شەش پەنجە بە دەستێکەوە

کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان.

درێژترین پەنجە ھیی جەنگاوەرێکە،

شەڕێک قەوما و شەرەفی نیشتمان

ھاتە گۆڕێ و ئێ..

با دەست بە وشەوە بگرین.

تایەی لۆری زبڵڕێژەکە

قرچەی لە شتێک ھەستاند:

پەنجەی مامۆستای بیرکاریمانە

گەنگەرین پەڕاندی..

تا ئەو وانەی پێ گوتین

پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە.

با فوو لە عەلاگەیەکی ڕەش دەکا

پەنجەی دکتۆری تێدایە

دکتۆر ئالوودەی ھێرۆیین بوو،

سەماعە بە ملییەوە..

بۆ دۆزینەوەی سەرە سیفۆن

ھەناوی تەنەکە زبڵ نەما نەیپشکنێ

مووسێك پەنجەی ژەھراوی کرد.

ئەم کارتۆنە بێ دەرگایە

پەنجەی مێژوونووسی تێدایە

مێژوونووس

لەنێوان وشەکانی (سەرۆك) و (بەرمیل)

فاریزەی لەبیرچوو.

پەنجەی پێنجەم و شەشەم

خاوەنەکەیان لێبووکێکە،

قرتاندی..

کە دەگری و پەنجەکانی دەموچاوی دەشارنەوە،

دەیەوێ لە کونێکی گەورەترەوە

پێکەنینی جەماوەر ببینێ.

photo_٢٠٢٠-١٠-١٧_٢٠-٣٦-٠٠-2

سەرنجێک بنوسن