خۆکوژی و ئەدەبیات

توێژینەوەیەک سەبارەت بە جوانیناسیی خۆکوشتن

وەرگێڕانی: محەمەد موەفەقی

خۆکوژی بووەتە “باو”. هەر ڕۆژ کەسانێکی زۆرتر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، هەر ڕۆژ کەسانێکی زۆر دەست بۆ خۆکوشتن دەبەن. سەبارەت بە خۆکوشتن زۆر بابەت وتراوە و لە هەمان کاتێشدا نووسراوە: دەروونناس، بیرمەند، پزیشک، مامۆستا، ڕەخنەگر، ئەخلاقگەرا، ڕێبەری فیرقەکان و کەسانی بێئومێد و زۆر کەسی تریش کە هەر هەموو دەیانەوێ خۆیان بکوژن کەچی بەردەوام بۆ ئەمڕۆ و سبەی وە درەنگی دەخەن.

لەم بوارەیەدا لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە ئاماژە بەم خاڵە دراوە، کە چما لەنێوان خۆکوژی و دنیای هونەر و بەتایبەت نووسیندا پێوەندییەکی چڕوپڕ هەیە. سەبارەت بە خۆکوشتنی هەندێ نووسەری وەک فێرناندۆ پێسۆئا1(Fernando Pessoa) فێرناندۆ پێسۆئا (١٨٨٨-١٩٣٥) نووسەر و شاعیری پورتوگالیایی، چێزارێ پاڤێزێ2(Cesare Pavese) چێزارێ پاڤێزێ (١٩٠٨-١٩٥٠) ڕۆماننوس و شاعیری ئیتالیاییو سێلڤیا پلات3(Sylvia Plath) سێلڤیا پلات (١٩٣٢-١٩٦٣) شاعیر و نووسەری ئەمریکاییکۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تۆکمە کراوە. کۆی ئەم لێکۆڵینەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە تایبەتمەندیی ژیانی کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەران، وەسوەسەی خۆکوشتن و ململانێیەکی بەردەوام بووە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا. بەتایبەت بۆ نووسەرانی سەردەمی ڕۆمانتیک و دواتریش داداییستەکان، ستایشی خۆکوژی دەبێتە ئایدیاڵێکی ئەدەبی و هەروەها بەشێک لە تێگەیشتنی هونەریی نووسەر. ئەگەرچی هێشتا پێوەندیی نێوان نووسین و خۆکوشتن بەگشتی وەک بابەتێکی لێڵ و نادیار ماوەتەوە. ڕاستە وەسوەسەی خۆکوشتن چ بە ئاشکرا یان نهێنی، چ لە ڕووی هەست یان نەستەوە بێ، لە کۆڵی نووسەر نابێتەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران بەسەر ئەم وەسوەسەیەدا زاڵ بوونە و لە ئاکامیشدا بە مەرگی سروشتی ماڵاواییان لە ژیان کردووە و تەنانەت تەمەنێکی درێژیان هەبووە و بەجۆرێک توانیوویانە کە لەگەڵ کاری نووسین و فریوی خۆکوشتن، بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە ڕابێن.

چ لە ڕابردوو، چ لە سەردەمی ئێمەدا، کۆمەڵێک هونەرمەند دەناسین کە ڕایانگەیاندووە “تەنیا هەر هونەر” توانیوویەتی ڕێگر بێت لە بەردەم خۆکوشتنیاندا. بەڵام بۆچی تەنیا هەر هونەر؟ بۆ نموونە بۆچی گۆزەگەری یان کۆکردنەوەی پوول نە؟ چ شتێکی تایبەت لە جەوهەری نووسیندا هەیە کە لە بری ئەوەی مرۆڤ مەجبوور بە خۆکوشتن بکات -کە ئاسایی دەنوێنێ- دەبێتە لەمپەرێک لە هەمبەر خۆکوشتندا؟

پەیکەری فێرناندۆ پێسۆئا (١٨٨٨-١٩٣٥) نووسەر و شاعیری پورتوگالیایی، لە شاری برۆکسلی بەلجیکا

پێش ئەوەی درێژە بە باسەکەم بدەم، دەمەوێ خاڵێک ڕوون بکەمەوە: لێرەدا قسەکانی من هەموو نووسەر یان هونەرمەندێک ناگرێتەوە. بە هیچ شێوەیەک نامەوێ گریمانەیەکی گشتی سەبارەت بە خۆکوشتن ئاراستە بکەم. هۆکار و پاڵنەری سەرەکیی جۆرێک لە خۆکوشتن وەها ڕوون و بەرچاوە کە دەکرێ وەک کارێکی عاقڵانە چاوی لێکەین. لە لایەک تریشەوە جۆرێک لە خۆکوشتن هەیە کە هۆکارەکەی نەخۆشیی دەروونییە و دەکرێ لەگەڵ کردەوەیەکی ناوشیار بەراورد بکرێ. ئەم دوو جۆرە خۆکوشتنە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەرنجڕاکێش نین و لەم نووسینەشدا ناخرێنە بەر باس. ئەمەش بەو واتایە نییە کە بمەوێ لەسەر بنەمای پووچی یان مەبەستمەند بوونی مرۆڤ سەبارەت بە مژاری خۆکوشتن گریمانە و بیرۆکەیەک بخەمە ڕوو. ڕەنگە هەق بە “کامۆ” بووبێت کە پووچی و بێهوودەیی یان ئامانجداربوونی مرۆڤی هێناوەتە ئاست جیدیترین مژاری فەلسەفییەوە. بەڵام ئەو بیرۆکەیەی هەڵە بوو کە پووچی بوونی مرۆڤی وەک هۆکاری خۆکوشتن زانیبوو. ئەگەرچی زۆر جار ئەم شتە دەوترێ – بەڵام هەڵەیەکی گەورەیە – کە تاکی خۆکوژ وەک کەسێ چاو لێ بکەین کە بەم دەرئەنجامە گەیشتووە کە ژیان بێهوودەیە. بە پێچەوانەوە تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە چیتر هۆگری ژیان نییە و ئەمەش بابەتێکی زۆر جیاوازە. تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە چیتر تامەزرۆی ژیان نییە، بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنیەتی تێپەڕبوونی ئەم ژیانە. تەنانەت ئەگەر ئەم ژیانە زۆر پڕواتا و جوانیش بێت. بێگومان ئەم بابەتە لە ڕووی فەلسەفییەوە گرینگە، چونکە ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە بۆچی ژیان تەنانەت لەو کاتەشدا کە بەپێی ویست و حەزی مرۆڤ تێپەڕ دەبێت، بۆ هەندێ کەس کەموکووڕی هەیە؟ یان بەپێچەوانەوە هەندێ کەسی تایبەت چ خەون و خولیایەکیان لە سەردایە کە هەرگیز ئیمکانی وەدیهاتنیان بۆ نییە.

هەروەها لەنێو نووسەراندا تاقمێک هەن کە دەبێ قەت لە بەرچاو نەگیردرێن. جۆرە نووسەرێک هەن کە وەک فەرمانبەرێک لە فەرمانگە کار دەکەن: واتە لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە هەتا دوازدە و لە کاتژمێر دووەوە هەتا پێنجی سەر لە ئێوارە و بە درێژاییی ڕۆژ ئەوەندە لاپەڕە دەنووسن، بەبێ هیچ حەز و شەوقێکی وەها یان وەڕەزبوونێک، بە کۆمەڵێک بەرهەمی سەرنجڕاکێشەوە، بەڵام ناسەرکەوتوو. هەروەها تاقمێک تایبەت لە نووسەریش هەن وەک ئاگاتا کریستی4(Agatha christie) ئاگاتا کریستی (١٨٩٠-١٩٧٦) نووسەری بەناوبانگی بەریتانیاییو….کە بە دۆزینەوەی دنیای خەیاڵاوی باشترین هەلی ڕابواردن بۆ خۆێنەر دەڕەخسێنن و بە قەڵەم سووڕانێک کتێبێکی ئەستوور دەنووسن. بە پێچەوانەی ئەمانەوە ئەو نووسەرانەی مەبەستی باسەکەی منن ئەوانەن وا بەرانبەر بە کاری خۆیان هەستێکی شاراوە و ئاڵۆزییان هەیە. زۆر نووسەر هەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە شێوازی بژاردە پەیڤ یان لە نامەکانیاندا ئاماژەیان داوەتە بابەتی ئەم شاراوەییە، بێ ئەوەی بتوانن شرۆڤەیەکی لەسەر بکەن.

blank
چێزارێ پاڤێزێ (١٩٠٨-١٩٥٠) ڕۆماننووس و شاعیری ئیتالیایی

یەکێک لە نووسەری بەرهەمە خەیاڵی- زانستییەکان واتە فرێدریک براون5(Fredric Brown) فرێدریک براون (١٩٠٦-١٩٧٢) نووسەری ئەمریکایی، وتوویەتی: “من ئێجگار ڕقم لە نووسینە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێی سەرسام دەبم کە چۆن تا ئێستە نوسیوومە!”، ئەم وتەیە لەوانەیە رۆر نووسەر هەبن کە ئامادەن بڕە پارەیەکی زۆریش بدەن تاکوو وای پیشان بدەن کە ئەم ڕستەیە ئەوان وتوویانە. ئەوەی لێرەدا دەبێ شرۆڤەی بۆ بکرێ ئەمەیە کە لە زەینی ئەم جۆرە نووسەرانەدا کۆمەڵێک توخم و ڕەگەزی دژواز بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر، یەکجێ کۆ بوونەتەوە: جەبرێکی ڕەها و دەروونی بۆ نووسین، بە چەشنێک کە ئەگەر بۆ ماوەیەک دەست لە نووسێن هەڵگرن، تووشی جۆرێ شڵەژان و دڵەڕاوکێ و هاوکات ناڕەزایەتی دەبن و هەست بە گوناهێکی گەورە و تاوانێکی قورس دەکەن و لە لایەک تریشەوە خودی نووسین بۆ کەسیان چێژبەخش نییە. بەرخۆدانی سەرسەختانەی نووسینی ڕستەیەک و بڕێجاریش وشەیەک کە دەبێ لەسەر ڕێگە لاببرێ، سزایەکی تاقەت پڕووکێنە و تەواوکردنی بەرهەمێکی دەستپێکراو وەک هەڵکەندنی کێوێک وایە لە بنەوەڕا و دواتریش کە نووسینی ئەو بەرهەمە کۆتایی پێهات، کەیف خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر، هەستکردن بە دەربازبوون و جۆرێک لە بەختەوەری کە چیتر “مەجبوور بە نووسین نابم”، ئەو شتەی کە ڕەنگە نووسەر چیتر هەرگیز نەیویستبێت. ئاوەهایە دۆخی ناخهەژێنی نووسەری ئێمە کە ئەو دەمەی وا نانووسێ، تێک دەچێ، هەست بە کەیف خۆشی ناکا و لە کاتی نووسینیشدا دۆخی لەمە باشتر نابێ. ئەو تەنیا کەڵکەڵەی، کۆتاییهێنان بە نووسینی بەرهەمەکەیەتی. لە هەمان کاتدا بە تێپەڕبوونی کات ڕەزامەندی لە بەر چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەی، خوێندنەوە لە لایەن بەردەنگەوە، ڕاکێشانی سەرنجی ڕەخنەگرەکان، وتووێژ لەگەڵ گۆڤارە ئەدەبییەکان سەبارەت بەم بەرهەمە و لە کۆتاییشدا بوون بە کەسایەتی یان دەموچاوێکی ئەدەبی هەموو ئەو شتانەیە کە نووسەر پێی دڵخۆشە و تەنیا بەم شێوەیە کە ڕۆحی یاخی و سەربزێوی دەسرەوێ. نووسەر چەندە لە کاری تاقەتپڕوکێنی خۆیدا پێشکەوێت بە هەمان ڕادەش وردبینانەتر فێر دەبێ کە چۆن بە یارمەتی کۆمەڵێک توانای پسپۆڕانە لەگەڵ ژیان ڕابێ و بە ڕەنج و ئازارێکی کەمترەوە، درێژە بە کاری نووسین بدات. بەڵام بەردەوام کێشەیەکی ناحەز لە ئارادایە کە بەرۆکی هەموو نووسەرێ دەگرێ و ئەویش فرێدریش براون وتەنی: “بە هەر حاڵ دەبێ بەرەو ڕووی نووسین ببینەوە، تا بەرهەمێک بنووسرێ و بێتە دی”.

blank
سێلڤیا پلات (١٩٣٢-١٩٦٣) شاعیر و نووسەری ئەمریکایی

ئێستە بێینەوە سەر باسی ئەوەی وا دەست بۆ خۆکوشتن دەبات. ڕنگە بکرێ وەها کەسێک، بەو جۆرە پێناسە بکەین کە زۆرتر تامەزرۆی ئەوەیە کە “ژیابێت” تا ئەوەی کە بژیت. بەڵام ئەم شتە مومکین نییە، چوون مرۆڤ بۆی هەیە سەبارەت بە ژیانی ڕابردووی بە ڕەزامەندی یان داخ و کەسەرەوە هەندێ شت بڵێ: بۆ نموونە کەسێکی لە ژیانیدا خۆش ویستووە، خەریکی کارێک بووە، بۆ مەبەست یان ئامانجێک خەباتی کردووە و…هتد، بەڵام ناکرێ بوترێ کە “ژیاوە”. بەپێی تێڕوانینی فرۆید، یەکێ لە گەورەترین حەز و ئاواتەکانی نەستی ئێمە کە بەشێوەی جۆراوجۆر لە خەونەکانماندا دەردەکەون، ئەمەیە کە چاومان لە ڕێوڕەسمی ناشتن و ئەسپەردە کردنی خۆمان بێت. ئەم بابەتە ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە ژیان وەڕەز یان تێر بووینە، یان ئاماژە نییە بۆ وێستی خۆکاولکارانەی ئێمە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بە وتەی فرۆید ئەمە ڕێک دەلالەت لەسەر جۆرێک خۆشەیدایی و تامەزرۆیییەک دەکات کە ئێمە بەم شێوەیە دەمانەوێ بە مەرگی خۆمان، ناخی ئەوانی تر بهەژێنین. بەڵام من لام وایە لە کرۆکی خۆکوشتندا، کۆمەڵێک واتای جوان هەن، کە لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی وەک خۆشەیدایی و ستایشی ئەوی تردا یەک ناگرنەوە، تەنانەت لە ڕووی ئەخلاقیشەوە خۆکوژی، لەگەڵ ژان و سادیزم و ستایشی ڕەنجدا ناتەبا دێتەوە. بەڵکوو دەبێ لە سۆنگەی هونەر و ڕەهەندی جوانیناسانەوە لێک بدرێتەوە.

لە ناخی هەر هەموو ئێمەدا تامەزرۆیییەکی قووڵ هەیە بۆ گشتخوازی، بۆ گەیشتن بە ترۆپک و تەشقەکان، بۆ سامان بەخشین بە ژیانی خۆمان تا لە ئاکامدا بکرێ وەک “دەستکەوت”ی ژیان ئاراستەی ئەوانی تری بکەین و خۆشمان بە نهێنی لەنێو گۆڕێکدا لە دوورەوە چاو لەم دەستکەوتانە بکەین. یەکێ لە ڕووە ناحەز و ناخۆشەکانی ژیان ئەمەیە کە لە لووتکە و ترۆپکی خۆیدا کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو لە ساتەوەختێکی ئەم ژیانەدا هەر هەموو ئەو شتانەی وا خۆشمان ویستوون، یان حەزمان لێیەتی و لە چرکەساتی دواتردا لە دەستی دەدەین  یان خوازیاری شتێکی تر دەبین. لە ساتەوەختێکدا کەیف خۆش و تەندروست و جێی ڕێزین و لە چرکەساتی دواتردا تێک دەچین یان دەشڵەژێین و ناڕازین و جێگەی بەزەیین و بێڕێزیمان پێ دەکرێ. بێگومان هەر ئەم هەوراز و نشێوە بەردەوامەشە کە ژیان تێکەڵ بە هەڵزنین و هەڵچوون دەکا و هانمان دەدات کە تا دواخاڵ درێژە بەم گەمەیە بدەین. بەڵام لە بەسەرهاتێکدا کە ناگاتە کۆتایی، یان لانیکەم ئێمە ئاگاداری کۆتاییەکەی نابین، چیتر چەمکێکی وەک “هەڵچوون” چ واتایەکی دەبێ؟ ئێمە هەر هەموو پێمان وایە کە “لە کۆتایی”ی ژیاندا، هەر دەمرین. بابەتێک کە نە تەنیا عەقڵانییە، بەڵکوو عادڵانە و تەنانەت جوانیشە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، مەرگ لە وەها ساتەوەختێکی ناکاودا بەرۆکمان پێدەگرێ کە لەنێو ڕێگەداین تا منداڵەکانمان لە فێرگە بەرەو ماڵەوە بێنینەوە، یان لە حەمام و لە کاتی خۆشتندا و یان لە کاتی گوێگرتن لە پرۆگرامێکی هونەری لە ڕادیۆدا. لە ڕواڵەتدا ئێمە ڕێک لە چرکەساتێکی نەگونجاودا دەمرین و هەموو ئەو شتانەی کە دەبوو بیکەین و هەموو شتانەش کە دەمانویست بیڵێین، نیوەچڵ دەمێنێ. ژیانی ئێمە بە هۆی مەرگەوە “دادەبڕێ” بەڵام قەت “ناگاتە کۆتایی.”.

