ژنەفتن ژنەفتن
تەوەر و هەڤپەیڤین

“ئەگەر شیعر نەبێت، هەموومان لە ناو زماندا دەخنکێین”

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ "ڕامیار مەحمود"دا

ئەدەب لە بنەڕەتدا تەنها تۆمارکردنی هەستە ڕۆژانەیییەکان نییە، بەڵکوو شکاندنی ئەو دیوارەیە کە سیستەمی زمان و جیهانی دەوروبەری داپۆشیوە. دوای ساڵی ١٩٩١، کاتێک ژیان لە ناو بۆشایییەکی قوڵی بوون و کۆمەڵایەتی‌دا وەستا، شیعری کوردی ناچار بوو لە بازاڕی دەستکاریکردن و جوانکردنی ڕووخسار دەربچێت. لە ناوەندی ئەم نیگەرانی و ڕەتکردنەوەیەدا، ڕامیار مەحمود وەک دروستکەری تەنها میلۆدییەکان دەرناکەوێت، بەڵکوو وەک شایەدێکی بریندار و بنیادنانێکی زمان خۆی دەردەخات.

لەو چاوپێکەوتنەدا، ئەو شیعر لە سنوورەکانی «فۆرمی جوان» و هاوسەنگکردنی ڕووخسار ڕزگار دەکات. لەو کاتەی زۆر کەس شیعر بە دەنگ و ڕەنگدانەوەی فۆنۆلۆژی دەبەستنەوە، ڕامیار مەحمود گرنگی بە قوڵاییی ڕێزمان، درزەکانی زمان و بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان دەدات.

بۆ ئەو، کۆچکردنی گەنجان، یان ڕاوەستان لە دژی «ژیانی بە زەنجیرکراو»، تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەیەکی بوونگەرایییە، دژایەتی‌کردنە لەگەڵ پووچییە کۆمەڵەییەکە و لەناوچوونی مرۆڤە لە ناو کۆمەڵدا. ئەم گفتوگۆیە تەنها وەڵامی پرسیارەکان نییە؛ بە پێچەوانەوە، بانگەوازێکە بۆ زمان و جیهانێک کە هێشتا نەهاتووەتە بوون.

لە ڕەخنەگرتن لە شێوازە نەریتییەکان و پابەندبوون بە هارمۆنیای دەرەوە بگرە، هەتا دەگاتە ئازادیی شیعر لە بەرامبەر سێکسیزم و سەرمایەداریکردنی هەستەکان، ڕامیار مەحمود ڕاستیی شیعر لە کردارێکی شۆڕشگێڕانەدا دەبینێت؛ کردارێک کە نە چاوەڕێی بوارێکی گشتییە و نە بە دوای خەونی پیشاندانی وێنەیییەوەیە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، بەرامبەر بینینێکی ڕادیکاڵ سەبارەت بە شیعر، زمان، تەلارسازیی دەق و بوونی مرۆیی دەوەستین؛ بینینێک کە شیعر وەک جوانکارییەکی پووچ پێناسە ناکات، بەڵکوو وەک «دۆزینەوەیەکی چالاک» و تاکە پەناگەیەک لە دژی مردن و لەناوچوون لەو پووچییەدا دەیبینێت.

فەرموون، هەنگاو بنێنە ناو ئەم بوارەی هەماهەنگی و ڕووبەڕووبوونەوە؛ ئەو شوێنەی وشە ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان دەکەوێتە گفتوگۆ…

ڕامیار مەحمود شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەرێکە لە باشووری کوردستان. لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥–١٩٩٦دا، لە زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا بەدەست هێناوە.

blank

-شیعرەکانت وەها دەردەکەون کە لە ناو بۆشایییەکی بێبنەوە نووسرابن. بە بڕوای تۆ، شیعر هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە، یان تەنیا دەنگدانەوەیەتی لە ناو بێدەنگیدا؟

