ڕۆمانی پاسەوانانی خودا
لەنێوان زەمەنى داخراو و زەمەنى کراوەدا

ڕۆمانی پاسەوانانی خوا، نووسینی عەتا محەمەد

گفتوگۆى برگسۆن[1] و ئاینشتاین[2] لە بارەى زەمەنەوە گفتوگۆیەکى سایکۆلۆجى/ فیزیاییە، بەڵام هەندێ لە فیزیاییەکان دەیانەوێ تێگەیشنێکى تاکڕەهەند بە زەمەن ببەخشن و ئەو کەلێنە دابخەن، کە ئەپیکۆرییەکان بە کراوەیى جێیانهێشتووە! لێرەدا گرفتى قسەکردن لەسەر زەمەن لەلاى برگسۆن قسەکردنە لە زەمەن وەک مەسەلەیەکى خودى، وەک مەسەلەیەک کە بە مرۆڤەوە بەندە، بەڵام لاى ئاینشتاین و قسەکردنە لەسەر حەقیقەتێکى بابەتى کە بە دەرەوەى مرۆڤەوە دەلکێ.

زەمەن چییە؟ ئەو پرسیارە دێرینەى، کە (ئۆگستین)[3]ى مەزن بەرزى کردەوە، وەک دەبینین لاى برگسۆن لە دەیموومەدا خۆى دەبینێتەوە… برگسۆن رەهایى لە بەردەوامییدا دەبینێتەوە، پێیوایە بەردەوامى زەمەنى حەقیقییە… ئەو زەمەنەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژى، بۆیە دەبێ مرۆڤ لە جیهانى دەرەوە دوور بکەوێتەوە، بەرەو ناوەوە، چونکە هەر لە ناوەوە هەست بە هەڵقووڵینى زەمەنى حەقیقى دەکات، زەمەنێک کە ڕابردوو و ئێستا لەیەک باردا کۆدەکاتەوە و سەر لە نوێ بەرەو داهاتوو پاڵى دەنێت. برگسۆن دەیەوێ (بوون) لە سەر دەیموومە وێنا بکات. لەبەر ئەوەى (دەیموومە-بەردەوامى) دێ و دەڕوا، بۆیە قبوڵى دابەشبوون و بەش بەشبوون ناکات.. بەردەوامى پێشکەوتنى ڕابردووە، کە داهاتوو بەرهەم دەهێنێ، هەرچەندە پێشبکەوێت گەورە دەبێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش (من/الانا) لاى ئەو یەکێتییەکە دابەش نابێت. ئازادیش بە دەیموومەوە بەند دەکات، دەیموومەیەک کە جیابوونەوە ناس ناکات، یەکێتییەک پێکدەهێنێ کە ناشێ بەسەر ساتەوەختدا دابەش بکرێت. بەمجۆرە ئازادى تەعبیر لە کەسێتى دەکات. هەڵبەتە برگسۆن بۆ جەختکردن لە تێزەکەى مۆزیکا و شێوازى ئاگایى وەک نموونە دەهێنێتەوە..[4] کەواتە لاى برگسۆن جەوهەرى ئێستا، ڕابردووە.

زەمەن لە چەندین وێنەدا

کتێبى (جدلیە الزمن)ى باشلار[5] دیموومەى زەمەن بەو مانایەى کە لاى برگسۆن هەیە، رەتدەکاتەوە و دەڵێت زەمەن بەیەکەوەلکاو نییە، بەڵکو بەیەکەوەنەلکاوە (متصل نییە، منفصلە).. هەروەها دەڵێ بە هۆى فیکرى بەیەکەوەنووساوەوە (متصل) ناتوانین بە شێوەیەکى جەوهەرى بەرەو یەکێکى دیکە بگوازینەوە.. ئەگەرچى دەیموومە پێدراوى راستەوخۆى ئاگاییە، بەڵام ئەو دیموومەیە دەستەمۆیە، کەواتە ئاگایى لە شارەزایى دەرەکى وەرگیراوە، چ بە هۆى (دابڕان یان بەردەوامى) بێت. بەو مانایەش لاى باشلار ئاگاییمان بە زەمەن، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعى نییە تەنها لە چرکەساتدا نەبێت. کەواتە باشلار  لەگەڵ تێزى فەلسەفى (ساتەوەخت/چرکەسات- اللحظە – Instant  و کتێبى (Siloce)ى گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel یەکدەگرێتەوە و لە تەواوى کتێبى (حدس اللحظە) پشتگیرى لە تێزەکەى ئەو دەکات. رۆبناڵ-Roupnel  پێیوایە واقیعى زەمەن تەنها لەو چرکەساتەدایە، یان بە مانایەکى دیکە زەمەن واقیعێکە بە چرکەسات ئابڵوقەدراوە و دەکەوێتە نێوان دوو عەدەمەوە. کەواتە زەمەن لە نوێوە دەژى، بەڵام بەر لەوە بژى، دەبێ بمرێ، چونکە ناتوانێ خۆى لە ساتێک بۆ ساتێکى دیکە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەى ببێتە دەیموومە[6].

لە ڕستەیەکى فەلسەفیدا باشلار دەڵێت: من هەموو شتێکم ونکردووە بۆ ئەوەى هەموو شتێ بەدەستبهێنم. بەمجۆرە لاى باشلار هونەر، دابڕان لەگەڵ بەردەوامى ژیانى ڕۆژانەى باو دروست دەکات. چونکە بەردەوامى ژیان نابەردەوامى لەدایکبوونە.[7] ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەکەین هەین، واتە لەو ساتەوەختە و بە هۆى ئەو چرکەساتەوە هەست بە بوونى خۆمان دەکەین. لەنێوان هەستکردن بە ئێستا و هەستکردن بە ژیان هاویەکییەکى (وەکیەکى) ڕەها هەیە. لێرە لە دیدى ژیانەوە دەتوانین هەوڵدەین بە هۆى ئێستاوە لە ڕابردوو بگەین، بەبێ ئەوەى بەردەوام هەوڵدەین بە هۆى ڕابردوو ڕاڤەى ئێستا بکەین.

 زەمەن چییە؟ دەتوانم بڵێم لە کۆى گێڕانەوەکانى (عەتا محەمەد)دا مرۆڤ لە چەندین وێنەدا بە زەمەنى ساتەوەختەوە دەلکێ، بەردەوام زەمەن بە کراوەیى بەجێدەهێڵێ، بەو مانایەش وێنەکانى عەتا محەمەد ناڕاستەوخۆ دەکەونە ساتەوەختەوە، لە ڕۆمانى پاسەوانانى خودا- (لە ناوەندى رۆشنبیرى و هونەرى ئەندێشە چ ٢ ساڵى ٢٠١٦ پێدراوە) مێژووییەکى تر بۆ بینینى خۆمان وێنەکان بە دواى خەلق کردن و عەشق و عەدەمەوەن، کۆى ڕووداوەکانى ئەو ڕۆمانە لە ساتەوەختێ لە دایک دەبن، کە دەیموومەى نییە، وەک چۆن هێڵ لە خاڵ پێکهاتووە، ئەو ڕۆمانەش لە کۆمەڵێ ڕووداو پێکهاتووە. (هیچ ئەسڵێک بوونى نییە، ژیان بریتییە لە ژیانى وێنەکان… ئەوەى پێشیدەوترێت ڕۆح یان جەوهەرى مرۆڤ، هیچ نییە جگە لە هەوڵێک بۆ دەربازکردنى مرۆڤ لەو وێنە سێ ڕەهەندییەى درێژى و پانى و بەرزى، بۆ ئەوەى ڕەهەندێکى ترى بداتێ، کە قوڵاییە، بۆ ئەوەى لە گیاندارەکانى ترى جیا بکاتەوە. پاسەوانانى خودا ل١٥٣. زەمەن چییە؟ دەتوانم بڵێم کاراکتەرەکانى پاسەوانانى خودا بەردەوام بایەخى کردەى ئاگایى لە ئەزموونى ساتەوەختیدا تۆمار دەکەن، چونکە هیچ حەقیقەتێکى بەڵگەنەویست بە بێ ویست (ئیرادە) و بێ هەستکردن بوونى نییە، هەر ئەوە درێژ دەبێتەوە تا بڕیار لە سەر کردە بدات. بەمجۆرە خودى گێڕەڕەوەکانى عەتا محەمەد تەنها وەک بکەرێکى زەمەنى نەبێ، ناتوانن بڵێن هەین. زەمەنیش بوونەوەرە، چرکەساتە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، داهێنان و خەلقکردن و عەشق و کردەى چوونە ژوورەوەى لەپڕە.

blank
عەتا محەمەد

کەواتە زەمەنى گێڕانەوەى ئەو ڕۆمانە دەلالەت لە جەوهەرى گۆڕاو، مرۆڤى خاوەن قاچ… دەکات، کاراکتەرەکان هەموو شتێکیان ونکردووە، بۆ ئەوەى هەموو شتێ بەدەستبهێنن، بۆیە قبوڵى دابەشبوون و بەش بەشبوون دەکەن، چونکە زەمەن بەیەکەوەلکاو نییە، بەڵکو بەیەکەوەنەلکاوە، بەو مانایەش وێنەى کاراکتەرەکانى ئەو ڕۆمانە بە گێڕانەوەى زەمەن و جەوهەر و سەر… ناناسرێنەوە؟! پرسیار ئەوە نییە مرۆڤ  وەک کۆپیکەرى شتەکان، ئەو چیڕۆکە خەیاڵیانە وەک سروشتێکى خولقێنەر یان دروستکەر بەرجەستە دەکات… قسە ئەوەیە کە زەمەنى سروشتى خولقێنەر کراوەیە و زەمەنى سروشتى دروستکەر داخراوە! بەو مانایەش زەمەنى داخراو وێنەى گێڕانەوەى زەمەن دەکێشێ، زەمەنى کراوە وێنەى زەمەنى گێڕانەوە دەنەخشێنێ.

