فەلەج

لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ماوەیەک لەمەوپێش، دایکم بە دوای هاوڕێیەکەمدا ناردی، بە دوای ڕەفیقدا. پێی گوت: “شتێکت لێ دەپرسم. زۆرم پێ خۆشە ئەکبەر زەماوەند بکا، ئیتر گەیوەتێ. من پێم عەیبە لێی بپرسم، ئاخۆ تۆ دەتوانی: داخوا پێی دەکرێ یان پێی ناکرێ؟”

ئەمنیش بۆ خۆم نەمدەزانی داخوا پێم دەکرێ یان نا. بیستوپێنج ساڵ تەمەنم لەسەر ئەم کورسییە چەرخدارە تێپەڕی، ئەم فەلەجبوونە سامناکە لە هەرەتی منداڵیدا بەربینگی پێ گرتم؛ تەنها قاچەکانم نا، هەروەها توانای زانین و نەزانینی هەندێک شتیشی لێ سەقەت کردم. 

کە منداڵ بووم، هاوڕێکانم قەت بەرەوڕوو وشەی “سەقەت”یان بەکار نەهێنا. بەڵام ئەگەر باسی منیان کردبا، بۆ نموونە یەکێک لەوان پرسیبای “کامە ئەکبەر؟”، دەزانم کە گوتویانە: “کوڕە ئەکبەری خۆمان، ئەکبەرە سەقەتەکە”. چونکە بە نابیناکەی گەڕەکیشیان دەگوت “شکۆ کوێرە”. خۆشییەکەی ئەوە بوو کە من لەمێژ بوو تەمەنی ڕەنجان بەمەم تێپەڕاندبوو. ئەگەر پێیان گوتبام سەقەت، هەر بە خەیاڵیشمدا نەدەهات. لەوە بترازێ، خۆ ئەمە درۆ نەبوو. 

“کامە ئەکبەر؟”

“ئەکبەرە سەقەت.” 

لاقەکانم کە هۆکاری چارەڕەشیی من بوون، بۆ هاوڕێکانم چاوگەی کەیفخۆشی بوون. چونکە لە یارییەکانی گەڕەکەکە، کەس نەیدەویست ببێتە گۆڵچی. ئەمن لاقی ئەوەم نەبوو شەق لە تۆپەکان بدەم و گۆڵیان پێ بکەم. دەستم هەبوو. دەستەکانم، لەنێو هاوڕێیانمدا مایەی دڵخۆشی بوون، بۆ هەر تۆپێک کە نەدەکەوتنە نێو دەروازەکەوە، چەپڵەڕێزان بەرپا دەبوو. 

دیسان وەختێک بوو لەو وەختانەی چەپڵە قیامەتی بەرپا دەکرد. لە باڵکۆنەوە لە ئێمەی دەڕوانی، بەڵام دەتگوت بە تەنیا سەیری من دەکا. ئەویش وەک من فەلەج بوو، ئەویش وەک من کورسیی چەرخداری هەبوو. پرچی لوول لوول بە دەم باوە دەشنایەوە، گەردنی لە ئاسنی باڵکۆنەکەوە بەرەو دونیا درێژ کردبوو، بەم گەردنشەوە، ڕیزێک مورووی شین شین. چاوە بە سورمە ماڵ وێرانکەرەکانی دەیانڕوانییە ئەو تۆپانەی کە من بە جەستە نیوەکەمەوە خۆم بۆ هەڵدەداشتن؛ برژانگەکانی درێژ، مەچەکەکانی باریک، سینگی چەرموو وەک دەفتەر، وەک کاغەز کە ئەگەر سەرم لەسەر دانابا، دەردی دونیا لە بیر دەکرد؛ بەڵێ، گشت ئەمانە و زیاتریش. بە یەک وشە من “ئاشق”ی ببووم. جگە لەوەش، هەموو پێیان وابوو ئێمە لێک دێینەوە، من و ئەو، دوو سەقەتەکەی گەڕەک. خۆزگە دادیی خودایی خەڵکی گەڕەک بەدی هاتبا! 

کە ئەو کراسەی باوکم لە ئاڵمانیاوە بۆی ناردبووم، لەگەڵ ئەو پانتۆڵەدا لەبەر دەکرد کە دایکم لە بازاڕی “ئەرگانی” بۆی کڕیبووم، دەبوومە گاڵتەجاڕ. نەمدەویست لە باڵکۆنەکەوە بەم جۆرە ببینرێم. وێنەکەی باوکم لە چوارچێوەیەکی گەورە و زێڕین گیرابوو. باوکم بە خۆی و بە سمێڵێکی لادێی، هەروەها بە کراسێکی سەیروسەمەرەوە کە لە ئاڵمانیا کڕیویەتی: کراسێکی ئاسمانی، پارە کاغەزەکانی لەنێو گیرفانەکەیدا. دایکم دەیگوت: “چما مرۆڤ لەبەر باوکی بە خۆیدا دەشکێتەوە؟” ئەمن دەمگوت: “ئەو کراسە و ئەو پانتۆڵەی پێکەوە لەبەر ناکەم و ئا.” ئەمن نەمدەویست لە باوکم بچم، چونکە دایکم زۆر شێوەی ئەو کچەی سەر باڵکۆنەکەی دەدا. 

