کاڕڵ ئۆرف لە ساڵی ١٨٩٥دا لە شاری میونخ لە دایک بووە. ئۆرف هەر لە منداڵییەوە بە ئاواز و سروشە ئایینییەکانی کڵێسەکان سەرسام دەبێت، لە تەمەنی شانزدە ساڵیدا یەکەم پارچە مۆسیقایی خۆی بڵاو دەکاتەوە. لە ئەکادێمیای مۆسیقایی میونخ مۆسیقا دەخوێنێت و یەکێک دەبێت لە خوێندکارانی هێنریک کیمنسکی. بەشێوەیەکی گشتی، سیمفۆنیا و ئاهەنگەکانی ئۆرف بەوە دەناسرێنەوە کە ڕیتمێکی بڵند پێشکەش دەکەن و ئامادەبووان و گوێگران دەخروشێنن. ناوەڕۆکی سیمفۆنا و ئاهەنگەکانی ئۆرف تێکەڵکێشێکی هونراوە لاتینیەکانی سەدەکانی ناوەڕاستن و جگە لەوەش چەند ئۆپێڕایەکی سەدەکانی شانزە و حەڤدەشی دووبارە داڕشتۆتەوە و بەرگێکی ئۆرکێسترایی پێبەخشیوە. جگە لە مۆسیقا، ئۆرف بە سەما و جیمناستیکش سەرسام بووە و لە ساڵی ١٩٤٢ خوێندگەی جومناستیک، مۆسیقا و سەمایی گەنتەر دادەمەزرێنێت.
ئەی بەخت*`،
وەک مانگ
بەردەوام دەگۆڕێت،
هەندێک جار دەبەخشیت،
هەمیشە ڕێگریت و دەبڕیت،
ژیانی قیزەوەن
سەرەتا تێکدەشکێنیت
دواتر دادەسەکنێت
بە ئارەزووی خۆت:
هەژاری
دواتر هێز
وەک سەهۆڵ دەتوێنیتەوە
چارەنووسی دڕندە
بەتاڵ،
ئەی چەرخی فەلەکی هەمیشە خوولاوە،
قین لە دڵ،
باش بوون درۆیە
بەرەو نەبوون دەچێت،
لە ژێر سێبەردا
و لە پەنهاندا
بەرەو خۆت پەلکێشم دەکەیت:
ئێستا بەهۆی یارییەکانت
پشتی ڕووتم دەهێنم
بۆ دڕندەیت
چارەنووس دژمە
لە لەشساغیمدا
لە باشیدا،
بەردەوام هەنگاو دەنێم
و بارم قورسە،
هەمیشە بە کۆیلە کراوم.
ئێستا کاتیەتی
بە بێ دواکەوتن
بۆ ژەنینی ژێیەکان:
چونکە چارەنووس
ژەنیاری ژێیەکان تێکدەشکێنێت،
فرمێسک بڕێژن، هەمووتان لەگەڵ من!
*ئەی بەخت دەستپێکی کانتانی کارمینا بورانەیە (Carmina Burana)(گۆرانییەکانی بۆیگن) لە ١٩٣٥-١٩٣٦ کاڕل ئۆرف نووسیویەتەی. ئەم کانتانایە لە کۆمەڵێک هۆنراوەی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا وەرگیراوە کە لە سەدەکانی چواردە و پانزدە نووسراون و بە شێوەیەکی ناوازە و سەرنجڕاکێش بەرگی مۆسیقایی کلاسیکی و ئۆرکێسترایی بە بەردارکراوە. ئەم کانتانەیا بۆ یەکەم جار لە ئۆپێڕایی فرانکفۆرت لە ساڵی ١٩٣٧ پێشکەش کراوە. هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بە یەکێک لە باشترین پارچە مۆسیقا کلاسیکییە جیهانیەکان دادەنرێت.
` خەڵکانێکی زۆر بە هەڵە وادەزانن ئەم پارچە مۆسیقاییە سرودی هیتلەر و نازییەکان بووە، لێ ئەمە هەڵەیە.
ئەم تێکستە لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی (لە بنەڕەتدا تێکستەکە لاتینییە).
سەرچاوەکان: