ڕۆمان و جەنگ
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی"ئەسپەنجیر"ی تەیفوور بەتحایی
نێواخنی ڕۆمان:
ئەسپەنجیر، وەک نووسەر لەسەر بەرگی نووسیویە، بەرگی دووەمی ڕۆمانی “ژیان بەدەم زریانەوە”یە و بە قەڵەمی تەیفوور بەتحایی، نووسەر و هونەرمەندی خەڵکی سنە نووسراوە. ئەم دەقە گێڕانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات دوای ڕووداوەکانی نەورۆزی سنە و شەڕی سێ مانگەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەسپەنجیر، هەڵێنجراوی ئازار و بڕک و لێکەوتەکانی جەنگە، جەنگێک کە بەرۆکی مرۆڤی کوردی گرت. بەسەرهاتی نەهامەتی، هەژاری، بێباوانی و بێدەرەتانیی “ژیان” دەگێڕێتەوە، ژیان منداڵێکە بەرهەمی پەیوەندیی نێوان پێشمەرگەیەک و ژنێکی لایەنگری شۆڕشە کە دوای هەڵگیرسانی شەڕ و چۆڵکردنی شار لەلایەن پێشمەرگەوە، لەدایک دەبێت، پاشان دایکی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەگیرێت و ژیان لەلایەن دایە “ئامە” کەسێکی نزیکیانەوە بەخێو دەکرێت. «ئامە گوتبووی ئەو ڕۆژەی بە دنیا هاتی، پاسدار و جاش گەیشتنە نێو دێ. وڵاتیان دایە بەر تۆپ. پێشمەرگە هەتا ئێوارە شەڕیان کرد و دوایە پاشەکەشەیان کرد. شەوی نەورۆز بوو. بەرەو شاخە بەرزەکان ڕۆیشتن و ئیتر نەگەڕانەوە. کێ کوشتیانی؟ کێ بە کوشتی دان؟ ئامە ئەمەی نەدەزانی» (ل. ٧. ئەسپەنجیر).
ژیان لە گوندێکی نزیک سنە (باینچۆ) لە هەژاری و بێباوکی و دایکیدا باڵا دەکات و گەورە دەبێت. پاش مردنی ئامە، سەرگەردان دەبێت و “جەمیل” کوڕی دایە ئامە دەیباتە شار لای خۆی و لەوێوە ڕووداوەکان قووڵتر دەبنەوە و تراژیدیا و دیوە شاراوە و پڕ لە ژانەکانی “ژیان”ی کوڕی جەنگ نەختە نەختە ئاشکرا دەبن. شار بۆ ژیان تژییە لە ئازار، لێوانلێوە لە برسێتی و نەداری. لەگەڵ گەورەبوونی، ژیان زیاتر لە ڕاستییەکان و دەوروبەر تێدەگات، لە شار یەک ساڵ لە حەوشەیەک دراوسێی دایکییەتی، وەلێ هیچکامیانیەکدی ناناسن. ژیان، هاوکات لەگەڵ چوونە قوتابخانە، تێکەڵی بازاری کار و کاسبی و چەرمەسەری و پارە پەیداکردن دەبێت، لەم دۆخەدا لەگەڵ کەماڵ و سیروان ئاشنا دەبێت و لەگەڵ خۆناسین و تێفکرین لە “ناسنامە”ی خۆی و نەتەوەکەی، ڕاگوەزرانە ئاشقی سەفوورا دەبێت، ئەشقێک کە قەت نەیتوانی پێی بڵێت.
دواتر بەرەبەرە گرێپۆچکەی ناڕوونی ژیانی (دایک و باوک)یڕوون دەبنەوە، بەرلەوەی “سیامەند” باوکی سیروان کە لەڕاستیدا باوکی ژیان و هەڵاڵەشە، دان بە ڕاستییەکاندا بنێ، “هەڵاڵە” ئۆگر و ئاشقی ژیان دەبێت. وەلێ “ژیان” هەڵوەدایە و دەیهەوێ وەڵامی پرسیارەیەک لە دواییەکەکان کە وەک پوورەی هەنگ دەوریان داوە، بدۆزێتەوە. دوای ئەزموونی سەختی ژیان و پەیداکردنی نان دەکەوێت و ڕوو دەکاتە دەوروبەری تیکاب و لە ناوچەی هەوشار لە بەنداوی “سارۆخ” دەست بە کرێکاری دەکات، لەوێ قۆناغێکیتری ژیانی دەست پێدەکات و گێڕانەوەکە لێرەدا قووڵتر دەبێتەوە. لەوێ بە کردەوە لە ماناکانی، نادادپەروەری، ستەم، “چینی کرێکار”، داگیرکەر، پیلانی دەزگا ئەمنییەکان، ناوەرۆک و ئامانجی شۆڕشی کوردستان و ململانێی ئایینی و نەتەوەیی نێوان کورد و عەجەم تێدەگات. ئاشنابوونی لەگەڵ “فایق” کرێکار و خەباتگێڕێکی چەپی بە ئەزموون و بەندکراوی سیاسی، بیرکردنەوە و ئەندێشەی ژیان بۆ جیهانی دەوروبەر دەگۆڕێت. پاشان فێری خەباتی چینی کرێکاری دەکات و هەتا دوایی کە فایق بە پلانێک موهەندیسی پیلانگێڕی پرۆژەکە و دوو گزیرەکەی دەکوژێت و هەڵدێت و هەموو تاوانەکە دەخرێتە ئەستۆی ژیان و دواتر سزای سێدارەی بۆ دەبڕێتەوە و کۆتایی و سەرەتای ئەم دەقە پێکەوە دەبەسترێن.
وشە سەرەکییەکان: جەنگ، شۆڕش، هەژاری، کار، ستەم و نادادپەروەری، ژن و ئەشق.
جەنگ و لێکەوتەکانی:
هەروەک لە شوێنێکی دەقی ئەسپەنجیردا هاتووە «ئەم چەرخە تا هاتووە هەر وا بووە و هەر واش دەبێت». لە جەنگی هابیل و قابیلەوە بگرە تاکوو ئێستا، شەڕ و ململانێ و جەنگ بە هەر هۆیەک هەڵگیرسابێت، بەرژەوەندیی کەسی، یان ئایدیۆلۆژیی گرووپ و وڵاتێک بێت، بەرەنجام و لێکەوتەکانی، ئاوارەیی، سەرهەڵگرتن، هەتیوی، هەژاری و بێدرەتانیی بەدواوە بووە. ئەو دروشم و ئایدۆلۆژییانەی کە بۆ ڕەواییدان بە جەنگ، دەڵێن لەپێناو ئاشتی و ئازادیدا دەجەنگین، بنەمای ڕاست و لۆژیکییان نییە. چونکە هیچ جەنگێک بەبێ ماڵوێرانی، کوشت و کوشتار و داڕووخانی ژێرخانی ئابووری، فەرهەنگی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی بنەماڵە، ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەری نەبووە لەم پرسە، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، شارەکانی کوردستان لە کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوون، خۆبەڕێوەبەری و نیمچە کرانەوە و ئازادییەک هاتە ئاراوە. حکوومەتی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو کە باوەڕی بە مافی نەتەوەیی و چەمکی ئازادی نەبوو، هێرشی کردە سەر کوردستان و شەڕ هەڵگیرسا و کوشتار و جەنگ گەیشتە بینە قاقا و فتواکەی خومەینی لووتکەی ئەم پەلامار و خوێنڕشتنە بوو کە لە سنە پاش ڕووداوەکانی نەورۆزیخوێناویی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩٨٠ی زایینی)، و بەرگریی ٢٧ ڕۆژەی خەڵک و هێزە سیاسییەکان، هەرچەند بەرگرییەکی ڕەوا بوو، بەڵام لەم جەنگەدا سەدان بنەماڵە بێسەروشوێن کران، هەزاران منداڵ بێدایک و باوک کران، سەدان دایک جەرگیان هەڵقرچا، سەدان باوک سەریان هەڵگرت و نەگەڕانەوە. لەم جەنگە نابەرانبەرەدا چ لایەنی ڕەوا (شۆڕشی کورد) و چ لایەنی ناڕەوا و داگیرکەر، دۆخێکیان خولقاند کە لێکەوتەکانی منداڵانی بێاتوان بوونە قوربانی. لەم جەنگەدا کە لەژێر ناو و دروشمی “ژیان، نان و ئازادی”دا هەڵگیرسا، “ژیان”ەکان بەدوای پاروویەک نان و چرکەیەک ئازادی و کەرامەت و ناسنامەدا، نەتەنیا بە نان و ئازادی نەگەیشتن، بەڵکوو، سەرلەبەری ژیانیان لەژێر قورسایی پرسیارە بێ وەڵامەکاندا هەڵپڕووزا. لێکترازانی بنەماڵەکان و چیرۆک و سەربوردە و تراژیدیا جەرگبڕی دیوە شاراوەکانی جەنگ لە کوردستان، هێشتا دەرنەکەوتوون و بە نەنووسراوی ماونەتەوە، ئەسپەنجیر، گێڕانەوەی چیرۆکییەکێک لەو سەدان قوربانییەی جەنگە.
شێوازی گێڕانەوە:
هەڵبژاردنی ناوی ئەسپەنجیر، کە وەک ڕاز و ئەفسانەیەک دایە “ئامە” بەردەوام بۆ “ژیان” کارەکتەری سەرەکیی ئەم دەقە دەیگێڕێتەوە، بە واتای لێک گرێدانی واقیعی ژیان و ئەفسانەیە. وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە ئاخۆ ژیانیش هەمان خەیاڵ و ئەفسانە نییە. ئەسپەنجیری قارەمانی ناو ڕازەکان کەی دێت و لەم تەنگژەیە ڕزگارمان دەکات.