جار جارە، لەنێو هەر قاپە ئاوێکدا کە قوم قوم دەمخواردەوە، ڕووخساریی ئەوم دەبینی، هەندێک جاریش، بۆ ماوەی چەندان کاتژمێر بە پێداگرییەوە هەوڵم دەدا دەموچاویی بهێنمە خەیاڵ، لێ نازانم بۆچی بە هیچ کڵۆجێک نەمدەتوانی بیهێنمە بەر چاوم، شەوانە بیرم لێ دەکردەوە، بەرنامەی ئەوەم دادڕشت بەیانیی ڕۆژی دادێ پێی بڵێم کە چەندەم خۆش دەوێ، پێڵووەکانم یەکتریان نەدەگرت، دڵم دەهاتە سەر زارم، ناوەکەی، بڕگەکانی ناوەکەی لەسەر زمانم، بەدەم ورتەورتەوە، لە ماندووییان خەوم لێ دەکەوت. 

لە خەونەکانمدا خۆمم دەبینی کە لەسەر تەپۆڵکە زۆر و ئەوسەر نادیارەکانەوە بە دوای خەیاڵی ئەودا ڕادەکەم. نازانم لەبەر چی بەختەوەرتر بووم، لەبەر ئەوەی کە دەمتوانی ڕابکەم یان لەبەر ئەوەی بە دوایدا هەڵدەهاتم؟ هەرچی بێ، زۆری پێ نەچوو، دواجار من کاری خۆمم کرد. پەیامی خۆشەویستیم ڕاگەیاند؛ پەیامەکەم بە کچە پوورەکەمدا نارد کە هاوزێ، هاوبەشی غەمم و یارمەتیدەریی کاروبارەکانی دایکم بوو. وەڵامەکەی زۆر وەدرەنگی نەکەوت. گوتبووی: “چما ئەو سەقەتە نەبێ، خەڵک قات بووە”.

کچە پوورەکەم گوتی: “خەفەتی پێوە مەخۆ. پێت وایە کچ دەست ناکەوێ؟”

نەخێر، دەست نەدەکەوت.

دەمزانی کە دونیا جوانە، هەڵبەت بۆ من نا. 

سەردەمانێک بوو کە پرسیاریی “بۆچی من؟” دەهات و پەیتا پەیتا دەرگاکەمی دەکوتا. ئەو ڕۆژەی کە تێگەیشتم وشەی ”بێکەڵک” چ واتایەکی هەس، لە جیاتی تووک و نزا لەم ژیانەم کە بە حاڵەحاڵ بە هەردووک دەست پاڵم بەو تەگەرانەوە دەنا کە لەسەر تاسەکان سەرانگرێ دەبوون، بۆم دەرکەوت دەبێ بەم دۆخە سەقەتەمەوە قایل بم. لەبەر ئەم هۆکارەش، لە نووسینی “بۆچی من؟” لەسەر کورسییە تەگەردارەکەم پاشگەز بوومەوە، “جەستە نەخۆشە، ڕۆح لە سەفەرە”م بە نووسین دا.

ئاوایە، جار جارە وشەیەک واتان لێ دەکا گەلێک ڕێگە کە لە پاش تەپۆڵکە و بەندەن و هەورازەکان شەقیان بردووە، بە جارێک بگرنە بەر و چەند دەیەیەک پیرترتان دەکا. وەک چۆن ئاگاداریی ئەو گۆرانییانە هەن کە قژ سپی هەڵدەگەڕێنن، هاوکات پەی بە نهێنیی ئەو هەقایەتانەش دەبەن کە سەر سپی دەکەن. هەندێک کەس لە سایەی کۆمەڵێک وشەوە دەگەنە فێنکایی. بەشی منیش وشەی “بێکەڵک” بوو، ئیتر چیت لەدەست دێ!

سەرەڕای ئەمەش، چەند خۆش بوو ئەو کاتانەی ناهەقیم دەرهەق دەکرا، لە دوای خۆم دەرگای ژوورەکەم توند پێوە دەدا، بەسەر دەمدا خۆم لەنێو جێگەکەم دەخزاند و پاشان زۆڕزۆڕ دەگریام، دوای ئەم گریانە خەوێکی بێبن، قووڵ و ئارەقاوی دەیبردمەوە. داخی دڵی خۆم بە خەوەکە و سوێرایی فرمێسکەکان هەڵدەڕشت. چونکە ژیان فێرت دەکا؛ بەفر دادەکاتە سەر کەسی خەوتوو، گڕ بەردەبێتە ئەو کەسەی هۆن هۆن دەگری. ئەمنیش فێر بووم، زۆر لەمێژە ئەمە فێر بووم: من لە دونیایەکدا دەژیم کە هەموو کەس و هەموو شتێک هەتا ئاستی سک دەبینم. 

زستان بووە کە باوکم ڕۆیشتووە، هەناسەی هاڵاوێکی باریک. گوتویەتی: “ئیتر لێرە نان دەست ناکەوێ.” بیست ساڵە لە ئاڵمانیایە. ئەو ڕۆیشت، من و دایکم ماینەوە. چیتریش نەگەڕایەوە. دایکم دەڵێ: “لەبەر ژنێک بە ناوی مۆنیکا. ژنێکی پرچوپێست کاڵ.” باوکم گوتویەتی: “دەنا مافی نیشتەجێبوونم پێ نادرێ.” دایکم کە بینی باوکم ناگەڕێتەوە، قژە ڕەشە لوولەکەی بە ئاوی ئۆکسیژێن زەرد کرد. وێنەیەکی فەرمیی جوانی بە هەڵگرتنەوە دا، یەکێکیانی لەگەڵ نامەیەکدا کە دەستی خۆمم لە پشتەوەی کێشابۆوە، بۆ باوکم نارد. وێنە فەرمییەکەی منیش دەستەکانم بوون، باوکم ئەگەر دەستەکانی لەسەر دەستم دانابا، خۆشحاڵ دەبوو، هەم دەیبینی کە چەند گەورە بووم و هەم لەوانەش بوو بگەڕێتەوە! دایکم وەک بێگانەیەکی لێهات، بوو بە ژنێکی قژکاڵ. من زۆرم بە دڵ نەبوو، بە لامەوە ئەستەم بوو، بۆیە بەدڵم نەبوو. ئەگینا دایکم جوانە.   

وێنەکانمان چوون، باوکم دیسان نەگەڕایەوە. ئێمە دیسان لە جێی خۆمان ماینەوە، لەیستۆکی دەستکردی ئەڵمانیا، جلوبەرگ و کەلوپەلی سەیروسەمەرەمان بۆ مایەوە. باوکم ناوە ناوە پارەی ئەوێی دەناردەوە. جارێک بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کرد، بە دەنگە گیراوەکەم بە هۆی کێشانی سێ جگەرەی یەک بە دوای یەک و کەمێک بە تووڕەییەوە گوتم: “بابە بگەڕێوە ماڵێ!” 

بە دەنگێکی پاش کێشانی پاکەتێک جگەرەوە گوتی: “باشە کوڕم”. ئیتر مشتومڕ لەگەڵ باوکێک ئاوایە، هەتا دوایی، ئەگەر هەق بە ئێوەش بێ، ئێوەن کە بە تێکچوویی کۆتایی بە باسەکە دێنن.

لەو ڕۆژەوە چیتر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ناکەم. چونکە بەڵێنەکەی نەبردە سەر. دایکم پێی داگرت جارێکی دیکە تەلەفۆنی بۆ بکەم. 

“قژت زەرد نەکردبا” وام گوت و پاشان پەژیوان بوومەوە. 

دایکم، دایکە ئازیزەکەم کە بە ساڵانە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ سەری زەرد بکا، تەنیا چل ساڵی تەمەنە. دوایین جار بیست ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ باوکم بووە. ماوەیەکە پێی خۆشە زەماوەند بکەم. من لاقم نییە پێی بچمە ئاڵمانیا، چونکە دایکم لە هەموو کەسێ باشتر دەزانێ زەماوەند چ واتایەک دەگەیەنێ. 

ڕەفیق گوتی: “ئێ، چیت وت. پێت دەکرێ یان پێت ناکرێ؟” 

گوتم: “بۆ خۆشم نازانم.”

گوتی: “هەڵدەستێ؟”

گوتم: “هەڵدەستێ.”

گوتی: “ئێ، ئەگەر وابێ ئاسانە، دەچینە گەڕەکی سۆزانییەکان، “ئالەڤ” هەیە، ئەو دەردەی تۆ دەرمان دەکا، گشت قۆڵنجەکانت دەشکێنێ.”

