ئه‌بستڕاكت ئاڕت چییه؟
چەند وانەیەک بۆ فێرخوازانی هونەر
به‌شى یه‌كه‌م
كاتێ پاشگرى ئاڕت بۆ چه‌مكى ئه‌بستڕاكت دادەنێین، واتا باسی ته‌نها ئه‌و ئهبستڕاكته ده‌كه‌ین كه له هونه‌ردا هه‌یه و به‌تایبه‌تیش هونه‌رى شێوه‌كارى، چونكه ئه‌بستڕاكت وه‌ك ڕێباز و قوتابخانەی هونه‌رى له زۆرێك له ژانره‌كانى ئه‌ده‌بى و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت و ئابووریشدا وه‌ك چه‌مك به‌كاردێت.
وشه‌ى ئه‌بستراكت كه به ئینگلیزییه‌كه‌ى abstractده‌نووسرێت، له كوردیدا هیچ وشه‌یه‌كى ته‌واو گونجاومان بۆى نییه، ماناكه‌ى واتا داماڵراو، یان ساده‌كراوه، یان وه‌رگرتنه‌وه‌ى ماناى جیاجیا له شتێك… هتد. به‌ڵام له عه‌ره‌بیدا وشه‌ى (التجرید) به‌كارهاتووه و (التجریدیه) بۆ ڕه‌وته هونه‌رییه‌كه جێگیركراوه، كه ڕه‌گى وشه‌كه‌یان له (مجرد) وه‌رگرتووه به ماناى (ته‌نیا).
بنه‌ماى هونه‌رى ئه‌بستڕاكت بریتییه له ساده‌كردنه‌وه‌ى شێوه و ڕه‌نگ و دارشتنهوهیان له كایه‌یه‌كى هونه‌رى ڕه‌هادا، كه هێزێكى مه‌عنه‌وى ده‌دات له بینین‌دا، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن و ئاستى ئیستاتیكى هونه‌رمه‌ند و بینه‌رى كاره‌كه پۆلێن ده‌كرێت.
ئه‌م جۆره هونه‌ره وا داده‌نرێت زۆر دووره له واقیعییه‌وه و له‌و شێوه بینراوه مهئلوفانهى كه مرۆڤ ڕۆژانه به‌ریه‌ككه‌وتنى هه‌یه له‌گه‌ڵیاندا، چونكه له‌میانى داماڵینى شێوه‌كان و گۆڕینیان بۆ فۆڕمى تازه و بنیاتنانى كوتله و ڕه‌نگى دیكه بۆ كارى هونه‌رى به‌هاى واقیعییانه‌ى خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ته‌نیا شێوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه كه چاو یه‌كه‌مین جارییهتى بیبینێت.
هونه‌رمه‌ند له پانتایی كاركردنیدا خۆى دوورده‌خاته‌وه له بابه‌تگه‌رایی و نواندن و ده‌ربڕینى تهفسیركراو، چونكه ئازادى له كاركردندا ئه‌و سنووره زەینییانهى بۆ لاده‌بات و ته‌نها موماره‌سه و ئه‌زموونه‌كانى خۆى ده‌توانێ بارسته‌ى هاوسه‌نگ نیشان بدات له فۆرمهكەدا، ئه‌مه‌ش بێگومان به په‌یڕه‌وكردنى هاوسه‌نگى ئیستاتیكى كه له نێوان ڕه‌نگ و هێڵ و بۆشاییدا ده‌خولقێت.
هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌یە، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت هونه‌رى ئه‌بستراكت پێویستى به توانا و به‌هره‌ى تۆكمه و توند و تۆڵى ئاست به‌رزى هونه‌رى نه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك بۆ خۆدزینه‌وه‌یان له شاردنه‌وه‌ى ناكامڵى تواناكانیان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن، به‌ڵام بێگومان كرچ و كاڵى ته‌كنیك و هاوسه‌نگى و ده‌ربڕینه ئیستاتیكییه‌كان پێگه‌ى كارى هونه‌رى ده‌رده‌خه‌ن و بێئاگاییه ئه‌گه‌ر پێمان وابێت ئه‌بستراكت پێویستى به‌و هێزه هونه‌رییه نییه كه هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌تى.
له پانتایی هونه‌رى هاوچه‌رخ و تازه‌دا ئه‌بستراكت زۆرترین به‌ها هه‌ڵده‌گرێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێگانه‌ى كه له‌دواى قۆناغه گرنگه‌كانى ئیمپرێشینیزم ڕوویانداوه، هه‌روه‌ها له‌دواى دادایى و سوریالیزمیش هێنده‌ى تر تۆخبوونه‌وه‌ى ڕه‌هه‌نده‌كانى ئه‌م هونه‌ره هه‌ست پێده‌كرێت.
مێژووى ئه‌م هونه‌ره وه‌ك ڕواڵه‌ت زۆر كۆنه چونكه ده‌توانین هه‌موو ئه‌و نه‌خش و زهخرهفانهى سه‌ر له‌گه‌ن و ده‌فره قوڕینهییهكانى كۆتاییه‌كانى چاخى به‌ردینیش ئاماژه پێبده‌ین، به‌ڵام وه‌ك چه‌مكى هونه‌رى ڕێكخراو مێژووه‌كه‌ى بۆ ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هونه‌رمه‌ند كاندنیسكى سه‌رنجى ده‌كه‌وێته سه‌ر كراسێكى گوڵ گوڵى ڕه‌نگاوڕه‌نگى كچێك كه با لێیده‌دات و شه‌پۆلێكى ڕه‌نگى ناوازه دروست ده‌كات، هه‌ر له‌و ڕوانینه‌شه‌وه كاندنیسكى باوه‌ڕ به جوانى بێ ده‌ربڕین ده‌هێنێت و تابلۆكانى دروست ده‌كات، كه مێژووه‌كه‌ى بۆ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌م ده‌گه‌رێته‌وه به دیاریكراوى ساڵى ١٩١١.