تەنانەت من ناتوانم ژنەكەی خۆیشم ڕزگار بكەم

یڵماز گونەی لە چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەیەدا

وەرگێڕانی لە تورکییەوە: دڵشاد هیوا

یڵماز گونەی لەگەڵ فەتوشی هاوسەریدا

ئەم چاوپێكەوتنە بەشێكی دە خولەكیی بڵاونەكراوەیە لە ڕێپۆرتاژێكی 30 خولەكی، كە ساڵی 1982 لەلایەن نازم ئالفاتلییەوە، لەبارەی فیلمی “یۆڵ”ەوە، لەگەڵ یڵماز گونەیدا ئەنجام دراوە. یڵماز گونەی لەو سەردەمەدا لەپێناوی ڕزگاركردنی خۆی و “یۆڵ” و سینەمای ڕاستەقینە لە دەستی كودەتاچییەكانی 12ی ئەیلول، لە توركیاوە بەرەو فڕەنسا هەڵاتبوو. نازم ئالفاتلیش بەرنامەسازی تەلەڤیزیۆنی فەرمی بێلژیك بووە لەبارەی سینەما، سیاسەت و كێشەكانی ژنانەوە. بیست خولەكی ئەم ڕێپۆرتاژە بەر لە 38 ساڵ بڵاو كراوەتەوە و دە خولەكی تایبەت بە یڵماز گونەی سانسۆر كراوە و بڵاو نەكراوەتەوە. ساڵی 2019، لەپاش 35 ساڵ لە مەرگی گونەی، چاوپێكەوتنەكە لە ئەرشیڤی سولەیمان ئوێزدەمیر، یەكێك لە بەڵگەفیلمسازەكانی نیشتەجێی برۆكسلەوە وەرگیراوە و بڵاو كراوەتەوە.

نازم ئالفاتلی: ئەم فیلمە بۆ كێ كرا ؟ڕووی لە كێیە؟

یڵماز گونەی: لەو هەلومەرجەی ئەم فیلمەی تێدا  دروست كرا، ئێمە لە توركیا بووین، وەختێكیش بڕیار لەبارەی ئەم فیلمەوە درا، دیسانەوە هەلومەرجەكە زۆر خراپ بوو. واتە بارودۆخی سیاسی زۆر خراپ بوو. فیلمی “سویروین ـ مێگەل”یش كە پێشتر بەرهەممان هێنابوو، لە ئیستانبوڵ و ئانكارا ڕۆڵی بینی. دواتریش، لەپاش بۆمبارانكردنی سینەماكان و هەڕەشەلێكردنیان، ئیتر نەدەتوانرا ڕۆڵ بگێڕدرێ. دوژمن پەیڕەوی لە هەمان كار كرد. دیسانەوە لەپاش بۆردومانكردنی سینەماكان و هەڕەشەكردن لە سینەماكارەكان و هاتنی حكومەتی سەربازی، ئەم جارە ئەوان قەدەغەكردنی فەرمییان سەپاند. من سەرباری هەموو ئەمانە، لەگەڵ هەموو هەلومەرجە خراپەكانیشدا، پیشانم دا كە دەتوانرێت فیلم دروست بكرێت. من دەمزانی ئەگەر نەچمە دەرەوە ئەم فیلمە لە توركیا پیشان نادرێت. بەڵام فیلم چێكرن بۆ من ئامرازێكی خەباتكردن بوو؛ دەربڕی بەرگری، سەردانەنەواندن و جۆرێك لە یاخیبوون بوو. من ئەم فیلمەم دروست كرد. ئێستاكەش ئەو پرسیارەی كە ئەوان دەیكەن بە ڕاستی سەیرە؛ “تۆ بەو پێیەی ئەم فیلمەت بۆ خەڵكی توركیا دروست كردووە، ئەی كەواتە كێشە چییە وەختێ گەلی تورك و گەلانی توركیاش ناتوانن سەیری فیلمەكە بكەن؟” بەڕای من لێرەدا لە گۆشەیەكی تەنگەوە سەیری بابەتەكە دەكرێت. یەكەم، كێشەكانی توركیا لە هەموو دونیادا مشتومڕی لەبارەوە دەكرێت. واتە ئەمڕۆ، بەهۆی “فیلمی یۆڵ- ڕێگە”وە، كێشەیەك بەناوی “كێشەی كورد” لە ئەمریكادا مشتومڕی ناوەتەوە. لە فڕەنسا مشتومڕی ناوەتەوە. لە بێلژیك مشتومڕی ناوەتەوە. لە هەموو لایەك گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. سبەینێ لە ئیتالیاش مشتومڕ دەنێتەوە. ئەمە یەكەمیان؛ دووەمیش، ئەمڕۆ لەو خەباتەی كە لە دژی دیكتاتۆریەتی فاشیستی سەربازی لە دەرەوەی وڵات دەیكەین، ڕۆڵێكی ئامادەكارانە دەبینێت. بە جۆرێكی تر، سینەما واتە هونەر بەشێوە گشتییەكەی و سینەما بە تایبەتی، بە تاقی تەنیا نە دەتوانێ شۆڕشێك هەڵگیرسێنێ، نە خەباتی دیموكراسییانە بە سەركەوتن دەگەیەنێت. بەڵام وەك بەشێكی زۆر گرنگی ئەو لایەنە، ئەمڕۆ كەشی گفتوگۆكردن دەسازێنێ. لەمەش زیاتر، ئێمە هەر دەبێ ئەم فیلمە لە توركیادا پیشان بدەین.

نازم ئالفاتلی: دیسانەوە لە ڕای گشتیی ڕۆژئاوادا تێگەیشتنێكی وەها لە “یۆڵ” هەیە : “ئەی هاوار ئەوێ چ مەملەكەتێكی خراپە، كەواتە دەبێ لە هەبوونمان لێرە هەست بە بەختەوەری بكەین”. واتە، ئەم كەسانە دەرفەتیان دەست دەكەوێت بۆ ئەوەی خۆیان لە بەختەوەریدا بهێڵنەوە؟

یڵماز گونەی: ئەم “یۆڵ”ە هەبێت یا نە، مرۆڤگەلێ لە ئەوروپا هەن گوێ بە هیچ شتێك نادەن. مەرج نییە “یۆڵ” ئەمە پیشان بدات. ئەمڕۆ لە باكووری ئەفریقا، لە ئەفریقا، لە هیندستان بە هەزاران مرۆڤ لە برسان دەمرن. لە زۆر وڵاتی ئەمریكای لاتین خەڵكی لە برسان دەمرن. لە شەڕەكاندا، لە دۆزی فەلەستیندا بە دەیان هەزار مرۆڤ كوژران. مناڵان پارچەپارچە كران. تەماشا، دیسانەوە وتیان: “چەند باشە كە لە فەلەستین نین.” كەواتە لێرەدا بابەتەكە هەر بە تەنیا ئەمە نییە، ناكرێت “یۆڵ” بە ئاراستەیەكی وەهادا كار بكات. ئەگەر كەسانێك بڵێن “بەڕاستی ئێمە لە هەلومەرجی زۆر باشدا دەژین، بەختەوەرین كە لەوێ نین”، ئەوا گەلێ مرۆڤی تریش هەن كە لێمان دەپرسنەوە؛ لەپێناوی خەباتی دیموكراتی لە توركیادا پێویستە چی بكەین؟ بۆ ئێمە ئەمە زۆر گرنگترە. ئێمە دوو گوشارمان پێكەوە پیشان داوە. یەكەم، گوشارەكانی ئەو “تێگەیشتن”ە لە وڵاتێكدا، كە هێشتاكە ئاكاری دەرەبەگانە و حوكمی بەها دەرەبەگییەكانی زیندوون، دووەمیشیان گوشاری فەرمیی دەوڵەت. بە دەربڕینێكی تر، گوشارەكانی دەوڵەتێكی بۆرژوا كە پشتی بە سەرمایەداری بەستووە لەگەڵ گوشاری دووانەیی تێگەیشتنی ئەخلاقی و دابونەریتەكانی حوكمی بەهاكان،كە هەتا ئێستاكە لەناو گەلدا ئامادەییان هەیە. ئەمانە وەكو دوو كەرتی سێوێك یەكتری تەواو دەكەن. بەم هۆیەوە، ئێمە لەلایەكەوە هەوڵی بونیاتنانی دیموكراسی لە توركیادا دەدەین، لەلایەكی ترەوە پێویستە لە بەرامبەر هێزە گوشاركەرەكانی سەر بە دەوڵەت بجەنگین. لەلایەكی تریشەوە پێویستە ئێمە خەڵكی بپەروەرێنین و فێریان بكەین، ڕاستی و هەقیقەتەكان كامانەن پیشانیان بدەین. ئەمە دوو دوژمنن، دوو ئامانجن كە “یۆڵ” لە ڕاستیدا دەیەوێت باسی بكات.

نازم ئالفاتلی: لە توركیا ژن چۆن ڕزگار دەبێت؟

یڵماز گونەی: ڕزگاریی ژنان لە توركیا كێشەیەكی شۆڕشگێڕییە لای من. تەنانەت، من ناتوانم ژنەكەی خۆیشم ڕزگار بكەم. ئەمە لەو ڕووەوە دەڵێم كە ئێمە هێندە شۆڕشگێڕ و پێشكەوتنخوازین، بەڵام بەشێوە ئاسایییەكەی جاری وا هەیە هەڵسوكەوتی وامان لێ دەوەشێتەوە وەختێ دەیخەیتە تای تەرازووەوە، دەكرێ بە كۆنەپەرستی لێك بدرێتەوە. چونكە ئەم كێشەیە، كێشەیەكی تاكەكەسی نییە. من وا بە خۆم ناڵێم: لە توركیا ئەم پیاوانە وەهان و وەهان، بەڵام من جیاوازم. نەخێر. منیش بەهۆی ئەوەی لەم كۆمەڵگەیەوە هاتووم،گەلێك كێشەی لەوێوە سەرچاوەگرتووم هەیە. بەڵام هێندە هەیە، من بەمە دەزانم و بە جۆرێك هەوڵی ڕاستكردنەوەی دەدەم، هەنگاو هەنگاو هەوڵی خۆگۆڕینم دەدەم. ژنەكەیشم لەم ڕووەوە یارمەتیم دەدات.

نازم ئالفاتلی: ژنان لەمبارەیەوەچییان پێ دەكرێ ؟

یڵماز گونەی: بەڕای من، مەسەلەی ژنان هەر هێندە نییە كە لە ڕووی یەكسانی و نایەكسانی ژن و پیاوەوە لێی بكۆڵرێتەوە، بەڵكو دەبێ لە ڕووی ڕزگاریی چینایەتیشەوە سەرنج بخرێتە سەر. ئەگینا ڕەنگە بكەونە نێو نەخۆشییەكانی ئەوروپاوە. بۆ نموونە، لە ئەوروپا ئازادیی ژنان، بەلای منەوە، زیاتر بە مانای ئازادییەكی زۆرتری پیاوان دێت. هێشتاكە هەستی باڵاتری لای پیاوان لە ڕەگەزی باڵاتر زیاترە. بەهۆی بەهاكانی ڕەگەزی باڵاتربوونەوە هێشتاكە هەندێ كردەوەی هەیە كە “وەكو تەشوێ خۆیی پێ دەتاشێ” (واتە زیاتر بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو دەگرێت). ئێمە هەرچەندە بشڵێین توانا و بەرگەی ڕەخنەلێگرتنمان هەیە، بەڵام لە بەرامبەر هەندێ لەو ڕەخنانەی لە دەرەوەمان ئاراستەمان دەكرێن ـ تەنانەت گەر ڕاستیش بن و بتوانێ وامان لێ بكات كە باشتر لە هەقیقەت تێبگەین كاتێ بیری لێ دەكەینەوە ـ بە كاردانەوەیەكی وەها دیاریكراوەوە لێی دەڕوانین كە لە خووە دێرینەكانمانەوە سەرچاوەی گرتووە. خۆ دەزانن، لای ئێمە قسەیەك هەیە دەڵێ “قژی درێژە و ئاوەزی كورتە”! هەڵبەتە من باوەڕم وەهایە كە ژنان زۆر زیرەكترن. باوەڕم وەهایە كە ژنان توانای بەرگەگرتنیان زۆرترە. من باوەڕم وەهایە كە ژنان فیداكارتر و دلۆڤانترن.

بارودۆخی زیندان لە توركیا دەگێڕمەوە. بەڵام هیچ وەختێ ئەمە شتێك نییە، وەڵامێك نییە بۆ فیلمی (Midnight Express) یان فڵان و فیسار، چونكە كێشەی ئێمە نییە تا وەڵامی (Midnight Express) بدەینەوە. سەرباری ئەمە، ئالان پاركەریش ڕەخنەی لە دیدگای نەتەوەپەرستانە و ڕەگەزپەرستانەی خۆی گرت. ئەوەش كێشەی ئێمە نییە.

نازم ئالفاتلی: ئەگەر لایەنە ڕەگەزپەرستانەكەی نەبێت، فیلمێكی خراپ نابێت … بەڵام لایەنی ڕەگەزپەرستانەی هەیە؟

یڵماز گونەی: ئەگەر ڕەگەزپەرستانە نەبێ باسكردنی زۆرێك لە شتەكانی ڕاستن. بەتایبەتی ئەشكەنجەدان و خراپی هەلومەرجەكانی ژیانی زیندان و شتەكانی تر، ڕاستن.

بەڕای من دۆزی كورد، لە توركیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی كێشەی شۆڕش. دۆزی كورد تا ئەمڕۆ لە ڕوانگەی چەپی توركەوە وەك كێشەیەكی لاوەكی بینراوە. واتە ئەگەر بە شێوەیەكی بنەڕەتی سەیری كێشەكە بكەین وەهایە: “ئێمە لە توركیا شۆڕش دەكەین. پاش ئەوەی شۆڕشمان كرد مافێكی سیاسی بە ئێوەش دەبەخشین.” ئەمە لە كاتێكدا چ لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا، چ لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیی دیموكراتیكدا، شتێك بەناوی “بەخشین”ەوە شایانی باس نییە. گەلی كورد خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەكات. ئەگەر چەپی تورك پێشتر بە ڕاستی دڵنیایییەكی بە گەلی كورد و شۆڕشگێڕانی كورد بدایە، ئەمڕۆ لە كوردستانی توركیادا؛ بەتایبەتی باسی ئۆرگانێك دەكەم، پێویستبوون بە ڕێكخستنی جیاواز نەدەهاتە ئاراوە. چونكە ساڵانێكی زۆر شۆڕشگێڕانی كورد هەوڵیان دا تا پێكەوە خۆیان ڕێك بخەن. بەڵام چەپی تورك هەمیشە بە شێوەیەكی پیاوسالارانە، واتە لە سەرەوە تەماشای ئەم كێشەیەی كردووە. بۆیە دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم، كێشەكە بە تەنیا كێشەی كورد نییە، بە ڵكو كێشەیەكی چینایەتیشە. چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەی كوردیش وەختێ لە ڕوانگەیەكی چینایەتییەوە تەماشای بكرێ، دەكرێ چارەسەر بكرێت. دیسانیشەوە بە دروشمی “كوردی هەموو وڵاتەكان یەك بگرن”، بەڵێ، لە ڕوانگەی ڕزگاریی نەتەوەیییەوە؛ بەتایبەتی لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەییدا كوردەكانی سوریا، توركیا، ئێران و عێراقدا پێویستە پشتی یەكتر بگرن. دەبێ ئەمە بكرێت، بەڵام من وەكو مرۆڤێكی بەڕەگەز كورد، لەگەڵ ئەوەدام كە  كورد و تورك و گەلانی تر، بە تایبەتی و لە پێشدا لە توركیا و وەك ئەركێكی بەردەممان، خەباتی هاوبەش بكەین و پێكەوە تێبكۆشین. ئەوسا سەركەوتنی ئەم خەباتە هاوبەشە پەیوەستە بە ڕاستی و دروستیی ئەو سیاسەتەوە كە پێویستە پەیڕەوی لێ بكرێت. ئەگەر سیاسەتێكی هەڵە بگیرێتە بەر، هیچ كەسێك لەگەڵ تۆدا ناكەوێتە ڕێ و ناڵێ وەرە با یەك بگرین و پێكەوە خۆمان ڕێك بخەین.

بەڕای من، هۆكاری سەرەكیی تێكشكان، بەدینەهاتنی پێگەیشتوویی سیاسی، ئایدۆلۆژی و ڕێكخراوەیییە، كە دەبنە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش. ئەمە بابەتە سەرەكییەكەیە. لە دیدی منەوە، مەرجی بنەڕەتیی گۆڕینی ئەم شكستە بۆ سەركەوتن ئەوەیە بە بوێرییەوە مل بە هەڵەكانی خۆمان بدەین. باوەڕی من ئەوەیە، ساڵانی داهاتوو دەبنە هۆكاری نائومێدی خۆبەخۆیی، تەقینەوەگەلی خۆبەخۆیی و كاردانەوەی خۆبەخۆیی،كە ئەمانەیش لە ناكامیی گەلەوە لە بەرامبەر بەدیهێنانی هیواكانیدا سەرچاوە دەگرن. بەڵام ئەگەر نەتوانرێ ئەم هەڵچوونە بە ڕێگەیەكی شۆڕشگێڕانەی دروست ڕێك بخرێت، ئەوا شكست دەهێنین.

سەرچاوە: