چاپلین ببووه‌ داداییست

له‌ فره‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود

له‌نێو زه‌ریای ئارام له‌ مانگی مه‌یی ١٩٣٦دا چارلۆ و كۆكتۆ له‌سه‌ر یه‌ك پاپۆڕ ده‌بن. گه‌شتێكی ده‌ریایی به‌ چوارده‌وری جیهاندا كه‌ كۆكتۆی سینماكار و شانۆنووسی فره‌نسی له‌ نووسینێكیدا به‌ ناونیشانی «یه‌كه‌م سه‌فه‌رم» بۆ ڕۆژنامه‌ی  paris-soirبه‌ وردی باسی لێوه‌ كردووه‌. له‌سه‌ر سه‌كۆی ئه‌م پاپۆڕه‌ له‌ نێوان شانگهای و هۆنگكۆنگدا بوو‌ كه‌ ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ یه‌كتریان ناسی. یه‌كێكیان نه‌یده‌زانی به‌ فره‌نسی قسه‌ بكات ئه‌وی تریشیان به‌ كه‌مێك ئینگلیزی زانینه‌وه‌ ده‌دوا، به‌ڵام له‌ودیو وشه‌كانه‌وه‌ له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌یشتن و پێكه‌وه‌ كۆك بوون. له‌ ١٢ی مه‌ی پاپۆڕه‌كه‌ له‌ شانگهای له‌نگه‌ری خست، له‌و شوێنه‌ی كه‌ دوا فیلمه‌كه‌ی چاپلین “سه‌رده‌می مۆدێرن” پێش یه‌كه‌م فیلمی نمایش كرابوو. به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ بۆ نانی ئێواره‌ ده‌چوونه‌ ڕێستۆرانتی  chaty Hotel و پاولۆت گۆدار، ژنه‌ (گه‌نج)ـه‌كه‌ی چارلی لێده‌گه‌ڕێن مژووڵی ئیش و كاره‌كانی خۆی بێت. بێگومان لێره‌دا بوو، له‌م كاته‌ دیاریكراوه‌دا كه‌ ژان كۆكتۆ باسی ئه‌و ستایشه‌ی بۆ  چاپلین كرد كه‌ له‌كۆتایی ساڵانی ١٩١٠ له‌لایه‌ن داداییسته‌كانه‌وه‌ بۆی كرابوو. چاپلین ده‌پرسێت: who are the dadouïste?. پاشان كۆكتۆ به‌ وردی باسی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌ڵستخوازی بۆ ده‌كات كه‌ هه‌موو ڕێساكانی‌ جوانیناسی و سیاسییه‌كانی سه‌رده‌م ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه، ئینجا كۆكتۆی شاعیر و سینماكار بۆ ساتێك قسه‌كه‌ی خۆی ده‌بڕێت. دواتر نزیك ده‌كه‌وێته‌ له‌ هاوڕێكه‌ی و به‌سه‌رهاتێكی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌ گۆ ده‌خات: له‌ ساڵی ١٩١٩ دا داداییسته‌كان وایان لە Tout-paris [ئه‌م ئیدۆمه‌ مه‌به‌ست ئه‌و ئه‌دیب و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندایه‌ به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی “پاریس”ـیان ده‌كرد] گه‌یاندبوو كه‌ چارلۆ یه‌كێكه‌ له‌وان.

«عیسای داداییسته‌كان»

