دیالۆگە شانۆییەکان

 بەر لەوەی باسی جۆرەکانی دیالۆگ بکەین لە شانۆدا، سەرەتا دەپرسین، دیالۆگ چییە؟ گرنگی دیالۆگ لەسەر ئاستی کۆمەلایەتیمان چییە و تاچەند پێوەندی و کاریگەری بە ژیانی ڕۆژانەمانەوە هەیە؟

بەگشتی دیالۆگ وەکو کردار بریتییە لە جۆرێک لە سەرنجدان و وەردبوونەوەی تاک، جۆرێک لە فەوکسکردنی نێوان دوو کەس یاخود چەند کەسێک دەربارەی هەر بڕگە و بابەتێکی دیاریکراو کە شایەنی گفتوگۆ و قسە لەسەر کردن و هەڵسەنگاندن بێت. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی دەکرێت بەشێک لە ئامانج لەو دیالۆگ و گفتوگۆیانەی کە ڕۆژانە لەناو خەڵکدا ڕوودەدەن بریتی بێت لە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن لای تاک، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو گرفت و کێشانەی کە ڕۆژانە  ڕووبەڕووی بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەبنەوە. یاخود ڕەنگە هۆکاری دروستبوونی بەشێک لە دیالۆگەکان، گفتوگۆکانی نێوان خۆمان و کەسانی دەورووپشتمان ڕاستەوخۆ پێوەندی هەبێت بەو ڕووداو و بەسەرهاتە تازە و بابەتیانەی کە ڕۆژانە بەرۆکمان دەگرێت، بۆ نموونە گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە دەربارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، کیشە و دیاردە سۆسیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان و هەندێکجار بابەتە ئەدەبی و هونەرییەکانیش ڕەنگە ببنە هەوێنی دروستبوونی چەندین گفتوگۆی تایبەت و جۆراوجۆر لە ناو خەڵکدا.

دیمەنێک لە شانۆگەری (هەموو باڵندەکان) وەجدی موعەوەد ۲۰۱۷ پاریس

بەڵام دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە جیاوازی هەیە لەنێوان کرداری قسەکردنی ئاسایی لەگەڵ کرداری دیالۆگ و گفتوگۆکردنمان لە ژیانی ڕۆژانەدا و لەگەڵ خەڵکی دەورووبەرمان، ڕەنگە بەشێک لەم  جیاوازییە لەوەدا بێت کە کرداری قسەکردن و ئاخاوتنەکانمان لە ژیانی ڕۆژنەدا زیاتر بەشێوەیەکی  خۆرسکی دەربکەون و تەنانەت ئاستی بەکارهێنانی جۆری وشە و ڕستە و دەستەواژەکانمان لەگەڵ خەڵکی تاڕادەیەک سادە و باو و سنووردار بن، چونکە  لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەییدا جۆری ئاخاوتن و قسەکردنمان لەگەڵ دەورووبەر زیاتر بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی کاتی و سنووردار و تارادەیەک دووبارەیە، ئەمەش زۆرجار وادەکات جۆری پێوەندی و کۆمیونیکەیشنە زارەکییەکانمان لەگەڵ خەڵکانی دەورووبەرمان زۆر درێژە نەکێشێت و نەچیتە فرەیم و چوارچێوەی گفتوگۆ و دیالۆگی جدییەوە.

 بەڵام لەڕاستیدا کرداری گفتوگۆ و ئەنجامدانی دیالۆگ لەسەر ئاستی بابەتی و هەروەها لەسەر ئاستی بەشداریکردنیش جیاوازە بە بەراورد بە کرادری ئاخاوتن، چونکە هەمیشە لە پرۆسەی گفتوگۆکردندا، واتە لەکاتی ئەنجامدانی دیالۆگدا ئاستی سەرنجدان و وردبوونەوەی بەشداربووەکان زیاترە و جۆری ئەو وشە و ئیدیۆم و دەستەواژانەش کە بە درێژای ماوەی دیالۆگەکە بەکار دەهێندرێن تاڕادەیەک جیاواز و تایبەتن، ئەمە جگە لەوەی بە پێچەوانەی کرداری ئاخاوتن، پێشوەختە ئامانج و مەبەستی دیالۆگ و گفتوگۆکردن دەستنیشان دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر جۆری دیالۆگەکە لە شوێنێکی فەرمی یان ئەکادیمیدا بێت. لە کاتی ئاخاوتنی ئاساییدا خەڵکی زۆر گرنگی بە هەڵسەنگاندن و پێدانی دەرئەنجام و فیدباک ناکات لە کەسی  بەرامبەر، بەڵام لە دیالۆگ و گفتوگۆی فەرمیدا هەمیشە سەرئەنجام بۆچوونێک، لایەنێک، یاخود کەسی بەشداربوو هەوڵدەدات بۆچوون و ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینە تایبەتەکانی خۆی بسەپێنی بەسەر بەرامبەرەکەیدا و بە جۆرێک متمانە و باوەڕیان بەدەست بهێنێت. کەواتە دەتوانین بڵێین دیالۆگ و گفتوگۆکردن یەکێکە لەو ئامرازە یارمەتیدەر و گرنگانەی ڕۆڵێکی باش دەبینیت لە ناساندنی تاک و بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژییە تایبەتەکانی خۆی بە کەسانی بەرامبەر بەشێوەیەکی  (ڤۆکەڵی – دەنگی) و زارەکی. بەڵام مەرج نییە هەمیشە ئەو کەسانەی کە توانای ئاخاوتن و قسەکردنیان باشە لەگەڵ خەڵک و کەسانی دەورووبەریان لەسەر ئاستی لۆکاڵی و کۆمەڵایەتی بتوانن دیالۆگی قووڵ و جدی لەگەڵ خەڵکی  ساز بکەن و لە گرنگی و کاریگەری هونەری دیالۆگ بزانن، یاخود تێبگەن.

چونکە لە هونەری دیالۆگ بەسنتدا لەگەڵ خەڵکی، بێگومان بەشێک لە کەسایەتی و ئاستی زانستی و مەعریفی ئەو کەسە دەردەکەوێت کە بەشدری دەکات لەم پرۆسەیەدا، کە ڕەنگە لە کرداری ئاوخاوتنی ئاسایی و سەرپێییدا زۆرجار ئەم بوارە نەڕەخسێت و جۆری بەرکەوتنە زارەکییەکان لەنێوان خەڵکدا زۆر سنووردار و کورتکراوە بێت.

لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەمان کە ئەویش قسەکردنە لەسەر دیالۆگی شانۆیی و جۆرەکانی دیالۆگ لە هونەری شانۆدا. ئەگەرچی دیالۆگی شانۆیی، واتە دیالۆگی کارئەکتەرەکانی ناو هەر شانۆنامەیەک لە بنەڕەتدا بە دیالۆگ و جۆرێک لە گفتوگۆکردن لەقەلەم دەدرێن، یان  ناوزەد دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا دیالۆگی شانۆیی کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپی تایبەت بەخۆی هەیە و دەبێت هەڵگری چەند سیفات و خەسڵەتێکی ئەوتۆی شانۆی و تەکنیکی بێت. دەنا ناچێتە خانەی گوتە و دیالۆگی شانۆییەوە، چونکە ئامانج لە دیالۆگ لە شانۆدا و لەڕووی تەنکنیکییەوە، جیاوازە لە هەر ئاخاوتنێک و تەنانەت هەر دیالۆگێک کە ڕۆژانە لە دەرەوەی شانۆو هۆڵە شانۆییەکان ڕوودەدەن.

هەر بۆیە دەبێت سەرەتا بۆ ئەوەی وشە و ڕستە و دەستەواژەکان لەنێو شانۆنامەکاندا بە دیالۆگی شانۆیی ئەژمار بکرێن پێویستە سەرەتا چەند سیفاتێکی دیار و ئاشکرا لەخۆبگرن، بۆ نموونە دیالۆگی شانۆیی، یان دیالۆگ لە شانۆدا دەبێت ڕاستەوخۆ و بێ پێچوپەنا گوزارشت بکات لە جۆری کارئەکتەری ناو شانۆنامەکە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە، واتە هەمیشە دیالۆگی کارئەکتەرەکان، کەسایەتییەکان پەیوەست بن بە پێگە و شوێن و ئاستی کۆمەڵایەتی خۆیانەوە، مەبەست لە پەیوەستبوون ڕەچاوکردن و بەراورکردنی جۆری دیالۆگەکانە بە جۆری کارئەکتەرە، یان کەسایەتی لەڕووی شێوازەوە. بۆ نموونە  لە کاتی خوێندنەوەی شانۆنامەیەکدا دەبێت لە ڕووی شێواز و پێکهاتەوە بە ڕوونی هەست بە جیاوازی نێوان دیالۆگ و وتە و دەستەواژەکانی نێوان دوو کارئەکتەر بکەین. هەروەها لەپاڵ ئەمەدا دەبێت دیالۆگ هاوکات فاکتەرێک و هۆکارێکی یارمەتیدەر بێت لە ناساندن و پیشاندانی مەرام و ئامانجی هەر کارئەکتەرێک لە ناو بڕگە و بەش و دیمەنەکانی هەر شانۆنامەیەکەدا، چونگە تاکە دەرفەتێک بۆ خۆناساندن و گوزارشتکردن لە ئامانج و چیرۆکی کارئەکتەرەکان لەنێو دەقە شانۆییەکان بێگومان بریتییە لە دیالۆگ و جۆرەکانی دیالۆگ. ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت هەر دیالۆگێکی شانۆیی کورت یان درێژ ئامانجی خۆی هەبێت و بە مەبەستێک نووسرا بێت، واتە دەبێت هەموو کات ئامانج لە دیالۆگی شانۆییدا ڕوون و ئاشکرا و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بێت.

خەسڵەتێکی تری گرنگ کە دەبێت لە دیالۆگدا هەبێت بریتییە لە بوونی هێزێک بۆ بەرەوپێش بردن و هەروەها دروستکردن و خولقاندنی کرادری دەنگی و (فیزیکی – جەستەیی) کاریگەر لەلای ئەکتەر لە کاتی نواندن  و ڕۆڵ بینیندا، هەر ئەم هۆکارەیە زۆرجار وادەکات لەم لایەنەدا شانۆنامە بیانی و جیهانییەکان لەبارتر بن، چونکە خاوەن ستراکچەرێکی بەهێزن، بە جۆرێک جۆری دیالۆگ و شێوازی زمانی دیالۆگی کارئەکتەرەکان هانی ئەکتەر دەدەن و کۆمەکی دەکەن لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەسەر ئاستی دەربڕێن و ئەمجامدانی کرداری ڤۆکەڵی و ئاماژەی دەرونی و جەستەیی بە شیوەیەکی سەرکەوتووانە لەکاتی دەربڕیندا، بەتابیەتیش دیالۆگ لە شانۆنامەکانی شکسپیر و مۆلێر، هینریک ئیبسن و چێخۆف و چەندین نووسەری تری ئەورپی و جیهانی خاوەن و هەڵگری  سیفاتی هێز و بەردەوامین، یاخود خاوەن مۆسیقای وشە و ڕیتمی تایبەت بە ڕووداو و چیرۆک و کارئەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکەن. کەواتە لە پاڵ ئەوەی کە دەبێت دیالۆگی شانۆیی هۆکاریک بێت بۆ ناساندنی جۆری کارئەکتەر و بەرەوپێش بردنی ڕووداو  چیرۆک و ململانێکانی ناو شانۆنامەکە، هاوکات دەبێت ببێتە داینەمۆیەک بۆ جووڵاندن و بزواندنی هەست و سۆزی ئەکتەر لە کاتی ئەنجامدانی کرداری دەنگی و ئاماژە دەروونی و جەستەییەکانی لەسەر ستەیج و لە کاتی نواندندا.

دیالۆگی شانۆی ئەبێت کۆکراوەبێت و ناسنامەیەکی تەواو ڕوونی هەبێت  ، واتە پێویستە لە فۆرمێکی ئەدەبی و ئاشکرادا خۆی ببینێتەوە، بەشێوەیەک کە خوێنەر تەنها لە ڕێی ستایلی نوسینی شانۆنامەو  جۆرو زمانی دیالۆگەکانەوە  بزانێت کە شانۆنامەکە سەربە کام ڕێبازێکی فکری و ئەدەبی شانۆییە و، خۆی لە خانەی کام جۆر لە شانۆنامە دەبینێتەوە، بۆنمونە شانۆنامەکە کلاسیکیە یاخود ڕیالیستی سایکۆلۆژیە یان شانۆنامەیەکی ناچرالیستیە.