مرۆڤ: پەیوەستی ڕەگوڕیشەکانی یا چاولەدوی پێیەکانی
خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی “خۆرم بینی”

پۆستەری فیلمی “خۆرم بینی” لە دەرهێنانی “مەهسون قرمزی گول” ٢٠٠٩ تورکیا

پێشەکی

مرۆڤ بەتەنها ڕەگوڕیشەی نییە، هەر پابەستەی خاک نییە و بەو شوێنەوە کە لێی لەدایکبووە، لکابێت. مرۆڤ ڕێوی نییە گەر لە کونی خۆی (مناڵدانی دایکی) هەڵگەڕایەوە، ئیدی گەڕ ببێت، ئەمە دیدێکی میللی و ڕۆمانتیزمی نەتەوەییە،  وەکچۆن تاڕادەیەکی زۆریش دەروونشیکاریانەیە (بە تێرمەکەی میلانی کلاین بۆ جەزرەبەی لەدایکبوون و نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ خانەخوێ ئارامەکە/یونی دایک). مرۆڤ هەر دەستکراوە و چاوکراوە نییە، پێیەکانی سیمبولی ئازادیی ئەون لە هامووشۆکردندا، قاچکراوەیشە: چونکە هەر پێیەکانین وای لێدەکەن لە ڕیشە و ڕەچەڵەک و بنەچەکانی خۆی هەڵبێت وەک سیمبول و ئامرازی بڕینی ڕێگای دوور.

ئەو کەسەی کە پێی هەبێت، بتوانێت هەنگاو بنێت، بە هۆی ئەوەوە کە ڕێگا دەبڕێت، هاوکات سەریشی هەڵبگرێت، دەتوانێت دەستکاری بوونی خۆیشی بکات، شوناسگۆڕکێ بکات، تەنها بەو دەموچاو، زمان، جەستە و ئایین و کولتوور و ڕەگەزە جێندەرییەی خۆیەوە کە هەیبووە پابەستە نەبێت، بەڵکو سەرچڵانە ڕیسکی ئەوە بکات کە جەوهەری نەگۆڕ و تاڕادەیەک جێگیری خۆیشی بگۆڕێت. 

تورکیا: وەک زێدی تۆ و مەنفای من

لە تورکیای مۆدێرندا، پرسیاری شوناسی خەڵکی ڕەسەن و ڕاگواستنیان، شانبەشانی پیادەکردنی میتۆدی خاکی سوتماک/وێران (بەتایبەتی لە بەشە کوردستانیەکەیدا) مێژوویەکی دێرینی هەیە کە لانیکەم لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە شێوەی ململانێێ سیاسی/سەربازی خوێناوییدا بەرجەستە بووە و زۆربەمان کەمتازۆر بە لێکەوتە و دەرەنجامە تراژیدییەکانی ئاشناین. بەڵام نیشاندانی ئەو ململانێیە لە فۆرمی فیلمدا و بەرجەستەکردنی لە وێنەی سینەماییدا زۆر دەگمەن بووە، گەر هەیش بووبێت، هەمیشە ئایدیۆلۆژییانە بەگەڕخراوە و مەبەست لێی خوڵقاندنی گوتارێک بووە بە قازانجی یەکێتی خاکی تورکیا و نیشاندانی کورد وەک تیرۆریست و هەڕەشە بۆ سەر پیرۆزی و یەکپارچەیی قەوارەی تورکی. فۆبیای کەرتبوون و پارچەپارچەبوون لە مێنتاڵتی و هزری مرۆڤی تورکیدا بە چەشنێک ئامادەیە کە لە کینە و بوغزی مرۆڤی ئاسایی لایداوە و گۆڕاوە بۆ ئایدیۆلۆژییەکی قڕکەر و سڕەرەوە، کە ململانێ و جیاوازییەکان تەنها بە فەرمانی دەرکردن و هەڵکەندن لە زێد و گورزی میلیتاری و هێرشی سەربازی یەکاڵا دەکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیشەوەیە فیلمی (خۆرم بینی) کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (مەهسون قرمزی گول)ە، بۆ من شایستە بە ئاوڕدانەوە و خوێندنەوەیە لە کۆنتێکستەکەی خۆیدا، چ وەک گوتارێک لە دەرەوەی هەژموونی ئەو پەیامە ئایدیۆلۆژییە زاڵەی کە هەیە و کورد وەک هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر شوناسی پاکوبێگەردی تورک، چ وەک ئەو کەرتکەرتبوونە ناوەکیەی گوتاری کوردییش کە تەواوی ئەندامەکانی و گرفتەکان وەک یەک پارچە و یەکەی یەکگرتوو دەبینێت.

گرنگی فیلمەکە لای من ئەو چەشنە دژایەتیکردنە نەرمەی ئەو دوو سترەکتورەیە کە هەردووکیان بەناوی هەستیاری جوگرافی و هەژموونی ئایدیۆلۆژیای یەکپارچەییەوە تا دێت تاکەکەسەکان، یەکە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان پارچەپارچەتر و ئەتۆمیتر دەکەنەوە، لێکهەڵوەشاندن و ئاوارەبوون و بێگانەبوون بەرهەمدەهێنن، بەناوی هەرچی زیاتری یەکگرتوویەوە، درز و کەلێنی زیاتر  دەخەنە فانتازیای ئەو یەکە یەکگرتوویەوە کە دەیخوازن، جا ئەفسانەی ڕەگوڕیشەی دێرین بێت، بوونی مرۆڤ بێت وەک دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەیەک یان مرۆڤ وەک خاوەنی دوو ڕەگەز لەیەک کاتدا (ترانزسێکسوێڵ).  

پابەندبوون بە پابەندنەبوونەوە

دەستپێک و دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکە (پەلاماردانی ئەشکەوت و شاخەکانی مرۆڤی کورد و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە کۆپتەری سەربازی) ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنێت کە مرۆڤگەلێک هەن دەبێت ئەو ناوچە یاساغ و سوورە بەجێبهێڵن یا دەبێت بکوژرێن: دەبێت ئەو خاکە لەوانە پاکبکرێتەوە و بەسزا بگەیەنرێن، لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی دەکەونە بەر هێرشەکە و خێزانەکانیشیان کە لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەژین، دەبێت ڕابگوێزرین.

ئەم سەرەتا خوێناوییە ناچارییەی ڕاگواستن و بۆردومانکردن، ڕاستەوخۆ دەمانبەستێتەوە بەو دوو پێناسە باوەی کایەی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتییەوە کە ئەنترۆپۆلۆژێکی وەک (تۆماس هیلاند ئێرکسن)ی نەرویجی بە ململانێی نێوان ڕیشە/پێ ناوی دەبات: ڕیشە وەک سیمبول بۆ پابەندبوون بە جێگە و سروشتەوە، پێ وەک شانسی گەشەی کولتووری و دەرچوون لە سروشت وەک ڕیشە و بنچینە یا ژینگەی یەکەم.

(ئێرکسن) خاوەن دوالیزمەیەکی یەکاڵاکەرەوە و گرنگە لە دروستبوونی شوناسی مرۆڤدا کە بریتییە لە (خاوەنڕیشە/خاوەنپێ): واتە ئەوانەی کە پێیان هەیە و دەتوانن بگوێزنەوە، سەفەر و ڕێ بکەن، پابەستەی یەک ژینگە نەبن و لە تاقە پنتێکی جوگرافی و کۆمەڵایەتی/کولتووریدا نەمێننەوە، هەروەها ئەوانەیشی کە خاوەن ڕەگوڕیشەی توندن بە خاک و ترادسیۆن و ڕابردوویانەوە و زۆر ئاسان ناتوانن دەستبەرداری ببن و شوناسێکی نوێ وەربگرن: بەری جیاواز و نوێ بگرن.

