نیگا و ده‌نگ وه‌ك ئۆبێكته‌كاتی عه‌شق1
سلاڤۆی ژیژه‌ك، ڕێناتا ساڵكل
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕوشدی جه‌عفه‌ر
ئێمه زۆرجار له كۆمه‌ڵه ده‌روونشیكارییه‌كاندا تاسه‌یه‌كی نۆستالژیانه بۆ ڕۆژگاره كۆنه باشه قاره‌مانئاساكان به‌دیده‌كه‌ین؛ ئه‌و ڕۆژگاره‌ی نه‌خۆشه‌كان ساویلكه و بێ‌ئاگا بوون له تیۆری ده‌روونشیكاری- به‌ڕووكه‌ش ئه‌م بێئاگاییه‌ش توانای ئه‌وه‌ی به نه‌خۆشه‌كان دابوو كه سه‌مپتۆمه “په‌تیتر”ه‌كان به‌رهه‌مبێنن، واته، ئه‌و سه‌مپتۆمانه‌ی كه دیوه نه‌سته‌كییه‌كه‌یان هێنده زۆر، به‌هۆی مه‌عریفه عه‌قڵانییه‌كه‌یان نهشێوێنرابوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا، هێشتا كۆمه‌ڵێك نه‌خۆش به‌رچاو ده‌كه‌وتن كه به دهروونشیكارهكهیان ده‌وت: “دوێنێ شه‌و، له خه‌ونمدا ئهژدیهایهكم كوشت و دواتریش به‌ناو دارستانێكی چڕدا ڕووه‌و قه‌ڵایه‌ك ملی ڕێگام گرته‌به‌ر…”، به نه‌تیجه دهروونشیكارهكه سه‌ركه‌وتووانه وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه: “هه‌ر زۆر ڕوونه، نه‌خۆشی ئه‌زیزم!٢ ئه‌ژدیهاكه باوكی خۆتانه، خهونهكهش گوزارشت له ئارهزووهكهتان ده‌كات بۆ كوشتنی ئه‌و، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌ناگه‌ی سه‌لامه‌تی قه‌ڵای دایكانه…”. [به‌ڵام] ژاك لاكان كتومت گره‌و له‌سه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌كات: سوبێكتی ده‌روونشیكاری (كه‌سی ده‌روونشیكاری بۆكراو)، سوبێكتی مۆدێرنی زانسته، ئه‌مه‌ش واته- له‌پاڵ كۆمه‌ڵێك شتی تریشدا- سه‌مپتۆمه‌كانی نه ئێستا و نه هه‌رگیزیش، به‌پێی پێناسهكه٣، سهمپتۆمگهلێكی “پاكیزه” نه‌بوون، هه‌میشه ئاراسته و موخاته‌به‌ی “ده‌روونشیكار”یان پێكراوه له پێگه‌ی ئه‌و سوبێكته‌ی وایداده‌نێین (ماناكه‌یان) دهزانێت٤ و به‌م پێیه‌ش وه‌ك بڵێی ده‌لاله‌ت و ئاماژه بۆ لێكدانه‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش، به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌وایه بڵێین كۆمه‌ڵێك سهمپتۆممان هه‌یه یۆنگین، كلاینین، لاكانین و هتد، واته، واقیعییهتهكهیان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی شاراوه و ئاماژەگەرانە بۆ تیۆرێكی ده‌روونشیكاریی دیاریكراو له‌خۆده‌گرێت. له‌مڕۆدا، به‌شه زۆره‌كه‌ی “بهزهینداهێنانهوه ئازاده‌كان”ی نه‌خۆش (ده‌روونشیكاری بۆكراو)ێكی نموونه‌یی و خوێنده‌وار له ههوڵگهلێك پێكدێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاڤه و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌روونشیكارانه بۆ تێكچوونه‌كانی…