هەروەها گوتی: “مەترسە، هیچ بە کەس ناڵێم.”

لە شیرینییەکانی قەحبەخانەکە کە لە بەر دەرگا لەسەر سینییەک ڕیز کرابوون، سێ – چوار دەنکێکمان حەپەلووش کرد. ڕەفیق گوتی: “با من هەتا ئاودەستەکە بچم، یەک – دوو دەست لێ بدەم بۆ ئەوەی هەندێک زیاتر لە ژوورێ بمێنمەوە.”  

من دوای ئەو، بیرم لە شتێک بە ناوی ئەزموون کردەوە. وەخت بوو بڵێم پێم خۆشە تێێ بتەقێنم کە قاچەکانم بە بیریان هێنامەوە کە ناتوانم دەستەواژەیەکی ئاوا بەکار بێنم. جارێکیان گوتبووم “ئێمەش لە داغکاپییەوە هەتا سەیرانتەپەوە بە پێیان هاتین”، خەڵکی گەڕەک بە ساڵان گاڵتەیان پێ کردم. پەیتا پەیتا دەیانگوت: “بێگومان، بێگومان، ئەو پیاوەی هەتا سەیرانتەپە پاڵی پێوە نای، زمانی بستێک هاتووەتە دەرێ و تۆ پێت نەزانیوە ڕۆڵە.”

جگەرەیەکم داگیرساند، بیرۆکەیەکی شووم بەدوای شیرینی خواردندا. ڕەفیق وەک ئەوەی شتێکی لە بیر چووبێ، ئاوڕی دایەوە و بە ئاماژەی دەستی گوتی: “حەز دەکەی تۆیش وەرە.”

گوتم: “نا، تۆ بڕۆ خەریک بە.”  

ئەو ڕۆیشت، من بۆ ئەوەی ئەهوەن ببمەوە، جگەرەیەکی دیکەشم داگیرساند. 

لە فیلمەکاندا بینیومە، لە ئینتەرنێتدا بە دزییەوە سەیرم کردووە کە چۆن ئەو کارە دەکەن. دوعای دوای دوعا خوێندم و هەزار جار شوکری خودام کرد کە ئەمەم بینیوە. ئەی ئەگەر کوێر بوایەم! پاشانیش ترسم ڕێنیشت خوداگیر بم کە لە شوێنێکی ئاوا ناویم هێناوە. 

ئەو کەسانەی سەیری من دەکەن، لە دۆخی خۆیان دەڕوانن و شوکری خودا بەجێ دێنن. بەوەڕا تێدەگەم کە خێرا نیگایان لە من وەردەگێڕن و سەریان بەرەو ئاسمان هەڵدەبڕن. بە خۆم دەڵێم خودایە، دونیا شوێنێکی ئاوایە، نیوەی مرۆڤەکان لە نیوەکەی تر دەڕوانن و شوکر بەجێ دێنن. 

ڕەفیق گەڕایەوە و گوتی: “ئێ، ئامادەی؟”

گوتم: “ئامادەم.”

بە هەندێک جووڵەی لەبەرکراو، وەک بیەوێ کەسێک بناسێنێ، سوورەگوڵەکەی نیو گیرفانی ناوەوەی دا بە من کە لە ڕۆژنامەیەکەوە پێچرابۆوە. 

گوتی: “ئەگەر بیدەی بە ئالەڤ، هەڵسوکەوتی باش دەبێ. کوشتە و مردووی سوورەگوڵە.”

کەسێک کە بە تەنیشتماندا تێدەپەڕی گوتی: “ئەمن لەو ژنە ناکوتم کە هاوڕێکەم تێی کوتابێ.”

گوتم: “خاوەن پرەنسیبە، کەسێکی بەنامووسە.” ڕەفیق پێکەنی. 

بە ڕەفیقم گوت: “دا سەیرم کە هەتیو، خۆ تۆ پێشتر لەگەڵ ئالەڤ نەبووی، وا نییە؟” 

گوتی: “نا، نا.”

بڕوام نەکرد. بڕواشم کردبا، پێم خۆش نەبوو لەگەڵ خۆمدا باسی سوورەگولەکە بورووژێنم، بە خۆمم گوت دەی کوڕە، ئەویش لە کەسێکی تری بیستووە.

دواجار گەیشتینە بەردەم ئەو جامخانەیەی کە هەر جۆرە قاقایەکی لێ بەرز دەبوویەوە. ڕیز بە ڕیز کۆمەڵێک ژنی نیمچەڕووت، جگەرە درێژەکەی پارلیمەنت بە دەستەوە، شوێنەواری سووری تۆخی ماتیکەکان بە فیلتەری سپیی جگەرەکانەوە کە هەر چەشنە مەیلێکیان دەوروژاند. بە جموجووڵی بێشەرمانە سوفرەیان بۆ برسی ڕادەخست و ڕاوێژیان نیشانەی ئەزموونێکی ڕاکێشەر بوو کە دەیگوت “وەرە، وەرە، وەرە دەی”. سامناک بوون ئەم ژنانە، بە چاو کەسانی تازەهاتوویان ڕووت دەکردەوە. خۆشییەکەی ئەوە بوو کە ئەم پیاوانەی لەمدیوی جامخانەکەش بوون، چییان لە ژنەکانی ناوەوە کەمتر نەبوو. گشت ڕستە فەنتازیاکانی نەستیان لەم جامەوە بۆ ئەو جام لە هاتوچۆدا بوون. 

لە هۆڵێک کە لە فرمێسک زیاتر قاقا تێیدا جمەی دەهات، یەکێک لە ژنەکان خزابووە سووچێک، فرمێسکەکانی بە قۆڵی کراسەکەی دەسڕییەوە.

پیاوەکان کە تا سەر ئێسقان ڕاحەت ببوون، قیت و قنج، یەکە یەکە بە پێکەنینەوە لە هۆڵەکە هاتنە دەرێ. 

لە ناوەوە، کتوپڕ مشتومڕێک هاتە گۆڕێ و تەپڵەک و گوڵدانەکان وە حەوا کەوتن. بەکرناوێکیان بە شەق و پێلاقە، بە پەلەپەل، لە هۆڵەکەوە وەدیوی دەرێ نا، چونکە یەکێک لە ژنەکانی بێزار کردبوو.  

پیاوەکە کە زمانی باش نەدەگەڕا، قیڕاندی: “ئاخری دەتگێم قەحبە، لەباتی هەموویان دەتگێم!” 

قەحبەکە گوتی: “ڕۆحت دەخەمە ناو شووشەوە و بە شرینقە خوێن لە قوونت دێنمە دەرێ هەتیوە گەوادە!”

پیاوەکە پاش ئەوەی کەمێک دوور کەوتەوە، وەک ئەوەی هێزێکی زیاتری هاتبێتە بەر، دەست و قۆڵیشی تێکەڵ بە ڕستەکەی کرد، بە دەم ڕاوەشاندنی قامکی دۆشاومژەی جارێکی دیکە گوڕاندی: “مردنیشی تێدایە ها”. 

قەحبەکە دەسبەجێ لە وەڵامدا گوتی: “هەتیو کەسێک هەیە نەمردبێ.” 

ژنەکانی دیکە هەوڵیان دا ئەهوەنی بکەنەوە: “باشە ئارام بە دادە.” 

“باشە چۆن ئارام بم، ژیان قەڵسەت لێ دەگێڕێ، گەر نەیبینی، دەبیتە گاڵتەجاڕی”، وای گوت و لەسەر قەنەفە مەخمەرە سەوزەکە پاڵ کەوت، قاچی لەسەر قاچی دانا. 

بە دڵمدا هات بچم و جگەرەکەی دابگیرسێنم. 

ڕەفیق گوتی: “هەموو شتێک لە مەیدانی خۆیدا دەردەکەوێ. بڕۆ بزانم چ دەکەی.”

گوتم: “نۆرە قوماری منە.”

ڕەفیق لەگەڵ ئالەڤدا ساتوسەودای کرد، دۆخیی منی شیی کردەوە. گوتی: “خەمت نەبێ، لە پارەی سەردانەکە زیاتر داوای نەکرد.” 

ژوورێکی نوقمی شۆقێکی کز، ڕەنگاوڕەنگ. پۆستەری ژنی ڕووت بە دیوارەکانەوە. لەسەر مێزی ڕازانەوە، کۆمەڵێک کەلوپەلی سپیاو، قوتووی سەیروسەمەرە، عەتر، ڕۆن، ڤازیلین و چەند سابوونێک ڕیز کرابوون. لەنێو کەنتۆرە دەرگا کراوەکەدا، کراسیی خەوی سوور، ڕەش و سپی کە مرۆڤیان لە ڕێ دەردەکرد، هەڵواسرابوون. ڕێک لە تەنیشت دەرگاکەش، دەستشۆری، شووشەیەک گوڵاو و دەسرەی کاغەزیی قەدکراو لەسەر مێزێکی نزم. جارێکی دیکە لە دڵی خۆمدا گوتم بڵێی پێم بکرێ.

ژوورەکە، لە ژووری خەوتن زیاتر، دەتگوت بۆ ژووری لەبیر چوونەوە ڕازێنراوەتەوە. ئالەڤ لەسەر قوماشە بریقەدارەکانی چرپا گەورەکەی نێوەڕاستیی ژوورەکە ڕاکشابوو و چاوەڕوێی من بوو. شۆقە کزە سوور، کەسک و زەردەکان بۆ ئەوەی تەمەنی ئالەڤ حەشار بدەن، هەڵدەبوون و دەکوژانەوە، جەستە سپی و سۆڵەکەی ئارەزووی دەوروژاند. دەستم برد بۆ کێرم، بە خۆمم گوت تەواوە.

بە دەم قاقالێدانەوە گوتی: “کەوابێ یەکەم جارتە ها، سفتاح لە من و بەرەکەت لە خوداوە”… ئەوجا بە دەنگێکی بوغزاوییەوە گازی کرد: “وەرە پیاوەکەم، وەرە…”

گڵۆپەکان بە تەنیا تەمەنی ئەویان نەدەشاردەوە، هەروەها ژوورەکەشیان دەکردە شوێنێکی ڕەمزاوی، نیگاکانی ئالەڤیان خاو دەکردەوە کە ئەو هەمووە درۆ جوانە تێیاندا ڕەنگیان دەدایەوە.  

کە چاوم بە قژە لوولە کاڵەکەی ئالەڤ لەسەر چەرچەفەکە کرایەوە، دایکمم هاتە بەر چاوم. بوورامەوە.

کاتێک منیان بە هۆش هێنایەوە، هەناسەی پچڕپچڕم لەگەڵ هەنیسکە هەنیسکیی پاش پێوەدانی دەرگاکەی دەرەوە بوو بە یەک. مشتم بوو بە دەسرەی چاوەکانم. قەت لە بیرم ناچێتەوە چۆناوچۆن لەو هۆڵە هاتمە دەرێ.

سەراپای گیانم بۆنی گوڵاوی لێ دەهات، جگەرەکان یەک بە دوای یەک دەکەوتنە ناو دەستمەوە. لەبەر دەرگاکە چاوەڕوانیی ڕەفیق بووم. لە ناوەوە، دەنگی ئالەڤ دەهات: “پێم وایە کوڕە هەر کە هینەکەی بینی، کەوتە جۆش”، خۆزگە عەرزەکە دەقەڵشی و منی هەڵدەلووشی… ورە و زاتی ئەو پیاوەی کە گوتبووی “لەباتی هەموویان دەتگێم”، دەنگی کە گوتبووی “مردنیشی تێدایە، مردنیشی تێدایە”، لە گوێچکەمدا دەزرینگێنەوە. کەمێک دواتر ڕەفیق هات. قیت و قنج، کۆنجکۆڵییەکی گوماناوی بە سیماوە.

گوتی: “تەواوە؟”

گوتم: “دەتوانی جگەرەیەکم پێ بدەی؟”

گوتی: “بۆچی هەتیو، بۆچی لێی بەم؟”

بێدەنگ بووین.

کەوتینە ڕێ، بە لۆژە لۆژ بەسەر بەردە وردەکاندا.

ڕاوەستا. 

گوتی: “ئەگەر پێت خۆشە با جارێکی دیکە تاقی بکەینەوە، ئەم جارەیان لەگەڵ ژنێکی تر…”

گوڵەباغە سوورەکەی نێو گیرفانم فڕێ دایە پێش خۆم. دەستەکانی ڕەفیق بە دەسکەکانی کورسییەکەمەوە بوو، وەک ئەوەی سێرەی گرتبێ، منی لێ دەخوڕی. 

بیرم لە شوێنەواریی تەگەرەکان لەسەر پەڕەکانی گوڵەباغە سوورە لەتبووەکەی سەر خڕکەبەردەکانی ڕێگە خیزەڵانەکە کردەوە. 

پێکەوە پێکێکمان هەڵدا.

ڕەفیق منی هەتا ماڵەوە برد، پاشانیش ڕۆیشت.

دایکم لە ژوورەوە بە بیستینی چیرۆکەکەمان زۆڕزۆڕ گریا.

زۆر نا، چەند ڕۆژێک دواتر، کچە پوورەکەم بە میوانی هاتە ماڵمان. تازە جادووی بۆ کرابوو، وەک ژنی تازەشووکردوو جوان ببوو. من بە سەبر و تاقەتی بەخێوکردنی چل ڕێوی لەنێو مێشکمدا لێم ڕوانی. نێوانی کەمێک لە تەک مێردەکەی تێک چووبوو. دەیگوت: “لەگەڵ ژنێکی تردا بینراوە”. دایکم ئەزموونەکانی وە قسە هێنا، گوتی: “شتی واش ڕوو دەدا، نابێ هەندێک شتان ببینی”. مۆڵەتێکی دە ڕۆژەیان بە یەکتری داوە. کات هەتوانی هەموو شتێکە. دیارە زۆریش تاسەی ئێمەی کردبوو، هەرچی بێ منداڵی و مێرمنداڵی لەم ماڵەدا تێپەڕاندبوو، کە دایکیشم زۆر پێی چەقاندبوو، ئیتر بەرگەی نەگرتبوو…

مرۆڤ بە ئاسانی زەحمەتیی بەخێوکردنی چل ڕێوی بە خۆی نادا. ئێ، خۆ لە خۆڕا نەیانگوتووە “با سەقەتی نەکەین”. پێم وایە هیچکەس هێندەی مرۆڤی سەقەت ناچێتە بنج و بناوانی مەسەلەیەکەوە. چونکە لاقێکی سەقەتەکان بێ شەلەشەل لەنێو ئەقڵیاندا ڕێ دەکا. ژیان ناچاری ئەمەی کردوون. ئەگەر ڕووداوێک هەیە مێشکتانی تێک داوە، ئەگەر پێویستە بڕیارێکی گرنگ بدەن: لاپەڕەکانی کتێب هەڵمەدەنەوە، مەچنە دیداری کەسێکی لێزان، فاڵ مەگرنەوە، واز لە بیری ڕەش و تاریک بێنن. پێشنیاری من بۆ ئێوە: لەگەڵ سەقەتێکدا ڕاوێژ بکەن! بەڵام ئەگەر بێت و ئەویش بەرژەوەندییەکی لەم کارەدا هەبێ، یەکسەر تێی تەقێنن. 

نەمدەتوانی پێش بە هەستەکانم بگرم، ڕاستەوڕاست لە چاوەکانی کچە پوورەکەم بنۆڕم، لەوە دەترسام ئەگەر نیگامان لە نیگای یەک ئاڵێ، تێبگا کە بە تەمای ئەوم. وەک کەسێکی تینوو و مردوو سەیرم دەکرد. ئەویش وەک بڵێی پەرداخێک لمیۆنادی سارد و بەنەعنا بێ، بەنێو ماڵەکەدا دەسووڕایەوە. کاتێک جلی ئاڵ و واڵای دەپۆشی، ئاخۆ بە جۆرێک هەڵسوکەوتی دەکرد وەک بڵێی من نەبم یان ڕەپ و ڕاست، گۆ و مەیدانی نیشان دەدام، تێنەدەگەیشتم ئەز. 

وەنەبێ بڵێی بیرم لەوەش نەکردبێتەوە کە تۆڵەی مێردەکەی لە من دەستێنێتەوە. 

بۆی هەبوو هاتنی کچە پوورەکەم کاری دایکیشم بێ.

ساتەوەختێک بوو لەو ساتەوەختانەی کە شەو قۆڵی لە قۆڵی بەیانی دەنێ. کچە پوورەکەم بێ ئەوەی دەنگ لە دەرگاکەی دیوەکەمەوە بێنێ، وەژوور کەوت، دەرگاکەی پێداگرانە پێوەدا. بەوپەڕی حەز و سۆزەوە خۆی لەپاڵ من خزاند، گوتی “وووست” و خۆی خستە نێو باوەشمەوە. کراسی خەوەکەی لەسەر جێگەکە دەرهێنا. ئەمنیش گوێم لە ترپەی دڵم بوو. 

ئەو قۆڵە خڕوخۆڵانەی کە بە ڕۆژ لەبەرم کردبوون، ئەو گۆپکە مەمکە تورت و تازانەی کە من خەتمم کردبوون، ئەو ساقۆڵە سپی و سۆڵانەی کە ئەو کاتانە دەمبینین وا قاچی لەسەر قاچی دادەنا و تەنوورەکەی هەڵدەخلیسکا، شۆرتە ڕەش ڕەشەکەی، بنهەنگڵە وەک هێلانە پەلەوەرەکانی، مەمکدانە لە ڕەنگی جەستەکەی، دەرکێشانی تەنوورەکەی کە کەوتبووە بن سمتە پانەکانی…

بە خۆمم گوت ئەگەر بە ترپەترپی دڵم نەمرم، ڕۆژ دەکەمەوە. سەرمی لەنێو مەمکە خڕەکانیدا شاردەوە. لە کاتێک قامکەکانی لە پشتملمەوە دەخزاندە نێو قژمەوە، سەرمی بەرەو قووڵایی سینگیی ڕاکێشا. گۆپکەی مەمکی خستە نێو زارمەوە و بە مشتنی دا، کە گۆپکەی مەمکەکانی ڕەق بوون، وەک سەرخۆشان ڕاحەت بووم و ئارامییەکی سەیر بەسەرمدا زاڵ بوو. وەکوو نێو فیلمەکان ماچی کردم، دەستەکانی و نینۆکەکانی بە پشتمدا هێنا. لە بنەوەی پشتملم هەناسەی دەدا. کێرم لەمێژ بوو هەستابوو. باوەشی پێدا دەکردم، لێوە ئاگرینەکانی، زمانە شلەکەی بەسەر سینگمدا دەهێنا، لەبەر ئەوەی پێم وابوو ئێستا نا تاوێکی دی ڕەحەت دەبم، دڵم خەریک بوو بە زارمدا بێتە دەرێ.   

دواجار بە قامکە زراڤەکانی کێرمی گرت. قەڵەمە قامیشەکەمی خستە ناو مەرەکەبدانی زارییەوە. پاشان، سواری ئەسپە بەشکۆکەم بوو کە لەسەر پێیەکانی پاشووی هەستابوو. سیخەسیخە بەهێز و ناڕێکەکانم، تێکەڵی نووزە نووزەکانی بوون. بەم جۆرە، بە دەم ئۆف و ناڵەوە، یەکتریمان شەڵاڵی ئارەق کرد. خۆ من هەتا ئەو سەعاتەش ژیانێکی “ساغ”م هەبووە. ئەوەی ڕاستی بێ، من ئەوکات تێگەیشتم سەقەتی چییە. 

ئەو زارە، ئاخ، ئەو زارە، قەت قەت فەرامۆشی ناکەم. 

ئەسپێک چۆن ماندوو دەبێ، ئاوا ماندوو ببوو، هەروا کە ڕووی لێ وەرگێڕابووم و لەسەر سک ڕاکشابوو، لە تەنیشتم هەستا. کراسی خەوەکەی لەبەر کرد. بە هەنگاوی پێداگر دوور کەوتەوە، لەبەر دەرگاکە بە دەنگی “شەققەیەک”، یەکێک لە خشڵەکانی کەوتە خوارەوە. هەستی پێنەکرد. لە پشتەوە ڕا بانگم کرد، گوێی لێ نەبوو، ئەگەر بمزانیبا هەڵاتن چۆن شتێکە، بە دوایدا هەڵدەهاتم. ماوەیەکی تر، بە خەیاڵی ئەوەوە، حەپەساو بەوەی تووشی چی ببووم، جارێکی دیکە، جارێکی دیکە و جارێکی دیکە ئەو شتەم هێنایەوە بەر چاو کە تاوێک لەمەوپێش بەسەرمان هاتبوو و بەم جۆرە لە خەو ڕاچووم. 

بەیانی پێکەوە تاشتێمان خوارد. بە جۆرێک هەڵسوکەوتی کرد، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، جریوەی مەل لە دەنگی دەهات، خۆی بە بەر چاوی دایکمەوە شیرین دەکرد، شەکری دەکردە نێو چایەکەمەوە و تێکی وەردەدا، ئەو ڕۆنە کەرەیەی لە پێش دانام کە دەستم نەیدەگەیشتێ، ئەمن کە ئەقڵم تێکچووبوو و نەمدەزانی چ ڕووی داوە، کە چاوم لە چاوی دەبڕی، ئەو باسی جوانیی ڕووخسارم و ئەو نەخشە جوانەی دەکرد کە هەموو نوقسانییەکانمی سڕیوەتەوە و فڕێ داوەتە سووچێکەوە؛ من نەمدەتوانێ بڵێم ئەرێ لە کوێن، لە کوێن قاچەکانم؟

نەخێر، شارەزایانە ڕۆڵی ئەوەی دەبینی کە دوێنێ شەو هیچ شتێک ڕووی نەداوە. لەوە زیاتر خۆمم پێ ڕاگیر نەکرا. سوفرەی تاشتێم بەجێ هێشت و بۆ گەڕان بە دوای ئەو خشڵەدا چووم کە لەبەر دەرگاکەم کەوتبوو.

نەخێر.

لەوێ نەبوو.

گەڕامەوە، بینیم لە مەتبەخەکە قاپ و کەوچکان دەشوا. لە لایەکیشەوە، بە شێوەیەک کە منیش گوێم لێ بێ، بە دایکم دەڵێ دوای تەلەفۆنەکەی ئەم بەیانییە لە مێردەکەی خۆش بووە و ئەمشەو دەگەڕێتەوە ماڵی خۆیان.

من نەمزانی دوێنێ شەوێ ئەو شتە بەڕاستی ڕووی دا یان یارییەکی زاڵمانە بوو کە ئەقڵم بەسەری هێنابووم. وێدەچێ قەتیش پێ نەزانم.