ئامۆژگاری دەدەینە ئەو کچانەی وا لە قۆناغی دواناوەندیدا عاشق بوونە و پێیان دەڵێین کە زۆر وریا و ئاگادار بن کە “ژیان، ڕۆمان نییە”. مەبەستمان ئەمەیە کە ژیان جیدیتر و ڕەنگە پڕمەترسیتر لەم قسانەش بێت. لەم ئامۆژگارییەدا حەقیقەتێکی مەزن هەیە، ئەم حەقیقەتە بەڵام کەمترین پێوەندیشی بە “جیدی”بوونەوە نییە. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ساتەوەختی وا هەیە کە زۆر خەیاڵاوییتر لە ڕۆمانێکی عاشقانەیە و زۆربەی خەڵک تەنانەت ژیانێکی دڵخوازتر لە ژیانی پاڵەوانی نێو چیرۆکەکانیان هەیە، جیاوازیی نێوان ژیان و ڕۆمان لە جوانی ڕۆمان و جیدی بوونی ژیادا نییە، بەڵکوو لەم جیاوازییە ساکارەدایە کە ژیان بە واتای ڕێکخستن، گشتکاری، گەیشتن بە ترۆپکدا، کۆتاییەکی نییە. لەخۆڕا نییە کە سەبارەت بە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژێانێکی کڵێشەئاسا، دەڵێین: “شانامە کۆتاییەکەی خۆشە” واتە بەسەرهاتێک خۆشە کە ئاکامەکەشی خۆش بێت. بەڵام ئەم قسەی نەستەقە بۆ واقێعی ژیان ناشێ، لەبەر ئەوەی ژیان ئاکامێکی ڕاست و چاوەڕوانکراوی نییە. لە لایەک تریشەوە، وەهاش نییە کە ژیان لەگەڵ واقێعی مەرگدا، بەردەوام کۆتایییەکی ناحەزی هەبێ، ئەگەر واش بێ، جۆرە ژیانگەلی وەها و ئا لەم چەشنە دەکرێ لەگەڵ هەندێ ڕۆمانی وەک “ئانا کارنینا” یان “ڕەنجەکانی ڤۆرتێری گەنج” بەراورد بکرێن. لەبەر ئەوەی لەم بەرهەمانەدا نە لە ڕووی چێژپەرستی و زۆرخۆش ڕابواردنەوە، بەڵکوو لە ڕووی جوانیناسییەوە، لەو شتەی کە دەگاتە کۆتایییەکی “ناحەز”، بەرهەمێکی “دڵخواز” دێتە ئافراندن؛ چوونکە لە پێکهاتەی هەموو ڕۆمانێکدا هێڵەکان و ئاستە جیاوازەکان و پاژە لاواز و ناهاوسەنگەکان پەیوەستی یەکتر دەبن و جۆرێک لە یەکگرتوویی و یەکانگیرییەکی هونەری دێتە ئاراوە.

ڕەنگە بکرێ ژیان بە لانی زۆرەوە لە گەڵ ڕۆمانێکی چارلێز دیکێنز6(Charles Dickens)چارلێز دیکینز (١٨١٢-١٨٧٠) رۆماننووسی بەڕیتانیایی واتە: The Mystery of Edwin Drood بەراورد بکرێ کە کۆتایییەکەی بە هۆی مەرگی نووسەرەوە زۆر پڕ راز و ڕەمزە. لە سەرسامییەکانی سەردەم هەر ئەمەیە کە ئەم کتێبە ناخوێندرێتەوە. بۆ ئەوەی وا ئاگای لێیەتی کە ئەم کتێبە کۆتایییەکی بۆ نییە، ئەم بەرهەمە هەر لە دەستپێکەوە خوێنەر تووشی هەیەجان و هەڵچوون ناکات و وەک ڕۆمان سەیری ناکات و ئەوەش وا ئاگای لێ نییە و بە تامەزرۆییەوە درێژە بە خوێندنەوەی دەدات، لە کۆتاییدا پەژیوان دەبێتەوە و هەست بەوە دەکات کە خەسارێکی قورسی لێکەوتووە و پێی خۆشە بگەڕێتەوە لای کتێبفرۆشەکە و ئەو پارەیەی وا بۆ کڕینی ئەم کتێبە پێی داوە، لێی وەرگرێتەوە.

کاتێ بیر لە مەرگی خۆمان دەکەینەوە، بەردەوام وەک ناواقێعی، وێناهەڵنەگر و تەنانەت نامومکین دێتە پێش چاومان. لە کاتێکدا لۆژیک بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر فێری کردووین کە “هەموو مرۆڤێک هەر دەمرێ”. تەنانەت هەر بەمەشەوە دیسان هەق بەو هەستەی ئێمەیە. لەبەر ئەوەی ئەگەر چی لە ڕووی سروشتییەوە هەموو کەس دەمرن، بەم حاڵەشەوە، لەنێو ئێمەدا کەسێ بوونی نییە کە “مردبێ”. مەرگ بابەتێک نییە کە ئێمە تێمان پەڕاندبێ یان ئەزموونمان کردبێ. مەرگ تەنانەت ڕووداوێک نییە کە لە ئێمەوە تێپەر ببێ. بەکورتی مەرگ، “بەسەرهات” نییە. وەها نییە هەموو ڕۆژێ کە لە ماڵ دێینە دەرێ، ڕۆژێ لەبەر دەرکەی ماڵەوە ڕەت ببین و بمرین و بۆ چرکەساتی دواتریش بتوانین ئاوڕ لە دواوە بدەینەوە.

حەز و خولیای ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ناشتن و ئەسپەردەکردنی خۆماندا شتێک نییە جگە لە خولیای ئەمەی کە دوای مردن، تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش سووکە ئاوڕێک لەپاش خۆمان بدەینەوە. ئەو ڕەزامەندییەی کە مرۆڤ لەم گەڕانەوەیە، چاوڕێی دەکا، لەوانەیە لەگەڵ دەقی کتێبێک بەراورد بکرێ کە کۆتایییەکی دڵخوازی نییە. پاڵەوانی سەرەکی مردووە و دنیایەک داڕووخاوە، بەم حاڵەشەوە کتێبێکی چاک بووە: لە پڕێکدا لەوە تێدەگەین کە ئەم کتێبە هەر لە سەرەتاوە، بۆ وەها کۆتایییەک پلانی بۆ داڕێژراوە و دەستی پێ کردووە؛ ئەوەی وا لە سەرەتاوە قەت جێی تێگەیشتن نەبوو، لەم ڕێڕەوەشدا تەنانەت دەرفەتە لە کیسچووەکان واتامەند و پڕبایەخ بوونە. حەزی ئامادەبوون لە ڕێوەڕسمی ناشتن و ئەسپەردەکردنی خۆماندا، ئەگەرچی هەندێک ئاڵۆز دێتە پێش چاو، بەڵام ئەمە لە هەمان کاتدا حەز و خولیای نەمری و مانەوەیە بۆ هەتایی. خولیای ئەمەیە کە مردبێتین، تا چیتر قەت نەتوانین بمرین. خولیای هەڵوێستێکە وا لەوپەڕی تیاچوونی ئێمەوە دێتەگۆڕێ. هەڵوێستێک کە بکرێ لێیەوە بڵێی: “من مردووم” و بە پشتڕاست کردنەوەی مەرگی خۆمان، لانیکەم ڕواڵەتی زیندووبوون، ڕاگرین. فێرناندۆ پێسۆئا دەیگوت: هەموو شتێ بەلامەوە یەکسانە. لەبەر ئەوەی لەو چرکەساتەیەدا، شتێک بەسەر شتێکی ترەوە زاڵ نییە. بەڵام خۆ دیار بوو درۆ دەکات: لەبەر ئەوەی ئەو پێی خۆشتر بوو کە لای خۆی وا بیر بکاتەوە کە مردنی بەتەواوەتی بێ بایەخە. کە دیسان بەهار دێتەوە و شکۆفەی گوڵ وەکوو جاران دەپشکوێن و دارەکانیش سەرلەنوێ وەکوو جاران چرۆ دەکەن، وەک ساڵی پار و ئەویش بە نهێنییەوە لەوێیە تا شکۆفەی گۆڵان و چرۆی داران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات.

ئێستا لە بابەتی ئاڵۆزی خۆکوشتندا هاندەری سەرەکی چییە و لە کوێیە؟ ئایا لێرەدایە کە – ئەمەش لەگەل سەلیقەی گشتی یەک دەگرنەوە – ئێمە هەر هەموو حەزێکی شارەوەمان بۆ خۆکوشتن لە دەرووندایە؟ بێگومان هەر واشە. بێگومان ئێمە هەر هەموو “شتێ” لە بکوژەکان و “شتێ” لە شێتەکانیشمان لە دەرووندایە. بەڵام بەم قسانە هیچ بابەتێ ڕوون نابێتەوە. جیا لەمانەش ئەم جۆرە گشتبێژییە نە تەنیا ئاسانە و هیچ تێچوویەکیشی نییە، بەڵکوو بەتایبەت، لەبەر ئەوەی بە شوێن دەربڕینی شتێکیشەوە نییە، لە ڕاستیدا بێڕێزییە بەرانبەر بە تاکی خۆکوژی “ڕەسەن”.

ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ تامەزرۆبوونی گشتیی مرۆڤ لە هەمبەر تەواو کردن و کۆتایی پێهێنان کە لە هەمان کاتیشدا تامەزرۆییە بۆ مردن و هەرمان بوون، مژارێکە زۆر ئاڵۆز و تێگەیشتن لێیشی نامومکینە، کە بە گشتبێژی و سازکردنی مودیلێکی پاساودراو و جڤاک پەسەند، شێ جگە لە چەواشەکاری نییە: چۆنە کە کۆمەڵێک مرۆڤی تایبەت لە نەبوونی خۆیاندا بە شوێن سەرچاوەکانی کەماڵ و بێنیازیدا دەگەڕێن و چلۆن کردەوەی تاکی خۆکوژ – کە لە هەمان کاتدا کردەوەیەکی کاولکارانەشە – شایەتی لەسەر هاندەرێکی دەروونی زۆر داهێنەرانە و هونەرمەندانە دەدات؟

