووە. بەڵام هاوکات دەڵێت بە هیچ جۆرێك پاساو نادرێتەوە و شایانی پەسندکردن نییە؛ جا لەژێر دروشمی هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت. لە ڕاستیدا کامۆ ئەمە لە دژی کۆمۆنیستەکان دەڵیت. کەواتە ناتوانێت بە بانگەشەی لە پێناو شۆڕش، پاساو بۆ توندوتیژی بهێنرێتەوە. توندوتیژی لەژێر هەر دروشمێک بێت شۆڕش بێت یان نە، هەر توندوتیژییە و ڕەوایەتی پێ نابەخشرێ و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەل توندوتیژییەکانی تر، وەک ئەوەی فاشیستەکان دەیانکرد.

دووەم: خاڵێکی دیکە، کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت، کامۆ لە سیمینارێک لە تەلاری (باگرامی پاریس) ئاماژە بەوە دەدات، لە کۆمەڵگای تۆتالیتار هەرگیز گۆڕانکارییەک ڕوو نادات؛ گەر  گۆڕانکارییەکیش ببێت تەنها ئاراستەی ھەنگاونانە بەرەو هاتنە ئارای دڕندەیی و ترسی زیاتر، واتە لە کۆمەڵگای تۆتالیتاریزم هەمیشە لە خراپەوە بۆ خراپ تر دەڕۆین. بەم شێوەیە کامۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات ناتوانین لەو باوەڕەدا بین لە کۆمەڵگایەکی تۆتالیتاری وەک یەکێتی سۆڤیەت،  ھیچ کات گۆڕانکارییەک ڕوو بدات لەم سیستەمەدا بەرەو ئاراستەی شتێکی  باشتر، چونکە ئەم ترس و تۆقینە دەرفەتی ئەوە نادات.

ئەلبێر کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠) نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی

لایەنێکی زۆر گرنگ، کە کامۆدا باسی لێوە دەکات، پەیوەستە بە کایەی فەلسەفەی سیاسی و ناڕەوایەتی توندوتیژییەوە، بریتییە لە پەیوەندی نێوان ئامانج و ئامراز. (گاندی و لۆتەرکینگ ھتد…) بە گشتی هەموو ئەو بیرمەندانەی لەم کایە و پاوانانە لێکۆڵینەوەیان کردووە جەختیان لەم لایەنە کردۆتەوە؛ کامۆش لەمە بەدەر نەبووە. ئەو لەو باوەڕەدا بوو ترس و تۆقین کاتێک خۆی بە ڕەوا دەزانێت کە ئامانج، ئامڕاز ڕەوا بکات. لە ڕاستیدا لێرە ڕووی گوفتاری ڕووەو (لینینیزم و مارکسیزمی لینینیزمییە). لە کتێبی مرۆڤی یاخیدا ناوی (لینین) دەھێنێت. کامۆ بە تەواوەتی دژی ئەو جۆرە بیرکرنەوە فەلسەفیانەیە، کە تێیدا ئامانج، ئامراز ڕەوا دەکات. هەروەها دژی هەموو ئەو جۆرە گۆشەنیگا فەلسەفیانەیە، کە بەڵێنی (یۆتۆپیایەک) بەھەشتێکی ونبوو یان بەھەشتێکی نوێ دەدەن. بەم شێوەیە کامۆ ناکۆکە لەگەڵ ئەوانەی بەختەوەری مرۆڤەکان لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا یان لە مرۆڤی باڵای نازیزم دەبینن.

کامۆ باس لەوە دەکات، چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە لە سیاسەتێکی میانەڕەوەوە، کە پێویستە دانوستانکار بێت، لەپڕا ڕوو دەکەینە زەمینەیەکی نێودەوڵەتی، کە تۆتالیتاری تێدا بوونی هەیە و ناخۆویستانە دەکەوینە بەرامبەر دەمارگیری ئایدۆلۆژیاوە؟ وەڵامی کامۆ لێرەدا ئەوەیە هۆکاری ئەوەی ڕووبەڕووی دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی دەبینەوە ئەوەیە، چونکە بەرپرسیارێتی ئاکاری لە ناو دەچێت. بەم شێوەیە دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی ھیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریانەیان نییە، واتە بە بانگەشەی ئەوەی من بڕوام بەمەیە و تۆ لە ناو دەبەم، گەر تۆش بڕوات بەوە نییە، پەیوەندی بە منەوە نییە، دەبێت وەک منت لێ بێت. بۆ کامۆ پرسێک زۆر جێی بایەخە ئەگەر دیموکراسی لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستانە، کەواتە پێویستە دەوڵەت بەرپرسیارێتی ئاکاری ھەبێت و وەڵامدەرەوە و بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە ھاوڵاتیان. لە کاتێکدا لە تۆتالیتاری و سیستەمی ئایدیۆلۆژییەکان هەرگیز وەها نییە و بە پێویستی نازانن بەرپرسیار بن و وەڵامدەرەوە بن. لە ڕاستیدا لەم جۆرە سیستەمانەدا ھاوڵاتیان بە مرۆڤ هەژمار ناکرێن و بە سووکی و بچوکی تێێ دەڕوانن.

“من فێربووم، ھیچ حەقیقەتێک لەسەرووی ژیانی مرۆڤێکەوە دانەنێم”.

پرسیارێک، کە لێرەدا دەتوانین بخەینەڕوو ئەوەیە، ئەو دەمارگیری و ئایدیۆلۆژیەی کامۆ باسی لێوە دەکات لە چ کاتێک بە دیار دەکەوێت؟ کامۆ وەڵامێکی سەرنجڕاکێش دەداتەوە و دەڵێت: “کاتێک لەسەرووی ژیانی مرۆیی حەقیقەتێک دابنرێت”. لە بری ئەوەی لەسەر تاکە کەسەکان قسە بکریت، باس لە حەقیقەتگەلێک بکرێت، کە مرۆڤ نییە و شێوەی نییە، لە بنەڕەتدا کەسیش نازانێ ئەمە چییە و لە هەمان کاتدا حەقیقەتێکی ڕەهایە و ھیچ کەسێکیش دەستی پێناگات. کامۆ لێرەدایە، کە ھەڵوێستی خۆی وەردەگرێت و دەڵێت: “من دوو ساڵێک دەبێت فێربوومە، ھیچ حەقیقەتێک لەسەرووی ژیانی مرۆڤێکەوە دانەنێم”. ئەمە لەو کاتەدایە، واتە لەو قۆناغەیە لە ژیانی کامۆ، کە بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ دەبوو وازی لە ئەندامێتی کۆمۆنیستەکان هێنابوو.

بەرهەمەکانی کامۆ تەواوکاری یەکدین، ئەو لە پاڵ قسەکانی پێشووی، بە هەمان شێوە لە شانۆنامەی (Etat de Siège) گووتەیەکی ھەیە کە زۆر لەمە دەچێت و دەڵێت: “ھیچ کەسێک ئەوەندە زاڵ نییە بەسەر خۆیدا (تقوا)، بشێت دەسەڵاتی ڕەهای پێ بدرێت).

ھەر بەو جۆرەی دەزانن لەو ساتەوەختەدا دەسەڵاتی سەربازی لە ئیسپانیا دەست بەکار بووە، هاوکات کامۆ لە ڕووی ڕیشەییەوە زۆر لە ئیسپانیا نزیک بووە، پرسە سەرەکییەکەشی دژایەتی کردنی دەسەڵاتی (فرانکۆ) و پشتیوانی کۆماریخوازان بوو. ئەم ڕەهەندەش پرسی سیاسەت و حەقیقەت دەوروژێنێت، کە نابێت دەسەڵاتی ڕەها بدرێت بە هیچ کەسێک، چونکە ئەگەر دەسەڵاتی بێ سنووری پێ بدرێت، بەرپرسیارێتی ئاکاری و سیاسی نامێنێت.

پێویستە ئاماژە بەم لایەنەش بدرێت بەر لەوەی وردتر باسی کۆمۆنیزم و مارکسیزم بکەم لە ڕوانگەی کامۆ، ئەو گۆشەنیگا و ئاسۆیەکی دیکە بۆ خوێنەرانی دەخاتەڕوو، کە زۆر نزیکە لە بیروبۆچوونەکانی (کارل پۆپەر) لە (کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی)، بەبێ ئەوەی پۆپەری خوێندبێتەوە، ئەم لایەنەش پرسی فەلسەفەی مێژوو یان مێژووباوەڕییە (historicism ).

کامۆ یەکێکە لە ڕەخنەگرانی مێژووباوەڕی، ئەو لەو باوەڕەدایە ناکرێت چەند یاسایەکی مێژوویی ناچارەکیانە هەبێت و بگووترێت لەسەر بنەمای ئەم یاسایانە، ڕەوەندی پەرەسەندنی مرۆیی لە کۆیلایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ دەرەبەگایەتی (فیودالیزم) و دواتر بۆ سەرمایەداری و لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆسیالیزم. کامۆ پێی وایە ئەمە بێ واتا و بەهایە؛ بەڵام ئەو ڕەهەندەی بۆ ئەو گرنگترە دەرەنجامی مێژووگەراییە، کاتێک خۆی وەک هاوکێشەیەک دەخاتەڕوو، لێرەدا دووبارە دەکەوێتە سەرووی مرۆڤەکانەوە، بەم شێوەیە خۆی دەسەپێنێت و بەهۆی ناچارەکی مێژووییەوە چارەنووسی ژیانی مرۆیی دەستنیشان و لە قاڵب دەدات. لە ڕاستیدا ئەمەش شایانی پەسندکردن نییە.

لێرەدایە ئاراستەی ڕەخنەی کامۆ لە ڕژێمی سۆڤییەتییەوە بەرەو ڕەخنە لە مارکسیزم دەڕوات وەک زۆر کەسیتر بۆ نموونە (ئۆکتاڤیۆ پەز=Octavio Paz Lozano) و سوریالیستەکان، کە لە ڕەخنەگرتن لە سۆڤیەت دەستیان پێکرد و پاشان بەرەو ڕەخنەگرتن لە مارکسیزم و خودی مارکس هەنگاویان ناوە. کامۆش هەمان ڕەوەند و ئاراستەی گرتۆتەبەر.

لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر پەیوەندی کامۆ و کۆمۆنیزم، کە پەیوەندییەکی زۆر گرنگە و زۆری دەربارە نووسراوە. بەپێی ئەوەی لە پێشترەوە گووتمان لەسەر زاری کامۆ، لەسەر بنەمای ئەو ھەستەی کامۆ هەر لە سەرەتاوە لە بەرامبەر بەدبەختی مرۆڤەکان هەیەتی، چونکە ئەو لە چینی کرێکار و ھەژارە دێت و زۆر ھەوڵیداوە تاکو ببێت بە کامۆ، تەواوی قۆناغەکانی زۆر بە ئەستەم بڕیوە، لەگەل ئەوەی نەخۆشی سیلی هەبووە؛ بەڵام بەهەر حال ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە دوو خاڵی تری لەخۆ گرتووە و ئەو بنەمایانەن کامۆیان کردۆتە کامۆ و پێیانگەیاندوە.

کامۆ لە ساڵی (١٩٣٥) پەیوەندی دەکات بە حیزبی کۆمۆنیست و لە ساڵی (١٩٣٧) وازیان لێ دێنێت. لەبەرچی دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست، چونکە کاتێک دەڕواتە ئامادەیی و دواتریش زانکۆ، بە درێژایی ئەو کاتەی خوێندوویەتی کاری کردووە بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندنەکەی. بەهۆی زیرەکییەوە بۆرسەی خوێندنی پێدەدەن. بنەماڵەکەی ناتوانن تێچووی خوێندنەکەی بۆ دابین بکەن و باوکی کامۆ لە جەنگی جیھانی یەکەم کوژراوە. (کامۆ لە ھەرزەکاریدا یاریزانێکی زۆرباشی تۆپی پێ بووە، تەنانەت لە تیپێکی جەزائیری یاری کردووە و هاوکات مەلەوانێکی زۆرباش بووە؛ بەڵام کاتێک نەخۆشی سیل دەگرێت دکتۆر پێی دەڵێت مەترسی مردنت لەسەرە نابێت ئەم دوو یارییە بە شێوەی پیشەیی ئەنجام بدەی، لەبەر ئەمەش وازیان لێ دەھێنێت).

