پوختە
فیلمی «خوێنی تێدا دەڕژێت» (2007) بەرهەمی دەرهێنەری بەناوبانگ، پۆڵ تۆماس ئەندێرسۆن، زۆرتر وەک ڕەخنەیەکی پەتی لەسەر سەرمایەداریی بێسنوور و ئایینی ڕێکخراو دادەنرێت و ڕەنگە کۆمەڵێکیش وەک داڕمانی دەروونیی پلە بە پلەی پیاوێک چاوی لێ بکەن. هەڵبەت ئەم لێکدانەوانە جیا لە بایەخی شیکارانەیان، زۆرتر داکۆکی لەسەر ماکە «ئامادە و بەرچاوەکان»ـی فیلمەکە دەکەن و لەسەر ئەم بوارە چڕ دەبنەوە؛ بۆ نموونە تیشک دەخەنە سەر نەوت، کڵێسە یان توندوتیژی، بەڵام ئەم وتارە پێی وایە مانای ئەم فیلمە، بەر لەوەی لەم ماکە بەرچاوەکییانەدا بێت، لەو «نەبوون و غیابانە»دایە کە فیلمەکە بەئەنقەست حەولی شاردنەوەیان دەدات؛ بۆ وێنە غیابی دایک، خۆشەویستی، یاسا، هونەر، ڕێکخراوەی مەدەنی و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی، ئایینی نەریتی و هتد. لەم وتارەدا حەول دەدرێت بەپێی چەمکی «شوێنپێ»ـی ژاک دریدا و پێوەندیی ئەو لەگەڵ بیردۆزی «فەزای ئەودیوی چوارچیوە»ـی نوئێڵ بورش، فیلمەکە وەک وێنەیەک پڕ لە نەبوون و غیابی بەئەنقەستی پێکهاتەیی لێک بدرێتەوە؛ بە جۆرێک کە ئەم نەبوونانە نەک وەک کەموکورتیی فیلمەکە، بەڵکوو وەک بنەمای سەرەکیی ماناسازی تێیدا چاوی لێ بکرێت. ئەم وتارە لە کۆتاییدا بەم بەڵگاندنە دەگات کە ئەم فیلمە، بە پێچەوانەی ئەم ڕەخنانەی تا ئێستا لێی گیراوە، فیلمێکی پووچگەرایانەی تۆخ نییە، بەڵکوو حەول دەدات بە پیشاندانی جیهانێک کە تێیدا خەبەرێک لە بەها مرۆڤییەکان نییە، بڵێت کە نەبوونی ئەم بەهایانە چ کارەساتێک پێک دێنێت و چۆن مرۆڤ تووشی پووکانەوە و داڕمان دەکات.
وشە سەرەکییەکان: شوێنپێ، دریدا، فەزای ئەودیوی چوارچێوە، غیاب، سەرمایەداری، پۆڵ تۆماس ئەندێرسۆن

- پێشەکی و باسی مەسەلە
بێگومان سینەماش وەک زۆربەی هۆنەرەکان و زیاتر لە هەموویان، وەک کتێب، ئامرازێکە بۆ گەیاندنی بیر و ئەندێشە و بەتایبەت خستنەڕووی کێشەکانی ژیانی مرۆڤ و جاروبار بادانی نەقورچکێک لە قەبرغەی مرۆڤی سەردەم بۆ ئەوەی تۆزێک وشیارتر بڕوانێتە جیهان و بوون و مانی خۆی. لەم ناوەدا دەرهێنەرانێکی زۆر حەولیان داوە کە سینەما بکەنە گەیەنەرێک کە پێش لەوەی لە خزمەت سەرقاڵکردنی مرۆڤدا بێت، ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی کێشەکانی مرۆڤی سەردەم و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان و بۆشایییەکان لەقاو بدات. یەکێک لەم دەرهێنەرە بەناوبانگانە پۆڵ تۆماس ئەندێرسۆنە کە بە دروستکردن و پێشکەشکردنی چەندین فیلمی ناوازە و بەرچاو، ویژدانی مرۆڤی لە هەمبەر ئەم کێشانە زۆر بەباشی هەژاندووە. یەکێک لەو فیلمانەی ئەندێرسۆن کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بووە و بێگومان لەم بوارەدا یەکجار سەرکەوتوو بووە، بریتییە لە فیلمی «خوێنی تێدا دەڕژێت» (There will be blood) کە ساڵی 2007 هاتە سەر پەردەی سینەماکانی جیهان و چەندین خەڵاتی نێونەتەوەییی ئۆسکاریشی بردووەتەوە کە نیشان دەدات چەندە شوێندانەر و سەرکەوتوو بووە. هەڵبەت ئەم فیلمە بەجۆرێک وەرگیراوێکە لە ڕۆمانی «نەوت»ی سینکڵێر کە ساڵی 1927 نووسراوە. ئەم فیلمە بەکورتی باسی کۆتایییەکانی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20ی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکایە؛ سەردەمێک کە بۆ یەکەم جار نەوت دەدۆزرێتەوە و بە خێرایییەکی زۆر، ژیانی خەڵک دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. دەورگێڕی سەرەکیی فیلمەکە، کەسێکە بە ناوی دەنیێڵ پڵەینڤیوو (دەنیێڵ دی لوویس) کە بەدوای دۆزینەوەی بەردی زێوەوەیە، بەڵام بەهەڵکەوت نەوت دەدۆزێتەوە و لە درێژەی فیلمەکەدا وردە وردە دەبێتە سەرمایەدارێکی یەکجار بێبەزەیی و دڕندە. هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕەی بەسەر ئەودا دێت، قەشەیەکی لاو بە ناوی ئیڵای ساندەی (پۆڵ دینۆ)، دێتە ناو فیلمەکەوە و دەبێتە نوێنەری ئایینی ڕێکخراو و ڕیاکار و قازانجخواز و بەربەرەکانیی ئەم دووانە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کوشتنی قەشەکە و بە پووچیگەیشتنی ژیانی قارەمانی سەرەکیی فیلمەکەش.
لە سێکانسی سەرەتای فیلمەکەدا نزیکەی 15 خولەک هیچ وتووێژێک نابیسین و دەنگ، تەنیا دەنگی نرکە و هەناسەدان و هاواری دەنیێڵە. لەم ماوەیەدا پیاوێک لە قووڵاییی چاڵێکدا خەریکە قوڵنگ دەوەشێنێت و هاوکات مۆسیقای فیلمەکەش، کەشێکی تۆقێنەر و خەیاڵاویمان بۆ ساز دەکات و لەگەڵ ئەم نرکە نرک و هەناسەبڕکێیەی ناخی زەوی تێکەڵ دەبێت؛ هەڵبەت خودی ئەم بێدەنگییە، تەنیا بێدەنگییەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هاوارێکی بەرزە لە ناخی مرۆڤێکی تەماحکاری ماندوونەناسەوە کە بە هیچ نرخێک ئامادە نییە بکشێتە دواوە و هەتا هەیە لەگەڵ هەر ڕکابەرێک کە بێتە بەر دەمی بەربەرەکانی دەکات: جا چ بەردی سارد و سڕ و بێڕەحمی ناخی زەوی بێت، چ ئاگری تەقینەوەی گاز و چ قەشەیەکی تەماحکاری دووڕوو کە دەیەوێت لە دۆشینی خەڵکدا ببێتە ڕکابەری.
هەر لەم دەسپێکەوە ئەندێرسۆن پێمان دەڵێت و ڕوونمان دەکاتەوە کە ئەمەی بڕیارە تێی بگەین و لێی وەربگرین، تەنیا لە وتووێژ و قسەی ئاساییدا نییە، بەڵکوو لە بێدەنگی و قسەنەکردنەکاندایە. ئەم فیلمە چیرۆکێکی ئەفسانەیییە سەبارەت بە پیاوێک کە ئەوەی لە دڵی زەوی دەریدەکێشێت، بەڕواڵەت نەوت و سەروەت و سامانە، بەڵام لە ڕاستیدا وەک سیسیفووسی کامۆ، کارەکەی هیچی تێدا بەستە نییە و دەگاتە پووچییەکی بێکۆتایی و بێمانا: بۆشایییەک کە تەنیا و تەنیا خۆی تێیدا دەمێنێتەوە، بەبێ هیچ خۆشی و بەختەوەرییەک.
ئەم فیلمە هەر لە سەرەتاوە کە دەرکەوتووە (ساڵی 2007) تا ئێستا (2026) بووەتە بابەتی شیکرانەوەی زۆر و هەم لە بەستێنی ڕەخنەی فیلم و هەم لە توێژینەوەی سینەماییدا، کەسانێکی زۆر لە سەری دوواون. ئەم شیکارییانە زیاتر بە سەر 3 جۆر خوێندنەوەدا دابەش دەکرێن: یەکەم خوێندنەوەی ئابووری/سیاسی کە زیاتر ئەم فیلمە وەک ڕەخنە لە سەرمایەداریی تۆخ و هۆڤی سەدەی بیستەمی وڵاتی ئەمریکا دادەنێن (Hoberman, 2008; Lim, 2007)؛ دووەم خوێندنەوەی دەروونناسانە کە حەول دەدەن لەسەر کەسایەتیی قارەمانی سەرەکی، واتە دەنیێڵ، ورد بنەوە و وەک نموونەی داڕمانی دەروونی و خۆوێرانکردن بیناسێنن (Toles, 2016) و سێیەمیش خوێندنەوەی ئایینی/خوازەیی کە پێیان وایە ئەم فیلمە ململانێی نێوان سەرمایەداری و ئایینە (French, 2008). هەڵبەت هەم ئەم خوێندنەوانە و هەم هەموو ئەم خوێندنەوانەی تا ئێستا سەبارەت بەم فیلمە کەوتوونەتە بەرچاوی نووسەر، خاڵێکی هاوبەشیان هەیە: داکۆکی لەسەر ماکە «ئامادە» و بەرچاوەکییەکانی ناو فیلمەکە، وەک: نەوت، کڵێسە، پارە، توندوتیژی و دەسەڵات و هتد.
لەملاوە ئەگەر سەرنج بدەین، کەلەبەرێکی گەورە دێتە بەر چاو: هیچ خوێندنەوە و توێژینەوەیەک باس لەمە ناکات کە ئەم فیلمە بۆچی (بە ڕای من بەئەنقەست) بە شێوەیەکی پێکهاتەیی، زۆر ماک و بابەتی سڕیوەتەوە و وەلا ناوە، یاخود ئاماژەیەکی زۆر لاوەکیی پێ دەکات. بەڕاستی ئایا دەکرێت بەهەڵکەوت بێت کە لەم فیلمەدا نە باسی دایک و خۆشەویستی و هونەر دەکرێت و نە خەبەرێک لە دەوڵەت و یاسا و ڕێکخراوەکان هەیە و نە تەنانەت خەڵک؟! لە ڕاستیدا ئەم فیلمە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ئەم بابەتە هەرەگرنگانەی ژیانی مرۆڤی خستووەتە دەرەوەی چوارچێوەکەی و لەبەر چاو ونی کردوون. بێگومان ئەم خۆدزینەوە سیستەماتیکە پێویستی بە شرۆڤەیەکی تیۆریکی تایبەتە کە دەکرێت لە تیۆریی «شوێنپێ»ـی ژاک دریدا (Derrida, 1967) و تیۆریی «فەزای دەرەوەی کادر»ـی نوئێڵ بورش (Burch, 1973) بیدۆزینەوە و وەک لێنزێکی تیۆریک بەکاریان بێنین تاکوو ئەم کەلەبەرە توێژینەوەیییەی پێ بێنینە بەر چرا و ڕوونی بکەینەوە. ئەم توێژینەوەیە حەول دەدات بە کەڵکوەرگرتن و تێکەڵکردنی ئەم دوو تیۆرییە بەهێزە، خوێندنەوەیەکی نوێ لەم فیلمە بخاتە ڕوو و نەبوونی ئەم بابەتانە، نەک وەک کەموکورتیی فیلم لە گێڕانەوەدا، بەڵکوو وەک بنەمایەکی زۆر شیاو و سەرەکی بۆ دروستکردنی مانا و دەرچوون لە دەست بێمانایییەک کە زۆر کەس پێی وایە پەیامێکی سەرەکیی فیلمەکەیە، بناسێنێت.
- ٢. پرسیار و ئامانجەکانی توێژینەوە
بۆ ئەوەی توێژینەوەکەمان ئاراستەیەکی دروستی بێت و بەرچاوڕوونییەکمان بۆ خۆمان و خوێنەر دروست کردبێت کە بەدوای چییەوەین، پێویستە پرسیارە سەرەکییەکانمان بخەینە ڕوو. لە ڕاستیدا ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت تێ بگات کە غیابە پێکهاتەیییەکانی ئەم فیلمە، وەک دایک، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هونەر، دەوڵەت، خۆشەویستی و هتد، چۆناوچۆن لە پێکهێنانی مانادا کاریگەرییان هەیە و دەکرێت بخرێنە بەر چاو؛ هەروەها ئایا دوای ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، دیسان دەکرێت فیلمەکە وەک بەرهەمێکی پووچگەرایانە چاوی لێ بکرێت، یاخود بە پێچەوانە، دەکرێت بەپێی تیۆریی «شوێنپێ» و «فەزای دەرەوەی کادر»، لە هەمبەر ئەوەدا کە تاوانی نهیڵیستیبوونی دەدەنە پاڵ فیلمەکە، بەرگرییەکی ئەخلاقی و فەلسەفیی لێ بکەین.
بەم پێیە ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە، ئەمەیە کە شیکارییەکی سیستەماتیک سەبارەت بە غیابە پێکهاتەیییەکانی ئەم فیلمە بخاتە ڕوو، تاکوو دەرکەوێت ئەم نەبوون و غیابانە بەپێی تیۆریی شوێنپێی دریدا و فەزای دەروەی کادری بورش، بە چ شێوەیەک کارکردی ماناسازییان هەیە. جیا لەمەش، هەر وەک لە پرسیارەکانیشدا باس کرا، دەمانەوێت بزانین تاوانی نهیڵیستیبوون تا چ ڕادەیەک لەگەڵ ئەم فیلمە دەگونجێت و بەجێیە؛ واتە لە ڕێی بەڵگاندنی فەلسەفییەوە ڕوونی بکەینەوە کە ئایا نەبوونی پێکهاتەییی بابەتێکی تایبەت لە فیلمەکەدا، بە مانای هیچـە؛ بە واتایەکی تر، جیاوازیی «نەبوون» و «هیچ» لەم بەستێنەدا ڕوون بکەینەوە.
- ٣. پێشینەی توێژینەوە
ئەم توێژینەوانەی سەبارەت بە فیلمەکە کراون، بەگشتی فیلمەکەیان بە چەند شێوە لێک داوەتەوە. بۆ نموونە هۆبێرمەن (Hoberman, 2008) فیلمەکە وەک بەرهەمێکی تەمسیلی و هێمایین لێک دەداتەوە کە تێیدا باس لەوە دەکرێت چۆن سەرمایەدارێکی ئەمریکی سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات و هەموو ڕکابەرەکانی لە گۆڕەپان وەدەر دەنێت و لەناویان دەبات و دواتر خۆشی تووشی پووکانەوە دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش، قارەمانی فیلمەکە لەگەڵ جۆن ڕاکفێلێر، سەرمایەداری بەناوبانگی ئەمریکی بەراورد دەکات. لە زمانی فارسییشدا کەریمی (1391) هەر ئەم ڕوانگەیەی هەبووە و پێی وایە چونکە ئەخلاق لە ئارادا نییە، شەڕی سەرمایە و ئایین لە کۆتاییدا بە لەناوچوون و تێکشکانی هەردووکیان تەواو دەبێت. لەولاوە دێنیس لیم (Lim, 2007) زیاتر داکۆکی لەسەر ڕەهەندی دەروونی و سیاسیی فیلمەکە دەکات و پێی وایە ئەم فیلمە ڕەخنەیەکە لە ڕۆحیەتی تاکخوازیی زێدەڕۆیانە کە لە خەڵکی ئەمریکادا باوە و زۆر بانگەشەی بۆ دەکرێت. وەک دەبینرێت ئەم جۆرە ڕەخنانە تەنیا باسی ماکە ئامادە و بەرچاوەکانی ناو فیلمەکەیان کردووە و هیچ سەرنجێکیان نەخستووەتە سەر نەبوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە هۆکارێکی گرنگ بوون لە وەدیهاتنی ئەم دۆخە.
لە ڕەهەندێکی ترەوە، کەسێک بە ناوی تۆڵز (Toles, 2016) شیکردنەوەیەکی دوورودرێژی سەبارەت بە دەروونناسیی فیلمەکە خستووەتە ڕوو و پێی وایە کەسایەتیی دەنیێڵ، ڕێک درێژەی کەسایەتییە نێرەکانی بەرهەمەکانی پێشووی ئەندێرسۆنە. ئەو چەمکێک بە ناوی «خوڵقاندنەوەی دایک لە مادەی نوێ» دەخاتە ڕوو و باسی نەبوونی دایک لە فیلمەکەدا دەکات، بەڵام ئەو ئەم لێکدانەوەیەی تەنیا لە ئاستی دەروونناسیی تاکدا دەهێڵێتەوە و بەرەو «غیاب و نەبوون لە پێکهاتە» ناچێت. حەیدەری و سادقییش (1395) لە ڕوانگەی دەروونشیکاریی لاکانییەوە کەسایەتیی دەنیێڵیان لێک داوەتەوە. ئەم توێژینەوەیەش «ئاماژە بە نەبووەکان دەکات، بەڵام تەنیا وەک بابەتێکی دەروونناسانە، نەک پێکهاتەیی و سینەمایی. (حیدری؛ صادقی، 1395) لە ڕوانگەیەکی ترەوە فرێنچ (French, 2008) ئەم فیلمە وەک «شەڕی ئاخرزەمانیی نێوان عەهدی کۆن و عەهدی نوێی ئینجیل» وێنا دەکات و پێی وایە خودای تووڕە و خودای دلۆڤان لە بیچمی کەسایەتیی دەنیێڵ و ساندەیدا خراونەتە ڕوو. ئەم خوێندنەوەیەش بابەتەکە تەنیا لە ململانێی دوو کەسدا کە نوێنەری دوو بیرۆکەن، کورت دەکاتەوە و ڕەهەندی پێکهاتەییی ئەم غیابانە ناگرێتە بەر چاو. هەروەها گەڤیلی کیلانە (2003) حەولی داوە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییەکانی دەروونشیکاریی لاکان و کریستۆڤا، چۆنیەتیی بیچمگرتنی کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانی نەوتی سینکلێر و دەنیێڵ پڵەینڤیوو شی بکاتەوە. ئەم توێژینەوەیەش لە ئاستی لێکدانەوەی شوناسی کەسیی قارەمانەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەسەڵات و ڕەگەز و ڕەخنە لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا دەمێنێتەوە؛ هەڵبەت جێی ئاماژەیە کە ئەم توێژینەوەیە جۆرێک بەراوردی ڕۆمانەکە و فیلمەکەشە و لەم بارەیەوە کارێکی نوێباوە. جیا لەو، ڕوانگەیەکی نوێش لەلایەن توێژەرێک بە ناوی نی (Ni, 2025) خراوەتە ڕوو کە لەودا باسی «پێوەندییە دابڕاوەکان و سووژەی مۆدێرن» دەکات؛ ئەویش زۆرتر ڕوانگەیەکی دەروونشیکارانەی هەیە و حەول دەدات بیسەلمێنێت تراژێدی تەنیا بەرهەمی تاریکیی دەروونی نییە، بەڵکوو بەرهەمی تێکهەڵبوونی لەمپەرە سۆزدارییەکانی دەروونی و ئازاری ژینگەی دەرەکییە کە تاک دەکاتە کەسێکی بەمجۆرە دژەکۆمەڵایەتی و ڕەش و توندوتیژ. هەڵبەت ئەم توێژینەوەیە حەولی داوە دەوری ژینگەی دەرەکییش لە لێکدانەوەکەیدا بگرێتە بەر چاو.
هەڵبەت ئەگەر بڕوانینە دەرەوەی چوارچێوەی فیلمەکە و باس لە بواری تیۆریکی کارەکە بکەین، پێویست ئاماژە بکەین ڕەزەوی (1397) هەر وەک ئەم کارە، لە ڕوانگەیەکی دریدایییەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە دوو چەمکی «شوێنپێ» و «غیاب» حەولی داوە فیلمی «تامی گێلاس»ـی کیاڕۆستەمی لێک بداتەوە، هەرچەند بابەت و ئامانجی فیلمەکەی ئەو، جیاوازە، بەڵام دەکرێت وەک نموونەیەکی نزیک بەم کارەی بەر دەست لە بەکارهێنانی چەمکە فەلسەفییەکانی دریدا سەرنجی پێ بدرێت. (رضوی، 1397)
ئەگەر بڕوانینە ئەم توێژینەوانەی پێشوو، لە ڕاستیدا جێی توێژینەوەیەکی وەک ئەم کارەی بەر دەست، بەتاڵە کە فیلمەکە لە لێنزی تیۆریکی چەمکی «شوێنپێ»ـی دریدا و «فەزای دەرەوەی کادر»ـی بورش لێک بداتەوە و بیەوێت لە ڕێی دۆزینەوە و لێکدانەوەی بابەتە سڕاوە بەئەنقەستەکانی فیلمەکەوە، ئەم بەرهەمە لێک بداتەوە.
- ٤. بنەما تیۆریکەکانی توێژینەوە
وەک قاسمی (1393) ئاماژەی پێ دەکات چەمکەکانی بنیاتشکێنیی دریدا بۆ شیکردنەوەی فیلم، یەکجار گونجاون و دەکرێت دووانە لێکدژەکانی فیلمیش (وەک: چاک/خراپ، ڕووناکی/تاریکی، ژن/پیاو) بە لێکدانەوەی بنیاتشکێنانە ئاوەژوو بکرێنەوە تا مانای شاراوەی دەق ئاشکرا بێت. (قاسمی، 1393) لێرەشدا توێژەر حەولی دا لەم فیلمەدا بنەمای کار لەسەر بنیاتشکێنی دابمەزرێنێت، چونکە پێی وا بوو بەتایبەت لەگەڵ دوو چەمکی «شوێنپێ[1]» و «غیاب»ـی دریدا زۆر بەباشی دەگونجێت. خودی دریدا لە کتێبی گڕاماتۆلۆژییەکەی خۆیدا (1967) ئەم چەمکی «شوێنپێ» وەک «نیشانەی غیابی بابەتێکی کە دەبوو ئامادە بێت» دەناسێنێت. ئەگەر بمەوێت پێناسەیەکی گونجاو بەم توێژینەوەیە لە چەمکی «شوێنپێ» بدەمە دەست پێویستە بڵێم «شوێنپێ لێرەدا بریتییە لە نیشانەیەکی نووسراو یان بینراو کە خەبەر لە هەبوونی شتێک دەدات کە خۆی ڕاستەوخۆ لە دەقەکەدا ئامادە و بەرچاو نییە، بەڵام خودی نەبوونەکەی لە پێکهاتەی مانادا بەشداریی هەیە؛» بە وتەی دریدا «نیشانە، هەمیشە نیشانەی کەوتن و داڕمان و جیابوونەوە لە سەرچاوە و ژێدەرە» (Derrida, 1967, p. 178). بەم پێیە «غیاب و دیارنەبوون» بە واتای کەموکورتی و نەقس نییە، بەڵکوو ڕێک مەرجی ئیمکانی مانایە؛ واتە مانا بە مەرجێک تەواوکۆ و کامڵ دەبێت کە ئەم «غیاب و ئامادەنەبوونانە»ـش لەبەر چاو بگرین. بۆ وێنە ئەگەر لە چیرۆکێکدا تا کۆتاییی چیرۆکەکە باسی منداڵێک و هەموو کەس و کاری بکرێت، بەڵام بەئەنقەست دایکی لە قەڵەم بخرێت، دیارە ئەم لە قەڵەمخستنە مانایەکی هەیە و بۆ تەواو و کامڵ تێگەیشتن لە مانای گشتی، پێویستە ئەم «نەبوون و غیابە»ـش لەبەر چاو بگرین و بزانین چ مەبەستێک لە کاردا بووە.
هەڵبەت تایبەتمەندیی جیاوازی ئەم توێژینەوەیە ئەمەیە کە لە دوو لێنزی تیۆریک بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی کارەکە کەڵک وەردەگرێت و جیا لە شوێنپێ و غیاب دریدا، لە تیۆرییەکی بواری سینەما و فیلمناسییش کەڵک وەردەگرێت کە بریتییە لە «فەزای دەرەوەی کادر». ئەم بیرۆکەیە یەکەم جار لەلایەن نوئێل بورشەوە[2] لە کتێبێکیدا بە ناوی «تیۆریی فیلم» (1973) هاتووەتە ئاراوە. بورش فەزای دەرەوەی کادر بە 6 بەش دابەش دەکات: هەر چوار لای کادرەکە (سەرێ و خوارێ و چەپ و ڕاست)، هەروەها فەزای پشتی کامێرا و پشتی دێکۆرەکە. ئەگەر بمانەوێت پێناسەی پێویست بۆ ئەم چەمکەش لێرەدا ئاراستە بکەین دەبێت بڵێین «مەبەست بەشێکی دنیای چیرۆکی فیلمەکەیە کە لە چوارچێوەی کادری فیلمەکەدا نابینرێت، بەڵام هەبوونی، لەڕێی چاولێکردنی کەسایەتییەکانی ناو فیلم بۆ دەرەوەی کادر، دەنگەکانی دەرەوە و هەروەها ڕۆیشتنی دەورگێڕەکان بۆ دەرەوەی چوارچێوە دەسەلمێنرێت و چالاک دەکرێت» (Burch, 1973, p. 21). هەڵبەت جێی ئاماژەیە کە دەرهێنەر دەتوانێت ئەم فەزای دەرەوەیە ناچالاک بکات، یاخود بیبەستێت و لە چاو دووری ڕاگرێت کە خودی ئەمەش دیارە مانایەکی دەبێت و لێرە لەم توێژینەوەیەدا ڕێک مەبەستی ئێمەیە بۆ ئەوەی ئەم غیابە پێکهاتەیییانە بگرینە بەر چاو و دەوریان لە مانای بەرهەمدا لێک بدەینەوە.
ئەگەر بمانەوێت ئەم دوو تیۆرییە تێکەڵ بکەین و ئامرازی هەڵسەنگاندنەکەی خۆمان یەکدەست و کارامە و دەستنیشانکراو بکەین، پێویستە بڵێین چەمکە نوێیەکەی ئێمە چەمکی «شوێنپێی سینەمایی»ـیە و بریتییە لە «هەر چەشنە نیشانەیەکی دەنگی، ڕەنگی یان گێڕانەوەیی کە خەبەر لە هەبوونی بابەتێک لە دەرەوەی فەزای ئاسایی و بەرچاوەکیی فیلم دەدات و دیارە بەئەنقەست ئەم شوێنەوارە سڕاوەتەوە و خودی سڕانەوەشی نیشانەی ئامادەبوون و بەشدارییەکی یەکجار بەهێزە لە سازکردنی مانادا.»
- ٥. میتۆدی توێژینەوە
بێگومان ئەم کارە، توێژینەوەیەکی چۆنیەتییە و ڕوانگەکەشی شیکاریی بنیاتشکێنانەی دەقە کە دەکەوێتە چوارچیوەی توێژینەوەی تەفسیری/ڕەخنەیییەوە. بابەتی توێژینەوەش، بریتییە لە فیلمی «خوێنی تێدا دەڕژێت» (2007) دەرهێنانی پۆڵ تۆماس ئەندێرسۆن، نوسخەی Blue-Ray بەرهەمی Paramount Home Entertainment (2008) کە ماوەکەشی 158 خولەکە. بۆ دەرهێنانی داتاکان فیلمەکە چەندین جار تماشا کرا و چەمک و وتەزا سەرەکییەکانی غیاب دەرکێشران و دوای هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنێکی زۆر، توێژەر لەسەر چوار وتەزای سەرەکی ساغ بووەوە. بۆ لێکدانەوەی داتاکانیش بە بەراوردکردن لەگەڵ تیۆرییەکان دوای چەندین جار هاتوچۆ لەنێوان تیۆری و داتاکانی ناو فیلم، لێکدانەوەکە ئەنجام درا؛ بەم جۆرە کە سەرەتا لێکدژیی دووانەی سەرمایە/ئایین دەسنیشان کرا؛ هەنگاوی دواتر بۆشایییەکانی دوای ئەم دووانانە دەرکەوت و توێژەر حەولی دا نیشانەی بابەتە غایبەکان بدۆزێتەوە. توێژەر حەولی دا ئەم کۆد و نیشانانەی گرنگیی سڕانەوەی ئەم بابەتانە نیشان دەدەن بدۆزێتەوە و لەڕووی ئەمەوە بابەتەکان و لە کۆتاییدا، وتەزاکان، دیاری بکات؛ هەڵبەت توێژەر ئاگادارە کە ئەگەری هەیە سەرنجدان و چڕبوونەوە لەسەر ئەم غیابانە، بە قیمەتی لەبەرچاونەگرتنی ماکە بەرچاو و ئامادەکانی فیلمەکە تەواو بووبێت.
- ٦. دەسکەوتەکان
- ١. غیابی ئەوین، ژن و ژیانی خۆشەویستی
کەم کەس هەیە ئەم منداڵەی ناو فیلمەکە (H. W) ـی دیبێت و نەیپرسیبێت «ئەی دایکی کوا؟» «ئەم کابرایە (دەنیێڵ) کەی هاوسەرگیریی کرد؟» «ئەم کوڕە کەنگێ و چۆناوچۆن عاشقی ئەم کچە دەبێت و هاوسەرگیری دەکەن؟» و هتد. بێگومان لەم فیلمەدا سڕینەوەی هەرچی ڕەنگی دایکایەتی و خۆشەویستیی دایکانە و هاوسەرانەیە، ناکرێت بەڕێکەوت بێت. تەنانەت تا کۆتاییی فیلمەکەش، لەگەڵ ئەمەدا کە هەمووان پرسیاریان بۆ ساز دەبێت، بەڵام کەس نازانێت لە ڕاستیدا دایکی منداڵەکە کێیە و چیی بەسەر هاتووە، بەڵکوو تەنیا ئەم زانیارییە دەدرێت کە باوکی لە ڕووداوێکی چاڵاوی نەوتدا گیانی لەدەست داوە. بێگومان ئەمە ناکرێت وەک لەقەڵەمکەوتنێکی سادە و ئاسایی لە گێڕانەوەدا تێی بڕوانین، بەڵکوو ئەمە بڕیارێکە کە دەرهێنەر و نووسەری فیلمنامەکە بەئەنقەست داویانە، تاکوو جیهانی فیلمەکە لە خۆشەویستی و کەشی دایکانە بێبەش بکەن و بیکەنە جیهانێکی تەواو پیاوانە. لەم جیهانەدا دایک نە لە کادر و چوارچێوەی فیلمدا و نە لە وتووێژەکاندا هیچ ناونیشان و هەبوونێکی نییە؛ واتە بەئەنقەست ڕەش کراوەتەوە و سڕدراوەتەوە، بەڵام ئاسەوار و نیشانەکانی هەن کە گرنگترینیان خودی هەبوونی منداڵێکی ساوایە. لێرەدا پێویستە بوو ئەم پرسیارە بکرێت: ئایا نەبوونی دایک هیچ لێکەوتە و ئەنجامێکی گێڕانەوەییی هەیە؟ بەڵێ بێگومان هەیەتی. ئەمە نەبوونی دایکە بووەتە هۆی ئەوەی «باوک» ئیتر باوک بە واتای باو نەبێت، بەڵکوو تەنیا ببێتە کارکرد؛ بۆ نموونە کاری بووەتە دابینکەری پێداویستی و کەرەستەی ژیان، خاوەن، سەرۆک، بڕیاردەری سەرەکی و هتد. لێرەدا دەبینین دەنیێڵ ئیتر بەو مانایەی بۆ هەموومان ڕوونە، باوک نییە، بەڵکوو «خاوەن»ـی مناڵەکەیە و سەیر ئەوەیە سەرەتا دەڵێت ئێمە شەریکایەتیی بنەماڵەییمان هەیە!
یەکێکی تر لە نموونە زەقەکانی ئەم غیابە، زەماوەندی کوڕەکەدا ڕوو دەدات [01:54:15ـ.1:52:10]. لە حاڵەتی ئاساییدا ئێمە لە بۆنەی شایی و زەماوەند و بەستنی پەیمانی هاوسەرێتیدا، بینەر و چاوەری شایی و بەزم و خۆشی و سەماین و مۆسیقای شاد و کەشی ڕەنگاڵە بۆ ئەم مەبەستە دابین دەکرێت، بەڵام لەم فیلمەدا دەرهێنەر بۆ شاردنەوەی ئەم بابەتە شادیهێنەرانە، لە مەودایەکی دوورەوە کەسایەتییەکان دەنوێنێت، بەجۆرێک کە دەڵێی ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی سڕ و تەمومژاوی و لێڵدا ڕوو دەدات. دەرهێنەر و فیلمهەڵگر هیچ وێنەیەکی نزیک لە ڕوخساری دەورگێڕەکان ناخەنە ڕوو و جگە لە مۆسیقای گشتیی فیلمەکە، هیچ خەبەرێک لە مۆسیقای زیندوو و شادیهێنەری بەزموڕەزمی شایی و زەماوەند نابینرێت و نابیسرێت؛ واتە هەموو ئەم بابەتانە وەک شتێکی دەرەوەی چوارچێوەی فیلمەکە و ناگرنگ و سەرسەرەکی دەنوێنرێت و دۆخی شایی و شادی بەئەقەست بێدەنگ کراوە و سڕدراوەتەوە؛ هەر بۆیە ئێمە تەنیا ڕێوڕەسمێکی سڕ و پووچ و ڕواڵەتی دەبینین: شوێنپێی شادییەک کە هەرگیز خۆی نابینرێت. تەنانەت لەم بۆنە و ڕێوڕەسمەدا تەنیا وێنەی بووکەخان دەبینرێت و هیچ دەنگ و دیالۆگێکی لێ نابیسرێت و بکەری و کاریگەریی نییە. دوای ئەم دیمەنە، ئەویش وەک دایکی کوڕەکە دەچێتە فەزای دەرەوەی چوارچێوەی فیلم و تەنیا شوێنپێکەی دیارە.
- ٢. غیابی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەوڵەت
ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی پەرەسەندن و گەشەکردنی سەرمایەداریی وڵاتی ئەمریکا، هەرگیز وا نەبووە کە «نەوت» تەنیا دەورگێڕ بێت. ئێریک هابزبام لە کتێبی «سەردەمی سەرمایە»ـدا (1975) بەڕوونی نیشانی دەدات کە چۆناوچۆن لە سەدەی نۆزدەیەمدا «دەوڵەت» هەرگیز چاوەرێکی بێلایەن نەبووە، بەڵکوو هەمیشە «هاوڕێ و هەوپێی» سەرمایەدارە زەبەلاحەکان بووە (Hobsbawm, 1975, p. 212)، بەڵام لەم فیلمەدا ئاشکرا دەوری دەوڵەت حاشای لێ کراوە و تەنانەت فیلمەکە بە جۆرێک ساز کراوە دەڵێی دامەزراوەیەکی وەک دەوڵەت هەر بوونی نییە! جیا لەمە، لە کۆی 158 خولەکی ئەم فیلمەدا (جگە لە کۆمەڵی کەمئەندامەکان) تەنانەت یەک شوێنیش هیچ دامەزراوەیەکی مەدەنی نابینرێت و باسی ناکرێت: فیلمەکە دەڵێی لە جیهانێکی بۆشی خەیاڵیدایە کە جگە لەم دوو دەورگێڕە، واتە سەرمایە و ئایین، هیچ شتێک و کەسێکی تر بوونی نییە! تەنانەت لە تەقینەوەی چاڵاوەکەشدا کە دەبێتە هۆی کەڕبوونی کوڕەکە [00:48:20ـ00:44:15]، هیچ شوێنەوارێک لە هاتنی پۆلیس و حوزووری چاوەدێری دەوڵەت نییە. نە دامەزراوەی بیمە، نە ڕێکخراوەی کرێکاران و نە هیچ دامەزراوە و ڕێکخراوەیەکی تر. تەنانەت نە لە کووژرانی کرێکارەکانیدا ـ کە بەهۆی ڕووداوی نەخوازراوەوە ڕوو دەدات ـ و نە لە کوشتنی برا ساختەکەیدا، کەس پەیجووری دەنیێڵ نابێت کە ئەمانە چییان لێ هات و بۆ مردوون یان کووژراون! ئەم غیابانە ناکرێت هەر بۆ سادەکردنەوەی فیلمەکە لێک بدرێنەوە، بەڵکوو ئاشکرایە کە بەئەنقەستن و هەڵبژاردنێکی مەبەستدارن. فڕێدریک جیمسۆن لە کتێبی ناخوداگای سیاسیدا (1981) دەڵێت گێڕانەوە دەتوانێت بە «سڕینەوە»ی هەندێک لە ماکەکان لە فەزای چیرۆکدا، بەئەنقەست لێکدژیی چینایەتی داپۆشێت (Jameson, 1981, p. 89). ئەم فیلمەش ڕێک بە سڕینەوەی کۆی دەوڵەت، لێکدژیی پێکهاتەییی «سەرمایە و دەوڵەت»ـی تەنیا لە شەڕێکی دووجەمسەریی نێوان «سەرمایە و ئایین»ـدا کورت کردووەتەوە و بە جۆرێک فەزای کۆمەڵگەی وەک بۆشایییەکی گەورە بۆ حوزووری ئەم دووانە ڕەخساندووە.
هەڵبەت ئەگەر بێین و دەوڵەت، نەک وەک دامەزراوەیەکی سەرکوتکار، بەڵکوو وەک «ناونجییەکی خاوەن ڕەواییی یاسایی و دەسەڵات لەنێوان خەڵک و سەرمایەدار» وێنا بکەین، ئەم غیابە مانایەکی زۆر گرنگتر پەیدا دەکات. وەک هابێرماس دەڵێت، ئەگەر دەوڵەت نەمێنێت، هیچ بەستێنێکی گشتییش نامێنێت (Habermas, 1962/1989, p. 27).
جیا لە دەوڵەت، ئەگەریش سەرنج بدەینە سەر خەڵکی شاروچکەی لیتڵ بۆستۆن، بەگشتی یان ئایینباوەڕانێکی خەسیو و بێدەسەڵات و ساویلکە و ڕەشۆکین کە وەک بووکەڵەیەکی قورمیشکراو هاتوچۆی کڵێسە دەکەن، یان چەند کرێکاری بێدەنگ و ئەتۆمیزەکراون کە لە چاڵاوە نەوتەکانی دەنیێڵدا کار دەکەن و هەرگیز نە دەبنە شاروومەند و نە دەزانن شاروومەند چییە. تەنانەت خودی قەشەکەش، قەشەی دەوڵەتی و سەر بە دەسەڵات نییە، بەڵکوو تەنیا نوێنەری کڵێسەکەی خۆیەتی و بە جۆرێک دەڵێی دەسەڵاتێکی بێسنوور و ڕەهای هەیە بۆ پارەکۆکردنەوە و هەر گەندەڵییەکی پێی خۆشە. لە سێکانسەکەی غوسڵی تەعمیدی دەنیێڵدا [01:25:00] کڵێسە هیچ وەک دامەزراوەیەکی دەسەڵاتداری سەربەخۆی ئەخلاقی دەرناکەوێت، بەڵکوو دەڵێی ڕوونووسێکی ساختەی سەرمایەدارییە و ساندەیش ڕێک وەک دەنیێڵ، خەریکە سەروەت و سامان دەردەکێشێت: ئەم لە گەروو و گیرفانی خەڵک و ئەویش لە گەرووی زەوی. ئەم لێکچوونەش ڕێک بەهۆی نەبوونی دامەزراوە مەدەنییەکان و دەوڵەتە کە ڕوو دەدات.
- ٣. غیابی هونەر و جوانی: جیهانی بێ داهێنان
لە سەرتاسەری ئەم فیلمەدا کەسایەتییەکان هیچ کردەوەیەک بە مەبەستی چێژ و جوانی ناکەن، بەڵکوو تەنیا مەنتقی قازانجخوازانە بە سەریاندا زاڵە. گۆرانی و مۆسیقایەک نییە، کتێبێک ناخوێندرێتەوە، چیرۆکێک نابیسرێت، تەنانەت دیمەنێکی دڵڕفێن و جوانیش بە مەبەستی جوانیناسانە پیشان نادرێت. ئەم غیابی هونەر و چێژە، ڕێک دەرەنجامی زاڵبوونی هەمان عەقڵانییەتی ئامرازییەکە کە ماکس وێبێر (Weber, 1905/1930, p. 181) وەک «هێزی پێشخەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری» ناوی دێنێت.
جیا لەمەش، خاڵی هەرە گرنگی جێی سەرنج ئەمەیە کە دابڕانێکی گەورە لەنێوان مووزیکی زەمینە و جیهانی بێدەنگی فیلمەکە هەیە. ئەم مووزیکە کە بەرهەمی جانی گرینوودە، یەکێکە لە سەرکەوتووترین بەرهەمەکانی جیهانی مووزیکی فیلم، بەڵام هەست دەکەیت دیوارێکی گەورە لەنێوان ئەم مووزیکە و ڕووداو و چیرۆکی فیلمەکە و بەستێنی کۆمەڵایەتییەکەیدا هەیە. ئەم دابڕان و کەلەبەرە زەبەلاحە، ڕێک هەمان شوێنپێی غیابێکە کە دریدا باسی دەکات و بە جۆرێک نیشانی دەدات کە نەبوونی دەنگ و مووزیک لە جیهانی ئەم فیلمەدا چەندە بۆشایییەکی گەورەیە و ئەی بینەری فیلم، پێویستە سەرنج بدەیتە ئەم کەلێنەش. بینەر ئەگەر ورد بێتەوە تێ دەگات کە هونەر و جوانیناسی لە جیهانی فیلمەکە دەر کراوە و تەنیا لە دەرەوەی چوارچێوەی فیلمەکە دەخولێتەوە و دەیەوێت سەرنجمان بۆ ئەم بۆشایییە گەورەیە ڕاکێشێت و وەبیرمان بێنێتەوە و چیی تێدا نییە.
ئێمە ئەگەر وەک ئادۆڕنۆ دەڵێت هونەر وەک «مزگێنیی بەختەوەری» دابنێین (Adorno, 1970/1997, p. 136) ئەم فیلمە ڕێک بەئەنقەست ئەم مزگێنی و بانگهێشتەی سڕیوەتەوە و خستوویەتە دەرەوەی چوارچێوەی خۆی؛ ئەگەر سەرنجیش بدەینە مووزیکی زەمینەی فیلمەکە، دەتوانین بڵێین ئەم مووزیکە ڕێک داخورپێنەر و هەژەندێکە کە بیرمان دەخاتەوە چ شتێک لەم فیلمەدا جێی خاڵییە و نییە.
تەنانەت لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەشدا مووزیکێک ناژەنرێت و خەبەرێک لە سەما و هونەر نییە. کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکەش لە ڕادەبەدەر ویشک و بێهەست و سارد و سڕ داڕێژراون و بینەر تەنانەت لە ژنەکانیشدا هیچ نیشانەیەک لە خۆڕازاندنەوە نابینێت. بەگشتی ئەم سڕینەوە بەئەنقەستانە، هاوارێکن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر بۆ ئەم بۆشایییە گەورانە تاکوو بزانێت چی شاردراوەتەوە و هونەر دەتوانێت چ دەور و کاریگەرییەکی لە ژیانی مرۆڤدا هەبێت و جیهانی بێ هونەر، چەند ویشک و بێهەست و ئابووری و دڕە.
- ٤. غیابی یەکگرتوویی لە کۆمەڵگەدا: تەنیاییی تۆخ، وەک چارەنووسی ناچار
لەم فیلمەدا هیچ نیشانەیەک لە یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی ڕێکخراو نییە. تەنیا کۆبوونەوەیەکیش کە دەبینرێت، حاڵەتی ڕێکخراوەییی نییە و تەنیا بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی ڕێوڕەسمێکی ڕووکەشیی ئایینییە و دواتر هەر کەسەو بە ڕێی خۆیدا دەڕوات. تەنانەت لە کاتی برینداربوون و پێشهاتنی کارەسات بۆ کرێکارەکان، هەست دەکەیت هیچ هەست و سۆز و مرۆڤایەتییەک بوونی نییە و کەسایەتییەکان هەر مرۆڤی بێ ڕوخسار و ڕواڵەتن؛ وەک ئاگامبێن دەڵێت کۆمەڵێک «هۆمۆساکێر»ـن کە چارەنووسیان، تەنیا پلیشانەوەیە لەژێر چەرخی سەرمایەداریی دڕندەدا و خۆشیان ئەم چارەنووسیە ڕەشەیان قبووڵ کردووە و کەس دەنگی هەڵنابڕێت (ئاگامبێن، 1399:15)[3]. یەکێک لە نموونەکانی غیابی کۆمەڵ، ئەو کاتەیە کە چاڵەکە دەتەقێتەوە و کوڕەکە گوێی کەڕ دەبێت (00:48:20 ـ 00:44:15). لەوێدا دانیێڵ بەهەڵاتن بەنێوان کرێکارەکاندا تێ دەپەڕێت و خۆی دەگەیەنێتە کوڕەکەی و لەپەستاش هەرا دەکات «لەسەر ڕێگەم لاچن!» ئەگەر لەم دیمەنە ورد بینەوە ڕوخساری هیچ کام لە کرێکارەکان لە نزیکەوە پیشان نادرێت و کامێرا لێیان ورد نابێتەوە؛ ئەوان دەڵێی کۆمەڵێکی لێکدابڕاوی بێڕوخسارن کە بوون و نەبوونیان گرنگییەکی مرۆڤانەی نییە و تەنیا سەر ڕێیان گرتووە و دەبێت ڕێگە بۆ قارەمان چۆڵ بکەن. دوای برینداربوونیان، هەر خۆیان برینیان دەپێچن و درێژە بە کاریان دەدەنەوە. نە کەس دەنگی هەڵدەبڕێت و نە هیچ داواکارییەک لە گۆڕێدا هەیە؛ واتە کۆمەڵگەیەکی ئەتۆمیزە کە «ئێمە»یەک تێیدا بوونی نییە.
هەڵبەت ئەگەر سەرنج بدەینە سەر خودی ڕۆمانی «نەوت»ـی سینکلێر، دەبینین ئەندێرسۆن بەئەنقەست ئەم دیمەن و بابەتانەی سڕیوەتەوە کە پێوەندییان بە مانگرتنی کرێکاران و یەکگرتوویییان، چالاکیی سوسیالیستیی قارەمانی سەرەکی، باسوخواسە ئیدێئۆلۆژیکەکانی کەسایەتییەکان و دەوری دەوڵەتەوە هەیە. تەنانەت خودی ئەندێرسۆن لە وتووێژ لەگەڵ نیۆیۆرک تایمزدا (2007) دەڵێت: «بەش و بابەتە سیاسییەکانی کتێبەکە بۆم سەرنجڕاکێش نەبوو، بەڵکوو زیاتر حەزم لە کەسایەتییەکان و دێوەزمەی ناخیان بوو.» (Anderson, 2007, p.12) ئەم وتەیەی ئەندێرسۆن ڕێک ئیدعاکەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەوڵەت و سیاسەت بەئەنقەست لە کارەکەدا سڕدراونەتەوە تاکوو دەروونناسیی کەسایەتییەکانی لە شوێن دابنرێت. جێڕاڵد ماست بەم بابەتە دەڵێت «بەتاکیکردنەوەی کێشە پێکهاتەیییەکان» (Mast, 1983, p. 156)؛ واتە کێشە و ئاریشەیەک کە هۆکارەکەی لە ڕاستیدا پێکهاتەی کۆمەڵگەیە، تۆ وەک کێشەی تاک پیشانی بدەیت بۆ ئەوەی تاوان لە ملی پێکهاتە داماڵیت.
تەنیا دامەزراوەی مەدەنیی فیلمەکە ڕەنگە هەر خوێندنگەی ئەو کەمئەندامانە بێت کە گوێیان کێشەی هەیە و نابیسن و لەوێ بە زمانی ئاماژە فێرە دووان دەبن، بەڵام سەبارەت بەویش، فیلمەکە هەرگیز خودی خوێندنگەکە پیشان نادات و ڕێک وەک زەماوەندەکە، لە «فەزای دەرەوەی کادر»دا دەمێنێتەوە. لێرەدا تەنیا کەسایەتییەک کە دەتوانێت لە ژێر دەسەڵاتی دانیێڵ دەرچێت و تێکەڵ بە کۆمەڵ بێت و لە حاڵەتی ئەتۆمیزەکراو ڕزگاری بێت، کوڕەکەیە؛ بەڵام فیلمەکە هەر لە دوورەوە باسی دەکات و قەت ئەم دۆخەمان پیشان نادات؛ تەنیا دەرەنجامی ئەم کارە دەبینین، نەک ڕەوتی پێگەیشتنەکەی. ئەم خۆبواردنە لە پیشاندانی «جێگرەوەی سەرمایەداریی پووچەڵ»، ڕێک لەم غیابانەدا دێتە بەر چاو کە فیلمەکە بە بێدەنگی، هاواریان دەکات.
- ٧. لێکدانەوە
لێرەدا دەچینە قۆناغی لێکدانەوەی ئەم غیابانە و پەیامی ژێر ئەم ڕواڵەتە. هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئەم فیلمە کۆمەڵێک چەمک و بابەتی گرنگی سڕیوەتەوە و خۆی لە پیشاندانیان بواردووە؛ بەڵام پرسیار ئەمەیە: «ئایا نەبوونی ئەم چەمک بابەتانە، بە واتای هیچبوونە؟ یان گشتیتر بڵێین: «ئایا ئەم فیلمە بەڕاستی فیلمێکی نهیڵیستییە کە بانگەشەی پووچی و نهیڵیزم دەکات؟» لێرەدا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی تاوانی نهیڵیزم، پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە ئەم فیلمە سەبارەت بە «نەبووەکان»ـە، نەک «پووچی» و ئەم دوو چەمکە، جیاوازیی بنەڕەتییان هەیە.
ڕەنگە بەشێکی زۆر لە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکان سەبارەت بەم فیلمە باس لە نهیلیستی و پووچگەرابوونی بکەن. بەتایبەت لە کۆتاییی فیلمەکەدا کە دەنیێڵ، قەشەکە دەکووژێت و خۆشی تەنیا و بێکەس و بێمانا لە یانەیەکی لووکسی یاریی بۆڵینگدا ماوەتەوە: پیرەپیاوێکی دەوڵەمەندی مەست و شێتۆکە لەوپەڕی تەنیاییی خۆیدا دەنەڕێنێت «ئیتر کارم تەواو بوو!» [01:45:00 ـ 01:55:00]؛ واتە ئیتر هیچ کارێکم نەماوە و گەیشتووم بە هیچ. لێرەدا سێ خوێندنەوە ئاراستە دەکرێت بۆ ئەوەی دەرکەوێت ئەمەی لێرەدا دەیبینین «نەبووەکانە»، نەک «هیچ».
خوێندنەوەی یەکەم: دریدا دەڵێت «حوزوور و هەبوونی تەواوکۆ و کامڵ، بوونی نییە» (Derrida, 1967). هیچ، بۆشایییەکی ڕەهایە کە تێیدا هیچ نیشانەیەک لە هیچ شتێک بوونی نییە؛ بەڵام ئەمە فەرقی هەیە لەگەڵ نەبوون. دەکرێت شتێک نەبێت، بەڵام ئەم نەبوونەی مانادار بێت و ئاماژە بێت بە پێویستیی هەبوونی شتێک. بۆ نموونە حەوتوویەک لەمەوبەر دایکت کۆچی دواییی کردووە؛ ئێستا دەچیتە ماڵەوە، چاو دەگێڕیت لە دایکت؛ لێرەدا شوێنی دانیشتنەکەی، کەلوپەلەکانی، جلوبەرگەکانی، پیاڵەی چاییخواردنەوەکەی و تەنانەت ئەم کەناڵە ماهوارەیییەی کە چاوی لێ دەکرد، هەموویان هاوار دەکەن و نیشانەی نەبوون و غیابی ئەون؛ بەڵام ئەم نەبوونە، بە مانای هیچ نییە، بەڵکوو واتە پێویستیی هەبوونی کەسێک کە ئێستا تۆ لێی دەگەڕێیت و دەڵێیت دەبوو حوزووری بایە. ئەم نەبوونە بە دەیان نیشانە و ئاماژە حەول دەدات مانایەک بە تۆ بگەیەنێت و ئەم ئاماژانە هەمان شوێنپێیەکن کە دریدا پێی وایە مانا تەواو و کامڵ دەکەن و تەنانەت جاری وایە مانای سەرەکی، هەر ئەوانن. لەم فیلمەشدا ئێمە دەزانین کە شوێنپێی دایکێک دیارە کە نەبوونی بەتەواوەتی هەستی پێ دەکرێت و خودی نەبوون و غیابەکەیەتی کە دەمانخاتە فکری ماناوە.
خوێندنەوەی دووەم: نهیڵیزمی چالاک لەهەمبەر ناچالاکدا.
قارەمانی سەرەکی بە ڕواڵەت نهیڵیستێکی چالاکە (Nietzsche, 1883/1961, p45) و هەموو ئەو ڕکابەرانە لەناو دەبات کە ئەگەری هەبوو مانا بخوڵقێنن و خۆشی دواتر بە هیچ ناگات، بەڵام خودی فیلمەکە بەرهەمێکی داهێنەرانەیە کە بە پێچەوانەی دەنیێڵ، بە زەقکردنەوەی ئەو نەبووانەی بوونەتە هۆی ئەم پووچییە، حەول دەدات مانا بخوڵقێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، ئاراستەی پووچەڵکردنەوەی بانگەشەی پڕ هاتوهاواری نهیڵیزممان بکات کە دەنیێڵ بووەتە هێمای. ئەمە ڕێک وەدیهاتنی وتەکەی ئالێن بەدیۆیە کە دەڵێت «سینەمای گەورە و گران، لەگەڵ ئەوەمان ڕووبەڕوو دەکاتەوە کە دەبێت ببێت، نەک ئەمەی وا هەیە». (Badiou, 2013, p67) هۆکاری سەرکەوتووییی ئەم فیلمە، پتر لەوەی لە ڕەخنە لە پوچیی سەرمایەداری و ئایینی ڕێکخراودا بێت، لە هاواری بێدەنگ بۆ نەبووەکاندایە؛ ئەو نەبووانەی دەتوانن مانابەخش بن و دێوەزمەی پووچی ڕاو بنێن.
خوێندنەوەی سێیەم: نەبووەکان وەک تاواننامە.
ئەگەر ئەم فیلمە نهیڵیستی بایە، نەبووەکان و غیابەکان، هیچ سەرنجیان ڕانەدەکێشاین و گرنگییەکیان نەبوو. ئەگەر وا بایە، نەبوونی دایک، هونەر، خۆشی، دۆستایەتی، دەوڵەت، ڕێکخراوەی مەدەنی و زۆر بابەتی لەم چەشنە، هیچ گرنگییەکیان نەبوو و نیشانەیەکیشیان نەدەبوو. بەپێی لێڤیناس، «ڕوخساری ئەوی تر» ناچار بە وڵامدانەوەمان دەکات (Levinas, 1961/1969, p. 212) ، بەڵام پێویستە سەرنج بدەین، غیابی ئەم ڕوخسارەش هەر جۆرێک داواکارییە بۆ وڵامدانەوە و لەبەرچاوگرتن. ڕوخساری دایک، کرێکار، هونەرمەند و تەنانەت پۆلیس، هەموویان داواکارییەکیان هەیە: «لەبەر چاوم بگرە، بزانە بۆ من دیار نیم. بزانە بۆ سڕدراومەتەوە یان حاشام لێ دەکرێت!» ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ئەم فیلمە لە تاوانی نهیڵیستیبوون دوور دەکاتەوە و لە ملی دادەماڵێت. نهیڵیزم دەڵێت «هیچ شتێک گرنگ نییە و بوون و نەبوونی وەک یەک وایە»، بەڵام ئەم فیلمە دەڵێت «ئەم غیابانە ئەوەندە گرنگن کە نەبوونیان کارەساتی لێ دەکەوێتەوە». کەوابوو ئەم لێکدانەوەیە حاشا لە کارەساتاویبوونی فیلمەکە ناکات، بەڵکوو دەڵێت «بزانە نەبوونی چ شتێک کارەساتی لێ کەوتووەتەوە، ئەمە ڕێک هەمان مانایەکە کە دەبێت لێی بگەڕێیت و خۆت لەم چارەنووسە ڕەشە بپارێزیت».
- ٨. ئەنجام
ئەم توێژینەوەیە حەولی دا لێکی بداتەوە کە غیاب و نەبوونی کۆمەڵێک بابەت لە فیلمەکەدا، چۆن کارکردێکی ماناساز و دژە نهیڵیستییان هەیە. دەسکەوتەکان دەریانخست کە ئەم فیلمە چوار غیاب و نەبوونی پێکهاتەییی تێدا بەدی دەکرێت: غیابی دایک و خۆشەویستی کە دنیای فیلمەکەی تەواو ویشک و پیاوانە و تاکڕەگەزی کردووە؛ غیابی دەوڵەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە دژایەتیی پێکهاتەییی سەرمایە و یاسای لە دژایەتیی دوو کەسدا کورت کردووەتە و دەوڵەتی غوسڵی تەعمید داوە و ڕاستییە مێژوویییەکانی حاشا لێ کردووە؛ غیابی هونەر و جوانی کە جیهانی فیلمەکەی ڕەش و تاریک و دڕندە و دوور لە داهێنان و جوانی کردووە؛ ئەمەش لە دۆزینەوەی کەلێنی نێوان مووزیکی زەمینەی فیلمەکە و دنیای وشک و بێمووزیکیدا زۆر زەق و بەرچاوە؛ لە کۆتایییشدا غیابی یەکگرتوویی و کۆمەڵگە کە لە سەرتاسەری فیلمەکەدا نەبوونی کۆمەڵگە و شاروومەند، بەڕوونی دیارە و تەنانەت فیلمەکە دووری دەکات لە پیشاندانی کۆمەڵایەتیبوونی کوڕەکە.
بەم جۆرە، وڵامی پرسیاری سەرەکیی فیلمەکە ئەمەیە کە فیلمەکە بۆ دروستکردنی مانا، دەستەوداوێنی دوو جۆر غیاب دەبێت: غیابی خودی بابەتەکە لە چوارچێوەی فیلمەکەدا و هەروەها بێدەنگ و ناچالاککردنی فەزای دەرەوەی چوارچێوە، تاکوو ئەم نەبوون و غیابە دوو هێندە زەق بێتەوە و زیاتر سەرنج ڕاکێشێت. هەر ئەمەی کە بینەر هەست بەم نەبوون و غیابە دەکات، سەرنجی بۆ لای گرنگترین مەبەستی دەرهێنەر دەچێت کە هەمان دروستکردن یان دۆزینەوەی مانایە لەم بابەت و چەمکانەی شاردراونەتەوە. هەروەها سەبارەت بە پرسی دووەمیش کە دەگوترا ئەم فیلمە نهیڵیستییە، یاخود نا، وڵامەکە «نا»یەکی گەورەیە. چونکە فیلمەکە دەڵێت نەبوون و هیچ، دوو واتای جیاوازیان هەیە؛ ئەوەی کە دایک لە فیلمەکەدا نەبوویەکی گەورەیە، دەریدەخات هەبوونی چەند گرنگە. ئەوەی کە دەوڵەت و ڕێکخراوەکان، هونەر و مۆسیقا، ژن و مۆسیقا، دیار نین، دەریدەخات بۆشایییەکە داوای چی دەکات و مانا لە کوێ و چیدا خۆی هەشار داوە.
- سەرچاوە سەرەکییەکان
Anderson, P. T. (Director). (2007). There Will Be Blood [Film]. Paramount Vantage; Miramax. (Blu-ray edition: Paramount Home Entertainment, 2008).
Anderson, P. T. (2007, December 23). “Blood” simple: An interview with Paul Thomas Anderson. Interview by L. Gross. The New York Times, Section 2A, p. 24.
Sinclair, U. (1927). Oil!. Albert & Charles Boni.
سەرچاوەکانی تر
آگامبن، جورجو (1399)، هوموساکر: قدرت حاکم و حیات برهنه (ترجمه: مرتضی نادری دره شوری). تهران: نشر شوند.
حیدری، فاطمه، و صادقی، لیلا. (۱۳۹۵). تحلیل روانکاوانهٔ شخصیت دانیل پلینویو در فیلم «خون به پا خواهد شد» بر اساس نظریهٔ ژاک لاکان. نشریهٔ هنرهای نمایشی و موسیقی، ۲۱(۱)، ۴۵–۶۰.
رضوی، نسرین. (۱۳۹۷). سکوت و غیاب در سینمای عباس کیارستمی: خوانشی دریدایی از «طعم گیلاس». پژوهشهای نقد ادبی و نظریهٔ معاصر، ۵(۲)، ۱۱۲–۱۳۰.
قاسمی، محمد. (۱۳۹۳). واسازی در سینما: از متن تا تصویر. کتاب ماه هنر، ۱۸۸، ۲۴–۳۰.
کریمی، سعید. (۱۳۹۱). تقابل سرمایه و مذهب در سینمای پل توماس اندرسن: مطالعهٔ موردی «خون به پا خواهد شد». فصلنامهٔ سینما و ادبیات، ۹(۳)، ۷۸–۹۲.
گویلی، کیلانه، س. (2023). شکلگیری سوژه در شخصیتهای اصلی رمان «نفت» آپتون سینکلر و فیلم «خون به پا خواهد شد» ساخته پل توماس اندرسون: مطالعهای تطبیقی. پایان نامه کارشناسی ارشد؛ دانشگاه کردستان؛ استاد راهنما: ا. رجبی.
Adorno, T. W. (1997). Aesthetic theory (R. Hullot-Kentor, Trans.). University of Minnesota Press. (Original work published 1970)
Badiou, A. (2013). Cinema (S. Spitzer, Trans.). Polity Press.
Burch, N. (1973). Theory of film practice (H. R. Lane, Trans.). Princeton University Press.
Derrida, J. (1976). Of grammatology (G. C. Spivak, Trans.). Johns Hopkins University Press. (Original work published 1967)
French, P. (2008, February 10). The devil’s oil: There Will Be Blood. The Observer, Review section, p. 14.
Habermas, J. (1989). The structural transformation of the public sphere (T. Burger & F. Lawrence, Trans.). MIT Press. (Original work published 1962)
Hoberman, J. (2008, January 8). Crude awakening: There Will Be Blood. The Village Voice. https://www.villagevoice.com
Hobsbawm, E. (1975). The age of capital: 1848–1875. Weidenfeld & Nicolson.
Jameson, F. (1981). The political unconscious: Narrative as a socially symbolic act. Cornell University Press.
Levinas, E. (1969). Totality and infinity: An essay on exteriority (A. Lingis, Trans.). Duquesne University Press. (Original work published 1961)
Lim, D. (2007, December 23). An American primitive, driven by oil. The New York Times, p. AR13.
Mast, G. (1983). Film/cinema/movie: A theory of experience. University of Chicago Press.
Ni, R. (2025).Broken Bonds and the Modern Subject Family Estrangement in There Will Be Blood. Researchgate. https://www.researchgate.net/publication/394351097
Nietzsche, F. (1968). The will to power (W. Kaufmann & R. J. Hollingdale, Trans.). Vintage. (Original work published 1901)
Toles, G. (2016). Paul Thomas Anderson. University of Illinois Press.
Weber, M. (1930). The Protestant ethic and the spirit of capitalism (T. Parsons, Trans.). Allen & Unwin. (Original work published 1905)
[1] Trace
[2] Noel Burch