ھەڵگرتنەوەی مێتائافۆریسمەکان لە زاکیرەی ئەمیل سیۆرانەوە

(ئەمیل سیۆران) وەک پەیکەرێکی شکاوی ھەزار پارچە، وەک بت و مەعدەنێکی پارچە پارچەیی، وەک ئافۆریسمێکی ناتەواوی پارچە پارچەیی، ھەموو گەڕان و کۆششێکی لەپێناو کۆکردنەوە و پڕکردنەوەی بۆشاییە مەزنەکانی سۆبێکت، پێناسەکردنی پێناسە، بەرکەوتن و دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ کۆی ھەبوونەکان، کۆی پارچەکان، شکاندنی پارچەکان و بونیادنانەوەی ئەو پارچە شکاوەکانە، ئەو پارچانەی لەبەر بیرکردنەوە دەکەون و ھەر لەبەر بیرکردنەوەشەوە خۆیان ھەڵدەگرنەوە، پارچەکانی سۆبێکت، پارچەکانی ئۆبێکت، ئەو پارچانەی دەکەونە نێوان سۆبێکت و ئۆبێکت، ئەو پارچانەی لە ڕیاڵ دەکەونەوە، ھەموو پارچە دیار و نادیارەکان، ھەموو ئەو ڕستە و ناڕستانەی لە بۆشاییەکان بەردەبنەوە و داوای دەستێک دەکەن بۆ کۆکردنەوەیان، ئەمە سێنتراڵ بابەتی ئەندێشەیی ئەمیل سیۆرانە، خاڵێک لەپێناو ناخاڵ، کۆتا لەپێناو ناکۆتا، پڕبوونەوە لەپێناو بەتاڵکردنەوە، وەک ئەو ئافۆریسمە شەیتانییەی کە (سامۆیل بیکێت) لە کاتی ڕۆشنایی وەرگرتن لە وردبوونەوە و دەست لێدان لەو پارچە شکاوانەی کە لە کارگە و مەعدەنیەتی مرۆڤ دەکەونە خوارەوە کاتێ دەڵێ: (مرۆڤ چاڵێکە بە دوو سەتڵ، یەکیان دەچێتە خوارەوە بۆ پڕبوونەوە، یەکێان دێتە سەرەوە بۆ بەتاڵبوونەوە)، سیۆرانیش ھاوتای ئەو ئافۆریسمە جەھەنەمییە فکرییە قووڵە بێکیتییە، دێت دەستوپەنجە لەگەڵ ھەموو پنتەکان نەرمدەکات لەپێناو دۆزینەوەی بۆشایی تر و دونیای تر و ڕایەڵی تر، بۆ ئەوەی لە نادواجاردا گۆشەی تر بدۆزێتەوە بۆ بەرکەوتنی تر و پارچەی تر، ھەموو پارچە تێفکرینەکانی سیۆران چاوگێکی کراوەن، پڕ بۆشایین، ناکۆتان لە بۆشایی و خاڵدانان، لە بینینی سیۆرانەوە ئەوساتە بەر تێفکرینێکی قوڵ و فرە شۆڕبوونەوە دەکەوین، کاتێ دەتوانین گورزێکی تیژ لە زەین بوەشێنین لەپێناو تیشکدانەوەی دونیاگەڵێک ڕایەڵ و تیشکی فرە مەودا، بۆئەوەی نێو منداڵدانی بنەما ئاگایی بکەوێتە نماکردن، جەدەلێکی سۆبێکتگەراییانە، بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە، پێناسەی پێناسە، خوردکردنەوەی خود لەنێوان دیالێکتیکی کراوە، لەپێناو ھەڵگرتنەوەی پارچەکانی تێگەیشتن، لە بابەت ھەموو ئەو واسواسە فیکرییانەی لە نافیکرین دەکەونەوە یاخود بە پێچەوانەوە، ھەموو ئەو سەرگەردانییە فەلسەفیانەی لەنێوان فەلسەفە و نافەلسەفەوە لە دایکدەبن، ئەوسا بەرمەبنای گۆیەکی موچرکەگرەوە دەکەوین و بەھۆش دێینەوە، ئەو موچرکەگرانەی لەنێوان ئەتمۆسفێری خود و بەرخود دەکەونەوە، لەنێوان زەین و نازەین ھەناسە وەردەگرن و تیشک دەدەنەوە، ھەموو ئافۆریسمە سیۆرانییەکان لە ھەناوی دیوی دووەمی بوون دەکەونەوە، ئافۆریسمێکی بێوچان، بێچاوگ، موچرکەگر، شەقوەشێن، بڕەر، ھەڵوەشێنەر، ڕاچلکێنەر، تەنزئامێزگەر، لە ھەموو بونیادە بێ دەموچاوەکان بدا و پەردەی درۆینە شاراوەکان، دەمامکە درۆینەکان لێبکاتەوە و لە ناوەوە بونیادە چەقبەستووەکان تێکبشکێنێت و لەبەریەکیان ھەڵوەشێنێتەوە، ھەموو پارچە و پنتە گومانە نووستووەکان وەخەبەر بھێنێت و ئیبراھیمئاسایەکی دریداییانە بتەنووستووەکان تێکبشکێنێت و زین ئاکتیڤ بکاتەوە، زەین وەبەر زەین بکاتەوە، ھەموو پارچەکان لە بینینی سیۆرانەوە پێکھاتەی پارچەگەڵی ترن، ئەوە ئەو پارچانەن زەینمان دەبووژێننەوە و فێرمان دەکەن چۆن موچڕکە بگرین، بحەپەسێین لەبەرامبەر ھەر ماتریال و ناماتریاڵێک، ھەر دۆخێک و نادۆخێک، ھەر پینتێک و ناپنتێک، ھەموو ئەو پارچە پارچەییانەی بوون، پێویستیان بە زمان و وتنێکی پارچەیی ھەیە، بۆ کردنەوەی کۆدپارچەیی، چونکە بە زمانی ناپارچەیی ناتوانین لە زمانی پارچەیی تێبگەین، ھەموو ئەو بونیاد و گۆبیرکردنەوەییانەی سیۆران لەو ئەتمۆسفێرە یادەوەرییانەی کە تیایاندا بەرخوردیان لەگەڵی ھەیە، خوڵقاون و ھاتونەتە بوون:

        پارچەی یەکەم :

ژینگەی منداڵی و سروشت و ھەموو ئەو حیکایەتانەی لەماوەی دە ساڵی زەمەنی منداڵی خۆیان دەگێڕنەوە و پارچە پارچە یادەوەری لە زەمەنێکیتری نایادەوەری وەبەر زەینی ئاگایی سیۆرانەوە دەکەون، وەک ھەموو ئەو نایادەوەرییانەی (ئەندرێ مالرۆ) لە کتێبی(نایادەوەری) بە پارچە پارچەیی ڕۆحی سێبەرەکان دەنووسێتەوە، ئەو ھەموو حەسرەت و دڵەژانە، ونکردنی زەمەنی منداڵی، زەمەنی بەھەشتی منداڵی، زەمەنی پڕ گێڕانەوەی سەردەمی حیکایەتەکانی سروشت و دێیەکان، پارچە پارچەبوونی دونیای منداڵی، تەقینی بلقە ھەوای منداڵی، وەک ئەوە وایە دزینی دەخیلەی پڕ حیکایەتی منداڵی سیۆران لە ماوەی دە ساڵی کۆکردنەوەی ھەموو ئەو چیرۆکانەی پڕن لە جوانیگر و شەیدایی، دواجار ئەو دزینی دەخیلەییەی حکایەتەکانی زەمەنی منداڵی سیۆران دەبێە مۆتکە لە یادەوەری سیۆرانەوە و لێینابێتەوە.

   پارچەی دووەم :

     شار لەنێوان ونکردن و دۆزینەوە، ونکردنی زەمەنی منداڵی و دۆزینەوەی کتێب، لەنێوان نائاشنایی و ئاشنابوون، لەنیوان سادەیی و ئاڵۆزی، لەنیوان ھەڵوەشانەوە و بونیادنانەوە، لە نیوان زەین و بەرزەین، لەنێوان کەوتن و ھەڵسانەوە، لەنێوان وشکبوون و تەڕبوونەوە، لەنێوان حیکایەت و فەلسەفەدا، ھەموو جەدەلە ناوەکییە بایۆلۆژیی و نابایۆلۆژییانەی کە دواجار دەکەوێتە ئەودیو خود، ونکردنی حیکایەتەکانی سروشت و دۆزینەوەی حیکایەتە فەلسەفییەکان، ونکردنی زەمەنی منداڵی و ھەموو حیکایەتی سروشتییەکان و دۆزینەوەی دۆستۆیفسکی و شوبنھاوەر و فلۆبێر و ماتیرێ ئیکارت و پاسکال و مۆنتانێ و لارۆشۆکۆ و کیرکەگارد و نیچە و برگسۆن و ئۆژین یونسکۆ و مێرچا ئیلیادە و ….تاد.

ئەمیل سیۆران (۱۹۱۱_۱۹۹٥) نووسەر و فەیلەسوفی بە ڕەچەڵەک ڕۆمانی

   پارچەی سێیەم :

    زڕەخەویی و بێخەویی چاوەکان، نەخۆشی نەنووستن، شڵەژان و بێئۆقرەیی چاوەکان، گەڕان بە کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی شار، ناسینی سۆزانییەکانی شەو، ناسینی سەگ و پشیلە و تریاک کێشەکان، ناسینی پیاوانی تارمایی، ھەموو ئەو پارچە پارچانەی لە شەودا ھەڵیانی دەگرتنەوە و بەرخوردی لەگەڵ دەکردن و دەیخستنە نێو ئەتمۆسفێرێکی فەلسەفی قووڵ، بیرکردنەوەیەکی ڕیشەدارانە، ھەراسانبوون و شڵەژانی سایکۆسۆباتی، بەرکەوتن بە بیرلێکردنەوەی پارچەی تری وەک خۆکوشتن، دواجار بەھۆی ئەو بێخەوی و ھەراسان بوونە دەستدەکات بە خوێندنەوەی ئافۆریسمەکانی نیچە، قوڵتر باڵدەگرێ، لە بری خۆونکردن و کەوتن، جارێکی تر ھەڵدەستێتەوە و خۆدەدۆزێتەوە، لە بری ھەڵوەشانەوە و خۆبەدەستەوەدان، دەستدەکات بە بونیادنانێکی مەعنەوەییانە و ھەڵدەستێتەوە بۆئەوەی جارێکی تر دەست بکاتەوە بە ھەڵگرتنەوەی پارچەی تر، (قەدیس و فرمێسکەکان)، (پێوانەکانی سەختوسوێ)، (قوربەسەرییەکانی ھاتنەدونیا)، (گەڵالەی سەرەگێژە)، (ددانپێدانەکان و نەفرینەکان)، (وەسوەسەی بوون)، (خەڵەتاندنەکان)، (یاداشتەکان) بریتین لەھەموو ئەو پارچانەی لەو کاتیگۆرییانەی کە تیایدا مەلەی کردووە و خۆی تێدا ھەڵگرتۆتەوە، لە زەمەنی منداڵی و ئاوێتەبوون بە شار و خوێندنەوە و ئاشنابوون بە ئەتمۆسفێر و ئیشراقیەتی عیرفانی مەسیحی، کە سێبەری خۆی لە (قەدیس و فرمێسکەکان) ڕەنگ کردووە، ئاوێتەبوون لەگەڵ گروپێکی نیوەئاینی، نیوەفاشیستی، ھەموو ئەو پارچانە پارچەی دیوە زیندەگییەکەی ئەون، بەردەوام لەنێو ئەتمۆسفێرێکی سەرگەردانی و تەنگەژەیی گیانی و ھزری و دەروونی گینگل دەخواتەوە، لەپێناو دۆزینەوەی پنتی تر و دونیای تر و گەران بەشوێن دۆزینەوەی مانا و دەرچەیەکی تر و پەنجەرەیەکی تر بۆ ژیانکردن و بوون دۆزینەوە.

