سیکولاریزم، لە ڕوانگەی چارلز تایلەردا

چارلز تایلەری بیرمەندی کەندەی ٢٠١٢

یەکێک لە ڕەهەندە کاریگەرەکانی بیرکردنەوەی چارلز تایلەری بیرمەندی هاوچەرخی کەنەدی،

کە وا لە خوێنەر دەکات درێژە بە خوێندنەوەی تێکستەکانی بدات و بە وردیش سەرنج بخاتە سەر ئایدیا و بیرۆکە مشتومڕ وروژێنەرەکانی، ئەوەیە کە ناوبراو بۆ خستنەڕووی بابەتی سەرەکی تێکستەکەی، هەوڵدەدات بیرکردنەوەی دژە باو هەڵبژێرێت. بیرکردنەوەیەک کە پێچەوانەی تەوژم و شەپۆلی باوە، لەوەش زیاتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دەقدا، خوێنەر پەی بەوە دەبات، کە دیاردەیەک یاخود بابەتێک بەو شێوازەی لەبیرکردنەوەی باودا بەرجەستەیە، لەناو واقیعدا بوونی نییە. بەڵکوو بوونی لە خەیاڵدانی گرووپ و دەستەبژێرێکدا هەبووە یان هەیە. لێرەوە دەکرێ بڵێین ئەم بیرمەندە دەمانخاتە سەر ئاراستەیەکی نەزانراو، یان فەرامۆشکراوی گێڕانەوە، ئاراستەیەک کە لە باشترین حاڵەتدا پێشتر لەوانەیە وەک کوێرەڕێیەک وێنامان کردبێ یاخود بەشێوەیەکی زۆر لاواز و ڕاگوزەر لەلایەن هەر یەکێک لە ئێمەوە بیری لێکرابێتەوە، یان ئاماژەی پێدرابێت و بەجێهێڵرابێت.

لەوەدا پەیوندی بە سیکولاریزمەوە هەیە، وەک بابەتی سەرەکی یەکێک لە تێکستەکانی تایلەر، ئەو ڕەهەندە بەدیدەکەین کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. پاشان دەبینین ئەم بیرمەندە باس لەوە دەکات، کە پێداگری فۆرمێکی هەژموونگەر و زانراو و ڕەسمیی پاڵمان پێوە دەنێت کە دەستبەرداری ئەو ئاراستەیەی گێڕانەوە ببین و توخنی نەکەوین. فۆرمێک کە بە سەرچاوەی خود و بە پێکهێنەری شوناسی مۆدێرن دادەنرێت، شوناسێکی خودیی، تاکگەرا، کۆسمۆلۆژی، وێنەیی، خاوەن کەڵکەڵەی زانستی، پڕاگماتی، ڕۆشنگەر، بێباوەڕ، یان لە ڕووی دینییەوە بێلایەن. لێرەدا تایلەر مەبەستی ئەوە نییە کە پەردە لەسەر ڕووی درۆینە و ناڕاست و ساختە، یان هەتا عەدەمی نوێگەری خۆرئاوا لابەرێت. بەڵکو وەک لەخوێندنەوەی کتێبی «سەردەمی سیکولار»[1] دا بەدیدەکەین، ئەم بیرمەندە مەبەستییەتی ئەوە بخاتە ڕوو، کە نوێگەری خۆرئاوا لایەنگری فۆرمێکی دیاریکراوی مێژوویی دەکات، بۆ سوبێکت و شوناسی مۆدێرن، تەنانەت وەک فۆرمێکی زاڵ و هەژموونگەریش گوزارشتی لێدەکات. واتە وەکچۆن بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە و ڕوون، تایلەرلە کتێبێکی دیکەیدا بە ناونیشانی «سەرچاوەکانی خود، دروستبوونی شوناسی مۆدێرن»[2]ئاماژەی بەسەرچاوەکانی خود ودروستبوونی شوناسی مۆدێرنی خۆرئاوا داوە، بەهەمانشێوە لە کۆنتێکستی کتێبی «سەردەمی سیکولار»یشدا، سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە سەر هەمان بابەت، بەڵام بەو شێوازەی کە خزمەت بە بابەت و تێزی سەرەکی کتێبەکە (واتە سیکولاریزم) بکات. بە دەربڕینێکی دیکە لەم کتێبەیدا تایلەر باس لەوە دەکات کە نوێگەری خۆرئاوا بەهۆی لایەنگرییەوە بۆ سەرچاوەیەک و پێکهێنەرێک، نەیتوانیووە بەشێوەیەکی یەکسان باس لە سەرچاوەکانی خود و دروستبوونی شوناسی مۆدێرن بکات. هەروەها بەشێوەیەکی تایبەتیش نوێگەری تێگەیشتنێکی خراپی هەیە بۆ یەکێک لەو سەرچاوانەی کە خود و شوناسی مۆدێرنیان دروستکردووە، کە ئەم بیرمەندە، گاهێ بە ڕۆحی نوێگەری و گاهێکیش بە ڕیفۆرمی دینیی گوزارشتی لێدەکات و مەبەستیشی لە چارەنووسی ئایینە، کە لە دونیای پێش مۆدێرندا بەگشتی نوێنەرایەتی ئەخلاقی مرۆڤایەتی کردووە. ناکرێ لێرەدا ئەم بۆچوونەی تایلەر بەشێوەیەکی نێگەتیڤ وەربگرین یان وەک بانگەشەیەک وێنای بکەین، کە کار بۆ گێڕانەوەی ئەو تێگەیشتنە هەژموونگەر و پاوانخوازەی ئایین دەکات، کە لە دونیای پێش نوێگەریدا باو و باڵادەست بووە. بەڵکوو ئەو لەڕێگەی ئەم تێگەیشتنەوە، دەیەوێت بە یەکسانی ئاماژە بە سەرچاوەکانی سوبێکت و چۆنییەتی دروستبوونی شوناسی مۆدێرن بەگشتی بدات و بە تایبەتیش تیشک بخاتە سەر سەرچاوەیەکیان کە پەراوێز و پشتگوێ خراوە. واتە ئەو لە گێڕانەوەکەیدا دەیەوێت باس لە ڕۆڵی ڕەهەندی ڕۆحانی وەک سەرچاوەیەکی خولقێنەری سوبێکتی نوێ و شوناسی مۆدێرن بکات و فەرامۆش یاخود پەردەپۆشی نەکات، ڕەهەندێک کە سەرەتا فۆرمێکی هیرمۆنتیکی پەڕگیر و توندڕەوی ناو بیری ڕۆشنگەری هۆکاری پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی بووە، کاتی ئەوە هاتووە ئازادی بکەین. لێرەوە تایلەر بە پێویستی دەزانێت تیشک بخرێتە سەر ڕۆڵی ڕیفۆرمی ئایینیی لە گێڕانەوەی چیرۆکی دروستبوونی خود و شوناسی نوێدا، چونکە تیشک خستنە سەر ئەو بەشە پەردەپۆشکراوەی شوناسی مۆدێرن، بریتییە لە پیشاندانی ڕۆڵی ڕیفۆرمی ڕۆحانی لە ناویدا، بەتایبەتیش بەرجەستەبوونی ئەم ڕۆڵە و ڕۆچوونی بە ناو قووڵایی شوناسی نوێ و بەناو سیستمێکی ئەخلاقیدا، ئەفراندنی سوبێکتینوێی بەرهەم هێنا. سەرەڕای ئەوەش ڕەخنەگرتن لە نوێگەری لەلای ئەم بیرمەندە زۆر سەرسامکەر نییە، یاخود کەڵکەڵەی سەرەکی بیرکردنەوەی ئەو ڕەخنەگرتن نییە لە نوێگەری. بۆیە دەکرێ بۆچوونەکەی سەرەوەی بە مەیلێکی ڕیفۆرمخوازانەی ئەو بزانین، تاکوو نوێگەری بگێڕێتەوە بۆ شوێنگەی لەدایک بوونی و بۆ ئەوەی پاڵی پێوە بنێت سەرلەنوێ خۆی کەشف بکات و بدۆزێتەوە، ئەویش بەپێی توانا خۆی لە قورسایی ئەو فۆرمە تاکڕەهەند و شوناسگەرە ڕزگار بکات کە سەردەمی ڕۆشنگەری بەسەریدا سەپاند و ئەوی گۆڕیی بۆ تەنیا فۆڕمێکی ناو مێژووی نوێگەری. کە مەبەستمان لەو فۆرمە هیومانیستییەیە، کە بۆ یەکەمجارە لەمێژوودا سەرکەوتوو بوو، لە دەرهێنانی مولحیدانەی مرۆڤی سەردەمی هەژموونی ئایین و ئاراستەکردنیدا بۆ ناو سەردەمی دونیاگەری بێ ڕەگوڕیشە و بێ پێشینە، بەبێ سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێشووتر. ئەم فۆرمە کە مێژووی سیکولاریزمی نوێ دەگێڕێتەوە، مەسەلەیەکە کە تایلەر لێرەدا بە هەموو پێداگرییەکی فەلسەفیی و بەوپەڕی جورئەتەوە، لەسەر بیرکردنەوەیەکی زیادکراو دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، بیرکردنەوەیەک نەک هەر پێکەوە ژیان قبوڵدەکات بە تەنیا، بەڵکوو بیرکردنەوەی هاوبەش و تەنانەت هەموو ئامادەبوونێکیش لەخۆ دەگرێت بۆ قبوڵکردنی گشت ڕەهەندەکانی فرەیی و ئەویدیگەرایی و هەموو ڕێککەوتنێک، کە هاوڕێی ئایدیای نوێگەری بوون، لە قۆناغەکانی گەشەکردن و ڕێڕەوەکان و دەرئەنجامەکانیدا.

سەردەمی سیکولار:
چارلز تایلەر لە پێشەکی کتێبی «سەردەمی سیکولار»دا، دەپرسێت: “ئایا مەبەستمان چییە کاتێک دەڵێین، ئێمە لەسەردەمی سیکولاردا دەژین؟”، ئەمە یەکەمین دێڕی پێشەکی کتێبەکەیە، کە پاشان خۆی زۆر بە ڕوونی پێماندەڵێت کە “مەبەستی لەو ئێمەیە: ئەوانەیە کە لەناو کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا دا دەژین”، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە کە سیکولاریزم لە ڕووی پەرتییەوە، یاخود بە شێوازی جیاواز لە جیهانی خۆرئاوا دوورکەوتووەتەوە و چۆتە دەرەوە. هەروەها بۆچوونیشی وایە: بە بێ بوونی ڕێگایەک  بۆ بەگژاچوونەوەی، لەوانەیە سیکولاریزم خۆی بسەپێنێت، هەر کاتێک بمانەوێت ئەم کۆمەڵگایانەی خۆرئاوا بەراورد بکەین بەهەر کۆمەڵگایەکی مێژووی مرۆڤایەتی، یاخود بە هەر کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ. لەگەڵ ئەوەشدا تایلەر ناوی هەندێ کۆمەڵگای هێناوە و نوسیویەتی: “بۆ نموونە وەک کۆمەڵگاکانی وڵاتانی موسڵمان، یاخود هیند و ئەفریقا” .. دوای ئەم دیاریکردنە لای خوێنەر ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم بیرمەندە مەبەستی لەو “سیکولاریزم”ەیە، لە ناو کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا و لەسەردەمی نوێگەری و هاوچەرخدا فەراهەم بووە. نەک عەلمانییەتێک کە دواتر بە شێوازی جیاواز و پەرتی گەیشتووەتە کۆمەڵگاکانی دەرەوەی خۆرئاوا، ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون، لە ڕیسکی سیکولاریزمی مۆدێرندا، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بەناوی هەندێکیاندا.