زۆربەی کات وا پێدەچێ کە تاکی خۆکوژ لە سەردەمی کلاسیکدا، کەسێکی ناوچاو گرژ، گۆشەگیر، پەشێو و شڵەژاو، یان خەمۆک، بێورە و هەروەها کەسێکی خوێنتاڵە کە لەگەڵ شۆخی و جەفەنگیشدا نییە، بە دوو چاوی دەرپەڕیووەوە کە پشتی لەژێر باری بێهیواییەکی قورسیشدا چەماوەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا تاکی خۆکوژ لای خەڵکی پسپۆڕ و شارەزای دۆخەکە، کەسێکی پڕ لە ورە و وزە، لە ڕادەبەدەر چالاک و لێهاتوو، بەرزەفڕ، پڕکار، کۆڵنەدەر، سەرکەوتوو و زۆربەی کاتیش پڕ لە بەهرە و بەتوانایە. شاعێری لاو، سێلڤیا پلات، ژنێکی زۆر بەهرەمەند، چالاک، خوێندکارێکی لێهاتوو، سەرۆکی چەندان سەندیکای جیاواز، براوەی زۆر خەڵاتی بەناوبانگ، لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا لە مەودای نێوان وەرگرتنی دوو خەڵاتدا، بە شێوەیەکی جیدی دەستی دایە خۆکوشتن کەچی هەوڵەکەی سەرنەکەوت و بێئاکام بوو. دە ساڵ دواتر، ئەو کاتەی وا بۆ سێهەم جار هەوڵی خۆکوشتنی دا، دایکی دڵۆڤانی دوو کۆرپەی ساوا و لە بواری کاری ئەدەبیشدا داهێنەرتر و گەشاوەتر لە هەمیشە بوو. چێزارێ پاڤێزێ نووسەرێک بوو لە ترۆپکی ناوبانگ و لووتکەی شانازیدا و لە هەمان ڕۆژانیشدا خەڵاتی بەناوبانگی “ستێرگا”ی پێ بەخشرا بوو، کە هاوکات بە هۆکاری نادیارەوە دەستی دایە خۆکوژی. هەروەها کەسێکی وەک هەمینگوەیش وە دووی هەمان ڕێباز کەوت و پاش تەمەنێکی خاوێنی ئەدەبی و گەیشتن بە لووتکە، دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیی نوبێل و لە تەمەنی شەست و یەک ساڵاندا بە گوللەیەک کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەم بابەتە کە زۆربە ئەو کەسانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن کە تەنیا، هەژار و دەستنەڕوێشتوو، یان تووشبووی نەخۆشییەکی بێ چارەسەرن، تا ڕادەیەک پاساوهەڵگر و جێی تێگەیشتنە، بەڵام ئەو کاتەی وا کەسانی بەناوبانگ و بەرسەرنج، خاوەن بەهرە و دەستڕوێشتوو بڕیار لە خۆکوشتن دەدەن، لە ڕواڵەتدا ئەم کارەیان زورتر لە کاڵفامی، زێدەڕەوی و ناسپاس بوونیانەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەمەش خۆی بەرهەمی تێکچوونی لە ناکاوی حەواس و ناجێگیر بوونی باری دەروونیانە. بەڵام ئەمەشەمان لە بیر نەچێ کە هەوڵی بێوچانی ئەم کەسانە بۆ نووسین، دیسیپلینی هونەری، داهێنانی سەرسووڕهەێنەر و بێسنوور و هەروەها بەرهەمی شاز و دەگمەنی ئەم کەسانە هەر هەمووی دەسکەوتی هەمان شپرزەیی حەواس و تێکچوونی باری دەروونییە. باکۆنین7میخایل باکۆنین (١٨١٤-١٨٧٦) ئەنارشیستی ڕووسی لەم بارەیەوە دەڵێ: “تامەزرۆبوون بۆ کاولکردن، هاوکات تامەزرۆبوونێکی داهێنەرانەشە“.

بەم پێیە، دەکرێ وێنەی خەیاڵاویی تاکی خۆکوژی ئێسک سووک وەها بنوێندرێ: کەسێک کە زۆرتر لە هەموو کەسێکی تر بێئۆقرەیی و ناڕەزایەتییەکی بەردەوام هاندەریەتی. ئەو ناتوانێ هیچ کارێک دەست پێ بکات بەبێ ئەوەی لە هەمان کاتدا بیەوێ کارەکەی کۆتایی پێهاتبێ. چوونکە ئەو وای بۆ دەچێ کە ئەوکات ڕازییە و ئۆقرە و ئارامی خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەو خۆی فریوو دەدات، چوون هەر ئەمەی کە کۆتایی بە کارێک هێنا، یان زۆربەی کاتەکان تەنانەت پێش کۆتاییهێنان بە کارێک، دیسان دەیەوێ کارێکی تر دەست پێ بکات کە دەبوو زۆر پێشتر کۆتایی پێ هێنابا. ئەم بابەتە هەم ئاماژەیە بۆ بەردەوام بوونێکی بێبڕانەوە و هەوڵێکی ماندوونەناسانە و هەم بێزکردنیەتی لە ئەنجامی کارەکانیدا. لە حاڵێکدا ئەو بەپێچەوانەی هاوکارانی تری کە زۆربە دەتوانن بەئاسانی و لە پڕێکدا لە کارەکەیان داببڕێن، ئەو بۆ کات ڕابواردن یان بۆ سەرقاڵبوون بە شتێکەوە ئیش ناکات بەڵکوو تەنیا هەر لەبەر ساتەوەختی کۆتاییی کارەکەیەتی، کە ئیش دەکات. جیا لەمەش ئەو زۆر کاری لە پێشدایە کە دەبێ کۆتاییان پێ بهێنێت، ئەو دەیەوێ هەموو کتێبێکی خوێندبێتەوە، هەموو تێزێکی باڵای وەرگرتبێ، براوەی هەموو خەڵاتێ ببێ و هەموو ژنێکی لە خشتە بردبێ. جیا لە هەموو ئەمانەش بە شێوازێکی پەڕجووئاسا بە ورەیەکی بێسنوورەوە کە بۆ کەسانی تر جێی سەرسووڕمانە، لە دنیای خۆیدا وەک شۆفێرێک لە کێبەرکێی ئۆتۆمۆبیلی ڕالیدا، دەست بەکار دەبێ. هەر لە هەمان سەرەتاوە ئەم بوونەوەرە سەرنجڕاکێشە هەموو ژیانی خۆی لە پێش چاودایە؛ وەک پلانێک کە لە پێشدا داڕێژراوە و کەس نازانێ بە هۆی کامە پێویستیی دەروونییەوە بگاتە سەرئەنجامێک.

هەڵبەت جێی سەرسووڕمانە کە هەندێ جار هەموو شت بەپێی ویست و حەز و خولیای ئەو دەڕۆنە پێش، وەها کە هیچ هۆکارێک بۆ ناکامی و کەیف ناخۆشی نادۆزێتەوە. خودی کوشندەی ناخی ئێمە بە شێوازێکی بێبڕانەوە، ماندوونەناسانە و لاسایی هەڵنەگر بە خێراییی سەردەمی خۆی تێپەڕ دەکات. دواتریش لە پڕێکا چۆک دادەدات و تیادەچێ. ئەو چیتر لەمە زیاتر ناتوانێ و لەمە زۆرتریشی ناوێ. ئەو لەسەر کورسییەکەی دادەنیشێ و نایەوێ لە جێگەی خۆی هەڵسێ. بۆ دەروبەرییەکان بابەتەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئەو بە هۆی کارکردنی زۆرەوە ماندوو بووە و دەبێ بحەوێتەوە. بەڵام ئەو چۆن دەیەوێ بحەوێتەوە؟ لە حاڵێکدا لە ساتەوەختی حەوانەوەدا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە ئاسەواری هیلاکی و ماندووێتی لە خۆوە لە بە جەستەیەوە نەمێنێ. ئەوەی ئەو لە ئەساسدا نایتوانێ، ئەوەیە کە ئۆقرە بگرێ، دەست بۆ کارێک نەبات، بیر لە هیچ نەکاتەوە و ڕۆڵی خودی خۆی لە بیر بباتەوە. لەم ڕووەوە بۆ نموونە بەدژواری دەتوانێ بخەوێ و لە ژیان چێژ بەرێت، تەنانەت ئەو کاتانەش وا ژیانی پڕاوپڕە چرکەساتی خۆش و دڵخواز. ئەو لە “چێژەکانی ژیان” تەنیا جۆری شەیتانی لە چێژ دەناسێ: ئەلکول، مادی هۆشبەر، خۆشویستنی سەرشێت ئاسا، ئەو حاڵەتەی وا تێیدا ڕۆڵی خودی چالاکی ئەو نە بە شێوەیەکی خۆویستانە، بەڵکوو بە زەبری گوشار لە گۆڕپانەکە وەدەردەنرێ و دەخرێتە پەراوێزەوە.

تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە بەردەوام  بێبڕانەوە ئاگاداری خودی مەرگە. نە ئەوەی کە تامەزرۆی مردن بێ یان هیوایەتی بێ، بەڵکوو مردن لە ڕیزی سامناکترین شتەکانە بە لایەوە و زۆرێش ڕقی لێیە.

بۆ ئەو کە پێویستییەک وەک چاولێکردن، ناسین و تاقیکردنەوە تەلیسمی کردووە، بەپێی ڕێسا دەبێ لێی ڕوون بێت کە ناکرێ بەسەر مەرگدا زاڵ بین. ئەگەر ئەو دەیزانی کە هەر بەیانی دواڕۆژ تووشی بە تووشی مەرگەوە دەبێ، ڕەنگە بکرێ کارێک بێتە ئەنجام. بەڵام ڕەنگە مەرگ هەر ئەمڕۆ، لە ساتەوەختێکدا کە ئەم خەریکی کارێکی گرینگ بێت، بەرەو ڕووی ببێتەوە یان ڕەنگە لە خەودا کە ئەو هیچ ئاگای لە خۆی نییە. هەر ئەم شتەش زۆر جێی بێڕێزی و سووکایەتییە. ئەم شتە بەگشتی بابەتێکی ناڕەوایە. بەپێچەوانەی کەسانی تر کە ترسی مەرگیان لێ دەنیشێ و نکۆڵی لێوە دەکەن یان هەوڵ دەدەن مەرگ بەگشتی لە بیر بکەن، تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە کە بەردەوام  بێبڕانەوە ئاگاداری خودی مەرگە. نە ئەوەی کە تامەزرۆی مردن بێ یان هیوایەتی بێ، بەڵکوو مردن لە ڕیزی سامناکترین شتەکانە بە لایەوە و زۆرێش ڕقی لێیە. لە سەرسامییەکانی ڕۆژگار ئەمەیە کە تاکی خۆکوژ ئەو کەسەیە مەرگ بۆی بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێ و بەپێچەوانەی ئەوەشەوە ئەو دەمەی وا هیلاک و ماندوو لە پێ کەوتووە و لە سەر کورسییەکەی دانیشتووە و خزم و کەسوکاری لە تەنیشتییەوەن و لێی دەپرسن لە هەموو دنیا چ شتێکی زۆرتر لە هەموو خۆش دەوێ و دواتر لێی دەبیسن کە زۆرتر لە هەموو شتێ حەزی لە مەرگە و پێی خۆشە کە مردبێت. ئەوانەش وا بە دەورییەوەن، پێی سەرسام دەبن و ئاماژە بە لێهاتوویی و سەرکەوتنەکانی دەدەن لە ژیاندا. بەڵام کەس بیر لەم شتە ناکاتەوە – تەنانەت ئەویش بۆ خۆی قەت وەها بیر ناکاتەوە – کە ئەو لە هەر سەرکەوتنێکدا بەردەوام بیری لە مەرگ کردۆتەوە و بە شوێنیدا گەڕاوە، بە شوێن دۆزینەوەی ساتەوەختێکدا کە ژیان تێیدا دەگاتە کۆتایی و کەماڵی خۆی.

چرکەساتێک کە ئەو تێیدا وەک خواوەند لە حەوتەمین ڕۆژی خیلقەتدا، دەست لە کار بشوا و بە چاوخشاندنێکی خێرا بۆ سەر ئەو جیهانەی کە خولقاندوویەتی، بتوانێ ببێژێ: “دەسکارم باش دەرچووە.”

ئەمەیە ئەو چەشنە لە مردن کە ئەو تامەزرۆیەتی. وەها مەرگێک کە بە واتایەکی تر نە تیاچوونە و نە دابڕانی  کاتیی ژیان، بەڵکوو ئەمە لووتکەی شکۆمەندی، ئەوپەڕی ئاگامەندی و داو بڕیارە لە دوا چرکەساتی ژیاندا کە شایەنی ئۆقرەیی و ئاسوودەییە.

تاکی خۆکوژ بە مانای گشتی کەسێکی شکۆویست و پاوانخوازە، لەبەر ئەوەی ئەو بەردەوام پێش ئەوەی ڕێ بکەوێ، گەیشتۆتە ئەو شوێنەی وا مەبەستیەتی. ئەو تەنیا بەم ئامانجەوە دەتوانێ لە شوێنی خۆیدا ببزوێ. ئەو کەسێکی ترۆپکخوازە و هەر لەم ڕوانگەشەوە چاو لە هەموو شتێ دەکات. ترۆپکخوازی بە واتای تێپەڕین، جێبەجێکردن و گەیشتن بە خاڵی کۆتایی و تەواوکەری شتەکانە. یەکێ لە دوا شیعرەکانی سیلڤیا پلات کە تێیدا وەسفی ژنێک دەکات کە پێش خۆکوشتنی، مردووە، وەها دەست پێ دەکات: “ژن، تەواو و پێگەیشتوو بوو”. لەم شیعرەدا زایەڵەی چەمکی کۆتایی، کامڵ بوون، تەواوەتی و ترۆپک، هەر هەموو پێکەوە دەبیسترێن.

بەپێی ئەو بیرۆکەیەی “جان دووەی”، خۆکوژی کردارێکی هونەرییە کە سەرچاوەکەشی جۆرێک لە ناڕەزایەتی جوانیناسانەیە

ئەم “تەواوەتی”یە لەخۆگری ڕەهەندێکی کاتییە کە بەردەوام سەرنجی کەسی خۆکوژ بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ. خاڵی چەقبەستنی خودئاگای ئەم ڕەهەندەش چرکەساتی هەنووکە نییە، چوونکە ساتەوەختی ئێستا، جیهانی ڕابواردن و خۆشگوزەرانییە. لە ڕابردوویەکی ڕەهاشدا نییە، کە جیهانی مرۆڤی ناوچاوگرژ و خوێنتاڵە. لە داهاتووی دنیای کەسانی خەیاڵاوی یان ئەوانەش وا بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و پاشەڕۆژێکی باشتر لە هەموو درکەیەک دەکوتن، نییە. بەڵکوو کاتی کەسی خۆکوژ، کاتێکی تایبەتە کە تەنانەت لە ڕێزمانیشدا گرینگییەکی ئەوتۆی پێنادرێ. کاتی کەسی خۆکوژ “داهاتوو، گەیشتۆتە کۆتایی”یە. کاتی “من، گەیاندبێتمە کۆتایی”یە. یان کاتی “من ژیابێتم”ە. ویست و تامەزرۆییی ئەو، لە ڕاستیدا ویست و تامەزرۆیی گەیاندنە بە خاڵی کۆتایی. دەمەوێ ئەمەش بڵێم کە ئەم تامەزرۆییە بۆ گەیاندن بە خاڵی کۆتایی، پێویست بەوە ناکات وەک جۆرێک بە لاڕێدا ڕۆشتن، نێهیلیستی یان وەک بابەتێکی کاولکارانە سەیر بکرێ، بەڵکوو پێش هەموو شتێک خاوەنی کرۆکێکی جوانیناسانەیە. وەک پاڵپشتیکەری ئەم گریمانەیە دەگەڕێمەوە لای “جان دووەی8John Dewey کە لە بەرهەمێکی خۆیدا لەژێر ناوی “هونەر وەک ئەزموون” باسی لێوە کردووە. بەپێی ئەو بیرۆکەیەی “جان دووەی”، خۆکوژی -هەر چەند بۆ خۆی قەت هەوڵی خۆکوشتنی نەداوە- کردارێکی هونەرییە کە سەرچاوەکەشی جۆرێک لە ناڕەزایەتی جوانیناسانەیە. هەر بەپێی ئەم بیرۆکەیە دەبێ جیاوازی دانێین لەنێوان جوانیناسی بە واتا گشتیییەکەی وەک جوانیناسیی دیمەنێکی سروشتی، چێشت یان بیرۆکەیەکی فیزیکی و هەروەها جوانیناسیی تایبەتیی هونەری کە بە شێوازێکی تایبەت تەنیا ئاراستەکردنی بەرهەمە هونەرییەکان دەگرێتەوە. “دووەی” لە شرۆڤەی وتەزای یەکەمدا ئایدیای “ڕووداو” لە ناوەندی ئەو بیرۆکەیەی خۆی دادەنێ و لە وتەزای دووهەمێشدا ئایدیای “سەرنجڕاکێشان”ی پێ زیاد دەکات. دووەی دەڵێ: هەر هەموو ژیان، ڕەوتی بەردەوام و بێبڕانەوەی ئەزموونە جیاوازەکانە. برسێتی، سەرما و سۆڵە، خەون و بێداری و هەروەها کاری ڕوژانە، هەر هەمووی کومەڵێک “ئەزموون”ی ئێمەن. بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەو ئەزموونانەی کە بکرێ وەک “ڕووداو” ناودێریان بکەین، زۆر دەگمەنن. جیاوازیی نێوان ئەزموونی ئاسایی و ڕووداو پێش هەموو شتێک ئەمەیە کە ڕووداو، کۆتایییەکی خەست و خۆڵ و ڕاستەقینەی هەیە کە چیتر ناکرێ بە دەستتێوەردانی شتێکی لێ بسڕینەوە یان جێگۆڕکێی پێ بکەین. جیاوازی تریشیان ئەمەیە کە ڕووداو “گشتییەت”ێکی یەکپارچەیە، یەکبوونێکی ئۆرگانیکە کە پاژەکانی شپرزە یان پرژ و بڵاو نین، بەڵکوو لە پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا، داکۆکیی لەسەر شوناس و کێیەتی خۆیان دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە.

ئەگەر بمانەوێ بۆ ڕووداو هەڤۆک یان نموونەیەک بە دەستەوە بدەین، خێرا وەبیر هەندێ ڕووداوی سەرسووڕهێنەرێ وەک بوومەلەرزە، ڕفاندنی فڕۆکە و ڕاوی نەهەنگ لە چۆمی ئامازۆن دەکەوین. بەڵام زۆرێک لە ئەزموونە ئاساییەکانێش وەک ڕووداوێک وان. وەکوو خواردنی شێو لە ڕیستۆرانتێکی بەشکۆ لە پاریسدا، یان بینینی باخچەی ئاژەڵان لە ئامستەردام، یان سەیری گەمەی تۆپی پێ لە تەلەڤزیۆندا. بەپێی شرۆڤەی “دووەی” هەمووی ئەم ئەزموونانە خاوەنی جۆرێک لە کوالێتی جوانیناسانەن بە مانا گشتییەکەی کە لە تایبەتمەندیی ڕووداوبوونیانەوە سەرچاوە دەگرێ. بەپێی هەمان شرۆڤە، ڕووداو کاتێک وەک خودی ڕووداو دەردەکەوێ کە “تێپەڕ کرابێ”. ئەمە بەو واتایە دێ کە ئەزموونەکان لە کاتی ڕوودانیاندا، هەرگیز وەک ڕووداو دەرناکەون، بەڵکوو دواتر و تەنیا پاش ڕوودانیان، واتە پاش ئەوەی کە کۆتاییی ئەزموونێک، ڕواڵەتێکی یەکگرتووی بەخشیبێته هەموو پاژەکان، وەک ڕووداوێک دەردەکەوێ. جیا لەمەش هۆی ئەمەی کە بڕێجار گرینگترین ڕووداوەکانی ژیانمان بە کەسەر و سەرسامییەوە، وەبیری خۆمانی دێنینەوە، ڕێک هەر ئەمەیە، وەک بڵێی ئەمە  قەت ئێمە نەبووین کە لە ڕاستیدا وا شتێکمان بە سەردا هاتووە، یان چما لە شوێنێکی ژیانماندا شتێکی پێویستمان پشتگوێ خستبێ. بەم پێیە خوکۆژیی کردارێکی ڕادیکاڵ و بناژۆخوازانەیە، ئەگەر چی لەوانەیە کردارێکی نابەلەدانەش بێت، بەڵام بە مەبەستی ئەوەی کە لە گشتییەتی ژیانی خۆمان، ڕووداوێک بخۆلقێنین. دیارە کە خۆکوشتن کردارێکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ژیان، بەڵام خۆکوژیی بەپێچەوانەی مەرگی سروشتییەوە کە دابڕانێکی تا هەتاییە لە ژیان و لە ڕاستیشدا ژیان لەوێدا دەگاتە خاڵی کۆتایی. کەسی خۆکوژ، ژیان لەو ساتەوەختەیدا کە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، بەشێوەیەک کە خۆی ویستوویە و پاش ئەوەی هەموو ئەو شتەی کە ویستوویەتی، جێبەجێی کردووە، دەگەیەنێتە کۆتایی. بەم شێوە لە بەرەو کۆتایی بردنە، لە هەمان کاتدا دووهەم مەرجی بەرایی بۆ بە “ڕووداو”بوونی ژیان، مسۆگەر دەبێ: ژیان کە پێش لە خۆکوژی گاڵتەجاڕێک لە ئەزموونی بەهەڵکەوت و لێکدابڕاو بووە، دەبێتە کۆگایەکی تەواو، یان دەبێتە پێکهاتەیەکی یەکپارچە کە ڕەوتی ژیانی کەسی خۆکوژ بەپێی لۆژیکی ناوەکی و لە هەمان کاتدا بەپێی ناچارییەکی پەرەسەندوو، کە بە سووکە ئاوڕێک لەسەر دوا کرداری ئەو دەردەکەوێ: لە دایکبوونێکی نەخوازراوەوە بگرە هەتا سەردەمی پڕ لە وەیشوومەی منداڵی لە دۆڕاندنی یەکەم ئەزموونی خۆشەویستییەوە بگرە هەتا مەرگی دایک، بە باچوونی حەز و خۆزگە و خولیاکان و دواتریش بە هۆی “سروشتێکی دەروونییەوە کە مەیلی بەرەو لای خۆکوشتنه”.

دست بردن بۆ خۆکوژی بە مەبەستی ئەوەی کە ژیان بۆ خۆمان بکەینە ڕووداوێکی جوانیناسانە، بێگومان هەوڵێکی بێهوودەیە، لەبەر ئەوەی کرداری خۆکوژی، بکەری بەسەرهات لەنێو دەبات. ڕەنگە لەم ڕووەوە بکرێ ئەو خۆکوشتنانەی کە نەگەیشتوونەتە ئاکام، تا ڕادەیەک وەک هەوڵێکی سەرکەوتوو لەم چەشنە بێنە ئەژمار کە لەم حاڵەتەدا کرداری خۆکوشتن دەبێتە فریوو یان چەواشەکارییەک تاکوو بکرێ وەک بکەری ڕووداوێک دەرکەوین کە لە هەناوی ئەو ڕووداوەدا خودی خۆمان تەفروتوونا کردووە. ڕەنگە هەر ئەم بابەتە ئەم ڕاستییەشمان بۆ دەرخات کە دەست بردن بۆ خۆکوژییەکی بێئاکام ڕێک وەک خۆکوشتنی ڕاستەقینە، بەڵام جێاواز لەگەڵ ئەودا، دەتوانێ وەک شتێکی دڵخواز و سەرنجڕاکێش بێت.

سەبارەت بە “خۆکوشتنی بێئاکام ” بەردەاوم کەسی چاودێر دەیەوێ بە گرینگی نەدان پێی وا بیر دەکاتەوە کە مەبەستی ئەمە نەبووە کە بێئاکام بمێنێتەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا هەر بێئاکام ماوەتەوە. بەڵام کۆمەڵێک خۆکوژیی بێئاکامیش هەن کە دەبێ وەک مەشق و ڕاههێنانی سەرەتایی چاو لێبکرێن. کومەڵێک مەشق و موماریسە کە تەنانەت پێگەشیان بەرزە. ڕێک وەک کێبەرکێی بازبردن ، کە تێیدا هەر وەرزشوانێک سێ جار بۆی هەیە باز ببات و هەر جارەشی زۆر جیددی و ڕاشکاوانە دەرخەری هەموو توانا و کارامەییی کەسی وەرزشوانە.

خاڵی بە هێزی خۆکوشتنی بێئاکام بە بەراورد لەگەڵ خۆکوژی ڕاستەقینە ئەمەیە کە بکەری ئەو دۆخە تیا ناچێ و ژیان لای ئەو کۆرتە مەودایەکە کە بایەخی هونەری و جوانیناسانەشی هەیە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە هەر هەمان کارتێکردنی لەسەر ئەوانی تر نییە. لەبەر ئەوەی خۆکوشتنی بێئاکام بۆ “ئەوانی تر” هەڵگری وەها کۆتایییەک نییە کە پڕ بێت لە سەرسامی. بەڵام لە خۆکوشتنی ڕاستەقینەدا هەر ئەم خاڵی کۆتایییەیە کە خەرمانەی پیرۆزی ئیلزام و ئیجبار هەموو ژیان لەبەر دەگرێ. دیسانیش لەسەر بنەمای بیرۆکەی “دووەی” دەکرێ بڵێین دەست بردن بۆ خۆکوژی تەنیا ڕووداوێکی جوانیناسانەیە، لە حاڵێکدا خۆکوشتنی ڕاستەقینە، جیا لەمەش بایەخێکی جوانیناسانەی هەیە، لەبەر ئەوەی تاکی خۆکوژ لە ژیانی خۆی بۆ “ئەوانی تر” ڕووداوێک دەخولقێنێ.

دیارە کە سازکردنی ڕووداوێک لە ژیانی خۆمان پێوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ لە خۆبوردەیی و نەفس بەرزیدا نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەوانی تر و هەروەها خولیای بە هەند وەرگیرانە لە لایەن کەسانی ترەوە. دووەی بەسەرهاتی تایبەتی هونەرمەندانە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەسەرهاتی جوانیناسانەدا، وەک بەسەرهاتێک پێناسەی دەکات کە پێکهاتەکەی بە شێوەیەکی هۆشیارانە دەرکەوتەی کاریگەریی ڕووداوەکانە لەسەر چاودێرە دەرەکییەکان. ئەم بابەتە لە هەر حاڵدا ئەوەمان پیشان دەدات کە بۆچی ئەم هەمووە سەبارەت بە کاری “مۆندریان”9Monddrian شتی فەلسەفەئاسا دەوترێت، بەڵام گەڵاڵەیەک هەر لەو چەشنە کە کۆمپیۆتەر دایڕشتووە، دەخرێتە پەراوێزەوە؟ یان بۆچی بەرهەمی بەناوبانگی “دۆشان”10Duchampبە نێوی “فۆنتەین” دەخرێتە نێو مووزەوە. لە حاڵێکدا شتی لە هەمان چەشن لە توالێتدا بۆ ئاودەست کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بەم پێێە ڕەنگە ئاشکرا بێت کە بۆچی ژیانی کەسێکی ئاسایی کە بە مەرگی ئاسایی دەمرێ، بابەتێکی جێی بایەخدان نییە و خێراش لە بیری هەموو کەس دەچێتەوە، لە حاڵێکدا ژیانی کەسی خۆکوژ، لە پڕێکدا دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی کە بۆ توێژینەوە و لێکدانەوەی، ئارشیڤی زۆر کۆ دەکرێنەوە. هەر بەو جۆرەی کە بەرهەمێکی ساختە و بێبایەخ، کاتێک بە هونەرمەندێکەوە نیسبەت دەدرێ، لە پڕێکدا بۆ بینەر یان بەردەنگی ئەم بەرهەمە وەک شتێکی مەزن و جێی سەرنج دێتە پێش چاو و سەیر دەکرێ. هاوکات خۆکوشتنیش جۆرێک لە مۆر و واژۆیە لە خوارەوەی بەڵگەنامەی ژیاندا. بەو واتایە کە ئەو بەڵگەنامەیە لەخۆگرێ کۆمەڵێک بابەتی گرینگ و پڕبایەخە و کەسی خۆکوژیش بە وردی ئاگاداری ئەم شتەیە. کەسێک وا لە ژیانیدا ناتوانێ مانا و خولیایەکی دڵخواز بۆ ژیانی بدۆزێتەوە -هەر ئەو مانا و خولیایەی کە لە ڕووداوێک چاوەڕوان دەکرێ- لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ و وەک کتێبێک ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەو هیوایەی کە کتێبەکەی بخوێندرێتەوە، تێیدا ڕابمێنن و جێی ڕەزامەندی خەڵکیش بێت. ئەم هیوایە نە تەنیا وەهەم یان خەیاڵاوی نییە، بەڵکوو ئەگەر وردبینانە لێی بڕوانین، بە تەواوەتی واقێع بینانەشە. چوونکە مەرگ وەک بژاردەیەک کە کەسی خۆکوژ هۆشیارانە و بە ویستی خۆی هەڵیدەبژێرێ، زۆرتر لە جۆرەکانی تری مردن -جگە لە شەهید بوون- مەرگێکە کە نە تەنیا بۆ کەسەی وا هەڵیبژاردووە، بەڵکوو بۆ بنەماڵە و تازیەبارانیش وێنای بەردەوەام بوونی ژیان و بوونێکێ تاهەتاییە. نازانرێ کە کەسی بێهیوا و بێئومێد بە مەرگی خۆی، بە شوێن چ شتێکەوە بووە کە لە ژیانیدا دەستی نەکەوتووە؟ بێگومان بەڵام گەیشتۆتە شتێ: ئەویش ئەمەیە کە خەڵک لە بارەیەوە قسە دەکەن و بەم زووانە لە بیر ناچێتەوە.

ئەدەبیات وەک مۆسیقا ئەو شکڵەیە لە هونەر کە نەک هەر بەرهەمهێنانی بەڵکوو تێگەیشتن لێیشی زۆربە گرێدراوی بابەتی کاتە و لە کاتدا دێتە ئەنجام.

ئێستاکە پێوەندیی نێوان خۆکوژی و نووسین یان هونەر بەگشتی چیتر بۆمان نائاسایی نییە. چوون بە وردی شرۆڤەمان لە سەری کرد کە لە ڕەهەندی جوانیناسی و لە ڕووی هونەرییەوە بەگشتی دەکرێ خۆکوشتن (بە هۆی سڕینەوەی بکەر) وەک ویستێکی ئایدیال یان دڵخواز تەوسیف بکرێ. ئەم پێوەندییە، پێوەندییەکی ناوەکییە لەنێوان دوو شێوە هەڵسوکەوتی مرۆییدا کە هەردوو بە شێوەیەکی ئاشکرا و لێکدژ، بە شوێن دۆزینەوەی شتێکەوەن. چونکە سەبارەت بە هونەر – و پێش هەموو شتێک سەبارەت بە هونەر- دەکرێ بڵێین کە هونەر جۆرێک لە تامەزرۆییە بۆ کۆتایی پێهێنان. “دووەی” دەنووسێت کە سەرقاڵ بوونی هونەرمەند لە ڕاستیدا لە هەر قۆناغێک لە کارەکەیدا ئەوەیە کە کۆتایی پێ بێنێت؛ بەم واتایە کە لە بیچم بەخشین بە هەریەک لە پاژەکانی ئەو بەرهەمەی وا پێیەوە سەرقاڵە، بەردەوام گەڵاڵەی کۆتاییی ئەو بەرهەمەشی لە پێش چاودایە. ڕوونترین بابەت لەم بارەیەوە لە ئەدەبیاتدا دەبینرێ، چوون ئەدەبیات وەک مۆسیقا ئەو شکڵەیە لە هونەر کە نەک هەر بەرهەمهێنانی بەڵکوو تێگەیشتن لێیشی زۆربە گرێدراوی بابەتی کاتە و لە کاتدا دێتە ئەنجام.

لە ڕۆمانی “ئانا کارنینا”ی تۆڵستۆی11Leon Tolstoiدا هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر سەکۆی وێستگەی شەمەندەفەر ڕوو دەدات کە ئانا و ڤرۆنێسکی -کە دواتر حەزیان لە یەکتر دەبێ- لەوێ بۆ یەکەمجار یەکتر دەبینن. ئەم ڕووداوە لە خۆیدا لەوانەیە ڕووداوێکی گرینگ و سەرنجڕاکێش نەبێ و زۆرتر وەک نوکتەیەک وایە. تازە لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، ئەو کاتەی وا ئانا خۆی فڕێ دەداتە بەر شەمەندەفەر و خۆی دەکوژێ، لێرەدایە کە خوێنەر ئەو ڕووداوە وەک پێش ئاراستەیەکی دراماتیک کە کۆمەڵێک دەرئەنجامی چارەنووسسازی لێ دەبێتەوە، سەرلەنوێ دەناسێتەوە. ئەمە بەو واتایە دێ کە تۆڵستۆی لەو ڕۆمانە ئەستوورەیدا کە نووسیویە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ڕۆمانەکە، کۆتایییەکەشی نووسیوە و بە پێچەوانەی ئەوەی وا مودیلێکی تایبەت لە داهێنانی ئەدەبی بانگەشەی بۆ دەکات، بە هیچ چەشنێک لەژێر کاریگەری لێشاوی ڕووداوەکان و وشەکاندا نەبووە. لە زۆر نووسەری تریش بیستراوە کە هاوکات لەگەڵ یەکەم دێڕدا، ئاگاداری دوا دێڕی ڕۆمانەکشیان بوونە و ئیتر هەر چەندەیان نووسیبێت هیچ نەبووە جگە لە پڕکردنەوەی کەلێن یان بۆشاییی نێوان ئەم دوو مەودایە. ڕاستە کە پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە لە ڕواڵەتدا ئاسان دێتە پێش چاو، بەڵام ڕەنج و دوودڵی و بەرخۆدان لە واقێعدا لە تایبەتمەندیی بەڵگەنەویستی هەر جۆر چالاکییەکە وا پەیوەستە بە کۆتایی پێهێنانییەوە. بۆ هەموو هونەرمەندێک ئەو بەرهەمەی وا دەستی پێ کردووە، لە دنیای خەیاڵدا کۆتایی پێ هێناوە و ئەو وردەکارییەش کە ئەو دەبێ بەو پەڕی تاقەتەوە ئەنجامی بدات، لە ڕاستیدا جۆرێک کۆتاییهێنان بە کارێکی بە کۆتایی گەیشتووە؛ چوونکە بەرهەم دەبێ کونترۆڵ بکرێ و هاوکات دەبێ بگاتە کۆتاییش. لەبەر ئەوەی بەرهەمی هونەری بێئاگا لە خودی خۆی، بە ڕوانینێکی عاشقانە “بۆ هەموو دنیا” بێکات و بێکۆتاییە. لەم ڕووەوە سەرخۆشی ڕاستەقینە تەنیا لە حەوتەمین ڕۆژدا سەر هەڵدەدات، ئەو ڕۆژەی وا خولقاندنی دنیا کۆتایی پێ دێت و لە ئاکامدا ڕوون و ئاشکرا دەبێ کە “کارەکە بەباشی دەرکەوتووە”. واتە لە هەمان دەستپێکەوە، مەبەستی خولقێنەر، خولقاندنی بەرهەمێکی تەواو -بە هەموو وردەکارییەکانەوە- و کۆتایی پێهێنانی بووە. پەڕجووی سەرسووڕهێنەری خولقێنەر پاش ئەوەی پرۆسەی خولقاندن کۆتایی پێ هات، جگە لە زاتی خواوەند، تەنیا بەر هونەرمەند کەوتووە. بێ سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی ئیمکانی نەمری وهەرمان بوونی هونەرمەند پاش مردن، نیعمەنی ئافراندن ئەم ئیمکانەی بەخشیووەتە ئەم بوونەوەرە مەرگ هەڵگرە کە تەنانەت لە ژیانیشدا -ئەگەرچی زۆر کۆرت- نەمری و هەرمان بوون ئەزموون بکات. جۆرێک لە نەمری لە چەشنی لازاروس: سەرلەنوێ ژیانەوەی پەڕجووئاسای بێوێنە لە پەنای هەموو چرکەساتە سەرخۆشەکانی ژیاندا. بەڵام بە متمانەیەکی تەواو بەم بابەتە کە نە تەنیا ژیان درێژەی هەیە، بەڵکوو بۆ جارێکی تر دەبێ بمرین و یان گەڕانەوەیەکە پاش خۆکوشتنی بێئاکام کە چیتر ئەو شکۆ و شانازییەی خۆکوژیی راستەقینەی نییە. سیلڤیا پلات لە شیعری “خاتوو لازاروس”12Lady Lazarus ئەم دەقە بە وەرگێڕانی کوردی لەم لینکە بخوێنەرەوە: https://jineftin.krd/2020/12/16/%D8%AE%D8%A7%D8%AA%D9%88%D9%88-%D9%84%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D9%88%D8%B3/دا کە تێیدا سەبارەت بە خۆکوژیی بێئاکامی خۆی دادوەری دەکات، وەها دەنووسێت: “مردن، هونەرێکە وەک هەموو شتێکی تر. من ئەم شتە بەباشی جێبەجێ دەکەم.” بەڵام مەبەستی لە مردن کە ئەو تێیدا شارەزا بوو، مەرگی جەستەیی نەبووە، کە لە مەرگێکی هونەری ناچێت، بەڵکوو مەبەستی مەرگێکی هونەرمەندانەیە. واتە کۆتاییهێنان کارێک بە شێوازێکی بێبەزەییانە و عەینییەت بەخشین بە شوناسی خود، تەنانەت ئەگەر باج و بەهاکەشی کاولکردنی خودی خۆی بێت. ئەم تامەزرۆییە هونەرمەندانە کە بینەری کۆتایی و مەرگی خۆمان بین، یان بە زمانی فرۆید، ئامادەبوون لە ساتەوەختی ناشتنی خۆماندا، تامەزرۆییەکی نائاساییە. ئەمە وەک ئەو هیوایە وایە کە ببین بە “کەسێکی تر”. پێسۆئا لە یەکێک لە خەمبارترین شیعرەکانیدا وای هۆنیوەتەوە : “چ بەختەوەرییەکی سەیرە کە من چیتر خۆم نەبم”. ئەو سەبارەت بە “کەسانی ماڵی بەرانبەر” تا ئەو ڕادەیە دەچێتە پێشەوە کە پێی وایە: “ئەوان بەختەوەرن، لەبەر ئەوەی ئەوان من نین”. ئەم هیوایە لە ناعەقڵانیترین شێوەی خۆیدا، ڕەنگدانەوەی ئەم ئاواتەیە کە مرۆڤ هەر ئەو جۆرەی کە هەیە بمێنێتەوە، بە هەمان ڕواڵەت و قەڵافەتی پێشوو، بە هەمان هەست و هەمان گۆڕانکاری لە ژیاندا؛ بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە، لەهەر حاڵدا “کەسێکی تر” بێت. جۆرێک برای ئاوەڵدوانە یان هاوزادی خۆی. لەم تەوسیفەدا لە یەکەم تێڕوانیندا شتێکی ئەوتۆمان دەست ناکەوێ. مەگەر ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێ لە ژیانی هەنووکەیدا، چاودێریی ڕۆژگاری خۆی بێت.

لە بەرهەمی نووسەراندا هەڵاتن بەرەو لای خۆکوژیی بە زۆر شێوەکانی جیاواز سەر هەڵدەدات. ئەم هەڵاتنە هەندێجار بە شێوەی شاراوە و نهێنێ دەردەکەوێ و هەندێ جارێش شێوازێکی دڵخواز دەگرێتە خۆ

سارتەر لە کتێبی “ئەدەبیات چییە”دا، سەرنجی ئێمە بۆ لای دۆخێکی تایبەت ڕادەکێشێ کە نووسەر “قەت” ناتوانێ خوێنەری بەرهەمی خۆی بێ، لەبەر ئەوەی ئەو هەرگیز ناتوانێ کە دڵخۆش بێ بە کارتێکردنی هەنگاو بە هەنگاو و هەروەها بیچمگرتنی پێکهاتەیەک کە ئەو بۆ خۆی لە پێشەوە ئاگای لێیە و بەباشی دەیناسێ. دواتر کە تاڕادەیەک ئەو بەرهەمە لە بیر چۆتەوە، نووسەر لە ساتەوەختی خوێندنەوەی دووبارەی بەرهەمەکەی خۆیدا دەتوانێ بزانێ کە چی بە چییە. هەستێک کە لەوساتە وەختەدا هەیەتی، تا ڕادەیەک هەستی “کەسێکی تر”ە. هەروەها بۆب دیلان دوای ماوەیەک کاتێ وتووێژێکی خۆی دەخوێنێتەوە، دەڵێ: “جێی بەختەوەرییە کە من خۆم نیم”.

لە بەرهەمی نووسەراندا هەڵاتن بەرەو لای خۆکوژیی بە زۆر شێوەکانی جیاواز سەر هەڵدەدات. ئەم هەڵاتنە هەندێجار بە شێوەی شاراوە و نهێنێ دەردەکەوێ و هەندێ جارێش شێوازێکی دڵخواز دەگرێتە خۆ: بۆ نموونە متمانە بەخۆبوونێکی لە ڕادەبەدەری هەندێ لە نووسەران، یان ئەم پێویستییە دەروونییە کە دەبێ هەموو وردەکارییەکان ڕەچاو بکرێن، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دڵخوازن بۆ کەسێ کە دەیهەوێ دنیایەکی نوێ بحولقێنێ یان دەستدرێژییەکی منداڵانە کە زۆرێک لە نووسەران بەرانبەر بە پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکەکانیان ئەنجامی دەدەن و حەزێک کە بۆ کاولکردنی ئەو پاڵەوانگەلە هەیانە، کارێک کە لە کۆتاییی کتێبەکەدا بە حەزێکی تەواوەوە دەیکەن و لە ڕاستیشدا جۆرێک بەرەوڕووبوونەوە و فریوودانی خۆکوژییە و هاوکات بەرەنگاربوونەوەشیەتی.

هیوادارم ئەوەی لێرە وتراوە، ڕوانینێکی نوێ بێت بۆ پێوەندیی نێوان هونەر و خۆکوژی. ئەمە هونەر نییە کە خۆکوژیی بە شێوازێکی لادەرانە “جوانیناسانە” دەکاتەوە. بەڵکوو خۆکوژیی بە شێوازێکی دیاریکراو، بایەخێکی هونەری و جوانیناسانەی هەیە و هەر بەم بۆنەشەوە دەتوانێت لە بواری هونەر یان بابەتی پێوەندیدار بە هونەرەوە، مژارێکی زۆر گرینگ بێت. شعوور و زانیاریی جوانیناسانە بەگشتی کرۆکێکی “خۆکوژانە”ی هەیە، یان بە زمانێکی نەرم و نیانتر کەماڵگەرا و کۆتاییخوازە. کەماڵ بە واتای بێ کەموکۆڕی بەڵام کۆتایی پێ هێنراو. ئەمە بەو واتایە دێت کە گەڵاڵەی ژیانی هونەرمەندانە یان پلانی “هونەرمەندی ژیان” – واتە کەسێک کە تێدەکۆشێ تا لە کۆی ژیانی خۆی بەرهەمێکی هونەری بخولقێنێ – لە ئەساسدا هەڵگری جۆرێک دژوازییە. هیچ هونەرێک لە ئارادا نییە کە هونەری کۆتایی پێهێنان نەبێ و مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ لە ژیانی خۆی بەرهەمێکی هونەری بخولقێنێ، بەپێی ‌لۆژیک دەبێ بتوانێ لە کۆتاییی خودی ئەم ژیانە ئیلهام وەربگرێت. دەکرێ ڕەنگدانەوەی وا ئیلهامێک لە فەلسەفەی ئێپیکۆریسمدا ببینین: “وەها بژی کە چما چیتر دواڕۆژێک لە ئارادا نییە”. بەڵام ئەم شیعرە کە شۆڕ بووەتەوە به ناو چێژە ڕەها جەستەییەکاندا، بێگومان ژیان دەکاتە شتێکی نامومکین و لە هەمان کاتدا تاقەتپڕووکێن، وەک ڕۆمانێک کە لە هەر لاپەڕەیەکیدا دەیەوێ کۆتایی پێ بێت. هەر ئەم بێتاقەتبوونە و بێهیوابوون بە دواڕۆژ و هەروەها چێژخوازییە وا لە کەسی خۆکوژ دەکات -خۆکوژی ڕەسەن و بێهیوا- کە بە کوشتنی خۆی لە ژیانی ڕووداوێک ساز بکات. لە زۆر ڕووەوە نووسین بۆ تامەزرۆی ڕووداو گەلێک باشترە لە خۆکوشتنی ڕاستەقینه و دەکرێ بە متمانەیەکی تەواوە ئەمەش بڵێم: کەیفخۆش بوونی مرۆڤ پاش کۆتاییهێنان بە ڕۆمانێک هەر چەندەش کورتخایەن و پووچ بێت، دیسانیش گەلێک زیاترە لە کەیفخۆشی پاش کۆتاییهێنان بە ژیان و خودی خۆمان.


پەراوێزەکان

  • 1
    (Fernando Pessoa) فێرناندۆ پێسۆئا (١٨٨٨-١٩٣٥) نووسەر و شاعیری پورتوگالیایی
  • 2
    (Cesare Pavese) چێزارێ پاڤێزێ (١٩٠٨-١٩٥٠) ڕۆماننوس و شاعیری ئیتالیایی
  • 3
    (Sylvia Plath) سێلڤیا پلات (١٩٣٢-١٩٦٣) شاعیر و نووسەری ئەمریکایی
  • 4
    (Agatha christie) ئاگاتا کریستی (١٨٩٠-١٩٧٦) نووسەری بەناوبانگی بەریتانیایی
  • 5
    (Fredric Brown) فرێدریک براون (١٩٠٦-١٩٧٢) نووسەری ئەمریکایی
  • 6
    (Charles Dickens)چارلێز دیکینز (١٨١٢-١٨٧٠) رۆماننووسی بەڕیتانیایی
  • 7
    میخایل باکۆنین (١٨١٤-١٨٧٦) ئەنارشیستی ڕووسی
  • 8
    John Dewey
  • 9
    Monddrian
  • 10
    Duchamp
  • 11
    Leon Tolstoi
  • 12
    Lady Lazarus ئەم دەقە بە وەرگێڕانی کوردی لەم لینکە بخوێنەرەوە: https://jineftin.krd/2020/12/16/%D8%AE%D8%A7%D8%AA%D9%88%D9%88-%D9%84%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D9%88%D8%B3/