     ھەموو ئەو سەختوسوێیانەی تێفکرین لە پنتە گوماناویی و تەنگەژە و بێئۆقرەییانەی کە ھەموو پارچەکانی بوون، ئەوەی ھەیە و ئەوەی نییە، دەباتە نێو دەھالیزەکانی فیکر و ئەشکەوتەکانی فەلسەفە، بۆ ئەوەی لە بینینێکی ڕیشالییانەی ئەپستێمی و فیکرییەوە شەنوکەویان بکا و سەرلەنوێ خوێندنەوەیان بۆ بکاتەوە، بۆئەوەی لە دووتوێی ئەو خوێندنەوەیەدا جارێکی تر لە دامێنی پەراوێز و سێبەرەکان پارچەی تری ئەپستێمی ھەڵبگرێتەوە سەبارەت بە بابەتەکان، لەوێوە پرسیاری پرسیار دەسازێنێتەوە بۆ شکاندنی شاخە سەھۆڵییەکانی گومان، گومانی گومان، گومانێکی مەعریفی بونیاد دەنێت، قووڵتر ڕۆدەچێت تا دەگاتە ئەوەی ئەو خانە گوماناوییانە بە ئەرگۆمێنت بکا، ئەوەتا لە سەرتای ئەو بەرکەوتنە تەنگەژەییە ئەگزیستیالیستییانەی کە دەرچەکەی لە ئایینەوە لە فیکری سیۆرانەوە دەسوورێنەوە بۆ تەنگەژە ئایینییەکە دەگەڕێتەوە، ھەرئەمەشە وا دەکات دەست بکات بە شەن و کەوکردن و کنەوکۆڵین و دامەزراندنی تانوپۆی خوێندنەوەیەکی مەعریفیانەی ژیانکردنی پیاوە ئایینی و قەدیسەکان بە نموونەی (ترێز داڤیلیا) قەدیس، کە تا دواساتەکانی ژیانی لە سێبەری زەینی سیۆران دەژی و دەمێنێتەوە و ون نابێت، (یاداشتەکان) تەنگەژەترین و پر پنتە گوماناویترین کتێبە کە سیۆران زۆر تیژ و زۆر بێبەزەییانە ڕۆدەچێتە قووڵاییەکان و شتەکان دەشکێنێت و لەبەریەکیان ھەڵدەوەشێنێتەوە لەپێناو دۆزینەوەی پارچەیەکی یۆنیڤێرساڵێتی و ڕیتمی تەنگەژە و وەسوەسەکانی خودبوون .

   پارچەی چوارەم :

     لە سییەکان لە دەرگای زمان دەدا، دەست دەکات بە پرۆسەی ھەڵتەکاندن و دۆزینەوەی گۆشەی تری بەرکەوتن، بەرکەوتن بەر ڕووبەرە نەدۆزراوەکان، شۆربوونەوە بۆ ھەڵگرتنەوەی پارچەی تری ژیان، بۆ ئەو مەبەستە دوابەدوای وتنەوەی وانەی فەلسەفە لە ڕۆمانیا، دواتر چووە فەرەنسا بۆ خوێندن، ژیانێکی پارچە پارچەیی، نەبوونی و ھەژارییەکی سەخت، قوربەسەری و نەداری، گواستنەوەی گۆشەکانی بەرکەوتن لەگەڵ زمان، ڕووکردنە زمانی فەرەنسی وا دەکات بە درەوشانەوەی پەخشانە ئافۆریسمەکانی سیۆران زۆر لە دەزگا چاپکردنەکان و نووسەران لە گۆشەی جیاجیاوە ئاماژەی فەرەنسی بۆ خۆی گلبداتەوە، ئەوەتا وێنەی (سان ژۆن پێرس)ی شاعیری دیاری فەرەنسی پەخشانەکانی سیۆران دەخاتە ئاستی گرنگیترین پەخشاننووسە فەرەنسییەکان، یاخود ڕەخنەگری دیاری فەرەنسی (ژان فرانسوا ڕۆڵ) سیۆران وەک ھاوتای گەیشتن بە مەرتەبەی پڕبوونی شاعیرانە لە نووسینی پەخشانئامێزیدا.

