مێژوو وەک دامەزرێنەری ناسنامە لەشەرەفنامەدا
دەستپێك مێژوو و ناسنامه
ڕەنگە ئاسان نەبێ بتوانین لەو پەیوەندییە نهێنییە تێبگەین كە لەنێوان دەسەڵات و مەعریفەیەكدا هەیە، لەكەسێكدا كەوا هەردووكیانی لەخۆیدا ئەزموون كردوە. كەسێك بەشی هەرە زۆری تەمەنی لە حوكمڕانی و شەڕ و ململانێكاندا سەرف كردبێ بەشەكەی تریشی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەی مێژوویی. ئاخۆ چەندە جۆری مەعریفە بەرهەمهێنراوەكە گوزارشت لە كەسێتی دەسەڵاتدارانەی وی دەكات؟ چەندە ئەو كەسێتییەش چییەتی و سنوورەكانی مەعریفەكەی دەستنیشان كردوە و چ كۆنترۆڵێكی بەسەر كردەی بەرهەمهێنانیدا سەپاندوە؟ پاشان دەبێ چەندە مەعریفەكە لاگیری لە ناساندن و خستنەڕووی دەسەڵاتدارێتی كردبێ و لە كوێدا وەك ئامرازێك بۆ بەخشینی ڕەوایەتی هەبوون و بەردەوامێتیی بەكارهێنرابێت؟ بێگومان كەسێك ئەو پەیوەندییە نهێنییەی لەنێو خۆیدا كۆكردبێتەوە، شایستەی تێڕامانە و دەشێ بەرهەمە مەعریفییەكەشی ڕاڤەی جیاجیا و خوێندنەوەی فرە لایەنانەی بۆ بكرێ.
لێرەوە – بە بۆچوونی ئێمە – هەر هەوڵێك بۆ خوێندنەوەی “شەرەفنامە”ی میر شەرەفخانی بەدلیسی (م. ١٦٠١)، دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارانە و چەندانی دی. وەڵامدانەوەیان، یاخود لایەنی كەم ڕاڤەكردنی وەڵامەكانیان، ئەو كەسایەتییەمان لە مێژوونووسێكی ئاسایی بۆ سەروو ئاسایی و مێژووە نووسراوەكەش لە زانینێكی مێژوویی ساكارەوە، بۆ ئاستێكی بەرزتر دەگوازێتەوە. ئەوەی كە ڕەنگە ئەو حاڵەتە نائاساییە قووڵتر بكاتەوە ئەوە بێ زانینی مێژوویی بەمجۆرە پێشتر كەسێكی تر بەرهەمی نەهێناوە. یان با بڵێین زانینەكە بەو گشتگیرییە شوێنكاتییە نەخراوەتە ڕوو و ئەو میتۆدەی لە نووسینەوەدا پەیڕەوی لێ كراوە نەبووە. ئەوە شەرەفخانە ڕچەكە دەشكێنێ و لە نووسینەوەی مێژووی كورد و وڵاتەكەیاندا، كارێك دەكات پێشتر – وەك خۆشی ئاماژەی بۆ دەكات – نەكرابێت. ئەوەی شەرەفنامە لە كتێبەكانی دی هاوشێوەی جوێ دەكاتەوە، ڕێبازی نووسین و چۆنییەتی گێڕانەوە نییە. هەروەها بەرهەمهێنانی مانایەكی جیاواز بۆ “مێژوو لەخۆیدا“، نییە. بەڵكو تایبەتمەندێتی ناوەڕۆكە، ئەو تایبەتمەندێتییەی وادەكات تێگەیشتنی جیاوازمان بۆ ههم ڕێباز و ههمیش گێڕانەوە هەبێت. هەروەها بە دوای مانایەكی مێژوو گونجاو لەگەڵ ناوەڕۆكە نووسراوەكەدا بگەڕێین، كە مێژووی كوردە. ئەگەر لەلای ئەوانیتردا مێژووەكە بەشێكی تەواوكاری ئەو زنجیرەبەندییە بووە، كە مێژوونووسەكە لە كۆنتێكستی مێژوویی گشتیدا كاری پێ دەكات، ئەوا لە شەرەفنامەدا مێژوو دەقێكە لە كۆنتێكستی تایبەت بە ناوەخنی مێژووەكە، كه مێژووی كورده. بۆیەشە چاوەڕوان دەكرێ ماناكانیشی جیاواز بێت، لەوەی لە سنووری مێژووی گشتیدا دەیبێ. بەجۆرێك، كە لەگەڵ شەرەفخاندا هەموو ماناكانی مێژوو لە كورد و ئەزموونە مێژووییەكەیەوە دەبینرێ.