ئه‌و شته‌ی به فیعلی له‌م جه‌نگه به‌رده‌وامه‌ی نێوان دوو نوسخه‌كه‌ی ده‌روونشیكاری له گره‌وێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، ته‌نیا چاره‌نووسی ده‌روونشیكاری نییه به‌ڵكو چاره‌نووسی مۆدێرنه‌ش خۆیه‌تی، به مانای پڕاوپڕی وشه‌كه: ئاخۆ ده‌بێت درێژه به مه‌عریفه‌ی ڕوولهخۆ و ڕهنگدهرهوه٥ بده‌ین، یان بگه‌ڕێینه‌وه بۆ جۆره حیكمه‌تێكی شهودی؟ ئه‌م جه‌نگه، كه درێژه‌پێده‌ری جه‌نگه كۆنه‌كه‌ی ڕۆشنگەرەکانە(bataille des lumières)، له هیچ شوێنێكدا هێند توندوتیژانه ڕوونادات وه‌كئه‌وه‌ی له كایه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان ڕووده‌دات. سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ده‌ركه‌وتنی له‌ناكاوی فیگەری ژنی هیستریك (له كاره‌كانی ڕیچارد ڤاگنه‌ر، ئۆگۆست ستریندبێرگ، ئۆتۆ واینینگه‌ر، فرانز كافكا، ئێدواد مونش و ئه‌وانیتر) قه‌یرانێكی پێوه‌ندیی سێكسی و ڕه‌گه‌زییان ڕاگه‌یاند كه ئێمه تا ئێستاش له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا درێژە بە ژیان ده‌ده‌ین. له جه‌ختكردنه‌وه‌ی هێجگار ساویلكانه‌ی هارمۆنیه‌تی كه‌پڵه‌كه له فلوتی جادوویی مۆزارتدا، پهندۆڵهكه به‌ره‌و لایه ئهوپهڕگیرهكهی تر خولایه‌وه، بووه شایه‌تی پێوه‌ندییه‌كی ئه‌نتاگۆنیستی ڕیشه‌ییانه له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا: پیاو و ژن به هیچ جۆرێك ته‌واوكاری یه‌كتر نین، ئا لێره‌دا هیچ هارمۆنیه‌تێكی پێشوه‌خت دامه‌زراو له‌گۆڕێدا نییه، هه‌ركامێك له‌م دوو ڕه‌گه‌زه هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر شوناسی یه‌كتر… دوو شێوازی نزیكبوونه‌وه له‌م قه‌یرانه هه‌ن. به‌گوێره‌ی یه‌كه‌میان، واته شێوازه باتنیگهراكه٦ ئه‌م ناهاوسه‌نگییه له‌و فاكته‌وه سه‌رچاوە ده‌گرێت كه سوبێكتی مۆدێرن ڕه‌گوڕیشه‌كانی له یه‌كێتی ئۆرگانیكی نه‌ریتدا له‌ده‌ستداوه، هه‌ر بۆیه‌شه كه گه‌ڕانه‌وه بۆ جۆره حیكمه‌تێكی پێش-مۆدێرنه (بۆنموونه له كه‌وڵی “پارادایمه گشتگیر”ه نوێیه‌كه كه بڕیاره جێگه‌ی پارادایمه “دیكارتی” و “میكانیكی”یه كۆنه‌كه بگرێته‌وه) ئه‌نتاگۆنیزمی نێوان دوو ڕهگهزهكهش ده‌سڕێته‌وه و هارمۆنییه‌ته لهدهستچووهكهیان داده‌مه‌زرێنێته‌وه.
فۆرموله‌ی “پێوه‌ندیی سێكسی بوونی نییه”ی لاكان وه‌ڵامێكی ساده بۆ پرسیاره هه‌تاهه‌تاییه‌كه ده‌خاته‌ڕوو، واته پرسیاری بۆچی عه‌شق هه‌یه؟ عه‌شق فریوه، سه‌رابه، كاركرده‌كه‌ی بریتییه له شێواندن و لێڵكردنی “له‌یه‌كتر ترازان” ی كورتكردنهوهههڵنهگر و پێكهێنه‌ری پێوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان.