-لە ساڵی ١٩٩١ەوە ژیان کەوتە بۆشی، لایەنی کەم ئەمە بۆ هەموو گەنجانی دوای شۆڕش ڕاستە، ئەمە بۆ من لە شیعردا دەیکردە لە ماناخستنی کولتووری باو، دەیکردە ڕەتکردنەوە، دەبوو شیعر بەشێک نەبێت لە مەکیاژکردن، کاتی ئەوە بوو نیگەرانییەکان دەست بە هاتنە ناوەوە بکەن، شیعر بۆ ئەم خەباتە دەستی دەدا. ئەو ساڵانە تاریکترین سەردەمی ئێمە بوو، وەڵامی کۆمەڵگەییمان هەبوو بۆ ئەو دۆخە، ئەویش شۆڕشی کۆچکردنی بە کۆمەڵی لاوان بوو، کۆچ شتێک بوو کە مرۆڤ بە شێوەیەکی تاکەکەسی جیهانەکەی ڕەت بکاتەوە، تاکە ڕاستییەک بوو مانای دەربازبوونی دەدا. لە سەردەمی کۆڵنیالیزمدا گەورەترین و بە ئازارترین سزا، سزای دوورخستنەوە بوو لە نیشتمان، بۆ قۆناغی پۆست کۆڵنیالیزم گەورەترین سزا، سزادانتە بە مانەوەت لە نیشتمانەکەت، ئەگەر دەربڕینێکی وردتر بەکار بهێنم لە بری نیشتمان دەتوانم بڵێم ژیانێکی تەلبەندکراو.. بۆیە کاری خۆم دۆزییەوە لە ڕەتکردنەوەی هیچکردنی کۆلێکتڤ.

-لە شیعرەکانتدا هێڵێکی باریک لە نێوان بۆشاییی نیهیلیستی و گەڕانی ئێگزیستانسیالیستی بۆ مانا هەستی پێ دەکرێت. کاتێک شاعیر ڕووبەڕووی پووچیی جیهان دەبێتەوە، ئایا شیعر بۆ ئەو دەبێتە ئامرازی ئافراندنی مانا، یان تەنیا دەبێتە بەڵگەدارکردن و ڕازاندنەوەی ئەو پووچییە؟

-شیعر وا وێناکراوە جوان و  ڕازاوە بێت، کورت کرابێتەوە لەوەدا کە تەنها فۆرمێکە، بەڵام شیعر نیگاکردنێکی واتاییشە، بینینە بە شێوەیەکی تر. زمان و واتا لە یەکتر جیا نابنەوە، زمان بە شێوەیەکی بێسنوور قابیلی دەستکاریکردنە. لای من شاعیر لە هەموو کەسێک زیاتر دەبێت خاوەن ڕوانگە و ڤژنەری یان بینینخواز بێت. ئەگین لە بری شیعر دەقێکی مەقەبایی بەرهەم دێت وەک فۆرمێکی کرچ و کاڵ. مرۆڤ پێویستی بەوەیە  بدۆزرێتەوە، شیعر دەتوانێت دۆزەرەوەیەکی چالاک بێت، مرۆڤ بەردەوام لە پرۆسەی بزرکردندایە، بزرکردنی لە ناو ئایندا، بزرکردنی لە ناو جەماوەردا، بزربوونی لە ناو بە شتبووندا، بینینێکی بوونخوازی ڕێگایەکە بۆ دۆزینەوە و دەستکردن بە دروستکردن و بەرهەمهێنانەوەی مرۆڤ.