سێ واتاکەی سیکولاریزم:
بۆ ڕوونکردنەوەی ماناکانی سیکولاریزم، تایلەر لە کتێبەکەیدا سەرەتا تیشک دەخاتە سەر بیرۆکەیەکی گەلێ باو و بەربڵاوی سیکولاریزم، کە ناوەرۆکەکەی ئاماژە بە جیابوونەوە، یان وابەستەیی نێوان ئایین و دەوڵەت دەکات. سەرەتا خوێنەر پێیوایە کە ئاماژەدانی تایلەر بەو ئایدیا باوە، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە بڵێت: خۆرئاوا بە کۆمەڵگا سیکولارەکانی جیادەکرێتەوە و خاوەنی دەوڵەتگەلێکە کە هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان بە کڵێسە، یان بە ئایین و یەزدانەوە نەماوە. ئایین جا گەر پیوار یان ئامادەبێت، کراوەتە مەسەلەیەکی تایبەت و کەسی. بەڵام خوێنەری کتێبی ناوبراو دواتر تێدەگات، کە سەرەڕای بوونی دەربڕینگەلی لەو چەشنە، بەڵام تایلەر مەبەستی ئەوەیە کە تیشک بخاتە سەر هەوڵی ئەزموونکردنی ئەو تێگەیشتنە باوە بۆ سیکولاریزم، کە لە خۆرئاوا دراوە و دەدرێت. بە مانایەکیتر ئەو لەڕێگەی ئاماژەدان بە بیرۆکەیەک، کە هێشتا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نموونە لەسەر ئاستی گوفتار نەبووەتە باو، کەچی لە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا ساڵانێکە بە کردار و پڕاکتیک، مومارەسە کراوە و دەکرێت. پاشان هەر لەم مەسەلەیەوە تایلەر بە وردی و بەشێوازێکی تایبەت بە خۆی ئاماژە دەدات بەو سێ دەلالەت و مانایەی سیکولاریزم کە لە کتێبەکەیدا هاتوون، یاخود تیشک دەخاتە سەر سێ تێگەیشتن بۆ سیکولاریزم و جیاکردنەوەیان لە یەکتری. ئەڵبەت تێگەیشتن و مانای یەکەمی سیکولاریزم، وەک هەلومەرجێک دەردەکەوێت، کە بواری گشتی تیایدا خاڵییە لە یەزدان، یان ئایین چیتر بوونی نییە لەو فەزا گشتییانەی خۆرئاوادا کە خاوەنی سەربەخۆیین. واتە ئەو بنەما و پڕەنسیپانەی کە شوێنیان دەکەوین، یاخود ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەناویاندا سەرقاڵین، لەناو فەزاگەلی جیاواز و ئەکتیڤی ئابووریی و سیاسیی و کولتووریی و پەروەردەیی و پیشەیی و سەرگەمیدا، بەشێوەیەکی گشتی نامانگێڕنەوە بۆ لای خودا، یان بۆ هەر بیروباوەڕێکی ئایینی. هەرچی مانای دووەمی چەمکەکەیە، تیشک دەخاتە سەرجۆرێک لە ئیمان و پابەندی، یان مومارەسەکردنی ئیمان کە لە پاشەکشێدایە یاخود خەریکە پاشەکشێ دەکات. ئەمەش مانای وایە کە: سیکولاریزمی گشتی، درێژەدان بە ژیانی ئایینی قەدەغە ناکات، لە کاتێکدا کە دەتوانین سەردەمی ئێستامان، بە سەردەمی سیکولار دابنێین، لەبەرامبەر سەردەمی باڵادەستی ئایینی سەدەکانی ڕابردوودا، بەڵام بەبێ ئەوەی کە چوونە کڵێسا لە کەسی ئیماندار یاساغ بکرێت. هەرچی مانای سێیەمە، کە لەناو ڕوونکردنەوەی دەلالەت و هەر سێ واتاکەی سیکولاریزم لە کتێبەکەدا، مانایەکی جەوهەری و یەکلاکەرەوە لەخۆ دەگرێت، مانایەکە کاتێک دەردەکەوێت کە سەرلەنوێ دەستبکەین بە گەڕان و پشکنین لە بارەی سەردەمێک، کە بە سەردەمی سیکولاریزم دادەنرێت، بە جۆرێک ئەم جارە ڕوانینمان نەخەینە، سەر واتای یەکەمی چەمکەکە، واتە تەماشای بەتاڵبوونەوەی فەزا گشتییەکان لە ئایین نەکەین. یان سەرنج نەخەینە سەر مانای دووەمی زاراوەکە، بەڵکو پێویستە ڕوانینمان بخەینە سەر مانایەکی نوێتر، ئەویش مانایەکە بەهۆیەوە دەڵێین: ئێمە لە سەردەمی سیکولاردا دەژین، بە تایبەتیش لە ڕووی مەرجە تازەکانی ئیمانەوە، کە ئایدیالەکانی ژیانی مۆدێرن فەرزیان دەکات. بەم پێیە مانای سێیەم یان وەرچەرخان بەرەو سیکولاریزم – لەنێوان کۆی شتەکانی تردا- پێکهاتووە لە بزاوتێک لە کۆمەڵگایەکەوە هەڵماندەگرێت، کە تیایدا باوەڕ بە خودا مەسەلەیەکی یەکلاکەرەوە و بێ ڕکابەرە و تێکەڵ بە هیچ شتێک نەبووە، بەرەو کۆمەڵگایەک کە باوەڕ بە خودا تیایدا بووەتە بژاردەیەک لەنێوان بژاردەکانی تردا. پاش خستنەڕووی پوختەی هەر سێ ماناکەی سیکولاریزم، ئێستا گەر سەرنجی هەر سێ ماناکە بدەین، دەزانین کە ئایین خاڵی هاوبەش، یاخود باکگراوندی سەرەکییە لە هەرسێ مانا و دەلالەتەکەی سیکولاریزمدا، یان لە هەرسێ ماناکەدا خاڵی هاوبەش پێکهاتووە لە پەیوەندی بونیادنراو لەگەڵ ئاییندا، چونکە گەر لە مانای یەکەمدا ئایین ئەو دیاردەیە بێت، لەناو فەزای گشتیدا پاشەکشێی کردووە، ئەوا لە مانای دووەمی سیکولاریزمدا جۆرێک لە ئیمان و مومارەسەکردنی پاشەکشێی کردووە، یان خەریکە پاشەکشێ دەکات، وەکچۆن لە مانای سێیەمیشدا هەلومەرجی جۆرێکی دیاریکراوی ئیمان و پابەندبوونە، کە لەسەردەمی نوێدا پشکنینی بۆ دەکرێت. لێرەدا درک بەوە دەکەین کە مەبەستی سەرەکی بیرمەندەکە، لە مانای سێیەمی سیکولاریزمدا بەرجەستەیە، کە ئەویش پەیوەندی بە پشکنینی هەلومەرجی جۆرێک لە ئیمان و پابەندییەوە هەیە لەناو کۆمەڵگاکانی خۆرئاوادا، بەو پێیەی کە کۆمەڵگای سیکولارن و لە ناویاندا باوەڕی ئایینیی بووەتە بژاردەیەکی تایبەت و کەسی و هەموو مرۆڤێکی ئیماندار و هەتا بێباوەڕیش لەم کۆمەڵگایانەدا مافی خۆیەتی بەشداری لە هاووڵاتیبووندا بکات لەناو فەزایەکی گشتییدا، بەبێ ئەوەی ئەمە ببێتە هۆی دابەزینە سەر ئاستیی ململانێی لاهووتی، لەبارەی شێوازی ڕزگاربوونی مرۆڤ لەو دونیا، یان لەبارەی ئەوەوە کە پێویست بەم قوتاربوونە نییە. هەروەها لێرەدا مەبەستی فەلسەفی تایلەر ئەوە نییە کە بەرگری لە جۆرێک لە سیکولاریزم بکات دژ بە جۆرێکی دیکە. بەڵکو ئەو لێرەدا تەنیا خوازیارە وێنەی ئەوە بکێشێت، کە بووە مایەی فەراهەم بوونی هەڵخلیسکانە تازەکە، یان بووە مایەی گواستنەوە لەو کۆمەڵگایانەوە کە بەشێوەیەکی پڕاکتیکیی بۆ هەموو کەسێک مەحاڵ بوو کە بڕوای بە خودا نەبێت، بەرەو ئەو کۆمەڵگایانەی کە باوەڕ بە خودا لەناویاندا بووەتە بژاردەیەک لەنێوان بژاردەکانی تردا. دواتریش لەناو ئەم کۆمەڵگایانەدا سیکولاریزم هیچ نییە جگە لە کۆنتێکستێک بۆ تێگەیشتن، کە بە یارمەتی ئەو کۆی دیاردە مۆدێرنەکان لەلای ئێمە دەبنە دیاردەگەلێکی مانادار، ئەمەش بە واتای دەستوەردان