شێوازی نووسینی ئەسپەنجیر، سادە و ساکار و ڕەوان و بێ گرێپۆچکەیە. سەرەتای ئەم ڕۆمانە بە وشەی “زریان”ەوە دەست پیدەکات، کە تێیدا “ژیان”ی قوربانی لە گرتووخانە خەونی چۆنیەتیی پەلکێشکردنی بۆ پای پەتی سێدارە دەبینێت، هەرچەندڕادەچڵکێت، بەڵام ئەیژێ «ئەم خەونە لەگەڵم دەژی». (ل.٥. ئەسپەنجیر).
کۆتایی ئەسپەنجیر کە بە هەمان خەونی سەرەتا و دەسپێکی کارەکتەری سەرەکی “ژیان”ەوە دەبڕێتەوە، هەڵێنجراوی تێگەیشتنی قووڵی نووسەرە لە داڕشتەی هونەری ڕۆمان و گێڕانەوە، کە بەستنەوەی سەرەتا و کۆتایی دەق، پێکەوە بە واتای کۆتایی نەهاتنی ئەم دەقەیە لەڕووی واتاییەوە. هاوکات جۆرێکە لە بەشداریی خوێنەر لە ڕەوڕەوەی دەقدا کە ڕۆمانی هاوچەرخ زۆر گرنگی بەم شێوازە لە گێڕانەوە دەدات. ڕەهەند و فۆرمی گێڕانەوەی ئەسپەنجیر، تەواو ڕیالیستیانەیە و دەربڕی واقیعی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانە، ژیانێک کە لێوانلێوە لە هەژاری، دەستەنگی و هەڵزنانە بە هەڵدێر و گاشەبەردی “ژیان”دا بۆ لەتێک نان و چرکەساتێک ئازادی. خۆ خەریک نەکردنی نووسەر بە تەکنیک و فۆرم و شێوازەکانی گێڕانەوە، کەشێکی خولقاندووە زیاتر گرنگی بە ناوەرۆک و ئاراستەی ڕووداو وەک ڕۆمان و خستنەڕووی واقیع داوە و زیاتر پەیام لەلای گرنگە، نەک فۆرم و تەکنیکی ڕۆمان. چونکە زۆرێک لە نووسەرانی ئەدەبی گێڕانەوەی ئەمڕۆی کورد هێندە خۆیان سەرقاڵی شێواز و تەکنیکەکانی گێڕانەوە دەکەن، لەڕاستیدا هەم ڕەوڕەوی دەق و چەقی ڕووداو واقیعیان لێ ون دەبێ و هەم سەر لە خوێنەریش دەشێوێنن.
هەڵبژاردنی بابەت، چۆنیەتیی نووسین، چنینی وشە و دەستەواژەکان ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگەی کوردستانن. پێناسەی پێکهاتە و تایبەتمەندیی سروشت و ژینگەی گوند و خەسڵەت و خولق و ئاکاری خەڵکی دێهات و خەون و خولیاکانیان. دواتر بەراوردی لەگەڵ کۆمەڵگەی شار (نەک بە واتا ڕاستی و ئەمڕۆییەکەی شار)، نوقمبوونی مرۆڤی هەژار و بێدەرەتان لەناو قەرەباڵغیی بێبەزەییانەی شار، شاری نوقمی ستەم و داگیرکاری و شیتەڵکردنی ژیانی کارەکتەرەکان، هاوکات دەربڕینی دیالۆگ و لەحن و قسە و ئاخاوتەی کارەکتەرەکان، تەواو وێنای کۆمەڵگەیەک دەکات کە نووسەر خۆی لەڕەوتی ڕووداوەکاندا بووە و وەک کارەکتەرێکی سیاسی و فەرهەنگی لە نزیکەوە ئەوانەی ئەزموون کردووە.
ئاراستەی ئەم دەقە و ڕەوتی ڕووداوەکان و شێوازی گێڕانەوەی خەتییە و بێ گرێ و سادە و ڕەوانە. ڕەوڕەوی ئەسپەنجیر، ئەزموونی ژیانی “ژیان”ی گێڕەوەیە، ئەم ڕۆمانە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی کارەکتەری سەرەکی دەڕوات و زۆر بە جوانی و وردی ڕەهەندەکانی ژیانی، بیرکردنەوە و کاریگەریی دەوروبەر و بەگشتی ژینگەی ژیانی دەنووسێتەوە و وەک کامیرایەک و سینەماگەرێک چرکە بە چرکە تۆماریان دەکات و ئەندێشەی نووسەر نەبووەتە هۆی هاتنە پیشی ڕووداوی نائاسایی و جیا لەڕووداوەکانی ژیانی کارەکتەرەکان و خەمەکانی ژیان، شتێکی نائاسایی لەم دەقەدا بەرۆکی خوێنەر ناگرێت کە ببێتە گرێ.
لە ئەدەبی گیڕانەوەی کوردیدا دەقی هاوشێوەی “ئەسپەنجیر” کەڕەخنەئاسا و دوو لایەنە جیا لەوەی سیمای داگیرکەرانی کوردستان دەخەنەڕوو و باسی دۆخی شەڕ لە کوردستان دەکەن، هاوکات نوقرچک لە دیوی شاراوەی شۆڕشی کورد دەگرن و هەڵە و کەموکۆڕییەکانیان دەخەنەڕوو، دەکرێ ئاماژە بەڕۆمانەکانی “مولازم تەحسین و شتی تریش”ی فەرهاد پیرباڵ، “سەگوەڕ”ی محەمەد موکری هەتاڕادەیەک (گرەوی بەختی هەڵاڵە)ی عەتا نەهایی و “هاوزێ”ی دلاوەرڕەحیمی، بکەین. ئەسپەنجیر، زۆر ڕاشکاوانە و لە زۆر شوێنێش ناڕاستەوخۆ و هێماییانە شۆڕشی کورد و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕی کورد دەخاتەڕوو و ڕووبەڕووی پرسیاری جیدیی دەکاتەوە. هەڵەی سیاسیی شۆڕش و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کایەی سیاسی، دانوستان و جەنگ لەناو شار و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیر دەخاتەڕوو و ئایدۆلۆژیی بێ بنەما و ململانێ و دووبەرەکێی لایەنەکان وەک دیوی دەردێکی کوشندە وێنا دەکات.
شوێن – کات:
هەرچەند لە ڕۆمانی نوێ و هاوچەرخدا باس لە نەمانی شوێن – کات و نەمانی ئەو ئەو هاوئاهەنگی لێک گرێدانەنەی نێوان ئەوم دوو توخمە دەکرێت، بەڵام ئەسپەنجیر، پابەندە بە شوێن کاتەوە و زۆر بە جوانی کاری لەسەر کردووە. ئەم دەقە وەک دەقێکی ڕیالیست و گێڕەرەوەی ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستان لە کاتی جەنگدا، هەر لە لاپەڕەکانییەکەمدا بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کە سەرەتای ئەمڕۆمانە لە گوندێکی نزیک سنە (باینچۆ)وە دەست پێدەکات و دواتر ڕووداوەکانی دیکە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری سنە و ناو بازاڕ ڕوو دەدەن. شوێنێکی دیکە کە لەم ڕۆمانەدا دیار و ڕوونە ناوچەی هەوشار و دەوروبەری شاری تیکاب و پرۆژەی بەنداوی سارۆخە. کات وەک توخم و پێکهاتەیەکی دیکەی هەر ڕۆمانێکی کلاسیک و ڕیالیست کە لە فۆرمبەخشین بە دەقدا دەوری سەرەکی دەگێڕێت، لە دەقی ئەسپەنجیردا کە باسی قۆناغێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گرنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، بە جوانی خۆی دەردەخات. چەقی ڕووداوەکان باسی ژیانی کارەکتەرەکان لە دوو دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی (٨٠ و ٩٠ی زایینی) دەکەن. بەڵام هەندێ دیالۆگ، مشتومڕی کارەکتەرەکان و ژیانی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی دۆخی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و گەرمەی شەڕ و ڕووداوەکانی سنە و دەوروبەری.
کارەکتەر و دیالۆگ:
نووسەر هەر لە لاپەڕەکانییەکەمدا بۆ خوێنەری روون دەکاتەوە کە کارەکتەری سەرەکی و گێڕەوە “ژیان”ی هەتیوە کە نە باوکی دیارە و نە دایکی و ڕووداوەکان لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە دەگێڕێتەوە و لە هەندێ شوێنێش بە شێوەی خۆدواندن (مۆنۆلۆگ) ڕووداوەکان باس دەکات. بگێڕەوە بەڕوونی و بە ئاشکرا و بێ گرێ ژیان و سەربوردە و خوو خولق و ڕەفتاری دایە “ئامە” کە دایەن و بەخێوکەریەتی، باس دەکات و خۆشەویستی، دڵسۆزی و خەمخۆریی ئامە، نیشانەی ژنێکی خۆنەویست و پاکی کوردەوارییە. لە گوند جیا لە ئامە و “ژیان” کارەکتەریێکی دیکەی دەورگێڕ نایەتە ناو ڕەوڕەوەی ئەم دەقەوە. قۆناغی دیکەی ژیانی کارەکتەری سەرەکی کە چەقی ڕۆمانەکەیە، لەڕاستیدا لەڕووی شوێنەوە شاری سنەیە و لەڕووی تەمەنیشەوە دەورانی مێرمنداڵیی ژیانە کە هەڵسوکەت و ڕەفتاری فۆرم دەگرێت و لەگەڵ بڕک و ئازارەکانی ژیان دەستەوئێخە دەبێ. ڕۆڵی کاک “جەمیل” کوڕی دایە ئامە لەناو ئەم ڕۆمانە ڕۆڵیکی لاوەکییە، هەرچەند وەک هێما نوێنەرایەتیی ئایدۆلۆژیی ئیسلامی سیاسیی ئەوکاتی کوردستان دەکات کە دەخرێتە زیندان و فکر و ئایدیای دەگۆڕێت.