ئەلبێر کامۆ لە تیپی تۆپی پێی RUA سێیەم کەس لە چەپەوە، دانیشتووەکان.

کامۆ کاتێک دەڕواتە قۆناغی ئامادەیی ئاشنای مامۆستای فەلسەفە (ژان گرۆنییە) دەبێت. کاریگەری زۆر ڕیشەیی هەبووە لەسەر کامۆ و لە هەموو یادەوەرییەکانیدا باسی لێوە دەکات. (ئەم مامۆستایە دواتر دەبێت بە مامۆستا لە زانکۆی سۆربۆن). گرۆنییە، کامۆی ئاشنا کرد بە ئەدەبیات و فەلسەفە و خودی کامۆش خوێندکارێکی زۆر بە توانا بووە، ئەم مامۆستایە پشتگیری دەکات و یارمەتی دەدات بۆ وەرگیرانی لە زانکۆ و دواتر خودی ژان گرۆنییەش دەچێتە زانکۆی سۆربۆن و لەوێشدا دووبارە دەبێتەوە مامۆستای.

لێرەوە پەیوەندی بە چەپەوە واتادار دەبێت، گرۆنییە خۆی دەچێتە ناو حیزبی کومۆنیست و بە کامۆش دەڵێت تۆش وەرە و بەشدار بە، بەڵام کاتێک کامۆ دەبێت بە ئەندام لە حیزبی کۆمۆنیست، ژان گرۆنییە واز دەهێنێت و دەکشیتەوە لە کۆمۆنیست. دواتر کامۆ نامەی بۆ دەنووسێ و دڵگران دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا لەسەر داوای مامۆستاکەی بۆتە کۆمۆنیست. لەنێوان ئەم قوتابی و مامۆستایە نامەگەلێک ئالوگۆر بوونە و ماونەتەوە و دەتوانن بیخوێننەوە.

ئەلبێر کامۆ و ژان گرۆنییە

پاش وازهێنانی لە کۆمۆنیست لە ساڵی (١٩٣٧) پاش ساڵێک واتە (١٩٣٨) لە نامەیەک بۆ مامۆستاکەی دەڵێت: “تاکە بیانووی من لە پەیوەست بوونم بە حیزبی کۆمۆنیست ئەگەر بیانووم ھەبێت ئەوەیە، ناتوانم خۆم لەوانە جیابکەمەوە، کە لە ناویاندا لە دایک بووم (چینی کرێکار و ھەژار)؛ بەڵام کۆمۆنیست بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئامانجی ئەوانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە”. بۆ یەکەمجار نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دواتر بەردەوامیش دەبێت. کامۆ بە بەردەوامی باسی ئەوە دەکات، کە بەشدار بوونی لە حیزبی کۆمۆنیستی بە هەڵکەوت بووە و پەشیمانی و ڕەخنەکانی تا کۆتایی ژیانی بەرچاو دەکەوێت. لە بەرامبەردا کۆمۆنیستەکانیش زۆر بە توندی ململانێی دەکەن و ڕێگری لە چالاکییەکانی دەکەن.

کامۆ، مارکسیزم بە یەکێک لە خوداسالارە تۆتالیتاریزمەکان دەزانێت، واتە مارکسیزم وەک ئایینێکی نوێ دەبینێ.

کامۆ لە کتێبی مرۆڤی یاخی بەشی یاخیبوونی مێژوویی، گەنگەشەی مارکس و مارکسیزم دەکات. من لێرەدا باس ڕەهەند و گۆشەنیگا جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کامۆ دەکەم، وەک گووتمان یەکێکیان میژووباوەڕییە، یەکێکی تریان پرسی حەقیقەتە و ئەویتریان تێڕوانینی جیاوازی بۆ سیاسەتە. لێرەدا ئەوەی بۆ ئەو زۆر جێی بایەخە پرسی (خوداسالاری تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەمە). کامۆ، مارکسیزم بە یەکێک لە خوداسالارە تۆتالیتاریزمەکان دەزانێت، واتە مارکسیزم وەک ئایینێکی نوێ دەبینێ. لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکی ئەو بریتی بوو لەوەی مارکسیزم ئایینێکی نوێیە و ئاراستەی بەرەو مەسیحیەتی نوێیە، هەروەها فەلسەفەی مێژووەکەشی ھەر ئەوەیە، تاکە جیاوازی ئەوەیە لە بری بە پیرۆزکردنی خودا، مێژوو بە پیرۆز دەزانێت.

لێرەدایە لەگەڵ کارل پۆپەر زۆر لێک دەچن. لە ھەمان بەشی یاخیبوونی مێژوویی، (لینین) بەوە تاوانبار دەکات، کە ھەنگاوێکی گرنگی بە ئاڕاستەی ئیمپراتۆریەتی سەربازی ناوە.

دواتر لە نووسینەکانیدا باس لە دوو ئیمپریالیزم دەکات و ئەم دوو وشەیە بەکار دەھێنێت، ئیمپریالیزمی سۆڤیەتی و ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی. ئەو لەگەڵ ھەردووکیان ناکۆک و ناتەبایە، واتە هەم لەگەل سیستەمی داگیرکاری فەرەنسی و داگیرکارییەکانی دیکە ناتەبایە، هەم لەگەڵ سیستەمی سۆڤییەت و ڕێچکەگرانی؛ چونکە ئەو لەو باوەڕەدایە کۆمۆنیزم نەک هەر نادادپەروەری لە ناو نەبردووە، بەڵکو پەرەشی بە نادادپەروەری داوە. ئەمەش پرسێکی زۆر گرنگە لە دیدی ئەوەوە.

کامۆ خۆی دەخاتە بارودۆخ و پێگەیەکەوە، وەک چۆن لە خوارەوەی کۆمەڵگاوە ھاتووە و خۆی بە نوێنەری بەدبەخت و لێقەوماوانی کۆمەڵگا دەزانێت و دەڵێت، ئێوە لەبەر چی تەنها بۆ بەدبەختی مرۆڤەکان قسە دەکەن. ئەو چەمکەی بۆ ئەم بێ هەڵویستە قسەکەرانە دادەنێت بریتییە لە (on chair philosopher) فەیلەسوفانی سەر کورسی یان فەیلەسوفانی تەماشاکەر. ئێوە تەنها لە ماڵەوە دانیشتوون و قسە دەکەن، مرۆڤەکان بەدبەختن وا دەمرن، بەڵام ئێوە بە ناونیشانی ڕۆشنبیرانی چەپ، تەنھا قسە دەکەن. دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کامۆ ئەمانە زۆر بە توڕەییەوە دەڵێت، ئەم توڕەییە لە نووسینەکانیدا هەست پێدەکرێت. تەنانەت مامۆستاکانی من (جەهانبەگلوو)، کە ھاوسەردەمی کامۆ بوون ئەم تورەییەیان تێدا دەبینرا، چونکە ئەوانیش لە قۆناغێکی ژیانیاندا چەپ بوون و دواتر جیابوونەتەوە، دواتریش ڕەخنەی توندیان لە مارکسیزم دەگرت. لەم نێوەندەدا شتێک سەرنجی ڕاکیشام، کامۆش هاوشێوەی مامۆستاکانم لایەنگری بزوتنەوەکان بوو، وەک بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی (ھەنگاریا) لە ساڵی (١٩٥٦) کە یەکەم شۆڕشی دژ بە کۆمۆنیزمی و (ستالینی) بوو. کامۆ وتارێکی لەم بارەیەوە نووسیوە و بەرگری لەم بزوتنەوەیە دەکات. زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەوروپا (کەمتر ئەمریکا) دوورکەوتنەوەیان لە کۆمۆنیزم لەوێوە دەستی پێکرد، واتە پێش ڕووداوی پراگی (١٩٦٨) لە چیک. کامۆ لە ساڵی (١٩٦٠) لە ڕووداوێکدا پێش بەھاری پراگ دەمرێت. ڕەنگە کۆمەڵە کەسێک بڵێن کامۆ بۆ تەنها دژایەتی کۆمۆنیستەکان دەکات و لە ئاست ئیمریالیزمی ڕۆژئاوایی خۆی بێدەنگ کردووە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لە بەرامبەر ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی بە ھەمان شێوە ڕەخنەیی ھەبووە. گەر وردبین بین دەبینین کامۆ لە ساڵی (١٩٥٣) دەربارەی ڕۆزەنبێرگەکان، ئەو ژن و مێردە کۆمۆنیزمەی بە تۆمەتی سیخۆری ئەمریکییەکان گرتنیان و کوشتنیان، لە سەردەمی مەک کارتیزم، وتارێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا لۆمەی ئەم تاوانە دەکات و ڕەخنە لە ئەمریکا و کوشتنی کۆمۆنیزمەکان دەگرێت.

هەروەها لە بەرامبەر ئاندرێ مالرۆ، گەورە بیرمەندی ئەدەبیات و وەزیری ڕۆشەنبیری، هەروەها فەرانسۆ مۆریاک، کەسێک وەک کامۆ و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بردۆتەوە، دژایەتی گۆلیزم دەکات. (مەبەست ڕەوتی هزری جەنەرال دۆ گۆلە. وەرگێر) لە سەردەمی پاش جەنگ گەورەترین کەسایەتی سیاسی فەرانسا جەنەرال (دۆ گۆل) بوو. هەر ئەم جەنەرالەیە کۆماری پێنجەم بوونیاد دەنێت و کۆتایی بە جەنگی جەزائیر دێنێت، لەگەل هەموو ئەو دژایەتییەی کە لەگەڵیدا کرا.

کامۆ دژی ڕەوتی گۆلیزمە، واتە دژی نەریتی سیاسی ڕیچکەگرانی جەنەرال دۆ گولە ، کە تەنانەت هەتا ئێستاش بەردەوامە، بە جۆرێک لە جۆرەکان (سارکۆزی) سەر بەو ڕەوتەیە.

مەبەستم لێرەدا ئەوەیە، لە دید و گۆشەنیگای منەوە لە بری ئەوەی بڵێین کامۆ سەر بە ڕەوتی چەپ، کۆمۆنیزم یان ڕاستە، دەبێت بڵێین کامۆ، کەسێکی ڕادیکاڵە؛ بەڵام ڕادیکاڵ بە واتای ئەوەنا تیشێرتی ڕادیکاڵ بپۆشێ، بەڵکو بە واتای زەینی و هزری. واتە مرۆڤێکە گوفتاری، کرداری، هزر و بیروبۆچوونەکانی، نووسەریەتی و ھونەرمەندییەکەی ڕادیکاڵییە. لە دەرەوەی ھەر حیزب و ئایدیۆلۆژییەک ئەم ڕادیکاڵییەی ھەیە، هەر ئەمەش سەرنجراکێشتری دەکات.

کۆتا خاڵ لە درێژەی ڕەخنەکانی کامۆ دەربارەی کۆمۆنیزم مابێت ئاماژەی پێ بدەین، بریتییە لەو تێڕوانینەی لە ساڵی (١٩٣٧) لە یاداشتەکانی لە درێژەی باسی فەیلەسوفانی سەر کورسی، وەک من ناوم ناوە فەیلەسوفانی یەکشەممان. دەڵێت “من ماندووم بوومە لە وتارەکانی ڕابەرانی کۆمۆنیزم” و ئەم ڕستەیە دەڵێت: “ھەر کاتێک وتاری ڕابەرانم دەبیستم یان دەخوێنمەوە لەوەی ساڵانی ساڵە ھیچ پەیامێکی مرۆییم بەر گوێ نەکەوتووە ترس دامدەگرێت.” کامۆ ھەژاری و بەدبەختیەکان بە تایبەت هی جەزائیرییەکان لە تای تەرازووی قسەکانی حیزبی ڕاست یان چەپ دادەنێت.

