درەوشانەوەی ژمارەکان

          ١

وێڵم تا ئارامى نێو دڵم ئەکەمە باخچە،

هێز بدەمە خۆم لە گەڵا، گوڵ و جوانى وردببمەوە و

نیشتمان تا ئەوپەڕى دونیا توڕ هەڵدەم.

بگەرێم بەدواى دۆزینەوەى خۆم لە دەرەوەى خاک ،

لە دەرەوەى هەوا و

لە دەرەوەى نیشتمان.

پێکەنینم دێ بەوانەى کە پێیان ئەگوتین (خودایا وەتەن ئاواکەى).

درۆ بوو وەتەن نە دڵگیربوو، نە شیرین.

ئەوەش لە دڵما ئەسڕمەوە کە فێریان کردم

(شام شەکرە وڵات شیرینترە).

      ٢

زۆر گەڕام بەدواى دۆزینەوەى خۆم لەتۆدا،

پشکنینم بۆ ڕووەکى بن دەریاکان کرد،

دەستم لە ئاسەوارى نێو مۆزەخانەکان دا و

گەڕام بەنێو لاپەڕە ڕزیووەکانى مێژوو.

زۆر گەڕام بەدواى دۆزینەوەى تۆ لە خۆمدا

جگە لەخوێن لەنێو مێژوو

وێرانە لەنێو ئاسەوارەکان

 خنکان لەنێو دەریاکان.

هیچم نەدى….هیچ.

لەتۆدا چى ببینم؟

جگە لە غەمێکى هەزاران ساڵە

بێزاریەکى هەتاهەتایى و

کۆتاییەکى لەبیرکراو.

       ٣

ئەبم بە دوژمنى هەوا

بە دوژمنى فڕین، بە دوژمنى خەیاڵ.

جوانى سەراوژێژ ئەکەمەوە لەماناکەى خۆى.

خۆم خەریک ئەکەم بە شتى نەبیستراوەوە

ئەڕۆم بۆ شوێنێ دوور لە بینین،

دوور لە خەیاڵ، دوور لە نووسین.

       ٤

ڕاهێنان ئەکەم بۆ بیرچوونەوەی کەسەکان،

 درەخت و شارەکان.

بیرچوونەوە ئاسان نییە، بۆیە خۆم ون ئەکەم.

کە ون ئەبم،

خۆم پڕ ئەکەم لە زانیاری نەبیستراو.

دڵم پڕ ئەکەم لەو وێنانەی خۆم ئەیانکێشم،

خۆم سەراولێژ ئەکەمەوە بۆ نێو تاریکی و

دەست ئەکەم بە فێربوونی فڕین.

خۆم ون ئەکەم لە تۆ،

لە درەخت و شار و خوداکان.

   ٥

بە دوو ڕێگادا ناڕۆم

ڕێگایەک دەنگ و ڕێگایەک سکوت

ڕێگایەک میوزیک و ڕێگایەک شیعر

شانشینێ لەدڵما دائەمەزرێنم دوور لە نووسین

قەڵغانەکەى دوور لە دەنگ و

ئاسمانەکەى دوور لە وێنە

لەوێ میواندارى ئارامى، شەوەزەنگ و بێدەنگى ئەکەم.

٦

 بەو ئامێرە سادانەى نێو ڕۆحم میوزیک ئەژەنم

درەخت و باڵندە و ئاژەڵەکان میوزیک ئەژەنن

لەنێوان تۆنى ئەوان و تۆنی مندا

تۆنى سێیەم ئەژەنم.

بەو ئامێرە سادانەى نێو ڕۆحم دەنگ دروست ئەکەم

پارچە میوزیکى نەمرى ئەژەنم

لەنێو هەجیج*  لەپاڵ شاخ و ئاو درەختەکانیا

ڕۆحم ئەدەکەمەوە بۆ هەوا

درەختەکان لە دڵما خۆیان ئەنێژن

باڵندەکان هێلانە دروست ئەکەن و

ئاژەڵەکانیش لەنێو دەروونما دێن دەچن.

هەروا بەو ئامێرە سادانەى نێو ڕۆحم تۆنى سێیەم ئەژەنم.

————–

هەجیج: گوندێکی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

119736849_774732859927867_7662277009191958800_n-1

سەرنجێک بنوسن