ئاشنابوونی “ژیان” لەگەڵ “کەماڵ” وەک دۆست و هاوڕێی نزیکی و “پیرۆزە”ی دایکی کەماڵ و “سیروان”ی هاوڕێی ڕووداوەکان بە ئاراستەیکی دیکەدا دەبەن. هەژاری، دەستەنگی خەمی نان، بێکاری، نەبوونی جێگە و لانەوازی، دۆخێکی وا دەخولقێنن ژیانی بێ دایک و باوک هەر ڕۆژە و لە شوێن و ماڵێکڕۆژ بکاتەوە. لەڕاستیدا کارەکتەری “ژیان”، جەنگی هەژارییە لەگەڵ دۆخی زاڵ کە ڕوو لەهەر لایەک دەکات دەرگاکانی بەڕوودا داخراون. ژیان هەڵوەدایە، بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا دەگەڕێت، بەدوای چارەنووسی خۆی، دایک و باوکیدا دەگەڕێت، کاتێک لەڕاستیی وەڵامەکان دەگات و سەرەداوەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەگەڵ واقێعیکی تاڵ بەرەوڕوو دەبێت کە پڕن لە ئازار و خەم و ژان. واقیعێک کە ئەو و هەزاران کەسی دیکەی وەک خۆی تێیدا قوربانین و بێ دەسەڵات و پەراوێز و بێ ناسنامە خەریکن ون دەبن. وەلێ سەرەڕای بێ هیوایی و نەبوونی هیچ دەروویەک بۆ دەربازبوون و گەیشتن بە بەختەوەری، دیسان هەر کۆڵ نادات، بەدوا ناندا دەگەڕێت و لەم جەنگی ژیان و کارەدا سەودای فڕین بەرەو ئازادی و خەبات بۆ ڕزگاری وەک هەوێن و پێکهاتەی زەینی بەرۆکی دەگرن و بەری نادەن و سەرەنجام لەڕێگەی نان و کاردا سەردەنێتەوە و ملی بەپەتەوە دەکرێت. چیرۆکی “ژیان” لە دەقی ئەسپەنجیردا، چیرۆکی منداڵی جەنگە، جەنگێک کە ئەو تێیدا قوربانییە، سەربوردەی نەوەی دوای جەنگی داگیرکەر و “بەرگریی ڕەوا”ی شۆڕشی کوردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان. چیرۆکی نەوەیەکە کە نازانی لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە کوردستان چی ڕووی داوە؟ چی کرا؟ بۆچی سەرنەکەوتین؟ وەک “فایق” لە دەمەتەقێ لەگەڵ ژیاندا ئەیژێ «ئای فەڵەک! بەرەییەکەم مردن و بەرەی دووەمیش هەتیمە». (ل .١٠٠. ئەسپەنجیر)
دەمەتەقێ و دیالۆگی نێوان “سیروان، ژیان و هەڵاڵە” وەک نەوەی دوای جەنگ، مشتومڕیان لەسەر ژیان، خەبات، فەلسەفەی کوردبوون، دەربڕی خەون و ئاوات و خولیا و ڕوانگەیانە بۆ ژیان و دەوروبەر و شۆڕش و دیارە فکریان جیاوازە لە نەوەی پێش خۆیان، ئەوان لە پەنجەرە و ڕوانگەیەکی دیکەوە بۆ ژیان دەڕوانن.
هەرچەند سیروان و هەڵاڵە (خوشک و برا) لەگەڵ “ژیان”یش خوشک و بران، بەڵام خۆیان ئاگایان لێ نییە، ئاگایان لەم تراژیکە نییە کە شۆڕش و جەنگ خولقاندوویە و ئەوان هیچ ڕۆڵێکیان تێدا نەبووە. ژیان لە شوێنێک لە وەڵامی هەڵاڵەدا ئەیژێ: «بزانە. ئێمە، من و تۆ و سیروان خوەمان ئینتخابمان نەکردگە لە کورسانا بینە دنیا و کوردی قسە کەین و هەزار چت تریش. ئەمە تەک ئێما هاتگە دنیا و زینگیمان تەکیا کردگە. بووگە بە شناسنەمی ئێمە. گەرکەمان بێیا نا فەرق ناکا. ها لە تەکمانا. ئەمە مەعنا گشتییەکەس. یا تۆ ئیشارەی پێ ئەکەی». (ل.77. ئەسپەنجیر)
یان مشتومڕی “نەجمە”ی کتێبفرۆش لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی لە وەڵامی پرسیارەکانی “ژیان”دا دەربڕی تێگەیشتنی کوردە لە شۆڕش و خەبات و نیشانەی ناکۆکی و ململانێیانە لەسەر زۆر بابەت و ڕووداوەکانی جەنگ.
