سێ چیرۆکی ڕیچارد براوتیگن

لە ئینگلیزییەوە: عەتا میرەکی

١

ژنان کاتێ بەیانیان جلەکانیان لەبەر دەکەن

ئەمە گۆڕینەوەیەکی جوانی بەهاکانە، کاتێ ژنان بەیانیان جلەکانیان لەبەر ئەکەن، ئەو ژنە زۆر تازە ئەنوێنێ و تۆش تاکوو ئێستا جل لەبەرکردنی ئەوت نەدیوە.

ئێوە دوو خۆشەویستن و پێکەوە خەوتوون و کارێک نەماوە نەیکەن، ئێستاش کاتی هاتووە جلەکانی لەبەرکا.

لەوانەیە ئێوە نانی بەیانیتان خواردبێ و ئەویش بڵووزەکەی لەبەر کردبێ و نانی بەیانییەکی ڕووتت بۆ ساز کا، بە نەرمی لەش و لاری بجووڵێنێ و بە ناو چێشتخانەکەدا بێت و بڕوا، پێکەوە بە چڕوپڕی لەسەر شیعری ڕیلکە بدوێن و تۆش بەو هەموو زانیارییەی ئەو

تووشی سەرسووڕمان بی.

بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە جلەکانی لەبەر کا، هەردووکتان قاوەیەکی زۆرتان خواردۆتەوە و چیتر ناتوانن بخۆنەوە و کاتیەتی بڕواتەوە ماڵ و بڕواتەوە سەر کارەکەی و تۆش لەوێ بە تەنیا بمێنیتەوە و خەریکی چەن ئیشێکی نێو ماڵ بی و ئەتانەوێ پێکەوە بۆ پیاسەیەکی

خۆش برۆنە دەرێ و وەختیەتی برۆیتەوە ماڵ و برۆیتەوە سەر کارەکەت و ئەویش بە چەن ئیشێکی نێوماڵەوە خەریک بێ.

یان…لەوانەیە ئەمە خۆشەویستی بێ.

 بەڵام لەهەرحاڵدا: کاتی هاتووە جلەکانی لەبەر کا و زۆر جوانە جل لەبەرکردنەکەی. وردە وردە لەش و لاری بزر دەبێ و لەنێو جلەکانیدا بە جوانی دەرئەکەوێ.

چەشنێک پاکیزەیی لەو کارە دایە. جلەکانی لەبەر کردووە و دەسپێک کۆتایی هاتووە.

٢

سەرلەبەری مێژووی ئاڵمان و ژاپۆن

پێش چەند ساڵێ (شەڕی دووەمی جیهانی) لە مۆتێلێکدا لە پاڵ کارخانەیەکی بەستەبەندی سویفت یان باشترە بڵێم کوشتارگاکەیەکدا دەژیام.

 لەوێ بەرازیان کوشتار دەکرد، سەعات بە سەعات، رۆژ لەدوای رۆژ مانگ لەدوای مانگ تا بەهار دەبووە هاوین و هاوین دەبووە پایز، کاتێ سەری بەرازەکانیان دەبڕێ دەنگی ناڵەیان بەرز دەبۆوە، رێک دەتکوت ئۆپێرایەکە و لە شوێنی زبڵەکاندا بەڕێوە دەچێ. 

 وا بیرم دەکردەوە کە کوشتنی ئەو بەرازانە لەگەڵ سەرکەوتن لە شەڕدا پێوەندی هەیە. پێم وابێ ئەو بیرکردنەوەیە لەبەر ئەوە بوو کە هەموو شتێک پێوەندی هەیە بە شەڕەوە.

حەفتەی یەکەم و دووەم کە لەو مۆتێلەدا بووین زۆر ئازاردەر بوو. دەنگی ناڵەیان دەبووە هۆی بێزاری، بەڵام دوایی لەگەڵی ڕاهاتم وەکوو هەر دەنگێکی تر: نەغمەی باڵندەیەک لەسەر دارێک یان فیکەی باتگهێشت بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ یان دەنگی ڕادیۆ یان دەنگی تێپەڕینی لۆرییەک یان دەنگی ئینسان یان کاتێ بۆ خواردنی شام بانگت دەکەن یان هەر دەنگێکی تر.

“دوای شێوکردن کایە بکە”

 هەرکاتێ دەنگی ناڵەی بەرازەکان نەدەما، ئەو بێدەنگییە مانای ئەوە بوو کە یەکێک لە ئامێرەکان پەکی کەوتووە.

٣

هەلاوەمەلاوە لە دەریا و لەسەر کەشتییەکان

وەکوو مناڵێک لە هاڵۆویندا خۆم دەکردە دەریاوان و لە دەریا و لەسەر کەشتییەکان دەچووم بۆ هەلاوەمەلاوە. توورەکەی نوقڵ و شتەکانی ترم بە سوکانی کەشتییەکەوە هەڵواسیبوو و دەمامکی هاڵۆوینەکەم بایەوان بوون و شەوی جوانی پایزیان دەبڕی، شەوی پایز بە کۆمەڵێ چراوە لەسەر هەیوان دەدرەوشانەوە، وەکوو هاواری بەندەرەکان.

هەلاوەمەلاوە کاپتەنی کەشتییەکەمان بوو، دەیگوت “تەنها بۆ ماوەیەکی کورت لەم بەندەرە دەمێنینەوە، دەسا بڕۆن و لەو کەنارەدا بۆ خۆتان خۆشی ڕابوێرن. بەس لەبیرتان بێ بەیانی لەگەڵ یەکەم هەڵچوونی دەریا بایەوان هەڵدەکەین، ڕێدەکەوین.” ئای خوایە، خۆ راستی کرد! بەیانی لەگەڵ هەڵچوونی دەریا ڕێ کەوتین.