لە کۆى گێڕانەوەکانى (عەتا محەمەد)دا مرۆڤ لە چەندین وێنەدا بە زەمەنى ساتەوەختەوە دەلکێ، بەردەوام زەمەن بە کراوەیى بەجێدەهێڵێ، بەو مانایەش وێنەکانى عەتا محەمەد ناڕاستەوخۆ دەکەونە ساتەوەختەوە،

مرۆڤى دروستکەر هەر تەنها بە خاکەوە پەیوەستە، بەو شوێنەوە کە لێى لە دایکبووە، هەر تەنها بە نیشتمان، ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، کولتوور… پەیوەستە، سەرچاوەى جەوهەر نەگۆڕ مرۆڤى دروستکەرە… بەڵام کاراکتەرەکانى ڕۆمانى پاسەوانانى خودا وەک مرۆڤى خولقێنەر پێیەکانیان ئامرازى بڕینى ڕیگا دوورەکانە و هەنگاو دەنێن و سەرى خۆیان هەڵدەگرن و لە ڕەگ و ڕیشە و ڕەچەلەکى خۆیان هەڵدێن! مرۆڤى خولقێنەر دەستکارى بوونى خۆى دەکات، ناسنامەى خۆى دەگۆڕێت، سەرچڵانەش لە جەوهەرى نەگۆڕ دەبێتەوە… ئەو دەڵێ من کێم؟ وێنەیەکێت، وەک من کە تەنها وێنەیەکم… پاسەوانانى خودا، ل٢٠٦

مێژووى فیکرى پاسەوانانى خودا

ڕۆمانى پاسەوانانى خودا- مێژووییەکى تر بۆ بینینى خۆمان، لەڕێگاى زەمەنەوە کۆمەڵێ بابەت دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و چارەسەرییەوە، وەک گیروگرفتەکانى ئازادى، پەیوەندى نێر و مێ، کێشەى یادەوەرى، کێشەى مردن و بوون، کێشەى زمان… عەتا محەمەد پێیوایە مێژووى مرۆڤ وەک مێژووى ململانێى نێوان نێر و مێ خۆى دەنەخشێنێ! ئەو پێیوایە تەنانەت داگیرکردن و ئیمپریالییەت، ململانێى نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، دەستگرتن بە سەر سامان و سواربوونى ئۆتۆمبیل و جنێودان و سیستمى زمان… لە مێژووى ململانێى نێوان نێر و مێدایە! ئەو دیدەى عەتا محەمەد بۆ کێشەى ئافرەت و کێشەى بوون و مردن و کێشەى خۆرهەڵات و خۆرئاوا، دروستکردن و خەلقکردن، عەشق و خۆشەویستى… و هەموو ئەو کێشە مرۆییانەى لەڕێگاى ئەفسانە و گێڕانەکانەوە بە ئێمە گەیشتوون… هەموو ئەو کێشە مرۆییانەى لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا رەنگى داوەتەوە، هەموو ئەو کێشە مرۆییانە بۆ ململانێى نێوان نێر و مێ دەگەڕێتەوە، بڕوانە ل١٠٧

blank
پۆل ریکۆر فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسایی

ئەو بۆچوونەى عەتا محەمەد بۆ مێژووى ململانێى مرۆڤایەتى لەو قسەیەى (جان بیار بریسە ١٨٣٧-١٩٢٣ زاناى زمانەوانى فەرەنسى) نزیک دەبێتەوە، کە پێیوایە مێژووى مرۆڤایەتى لە ناوەڕۆکى زماندایە… بەڵام هەر تەنها لە وشەوە  -word-ەوە نییە، بەڵکو لە جیهان -world- ەوەیە! وشە مێژووە، ئەو مێژووەش ڕەنگدانەوەى مێژووى بەدواداگەڕانە، وشە وەک زانستى ڕێزمان لە ناو هەڵێنجراوە، هیچ شتێکى نوێ و سەیرى تێدا نییە… بە کورتى ڕەنگدانەوەى مێژووى مرۆڤایەتى ڕەنگدانەوەى زمانە لە جیهاندا… بڕوانە: عنف اللغە، جان جاک لوسیرکل، ترجمە وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنظمە العربیە للترجمە، بیروت، ط٢، ٢٠٠٦، ل١٣٣. ١٣٧. دەشێ ئەو تێڕوانینەى بریسە بە جۆرێ لە جۆرەکان پەیوەندى بە کتێبى (دى مایسترۆ) ئۆگستینەوە هەبێت، کە بەڵگەى بوونى خودا بە زمانەوە پەیوەست دەکات و دەڵێت خودا لە دەروونى مرۆڤ دایە و لەڕێگاى زمانەوە دەردەکەوێت.

جوانى لە ناکامڵیدایە

ئێمە لە ناوەوەى خۆمانەوە جیهانێکمان هەڵگرتووە، وەک چۆن لە جیهانێکدا نیشتەجێین کە زمانە، گێڕانەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەى لە نێوان جیهان و زمان جۆرێک لە ئاوێتە بوون و هاوگونجان دروست بکات! هەر لەوێشەوە (خودى مرۆڤایەتى) پێگەیەکى سێنترالیانە لە کردەى گێڕانەوەدا وازى دەکات، وەک ریکۆر دەڵێت:- ژیانى مرۆڤ چیرۆکێکە لە حاڵەتى لە دایکبووندا.[8]

تەکنیکى گێڕانەوە لە ڕۆمانى پاسەوانانى خودا پەیوەندى بە زەمەنى گێڕانەوەوە هەیە، نەک گێڕانەوەى زەمەن! دەمەوێ بڵێم زەمەنى گێڕانەوە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە خەلق کردنەوە هەیە، بەڵام گێڕانەوەى زەمەن بە دواى دروستکردندا دەڕوات، یەکەمیان دەکەوێتە نێو زمان و دووەمیان جیهان! زەمەنى گێڕانەوە دەکەوێتە نێو زمان و گێڕانەوەى زەمەن دەکەوێتە نێو جیهانەوە. خەلقکردن دەکەوێتە نێو زمان و دروستکردن دەکەوێتە نێو جیهان، عەشق دەکەوێتە نێو زمان و خۆشەویستى دەکەوێتە نێو جیهان، مێ دەکەوێتە نێو زمان و نێر دەکەوێتە نێو جیهان… جوانى زمانیش لە ناکامڵیدایە، مرۆڤیش هەوڵدەدات هەمیشە جیهان جوانتر بکات، چیرۆک و کاراکتەرەکانى عەتا محەمەدیش لەو هاوگونجانە ناکەون!؟

لێرەوە پرۆسیسەکردنى گێڕانەوە دەکەوێتە دووتوێى ئەو ماوە شاراوەیەى، یان ئەو بۆشایى و خەیاڵەى، کە لەنێوان زمان و جیهاندا هەیە، ئەوەش واتە ئاشنابوونى خود (کە لەو ڕۆمانەدا لە کاراکتەرى سەرەکى ڕێبواردا دەیبینینەوە) لەگەڵ جیهانى شتەکان و دیاردەکان لەڕێگاى پرۆسەى خەڵقکردنى مانا و دەلالەتەکانى ئەو دیاردانە و بردنیان بۆ بوارى ئاگایى فەردى و پاشان ئاگایى دەستەجەمعییەوە! بەو مانایەش خودى گێڕەڕەوە لە میانى زەمەنى گێڕانەوەدا بوونى هەنووکەیى خۆى بە مانا هایدیگەرییەکەى لەڕێگاى زمانەوە واڵا دەکاتەوە.

لێرەوە پرۆسیسەکردنى گێڕانەوە دەکەوێتە دووتوێى ئەو ماوە شاراوەیەى، یان ئەو بۆشایى و خەیاڵەى، کە لەنێوان زمان و جیهاندا هەیە، ئەوەش واتە ئاشنابوونى خود (کە لەو ڕۆمانەدا لە کاراکتەرى سەرەکى ڕێبواردا دەیبینینەوە) لەگەڵ جیهانى شتەکان و دیاردەکان لەڕێگاى پرۆسەى خەڵقکردنى مانا و دەلالەتەکانى ئەو دیاردانە و بردنیان بۆ بوارى ئاگایى فەردى و پاشان ئاگایى دەستەجەمعییەوە!

زەمەنى زمانەوانى

ئەوانەى بە ئاڕاستەى (ڕۆمانى نوێ) کاریان دەکرد، واتە (رۆب گرێیە و میشیل بۆتۆر و ناتالى سارۆت و کلۆد سیمۆن و جان ریکاردۆ) پێشبینى و تیۆرەکانیان لەبارەى تەوزیفکردنى زەمەن، لە ئاماژەى زمانەوانى بە زەمەنەوە وەرگرتووە، وەک چۆن (لاینس) ڕوونى دەکاتەوە و دەڵێ: خەسڵەتى بنەڕەتى گوتەزاى زەمەن خۆى لە پشت ساتەوەختى ڕووداو لە ڕستەدا دەبینێتەوە، واتە لە (هەنوکەى) بەزارداهاتندا خۆى هەڵدەگرێتەوە.

ڕۆمانى پاسەوانانى خودا لە زەمەندا وازى دەکات، بۆیە ڕووداوەکانى قسە لە کێشەکانى سەردەم دەکات، هەموو شتێکیان، هەموو کێشەکانیان لە ئێستاوە نزیکە، ڕابردوو، داهاتوو هەر تەنها دەبنە کۆمەڵە لقێکى بەرهەمهاتووى ئەو زەمەنەى کە ساتەوەخت بەرهەمى هێناوە. لە ڕۆمانى پاسەوانانى خودا (زەمەنى زمانەوانى) زەمەنێکە خۆى بە گوتنەوە پەیوەست دەکات، بەو مانایەش سێنتەرى ئەو زەمەنە لە بەرهەمهێنانى گوتندایە. زەمەنى زمانەوانى کردە/ چالاکییە (فعل/فعالیە: Acte). نەک کار)  عمل: (Actio ئەوەى دووەمیان بەردەوامە و دەکەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجى دەیموومەوە، چونکە کار هەر دەبێ سەرەتاى هەبێ و هەر دەبێ وەک بنچینە رووداوى هەبێ. بەڵام کردە/ چالاکى ساتەوەختییە، جگە لە ئەبستراک هیچ واقعێکى نییە. کار بە پشتبەستن بە حاڵەتى چەسپاو نەبێ وێنا ناکرێت. بەڵام کردە بەر لە هەموو شتێک بڕیارێکى راستەوخۆى هەنووکەییە، پێشکەوتنێکى داهێنەرانەیە رووداوەکان فەرامۆش دەکات.

کەواتە سەرچاوەى زەمەن ئێستایە و هەنووکەى زمانەوانیش بنەماى هەموو رووبەروو بوونەوەیەکى زەمەنى زمان لەخۆ دەگرآ. زەمەنى زمانەوانى هەر یەک لە (ڕێبوار، نیان، سنور…) لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام لە بارەى ئێستا دەنووسن. بەو مانایەش ئیشکالیەتى گێڕانەوە لاى عەتا محەمەد لە جەوهەردا ئیشکالیەتێکى زەمەنییە، ئیشکالیەتى زەمەنى وەک ڕوونمان کردەوە  گێڕانەوە لە فرە زەمەنیدا هەڵدەگرێتەوە.

مێژووى زەمەن/ مێژووى هەڵە

بە گەڕانەوەمان بۆ چیڕۆکى ئادەم و حەوا، دەتوانین ئەو تایبەتمەندییەى مرۆڤ بدۆزینەوە، کە بوونەوەرێکى هەڵەکەرە، ل١١٥. ئەو رستەیە مێژووى ململانێى هەڵە و ڕاستى وێنا ناکات، بەڵکو هاوگونجانى زەمەن و زمان دەکێشێ، دەمەوێ بڵێم هەڵە پێیەکانى زمانە و سەرى زمان دەکەوێتە نێو زەمەنەوە، بەڵام زمان و زەمەن بەیەکەوە نالکێن، زەمەن و زمان ڕووبەڕووى یەک نابنەوە، بەڵکو زمان زەمەنى خۆى رۆدەنێت، زەمەنیش زمانى خۆى هەیە! بەو مانایەش بەردەوام (ڕێبوار) کاراکتەرى سەرەکى ڕۆمانى پاسەوانانى خودا وەکو زمان لە چاوەڕوانى خوێنەردایە، نەک وەک زەمەن! خوێنەریش دەسەڵاتى زمان لە شێوەى گێڕانەوە دەگرێ، دەسەڵاتى زەمەنیش لە شێوەى ساتەوەخت! کەواتە وەک چۆن ناتوانین هەڵە بخەینە دەرەوەى زمانەوە، ناشتوانین کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد بخەینە دەرەوەى زمەنەوە.

کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد (بە مانا لاکانییەکەى) دالى زمانن، زەمەنى گێڕانەوەش لە کارەکانى سەرگەورەى هەڵەن، زەمەنى گێرانەوە لە ڕۆمانى پاسەوانانى خودا هەڵە ڕێکدەخات، بەو مانایەش کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد لە هەڵە دروست کراون، کەواتە کارى کاراکتەرەکان ئاگایانە نییە، وەک زەمەنى گێرانەوە دەیکێشێ، بەڵکو لە خۆوەیە و دەکەوێتە ژێر زمانەوە یان ملکەچى زمان دەبێ! هەموو ئەو قسانەش تەرجەمەکردنى جیاوازبینى نێوان (فرۆید)[9] و (لاکان)[10] لە بارەى سوبێکت و نەست لە لایەک و ئیگۆ و نەست لە لایەکى دیکەوە. هەموو ئەو جیاوازییانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لاى  فرۆید ئیگۆ سەرگەورەى نەستە و نەست رێکدەخات، نەستیش عەقڵ بەڕێوە دەبات، کەچى لاى لاکان زمان نەست بەڕێوە دەبات و ئەوە زمانە قسان بە نەست دەکات.

