دوو شیعری چارڵز بوکۆفسکی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: باوەڕ مەعرووفی

ا

باڵندەی شین

باڵندەیەکی شینکەڵەم له دڵدایه

که دەیهەوێ بێته دەرێ

بەڵام من لەگەڵیا زۆر دڵڕەقم،

پێی دەڵێم، لەوێدا بمێنەوە، نایەڵم کەس چاوی پێت بکەوێ.

باڵندەیەکی شینکەڵەم له دڵدایه

که دەیهەوێ بێته دەرێ

بەڵام من ویسکیی بەسەردا ڕۆ دەکەم و

به دووکەڵی جگەرەکەم قانگی دەدەم

سۆزانی و باڕمەن و دوکاندارەکان

هەرگیز نازانن

ئەو لەوێیه.

باڵندەیەکی شینکەڵەم له دڵدایه

که دەیهەوێ بێته دەرێ

بەڵام من لەگەڵیا زۆر دڵڕەقم،

پێی دەڵێم،

مەیه دەرێ، به تەمای شێتم بکەی؟

دەتەوێ کاروبارم تێکوپێک دەی؟

بە هیوای دەسکەوتی فرۆشی کتێبەکانم له ئەورووپا به بادا دەی؟

باڵندەیەکی شینکەڵەم له دڵدایه

که دەیهەوێ بێته دەرێ

بەڵام من ئێجگار ژیرم

بەس شەوانه، جاربەجارێ

کاتێک هەمووان نوستوون

لێی دەگەڕێم بێته دەرێ.

پێی دەڵێم: دەزانم کە لەوێدای،

کەوایه

خەمگین مەبە.

دواتر دەیخەمەوە سەر جێگای خۆی،

هێشتا دەنگی جریوەی دێ،

نەمهێشتووە تەواو بمرێ

بەمجۆره پێکەوە و بەپێی گرێبەسته نهێنیەکەمان

بۆی دەخەوین،

هێندە خۆشه فرمێسک له چاوی پیاو دێنێ،

بەڵام ئەمن ناگریم

ئەدی ئەنگۆ؟

٢

کێشە

بە کامێراکەی دەستمەوە

ڕووەوە پەنجێرەی فرۆشگەیەک، وێنەیەکم گرت

ژنێکی درێژی ناشیرین

ملی بەرەو پێشەوە لار کردبووەوە و

لە فرۆشگەکەوە بە بازدان هاتە دەرێ.

پرسی لێم:

“ئەوە چ دەکەی،

خەریک بووی وێنەی چیت دەگرت؟”

وتم:

“وێنەیەکی ئەو مانکەنە ڕووتەم گرت.”

ژنە وتی:

“هیوادارم وێنەیەکی‌ترت نەگرتبێ”.

وتم “نا” و بە کامێراکەی دەستمەوە

بە شەقامەکەدا داگەڕام

ژنەش لە دواوە چاوی تێبڕیبووم.

هەستی تاوانباری و خەمگینی بەرۆکی پێگرتم

خەمگین بووم

هەرچەند بەڕاستی کارێکی وام نەکردبوو

ناشایست بێ.

زۆر جاران شتی وام لێ دەقەوما

لانیکەم ڕۆژێ جارێک.

ئاوڕم لێ داوە، چۆکێکم دادا،

سیلەم لێ گرت و وێنەیەکیم کێشا.

دەستی ڕاوەشاندن و قیژاندی

وێنەیەکی دیکەشم کێشا.

کێشەی کەسانی لەم جۆرە

ئەوەیە کە شارەکانیان هیچ کات بۆمباران نەکراوە

کەسیش هەرگیز بە دایکیانی نەوتووە: دەمت داخە.

  1. https://www.youtube.com/watch?v=GDv4LDj3w_I
photo_٢٠٢٠-٠٩-١٧_١١-٢٥-٥٠-1

سەرنجێک بنوسن