“سەما دەربڕینی ڕاستی بوونە”

وتووێژ لەگەڵ سەماکاری کورد کاروان عومەر

وێنەیەک لە پرۆژەی سەمای سۆناتای تریفەی مانگ

تەوەری سەرەکی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ (کاروان عومەر)ی سەماکار تایبەتە بە ڕێگری و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سەما و جەستە لە ژیانی تاکی کورد، لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١٨ لە وڵاتی سوێد لەلایەن هاوڕێی نووسەرمان (بڕوا عەلادین) ئەنجام دراوە:

کاروان عومەر، لە ١٤ی ٥ی ١٩٧٠ لە شاری سلێمانی کوردستانی باشوور لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٨٥\١٩٩٠ بڕوانامەی دیبلۆمی لە نواندندا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی شانۆ لە سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٩٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدادی تەواو کردووە. لەساڵی ١٩٩٨ەوە لە وڵاتی سویسرا دەژی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ دەستی کردووە بە فێربوونی سەمای هاوچەرخ لە چەند قوتابخانەیەکی جیاواز و پاشان  بڕوانامەی دیبلۆمی لە دوای ساڵێک خوێندنی سەما لە ماڵی سەمای زیوریخ و ساڵێک لە تەکنیکی ئیڤان ڤۆڵف لە سەمای مۆدێرندا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا وەک سەماکار بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٧\٢٠٠٩  بڕوانامەی ماجستێری لە بواری پەروەردەی سەمای هاوچەرخدا لە خوێندنی باڵای زیوریج لە سەما ئەکادێمی زیوریج بەدەستهێناوە. تا ئێستا نزیکەی ٥٠ بەرهەمی لە بواری نمایشی سەمادا پێشکەشکردوە، سۆلۆ سەما، جوت سەما و سەمای کۆمەڵ و لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی کردووە بە پرۆژەی گەورە و بەرهەمهێنانە سەربەخۆکانی کە یەکەمین بەرهەمی سەمای ”فڕینی سپی” بوو. لە ساڵی ٢٠١٢ وە کۆمپانیایەکی سەمای بەرپاکردوە و بەردەوامە لەکاری توێژینەوە و وانەوتنەوەدا، دوا توێژینەوەی بە ناوی “بە سەماكردن كرۆكی خۆت ئاشكرابكە” كە دوو ساڵی خایاندووە، بەرپاكردوە. لە بواری سەمای منداڵاندا نەوەی پێگەیاندوە بە درێژایی ١٠ ساڵی وانەوتنەوە. بەرهەم و ۆرکشۆپە سەماکانی لە وڵاتانی یابان، فەرەنسا، نەرویج، سوید، ئەڵمانیا، بەغداد و کوردستان و سویسرا پێشکەشکراوان. تا ئێستا ٣ خەڵاتی کولتووری لە بواری سەمادا بەدەستهێناوە لە کانتۆنی تسوگی وڵاتی سویسرا.

ئەم گفتوگۆیە بە ڤیدیۆ ڕێکخراوە و لەگەڵ چەندین گرتە لە پیرفۆرمانسەکانی (کاروان عومەر)دا کە پتر لە کاتژمێرێکە، لەلایەن (کامەران کەمال)ەوە وێنەگیراوە و کاری مۆنتاژی بۆ کراوە. هەرچەندە تەوەری سەرەکی ئەم گفتوگۆیە تایبەتە بە ڕێگری و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سەما و جەستە لە ژیانی تاکی کورد، بەڵام لێرەدا ئاماژە بەو پرسانە دەدەین کە لەم گفتوگۆیەدا خراونەتە بەرباس:

 *جەستە پرۆژەیەکی دامەزرێنەرانەیە، جەستە شتێکە ئێمە دروستی دەکەین یان وەک شۆڕشێک وایە بەرپای دەکەین، بەو مانایە بەشێکی زۆری جەستە لە کولتووری ئێمەدا لەلایەن دەزگاکانەوە(دەزگای ئایینی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت پەروەردەییش) دزراون، فڕێنراون، بزرکراون و لاقە کراون.  لەناو ڕیتوال و سرووتە ئیحتیفالی و ئاهەنگ سازییەکاندا جەستەکان ون بوون، بە کۆ دێنە بەرچاو وەک تاک دەرناکەون. ئایا پرۆژەکەی تۆ بۆ دامەزراندنی جەستەیەکی نوێی تاکەکەسییە یان بەو مانایەی دەڵێی بەرپای دەکەم وەکو شۆڕشێک بەرپای دەکەی بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەی لە هەندێ کۆت و بەند؟

*جەستە لە کولتووری ئێمەدا بووە بە قوربانی سیاسی، پتر جەخت دەکرێتەوە سەر مانا ڕۆحییەکانی نەوەک جەستەی، چۆن لە دوالیزمی جەستە/ ڕۆح دەڕوانی؟ هەژموونی گوتاری ڕۆحی و گوتاری سیاسی (خۆقوربانیکردن، خۆبەختکردن و شەهیدبوون.. هتد) وایان کردووە جەستە نرخ و بەهایەکی ئەوتۆی نەمێنی، ئەوەی گرنگە مانا ڕۆحییەکانە؟

*جەستەی ئێمە بە حوکمی ئایین و کولتوور و کۆمەڵگا و دابونەریت، جەستەیەکی دەستەمۆکراوە، کۆنترۆڵ کراوە، بۆ ئازادکردنی ئەمە ئایا کاروان بەتەنیا ئەمەی پێدەکرێ یان پیویستی بە کۆمەڵێ تیۆریستیشە شان بە شانی ئەو، هەم وەک دەزگای پیداگۆگی هەم وەک ڕەخنەگری سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی بتوانێ ئەم جەستەیە ئامادە بکاتەوە.  دەزگایەک لە پشتیەوە نییە کە سەمای کردبێت بە هۆشیاری، ڕەخنەگر و تیۆریزەکارێک لە پشتیەوە نییە کە سەمای شی کردبیتەوە و فۆرماکانی بۆ خەڵک ڕوونکردبێتەوە.

* جەستەی ئێمە لە دۆخی نامۆبوون بە خۆیدا دەژی، هەڵبەت ئەمە لە ئاستی سەما و پەروەردەدا وایە، بەڵام کە دێینە سەر ئەرزی واقیع، وا نییە بەڵکوو جەستەیەکی هایپەر، فووڵ مەزاج، سەیری هەڵپەڕکی سێ پێیی و سەرچۆپی بکە، تەنانەت لەکاتی ئەزمە و قەیرانیشدا کورد بە بەردەوامی هەڵدەپەڕێ کەواتە ناتوانین بڵێین جەستەیەکمان هەیە ئیفلیجە. ئایا دەتوانین بڵێن ئێمە جەستەیەکمان هەیە بە تەنیا خووی گرتووە بە یەک ستایڵی میللییەوە؟ ئایا لەبەر ئەمە نییە کە سەما نابێ بە کولتوور.

*کولتووری ئێمە هێشتا ناتوانێ جەستە وەک هەڵگری کۆمەڵێ نیشانە و پەیامی نهێنی ببینێ، کە بتوانێ شی بکاتەوە، بتوانێ لە پەیوەندیدا بە خودی جەستەکەوە مانای تازە بەرهەم بهێنیتەوە.

 لەم بەستەرەدا گفتوگۆکە ببینە: