ئێرە، ئەودیوی کوێیە؟

تابلۆی شێوەکاری کورد (دیاکۆ حەسەن نەژاد). لە کۆمەڵەبەرهەمی (هار) ٢٠١٧

لە دەستە ڕاستت تەپڵەكێكی ئاخنراو بە سووتوو و قونکە جگەرە، لە دەستی چەپت چاویلكەیەك و پاكەت و چەرخ ھەن. لەسەر پشت پاڵكەتوویت، بە دوو دەست كتێبێكت گرتووە و دەیخوێنیتەوە. ژوورەكەت لە کەشوهەوای دەرەوە ساردترە، لەبەر ئەوەی ھیچ گەرمكەرەوەیەكی تێدا نییە. لەلایەکی ژوورەكەوە تاقیچكەیەکی كتێبانی لێیە، لە لایەكەی تر كۆنە قەنەفەیەكی شڕ و چڵكن. لە دیواری لای ڕاستتەوە تابلۆیەك ھەڵواسراوە (كچێك چاوەكانی ڕۆندك و خوێنیان تێ زاوە.) دیوارەكەی بەرامبەری، تابلۆیەكی تر (پیاوێک بە چۆکدا هاتووە. سەری خستۆتە نێوان ھەردوو دەستی، قژی ماش و برنجی، ڕوخساری دیار نییە.) لێوەكانت دەجووڵێنەوە، خەریكی خوێندنەوەی كتێبەكەیت. تاوێك بزەت دێتێ، تاوێكی تر ڕووگرژ دەبیت. پارچە كاغەزێكی سپی دەخەیتە نێوان لاپەڕەكان و كتێبەكە دادەخەیت. ڕوو لە ئاسمان؛ لە بنمیچی ژوورەكە ورد دەبیتەوە. بنمیچی ژوورەكە لەبەر دووكەڵی جگەرە زەرد داگەڕاوە. جگەرەیەک دادەگیرسێنیت و ھەڵدەستیتە سەرپێ، بەرەو تاقیچکەی كتێبەكان دەڕۆیت. دەست بۆ كتێبێك درێژ دەكەیت و دەیھێنیتە دەرەوە، پارچە كاغەزێك لەنێو كتێبەكە بەر دەبێتەوە. دادەچەمێیتەوە  و ھەڵی دەگریتەوە:

«لە پەنای ژیانمانەوە، لە دەستپێکی دیرۆکی ئافاتەکانی تەمەن، بە کۆڵێک ئازاری تاقەتپڕووکێنەوە، تا گەیشتنمان بە ترۆپکی خەم و مەینەت، بۆ چەندین کەوتن و کارەسات گریاین. لەپاڵ گەورەبوون و ھەڵچوونی تەمەنمان، بێ حەسانەوە ھەوڵماندا و نەگەیشتین. من… منێك، كە نەمتوانی دەرمانی ئەم ھەموو دەردەی خۆم بكەم، تۆ بۆچی بووی بە دەردێكی تر و خاپوورت كردم؟ ژیان گەورەترین عەزابی خوایە لە مرۆڤ. كەچی ئێمە كەم ھەستی پێ دەكەین. لەنێوان ھەڵبژاردنی ژیان و مەرگدا، کولەمەرگى و نابووتى لەم ژیانە یەخەمان دەگرێت. نائومێد و دۆڕاو… چارۆكەی كەشتیی ژیانمان كۆ دەكەینەوە و بەرەو كەناری مەرگ ڕێ دەگرینە بەر. لەپڕ لە یەكتر دەپرسین:

– بۆ كوێ بڕۆین بەبێ یەكتر؟

سەیری ناوچاوی یەكتر دەكەین و لێکتر ورد دەبینەوە. ھێواش ھێواش… دەچرپێنمە گوێت:

– بۆ من و تۆ، ژیان ئەوەندەی خۆشیی پێ بوو!»

