هەر شوێنێک لەدەرەوەی دنیا

لە فرەنسییەوە: دلاوەر ڕەحیمی
ئەم ژیانە لە نەخۆشخانەیەک دەچێ کە هەموو
نەخۆشێک حەز دەکات پێخەفەکەی بگۆڕێت. ئەمەیان
نەخۆشێک حەز دەکات پێخەفەکەی بگۆڕێت. ئەمەیان
دەیەوێ لە بەرانبەر زۆپاکە ئازار بکێشێ، ئەوەشیان
پێیوایە کە لەلای پەنجەرە چاک دەبێتەوە.
پێموایە کە هەمیشە لەو شوێنەی کە لێی نیم، باشم،
ئەم مەسەلەی شوێنگۆڕکێ و گوێزانەوەیە، لەو
مەسەلانەیە کە لەبارەیەوە بێوچان لەگەڵ دڵ و ڕۆحمدا
دەدوێم.
"بڵێ دڵێ من، دڵی داماوی هەناسەسارد، بۆچوونت
 چییە لەسەر نیشتەجێبوون لە لیسبۆن؟ دەبێ
 کەشوهەواکەی گەرم بێت و تۆش وەک مارمیلکەیەک پڕ 
دەبی لە وزە و کەیف خۆش دەبی. ئەم شارە کەوتووەتە
 نزیکی ئاو; دەڵێن لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراوە و 
خەڵکەکەی وەها ڕقیان لە گیا و سەوزاییە کە هەموو
 درەختەکان لە ڕەگەوە هەڵدەکێشن. ها ئەو دیمەنە
 لەگەڵ سەلیقەی تۆ دێتەوە، دیمەنێک کە تێکەڵەیەکە لە
 ڕووناکی و کەرەستەی کانزایی و شلەمەنی بۆ
 ورشەدەرکان."
دڵم وەڵام ناداتەوە.
"تۆ کە هێندە ئاسوودەییت خۆشدەوێ و حەزت لە چالاکی بزوێنەرە، دەتەوێ بڕۆینە هۆڵەندای خوشبەختی جاویدانی بژین؟ ڕەنگە لەم دەڤەرە وەختێکی خۆش بگوزەرێنی، کە زۆرجار ستایشی وێنای ئەوێت لە نێو مۆزەخانەکاندا کردووە. ئەی بۆ ڕۆتردام چی وێنا دەکەی، تۆ کە دارستانە تاریکەکان و بەلەمەکانی پاڵ خانووەکانت خۆشدەوێن."
دڵم هەر بێدەنگە
"ڕەنگە باتاڤیا لەگەڵ تۆ سازگار بێت، لەوێ ڕۆحی ئەوروپا دەبینین کە بەستراوە بە جوانی خولگە گەرمەکانی زەوییەوە."
یەک وشە ناڵێ، تۆ بڵی دڵم مردبێت.
"یانی تۆ گەیشتوویتە ئەو ئاستە لە بیرکولی کە تەنیا لە نێو ئێش و ئازارەکانتدا دڵخۆشیت؟ ئەگەر وایە، با بڕۆین بەرەو ئەو وڵاتانەی لە ڕەنگی مەرگن. - دڵی داماو! من کەلوپەلەکانمان کۆ دەکەمەوە و بە جانتاکانمانەوە دەڕۆینە بۆرنێۆ، هێشتا دوورتر، بەرەو ئەوپەڕی بەڵتیک. ئەگەر بشێ هێشتا دوورتر لە ژیان، لەوپەڕی جەمسەری زەوی داسەکنێین. لەوێ هەتاو بە چەماوەیی لە زەویی دەدات و کاوەخۆیی شەو و ڕۆژ، هەمەچەشنی لەنێو دەبات و برەو بە یەکڕیتمی دەدات کە نیوەی عەدەمە… لەوێ دەتوانین ماوەیەکی درێژ لە نێو تاریکایی مەلە بکەین، لەکاتێکدا کە بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئێمە زەردەپەڕە باکوورییەکان دەسکە گوڵەکانیان کە لە تیشکدانەوەی یارییەکی ئاگرینی دەوزەخ دەچێ، بەرەو لای ئێمە دەنێرن."
دواجار دڵی من دەخرۆشێ و عاقڵانە بەسەرمدا هاوار دەکات: " هەر شوێنێک! هەر شوێنێک! بە مەرجێک کە لە دەروەی ئەم دنیایە بێت."
پۆرترێتی شاڕل بوودلێر، لە لایەن شێوەکاری فرەنسی گۆستاڤ کوربێ دەوروبەری ساڵی ١٨٤٨

سەرنجێک بنوسن