ئێرکسن ڕای وایە کە باست لە شوناس کرد، ناچاریت هاوکات باسیش لە گۆڕان بکەیت، وەک چۆن قسەکردن لەسەر شوناس هیچی جیاواز نییە لە فۆرمەلە بوونی کەسێتی مرۆڤ

بە ڕای (ئێرکسن) دیالەکتیکی دواکەوتن پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆیی لەنێوان دوو  وێنەی جیاوازدایە بۆ مرۆڤ: مرۆڤ وەک درەختێکی ڕەگ داکوتاو و وەک بوونەوەرێکی پێڕەو! مرۆڤ چەندە لە درەخت دەچێت، چەندە گرێدراوی ئەو ڕەگوڕیشە سروشتی و خوێنینەیە کە سەرچاوەی یەکەمی هاتنەبوونیەتی وەک خاکوخۆڵ و زێدی خێزانەکەی، هێندەیش پابەندە بە پابەندنەبوونەوە: بە پێیەکانییەوە. مرۆڤ تا گەشە بکات و دۆخێکی کولتووری و سیاسی یا ئابووری جێبهێڵێت، تا شوناسی دیکە وەربگرێت و بەتەنها بەو قەوارەیەوە نەوەستێت کە هەیەتی وەک بونیادێکی نەگۆڕ، پێیەکانی یارمەتی دەدەن کە بڕوات، سەرهەڵبگرێت، نامۆ ببێت، سەفەر بکات و زێدی خۆی بەجێبهێڵێت: ئاوارە و دەربەدەر و بێ ڕیشە بێت.

لە دیدی (هیلاند ئێرکسن)دا ململانێی نێوان ڕیشە/پێ وەک دوو ڕەگەزی دیالەکتیکی و پێکهێنەری شوناسی مرۆڤ، لەبنەڕەتدا میتافۆرێکە بۆ ململانێی نێوان (سروشت/کولتوور)یش. چونکە بەڕای ئەو، شوناسی ئێمە بەتەنها زادەی ژینگە، کەشوهەوا، جوگرافیا و سروشتی فیزیکیمان نییە، بەڵکو بەشە سەرەکییەکەی لە ژێر کاریگەری چواردەورە کولتوورییەکەماندایە وەک پێکدادان، وەک کۆمەڵێک شوناسی کولتووریی کە تەوقیان داوین، وەک کۆمەڵە ئەوانێکی تر، ئەوانی بە ئێمە بێگانە کە هەمان زمانی ئێمە قسە ناکەن و هەمان ئایین و شوناسی نەتەوەیی ئێمەیان نییە.

ئێرکسن ڕای وایە کە باست لە شوناس کرد، ناچاریت هاوکات باسیش لە گۆڕان بکەیت، وەک چۆن قسەکردن لەسەر شوناس هیچی جیاواز نییە لە فۆرمەلە بوونی کەسێتی مرۆڤ: کەسێتی وەک تێمایەکی کۆمەڵایەتی کە پتر پەیوەستی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانەیە کە سترەکتورێک یان شێوازێکی دیاریکراو لە خەلک لێمانی چاوەڕێ دەکەن. شوناس شتێک نییە پێوەی لەدایکبووبیت و پێوەی بمریت، واتە ڕیشەیەکی پیرۆز و وێنەیەکی باوی بۆماوە نییە لە پشت و خێزان و خێڵەکانمانەوە، بەڵکە چەمکێکە، یان ڕاستر پرۆسەیەکی بەردەوامی سەرلەنوێ خوڵقاندنەوە و گۆڕانکاری و گەشەکردنە لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر (گەر بکرێت سیمبولیانە چەمکی پێ و هەنگاونانی بۆ بەکاربهێنین وەک ئەوەی لای ئێرکسن هەیە). 

گۆڕان یان پێکدادانی شوناسە شلۆقەکان

پوختکردنەوەی ئەو دیدە ئەنترۆپۆلۆژی-کۆمەڵایەتیانەی(هیلاند ئێرکسن) سەبارەت بە شوناسی مرۆڤ و هاوکات شلۆقانیشی، بەو ئامانجەیە تا ئەو سێ چەشنە لە تێمای سەرهەڵگرتن، شوناسگۆڕینی جێندەریانە و نامۆکەوتەی شارە گەورەکان و پایتەختی وڵاتان وەک گوتاری سەرەکی فیلمەکە ببینین.

وروژاندنی هەموو ئەم پرسە سیاسی، ئابووری-کۆمەڵایەتی و جێندەریانە بەو سادەییە و لە زمانی دانیشتوانی گوندێکی بچووکەوە، هەروەها دۆزینەوەی لینکی پێکەوەبەستەری نێوانیان لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بۆ گرفتێکی گەورەی دەوڵەت و دواجار بوونی بە قەیرانێکی نێودەوڵەتیش (وەک لە کێشەی پەنابەراندا خۆی بەرجەستە دەکات)، وامان لێدەکات کە کەم نرخ و بێبایەخ سەیری نەکەین و پێمان وا نەبێت کە بەتەنها سیناریۆیەکی دووبارەی هەندێک وێنەی جێگیرە لەسەر کورد، بەڵکو قسە لەسەر لێکەوتەکانی ئەو شوناسەیشە کە نازانیت داببڕێیت لێی باشترە یان پێوەی بلکێیت

گوتاری فیلمەکە هەمووی پەیوەستە بە هەڵاتن، دەرکردن و بەجێهێشتنەوە:

1.   هەڵاتن لە ڕەگەزی نێرانەی خۆت و گۆڕانت بۆ کچ وەک لە ژیانی کوڕە بچکۆلەی ماڵەکەدا (قەدۆ) دەردەکەوێت، کاتێک دەگەنە ئیستەنبوڵ.

2.   دەرکردن لە زێدی دایک و باوکت و خۆت و گۆڕانت بۆ کرێچی شارە گەورەکان وەک ئەوەی لە ژیانی سێ براکەدا دەیبینین و پتر بە برا خێزاندارەکەوە (مەهسون) دیارە، کە بەر مۆدێرنە دەکەون و جلشۆرێکی ئۆتۆماتیکی دەکڕن، کچە بچکۆلەکانی لەبەرئەوەی دایکیان لە خەستەخانە کەوتووە برا کۆرپەلەکەیانی پێ دەشۆن و دەمرێت، هەر بۆیە مناڵەکان لە باوکەکە دەسەننەوە و دەزگایەکی کۆمەڵایەتی سەرپەرشتکاری کۆمەڵایەتی سەر بە دەوڵەت بەخێویان دەکات!

3. بەجێهێشتنی وڵاتی خۆت و بوونت بە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپی وەک لە خزمەکانیاندا دەیبینین، کاتێک کوڕە گەورەکەیان وەک گەریلای پەکەکە دەکوژرێت کە هاوکات براکەی سەربازە لە سوپای تورکیادا و برا بچکۆلەکەی قاچێکی نییە. بە قاچاغ دێنە نەرویج و دوای بگرە و بێرەیەکی زۆر دەبن بە شاگرد و کرێکار لە فرۆشگەیەکدا.

جەختی زۆری چیرۆکەکە و زوومەکە زیاتر لەسەر ئەم دوو خێزانەیە کە لەناویاندا دابەشبوون هەیە، لەناویاندا خواستی پێچەوانە و دژە ئارەزوو هەیە، وەک چۆن خواستی دژ بە دەوڵەت و سیاسەتەکانیشی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان دەبینین:

 هەیانە دەخوازێت بۆ کوردستان بجەنگێت و شەهید دەبێت، هەیشیانە سەربازی سوپای تورکە و لە خزمەتکردن هەڵدێت، هەیشیانە پێویستی بە قاچێکە تا دارشەقەکانی فڕێ بدات و لەسەری بووەستێت، کە بەس نەرویج ئەو خەونەی بۆ دەهێنێتە دی. وەک چۆن لە خێزانەکەی تردا باوکێک هەیە نابینا کە بەردەوام نۆستالژی گەڕانەوەی هەیە بۆ لادێکەی خۆی، ژنێک هەیە ئەوەندە هەوڵی داوە کوڕی ببێت، ئیدی لە توانای مناڵ دروستکردن کەوتووە و دەبێت بیری لێنەکاتەوە و بوەستێت. مێردێک هەیە شەش مناڵی بەسەردا کەوتووە  و کە پێنجیان کچن و تاقە هیوای ئەوەیە کە کوڕەکەی پارێزراو بێت تا گەورە ببێت، برا بچکۆلەیەکیش هەیە کە ڕەفتارەکانی ناسک و مێیینانەن و پاش بوونی بە هاوڕێ لەگەڵ هەندێک نێرەموکدا لە خێزانەکە هەڵدێت و دواجار لەلایەن برا ناوەنجییەکەیەوە دەکوژرێت.

دەوڵەت وەک ئەڵتەرناتڤێکی ساردی پەیوەندییە گەرموگوڕەکان

جگە لە دیالەکتیکی ڕیشە/پێ، ئەوەی وەک تێما سیاسییەکە لەم فیلمەدا سەرنجڕاکێشە، نەمانی قەوارە بچکۆلەکانی دەرەوەی دەوڵەتە: نەمانی گوندنشینە وەک بوونەوەرێکی سەر سنووری دەرە دەوڵەت، نەمانی لادێیە وەک جوگرافیایەکی چەپەکی ناو هەناوی دەوڵەت، نەمانی باوک و برایە وەک بڕیاردەر لەخێزان و هەژموونی دەزگای کۆمەڵایەتیەکانی سەر بەدەوڵەتە، نەمانی ڕەگەزی نێرینەیە و بوونیەتی بە ڕەگەزێکی دوو جەمسەر، بە هەویرێکی شل بە دەستی شاری گەورە و دیسکۆ و باڕەکانییەوە وەک یەکێک لە سیماکانی مۆدێرنبوونی دەوڵەت، نەمانی هاوڵاتی کوردی/تورکییە و کۆچکردنیانە بۆ دەرەوەی دەوڵەت و بوونیان بە هاوڵاتیی لە نیشتمانی تردا.

بە کورتی، هەژموونی دەوڵەتێکی زەبەلاح دەبینین کە بەناوی مەترسییەوە بۆ سەر ئارامی دەوڵەت لە زێدی خۆت دەرتدەکات، لە ڕیشەوە هەڵتدەکێشێت و تا دوا سنوورەکانی دەرەوەی خۆی ڕاوت دەنێت، بە بێئەوەی وەک هاوڵاتییەک ئامێزت بۆ بکاتەوە و چارەسەرێک بۆ کێشەکانت بکات.

دواجار ئەم فیلمە لە سادەترین ڕستەدا، زەقکردنەوەی لەکارکەوتنی وزەکانی دەوڵەتی تورکیایە وەک دەزگایەکی بەڕێوەبردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیاد لە ٢٠ ملیۆن کورد لە تورکیا و پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بۆ دانوستان و ڕێکەوتن کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ئەتاتورکیزم و تا ئەردۆگانیزمیش هەر درێژەی هەیە، هەروەها نیشاندانی دڵڕەقیی فانتازییەکانی دەوڵەتەکەیە بۆ هاوڵاتیبوون، بەتایبەتی کوردەکان وەک گوندنشین و نەخوێندەوار، وەک چەتە، کرێگرتە و دەستدرێژیکار.

وروژاندنی هەموو ئەم پرسە سیاسی، ئابووری-کۆمەڵایەتی و جێندەریانە بەو سادەییە و لە زمانی دانیشتوانی گوندێکی بچووکەوە، هەروەها دۆزینەوەی لینکی پێکەوەبەستەری نێوانیان لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بۆ گرفتێکی گەورەی دەوڵەت و دواجار بوونی بە قەیرانێکی نێودەوڵەتیش (وەک لە کێشەی پەنابەراندا خۆی بەرجەستە دەکات)، وامان لێدەکات کە کەم نرخ و بێبایەخ سەیری نەکەین و پێمان وا نەبێت کە بەتەنها سیناریۆیەکی دووبارەی هەندێک وێنەی جێگیرە لەسەر کورد، بەڵکو قسە لەسەر لێکەوتەکانی ئەو شوناسەیشە کە نازانیت داببڕێیت لێی باشترە یان پێوەی بلکێیت، وەک درەختێکی ڕەسەنی ڕەگداکوتاو ببیت بە لقێک لێی، یان هەر قاچێکت بکەیت بە سەد قاچ و هەرچی زووترە وەک خاکێکی وێران و سوتماک لێی هەڵبێیت!

GünesiGördüm (2009)

Director: MahsunKirmizigül

Writer: MahsunKirmizigül

Stars: MahsunKirmizigülDemetEvgarMurat Ünalmis |