  • لە وێنە شیعرییەکانتدا هەستێک هەیە کە واقیع دەشکێنێت و برینە ناوەکییەکانی مرۆڤ دەردەخات. تۆ چۆن دیمەنی دەرەوە دەشکێنیت بۆ ئەوەی وێنەیەکی وەها بەهێزی ناوەکی بۆش بکەیتەوە و بیئافرێنیت؟
  • ئەوە بژاردە نییە، ئەوە تۆ خۆتیت، یان بە مانایەکی تر دووبارە بەرهەمهێنانەوەیەکی زمانەوانی خۆتیت. شیعر کایەی رووبەڕووبوونەوەی خۆت و جیهانە. من ڕاهاتووم جیهان وەک خۆی بە ڕاستی وەرنەگرم، ژیان ئەوە نییە کە بە دەرەوەیە، بەڵکوو ئەوەیە کە ئەیهێنینە ناوەوە، شیعر بانگهێشتێکە بۆ جیهان و ژیان و زمانێکی هێشتا نەهاتوو. شیعر ئەو شوێنەی هەموو سیستەمێکی زمانەوانییە، کە درز و کەلێن و دەلاقە دروست دەکات. ئەگەر  شێعر نەبێت هەموومان تووشی خنکان دەبین بە زمان.
  • ئەمڕۆ بازاڕی ئەدەبیات، شیعر دەخاتە ناو قاڵبی هەستەکیی ئاسانەوە. ئەم هەوڵەی “هەموو کەس لێی تێبگات” و ئەو پۆپۆلیزمەی کە ئەدەبیات سووک دەکات، چ کاریگەرییەکی لەسەر شیعری ڕەسەن هەیە؟

-هەستەکی ئاسان دەردێکە لە شیعر دەدات، واتا دەقێک تەواو ئاشنا و ڕاستەوخۆیە، بەڵام ئەدەب خۆی  بە بنەچە  هەستەکییە. لە کۆتاییدا ئەدەبیات میژووی هەستکردنی مرۆڤە، ئێمە تەنها بەهۆی هونەر و ئەدەبەوە لە بارەی هەستکردنی مرۆڤەوە دەتوانین شتێک بزانین. مرۆڤ هەستکردنی ڕاستەقینەی خۆی لە ڕێی ئەدەبەوە دەردەبڕێت. مرۆڤ بێ ئەدەب تەنها لە یادکراو و ئامێر و ئۆبجێکتە، واتە تەنها دەبێتە تەنێک لە ناو تەنەکاندا. شەکسپیر لە  زاری کارەکتەرێکیەوە دەڵێت بە هەستەکانم جیهان دەبینم. بەڵام هەستی ڕواڵەتی لەگەڵ هەستی ڕاستەقینەی مرۆڤ شتێکی جیاوازە، بەم پێییە شیعر بەرهەمهێنانی هەستێكی هەست پێنەکراوە.

  • ئایا هەوڵدانی تۆ بۆ دروستکردنی زمانێکی نوێ لە شێواز و بیرکردنەوەدا، ڕەتکردنەوەی شیعری ڕابردووە، یان تەنیا دەربڕینی تەنهاییی مرۆڤی ئەم سەدەیەیە؟
  • من بەو شێوەیە لە زمانی نوێ تێدەگەم، کاتێک سینتاکسی تایبەت بە خۆتت هەبێت، تا سینتاکس نەگۆڕین ناتوانین واتا بگۆڕین، ناتوانین جیهان و  خۆمان بە شێوەیەکی جیاواز ببینین، (شێرکۆ بێکەس و ڕەفیق سابیر و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت)هەموو ئەوانەی تریش کە ناوم نەبردوون، هەر لە ناو دیلبوونی ڕواڵەتی دەنگی و  دەرەکی زماندا مانەوە، یان سادەتر بیڵێم دیلبوونی میلۆدی دەرەکی، هێشتا لە ناو ڕووپۆشێکی فۆنۆلۆژی هاڕمۆنیدا چەقین. شێرکۆ بێکەس گەورەترین شاعیری هارمۆنی دەنگییە، گەورەترین سازگاریکردن و میلۆدیسازی دیوی دەرەوەی زمان لەودا بوونی هەیە. زۆرێک لەو شاعیرانە وەک زرێپۆش وان لە  شیعری کوردیدا، دەنگێکی زۆر دەردەدەن، ئەگەر بتەوێت بۆ زرێپۆشێک بچیتە کەمینەوە ئەبێت گەریلایەکی نەبەرد بیت. ڕەهەندی واتایی لە ناو زۆربەی شیعری  نوێی کوردیدا هێشتا دیلی ئاوازە. ئاوازدانان بۆ زمان ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوە  شیعرە، بەڵکوو  ئەوە  وتراوێکی  میلۆدیکراوە. میکانیزمێکی سەرەکی هەیە کۆی گشتی شیعری کوردی بەڕێوە دەبات، ئەویش میکانیزمی لێکچواندنە، شوبهاندن بەهێزترین فاکتەری شیعرسازییە، من باوەڕم بە جیاوازی هەیە لە بەرهەمهێنانی شیعر، لە دەرەوەی شوبهاندنی شتێک بە شتێک. ئەگەر پرسی ڕەتکردنەوە باس بکەم، پرسەکە بۆ من جیاوازی دروستکردنە وەک لە ڕەتکردنەوە.
  • لە شیعرەکانتدا زمان شتێکی ڕازاندنەوە (ڕەوانبێژیی ڕووکاری) نییە، بەڵکوو وەک نەشتەرێکە کە گۆشتی واقیع لەت دەکات. بۆ ئەوەی وشە لەو ڕازاندنەوە ئاسانە ڕزگاری بێت و ببێتە ترس و ئازار، تۆ دەکەویتە چ جۆرە جەنگێکەوە لەگەڵ زماندا؟
  • ڕازاندنەوەی زمان میژوویەکی درێژی هەیە، بە تایبەتی بۆ دیوی مادی زمان واتا لایەنە دەنگییەکەی، داستانەکان و بەیتەکان تەنانەت دەقە ئاینییەکان پشتیان بە  ڕووکاری هارمۆنیکراوی زمان بەستووە. تەنانەت کۆنترین فەرهەنگی زمانەوانی ئێمە کە خواناسی گەورە مەلای جەزیری دایناوە بە هۆنراوە دایناوە، هەروەک چۆن دواتر شێخ مارفی نۆدێ، فەرهەنگی بە هۆنراوە داناوە. هۆنینەوەی زمان ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ئەزبەرکردنی کولتووری، نووسین لە شوێنێکدا دووبارە بەرهەمهێناوەی کولتووری ئەزبەر کراوە، ئەوەی فۆلکلۆری هێشتۆتەوە هۆنراوەییکردنەکەیەتی. بەڵام لەگەڵ شیعری کلاسیكی کوردیدا ئەوەی هەیە تەواو جیاوازە. زمان تەنها هۆنینەوە نییە، بازدانێکی جیاوازی ئێستەتیک و ماناشە. لە هەموو گرنگتر سەرهەڵدانی خاوەنە. پەڕینەوەی  کولتوورە لە بێخاوەنییەوە بۆ خاوەنداری. واتا لە فۆلکلۆرەوە بۆ دانەر. ڕۆلان بارت سەدەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە داوە دانەر فیگەرێکی نوێیە لە ناو کولتووردا. دیـمەنی ئەدەبیات لە ناو کولتووری ئاسایی و باودا بە شێوەیەکی دیکتاتۆرییانە بەستراوە بە دانەر و کەسەکەوە یان خاوەن بەرهەمەکە. لە ئەدەبی کلاسیکی و پۆست کلاسیکی کوردی هەست بە بوونی خودایەتی دەکەین.