دێت لە چەقی شوناسەکەمان. هەروەها بەپێی مانای سێیەمی چەمکەکە دەکرێ بڵێین، ئێمە لە سەردەمی سیکولاردا دەژین، ئەمەش کرۆکی مەسەلەکەیە، کە بەم شێوەیە جەخت لەسەر ڕەهەندی باڵای چەمکەکە دەکاتەوە: لەسەردەمی سیکولاردا ئیمان بەخودا، تاکە پێدراوی بێ ڕکابەر و ڕەها نییە، بەڵکو چەند ئەڵتەرناتیڤی دیکە، یان شێوازی ڕۆحانی و ئەزموونی تری بیروباوەڕی ئایینیی لە بەردەمی مرۆڤدا بوونیان هەیە. لێرەوە پێویستە بڵێین کە خەسڵەتێکی ناوازەی بیرکردنەوەی تایلەر لە خستنەڕووی سەردەم و واتای ئەم چەمکەدا ئەوەیە، کە ئیمان بەو سیفەتە ناخاتە ڕوو کە بابەتێکە بۆ ئەوەی “تیۆرە ململانێ کارەکان” ململانێی لەسەر بکەن. بەڵکو ئەو ئیمان بەو پێیە دەخاتە ڕوو، کە وروژێنەری هەندێ شێوازی جیاوازە لە ئەزموونە مومارەسەکراو و پێکداچووەکان لەگەڵ تێگەیشتنماندا بۆ ژیانمان بەم شێواز یان بە شێوازێکی تر. لێرەوە باوەڕ یان ئایین، شێوازێکە بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکی پڕ و لێوانلێودا، کە ئێمە لەڕووی ئەخلاقی و ڕۆحانییەوە، بە ئاراستەی ئەو ڕووی خۆمان وەردەگێڕین، یان ڕووی تێبکەین. بەم واتایە ئەوەی کە توانای یارمەتیدانی ئێمەی هەیە لەسەر دیاریکردنی ئاراستەیەک بۆ ژیانمان، ئایینە، یان هاوشێوەکەیەتی، چونکە ئایین ئاماژە دەدات بە جۆرێک لە ئامادەبوونی ناوازەی چەشنێکی دیاریکراو لە پڕبوون. بەو پێیە کە لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: “ئایین بریتییە لە شوێنێکی لێوانلێو و پڕ، بە شێوازی دەگمەن لە ئامادەبوون کە بەوە جیادەکرێتەوە ژیانی ئێمە بە ئاراستەی ئامانجێکی ئەخلاقی و ڕۆحانیدا دەبات.. “یان بەو مانایەی کە ئیمان هیچ نییە جگە لە مەیلی ئێمە بۆ مانەوەمان  لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا لەگەڵ شوێنی لێوانلێودا، بەو پێیەی کە پڕە. لێرەوە ئایین بە پێی دەلالەتە نوێیەکە بە مانای ژیانگە یان ئەزموونی ژیانگە دێت کە تایبەتە بە ئێمە، نەک تیۆرێک یاخود بیروباوەڕێکی چەقبەستوو دژی هیچ کەس.
 هەروەها ئەو بزاوتەی کە تایلەر بە سەرهەڵدانی سەردەمی سیکولار ناوی دەبات، بریتییە لە بزووتنەوەی گواستنەوەی هیومانیزمی ئەورووپی لە سەردەمی پێش مۆدێرنەوە، کە خەڵکی لە سایەی بیروباوەڕی ئایینی دۆگم و لاهووتی داخراودا دەژیان و بیروباوەڕی ئایینی لەو سەردەمەدا بەڵگەنەویستبوو و هیچ کەس و لایەنێک مافی پێداچوونەوە و بیناکردنەوەی نەبوو بەشێوەکی تایبەت، بە جۆرێک بێباوەڕی بۆ هەموان هێڵی سوور بوو بەرەو سەردەمی سیکولار و ” قۆناغی نوێگەری” کە تیایدا ئەزموونگەلی فرە و جیاواز بۆ پەیوەندی لەگەڵ موقەدەس هاتنەئارا، کە هیچ یەکێک لەو ئەزموونگەلە نەک هەر مافی هەژموون و باڵادەستی بەسەر ئەوانیترەوە نییە، بەڵکو مافی سەرپەرشتیکردنی هیچ یەکێک لە ئەزموونەکانی تریشی نییە. هەروەها لە سەردەمی سیکولاردا نەک هەر بیروباوەڕی ئایینی جیاواز ڕێگەپێدراوە، بەڵکو بێباوەڕیش لەلای بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە نموونەیەکی بژاردەیە. ئەم مەسەلەیەش بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقی مەزن دەسەپێنێت بەسەر مرۆڤەکاندا ئەویدی وەک بەرامبەر، تا ڕادەی قبووڵکردنی بێباوەڕی بەرامبەر بەوەی کە ئێمە بڕوامان پێیەتی، بە بێ ئەوەی ئەم جیاوازییە کار بکاتە سەر بارودۆخی هاونیشتمانی بوون لەگەڵ کەسەکە یان لەگەڵ بەرامبەرەکەدا.
هەروەها پرسیار دەربارەی ئایین لەلای ئەم بیرمەندە، زیاتر پرسیارە دەربارەی دەلالەت و ماناکانی ئایین و ڕۆحانییەت، نەک پرسیار لەمەڕ چییەتی ئایین. چونکە ئەم بیرمەندە ئاگاداری ئەوەیە، کە وەڵامی پرسیاری : “ئایین چییە؟” نەک هەر ئاسان نییە، بەڵکووهەندێک جار وەڵامی پرسیارەکەش لە مەحاڵ نزیک دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە خودی پرسیارەکەش هەڵگری جۆرێک لە تەحەدایە. هەر بۆیە ئەو فۆرمی پرسیارەکەی گۆڕیوە بۆ: ئایا سەبارەت بە ئێمە ئایین چ مانایەکی هەیە؟. ئێمە، کە لە سەردەمی سیکولاردا دەژین؟  پرسیارێک کە دەکرێ لە سەردەمی نوێدا لەبارەی ئایینەوە ئاراستەی بکەین، ئەمەیە: ئایا دەکرێ مرۆڤەکانی ئەمڕۆ دان بە شتێکدا بنێن لەو دیوو، یاخود لەسەروو ژیانیانەوە بێت؟ لای زۆربەمان ئاشکرایە کە لەسەردەمی نوێدا ئایین مانا سوننەتییە پێشمۆدێرنەکانی لەدەستداوە، واتە چیتر مانا باڵا و ستوونییەکەی ئیمان تاکە مانا نییە. بەڵکو چەندین مانای دیکەش سەریانهەڵداوە، لێرەوە ئایین نەک هەر مانا و دەلالەتەکەی ڕابردووی گۆڕاوە، بەڵکو گۆڕانێکی بێ پێشینە لەناو شوناسی ئایین خۆشیدا ڕوویداوە. بۆیە لەبارەی گۆڕانی مانا و دەلالەتی ئایین، دەکرێ ئاماژە بەو سێ مانایە بدەین کە پێشتر لە کاتی خستنەڕووی هەر سێ ماناکەی سیکولاریزمدا دەرکەوتن. ڕاستە ئایین هەمیشە پەیوەندی بە خواوەندی باڵا دەسەپێنێت، بەڵام لەسەردەمی مۆدێرندا چەمکی ترانسێندێنتالیش بە ڕۆڵی خۆی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ماناکەی ڕابردووی نەماوە، بەو واتایەی کە چیتر بەناو ڕێڕەو و ئاراستەیەکی تاکڕەهەنددا تێناپەڕێت. لێرەوە گەر لە واتای یەکەم و لەسەردەمی نوێدا ئایین پەیوەندی بێت لەگەڵ خواوەندی باڵادا، ئەوا ئایین لە فەزا گشتییەکاندا ئەو پێگەیەی جارانی نەماوە و پاشەکشێی کردووە. هەروەها وەکچۆن لە مانای دووەمی سیکولاریزمدا ئاماژەی پێدرا، لێرەشدا بەهەمانشێوە ئەو شێوازە لە ئیمان وەک لە تیۆرە تازەکاندا جەختی لەسەر کراوەتەوە، لەلای مرۆڤی سەردەمی نوێگەری پاشەکشێی کردووە، جا گەر لەسەر ئاستی هەستەکان بێت، یاخود لەسەر ئاستی پڕاکتیک بێت. هاوشێوەی مانای سێیەمی سیکولاریزم، بەهەمانشێوە دەکرێ بڵێین بەهۆی پشکنینی هەلومەرجەکەیەوە لەسەردەمی مۆدێرندا، ئایین ئەزموون یاخود نموونەیەکی ئاشکرا و دیارە، بەو مانایە کە ئیمان بە خودا، یاخود باوەڕی ئایینی شیمانەیەکی ڕۆحییە لەنێوان شیمانەکانی دیکەدا.

ئەفراندنی سوبێکتی مۆدێرن:
تاکو دەورووبەری ساڵی ١٥٠٠ز، ئایین لە هەموو شوێنێک و لە تەواوی کۆمەڵگاکانی سەر ڕووی زەویی بوون و ئامادەیی هەبوو، جیهان بەڵگە بوو لەسەر حیکمەتی پەروەردگار. کۆمەڵگا مرۆییەکان و بە تایبەتیش کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا، هێشتا لە سەردەمێکی دیکەدا دەژیان، کە سەردەمی هەژموون و باڵادەستی ئایین بوو، مەسەلەی بێباوەڕی تەنانەت لە خۆرئاواش بۆ هەموو کەسێک تا ئەو سەردەمە مەحاڵ بوو. بەکورتی مرۆڤ لەسەردەمێکی باڵا و موقەدەسدا دەژیا، کە وەک سەردەمی نوێگەری و سیکولاری خۆرئاوا ئاسایی نەبوو، بەڵکوو جیهانی ئەو قۆناغە جیهانێکی ئەفسوناوی بوو!.
 چارلز تایلەر بۆ وەسفکردنی ئەو گۆڕانکارییەی لە خۆرئاوا ڕوویدا، ئاماژە بەوە دەدات، کە دوای ئەوەی مرۆڤی خۆرئاوایی متمانەی بەتوانا تایبەتییەکانی کرد بۆ هێنانەکایەی فۆڕمێکی تری ڕوانین و ئەخلاق، ئیدی ئیگۆی لە سەردەمی پێشمۆدێرنەوە گواستەوە سەردەمی مۆدێرن و ئەم گواستنەوەیەش بووە مایەی ئەفراندنی سوبێکتی مۆدێرن و ئیگۆی جیاوازی مرۆڤی سەردەمی نوێگەری. یەکێک لە جیاوازییە بنەرەتییەکانی ئەم دوو سەردەمە ئەوە بوو کە بوونی دەلالەت و ماناکان لە سەردەمی کۆندا کەوتبوونە دەرەوەی مرۆڤەوە، بە پێچەوانەی سەردەمی نوێگەرییەوە کە ماناکان لەناو مرۆڤ خۆیدا بوون. لێرەوە ئیگۆی سەردەمی پێشمۆدێرن ماناکان و هەموو شتەکانی لە دەرەوەی خۆی وەردەگرت. بوونی ئەم خەسڵەتە بنەڕەتییە ئەم بیرمەندەی هاندا تاکوو ئیگۆی سەردەمی پێش مۆدێرن، بە “ئیگۆی وەرگر” ناو بەرێت و بە پێچەوانەشەوە، منی سەردەمی نوێگەری، کە ماناکان لە خودی خۆیدا بوون و هەمیشە دووری و مەودایەکی دەهێشتەوە لەنێوان خۆی و شتەکانی دەرەوەدا، بە “ئیگۆی دابڕێنەر” ناو بەرێت. جگە لەم جیاوازییە سەرەکییە، جیهانی هەردوو سەردەمەکەش جیاوازبوو، بەو مانایەی کە جیهانی پێش مۆدێرن جیهانێکی ئەفسووناوی و سەرشار بوو لە بوونەوەری ڕۆحی و بان زەمەنی و بان مرۆیی. بەڵام ئیگۆی سەردەمی نوێگەری ئەو ئەفسوونەی جیهانی نەهێشت و لایبرد. هەڵبەت بەم واتایە “ماکس ڤیبەر“ی سۆسیۆلۆگ و بیرمەندی ناوداری ئەڵمانی، لێکدانەوەی خۆی بۆ نوێگەری، بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر لابردنی ئەفسوونی سەر جیهان دامەزراندووە، کە لێرەدا تایلەر جارێکی دیکە دەربڕینەکەی ڤیبەری وەک خەسڵەتێک بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە جیهانی پێش مۆدێرن، گەرچی ئەو سەرەڕای بەکاربردنی، ئاماژەی بەوەش داوە، کە دەربڕینەکەی بەلاوە باش نییە، چونکە لەو بڕوایەدایە کە ئەوەی لەگەڵ هاتنی نوێگەریدا ڕوویدا بە تەنیا لابردنی ئەفسوونی جیهان نەبوو، بەڵکوو بەتەواوەتی شتێکی پۆزەتیڤیش ڕوویدا، کە بریتی بوو لە ئەفراندنی مانای نوێی سوبێکت و دیاریکردنەوەی پێگەکەی لەناو گەردووندا. ئەم واتا پۆزەتیڤەی کە تایلەر بە خودی مۆدێرنی دەبەخشێت، بەتەنیا بۆ ئەوە نییە کە لەگەڵ مانا نیگەتیڤەکەدا: “سوبێکتی لابەری ئەفسونی سەر جیهان” جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت: سوبێکتی سەردەمی نوێگەری خۆرئاوا، خودێکی بێگەرد و بێگوناهە، کە لەبەردەم دەرگای پەرستگاکەدا ڕاوەستاوە و نە بە چوونە ژوورەوە پەرستگەکەی پیس کرد، نە ڕووخاندی. هەروەها بە سەرنجدانی دووبارە پەی بەوە دەبەین، کە لێکدانەوەکەی سەرەوە، لە جەوهەردا پەیوەندی بە تێگەیشتنی ئەم بیرمەندەوە هەیە بۆ سیکولاریزم، بە دیاریکراویش لەو ڕووەوە کە تایلەر بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوەوە بۆ سیکولاریزم پێیوایە: عەلمانییەت بەواتای دژایەتیکردنی ئایین نایەت، چونکە ئەم بیرمەندە پێیوایە کە سەردەمی سیکولار بەمانای سەردەمی بێباوەڕی و پەراوێزکەوتنی ئایین نایەت و سیکولاریزمیش بە مانای دوورکەوتنەوە لە ئایین نایەت. کە بەهۆی باوەڕمانەوە بە سەردەمی سیکولار و بەوەی کە تیایدا دەژین، ئەوا ئێمە وێنەیەکی ناوازەمان کێشاوە بۆ ئایین، کە لە بیرۆکەیەکی زۆر پتەو و گەلێ ئاسان بۆ ئایین پێکهاتووە. کە پێویست ناکات هەموان بڕوای پێبکەن و ببنە خاوەنی. پاشان هەر بەو مانایە و بە زماێکی سادە، لە دیدارێکدا سۆسیۆلۆگی ئەمریکی ڕۆبەرت بیلا کە پسپۆڕی بواری سۆسیولۆژیای ئایینە، لەڕوانگەی تایلەرەوە، وەک چۆن خۆی تێیگەیشتووە، بەشێک لە چیرۆکی دژواری سیکولاریزم، لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەریدا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: «بە تێگەیشتنی من تایلەر پێیوایە هەر لە سەرەتاوە سیکولاریزم، زاراوەیەکی ئایینی بووە. یانی بەشێوەیەکی ئاسان دەکرێ بڵێم سیکولاریزم بەشێک بووە لە بونیادی ئایین. بەو پێیەی کە لەگەڵ هاتنەدەرەوەی مرۆڤی ئەوروپی لە جەنگە ئایینییەکان، پاش ڕیفۆرمی پڕۆتستانت مەزهەبەکان و لە دوای هەوڵی هەر دوو ئاینزا سەرەکییەکەی مەسیحییەت، بۆ سەپاندنی بریارە ئایینییەکان، بەشێوەیەکی زۆر توندڕەو، ژمارەیەکی زۆر لە بیریارانی ئەوروپا گوتیان: ئیدی بەسمانە.. با لەم توندڕەوییە دوور بکەوینەوە، با بەهۆیەوە دەستبەرداری ئایین بین… هەروەها هێرشکردنە سەر کڵێسا، یاخود پەلاماردانی ئەو لایەنەی کە زۆرجار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە “سیستماتیکی ئایین” ناوبراوە، شتێکی زۆر باو بووە، لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە ڕۆحانی زانیووە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان وابووە کڵێسە ڕێگر و بەربەستێکە بۆ ئەو شێوازە ڕۆحانی و مانەوییە لە دینداری کە ئەوان پەیڕەوی دەکەن.[3]»

blank
یۆرگن هابرماز بیرمەندی هاوچەرخی ئەڵمانی

تایلەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سیکولاریزم بە مانای دابڕانی ئایینییش نایەت لە بواری گشتی، چونکە ئەم بیرمەندە بڕوای وایە ئەو بیرۆکەیەی کە بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پێویستە سیکولاریزم وەک حاڵەتێکی کەسی و تایبەت مامەڵە لە گەڵ ئایین و بیری ئایینییدا بکات، ڕەگوڕیشەکەی لە ناو نەریتێک لە بیرکردنەوەدایە کە ئەم بە ئەفسانەی ڕۆشنگەری ناوی دەبات.


 لەوەش زیاتر تایلەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سیکولاریزم بە مانای دابڕانی ئایینییش نایەت لە بواری گشتی، چونکە ئەم بیرمەندە بڕوای وایە ئەو بیرۆکەیەی کە بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پێویستە سیکولاریزم وەک حاڵەتێکی کەسی و تایبەت مامەڵە لە گەڵ ئایین و بیری ئایینییدا بکات، ڕەگوڕیشەکەی لە ناو نەریتێک لە بیرکردنەوەدایە کە ئەم بە ئەفسانەی ڕۆشنگەری ناوی دەبات.

 پێناسەی ڕیشەیی سیکولاریزم:

 لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی «سەردەمی سیکولار» چارلز تایلەر بە وتارێک لە ژێر تایتڵی «بۆچی پێویستمان بە پێناسەیەکی ڕیشەییە بۆ سیکولاریزم[4]» بەشداری سیمینارێکی فیکری ئەکادیمی دەکات، لە شاری نیۆیورک کە هەر یەک لە یۆرگن هابرماز و خاتوو جودیس بەتلەر و کورنیل ویست بەشداری تێدا دەکەن، بە ناوی “هێزی ئایین لە بواری گشتیدا”، کە لەم وتارەدا تایلەر جەخت لەسەر پێداویستی پێناسەیەکی ڕیشەیی دەکاتەوە بۆ سیکولاریزم، بە مەبەستی تێپەڕاندنی پێناسە و مانا سوننەتییە نەریتییەکەی ئەم چەمکە. ئەم بیرمەندە سەرەتا ئاماژە بە هەردوو شێوازە خۆرئاواییەکەی سیکولاریزم؛ سیکولاریزمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها سیکولاریزمی فەرەنسی دەدات و پێیوایە سەرەڕای تێگەیشتنی جیاوازی هەر دوو سیستمەکە بۆ سیکولاریزم، کەچی هەردوو سیستمەکە لەوەدا هاوبەشن کە بەسەرجیاکردنەوەی نێوان ئایین ودەوڵەتدا دەڕوانن. بۆیە ئەم بیریارە وایدەبینی کە لەسەردەمی هاوچەرخدا خواستی سیکولاریزم لەوە زیاترە، بەمانایەکی دیکە جیاوازی و فرەیی ناو کۆمەڵگا دیموکراسییەکانی خۆرئاوا- کە لە سەردەمی هاوچەرخدا زیاتربووە، لەبەر گەلێک هۆکاری وەک هەڵکشانی ژمارەی پەنابەران و..هتد- جۆرە سیستمێکی بێلایەن دەخوازێت، بەو مانایەی کە پێویستە دەوڵەتی سیکولار و دیموکرات (دووری و مەودایەکی پڕانسیپ گەرا) لە بەرامبەر هەموو بیروباوەڕێکی ئایینیی و بیرکردنەوەیەکی فەلسەفییدا بگرێتە بەر و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموویان بکات. لێرەوە مەبەستی ئەم بیرمەندە لە وتارەکەدا ڕوون و ئاشکرایە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەم مانا و پێناسەی نوێی سیکولاریزم و هەم ئەو فرەیی و جیاوازییەی ناو کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا جۆرە سیستمێک دەخوازن، کە بە چاوێکی بێلایەن و یەکسان تەماشای گرووپە ئایینیی و نائایینییە فرە و جیاوازەکانی کۆمەڵگا بکات. پاشان چارلز تایلەردەگەڕێتەوە سەر ئامانجەکانی شۆڕشی فەڕەنسی: ئازادی، یەکسانی، برایەتی بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بەشداری دەوڵەتی مۆدێرن و سیکولار پێشنیاری ئەم ئامانجە دەکات: ١- پێویست بە مومارەسەکردنی جەبر و زۆرلێکردن ناکات، نە لە بواری باوەڕی ئایینی، نە لە بواری هیچ بیروباوەڕێکی بنەڕەتیدا. ئەمەش ئەو پڕانسیپەیە کە بە ئازادی بیروباوەڕی دینی ناسراوە، کە بە دڵنیایی ئازادی بیروباوەڕی نائایینییش لەخۆ دەگرێت.
 ٢-پێویستە یەکسانی لەنێوان خەڵکیدا دەستەبەر بکرێت، جا گەر ئەو خەڵکە باوەڕیان بە ئایین و ئاینزای جیاواز هەبێت، یان ئینتمایان بۆ هەر بیروباوەڕێکی فیکری مرۆیی هەبێت. واتە نابێ هیچ یەکێک لە بیروباوەڕە فرە و جیاوازەکانی کۆمەڵگای سیکولار و دیموکراسی، ببێتە خاوەنی پێگەیەکی جیاواز و ناوازە، چ جای ئەوەی کە نابێت بۆچوونی ڕەسمی دەوڵەت پشت بە یەکێک لەو بیروباوەڕە جیاوازانە ببەستێت.
 ٣-پێویستە هەموو گرووپێکی ئایینییی گوێی لێبگیرێت، تاکو لەناو پڕۆسە کۆمەڵایەتییەکەدا بتوێتەوە، لەپێناو بریاردان لە ئامانجێکی کۆمەڵگا، واتە لە پێناو داننان بە شوناسە سیاسییەکەیدا، ئەگینا چۆن بزانێت کە “سیستمی وردی مافەکان و ئیمتازاتەکان” ئاگاداری ئامانجەکانییەتی. دواتر ئەم بیرمەندە ئامانجی چوارەمیش دەخاتە سەر سێ ئامانجەکە و پێیوایە: بە پێی توانا پێویستە گرنگی بدرێت بە پەیوەندییە هاوسەنگەکان و ڕێزی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان لایەنگرانی ئایینە جیاوازەکان یاخود تەواوی هاوڵاتییان، جا سەر بە هەر بیروباوەڕێکی دینیی یان نادینیی بن. ئەم ئامانجەش شایستەی ئەوەیە کە بە برایەتی ناوببرێت. ئاشکرایە سێ ئامانجەکە، لەهەر سێ ماناکەی سیکولاریزمەوە وەرگیراون، کە تایلەر لە پێشەکی کتێبی سەردەمی سیکولاردا دیاری کردوون و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان. پاشان هەر سێکیان بە واتای پێداگری کردن دێن، لەسەر بێلایەنی دەوڵەتی دیموکراسی مۆدێرن و سیکولار، چونکە گەر ئێمە تا هەنووکە پێمانوابێت کە سیکولاریزم بایەخ و گرنگی بە پەیوەندییەکان نێوان دەوڵەت و ئایین دەدات، ئەوا ئەم بیرمەندە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لە واقیعدا سیکولاریزم بایەخ بە “دروستی” وەڵامدانەوەیەک دەدات کە لە دەوڵەتی دیموکراسییەوە بەرەو جیاوازی و فرەیی کۆمەڵگا دەردەچێت. لێرەوە گەر سەرنج لە سێ ماناکەی سەرەوە بدەین، دەبینین هەرسێکیان لەوەدا هاوبەشن کە ئامانجیان بریتییە لە:
 *پاراستنی هاووڵاتیان گەر لایەنگری هەر بیروڕایەک بن و مومارەسەی بکەن.
 *مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی هاوڵاتیاندا بەیەکسانی، جا بژاردەکانیان هەر چییەک بێت.
 * گوێگرتن لە کۆی هاووڵاتیان، بە جۆرێک هیچ هۆکار و پاساوێک نەبێت بۆ جیاکردنەوە و هەڵاوێردکردنی ئایین، لە دژایەتی و ناکۆکیدا لەگەڵ بیروباوەڕێکی نائایینی وەک: بێباوەڕی یاخود عەلمانییەت بەمانا و بەکاربردنە سوننەتی و هەمەلایەنەکەی.
 بەم مانایە ئەم بیرمەندە باس لەوە دەکات، کە ئامانج لە بێلایەنی دەوڵەت، ئەوەیە کە دەستبەرداری ئەوەبێت کە هەڵوێستێکی ئایینیی یان هەر هەڵوێستێکی نا ئایینیی، بە باش لەقەڵەم بدات، یاخود بە هەڵوێستێکی باشی لە قەڵەم نەدات. واتە ناکرێ دەوڵەت فەزڵی مەسییحییەت بدات بەسەر هەر ئایینێکی دیکەدا، یاخود هەڵوێستێکی ئەم ئایینە لە هەڵوێستی ئایینەکانی تر بە چاکتر لەقەڵەم بدات. وەکچۆن ناکرێ فەزڵی بیروباوەڕی ئایینی بدات بەسەر ئیلحاد و بێباوەڕیدا، یان بە پێچەوانەوە. لێرەوە یەکێک لەو ڕێگایانەی کە سەرکەوتنی شێوازێک لە سیکولاریزم بەسەر ئەو شێوازەدا دەردەخات، کە پێشوەخت دژ بە ئایینە، ئەوەیە کە لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ هاوڵاتیان، پەیڕەوی سێ ئامانجەکەی سەرەوە دەکات. هەروەها پەیڕەویکردنی ئەم سێ ئامانجە فاکتەرێکیشە، بۆ ئەوەی کەس ڕێگە بە خۆی نەدات، سیستمێکی ستەمکاری وەک ڕژێمەکەی ئەتاتورک بەسیستمێکی سیکولار دابنێت، گەرچی لەو سیستمەی ئەتاتورکدا ئیهانە بە پڕانسیپە بنەڕەتییەکان و هەتا بە پڕانسیپی جیاکردنەوەی دەوڵەت لە داموودەزگا ئاینییەکانیش کراوە.
 پاشان چارلز تایلەر، لە وتاری ئاماژە بۆ کراودا، زۆر بە کورتی ڕەخنە لە تێڕوانینی بیریاری ئەمریکی “جۆن ڕاوڵز ١٩٢١-٢٠٠٢” و تێڕوانینی بیریاری ئەڵمانی ” یۆرگن هابرماز” بۆ سیکولاریزم دەگرێت. سەرەتا ئاماژە بە تێڕوانینێک دەدات کە جۆن ڕاوڵز وەک بیرۆکەیە تا ماوەیەک لە خۆیدا بەرجەستەی کردبوو، بیرۆکەیەک کە ڕوڵز لە ڕێگایەوە دەڵێت: “بەشێوەیەکی یاسایی مرۆڤ دەتوانێت داوا لە سیستمی دیموکراتی، فرە ڕەهەند لە ڕووی ئایینی و فەلسەفییەوە بکات، کە هەموان بەتەنیا پشت بە بەکاربردنی زمانی ئەقڵ ببەستن و لە کن دەروازەی بواری گشتی بیروبۆچوونە دینییەکانیان بەجێ بهێڵن!.”. دەوترێت ڕاوڵز بە خێرایی هەستی بە سروشتی ستەمکارانەی خواستەکەی سەرەوەی خۆی کردووە، بەڵام با سەرەتا بپرسین، بیرمەندەکە ئەم پێشنیارەی بۆ کرد؟ لە خستنەڕووی خواست و پێشنیارەکەی سەرەوەدا، کە هاوکات ڕێگریکردنیشە، بۆچوونی ڕاوڵز ئەوەیە کە پێویستە هەموان زمانێک بەکاربەرن، کە پێشبینی ئەوە دەکەن، هاووڵاتیان بەگشتی و بەشێوەیەکی ئەقڵانی پێی ڕازی دەبن. وادیارە ئەو بیرۆکەیە نزیکە، لەو بۆچوونەوە کە دەڵێ: زمانی سیکولار زمانێکە کە هەموان دەتوانن بەکاری بەرن و بەو زمانە مشتوومڕ بکەن و قەناعەت بەوانیتر بکەن. زمانگەلی ئایینیی لەدەرەوەی ئەم گوتارە، ئەکتیڤن، ئەویش لە ڕێگەلی خستنەڕووی پێشەکییە نامۆکانەوە کە جگە لە بڕواداران کەسی تر قبوڵیان ناکات، کەواتە لێمان گەڕێن بە زمانی هاوبەش بدوێین.
هەروەها ئەو بیرۆکەیە پشتگیری لە شتێکی وەک جیاکاری و هەڵاوێری مەعریفی دەکات. کاتێک زمانحاڵی ئەو بیرۆکەیە پێیوایە کە لەوێدا زمانی سیکولار هەیە و هەموان دەتوانن بەکاری بەرن و لە ڕێگەیەوە بگەنە دەرئەنجامەکان، دەرئەنجامگەلێک کە هەموان ڕازین پێیان. 
 هەروەها لەو ڕووەوە ڕەخنە لە بۆچوونی بیریاری ئەڵمانی یۆرگن هابرماز دەگرێت، کە ئەو بەردەوام باس لە دابڕانی ئەپستمۆلۆژی دەکات لەنێوان ئەقڵانییەتی سیکولار و بیرکردنەوەی ئایینییدا، بەڵام لەگەڵ بەخشینی فەزڵ بە ئەقڵانییەتی سیکولار. لەم دۆخەشدا بە بۆچوونی ئەم بیرمەندە دەکرێ ئێمە بە ئەقڵانییەتی سیکولار ڕازی بین، بۆ ئەوەی بگەینە دەرئەنجامگەلی هەڵسەنگێنەر کە پێویستمان پێیانە. وەک دامەزراندنی ڕەوایەتی دەوڵەتی دیموکراسی و پێناسەکردنی ئەخلاقی سیاسیمان. پاشان تایلەر پێیوایە کە بۆچوونی هابرماز لەبەرامبەر ئاییندا بەم دواییانە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە ئەندازەیەک کە “دان بەوەدا دەنێت کە گوتەی ئایینیی توانای لەسەر خستنەڕووی زیاتری پێشبینییەکان هەیە، ئەمەش ئایین دەکاتە ئامرازێکی جیدی بۆ گەیشتن بە ناوەرۆکگەلی ڕاستەقینەی گریمانکراو…”، بەڵام هەڵاوێردکردن و جیاکارە ئەپستمۆلۆژییەکە لەلای هابرماز هەر ماوە، چونکە کاتێک مەسەلەکە دەگاتە زمانی فەرمی دەوڵەت و دامودەزگاکانی، بە ڕای ئەم بیرمەندە پێویستە گشت ئاماژەدانێکی ئایینیی بسڕدرێتەوە. لێرەدا تایلەر ئاماژە بە گوتەیەکی هابرماز دەکات کە لە کتێبەکەیدا «لەنێوان کەڵکەڵەی سروشتی و ئایینییدا» هاتووە، کە تیایدا هابرماز دەڵێ: “پێویستە زمانی فەرمی لە دوڵەتە دیموکراتییە فرەڕەهەندەکاندا سەرنج بخاتە سەر هەندێ ئاماژەی ئایینی دیاریکراو، گەرچی ئەم مەسەلەیە، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا مشتومڕی لە بارەوە بکرێت.”. ئەم تێبینییەی هابرماز بەدیاریکراوی لەبەر ئەوە نییە کە ئاماژەکان ئایینیین، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئاماژەکە سەر بە بواری گشتی نییە. بێگومان مشتوومڕەکەی تایلەر و هابرماز بەوەندە کۆتایی نایەت، بەڵکوو هابرمازیش لەبەرامبەردا وەڵامی ڕەخنەی بیرمەندە کەنەدییەکە دەداتەوە و تەنانەت پاساوی خۆشی هەیە کە داوای جیاکردنەوە و هەڵاوێردی ئەو هاوڵاتییانە لە بواری گشتی دەکات کە بیروباوەڕی ئایینیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە کە چالاکوانە ئایینییەکان: مەسیحییە فۆندەمێنتالەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسلامییە سەلەفییەکانی ئەوروپا، بایەخی گەورەی خۆیان هەیە لە ژیانی سیاسی هاوچەرخدا، بە جۆرێک گەر سەرکەوتوو نەبین لە دەمجکردنیان لە ناو کۆمەڵگای هاوچەرخدا، ئەوا ئایندەی سیستمی دیموکراتی دەکەوێتە بەردەم مەترسیی. هاوکات هابرماز نایشارێتەوە کە دۆزینەوەی میکانیزمێک و گرتنەبەری شێوازگەلێک بۆ ئەوەی ئایین تێکەڵ بە بواری گشتی بکرێتەوە، تەحەدایەکی زیندوو و ئەکتیڤە، کە ڕووبەڕوی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان بووەتەوە.


سەرچاوەکان:


[1] عصر علماني – تشارلز تايلر / مقدمة الكتاب..ترجمة: نوفل الحاج لطيف…الطبعة الاولى  ٢٠١٨

[2] منابع الذات، تكون الهوية الحديثة…تشارلز تايلر..ترجمة: حيدر الحاج اسماعيل…المنظمة العربية للترجمة…ط1..سنة ٢٠١٤

[3] العلمانية والدين في عصر العولمة حوار بين روبرت بيلا و مارك جورجنسماير. مجلة الاستغراب. العدد الثاني..شتاء  ٢٠١٦ .ل١٦ و دواتر.

[4] بڕوانە وتاری ( لماذا نحتاج الى تعريف جذري للعلمانية) ضمن كتاب: ( قوة الدين في المجال العام: يورغن هابرماز، تشارلز تايلر، جوديث بتلر، كورنيل ويست.) ترجمة: فلاح رحيم..ل٦٥ تاكو ل٩٩  دار التنوير.ط١سنة٢٠١٣.