شاعیری موقەدەس و بێگەرد

لەبارەی وتاری «مەحمود دەرویش و من»ی بەرەکات و لێکەوتەکانی

 

مەحموود دەروێش و سەلیم بەرەکات

پتر لە دوو مانگ لەمەوبەر و دروست لە ڕۆژی ٦حوزەیرانی ئەمساڵدا، شاعیر و ڕۆماننووسی ناوداری کورد «سەلیم بەرەکات»، بە وتارێکی ئەدەبی یادداشت ئامێز، لە ژێر تایتڵی «مەحمود دەرویش و من»دا، کە ڕۆژنامەی ( القدس العربی) هەمان ڕۆژ بڵاویکردەوە، بە کون فەیەکونێک وایکرد هەموو تیشک و فۆکەسێکی میدیا و میدیای سۆسیالیزەی عەرەبی لەسەر گرنگترین قەیران و دۆزە سیاسیی و ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان بە گشتی و بە تایبەتیش لەسەر قەیرانی تەندروستی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بدزێت و بیگوازێتەوە سەر ناوەرۆکی وتارەکەی. بێگومان هۆکاری ئەم سەرقاڵبوونە هەمەلایەنەی نووسەران و ئەدیبان و ڕەخنەگران و خەڵکی ئاسایی لە میدیا و میدیای سوسیالیزەی عەرەبیدا، بە مشتوومڕی توندەوە لەسەر وتارەکەی بەرەکات، ناگەڕێتەوە بۆ ناوبانگ و بایەخی شاعیرە کوردەکە لە لای خوێنەری عەرەب، بەڵکوو ئاشکراکردنی نهێنییەکی ژیانی تایبەتیی شاعیری گەورەی عەرەب «مەحموود دەرویش»، لە زاری سەلیمەوە، وەک یەکێ لە هاوڕێ زۆر نزیکەکانیی هۆکاری سەرقاڵبوونی هەمەلایەنەی جیهانی عەرەبی بوو بە وتارەکە و ڕازێک کە بەرەکات لە وتارەکەدا لەبارەی ژیانی تایبەتی مەحموود دەرویشەوە درکاندبووی. بەو پێیەی کە شاعیرە فەلەستینییەکە سی ساڵ لەمەوبەر لەلای بەرەکاتی هاوڕێی گوتویەتی: “کچێکم هەیە، من باوکم، بەڵام لەناو مندا هیچ شتێک ڕامناکێشێت بەرەو باوکایەتی!”، درکاندنی ئەم نهێنییە، خوێنەران و هەوادارانی شیعری شاعیرە فەلەستینییەکەی دووچاری شۆک و ئیستفزاز و تووڕەبوون کرد و وای لە زۆربەیان کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لە میدیای وڵاتەکانیاندا شاعیرە کوردەکە نەک هەر بە خیانەتکردن لە هاوڕێی سی ساڵەی خۆی تۆمەتبار بکەن، بەڵکو ڕازێک کە شاعیرە کوردەکە لە زاری هاوڕێکەیەوە گواستوویەتییەوە، بە نهێنییەکی هەڵبەستراو لەقەڵەم بدەن و تەنانەت داوای دادگایی کردنی ئەخلاقی بەرەکاتیش بکەن. چونکە ئەوان بەگشتی هێشتا لەو بڕوایەدان کە دەرویشی شاعیر مرۆڤێکی بێگەرد و پیرۆزە و ئەوەی نووسەرە کوردەکە دەیڵێت نەک هەر بە واتای خیانەت و لەکەدارکردنی شاعیرە فەلەستینییەکە دێت، بەڵکوو بەمانای لەکەدارکردنی دۆزی نەتەوەیەکیش دێت!

با سەرەتا کەمێک بە درێژی ئاماژە بەو نهێنییە بدەین کە بەرەکات، لە زاری دەرویش خۆیەوە لە وتاری ئاماژەبۆکراودا ئاشکرای کردووە: “ساڵی ١٩٩٠ لە ماڵەکەم لە نیقۆسیا_ دورگەی قوبرس، دەرویش نهێنییەکی خۆی بۆ ئاشکراکردم، کە جێگەی بایەخپێدانی نەبوو، هەموو ڕازێک جێگەی گرنگی پێدانی خاوەنەکەیەتی، بەڵام ئەم نهێنییە، مایەی گرنگی پێدانی مەحموود نەبوو. ئەو زۆر بە ئاسانی ڕازەکەی درکاند”. لە درێژەدا بەرەکات لە زاری دەرویشەوە دەڵێت: “منداڵێکی کچم هەیە، من باوکم، بەڵام لە ناومدا هیچ شتێک بەرەو باوکایەتی ڕامناکێشێت…”، بێگومان گوزارشتە شیعری و فەنتازییەکەی سەلیم و بێباکی هەردوو شاعیرەکە، نهێنییەکەی دەرویشی شاعیری لەلای بەردەنگ و خوێنەر ڕازئامێزتر و دژوارتر کردووە. پاشان شاعیرە کوردەکە دەنووسێت: “من لێم نەپرسی دایکی کچە منداڵەکە کێیە؟ … بەکورتی گوتی: ژنێکی مێرد دارە…”، لە درێژەی درکاندنی نهێنییەکەدا سەلیم، لەزاری دەرویشەوە نوسیویەتی: “ژنەکە بە تەلەفۆن دوو تا سێ جار، ئاشکرا و ڕاشکاوانە باسی کچەکەی کردووە. پاشان پێداگری لەسەر مانەوەی کچەکەی کردووە لەلای هاوسەرەکەی، بە جۆرێک لەوێ ژیان گەلێ شیمانەترە، بەبێ بوونی کتوپڕییەکان، گەلێ هاوسەنگتر و گونجاوترە بە بێ کتوپڕییەکان…”. 