    لە شەستەکانیش چەندین پارچەی تری گێڕانەوەی فەلسەفی دەنووسێت، کە وەک سیانەی فەلسەفی چاپ دەکرێت، (مێژووی یۆتۆپیا، کەوتن لە کاتدا، جیھان خوڵقێنێتی بەد)، پارچەکانی ئەو سیانییە مێژوویی فەلسەفییە، بریتییە لە شەنوکەوکردن و شۆڕبوونەوەی سیۆران بە دونیای سەرچاوە مێژوویی و دۆسێەکان و سەرلەنوێ خوێندنەوەی جیھانی دەستلێنەدراوی مێتۆلۆژیا و ئەفسانەی کۆن و سەرەتاکانی ژیانکردن و دروستبوونی جیھان و مرۆڤ و سروشت و سەرجەم مەعدەنە دەستلێنەدراوەکان، تەنانەت گەڕانەوە بۆ بەرکەوتن بە دونیا و ئەتمۆسفێرە عاریفانییەکانی گنووسیەکان و فەلسەفەی گنووسیەکان، لە گۆشەیەکی تاریک و پڕ لە سێبەر پارچەی بینینەکانی ھەڵدەگرێتەوە سەبارت بە گنووسیەکان و بیروباوڕەکانیان، لە گۆشەیەکی ڕەشبینینەوە شیتاڵ شیتاڵی بابەتەکانیان دەکات، سەبارەت بە یەکەمین بەرکەوتەی گوناە، یەکەمین بەرکەوتەی ئازار و ژان، سیۆران ھەمیشە بەشوێن گەڕان و بەرکەوتەکان خۆی نمایان دەکات، لە بینینە پارچەییەکانی سیۆرانەوە مرۆڤ بێپەیام و بێھیوایە، بێ ئاسۆ و بێ گۆدۆیە، ھیچ ڕۆڵێکی گرنگی نییە بۆ وەدیھێنانی خەونەکان، ئاسودەبوون، ڕزگاربوون، پڕبوون، تیری ڕەخنەکانی ڕووەو خۆڵقێنەرە، بەدەستی ئەوەی خوڵقێنەر لە مەعدەنێکی چارەڕەش و نەگریسەوە مرۆڤەکانی خوڵقاندووە، ئەو جیھانە ناتەواوە بۆیە ناتەواوە چونکە جیھان خوڵقێنەرێکی بەد قوڕەکەی بە ناتەواوی شێلاوە و بەناتەواوی لەدایکبووە، جیھان بەدەستی جیھان خوڵقێنەرێکی خراپ و بەخت ڕەش و شەڕانگێزەوە بەرنەفرین کەوتووین، چونکە ئەو وەک نەفرینلێکراوێک نەفرەتی لێکراوە لەلایەن بوونەوەرەکانییەوە، لەگەڵ ئەو ھەموو ڕەش و سێبەر بینینانەی سیۆرانەوە، سیۆران ڕەشبینانە ناھێت بە دەمووچاوێکی ناتەواو نەھێلیزمی ناتەواو وەربگرێ، ئەو ڕوئیای وایە ئەو خوڵقێنەرە خراپ چێکەرە بەو بێسەروبەرییەی ناھێڵێت کردەی خوڵقاندن تەواو بکات و بە ناتەواوی بیانخوڵقێنێ، بەڵکو دێت ئەو بۆشاییە ناتەواوە بۆ بوونەوەرەکان جێدەھێڵێت، بۆ ئەوەی خۆیان دەوری ئاکتیڤیان ھەبێ لە وەگەڕخستن و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ دەستوپەنجە نەرمبکەین لەگەڵ سەرجەم پارچەکان، مرۆڤەکان دەخاتە نێو ئایندەیەکی کراوە، ئایندەیەکی پڕ لە خەون و خوڵیا، گەشبینی و ئایندەڕوونی، ئەوە مرۆڤەکانن دەتوان لەسەر زەوی خۆیان خۆیان کارەکان بگرنە دەست و چاویان لە خۆیان بێت، نەوەک چاویان ببڕنە ئاسمان، داوای ھاوکاری لە ئاسمان بکەن، دەبێت بەردەوام مرۆڤەکان خۆیان تەسلیمی ئاسمان نەکەن، قاچ لەسەر زەوی دابدەن و بلێن ئێمە ھەین، ھەمیشە سیۆران باوەڕی بە زەمەنی ئێستە ھەیە، زەمەنی قووڵایی، شۆڕبوونەوە شاوڵئاسا، بۆ ناوەوە، باوەڕی بە دوو پارچە نادیارەکە نییە، پارچەی بەھەشتی ونبووی دوێنێ و سبەی، لە (مێژوو و یۆتۆپیا)دا، ھەموو ھەوڵێکی لەپێناو ڕاڤەکردنی پارچەی یۆتۆپیایە و دامەزراندنی دونیایی یۆتۆپیا، دونیایەکی پۆست ڕیاڵ، چونکە ڕوئیای وایە کە ئەوانەی بێ یۆتۆپیان، بێ مێژووشن. سیۆران بەردەوام لەنێوان دووانە لێکدژییەکی فەلسەفییانەی تیژەوە ڕاڤەی دووانە لێکدژییەکان کردووە، ئەوەتا تێڕوانینی وایە کە ئەوکاتە مرۆڤەکان دەکەونە حاڵەتی خۆونکردن و خۆلەناوبردن، ڕێک دەکەونە نێو حاڵەتی باوەڕ نەبوون بە یۆتۆپیا، وەلێ ئەوکاتە کە باوەڕ بە یۆتۆپیا دەھێنن، دەکەونە نێو حاڵەتی یەکتر قڕکردن و لەناوبردن.

    چەند پارچە ئافۆریسمێک کە لە بتێتی سیۆرانەوە بەردەبنەوە:

• وەک ھەر بتشکێنێک، منیش بتەکانی خۆم شکاندووە، تا قوربانی بۆ پارچەکانی بکەم .

• لە زێرابدا بین باشترە، لەوەی لەبەردەم پەیکەرێک دابین.

• بیرکردنەوە لە ڕەگ و ڕیشەدانە، دان لە ڕەگ و ڕیشەی خۆت.

• مرۆڤ تەنگەژەیە، مرۆڤ تەنگەژەیە .

• مرۆڤ نایەوێ ھیچ قڵپ بکاتەوە، کە مرۆڤ خۆی قڵپ بۆتەوە .

• گومان ھەمان ھێندەی دوعا ڕەگی قووڵە.

• ڕەگی نائومێدی، گومانە لەبارەی خۆتەوە .

سەرچاوەکان:

١.قطعات تفكر، اميل سيوران، ت: بهمن خليقى، نشر مركز تهران,١٣٨٩

٢.اعترافات ولعنات، سيوران، ترجمة،  تحقيق: ادم فتحى، منشورات الجمل,٢٠١٨ 

٣. مرٶڤ شێرپەنجەی زەوییە، ئەمیل سیۆران، و: لەفارسییەوە؛ جەبار سابیر، چ١ تاران ٢٠١٧

٤.المياه كلها بلون الغرق، امبل سيؤران، ت: ادم فتحى, منشورات الجمل

٥. تاريخ و يوتوبيا, سيوران, ت: ادم فتحى، منشورات الجمل