لە دەقی ئەسپەنجیردا کە گێڕانەوەیەکی تەواو ئەدەبییە و لەحن و دەربڕین و زمانی گێڕانەوەی بەدوورە لە زمانی میدیا و وتاری ڕۆژنامەنووسی، نووسەر هێندە بە جوانی و قووڵ چووەتە ناخی بابەت و ناوەرۆکی چیرۆکەوە، کە خوێنەرەوە پەلکێش دەکات تاکوو سەربوردە و چارەنووسی کارەکتەرەکان بزانێت و ئەمەش خاڵی بەهێزی گێڕانەوەیە.
ئەوەی پتر لە گشت بەلای منەوە گرنگە، نەبوونی سێبەری فکری نووسەرە لەم دەقەدا، وەک لە زۆر دەقی دیکەی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردیدا، نووسەر هێندە ئایدیا و فکری خۆی بەسەر دیالۆگی کارەکتەرەکاندا دەسەپێنێ، خوێنەر هەست ناکات کارەکتەر لە کوێ دایە و کەی و چۆن گەشە و باڵای کردووە و لە کوێی دەقەکاندایە. بەڵکوو ئەوە کارەکتەرە ئارستەی ڕووداوی بەدەستە و دیالۆگ و ڕەوڕەوەی دەق لەدەستی ئەوانە. لە ڕۆمانی ئەسپەنجیردا کەمتر هەست بە دیالۆگی نامۆ و مۆنۆلۆگ (خۆدواندن) دەکەی و زیاتر کارەکتەرە کەڕەوتیڕووداو و گێڕانەوە دەگرێتە دەست و ئەم لایەنە هێندە تۆخە، پڕە لە سەربوردە و پەیام و ئاخاوتەی کارەکتەرەکان.
بۆ وێنە، ژیان هەر لە تەمەنی چوار پێنج ساڵانەوە، قۆناغ بە قۆناغ و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، ژیانی خۆی و دەوروبەری دەگێڕێتەوە، هەتا کاتێک ڕوو دەکاتە غەریبی و قۆناغی هەستیاری ژیانی ئەزموون دەکات کە ئەویش ململانێیە لەگەڵ زوڵم و ستەمی داگیرکەر و ڕاوەستان و ناگوتنە بە ستەمکار. لەکاتی کارکردن لە بەنداوی “سارۆخ” لە هەوشار فێریزۆر شت دەبێت، دوژمن و نەیار و پیلانەکانی دەناسێت، مرۆڤی کەمتەرخەم و ماف نەوسیت بۆی دەردەکەوێت، هاودەنگ نەبوونی لایەنەکان و توێژی کرێکار. پاشان دەمەتەقێ و دیالۆگی نێوان ژیان و فایق لەبارەی جەوهەری شۆڕش، پێشمەرگایەتی پەیوەندی و کێشە و ناکۆیی نێوان حیزب و ڕێکخراوەکان، جۆری ڕەفتار و ئەخلاقی فایق وەک کارەکتەرێکی جیدی و خاوەن ئەزموون لە ژیان و شۆڕش و خەباتی کرێکار، دەبڕی زۆر مانای ژیانن و پەنجەرە و ڕێگایەکی نوێیان بەڕووی فکر و باوقەڕی “ژیان”دا کردەوە.
ناوەرۆک:
نووسەر لە ئەسپەنجیردا زیاتر گرنگیی بە واقیع و خستنەڕووی دۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستان داوە و کەمتر خۆی لە قەرەی دەقی خەیاڵی و پەسەنی شاعیرانە و درێژدادڕی داوە. کاتێک پەسن و وەسفی کات، شوێن و کارەکتەر و ڕووداو دەکات، ئەوە خۆی نییە، بەڵکوو کارەکتەر و قارەمانە ڕەوتی ڕووداو دەگرێتە دەست، ئەوەندەی ئاراستەی دەق بەدەستی کارەکتەرەوەیە، کەمتر هەست بە سێبەری کارەکتەری هەمووشتزان دەکەی، سەرەڕای هەموو ئەمانە سەرلەبەری کارەکتەرەکان دەیانەوێ وێنای ژیانی سەردەمی جەنگ لە کوردستان بکەن و بارودۆخ و ڕەوشێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی زەمەنێکی مێژوویی بگێڕنەوە. کەواتە ئاراستەی ئەسپەنجیر ڕۆمانێکی خەتییە و ئەوەندەی ناوەۆک و پەیام بەلایەوە گرنگە، هێندە نەپرژاوەتە سەر فۆرم و تەکنیکەکانی گێڕانەوەی هاوچەرخ. هەندێ لە کارەکتەرەکانی وەک کەماڵ و نزیکایەتیی و هاوڕێیەتی قووڵی لەگەڵ ژیان کە خەمخۆر و ڕازدار و پاڵپشتی یەکبوون، پاشان پشتکردن لە ژیان و لەبیرکردنی و هەڵگرتنی سەفوورا دوای تەڵاقدانی، هێمایە بۆ گەلێک پەیامی ژیان و دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان لە کات و فۆرمێکی دیکەدا. ژیانی دایک و باوک و خوشکی سیروان (هەڵاڵە) و مشتومڕ و گفتوگۆی نێوان سیروان و هەڵاڵە و ژیان لەبارەی کورد و شۆڕش و مێژوو، هێمایە بۆ فەلسەفەی ژیان و بیروباوەڕی نەوەی دوای شۆڕش و ڕوانینیان بۆڕابردوو.
یەکێکی دیکە لە لایەنە بەرجەستە و جێ سەرنجەکانی ئەم دەقە، دەربڕین و ئاخاوتەی کارەکتەر و قارەمانەکانە. لە ئەسپەنجیردا توخمی ڕۆمان و گێرانەوەیەکی ناوچەیی لەبەرچاو گیراوە و دیالێکیتی ئەردەڵانی و دەوروبەری زۆر زەق و دیارە و ئەمە خاڵی سەرنجڕاکێش و زیندوویی و چێژبەخشیی ئەم دەقەیە.
خۆ نەبانکردنی سیامەند باوکی (ژیان) بەرانبەر بە چارەنووسی کوڕەکەی و کەمتەرخەمیی و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە منداڵەکانی و پشتکردن لە کوڕەکەی، نیشانەی ئاستی فکر و دنیابینیی شۆڕشگێڕێکە کە خۆی تەسلیمی حکوومەت کردووە.
لەحن و دەربڕین:
بەڕای من یەکێکی دیکە لە لایەنە بەرجەستە و جێ سەرنجەکانی ئەم دەقە، دەربڕین و ئاخاوتەی کارەکتەر و قارەمانەکانە. لە ئەسپەنجیردا توخمی ڕۆمان و گێرانەوەیەکی ناوچەیی لەبەرچاو گیراوە و دیالێکیتی ئەردەڵانی و دەوروبەری زۆر زەق و دیارە و ئەمە خاڵی سەرنجڕاکێش و زیندوویی و چێژبەخشیی ئەم دەقەیە.
هەروەک پێشتریش باسم کرد، ئەم دەقە لە زمانی یەکەم کەسی
تاکەوە گێڕادراوەتەوە، کارەکتەری سەرەکی (ژیان) کە خۆشی گێڕەوەیە، زمانی سەرەتاکانی دەقەکە زۆر ئاسایی و بە شێوەزاری سۆرانییە، بەڵام زۆرینەی دیالۆگی کارەکتەرەکان بە شێوەزاری سنە و دەوروبەرییە.
بۆ وێنە دەمەتەقەی نێوان ژیان و کەماڵ لە کاتی میرمنداڵیدا لە سنە:
– هەڵسە با بچین بۆ تەکیە! لە دانیشتنی پای ئەم لامپا کەم نوورە باشترە.
– تۆ و تەکیە کەماڵ؟
– کورە فرە خوەشە. حەز ئەکەم بە دەنگ دەفەکان. دوو چای مفتەیشمان پێ ئان. چکێ تواشای هەڵپەڕ و داپەڕ دەورێشەکان ئەکەی و تینەو. (ل 30. ئەسپەنجیر)
ئەم ئاخاوتنە شیرین و ساکار و هاوکات پڕ واتایە، دەرخەری گێڕانەوەیەکی پەتی، گرنگیدان بە توخمێکی هەرە پیویستی داستان و بە خۆماڵیکردن و گەڕانەوەیە بۆ وردە کولتوورەکانی کۆمەڵگە.
یان کاتێک ژیان دوای ماوەیەک ونبوون ئەگەڕێتەوە بۆ لای ئاباجی ژنی کاک جەمیل، بەم چەشنە گفتوگۆ دەکەن.
– ئەی بە ناخێر گیانت. ئەوە تا ئیسە لە کوێ بووی؟
– کار ئەکەم. خەوەر مامە جەمیلتان هەس؟
– چووگە سەر قەور باوکی. ئیسلامم بۆ نەجات با. ئەی ئەمە ئیسلام نییە، چەس.
– مولاقاتی هەس.
– نەخەیر. جا مولاقاتی بۆچەس. ئەگەر مناڵەکانی خوەش گەرەک بوای، وەک بنیام ئاقڵ دائەنیشت زینگی خوەی ئەکرد. حەوسەڵەی ئەو هەڵتەک و داتەکەم نییە. گەرەکیشم نییە مناڵەکان باوکیان لە زیندانا بوینن.
