کێشمەکێشی زمانی ستانداردی کوردی

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئەمیر حەسەن پوور

زمانی ستاندارد یەکێکە لە پێویستە هەنووکەییەکانی کورد، بە تایبەتیش دوای جێگیربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئازادبوونی بەشێکی دیکەی کوردستان کە ڕۆژئاوایە و زمانی کوردیش لە پارچەکانی دیکە خەریکە بەرەبەرە گەشە دەکەن بەتایبەت لە باکووری کوردستان و لە دیاسپۆراش. ئەم دیمانەیە لەگەڵ زمانناس و لێکۆڵەر ئەمیر حەسەنپوور، لە مانگی ئابی ٢٠١٦دا لە پاریس، لەلایەن هاوکارمان زانیار عومرانی لە پاریس ئەنجام دراوە. 

بۆ زمانی ستاندارد؟

زمانی یەکگرتوو لەم زەمانەدا پێویستە هەبێت، لەبەرئەوەی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان زۆر ئاڵۆز و قووڵ بووە، وەك دەڵێن دنیا بۆتە دێیەک. لە دنیادا نزیکەی ٧٠٠٠ زمان هەیە. پێوەندیی مرۆڤەکانیش زیاتر لە ڕێگەی زمانە. ئەمە بۆتە کێشەیەکی سیاسی و ئابوری ئایدۆلۆژی، لە ئێستادا تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە، ئەوەی پێشتر زمان پێی نەدەکرا، ئێستا زمان پێی دەکرێت.

پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور (١٩٤٣_ ٢٠١٧)

پێشی سەردەمی مۆدێرنیتە(سەرمایەداری) پێوەندییەکان بەمشێوەی ئێستا نەبوون، زۆرجار کەسێک لە شوێنێک دەهاتە دنیا و لەوێ دەژیا و هەر لەوێش دەمرد، بەڵام ئێستا وا نەماوە. ئێستا ئەگەر کەسێک لە گوندێکیش لەدایك بێت و هەر لەوێش بژی و نەچیتە دەرێ، بەو ئامرازانەی کە لەبەردەستیدا هەیە دەتوانێ پێوەندی لەگەڵ هەموو دنیادا هەبێت. پێشتر ئێمە بە زەمان و مەکان بەسترابووینەوە، بەڵام ئێستا لە ڕێیی تەکنەلۆژیاوە پێوەندیمان بە هەموو دنیا هەیە. ئەگەر هەر کەسێک بە زمانی خۆی پێوەندی بکات زۆر زەحمەت دەبێت، بەڵام ئەگەر زمانێکی یەکگرتوو هەبێت، ئەندامانی ئەو نەتەوە و وڵاتە بەشێوەیەکی پتەوتر پێوەندییان دەبێت. مەسەلەکە تەنیا زمانی یەکگرتوو نییە، کەم وڵات هەیە تەنیا یەك زمانی تێدا بێت.