بە کورتى عەتا محەمەد لە کۆى کاراکانیدا بە دواى زماندا دەڕوا، بۆ ئەوەى زەمەن بێ بەڵگە نەکەوێتەوە… گێڕانەوە زمان بەڕێوەى دەبات، بۆ ئەوەى کاراکتەرەکان رێکبخات! کەواتە مێژووى لە دایکبوونى کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد مێژووى هەڵەکانى زمان دەگەیەنێت و دەکەوێتە نێو چرکەساتەوە.

زەمەنى نێر یان مێ

ئەگەر زەمەن بە رەگەزى مێ دابنێین، ئەو مانا ئایینییە زاڵ دەبێ، کە بە ڕەگەزى مێى دەفرۆشنەوە؟ ئایا سەرکەوتن نێرە و دۆڕاندن مێ، ڕەشبینى نێرە و گەشبینى مێ، دۆزەخ/ ژیان، تاریکى/ رۆناکى… ئایا لە هەموو ئەوانە دەبێ تێڕوانینمان بۆ هەڵە بە نەگۆڕى بمێنێتەوە؟ ئەو هەموو تێگەیشتنانە لە بۆچوونى نێر و نێرسالارى هاتۆتە ئاراوە، کە پێیوایە ئافرەتان لەپاش پیاوانەوە دێن، چونکە وشەى (Female- مۆنپ) لە وشەى (Male- مژکر) وەرگیراوە.. یان لە وشەى لاتینى (Femina) هەڵهێنجراوە، ماناى وشەى (Femina)ەش بە (ڕدنى ایماناً) دێت![11]

ئەو دوالیزمە هەر تەنها لە زماندا بەرجەستە نییە، خودا لە سەرەتادا ئادەمى دروست کردوە، کاتێک ئادەم لە تەنیایى خۆى وەڕس دەبێت، خودا لە پەراسووى چەپى ئادەم حەوا دروست دەکات… ئەوەش دواتر لە دەقە ئایینییەکان زۆر جوان رەنگى داوەتەوە. لە بەرانبەر ئەو بیرکردنەوەیە، فیکرى مۆدێرنەیە بە شێوەیەکى گشتى پشتگیرى بزاڤى ئافرەتانى کردووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیرى وشەى (woman – اِمرە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەى (Woe to man- الویل للرجل) هەڵێنجراوە.[12]

دەمەوێ بڵێم ئەگەر دوێنێ گوتارى فیکرى، بۆ تەماشاکردنى (جەستە) کەوتبێتە نێو سیستمى ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت، کە جەستە وەک شتێکى ماددى لە بنەڕەتدا لە هەموو بەها ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەهاى ئەخلاقییە خۆى بە جەستەوە هەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتى کۆمەڵگا و رۆشنبیریى نێرایەتى باو دەگەڕێتەوە.

کەواتە دەبێ واز لەو حوکمانە بهێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیهان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە، چونکە هەر یەک لە جیهان و جەستە بەنێویەکداچوونە، یەک لەنێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.[13] بەو مانایەش وەک رۆمانى پاسەوانانى خودا جەختى لێدەکاتەوە، ئەستەمە وێناى زەمەن بکرێ، بەوەى زەمەن نێرە یان مێیە… وەک چۆن ئەستەمە کە تەنها بڕوامان بە یەک ڕووى مرۆڤ هەبێت… زەمەن لە هاوگونجانى هەردوو رەگەزەوەیە، مرۆڤ چەندان رووى جیاوازى هەیە، ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێ زەمەن هەردوو رەگەزەکەى لە خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام سەردەمێ ڕووە نێرەکەى زاڵ دەبێ و سەردەمێکى دیکە بەشە مێیەکەى.

زەمەنى خوێندنەوە

بێگومان زەمەنى گێڕانەوە، زەمەنى رووداوەکانى گێڕانەوەیە، کە لە پەیوەندى بە کەسێتیەکانەوە خۆى دەنوێنێ، بەڵام زەمەنى وەرگر (خوێندنەوە) واتە زەمەنى تەلەقیکردنى دەق لە خوێنەرەوەیە، زەمەنى وەرگر زەمەنى خوێندنەوەیە، ساتەوەختێکە لە هەموو زەمەنەکانى دیکە جیاواز دەکەوێتەوە، ئەوە جیاوازییە زەمەنى خوێندنەوە تەواو دەکات! بێگومان بە لکاندنى (زەمەنى خوێندنەوە و زەمەنى خوێنەر) زەمەنى دەق- واتە زەمەنى دەلالى دێتە بەرهەم.

(تزیڤیتان تۆدۆرۆف) زەمەنى نووسین (گوتن بە زار) و  زەمەنى خوێندنەوە (درککردن)، لێکجیا دەکاتەوە، زەمەنى نووسین هەر لەو ساتەى کە زەمەن دەخرێتە دووتوێى گێڕانەوەوە، ئیتر زەمەنى نووسین دەبێتە ڕەگەزێکى ئەدەبى، واتە لەو کاتەى کە گێڕەڕەوە قسەمان لە بارەى گێڕانەوەوە بۆ دەکات! بەڵام زەمەنى خوێندنەوە، زەمەنێکى بێ رەنگدانەوەیە، زەمەنى خوێندنەوە درککردنمان بەرامبەر کۆمەڵێک دەق دیارى دەکات، بۆ ئەوەى زەمەن وەک ڕەگەزێکى ئەدەبى لە ناو دەقدا دەربکەوێت، دەبێ دانەر لەناو گێڕانەوەدا حیسابى بۆ بکات، لە بەرهەمەکەیدا بەرجەستەى بکات.

ڕۆمانى پاسەوانانى خودا دەنگى ئەوانەیە کە دەنگیان نییە، ڕۆمانى پاسەوانانى خودا تەعبیر لە جیهانێکى دابەشبوو دەکات، بەو مانایەى کە دابەشبوون مەرجى جێبەجێکردنى دنیابینییەکى جیاوازى لەخۆدا هەڵگرتووە، بەو مانایەى کە دابەشبوون ئازار بە دنیاوە دەچێژێ، هەرگیز رۆماننووس بە یەک بۆچوونى دیاریکراوەوە مەحکوم نییە، بەو مانایەش ڕۆمانى پاسەوانانى خودا تەعبیرکردنێکى نادیار ء فرە ء کراوە و نیگەڕانئامێزە… هەموو ئەو دابەشبوونانەش ڕۆڵى زەمەنى گوتار دەنوێنن.

زەمەنى گوتار زەمەنێکى خەتییە و رێکخستنى بەندە بە ڕێکخستنێکى بە دوایەکدا هاتوو، کە یەکێک لە دواى ئەویدیکەوە دێت، بەڵام خوێنەر لە پێناو ئیستێتیکا و چێژ وەرگرتندا، پشت بە گۆڕینى زەمەنەکان دەبەستێ، وەک چۆن لەپێناو گوتاردا پشت بە زەمەنى بە دوایەکداهاتوودا دەبەستێ، کەواتە لەو ئەو رۆمانەدا خوێنەر لە پێناو دنیاى جوانى و چێژ، لە پێناو  فرە زەمەنیدا، دنیاى پێناسە و حەقیقەت جێدەهێڵێ… وەک چۆن لەپێناو دنیابینى سەردەم و پاش و پێش خستنى زنجیرەى ڕووداوەکاندا زەمەنى گوتارە جیاوازەکان بەیەکەوە دەلکێنێ.

سەرچاوە و پەراوێزەکان


[1] هنری برگسۆن لویس لە 18 ئۆکتۆبەرى ساڵى 1859 لە(1859/10/18) پاریس- فەڕەنسا لەدایکبووە ، لە 4 ینایرى 1941 واتە لە(1941/01/04) (81 ساڵى) Paris، Franc پاریس- فەڕەنسا کۆچى دوایى کردووە. لە ساڵى 1927 خەڵاتى نۆبلى ئەدەبى وەرگرتووە

[2] ئاینشتاین، ئەلبیر (1879-1955) فیزیایى ئەمریکى، لەدایکبووى ئەڵمانیا. بە یەکێک لە بەناوبانگترین زانایانى بوارى زانستى تەواوى سەردەمەکان دێتە ژماردن. لە ساڵى 1933 بڕیارى دا حوکمى نازییەکان جێبهێڵێ و لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا نیشتەجێ بێت. تیۆرى رێژەیى داناوە. لە ساڵى 1921 خەڵاتى نۆبلى لە زانستى فیزیا بە دەست هێناوە.

[3] سانت ئۆگستین saint Augstine) لە جیهانى فرە کلتورى ئیمپراتۆرى رۆمانى لە دایکێکى باوەڕ مەسیحى و باوکێکى بێ باوەڕ لە ئەفریقیاى سەروو، شارى تاگاستە (Thagate) واتە (ئەهراس)ى جەزائیرى ئێستا چاوى بە دنیا هەڵێناوە. زمانى فینیقى زانیووە و ئاشنایى بیروڕاى سامییەکان بووە، لە (9) ساڵان پەیڕەوى ئایینى (مانەوى) کردووە و هەر لەو رێگایەشەوە کلتور و شارستانیەتى ئێرانى کۆنى ناس کردووە، ئەدەبیاتى یۆنانى و رۆمانى خوێندۆتەوە و شارەزایى لە بەرهەمە شیعرییەکانى (فێرجیل) هەبووە، لە تەمەنى (30) ساڵیدا هەر لە شارى (تاگاستە) دەبێتە مامۆستاى رەوانبێژى، بەڵام دواتر ئەو پیشەیە واز لێدەهێنێ و لە سەر دەستى (ئەمیرۆزا) لە تەمەنى (32) ساڵى واتە 387ز باوەڕ بە ئایینى مەسیحى دەهێنێ، چونکە پێیوایە هونەرى رەوانبێژى بە ماناکانى راستى ناگەیەنێت، ئەویش لەوێوە کە ئەفلاتوون دەڵێت هونەرى رەوانبێژى راستى پێچەوانە دەکاتەوە و دەیشێوێنێ و ناتوانێ بە یەقینمان بگەبەنێت. هەڵبەتە کۆى ئەو قسانەى ئەفلاتوون بە دژى سۆفیستەکان دەکەوێتەوە. ئۆگستین لە ساڵى 395ز بە پلەى (ئەسقەف) دەگات. لە تەمەنى (76) ساڵیدا واتە ساڵى 430ز کۆچى دوایى دەکات.

[4] گاستۆن باشلار، حدس اللحضە، ترجمە، رچا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، ط 1، 1989، ێ 81. *- گاستۆن باشلار لە 27/6/1884 لە (بار سیر ئاوب) ى هەرێمى (شیمبانى) فەرەنسا لە دایکبووە، بڕوانامەى دکتۆراى لە فەلسەفەدا بە دەستهێناوە، لە 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1962 لە پاریس کۆچى دوایى کردووە. کتێبى (جدلیە الزمن) دکتۆر (خلیل احمد خلیل) تەرجەمەى کردووە لە بیروت-لبنان چاپکراوە، بڕوانە چاپى دووەم ساڵى 1992 ل38. (باشلار لە کتێبى “حدس اللحڤە” دەمەتەقێ لەگەڵ برگسۆن و لایەنگرانى تیۆرى زەمەنى بەدوایەکداهاتوو دەکات و پشتگیرى لە کتێبى Siloce ى گاستۆن رۆبناڵ و تێزى ساتەوەختخوازەکان دەکات، بەوەى کە حەقیقەتى زەمەن جگە لەو چرکەساتەى تێیدا دەژین شتێکى دیکە نییە، بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە:  نڤریە الزمان عند غاستون باشلار: ڕو ابداعیە اللحضە، د. سعید بوخلیگ،

[5] جاستون باشلار، حدس اللحظە، ترجمە، رضا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، ط 1، 1989، ص 22.

[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو ل

[7] پۆل ریکۆر لە 27ى شوباتى ساڵى 1913 لە شارى “فالنس”ى فەرەنسى لەدایک بووە، لە دواى شەش مانگ دایکى کۆچى دوایى کردووە، بەڵام باوکى کە مامۆستاى زمانى ئینگلیزى بوو لە ساڵى 1915 لە بەرەکانى جەنگى جیهانى یەکەم کوژراوە، بۆیە ئەرکى بەخێوکردنى خۆى خوشکەکەى دەکەوێتە ئەستۆى مامییەوە. خوێندنى دواناوەندى لە “رین” تەواو کردووە، پاشان چۆتە زانکۆو بڕوانامەى ماجستێرى لە فەلسەفە بەدەست هێناوە، ئینجا چووە بۆ زانکۆى “سۆربۆن” لە پاریس و لەوێ نیشتەجێ بووە. بۆ زێتر شارەزایى بڕِوانە: بول ریکور، فلسەفە الارادە، الانسان الخغاء، ترجمە: عدنان نجیب الدین، دار البیضاء- المغرب،ط١ 2003، مقدمە

[8] جاستون باشلار، حدس اللحظە، ص29

[9] فروید سیغموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشکى دەروونى نەمساوى، بە بەناوبانگترین زاناى دەروونى لە فیکرى نوێ دێتە ژماردن. دامەزرێنەرى رێبازى دەروونشیکارییە (Psychoanalysis).

[10] ژاک لاکان لە 13ى ئەپریلى 1901 لە فڕەنسا شارى پاریس لە دایکبووە و لە 9ى سپتەمبەرى 1981 لە تەمەنى 80 ساڵى هەر لە پاریس بە نەخۆشى سەرەتانى قۆلۆن کۆچى دوایى کردووە

[11] بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النظمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ2 2006، ێ100-101

[12] ه س پ لاپەڕە ١١٠

[13]  بونتی، موریس میرلو ، المرئی واللامرئی ، ت. د. سعاد محمد خچر، دار الشۆون الپقافیە العامە ، بغداد ، 1987 ، ێ126