شیعریەتم لە مەیدانێکەوە هێناوەتە مەیدانێکیتر

دیمانه‌ی فازڵ مه‌حموود له‌گه‌ڵ جان دۆست

بۆ کوردیی ناویین: فه‌رهاد چۆمانی
جان دۆست نووسەر و ڕۆماننووسی کورد

ئه‌م دیمانه‌یه‌ ساڵی ٢٠١٧ ئه‌نجام دراوه‌ و پێشتر له‌ گۆڤاری كتابستان به‌ فارسی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ كوردی بڵاوبكرێته‌وه‌.

فازڵ مەحموود: “بلانشۆ له‌ یه‌كێك له‌ وتاركانیدا پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ چییه‌  ئێمه‌ ناچار به‌ نووسین ده‌كات له‌كاتێكدا كۆتایی كتێبێك به‌ واتای كۆتایی نووسین نایه‌ت”، پرسیاره‌كه‌م لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا نووسین بۆ تۆ غیابی چ شتێكه‌؟ چونكه‌ نووسین خۆی غیابی كتێبه‌ و غیابی غیابێكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌ ڕێگایه‌وه‌ ئاشكرا بكات، نووسین لای تۆ چ غیابێك ئاشكرا ده‌كات و ئایا غیابی نووسین هه‌رگیز كۆتایی دێت؟”

جان دۆست: نووسین بۆ من كردارێكی ناكۆتایه‌، دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام كۆتایی نایه‌ت، هه‌روه‌ك خۆرهه‌ڵاتن، باران، ڕێڕه‌ویی ئاو له‌نێو رووباره‌كان، من كاتێك كتێبێك یان ڕۆمانێك ته‌واو ده‌كه‌م ده‌زانم كه‌ من به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌جازیی كۆتاییم به‌و كتێبه‌ هێناوه‌، چونكه‌ كۆتاییهان به‌ كتیبێك به‌ واتای ده‌ستپێكردنی كتێبێ تازه‌ دێت. نووسین كردارێكی بازنییه‌، وه‌كوو سووڕانه‌وه‌ی گه‌ردوون، هه‌ر بۆیه‌ من زیاتر له‌ سی ساڵانه‌ هه‌ر به‌رده‌وامم له‌ نووسین. نزیكه‌ بیست په‌رتووكم نووسیووه‌، له‌ ڕۆمان و شیعره‌ و بیگره‌ تاوه‌كوو توێژینه‌وه‌و بابه‌تیی تر، به‌ڵام ئه‌م غیابه‌ هه‌ر به‌ كۆتا نه‌گه‌یشتووه‌. ئه‌م غیابه‌ش ده‌روونی مرۆڤ و بیروباوه‌ڕی و هێز توانای ئاشكرا ده‌كات.

فازڵ مەحموود: تۆ سه‌ره‌تا به‌ شیعر نووسین ده‌ستتپێكرد، پاشان ڕووتكرده‌ ڕۆمان و له‌م ژانره‌دا زیاتر توانیت بناسرێیت و به‌هره‌ی نووسینیت ده‌ركه‌وێت، ئه‌گه‌رچی‌ ڕۆمان به‌ ڕابلێ و سێروانتێس ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام  پاش بالزاك سنوورداركردنیی ڕۆمان به‌ یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌ها شتێكی زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌روه‌ها زۆر ئه‌ستمه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێت كه‌ له‌ داهاتوودا ڕۆمان به‌ره‌و چ فه‌زا و دونیایه‌كیی نوێ تر ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ داهێنان له‌ ڕۆمان ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌ڵكو زیاتر ئه‌وه‌ فۆرمه‌ كه‌ داهێنان له‌ ناوه‌ڕۆكیش دروست ده‌كات و چیتر ڕه‌نگه‌ نه‌كرێت فۆرم و ناوه‌ڕۆك له‌ یه‌ك جیابكرێته‌وه‌.‌ سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ و ئه‌زموونی تۆیش‌ پێمخۆشه‌ لێره‌ قسه‌یه‌كی میلان كۆندرا به‌ بیر بهێنمه‌وه‌‌ كه‌ ده‌ڵێت: “ڕاسته‌ ڕۆماننووس له‌ كه‌لاوه‌كانی دونیای شاعیرانه‌ و لیریكه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت خۆی له‌ دونیای شاعیرانه‌ داببڕێت، به‌هامنشێوه‌ لای فلۆبێر وازهێنان له‌و دونیا ئایدیالیستییه‌ شیعرییه‌ به‌دی ده‌كرێت”. بۆ نووسه‌رێكی وه‌كوو تۆ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ شیعره‌وه‌ بۆ ڕۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چ زه‌رووره‌تێك؟ ئایا توانیوته‌ به‌ڕاستی له‌ دونیای شیعری جیاببیته‌وه‌؟

جان دۆست: لای من شیعر نەمرییە.. من شیعریەتم لە مەیدانێکەوە هێناوەتە مەیدانێکیتر. من هێشتا ئاگری هەڵبەستم بەدەستەوە گرتووە. هێشتا کراسی شیعرم پۆشیوە و دامنەکەندووە، هێشتا لەژێر دەوارەکەیدام، هێشتا چەکوشی شیعرم بەدەستەوەیە و پەیکەری پێ دروست دەکەم.. لەهەموو ڕۆمانەکانی مندا شیعر هەیە. هەر خۆی لە یەکەم ڕۆمانی مندا پاڵەوانەکەی “بادین” شاعیرە و بە زمانی شیعری دەئاخڤێ. لەو ڕۆمانە نۆبەرەیەمدا زۆر شیعریش هەن، هەندێک ڕەخنەگر دەڵێن ڕۆمانەکانی جان دۆست زۆر شیعرین، واتە ئەمە وەک ڕەخنەیەک دەڵێن، شیعریەت کێماسی و کەموکورتی نییە، بەپێچەوانەوە ڕۆمانێک ئەگەر زمانەکەی بەرز نەبێت، ئاستی زمانەکەی نەگاتە ئاستی شیعر و بژاردە نەبێت هیچە! بەڵام بەڕاستی من نەمتوانی ببمە ئەو شاعیرەی کە خەیاڵم بۆ دەکرد. ئەزموونە شیعرییەکەی خۆم بە دڵی خۆم نەبوو بۆیە من وەک ژانرێک بۆ نووسین وازملێهێنا. بەڵام هێشتا وەک زمان و ئامراز و شوێنگە و ئەتمۆسفیر هێشتا لەگەڵمدایە. منیش وەکو میلان کۆندێرام، هاوبیری ئەوم کە دەڵێت دەبێ ڕۆماننووس خۆی لە دونیای شاعیرانە داببڕێت. دونیای شاعیرانە شتێکی جیاوازە، خودی شیعر نییە. ڕۆماننووسێک هیچ کات ناتوانێ بە تەواوی خۆی لە شیعر ڕاپسکینێ، بەڵام من بە شیعر و لەڕێگەی شیعرەوە نەمدەتوانی هزر و بیر و باوەڕە جۆراوجۆرەکانی خۆم دەرببڕم. بە هەڵبەستێک کوڵی دڵم دانامرکێ تا بتوانم باسی ئێش و ژانەکانی شێخ سەعید (ی پیران) بکەم. دەبوو بە ٢٢٠ ڕووپەل شێخ سەعید زیندوو بکەمەوە و دووبارە بیگەڕێنمەوە ژیان. پێشتر ئەمە لەڕێگەی داستانەکانەوە بوو، داستان هەڵبەست بوون، مۆسیقا بوو، بەڵام ئەو مۆسیقا و کێش و سەروایە تەنێ کراسێک بوون و دەیانکردە بەری چیرۆکەکان. فیردەوسی نەیدەتوانی مێژووی ئێران بگێڕێتەوە ئەگەر داستان نەبوایە، منیش هەروام دەمەوێ باسی مێژووی کوردان و ئێش و ژانی ئەوان و هیواکانیان بکەم، بە تاکە شیعر و دیوانێک ئەمە هەرگیز بەجێ نایەت.

بەڕاستی نازانم لە وەرگێرانی سۆرانیدا کەسایەتی ڕۆمانەکانم چۆن ئاخاوتوون. بەڵام لە دەقە کورمانجییەکە زۆر لە ڕەخنەگران گوتبوویان کە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە کە هەر کاراکتەرێک بە زمانی تایبەتی خۆی دەئاخڤێ

فازڵ مەحموود: بێگومان تۆ توانیوته‌ ئه‌و دونیا ئایدیالیستییه‌ی شیعر تێپه‌ڕێنیت و بێیته‌ نێو واقیعی ڕۆمانه‌وه‌، و ڕۆمانه‌كانیشت شیعرییه‌تێكی تایبه‌تی دروستكردووه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌‌ شیعری شاعیراندا به‌دی نه‌كرێت، هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ شاعیرانانه‌ی “بادین” له‌ ڕۆمانی “مژاباد”دا، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ كه‌ خۆی شاعیره‌ دروست بێت، به‌ڵام كۆی به‌رهه‌مه‌كانی ترت زمانه‌كه‌ی شیعرییه‌، به‌ڵام من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م زمانه‌ شیعرییه‌ بووه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی به‌ باشی ناخ و ڕۆحی كاره‌كته‌ره‌كانت كنه‌ بكه‌ی و بیانخه‌یته‌ ڕوو، چونكه‌ زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كانت بۆ ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ و هه‌ستی خۆیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ده‌ربڕینێكی مه‌جازی و شیعری و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ “زمانێكی هاوبه‌ش” بۆ ده‌ربڕین لای ئه‌وان دروست ببێت،‌ بۆ نموونه‌ له‌ رۆمانی “میرنامه‌” زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان له‌ وه‌سفی “خانی”دا هه‌ڵبه‌ت نه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆك، به‌ڵكوو له‌ ده‌ربڕینی ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌یڵێن په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر زمانی شیعری، كه‌ ئه‌مه‌ زمانێكی هاوبه‌شی بۆ هه‌موویان دروستكردووه‌، بۆ ‌ نموونه‌ مورید و قوتابییه‌كانی تاوه‌كوو كابرای نابینا، كابرای كاسبكار هه‌موویان به‌ زمانی شیعری ده‌دوێن، ئایا ئه‌م شیعریه‌ته‌ له‌ زمان واینه‌كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كانت له‌ “ده‌ربڕیندا” نه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆك خاوه‌نیی زمانی خۆیان نه‌بن و شیعرییه‌ت زمانێكی هاوبه‌شی بۆ هه‌موویان دروست كردبێت؟

جان دۆست : بەڕاستی نازانم لە وەرگێرانی سۆرانیدا کەسایەتی ڕۆمانەکانم چۆن ئاخاوتوون. بەڵام لە دەقە کورمانجییەکە زۆر لە ڕەخنەگران گوتبوویان کە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە کە هەر کاراکتەرێک بە زمانی تایبەتی خۆی دەئاخڤێ. وەک حەکیمی جوو، حاجی زوهدی ئەفەندی و ئەوانیتر. بەڵام زمان نابێ ئاستنزم یان بێ ئاست بێت. لە دیالۆگ و گوتوبێژی نێوان کاراکتەرەکاندا خۆی دەبێ هەر یەکێکیان بە زمانی تایبەتی خۆی هەست و بیر و هزر و باوەڕەکانی خۆی بێنێتە زمان، لە میرنامەش هەروایە. بەڵام زمانی گێڕەرەوە یان نووسەری ڕۆمانەکە دەبێ زمانێکی جیاواز بێت. کاتێک کە دوو گوندی یان دوو کرێکاری نەخوێندەوار و نەخوێندوو دەبێ بە زمانی ئەوان بێت، ناتوانن بە زمانێکی پڕ لە فەلسەفە و تێرمی زانستی بێت. کاراکتەرەکانی ڕۆمانی میرنامە دەستەبژێرن، یاخود بڵێم کەسانی ئاسایی نین، بۆیە دەشێ زمانی ئەوان کەمێک لە زمانی کەسانی ئاسایی و کۆڵان بەرزتر بێت. بۆ نموونە بەهاری شاعیرە دەبێ زمانەکەی بەرز بێت، مەلا ئیسماعیل کە کەسایەتییەکی ڕاستەقینەیە شەمسۆی قەواڵ قەواڵێکی ئێزدییەکانە دەتوانێت گوفتار و بێژەی ناسک بڵێت. هەروەها ئەوانی تریش. لیرە دەمەوێ شتێک بڵیم، کە زۆر مرۆڤی ئاسایی دەتوانن زۆر بێژە و پەیڤی شیعری بڵێن، لە یادگای خۆیانەوە یان وەک شاعیرەکان بن، مەرج نییە کەسی شاعیر خەیاڵەکەی گەش و داگیرساو بێت. لەنێو ئاخاوتنێکی درێژیشدا دەکرێ چەند ڕستەیەکی شیعریش هەبن.

من دەیڵێمەوە کە مێژووی کوردی نەخوێندراوەتەوە، واتە بە هۆشێکی کراوە و ڕەخنەگرانەوە نەخوێندراوەتەوە. ئێمە بەردەوام مێژووی خۆمان وەک ڕووداوێکی پیرۆز خوێندوەتەوە. خوێندنەوەی ئێمە بۆ مێژوو خوێندنەوەیەکی ڕووکەشە

فازڵ مەحموود: ڕۆمانی مێژوویی ته‌نیا ژانرێكه‌ كه‌ تۆ زیاتر ئیشت له‌گه‌ل كردووه‌، واته‌ ڕۆمانێك كه‌ تێیدا مێژوو ده‌گۆڕێت بۆ بابه‌ته‌تێكی ئه‌ده‌بیی پله‌ مومتاز، له‌هه‌ر دوو ڕۆمانه‌كه‌تدا “مژاباد” و “میرنامه‌” ئێمه‌ كه‌سایه‌تیی مێژوویشمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت و دیاره‌ له‌م ڕۆمانانه‌دا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ مه‌به‌ستی تۆ سه‌رله‌نوێ ئافراندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان نییه‌، به‌ڵكوو كه‌سایه‌تییه‌ مێژووییه‌كانیش گرنگی خۆیان هه‌یه‌. واته‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانی “عه‌شیقی وه‌رگێڕ” كه‌ ئێمه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی مێژویییمان نییه‌، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك ناون كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیان وه‌كوو ده‌له‌لاتیش له‌گه‌ڵ مێژووی ڕۆمانه‌كه‌ یه‌ك نه‌گرنه‌وه‌، به‌ڵكوو زیاتر ناولێنانێكی سیمبوولیكه‌ بۆ ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌. به‌ بۆچوونی من رۆمانی مێژوویی ناكرێت به‌ده‌ر له‌ ستراتیژییه‌كی سیاسیی ده‌ركه‌وێت، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆمانی “میرنامه‌” ئه‌حمه‌دی خانی زیاتر وه‌كوو تیۆریسیه‌نێكی ناسیونالیست تیشكی خراوه‌ته‌ سه‌ر تاوه‌كوو ئه‌دیب، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ بۆچوونی من هه‌ڵویستی سیاسییه‌ له‌ ڕۆمانی مێژوویی و ده‌بێت له‌ قۆناغ و واقیعێكدا دروست ببێت كه‌ كۆمه‌ڵگا كه‌وتبێته‌ قۆناغیی گواستنه‌وه‌ واته‌ گواستنه‌وه‌ له‌ سیستم و قۆناغێكه‌وه‌ به‌ره‌و سیستمێكی تر. كه‌واته‌ بۆ تۆ ڕۆمانیی مێژوویی ێه‌نگدانه‌وه‌ی چ هه‌ڵوێستێكی سیاسییه‌ و بۆچی سه‌رله‌نوێ ئافراندنه‌وه‌ی‌ شۆڕش و به‌رخودانه‌كانیی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆماندا بۆ تۆ هێنده‌ گرنگه‌؟

لە ڕۆمانی مێژووییدا مەترسی زۆرن، لەسەرەتادا مەترسی ڕاستی زانیارییەکانە، من کاتێک ڕۆمانی مێژوویی دەخوێنمەوە هیچ کاتێک ناپرسم گەلۆ ئەو زانیارییە ڕاستە یان نا. من بە چاوی داهێنان و ئافراندن ڕۆمان دەخوێنمەوە.

جان دۆست: من دەیڵێمەوە کە مێژووی کوردی نەخوێندراوەتەوە، واتە بە هۆشێکی کراوە و ڕەخنەگرانەوە نەخوێندراوەتەوە. ئێمە بەردەوام مێژووی خۆمان وەک ڕووداوێکی پیرۆز خوێندوەتەوە. خوێندنەوەی ئێمە بۆ مێژوو خوێندنەوەیەکی ڕووکەشە، بە قووڵدا نەچووین. ئێمە پرسگەلی مەزن ناکەین، بۆچی شۆڕشەکانی ئێمە شکستیان هێنا؟ مەگەر ڕاستە بەهۆی خیانەتی کەسێکەوە دەکرێ شۆڕشێکی وەک هی شێخ سەعید تێکبچێت؟ من لەڕیگەی ڕۆمانەکانمەوە هەوڵ دەدەم مێژوو بە ئاوایەکی تر بخوێنمەوە. دیوێکی مێژووی ئێمە هەیە شاراوەیە. دەمەوێ ئەو دیوە شاراوەیە بێنمە بەر چاوان. مێژوو کانییەکە کە سەر دەکات و دەبێتە ڕووبارێکی بەهێز. من هەوڵ دەدەم خۆم بگەیەنمە سەروچاوە و بنجەکەی بۆ ئەوەی بزانم ئەوە چ ڕووبارێکە بەژێر قاچەکانی ئێمەدا دەڕوات؟ یەکەم ڕۆمانی من باس لە قۆناغێکی مێژوویی ئاڵۆز دەکات. دەیەی چلەکان لە سەدەی ڕابردوو. باسی سەرهەڵدانەکانی بارزانی، سەید ڕەزا، شێخ مەحموودی حەفید، سمکۆ ئاغا، دواتریش کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەکات. ئەو ڕۆمانە یان مژاباد دووبارە چاوخشاندنەوەیە بە مێژووی کۆماری کوردستان. چ بوو، چی ڕوویدا، بۆچی کۆمار ڕووخا، من بەو ڕۆمانە ڕۆحی جەنابی قازی محەممەد زیندوو دەکەمەوە. دەیهێنمەوە سەر ئەو زمانە و وادەکەم خوێنەرانی کورد بیناسن. ئەو هەڵانەی لە کۆماری کوردستان ڕوویاندا دووبارە نەبنەوە. هەروەها ڕۆمانی سێ هەنگاو و سێدارەیەک و میرنامەش هەروەها. ساڵی ١٩٩١ داستانەکەی من قەڵای دمدم چاپ بوو. ئەو کتێبە یەکەم بەرهەمی من بوو. ئەویش مێژوویی بوو باسی لە بەرخودانی قەڵای دمدم دەکرد لەسەردەمی شا عەباسی سەفەویدا. ئەو گەلانەی بە قەیران و کێشەدا تێدەپەڕن پێویستیان بە وانەی مێژوویی هەیە. پێویستیان بە پرسیاری مەزن هەیە لە مێژوو بیکەم، بۆیە من هەروا ڕووم کردۆتە مێژوویی کوردان.

‌فازڵ مەحموود: منیش لەگەڵتدا هاوڕام‌، ئیمه‌‌ هێشتا به‌ دیوێكی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ سه‌یریی مێژووی خۆمان نه‌ركردووه‌ و نه‌مانتوانیووه‌ له‌ چوراچێوه‌ی تیۆرییه‌ سیاسیی و فیكرییه‌كانی ئه‌مرۆ بیانخوێنینه‌وه‌، یان ته‌نانه‌ت له‌نێو دیسكۆرسی تر وه‌كوو رۆمان ئه‌م ئیشه‌ نه‌كراوه‌ و هه‌وڵیی تۆ له‌م لایه‌نه‌وه‌ جێگای بایه‌خه‌. به‌ڵام یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كانیی ڕۆمانی مێژوویی په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی بڕواپێكراوی مێژوویی، ناشكرێت ڕۆماننووس ته‌نیا له‌ڕیگای خه‌یاڵی خۆیه‌وه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ دروست بكات، ئه‌گه‌رچی بابه‌تیی ڕۆمانی مێژووییش سه‌رله‌نوێ ئافراندنه‌وه‌ی مێژووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌ب و نه‌ك نواندنه‌وه‌ی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مه‌وێت بزانم ئایا خوێنه‌ر له‌ كوێ دڵنیا بێـت سه‌رچاوه‌ مێژوویی یان كه‌ره‌سته‌كانی نووسینی ڕۆمانی مێژوویی لای تۆ ڕه‌سه‌نن، مه‌به‌ستم ئه‌و واقیعه‌ مێژووییانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كانیی تۆ سه‌رله‌نوێ ئافراندووته‌، خوێنه‌ر له‌ كوێ دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه‌ تۆ له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری و سیاسیی و ئایدۆلۆژیی خۆت له‌م ڕۆمانانه‌دا مێژووت له‌ ڕێڕه‌وی خۆی لانه‌داوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆمانی “مژاباد”دا؟

جان دۆست: لە ڕۆمانی مێژووییدا مەترسی زۆرن، لەسەرەتادا مەترسی ڕاستی زانیارییەکانە، من کاتێک ڕۆمانی مێژوویی دەخوێنمەوە هیچ کاتێک ناپرسم گەلۆ ئەو زانیارییە ڕاستە یان نا. من بە چاوی داهێنان و ئافراندن ڕۆمان دەخوێنمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەیڵێمەوە: نابێ ڕۆماننووس ماجەرا و واقیع لە خەیاڵی خۆیەوە بهۆنێتەوە. بۆنموونە کاتێک من ڕۆمانێک لەبارەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەنووسم نابێ بڵێم مەلا مستەفا بارزانی لەوێ شەهید بوو! چونکە ڕاستییەکی مێژوویی هەیە دەڵێت مەلا مستەفا لەوێ هات و ڕووی لە یەکێتی سۆڤیەت کرد. بەڵام مرۆڤ دەتوانێ بە کەیفی دڵی خۆی کاراکتەری خەیاڵی ببات و بێنێ. بۆ نموونە لە ڕۆمانی مژاباد کاراکتەری سەرەکی بادینی ئامێدی زادی خەیاڵی خۆمە، چۆن ئەو هەڵسوڕێنم بە دڵی من دەبێت. نابێ خوێنەران ڕۆمان بکەنە سەرچاوەی ڕاستینە مێژووییەکان. ڕۆمان ڕۆمانە و مێژووش مێژووە. ڕۆمان هیچ کاتێک نابێتە سەرچاوە بۆ مێژوو. هەروا لە چوارچێوە ئەدەبییەکەیدا دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ڕۆماننووس لە بەڵگەنامە مێژووییەکان دووربکەوێتەوە، دەبێ بتوانێ بگەڕێتەوە لای سەرچاوەکان، ئەتمۆسفیری ئەو سەردەم و مژارەی کە قۆناغی ڕۆمانەکەی تێدا ڕوودەدات و هەموو وردەکاری و لقەکانی بناسێت بۆ ئەوەی بتوانێ بە وردبینییەوە باسی ئه‌و سەردەمە بکات!

ڕۆمانی کۆبانێ هەشتەمین ڕۆمانی منە، ڕۆمانی ئازار و ژان و بەرخودان و خەڵەتاندنە. ئەو ڕۆمانە لەسەر دوو هێڵ دەڕوات، یەکێکیان ژیننیگاری (بایۆگرافی) من و ماڵباتی سەیدا، یاخود ماڵباتەکەی ئێمەیە لە ساڵانی ١٩٤٥ کە لە عاموودێوە هاتنە کۆبانێ و باپیرەم شێخ ساڵح تەریقەتی نەقشبەندی لەوێ بڵاوکردەوە. هێڵی دووەم ژیانی خەیاڵکردنی ماڵباتێکی کۆبانێیە کە لە دەستپێکی دروستبوونی کۆبانێوە تاوەکو شەڕی داعش

فازڵ مەحموود: دوا ڕۆمانت واته‌ “كۆبانی” كه‌ هێشتا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵگری ناوێكه‌ كه‌ له‌هه‌مانكاتدا زێدی له‌ دایكبوونته‌ ئه‌مڕۆ ‌بووه‌ته‌ سه‌مبولی به‌رخودان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ دڕه‌نده‌ترین جۆری به‌ربه‌ریه‌ت له‌ مێژوودا، ده‌كرێت كه‌مێك باسی پێكهاته‌ و ناوه‌ڕۆكیی ئه‌م ڕۆمانه‌مان بۆ بكه‌ی؟ یان په‌یوه‌ندیی ئه‌ده‌ب و به‌ره‌نگاری له‌م ڕۆمانه‌دا چۆنه‌؟

جان دۆست: ڕۆمانی کۆبانێ هەشتەمین ڕۆمانی منە، ڕۆمانی ئازار و ژان و بەرخودان و خەڵەتاندنە. ئەو ڕۆمانە لەسەر دوو هێڵ دەڕوات، یەکێکیان ژیننیگاری (بایۆگرافی) من و ماڵباتی سەیدا، یاخود ماڵباتەکەی ئێمەیە لە ساڵانی ١٩٤٥ کە لە عاموودێوە هاتنە کۆبانێ و باپیرەم شێخ ساڵح تەریقەتی نەقشبەندی لەوێ بڵاوکردەوە. هێڵی دووەم ژیانی خەیاڵکردنی ماڵباتێکی کۆبانێیە کە لە دەستپێکی دروستبوونی کۆبانێوە تاوەکو شەڕی داعش، کە لەو شارەدا ڕوویدا و شار وێران بوو و خەڵکەکەیشی بوونە پەنابەر. لەوێدا فەنتازیا و واقیع تێکەڵی یەک دەبن، بەرخودان و پەرێشانی، شەڕ و هیوای گەنجان، غەدری کورد لە کورد، ناکۆکی سیاسی و زۆر مژاری دیکە. ئێستا بە کورمانجی بلاودەبێتەوە، بۆ عەرەبیش وەرگێڕدراوە، ڕاستتر بڵێم بە عەرەبیش نووسیومە و بەم نزیکانە بلاودەبێتەوە. تاوەکو ئێستا گەورەترین ڕۆمانی منە زیاتر لە ٤٠٠ لاپەڕەیە. ئەم ڕۆمانەشم بەشێوازی پۆلیفۆنیک (فرەدەنگی) نووسیوە و ڕۆڵی ژن تێیدا بەرز و بەرچاوە. بەراستی نەمتوانی ئەو ڕۆمانە نەنووسم. وەک ئاگرێک وابوو لە دەممدا کە دەبوو دەریکەم. وەک ئەستری و دڕکێک وابوو لە دڵمدا، خەوی لێ حەرام کردبووم. بۆ من بووبووە کابووسێک، دوای ئەوەی تەواوم کرد وەک ئەوە وابوو بەرد و زنارێکی گەورەم لەسەر سنگم لادابێت و پشێکم هاتەوە بەر. لەگەڵ ئەوەشدا نووسینیشی بۆ من ژان و زەجر کێشان بوو بەڵام دەبوو ئەو ژان و ئازارە بچێژم و بۆ ئەوەی لە دەرد و ژانی خەڵکی نزیک بم.

فازڵ مەحموود: یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ زۆرجار تۆ پێی تۆمه‌تبار ده‌كرێی دژایه‌تییه‌كی زۆری تۆیه‌ بۆ خه‌باتی ی.پ.گ و ی.پ.ژ ، به‌وه‌ی‌ تۆ هێنده‌ باسی توندڕه‌ویی و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌وانت كردووه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانی تری رۆژئاوا ی كوردستان، ته‌نانه‌ت به‌ دێڕێكیش باسی ئازایه‌تی و جوامێریی ئه‌وانت له‌ شه‌ڕی داعش و ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی كه‌ به‌خشییان به‌ تایبه‌ت بۆ ئازادكردنی كۆبانی نه‌كردووه‌! پێت وایه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ی.پ.گ و ی.پ.ژ له‌پێناو پارتێكی سیاسی تر كه‌ كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌یه‌ بۆ تۆ وه‌كوو ئه‌دیبێك ڕیسكێكی گه‌وره‌ نییه‌؟ چونكه‌ ئه‌وان‌ هێزی سیاسیین و ده‌كرێت له‌ داهاتوودا ڕێك بكه‌ون و پاساویشیان بۆ ئه‌م ناكۆكییانه‌ی ئێستای خۆیان بهێننه‌وه‌‌، به‌ڵام له‌ مێژوودا قسه‌كانیی تۆ وه‌كوو ئه‌دیبێك فه‌رامۆش ناكرێت و ره‌نگه‌ وه‌كوو كه‌سێكی بێویژدان كه‌ هیچ كات به‌رخودانی ئه‌م هێزانه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ داعش و به‌ربه‌ریزم نه‌دیوه‌ مه‌حكوم بكرێی؟

جان دۆست: زۆر جار ئەم پرسیارەم لێ دەکرێت. کە بەداخەوە لە شوێنی خۆیدا نییە. پرسیارێکی بێ بنەمایەوە و سەرچاوەکەی پڕوپاگەندەیە لە دژی من. بەداخەوە ئێوەش کەوتنە ژێر ئەو پڕوپاگەندە زاڵمە. من ناچارم هەموو جارێ بۆچوونی خۆم بخەمە ڕوو و ئەمەش بەڕاستی نیگەرانم دەکات. یان ئەوەتا خەڵکی تێناگەن من ڕەخنە لە چی و لەکێ دەگرم یان ئەوەتا من خۆم ناتوانم بۆچوونی خۆم بە ڕوونی بێژم. من دەمەوێ پرسیار لە تۆ بکەم کەی و لەکوێ هێرشم کردوەتە سەر یەپەگە و یەپەژە؟ کوانێ حەقیقەتەکەی؟ بنەمای چییە؟ من بە تووندی ڕەخنە لە دەسەڵاتدارێتییەکی زاڵمانە دەگرم. ئەو کەسانەی کە لەنێو کۆڵانی شارەکاندا خوێنی خەڵکی سیڤیل دەڕێژن ڕەخنە دەکەم. شەش کەس لە ڕۆژێکدا گوللەباران کران و خوێنی ئەوان بێ هۆ ڕژا دەبێ ڕۆشنبیر بێدەنگ بێت؟ ئەو خوێنەی دەڕژێ ناتوانێ ببێتە پەردە لەنێوان من و ڕاستیدا. ڕەنگە کەسانێک کە لە دوورن نەزانن چی ڕوودەدات، بەڵام من زۆر باش ئاگام لە وڵات هەیە. ئەو کەسانەش کە تۆ دەڵێی من هێرشیان دەکەمە سەر دۆست و دراوسێ و هاوڕێی منن. ئەوانەیش کە شەهید دەبن دەیانناسم. هاوڕێیەتی ئەوانم کردووە و هێشتا قسەیەکی خراپم دەرهەق بەوان نەکردووە. ئەگەر من ڕەخنە لە سیاسەتی پارتێک دەگرم بەو مانایە نییە کە من ڕەخنە لە هێزی سەربازی دەگرم. سەرکردە شتێکن و سەرباز و تێکۆشەرانیش شتێکیتر. ئێستا ئەگەر کەسێک ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەو مانایەیە کە رەخنە لە پێشمەرگە دەگرێت؟ ئەمە چ پێوانە و پێودانگێکی پووچە؟ بە بۆچوونی من هەڵوێستی من لە دژی زوڵمە. هەروەها لە مێژوودا دەمێنێتەوە. بەلام کەسانی ڕاکردوو کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگن مێژوو نەفرەتیان لێ دەکات. ئەوان وەک من ڕاستییەکان دەزانن بەڵام دەمی خۆیان دووریوە.

فازڵ مەحموود: له‌ڕاستیدا مه‌به‌ستی منیش هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ی ڕۆمانی” دلۆپه‌ خوێنێك له‌سه‌ر مناره”‌ بوو كه‌ تێیدا باسی ڕه‌میكردنی ئه‌و گه‌نجانه‌ت كردبوو! به‌ بۆچوونی منیش ناڕه‌زاییت به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌میكردنی ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ تۆ به‌ بێتاوانیان ده‌زانیی شتێكی ئاساییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ناكرێت به‌ره‌نگاری و به‌رگری ئه‌م گروپه‌ سیاسیی و باڵه‌ سه‌ربازییه‌كانیی له‌ ڕۆژئاوا له‌به‌رچاو نه‌گریت، به‌ جۆرێك تۆ ته‌نانه‌ت له‌ یه‌ك شوێنیش به‌ باشی ناوی ئه‌وانت نه‌هێناوه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ڕۆمانی “دڵۆپه‌ خۆێنێك له‌ سه‌ر مناره‌” دژایه‌تیی ئه‌وان ده‌كه‌ی و ئه‌و فه‌زایه‌ی كه‌ له‌م ڕۆمانه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیی ئه‌وان دروستكردووه‌ ڕه‌نگه‌ ترسناك تر و توقێنه‌ر بێت له‌ فه‌زای ژێر ده‌ستیی داعش، به‌ بۆچوونیی من باڵی سه‌ربازی و باڵی سیاسیی یه‌ك سیاسه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و نواندنه‌وه‌ی یه‌ك ئایدۆلۆژیای سیاسین و ناكرێت ئه‌م دوانه‌ له‌ یه‌ك جیابكرێته‌وه‌. جگه‌ له‌م ڕۆمانه‌، تۆ به‌رده‌وام له‌ دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنیی و ڕاگه‌یاندنكاندا به‌ تایبه‌ت له‌و دیدارانه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنیی “ڕووداو” چه‌ند جارێك خۆم دیومه‌ كه‌ باس له‌ نه‌بوونی ئازادی و دیموكراتیی له‌ ژێر ده‌ستی په‌یه‌ده‌ و باڵه‌ سه‌ربازییه‌كانیی ده‌كه‌ی، و زیاتر تیشكت له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ تا داعش! بۆ دواجار ده‌مه‌وێت بزانم بۆچوونی تۆ له‌ سه‌ر كانتۆكانیی ڕۆژئاوا چییه‌ و چ پێشبینییه‌كت بۆ داهاتووی ئه‌وێ هه‌یه‌؟

جان دۆست: لەم ساتەدا کە من وەڵامی تۆ دەدەمەوە، ژنێکی ئازای کورد هەیە ناوی فەسڵا یوسفە لە زیندانی ئەو دەسەڵاتە زاڵمەدایە. ئێستاش بیستم کە نەشئەت زازا دەستگیرکراوە و ونە. بە دەیان گیراو و کوژراو هەن. من وەک دەسەڵاتێکی فاشیستی دەبینم،، کە لە ئەنجامی فەوزا و شەڕ دروست بووە، بەڵێ قوربانی زۆرن، ژمارەی شەهیدان بە هەزارانن بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی شەهیدان نابێتە پەردە کە ئەو فاشیزمە ڕەشە لەبەرچاوم بشارێتەوە. واتە کاتێک شەهید یان قوربانی هێزێک هەبن، ئەو هێزە بە خوێنی ئەوان پاک نابێتەوە. بەڵکو پێویستە خەڵک بپرسێ بۆچی؟ خەڵکی شەهید دەبن بۆ ئامانجی پیرۆزە شەهید دەبن، بەڵام حیزبە سیاسییەکان ئەجێندایەکی نادیار درێژەپێدەدەن. ئەو هێزە سیاسییەی کە کچ و کوڕانی گەنجی ئێمە لێرە و لەوێ ئاراستەی شەڕ دەکات وادەکات میللەتی ئێمە بکەوێتە نێو مەترسی مەزنتر. من دەزانم کە ملیۆنان کورد هەن بڕوایان بەو هێزە هەیە. ئەو کوردە دڵسۆزانە بەداخەوە بە خوێنی شەهیدان خەڵەتێنراون. ئێمە وەکو کوردانی ڕۆژئاوا بە ئاگری ئەوانەوە دەسووتێین، کوردانی دوور تەنیا دەنگی دەهۆڵ و هوتافە بێبنەماکان دەبیستن. حەیری و سەرسام دەبن بە ئێمە کاتێک ڕەخنەیان لێ دەگرین. ئێمە بە خائین دەزانن. داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ڕووداوەکانی ئێستا ئاوا دەکرێت. بەداخەوە من بە چاوێکی ئەرێنی لێی ناڕوانم، بەڵام هیوادارم ئەو ڕووباری خوێنە لەخۆڕا نەڕژابێت.