یان کاتێک لە وەڵامی فایقدا کە هەواڵ و سوراخی باوکی لێ ئەپرسێ، ژیان ئەیژێ:
– ئامە ئەیوت دایکیشم بە شۆنیا گەڕیاگە. باوکم چووە بۆ جێگایتر و ئەمیش گەرەکی بووگە بیدۆزێتەو، وەلێ چوونکە سکی بە من پڕ بووگە و زمسان بووگە، بەلای ئامەو ماگەسەو، هەرتا منی هاوردگە دنیا. دواییش کە وتم گرتگیانە و ئامەیش نەیەزانی چەی پێهاتگە.
ئەمانە و دەیان دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان کارەکتەرەکان و بەتایبەت دانیشتنی مەجلیسی خواردنەوەی گەنجەکان (کەماڵ، سیروان و هەڵاڵە و…) لێوانلێون لە ئاخاوتە و لەحنی ناوچەیی و خۆماڵی، هەندێ جاریش قسەکانیان ئەو دەستەواژە و ئیدیۆم و پەندی پێشینانەی ناوچەی سنە و دەوروبەری لەخۆ گرتووە، کە هێندەی دیکە دەق و گێرانەوەکەی شیرینتر کردووە و خوێنەری وردبین بە جوانی هاودیستەوەری (همزادپنداری) لەگەڵی هەیە و پەلکێشی ڕووداوەکانی دەکات. گێڕەوەی سەرەکی کاتێک وەک گشت ڕەوڕەوەی گێڕانەوە دەگرێتە دەست و بەرانبەرەکەی کەسێکی خەڵک و دانیشتووی ناوچەی سنە نییە، ئیتر بە هەمان شێوەزاری کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی)دەدوێ.
ئەسپەنجیر، ڕاستییەک دەخاتەڕوو کە بە دنیای خەیاڵدا تێپەڕیوە و هونەرمەندانە و بە زمانێکی ڕەخنەگرانە چیرۆک و ڕووداوی ژیانی کارەکتەرەکان دەگیڕێتەوە.
ئەنجام:
بەگشتی دەتوانم بێژم، ئەسپەنجیر، بە قەڵەم و زمانێکی سادە و بێ گرێ گۆشەیەک لە ژیانی قۆناغیکی کۆمەڵگەی شێواوی کوردستان دەگێڕێتەوە، قۆناغێک کە دەکرا بە ئارستەیکی دیکەدا چارەنووسی نەتەوەی کورد بگۆڕێت. ئەسپەنجیر، ڕاستییەک دەخاتەڕوو کە بە دنیای خەیاڵدا تێپەڕیوە و هونەرمەندانە و بە زمانێکی ڕەخنەگرانە چیرۆک و ڕووداوی ژیانی کارەکتەرەکان دەگیڕێتەوە. ناوی ئەسپەنجیر، هەرچەند ئەو ئەفسانە پاڵەوان و ڕزگاریدەدەریە کە مرۆڤەکان لە تەنگانە و گرفت و هەڵدێرەکان ڕزگار دەکات، بەڵام ئەسپەنجیری “ژیان” لەناو گێژاوێکدا خەریکە نوقم دەبێت و لەلایەک گێژەڵووکەی نەزانی و ناشارەزایی و دەردە کورد بۆ ونبوون پەلکێشی دەکات و لەلایەکی دیکەش وەک (سیزیف) گاشەبەردی چارەنووس و ناسنامەی دەباتە نیوەی کێوی ژیان و دیسان خلۆر دەبێتەوە و دیسان و دیسان… کە واتە ئەسپەنجیر ئەو دەقە ڕیالیستەیە کە نە ئەفسانەیە و نە خەیاڵ، بەڵکوو واقیعێکە تاڵ. ئەم خوێندنەوەیە زیاتر هەوڵی داوە لە گۆشەنیگای ناوەرۆک و شکاندنی هەندێ کۆدەوە ئەسپەنجیر شەن و کەو بکات. بێگومان لەڕووی کۆمەڵناسی، دەروونشیکاری و تیپیکەوە بەپێی مێتۆد و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و هاوچەرخ دەکرێت ئەمڕۆمانە شرۆڤە و تاتوێ بکرێت، چونکە خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. یان لە ڕوانگەی جێندەرییەوە دەکرێت توێژینەوەیەکی هەمەلایەن بۆ ئەم دەقە بکرێت و دەوری ژن و ڕوانینی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پرسی ژن لەناو شۆڕشدا کە پرسێکی سەرداپۆشراوە و هێشتا قەڵەمێکی بوێر شقڵی ئەم بێدەنگییەی نەشکاندووە، دەکرێ بابەتێکی سەرنجڕاکێش و نوێ بێت.