 لە دۆخێکی وەک ئەمەدا پرسیارێک لە سەرەتاوە ڕووبەرووی سەربوردەنووسی ژیانی نووسەران و تەنانەت مێژوونووسی ئەدەبیات دەبێتەوە، ئەوەیە کە چۆن چارەسەری مەسەلەیەکی وەها بکات؟ لەوانەیە زۆربەمان بڕوامان وابێت مەسەلەیەکی لەم چەشنە مادەم دەکەوێتە دەرەوەی دەق و بەرهەمی داهێنەرەوە بە گشتی و لێرەشدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی مەحموود دەرویشەوە هەیە و نەدەبوو بەرەکات لەو وتارە یاداشت ئامێزەدا ئەو ڕازەی ژیانی تایبەتی هاوڕێکەی بدرکێنێت؟! گەر وایە درکاندنی ئەو هەموو ڕازە پەیپێنەبراو و نهێنییەی ژیانی تایبەتی داهێنەرانی کایە جیاوازەکان لە خۆرئاوا، لەلایەن نووسەرانی هاوڕێ و کەسانی ئاگاداری ژیانی تایبەتیانەوە، بە پێی هەمان پاساو بێکەڵکە و کاری نەکردەیە، یان هەتا نووسینەوەی سەربوردەی ژیانیان لەلایەن ژیاننامەنووسان و تەنانەت دروستکردنی فیلمیش لەبارەی لایەنە شاراوەکانی ژیانی واقیعیانەوە، بەهەمان پاساوی نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە بواری داهێنانیانەوە، کارێکی بێسوودە و نەدەبوو کەس ئاوڕ لە ژیانی واقیعی داهێنەران بداتەوە و دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەمەلایەن لەسەر ژیانی تایبەتیان بنووسێت و ڕازە پەیپێنەبراو و نەدرکێنراوەکانی ژیانیان بدرکێنێت. ئەم لایەنە لە خۆرئاوا دەمێک ساڵە وەک ژانرێکی تایبەتی بواری ئەدەب و نووسین دادەنرێت و نووسەر و داهێنەری تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام لەبەرئەوەی دونیای ئەدەبی و کولتووری خۆرهەڵات بە گشتی و بە تایبەتیش کایەی ئەدەبی عەرەبی لەم ڕووەوە هەژارە و زۆرێک لە خوێنەران و هەتا نووسەران و ئەدیبانیش، ئەم ڕەهەندەی ڕازەکەیان فەرامۆش کرد و کەوتنە پەلاماردانی کەسی و تەنانەت شوناسی هێشتا پەرتپەرتی شاعیرە کوردەکە. بەشێک لە نووسەران و هاوشێوەی خوێنەری ئاسایی عەرەبی جگە لەوەی بەرەکات یان بە خیانەتکار و شێوێنەری ژیانی تایبەتی و کەسی دەرویشی هاوڕێی دایە قەڵەم و لەو باوەڕەشدان خولقێنەری چیرۆکەکە سەلیم خۆیەتی و ئەو بە گێڕانەوەی جگە لەوەی هەوڵی لەکەدارکردنی ژیانی شاعیرەکەی هاوڕێی داوە، هاوزەمان لەم ڕێگەیەوە خوازیار بووە ناوبانگی شیعری گەورە و جیهانی شاعیرەکە بکاتە پەیژەیەک تاکو دواجار لەڕێگەیەوە بتوانێت لەو دۆخە گۆشەگیرەی کە ساڵانێکە تاراوگە یەک لەدوای یەکەکان و بە تایبەتیش لەنێو چاڵی قووڵی ئەو تاراوگەیە بێتە دەرێ، کە ناخودئاگا و بە بێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات نووسین بەو زمانە سەخت و دژوارە عەرەبییە بۆی هەڵکەندووە. لە بەرامبەر ئەم تۆمەتبارکردنە ناڕەوایەدا ژمارەیەک نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری عەرەبیش بەشداری مشتوومڕەکەیان کردووە و بەرگرییان لە بەرەکات کرد. «سەعدی یوسف»ی شاعیری ناوداری عیراقی هەر لە سەرەتاوە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: “بەرەکات بە درۆ بوختان بۆ خواش ناکات!”. هەروەها چەند نووسەر و ڕەخنەگرێکیش باسیان لەوە کرد کە هەقە هەوادارانی شاعیرە فەلەستینییەکە، بەر لە تۆمەتبارکردنی بەرەکات، ئاوڕ لەوە بدەنەوە، کە مەحمود دەرویش لەم ڕووەوە فریشتە نەبووە و لە ژیانیدا خاوەنی چەندین پەیوەندی ڕاگوزەر و درێژخایەن بووە لەگەڵ خانماندا. تەنانەت ماوەیەک لەمەوبەر شاعیر و نووسەری لوبنانی «شربل داغەر» لە وتاری کتێبێکیدا کەساڵی ڕابردوو چاپیکرد و لەژێر ناونیشانی «مەحمود دەرویش عاشقێکی هەمیشەیی و هاوسەرێکی فاشیل» ئاماژەی بە مشتێ لە خەرواری پەیوەندییە ڕاگوزەرەانی شاعیرە فەلەستینییەکە کردووە، بۆیە دوور نییە ئەوەی بەرەکات لە زاری دەرویش خۆیەوە درکاندوویەتی ڕاست بێت، یاخود لە ڕاستییەوە نزیک بێت، بە گوێرەی ئەوەی کە هەندێک نووسەری هاوڕێی شاعیرەکە باس لەوە دەکەن کە دەرویش هەمان بابەتی لەلای ئەوانیش درکاندووە. سەرەڕای هەموو ئەوانەش کاری من لێرەدا ئەوە نییە بەرگری لە بەرەکات بکەم، چونکە ئەوەی دەرویش گوتویەتی و بەرەکات گواستویەتییەوە، مەرج نییە ڕاست بێت و هێشتا دڵنیانین لێی، جا با لە زمانی دەرویش درکێنەری و بەرەکات ی گێڕەرەوەی ڕازەکەشەوە بێت. چونکە ئەو مەسەلەیە پەیوەستە بە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر ژیانی تایبەتی و پەیوەندییە ڕاگوزەرەکانی شاعیرەکە لەتەک خانماندا و تەنات کۆکردنەوەی هەندێ زانیاریش لە هەردوو هاوسەرەکەی پێشووی شاعیرەکە دیسانیش کۆمەکی هەرکەسێک دەکات، کە لە ئایندەی نزیک و یاخود لە دواڕۆژی دوور مەودادا، خەونی نووسینی سەربوردەی ژیانی شاعیرە فەلەستینییەکە هەراسانی دەکات، ئیدی دەست بە گوێگرتن و خوێندنەوەی هەموو دیدارێکی شاعیرەکە و بە کورتی هەموو زانیارییەکی کۆن و تازەی بیستراو و نەبیستراو لەبارەیەوە دەکات، جا ئەو کات گەر لەو دەرگایەشەوە دەست پێنەکات، کە ئەمڕۆ بەرەکات بەجورئەتەوە بۆی ئاوەڵا کردووە، ئەوا دوور نییە لە دڵەوە سوپاسی بکات، کە دەرگای چوونە نێو ژیانی تایبەتی گەورەترین و داهێنەرترین شاعیری هاوچەری عەرەبی بۆ خستوونەتە سەرپشت، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا شاعیری داهێنەری لوبنانی «عەباس بەیزەوون» وەک یەکێک لە بەشدارانی مشتومڕەکە، بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە: “درکاندنی نهێنییەکە لە وتارەکەی بەرەکاتدا، هەر بۆ کەسانێک، جێگەی ئیستفزازە، کە لە ڕازەکەدا تەنیا (زینا) یاخود هاوشێوەکەی دەبینن، بۆ کەسانی تر مایەی ئیستفزاز نییە. چونکە وەک سەرنجم داوە ئەو کەسانە درک بە نکوڵیکردنی باوکایەتییەکە ناکەن لە ڕازە درکێنراوەکەدا، ئەمەش وایکردووە، کە ئەم  نکوڵیکردنە لە باوکایەتی کچەکە بە نابەرپرسیارییەتی و خەوشێکی گەورەی شاعیرە فەلەستینییەکە نەزانن!”. هەروەها عەباس بەیزەوون لەوە زیاتر دەڕوات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “درکاندنی ئەو ڕازە لە وتارەکەی بەرەکاتدا هیچ نییە جگە لە کردنەوەی دەرگایەک بۆ چوونە نێو ژیانی تایبەتی داهێنەرانی ڕابردوو و هەنووکەمان، بۆ چوونە نێو ژیانی تایبەتی ئەم شاعیرەمان، لەو بڕوایەدام کە لە مێژە هەموو ئەوانیتر، جگە لە ئێمەی عەرەب، سەرقاڵی کارکردن بوون و دەبن لەسەر ژیانی تایبەتی کارەکتەرە داهێنەرەکانی بواری ئەدەب و هونەری خۆیان..”. هەروەها ناوبراو لە درێژەی بۆچوونەکەیدا دەڵێت: “ئەوەی کە بەرەکاتی شاعیر دەستی پێکرد، داوامان لێدەکات کە بە ناویدا بڕۆین و تەوای بکەین، بەتەنیا لەوەشدا نا کە وابەستەیە بە سەربوردەی ژیانی تایبەتی دەروێشی شاعیرەوە، بەڵکو لەهەموو ئەوەشدا کە وابەستەیە بە سەربوردەی ژیانی داهێنەران و نووسەرانی هەنووکە و ڕابردوومانەوە، کە دەشڵێم ئەوانەی ڕابردوومان، بەر لەهەموان و بە تەواوەتیش مەبەستم لەم شاعیرەمانە..”.

 لە کۆتاییدا ئەوە بیری خوێنەر دەخەمەوە، کە ئەوە ئەنگڵزی هاوڕێی نزیکی “مارکس” بوو، کە هەستا بە درکاندن و ئاشکراکردنی خەوشە تایبەتەکەی ژیانی مارکس و ڕایگەیاند کە کارل مارکس لە خانمە خزمەتکارەکەیان، کچێکی هەیە و تەنانەت شوورەییەکە ئەوەیە مارکس دان بە باوکایەتی کچەکەدا نانێت!.. ئایا ئەنگڵز لە ئاشکراکردنی ڕازەکەدا مەبەستی خیانەتکردن بوو لە هاوڕێ ئازیزەکەی..؟ هەروەها میخائیل نەعیمەی هاوڕێی جوبران خەلیل جوبران، کە بە هۆی ڕەهەندی ڕۆحانی و عیرفانی بەرهەمەکانییەوە خوێنەرگەلێک بە عارفی سەدەی بیستەمیان دەزانی، کەچی نەعیمەی شاعیر و هاوڕێی نزیکی لەبارەیەوە ڕازێکی شاراوەی وەک ئەوەی مارکسی درکاند و گوتی: “جوبران لە ناخەوە ڕقی لە ژن دەبووەوە و تەنانەت کچێکی لە ژنێکی هەژار خستەوە و دەستبەرداری بوو و تەنانەت نکوڵی لە باوکایەتی کچەکەش کرد!..”. ئێستا گەر دان بەوەدا بنێین کە ئەوەی سەلیم لەبارەی دەروێشەوە درکاندی ناپاکی و خیانەت بوو لە هاوڕێ شاعیرەکەی، بێگومان هەموان ئەوە بە خیانەت و ناپاکی دەزانین، بەڵام گەر لە ناوەوەماندا ئەو ناپاکییە لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکەمان بەراورد بکەین بەو مافەی کە دەکرێ باوکەکە و کیژەکەش چەندین ساڵە لێبێبەشن، بیزانن، واتە باوکەکە بزانێت و چیتر فریو نەدرێت کە ئەو باوکی ڕاستەقینەی کچەکە نییە و هەروەها کیژەکەش کە ئەمڕۆ لانیکەم سی ساڵێکە، مافی خۆیەتی بزانێت کامەیە باوکی ڕاستەقینەی.

 بڕوانە: وتارەکەی بەرەکات بەناونیشانی: (محمود درویش و انا) و وتارە عەرەبییە لێکەوتەکانی، کە لە  ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ( القدس العربی ڕۆژی ٦_٦_ ٢٠٢٠) بڵاوبووەتەوە و پاشان شاعیرە کوردەکە لە تازەترین کتێبیدا، کە ئەمساڵ چاپکراوە، هەمان وتاری بڵاوکردووەتەوە، کە ئەم کتێبەی سێ وتاری بەرەکات و چەند دیدارێکی لەخۆ دەگرێت کە شاعیری عیراقی: وەلید هورمز، لەگەڵی سازکردووە.