  • شارەکانی ئەمڕۆ مرۆڤ لە خۆیاندا نامۆ دەکەن. لە شیعرەکانتدا ئەم نامۆبوون و تەنهایییەی مرۆڤی شارستانی چۆن دەبێتە وێنەیەکی پڕ لە هاوار و بێدەنگی؟
  • لە  شیعردا ئەکتێکی شۆڕشگێڕانە هەیە، بە پلەی یەکەم ئەم ئەکتە ئەوەیە زمان دەخاتە دۆخێکی ئیمێرجنسی و نائاسایییەوە، لە شیعردا دۆخی نائاساییی زمانمان هەیە. لایەنێکی تری ئەمە ئەوەیە پەیوەندیی شاعیر بە شیعرەوە ڕاستەوخۆیە. پێویستی بە هیچ جۆرە دانوسانێک نییە لە دەرەوەی خۆی، دەقێكی شانۆیی پێویستی بە نماییش هەیە، دوا ڕەهەندی دەقەکە ناچارە بە دەرکەوتنێکی فیزیکی تر، ناچارە بە نمایش… هتد، وەک چۆن شتێکی پووچە ڕۆمانەکان لە ماڵەوە بخوێنینەوە،  ڕۆمان پێویستییەکی زۆری بە پەپلیک سپەیسە، ئەگەر لە  شارێکدا  بژیت وەک شارەکانی  هەرێمی کوردستان کە گواستنەوەی گشتی تیا نییە، ئەوپەری بێ تامییە، ڕۆمان خوێندنەوە، ڕەهەندێکی ڕۆمان ئینتەرتەیمێنتە، شوێنی ڕاستەقینەی خوێندنەوەی ڕۆمان کافێ و پاس و قیتار و ترامەکانە، بۆ ئەوەیە لە  گەشتکردن پێمان بێت بۆ ناو فڕۆکە. وەک وتم شیعر ژانرێکی شۆڕشگێڕە، وەک شانۆ لە چاوەڕوانی نمایشدا نییە، وەک چیرۆک و رۆمان خەون بە پیشاندانی وێنەیییەوە نابینێت، شیعر لە چاوەڕوانی هیچ شتێکدا نییە جگە لە  خودی شیعر خۆی.
  • شیعری سادە خۆشەویستی وەک پەناگەیەک نیشان دەدات، بەڵام لە دەقەکانی تۆدا خۆشەویستیش نزیک دەبێتەوە لە بۆشایی و ڕووخان. ئایا خۆشەویستی لە جیهانی ئەمڕۆدا نەخۆشیی بوونمان قووڵتر دەکاتەوە؟
  • خۆی ئەم جیهانە پڕکراوە لە  خۆشەویستی و ڕۆمانسی ساختە، ئەوە تەنها ئەدەبە مرۆڤبوون و خۆشەویستیمان بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە، لە دەرەوەی سێکسیزم و کەپیتاڵیزەیشنی ژیان.
  • ئەمڕۆ پێناسەی شیعر لە ناو پۆپۆلیزم و هەستە پڕ لە جۆشەکانی جەماوەردا کەمێک لێڵ و تاریک بووە. بۆ ئەوەی شیعر نەبێتە پاشماوەی عەقڵی جەماوەر و لە ئاستە فەلسەفی و قووڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، دەبێت شاعیر خۆی لە چی بپارێزێت؟
  • شاعیر دەبێت خۆی لە سکچوون و هەڵامەت بپارێزێت.
  • ئەگەر لە کۆتاییدا هەموو وشەکان بێمانا بن و سنوورەکانی زمان لە بەرامبەر بۆشاییدا بوەستن، ڕێگەی کۆتایی بۆ شاعیر چییە: نووسین تا تێکشکاندنی کۆتایی، یان قبووڵکردنی بێدەنگییەکی ڕەها؟
  • هەموومان دەتوانین شاعیر بین، دەتوانین شاعیر بین بەبێ شیعریش. شاعیربوون پێڕفۆرمانسێکی نەبڕاوەیە. دەتوانین وەک شاعیر بەڵێنێکی گەورە بدەین کە بانگهێشتکردنە بۆ هیچکردنەوە.
سازدانی: دڵێر ئایدۆگان
دەربارەی نووسەر
سازدانی: دڵێر ئایدۆگان
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە