تەنهاییەکی قووڵ

ئا: باوەڕ مەعرووفی

سنوور، کچە هونەرمەندێکی شێوەکاری مەهابادی لە شاری ئەستەمبۆڵ وڵامی پرسیارەکانی باوەڕ مەعرووفی دەداتەوە.
لە شوێنێکی دوور لە ناوەندی شاری ئەستەمبۆڵ، نهۆمی سەرەوەی باڵاخانەیەکی ئیداریی کردووەتە ماڵی تابلۆ هونەرییەکانی خۆی. پاش سەعاتی کاری، کارمەندەکان یەک لە دوای یەک لە باڵاخانەکە دەڕۆنە دەرەوە و باڵاخانەکە بەسەر "سنوور"ی شێوەکاردا، بەجێ دەهێڵن.
کاتێک هەمووان ڕۆیشتن، کاری وی دەست پێدەکات. تا شەو درەنگان دەست و پەلی سنوور لە ڕەنگ و ڕۆندا دەمێنێتەوە تاکوو فیگوورێکی چەماو، تێکشکاو، خەمۆک و نامۆ لە دایک ببێت.
سنوور لە زانکۆی تەورێزی ئێران بەکالۆریۆسی لە بەشی فەلسەفەدا خوێندووە، پاشان چووەتە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی "ژیانێکی نوێ و ئازادتر" پێک بهێنێت.
لەوێ کەوتە ناو "تەنهاییەکی قووڵ"ـەوە و ئەو تەنهاییە بوو بە هۆکارێک تاکوو دەست بە هونەری شێوەکاری بکات. سنوور دەڵێت: "زۆرێک لە خەڵکی ئێرانێ و ڕۆژهەڵاتێ بۆ ئەوەی لە ژیانی دژوار و نائازادی وڵاتی ئێران ڕا بکەن، بەرەو باشوور دەڕۆن؛ لەبەر ئەوەی باشووری کوردستان هەم لە ئێرانەوە نزیکە، هەمیش خەڵکەکەی هاوزمانی خۆمانن". سنوور ئێستا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هاتووەتە وڵاتی تورکیا و لەوێ درێژە بە هونەری نیگارکێشییەکەی دەدات.

باوەڕ: فیگۆرەکانت هەموو تەنهان و وا بەدی دەکرێت کە کێشەی تۆ کێشەیەکی تاکەکەسی بێت؛ واتە خەمی کۆمەڵگە و ڕووداوەکانی دەوروبەرت کاریگەرییان نەکردووەتە سەر بەرهەمەکانت.

سنوور: فیگۆری ناو تابلۆکانی من کاریگەرییان لە دەوروبەر و کۆمەڵگە وەرگرتووە. وا بڵێین تۆ لە پەنای دارێکی دڕکاوییەوە تێدەپەڕێیت و قۆڵت بەو دارە بریندار دەبێت؛ من لە تابلۆکانمدا دڕکەکەت پێشان نادەم، بەڵکوو تەنها ئەو برینە دەکێشمەوە کە دڕکەکە درووستی کردووە. پاش هەموو ئەو شەڕ و ڕووداوە ناخۆشانەی دەوروبەرم، لەکۆتاییدا تەنها فیگۆرێکی تێکشکاو و چەماو دەمێنێتەوە کە من وەک مرۆڤێک کاریگەری کرابێتە سەر، پێشانی دەدەم. من لەبری هۆکاری ئەو گۆڕانکارییانە، ئەو مرۆڤەی گۆڕانەکەی بەسەردا هاتووە دەنوێنمەوە. من لە خۆوە و بێ هۆکار فیگۆرێک تێکناشکێنم. بێگومان بەڵایەک شتێک بەسەر فیگۆرەکانی مندا هاتووە. لەبەر ئەوەیە کە فیگۆرەکان چەماون، گۆڕاون، هەڵموساون، یان هێندە قەڵەو و گۆشتن بوون کە لە چوارچێوەکەدا جێیان نابێتەوە.

blank
تابلۆیەکی سنوور فۆتۆ: باوەڕ مەعرووفی

باوەڕ: تۆ هەرگیز نەچوویەتە قوتابخانەی هونەری و مامۆستای تایبەتی هونەریشت نەبووە، ئەدی چۆن فێری هونەری شێوەکاری بوویت و چۆن خۆت پێش خستووە؟

سنوور: من لە هەولێر کەوتمە ناو تەنهاییەکی قووڵەوە، تەنهاییەک کە هەرگیز ڕزگارم نەبوو لێی؛ نە پێوەندییەک درووست بوو، نە خۆیشم دەمویست پێوەندی درووست ببن. ئەڵبەتە پێشتریش هەوڵم دابوو شێوەکاری بکەم، بەڵام جاری یەکەم بەڕاستی، کە زۆریش خراپ لە کڵ دەرهات، لە هەولێر بوو. ئەو کاتە هێشتا ئاستی خۆمم نەدەزانی. بۆ پێشکەوتن، ئەوەی من پێویستم پێیەتی، نە تەمرین و ئامادەسازی بەڵکوو کاتە، بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر بەرهەم بخولقێنم.

دەتوانین بڵێین کاری من ئەزموونکردنە. من هیچ کات تەمرین و ئامادەسازیم نەکردووە؛ بەڵکوو بەرهەمی نوێم ئافراندوون! من بە دیتن و چاولێکرن فێری شێوەکاری بووم.

باوەڕ: زۆر کەس، یەک لەوان خۆم، سەیری بەرهەمە هونەرییەکان دەکەن بەڵام ناتوانن بەرهەم بخولقێنن. چ جیاوازییەک لەنێوان من و تۆدا هەیە کە تۆ دەتوانیت بەرهەمی هونەری درووست بکەیت و من ناتوانم؟

سنوور: کەسەکان جیاوازن، هەر کەسەو پێداویستیی خۆی لە شتێکدا دەبینێتەوە، منیش هونەری شێوەکاری وەک پێداویستیی ژیانی خۆم حساب دەکەم. من وەها پێویستییەک لە خۆمدا هەست پێدەکەم، دەشێت ئەم هەستە لە هەندێک کەسانی ‌تردا نەبێت. کاتێک مرۆڤ تابلۆیەک دەخولقێنێت، لەڕاستیدا بەرهەمێکی فیزیکیی نوێ ساز دەکات. جیاوازیی نێوان هونەری شێوەکاری و نووسینیش هەر ئەم هەستی بەرهەمهێنانی شتی فیزیکییە، کە دڵی مرۆڤ خۆش دەکات. کاتێک من بەرهەمی زیاتر و زیاترم دەخولقاندن و دەوروبەرم پڕ دەبوو لە تابلۆ، هەستێکی خۆشم لا درووست دەبوو. هەروەها دەبێت بڵێم کە لە کاری مندا کە نیگارکێشییە، هیچ ئاستێکی دەستنیشانکراو نییە. بەڵام پێویستە باشتر و باشتر ببم.

باوەڕ: تۆ بڵێیت بتوانیت لە ناو کۆمەڵی هونەرمەندانی ئەستەمبۆڵدا جێگەی خۆت بدۆزیتەوە؟

سنوور: دڵنیا نیم بتوانم پێوەندییەکی باش لەگەڵ هونەرمەندانی ئەستەبۆڵ پێک بێنم یا لە کۆمەڵەکانیاندا پێشوازیم لێ بکرێت. بەڵام لە ناو کوردەکاندا پێم وا بێت باشتر دەتوانم شوێنی خۆم بدۆزمەوە، لەبەر ئەوەی کوردی ئێرە باشتر تێدەگەن کە ژیان بۆ ژنێکی هونەرمەند دەتوانێت تا چەندە دژوار بێت. ئەڵبەتە ئەوش بڵێم کە من لەبەر ئەوە هاتمە ئەستەمبۆڵ چونکە لە باشوور نەمدەتوانی بۆ خۆم بە تەنێ لە خانووی کرێدا بم؛ بۆیە شارەوشارم دەکرد. بەداخەوە لەوێ بۆ مانەوەم داوای کەفیل (سەرپەرست)یان لێ دەکردم. جاری دواییش لەسەر ئیقامە عێراقییەکەم نووسیبوویان کە ئیزنم نییە کار بکەم.

باوەڕ: جێگە و پێگەی هونەری شێوەکاری لە کولتووری خۆماندا چەندە بایەخی پێدراوە؟

سنوور: لەم جوگرافیایەی ئێمەدا چاوی خەڵک بۆ دیتن لاوازە؛ لەبەر ئەوەی بۆ دیتن ڕانەهاتووین. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە شێوەکاری بەشێک لە کولتوور و ژیانی ئێمە نەبووە. لە قوتابخانە تا ئاستی دەبیرستان دەرسی هونەرمان هەبووە، بەڵام دیسانیش دیتنی تابلۆ و پێشانگەکان زۆر ئاسان نەبوو. بە تایبەتی لە مۆسیقا و نیگارکێشیدا دەتوانم بڵێم ئێمە بێسەوادین!

٨ی تیرمانگی ٢٠٢٠

*ئەم وتووێژە پێشتر بە زاراوەی کورمانجی لەسەر ماڵپەڕی ئۆرتادۆغو نیوز بڵاو بووەتەوە

سەرنجێک بنوسن