بە دەستوخەتێكی ورد نووسراوە. لە دواهەمین خەتى لاپەڕەکەشدا نووسراوە، (بۆ تۆ، كە ھیی من بوویت.) پارچە كاغەزەكە ئەمدیو و ئەودیو دەكەیت، بۆ چەند خولەكێک لێی دەڕوانیت، بە ئاھێكی ساردەوە دەیخەیتەوە نێو كتێبەكە، كتێبەكەیش لە شوێنی خۆی نا، لە شوێنێكی بەرزتر دادەنێیت. وەك بڵێیت ناتەوێ جارێكی تر بیبینیتەوە. پاڵتۆكەت لەبەر دەكەیت، پێڵاوەكانت توند دەكەیت، بەرەو دەرەوە ملی ڕێگە دەگریت.

ئەوەتا! ئەوەتا! دەبێت چیی بكات لەم سەرسووچەدا؟ بڵێی ڕەشەبا یان زریانێك لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچی كردبێتە ئێرە؟ ئای خودایە، چ قەدەرێكە ئەمە! لێی نزیك دەبیتەوە، سەرێكی بە نیشانەی سڵاو بۆ دەلەقێنیت، ئەویش ھەروەھا. دەكەویتە تەنیشتییەوە، ملی ڕێگە دەگرن.

«بڵێم چی، ئەوەی ڕوویدا، تازە ڕۆیشت و تێپەڕی. ڕابردووم لە كۆڵی خۆم ناوە و دەڕۆم، دەڕۆم و دوور دەڕوانم، ھیچ نابینم! بوولێڵ و تەمومژە ڕێگە، جارناجارێ ژیان ساتمەیەكم پێ دەكا، دەكەوم و ھەڵدەستمەوە. دەزانم لەگەڵ ھەر كەوتنێكمدا، شوێنێكم ئازاری پێ دەگات، بەڵام چارە چییە؟ ھاتووم، گەڕانەوە و ئازار ناتوانن ڕێگەم بگرن.»  وای گوت و بێ ئەوەی سەیری یەكتری بکەین.

دەستی ڕاستت خستە سەرشانی چەپی و گوتت: «بۆ ئەوەی زیاتر بژین، بۆ ئەوەی بێئومێدی بەربینگمان نەگرێ، دەبێ بەرەنگاری ژیان ببینەوە. گرنگ نییە لە كوێ و كەی دەگەیتە خاڵی خۆشبەختی، گرنگ گەیشتنە.»

مژی لە جگەرەی نێوان پەنجەكانی دەدا، بە لێوە لەرزەوە گوتی: «مرۆڤ كە خۆشبەخت نەبوو، لە ھەركوێیەكی ئەم سەرزەمینە بێ، ھەر دڵتەنگە. سنوور و كۆمەڵگە و شار و وڵاتەكان، خۆشبەختی و بەدبەختیی مرۆڤ ناگۆڕن، تەنانەت ناتوانن بۆ چەند خولەكێكیش بیركردنەوەت بگۆڕن.»

چەند ھەنگاوێكی كورت لەپێش تۆوە دەڕۆیشت، ھەنگاوتان قوڕس و ماندوو، وەك دوو بەلەنگاز و تاراو، شەقامە درێژەكانی شارتان تەی دەکرد. بەدەم ڕێگەوە، سەیری باڵەخانە و كافێتریا و چێشتخانە و میوانخانەكانتان دەكرد، ئەم لەژێر لێوەوە نووسراوی سەر تابلۆكانی دەخوێندەوە، تۆیش وەك ئەو، بەڵام بە دەنگێكی بەرزتر.

لەناكاوێكدا، وەك ئەوەی شتێكی لە دوای خۆی لێ بەربووبێتەوە، یان چەتە و ڕێگر دەستیان خستبێتە گیرفانییەوە، ئاوڕی دواوەی دایەوە. جگەرەكەی دەستی ڕاستیی، تووڕ دایە سەر شەقامەكە و گوتی: «دەمەوێ بنووسم و ناتوانم! وشەیلی زۆر لە ناخمدا پەنگیان خواردۆتەوە و بۆم دەرنابڕدرێن. دەمەوێ هەرچى لەم شارەدا هەیە باسی بکەم، وردورد دایڕێژم و نەمری بكەم. بەڵام چیی بكەم، كە ناتوانم؟

دەپرسم: ئەم شارە ھێندە دەھێنێ من بۆ خاتری ئەو سواری كەللەسەری خۆم ببم؟

نە وەڵامێكم چنگ دەكەوێت، نە دەتوانم بە بێ نووسینی ئەو دەقە ھەدا بدەم! چیی وشە ھەیە بە سواو دێنە بەرچاوم. چیی ڕستە ھەیە، ھەست دەكەم ھەموویان زەمەنێك بەر لە من نووسراونەتەوە، بەڵام من پاتەیان دەكەمەوە. سوودی چییە؟ تازە ھەرچۆنێك بێ، دەبێ بنووسم تاوەکوو بسێمەوە. ئەم ھەموو ساڵە، ساردی و گەرمیی شارێك بچێژیت و كەچی تێیدا غەریبە بیت. ئەم ھەموو ساڵە ئەو شارەت لە خۆتدا حەشار دابێت، چ داخێكە، كەیف و شادییەكانی بۆ تەرەس و تیاترۆكان بن و تۆیش تاكە مافێك كە ھەتبێت، ئەوەیە تەنێ سەیریان بكەیت و تەنێ بكاری نێوی سەر تابلۆكان بخوێنیتەوە. بە بینینی ئەم هەموو دیمەن و ڕووداوە قێزەونانە، ئەم هەموو زوڵم و ستەمەی لە ڕۆژگاری چەرچی و چەقاوەسووەکانەوە دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێ، هیچ دەسەڵاتێکت نەبێ و کەچی بەردەوام خۆت بخۆیتەوە و خۆت داخدارتر بكەیت! بڕێك جار، دڵت پڕ دەبێت، دەخوازی دانیشیت و سەرت بخەیتە نێوان ھەردوو دەستت، وەك منداڵێكی دایكمردوو بگریت! بگریت بۆ خۆت، بۆ چارەنووسی وێرانت. لە پڕمەی گریان بدەیت و بیر لەو ھەموو نادادییە بكەیتەوە، كە سەرتاپێی ژیانتیان تەنیوە!»

ڕووى لە پێشەوە کردەوە و ھەمدیس ملی ڕێگەتان گرتە بەر. بە چەند ھەنگاوێك لەپێش تۆوە دەڕۆیشت، بە چەند ھەنگاوێكی گەورە خۆت گەیاندەوە تەنیشتی.