شێوازی دووه‌م جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه درككردنی ژنی تووشبوو به هیستریا له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر شوناسی نێرانه، خه‌سڵه‌تێكی گشته‌كی و یونیڤێرساڵی ده‌رخست كه هه‌میشه لێره‌دا بووه، به‌ڵام ته‌نیا له شێوه‌ی “له-خۆیدا” (in-itself)، واته هێشتا “جێگیر و پێشگریمانه نه‌كرابوو”٧، هێشتا نه‌ببووه “بۆ-خۆی” (for-itself). كه‌واته هیچ ناته‌باییه‌ك له‌نێوان هه‌مان ئه‌و سیاقه مێژووییه (قه‌یرانی گه‌وره‌ی پێوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كه ڕێگه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتنی ده‌روونشیكاریش خۆشكرد)ی تیایدا فۆرموله‌ی “پێوه‌ندیی سێكسی بوونی نییه“٨ (ی لاكان) بووه شتێكی باو و به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی لاكان‌دا نییه كه ئه‌م گوزارشت و فۆرموله‌یه ڕه‌وایه‌تییه‌كی گشته‌كی هه‌یه: له شیكارییه‌كی دیاله‌كتیكی شیاودا، یونیڤێرساڵیته و مێژوومه‌ندی به توندی هاوپه‌یوه‌ست و گرێدراون. ده‌روونشیكاریی فرۆیدی، به‌گوێره‌ی داوه‌رییه ستاندارده‌كه، به‌رهه‌مێكی كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه؛ به‌هه‌رحاڵ، قووڵبینییهكانی دهرووشیكاریی فرۆیدی “له‌ڕووی گشتهكییهوه ئیعتیبار و ڕه‌وایه‌تیان وه‌رگرتووه”، ئه‌مه‌ش نه‌ك وێڕای سیاقه مێژووییه‌كه‌ی دۆزینه‌وه‌یان به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌م سیاقه مێژووییه‌وه.
فۆرموله‌ی “پێوه‌ندیی سێكسی بوونی نییه”ی لاكان وه‌ڵامێكی ساده بۆ پرسیاره هه‌تاهه‌تاییه‌كه ده‌خاته‌ڕوو، واته پرسیاری بۆچی عه‌شق هه‌یه؟ عه‌شق فریوه، سه‌رابه، كاركرده‌كه‌ی بریتییه له شێواندن و لێڵكردنی “له‌یه‌كتر ترازان”٩ی كورتكردنهوهههڵنهگر و پێكهێنه‌ری پێوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان. “ئۆبێكته به‌شه‌كی”یه فرۆیدییه ناوداره‌كان- پاشماوه‌كانی ژویسانسی پێش-فالوسییانه، واته، ئه‌و ژویسانسهی هێشتا به‌هۆی میتافۆری باوكانه‌وه “نه‌فی و تێهه‌ڵكێش و بڵند”١٠ نه‌كراوه‌ته‌وه، و نێوانگیری نه‌كراوه- به‌ربه‌ستێكی خز و نه‌گیراو ده‌به‌خشنه جه‌سته كه ڕێگه له به‌دیهاتنی پێوه‌ندیی سێكسی ده‌گرن. لاكان بۆ لیستی ئۆبێكته بهشهكییهكانی فرۆید (سنگومهمك، پیسایی، فالوس) دوو ئۆبێكتی تر زیاد ده‌كات: ده‌نگ و نیگا (gaze) . به‌م پێیه، به هیچ جۆرێك شتێكی هه‌ڵكه‌وت نییه كه نیگا و ده‌نگ، به پله‌ی ئیمتیاز١١، دوو ئۆبێكتی عه‌شقن- نه‌ك به‌و مانایه‌ی ئێمه ده‌كه‌وینه عه‌شقه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌نگێك یان نیگایه‌ك، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ئه‌مانه میدیۆم و هاندهرێكن كه واده‌كه‌ن عه‌شق ده‌ستپێبكات.
سێ ده‌ره‌نجام له‌م پێشگریمانانهوه هه‌ڵده‌هێنجرێن. یه‌كه‌م، ناكرێت عه‌شق بۆ وه‌همێكی په‌تی یان دیارده‌یه‌كی خه‌یاڵی دابشكێنرێت: عه‌شقی ڕاسته‌قینه، له‌ودیوی كهمهندكێشییهكهی له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ئۆبێكتهكهیدا، ناوك و كڕۆكی ڕیاڵ١٢ به‌ئامانجده‌گرێت، واته ئه‌و شته‌ی له ئۆبێكتهكهدا زیاتره له خودی ئۆبێكته‌كه، به‌كورتی، ئه‌و شته‌ی لاكان پێی ده‌ڵێت ئۆبێكتی بچووكی ١٣a. عه‌شق- هه‌روه‌ها ڕقیش- به‌هۆی ئه‌و شته‌ی له ئۆبێكته‌كه ده‌مێنێته‌وه ئه‌وكاته‌ی له هه‌موو خه‌سڵه‌ته خه‌یاڵی و ڕه‌مزییه‌كانی داده‌ماڵرێت، ده‌پارێزرێت. دووه‌م، له‌م ڕووه‌وه عه‌شق به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه و زاتی دیارده‌یه‌كی مێژووییه: شكڵپێدانه كۆنكرێتییه‌كانی عه‌شق هه‌وڵگه‌لێكی زۆروزه‌به‌ند (ی سه‌ره‌نجام شكستخواردوون) بۆ گۆڕینێكی پهرهپێدراو١٤ و ڕامكردن و ڕه‌مزاندنی كڕۆكه تراوماتیكه “نامێژووییهكه”ی ژویسانس، كه ئۆبێكته‌كه ده‌كاته به‌رگه‌نه‌گیراو. سێیه‌م، عه‌شق هه‌رگیز “ته‌نیا عه‌شق” نییه، به‌ڵكو هه‌میشه ئه‌و شاشه (سكرین) و پانتاییه‌یه كه تیایدا جه‌نگه‌كان له‌پێناو ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه ڕووده‌ده‌ن. ئاخۆ ده‌نگ، وه‌ك هانده‌ر(catalyst)ێكی عه‌شق، به پله‌ی ئیمتیاز میدیۆمی ده‌سه‌ڵاتی هیپنۆتیكانه نییه، واته میدیۆمی داماڵینی قه‌ڵغانه پارێزه‌ره‌كه‌ی ئه‌ویتر، و ده‌ستڕاگه‌یشتن به كۆنتڕۆڵكردنێكی ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ریدا و ملكه‌چكردنی بۆ ویستی خۆمان؟ ئه‌ی ئاخۆ نیگا میدیۆمی كۆنتڕۆڵكردن نییه (له كه‌وڵی نیگای پشكنهرانهدا) هه‌روه‌ها میدیۆمی ئه‌و كهمهندكێشییهش كه ئه‌ویتر ده‌خاته فریوی ڕاده‌ستبوونه‌وه (له كه‌وڵ و شێوه‌ی نیگای له‌خشته‌براوی سوبێكت به‌هۆی نمایشی ده‌سه‌ڵاته‌وه)؟ زیاتر له شه‌ست ساڵ لهمهوبهر١٥، له به‌ره‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی فاشیستی‌دا، واڵته‌ر بنیامین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بهجوانیناسیكردنی١٦ فاشیستانه‌ی پرسی سیاسی به‌هۆی به‌سیاسیكردنی چه‌پڕه‌وانه‌ی جوانیناسییه‌وه خسته‌ڕوو. له‌مڕۆشدا، به‌شێوازێكی هاوشێوه، له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی سێكسواڵیزهكردنی پرسی سیاسی ببینه‌وه (هه‌ر له كۆنه‌پارێزیی زه‌قوزۆپی سه‌ر به به‌ره‌ی ڕاستی نوێ كه هیرارشیه‌تی سیاسی له هیرارشیه‌تی خێزانی و “سرووشتی”ی ڕه‌گه‌زه‌كاندا “جێكهوتدهكهن”، به تێپه‌ڕین به هه‌وڵه‌كانی سه‌رده‌می نوێ بۆ ڕۆنانه‌وه و دامه‌زراندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی پڕه‌نسیپه گه‌ردوونییه نێرینه و مێینه‌كان، تاوه‌كو كورتكردنه‌وه‌ی زڕه-فرۆیدییانهی ململانێ سیاسییه‌كان بۆ گوزارشتێكی بنبه‌سته لیبیدۆییهكان- شۆڕش وه‌ك خۆخاڵیكردنه‌وه و كردنه‌وه‌ی گرێیه‌كی ئۆدیبی حهلنهكراو و هتد) به‌هۆی به‌سیاسیكردنی سێكسواڵیتهوه (واته به‌هۆی شیكردنه‌وه‌ی فره-هۆكاری (زێده-خه‌سڵه‌تپێدان)ی سیاسیی ئه‌و شێوازه‌ی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی له كۆمه‌ڵگایه‌كی واقیعیدا دركدهكرێت)١٧.
پەراوێزەکان
١- ئه‌م نووسینه پێشه‌كی كتێبی "نیگا و ده‌نگ وه‌ك ئۆبێكتهكانی عه‌شق"ه. كتێبه‌كه یه‌كێكه له كاره ده‌روونشیكاری-فه‌لسه‌فییه هاوبه‌شه‌كانی قوتابخانه‌ی ده‌روونشیكاریی سلۆڤینا، ژیژه‌ك و سالكل ئیدیتیان كردووه.
٢- له ئینگڵیزیدا ده‌ربڕینێك هه‌یه "Elementary, my dear Watson"، نووسه‌رانی ئه‌م نووسینه، "واتسۆن"یان گۆڕیوه بۆ "نه‌خۆش". ئه‌م ده‌ربڕینه به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه ئاماژهكردنە بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌ك چه‌ند ئاسانه به‌كاردێت. دهبڕینهكه ده‌درێته پاڵ "شارلۆك هۆڵمز" گوایه ئه‌وكاته‌ی بۆ واتسۆنی هاوڕێی ڕوونده‌كاته‌وه تێگه‌یشتن له چۆنێتی تاوانێك چه‌ند ئاسانه (به‌ڵام ده‌وترێت ئه‌م ده‌ربڕینه خۆی له كتێبه‌كانی سێر ئارسه‌ر كانۆن دۆیلی نووسه‌ری شارلۆك هۆڵمزدا نییه)...
٣- By definition
٤- ئه‌و سوبێكته‌ی وای داده‌نێین ده‌زانێت ده‌روونشیكار خۆی نییه، به‌ڵكو ده‌روونشیكاره به‌وجۆره‌ی له‌لایه‌ن نه‌خۆشه‌كه‌وه د‌رك ده‌كرێت. ئه‌م مه‌عریفه گریمانكراوهش ڕێگه بۆ پرۆسه‌ی شیكاری خۆشده‌كات.
٥- Reflective
٦- obscurantist
٧- Posited
٨- ئه‌م فۆرموله‌ی لاكان كۆمه‌ڵێك مانای هه‌یه دیلان ئیڤانز له فهرههنگهكهیدا نووسیوێتی: "...هیچ پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و بێ نێوانگیر له‌نێوان پێگه‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه و نێرینه نییه، چونكه هه‌میشه ئه‌ویتری زمان وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م كه‌وتۆته نێوانیانه‌وه... ". ئه‌مه‌ش واته، سێكسواڵیته به‌هۆی دال و ڕه‌مزییه‌وه ده‌ستنیشانده‌كرێت نه‌ك خه‌سڵه‌تێكی غه‌ریزی و سرووشتی بۆیه "هێترۆسێكسواڵیتهش شتێكی نۆرماتیڤه نه‌ك سرووشتی". به‌م پێیه لادانیش، لادان نییه له نۆرمێكی "سرووشتی" سێكسی، به‌ڵكو به‌شێكی پێكهێنه‌ری سێكس خۆیه‌تی (ئه‌گه‌رچی تێری ئیگڵتۆن پێی وایه دهروونششیكاریی فرۆیدی عاده‌ته‌ن به‌ر مهینای نۆرمێكی سێكسی ده‌جووڵێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌وه‌ی بۆ سه‌ربار ده‌كات كه ئه‌م نۆرمه باسكراوه، نۆرمێكی سرووشتی نییه)... هاوكات ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی هه‌ماهه‌نگ و هارمۆنی له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا نییه، عه‌شق بۆیه به وههم ناوده‌برێت چونكه قه‌ره‌بوویه‌كی خه‌یاڵی ئه‌م غیابه‌ی پێوه‌ندی ده‌كاته‌وه... هه‌روه‌ها "ژن لای پیاو وه‌ك سوبێكتێكی واقیعی بوونی نییه، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌ك ئۆبێكتێكی فه‌نتازی، وه‌ك هۆكاری ئاره‌زووه‌كه‌ی بوونی هه‌یه"... به‌پێی ڕاڤه دیالهكتیكییهكهی ژیژه‌كیش ئه‌م فۆرموله‌یه ڕێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێژوومه‌نده، پونیڤێرساڵ و گشتهكییه. بۆ مه‌سه‌له‌ی سێكسواڵیته خوێنه‌ر ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌سڵی یه‌كه‌می كتێبی ده‌روونشیكاری بۆ؟، نووسینی ئهلێنكا زوپانچیچ، وه‌رگێڕانی وه‌لید عومه‌ر. زوپانچیچ، په‌نچه بۆ خاڵه گرنگه ڕاده‌كێشێت كه چۆن فرۆید "سێكسواڵیته‌ی مرۆڤی وه‌ك كێشه‌یه‌ك دۆزییه‌وه.. سێكسواڵیته (ی مرۆیی)، لادان و چهوتڕهوییهكی پڕپارادۆكسه له نۆرمێك كه بوونی نییه".
٩- Out-of-joint ، گوزارشته ناوداره‌كه‌ی هامڵێت له شانۆنامه‌كه‌ی شكسپیردا ده‌رباره‌ی "سه‌رده‌مێكی له‌جێچوو و ترازاو". وه‌ك بڵێی، پێوه‌ندی نێوان ژن و پیاو وه‌ك پێوه‌ندی نێوان مرۆڤ و جیهان خۆی، په‌یوه‌ندییه‌كی ترازاو و ئهنتاگۆنیسته.
١٠- Sublated
١١- Par excellence
١٢- The kernel of the real
١٣- ئۆبێكتی بچووكیa ، ئۆبێكتی ئاره‌زووه، یان ده‌قیقیتر ئۆبێكت-هۆكاری ئاره‌زووه، واته ئه‌و ئۆبێكتهی به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ئاره‌زووكردن مسۆگه‌ر ده‌كات. ئێمه له ئه‌ویتردا به‌دوای ئه‌م ئۆبێكتهدا ده‌گه‌ڕێین، به‌ڵام قه‌ت ناتوانین ده‌ستمان پێی ڕابگات، به‌ڵكو به ده‌وریدا ده‌سوڕێینه‌وه. ئا لێره‌شدا ده‌توانین دركبكهین به "ئه‌فسونی دووری له عه‌شق"دا یان، به‌زمانێكی ده‌روونشیكارانه، هیشتنه‌وه‌ی مه‌ودا له‌گه‌ڵ ئۆبێكتی ئاره‌زوودا. ژیژه‌ك له كتێبی چۆن لاكان بخوێنینه‌وه ده‌نووسێت: " به‌م شێوه‌یه، ڕێگه‌چاره‌ی فرۆیدی بۆ نزیكبوونه‌وه یان دووركه‌وتنه‌وه‌ی سوبێكت له ئۆبێكتی ئاره‌زوویه‌وه له لایه‌كه‌وه و "خێرایی نه‌گۆڕ"ی ئۆبێكت-هۆكاری ئاره‌زوو و (مه‌ودای نه‌گۆڕی له سوبێكته‌وه) له لایه‌كی تره‌وه، له‌سه‌ر فه‌زای چه‌مانه‌وه‌ی ئاره‌زوو به‌نده: هه‌ندێكجار كورتترین ڕێگا بۆ به‌دیهێنانی ئاره‌زوویه‌ك بریتییه له سوڕانه‌وه به ده‌وری ئۆبێكت یان ئامانجه‌كه‌یدا و گۆڕینی ئاڕاسته‌كه‌ی، دواخستنی چركه‌ساتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵیدا. ئامراز و كاركه‌ردی ئه‌م چه‌مانه‌وه‌یه بریتییه له‌و شته‌ی كه لاكان پێی ده‌ڵێت ]ئۆبیكتی بچووكی [a: هه‌مان ئه‌و نه‌ناسراوه نهنوێنراوهی كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئۆبێكتی ئارهزووماندا زیاتر به‌وه تێر ده‌بین به ده‌وریدا بسووڕێینه‌وه نه‌ك یه‌كڕاست به‌ده‌ستی بهێنین" ( بڕوانه، چۆن لاكان بخوێنینه‌وه، سلاڤۆی ژیژه‌ك، و. وه‌لید عومه‌ر، لا 135). به‌كورتی، ئۆبێكتی بچووكی a هۆكار نه‌ك ئامانجی ئاره‌زووه. ئه‌م ئۆبێكته سه‌ر به پانتایی خه‌یاڵییه، ئه‌گه‌رچی به‌و پێیه‌ی هه‌میشه ئۆبێكتێكی ونبوو و دووره‌ده‌سته ده‌لاله‌تی بۆ ڕیاڵیش تێدایه.
١٤- Gentrify
١٥- واته به‌ر له ساڵی 1996، ساڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه.
١٦- Aestheticization
١٧- په‌ره‌گرافی كۆتایی ئه‌م پێشه‌كییه باس له پێڕست و ناواخنی كتێبه‌كه ده‌كات، بۆیه چاوچۆشی له وه‌رگێڕانی كرا.
سه‌رچاوه
Salecl, Renata and Žižek, Slavoj (editors). 1996. Gaze and voice as love objects, Durham and London: Duke University press.