چەند پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە

وەرگێڕانی: ژیار ئەسوەد

زیاد ڕەحبانی (بلیمەت) – لەدایکبووی ١٩٥٦ لە لوبنان. بیریاری چەپ، ئاوازدانەر، ژەنیار، شانۆکار، ڕۆژنامەنووس… کوڕی ھونەرمەندان: (فەیرووز) و (عاسیڕەحبانی). خاوەنی پێنج شانۆگەرییە، بەناوبانگترینیان: (فیلمێکی ئەمێرکیی درێژ)، (سەبارەت بە سبەینێ چی؟) کە خۆی دەرھێنانی بۆ کردوون و وەک ئەکتەر ڕۆڵی تێداگێڕاون. تەنھا یەک دەفتەرەشیعری بچووکیشی ھەیە: (ھاوڕێم خودا). تەواوی شیعرەکان لە تەمەنی یازدە و دوازدە ساڵیی نووسراون، لە پازدە ساڵیی بە چاپی گەیاندوون. لە کتێبەکە بەر دەیان پرسیاری ناوازەی ناو مێشکی منداڵێک دەکەوی. فەزای زاڵی شیعرەکان، بەرھەمی تێڕامانی منداڵێکە لەمەڕ: خودا و ئایین، کە کۆمەڵگەکەی و خێزانەکەی چییان لەبارەی ئەوانەوە گوتووە و ئەم خۆی چۆن تێیان گەیشتووە.

١

ڕۆژێک گوتیان کە خودا ھاوڕێمە. 

چووم تا بە ھاوڕێکەم ئاشنا ببم:

لە دۆشدامانەکان، لەنێوان گوڵان

لەناو دارە گەڵادارەکان، لەپشت بەردان،

باڵندەکانیش ترسان و لێم ھەڵاتن

ئاخۆ ھاوڕێکەم بینی کە باڵندەکان لێم ترسان و ھەڵاتن؟

لێم پرسین: ھاوڕێكەم دەترسێ؟

گوتیان: لەوەدەترسێ خۆشنەویسترێ.

گوتم: ئەو لە کوێیە؟

گوتیان: لە ھەموو شوێنێک.

٢

خۆشمدەوێی، پتر لەوەی لە نوێژەوە ناسیتم.

ھەزاران جار ئەوەم بە مێشکدا دێ

بە دەنگێکی ئاساییەوە بانگت دەکەم:

تۆ لەکوێی خودای من؟

وا ناتناسم خاچ ھەڵبگری و بمری لەپێناوم.

وا دەتناسم منداڵێکی، توانای ھەڵگرتنی خاچت نییە.

وا دەتناسم منداڵێکی، لە سپێدە تەبای پەپوولە دەفڕی بەسەر گوڵان،

کە باڵندەش لەسەری دەنیشن.

وا ناتناسم ئەشکەنجە بکێشی.

وا دەتناسم منداڵێکی، کە بەجێیان ھێشت بۆ خۆی گەمە بکات و

بیریان چوو پێی بڵێن:

“ڕۆژان تێپەڕین و تۆ ھەر گەمە دەکەی”

منداڵێک، بە درێژایی تەمەن وازی دەکا و تێر نابێ.

٣

قسەوباسی دانیشتنی شەوانە دەسووڕایەوە،

پێمگوتن: قسە دەکەین، جیا لە باسی مەرگ.

گوتیان: لەبارەی جەنگەوە دەدوێین.

گوتم: جیا لە جەنگ.

گوتیان: لەبارەی فرمێسکی بێلانەکانەوە دەدوێین.

گوتم: جیا لە فرمێسکی ئەوان.

گوتیان: لەبارەی چاوەڕوانەکانەوە.

گوتم: جیالە چاوەڕوانەکان.

گوتیان: جیالەوانەھیچنازانین؛لەبارەی چییەوەبدوێین؟

گوتم: بێدار بمێنن وەک بێداریی دیوار

لەبارەی ھیچ شتێکەوە مەبێژن

تەماشای یەکتری بکەن 

دەشێ ڕوخسارتان خۆی بدوێ.

٤

منداڵ وەختێ درکی بەوە کرد لە پۆلی منداڵانی بەریئە،

چیدی لەوان نەما.

منداڵ وەختێ زانی 

ئەندازیار چۆن نەخشەی ماڵی داڕشتووە،

لە وێنەی خۆی دەرچوو

لە ھێڵەکانی خۆشەویستی و

جوانیی بچووکایەتی.

سادە وەختێ درکی بەوە کرد سادەیە

چیدی وا نەما.

مرۆ وەختێ حەقیقەتی بۆ دەرکەوت

لە نوێنی خەونەکان بەربۆوە.

photo_٢٠٢٠-١٠-١٦_٠٨-٥٣-٠٣

سەرنجێک بنوسن