ھەوا ساردە، ھەناسەتان ساردتتر. گەڕانەوەی خەڵكی بەرەو ماڵ، پیادەڕێكان و ھەنگاوەكانیان، ڕوخساری شەکەت و ماندووی دەستگێڕ و عەرەبانەچییەكانی سەرشەقام، وژە و ھۆڕنی ئۆتۆمبێلە تیژتێپەڕەكان، «لەم شارەدا مرۆڤ كەڕ بێ خۆشترە نەوەک ئەم ھەرا و زەنایە بژنەوێ! خۆش بە حاڵی ئەوەی توانای بیستنی نییە. بیستنی ھیچ شتێك خۆش نەماوە، تەنانەت ھەواڵێكی خۆشیش نابیستی. ھەموو ڕۆژ ھەواڵی مەرگی ئازیزێك دەتتاسێنێ. بیستنی میوزیكی نەشاز و گۆرانیی دەستی دوو، بەرزبوونەوەی دەنگی بانگبێژی مزگەوتەكان، كە دەنگیان دەڵێی كەڕەنایە، ئەوەیان ھەر باس ناكرێ. ئەوە خودا ئەم ھەموو ساڵ و دەورانە، چۆن كاس نەبووە؟» لەبەر خۆتەوە ئەم چەند ڕستەیەت وت. بە لای تۆدا ئاوڕی دایەوە و بە تیلەى چاو سەیرێکی کردیت، سەری بە نیشانەی بێزاری بۆ لەقاندیت. لەوێوە تا گەیشتنە بەردەم ماڵەکەی ئەوان، مت و بێدەنگ هەنگاوتان نا. بەبێ ئەوەی ورتەیەک لە دەمی بێتە دەرەوە، دەستێکی بەرز کردەوە و ماڵئاوایی لێ کردیت. بە هەمان ڕێگە، بە هەنگاوی قوڕس و ماندوو، رەفیسک و ئەژنۆت توانای هەنگاونانی زیاتریان نەمابوو، لەبەر ماندوێتی نا، سەرما سڕی کردبوویت. دوو دەستت لەناو پاڵتۆ، جگەرەیەکیش بەسەر لێوتەوە بەرەو ماڵ دەگەڕێیتەوە. دەگەیتەوە ژوورەکەت، نووکی پێی چەپت، لە پاژنەپێی ڕاستت گیر دەکەیت و پێڵاوەکە دادەنێیت، بۆ پێی ڕاستیشت هەمان کردار بە پێی چەپت پاتە دەکەیتەوە. ڕادەکشێیت و تەمای ئەوەت هەیە بخەویت (یان ڕەنگە کتێبێک بخوێنیتەوە) دایکت بە ئەسپایی دێتە ژوورەوە:«ها کوڕم، گەنجێکی ڕەشتاڵەی کەتە، تۆزێک بەر لەوەی تۆ بگەڕێیتەوە ماڵ، ئەم زەرفەی هێنابوو. گوتی لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنەوە ئەمەم بۆ ئێوە هاوردووە.» خێرا و تەنگەتاو، زەرفەکە هەڵدەپچڕیت. جگەرەیەکی تر گڕ دەدەیت: «لە پەنای ژیانمانەوە، لە دەستپێکی دیرۆکی ئافاتەکانی تەمەن، بە کۆڵێک ئازاری تاقەتپڕووکێنەوە، تا گەیشتنمان بە ترۆپکی خەم و مەینەت، بۆ چەندین کەوتن و کارەسات گریاین. لەپاڵ گەورەبوون و ھەڵچوونی تەمەنمان، بێ حەسانەوە ھەوڵماندا و نەگەیشتین. من… منێك، كە نەمتوانی دەرمانی ئەم ھەموو دەردەی خۆم بكەم، تۆ بۆچی بووی بە دەردێكی تر و خاپوورت كردم؟ ژیان گەورەترین عەزابی خوایە لە مرۆڤ. كەچی ئێمە كەم ھەستی پێ دەكەین. لەنێوان ھەڵبژاردنی ژیان و مەرگدا، کولەمەرگى و نابووتى لەم ژیانە یەخەمان دەگرێت. نائومێد و دۆڕاو… چارۆكەی كەشتیی ژیانمان كۆ دەكەینەوە و بەرەو كەناری مەرگ ڕێ دەگرینە بەر. لەپڕ لە یەكتر دەپرسین:

– بۆ كوێ بڕۆین بەبێ یەكتر؟

سەیری ناوچاوی یەكتر دەكەین و لێکتر ورد دەبینەوە. ھێواش ھێواش… دەچرپێنمە گوێت:

– بۆ من و تۆ، ژیان ئەوەندەی خۆشیی پێ بوو!»

بە دەستوخەتێكی تۆزێک ورد، ئەمە لەنێو كاغەزەكە نووسراوە. لە دواهەمین خەتى لاپەڕەکەشدا نووسراوە، (بۆ تۆ، كە ھیی من بوویت.) پارچە كاغەزەكە ئەمدیو و ئەودیو دەكەیت، چەند خولەكێكی تر لێی دەڕوانیت، مژێکی توند لە جگەرەکە دەدەیت و لەنێو تەپڵەکی جگەرەکە دەیکوژێنیتەوە. کاغەزەکە دەخەیتەوە نێو زەرفەکە، دەیخەیتە ژێر سەرینەکەت و دەنوویت.