ڕانانێك بۆ رۆمانی “عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن”ـی پییه‌ر گیۆتا
ڕۆمانی “عه‌ده‌ن عه‌ده‌ن عه‌ده‌ن”[i] یه‌كێكه له‌و ڕۆمانه‌ی كه له مێژووی ئه‌ده‌بی فره‌نسیدا پاش ساد زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی دروست كردووه؛ به جۆرێك كه ده‌وترێت پاش ساد كه‌س بوێری ئه‌م ڕیسكه گه‌وره‌یه‌ی نه‌بووه. ڕۆمانه‌كه به ستایلێكی تایبه‌ت نووسراوه، كه خوێندنه‌وه‌ی پێش هه‌موو شتێك مه‌حكوومه به شكست چ جا بگات به وه‌رگێڕانی! ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه [ئه‌گه‌ر بشێت بڵێین ناوه‌ڕۆكێكی دیاریی هه‌بێت] باس له كرده‌ی توندوتیژی سێكسی ده‌كات له سه‌رده‌می داگیركردنی جه‌زائیر له‌لایه‌ن فره‌نساوه. ئه‌م ڕۆمانه ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی گالیمار چاپ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر پاش مانگێك له چاپكردنی به فرمانی وه‌زیری ناوخۆ قه‌ده‌غه ده‌كرێت و به پێی یاسایه‌ك هه‌ر كه‌سێك هه‌ستایه به فرۆشتنی یان ڕیكلامكردن بۆی و هه‌روه‌ها فرۆشتن به مناڵان، تووشی توندترین سزای یاسایی ده‌بووه‌وه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بانگه‌وازێكی نێوده‌وڵه‌تی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئه‌وكاتی به‌دوای خۆیدا هێنا كه داوایان كرد سزای سانسۆر له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆمانه هه‌ڵگیرێت كه گرنگترین ئه‌و ناوانه‌ی كه ئه‌م بانگه‌وازه‌یان واژوو كرد پێكهاتبوون له: “سارته‌ر، سیمۆن دێ بۆڤوار، پازۆلینی، ژان ژێنی، بلانشۆ، ئیتالۆ كالڤیۆنۆ و ناتالی ساروت و هتد“. به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه نه‌توانرا ئه‌م ڕۆمانه له ژێر سانسۆر ڕزگار بكرێت، ته‌نانه‌ت هه‌وڵه‌كانی فرانسۆ میتهرانو ژۆرژ پهمپیدۆش كه ئه‌و كات سه‌رۆكی فره‌نسا بوو هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، هه‌ر بۆیه چاره‌نووسی ئه‌م ڕۆمانه هه‌ر به‌مشێوه‌یه ماوه‌یه تاكوو ساڵی ١٩٨١ كه جارێكی تر ڕووناكیی بینییه‌وه.
ساڵی ١٩٧١ فۆكۆ له ڕۆژنامه‌ی Le Nouvel Observateur وتارێك به ناونیشانی «ئه‌مه ئابڕووچوونه به‌ڵام …»، له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆمانه ده‌نووسێت كه له به‌شێكیدا ده‌ڵێت: ” ده‌وترێت ئه‌مه جه‌زائیره، ئه‌مه داگیركردنه، له كاتێكدا ئه‌مه خۆدزینه‌وه‌ی هه‌ر سوپایه‌ك و ژاوه‌ژاوێكی ناكۆتای هه‌ر كۆیلایهتییهكه. ده‌وترێت: ئه‌مه ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه كه ئێمه تێیدا تاوانبار بووین، و ئێمه له‌و كاته‌دا ددانمان به هه‌ڵه‌كانی خۆماندا نا، هه‌ر بۆیه بێ تاوانین، له‌كاتێكدا ئه‌م لێدانانانه، ئه‌م جه‌ستانه، ئه‌م برینانه له‌نێو ڕۆوتی خۆیاندا، به‌ده‌ر له هه‌ر وێنه‌یه‌كی ئه‌خلاقی، به‌هاكه‌ی ته‌نیا له‌پێناو نیشانه‌یه‌كی په‌تی سیاسییدایه…. له په‌نای بیانووهێنانهوهیهكی گه‌وره بۆ جه‌نگ، ئه‌و شته‌ی كه تۆ ده‌یگێڕیته‌وه وه‌ك ئاوازێكی دوورهدهدهستی ساڕێژكهرهوه گه‌یشته ئێمه. ئه‌م سێكچوكهیهی “عه‌ده‌ن”ـیش وه‌ك دوو رۆمانه‌كه‌ی تر هه‌ڵگری هه‌مان گوتاره[ii]، به‌ڵام به مه‌ودایه‌كی دوورتره‌وه، له ژێر هه‌ر سنوورێكی سازشه‌وه. چیتر ناتوانین ببینین، چیتر ناتوانین وێنای ئه‌و شوێنه بكه‌ین كه تۆ به‌م ڕستانه‌ت بۆ ئه‌وێ دهمانبهی، ئه‌م خوێنه: ته‌موومژی نزیكیبوونێكی ڕه‌هایه”.
سه‌ره‌ڕای دیوه مێژوویی و سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجی منی ڕ‌اكێشا زمانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه. جاری یه‌كه‌م من ته‌نیا توانیم چه‌ند په‌ڕه‌یه‌ك له‌م ڕۆمانه بخوێنمه‌وه پاش مانگێك دیسان جارێكی تر ده‌ستم پێ كردووه و به شێوه‌ی پچڕ پچڕ به‌رده‌وام بووم تاوه‌كوو كۆتایی هات. وا هه‌ست ده‌كه‌ی زمانی ئه‌م ڕۆمانه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆخی سروشتی خودی زمان، واته رزگاربوونیه‌تی له هه‌ر ڕێسا و یاسایه‌ك كه پێشتر به سه‌ریدا سه‌پێنراوه… وه‌سفه‌كان و كرداره‌كان و چاوگه‌كان بێ‌وچان به‌دوا یه‌كدا دێن و هه‌ناسه‌ت سوار ده‌كه‌ن و به‌دوایه‌كدا دووباره ده‌بنه‌وه‌و و ده‌پچڕێن و دیسان دووباره ده‌بنه‌وه. زمان لێره تووندوتیژه هه‌روه‌ك چۆن سێكیسش كرده‌یه‌كی ته‌واو توندوتیژه و ماهیه‌تێكی توندوتیژی هه‌یه، هه‌موو وزه‌ی لیبیدۆ لێره‌دا له سێكس و زماندا ده‌گاته توند‌وتیژترین ئاستی خۆی… ئه‌گه‌ر باڵاییla sublimation ئه‌و لایه‌نه بێت كه وزه‌ی سێكسی لیبیدۆ ده‌گۆڕێت بۆ چالاكی كولتووری و فیكری به بۆچوونی فرۆید، لێره مه‌سه‌له‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و هه‌موو قسه‌كردنێك له‌سه‌ر سێكس و توندوتیژیی و سێكس له‌گه‌ڵ كه‌سانی مه‌حره‌م و مه‌سه‌له‌ی فێتیشی سێكسی، دیسانه‌وه له زماندا به گوژمێكی تره‌وه خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، زمان ده‌بێته نواندنه‌وه‌ی هه‌موو هێزێكی كوێری لیبیدۆ، زمان بێ به‌ربه‌ست، بێ ڕووتۆش خۆی ده‌رده‌خات. هیچ ئاراسته‌یه‌كی حیكایه‌تبێژی له ڕۆمانه‌كه‌دا به‌دی ناكرێت، ڕسته‌كان و وشه‌كان به‌دوایه‌كدا دێن و ده‌پچڕێن بی ئه‌وه‌ی هیچ ده‌لاله‌تێكی كۆنكرێت بده‌ن به خوێنه‌ر.. بۆیه ئه‌كتی خوێندنه‌وه لێره ده‌بێت به ئه‌كتێكی ته‌واو پاسیڤ… له یه‌كێك له‌و دیمانانه‌ی كه له‌گه‌ڵ نووسه‌ر له ساڵی ١٩٧١دا كراوه پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ن كه چۆن ئه‌م ڕۆمانه بخوێنینه‌وه، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: «عه‌ده‌ن” خوێنه‌ر ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و له ڕاستیشدا هه‌ر ده‌قێكی ئاڤانگارد له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م خستنه ژێر پرسیاره‌وه، ئینجا شێوازه جیاوازه‌كانی ده‌ربڕینییه‌وه پێناسه ده‌كرێت. عه‌ده‌ن ده‌قێكه وه‌ستانی نییه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌موو “وه‌همه‌كان” له‌ناو ده‌بات و به‌ره‌به‌ره هه‌موو ڕێسا و یاساكان ده‌شارێته‌وه….. عه‌ده‌ن ئه‌و شوێنه‌یه « Ça/id »ئایدی قسه‌ی لێ ده‌كات». ئه‌م ڕۆمانه كه چاپ كرا له‌لایه‌ن سێ نووسه‌ره‌وه سێ پێشه‌كیی كورتی بۆ نووسرا، یه‌كێك له‌و پێشه‌كییانه‌ی كه جێگای سه‌ره‌نجی من بوو ئه‌وه‌ی ڕۆلان بارت بوو كه له خواره‌وه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ده‌خوێننه‌وه:
«عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن» ده‌قێكی ئازاده: بێ به‌رییه له هه‌ر بابه‌تێك، هه‌ر شتێك و هه‌ر سیمبوولێك: له‌نێو بێ واتاییدا (هه‌ڵدێرگه یان خاڵی كوێر) نووسراوه كه له‌وێدا پێكهاته ترادیسیۆنه‌كانی گوتار (ئه‌وه‌ی ده‌دوێ، ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه ده‌كات، یان ئه‌و شێوازه‌ی خۆی پێ ده‌رده‌بڕێت) زۆر زیاده‌ڕۆیی تێدا ده‌كرێت. به‌ره‌نجامی خێرای ئه‌م شته‌یه ئه‌وه‌یه كه ڕه‌خنه، ناتوانێت له‌سه‌ر ئه‌م نووسه‌ره، له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی و نه ستایلی نووسینه‌كه‌ی قسه بكات بههەمانشێوه ناتوانێت هیچیش له‌سه‌ر ده‌قه‌كه بڵێت: ده‌بێت «بچینه» نێو زمانی پییه‌ر گیۆتا، نه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوای پێ بكه‌ین، یان هاوبه‌شی وههم بین، یاخود به‌شداربین له فه‌نتازیا، به‌ڵكوو نووسینی ئه‌م زمانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، له شوێنی ئه‌ودا، له هه‌مانكاتدا واژووكردن له گه‌ڵیدا.
بوون له‌نێو زمان (واته: قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیت): ئه‌مه‌یان ڕێی تێ ده‌چێت، چونكه گیۆتا نه شێوازێك، نه ژانرێك، نه بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م نه‌هێناوه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هێناوه ڕه‌گه‌زێكی نوێیه (ئایا ئه‌مه ناخرێته سه‌ر چوار ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی كۆسمۆنی [iii]cosmogonie ؟). ئه‌م ڕه‌گه‌زه ڕسته‌یه: جه‌وهه‌ری گوته كه هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی قوماشه، خۆراكه، تاقه ڕسته‌یه‌ك كه كۆتایی نایه‌ت، ئینجا جوانییه‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌و “ئاماژانه‌ی” نییه (واقعێك كه بڕیاره جوانی ئه‌م گوته‌یه ئاماژه بێت بۆی) به‌ڵكوو له هه‌ناسه‌هه‌ڵمژینی ئه‌م گوتهیهدایه، له پچڕانی، له دووباره‌بوونه‌وه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕیار بێت ئه‌م نووسه‌ره بۆ ئێمه نه‌ك نواندنه‌وه‌ی دیمه‌نه خه‌یاڵییه‌كان، به‌ڵكوو نواندنه‌وه‌ی دیمه‌نی زمان بخاتەڕوو؛ به جۆرێك كه مۆدێلی ئه‌م لاساییكردنه‌وه نوێیه چیتر به‌سه‌رهاته‌كانی پاڵه‌وانێك [پاڵه‌وانی و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمان] نییه، به‌ڵكوو لاساییكردنه‌وه‌ی دال خۆیه‌تی: یان ده‌بێته چ شتێك. عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن، عه‌ده‌ن جۆرێك له گوشار یان شۆكی مێژوو به‌رهه‌م ده‌هێنێت (یان ده‌بێت به‌رهه‌می بهێنێت): كۆی ئه‌كتێكی ناوه‌كی [كۆی په‌ره‌سه‌ندنێكی نووسین] كه به‌ڕواڵه‌ت دوو هێنده‌یه، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره لێكچوویی ئه‌م شته له ماركی دۆساد بۆ ژان ژێنێ و له مالارمێ بۆ ئارتوو به جوانی به‌دی ده‌كه‌ین، كه كۆبووه‌ته‌وه و جێگۆڕكی كراوه و له‌بارودۆخی سه‌رده‌مه‌كانیان پاڵاوته بووه. ئه‌مه چیتر چیرۆك یان گوناه نییه )كه بێ گومان ئه‌و شته‌یه)، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئاره‌زوو و زمانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌بڕی ئه‌وه‌ی دووه‌م بێت، به‌ڵكوو له‌نێو دركهیهكی[iv] دوولایه‌نه و تۆكمه جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن. هێزی ئه‌م دركهیه له‌نێو ده‌قه‌كه‌ی گیۆتادا باڵاده‌سته، پیشانده‌ری سانسۆرێكی به‌هێزه، كه له‌وێدا ئه‌م دوو له‌وه‌ڕگه باوه كۆده‌كاته‌وه: زمان و سێكس. ته‌نانه‌ت ئه‌م سانسۆره له‌لایه‌ن هێزه‌كه‌ی خۆیشییه‌وه ده‌توانێت چه‌ند فۆرمێكی جیاواز په‌یدا بكات، یان خێرا هه‌ڵوه‌شێته‌وه: مه‌حكوومه به زێده‌ڕۆیی ئه‌گه‌ر له یه‌ك كاتدا سێكس و زمان سانسۆر بكات، مه‌حكوومه به ڕیاكاریش گه‌ر بێتوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه ته‌نیا بابه‌ته‌كه سانسۆر ده‌كات نه‌ك فۆرم، و به پێچه‌وانه‌شه‌وه: له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌كه‌دا مه‌حكوومه به‌وه‌ی زاتی سانسۆری خۆی ئاشكرا بكات. به‌هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاوهژووكردنهوهیهكی دامه‌زراوه‌یی، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه گرنگه: كۆمه‌ڵێك ئیشی ڕه‌خنه‌یی و تیۆری به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات بێ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه توانای ئهغراكردنی خۆی له ده‌ست بدات: به‌جۆرێك پۆلێن نه‌كراوه و گومان هه‌ڵناگرێت، نیشانه‌ی نوێ و ده‌ستپێكی نووسینه.
[i] Éden, Éden, Éden, Pierre Guyotat
[ii] مه‌به‌ست رۆمانی “گۆڕێك بۆ پێنجسه‌د هه‌زار سه‌رباز” و رۆمانی “له‌شفرۆشییه”.
[iii] لقێكه له فیزیا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر پێكهاته و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌ردوون ده‌كات.
[iv] Une métonymie