سینەما و ئەشکەوتەکەی پلاتۆ

سینەما وەک ئاسۆیەک بۆ فەلسەفە

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین
ئەشکەوتەکەی پلاتۆ (ئەفلاتۆن)، تابلۆی میشیەل کۆکسی سەدەی ١٦ی زاینی

بۆچی باس لە بوونی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و سینەما دەکەین؟ 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانین دوو گریمانە پێشکەش بکەین:

گریمانەی یەکەم ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان سینەما و فەلسەفە پەیوەندییەکی پێویست و لێکدانەبڕاوە، چونکە لەنێوانیاندا جیاوازی، لێکدژی و ناکۆکی هەیە. گەر هاتوو وتمان سینەما لە وێنەگەلێک پێکهاتووە، گەر سینەما شێوەیەک بێت لە شێوەکانی پەیوەندییەکی وێنەیی (وەهمی) بە جیهانەوە، ئەو کات دەکەوێتە بەر ڕەخنەیەکی ڕیشەیی و پرەنسیپیانە، ڕەخنەیەک کە لە ڕوانگەی فەلسەفەوە زۆر زۆر کۆنە و پەیوەستی گومانە، گومان لە وێنەکان. بە مانایەک لە ماناکان فەلسەفە بەناوی چەمکەکان، بیرکردنەوە و ڕاشنالیزمەوە دژ بە دەسەڵاتی وێنەکانە. بەهەر حاڵ، ئێمە هەر لەلای فەیلەسوفێکی وەک پلاتۆ ڕەخنە لە سینەما دەبینین، چونکە نمونەکانی ئەو ئەشکەوتەی کە باسیان دەکات، گرنگترین نمایشن لە مێژووی فەلسەفەدا بۆ سینەما، نمایشێک کە لانیکەم لەو سەردەمەدا بوونی نەبووە. ڕەخنەی فەلسەفی لە سینەما بە چەندین سەدە بەر لە بوونی سینەما، سەریهەڵداوە. ئا ئەوەیە هێزی فەلسەفە، دەسەڵاتی زووخەمڵاندن و پێشبینیکارانەی فەلسەفە. 

من لە وەرگێڕانەکەمدا بۆ کۆماری پلاتۆ، ئەشکەوتەکەی ئەوم (وا وەرگێڕاوە) گۆڕیوە بە سینەمایەکی هاوچەرخ. ئەوە دەرئەنجامێک (بەڵگەیەک) بوو لە منەوە، نمایشێک بوو بۆ وێنە، وێنە وەک شوێنی ڕاستی. لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆدا مرۆڤایەتی هەندێک وێنەی دەبینی، لەو بڕوایەیشدا بوو کە ئەو وێنانە ڕاستیین: ڕاستییەکی ناوازە و دانسقە، کاری سەرەکی و گرنگی فەلسەفەیش بریتییە لە دەستەبەرکردنی هەلومەرج و ئامراز بۆ دەرچوون و دەربازبوون لەو ئەشکەوتە، ئەرکی فەلسەفە دەربازبوونە لە دیکتاتۆربوونی وێنە. لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە لە مڕۆدا لە هەر کاتێکی تر و بەراورد بەو کاتەی لە ئەشکەوتەکەدا بووین (سەردەمی پلاتۆ)، زۆر دروستترە و ڕاستتر، چونکە ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکی ئاڵۆز و پێکداچڕژاوی وێنەکاندا دەژین، کە ئەوەیش زۆر دوورتر و جیاوازترە لەوەی کە پلاتۆ تێیگەیشتبوو. کەواتە نموونەکانی ئەشکەوتەکەی پلاتۆ هیچ نییە جگە لە ناکۆکی نێوان فەلسەفە و سینەما. کەواتە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان فەلسەفە و سینەمادا کە پتر نەبیستراوە و بەرگوێ نەکەوتە. دواجار فەلسەفەیش خۆی دژ بە دەسەڵاتی وێنەکانە، دژی سینەمایە.

ئەوە گریمانەی یەکەم بوو، کە لەڕاستیدا هی من نییە و پشتگیریشی ناکەم. لەبەر یەک هۆی سەرەکی: کە وەڵامدانەوەی منە بۆ پرسیاری یەکەم. ناوەرۆکی وەڵامەکەی منیش ئەوە بوو کە مەحاڵە سینەما پێناسە بکرێت. من ڕام وایە کە ناکرێت سینەما بەتەنها کورتبکەینەوە بۆ کۆمەڵێک وێنەی پەتی، کە ئەمەیش خۆی مانای وایە دواجار سینەما ئەشکەوتەکەی پلاتۆ نییە. سینەما ئالۆزە و تێکچڕژاو. سینەما تیشکی وێنەکانە، کەواتە شتێک هەیە هاوشێوەی وەهم، لێ ئەو وەهمە (وەهمی سینەما) ئەو فەرمان و ڕۆڵە نەرێنییەی وێنە ناگێڕێت بە مانا پلاتۆییەکە، چونکە وێنە لای پلاتۆ واتە بوونی واقیعێکی ساختە، بەڵام سینەما وا نییە، سینەما واقیعێکی ساختە نییە. سینەما واتە بوونی پەیوەندییەکی نوێ بە واقیع خۆیەوە. دەکرێت باشتر ڕوونی بکەینەوە و بڵیین: سینەما لە وێنەگەلێکی ئاڵۆز، ئاوێتە و تێکچڕژاو بەسەریەکدا دروستبووە. بەڵام ئەم پێکهاتە ئاڵۆز و ئاوێتەیە ناڵێت من ڕاستیم، ڕاستییەکی ڕاستەقینە و واقیعیم. نا، سینەما وەهمێکە و خۆیشی دانی پێدادەنێت کە وەهمە. هەر بۆیە سینەما تەواو جیایە لە زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتەکەی پلاتۆ، چونکە ئێمە لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆدا باوەڕمان وایە کە وێنەکان تاکە فۆرم و شێوەی ڕاستی (حەقیقەت)ن. ڕێک پێچەوانەی ئەوە، سینەما لە وێنە فێرکارییەکان (دیداکتیک)ەکان دەچێت، ئەوەی کە پێت دەڵێت وێنەکان لەبەر ئەوە بوونیان نییە تا ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی شتە ڕاستەقینە و واقیعییەکان بن، بەڵکو وەک شتگەلێک کە شتێکی تازەمان لەبارەی واقیعی ڕاستەقینە خۆیەوە، پێ دەڵێن، دیارە لە پێوار و بزریی واقیعی ڕاستەقینە خۆیدا، لێ بە شێوەیەکی تازەی زانین / مەعریفەوە. 

هیچ ناکۆکی و لێکدژییەک لەنێوان فەلسەفە و سینەمادا بوونی نییە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، سینەما لە مڕۆدا – بەمانایەک لە ماناکان – مەرجێکە بۆ بوونی فەلسەفە

کەواتە گریمانەکەی من ئەوەیە: کە هیچ ناکۆکی و لێکدژییەک لەنێوان فەلسەفە و سینەمادا بوونی نییە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، سینەما لە مڕۆدا – بەمانایەک لە ماناکان – مەرجێکە بۆ بوونی فەلسەفە. بەو زاراوەیەیشم (مەرجێک بۆ بوونی فەلسەفە) مەبەستم لە چالاکی، شێوەیەک لە داهێنان و بیرکردنەوەیە کە بە واتای بوونی ئاسۆیەک بۆ فەلسەفاندن و چالاکی فەلسەفی دێت. کەواتە مەرجی ئەوەی کە فەلسەفە بوونی هەبێت مانای وایە چی لە جیهاندا بوونی هەیە و چ شتێک بە ڕاستی واتای توانایەکی نوێ بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی، دەبەخشێت. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە کە هەڵوێستی من ئاشکرایە و دەڵێم: بەبێ بوونی پەیوەندی بە سینەماوە، ئێمە ناتوانین بفەلسەفێنین. دەیشتوانین بڵێین: هەر لە بێغسۆن (بێرگسۆن)ەوە تاوەکو من… (گەر ئەم ڕێزلێگرتنە نارسیستیەم لە خۆم لێ قبوڵبکەن –بە پێکەنینێکەوە-) بایەخێکی زۆری فەیلەسوفەکان بە سینەما دەبینین، بۆ نموونە کتێبەکانی دۆلوز، کتێبەکانی رانسیێر و کتێبی چەندین فەیلەسوفی هاوچەرخی تر کە پەیوەستن بە سینەماوە. هەموو ئەمەیش لەبەرئەوەیە کە سینەما – کە ڕەگەزێکی سەرەکی و پێکهێنەرە لە جیهانی ئێمەدا – شتێکی تازە و نوێیە، وەک چۆن شتێکە هاوشێوەی وانەیەکی نوێ بۆ هەبوون و ئەگەری بوونی فەلسەفییانە.

سه‌رچاوه‌:

https://www.facebook.com/existential.cinema/videos/277937675993182