سێ ساڵ بەر لە مردنی، تێڕوانینەکانی ڕادیکاڵتر دەبن، بە تایبەت لە بەرامبەر مارکس و مارکسیزم، لەم بارەیەوە دەڵێت: “من ئەگەرچی سەردەمانێک کومۆنیست بووم، بەڵام هەرگیز مارکسیست نەبووم”.

هەروەها لە یەکێک لە نامەکانی بە (ژان گرۆنییە)ی مامۆستای دەڵێت: “من ھەمیشە دژی ئەو بابەتەم، کە بەرگێک لە کتێبی سەرمایەداری مارکس لەنێوان ژیان و مرۆڤەکان دابنێم”. وەک دووبارە دەیبینن بەردەوام دژی هەموو جۆرە ئایدلۆژییەکە.

“لە ڕاستیدا من لە مارکسەوە فێری ئازادی نەبوومە، لە ھەژارییەوە فێری ئازادی بووم”.

وەنەبێت تەنها کامۆ ڕەخنەی لە کۆمۆنیستەکان گرتبێت، بەڵکو کۆمۆنیستەکانیش لەبەرامبەردا لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی کامۆ ڕەخنەیان ئاراستە دەکرد. بۆ نموونە (ئیمانوێل ئەستی) لە کاتی بڵاوبوونەوەی وتاری کامۆ لە دژی کۆمۆنیزم، وتارێکی تێروتەسەل دەنووسێت و  کامۆش وەڵامی دەداتەوە و تاکە کەسیشە وەڵامی درابێتەوە. یەکێک لەو ڕەخنانەی لە کامۆ دەگرێت ئەوەیە دەڵیت، تۆ هیچ لەبارەی ئازادییەوە نازانی، چونکە مارکست نەخوێندۆتەوە. کامۆ لە وەڵامدا دەڵێت: “لە ڕاستیدا من لە مارکسەوە فێری ئازادی نەبوومە، لە ھەژارییەوە فێری ئازادی بووم”. ساڵێک دواتر لە ساڵی (١٩٥٨) لە یاداشتێک لە گۆڤاری (سپێکتەک) بەراوردی نێوان کارل مارکس و دۆستۆیڤسکی دەکات و هەروەها لە مرۆڤی یاخیش هەندی شت بەرچاو دەکەوێت و دەڵێت: “بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە پێمان وابوو مارکس پەیامبەری سەدەی بیستەمە، بەڵام ئێستا دەزانین پێشبینی مارکس شکستی ھێناوە و پەیامبەری ڕاستەقینە دۆستۆیڤسکی بووە”. بەدڵنیاییەوە کەسانێک دۆستۆیڤسکیان خوێندبێتەوە دەزانن چەندە کامۆ سەرسامە بەو و لەمە باشتر تێدەگەن. من ئەنجامگیری دەکەم، ڕەخنەی کامۆ لە ئایدیۆلۆژی، کۆمۆنیزم، مارکسیزم و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتی ڕاست، دوو ئاراستەی ھەیە: ئاراستەی یەکەم ئەگەر کۆمۆنیزم لەبەرچاو بگرین، ڕەخنەی لە حزبی کۆمۆنیستی جەزائیر و فەڕەنسایە، واتە خودی حیزب، دەڵێت من نەفرەت لەم ڕابەرانە دەکەم و بێتاقەتم لێیان. ڕەخنەی دووەمی ڕووەو ئایدیۆلۆژییە، ئەم دووانە لێکدی جیاوازن، یەکێکیان ئەزموونی تاکەکەسیانەیە، کە شکستی ھێناوە، ئەو شتەی بیری لێکردۆتەوە بە دەستی نەھێناوە، واتە کۆمۆنیستەکان دەڵێن ئێمە لایەنگری کەسانی بەدبەختین، بەڵام ھیچ بەرگرییەک ناکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە دوایی مردنی کامۆ، زۆر نووسەر، کە تەنانەت ھەندێکیان فەرەنسیش نین، چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند عەرەبێکی جەزائیری موسڵمان دەکەن، کە کۆمۆنیست بوون، ئەوان دەڵێن کە کۆمۆنیستە فەڕەنسییەکان ڕێگەخۆشکەر نەبوون لەوەی عەرەبەکان بێنە نێو حیزبەکە و بەربەستیان دانابوو بۆ عەرەبەکان بۆ گەیشتن بە پلەی باڵا لەناو حیزبی کۆمۆنیستی. یەکێک لەوانە (عەمار ئۆزگان) بوو و لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئێمە وازمان لە وەهمی کۆمۆنیزمی و حیزبی کۆمۆنیستی جەزائیر هێناوە”.

“مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ھەڵەکانیانە، نەک مێژووی دیاردەکانیان”

کامۆ لە وەڵامی (جۆن ماری دۆمیناک) لە گۆڤاری تێموا لە ژمارەی ٩ ھاوینی  ساڵی (١٩٥٥) دووبارە باس لەوە دەکات بۆ کۆمۆنیست بووە و دەڵێت: “من لە خێزانێکی چەپ لە دایک بووم و بەداخەوە خۆم لەم زەمینەیەدا دەبینمەوە، ھەمیشەش داڕووخانیم بینیوە، کە ئەم داڕووخانە دڵگرانم دەکات”. مەبەستی داڕووخانی ڕەوتی چەپە. دژایەتی کامۆ لەگەڵ کۆمۆنیزم و سەرمایەداری سێ ھۆکاری ھەیە: ١.تێڕوانینی کامۆ بۆ بابەتی مێژووە. ئەم بابەتە لە کتێبی(قەیرانی مرۆڤ) تاوتوێ دەکات و دەڵێت: “مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ھەڵەکانیانە، نەک مێژووی دیاردەکانیان”.

٢. تێڕوانینی کامۆ بۆ بابەتی حەقیقەت، کە ھەر لەم وتارەدا (قەیرانی مرۆڤ) دەڵێت: “حەقیقەت وەک بەختەوەری سادە و بێ مێژووە”.  ھەموو ئایدیۆلۆژیەکان دەڵێن حەقیقەت مێژووی ھەیە و مێژووییە، ڕەوتی حەقیقەت دیاریکراوە ھەر بەو شێوەی ڕەوت و ڕەوەندی پێشکەوتن دیاریکراوە؛ بەڵام کامۆ دەڵێت هەرگیز بەم شێوە نییە.

٣. تێڕوانینی سێیەم و کۆتایی بابەتی سیاسەتە، کە کامۆ دەڵێت: “ئامانجی سیاسەت ئامادەکردنی جیھان و گونجاندنی لەگەڵ ئینجیلی (دەقی پیرۆزی) سیاسی و ئاکارینییە). واتا سیاسەت ئەوە نییە ئینجیلێک بێنیت و بڵێیت من دەمەوێت بەم ئینجیلە دونیا بگۆڕم. دەڵێت: “سیاسەت بوژانەوەی ماڵی ئێمەیە نەک گرنگیدان بە پرسە درۆیینەکانمان”.

ئێوە لێرەدا نووسەرێکتان هەیە، کە هزرینێکی تۆکمە و یەکگرتووی هەیە، لە هەمان کاتدا وەک هونەرمەندێک زۆر هەستیارە و زۆر ڕەنج و چەرمەسەری دیوە، بەڵام هەوڵ دەدات لە دژی ئەو ئایدلۆژیانەی لە ئارادابوونە (کۆمۆنیزم و سەرمایەداری) بوەستێتەوە و فەلسەفەیەکی نوێ پێشکەش بکات.

The post ئەلبێر کامۆ و کۆمۆنیزم appeared first on ژنەفتن.