هێنری بێهاری مامۆستا و مێژوونووس له‌ كتێبێه‌كه‌یدا «دادا، مێژووی ڕووخانێك» ده‌نووسێت: “هه‌مووان ده‌زانن كه‌ دادا له‌ ٨ی شوباتی ١٩١٦ له‌ دایك بوو، ئه‌م ناوه‌ به‌ یارمه‌تی ئه‌و پارچه‌ كاغه‌زه‌ بوو كه‌ به‌ هاكه‌زایی ‌ ده‌یخه‌نه‌ نێو قامووسی لاروس و یه‌كه‌م وشه‌كه ‌به‌دی ده‌كه‌ن دادایه‌. تریستان تزارای شاعیری ئه‌نارشیست ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ڕوانگه‌ جیاواز (ئاندرێ برۆتۆن، فرانسیس پیكابیا و لویس ئاراگۆن…) داده‌مه‌زرێنێت و مه‌به‌ستی بوو شۆڕشێك له‌ جیهاندا هه‌ڵگیرسێنێت. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بگاته‌ نیۆیۆرك له‌ شێوه‌ی نمایش و میوانییه‌كان و گۆڤار و گالێرییه‌كاندا له‌ هه‌موو ئه‌وروپا گه‌شایه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی “دادا” نوخبه‌كانی به‌ره‌و خۆی ڕاكێشا، به‌ڵام هێشتا دوور بوو له‌ سه‌ره‌نجڕاكێشانی خه‌ڵكی عام. له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵكی زیاتر به ‌باشیان ده‌زانی له‌ هۆڵێكی سینه‌ما پشوو وه‌رگرن یان له‌ شانۆییه‌كدا به‌رانبه‌ر به‌ ساشا گیتری پێ بكه‌نن و پێیان وابوو: «جه‌نگیی یه‌كه‌می جیهانی به‌ پێی پێویست گوشاری نه‌رێنی له‌ سه‌ریان دروست كردووه‌ و چیتر نایانه‌وێت زه‌ینی خۆیان له‌به‌رانبه‌ر هونه‌رێكی پووچدا تێك بده‌ن». یه‌كێك له‌ ئایدیا مه‌حاڵه‌كان بۆ تریستان تزارا ئه‌و ئامانجه‌ بوو كه‌ بتوانێـت ئاگایی گشتی بگۆڕێت. فیگه‌رێك ده‌یتوانی یارمه‌تی ئه‌م گۆڕانه‌ی بدایه‌ و خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی به‌سه‌ردا بسه‌پاندایه‌. فیگه‌رێك كه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌ندامی ژماره‌یه‌كی زۆر بێت و ببێته‌ سروشبه‌خشی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی: چارلی چاپلین. بۆ كۆی داداییسته‌كان، ئه‌م شته‌ گۆڕا بۆ یه‌قینێك، ئه‌و بوو به‌ پێشه‌وایان. 

به‌ بۆچوونی كلێر لیبۆسێ به‌ڕێوه‌به‌ریی پێشه‌نگای «چاپلین له‌ چاوی ئاڤانگارده‌كان»دا: «داداییسته‌كان له‌نێو چارلۆ دا به‌رجه‌سته‌بوونی دادائیزمیان به‌دی كردبوو كه‌ ‌ درزێكی خستبووه‌ نێو ڕێساكانی بۆرژواكان و ڕێزی بۆ كۆده‌كانیان دانه‌ده‌نا». [ڕۆڵی چاپلین وه‌ك] هه‌رده‌وێڵێك كه‌ نووكه‌ شه‌ق ده‌گیرێنێته‌ قوونی پۆلیسه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ به‌هره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كرد. ئنجا له‌ ساڵی ١٩١٨دا لویس ئاراگۆن دوو شیعری بۆ نووسی به‌ ناونیشانه‌كانی چارلۆی عیرفانی و چارلۆی سه‌نتمێنتال، گئۆرگ گرۆس پۆرترێتكی له‌ ساڵی ١٩١٩ دا بۆ ئه‌و كێشا و هه‌روه‌ها له‌نێو پێنج به‌رهه‌می ئێروین بلۆمێنفێلد چارلۆ به‌دی ده‌كرێت. به‌ كورتییه‌كه‌ی چارلۆ ببووه‌ عیسای داداییسته‌كان. تابلۆكه‌ی بلۆمێنفێلد “چارلۆی خاچ” له‌ ساڵی 1921 دا ئه‌مه‌ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌ چونكه‌ زۆر به‌ ئاسانی مه‌سیحی گۆڕاوه‌ بۆ هه‌رده‌وێڵێك. 

C:\Users\DELL\Desktop\YB-e1530618670995.jpg

ده‌بێت بڵێین له‌و سه‌رده‌مه‌دا چاپلین هه‌ر له‌پێشدا ببووه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌ناوبانگی جیهانی، واته‌ له‌‌ ساڵی ١٩١٥دا له‌ڕێگەی ئه‌و‌ به‌رهه‌مه‌ جیاوازانه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت چاپلینیتییه‌كان: «كڵاوه‌كه‌ی، سمێڵه‌كه‌ی و گۆچانه‌كه‌ی كه‌ زۆر به‌ خێرایی ده‌بێته‌ دیمه‌نێكی ناسراو و ماركێتینگ و ده‌چێته‌ نێو هه‌موو بوارێكه‌وه، كه‌ ئێمه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركێشییه‌كه‌ی و هه‌سته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌ومان ده‌ویست له‌ خۆماندا». (ئه‌مه‌ شیكاری كه‌ت گینوڤارش بوو كه‌ به‌رپرسی “نووسینگه‌ی چاپلین”ه‌). له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهاندا له‌ ته‌واوی هۆڵه‌كاندا ئه‌و خه‌ڵك ده‌خاته‌ پێكه‌نین و ده‌یانگرێنێت، له‌ دابه‌شكارییه‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر تێده‌په‌ڕێت، له‌كاتێكدا خۆی پاشای ڕووخاندنه‌كانه‌. ده‌قاوده‌ق لێره‌دایه‌ كه‌ ئه‌م شته‌ بۆ تزارا و تاقمه‌كه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی دڵخۆشی و ئه‌وان به‌دوای شتێكدان كه‌ خۆیانی پێ ڕێك بخه‌نه‌وه‌: «ناوبانگ و خۆشه‌ویستی جیهانیی چارلۆ نانێكی پیرۆز بوو»١، ئینجا كلێر لیبۆسی دیسان ده‌ڵێت:

blank
كۆكتۆ، چارلی چاپلین و پاولۆت گۆدار له‌ سه‌ر سه‌كۆی پاپۆڕێك به‌ره‌و شانگهای مانگی مه‌یی ١٩٣٦

«داداییسته‌كان وێنه‌ی ئه‌ویان بۆ مه‌به‌سته‌ پیشه‌ییه‌كان به‌كار ده‌هێنا. ئه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خۆی چی؟ وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م ورده‌كارییانه‌ كه‌مترین خه‌می ئه‌وان بووبێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا. له‌ ساڵی ١٩١٩دا تریستان تزارا پلانه‌كه‌ی خۆی داڕێژا. ئێوارانێك تزارا ده‌چێته‌ لای فرانسیس پیكابیا و ئایدیاكه‌ی خۆی بۆ باس ده‌كات. چارلۆ بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر به‌ناوبانگه‌ له‌ جیهان و زۆریشه‌ داداییسته‌ ــ ئه‌ویش به‌ هۆی بوێرییه‌كه‌یه‌وه‌ ــ ده‌بێت بۆ ئه‌م شته‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌ندامه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی “دادا”ـیش بهێنین. سه‌ره‌نجدانێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌م شته‌، ئه‌مه‌ مه‌به‌ست بوو. پیكابیا پێیه‌كانی ده‌كێشێت به‌ زه‌ویدا و ده‌چێته‌ زوریخ و سویسرا بۆ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵێكی (ساخته‌) له‌ گۆڤاری دادا له‌ ١٥ی مه‌یی ١٩١٩دا.

ده‌توانین له‌ ناوه‌ڕاستی په‌ڕه‌ی سه‌ره‌كیدا ئه‌مه‌ بخوێنینه‌وه‌: «چارلی چاپلین ئه‌ندامبوونی خۆی له‌ “بزووتنه‌وه‌ی دادا”دا ڕاگه‌یاند». ئه‌م هه‌واڵه‌ چه‌ندین وتار و ڕاپرسی له‌ رۆژنامه‌ تایبه‌ته‌كاندا به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ ئه‌م هه‌رده‌وێله‌ی خسته‌ ڕێزبه‌ندی سێیه‌می هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌كانی داداییه‌كان و له‌ ته‌نیشت ئارتور ڕامبۆ و پۆل ئێلوارد’دا دانرا. هێنری بێهار له‌ ده‌قه‌كه‌یدا «چارلۆ ـ دادا» باسی ئاندرێ برۆتۆن ده‌كات كه‌ زۆر به‌ ساویلكه‌ییه‌وه‌‌ باوه‌ڕی به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ كردووه‌ و نامه‌یه‌ك بۆ هاوڕێكه‌ی تریستان تزارا ده‌نووسێت: «ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ چارلی چاپلین به‌شێوه‌یه‌ك زۆر خۆش تووشی سه‌رسووڕمانی كردووم. به‌ڵام هه‌ر به‌ جیدی ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟» پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت تا چ ئاستێك پێداگری ئانارشیستێك له‌سه‌ر سمێڵ گومان ده‌خاته‌ دڵی هونه‌رمه‌نده‌كانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌نێو بزووتنه‌وه‌كه‌شدا. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاگادارییه‌ هه‌واڵێكی گه‌رم بێت و جووڵه‌ی خستبێته‌ نێو جیهانی داداییستییه‌وه‌، هیچ جموجووڵێكی نه‌خسته‌ نێو هه‌ندێك ڕۆژنامه‌ی نیشتمانییه‌وه‌. ئه‌مه‌ شكستێك بوو بۆ تریستان تزارا كه‌ ده‌ویست به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها بزووتنه‌وه‌كه‌ی بناسێنێت. بۆیه‌ ئه‌م ئه‌نارشیسته‌ خێرا چووه‌ سه‌ر پلانی “ب”.

كه‌مێك پێش ڕێكخستنی هۆڵه‌ سه‌ربه‌خۆكانی ته‌لاری مه‌زن٢ له‌ ٥ی شوباتی ١٩٢٠دا، هه‌واڵی ئاماده‌بوونه‌ ناوازه‌كه‌ی چارلی چاپلینی له‌وێدا ڕاگه‌یاند. دواجار له‌وێدا ئه‌و ئه‌م ڕووداوه‌ی خولقاند. له‌ ڕۆژنامه‌ی “گه‌ل”، “ئیمیل دوهام”ی ڕۆژنامه‌نووس نووسی «چارلی چاپلین، چارلۆی به‌ناوبانگ، تازه‌ گه‌یشتووه‌ته‌‌ پاریس. ئه‌و هاتووه‌ تا ستایشی بكه‌ین، هاوڕێكانی “شاعیرانی بزووتنه‌وه‌ی دادا” ئێمه‌ داوه‌تی ئه‌و به‌یانییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕێكیان خستووه‌ […] ئێمه‌ پێشتر زانیبوومان كه‌ چارلی چاپلین بووه‌ته‌ ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌كه‌، هه‌روه‌ك چۆن هێنری بێرگۆسن و شازاده‌ی مۆناكۆیش بوون». (ئنجا لێره‌شدا داهێنانه‌ خه‌یاڵییه‌كانی تزارا هه‌یه‌). به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ مه‌زنه‌ پێ ناچێت گومانی خستبێته‌ دڵی لانه‌وازه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ به‌رده‌م ته‌لاری مه‌زندا تێده‌په‌ڕین. یاده‌وه‌رییه‌ك كه‌ ئه‌نارشیسته‌كه‌ [تزارا] له‌ دیمانه‌یه‌كی ڕادیۆییدا له‌گه‌ڵ جۆرج ڕیبمۆن دێساین’دا له‌ساڵی ١٩٥٠دا بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌: «ئه‌م نمایشه‌ له‌نێو سه‌رلێشواوییه‌كی زۆر گه‌وره‌دا به‌ڕی كرا. به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕۆژنامه‌كان بوون كه‌ شته‌كه‌یان زۆر به‌ خراپی شكانده‌وه‌. ژماره‌یه‌كی زۆر ڕۆژنامه‌نووس هاتبوون كه‌ چاویان به‌ چارلۆ بكه‌وێت. ئێمه‌ ئه‌وانمان خستبووه‌ پاقله‌وه‌. ئه‌وان هه‌رگیز له‌ ئێمه‌ نه‌بووران! پاش ئه‌م ڕووداوه‌ ساخته‌یه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ سروش وه‌رگرتن له‌ كه‌سانی هه‌رده‌وێڵ و وێنه‌كانی ئه‌وانیان له‌ هه‌موو خولیا‌كانیاندا به‌كار دەهێنا. 

١- Le pain bénit نه‌ریتێكی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكه‌ له‌ فره‌نسا و كه‌نه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن ئیماندارانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌وه‌ نان ده‌هێنن بۆ كه‌نیسه‌ و له‌لایه‌ن قه‌شه‌وه‌ به‌ پیرۆز ده‌كرێت.
٢-  Grand Palais ته‌لاری مه‌زن ده‌كه‌وێته‌ شانزه‌لیزه‌و كه‌ ته‌لارێكی مێژووییه‌ و شوێنی پیشانگای هونه‌ری و كه‌ره‌سته‌ی مێژووییه‌. 
سه‌رچاوه‌:
Sofilm - Décembre 2019 - Janvier 2020 (No. 76). pp, 92-93