سێ برادەر

سێ برادەری گچکە بووین

تۆپە قوماش یەکێکمانی لوولدا و

کردی بە بەرگدروو.

ڕۆژانە بە عەلاگە خەون بەسەر ماڵەکەیانی دادەدا،

ئەویش دەیکردنە کراس.

ئەو ساڵەی برادەرەکەم بزر کرد،

سی ھەزار و دوو سەت منداڵ

کەوتنە کۆشی زەوییەوە.

برادەرەکەم مامان بوو،

ژنان لنگیان بۆ ھەڵدەبڕی

ئەویش: مامۆستا، لەحیمچی، نەخۆشەکانی

داھاتووی لێ دەردەھێنان.

من چەند ھەفتە جارێک

بۆ خڕکردنەوەی کەرەستەی شیعری

سەرم لە دەرەوە ھەڵدەکێشا

شەوانیش لە ناو ئارەقەی خەو ڕادەچڵەکیم

بە تەلەفۆن خەونەکەم بە ناو گوێچکەی بەرگدرووەکەدا

دەڕژاند.

دەنگی دەنووسا:

ڕەقە، زۆر ڕەقە

نابێتە کراس

سێ برادەری گچکە بووین..

کە دەمرین،

خانووی بەرگدرووەکەمان

بە پارچە قوماشی ڕەش دادەپۆشرێ

پێم دەڵێن لەوێ بەفر ڕەشە

بە بوتڵێک وێسکی ئەمە بکە شیعر.

سەرخۆش نیم،

قوماشەکەیە ڕەنگیداوەتەوە

نابێتە شیعر.

لەناو تەلەڤزیۆن

منداڵە بۆهیمییەکان

بە چواردەورەی تەرمی مامانەکەمان

پەشیمان..

بە ناوچەوانی سبەینێی خۆیاندا دەکێشن

بێژەرەکە ھاوار دەکات:

گۆڵ ڵ ڵ ڵ ڵ

پەتەکەی ملی منیش

لەناو بۆنی خواردنی گەرمی ماڵان ڕاو دەنرێ

لە شێتخانە، ختووکەی بنی پێی شێتەکان دەدات

حەبی ڤالیۆم لە دەمیان دەپەڕێ، دەگرین:

خەوتووین، کەس بە ئاگامان نەھێنێ خەوتووین.

photo_٢٠٢٠-١٠-١٠_١٦-٤٧-٢٨

سەرنجێک بنوسن